Friday, March 20, 2015

داعشایه‌تی و پاشخانی داعش - به‌شی دووه‌م –



داعشایه‌تی و پاشخانی داعش
- به‌شی دووه‌م –
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
- یه‌ک –
سیبه‌ل ئێدمۆندز(Sibel Edmonds) ، ئه‌مه‌ریکاییه‌کی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک تورکه‌، وه‌ک وه‌رگێڕ له‌ ئێف. بی. ئای(FBI)، واته‌: پۆلیسی فیدرالی ئه‌مه‌ریکا یا کارگێڕیی لێکۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی ئه‌مه‌ریکادا، کاری کردووه‌ ئێستاش نووسه‌ر و فره‌ کاره‌. سیبه‌ل، ئه‌و که‌سه‌یه‌، که‌ مرۆڤ ده‌توانێت ناوی زوڕناژه‌نی لێ بنێ. زوڕناژه‌ن، نه‌ک به‌ واتای ئه‌وه‌ی وه‌ک مووزیکژه‌ن کار ده‌کات یا مووزیک وه‌ک ئاره‌زوو و بۆ خۆشی ده‌ژه‌نێ، به‌ڵکه‌ ئه‌و ناوه‌ به‌ که‌سێک ده‌گوترێ، که‌ زۆرجاران زانیاری و ورده‌کاریی ده‌داته‌ میدیاکان، وه‌ک ئاشکراکردنی نهێنی و هه‌ڵماڵینی په‌رده‌ له‌سه‌ر شتی شاراوه‌، له‌نێو ئه‌و ڕێکخراو و ده‌سگه‌یه‌ی کاری تێدا ده‌کات، بۆ نموونه‌ له‌مه‌ڕ، گه‌نده‌ڵی، چاودێری و گوێگرتنی ده‌وڵه‌ت و جاسووسی، تاوان به‌رانبه‌ر ژینگه‌ و شتی دیکه‌.
له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌دا، که‌ دیدارێکه‌ له‌گه‌ڵ وێ، له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی داعشه‌وه‌  ده‌په‌یڤن و له‌ته‌لیڤزیۆنی ڕووسیای ئه‌مڕۆ(RT)وه‌ په‌خش کراوه‌‌، سیبه‌ل ئێدمۆندز پێیوایه‌:"داعش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ دروست کراوه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ به‌خێو ده‌کرێ و داعش ته‌نێ ناوێکی  نوێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جاران پێی ده‌گوترا ئه‌لقاعیده‌..په‌یدابوون و سه‌رهه‌ڵدانی داعش کارێکی له‌ناکاو و کتوپڕ نه‌بووه‌، چونکه‌ داعش، میدیا و سازکه‌رانی پرۆپاگه‌نده‌ی پشتی ماسمیدیا، دروستیان کردووه‌..ئه‌مڕۆ داعشه‌ و ڕه‌نگه‌ مانگێکی دیکه‌ شتێکی دیکه‌ په‌یدا بێت، که‌ به‌ مه‌ترسیی دابنرێ..ماسمیدیا (به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا) ڕێک هه‌مان شتیان له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دا کرد، که‌ ئه‌مڕۆیش له‌گه‌ڵ داعشدا ده‌یکه‌ن". به‌ ڕای سیبه‌ل ئێدمۆندز، گۆڕینی ناو(له‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ بۆ داعش) ته‌نیا به‌ مه‌به‌ستی بازاڕگه‌رمی و بازرگانییه‌. له‌ ڕێگه‌ی ناوی داعشه‌وه‌ ڕۆژاوا توانیی، ته‌واوی جووڵانه‌وه‌ی جیهانیی تێرۆر، به‌ ئیسلامه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌. ئه‌مه‌ نه‌خشه‌ و سترایژییه‌تی بازرگانی و بازاڕه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ و ڕۆژاواوه‌.
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ سه‌رۆک ئۆباما تاوانی جه‌نگی نێوخۆی سووریا ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی داعش و به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا ئه‌وه‌ش ناشاراێته‌وه‌، که‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ریکا کۆمه‌کی دارایی به‌ یاخیبووه‌کان له‌ دژی ڕژێمی سووریا کردووه‌. پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌ پرسیار له‌ سیبه‌ل ئێدمۆندز ده‌کات، که‌ ئایا حوکوومه‌تی ئه‌مه‌ریکا زانیویه‌تی کۆمه‌کی داراییان به‌ کێ کردووه‌؟
سیبه‌ل ده‌ڵێ:"بێگومان، ڕێک وه‌ک چۆن ئه‌مه‌ریکا له‌ ساڵانی 1980کاندا ده‌یزانی له‌ ئه‌فغانستان(به‌ موجاهیدین) و له‌ که‌وکاس و ناوه‌ڕاستی ئاسیا به‌ گرۆ ئیسلامییه‌ تێرۆریسته‌کان و به‌ ئه‌لقاعیده‌، کۆمه‌کی دارایی ده‌کرد. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ڕووده‌دا هیچ جیاواز نییه‌، ته‌نێ ناو گۆڕینێکه‌، ته‌نێ هێماکه‌، ناوه‌که‌، ناوونیشانه‌که‌، گۆڕدراوه‌. ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌کی نوێ نییه‌، به‌ڵکه‌ هه‌مان جه‌نگه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌ پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ ئایا ئه‌مه‌ریکا هێز ده‌نێریت بۆ وه‌ی دژی داعش بجه‌نگێ، له‌م کاته‌دا که‌ کورده‌کان داوای کۆمه‌ک ده‌که‌ن؟ سیبه‌ل ده‌ڵێ:"ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆکارگه‌لێکی جیاواز. به‌ درێژایی مێژوو کورد هه‌میشه‌ خه‌ڵه‌تێنراوه‌ و به‌کاربراوه‌، وه‌ک چۆن له‌ جه‌نگی عیراقدا بینیمان، بۆ نموونه‌. ئه‌مه‌ریکا شانازی به‌ تورکیاشه‌وه‌ ده‌کات". پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌ پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ بۆ کورده‌کانی سووریا هێنده‌ی کورده‌کانی عیراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ کۆمه‌ک ناکرێن؟ به‌ ڕای سیبه‌ل:" نه‌فت هۆکارێکی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورده‌کانی سووریا نه‌فتیان نییه‌، ئه‌مه‌ریکا له‌ کورده‌کانی عیراق که‌متر کۆمه‌کیان پێ ده‌کات".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌، ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ لییۆن پانێتتا(Leon Panetta) وه‌زیری پێشووی به‌رگریی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێ، که‌ ئه‌مه‌ریکا چاوه‌ڕوانی 30 ساڵان جه‌نگ له‌ دژی داعش ده‌کات. به‌ ڕای سیبه‌ل:" ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مه"‌. ئه‌و(سیبه‌ل) ده‌ڵێ:"جه‌نگ دژی ئه‌لقاعیده‌ له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد و به‌رده‌وام بوو و گه‌یشته‌ یه‌مه‌ن و پاکستان و عیراق و ئێستاش ناوه‌که‌ گۆڕدرا بۆ داعش و جه‌نگه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێ و ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ جه‌نگێک به‌رده‌وام و هه‌میشه‌یی. ئێستا سه‌رکه‌وتن له‌ گۆڕینی ناوه‌وه‌ له‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ بۆ داعش هاتووه‌ته‌ دی، ڕێکخراوه‌که‌ وشه‌ی ئیسلامی به‌ خۆیه‌وه‌ لکاندووه‌ و ئه‌مه‌ش واتایه‌کی گه‌لێک گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و به‌کارهێنانیشی واتایه‌کی مه‌زنتری ده‌داتێ. بۆیه‌ ئه‌م جه‌نگه‌ شایه‌د ببێته‌ جه‌نگێکی هه‌میشه‌یی".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌ ده‌ڵێ، جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا جۆ بایدن(Joe Biden)، عه‌ره‌بستانی سعوودی، میرنشینی یه‌کگرتووی عه‌ره‌ب و تورکیا، تۆمه‌تبار ده‌کات به‌ کۆمه‌ککردن به‌ توندڕۆیه‌کان له‌ سووریا. ئه‌و دواتر داوای لێبوردنی کرد. به‌ڵام پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌ له‌ سیبه‌ل ده‌پرسێ، ئایا ئه‌وه‌ی بایدن ده‌یڵێ ڕاسته‌؟ به‌ ڕای سیبه‌ل:"بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ گرنگه‌ مرۆڤ بنۆڕێته‌ پاشخانی مێژووی و ته‌واوی مێژووه‌که‌ به‌سه‌ریه‌که‌وه‌. یاخیبووه‌کانی سووریا له‌ بنکه‌ی فڕۆکه‌خانه‌ جه‌نگییه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا له‌ خوارووی تورکیا نێزیک به‌ سنووری سووریا مه‌شق و ڕاهێنانیان پێ کراوه‌. یاخیبووه‌کان به‌ هاریکاری هێزه‌کانی ناتۆ و بریتانیا مه‌شق و ڕاهێنانیان پێ کراوه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ نه‌خشه‌ی بۆ دانراوه‌ و ڕێکخراوه‌ و ئاماده‌ کراوه‌. بێگومان ماسمیدیا ناکه‌وێته‌ گه‌ڕان و لێکۆڵینه‌وه‌ وه‌دووی نۆره‌ی ئه‌مه‌ریکادا له‌و هه‌موو باسانه‌دا. ئه‌و یاخیبووانه‌، که‌ له‌لایه‌ن ناتۆ و ئه‌مه‌ریکا و بریتانیاوه‌، ڕاهێنانیان پێ کراوه‌، هه‌نووکه‌ ناویان داعشه‌. جۆ بایدن، بۆیه‌ له‌ قسه‌که‌ی خۆی په‌شیمان بوووه‌، چونکه‌ ئه‌ردۆغان پێی قه‌ڵس بوو".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌ ده‌پرسێ، بۆچی بۆ وڵاته‌ موسوڵمانه‌ سوننه‌کانی وه‌ک قه‌ته‌ر یان تورکیا ڕووخاندنی به‌ششار ئه‌لئه‌سه‌د هێنده‌ گرنگه‌؟ عه‌ره‌بستانی سعوودی و قه‌ته‌ر هاریکاری یاخیبووه‌کانی دژی ئه‌سه‌د ده‌که‌ن و تورکیاش کورده‌کان هانده‌دا بۆ وه‌ی دژی هێزه‌کانی ئه‌سه‌د بجه‌نگن. به‌ ڕای سیبه‌ل:"ئه‌مه‌ هه‌رگیز به‌ قازانجی ئه‌م وڵاتانه‌ نییه‌. تورکیا ئه‌ندامی ناتۆیه‌ و چه‌ند ده‌یه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێ. ته‌نانه‌ت یه‌کیه‌تیی میرنشینای عه‌ره‌ب و عه‌ره‌بستانی سعوودی و وڵاتانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ش گرێدراوی ئه‌مه‌ریکان. ڕووخانی ئه‌سه‌د به‌ قازانجی ئه‌و وڵاتانه‌ نییه‌، به‌ڵکه‌ بۆ ئه‌وان کارێکی نه‌ئێنییه‌ و خراپ ده‌که‌وێته‌وه‌". به‌ گوێره‌ی سیبه‌ل:"گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه‌ دژی ئه‌وه‌ن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ بۆ نموونه‌ پرسیار له‌ خه‌ڵکی تورکیا بکات ئه‌وا 90%ی خه‌ڵکه‌که‌ دژی ئه‌وه‌ن که‌ ڕووده‌دات. تورکیا پێوه‌ندێکی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د و سووریادا هه‌بوو و له‌نێوانیاندا پێوه‌ندێکی باشی بازرگانی هه‌بوو. تورکیا ده‌بێ ئه‌و سیاسه‌ت و نه‌خشه‌یه‌ پێڕۆ بکات، که‌ ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ دایانڕشتووه‌، بێ ڕه‌چاوکردن و گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی، خۆیان سوودمه‌ند ده‌بن لێی یا نه‌ء. له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ هیچ گرنگیی و نۆره‌یه‌کیان نییه‌، به‌ڵکه‌ هه‌میشه‌، به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریکا گرنگ بووه‌ و گرنگه"‌.
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ به‌ گوێره‌ی سه‌رۆکی ئێف. بی. ئای، تێرۆریسته‌کان کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، له‌ کاتێکی زۆر نێزیکدا په‌لاماری ئه‌مه‌ریکا بده‌ن، ئایا ئه‌مه‌ریکا ئاماده‌یه‌ به‌رسڤی ئه‌وه‌ بداته‌وه‌؟ سیبه‌ل ده‌پرسێ:"ئایا هیچ بنه‌مایه‌کی ڕاستیی بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ هه‌یه‌؟". به‌ ڕای وێ(سیبه‌ل):"ئه‌مه‌ پێوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ هه‌ڕه‌شه‌ دژی ئه‌مه‌ریکا له‌م دواییانه‌دا که‌م و کز بووه‌. ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێ پله‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ به‌رز کاته‌وه‌ بۆ پێشه‌سازی جه‌نگ و چه‌ک وه‌گه‌ڕخات. له‌وده‌مه‌وه‌ی ئه‌لقاعیده‌ بووه‌ به‌ داعش، نرخی پشک له‌ کۆمپانیا سه‌ربازییه‌کاندا یه‌کجار به‌رز بوونه‌وه‌. ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێ ڕاده‌ و پله‌ی ترس له‌کن خه‌ڵک به‌رز کاته‌وه‌ بۆوه‌ی بتوانێت پتر خه‌رجی و مه‌سره‌ف بۆ هێزی سه‌ربازیی دابین  بکات و ژماره‌ی هه‌واڵگر و سیخوڕان و...زیاد بکات. کاتێک خه‌ڵک ده‌ترسن، پاساو بۆ خه‌رج و مه‌سره‌فیان هه‌یه"‌.
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ به‌ پێی ئێف.بی.ئای، ده‌یان ئه‌مه‌ریکایی له‌ ڕیزه‌کانی داعشدا هه‌ن و شانبه‌شانی ئه‌وان ده‌جه‌نگن. به‌ گوێره‌ی سیبه‌ل:"ئه‌وه‌ش قسه‌ و شێوازێکه‌ بۆ تۆقاندن و ترساندنی ئه‌مه‌ریکاییه‌کان و به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی هه‌ڕه‌شه‌که‌. سووریا و عیراق، گه‌لێک له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌ دوورن و له‌به‌ر ئه‌وه‌ خه‌ڵکیش ڕه‌نگه‌ وا بیربکه‌نه‌وه‌، که‌ هه‌ڕه‌شه‌که‌ لێیانه‌وه‌ دووره‌، به‌ڵام که‌ باس له‌وه‌ ده‌کرێ ئه‌مه‌ریکاییه‌کان ده‌چن بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ وا لێکبدرێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ پاشتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و په‌لاماری ئه‌مه‌ریکا ده‌ده‌ن، به‌و دیتنه‌ داعش نزیک ده‌خرێته‌وه‌ و فرۆشتنی جه‌نگ و شه‌رگێڕان دژ به‌ تێرۆر هاسانتر ده‌بێت"[1].

- دوو-
ڤیدیۆی دووه‌م ئه‌وه‌ پێشان ده‌دات، که‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌نێو ئه‌و ده‌سته‌ و گرۆ و ڕێکخراوه‌ چه‌کدار و یاخیبووانه‌ی ده‌یانه‌وێ ڕێژیمی سووریا بڕووخێنن هه‌یه‌ و ئه‌لقاعیده‌ له‌لایه‌ن توندڕۆی ئیسلامییه‌وه‌ دانه‌مه‌زراوه‌، به‌ڵکه‌ له‌لایه‌ن سی.ئای.ئه‌ی(CIA)ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌. گرته‌ڤیدیۆییه‌که‌ هیله‌ری کلنتن(Hillary Clinton) پێشان ده‌دات، که‌ بۆ خۆی ده‌ڵێ:"کاتێک‌ یه‌کیه‌تی سۆڤیێت ئه‌فغانستانی داگیرکرد، ئه‌مه‌ریکا هێزێکی له‌ موجاهیدین پێکهێنا. ئه‌مه‌ریکا چه‌کی به‌وان دا بۆ وه‌ی دژی سۆڤیێتییه‌کان بجه‌نگن و له‌و جه‌نگه‌شدا سه‌رکه‌وتن. ئه‌مه‌ریکا ئه‌و چه‌کداره‌ توندڕۆ مه‌شقپێکراو و ڕاهێنراوانه‌ی به‌ چه‌که‌کانیانه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانستان و پاکستان به‌جێهێشت. ئه‌وده‌مه‌ ئیدی کێشه‌ی ئه‌مه‌ریکا چاره‌سه‌ر بوو، چونکه‌ ئیدی سۆڤیێت له‌ ئه‌فغانستان چووبووه‌ ده‌رێ...ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه‌ دژی ده‌جه‌نگین، ئه‌وده‌م بۆ خۆمان دروستمان کردن. ئێمه‌ به‌ کۆماریی و دیموکراته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ڕیگندا بووین و له‌ سعوودییه‌وه‌ کۆمه‌کمان وه‌رگرت و بۆخۆمان هانده‌ری موسوڵمانه‌ تونداژۆکان بووین و ڕێبازی وه‌هابیمان هاورده‌ نێوه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ بۆ دژایه‌تی سۆڤیێت..ئێمه‌ پێش 20 ساڵان ئه‌وانمان دروست کرد، بۆ ئه‌وده‌مه‌ی سۆڤیێت وه‌به‌رهه‌مهێنان و کارێکی خراپ نه‌بوو، به‌ڵام تۆوێکی چاند"[2].
- سێ -
له‌ جڤینێکی نێوه‌ند یا نێوه‌ڕۆکی سیاسه‌تی ئاساییش(Content Security Policy)، کورتکراوه‌که‌ی ده‌بێته‌(CSP)، که‌ ده‌سگه‌که‌یه‌ بۆ به‌رگری و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ هێرش و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا، له‌ ئه‌مه‌ریکا، له‌ 16ی جه‌نیوه‌ری 2015دا، وه‌ک ده‌مه‌ته‌قه‌ و گه‌نگه‌شه‌یه‌ک له‌ژێر ناوی "جه‌نگ دژی تێرۆر"، چه‌ند که‌سێکی شاره‌زای ئه‌و بواره‌ دانیشتوون و گوێ ده‌ده‌نه‌ فرانک گه‌فنی(Frank Gaffny) و مایکڵ وه‌ڵه‌ (Michael Waller). فرانک گه‌فنی، ئه‌مه‌ریکاییه‌، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و سیاسه‌تکارێکی کارامه‌ی بواری ئاساییشه‌ ، دامه‌زێنه‌ر و سه‌رۆکی "نێوه‌ندی سیاسه‌تی ئاساییش-  CSP" ه‌‌، که‌ ده‌سگه‌ و ڕێکخراوێکی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی نوێکۆنسێرڤاتیڤ و سیاسه‌تی به‌رگرییه. ‌شاره‌زای ئیسلامه‌. هه‌رچی "مایکڵ وه‌ڵه"یشه، ئه‌مه‌ریکاییه‌، نووسه‌ر و ئه‌کادیمی و سیاسه‌تکارێکی کارای بواری ئاساییش و سیاسه‌تی جیهانیی و ئیسلامی ڕادیکاڵ و ئێرانه‌ و جێگری سه‌رۆکی "نێوه‌ندی سیاسه‌تی ئاساییش-  CSP" ه‌‌، که‌ ده‌سگه‌ و ڕێکخراوێکی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی نوێکۆنسێرڤاتیڤ و سیاسه‌تی به‌رگرییه. ئه‌وان، باس له‌ جه‌نگ دژ به‌ جیهادی ئیسلامی و چۆنیه‌تی له‌نێوبردنی ده‌که‌ن. گه‌فنی، باس له‌و ده‌سه‌گه‌یه‌ی خۆیان ده‌کات و باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ چی پێویسته‌ بۆ سه‌رکه‌وتن له‌و جه‌نگه‌دا دژ به‌و ئیسلامییانه‌ و باسی به‌رهه‌مهێنانی توێژینه‌وه‌یه‌کی نوێ ده‌کات، که‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ی ناویان ناوه‌"جه‌نگی جیهانی ئازاد". گه‌فنی، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌‌یه‌ به‌ باشترین ناو ده‌زانێ بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ی ئێستا له‌ گۆڕێدایه‌ و ڕووده‌دات و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ:" پێوه‌نده‌ به‌ ژیان و ئازادی ئێمه‌ و ژیان و ئازادی ئه‌وانه‌ی هاوبه‌شن له‌ به‌ها و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی ئێمه‌دا". گه‌فنی ده‌ڵێ:" ئێمه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵمانن تووشی هێرشێک بووینه‌ته‌وه‌ له‌ دوژمنێکه‌وه‌ که‌ 14 ساڵه‌ سه‌رمان لێ ده‌شێوێنێ[3]، 14 ساڵی ڕابوردوو، ده‌توانین بڵێین له‌ 1979وه‌ که‌ قایلبووین به‌وه‌ی ناوێکی ڕێکوڕه‌وانی لێبنێین و ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ین، که‌ گیانی به‌به‌ردا ده‌کات و چی پێویسته‌ بۆ تێکشکاندنی، ئه‌مه‌ش(سیپاره‌یه‌ک پێشان ده‌دات) هۆی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌یه‌، که‌ ناومان لێ ناوه‌"ستراتیژیی ئازادیی پارێزراو"، ئه‌مه‌ خه‌ڵکانێکی زۆر نایاب دایانناوه‌ و له‌م به‌رنامه‌یه‌دا ده‌یبینن و له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێین. به‌ شێوه‌یه‌کی ڕوونتر و ئاساییتر ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووی بزاڤێکی جیهادیی جیهانیی بووینه‌ته‌وه‌، که‌ چه‌ندین جۆر و ڕێکخراوی جیاوازی هه‌یه‌، له‌ شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت و نیمچه‌ده‌وڵه‌ت و ڕێکخراو و ده‌سته‌ و خه‌ڵکدا. هه‌موویان هه‌مان شت ده‌که‌ن، هێرشی جیهادیی، هه‌ریه‌که‌و به‌ جۆرێک جیهاد ده‌کات..توندوتیژی، من ناڵێم ناتوندوتیژی یا ئه‌وه‌ی پێش توندوتیژی دێت، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌کی فراوان به‌لای که‌مه‌وه‌ له‌ 1979ه‌وه‌[4] جه‌نگی جیهاد دژی ئێمه‌ ده‌که‌ن و به‌ هاریکاریی کارگێڕیی کارته‌ر له‌کاتی خۆیدا ئه‌م جیهادییانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر حوکوومه‌تی ئێراندا گرت[5]. له‌پشت ئه‌م جیهاده‌وه‌ و ئه‌وه‌ی گیانی به‌به‌ردا کرد و داوای ده‌کات و ده‌یکاته‌ ژارێکی ئیدیۆلۆگی، شتێک هه‌یه‌، پێڕۆیانیان به‌ "شه‌ریعه‌ت" ناوی ده‌به‌ن..له‌و ستراتیژییه‌دا چه‌ند خاڵێک ڕوون کراونه‌وه‌.. ئێمه‌ باس له‌و موسوڵمانانه‌ ناکه‌ین، که‌ ده‌یانه‌وێ وه‌ک تاک پێڕۆی ئیسلام بکه‌ن و بۆ خۆیان بێ هه‌ڕه‌شه‌ ئیسلامه‌تی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن. ئێمه‌ کاتێک باس له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ "شه‌ریعه‌ت" ده‌که‌ین، باس له‌ هه‌لسوکه‌وت و پیاده‌کردنێکی دیاریکراو ده‌که‌ین، که‌ ته‌نیا توندڕۆ و کۆنه‌خوازان نایسه‌پێنن، به‌ڵکه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ ئیسلامییه‌کانیش. ئامانجی ئێمه‌ یارمه‌تیدانه‌ بۆ هێنانه‌گۆڕێی قسه‌وباسێک، که‌ ده‌بێ ده‌ست پێ بکات، بۆ له‌نێوبردنی ئه‌م جیهاده‌، نه‌ک ته‌نێ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ته‌واوی جیهاندا ده‌کرێ، به‌ڵکه‌ زیاتر له‌ پێته‌ختی وڵاتانی هاوپه‌یماناندا، وه‌ک چۆن حه‌فته‌ی پێشوو بینیمان[6]. له‌ڕاستیدا ئێمه‌ خۆمان، له‌ ڕوودانێکی وه‌ها له‌ پێته‌ختی خۆمان، دوورخسته‌وه". ئه‌وجا فرانک گه‌فنی، جێگره‌که‌ی خۆی پێشکه‌ش ده‌کات و به‌مجۆره‌ ده‌یداته‌ناسین:"بڕوام وایه‌ نسه‌رچاوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌ بۆ بابه‌ته‌ پێوه‌ندداره‌کان به‌ ئیدیۆلۆگی و زانیاری و  کرده‌ی دژ به‌ دوژمنانمان و کاریگه‌ریی له‌سه‌ریان، به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌مه‌ریکا، ئه‌ویش (دی. جه‌ی. مایکڵ وه‌ڵه)‌ی هاوکارمه‌ له‌ نێوه‌ندی سیاسه‌ته‌کانی ئاساییش..ئه‌و شاره‌زایه‌کی قووڵه‌، له‌ ساڵانێکه‌وه که‌ ڕۆناڵد ڕیگن سه‌رۆک بوو، له‌بواری دژایه‌تی جه‌نگی ئیدیۆلۆگیدا و چۆن ئیدیۆلۆگییه‌ دوژمنه‌کانی ئێمه‌، دژمان کار ده‌که‌ن و چۆن ده‌توانین پێویستییه‌کانمان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین بۆ له‌نێوبردنیان".
ئه‌وجا مایک وه‌ڵه‌، ده‌ست به‌ ئاخافتن ده‌کات و ده‌ڵێ:" ئه‌مه‌ جه‌نگێکه‌ ئێمه‌ خه‌ریک بوو تێیدا بدۆڕێین و بشکێین، تا له‌ دڵی ئیدیۆلۆگییه‌که‌یانمان دا، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ جه‌نگی سارددا دژی سۆڤیێت کردمان. ئێمه‌ سه‌رنه‌ده‌که‌وتین تا ڕێبه‌ریه‌تیی سۆڤیێت بۆ خۆی باوه‌ڕی به‌ ئیدیۆلۆگییه‌که‌ی خۆی نه‌ما. ئه‌مه‌ش کاتێک ڕوویدا، که‌ ئه‌لیکسانده‌ر یاکۆڤلێڤ[7] به‌رپرسیی ئیدیۆلۆگیی له‌ کۆمیته‌‌ی نێوه‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیێت به‌ته‌واوی باوه‌ڕی به‌ ئیدۆلۆگییه‌که‌ی خۆیان نه‌ما و سه‌لماندی، که‌ ئه‌و بۆخۆی یه‌کێکه‌ له‌ هاوپه‌یمانانمان، له‌ سه‌رکه‌وتنماندا له‌ جه‌نگی سارددا. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت و ڕێبه‌رییه‌کی ده‌روه‌ست و به‌ته‌نگه‌هاتووی چوونه‌ نێو ئه‌و جه‌نگه‌ ئیدیۆلۆگییه،‌ له‌ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژی نه‌بووینایه‌، بێ ئه‌وه‌ی‌ چ ڕێزێکی لێبنێین، یا هیچی بۆ بکه‌ین و بایه‌خی بده‌ینێ، ئه‌و ئه‌و کاره‌ی نه‌ده‌کرد و موکوڕیش نه‌ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کردی. ئه‌و پێویستی به‌وه‌ بوو بزانێت، حوکوومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی له‌ ده‌رێ ڕا، گوشار ده‌خرێته‌ سه‌ریان و ئه‌گه‌ر بۆخۆیان داڕووخان و خۆیان به‌ جۆرێکی گونجاو ڕێکنه‌خسته‌وه‌، ئه‌وا ده‌دۆڕێن، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی گڵاسنۆست و پێرێسترۆیکا[8](کرانه‌وه‌ و ڕێکخستنه‌وه و بیرازی ئابووری ‌)وه‌ هاته‌دی. هه‌رچه‌نده‌ نموونه‌گه‌لێکی زۆر جێ سه‌رنج نه‌بوون، به‌ڵام بۆ ئاساییشی جیهان به‌گشتی، یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بوون...ئیدی کاره‌که‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ چوو، جیهان له‌ وێرانکاریی کۆمۆنیزم،که‌ مۆسکۆ سه‌رپه‌رشتیی ده‌کرد، ڕزگار بێت..ئه‌مڕۆ ده‌توانیت زۆر شتی هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌وانه‌دا بدۆزییه‌وه‌..نێوه‌ند و بنکه‌ی ئیدیۆلۆگی هه‌ن: زانستگه‌ی ئه‌زهه‌ر له ‌مسر، جێگه‌ی جیاوازی دیکه‌ له‌ ئێران و سعوودییه‌، نێوه‌ندی کۆمه‌کی دارایی هه‌ن، وه‌ک حوکوومه‌تی قه‌ته‌ر و بنه‌ماڵه‌ی ئال سانی[9] له‌ قه‌ته‌ر، که‌ خاوه‌نی ده‌سگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پرۆپاگه‌نده‌ن بۆ دژایه‌تی و سووککردنی ئێمه‌(ئه‌مه‌ریکا) و ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی بڕوامان به‌وه‌ی‌ له‌مه‌ڕ خۆمانه‌وه‌ بڕوامان پێیه‌تی، نه‌مێنێ و بڕێکمان دوژمنایه‌تی بڕێکی دیکه‌مان بکه‌ین و کۆمه‌کی مه‌عنه‌وه‌ی و ئه‌خلاقی به‌ دوژمنه‌کانمان بکه‌ین..چه‌ندین خه‌ڵکی بانک و دارایی و ئه‌ندامی خێزانه‌ پاشاکانی دیکه‌ی که‌نداو هه‌ن، که‌ به‌رده‌وامن له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتیکردن و ده‌سه‌ڵاتداربوون، به‌سه‌ر ئه‌م جیهاده‌ ئیدیۆلۆگییه‌دا، له‌ هه‌موو جیهاندا، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ڕاستیی نامانه‌وی به‌مجۆره‌ سه‌یری شته‌کان بکه‌ین... وه‌ها سه‌یری ناکه‌ین و وه‌ها چاره‌سه‌ری ناکه‌ین..له‌ قه‌ته‌ر ئاماده‌ییه‌کی سه‌ربازیی به‌هێزمان هه‌یه‌، ئه‌وان به‌ڕاستی دۆستمانن، وانییه‌؟ بۆیه‌ وه‌ها ته‌ماشای کاره‌که‌ ده‌که‌ین! له‌هه‌مان کاتیشدا هه‌ندێک وڵاتی دیکه‌ی که‌نداو پێیانوایه‌، ئه‌م ئیدیۆلۆگی و ئه‌و بزاڤه‌ جیهادییانه‌ی ئه‌وان کۆمه‌کیان پێ کردوون و داراییان بۆ دابین کردوون..یا به‌لای که‌مه‌وه‌ سۆز و مه‌یلیان بۆ بوون، مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر خۆیان و له‌سه‌ر خۆشگوزه‌رانی ماددی ئه‌وان دروست ده‌که‌ن و به‌م نزیکانه‌ش به‌ ده‌وروگردی خۆیاندا ده‌سووڕێ و بۆخۆیان گیرۆده‌ ده‌بن، ئه‌وه‌تا له‌ سعوودییه،‌ ئه‌م شایه‌ نه‌خۆشه‌ی ئێستای[10]، هه‌موو ڕێبه‌ره‌ ئیدیۆلۆگییه‌کانی جیهادی له‌ حوکوومه‌تی سعوودییه‌دا،که‌ زۆریان له‌ نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه‌ هه‌ر وه‌زیر بوون که‌نارخست و وه‌ده‌رنا،..ئه‌مه‌ ده‌گاته‌ کوێ نازانین! به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین، شتێک له‌ناو دڵی دابینکه‌رانی دارایی بزاڤی جیهانیی جیهاددا ڕووده‌دا..ئێستا دوژمنایه‌تییه‌کی زۆر له‌نێوان سعوودییه‌ و میرنشینی‌ یه‌کگرتووی عه‌ره‌بیدا هه‌یه‌ و هه‌ندێک هه‌ن دژی خێزانی ئال سانی و قه‌ته‌رن..ئه‌مه‌ریکا به‌گشتی له‌گه‌ڵ کێدا ده‌بێ، که‌ قه‌ته‌ر وه‌ک داکۆکیکاری سه‌ربازی له‌ ڕێبه‌ریه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی جیهادی سوننی داده‌نێ! ئێستا سه‌رۆکی مسر[11] هه‌یه‌، که‌ برایانی موسوڵمانی[12] تێکشکاند و له‌ هه‌موو که‌سێک زیاتر له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی، لێی گرتن و زیندانیی سه‌رانی برایانی موسوڵمانی کرد و سه‌دان هه‌واداریانی گرت..سه‌رۆکی پێشووی مسر[13]، که‌ سیخوڕی برایانی موسوڵمان بوو..ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ ڕێکنه‌خراوه‌ی، ئه‌مه‌ریکا دژی موباره‌ک ڕایگه‌یاند، به‌و جۆره‌ی به‌کاربرد ‌..ئه‌مه‌ریکا چ کۆمه‌ک و هاندانێک به‌م جۆره‌ که‌سانه‌ بکات؟ هیچ.. هیچ..سه‌رۆکی ئێستای مسر پێش دوو حه‌فته‌ چووه‌ زانستگه‌ی ئه‌زهه‌ر و به‌ ڕێبه‌رانی تیۆری و مه‌شقی بزاڤی جیهادی، که‌ له‌ زانستگه‌ی ئه‌زهه‌رن گوت، ڕاوه‌ستن ئێوه‌ په‌رچه‌کردارێکی جیهانیی دژی ئێمه‌ هه‌موومان دێننه‌ گۆڕێ..ئێوه‌ کارێک ده‌که‌ن هه‌موو جیهان له‌ ئێمه‌ بترسێ و هه‌موو موسوڵمانان ڕقیان له‌ ئێمه بێته‌وه‌، ڕاوه‌ستن و به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ن بزانن چۆن ده‌بێت به‌ڵام ئه‌و، به‌م جۆره‌ چالاکییانه،‌ بۆخۆی و ته‌واوی خێزانه‌که‌ی مردنی هه‌ڵبژارد! ئێمه‌ هیچ کۆمه‌کێک لێره‌دا وه‌ده‌ستناهێنین..ئێمه چ‌ بنگه‌یه‌کی بیرمه‌ند و خه‌ڵکی چالاک و بارهێنراو و شاره‌زا و کارامه‌مان، نه‌ له‌ وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ و نه‌ له‌ ده‌سگه‌ی هه‌واڵگری و وه‌زاره‌تی به‌رگری و نه‌ له‌ هیچ جێگه‌یه‌ک هه‌یه‌..جه‌نگی ئیدیۆلۆگی شتێکه‌ هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ناکه‌ین له‌گه‌ڵیدا..ئه‌و چاره‌سه‌رێکی ستراتیژییه‌ بۆ زۆرێک له‌ کێشه‌کانمان به‌ خه‌رجییه‌کی که‌م و کاریگه‌رییه‌کی باڵا..ناشبێ یه‌که‌یه‌ک ڕاسپێری بۆ جه‌نگیی ئه‌لیکترۆنی بۆ چاره‌سه‌ریی، چونکه‌ ئه‌وه‌ له‌ بواری شاره‌زایی واندا نییه‌..به‌ڵام له‌وێ خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ن،کارامه‌ و شاره‌زان و خۆیان خۆیان فێرکردووه‌ و شاره‌زاییان په‌یدا کردووه،‌ بۆ فێربوونی ئه‌و ئیدیۆلۆگییه‌..که‌واته‌ له‌نێو سپادا و به‌تایبه‌ت له‌نێو هێزی تایبه‌تی سه‌ربازیدا، بۆ کرده‌ی تایبه‌ت "چالاکیی هزریی" هه‌یه‌،،به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی ستراتیژی نا..بێگومان لێره‌ له‌م(ئه‌مه‌ریکا)یه‌ ڕێبه‌ریه‌تییه‌کی ئیسلامیمان، وه‌ک شاره‌داری ڕۆتردام[14] بۆ نموونه‌، که‌ داکۆکیکا‌رێکی توند و به‌هێزی ئازادی په‌نابه‌ر و کۆچکردووان‌ بوو، نییه‌، که‌ به‌ نه‌ریت له‌ لیبراله‌کانن..له‌ مه‌سیحییه‌کانن له‌ وڵاته‌ پرۆتستانته‌کانی وه‌ک هۆڵاند..که‌واته‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌رێکه‌ هه‌یه‌ و هێشتا ئه‌و که‌سانه‌مان هه‌ن، که‌ به‌رنامه‌یان دژی سۆڤیێت دانا، ئه‌وان هێشتا زیندوون و ده‌زانن وه‌ها کارێک چۆن ده‌کرێ..هه‌ندێک له‌وانه‌ش هه‌ن، که‌ له‌ کرده‌ی دژی نازییه‌کاندا له‌ جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، به‌شدارییان کرد، واته:‌ بنگه‌یه‌کی به‌هێزی کۆمه‌ک هه‌یه‌! بێجگه‌ له‌وانه‌ش ده‌توانین له‌نێو جیهانی ئیسلامیدا، هاوپه‌یمانیه‌تی تاکتیکی و ستراتیژیی به‌کار بێنین، که‌ تا ئێستا پشتگوێمان خستوون"[15].‌‌

- چوار-
له‌ دوو ڤیدیۆ پێکهاتووه‌، یه‌که‌میان،  دوو به‌شه‌ و تێکه‌ڵکراوه‌، له‌ به‌شی یه‌که‌مدا، وێنه‌یه‌کی سیناتۆری ئه‌مه‌ریکی له‌ پارتی کۆماریی میشێل باکمان(Michele Bachmann)ه‌ له‌ 5ی سیپته‌مبه‌ری 2013دا، له‌گه‌ڵ پاپای قیبتییه‌کانی مسر توازرۆسی دووه‌م له‌ باره‌گای پاپا له‌ مسر ڕاوه‌ستاوه.‌ پاشان له‌ 7ی سیپته‌مبه‌ری 2013دا، له‌ ته‌لیڤزیۆنی مسر قسان ده‌کات. له‌ قسه‌کانیدا ده‌ڵێ:" من وه‌ک ئه‌ندامی کۆنگریسی ئه‌مه‌ریکی، به‌ هه‌موو هێزێکمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌کی سه‌ربازییدام به‌ سپای مسر..ئێوه‌ هاوبه‌شی ئێمه‌ بوون له‌ جه‌نگی دژه‌ تێرۆردا..ده‌مانه‌وێ دڵنیا بین له‌وه‌ی هه‌لیکۆپته‌ری ئاپاچی و فڕۆکه‌ی ئیف  16و ئه‌و پێداویستییانه‌تان هه‌یه، که‌ به‌کارتان ‌هێناون بۆ تێکشکاندنی تێرۆریستان ‌..ئێوه‌ له‌به‌ره‌کانی جه‌نگدا ئازاییتان نواند..". به‌شی دووه‌می ڤیدیۆکه‌، باکمان، له‌ 26ی سیپته‌مبه‌ری 2014دا، له‌ کۆنگره‌ی لووتکه‌ی ده‌نگده‌راندا له‌ ئه‌مه‌ریکا بۆ خه‌ڵک ده‌ئاخڤێ و ده‌ڵێ:"له‌کاتێکدا جیهادی ئیسلامیی توندڕۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وشه‌ی توندڕۆ دووپاته‌بوونه‌وه‌یه‌ بۆ وشه‌ی ئیسلام.. که‌ هه‌واڵه‌کانی ئه‌و جیهاده‌ هه‌موو ده‌نگوباسه‌کان داگیر ده‌کات، ئه‌م دوژمنه‌ وه‌ک به‌ڵایه‌کی ڕه‌ها ده‌بینین کاتێک  سه‌ری خه‌ڵکی بێتاوان ده‌بڕن، له‌ مانگی ئه‌وگوستدا ژن و منداڵیان زینده‌به‌چاڵ کرد..ئه‌وانه‌ مه‌سیحین، خوشک و برای ئێمه‌ن..ئێزدییه‌کانن که‌ ئه‌مشه‌و له‌سه‌ر چیای شنگالن و گیرۆده‌  بوون..قه‌شه‌یه‌ک له‌م حه‌فته‌یه‌دا ئیمه‌یلی بۆ ناردووم و ئاگادارم ده‌کاته‌وه‌، که‌ له‌وێ، مژده‌ده‌ره‌کان هه‌ن و‌ له‌گه‌ڵ ئێزدییه‌کانن و کاریان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، به‌ ئاسته‌م له‌ ژیاندا ماون..له‌نێو ئه‌و که‌ژه‌ساردانه‌دا ده‌ڕازێن و په‌توویان نییه‌ به‌ خۆیانیدا بده‌ن..ئه‌وه‌ جیهانێکی زۆر جیاوازه‌..ئێمه‌ ناتوانین ئه‌وانه‌ له‌بیر بکه‌ین..ناتوانین خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ ته‌نیا به‌هۆی باوه‌ڕه‌ ئایینییه‌که‌‌یانه‌‌وه‌ فه‌رامۆش بکه‌ین..بۆ ئه‌مه‌ ڕووده‌دات؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیهادیی هه‌ن باوه‌ڕیان به‌و ئیدیۆلۆگییه‌ تیژڕۆیه‌یه‌، که‌ پێیوایه‌ مردن له‌ ڕێگه‌ی ئیسلامدا ده‌یانباته‌ به‌هه‌شت..ئه‌مه‌ جه‌نگێکی گیانه‌کییه‌‌، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بیکه‌ین ئه‌وه‌یه‌، که‌ ده‌بێ ئه‌م جیهاده‌ ئیسلامییه‌ تێکشکێنین..به‌ڵی و به‌داخه‌وه‌ به‌ڵێ، سه‌رۆکه‌که‌ی ئێمه‌ وێنا و تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه‌ی هه‌یه‌، ئه‌و ته‌نانه‌ت له‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی، که‌ ئه‌وان جیهاد ده‌که‌ن، تێنه‌گه‌یشتووه‌..به‌ڵی سه‌رۆکی گه‌وره‌م ئه‌وه‌ ئیسلامه‌..به‌ڵێ..به‌ڵێ..من له‌و باوه‌ڕه‌دام، که‌ به‌ڵایه‌کی له‌م جۆره‌، ده‌بێ به‌ جیددی مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا بکه‌یت..‌ ده‌بێ جاڕی جه‌نگ له‌ دژی بده‌یت، نه‌ک به‌ده‌وریدا سه‌ما بکه‌یت.. ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی جه‌نگی دژی کۆشکی سپی ڕاگه‌یاند..ده‌بێ سه‌رکرده‌کانیان، ڕاوێژکاره‌کانیان، سپاکه‌یان بکوژیت تا ئاڵای سپی هه‌ڵکه‌ن و جه‌نگه‌که‌ ده‌به‌یته‌وه‌..سه‌رۆک داوای له‌ کۆنگرێس کرد چوون جه‌نگی ڤیێتنام خاوه‌خاو وه‌دووی که‌وێ ..من گوتم نا..چونکه‌ ئه‌مه‌ریکا یا ده‌بێ به‌و هه‌موو سامان و داراییه‌ی هه‌مانه‌ ئه‌م دوژمنه‌ دڕنده‌یه‌ له‌به‌ین ببات یا ده‌بێ وه‌ڵامی نه‌وه‌ی داهاتوومان بده‌ینه‌وه‌، که‌ بۆ نه‌ماتوانی له‌مڕۆماندا به‌سه‌ر ئه‌م به‌ڵا هه‌مه‌لایه‌ن و گشتگره‌دا سه‌رکه‌وین؟..من بڕواشم وایه‌، مه‌شقپێکردن و پڕچه‌ککردنی ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌گوترێ "یاخیبووه‌ میانڕۆکانی سووریا"، هه‌ڵه‌یه‌کی کاره‌ساتاوییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌کی دزێو لێره‌دا هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌"هه‌رگیز ناتوانرێ بڕوا به‌وانه‌ بکرێ، بێگومان ئه‌وانه‌، هه‌موویان میانڕۆ نین".
ڤیدیۆی دووه‌م، به‌رنامه‌یه‌کی ته‌لیڤزیۆنییه[16]‌، دیدارێکه‌ له‌گه‌ڵ دین عو‌به‌یده‌ڵڵا(Dean Obeidallah)، که‌ کۆمیدیاکار و ڕۆژنامه‌وانێکی ئه‌مه‌ریکایی موسوڵمانی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک عه‌ره‌بی فلستینییه‌‌ و خاوه‌نی ستوونێکه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی زه‌ ده‌یلی بێست(The daily beast)دا. دیداره‌که‌ بۆ گوتوبێژکردنه‌ له‌مه‌ڕ ئه‌و قسانه‌ی میشێل باکمان، که‌ به‌ ئاشکرا، کێشه‌ی تێرۆر به‌ ئیسلامه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و پێیوایه‌ کێشه‌که‌ ئیسلام خۆیه‌تی و ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌رۆک ئۆباما ده‌گرێ، که‌ به‌و جۆره‌ی نابینێ. عوبه‌یده‌ڵڵا، ئه‌و بۆچوونه‌ی باکمان به‌ هه‌ڵه‌ ده‌زانێ و پێیوایه‌ ئیسلام کێشه‌ نییه‌ و داعش هیچ جۆره‌ ئیسلامێکی پێ ڕاست نییه‌ و قه‌بووڵی ناکات و ئه‌و هیچ خه‌ڵکێکی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر موسوڵمانیش بن، پێ‌ موسوڵمان نین تا نه‌یه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و ڕیگه‌یه‌ی ئه‌وان و ئیسلامه‌که‌‌ی ئه‌وان، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وان خه‌ڵکی موسوڵمانیش ده‌کوژن[17]. 
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و‌ ڤیدیۆیانه‌دا ده‌بینرین و ده‌په‌یڤن، ئه‌مه‌ریکایین، تاکه‌ یه‌ک که‌س له‌وان، ئه‌ویش دین عوبه‌یده‌ڵڵایه‌، که‌ ئه‌مه‌ریکاییه‌کی‌ ڕۆژنامه‌وان و کۆمێدیکاره، پاشخانێکی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی هه‌یه‌،. ئه‌وانی دیکه‌، هه‌موو سیاسه‌تکارن، نێزیکن له‌ نێوه‌ند و ده‌سگه‌بڕیارده‌ره‌کان و بنکه‌ی توێژینه‌وه‌وه‌ و خه‌ڵک گوێ ده‌داته‌ قسه‌یان. به‌ گوێدانه‌‌ قسه‌وباسی نێو ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ و ژنه‌فتنی ئاخافتنی ئه‌وانه‌ی‌ ده‌دوێن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی نێوان ده‌سته‌واژه‌کانی به‌کاری ده‌هێنن و وشه‌کانی جه‌ختی ده‌که‌نه‌وه‌، وێنه‌یه‌ک، له‌کن تۆ و منی بینه‌ر و بیسه‌ر، دروست ده‌بێ و مرۆڤ ده‌گاته‌ ئه‌و باوه‌ڕ و ئه‌نجامانه‌‌ی خوارێ، که‌ ئه‌وان تاڕاده‌یه‌ک به‌گشتی و به‌ ئاشکرا ده‌ریده‌بڕن و جه‌ختی ده‌که‌نه‌وه و له‌سه‌ری کۆکن‌‌:
داعش، که‌ ئه‌مڕۆ ناوێکه‌ بۆ بزاڤێکی توندڕۆ و ناوی ئیسلامی به‌خۆوه‌ ناوه‌ و بووه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و له‌ تێکه‌ڵکردنی به‌شێکی وڵاتی عیراق و سووریا، ده‌وڵه‌تێکی به‌ ناوی"ده‌وڵه‌تی ئیسلامی"، پێکهێناوه‌، ته‌نیا درێژه‌پێدانی بزاڤی ئه‌لقاعیده‌یه‌ و بێچووی ئه‌لقاعیده‌یه‌ و به‌ مه‌به‌ستی بازرگانی و بازاڕگه‌رمیی، ناوه‌که‌ی گۆڕدراوه‌ و بووه‌ به‌ داعش. وه‌ک چۆن له‌ سه‌رده‌می جه‌نگیی سارددا دژی سۆڤیێت و به‌ره‌ی کۆمۆنیزم، ئه‌مه‌ریکا له‌ ئه‌فغانستان، کۆمه‌کی به‌ موجاهیدینه‌کان و ئه‌لقاعیده‌ ده‌کرد، له‌ جه‌نگی دژ به‌ سووریاشدا و بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی سووریای "عه‌له‌وی"ی گرێدراوی ئێرانی "شیعه‌" و کۆمه‌ککا‌ری حیزبوڵڵای"شیعه‌"ی لبنان، کۆمه‌کی ئه‌مه‌ریکا، به‌ زانینه‌وه‌، به‌ یاخیبووانی دژ به‌ ڕێژیمی سووریا و له‌نێو ئه‌وانیشدا، ئه‌لنوسره‌ و داعش، گه‌یشتووه‌. ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، که‌  تورکیا و سعوودییه‌ و قه‌ته‌ر و میره‌کانیان تۆمه‌تبار ده‌که‌ن به‌ کۆمه‌کپێکردن و مه‌شقپێکردنی ئه‌لنوسره‌ و داعش، ته‌واوی ئه‌و ڕاهێنان و مه‌شقه،‌ له‌ بنکه‌ و فڕۆکه‌خانه‌ جه‌نگییه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا له‌ تورکیا و به‌ئاگاداری و نه‌خشه‌ و قایلبوونی ئه‌مه‌ریکا بۆ خۆی کراون. ئه‌مه‌ریکا، قه‌ته‌ر و وڵاتانی که‌نداو، سه‌رێک وه‌ک دۆست و پێگه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریکی و سه‌رێک وه‌ک پاڵپشت و به‌خێوکه‌ری گرۆ توندڕۆ ئیسلامییه‌کان ده‌بینێ و گره‌و له‌سه‌ر دووبه‌ره‌کی و ناکۆکیی له‌نێوان سه‌ردارانی که‌نداو و سعوودییه‌ و ئه‌وانه‌شدا ده‌کات.
ته‌واوی ئه‌و یاخیبوونانه‌ی به‌رانبه‌ر ڕێژیمگه‌لی عه‌ره‌ب، له‌ توونس، لیبیا، مسر، یه‌مه‌ن و سووریا، به‌رپا بوون و ناوی به‌هاری عه‌ره‌بییان لێنرا، هه‌موو له‌ هاندان و دروستکردنی ڕۆژاوا بوون. وه‌ک نموونه‌ ئه‌و ڕابوونه‌ی له‌ مسر دژ به‌ ڕێژیمی حوسنی موباره‌ک ڕوویدا، ڕۆژاوا ده‌ستی له‌ چێکردنیدا هه‌بوو، لێ دواتر له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ جڵه‌وی گیرایه‌ده‌ست. لابردنی ئیسلامییه‌کان له‌ ده‌سه‌ڵات و قوتکردنه‌وه‌ی "ئه‌لسیسی"ش، هه‌ر له‌سه‌رده‌ستی رۆژاوا بوو.
ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، هه‌رگیز به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره(خۆرهه‌ڵاتی ناڤین)‌یان بۆ گرنگ نییه‌ و تورکیاش ته‌نیا جێبه‌جێکا‌رێکی گوێڕایه‌ڵی نه‌خشه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ناتۆیه‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا.  دووڕوویی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و خۆشباوه‌ڕیی خه‌ڵکی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌نێویشیاندا کورد، بارێکی وای هێناوه‌ته‌ گۆڕێ، که‌ درۆیش به‌نرخی ڕاست وه‌رگیرێ.
 به‌وه‌ی که‌ داعش وشه‌ی ئیسلامی به‌خۆوه ‌لکاندووه‌، ده‌یه‌وێ هه‌موو ئیسلام وه‌ک هه‌ست له‌گه‌ڵیدا بن و جه‌نگه‌که‌ بکاته‌ جه‌نگی "ئیسلام" و "ئه‌وانی دی" و له‌لایه‌ن ڕۆژاوایشه‌وه‌ هه‌ر به‌وجۆره‌ سه‌یری ئه‌و جه‌نگه‌ بکرێ و به‌جه‌نگی ته‌واوی ئیسلام بزانرێ و هه‌موو جیهان بکرێ به‌گژیاندا، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مه‌ریکا ئه‌و جه‌نگه‌ به‌ جه‌نگێکی درێژخایه‌نی 30 ساڵه‌ و تاڕاده‌یه‌ک هه‌میشه‌یی داده‌نێ و ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ و ڕۆژاوا‌، به‌مه‌به‌‌ستی پیاده‌کردنی نه‌خشه‌ و ستراتیژیی بازرگانی و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیان، ته‌واوی بزاڤه‌ توندئاژۆکانی جیهانیشیان، خستووه‌ته‌ نێو بازنه‌ی ئیسلامه‌وه‌ و به‌ ئیسلامه‌وه‌ گرێیانداون.
کورد، که‌ له‌و جه‌نگه‌ی داعشه‌وه‌ گلاوه‌، هه‌رگیز به‌ خواستی خۆی نه‌بووه‌، به‌ڵکه‌ تێوه‌گلێنراوه‌. داعش، له‌ ده‌سپێکدا وه‌ک به‌رهه‌ڵستکارێکی دژ به‌ ڕێژیمی سووریا و له‌ سووریا ده‌ستبه‌کار بوون، لێ دواتر په‌لیانهاوێشت و عیراقیشیان گرته‌وه‌. ئه‌وان له‌ڕاستیدا، وه‌ک هێزێکی ئیسلامیی توندڕۆی سوننه،‌ هاتنه‌ مه‌یدانه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی بانگه‌شه‌ی خۆیان، ده‌بوو له‌ سووریا و عیراقدا و به‌ پله‌ی یه‌که‌م دژ به‌ حوکوومه‌ته‌کانی ئه‌و دوو وڵاته‌ بجه‌نگن، که‌ هه‌ردوویان عه‌له‌وی و شیعه‌ن، چونکه‌ داعش، هیچ جۆره‌ ئیسلامێکی بێجگه‌ له‌ داعشه‌ئیسلام، قه‌بووڵ نییه و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی وان نه‌بێت، پێیان کافره‌، دیاره‌ شیعه‌، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ و دواتریش ئه‌وانی دیکه‌. داعش هه‌ر له‌دوای گرتنی مووسڵه‌وه‌، ئیدی ته‌واوی هێزی خۆی بۆ دژایه‌تی کورد و داگیرکردنی کوردستان، ته‌رخان کرد و تاڕاده‌یه‌ک خۆی تووشی جه‌نگی شیعه‌ نه‌کرد. ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ عه‌ره‌بنشینانه‌ی عیراق، که‌ داعش جه‌نگی تێدا ده‌کات یا ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت و ده‌سه‌ڵاتی تێدا هه‌یه‌، ناوچه‌گه‌لێکی سوننه‌نشینن، وه‌ک مووسڵ، ڕه‌مادی، تکریت و حه‌ویجه‌ و هه‌نده‌ک به‌شی دیاله‌، ژینگه‌یه‌کی له‌بارن بۆ گه‌شه‌کردن و مانه‌وه‌ی ئه‌وان. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ بۆ ئه‌وان خانه‌خوێیه‌کی به‌رچاوتێر و بژێو و ئاوه‌دانن، چونکه‌ سوننه‌، هه‌ر له‌دوای داگیرکردنی عیراقه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ و له‌دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌، ئیدی هه‌ست به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و که‌نارخراوی ده‌که‌ن و ئاماده‌ن، دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی شیعه‌، له‌گه‌ڵ شه‌یتانیشدا هاریکاریی بکه‌ن، دیاره‌ شیعه‌ش له‌مه‌ڕ سوننه‌وه‌ هه‌مان دیدی هه‌یه‌. کورد، له‌ باشووری کوردستان و له‌و هه‌رێمه‌ی خۆیدا، بڕێک ئازادی و جۆره‌ سه‌قامگیریی و حه‌سانه‌وه‌یه‌کی وه‌ده‌ستهێنابوو و جاروباریش خه‌ونی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان و دابڕانی له‌ عیراق، به‌ گوێی عیراقییه‌کان و ڕۆژاواشدا ده‌دا. ڕۆژاوا به‌ڕێبه‌ریه‌تی ئه‌مه‌ریکا، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ جاڕدانی ده‌وڵه‌تی کوردستاندا نه‌بووه‌ و نه‌هه‌یه‌ و نه‌ده‌شبێ. ئه‌مه‌ریکا، هه‌میشه‌ پارێزه‌ری یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق بووه‌ و کوردیشی به‌به‌شێکی عیراق زانیوه‌. ئه‌مه‌ریکا سنووری ده‌وڵه‌ته‌کان به‌ ڕه‌سمی ده‌ناسێ، بۆ نموونه‌: که‌ باس له‌ عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا بکات، که‌ به‌شێکی زۆری دانیشتووانی نێو سنووری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ کوردن، ئه‌مه‌ریکا ناڵێ: گه‌لانی تورکیا، گه‌لانی ئێران، گه‌لانی عیراق یا گه‌لانی سووریا، به‌ڵکه‌ هه‌ر ده‌ڵێ: گه‌لی تورکیا، گه‌لێ ئێران، گه‌لێ عیراق و گه‌لی سووریا، واته‌: تورکیا، ئێران، عیراق و سووریا، هه‌ر وڵاته‌و یه‌ک گه‌له‌. سه‌رانی کوردی باشوور، له‌ خۆشباوه‌ڕیی خۆیانه‌‌وه، هه‌میشه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون و ئه‌مه‌ریکایان به‌ دۆست و فریادڕه‌س و ڕزگارکه‌ر زانیوه‌. ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا(تورکیا و..) بۆ لێدانی ئه‌و خه‌ونه‌ی کورد و کپکردنه‌وه‌ی خواستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و بۆ به‌هێزکردنی سوننه‌ و زیندووکردنه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر شیعه‌ی ده‌سه‌ڵات و ڕاگرتنی باڵانسی نێوان هێزه‌کانی عیراق و بۆ تاقیکردنه‌وه‌ و فرۆشتنی زیاتری چه‌ک و بۆ لێدانی خه‌ونی کورد له‌ ڕۆژاوای کوردستان و لێدانی په‌که‌که‌ و فێنککردنه‌وه‌ی دڵی تورکیا و بۆ وێرانکردن و تێکدانی وڵات و ژینگه‌ و کوشتنی هه‌رچی زیاتره‌ خه‌ڵکی کورد و عه‌ره‌ب و سوننه‌ و شیعه‌، داعشیان کرد به‌ گژی کورددا و کوردیان له‌ کۆبانێوه‌ تا گه‌رمه‌سێر له‌ جه‌نگێکی سه‌پێنراوه‌وه‌ تێوه‌گلاند. ئه‌مه‌ریکا، جه‌نگی داعشی به‌کورد سپارد و خه‌ڵکی کوردی تێدا به‌کوشت ده‌دات و وڵاتی کوردی پێ وێران ده‌کات و بۆ خۆیشی چه‌کی خۆی سه‌رف ده‌کات. کورد، له‌ جه‌نگی دژه‌ داعشدا، خۆی کرده‌"که‌واسووری به‌ر له‌شکر" و وه‌ک سه‌رانیان ده‌ڵێن"له‌بری هه‌موو جیهان جه‌نگی دژه‌تێرۆر و داعش ده‌که‌ن"، داعشێک، که‌ وه‌ک شێرپه‌نجه‌ و ده‌رد و به‌ڵایه‌ک، بۆ گیانی ته‌واوی گه‌ل و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامیی ئافرێنراون، له‌کاتێکدا هیچ یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی جیهان، ئاماده‌ نییه‌ ژیانی تاکه‌ یه‌ک سه‌ربازی خۆی له‌ کوردستان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و بکوژرێت. کورد، به‌ بریکاریی ڕۆژاوا جه‌نگی داعش ده‌کات، لێ ڕۆژاواش ته‌نیا به‌ چه‌ند پارچه‌ چه‌کێکی ناکارا، وه‌ک چه‌شه‌، ده‌می کورد داده‌خات. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا مه‌به‌ستی بووایه‌ داعش له‌نێو ببات، له‌برێ ئه‌و فشه‌هێرشانه‌ی به‌‌ فڕۆکه‌ ده‌یکاته‌ سه‌ر داعش، که‌ هه‌رگیز کاریگه‌رییه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان نییه‌، چه‌ند هێزێکی سه‌ربازیی خۆی یا هاوپه‌یمانه‌ ڕۆژاواییه‌کانی، به‌ چه‌ک و ته‌واوی که‌ره‌سته‌ی جه‌نگه‌وه‌ ناردبایه‌‌ کوردستان، ئێستا ده‌مێک بوو، داعش له‌به‌ین چووبوو، لێ ئه‌مه‌ریکا دڵۆپێک‌ خوێنی سه‌ربازێکی خۆی بۆ داکۆکیی له‌ کورد و کوردستان، به‌ فیڕۆ نادات.
ئه‌مه‌ریکا به‌تایبه‌ت و ڕۆژاوا به‌گشتی، هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێ خه‌ڵکی خۆیان و وڵاته‌کانیان به‌وه‌ قایل بکه‌ن و ڕابهێنن، که‌ داعش و هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌ و گرۆ تیرۆریستانه‌ی جیهان، که‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ مۆری ئیسلامییان لێدراوه‌، هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر خاک و خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، له‌ نێو خاک و وڵاتانی خۆیاندا. ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ بانگه‌شه‌یه‌کی ناڕاست و وازیکردن به‌ هه‌ستی خه‌ڵک، له‌پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی پیشه‌سازیی چه‌ک و بازاڕی چه‌ک و بۆ خڕکردنه‌وه‌ و توندکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی خۆیان، دژ به‌ وڵاتانێک، که‌ ئه‌و جۆره‌ گرۆ تێرۆریستییانه‌یان تێدایه، هیچی دیکه‌ نییه‌‌. له‌کاتێکدا، که‌ ئێستاکه‌ داعش، گه‌لێ له‌ ئه‌مریکاوه‌ وه‌ک جیۆگرافیا دووره‌ و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینه‌، ماسمیدیا و سیاسه‌تکارانی ئه‌مه‌ریکا، وێنه‌یه‌کی دیکه‌ ده‌خه‌نه‌ پێش چاوی هاووه‌ڵاتانی خۆیان و تۆوی ترس له‌ بیر و مێشکیاندا ده‌چێنن، به‌وه‌ی چوونی ئه‌مه‌ریکاییان بۆ نێو داعش و به‌شداربوونیان له‌گه‌ڵ واندا له‌ جه‌نگدا، وا له‌ ئه‌مه‌ریکاییان بکات، بترسن له‌وه‌ی،‌ ئه‌وانه‌ دواتر، له‌و دووراییه‌ی ئێستایان، که‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ نێو خاکی ئه‌مه‌ریکا، جه‌نگه‌که‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌گوێزنه‌وه‌ نێو خاکی ئه‌مه‌ریکا و نێزیکی ده‌خه‌نه‌وه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا،
گومان له‌وه‌دا نییه‌، که‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ لایه‌ن سی. ئای. ئه‌ی(CIA)ه‌وه‌، نه‌ک له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێک یا حیزبێک یا لایه‌نێکی ئیسلامیی توندئاژۆ یا جۆرێکی‌ دیکه‌وه‌ دروست کرا. جه‌نگی سارد و بوونی سۆڤیێت و کۆمۆنیزم، هۆکاربوون بۆ له‌دایکبوونی ئه‌لقاعیده‌ و قه‌بووڵکردن و په‌ره‌پێدانی وه‌هابییه‌ت و سه‌له‌فییه‌ت و هه‌موو جۆره‌ بیرێکی توندڕۆی ئیسلامی، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌. ده‌کرێ، ئه‌لقاعیده‌ وه‌ک دایکی ته‌واوی ئه‌م گرۆ و ده‌ستانه‌ی ئه‌مڕۆ‌، به‌ داعشیشه‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ریکا بۆ خۆی دژیان ده‌جه‌نگێ، دابنرێ.
سه‌دان ده‌سگه‌ و نێوه‌ندی توێژینه‌وه‌ و نه‌خشه‌دانانی وه‌ک ده‌سگه‌ی سی. ئێس. پی(CSP) له‌ ئه‌مه‌ریکا به‌تایبه‌ت و رۆژاوا به‌گشتی هه‌ن، کاریان گه‌ڕانه‌ وه‌دووی دۆزینه‌وه‌ی ئامرازی نوێ و ڕێگه‌ی نوێ و بیری نوێدا، بۆ پتر جوداکردنه‌وه‌ و لێکترازاندن و په‌رتکردنی خه‌ڵک له‌یه‌کدی، به‌تایبه‌ت موسوڵمانان و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ها و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی ڕۆژاوادا ناگونجێن، بۆ شۆردنه‌وه‌ی مێشکیان و سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگیان و کوژاندنه‌وه‌یان. ئه‌م نێوه‌ند و ده‌نگانه‌، به‌ناوی به‌رگری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه،‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ هێرش و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا، داده‌مه‌زرێنرێن، لێ له‌بنه‌مادا بۆ خۆیان کاری سیخوڕی و سازکردنی هێرش و دژواری و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر خه‌ڵکی دی و وڵاتانی موسوڵمان ده‌که‌ن. ئه‌مانه‌ به‌ناوی "جه‌نگ دژی تێرۆر"ه‌وه‌، جڤین ساز ده‌که‌ن و ڕاوێژ ده‌که‌ن و توێژینه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌که‌ن و بۆ خۆیان ڕێبه‌ریی تێرۆری نێوده‌وڵه‌تی و جیهانیی ده‌که‌ن و بۆ خۆیانن، دروستکه‌ر و دامه‌زرێنه‌ر و گیانبه‌به‌رداکه‌ری گرۆی تێرۆر. ئه‌و نێوه‌ند و ده‌سگه‌یانه‌، هه‌میشه‌ ده‌سته‌واژه‌ی زۆر ناوازه‌ و دڵڕفێن بۆ کار و به‌رهه‌م و توێژینه‌وه‌کانی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه‌. نێوه‌ندی سیاسه‌تی ئاساییش، نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ک ده‌خه‌نه‌ پێش چاو، که‌ بۆخۆیان دایانناوه‌ و کاریان له‌سه‌ر کردووه‌ به‌ناوی"جه‌نگی جیهانی ئازاد". جیهانی ئازاد، له‌کن وان و له‌کن ته‌واوی ڕۆژاواییان و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا، ئه‌و جیهانه‌یه‌: ئه‌مه‌ریکا، که‌نه‌دا، ئه‌وروپا، ئه‌وسترالیا، نیوزیلاند، ئیسرائیل و ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، که‌ له‌"هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌ها و جیهانبینی و دید و باوه‌ڕ و فه‌رهه‌نگ و شێوازی ڕه‌وتار و سیاسه‌ت و.."ی ئه‌مه‌ریکادا هاوبه‌ش و هاوڕان و به‌ موو له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا لاناده‌ن، ده‌نا ده‌رێی ئه‌و بازنه‌یه‌، جیهانی ئازاد نییه‌!
ئه‌مه‌ریکا و رۆژاوا، 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001 به‌ ده‌سپێکی مێژوویه‌کی نوێ داده‌نێن، که‌ ئیدی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا، واته‌:"ئیسلام"، بۆشاییه‌ک که‌وته‌ نێوانیانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ها دێتنێکیان به‌رانبه‌ر ئیسلام هه‌ر له‌ 1979وه‌، له‌ ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و شۆڕشی ئێران و دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ له‌ ئێران، له‌کن دروست بوو و پێیانوایه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ی ئێستا تووشی بوون، له‌وده‌میه‌وه‌ دژیان به‌رپاکراوه‌. زۆرجاران ده‌وڵه‌ت و نیمچه‌ده‌وڵه‌ت و ڕێکخراو و ده‌سته‌ و گرۆگه‌لێک، که‌ کرده‌ی تێرۆریستی ده‌که‌ن یا له‌ پشته‌وه‌ی کرده‌ی تێرۆره‌وه‌ن، هه‌روا له‌خۆڕا و هه‌ڕه‌مه‌کی وه‌ها کارێک ناکه‌ن. له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌شێکی زۆری وڵاتانی جیهان، بێ ئه‌مه‌ریکا و بێ پرسی ئه‌مه‌ریکا، ناتوانن هیچ بڕیارێک بده‌ن و هیچ کارێک بکه‌ن. ئه‌مه‌ریکا بۆخۆی له‌پشته‌وه‌ی ئه‌و کارانه‌وه‌یه‌ و نه‌خشه‌داڕێژه‌ریانه‌. ئه‌مڕۆ قه‌ته‌ر، تورکیا و سعوودییه‌، به‌ کۆمه‌ککا‌ر و پشتگری گرۆ تێرۆریسته‌کان داده‌نرێن، لێ ئه‌و سێ وڵاته‌ بۆخۆیان دۆستی ئه‌مه‌ریکان و هه‌زاران ڕایه‌ڵه‌ به‌ ئه‌مه‌ریکایانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و هه‌رگیز ناتوانن یه‌ک هه‌نگاو به‌بێ پرسی ئه‌مه‌ریکا بنێن.
شه‌ریعه‌ت، له‌کن ئیسلام، قانوون و شێواز و ڕێکخستن و ورده‌کاریی پێڕۆکردن و به‌جێهێنانی ئایینی ئیسلامه‌ و سیستمێکه‌ بۆ ژیان، سیاسه‌ت، ئابووری، جڤاک و ته‌واوی جمگه‌کانی ژیانی مرۆڤی موسوڵمان. له‌کن ئه‌مه‌ریکاییه‌کان و ڕۆژاواییان، شه‌ریعه‌ت، ژارێکی ئیدیۆلۆگییه‌ و گیان به‌به‌ر توندڕۆیی و تێرۆردا ده‌کات و بۆ له‌نێوبردنی ئیسلام، ده‌بێ له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام بدرێ و نه‌هێڵرێ و له‌به‌ین ببرێت، چونکه‌ به‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی سرووش و گیانی توندڕۆیی ئیسلامیی داده‌نرێ.
ئه‌وان هه‌رگیز پێ له‌وه‌ نانێن، که‌ بۆخۆیان چۆن ئه‌و گرۆیانه، بۆ له‌نێوبردنی دید و جیهانبینیی جیاواز و سه‌پاندنی ته‌واوی به‌هاو و باوه‌ڕ و هزر و جیهانبینیی خۆیان به‌سه‌ر جیهانی ئیسلامیدا،‌ دروست ده‌که‌ن. وه‌کی دیکه‌ش ژینگه‌یه‌ک، که‌ که‌ونه‌ڕقێکی خه‌ڵک له‌هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی کۆڵۆنیالیزمی تێدا بێت و هه‌ژاری و نه‌داری و هه‌ڵاواردن و سه‌رکوتکردن و ڕۆژاواپه‌رستی تێدابێت، ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵچوون و په‌یدابوونی ڕق و تووڕه‌یی. ڕۆژاوا, ئیسلامێکی ده‌وێ و به‌ دۆستی خۆی ده‌زانێ، جووکه‌ی لێوه‌ نه‌یه‌ت و هیچ جۆره‌ گیان و هه‌ستێکی هاوئاهه‌نگیی و یه‌کبوون و هاوسۆزیی و یه‌کپارچه‌یی له‌نێوان خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و ئایینه‌ و گه‌لان و وڵاتانی پێڕۆی ئه‌و ئایینه‌دا، نه‌بێت.
ڕۆژاوا، ته‌واوی جه‌نگ و کێشه‌کانی خۆی و ئیسلامییه‌کان، وه‌ک جه‌نگێکی ئیدیۆلۆگی له‌نێوان دوو جیهانبینی و دیدی جیاوازدا، ده‌بینێ. تا کۆمۆنیزم له‌ ئارادا بوو، ئیسلام و بزاڤه‌ئیسلامییه‌کان و ئیدیۆلۆگی وان، چ بره‌وێکی نه‌بوو و مه‌ترسیی نه‌بوون بۆ سه‌ر ڕۆژاوا، ئه‌وده‌م ڕۆژاوا، کۆمۆنیزمی به‌ دوژمنی سه‌ره‌کی داده‌نا و بۆ له‌نێوبردنی ئه‌و دوژمنه‌، که‌ سۆڤیێت ڕێبه‌ری بوو، ڕۆژاوا هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکی به‌کارده‌هێنا، له‌وانه‌ش چه‌کی ئیدیۆلۆگی. ڕۆژاوا له‌نێو سۆڤیێتدا و له‌نێو دڵی کۆمۆنیزمدا هه‌وڵی دروستکردن و ئافراندن و چاندنی تۆوی گومانی ده‌دا، گومان له‌ بیری کۆمۆنیزم خۆیدا. بۆ ئه‌و کاره‌، یاکۆڤلێڤی به‌رپرسیی ئیدیۆلۆگی پارتی کۆمۆنیستی، خسته‌گه‌ڕ و گومانی له‌ مێشکی ویدا چاند. گڵاسنۆست و پێرێسترۆیکا، به‌رهه‌می ئه‌و گومانه‌ بوون و هه‌نگاوی ده‌سپێک بوون بۆ ڕووخاندنی سۆڤیێت. ڕۆژاوا ده‌یه‌وێ به‌ هه‌مان شێواز له‌ دڵی ئیدیۆلۆگی ئیسلام بدات، گومان له‌ دڵی خه‌ڵکی موسوڵماندا به‌رانبه‌ر ئایینه‌که‌ی خۆیان بچێنێ و له‌نێو دڵی وڵاتانی ئیسلامیدا تۆوی چه‌ندبه‌ره‌کی بچێنێ بۆ وه‌ی بۆ خۆیان له‌و ئیدیۆلۆگییه‌ بده‌ن و ئایینه‌که‌ خۆی بنکۆڵ بکه‌ن و دایڕووخێنن و له‌نێوی ببه‌ن. ئه‌مه‌ریکا له‌و جه‌نگه‌ ئیدیۆلۆگییه‌دا، هاوپه‌یمانی تاکتیکی و ستراتیژی له‌نێو جیهانی ئیسلامیدا به‌کار ده‌هێنێت و سوود له‌و که‌سانه‌ش وه‌رده‌گرێ، که‌ له‌ دانانی به‌رنامه‌ی ڕووخاندنی سۆڤیێتدا به‌شداربوون و ئه‌وانه‌یشی،که‌ له‌ دژی نازییه‌کاندا به‌شدارییان کردووه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ په‌یدا ده‌کات و ده‌خاته‌وه‌ گه‌ڕ بۆ به‌کارهێنان و سوودوه‌رگرتن له‌ شاره‌زاییان، بۆ لێدانی ئیدیۆلۆگی ئیسلام.
لای ڕۆژاوا ئه‌گه‌ر به‌ ڕاشکاوانه‌یش نه‌یڵێن، وشه‌ی توندڕۆ یه‌کسانه‌ به‌ وشه‌ی ئیسلام، که‌واته‌ بۆ لێدانی توندڕۆیی، که‌ له‌کن ڕۆژاواییان هاوواتای ئیسلام ده‌گه‌یه‌نێ، ده‌بێ ئیدیۆلۆگی ئیسلام بکرێته‌ ئامانج و لێیبدرێ.
داعش، له‌وه‌تی هاتووه‌ته‌ مووسڵه‌وه‌ و پێشتریش ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی، کوشتنی موسوڵمان بووه‌..داعش هێنده‌ی موسوڵمانی سوننه‌ی کوشتووه‌ که‌سی دیکه‌ی هێنده‌ نه‌کوشتووه‌..ڕۆژاواییان، که‌ بۆ چه‌ند مه‌سیحییه‌کی مووسڵ ده‌گرین، له‌ ڕاستیدا مه‌گه‌ر به‌ ڕێککه‌وت دانه‌دانه‌یه‌ک، ده‌نا هیچ مه‌سیحییه‌ک نه‌کوژراوه‌ و نه‌ وه‌ک بارمته‌یش گیراوه‌، چونکه‌ بۆ تاکه‌ مه‌سیحییه‌ک، ڕۆژاوا ده‌یکاته‌ فه‌رته‌نه‌ و هه‌را و ڕۆژی خۆی و به‌هه‌ر شێوازێک بێت، ئه‌و مه‌سیحییه‌ گیراوه‌ ڕزگار ده‌کات و ئه‌گه‌ر کوژرابێتیش، تۆڵه‌ی ده‌کاته‌وه‌. وه‌ده‌نگهاتنی ئه‌مه‌ریکا، به‌ ئۆبامای سه‌رۆکیشیه‌وه‌‌ و وه‌ده‌نگهاتنی ڕۆژاوا، له‌سه‌ر کورده‌ ئێزدییه‌کانی شنگالی کوردستان، ته‌نێ بۆ جوداکردنه‌وه‌ و دابڕینی ئه‌وان بوو له‌ کورد و له‌و ژینگه‌ و ده‌وروبه‌ره‌ ئیسلامییه‌ی تێیدا ده‌ژین و پێشاندانی ئه‌وان بوو وه‌ک نه‌ته‌وه‌ و گه‌لێکی جودا، ده‌نا له‌ خۆشویستنی کورده‌وه‌ نه‌بووه‌. ڕۆژاوا هه‌موو گرۆ و ئایینێکی جیهان، به‌رانبه‌ر به‌ ئیسلام قوت ده‌کاته‌وه‌، ته‌نیا بۆ لاوازکردنی ئیسلام. باسکردنی ئێزدییانی کوردستانیش، به‌شێکه‌ له‌و تێڕوانینه‌ی ئه‌مریکا و ڕۆژاوا. وه‌نه‌بێ باسکردنی وان به‌هۆی کوردبوونیانه‌وه‌ بێت، به‌ڵکه‌ بۆ جیاکردنه‌وه‌یان بوو له‌ کورد و ناساندنیان  وه‌ک ناکورد. هه‌موو ڕۆژاوا و جیهانی مه‌سیحی، که‌ باسیان له‌ ئێزدی کردووه‌ و ده‌که‌ن، له‌به‌ر ئایینه‌که‌یانه ‌(ئێزدیایه‌تی) و له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌وان موسوڵمان نین. ڕۆژاوا وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی هه‌وڵیداوه‌ و هه‌وڵده‌دات بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ئێزدی له‌ کورد، بۆوه‌ی ئێزدی وه‌ک گه‌ل، نه‌ته‌وه‌ و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێک، جڤاکێکی جیاواز له‌ کورد، پێناسه‌ بکات، دیاره‌ له‌نێو ئێزیدیان خۆیشیاندا له‌و جۆره‌ بۆچوونه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا میری ئێزدییان میر ته‌حسین به‌گ، بۆخۆی له‌ دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن معه‌ووه‌ز(حسن معوض) و له‌ به‌رنامه‌ی(نقطة نظام) و له‌ ته‌لیڤزیۆنی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌(العربیة)دا ده‌ڵێ:" ئێزدی کورد نین"![18] ڕۆژاوای مه‌سیحی، قه‌شه‌ و ئۆڵکار و مژده‌ده‌ری خۆیان له‌ ته‌واوی جیهاندا بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ بۆ مه‌سیحییاندنی خه‌ڵک، ئیدی به‌ ناوی کۆمه‌ک به‌ لێقه‌وماوان، کۆمه‌ک به‌ ژن، به‌ منداڵ، به‌ بێماڵ و بێحاڵ و لات و نه‌دار و ده‌یان ناوی دیکه‌وه‌..ئه‌وه‌تا له‌ شنگال قه‌شه‌ و مژده‌ده‌ری مه‌سیحی له‌وێن، بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحیی له‌نێو ئێزدییاندا، که‌ له‌ ڕه‌وشێکی یه‌کجار ناخۆش و کاره‌ساتاویدان و هه‌زارانیان لێ کوژرا و ژن و کچیان وه‌ک سه‌بایا بران..ڕۆژاوا له‌نێویاندا مه‌سیحییه‌ت بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و ڕۆژاوا بۆ ئه‌و مژده‌ده‌رانه‌ ده‌گری..
کێشه‌که‌ یا سه‌ری ماره‌که‌، له‌کن ڕۆژاوای مه‌سیحی، به‌کورتی و کرمانجی، ته‌نێ یه‌ک شته‌، ئه‌ویش، ئیسلامه‌..ئیسلام بۆ خۆی، ئیسلام وه‌ک ئایین. ئیسلام هه‌رچه‌ند لاواز و په‌رت بکرێ، هێنده‌ به‌ قازانجی وانه‌.. ئه‌وان کۆمۆنیزمیان له‌کۆڵ بووه‌وه‌ و ئیدی ده‌بێ ئیسلامیش له‌کۆڵ بکه‌نه‌وه‌..
له‌ جاڕنامه‌ی کۆمۆنیزمدا، که‌ مارکس و ئینگڵز نووسیویانه‌ و له‌ ساڵی 1848 له‌ له‌نده‌ن بڵاوکرایه‌وه‌ به‌مجۆره‌ ده‌ستپێده‌کات:"تارماییه‌ک به‌ ئه‌وروپادا ده‌سووڕێته‌وه‌، تارمایی کۆمۆنیزمه‌"، ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وده‌م بوو، ئه‌وده‌مێک، که‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌سه‌رچووه‌ و ته‌نێ وه‌ک خه‌ونێک دێته‌ به‌رچاو، ڕۆژاوا ئه‌و تارماییه‌ی ڕه‌وانده‌وه‌ و نه‌یهێشت و تاڕاده‌یه‌ک له‌نێوی برد، لێ پێیوایه، ئێستا،‌ تارماییه‌کی دیکه‌ به‌ جیهاندا ده‌سووڕێته‌وه‌، تارمایی ئیسلامه‌ و ده‌یه‌وێ ئه‌ویش له‌گۆڕ نا.
ئیسلام، له‌لایه‌ن ڕۆژاواوه‌ وه‌ک دوژمنی سه‌ره‌کی سه‌یر ده‌کرێ و به‌ ڕێگر ده‌زانری له‌به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی نه‌خشه‌کانیدا، بۆ گۆڕینی هه‌موو جیهان به‌و ئاراسته‌یه‌ی، که‌ خۆی گه‌ره‌کێتی، واته‌: جیهانێکی یه‌کڕه‌نگ و یه‌کشێوه‌، که‌ ته‌نیا به‌ها و دید و جیهانبینی و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، به‌ڕاست بزانرێن و هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌ بسڕدرێنه‌وه‌. ئێستا ئه‌مه‌ریکا، بووه‌ به‌ پۆلیسێکی جیهانیی بێ ڕکابه‌ر و چاودێریی هه‌موو ورد و درشتێکی جیهان ده‌کات و له‌ هه‌موو بوارێکی ژیاندا، خۆ به‌‌ ده‌مڕاست و ڕێبه‌ری هه‌موو جیهان داده‌نێ و له‌بری هه‌موو جیهان بیر ده‌کاته‌وه‌ و هه‌رگیز هیچ هێز و هزر و جیهانبینییه‌ک، بێجگه‌ له‌وه‌ی خۆی، به‌ڕاست نازانێ و به‌ هاوتای خۆی نازانێ، ئیسلامیش به‌ڕای ئه‌مه‌ریکا، ده‌که‌وێته‌ خانه‌ی ئه‌وانه‌وه‌، که‌ له‌نێوبردنی پێویسته‌. ئیسلام، له‌ ته‌واوی ڕۆژاوا، وه‌ک مه‌ترسییه‌ک ته‌ماشا ده‌کرێت و ئه‌و مه‌ترسییه‌ش له‌ مێشکی خه‌ڵکی رۆژاوادا، ده‌چێنرێ و تا دێت، گه‌وره‌تر ده‌کرێته‌وه‌. ئه‌و ترسه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ڕۆژاواییان ناوی "ئیسلامۆفۆبیا"یان لێ ناوه‌. جاران له‌ کوردستان، که‌ منداڵێکی ساوا ده‌ترسا، ده‌بوو دایکی منداڵه‌که‌ و ژنانی دیکه‌ ترسی ده‌رکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ کانزایه‌ک هه‌بوو پێیان ده‌گوت "قوڕقوشم"، که‌ پێموایه‌"سرب"ی فارسی و "رصاص"ی عه‌ره‌بی و "Lead"ی ئینگلیزییه‌، ئه‌و کانزایه‌یان له‌ ده‌فرێکدا ده‌خسته‌ سه‌ر ئاگرێکی گڕدار و هێنده‌ داخیان ده‌کرد، تا ده‌توایه‌وه‌‌‌ و شل ده‌بووه‌وه‌، ئیدی ده‌سبه‌جێ ده‌یانڕشته‌ نێو جامێک ئاوی سارد و یه‌کسه‌ر ده‌یبه‌ست و وشک هه‌ڵده‌هات و شێوه‌یه‌ک یا وێنه‌یه‌کی لێ دروست ده‌بوو، ئه‌وجا ئه‌و شێوه‌ له‌ هه‌رشتێک بچووایه‌، ئیدی ئاژه‌ڵ یا مرۆڤ یا شتێکی دیکه‌، ده‌یانگوت ئه‌و منداڵه‌ له فڵانه‌ئاژه‌ڵ یا له‌ فڵانه‌شت یا له‌ فڵانه‌که‌س، ترساوه‌. ئێستا، ئه‌گه‌ر قوڕقوشم بۆ ته‌واوی ڕۆژاوا بسووتێنرێ، وێنه‌ی هه‌ر شتێکی لێ ده‌رچێت، له‌کن ڕۆژاوا، ته‌نێ به‌ یه‌ک جۆر، لێکده‌درێته‌وه‌ و ده‌بێنرێ و ده‌خوێندرێته‌وه و ته‌نێ یه‌ک وێنه‌ وه‌دی ده‌کرێ‌، ئه‌ویش وێنه‌ی موسوڵمانه‌. ڕۆژاوا بڕیاری خۆی داوه و دوژمنێکی بۆ خۆی ده‌ستنیشان کردووه‌، ئه‌ویش ئیسلامه‌.
به‌ لێنۆڕینێکی ته‌نانه‌ت سه‌رپێییش، له‌ جیۆگرافیایه‌ک، وڵاتگه‌لێک و گه‌لان و خه‌ڵکانێک، که‌ داعش و ته‌واوی گرۆ ئیسلامییه‌ توندڕۆکان، چالاکیی تێدا ده‌که‌ن، له‌ توونس و لیبیا و مسر و سۆمال و نایجیریا و یه‌مه‌ن و سووریا و عیراق و کوردستانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌فغانستان و پاکستان، ته‌واوی ئه‌وانه‌ی ده‌کوژرێن و قوربانیانی ده‌ستی داعشن، هه‌موو موسوڵمانن، ئه‌وان، داعشان، له‌نێو مزگه‌وتی موسوڵماناندا و له‌کاتی خڕبوونه‌وه‌ و نوێژدا، خۆ ده‌ته‌قێننه‌وه‌،که‌واته‌ ئه‌وان خه‌ڵکی موسوڵمان ده‌کوژن. ئه‌وان مزگه‌وت و مه‌زارگه‌ و شوێنه‌وار و نیشانه‌مێژووییه‌کانی وڵاتانی ئیسلامی ده‌ته‌قێننه‌وه‌ و ده‌ڕۆخێنن، که‌واته‌ ئه‌وان دیرۆکی ئیسلام ده‌سڕنه‌وه‌. مێژووی ئیسلام، تژییه‌ له‌و جۆره‌ جه‌نگ و یه‌کدی کوشتن و وێرانکارییانه‌، لێ ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆ، ڕۆژاوا، ئاگره‌که‌ی ده‌مداوه‌ و په‌یتاپه‌یتا خۆشی ده‌کات. داعش، ئه‌گه‌ر وه‌ک موسوڵمان بیری کردباوه‌ و خزمه‌تی به‌ سیاسه‌تێکی ئیسلامی کردبا، ده‌بوو ئیسرائیل، به‌ دوژمن و داگیرکاری خاکی موسوڵمان زانیبا و ده‌بوو پێش هه‌رکه‌س و هه‌رلا و جێگه‌ و وڵات و خه‌ڵکێکی دیکه‌، په‌لاماری ئیسرائیلی دابا! داعش تا هه‌نووکه‌ تاکه‌ یه‌ک کرده‌ی چه‌کداری و سه‌ربازییان دژی ئیسرائیل یا له‌نێو خاکی ئیسرائیلدا نه‌کردووه‌، ده‌ی ئه‌گه‌ر داعش له‌ خزمه‌تی ئیسرائیل و ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریکادا نییه‌، بۆ وه‌ها کارێک ناکات؟ ڕۆژاوا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و وه‌دیهێنانی ئامانجی خۆی، بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، نه‌خشه‌ی په‌رتکردن و له‌تکردنی داناوه‌ و ده‌یان قه‌واره‌ی گچکه‌ی تێدا قوت ده‌کاته‌وه. سه‌ده‌ی پێشوو، وه‌ک کۆپێیه‌کی ئه‌زموونی خۆی، ڕۆژاوا، بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا بڵاو کرده‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی عوسمانیی ڕووخاند و ‌"ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه"‌ یا "نه‌ته‌وه‌ - ده‌وڵه‌ت"گه‌لێکی بۆ دژایه‌تی و لاوازکردنی ئیسلام دروستکرد و جه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی به‌رپا کرد و  شۆڤینیزمی په‌ره‌پێدا و ئێستاش بێجگه‌ له‌ جه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی، جه‌نگی ئایینی و ئایینزاییشی بۆ زیاد کرد.  داعش و مانه‌ندانی وان، بۆ ئه‌وه‌ دروست کراون، وه‌ک گورگی هار به‌ردرێنه‌ وێزه‌ی جیهانی ئیسلامی و وێنه‌یه‌کی دزێو و قێزه‌ونی ئیسلام به‌ جیهان، ته‌واوی جیهان، بگه‌یه‌ندرێ، که‌ ئه‌مه‌یه‌ ئیسلام و که‌ ئیسلام و جڤاکه‌ ئیسلامییه‌کان هه‌ر ئه‌مه به‌رهه‌مدێنن و له‌مه‌ باشتریان نییه‌ و به‌ گه‌وره‌کردنه‌وه‌شیان و پێشاندانیان وه‌ک خه‌ڵکانێکی سه‌ره‌ڕۆ و جه‌نگگێڕ، هانی لاوانی بێکار و به‌نگکێش و سه‌ربه‌گۆبه‌ن و چه‌قۆکێشی موسوڵمانی ئه‌وروپا بده‌ن بۆوه‌ی بچنه‌ نێویانه‌وه‌ و ئه‌وروپا و ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریکایان لێ پاک ببێته‌وه‌ و هه‌رچی زۆرتره‌ خه‌ڵکی وڵاتانی موسوڵمان بکوژرێن. داعش و ئه‌و جۆره‌ گرۆیانه‌، زۆرجاران، ده‌بنه‌ جێسه‌رنجی خه‌ڵکانیکی ته‌نانه‌ت ناموسوڵمانی رۆژاواییش، لێ چ جۆره‌ خه‌ڵکیک، ئه‌وانه‌ی وێڵی سه‌ره‌ڕۆیین و ئاره‌زووی مرۆڤکوشتن و خوێنڕشتنن و حه‌زیان له‌ لاساییکردنه‌وه‌ی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانی وه‌ک: ڕامبۆ و ئه‌و جۆرانه‌یه و تینووی تاقیکردنه‌وه‌ی چه‌ک و به‌کارهێنانین و له‌ وڵاتانی خۆیشیان، له‌گه‌ڵ جڤاک و خێزان و کارگێڕییه‌کانی خۆیاندا، کێشه‌یان هه‌یه‌. ڕۆژاوا، به‌وه‌ی ئه‌وانه‌یشی له‌کۆڵ‌ بێته‌وه‌، گه‌لێک که‌یفسازه‌. له‌ ئاخاوتنێکیدا، له‌ سه‌ره‌تای مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2014دا، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ کۆبانێ، بۆ گردبوونه‌وه‌یه‌ک، که‌ له‌ گه‌ڕه‌کی شیستا(Kista)ی باژێڕی ستۆکهۆڵم،  له‌لایه‌ن یه‌په‌گه‌(YPG)وه‌ ڕێکخرابوو، یوواکیم مه‌دین(Joakim Medin)، که‌ ڕۆژنامه‌وانێکی سوێدییه‌ و له‌گه‌ڵ پرسی کورددا سه‌روسه‌ودایه‌کی هه‌یه‌ و شاره‌زایه‌، گێڕایه‌وه‌، که‌ کاتێک له‌سه‌ر سنووری نێوان تورکیا و سووریا بووه‌، لاوێکی قژزه‌رد و چاوشین و به‌ نه‌ژاد و زمان ئه‌ڵمانی، که‌ داوای ناسنامه‌ لێکراوه‌ و پرسیاری هۆی هاتنی بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ لێکراوه‌، گوتوویه‌تی، هاتووه‌ بۆوه‌ی بجێته‌ نێو ڕیزه‌کانی داعشه‌وه، که‌ لێیانپرسیوه‌ بۆ، گوتوویه‌تی حه‌ز ده‌که‌م به‌ده‌ستی خۆم مرۆڤ بکوژم و خوێن بڕێژم! ئه‌و جه‌نگی ته‌نێ له‌ فیلمدا دیوه‌ و ویستوویه‌تی به‌ کرده‌وه‌ش بیبینێ. وه‌ها مرۆڤگه‌لێک، موسوڵمان بن یا هه‌ر ئایینێکی دیکه‌یان هه‌بێت یا بێئایین و خودانه‌ناسیش بن، جگه‌ له‌ نه‌خۆش و عه‌قڵقونته‌ و ده‌رده‌دارێک زیاتر هیچی دیکه‌ نین. کوژرانی داعشێک و کوژرانی به‌رانبه‌ره‌که‌یشی،که‌ داعش جه‌نگ له‌ دژی ده‌کات، که‌مبوونه‌وه‌ی مرۆڤێکی موسوڵمانه‌، ئیدی هه‌رجۆره‌ موسوڵمانێک بێت، به‌ قازانجی ڕۆژاوایه‌. ڕۆژاوا، ئه‌و جه‌نگه‌ی بێجگه‌ له‌ کوژرانی مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌یه‌، کاولکاریی له‌و وڵاتانه‌ ڕووبدات و وێران بکرێن، تا دواتر ڕۆژاوا دروستیان کاته‌وه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی نه‌وت و سرشت و سامانه‌کانیاندا بگرێ و هه‌موو ئامانجه‌ ئیمپریالیستییه‌کانی خۆی وه‌دیبهێنێ. بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ و جێبه‌جێکردنی نه‌خشه‌کانی خۆی، ڕۆژاوا، له‌نێو جڤاک و وڵاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامییدا، به‌ کوردیشه‌وه‌، نه‌ک هه‌ر داعش، هه‌زاران شا و سه‌رۆک و ڕێبه‌ر و سه‌ردار و به‌رپرس و بیرمه‌ند و ئیدیۆلۆگی هه‌ن، کاریان ئارایشکردن و جوانکردن و پاساوهێنانه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌موو کارێکی ڕۆژاوا و پێداهه‌ڵدان و په‌سندان و سه‌رسووڕمانه‌ به‌ هه‌موو شتێکی ڕۆژاوا و دزێواندنی هه‌موو شتێکی ڕۆژهه‌ڵات و جڤاکه‌کانی خۆیان‌. جڤاکگه‌لی ئیسلامیی، به‌ کوردیشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بێ ده‌ستتێوه‌ردانی ڕۆژاوا، له‌ خۆیانه‌وه‌  ده‌ست پێ نه‌که‌ن و گۆڕانێکی ڕیشه‌یی و قووڵ له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، له‌سه‌ر بنه‌ما و بنگه‌ی دادوه‌ری و ئازادی مرۆڤ و یه‌کسانی، له‌ خوارێڕا بۆ سه‌رێ ئه‌نجام نه‌ده‌ن، هه‌رگیز له ئافه‌تی داعش و داعش ئاساکانی دیکه‌، ڕزگاریان نابێت. ئه‌مڕۆ"تارماییه‌ک له‌نێو جیهانی ئیسلامیدا ده‌گه‌ڕێ، تارمایی سه‌له‌فییه‌ته‌"[19] و به‌ دنه‌دانی ڕۆژاوا و ده‌ستتێوه‌ردانیان، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ په‌ره‌ده‌ستێنێ و گه‌شه‌ ده‌کات. ئیسلام، چاک بێ یا خراپ، تۆ و من چۆنی ده‌بینین و ڕۆژاوا چۆنی ده‌بینێ، ئایینی یه‌ک ملیاردونیو مرۆڤه‌ و دیدێکه‌ بۆ ژیان و فه‌رهه‌نگێکه‌ 1400 ساڵێکه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی جێی داخه‌، ئه‌مڕۆ و سه‌دان ساڵه‌ فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت و زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانی ژیان، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامییدا، ڕێڕۆیه‌کی چه‌وتیان گرتووه‌ته‌به‌ر و کاوێژ ده‌کرێنه‌وه‌، وه‌ها ڕه‌وشێک، هه‌موو گۆڕانکاریی، پێشڤه‌چوون، داهێنان، بیرکردنه‌وه‌ و ئازادییه‌ک، ده‌کوژێ. تا ئه‌و تارماییه تونداژۆ و ئوسوولی و سه‌له‌فییه‌‌، به‌سه‌ر سه‌ری ئه‌و خه‌ڵک و جڤاکانه‌وه‌ بسووڕێته‌وه، تا کاوێژکاریی له‌ ئارادا هه‌بێت، حاڵی ئه‌و جڤاکانه‌، له‌وه‌ی ئێستایان خاستر نابێت و هه‌میشه‌ش گه‌ره‌که‌ چاوه‌ڕوانی داعش و بێچووه‌داعش و نه‌وه‌ی نوێی ئافات و ده‌ردی دیکه‌ بن.‌

20 – 03 - 2015



 مه‌به‌ستی له‌ 14 ساڵی دوای ڕووداوه‌که‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001ی نیویۆرکی ئه‌مه‌ریکایه‌.[3]
 له‌ دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران و دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ له‌ ئێران.[4]
[5] که‌ شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ ساڵی 1979دا ڕێژیمی شای له‌ مانگی فێبروه‌ریدا ڕووخاند، جیمی کارته‌ر(Jimmy Carter) ئه‌و‌ده‌م سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا بوو. له‌ ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا، ڕه‌وتێکی گه‌لێک توندی دژ به‌ ئه‌مه‌ریکا و رۆژاوا هاته‌ گۆڕێ. کۆمه‌ڵێک خوێندکار به‌ ناوی"خوێندکارانی موسوڵمانی پێڕۆیانی هێڵی ئیمام(دانشجویان مسلمان پیرو خط امام)"، له‌نێوان (4ی نۆڤه‌مبه‌ری 1979 – 20ی جه‌نیوه‌ری 1981) و بۆ ماوه‌ی 444 ڕۆژ، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکایان له‌ شاری تاران داگیرکرد و 52 دیپلۆمات و کارمه‌ند و هاووه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکایان وه‌ک بارمته‌ گرت. کارته‌ر، ئه‌و بارمتانه‌ی وه‌ک قوربانیی تیرۆریزم و ئه‌نارکی و پاشاگه‌ردانی ناودێر کرد وسیاسه‌تێکی توندی به‌رانبه‌ر ئێران نواند. کارته‌ر فه‌رمانی کرده‌یه‌کی سه‌ربازیی دژی ئێران ده‌رکرد و کرده‌که‌ ناوی"کرده‌ی "چڕنووکی هه‌ڵۆ، به‌ ئینگلیزی"Operation Eagle Claw"ی لێ نرا و له‌ 24 و 25ی ئه‌پریلی 1980دا، چه‌ند فڕۆکه‌یه‌کی جه‌نگیی ئه‌مه‌ریکایی بۆ ڕزگارکردنی بارمته‌کان په‌لاماری ئێرانیان دا، به‌ڵام فڕۆکه‌کان تێکشکان و چه‌ند که‌سێکێش له‌ هێرشبه‌ر و ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریکا کوژران و کرده‌که‌ شکستی هێنا.  دوای ئه‌وه‌ی شای وه‌ده‌رنراوی ئێران، ئه‌مه‌ریکای له‌ سێپته‌مبه‌ری 1979دا جێهێشت و ڕووی کرده‌ مسر و له‌ 27 جوڵای 1980دا مرد و له‌ سێپته‌مبه‌ری 1980شدا جه‌نگی عیراق – ئێران به‌رپا بوو، ئه‌م بوویه‌رانه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی، ئێران حه‌ز به‌ گوتوبێژ بکات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا. به‌هۆی میانگریی ئه‌لجه‌زائیره‌وه،‌ گوتوبێژ که‌وته‌ نێوانیانه‌وه‌. کارته‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیدا دژ به‌ ڕۆناڵد ڕیگن(Ronald Reagan) دۆڕا و هه‌ر دوای چه‌ند خوله‌کێک له‌ سوێندخواردنی ڕیگن وه‌ک سه‌رۆکی نوێی ئه‌مه‌ریکا، له‌ 20ی جه‌نیوه‌ری 1981دا، ئێران بارمته‌کانی ئازاد کرد و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌ریکا. 
 ڕووداوه‌که‌ی شارلی ئیبدۆ له‌ پاریس له‌ 7ی جه‌نیوه‌ریی 2015دا، که‌ کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامه‌وانی تێدا کوژران.[6]
[7] ئه‌لیکسانده‌ر یاکۆڤلێڤ(Alexander Yakovlev) ،2005 مردووه‌، سیاسه‌تکارێکی ڕووسی بوو، له‌ ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی پێشوودا، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و ڕێبه‌ریه‌تیی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیێت بوو و به‌رپرسی ئیدیۆلۆگیی ئه‌و حیزبه‌ بوو. به‌ باوک و داهێنه‌ری گڵاسنۆست و پێرێسترۆیکا داده‌نرێ.
[8] گڵاسنۆست(Glasnost) و پێرێسترۆیکا(Perestrojka)،‌ که‌ به‌ واتای: کرانه‌وه‌ و ڕێکخستنه‌وه‌ و بیرازی ئابوورییه‌، به‌رنامه‌یه‌کی ‌چاکسازیی بوو، میکائیل گه‌رباچۆڤ(Michail Gorbatjov)ی سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت و حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیێت، له‌ ساڵی 1985دا جاڕی دا و بوو به‌ هۆی داڕووخان و له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و داته‌پینی سۆڤیێت و ته‌واوی وڵاتانی سۆسیالیست و هاوپه‌یمانی وارشۆ و به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات.  
 آل ثاني.    [9]
 شا عه‌بدوڵڵای کوڕی عه‌بدولعه‌زیز(الملك عبدالله‌ بن عبدالعزیز).[10]
 عه‌بدولفه‌تتاح ئه‌لسیسی(عبدالفتاح السیسي).[11]
 الإخوان المسلمون. [12]
 موحه‌ممه‌د مورسی(محمد مرسي).[13]
[14] ئه‌حمه‌د ئه‌بو تالیب(أحمد أبو طالب)، سیاسییه‌کی هۆڵاندییه‌، له‌ بنه‌چه‌دا مه‌غریبی و موسوڵمانه‌، سه‌ر به‌ پارتی کاری هۆڵاندییه‌، له‌ ساڵی 2009وه‌ شاره‌داری باژێڕی ڕۆتردامه‌ له‌ هۆڵاند و ساڵانی 2007 و 2008یش جێگری وه‌زیری کۆمه‌ڵایه‌تی و کار بوو.
 النبواني، خلدون، في بعض مفارقات الحداثة وما بعدها، دارالمدی، الطبعة الأولێ، بیروت 2011، ص193.[19]

Monday, February 23, 2015

له ‌ده‌لاقه‌ی شارلی ئیبدۆوه، تێڕوانینێک بۆ ئیسلام، ئه‌وروپا و مه‌سیحایه‌تی



له ‌ده‌لاقه‌ی شارلی ئیبدۆوه، تێڕوانینێک بۆ ئیسلام، ئه‌وروپا و مه‌سیحایه‌تی
 ‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
- یه‌ک -
ئه‌گه‌ر به‌ ویژدانه‌وه‌ بنۆڕینه‌ فرانسا و مێژووی ئه‌م چه‌ند سه‌د ساڵه‌ی دواییه‌ی پاش شۆڕشی 14ی ته‌ممووزی 1789ی له‌به‌رچاو بگرین و دروشمه‌کانی:"ئازادی، برایه‌تی و یه‌کسانی" شۆڕشه‌که‌، که‌ به‌ سرووشوه‌رگرتن له‌ هزری فیلۆسۆفانی وه‌ک: ڕۆسۆ و ڤۆڵتێره‌وه‌، سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت، بۆ دامه‌زراندنی وڵات و نه‌ته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵات و جڤاکێک، له‌سه‌ر بنه‌ما و بنگه‌ی هۆش و ئاوه‌ز و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێشک، له‌ هه‌موو کارێکدا و چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل، ئه‌گه‌ر ناوی فیلۆسۆف و بیرمه‌ند و ڕووناکبیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و شاعیر و مێژوونوس و زمانناس و شۆڕشگێڕ و سه‌دان گه‌وره‌مرۆڤی دیکه‌ی ئه‌و وڵات و گه‌له‌مان وه‌بیر بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر کۆموونه‌ی پاریسی 1871، که‌ هێزی کارگه‌ر و کارگه‌رانی شۆڕشگێڕ له‌ شاره‌داری پاریسدا ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی پرۆلیتاریایان دامه‌زراند و ڕاپه‌ڕینی خوێندکاران و چه‌پڕۆیان و لاوانی شۆڕشگێڕی ئایاری 1968ی پاریسمان له‌یاد مابێت، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، که‌ فرانسا، کوانووی ڕۆشنگه‌ری بووه‌ له‌ ئه‌وروپادا و هه‌میشه‌ چرایه‌ک بووه‌  ڕێڕۆی خه‌ڵکی ئازادیخوازی ڕوون کردووه‌ته‌وه‌ و مه‌ڵۆیه‌کی وه‌سه‌ر خه‌رمانی فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تی خستووه‌. شارلی ئیبدۆ، کۆڤارێکی کاریکاتێری پاریسییه‌، که‌ به‌ وێنه‌ی کاریکاتێری و نووسینی ته‌نز وگاڵته‌جاڕیی، ئایین و ئایینزا و سیاسه‌تکار و خه‌ڵکانی پایه‌باڵای جڤاک، به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌ و ده‌یانداته‌‌ به‌ر‌ ڕێژنه‌ی ڕه‌خنه‌ و لاقرتێ و پلار. شارلی ئیبدۆ و هه‌زاران ڕۆژنامه‌، کۆڤار، بڵاوکراوه‌، ڕادیۆ، ته‌لیڤزیۆن و هه‌موو جۆره‌ ده‌سگه‌ و ئامراز و جۆره‌کانی میدیا، له‌ فرانسا و ته‌واوی ئه‌وروپا، به‌رهه‌می خه‌باتێکی سه‌خت و بێپسانه‌وه‌ی سه‌دان ساڵه‌ی خه‌ڵکی ئه‌وروپان، بۆ دروستکردنی جڤاکێکی ئازاد و خۆشگوزه‌ران. ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا، پێش هه‌ر ئازادییه‌کی دیکه‌ دێت و ده‌رگا ده‌کاته‌وه‌ بۆ هه‌موو جۆره‌ ئازادییه‌کانی دیکه‌، که‌ مرۆڤ به‌ دوویاندا وێڵه‌. زۆر له‌مێژه‌ گوتراوه‌:"مرۆڤ ته‌نێ به‌ نان ناژی.."، ده‌گوترێ، ئه‌وه‌ گوته‌ی په‌یامبه‌ر عیسایه‌ و گۆڕدراوه‌ و له‌ بنه‌مادا به‌مجۆره‌ بووه‌:"مرۆڤ، ته‌نێ به‌ نان ناژی، به‌ڵکه‌ به‌ هه‌موو وشه‌یه‌ک له‌ خوداوه‌". گوته‌که‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی عیسا بێت یا وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ گۆڕدراوه‌، شتێک به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، که‌ مرۆڤ بێجگه‌ له‌ نان پێویستی به‌ شتی تریشه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بژی و درێژه‌ به‌ ژیان بدات. ئه‌گه‌ر ته‌نێ پێویستییه‌ له‌شه‌کییه‌کان بۆ به‌رده‌وامیی ژیانی مرۆڤ له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وا ڕه‌نگه‌، ته‌نێ ئه‌وانه‌ی بۆ ژیانی ئاژه‌ڵێک پێویستن، واته‌: هه‌وا و نان و ئاو و سێکس، بۆ مرۆڤیش به‌س بن. ئه‌مه‌ بۆ کاتێک دروسته‌، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیر و هۆشی نه‌بووایه‌ و له‌ قۆناخی مه‌یموونایه‌تیدا مابایه‌وه‌ و هیچ گۆڕانێکی به‌سه‌ردا نه‌هاتبایه‌. لێ مرۆڤ، خاوه‌نی هۆشه‌ و ده‌هزرێ و له‌ ده‌وروبه‌ر ورد ده‌بێته‌وه‌ و به‌رده‌وام هه‌وڵی گۆڕینی خۆی و ده‌وروبه‌ریشی ده‌دات. تاکه‌ مه‌رجێک بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بهزرێ و بگۆڕێ و ژیانی گه‌شه‌ پێ بدات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات، ژیانه‌ به‌ ئازادی و له‌ ئازادیدا. تاکی ئازاد، جڤاکی ئازاد دروست ده‌کات و جڤاکی ئازادیش، تاکه‌کانی ئازاد ده‌بن. ڕه‌خنه‌ و ده‌ستنیشانکردنی هه‌ڵه‌ و وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕووی نادادیدا، جڤاک ده‌به‌نه‌ پێش و گۆڕین ساز ده‌که‌ن و ڕووبه‌ڕووی چه‌قبه‌ستن و هیشکبوونه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ و هه‌میشه‌ کۆمه‌ڵێکی بزێو، تاکێکی به‌رچاوڕوون و به‌مێشکی خۆ بیرکه‌ره‌وه‌، بۆ داهاتوویه‌کی گه‌شتر و ڕووناکتر ئاماده‌ ده‌که‌ن، شاعیری ئه‌ڵمانی گۆته‌ ده‌ڵێ:"جیهان له‌ سایه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ ده‌گرن، بۆ پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات". که‌ ڕه‌خنه‌ نه‌بوو، جیهانی هزر و جیهانبینی، له‌ جێی خۆیاندا قه‌تیس ده‌مێنێن و هێچ ئارێشه‌کی پێوه‌نددار به‌ ژیانی مرۆڤه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێت و پێشکه‌وتن نایه‌ته‌ گۆڕێ. شارلی ئیبدۆ، به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌کی کاریکاتێریی په‌یامبه‌ری ئیسلام، کۆمه‌ڵێک‌ ڕۆژنامه‌وان و کارمه‌ندی کۆڤاره‌که‌ی له‌ده‌ست دا. به‌ ڕۆژی نێوه‌ڕۆ و له‌ ناوه‌ندی پاریسدا، ئه‌و چه‌ند‌ که‌سه‌ درانه‌ به‌ر گولله‌. بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌ کاریکاتێرییه‌، ئه‌لفوبێی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌ و ناتوانرێ بخرێته‌ هیچ خانه‌یه‌کی دیکه‌وه‌، لێ ڕه‌نگه‌ شارلی ئیبدۆ، وه‌ک زۆرێک له‌ میدیا و ده‌سگه‌ و بڵاوکراوه‌کانی ئه‌وروپا و ڕۆژاوادا، له‌ دابه‌شکردنی ڕه‌خنه‌ و گاڵته‌ و تیر و توانجدا، بێلایه‌ن نه‌بووبێت و دادوه‌رانه‌ کاری نه‌کردبێ و هێنده‌ی، له‌ دیدی نه‌ژادپه‌رستی و دزێواندنی ئیسلامه‌وه، ڕووی ده‌می له‌ ئیسلام و په‌یامبه‌ری ئیسلام و دژایه‌تی ئیسلام کردبێ‌، که‌متر خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئایینی دیکه‌ و پیرۆزییه‌کانی خه‌ڵکی دیکه‌ و ته‌نانه‌ت که‌سایه‌تی سیاسی دیکه، بۆ نموونه‌: جووله‌که‌، دابێت. ڕاسته‌، ئازادی هه‌موو مرۆڤێک له‌و جێیه‌دا ڕاده‌وه‌ستێ، که‌ ئازادی که‌سێکی دیکه‌ ده‌ستپێده‌کات، لێ ده‌بێ ئه‌وه‌ش ڕاست و دروست بێ، که‌ هیچ شتێک و هیچ که‌سێک، له‌م جیهان و گه‌ردوونه‌دا، هی ئه‌وه‌ نییه‌ مرۆڤ، له‌ به‌ر پیرۆزیی بێت یا له‌به‌ر ده‌سه‌ڵات یا هه‌ر هۆیه‌کی دیکه‌، له‌ ڕه‌خنه‌لێگرتنی بترسێ و نه‌توانێ به‌ جۆرێک، به‌ شێوازێک، باسی لێوه‌ بکات و ناوی بهێنێ! وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کاریکاتێر، ته‌نز، ڕه‌خنه‌ و وشه‌، به‌ فیشه‌ک، له‌ژێر هه‌ر ناو و ناوونیشانێکدا بێت، ڕێزه‌یه‌ک به‌ها، بۆ هیچ هزرێک، هیچ پیرۆزییه‌ک، چ ئایینی، چ سیاسی، چ فیلۆسۆفیی، که‌ بانگه‌شه‌ی ڕزگارکردنی مرۆڤ و جیهانگه‌ری بکات، ناهێڵێته‌وه‌.                                                              
- دوو -
 ئه‌گه‌ر له‌ گۆشه‌نیگایه‌کی دیکه‌وه‌ بنۆڕینه‌ مێژووی فرانسا، ئه‌و پاشخان و نۆره‌ هزری و فه‌رهه‌نگی و شۆڕشگێڕییه‌ی هه‌یه‌تی، ئه‌و په‌ڵه‌ ته‌ڵخ و دزێو و ناحه‌زه‌ی، داگیرکردنی ئه‌لجه‌زائیر و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌فریقیا و شوێنانی دیکه‌ی جیهان و سیاسه‌تی کۆڵۆنیالیزمی ئه‌و وڵاته‌، به‌ نێوچاوان و مێژووی فرانساوه‌، ناسڕێته‌وه‌ و له‌بیر ناباته‌وه‌‌. کۆڵۆنیالیزم، مێژوویه‌کی خوێناوییه‌، که‌ فرانسا ئێستاش لێی ده‌چۆڕێ. نووسه‌ری ئه‌لجه‌زائیری ئاسیا جه‌ببار، که‌ بۆ خۆی به‌ زمانی فرانسی ده‌ینووسی و ئه‌ندامی فه‌رهه‌نگستانی فرانسا(ئه‌کادیمیای فرانسی) بوو، نه‌ک ته‌نێ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی فرانسای پێ خوێناوی بوو، ئه‌و پێیوابوو، زمانه‌که‌یشی، ته‌نانه‌ت زمانی فرانسییش، خوێناوییه‌ و  به‌ خوێنی شه‌هیدانی جه‌نگی ڕزگاریی ئه‌لجه‌زائیر، سووره.‌ دیاره‌ زۆرێکی دیکه‌ش له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌ر به‌وجۆره‌ن. مێژووی کۆڵۆنیالیزم، مێژووی کوشتن و داگیرکردن و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ و ئایین وگه‌لانی ژێرده‌سته‌ و وڵاتانی داگیرکراو بووه‌. مێژووی تاڵانکردن و دزینی سامان و ئابووری ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ و وێرانکردن و تێکدانی ژینگه‌ و فه‌رهه‌نگ و بیرگه‌ و مێژوویان بووه‌ و مه‌سیحییاندنی خه‌ڵکه‌که‌ی بووه‌. فرانسا 130 ساڵ داگیرکه‌ری ئه‌لجه‌زائیر بووه‌. ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ که‌سه‌که‌ی شارلی ئیبدۆیان کوشت، دوو لاوی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌لجه‌زائیری بوون، ئه‌وان له‌دایکبووی فرانسا بوون و وه‌ک فرانسییه‌ک ژیابوون و به‌ فه‌رهه‌نگ و زمان و ڕه‌وشت و ڕه‌گه‌زنامه‌ و ئاکار و هه‌موو شتێکیان فرانسی و ئه‌وروپایی بوون. به‌ڵام چ فرانسییه‌ک و چ ئه‌وروپاییه‌ک! ئه‌وان و زۆرێک له‌و لاوه‌ بیانیانه‌ی به‌ بنه‌چه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بین، هه‌رچه‌نده‌ نه‌وه‌ی دووه‌م و سێیه‌من و ته‌نێ به‌ناو موسوڵمانن ئه‌ویش وه‌ک بنه‌چه‌، ده‌نا به‌ هیچ جۆرێک هیچ ئاکار و کرده‌یه‌کی ئیسلامییان نییه‌، ئه‌وانه‌ خه‌ڵکانێکن، زۆرجاران، له‌ فرانسا و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپایش، له‌ په‌راوێز و ده‌رێی جڤاکی ئه‌وروپایی ده‌ژین و به‌ هۆی ڕه‌نگی پێست و ڕه‌نگی پرچ و پۆشاک و ناو و پاشناو و ئایینه‌وه‌، گه‌لێ جار، له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکی توندڕۆ و نه‌ژادپه‌رستی کۆمه‌ڵی ئه‌وروپایی و نه‌ژادی سپێپێستانه‌وه،‌ که‌نار ده‌خرێن و تووشی هه‌ڵاواردن و بێران ده‌بن و وه‌ک "ئه‌وی دی" و "ئه‌وانی دی"، ته‌ماشا ده‌کرێن و به‌و شێوازه‌ ناچار ده‌کرێن و ده‌ترنجێنرێنه‌ قوژبن و خانه‌یه‌که‌وه‌، که‌ خۆیانی به‌ ته‌نیا تێدا ده‌بیننه‌وه‌.  ئه‌و دیتنه‌ ده‌رگای ژیانی ئاساییان له‌سه‌ر کڵۆم ده‌کات و به‌رچاویان ڕه‌ش و تاریک ده‌کات و ده‌یانخاته‌ که‌ڵکه‌ڵه‌ی خۆ به‌جیاواززانین و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ر و ژینگه‌یه‌ک، که‌ تێیدان و گه‌ڕان به‌ شوێن خاڵی جیاواز له‌گه‌ڵ ئه‌وروپاییاندا و په‌ره‌پێدان به‌و بیروباوه‌ڕه‌ و نێزیکبوونه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکانێک، که‌ وه‌ک خۆیان سه‌ر به‌ هه‌مان پاشخانن، واته‌: بیانی، نائه‌وروپایی، موسوڵمان، عه‌ره‌ب، سه‌رڕه‌ش، ڕدێندرێژ، له‌چک و سه‌رپۆش له‌سه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌و جڤاکه‌ی تێیدا ده‌ژین. ئه‌و ڕه‌وشه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی تووشی ده‌یان ده‌ردی ڕه‌وانیی وه‌ک خه‌مۆکی و ڕه‌شبینی و بیرکردنه‌وه‌ له‌ خۆکوشتن و ڕقبوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو که‌س و هه‌موو شتێک و ئالووده‌بوون و به‌دمه‌ستییان ده‌کات، زۆرجاران پاڵیشیان پێوه‌ده‌نێ بۆ که‌وتنه‌ناو و تێکه‌ڵبوون به‌ ده‌سته‌ و گرۆی تاوان و به‌نگکێشان و فرۆشتن و کاری قاچاخ و هه‌موو جۆره‌ چالاکییه‌کی نائاسایی و دواتریش لێپێچینه‌وه‌ و ڕاوه‌دوونان و زیندانیی. ئه‌و هه‌ڵاواردن و بێراندنه‌، جڤاکی ئه‌وروپایی ده‌یئافرێنێ و ده‌یهێنێته‌ پێش، چونکه‌ ئه‌وانن خانه‌خوێی بیانیانی موسوڵمان و موسوڵمانانیش تا ئه‌و کاته‌ له‌ ئه‌وروپا میوانن، تازه‌ هاتبنه‌ ئه‌وروپا و نه‌‌توانن خۆیان به‌خێو بکه‌ن و ئیدی، که‌ مافی مانه‌وه‌ و نیشته‌جێبوون و کاریان ده‌ستکه‌وت و که‌و‌تنه‌ سه‌ر پێی خۆیان و توانییان کار بکه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وروپاییاندا و وه‌ک قانوون و به‌گوێره‌ی قانوونی ئه‌وروپایی خۆی، هیچ جیاوازییه‌کیان نامێنێ، لێ ئه‌وه‌ پتر له‌سه‌ر کاغه‌زه‌ و به‌ ڕاستی به‌و جۆره‌ نییه‌. موسوڵمانێک، که‌ نه‌وه‌ی یه‌که‌م و دووه‌م و سێییه‌مه‌ له‌ ئه‌وروپایه‌، ته‌نیا له‌به‌ر جیاوازیی پۆشاک و خۆراک یا هاتوچۆی مزگه‌وت، به‌چاوی نامۆیه‌ک سه‌یر ده‌کرێ، سێ پشته‌ له‌ ئه‌وروپایه‌ و ڕه‌نگه‌ 5%ی ئیسلامه‌تی و عه‌ره‌بایه‌تی و ڕۆژهه‌ڵاتیه‌تی تێدا نه‌مابێ، لێ هێشتا وه‌ک بیانییه‌ک ته‌ماشا ده‌کرێ، له‌ کاتێکدا ئه‌ویش له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ ئه‌وروپاییه‌! سیاسه‌تی پشتگوێخستن و هه‌ڵاواردن و که‌نارخستن و سه‌یرکردنی موسوڵمانان وه‌ک جیاواز و قورسایی و کێماسی، نیشانه‌ی شکستی سیاسه‌تی جڤاک و ده‌وڵه‌تگه‌لی ئه‌وروپان، له‌ پێڕۆکردنی دادوه‌ری و یه‌کسانیدا، بۆ تێکه‌ڵکردن و گونجاندنی په‌نابه‌ران و بیانیانی وڵاتانی ئیسلامی، به‌ جڤاک و بازاڕی کار و بارهێنان و ژیانی ئه‌وروپا، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆکارێکی سه‌ره‌کی و به‌هێزه‌ بۆ پاڵپێوه‌نانی لاوانی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی جڤاکه‌ موسوڵمانه‌کان، بۆ ئامێزی بیر و گرۆی توندڕۆ و تێرۆریستی. ئه‌و لاوانه‌ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پشتوپه‌نا و هه‌ستکردن به‌ بوونی خۆیان و دۆزینه‌وه‌ی که‌سیه‌تی بزربووی خۆیان و هه‌ستکردن به‌ به‌هێزیی، له‌نێو ئه‌و جۆره‌ ده‌سته‌ و خه‌ڵکانه‌دا، په‌ناگه‌ و داڵده‌یه‌ک په‌یدا ده‌که‌ن و له‌ لایه‌ن ئه‌و گرۆیانه‌شه‌وه‌ قۆستنه‌وه‌یان وه‌ک نێچیرێکی گه‌لێک بێده‌سه‌ڵات و لاواز و پاروویه‌کی چه‌ور، کارێکی گه‌لێک ئاسان ده‌بێت و که‌ ڕه‌گه‌ڵ وانیش که‌وتن ئیدی مێشکیان ده‌شۆردرێته‌وه‌ و پڕ ده‌کرێن له‌ ڕق و توندڕۆیی و بێ سڵه‌مێنه‌وه‌ له‌ هیچ شتێک و سه‌ره‌ڕۆیانه‌، چونکه‌ ئه‌وان هیچیان نییه‌ بیدۆڕێنن، ئاماده‌ی کردنی هه‌موو جۆره‌ کارێکی نامرۆڤانه‌ و قڕێژ ده‌بن. به‌ تێکه‌ڵبوونیان به‌و ده‌سته‌ و گرۆیانه‌ و دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له‌ ئه‌وروپا و به‌ره‌به‌ره‌ گرتن و کوشتن و له‌نێوچوونیان چ له‌ ئه‌وروپا یا له‌ ده‌رێی ئه‌وروپا، ئیدی ئه‌وروپا و ئه‌وروپایان، زۆرێک له‌و خه‌ڵکه‌ "بێکار و که‌نارخراو و ئالووده‌ و دز و سه‌ربه‌گۆبه‌ن و مایه‌ی سه‌رئێشه‌"انه‌یان، به‌ دید و پێناسه‌ و گوته‌ی ئه‌وروپاییان خۆیان، له‌کۆڵ ده‌بێته‌وه‌. دیاره‌ هه‌مان هه‌ڵوێست و ڕق و مێشکشۆراوه‌یی و ئاماده‌یی خراپه‌کاریی له‌ لایه‌که‌ی دیکه‌شه‌وه‌، له‌کن ئه‌و‌روپاییه‌ نازیزیست و فاشیست و نه‌ژادپه‌رسته‌کان وه‌دی ده‌کرێ و به‌ هه‌مان توندڕۆیی و تیژییه‌وه‌، په‌لاماری موسوڵمانه‌کان ده‌ده‌ن. توندڕۆیی هیچ ناسنامه‌یه‌کی نییه‌ و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی له‌نێو خه‌ڵک و مرۆڤ و جڤاکی جیاوازدا هه‌یه‌. ئه‌و دیده‌ ئه‌وروپاییه، جیاوازدیتنی موسوڵمانان،‌ له‌ ده‌سپێک و بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وروپاییان به‌ گشتی، ئیسلام و موسوڵمان، وه‌ک له‌شێکی نامۆ به‌ ئه‌وروپا ده‌بینن. ئه‌وان، ئه‌وروپایان پێ خاک و مه‌یدان و ژینگه‌ و ماڵێکه‌، بۆ مه‌سیحییان. ئیسلام تێیدا زۆڵه‌که‌ و مرۆری نێو گه‌نم و داڕوجانی نێو برنجه‌‌ و نابێ هه‌بێ. له‌کن ئه‌وروپاییان ئیسلام له‌ ئه‌وروپا لایده‌ و میوانه‌ و خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ئه‌و خاکه‌ نییه‌. مه‌سیحی له‌ ڕۆژهه‌ڵات، له‌ دیدی هه‌موو مه‌سیحییه‌که‌وه‌ و له‌ دیدی ڕۆژاوا و سیستمی سه‌رمایه‌داری و گه‌ردوونگه‌رایی نوێوه‌، خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی خاکه‌که‌یه‌، له‌ مسر، سوودان، سووریا، عیراق، لبنان، کوردستان، تورکیا، ئێران و ته‌نانه‌ت له‌ پاکستان و به‌نگلادیش و هیندوستان و چین و کۆمه‌ڵێک وڵاتی ئه‌فریقیا و شوێنانی دیکه‌ش، هه‌رچه‌نده‌ زۆریان له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ چێندراون و به‌ هۆی مژده‌ده‌رانی ئه‌وروپاییه‌وه‌‌ به‌رهه‌مهێنراون، ئێستا سه‌ردار و فه‌رمانڕه‌وا و خاوه‌نماڵن. ته‌واوی ئه‌و ڕه‌وشه‌، ئه‌وروپا و تێڕوانینی جڤاکی ئه‌وروپایی، کابرای موسوڵمان، بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆی بزانێت، له‌ جڤاکه ئه‌وروپاییه‌که،‌ دوورده‌خاته‌وه‌ و به‌ لاڕێدا ده‌یبا و جڤاکه‌ ئه‌وروپاییه‌که‌ بۆ خۆی، پاڵ به‌و بیانییه‌وه‌ ده‌نێ، بۆ که‌وتنه‌ نێو قۆرتی "ئه‌وی دی" یه‌وه‌.                                       
- سێ -
هیچ که‌سێک، ئه‌گه‌ر ڕاستگۆ بێت و خۆ گێل نه‌کات، ناتوانێ نکۆڵی له‌وه‌ بکات و چاو له‌ ئاستی ئه‌وه‌ بنووقێنێت، که‌ هه‌ردوو ئایینی مه‌سیحی و جووله‌که‌، دوو دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئایینی ئیسلامن. دیاره‌ ئایینی ئیسلامیش ئه‌گه‌ر به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ دوژمنی ئه‌و دوو ئایینه‌ نه‌بێت، هه‌رگیز خۆشی لێیان نایه‌ت. عیساییه‌کان، به‌تایبه‌ت ئه‌وروپاییه‌کانیان، مه‌گه‌ر به‌ ده‌گمه‌ن ئه‌وانه‌یان لێ ده‌رچێت، که‌ سه‌روسه‌ودایه‌کیان له‌گه‌ڵ هه‌نده‌ک بیروباوه‌ڕی ته‌سه‌ووف و لایه‌نی گیانه‌کیدا هه‌یه‌، ده‌نا به‌ گشتیی، ئایینی ئیسلام به‌ ئایین نازانن و په‌یامبه‌ری ئیسلامیش، به‌ مرۆڤێکی شمشێربه‌ده‌ست و خوێنڕێژ و مێباز ده‌زانن. ئه‌وان ئیسلام وه‌ک‌ ئایینی مرۆڤکوژیی، چه‌وساندنه‌وه‌ و داپڵۆسینی ژن و فره‌ژنیی، داگیرکردن و خوێنڕشتن و ئازادیتاسێن، ده‌بینن. ئه‌وان، ته‌ماشای موسوڵمان و عه‌ره‌ب، که‌ لانکه‌ی ئایینه‌که‌ن، وه‌ک دڕنده‌ و هۆڤ و خه‌ڵکێکی له‌ ژیاری به‌جێماو و ده‌نگزل و تێڕه‌ و ناجۆر و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و دزێو ده‌که‌ن. جووله‌که‌ش له‌و ڕووه‌وه‌ له‌ عیساییان نه‌رمتر نین. بنجوبناوانی ڕقی عیساییانی ئه‌وروپا له‌ ئیسلام، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جه‌نگه‌کانی خاچهه‌ڵگرانیان دژ به‌ ئیسلام و بۆ داگیرکردنی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، که‌ ئێستا، ‌جڤاک و وڵاتگه‌ل و ژینگه‌ و خاکێکی عیسایین و ئه‌مڕۆ به‌ هۆی هۆکارگه‌لێکی بۆماوه‌یی مێژوویی وه‌ک: به‌رۆگری ڕۆمانییان و خاچهه‌ڵگرانی فه‌له‌ و خۆ به‌ خاوه‌نی ئایینی مه‌سیحی زان و کۆڵۆنیالیزم، ئایینه‌که‌یان تێکه‌ڵ به‌ نه‌ژادپه‌رستی نه‌ژادی سپی و ده‌سه‌ڵاتی سپیپێستان کردووه‌.‌ مه‌سیحییه‌ت، ئه‌مڕۆ تێکه‌ڵه‌یه‌که‌ له‌ ئینجیل و نه‌ژادی سپی و ده‌سه‌ڵات و هێز و ده‌وڵه‌مه‌ندی و سه‌رمایه. مه‌سیحییه‌تی ئه‌وروپایی، ئه‌و مه‌سیحییه‌ته‌ نییه‌، که‌ عیسایه‌کی جووله‌که‌ی فلستینی خۆرهه‌ڵاتیی سه‌ر به‌ نه‌ژادی سامیی ئه‌سمه‌ر و خوێنگه‌رم و پرچڕه‌ش، بۆ مرۆڤی هێنا و په‌یامه‌که‌ی ڕاگه‌یاند، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاته، ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤی سپی‌ و هه‌موو ئه‌و چه‌مک و توخم و تیۆری و هزرانه‌یه‌، که‌ پێوه‌نددارن به‌ ده‌سه‌ڵات و نه‌ژادی سپی و سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌. ئه‌وروپاییان، له‌ کاتێکدا که‌ باس له‌ مافی مرۆڤ و ئازادی جموجووڵ و هه‌ڵبژاردنی شوێنی ژیان و مافی کار و هاریکاری و ده‌یان چه‌مکی جوانی دیکه‌ی ژیان ده‌که‌ن، ئه‌مڕۆ به‌ ئاشکرا، داوای ده‌رگاداخستن به‌ ڕووی بیانی و په‌نابه‌ر و لێقه‌وماوی موسوڵمان و وڵاتانی ئه‌وان ده‌که‌ن و داوای وه‌ده‌رنانی ئه‌وانه‌شیان ده‌که‌ن، که‌ چه‌ند نه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌ژین. ئایینی مه‌سیحی، که‌ عیسا دامه‌زرێنه‌رێتی، سه‌ره‌تا ته‌نێ په‌یامێک بوو بۆ مرۆڤ، بۆ خوداناسی و خۆشویستنی ئه‌وی دی و ڕاستگۆیی و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ، ئه‌مه‌ له‌ سه‌رده‌می عیسادا، لێ له‌و ده‌مه‌وه‌، که‌ "کۆنستانتین"ی ئیمپراتۆری ڕۆمانییه‌کان‌، بۆ خۆی بوو به‌ مه‌سیحی و له‌ ساڵی 313ی زاییندا "فه‌رمانی میلانۆ"ی ده‌رکرد و ئایینی مه‌سیحی ئازاد کرد، ئیدی ئایینی مه‌سیحی تێکه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت کرا و بوو به‌ ئایینی  ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌ت له‌ ئه‌وروپا له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی مه‌سیحی دامه‌زرا و ئیدی مه‌سیحییه‌ت بوو به‌ ده‌سه‌ڵات. ده‌سه‌ڵاتی ئایینی مه‌سیحی به‌سه‌ر ئه‌وروپادا، تا سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی هه‌زاره‌ی پێشوو هه‌بوو و هه‌ر ئه‌وروپاییان بوون، ته‌واوی ئه‌مه‌ریکای خواروو، ئه‌فریقیا، ئه‌وسترالیا و وڵاتانێکی ئاسیایان، کرده‌ مه‌سیحی و مه‌سیحییه‌تیان به‌سه‌ریاندا به‌ تۆبزیی سه‌پاند. ئێستا، ئایین، ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ نابات و له‌ ده‌سه‌ڵات جودا کراوه‌ته‌وه‌، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا هه‌ژموونی مه‌سیحییه‌ت و بیر و فیلۆسۆفی و فه‌رهه‌نگی مه‌سیحییه‌ت و جیهانبینی مه‌سیحییه‌ت، به‌سه‌ر زۆرێک له‌ ئه‌وروپاییاندا، نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکه‌که‌ی، به‌ڵکه‌ به‌سه‌ر قانوون و فه‌رهه‌نگ و ده‌سگه‌ و کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراوه‌کانیانیشدا زاڵه‌. پێکهاته‌ و بنه‌ما هزرییه‌کانی ئه‌وروپا، له‌سه‌ر بنگه‌ی مه‌سیحییه‌ت، هه‌ڵچنراون‌. ئه‌و "ده‌ فه‌رمان"ه‌ی، که‌ ده‌ فه‌رمانن و له‌ شێوه‌ی "ده‌بێ" دا هاتوون، له‌سه‌ر هه‌موو جوو و عیساییه‌که‌، ده‌بێ پێڕۆی بکات، به‌ فه‌رمانی خودا ده‌زانرێن و له‌ ته‌وراتی جووله‌که و له‌ ئینجیلی مه‌سیحیدا هاتوون، تا ئه‌مڕۆیش بنگه‌ی هزر و په‌روه‌رده‌ و فه‌رهه‌نگی هه‌موو تاک و جڤاکێکی ئه‌وروپاییان پێکدێنن. ڕیشه‌ی ماکی بیر و جیهانبینی مرۆڤی ئه‌وروپایی، ئایینی مه‌سیحییه‌. ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ "به‌زه‌یی" و "مافی مرۆڤ" و "هاریکاری" و کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ی له‌و ده‌سته‌واژانه‌، که‌ له‌ فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی ئه‌وروپاییاندا زۆرن، به‌ ده‌گمه‌ن له‌ هه‌ستێکی مرۆڤانه‌ و وه‌ک ئه‌رک به‌رانبه‌ر لێقه‌وماو و له‌ ویژدانه‌وه‌، له‌ لایه‌ن ئه‌وروپاییانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێ و ده‌خوێنرێنه‌وه‌، به‌ڵکه‌ ته‌واوی ئه‌وانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی قانووندا ڕێکخراون و وه‌ک قانوون، نه‌ک وه‌ک هه‌ست و سۆز و به‌زه‌یی و گوناه و...لێیان ده‌نۆڕدرێن و به‌ گوێره‌ی قانوونیش له‌باره‌یانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت قسه‌ ده‌کرێن. ته‌واوی ئه‌و خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌رییه‌ی مرۆڤ و له‌شساغی و ژینگه‌پارێزی و به‌ها جوان و پیرۆزانه‌ی ئه‌وروپاییان باسی لێوه‌ ده‌که‌ن و بۆ خۆیانی به‌ ڕه‌وا ده‌بینن، بۆ وڵات و گه‌ل و خه‌ڵکی دیکه‌ی جیهانی به‌و جۆره‌ ڕه‌وا نابینن. له‌ ئه‌وروپاکه‌ی خۆیاندا، به‌زه‌ییان به‌ مێرووله‌، مشک، سه‌گ، دار، بنجک، مار، پاساری، گڵ. ئاو، ته‌پۆڵکه‌، جۆگه‌ڵه‌، په‌لکه‌گیا و شوێنه‌وار و هه‌موو شتێکی دیکه‌دا دێته‌وه‌، لێ له‌ ده‌رێی سنووره‌که‌ی خۆیان، شوێنه‌واری وڵاتانی دیکه‌ ده‌دزن و سه‌دان فیل ده‌کوژن بۆ ددانه‌کانیان و سه‌دان پڵنگ ده‌کوژن بۆ پێسته‌کانیان و خاک و گڵ ئاو قڕێژ و ژاراوی ده‌که‌ن و بۆ له‌به‌ینچوونی پشیله‌یه‌ک یا سه‌گێکی خۆیان، خه‌مبار ده‌بن و هه‌ستیان ده‌جووڵێ، لێ له‌ ده‌رێی خۆیان نه‌ک سه‌گ و پشیله‌، هه‌زاران مرۆڤیش ده‌که‌نه‌ قوربانی ته‌ماح و چاوچنۆکی و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و به‌زه‌ییان به‌ یه‌ک شتدا نایه‌ته‌وه‌. نموونه‌ش: ڤیێتنام، هیرۆشیما، کۆنگۆ، ئه‌لجه‌زائیر، ئه‌فغانستان، عیراق و ده‌یان خاک و وڵاتی دیکه‌ی جیهان. ئه‌وروپاییان، به‌ شێوه‌یه‌کی گشتیی، ئێستاش به‌ لۆگێکی بیری ڕۆژهه‌ڵاتناسیی و کۆڵۆنیالیزم ده‌نۆڕنه‌ خۆرهه‌ڵات، به‌ تایبه‌ت خۆرهه‌ڵاتی ئیسلامی. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ره‌و‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ که‌مه‌نکێشیان ده‌کات، سه‌رسامبوون نییه‌ به‌ ئیسلام و ژیاری ئیسلام و خۆشویستنی ئیسلام نییه‌ و به‌زه‌یی نییه‌ به‌ خه‌ڵکی موسوڵمان، به‌ڵکه‌ بۆنی نه‌فت و خێروبێری سرشت و خاکی وڵاتانی ئیسلامه‌، مه‌ستیان ده‌کات. ئه‌وان هه‌رگیز دژ به‌ پێڕۆیانی بوودا و کریشنا و هیندۆس و تاویزم و کۆنفۆشیۆسی و زه‌رده‌شتی و یارسانی و ئێزدی و مه‌ندائی و به‌هائی و سیخ و سرشتپه‌رستان و هیچ ئایینێکی دیکه‌ی له‌و جۆرانه‌‌ نین، لێ دژی ئایینی ئیسلامن. ئه‌و‌ان، ئه‌و ئایینانه‌یان پێ نه‌رمونیان و بێوه‌ی و سه‌لار و سه‌لامه‌تۆکه‌یه‌، لێ ئیسلام، چوون که‌ باس له‌ ده‌سه‌ڵات و ئابووری و قانوون و سیاسه‌ت ده‌کات، وه‌ک مه‌ترسی و خه‌ته‌ر و هه‌ڕه‌شه‌، ته‌ماشای ده‌که‌ن. پاش ئه‌وه‌ی هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی سۆسیالیستییان هه‌ژاند و داڕووخاند، ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و...ئه‌مڕۆ، ئیسلام دوژمنی سه‌ره‌کییانه‌ و ته‌واوی هه‌وڵیان بۆ له‌نێوبردنیه‌تی و ئه‌گه‌ر نا ده‌سته‌مۆکردنی و کردنی به‌ ئایینێکی له‌ قاڵبدراو و دوور له‌ هه‌موو گیانێکی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ و ئه‌وروپاییاندن و ئه‌مه‌ریکایاندیه‌تی. ‌‌هه‌رچه‌نده‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانێک که‌ خه‌ڵک و دانیشتووانیان زۆرینه‌ مه‌سیحین، ئێستا وڵاتگه‌لێکی سێکولارن، دنیاخوازن، دنیاویستن (دنیایین)،جیهانخوازن(جیهانین) واته‌: ئایین و ده‌وڵه‌ت له‌ یه‌کدی جوداکراونه‌وه‌ و کاروبار و قانوون و ژیان به‌گوێره‌ی؛"به‌شی قه‌یسه‌ر بۆ قه‌یسه‌ر و به‌شی خودایش بۆ خودا" ده‌ڕوات به‌ڕێوه و له‌بری پیرۆزیی و پیرۆزییپه‌رستن‌،  ئازادی بیرکردنه‌وه‌ و ڕاده‌ربڕین و باوه‌ڕ هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ بنه‌مای هزر و فیلۆسۆفیی ڕۆژاوا، له‌ سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و نوێبوونه‌وه‌ و ڕابوونه‌وه‌، که‌ به‌ ڕێنێسانس ناسراوه‌، له‌سه‌ر بناخه‌ و دیدی، نائایینی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئایین و "مردنی خودا"، که‌ نیچچه‌ جاڕی بۆ دا، بنیات نراوه‌، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مه‌سیحییه‌ت هێشتا نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاو و مه‌زن له‌ ده‌سه‌ڵات و نێوه‌نده‌کانی بڕیاردا ده‌بینێت، کڵێسه‌ و گوتاری ئایینی مه‌سیحی و دیدی مه‌سیحیانه‌، کاریگه‌رییه‌ک و نۆره‌یه‌کی گه‌لێ ئاشکرا و گرنگیان له‌ وڵاتگه‌لێکی وه‌ک ئه‌مه‌ریکا و حیزبی کۆماری و گه‌سانێکی وه‌ک جیمی کارته‌ر و جۆرج بووشی کوڕ و وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای خواروو و وڵاتانی بلۆکی سۆڤیێتی جاران و جاران سۆسیالیست(پۆڵۆنیا و بزاڤی سۆلیدارینۆشی لێخ ڤاڵیسسا و..) و زۆرێک له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا، که‌ حیزبه‌ مه‌سیحییه‌کان یا گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵات یا هاوبه‌شن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، دیتووه‌. ئایینی مه‌سیحی له‌ وڵاتگه‌لێکی وه‌ک: ئه‌رجه‌نتین، مۆناکۆ، یۆنان، ئه‌رمه‌نستان، قوبرس و گه‌لێکی دیکه‌، ئایینی ڕه‌سمیی وڵاته‌ و به‌شێکی گرنگی ده‌ستووری وڵاته‌. ئاڵای وڵاتگه‌لێکی وه‌ک، سوێد، نوروێژ، دانمارک، ئایسلاند، فینلاند، یۆنان، بریتانیا، زۆرێکی دیکه‌ی ئه‌وروپا، هه‌ریه‌که‌و خاچێک یا چه‌ند خاچێکی له‌سه‌ره‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌ستیرانه‌شی، که‌ له‌ ئاڵاگه‌لێک له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت ئاڵای یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپادا هه‌ن، هه‌ر هێمایه‌کی مه‌سیحیانه‌یه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ "ئه‌ستێره‌که‌ی بێتله‌حم"، که‌ به‌ گوێره‌ی ئینجیل و ئایینی مه‌سیحی، ئه‌ستێره‌یه‌که‌ له‌ شه‌وی له‌دایکبوونی عیسادا ده‌رکه‌وتووه‌. ئه‌وروپا سه‌رباری هه‌موو نائایینی و کراوه‌ییه‌کی، ده‌ستبه‌رداری به‌هاکانی مه‌سیحییه‌ت نابێت و وه‌ک هه‌وێن له‌ هه‌موو فه‌رهه‌نگ و جیهانبینییه‌کیاندا، ئاماده‌یی هه‌یه‌ و داواش له‌ موسوڵمانان ده‌کات، که‌ ئایینه‌که‌یان، بئه‌وروپاییێنن و ڕه‌نگ و بۆ و تامێکی ئه‌و‌روپاییان پێ ببه‌خشن و ورده‌ورده‌ش بێهێز و لاواز و سست و پووچه‌ڵی بکه‌نه‌وه‌، تا له‌ کۆتاییدا، ده‌ست بخه‌نه‌ ناقڕه‌ی و هه‌ناسه‌ی له‌به‌ر ببڕن. ئه‌وروپا، که‌ ئێستا وڵاتانی ئیسلامیی به‌ کارگه‌ی چێکردنی توندوتیژی و تێرۆر و مرۆڤکوشتن، ناو ده‌بات، بۆ خۆی دوو ترسناکترین بیری سیاسی و ده‌سه‌ڵات و جیهانبینی و ماشێنی مرۆڤکوژیی وه‌به‌رهه‌م هێناوه‌، ئه‌وانه‌ش: نازیزم و فاشیزمن، که‌ له‌ ئه‌ڵمانیا، ئیتالیا و ئیسپانیا، بووبوونه‌ ده‌سه‌ڵات. نازیزم، بێجگه‌ له‌ قڕانی جووله‌که‌ و قه‌ره‌ج و هاوڕه‌گه‌ز‌بازان و که‌مئه‌ندامان و...به‌رنامه‌ی داگیرکردنی هه‌موو جیهانی پێ بوو. فیلۆسۆفی و بیرێک، ئه‌وان ده‌یانه‌ویست به‌سه‌ر جیهانیدا بسه‌پێنن و جیهانێک ئه‌وان ده‌یانه‌ویست دروستی بکه‌ن، جیهانێک بوو، جێگه‌ی هیچ جۆره‌ جیاوازییه‌کی تێدا نه‌ده‌بووه‌وه‌ و هه‌موو شتێک له‌ دیدی ئه‌و بیره‌وه‌ ده‌بینرا و ژیان به‌گوێره‌ی وی ده‌بوو به‌ڕێوه‌ بڕوا. هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیی، که‌ بوونه‌ هۆی له‌به‌ینبردنی میلیۆنان مرۆڤ و کاولکردنی سه‌دان باژێڕ و وڵات، له‌ئه‌وروپاوه‌ گڕیان تێ به‌ردرا. جه‌نگه‌کانی ئه‌لجه‌زائیر و ڤیێتنام و که‌مبۆچیا و کۆنگۆ و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌مه‌ریکای خواروو، هه‌ر هه‌موویان، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا به‌رپابوون. چه‌ند ده‌یه‌یه‌ ئیسرائیلی داگیرکه‌ری فلستین، خه‌ڵکی عه‌ره‌بی فلستینی موسوڵمان ده‌کوژن و چه‌ند ساڵان سه‌رب و کرواته‌کانی که‌ونه‌یۆگوسلاڤیا، موسوڵمانانی بوزنه‌یان ده‌کوشت و چه‌ند ساڵه‌ بووداییه‌کانی بورما موسوڵمانه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌کوژن، بۆ تاقه‌ یه‌کجاریش، ئه‌مه‌ریکا یا وڵاتێکی ئه‌وروپایی سه‌رکۆنه‌ی ئیسرائیل و سه‌ربیا و کرواتیا و بورمایان، بۆ ئه‌و کارانه‌یان نه‌کردووه‌. ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا، مافی مرۆڤ و ئازادی ڕاده‌ربڕین، وه‌ک چه‌کێکی دووده‌م و دوولایی به‌کار ده‌هێنن. بۆ وڵاتگه‌لی دیکتاتۆر و داخراو و ناداد و دژه‌ئازادی دۆستی خۆیان و له‌بازنه‌ی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا خولاوه‌، هه‌رگیز باسێک له‌و جۆره‌ نایه‌ته‌ گۆڕێ، نموونه‌: عه‌ره‌بستانی سعوودی، وڵاتانی میرنشینانی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل و زۆری دیکه‌. وڵاتگه‌لێکی ده‌رێی بازنه‌ی سیاسه‌ت و دید و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، مانه‌ندی کووبا، ئێران، وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتین، هه‌میشه‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و مافی مرۆڤ، وه‌ک کراسه‌که‌ی عوسمان، به‌ڕوویاندا ده‌درێ و بڵند ده‌کرێته‌وه‌.                                                                                          
 
- چوار -
 ئه‌و وشانه‌ی پێشتر له‌مه‌ڕ دیدی نه‌ئێنییانه‌ی نه‌ژادی سپیپێست و ئه‌وروپا و مه‌سیحییه‌ته‌وه‌  گوتران، پاکانه‌ نین‌ بۆ ئایینی ئیسلام و بێتاوانیی موسوڵمانان ناسه‌لمێنن. ئایینی ئیسلام، بۆ خۆی، لایه‌نی خوداناسی و خوداپه‌رستنه‌که‌ی لێ ده‌رکه‌یت و بڕوانیته‌ مێژووی سیاسیی، به‌تایبه‌ت له‌ دوای په‌یامبه‌ری ئیسلام، له‌ بنه‌ما و ڕه‌گوڕیشه‌دا هه‌ڵگری تۆوی توندوتیژییه‌. داگیرکردنی وڵات و خاک و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌، به‌ ناوی"فتوحات"ه‌وه‌ و تاڵان و داگیرکردنی مۆڵک و سامان و ته‌نانه‌ت ژن و مێیینه،‌ به‌ ناوی "سبایا" و "غنائم" و "أنفال" و سه‌پاندنی سه‌رانه‌ و باج به‌ سه‌ر خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ئایینه‌کانی دیکه‌ به‌ ناوی"جزیة"، هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا بوون، بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و عه‌ره‌باندنی گه‌ل و نه‌ته‌‌وه‌کانی دیکه‌ و سڕینه‌وه‌ی ئایینه‌کانی دیکه‌ و کرده‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری عه‌ره‌باندنی خه‌ڵکی دیکه‌ی ناعه‌ره‌ب. دیاره‌ ئه‌و عه‌ره‌باندنه‌ ئه‌گه‌ر به‌ واتای نه‌ژادی و تواندنه‌وه‌ی نه‌ژادی و نه‌ته‌وه‌ییش نه‌بێت، به‌ واتای فه‌رهه‌نگ و ناسنامه‌ دێت، که‌ ڕه‌نگێکی عه‌ره‌بی و ناسنامه‌یه‌کی عه‌ره‌بی، به‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا زاڵ و باڵاده‌ست بێت.  به‌ گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌کی نووسه‌ری مسری سه‌یید ئه‌لقیمنی(سیدالقمني)، که‌ له‌ ئیبن ته‌یمییه(إبن تیمیة)‌وه وه‌ریگرتووه‌، ئه‌و دیده‌ له‌ په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات. په‌یامبه‌ری ئیسلام گوتوویه‌تی:"خه‌ڵکینه‌، خودا یه‌ک خودایه‌ و باوک یه‌ک باوکه‌‌ و ئایین یه‌ک ئایینه‌‌ و عه‌ره‌بیی نه‌ باوک و نه دایکی که‌ستانه‌، به‌ڵکه‌ زمانێکه‌، هه‌رکه‌سێک به‌ عه‌ره‌بی په‌یڤی، عه‌ره‌به‌"[1]. ته‌واوی بنه‌ماکانی ئیسلام و زمانی ئایینی ئیسلام و سرووت و نوێژ و ده‌سته‌واژه‌کانی ئیسلام، هه‌موو به‌ عه‌ره‌بین و که‌سێکی موسوڵمان، هه‌رچه‌نده‌ نه‌خوێندوویش بێت، سه‌ر به‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و زمانێکی ئه‌و جیهانه‌ بێت، هه‌رگیز ناتوانێ و نابێت به‌ زمانه‌که‌ی خۆی یا زمانێک، که‌ باشیشی ده‌زانێت، ئیسلام پێڕۆ بکات و ده‌بێ هه‌ر به‌ زمانی عه‌ره‌بی ئه‌و کاره‌ بکات. ئه‌مه‌ بۆ خۆی، بێ هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌ک، عه‌ره‌باندنی بیر و دید و فه‌رهه‌نگه‌. به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئایینی مه‌سیحیدا، ئه‌مڕۆ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کانی جیهان، هه‌ریه‌که‌و به‌ زمانی خۆی ئایینی مه‌سیحی پێڕۆ ده‌کات و هیچ پێویست ناکات، زمانی ئارامی سه‌رده‌می عیسا بزانێت! ئیسلام له‌ ماوه‌ی ئه‌و 13 ساڵه‌دا، که‌ له‌ مه‌ککه‌ بوو و هێشتا په‌یامبه‌ر کۆچی بۆ مه‌دینه‌ نه‌کردبوو، ئیسلامێک بوو، ده‌ستی به‌ کڵاوی سه‌ری خۆیه‌وه‌ گرتبوو و ته‌واوی ئایه‌ته‌کانی قورئانی ئه‌وده‌مه‌، نه‌رمونیان و دوور له‌ تووڕه‌یی و هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی زبر و ڕه‌ق بوون، لێ هه‌ر دوای کۆچی په‌یامبه‌ر بۆ مه‌دینه‌ و مانه‌وه‌ی له‌وێ بۆ ماوه‌ی10 ساڵان، ئیدی ئایه‌ته‌کان پڕن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و قسه‌ی ڕه‌ق و تووڕه‌یی و به‌ڵێن، به‌ سزای توند و کوشتن و سووتاندن و زۆری تریش. ئایه‌ته‌کانی سه‌رده‌می مه‌دینه‌ تۆوی توندوتیژییان له‌ هزری ئیسلامیدا چاند. ئیسلام له‌ مه‌ککه‌، نه‌بووبووه‌ ده‌سه‌ڵات، ئیسلامێکی بێهێز و ئارام و لا‌شه‌ڕ و بێوه‌ی بوو، لێ له‌ مه‌دینه‌، بوو به‌ ده‌سه‌ڵات و خاوه‌نی هێز و بوو به‌ ده‌وڵه‌ت و ئه‌وه‌ش بوو به‌ سه‌ره‌تای داگیرکاری، توندوتیژی، خوێنڕشتن و...ئیسلام له‌ دوای کۆچیدوایی په‌یامبه‌ره‌وه‌، له‌ په‌یامێکه‌وه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی، بوو به‌ ملانێی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و جه‌نگی نێوخۆ و کوشتنی یه‌کدی به‌ ده‌ستی یه‌کدی و سه‌ربڕین و کوودێتا و به‌کافرزانین و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دی، که‌ ئیدی واتای په‌یام و گیانه‌کیی خۆی، ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستیش نه‌دابێ، گه‌لێک لاواز و سستی کرد. له‌ چوار خه‌لیفه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام، که‌ به‌ ڕاشیدین(راشدین) ناسراون، سێیان به‌ کوشتن ڕۆیشتن و هه‌ر سێیشیان به‌ ده‌ستی موسوڵمان کوژران! جه‌نگی نێوان ئیمام عه‌لی و عائیشه‌، جه‌نگی نێوان عه‌لی و موعاویه‌، جه‌نگی نێوان عه‌لی و خه‌واریج، جه‌نگی نێوان موسوڵمانان بوو! سه‌ربڕینی ئیمام حوسه‌ین و هاوڕێیانی و ئه‌وه‌ی به‌ ئالولبه‌یت و بنه‌ماڵه‌ی عه‌لی و په‌یامبه‌ر کرا، که‌ په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش و نه‌سڕاوه‌یه‌ به‌ مێژووی ئیسلامه‌وه‌، له‌سه‌رده‌ستی موسوڵمانان ئه‌نجامدرا! سه‌دان جه‌نگ و به‌زم و ئه‌تک و سووکایه‌تی و سه‌ربڕینی دیکه‌، که‌ مێژووی ئیسلام لێوانلێوه‌ لێی، هه‌مووی موسوڵمان دژ به‌ خه‌ڵکی موسوڵمان کردوویه‌تی! به‌گوێره‌ی ئایینی ئیسلام، ئه‌وه‌ی بڵێ"لا إله‌ إلا الله‌ محمد رسول الله‌" ئیدی ده‌که‌وێته‌ خانه‌ی موسوڵمانانه‌وه‌ و سه‌ر به‌ ئایینی ئیسلامه‌، لێ له‌ ڕاستیدا ئه‌مڕۆ، یه‌ک ئیسلام نییه‌، به‌ڵکه‌ سه‌دان ئیسلام هه‌یه‌: سوننه‌، شیعه‌، حه‌نه‌فی، شافیعی، حه‌نبه‌لی، مالیکی، وه‌هابی، سه‌له‌فی، ته‌یمه‌وی، ئیخوانی، دوازده‌ئیمامی، زه‌یدی، ئیسماعیلی، عه‌له‌وی، ئه‌حمه‌دی، مه‌دخه‌لی، قادری، نه‌قشبه‌ندی، شازیلی، ڕیفاعی، ده‌یان ته‌ریقه‌تی ده‌روێشی و سۆفیگه‌ری، ئیسلامی حیزبه‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌کانی جیهان، ئیسلامی ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌کانی جیهان و ئه‌و ئیسلامه‌ی، که‌ داعش، تالیبان، ئه‌لقاعیده‌، بووکۆحه‌رام، ئه‌لنوسره پێڕۆی ده‌که‌ن. سه‌دان جۆره‌ ئیسلام له‌م جیهانه‌دا هه‌ن و جیاوازی نێوان هه‌ندێکیان ده‌گاته‌ جیاوازیی نێوان دوو ئایین و پتریش[2]. ئیسلام، ئه‌وه‌ هیچ، که‌ بوودایی، کریشنا، هیندۆس، تاویزم و کۆنفۆشیۆسی، یارسانی، ئێزدی، مه‌ندائی، به‌هائی، سیخ و سرشتپه‌رستان، به‌ ئایین نازانێ و ئه‌گه‌ریش ڕێگه‌ به‌ ئایینه‌ ئاسمانییه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک جووله‌که‌ و مه‌سیحی و تاڕاده‌یه‌کیش زه‌رده‌شتی بدات، لێ هیچیان به‌ دروست و ڕاست، ناخوێنێته‌وه‌ و ته‌واوی ئه‌وانه‌ به‌ ته‌واوبوو و سڕاوه‌ و کاتبه‌سه‌رچوو ده‌زانێت و پێیوایه‌، هه‌موو پێڕۆیانی ئه‌و ئایینانه‌ له‌سه‌ر ڕێباز و باوه‌ڕێکی هه‌ڵه‌ن و ده‌بێ هه‌موو ده‌ستبه‌رداری ئایینه‌کانی خۆیان ببن و ببنه‌ موسوڵمان. ئه‌و بیره‌ له‌کن موسوڵمانه‌ توندڕۆیه‌کان به‌ ته‌واوی هاواری بۆ ده‌کرێ و له‌ پێناویدا به‌ ناوی جیهاده‌وه‌ خۆ به‌کوشت ده‌درێ.                                                                    
- پێنج-
ئه‌وه‌ی له‌ پاریس ڕوویدا، ده‌بێ تۆپه‌ڵێک پرسیارمان لا قوتکاته‌وه‌: ئایا ئیسلام به‌مجۆره‌ی، که‌ هه‌یه، به‌ داعش و ئه‌لقاعیده‌ و بوکۆحه‌رام و ئه‌لنوسره‌ و تالیبان و ئه‌م جۆره‌ بیر و دیده‌ توندوتیژه‌، که‌ خه‌ریکه‌ ده‌بێته‌ ناسنامه‌یه‌ک بۆ ئایینی ئیسلام، له‌ سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا ده‌توانێ درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی خۆی بدا؟ ئایا ناکرێ وه‌ک چۆن ئایینی مه‌سیحی له‌سه‌رده‌ستی مارتن لووسه‌ر(Martin Luther) بیرازی تێدا کرا، ئیسلامیش بیرازی تێدا بکرێ؟  ‌بیری مرۆڤ و ژیان له‌ سه‌رده‌می مه‌یموونایه‌تییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، گۆڕانی گه‌لێ مه‌زنیان به‌سه‌ردا هاتووه.‌ ناکرێ و ناڕه‌وایه‌ له‌ ڕۆژگار و سه‌رده‌مێکی وه‌ک ئێستادا به‌ ڕبه‌ی هه‌زار و چه‌ندسه‌د ساڵێک بپێوین. سه‌رده‌می به‌ تۆبزی سه‌پاندنی باوه‌ڕ و هزر به‌سه‌ر خه‌ڵکدا، به‌سه‌رچووه‌ و ئێستا ڕکابه‌ری هزری و هونه‌ری و ئابووری و ته‌کنۆلۆگی و فه‌رهه‌نگی و پێشخستنی مرۆڤ و دابینکردنی خزمه‌ت و خۆشگوزه‌رانی ده‌خوات، که‌ ئایین، کۆمه‌ڵێک قانوون و ڕێنوێنی و مۆچیاری و ڕێبازێک بێت بۆ ژیان و بۆ خۆشبه‌ختیی مرۆڤ بێت، ده‌شێ به‌ گوێره‌ی گۆڕانی چه‌رخ و سه‌رده‌م و ژیان و مرۆڤ، ئه‌ویش گۆڕینی تێدا بکرێ و له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌کانی مرۆڤ و ڕه‌وتی ژیان و پێشکه‌وتندا، بگونجێنرێ. ده‌شێ ئایین بۆ ژیان بێت نه‌ک ژیان بۆ ئایین. ئایین، ئه‌گه‌ر ڕێک وه‌ک خۆی له‌ ده‌سپێکدا چوون بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و له‌ زاری په‌یامبه‌رێکه‌وه‌ به‌ خه‌ڵک گه‌یێنراوه‌، هه‌نووکه‌ش به‌وجۆره‌ پێڕۆ بکرێ و بخوێنرێته‌وه‌، هه‌رگیز ناتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێویستییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی مرۆڤ بێت. گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕابوردووی ئایینیی له‌ ڕووی سیاسی و جڤاکییه‌وه‌ ده‌کاته‌ ڕاده‌ستبوون و خۆدانه‌ده‌سته‌وه‌ و قایلبوون به‌ سیسبوونه‌وه‌ و پووکانه‌وه‌ی ئاوه‌ز و هۆشی مرۆڤ و له‌کارخستن و تێکشاندنی توانستی بیرکردنه‌وه‌ و داخستنی ئاسۆی بانه‌ڕۆژ به‌ ڕووی ئازادیدا. ئیسلام به‌و خوێندنه‌وه‌ و گوتاره‌ تونده‌ سه‌له‌فی و وه‌هابی و ته‌یمه‌وی و داعشییه‌ی و به‌و چاونووقاندنه‌ له‌ ئاست هه‌موو ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی له‌ جیهاندا دێنه‌ گۆڕێ، هه‌رگیز ناتوانێت ڕکابه‌ری ڕۆژاوا بکات و هه‌رگیز ناتوانێت په‌یامی خێر و خۆشیی بۆ مرۆڤ پێ بێت. ئیسلام ده‌شێ خوێندنه‌وه‌ی نوێی بۆ بکرێ و له‌و ئه‌وهام و چه‌وتییه‌ زۆروزه‌به‌ندانه‌ی، به‌تایبه‌ت له‌ ڕێگه‌ی گوته‌ (حه‌دیث)‌گه‌لێکی دروستکراو و هه‌ڵبه‌ستراوه‌وه‌، به‌ ناوی په‌یامبه‌ره‌وه‌، که‌ زۆریان به‌ مه‌رامی سیاسی و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، گوتراون، تێکه‌ڵی بوون، پاکژ بکرێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌یان، که‌ له‌گه‌ڵ هۆش و ئاوه‌زدا ناگونجێن، لابرێن. ئیسلامیش، لایه‌نی بڕوابه‌خودابوونه‌که‌ی نه‌بێت، ئیدی وه‌ک هه‌ر ئایین و قانوون و ده‌ستوور و ڕێبازێکی ژیان، ده‌کرێ بیراز بکرێ. هه‌موو ئه‌ندێشه‌یه‌کی هزریی به‌ لێڕامان و بیرکردنه‌وه‌ و پرسیار و ڕه‌خنه‌، ده‌ستپێده‌کات، ئه‌گه‌ر له‌ ئیسلامدا ڕێگه‌ به‌و کردارانه‌ بگیرێت، که‌ ڕێک وایه و ده‌گیرێ‌، ئیدی چۆن گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌، دێته‌ گۆڕێ! تۆ ئه‌گه‌ر له‌ ئیسلام تێنه‌گه‌یت یا به‌ هه‌ڵه‌ له‌ ئیسلام تێبگه‌یت یا بڕوا به‌ هه‌موو ورد و درشتێکی ئیسلام بکه‌یت و نه‌توانیت، ته‌نانه‌ت یه‌ک بڕگه‌یشی بخه‌یته‌ به‌ر پرسیار و نه‌توانیت ئازادانه‌ بپرسیت و ڕه‌خنه‌ بگرێت، چۆن ده‌گه‌یته‌ ئه‌نجامێکی قایلکه‌ر و چۆن بیر پێش ده‌خه‌یت! زانای عیراقی عه‌لی ئه‌لوه‌ردی(علي الوردي) ده‌ڵێ:"ڕۆژێکیان پیاوێکم له‌ خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ بینی گوێی له‌ گوتارخوێنێک ده‌گرت و پێی سه‌رسام بوو، لێم پرسی: چی تێگه‌یشتی؟ به‌ مۆڕی و تووڕه‌ییه‌وه‌ وه‌ڵامی دامه‌وه‌: جا من چۆن ده‌توانم له‌م زانا گه‌وره‌یه‌ تێبگه‌م!". تۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو گوته‌یه‌کی په‌یامبه‌ر، که‌ گومان له‌وه‌ هه‌یه‌ گوته‌ی ویش بێت یا گوته‌ی که‌سیه‌تییه‌کی دیکه‌ی ئیسلامی له‌و زانا و ڕێبه‌رانه‌ی هه‌یبووه‌ و هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئاوه‌زیشدا یه‌ک نه‌گرێته‌وه‌، پێت دروست بێت و باوه‌ڕی سه‌دله‌سه‌دت پێی هه‌بێ و نه‌توانی ڕه‌خنه‌گرانه‌ لێی بنۆڕی و وردبێته‌وه‌، هه‌رگیز له‌ وه‌رگرێک و قایلبوویه‌ک و گوێڕایه‌ڵێک زیاتر، هیچی دیکه‌ نیت و مێشکت نه‌ده‌کرێته‌وه‌ و نه‌ جیهانبینیشت فراوانتر ده‌بێت. په‌ندێکی ژاپۆنی ده‌ڵێ:"ئه‌گه‌ر تۆ بڕوا به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنییه‌وه‌ بکه‌ی، باشتر وایه‌ ئیدی نه‌خوێنییه‌وه‌" و چینییه‌کانیش ده‌ڵێن:"باشتر وایه‌ خۆت به‌ نه‌زان پێشانده‌یت و بپرسیت نه‌ک نه‌پرسیت و ببیته‌ نه‌زان". نه‌پرسیین، نه‌زانی و نه‌زان دێنێته‌ به‌رهه‌م، ئیسلام، به‌م چه‌قبه‌ستووییه‌ی ئێستایه‌وه‌، ڕێگه‌ی پرسیار نادات و ده‌رگای پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن له‌سه‌ر خۆی داده‌خات.

- شه‌ش -
 پرسیار و ڕه‌خنه‌، ده‌بنه‌ هۆی هه‌ژاندنی مێشک و مرۆڤ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر هێڵی ڕامان و بیرکردنه‌وه‌ و گه‌ڕان وه‌دووی ڕاستی و نوێدا، به‌وه‌ش ئازادی راده‌ربڕین وه‌به‌رهه‌م دێت، که‌ ده‌بێته‌ بنه‌مای کرده‌ی گۆڕین. ئه‌و ڕۆژنامه‌وان و کاریکاتێریست و هونه‌رمه‌ندانه‌ی شارلی ئیبدۆ، خه‌ڵکانێک بوون، له‌ بازنه‌ی کراوه‌یی بیر و ئازادی ڕاده‌ربڕیندا، کاریان ده‌کرد. چه‌کی ئه‌وان، قه‌ڵه‌مه‌کانیان بوون. ئه‌وان به‌ شنه‌بای ڕه‌خنه‌ و ئازادی گوتن و ده‌ربڕین ده‌ژیان. ئه‌وان کوژران، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وێنه‌ی کاریکاتێریی په‌یامبه‌ری ئیسلامیان بڵاوکردبووه‌. وه‌ڵامی ئه‌و وێنه‌یه‌، به‌ فیشه‌ک درایه‌وه‌ و کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک، خه‌ڵتانی خوێن کران. ئایینێک، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ قه‌بووڵ نه‌کات و وه‌ڵامی وێنه‌ و قه‌ڵه‌م و په‌یڤ، به‌ فیشه‌ک و خه‌نجه‌ر بداته‌وه‌، ده‌بێ هێزی له‌ کوێدا بێت! ئایینێک ته‌مه‌نی 1400 ساڵ و پتر بێت و ڕه‌گی له‌نێو ملیاران مرۆڤ و سه‌دان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکی جیاوازدا، ڕۆچووبێ و به‌ هه‌زاران زانا و فیلۆسۆف و بیرمه‌ند و پیاوچاکی، هێنابێته‌ به‌رهه‌م، بۆ ده‌بێ به‌ وشه‌یه‌ک، وێنه‌یه‌ک، ڕه‌خنه‌یه‌ک، قه‌ڵس و سه‌خڵه‌ت بێ و هه‌ڵچێ و به‌گولله‌ وه‌ڵامی ئه‌و په‌یڤ و وێنه‌ و ڕه‌خنه‌یه‌ بداته‌وه‌! مارتن لۆسه‌ر کینگ ده‌ڵێ:"تاریکی پاڵ به‌ تاریکییه‌وه‌ نانێت، ته‌نێ ڕووناکی ده‌توانێت ئه‌وه‌  بکات، ڕق پاڵ به‌ ڕقه‌وه‌ نانێت، ته‌نێ خۆشه‌ویستی ده‌توانێت ئه‌وه‌ بکات". به‌ کوشتنی خه‌ڵک، ڕه‌خنه‌ له‌به‌ین ناچێت و ده‌می خه‌ڵک داناخرێت و وشه‌ ناکوژرێ. وه‌ها کارێک، پتر بره‌و به‌ پرسیار و ڕخنه ده‌دات و پتر هه‌ستی تووڕه‌یی و یاخیبوون له‌کن خه‌ڵک ده‌ئافرێنێ. ئیسلام، ئه‌مڕۆ، ده‌بێ ددان به‌ زاڵبوونی ڕۆژاوادا و لاوازیی خۆیدا بنێ. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ جێی خۆی له‌ جیهانی نوێدا بکاته‌وه‌ و له‌ ڕه‌وتی پێشه‌وه‌چوون و ژیان دانه‌بڕێ، ده‌بێ به‌ خۆیدا بچێته‌وه‌ و ده‌رگای پرسیار و ڕه‌خنه‌ و شیکردنه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌ و ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌سه‌ر خه‌ڵکی موسوڵماندا، واڵا کات و سنوور و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هزریندا، وه‌ک گرنگترین کرده‌، وه‌ک پیرۆزترین چه‌مک، وه‌ک ژیان و هه‌ناسه‌، لادات. ئه‌گه‌ر به‌ وشه‌ و لێکتێگه‌یشتن و گوتوبێژ و نووسین و گه‌نگه‌شه‌، کێشه‌کان و ملانێی نێوان مرۆڤه‌کان، چاره‌سه‌ر بکرێن، ئیدی بۆ فیشه‌ک و کێرد، بکرێنه‌ ئامرازی چاره‌سه‌ر.  شۆڕشگێڕی جیهانی ئه‌رنێستۆ شێ گیڤارا ده‌ڵێ:"دێڕێک نووسین، که‌ کێشه‌کان یه‌کلایی و چاره‌سه‌ر بکات، به‌لامه‌وه‌ له‌ هه‌زاران سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی چه‌کداریی گرنگتره‌". خه‌ڵک ڕاده‌بن و شۆڕش ده‌که‌ن، بۆوه‌ی کرده‌ی گۆڕین چێ بکه‌ن، لێ ئه‌گه‌ر گۆڕین به‌ دێڕێک نووسین و په‌یڤ و هێمایه‌ک بێته‌ دێ، ئیدی چ پێویستییه‌ک به‌ شۆڕش و چه‌ک و خوێن نامێنێ. ئیسلام پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌ی نوێ و ڕێنێسانسه‌. وڵاتانی ئیسلامی، ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان، سیاسه‌تکارانیان، حیزبه‌کانیان، بیرمه‌ند و ڕووناکبیرانیان، گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانیان، له‌به‌رده‌م دووڕێیانێکدان، خولانه‌وه‌ له‌نێو بازنه‌ی داخراویی و تاساندنی ئازادیدا یا کردنه‌وه‌ی ده‌رگای بیرکردنه‌وه‌ و ئازادی! هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌م، هه‌رگیز ئیسلام ناگه‌یه‌نێته‌ هیچ ئاقارێک و تا دێت به‌ره‌و له‌به‌ینچوونی ده‌بات و هه‌ڵبژاردنی ڕێگه‌ی دووه‌میش، به‌و شێوازه‌ی ئه‌مڕۆی ژیان و قانوون و فه‌رمانڕه‌وایی و په‌روه‌رده‌ و بیرکردنه‌وه‌ی، وڵاتان وکۆمه‌ڵه‌ ئیسلامییه‌کان، ته‌نێ خه‌یاڵ و تراویلکه‌یه‌که‌ و هیچی دی. له‌ عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز(681 – 720ز)ی هه‌شته‌م خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌وییان، که‌ ناسراو بووه‌ به‌ دادوه‌ری و حه‌قپه‌رستی، ده‌گێڕنه‌وه‌، که‌ پێیان گوتووه‌:" ئه‌ی میری باوه‌ڕداران، خه‌ڵک یاخیبوون و ئاکاریان خراپ بووه‌ و هیچ شتێک بێجگه‌ له‌ قامچی ڕاستیان ناکاته‌وه‌! ئه‌ویش ده‌ڵێ:"درۆتان کرد، ئه‌وان دادپه‌روه‌ری و حه‌ق، ڕاستیان ده‌کاته‌وه‌". له‌ هیچ وڵاتێکی ئیسلامی و کۆمه‌ڵێکی ئیسلامیدا، نه‌ دادپه‌روه‌ری و نه‌ حه‌ق، وه‌دی ناکرێن، ته‌نێ قامچی وه‌دی ده‌کرێ. نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامی و پێڕۆکردنی ئیسلام، ئه‌مڕۆ، ده‌وڵه‌تگه‌لی عه‌ره‌بساتنی سعوودی و ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌که‌ی داعش و تالیبان و ئێرانه‌، که‌ بۆ خۆیان چه‌وتن و ده‌یانه‌وێ به‌ قامچی، نه‌ک دادوه‌ری و حه‌ق، ئاکار و په‌روه‌رده‌ی خه‌ڵک و یاخیبوونیان، چاره‌سه‌ر بکه‌ن.                                                                                           
   
‌- حه‌فت -
له‌ کۆمه‌ڵه‌ ئیسلامییه‌کاندا، له‌ مێژه‌، ڕێگری له‌ ڕه‌خنه‌ و ئازادی ڕاده‌ربڕین ده‌کرێ و ده‌نگی ئازاد کپ ده‌کرێن. کوشتنی: فه‌ره‌ج فووده‌(فرج فوده‌)، مه‌هدی ئه‌لعامیل(مهدي العامل)، عه‌بدولخالیق مه‌عرووف و ڕاوه‌دوونانی: سادیق جه‌لال ئه‌لعه‌زم(صادق جلال العظم)، نه‌سر حامید ئه‌بو زه‌ید(نصر حامد أبوزید) و ده‌رکردنی فه‌رمانی کوشتنی سه‌لمان ڕوشدی، نموونه‌گه‌لێکی ئه‌و ڕێگرییانه‌ن. هه‌وڵدان بۆ تاساندنی ئازادی بیرکردنه‌وه‌‌ و ده‌یان کرده‌ی کوشتن و تۆقاندنی دیکه‌ی‌، گه‌لێ خوێنساردانه‌، به‌رانبه‌ر زۆرێک ڕووناکبیر و ئازادیخوازی وڵات و جڤاکه‌ ئیسلامییه‌کان کراون و ده‌کرێن، وه‌نه‌بێ ئه‌وروپا لێیان بێبه‌ش بووبێت و له‌ وه‌ها کارگه‌لێکی توندوتیژ، ڕزگاری بووبێت‌. توندڕۆیان، هه‌مان پێوه‌ری جڤاکه‌ ئیسلامییه‌کانیان، گه‌یانده‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و خه‌ریکه‌ له‌ ئه‌وروپاش ده‌بێته‌ ڕێسا و شێوازێک بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ئازادی بیر و ده‌ربڕین. کوشتنی تییۆ ڤان خۆخ(Theo Van Gogh)،ی سینه‌ماکار و ده‌رهێنه‌ری ته‌لیڤزیۆن و سیاسه‌تکار و ئه‌کته‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی هۆڵه‌ندی، له‌ 2ی نۆڤه‌مبه‌ری 2004دا، له‌ لایه‌ن توندڕۆیه‌کی موسوڵمان(موحه‌ممه‌د بوویێری)ه‌وه‌، له‌ ئه‌مستردام، به‌ هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی فیلمێک و چه‌ند وێنه‌یه‌کی په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ندجاره‌ له‌ لاش ڤیلکس(Lars Vilks)ی، مامۆستا و ڕه‌خنه‌گری هونه‌ریی سوێدی، به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌کی په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه‌ و ڕووداوه‌که‌ی پاریس و شارلی ئیبدۆ، به‌شێکن له‌ کڵۆمکردنی زار و بڕینی زمان و شکاندنی په‌نجه‌ و خه‌یاڵی هه‌رکه‌سێک ڕه‌خنه‌گرانه‌ بهزرێ. کرده‌ی کوشتنی خه‌ڵک له‌ ئه‌وروپا، له‌ لایه‌ن توندڕۆیانی موسوڵمانه‌وه‌، له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن، که‌ له‌ جڤاکی ئه‌وروپاییدا بۆ خۆیان کرده‌گه‌لێکی ئازادن، په‌رچه‌کردار و ئه‌نجامگه‌لێکی گه‌لێک خراپ و ناپه‌سه‌ندی، دژ به‌ ئایینی ئیسلام، وڵاته‌ ئیسلامییه‌کان، جڤاکه‌ ئیسلامییه‌کان و خه‌ڵکانی موسوڵمان و بیانیانی وڵاتانی ئیسلامی له‌ ئه‌وروپا لێده‌که‌وێته‌وه‌. ئه‌وروپا، چۆن ژان گرتێ و نازیزمی خسته‌وه‌ بۆ گیانی جووله‌که‌ و قڕانی ئه‌وان، ئه‌مڕۆیش ئاووسه‌ و ژان ده‌یگرێ و چاوه‌ڕوانی له‌دایکبوونی بزاڤێکی نوێیه‌ بۆ گیانی موسوڵمانان و قڕانی وان. بزیسکی په‌یدابوونی ئه‌و بزاڤه‌، له‌ دوای 11ی سێپته‌مبه‌ری 2002ه‌وه‌، له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌ و به‌ وشه‌گه‌لی: ئێمه‌ و ئه‌وان، ده‌ستیپێکرد و داگیرکردنی ئه‌فغانستان و عیراقی به‌دوودا هات و په‌لێ هاویشت بۆ ئه‌وروپا و ئێستا له‌ ئه‌وروپاش ده‌نگی وه‌ده‌رنانی موسوڵمانان، پیسکردن و گڕتێبه‌ردان و داخستنی مزگه‌وته‌کانیان، قه‌ده‌غه‌کردنی له‌چک و سه‌رپۆش، گومان له‌ هه‌موو موسوڵمانێک، قسه‌ی ناشیرین گوتن به‌ موسوڵمانان و گه‌لێک مامه‌ڵه‌ی ناجۆری دیکه‌، ده‌بیسرێ و ده‌بێنرێ و هه‌وڵی بۆ ده‌درێ و پێڕۆ ده‌کرێ. سه‌یرکردنی ئیسلام وه‌ک مه‌ترسی و به‌رهه‌مهێنی توندوتیژی و توندڕۆیی و موسوڵمانان وه‌ک چه‌قۆکێش و خوێنڕێژ و مرۆڤکوژ و به‌ به‌رپرسزانینی هه‌موو موسوڵمانان له‌و کرده‌وانه‌، له‌ لایه‌ن میدیای ڕۆژاواییه‌وه‌، که‌ به‌شێکی زۆریان له‌لایه‌ن جووله‌که‌ و خه‌ڵکانی گرێدراوی ئیسرائیله‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن، بۆ خۆی فووی پێدا ده‌کرێ و ئاگره‌که‌ی خۆش ده‌کرێ بۆ پتر تووڕه‌بوون و ڕقبوونه‌وه‌ له‌ ئیسلام و موسوڵمانان و دزێوکردنیان له‌کن ئه‌وروپاییان و هاندانیان بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌وروپا له‌ موسوڵمانان و وه‌ده‌رنانیان. توندڕۆیی ئه‌وروپاییانی ڕاستڕۆ و نه‌ژادپه‌رست به‌رانبه‌ر موسوڵمانان له‌گه‌ڵ تونددڕۆی ئیسلامیدا، هیچ جیاوازییه‌کیان نییه‌ و سه‌رچاوه‌ی بیری هه‌ردوولایان ڕقبوونه‌وه‌یه‌ له‌وی دی و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دییه‌. تاکه‌ جیاوازییه‌ک له‌نێوان توندڕۆیه‌کی موسوڵمان و یه‌کێکی ئه‌وروپاییدا و کرده‌یه‌کی تێرۆریستی موسوڵمانێک بیکات و یه‌کێکی دیکه‌ ئه‌و‌روپاییه‌کی مه‌سیحی بیکات، له‌وه‌دایه‌، کێ قوربانییه‌. ئه‌گه‌ر قوربانییه‌که‌ یا قوربانییه‌کان ئه‌وروپایی، ڕۆژاوایی، مه‌سیحی یا جووله‌که‌ بن و موسوڵمانێک کاره‌که‌ی کردبێ، کابرای موسوڵمان و کرده‌وه‌که‌ی، بۆ خۆی هه‌رچی بێت و له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌کیش بێت، ده‌سبه‌جێ له‌لایه‌ن میدیاکانی ئه‌وروپاوه‌، مۆری هه‌ڕه‌شه‌ی دژ به‌ ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌ترسیی له‌سه‌ر وڵاتی لێده‌درێ و ده‌خرێته‌ چوارچێوه‌ی کاری تێرۆر و توندڕۆی ئیسلامییه‌وه‌، لێ ئه‌گه‌ر ئه‌وروپاییه‌ک کارێکی له‌و جۆره‌ دژ به‌ موسوڵمانێک یا موسوڵمانانێک بکات، ناوی باری ده‌روونیی ناته‌واو و نه‌خۆشی ڕه‌وانیی و ڕه‌شبینی و خه‌مۆکی و شێتی و ئه‌و جۆرانه‌ی لێ ده‌نێن. به‌ کرده‌ی کابرای موسوڵمان، هه‌موو ئیسلام و پاشخانی ئیسلام و مێژووی ئیسلام و جڤاکی ئیسلامی پێوه‌ ده‌درێ، به‌ڵام بۆ ئه‌وروپاییه‌که‌ ته‌نێ وه‌ک کارێکی تاک سه‌یر ده‌کرێ. ئێستا ئه‌وروپا بزاڤی په‌گیدا (Pegida)، واته‌: "ئه‌وروپاییانی وڵاتپارێزی دژ به‌ ئیسلاماندی ڕۆژاوا"ی، وه‌به‌رهه‌مهێناوه‌، که‌ بزاڤێکی تایبه‌ته‌ به‌ دژایه‌تی ئیسلام و موسوڵمانان و له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ ده‌ستیپێکرد و وا خه‌ریکه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌کات و سوێد و نۆروێژیشی گرتووه‌ته‌وه‌ و به‌ره‌به‌ره‌ هه‌موو ئه‌وروپا و ڕۆژاواش ده‌ته‌نێ. توندڕۆیی یا تیژڕۆیی له‌ بیر و جیهانبینی و دیددا، وه‌نه‌بێ ته‌نێ له‌کن پێرۆیانی ئایینی ئیسلام هه‌بێت، به‌ڵکه‌ له‌کن پێڕۆیانی هه‌موو ئایین و ئیدیۆلۆگی و فیلۆسۆفی و هزره‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ش هه‌یه‌‌. زه‌رده‌شتی و مانی و مه‌سیحایه‌تی و جووله‌کایه‌تی و بوودایه‌تی و ئیسلام، له‌سه‌رده‌مێکه‌وه‌، ده‌بنه‌ ئایینی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت، ئیدی تۆوی توندوتیژی ده‌چێنن و شه‌رعییه‌ت به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌ده‌ن. نموونه‌ش ده‌وڵه‌تی ساسانی و وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وانی دیکه‌ی مه‌سیحی و ده‌وڵه‌تی جووله‌که‌ی ئیسرائیل و بورما و فه‌رمانڕه‌واییه‌ ئیسلامییه‌کانی ده‌وڵه‌تانی سعوودییه‌ و تالیبان و ئێران و داعشه‌. ده‌وڵه‌تی ئایینی، هه‌ر ئایینێک بێت، ده‌وڵه‌تێکه‌ جێگه‌ی هیچ بیروباوه‌ڕ و دیدێکی جیاوازی تێدا نابێته‌وه‌ و خه‌ڵک ده‌بێ له‌ چوارچێوه‌ و بازنه‌ی ئاییندا بهزرێ و بژی و هیچ قانوون و ڕێسا و بیرێک نه‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. گرێدانی ئایین به‌ سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ وڵاتانی ئیسلامیدا، ئه‌و وڵاتانه‌ی کردووه‌ته‌ زیندانێکی گه‌وره‌ بۆ زیندانیکردنی داهێنان و نوێبوونه‌وه‌ و ژیان و کردوونی به‌ مه‌یدان و بازاڕێکی کراوه‌ بۆ بڵاکردنه‌وه‌ی وشه‌ی ئاگرین و توند و فه‌توای به‌کافرزانین و جیهاد و نه‌زانین. تیژڕۆیی ئه‌مڕۆی ئیسلامی، ئه‌گه‌ر وه‌ک بزوێنه‌ر و داهێنه‌ر و بیرمه‌ندانی ئه‌و بواره‌ بۆخۆیان ده‌یڵێن، په‌رچه‌کردارێک بێت،  دژ به‌ ڕۆژاوا و سیاسه‌تی وان، ئه‌وا له‌ ڕاستیدا په‌رچه‌کردارێکی درۆینه‌ و ناڕاسته‌، چونکه‌ ئه‌و بۆ خۆی جێگره‌وه‌یه‌کی باشتری له‌وه‌ی ڕۆژاوای نه‌هێناوه‌ته‌ گۆڕێ و ڕۆژاوا بۆ خۆیشی، بۆ پتر ڕیسواکردنی ئیسلام، دنه‌ده‌ر و پاڵپێوه‌نه‌ریه‌تی. به‌ڵام وه‌نه‌بێ، نوێلیبرالیزم و نوێدیموکراتی ئه‌مڕۆی ڕۆژاوایش، وه‌ڵامێک بن بۆ مرۆڤایه‌تی و په‌یامی یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی مرۆڤیان پێ بێت و جیهانێکی بێ کێشه‌ و پڕ له‌ ئاشتی بئافرێنێن. ئه‌مرۆ له‌ ته‌واوی جیهاندا سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداری و فه‌رهه‌نگ و ئابووری و تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ی ژیانیش، به‌ یه‌ک ئاراسته‌ ده‌ڕوات و له‌نێو یه‌ک چوارچێوه‌ی جیهانبینی و ڕێکخستندا خۆ ده‌نوێنێ و خه‌ریکه‌ یه‌ک ڕه‌نگ و ده‌نگ و شێواز وه‌رده‌گرێ و هه‌موو دیده‌کانی دیکه‌ هه‌ڵده‌لووشی و له‌نێو خۆیدا ده‌یتوێنێته‌وه‌، ئه‌ویش نوێلیبرالیزم و نوێدیموکراتییه‌، که‌ له‌ ڕاستیدا ده‌مامکن بۆ سه‌رمایه‌داری. ئه‌مڕۆ له‌ژێر په‌رده‌ی جیهانگه‌ری و به‌ ناوی کورتکردنه‌وه‌ی دووراییه‌کان و نه‌هێشتنیان، پرۆژه‌ی ئه‌مه‌ریکاییاندنی ژیان و جیهان له‌ گۆڕێدایه‌ و هیچ جۆره‌ پرۆژه‌ و هزرێکی دیکه‌ له‌به‌رانبه‌ریدا، خۆی پێ ڕانه‌گیراوه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سیحییه‌ت، جووله‌کایه‌تی یا ئیسلام، خۆیان به‌ جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ سه‌رمایه‌داری و لیرالیزم و دیموکراتی بزانن،  هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌ و ناشتوانن، به‌ڵکه‌ سه‌رمایه‌داری، لیبرالیزم و دیموکراتی، ئه‌وانیشی ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوه‌تی له‌نێو خۆیدا نه‌تواندبێته‌وه،‌ ئه‌وا کردوونی به‌ پاشکۆی خۆی. له‌ نه‌بوونی جێگره‌وه‌یه‌کی دی و شێوازێکی دیکه‌ی سیستمی ده‌وڵه‌تداری و ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤ و هزرین، بۆشاییه‌ک له‌ گۆڕێدایه‌، چونکه‌ دیموکراتی، لیبرالیزم، سه‌رمایه‌داری، ناتوانن په‌یامی ڕزگارکردنی مرۆڤیان پێ بێت. بۆ دوورخستنه‌وه‌ی نه‌ک ته‌نێ ئه‌وروپا به‌ڵکه‌ هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تی، له‌ به‌ڵای توندوتیژی و سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزم، له‌قاودانی نوێلیبرالیزم و نوێدیموکراتی و تێکشکاندنی سه‌رمایه‌داری، به‌ هاتنه‌گۆڕێی بزاڤێکی چه‌پی ڕادیکالی شۆڕشگێڕ، له‌ هه‌موو کات و کارێکی دیکه‌ پێویستتره‌. فیلۆسۆف و جڤاکناسی ئه‌ڵمانی ماکس هۆرکهایمه‌ر(Max Horkheimer) ده‌ڵێ:"ئه‌وه‌ی له‌هه‌مبه‌ر سه‌رمایه‌داریدا هیج ڕه‌خنه‌یه‌کی نییه‌، حه‌قوایه‌ له‌ ئاست فاشیزمیشدا بێده‌نگ بێت". سه‌رمایه‌داری و فاشیزم دوودیوی دراوێکن. ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ فاشیزمه‌وه‌ ده‌گوترێ، ده‌بێ له‌هه‌مبه‌ر سه‌رمایه‌دارییشه‌وه‌ بگوترێ. فیلۆسۆفی ئه‌ڵمانی ڤاڵته‌ر بینیامین(Walter Benjamin) ده‌ڵێ:"هه‌موو سه‌رهه‌ڵدانێکی فاشیزم هێمایه‌ بۆ شۆڕشێکی له‌بارچوو و دۆڕاو". پێشڤه‌چوونی فاشیزم، شکستی چه‌په‌ و نیشانه‌یه‌که‌ بۆ وه‌ی، که‌ له‌و جێگه‌یه‌‌دا، له‌و جڤاکه‌دا، ناڕه‌زایی و تووڕه‌ییه‌ک ‌ و پێویستی و هه‌لومه‌رج و توانستی شۆڕش هه‌بووه و‌ چه‌پ نه‌یتوانیوه‌ خڕیکاته‌وه‌ و یه‌کیخات و ڕێکیخات و وه‌گه‌ڕیخات و بیخاته‌ چوارچێوه‌ی بزاڤێکه‌وه‌. بۆیه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وانه‌ش، فیلۆسۆف و جڤاکناس و ڕه‌خنه‌گری سلۆڤێنی، سڵاڤۆی ژیژێک(Slavoj Žižek) پێیوایه‌،‌ بوونی چه‌پ بۆ دژایه‌تی ئیسلامگه‌رایی پێویسته. هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ڕاستییه‌کان له‌ کن یه‌ک هزر، یه‌ک فیلۆسۆفی، یه‌ک ئیدیۆلۆگی، یه‌ک لایه‌ن و یه‌ک خه‌ڵک و یه‌ک که‌س نین، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ بڕوای من، نه‌ک هه‌ر بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ئیسلامگه‌رایی، به‌ڵکه‌ بۆ به‌ره‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌سیحیگه‌رایی، جووگه‌رایی، زایۆنیزم، فاشیزم، نه‌ژادپه‌رستی، هه‌ڵاواردانی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زی و ئایینی و چینایه‌تی، چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ و ته‌واوی ئه‌و ده‌ردانه‌ی ئه‌مڕۆ جڤاکی‌‌ مرۆڤایه‌تی به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، چه‌پ و بیری چه‌پ و جیهانبینی چه‌پ و سۆسیالیزم، وه‌ک نان و ئاو و هه‌ناسه‌ پێویسته، بۆ گه‌یشتنی مرۆڤ به‌ ئازادی و هێنانه‌دی جڤاکێک، خه‌ڵک تێکڕا پێکه‌وه‌ و له‌په‌نای یه‌کدی و له‌ته‌ک یه‌کدیدا، به‌ جیاوازییه‌کانیانه‌وه‌ بێ جیاوازی بژین. چه‌پ، ئامرازێکه‌ بۆ له‌به‌ینبردنی فه‌رهه‌نگی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، که‌نارخستن، هه‌ڵبژرادن و بنبڕکردن و تاکه‌ ڕێگه‌یه‌که بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و له‌به‌ینبردنی مرۆڤ له‌به‌ر هۆیه‌ک‌، له‌نێویشیاندا بیرکردنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن و ڕاده‌ربڕین.

23 – 02 – 2015



[1] القمني، سید محمود، حروب دولة الرسول، الجزء الثاني، الطبعة الثانیة، مدبولي الصغیر، 1996، ص 194. سه‌یید ئه‌لقیمنی، ئه‌و ده‌قه‌ی له‌ : إبن تیمیة، إقتضاء السراط المستقیم، دار المعرفة، بیروت، ص166-169، وه‌رگرتووه‌ و ده‌قه‌که‌ به‌ عه‌ره‌بی به‌مجۆره‌یه‌:"أیها الناس: إن الرب واحد، والأب واحد، والدین دین واحد، وإن العربیة لیست لأحدکم بأب ولا أم، وإنما هي لسان، فمن تکلم العربیة فهو عربي". هه‌روه‌ها بنۆڕه‌: المدرس، علاءالدین، مسألة الوحدة والتقریب بین المذهبیة السمحة والإستقطاب الطائفي، دار الرقیم للنشر والتوزیع، بغداد، 2011،  ص 33، له‌ مێژووی ئیبن عه‌ساکیر(إبن عساکر) و ئیبن که‌سیر(إبن کثیر)ه‌وه‌ که‌ له‌ ‌باره‌ی مه‌عاز بین جه‌به‌ل(معاذ بن جبل)ه‌وه‌یه‌، وه‌رگیراوه‌،                                                                                                                      
[2]  گه‌لێ جار باوکم پێی گوتووم و پێم ده‌ڵێ، بۆ نوێژ ناکه‌م یا که‌ی به‌ته‌مام ده‌ست به‌ نوێژکردن بکه‌م! منیش هه‌موو جارێک وه‌ڵامم ئه‌وه‌ بووه‌:"چۆن نوێژ بکه‌م له‌کاتێکدا ئه‌م هه‌موو جۆره‌ ئیسلامه‌ جیاوازه‌ له‌ گۆڕێدایه‌، کامیان ڕاسته‌، کامیان ناڕاسته‌، کامیان هه‌ڵبژێرم؟ ئه‌وه‌ کارێکی سه‌خته‌، به‌ڵام نوێژنه‌کردنه‌که‌ کارێکی ئاسانتره‌". ده‌گێڕنه‌وه‌، که‌ کاک ئه‌حمه‌دی شێخ، له‌ سلێمانی، دۆستێکی جووله‌که‌ی ده‌بێت. جارێکیان شێخ به‌ دۆسته‌که‌ی ده‌ڵێ:" فڵان تۆ پیاوێکی باشی، بۆ نابیته‌ موسوڵمان؟". دۆسته‌ جووله‌که‌که‌یشی ده‌ڵێ:"قوربان، ئه‌گه‌ر ئیسلامه‌تی وه‌ک ئه‌وه‌ی تۆ بێ، ئه‌وه‌ به‌ من ناکرێ، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ش بێ، ئه‌وا جووله‌که‌یه‌تییه‌که‌ی خۆم له‌ ئیسلامه‌تییه‌که‌ی ئه‌وان باشتره‌!".                                     

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...