Sunday, May 18, 2014

کورد خۆی زمانه‌که‌ی خۆی له‌به‌ین ده‌با

کورد خۆی زمانه‌که‌ی خۆی له‌به‌ین ده‌با

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ ته‌واوی ئه‌و زمانانه‌ی له‌ جیهاندا هه‌ن و مرۆڤ پێیان ده‌په‌یڤن و ده‌نووسن و ده‌خوێننه‌وه‌، تاکه‌ یه‌ک زمان نییه‌، که‌ سه‌دله‌سه‌د خاوێن بێت و چ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی بیانی تێدا نه‌بێت و وه‌ها ڕه‌وشێکیش شتێکی نائاسایی و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ نییه‌، به‌ڵکه‌ حاڵه‌تێکی سرشتییه‌ و هه‌ر ده‌بێ وابێ. زمانی عه‌ره‌بی یه‌کێکه‌ له‌ زمانه‌ هه‌ره‌ خاوێنه‌کانی جیهان و هه‌ن پێیانوایه‌ خاوێنترین زمانی جیهانه‌ و هیچ وشه‌یه‌کی بیانی تێنه‌که‌وتووه‌، لێ ته‌نانه‌ت قورئان، که‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌ گرنگی زمانی عه‌ره‌بییه‌، خاڵیی نییه‌ له‌ وشه‌ی ناعه‌ره‌بی و وه‌رگیراو له‌ زمانی دیکه‌وه‌.
شێواندن و تێکدان و به‌ره‌به‌ره‌ له‌به‌ینبردنی زمانی کوردی، کارێکه‌ ڕۆژانه‌ و به‌رده‌وام له‌ هه‌رێمی کوردستان، ‌ئه‌نجام ده‌درێ. زۆریی ده‌سگاکانی میدیا: ته‌له‌ڤزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامه‌، گۆڤار، کتێب، بڵاوکراوه‌ و له‌ پێشی هه‌موو ئه‌وانه‌یشه‌وه‌، ئینته‌رنێت، خێراییه‌کی فره‌تر به‌ پرۆسێسی وێرانکردنی زمانی کوردی ده‌ده‌ن، له‌ کاتێکدا، که‌ ده‌بوو پێچه‌وانه‌که‌ی بووایه‌. ناپه‌رپرسیاریه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ پێوه‌ندداره‌کان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگه‌وه‌، نۆره‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له‌و وێرانکارییه‌دا ده‌لێزێ، سه‌رباری ئه‌وه‌ش بێهه‌ستیی زۆرێک له‌وانه‌یشی، ده‌ست ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م و ده‌نووسن و میدیاکارن، نابێ له‌یاد بکرێ. لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌خه‌مه‌ ڕوو، که‌ نه‌هامه‌تی و ماڵکاولیی زمانی کوردی پێشان ده‌ده‌ن:
1. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" کەرەستەکان تێکەڵ بکە و بیانکەرە خەڵاتێکی کارەبای، پاشان دەریبهێنەوە و ڕۆژانە بیخۆرەوە"، ئه‌م ڕسته‌یه‌ باس له‌ دروستکردنی خۆشاو، شه‌ربه‌ت یا تێکه‌ڵه‌یه‌ک ده‌کات، بۆ خواردنه‌وه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ ئاوی میوه‌ یا سه‌وزه‌ یا شتێکی دیکه‌ بێت، به‌ڵام هێنده‌ به‌ هه‌ڵه‌ نووسراوه‌ و گوتراوه‌، تۆ ده‌بێ به‌ مه‌زه‌نده‌ لێی تێبگه‌یت. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی تێیبگه‌ی ده‌بێ ڕسته‌که‌ چه‌ند جارێک له‌ فلته‌ر بده‌یت تا گیانی به‌ به‌ردا بکه‌یته‌وه‌:
"که‌ره‌سته‌کان تێکه‌ڵ بکه‌ و بیانکه‌ره‌ خه‌ڵڵاتێکی کاره‌بایی، پاشان ده‌ریبهێنه‌وه‌ و ڕۆژانه‌ بیخۆره‌وه‌".
"که‌ره‌سته‌کان تێکه‌ڵ بکه‌ و بیانکه‌ره‌ خه‌ڵڵاتێکی کاره‌باییه‌وه‌ و چه‌ند خوله‌کێک خه‌ڵڵاته‌که‌ پێکه‌ و پاشان خۆشاوه‌که‌/شله‌که‌/شه‌ربه‌ته‌که‌/گیراوه‌که‌ ده‌ربهێنه‌ و ڕۆژانه‌ بیخۆره‌وه‌".
وشه‌ی"خه‌ڵاتێکی کاره‌بای" هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بێ بنووسرێ"خه‌ڵڵاتێکی کاره‌بایی". وشه‌ی"خه‌ڵات" به‌ واتای ئه‌و دیاری و پاداشته‌ دێت، که‌ ده‌درێته‌ که‌سێک له‌ ئه‌نجامی بردنه‌وه‌ی پێشبڕکێیه‌ک، یارییه‌ک، کارێک یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ یا وه‌ک ڕێزلێگرتنێک له‌برێ چالاکییه‌ک، به‌هره‌یه‌ک یا هه‌ر شتێکی دیکه‌. نووسه‌ر لێره‌دا وشه‌ی"خه‌ڵات"ی بۆ "خه‌ڵڵات"ی عه‌ره‌بی"خلاط"، که‌ شه‌دده‌ له‌سه‌ر تیپی"ل" هه‌یه‌، به‌کار هێناوه‌، که‌ ده‌سگایه‌که‌ بۆ تێکه‌ڵکردن، تێکه‌ڵکردنی هه‌ر شتێک. مرۆڤ ده‌توانێت له‌بری"خه‌ڵڵات"ی عه‌ره‌بی، وشه‌ی "تێکه‌ڵکه‌ر" به‌کار بهێنێت، که‌ وشه‌یه‌کی کوردییه‌ و ڕێک واتای"خلاط"ی عه‌ره‌بی ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌وده‌می ده‌شێ ڕسته‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ کوردی و خه‌ڵک لێی تێبگات، وه‌های لێ بێت:‌"که‌ره‌سته‌کان تێکه‌ڵ بکه‌ و بیانکه‌ره‌ تێکه‌ڵکه‌رێکی کاره‌باییه‌وه‌ و چه‌ند خوله‌کێک تێکه‌ڵکه‌ره‌که‌‌ پێکه‌ و پاشان خۆشاوه‌که ‌/شله‌که‌ /شه‌ربه‌ته‌که‌/ گیراوه‌که ‌ده‌ربهێنه‌ و ڕۆژانه‌ بیخۆره‌وه‌".
2. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" نانەواچییەک سلێمانی بێزار دەکات ؛ بزانە چیکردوە"[1]. ته‌واوی ئه‌و "چی"یانه‌ی، که‌ وه‌ک پاشگر بۆ هه‌ندێک وشه‌ی پێوه‌نددار به‌کار و پیشه‌وه‌ به‌کارده‌هێنرێن وه‌ک: چایچی، که‌بابچی، ته‌نه‌که‌چی، خومچی، ساخته‌چی، که‌ڵه‌کچی، شه‌ربه‌تچی، کرێچی و...له‌ زمانی تورکییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ نێو زمانی کوردییه‌وه‌. له‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا وشه‌ی"نانه‌واچی" به‌کار هێنراوه‌، که‌ هه‌رگیز له‌ زمانی کوردیدا نییه‌ و ناگوترێ. کورد به‌و که‌سه‌ی نان ده‌کا و ئه‌وه‌ پێشه‌یه‌تی ده‌ڵێ"نانه‌وا" و به‌و شوێنه‌ی نانه‌وا نانی تێدا ده‌کا و کاره‌که‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌دا ده‌ڵێ"نانه‌واخانه‌".
3. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ :" توێكڵی‌ هێلكه‌ له‌گه‌ڵ خه‌لی‌ سێو بۆماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك پاشان به‌كارهێنانی‌ وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆپه‌ڵه‌ی‌ ده‌موچاو". خه‌ل، وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه‌ و کورد بۆ ئه‌و وشه‌یه‌ وشه‌ی"سرکه‌"ی هه‌یه‌، که‌ ده‌کاته‌: ترشاوی کۆنی میوه‌، وه‌ک سرکه‌ی سێو، سرکه‌ی ترێ، سرکه‌ی خورما.
4. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:"شێڵته‌ر". ئه‌م وشه‌یه‌ ئێستا له‌ کوردستان به‌و جێگه‌ و شوێنانه‌  ده‌گوترێ، که‌ ژنانی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو، ئازاردراو، له‌ ماڵ و مێرد و که‌سوکار هه‌ڵاتوو، په‌ناخواز، له‌ ترسان ڕووی تێ ده‌که‌ن و تێیاندا داڵده‌ ده‌درێن و ده‌پارێزێن. وشه‌ی شێڵته‌"Shelter"، که‌ بۆ ئه‌و خانه‌ی ژنانه‌‌ به‌کار ده‌هێنرێ، وشه‌یه‌کی ئینگلیزییه‌ و " Women’s Shelter"ی پێ ده‌گوترێ و به‌ فارسی ده‌بێته‌"پناگاه‌ زنان" و عه‌ره‌بیش ده‌ڵێن"مأوی النساء". کورد له‌بری"شێڵته‌ر" ده‌توانێ بڵێ"په‌ناگه" یا "داڵده"، که‌ دوو وشه‌ی کوردین.
5.‌ ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" بەڵگە هەیە له‌ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌م و بە تەسکییەی حیزبی خەڵک دامەزراوە"[2]. وشه‌ی"ته‌سکیه‌" له‌ وشه‌ی"تزکیة"ی عه‌ره‌بییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و تیپی"ز"ی عه‌ره‌بییه‌که‌ گۆڕدراوه‌ بۆ"س". وشه‌که‌ خۆی له‌ بنه‌مادا به‌ واتای: پاککردنه‌وه‌، خاوێنکردنه‌وه‌ دێت، به‌ڵام ئێستا وه‌ک ده‌سته‌واژه‌یه‌ک بۆ پشتگرتن و پشتیوانی و هه‌ڵبژاردن، به‌کار ده‌هێنرێ، بۆ که‌سێک که‌ لایه‌نێک کۆمه‌کی پێ بکا بۆ وه‌رگرتنی کارێک یا به‌رپرسییه‌ک یا جێگه‌ و پله‌ و پایه‌یه‌ک، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کوردستان، له‌ لایه‌ن حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ هه‌وادارانی خۆیان، ده‌کرێ. له‌ بری"ته‌سکیه‌"، ده‌کرێ "پشتگرتن، پشتیوانی، کۆمه‌ک" به‌کار بهێنرێن و ئه‌گه‌ر هه‌ر وشه‌ی"ته‌سکیه‌"ش به‌کار ده‌هێنرێ با هه‌ر وه‌ک شێوه‌ عه‌ره‌بییه‌کی به‌کار بهێنرێ و بگوترێ"ته‌زکیه‌".
6. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:"كونسوڵی فه‌ڵه‌ستین له‌كوردستان: 10%ی هاوڵاتیانی فه‌ڵه‌ستین ئه‌سلیه‌تیان كورده"[3]. بنه‌مای وشه‌ی "ئه‌سلیه‌تیان" وشه‌ی"أصل"ی عه‌ره‌بییه‌ و که‌ کورد وه‌ریگرتووه‌ کردوویه‌ به‌ "ئه‌سڵ" واته‌: به‌"ڵ" نه‌ک "ل". لێره‌دا و له‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیاره‌ ئه‌و‌ وشه‌یه‌ به‌کار بهێنرێ، ئه‌وا ده‌بوو نووسرابا:" كونسوڵی فه‌ڵه‌ستین له‌كوردستان: 10%ی هاووڵاتیانی فه‌ڵه‌ستین ئه‌سڵیان كورده". کورد ده‌ڵێ:"ماڵباتی تیموورییه‌کان و جونبولاتییه‌کان ئه‌سڵیان کورده‌" و ناڵێ:"ئه‌سلیه‌تیان کورده‌". کورد ده‌ڵێ:"ئه‌سڵ و فه‌سڵ" و ناڵێ:"ئه‌سلیه‌ت و فه‌سلیه‌ت"، مه‌حوی ده‌ڵێ:"فه‌زیله‌ی ئه‌سڵ و فه‌سڵ ئینسانی پێ نابێ به‌ ساحێب فه‌زڵ.." "له‌برێ وشه‌ی"ئه‌سڵ"، له‌و ڕسته‌یه‌ی گۆریندا ده‌کرێ بگوترێ:"له‌ بنه‌مادا کوردن، به‌ بنه‌چه‌ کوردن، له‌ ڕه‌گوڕیشه‌دا کوردن، به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردن، به‌ ڕه‌سه‌ن کوردن".                                                                           
7. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" ڤیدیۆ سلێمانی؛گوێ لە ئاهی دایکێکی کرێچی نشین بگرە لەبەردەم بانک"[4]. ئه‌و"چی"یه‌ی له‌ وشه‌ی "کرێچی"دا له‌و ڕسته‌ی سه‌ره‌وه‌دا هاتووه‌، له‌ زمانی تورکییه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ نێو زمانی کوردییه‌وه‌. کورد ناڵێ"کرێچی نشین" وه‌ک له‌و ڕسته‌یه‌دا هاتووه‌، به‌ڵکه‌ ده‌ڵێ"کرێنشین"، که‌‌ وشه‌یه‌کی کوردیی ڕه‌سه‌ن و پاراوه‌ و بۆ ئه‌و دایکه‌ی له‌ خانوویه‌کدا ده‌ژی، که‌ به‌ کرێ گرتوویه‌تی. دیاره‌ وشه‌ی"کرێچی"یش به‌کار ده‌هێنرێ، لێ"کرێنشین" کوردیتره‌ و دروستره‌.                                     
8. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" بەربەست دروست كردنی دەوڵەتی فەراسە بۆ كەپڵەكەی سەركۆمار"[5] و ده‌نووسرێ:"به‌رله‌وه‌ی هاوسه‌رگیری بكه‌یت، كه‌پڵ و ده‌نك و په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیت بووه‌؟". له‌ ڕسته‌ی یه‌که‌مدا له‌بری وشه‌ی"فرانسه‌" نووسراوه‌"فراسه‌"، ئه‌وه‌ هیچ که‌ هه‌ڵه‌یه‌، لێ من مه‌به‌ستم وشه‌ی"که‌پڵ"ه‌، که‌ وشه‌یه‌کی ئینگلیزییه‌" Couple" و واتای: جووت، ده‌گه‌یه‌نێ، ئیدی له‌ جووتێک کچ و کوڕ و ژن و شووه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ جووتێ گۆره‌وی و جووتێ کراس و جووتێ ڕۆژیش. ئێستا له‌ باشووری کوردستان، ئه‌م وشه‌یه‌ بۆ کچ یا ژنێکی"خۆشه‌ویست، دۆست، ده‌زگیران، دڵدار، هاوڕێ، ده‌نک"ی که‌سێک، به‌کار ده‌هێنن. کورد هه‌رگیز پێویستی به‌و"که‌پڵ"ه‌ نییه‌ و له‌ زمانه‌که‌ی خۆیدا به‌رانبه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ وشه‌گه‌لێکی زۆر هه‌ن. له‌ ڕسته‌ی دووه‌میشدا له‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌مان"که‌پڵ" به‌کار هێنراوه‌.
9. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:"زه‌واج، زه‌واجی کردووه‌، زه‌واج ده‌کا و..."، کورد له‌بری ئه‌م "زه‌واج"ی عه‌ره‌بییه‌، ده‌ڵێ"زه‌ماوه‌ند، زه‌ماوه‌ندی کردووه‌، زه‌ماوه‌ندیان کرد، زه‌ماوه‌ند ده‌کا و..."، بێجگه‌ له‌وه‌یش ده‌گوترێ:"شووکردن، فڵانه‌کچ یا ژن شووی کرد/ شوو ده‌کا/ مێردی کرد/ مێرد ده‌کا"و بۆ پیاویش ده‌گوترێ:"فڵانه‌ کوڕ/ پیاو ژن دێنێ/ ژنی هێنا".
10. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ :" توركیا سەرقاڵی ئامادە كردنی پاكێجێكی نوێی دێموكراسییە"[6]. وشه‌ی "پاکێچ" له‌ "Package" ی ئینگلیزییه‌وه‌ هاتووه‌. کورد ئه‌گه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌یشی به‌کار هێنابێ، به‌و جۆره‌ی به‌کار نه‌هێناوه‌، به‌ڵکه‌ گوتوویه‌تی"پاکه‌ت، پاکێت". ڕه‌نگه‌ به‌کارهێنانی وشه‌گه‌لی وه‌ک:"بوخچه‌، پێچراوه‌"، خراپ نه‌بێ.
12. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:"د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم نزیكبۆته‌وه‌ له‌ سپێشه‌ڵ وه‌نى عێراق[7]". سپێشه‌ڵ وه‌ن(Special one)، وشه‌یه‌کی ئینگلیزییه‌ و به‌ واتای:یه‌که‌م، ژماره‌ یه‌ک، یه‌که‌می تایبه‌ت و ...دێت. له‌بری به‌کاربردنی ئه‌و وشه‌ ئینگلیزییه‌، وشه‌ی کوردی هه‌یه‌ و هیچ پێویست به‌ وشه‌ ئینگلیزییه‌که‌ ناکات.
13. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" هۆیەکانی بەردەوامبوونی خووی نهێنی لە دوای هاوسەرگیری"[8]. خووی نهێنی، ده‌شێ هه‌موو کار و کردارێکی نهێنی بگرێته‌وه‌، که‌ مرۆڤ به‌ نهێنی و به‌ شاراوه‌یی و دوور له‌ چاو و گوێ و پێزانینی خه‌ڵک ئه‌نجامی ده‌دات، ئیدی ڕه‌نگه‌ دزی، به‌نگکێشان، پێوه‌ندی سێکسیی نهێنی، مرۆڤ و گیانله‌به‌ر کوشتن، به‌ دزییه‌وه‌ خواردن و ده‌یان جۆره‌ ڕه‌وتار و کرداری دیکه‌ بگرێته‌وه‌. لێره‌دا، له‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ده‌سته‌واژه‌ی"خووی نهێنی" بۆ یه‌ک مه‌به‌ست به‌کار هاتووه‌، که‌ وه‌رگێڕانی ده‌سته‌واژه‌ی "العادة السریة"ی زمانی عه‌ره‌بییه‌ و عه‌ره‌ب "الإستتمناء"یش به‌کار ده‌هێنن. له‌ زمانی کوردییدا ده‌سته‌واژه‌ی"ده‌سپه‌ڕ، ده‌ستپه‌ڕ" هه‌یه‌، که‌ ده‌کاته‌ کرداری خۆڕه‌حه‌تکردن و گه‌یشتن به‌ لوتکه‌ی چێژی سێکسی، بێ جووتبوون و ئه‌نجامدانی سێکس له‌گه‌ڵ مرۆڤێکی دیکه‌دا، ئیدی ئه‌و ڕه‌حه‌تبوونه‌ به‌ ده‌ست بێ، که‌ زۆرتر به‌ده‌ستیشه‌، یا به‌ ئامێرێکی دیکه‌ و له‌لایه‌ن مرۆڤ خۆیه‌وه‌ یا که‌سێکی دیکه‌ بۆی ئه‌نجام بدات، بێ تێکه‌ڵبوون و جووتبوون. کرداری سێکسی نێوان دوو مرۆڤ پێی ده‌گوترێ"گان، گایین، گانکردن، گاندان و..."، لێ ڕه‌حه‌تبوون به‌ ده‌ست و ئامێر، ده‌بێته‌ "ده‌سپه‌ڕ" و هه‌ردوویشیان ئه‌نجامه‌که‌یان یه‌ک شته‌. ده‌گوترێ: ده‌سپه‌ڕکردن، ده‌سپه‌ڕ ده‌کات، ده‌سپه‌ڕی کرد و...ده‌سته‌واژه‌ی "ده‌سپه‌ڕ"،‌ له‌ کوردیدا زۆر له‌مێژه‌ به‌کار هێنراوه‌ و جێی خۆی گرتووه‌. وشه‌ی "ده‌سپه‌ڕ" له‌ زمانی فارسییدا "جلق"ه‌ و به‌ کرداره‌که‌یشی ده‌گوترێ"جلق زدن" و له‌ زمانی سوێدیدا " runka، onanera"یه‌ و له‌ زمانی ئینگلیزیشدا " masturbation, wank"ه‌.

14. وشه‌ی "ڕوفات" له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا"رفات"، بۆ ئیسک و پروسک و پاشماوه‌ی له‌شی مردوو، که‌ له‌ گۆڕدا ده‌مێنێته‌وه‌، به‌کار ده‌هێنرێ. کورد، به‌تایبه‌ت له‌ سه‌روبه‌ندی گێڕانه‌وه‌ی ئێسک و پاشماوه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کانه‌وه‌ ئیدی ئه‌و وشه‌ی "ڕوفات"ه‌ی کردووه‌ته‌ بنێشته‌خۆشه‌ی بن ددانی و ده‌یڵێته‌وه و ده‌ینووسێ‌، له‌ کاتێکدا ده‌کرێ هه‌ر وشه‌ی"ئێسک/ ئێسک و پروسک/ ئێسک و پاشماوه‌" به‌کار بهێنرێ.
15. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ :"دکتۆره‌ به‌لقیس، دکتۆره‌ شوکریه‌، دکتۆره‌ ئاشتی، دکتۆره‌ مه‌روه‌، دکتۆره‌ روناک، دکتۆره‌ چنار، دکتۆره‌ سه‌نا، دکتۆره‌ سه‌باح و...". ئه‌وه‌ هیج، که‌ وشه‌گه‌لی وه‌ک شوکریه‌ و روناک، به‌ هه‌ڵه‌ به‌و جۆره‌ ده‌نووسرێن و ده‌بێ وه‌ها(شوکرییه‌، ڕووناک) بنووسرێن، ده‌سته‌واژه‌ی دکتۆره‌ و به‌کارهێنانی به‌و جۆره‌ هه‌ڵه‌یه‌، چونکه‌ کورد به‌و شێوه‌ نووسین و گوتنه‌ی وشه‌که‌ی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. ئه‌و بزوێنه‌(ه‌)ی له‌ وشه‌ی (دکتۆره‌)دا هه‌یه‌، نیشانه‌ی مێیه‌تی وشه‌که‌یه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا و له زمانی کوردییدا نیشانه‌ی مێینه‌ به‌کارناهێرێ و بۆ ژن و پیاوی دکتۆر(بژیشک) و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دکتۆراش هه‌ر ده‌بێ بنووسێ و بگوترێ (دکتۆر) نه‌ک (دکتۆره‌).   
16. به‌ هۆی گۆڕانی ته‌کنۆلۆژیا و به‌کاربردنی ئامێر و شێوازی بیانی و بڕێک جاریش لاساییکردنه‌وه‌ و خۆهه‌ڵواسین به‌ ڕۆژاوادا، گه‌لێ ده‌سته‌واژه‌ی زمانانی ئه‌وروپایی هاتوونه‌ته‌ نێو زمانی کوردییه‌وه‌. به‌شێکیان پێوه‌ندیان به‌  بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و میدیاوه‌ هه‌یه‌ و به‌شێکی دیکه‌یان پێوه‌ندیان به‌ کۆمپیووته‌ر و ئینته‌رنێته‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌شێکیان پێوه‌ندیان به‌ ئۆتۆمبیل و ماشێنی دیکه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌شێکیان پێوه‌ندیان به‌ له‌شساغی و نه‌خۆشی و نه‌خۆشخانه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌شێکیان به‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه‌ و به‌شێکیان پێوه‌ندیان به‌ سیاسه‌ت و جڤاک و خۆراک و کشتوکاڵ و ئابووریی و وه‌رزشه‌وه‌ هه‌یه‌. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ: "ئایدیا، ئۆفه‌ر، ئه‌کادیمیا، ئه‌کادیمی، ئه‌کاونت، ئه‌کته‌ر، ئۆتۆنۆمی، ئێرکۆندیشن، ئیسپانه، ئۆتۆمۆبیل، ئیمێرجنسی، ئه‌مبۆڵانس، ئه‌پڵیکه‌یشن، ئه‌رشیف، ئه‌رشیڤ، ئه‌رکیڤ، ئۆفیس، ئۆرکێستر، ئۆڤه‌رپاس، ئه‌نده‌رپاس، ئۆنلاین، ئۆفلاین، ئیکۆنۆمی، باڵانس، باوڵ، باکگراوند، بیبلیۆگرافیا، بۆرد، پارک، پاسوۆرد، پرێس، په‌نچه‌ر، په‌یج، پرۆتۆکۆل، پرۆفیشناڵ، پرۆگرام، پلاییس، پۆست، پۆپۆلیزم، پلینیۆم، پانۆراما، پرۆپۆزڵ، پرۆتۆکۆڵ، پۆرتاڵ، پرنسیپ، پرۆسه‌، پرۆسێس، پرۆتستۆ، پرۆتێست، پرێس، پلان، پۆلیتیک، ڕیاڵ پۆلیتیک، تاوه‌ر، تاکتیک، تایپ، تایتڵ، ته‌لیفۆن، تێرۆریست، ته‌نده‌ر، ترادیشیۆنال، ترادیسیۆن، تراژیدیا، تراژیدی، تراکتۆر، تونێل، تیراژ، چات، داتا، دیبه‌یت، دیپلۆماتیک، دیکۆمێنت، دیموکراسی، دیجیتاڵ، دیزاین، ده‌ڕنه‌فیز، ڕۆست، ڕۆمان، ڕیژسیۆر، ڕیفراندۆم، ڕێژی، ساندویچ، سه‌نده‌ویج، سپۆت، سپۆنسه‌ر، ستایڵ، ستراتیژی، ستراتیژ، سوپرایز، ستێك، سوپه‌رمارکێت، سیتی، سێت، سێکس، سیڤی،  سه‌کندهاند، سه‌یڤ، سایت، وێب سایت، سیناریۆ، سلایدشۆ، سپۆرت،سۆکێت، ستاندارد، سۆنه‌ر سه‌نته‌ر،شۆرت، شووت، شۆڤڵ، شانۆ، شۆفێر، شه‌مه‌ندوفێر، شه‌مه‌نده‌فه‌ر، شوۆ، فاکه‌ڵتی، فه‌نده‌مێنتالیزم، فیچه‌ر، فراکسیۆن، فلاش، فووتبۆڵ، فاونده‌یشن، فۆند، فۆنداسیۆن، فێستیڤاڵ، فاکت، فاکته‌ر، فایبه‌ر، فایبه‌ر ئۆپتیک، فیته‌ر، فیلته‌ر، فنیش، فراکسیۆن،  فیگه‌ر، فیگوور، فیدرالی، فیناڵ، فیۆداڵ، فۆتۆشۆپ، ڤایرۆس، کاریکاتێر، کامیرا، کامیرامان، کرێم، کوالیتی، کۆد، کۆنگرێس، کۆنسێرت، کۆنفیدرالی، کاندید، کڵووب، کلتوور، که‌وانته‌ر، که‌ڵچه‌ر، کۆتا،کاپشن، کۆڵۆنیال، کۆڵۆنی، کۆڵۆنیالیست، کۆنزه‌رڤاتیڤ، کۆنزێرڤاتیزم، کۆنترۆڵ، کێس،که‌یس،"که‌پیتالیزم، که‌پیتالیست، کۆمباین، کۆپله،"کێبڵ، کۆمێنت، کۆمیته‌، کۆمۆنیکه‌یشن، کۆمپلیت،کابینه،کۆمسیۆن، گه‌ریلا، گه‌له‌ری، گۆڵ،"لایف ستایڵ، لایک، لۆکاڵ، لیست، ماتماتیک، ماسته‌رپلان، میدیا، ماسمێدیا، مه‌ڵتیمیدیا، مه‌گه‌زین، ماکیاج، مینی مارکێت، مارکێت، مانۆڤه‌ر، مانۆره‌، مه‌ید ئین کوردستان، موزیک، میوزیک، مۆڵ، ، مه‌ساج، مه‌ساژ، میمۆری، میکسه‌ر، ،میلیشیا، ناپرۆفیشناڵ، ناسیۆنالیست، نۆرماڵ، نۆرم، نۆڤلێت، وایه‌ر، وایه‌رلێس، وۆرکشۆپ، وۆردپرێس، هاندی...".
 به‌شێک له‌و وشه‌ و ده‌سته‌واژانه‌، ڕه‌نگه‌ مرۆڤ نه‌توانێت خۆی لییان ده‌رباز بکات و جێگره‌وه‌یان نه‌بێت، ئیدی به‌ هۆی پێشنه‌که‌وتنی زمانی کوردی له‌ بواری زانستی و کارگێڕی و فیلۆسۆفی و سیاسه‌ت و...، لێ به‌شێکیان ده‌کرێ و ده‌شێ له‌ زمانی کوردییدا، که‌ چه‌ندین شێوه‌زاری تێدایه‌، هه‌بن و ده‌کرێ مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری وشه‌ ئه‌وروپاییه‌که‌ ببێت و هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی نه‌دا و به‌ دوای وشه‌یه‌کی کوردیدا بگه‌ڕێ بۆ وشه‌ ئه‌وروپاییه‌که‌ و ئه‌گه‌ر له‌ زمانی کوردییشدا نه‌دۆزرایه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ زمانانی فارسی، به‌لووچی، په‌شتۆ و تاجیک، که‌ زمانانی ئێرانین و کوردییش زمانێکی ئێرانییه‌، کۆمه‌ک و سه‌رچاوه‌ بن بۆ وه‌ها ده‌سته‌واژه‌ و وشه‌گه‌لێک.
زمانه‌ پێشکه‌وتووه‌کانی جیهان، ساڵانه‌، چه‌ندین وشه‌ی بیانییان تێده‌که‌وێ و لێیانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن. جیاوازیگه‌لێک له‌ نێوان ئه‌و زمانانه‌ و زمانێکی وه‌ک زمانی کوردییدا، که‌ هه‌ن‌، ئه‌وان ده‌زانن چه‌ند وشه‌ له‌ زمانانی بیانییه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ نێو زمانه‌کانیانه‌وه‌ و چه‌ندیان وه‌رگرتووه‌ و بۆ وه‌ریانگرتوون و چۆن ئه‌و وشه‌ بیانیانه‌ هاتوونه‌ته‌ نێو زمانه‌کانیانه‌وه، بێجگه‌ له‌وه‌ش هه‌ر وشه‌یه‌کی وه‌ریده‌گرن و دێته‌ نێو زمانه‌کانیانه‌وه‌، له‌ ماشینی زمانه‌که‌ی خۆیانی ده‌ده‌ن‌ و ده‌یکه‌نه‌ خۆماڵی و ڕه‌نگه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ زمانه‌ ئه‌سڵییه‌که‌ هه‌ر نه‌یشیناسنه‌وه‌. تۆ ته‌ماشای زمانی فارسی بکه‌، هه‌زاران وشه‌ی عه‌ره‌بیی وه‌رگرتووه‌ و به‌رده‌وامیش وه‌ریده‌گرێ، وای فارساندوون، عه‌ره‌بی خاوه‌نیان هه‌رگیز نایانسێته‌وه‌. زمانی سوێدی، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانانی ئینگلیزی و فرانسی و ئیسپانیۆلی و ڕووسی و ئه‌ڵمانی و زۆر زمانی دیکه‌دا، زمانێکی گچکه‌یه‌، لێ هێنده‌ پوخت و خزمه‌تکراوه‌ و هێنده‌ زمانه‌وان و ده‌سه‌ڵاته‌ پێوه‌ندداره‌کانی به‌ زمانه‌وه‌ و ڕووناکبیران و نووسه‌ران و خه‌ڵکه‌که‌یشی، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌یشی، که‌ سوێدین، به‌ ته‌نگییه‌وه‌ دێن و خه‌میانه، به‌رده‌وام وه‌ک ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ک، خه‌ریکین و خۆیانی پێوه‌ ماندوو ده‌که‌ن و نوێی ده‌که‌نه‌وه‌ و پاکژی ده‌که‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ پێشخرێ و جوانکاریی تێدا بکرێ و ده‌وڵه‌مه‌ند بکرێ. ساڵی 2013، چل(40) وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ، که‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان، هه‌ر سوێدین، به‌ڵام تێهه‌ڵکێش و لێکدراون له‌گه‌ڵ وشه‌ی دیکه‌ی سوێدیدا یا له‌گه‌ڵ وشه‌یه‌کی بیانیدا‌، هاتوونه‌ته‌ نێو زمانی سوێدییه‌وه‌ و به‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ ده‌ژمێردرێن. سوێدییه‌کان ده‌زانن ئه‌و وشه‌گه‌لانه‌ پێشتر به‌و جۆره‌ به‌کارنه‌هاتوون و تازه‌ هاتوونه‌ته‌ گۆڕێ. زمانی کوردی، وه‌ک کاروانسه‌را و بازاڕ و مزگه‌وت و چایخانه‌ی لێ هاتووه‌ و هه‌ر وشه‌یه‌‌و خۆی پێدا ده‌کات و هه‌ر بابایه‌و وشه‌ی هه‌ڵه‌ به‌کارده‌هێنێ و ده‌نووسێ، تاکه‌ یه‌ک ده‌سگه‌ی فه‌رهه‌نگی و یه‌ک ده‌سه‌ڵاتیش له‌م کوردستانه‌دا نییه، ڕێزه‌یه‌ک خه‌می زمان بخوات و خۆی لێ بکات به‌ خاوه‌ن، له‌ کاتێکدا هه‌مووان ئه‌و ڕاستییانه‌‌ش ده‌زانن، که‌ جاران داگیرکه‌ر و دوژمنانی کورد زمانی کوردییان له‌به‌ین ده‌برد و ئێستا کورد بۆ خۆی خشت به‌ خشتی زمانه‌که‌ی له‌ باڵه‌خانه‌ و ته‌لاری زمانی کوردی ده‌ردێنێ و زمانی خۆی ده‌ڕووخێنێ و له‌به‌ین ده‌با. کورد، ته‌نێ زمانه‌که‌ی پارێزه‌ری بوونیه‌تی، ئه‌گه‌ر زمانه‌که‌ی له‌ده‌ستدا، ئیدی هه‌موو شتێکی له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌رگیز بوونه‌وه‌رێک به‌ ناوی کورد نامێنیت.

18 – 5 - 2014

Monday, March 31, 2014

ئه‌و

ئه‌و
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ ژیانمدا هه‌رگیز نه‌ له‌ خواردنگه‌ی به‌ناووبانگ و گه‌وره‌  و گرانبه‌ها نانم خواردووه‌  و نه‌  له‌و جۆره‌ هوتێلانه‌شدا خه‌وتووم یا خواردووم، که‌ به‌ ژماره‌ی ئه‌ستیره‌کانیانه‌وه‌ ده‌ناسرێن. هه‌میشه‌ به‌ دوای هه‌رزانترین خواردنگه‌ و هه‌رزانترین هۆتێلدا گه‌ڕاوم و له‌و جێگه‌ هه‌رزانباییانه‌دا، بێجگه‌ له‌وه‌ی گیرفانم  هه‌ر به‌شی ئه‌و جێیانه‌ی کردووه‌، هه‌ستم به‌ ئارامیی و ئاسووده‌ییش کردووه‌ و خۆم له‌و شوێنانه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و خۆم به‌ نامۆ نه‌زانیوه‌ و زانیویشمه‌ و دڵنیاش بوومه‌ له‌وه‌ی چۆن هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بکه‌م. له‌ به‌غدا، به‌ ته‌نێ یا له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی خۆمئاسادا، که‌ ده‌چوومه‌ خواردنگه‌یه‌ک، ده‌چوومه‌ ئه‌وه‌ی، که‌ خواردنی "فۆگا"ی هه‌بوو. فۆگا: وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه‌ به‌ واتای"له‌سه‌ری / له‌بانی" واته‌: "فوق"ی عه‌ره‌بی، که‌ ده‌کاته‌: سه‌ر/ بان. له‌و شوێنانه‌، که‌ برنج و شله‌یه‌ک و نانێکیان ده‌دایتێ، شله‌که‌ له‌ ده‌ورییه‌کی جودادا دا‌نه‌ده‌نرا، به‌ڵکه‌ له‌ ته‌نیشت برنجه‌که‌وه‌ داده‌نرا یا ده‌کرایه‌ سه‌ر برنجه‌که‌دا و له‌ یه‌ک ده‌وریدا وه‌رتده‌گرت. زۆرجارانیش به‌ نیونه‌فه‌ر که‌باب، که‌ دوو که‌باب بوو له‌گه‌ڵ ناندا یا به‌ قاپێک نیسکێنه‌، که‌ دوو نانم پێوه‌ ده‌خوارد یا به‌ خواردنی چه‌ند دانه‌ خه‌پڵه‌(سه‌مموون) به‌ شه‌ربه‌ته‌وه‌، له‌ شه‌ربه‌تخانه‌که‌ی حاجی زه‌بباله‌(حاج زبالة) زگی خۆم تێر ده‌کرد و شام به‌ سه‌پان ده‌زانی. خۆ ئه‌گه‌ر بچووباینه‌ یا بچووبامه‌ مه‌یخانه‌یه‌ک، ئه‌وا ده‌چووینه‌ یا ده‌چوومه‌ ئه‌و مه‌یخانانه‌ی بابوششه‌رجی یا بابوششه‌رقی"باب الشرقي"، که‌ له‌ ترسی دز و گیرفانبه‌تاڵ، ژێرسیغاره‌کانیان به‌ بزمار به‌ سه‌ر مێزه‌کاندا داکوتابوو، ئه‌و شوێنانه‌، هه‌موو جۆره‌ خه‌ڵکێکی تێ ده‌هات، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ که‌نار و له‌ په‌راوێز و ده‌رێی بازنه‌ ڕه‌سمی و نه‌ریتی و ئاساییه‌که‌ی جڤاکدا بوون و ده‌ژیان. ئه‌وانه‌ی له‌وێ ده‌بینران و ئاماده‌ییان هه‌بوو، ئه‌و که‌سانه‌ بوون، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ جڤاکه‌ نه‌ریتی و جێگرتووه‌که‌دا له‌ کێشه‌ و ملانێدا بوون. لات و چه‌قۆکێش و سه‌رسه‌ری و دز و به‌نگی و نێرباز و  قه‌ر‌زدار و لانه‌واز و شه‌ڵڵاتی و حیز و سه‌ربازی هه‌ڵاتوو و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ حیزبه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان و خه‌ڵکی ڕاوه‌دوونراو و... خه‌ڵکه‌ چه‌پ و شۆڕشگێڕ و یاخییه‌که‌ و نووسه‌ر و شاعیر و ڕۆژنامه‌نووسی گیرفانبه‌تاڵیش، له‌و ژینگه‌یه‌دا ده‌حه‌سانه‌وه‌ و هه‌ستیان به‌ نامۆیی نه‌ده‌کرد، هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌و شوێنانه‌دا، خڕ ده‌بوونه‌وه‌، ده‌یانخوارده‌وه‌ و گه‌نگه‌شه‌یان ده‌کرد، تا ئه‌وده‌مه‌ی، که‌ ئیدی که‌س له‌ که‌س تێنه‌ده‌گه‌یشت و هه‌رکه‌سه‌و قسه‌ی خۆی ده‌کرد، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌ریشیان بۆ یه‌کدی ده‌له‌قاند و جاروباریش وه‌ک نیشاندانی سۆز و خۆشه‌ویستی و باوه‌ڕبه‌یه‌کبوون، باوه‌شیان به‌یه‌کدیدا ده‌کرد و یه‌کدییان ڕاده‌مووسی. خواردنگه‌ی فۆگافرۆش و نیوکه‌بابفرۆش و بابۆڵه‌ی سووکه‌ڵه‌ و خێرا و خۆراکی سه‌ر عاره‌بانه‌ و یانه‌ی کرێکاران و ئه‌و جۆره‌ شوێنانه‌ بۆ من و که‌سانێکی وه‌ک من، ئارامبه‌خش و له‌بار و له‌به‌ردڵان بوون. گه‌لێ جاریش ڕوومانده‌کرده‌ مه‌یخانه‌ی"هاڤانا"، که‌ ده‌که‌وته‌ سه‌ر شه‌قامی "ئه‌بونه‌وواس – أبو نواس"، که‌ جاده‌یه‌کی ناسراوی به‌غدا بوو و ده‌که‌وته‌ سه‌ر ڕووباری دیجله‌ له‌به‌ری "ڕه‌سافه‌ - الرصافة". ئێمه‌ هه‌ر له‌به‌ر ناوه‌که‌ی"هاڤانا" ده‌چووینه‌ ئه‌وێ، که‌ له‌وێ داده‌نیشتین، وامان هه‌ست ده‌کرد، له‌ هاڤانای پێته‌ختی کووباین و له‌گه‌ڵ کاسترۆ و گیڤارای شه‌هیددا، پێک هه‌ڵده‌ده‌ین. به‌غدا، که‌رکووک، سلێمانی و هه‌ولێر، ئه‌وده‌می بۆ من هه‌ر ئه‌و جۆره‌ ژیانه‌ بوو. ئه‌مجه‌دی حه‌مه‌سه‌عیدی هاوڕێم، هه‌موو جارێک پێی ده‌گوتم:"من خه‌ڵکی سلێمانیم، لێ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه خۆراکفرۆش و خاوه‌ن عاره‌بانه‌ و بابۆڵه‌فرۆشه‌ی، تۆ ده‌یانناسی و تێکه‌ڵاویت له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، من نیمه‌ و نایانناسم". من ئێستاش ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌ و ئه‌و جۆره‌ ژینگه‌یانه، له‌ سه‌دان خواردنگه‌ی گرانبه‌ها و هۆتێلی نازانم چه‌ند ئه‌ستێره و خه‌ڵکانێکی میوانی ئه‌و شوێنانه‌"گه‌لێ زیاتر به‌ ڕۆحم ئاشنان...‌" و خۆمیان تێدا ده‌بینمه‌وه‌.                                            
پاش نیوه‌ڕۆیه‌ک له‌ هه‌ولێر زه‌نگی هاوڕێیه‌کم لێدا و پێکهاتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ جێگه‌یه‌ک یه‌کدی ببینین و وێکڕا هه‌ندێ قسان بکه‌ین. ئه‌و هاوڕێیه‌ وه‌ک جێگه‌ "هوتێل شیراتۆن"ی پێگوتم و کاتی ئێواره‌یشی دانا. من له‌ ماڵی کاک "شێروان پشتیوان"ی هاوڕێم بووم و تێمگه‌یاند، که‌ من ئه‌و هوتێله‌ پێ نازانم و  به‌ ته‌نیاش حه‌ز ناکه‌م بڕۆم و داوام لێکرد، وێکڕا بڕۆین. نێزیکی ئه‌و کاته‌ی داماننابوو، له‌گه‌ڵ کاک شێرواندا وه‌ڕێکه‌وتین و گه‌یشتینه‌ ئه‌و هوتێله‌. ئه‌وێ بۆ من ژینگه‌یه‌کی نامۆ و نائاشنا و گه‌لێک سه‌یر بوو. ئه‌وێ شوێنی گیرفانپڕ و جزدان ئاوساو و پاره‌دار و سه‌رمایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌وانه‌ی له‌نێو ئه‌و بازنه‌یه‌دان، بوو. ئه‌و هاوڕێیه له‌وێ چاوه‌نۆڕمان بوو و له‌ سه‌ر مێزێک دانیشتین و به‌ره‌به‌ره‌ ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی هاتنه‌ سه‌ر ئه‌و مێزه‌ زیادیانکرد و زۆرتر بوون. ئه‌وان، به‌ ده‌م قسه‌وباس و شۆخی و گاڵته‌ و پێکه‌نین و باسی سیاسه‌ته‌وه‌، ده‌ستیان به‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ کرد و بێ ڕاوه‌ستان به‌رده‌وام بوون. من له‌ ته‌واوی ئه‌و دانیشتنه‌ پێنج شه‌ش سه‌عاتییه‌دا، له‌ یه‌ک دانه‌ کووپی قاوه‌ و دوو سێ په‌رداخ ئاوی لووله‌ئاوه‌ ئاساییه‌که‌ زیاتر هیچی دیکه‌م، نه‌ خوارده‌وه‌ و نه‌ خوارد. ئه‌وان، ئه‌گه‌ر ئاویان خواردباوه‌، ئاوی حه‌یات "Hayat"ی تورکییان ده‌خوارده‌وه، لێ نه‌ده‌په‌رژانه‌ سه‌ر ئاوخواردنه‌وه‌، چونکه‌ چه‌ندین جۆری خواردنه‌وه‌یان له‌به‌رده‌مدا بوو و هه‌رجاره‌و جۆرێکیان نۆش ده‌کرد. له‌نێو ئه‌وانه‌ی سه‌ر مێزه‌که‌ ئه‌وێک دانیشتبوو. ئه‌و ئه‌وه،‌ ئه‌وی هاوڕێیه‌که‌ی من نه‌بوو، به‌ڵکه‌ ئه‌وێکی دیکه‌ بوو. ئه‌م ئه‌وه‌، قه‌ڵه‌و و تێروته‌سه‌ل و غه‌بغه‌به‌ و سیخناخ به‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و ته‌مه‌ڵی. ئه‌م ئه‌وه‌، له‌ ته‌نیشت منه‌وه‌ دانیشتبوو، تابڵێی چاکی ده‌خوارد و چاکی ده‌خوارده‌وه‌. تا دره‌نگانێکی شه‌و، ده‌وروبه‌ری سه‌عات یه‌ک و یه‌کونیوی ده‌مه‌وبه‌یان، ئیدی ورده‌ورده،‌ سه‌ر مێزه‌که‌ چۆڵ ده‌بوو، دوعاخوازی و سوپاسگوزاری و خۆشحاڵی به‌ دیدار، به‌ لاره‌لار و به‌ خاووخلیچکی و ده‌مبه‌یه‌کداهاتن و زمانگرتن، ده‌گۆڕدرایه‌وه‌ و جاروباریش ده‌نگی قاقا و پێکه‌نینێکی به‌رز و به‌هێز ده‌بیسرا. ئه‌و، که‌ دوعاخوازیمان له‌یه‌کدی کرد، گوتی ئه‌ی تۆ بۆ کوێ ده‌ڕۆی، مه‌گه‌ر تۆ نایه‌یته‌ سه‌ره‌وه‌ و لێره‌ له‌م هوتێله‌ دانه‌به‌زیوی! گوتم نه‌خێر من لێره‌ دانه‌به‌زیوم. گوتی ئه‌ی له‌ کوێ دابه‌زیوی؟ گوتم له‌ هوتێل شێروان. گوتی ئه‌وه‌ له‌ کوێیه‌؟ منیش ده‌ستم بۆ کاک شێروانی هاوڕێم ڕاکێشا و گوتم لێره‌، لای ئه‌م. ئه‌و، پێکه‌نینێکی بۆ کردم و ئیدی چووه‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ ژووره‌ تایبه‌تییه‌که‌ی خۆی له‌ هوتێل شیراتۆن.
که‌ من ئه‌و شه‌وه‌ دیتم، ئه‌و چه‌ند مانگێک بوو له‌و هوتێله‌دا ژوورێکی هه‌بوو و سێ ژه‌مه‌ له‌وێ ده‌یخوارد و ده‌یخوارده‌وه‌ و له‌وێ ده‌خه‌وت. ئه‌و کاته‌ ده‌گوترا،  خه‌رجیی شه‌وی تاکه‌که‌سێک له‌و هۆتێله‌دا، دووسه‌د دۆلارێکه‌. ئه‌و، چه‌ند مانگ بوو له‌وێ بوو، ئه‌گه‌ر مه‌سره‌ف و خه‌رجیی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بژمێردرابا، ڕه‌نگه‌ بیکردبا چه‌ندین هه‌زار دۆلار، ڕه‌نگبێ ده‌یانهه‌زار دۆلار. دیاره‌ له‌و هوتێله‌شدا، ته‌نێ ئه‌و نه‌بوو، به‌و جۆره‌ بژی و بیگوزه‌رێنێ، به‌ڵکه‌ ده‌یان ئه‌وی دیکه‌ی لێبوون، که‌ به‌و جۆره‌ ژیانیان ده‌برده‌ سه‌ر.                                                    
ئه‌و، له‌ سه‌روبه‌ندی هێرشی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر عیراق و داگیرکردنی عیراق، خرایه‌ نێو ئه‌و سه‌دان عیراقییانه‌‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ریکاییه‌کان له‌ ئه‌وروپا و هه‌نده‌رانه‌وه‌ گلێریان کردبوونه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردنیانه‌وه‌ بۆ عیراق. سه‌ره‌تا له‌ به‌غدا، گیرسایه‌وه‌ و کرایه‌ ڕاوێژکاری وه‌زاره‌تی یا وه‌زیری خویندن و به‌ڵێنی پله‌وپایه‌ی دیکه‌یشی پێ درابوو، لێ پاش ماوه‌یه‌ک، به‌غدای به‌جێهێشت و هاته‌ هه‌ولێر و ئیدی له‌و هۆتێل شیراتۆنه‌دا، پاڵی  
دابووه‌ و ده‌یگوزه‌راند و چاکیشی ده‌گوزه‌راند.                                                                                          
ئه‌و، تا ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسی عیراق و ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ عیراق و کوردستان، هه‌رگیز تاکه‌ یه‌ک وشه‌ی خێری، به‌رانبه‌ر پارتیی دیموکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی لێ نه‌بیسترابوو و به‌ درێژایی ته‌مه‌نی له‌ دوای هه‌ره‌سی 1975 ه‌وه‌ تا 2003، که‌ ئیدی سه‌ددام حوسه‌ین ڕووخا، ئه‌گه‌ر ده‌می له‌ سیاسه‌ت کۆتابێ، یا خه‌یاڵی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ کردبێ، یا گوێی له‌ باسی سیاسه‌ت گرتبێ، ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له‌ بازنه‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان و جه‌لالیه‌تیدا بووه‌.                                                                                     
له‌ هه‌رچی جڤین و دیدارێکی ڕه‌سمی و ناڕه‌سمیی حوکوومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و مه‌کته‌بی سیاسی پارتی و سه‌رۆکی هه‌رێم و جڤینی پارتی و یه‌کیه‌تیی و پارتی و هه‌ر حیزبێکی دیکه‌ و سه‌رۆکی هه‌رێم و هه‌ر شاند و که‌سێکی بیانی و ته‌واوی گردبوونه‌وه‌کاندا‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌ به‌شێکی زۆری ئه‌و دیدار و کۆبوونه‌وه‌ و دانوستاندنانه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌و ئاماده‌یی هه‌یه. وێنه‌ نییه‌، ئه‌وی تێدا نه‌بێ. ڕۆژنامه‌ نییه‌، ئه‌وی تێدا نه‌بێ. ته‌له‌ڤزیۆن نییه‌، دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نه‌کات. ئه‌و نه‌ک هه‌ر ئاماده‌یه‌ و هه‌یه‌، به‌ڵکه‌ له‌ وێنه‌کاندا وه‌ک بڵێی سه‌رۆکی هه‌رێم یا ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی یا سه‌رۆکی حوکوومه‌ت، هه‌موو له‌ خزمه‌تی ئه‌ودان و ئه‌وه‌، که‌ ده‌بێ خه‌ڵک گوێی لێ بگرێ و خه‌ڵک ڕووی ده‌می لێ بکات! ئه‌و ده‌چێته‌ به‌غدا، تورکیا، واشنگتن، ئه‌وروپا، هه‌موو جێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌ و سه‌رۆکی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌رکێ دانیشێ ئه‌و سێیه‌میانه‌. له‌ هه‌موو شاند و نێردراوێکی هه‌رێمدا بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌ک بێ، ئه‌و هه‌یه‌. به‌شداره‌ له‌ هه‌موو دانیشتن و دیدار و کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا. له‌ هه‌موو دانوستانی سه‌رۆکی هه‌رێمدا و له‌گه‌ڵ هه‌رکه‌سێک بێت، ئه‌و هه‌یه‌. له‌ دانوستانی سه‌رۆکی حوکوومه‌تدا، ئه‌و هه‌یه‌. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌کرێ، ئه‌و هه‌ر هه‌یه‌. سه‌رۆکی حوکوومه‌ت ده‌گۆڕێ، ئه‌و هه‌ر هه‌یه‌. وه‌زیر ده‌گۆڕێن، ئه‌و هه‌ر هه‌یه‌. په‌رله‌مانتار ده‌گۆڕێن، ئه‌و هه‌ر هه‌یه‌. ئه‌و وه‌ک چۆن ڕه‌گی داربه‌ڕوو له‌ ناخی زه‌وی چه‌قیوه، وه‌ها له‌ ناخی کورسییه‌که‌ی چه‌قیوه‌. ئه‌و هیچ باوبۆرانێک، هیچ زریانێک، هیچ گۆڕانێک، هیچ حیزبێک، هیچ فه‌رته‌نه‌ و ئاژاوه‌یه‌ک نایگرێته‌وه‌ و نایله‌قێنێ.                                                                                 ‌
ئه‌و مه‌ته‌ڵ و لوغز و موعه‌ممایه‌که‌، بڕوا ناکه‌م، هیچ هاووڵاتییه‌کی ئه‌و کوردستانه‌، بتوانێ هه‌ڵیبێنێ و لێی تێبگا. ئه‌گه‌ر که‌سێکی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمیش لێی تێبگا، ڕه‌نگه‌ بگوترێ: باشه‌. ڕه‌نگه‌ زێده‌ڕۆیی نه‌بێ، ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌و به‌ سه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێمیشدا سه‌پێنراوه‌. له‌و بڕوایه‌دام، ته‌نێ ئه‌وانه‌ی له‌ پشتی په‌رده‌ی سیاسه‌تی سه‌رانی هه‌رێمۆکه‌ و کوردستانۆکه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمانه‌وه‌ن، لێی تێبگه‌ن و بزانن چییه‌ و چ کاره‌یه‌، ده‌نا هیچ که‌سێکی ئاسایی وڵاته‌که‌ی خۆمان نازانێ و ته‌نانه‌ت هیچ سیاسه‌تکارێکی کوردستانیش نایناسێت و سه‌ری لێ ده‌رناکات!                                                                                
هه‌مووان ده‌ڕۆن و ئه‌و به‌ کورسییه‌که‌یه‌وه‌ نووساوه‌ و بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ کورسییه‌که‌ی و هه‌رگیز لێی نابێته‌وه‌. ئه‌و گه‌نگه‌شه‌ ده‌کات، شیکاریی ده‌کات، ڕا و بۆچوونی هه‌یه‌ و قسه‌ له‌سه‌ر هه‌موو پرس و مژاره‌کان ده‌کات. که‌سانی مانه‌ندی ئه‌و، که‌ هه‌مان کاری ئه‌ویان هه‌بوو، له‌ حوکوومه‌ته‌که‌ی سه‌ددام حوسه‌ینیشدا هه‌بوون، لێ هه‌رگیز نه‌ده‌بینران و که‌سیش نه‌ گوێی له‌ ئاخاوتن و شیکردنه‌وه‌یان بووبوو و نه‌ ئه‌وانیش هێنده‌ی ئه‌م خۆیان له‌ شته‌کان هه‌ڵنه‌ده‌قورتان!                                                                          
ئه‌م وه‌ک بڵێی ڕۆڵی میرزا و باشکاتب و ڕاپۆرتنووسێک ببێنێ وایه‌. له‌ ته‌واوی ئه‌و جڤینانه‌دا، که‌ به‌ دوور و نێزیکیش پێوه‌ندیان به‌وه‌وه‌ نییه‌، ئه‌و هه‌یه‌ و گوێ ده‌گرێ و ده‌نووسێ، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی دواتر ته‌واوی ڕۆژه‌ڤ و به‌رنامه‌ و قسه‌وباسێکی ئه‌و جڤینانه‌، بکاته‌ ڕاپۆرتێک بۆ جێگه‌یه‌کی دیکه‌ی بنێرێت، دیاره‌ هه‌روایشه‌، ده‌نا بۆ هێنده‌ هه‌یه‌ و هێنده‌ خجڵی گوێگرتنه‌!                                                             
پاش دامه‌زراندنی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و دیوانی سه‌رۆکایه‌تی، ده‌سبه‌جێ کرایه‌ سه‌رۆکی ئه‌و دیوانه‌ و تا ئه‌مڕۆیش ماوه‌ته‌وه‌. به‌ گوێره‌ی قانوونێکی تایبه‌ت به‌و دیوانه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی وه‌زێرێکی پێ دراوه‌. ئه‌و میرزا و ڕاوێژکارێکی نێزیک، گه‌لێ نێزیکی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه و گه‌وره‌ میرزا و گه‌وره‌ ڕاوێژکاری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌‌.                                                                                  
زۆر ده‌مێک بوو بێزم له‌ حیزب، له‌ سیاسه‌ت، له‌ گیرفان هه‌ڵتۆبزاو، له‌ درۆوده‌له‌سه‌ی کوردایه‌تی ده‌هاته‌وه‌. زۆر ده‌مێک بوو ده‌مزانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ کوردایه‌تی ته‌نیا یه‌ک واتای هه‌ی ئه‌ویش دۆلارایه‌تییه‌. له‌و شه‌وه‌یشه‌وه‌ ئیتر بێزم له‌و جۆره‌ دانیشتنه‌، له‌و شیراتۆنه‌، له‌و خواردن و خواردنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌و چپه‌ و بزه‌ و سه‌رله‌قاندنه‌ ناڕاستگۆیانه‌، ده‌هاته‌وه‌.                                                                      
ڕۆژاوا هه‌میشه‌ سپایه‌کی بارهێنراو و په‌روه‌رده‌کراوی ئاماده‌ی له‌م "ئه‌و"انه‌ی هه‌یه‌ و ڕۆژهه‌ڵات و جیهانه‌ به‌جێماوه‌که‌ی لێ، تژی و سیخناخ ده‌کات و به‌م "ئه‌و"انه، هه‌موو جمگه‌کانی ژیان، ده‌سه‌ڵات، ئابووری، فه‌رهه‌نگ، ئایین، سه‌رخان و ژێرخانی جڤاک، ده‌ته‌نێته‌وه‌ و داگیر ده‌کات.‌ ‌کوردستانه‌که‌ی ئێمه‌ش، له‌و سپا هه‌نارده‌یه‌ بێبه‌ش نه‌کراوه‌ و به‌ گوێره‌ی قه‌واره‌ و بوونی خۆی، پشکی خۆی به‌رکه‌وتووه‌. له‌ کوردستان، ته‌نیا ئه‌و نییه‌، که‌ هه‌و بێ‌، سه‌دان ئه‌وی مانه‌ندی ئه‌وی لێیه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌و پاڵ به‌ ئه‌وێکی دیکه‌وه‌ ده‌نێ! ئه‌وانیش له‌ سه‌ره‌وه‌ تا خوارێ، ڕۆچوون و داچۆڕاون و شۆڕبوونه‌وه‌. به‌شێک له‌و ئه‌وانه‌، که‌ ئه‌و یه‌کێکه‌ لێیان، به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ سه‌ر حوکوومه‌تی هه‌رێمدا، به‌ سه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێمدا، له‌ لایه‌ن براگه‌وره‌کانه‌وه‌، له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تگه‌لێکه‌وه‌، که‌ بوونه‌ته‌ پۆلیسی هه‌موو جیهان و سیاسه‌تی جیهان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، سه‌پێنراون و دانراون و هێز نییه‌ بیانجووڵێنێت. قوڕ به‌سه‌ر کوردستانێک، ئه‌و هه‌موو "ئه‌و"انه‌ی لێبێت! قوڕ به‌ سه‌ر کوردستانێک، ئه‌و، گه‌وره‌ میرزا و ڕاوێژکاری سه‌رۆکه‌که‌ی بێت.                           

31 – 03 - 2014

Sunday, March 23, 2014

که‌رکووکه‌خه‌م - ده‌ -



که‌رکووکه‌خه‌م
- ده‌ -
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

به‌هجه‌ت(به‌هجه‌ت تۆفیق)ی هاوڕێم، مامۆستایه‌کی خه‌ڵکی گوندی "عەلی سەرای" بوو، ماڵیان هاتبووه‌ که‌رکووک و له‌ گه‌ڕه‌کی ڕه‌حیماوا ده‌ژیان. عەلی سەرای، یه‌کێک بوو له‌و چه‌ند گونده‌ی لای خۆراوای تاوغ، که‌ دانیشتووانه‌کانیان کاکه‌یی بوون. باوکی به‌هجه‌ت، وه‌ک کارگه‌رێکی کورد، لە کۆمپانیای نەوتی کەرکووک، به‌ر بڕیاری وه‌ده‌رنان و ڕاگواستن که‌وت. به‌عس، پاکتاوی نه‌ژادی ده‌کرد و کوردی له‌ که‌رکووک دوورده‌خسته‌وه‌ و لە کارگەرانی نەوتەوە دەستیپێکرد. باوکی به‌هجه‌ت، ڕاگوێزرایه‌وه‌ بۆ سلێمانی و ئیدی هه‌موو خێزانه‌که‌ له‌گه‌ڵ باوکیدا ڕؤیشتن بۆ سلێمانی و به‌هجه‌ت به‌ته‌نیا له‌نێو خانووه‌که‌دا مابووه‌. به‌هجه‌ت، داوای له‌ خواده(خواده‌ شوکور) و من کرد، بچینه‌ ماڵه‌که‌ی ئه‌وان و هه‌رسێکمان پێکه‌وه‌ بژین. خواده‌، مامۆستا بوو و ئه‌ویش خه‌ڵکی گوندی "عه‌ره‌بکۆی"ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی کاکه‌ییه‌کان بوو و هاوڕێی هه‌ردوومان(به‌هجه‌ت و من) بوو. ئێمه‌یش چووین و نێزیکه‌ی دوو حه‌فته‌یه‌ک‌ له‌وێ بووین. شه‌وێکیان له‌ لووله‌نه‌فتێکی ده‌وروبه‌ری باوه‌گوڕگوڕ درا و گرمه‌یه‌کی یه‌کجار مه‌زن هات و ئاگر له‌و ناوه‌ که‌وته‌وه‌. ئیدی هه‌ر وا ئۆتۆمبیلی پۆلیس و هێزی سه‌ربازی و چه‌کداری به‌عس و حوکوومه‌ت بوون، ڕوویان کرده‌ گه‌ڕه‌که‌ کورده‌کانی که‌رکووک، بۆ گرتنی خه‌ڵک و کۆنترۆلکردنی ڕه‌وشه‌که‌. فیقوفاقی ئه‌و ئوتۆمبیلانه‌یش گه‌یشتنه‌ ڕه‌حیماوا و ده‌وروبه‌ری کۆڵانه‌که‌ی ئێمه‌. ئیدی ده‌سبه‌جێ یه‌کێک له‌و خزمانه‌ی به‌هجه‌ت، که‌ له‌و کۆڵانه‌دا ده‌ژیا و ‌ سه‌ر به‌ حوکوومه‌ت بوو و جاش بوو، هه‌ستی به‌ مه‌ترسی له‌ سه‌ر ژیانی ئێمه‌ کرد، که‌ سێ زگورد و سه‌ڵته‌زه‌لامی گه‌نج بووین و بێ ژن و منداڵ و خێزان له‌ خانوویه‌کدا پێکه‌وه‌ین، به‌ خۆ و به‌ کڵاشنیکۆفه‌که‌یه‌وه‌ هاته‌ لامان و له‌به‌ر ده‌رکه‌ی حه‌وشه‌دا، زۆر مه‌ردانه‌، تا به‌یانی وه‌ک ئێشکگرێک ڕاوه‌ستا و گوتی، ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌وانه‌ی به‌عس و حوکوومه‌ت هات و پرسیاری ئێره‌ی کرد، ئه‌وا ئێوه‌ خۆتان بکه‌نه‌ مردوو و نووزه‌تان لێ نه‌یه‌ته‌ ده‌رێ و من هه‌ر له‌به‌ر ده‌رگاوه‌ وه‌ڵامیان ده‌ده‌مه‌وه‌. ئه‌و شه‌وه‌مان هه‌ر لێ نه‌ده‌ڕۆیشت و بۆ به‌یانی، هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌وشه‌که‌ به‌ ڕواڵه‌ت ئارام بووبووه‌وه‌، ئێمه‌ ئیدی لانه‌واز بووین و خانووه‌که‌مان چۆڵ کرد و هه‌ریه‌که‌مان به‌لایه‌کدا ڕۆیشتین.                                                                                           

2014 – 03 -23

Monday, March 17, 2014

به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و سیستمی به‌ڕێوه‌بردن له‌ کوردستان

به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و سیستمی به‌ڕێوه‌بردن له‌ کوردستان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئێستا له‌ کوردستان بۆ"محافظة، قضاء، ناحیة"، که‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بین، ده‌سته‌واژه‌ی "پارێزگا، قه‌زا/شارۆچکه‌، ناحیه‌/شاره‌دێ" به‌کار ده‌هێنرێن. ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ کارگێڕییانه‌یش وه‌ک زۆرێک له‌ ده‌سته‌واژه‌کانی دیکه‌ی بواره‌کانی دیکه‌، هێشتا یه‌ک نه‌خراون و به‌ چه‌ندین جۆر ده‌گوترێن و ده‌نووسرێن. بۆ منیش ئاسان نییه‌ ده‌سته‌واژه‌ی دروست به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ عه‌ره‌بییانه‌ ببینمه‌وه‌، لێ ده‌سته‌واژه‌ی "ئوستان" بۆ "محافظة/پارێزگا/پارێزگه‌" به‌کار ده‌هێنم و پێم باش و دروسته‌.                                                                                  
 له‌ ساڵی 1970دا باژێڕی دهۆک، که‌ قه‌زایه‌کی سه‌ر به‌ ئوستانی مووسڵ بوو، به‌ فه‌رمانی حوکوومه‌تی ئه‌وده‌می عیراق، له‌ مووسڵ دابڕێنرا و کرایه‌ ئوستان. له‌ 28 – 2 – 1970 دا و به‌ واژۆی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌کر(أحمد حسن البکر) سه‌رۆک کۆماری ئه‌وده‌می عیراق، بڕیاری به‌ قه‌زاکردنی گوندی که‌لار، که‌ گوندێکی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی (شێروانه)‌ی قه‌زای (کفری)ی ئوستانی که‌رکووک بوو، درا. له‌ ساڵی 1974دا، قه‌زاگه‌لی چه‌مچه‌ماڵ و که‌لار، له‌ که‌رکووک دابڕێنران و خرانه‌ سه‌ر ئوستانی سلێمانی و شارۆچکه‌ی خورماتوو له‌ که‌رکووک دابڕێنرا و خرایه‌ سه‌ر ئوستانی تکریت و شارۆچکه‌ی کفری له‌ که‌رکووک دابڕێنرا و خرایه‌ سه‌ر ئوستانی دیاله‌.                                                                    
 به‌ ئوستانکردنی دهۆک و به‌ قه‌زاکردنی که‌لار، له‌ سه‌رده‌می پێکهاتنی 11 ئاداری 1970ی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی کورد و حوکوومه‌تی عیراقدا بوو. حوکوومه‌تی به‌عس له‌و گۆڕینه‌، ئامانجێکی دیاریکراوی له‌به‌رچاو گرتبوو و ده‌یزانی چ ده‌کات. ئه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی ددان به‌ کوردستانیه‌تیی ته‌واوی ئوستانی مووسڵدا بنێت، که‌ بۆ خۆی له‌ ڕووی مێژوویی و دانیشتووانه‌وه‌ کوردستان بوو، ته‌نێ ددانی به‌ کوردستانیه‌تی به‌شێکی گچکه‌ی ئوستانی مووسڵدا نا، ئه‌ویش دهۆک بوو و دهۆکی له‌ مووسڵ دابڕی و به‌وه‌ش مووسڵی وه‌ک ئوستانێکی عه‌ره‌بی ناساند.که‌ دهۆک کرایه‌ ئوستان، کورد چه‌قه‌نه‌ی بۆ لێدا و که‌و‌ته‌ هه‌ڵه‌که‌سه‌ما و پێیوابوو ده‌سکه‌وتێکی مه‌زنی وه‌ده‌ست هێناوه‌. که‌ که‌لاریش کرایه‌ قه‌زا، کورد خۆشحاڵ بوو و که‌وته‌ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، به‌و دوو گۆڕینه‌ گه‌شکه‌ بوو و وه‌ک ده‌سکه‌وت ده‌ینۆڕییه‌ گۆڕینه‌که‌.                                                                                
به‌ دابڕینی که‌لار، چه‌مچه‌ماڵ، خورماتوو و کفری له‌ که‌رکووک و ڕاگواستنی کورد له‌ که‌رکووک و عه‌ره‌باندنی که‌رکووک، ئوستانی که‌رکووک په‌لپه‌ل کرا و سیما و فه‌رهه‌نگ و هه‌موو شتێکی شێوێنرا و له‌ ئوستانێکی کوردستانییه‌وه‌، کرایه‌ ئوستانێکی عیراقی و عه‌ره‌بی.                                                                                    
ئێستا به‌ بڕیاری حوکوومه‌تی هه‌ڕێم و به‌ قایلبوونی حوکوومه‌تی به‌غدا، هه‌ڵه‌بجه‌، که‌ قه‌زایه‌کی سه‌ر به‌ ئوستانی سلێمانییه‌، ده‌کرێته‌ ئوستان. پاساوگه‌لێک، که‌ بۆ به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ دهێنرێنه‌وه‌:                                                  
1. کاره‌ساتی ژارباران و مێژووی هه‌ڵه‌بجه‌.                                         
2. زیاتر خزمه‌تکردن به‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، به‌ کردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی زیاتر و خزمه‌تگوزاری زیاتر.                                                                                      
به‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌کرێته‌ ئوستان:                                                   
 - له‌شکرێک کارمه‌ندی زیاده‌، ئیدی له‌ پارێزگار و قایمقامی قه‌زا و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس، خوێندن، ته‌ندروستی، کشتوکاڵ، کاره‌با، ئاو، هاتوچۆ، و ده‌یان به‌ڕێوه‌به‌ری دیکه‌ و سه‌دان جێگر و سکرتێر و یاریده‌ر و سه‌دان پۆلیس و پاسه‌وانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ سه‌دان خزمه‌تکار و فه‌ڕاش و شۆفێری کارگێڕییه‌کان و چێشتلێنه‌ر، ده‌خرێنه‌ سه‌ر ئه‌و سپا کارمه‌نده‌ی هه‌رێم، که‌ 75%یان زیاده‌ و ته‌نێ بۆ مووچه‌خواردن دانراون.                                                                
- دامه‌زراندنی ئه‌و هه‌موو به‌رپرس و کارمه‌نده‌ گه‌ورانه‌ له‌ ئوستانداره‌وه‌ بۆ سه‌رۆکی پۆلیس و ئه‌وانی دیکه‌، بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ ئاسایی ناحیزبی و نه‌دار و هه‌ژاره‌کان ته‌نیا یه‌ک شت ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌ویش زیادبوونی کۆمه‌ڵێک که‌ڵه‌گا و تێڵابه‌ده‌سته‌.                                                                              
- بۆ ئه‌وانه‌ی ئارامی و ئازادی و ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی، به‌ پێوه‌ری بازرگانی و بازاڕی گه‌وره‌ و مۆڵ و سوپه‌رمارکێت و هۆتێلی بیست سی نهۆمی و چێشتخانه‌ی زه‌لام و به‌رینایی و پانایی ده‌پێون، بوونی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو شاره‌کانی دیکه‌ به‌ ئوستان، هه‌ل و ده‌رفه‌تێکی زێڕین و له‌بار و یه‌کجار چاکه‌، بۆ پتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی زیاتر، به‌ڵام بۆ خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و نه‌دار و ناحیزبی و دووره‌ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، ته‌نیا کاره‌ساته‌، چونکه‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ نوێیه‌ی دێته‌ گۆڕێ ده‌بێته‌ هۆی گرانکردنی زه‌وی و خانوو و کرێی خانوو و ته‌نانه‌ت خۆراک و هاتوچۆ و ناوماڵه‌ و کاڵا و هه‌رچی شته‌ له‌و شاره‌دا، که‌ به‌ زیانی هه‌ژاران و قازانجی حاجیاغایان و پاره‌داران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.                     
- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌رێمی کوردستان، کارگه‌ر و نۆکه‌ر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رده‌ستیی ده‌که‌ن، له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌(ئیندۆنیسیا، فلیپپین، تایلاند، ئیسیووپیا، به‌نگلادیش، پاکستان، ئێران، تورکیا، عیراق و...) ده‌هێنێت و ئه‌وانن کاری بینا و ناوماڵ و چێشتخانه‌ و هۆتێل و ده‌یان کاری دیکه‌ ده‌که‌ن، هه‌ڵه‌بجه‌یش به‌ ئوستانکراوی، سه‌دان و هه‌زاران له‌و کارگه‌ره‌ بیانیانه‌ ڕووی تێ ده‌که‌ن و سه‌رامایه‌داران و خودان کاران ده‌یانهێنن و نه‌داران و بێکارانی هه‌ڵه‌بجه‌یش، هه‌ر به‌ نه‌داری و بێکاری ده‌مێننه‌وه‌.                                                        
- هاوسه‌نگییه‌ک له‌نێوان ده‌ڤه‌ری که‌سک و ده‌ڤه‌ری زه‌رددا، ده‌هێنرێته‌ گۆڕێ، به‌وه‌ی که‌سک ده‌بێته‌ دوو ئوستان(سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌) و زه‌ردیش بۆ خۆی دوو ئوستانه‌(دهۆک و هه‌ولێر).                                                                 
- ڕه‌نگه‌ بۆ خه‌ڵکی شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ خۆیان، بڕێک کارئاسانی بێته‌ دی، به‌وه‌ی بۆ هه‌ندێ کاروبار نه‌چنه‌ سلێمانی، لێ بۆ ده‌شته‌کییه‌کی شاره‌زوور و بناری هه‌ورامان، هیچ ناگۆڕێ.                                                                                    
- ده‌بێته‌ ڕێگه‌خۆشکه‌رێک بۆ به‌ ئوستانبوونی که‌لار، که‌ ئێستا وه‌ک ئوستان و به‌ ناوی ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه‌، که‌ قه‌زا دابڕاوه‌کانی که‌رکووک(چه‌مچه‌ماڵ، کفری و که‌لار خۆی خراونه‌ته‌ سه‌ری) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ، به‌وه‌ش هێنده‌ی دیکه‌ له‌تله‌تکردنی که‌رکووک ده‌چه‌سپێ و ده‌ست له‌ که‌رکووک ده‌شۆردرێ.
- ڕێگه‌ خۆش ده‌کرێ بۆ به‌ ئوستانبوونی سۆران و ئاکرێ و ڕانیه‌، که‌ له‌ 22 – 09 – 1999 دا و به‌ واژۆی سه‌رۆکی ئه‌وده‌می په‌رله‌مانی کوردستان، جه‌وهه‌ر نامیق سالم(گیانی شاد و یادی به‌خێر)، بڕیاری له‌سه‌ر درابوو. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ش بکرێنه‌ ئوستان، ئه‌وا هاوسه‌نگییه‌که‌ی نێوان ده‌ڤه‌ری زه‌رد و ده‌ڤه‌ری که‌سک، به‌م جۆره‌ی لێدێ:ده‌ڤه‌ری زه‌رد(دهۆک، ئاکرێ، هه‌ولێر و سۆران) و ده‌ڤه‌ری که‌سک(سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، ڕانیه‌ و که‌لار)، که‌ جارێکی دیکه‌ به،‌ چوار به‌ چوار، یه‌کسان ده‌بنه‌وه.‌                                                                       
- بیانوویه‌ک ده‌داته‌ حوکوومه‌تی عیراق بۆ به‌ ئوستانکردنی چه‌ند قه‌زایه‌کی دیکه‌ی کوردستان، بۆ زیاتر دوورخستنه‌وه‌ و لابردنیان له‌ کوردستان، نموونه‌ش (ته‌لعه‌فه‌ر و خورماتوو)، که‌ له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی عیراقه‌وه‌ وه‌ک دوو ئوستانی تورکماننشین ده‌ژمێردرێن، بۆ ئه‌وه‌ی هێنده‌ی دیکه‌ کورد له‌ مووسڵ و که‌رکووک دابڕدرێن.                                                                   
- ڕێگه‌ خۆش ده‌کرێ بۆ دابڕینی ده‌شتایی ئوستانی مووسڵ و جیاکردنه‌وه‌ی وه‌ک پێگه‌ و بنه‌مایه‌ک بۆ دروستکردنی قه‌واره‌یه‌ک یا ده‌وڵه‌تێکی مه‌سیحی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، له‌ داهاتوودا ته‌واوی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ڤاتیکان، پشتگری ده‌که‌ن.                         
  تۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی شێوازی کارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردن بکه‌ی له‌ کوردستاندا، که‌ ئه‌ویش له‌ عیراقه‌وه‌ی وه‌رگرتووه‌، شێوازێکی تا بڵێی دواکه‌وتوو و نه‌گونجاو و خراپه‌. کاروباری هاووڵاتێکی گوندنشینی ئاسایی له‌ کوردستان، له‌ گونده‌که‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌نێردرێته‌ ناحیه‌ و دواتر قه‌زا و دواتر ئوستان و هه‌ندێ جاریش پێته‌ختی کوردستان(هه‌ولێر) و جارجاریش به‌غدای پێته‌ختی عیراق. ئه‌م شێوه‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌، بێجگه‌ له‌ خه‌رجییه‌کی زۆر و له‌شکرگه‌لێکی کارمه‌ند و بیرۆکراتییه‌تێکی وه‌ڕزکه‌ر و کوشنده‌ و ماندووبوونێکی پڕووکێنه‌ر، هیچی دیکه‌ی لێ شین نابێت. به‌وه‌ی گوندێک بکرێته‌ قه‌زا یا قه‌زایه‌ک بکرێته‌ ئوستان، هیچ مه‌رج نییه‌ ڕه‌وشی خه‌ڵک باشتر بێت و کاروباریان ئاسانتر به‌ڕێ بخرێ. ده‌توانرێ خزمه‌ت به‌ شارێک، شارۆکه‌یه‌ک، ئاواییه‌ک بکرێ و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ک به‌ خه‌ڵکه‌که‌یان بگه‌یه‌ندرێ و دابین بکرێ، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌، پارێزگه‌ یا قه‌زا یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ بێت. ته‌واوی ئه‌و جۆره‌ گۆڕینانه‌ له‌ کوردستان و له‌عیراقدا، پاڵنه‌ر و مه‌به‌ستێکی سیاسی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و هیچیان بۆ خزمه‌تی خه‌ڵک و وڵات و خاک نین.                                                                                
له‌ جیهاندا چه‌ندین نموونه‌ی به‌ڕێوبردن و کارگێڕی هه‌ن، که‌ گه‌لێک چالاکانه‌تر کاری خه‌ڵک ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پتر خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن و که‌متر مه‌سره‌ف و خه‌رجییان تێده‌چن و پتر پێشکه‌وتن وه‌ده‌ست ده‌هێنن و ئه‌نجامی گه‌لێک باشتر و له‌به‌رچاویان ده‌بێ، نموونه‌ش شێوه‌ی کارگێڕی وڵاتی سوێده‌.                                                                         
سوێد له‌ ڕووی دانیشتووانه‌وه‌ دوو هێنده‌ و نیوی هه‌رێمی کوردستانه‌ و له‌ ڕووی به‌رینایی خاکیشه‌وه‌، چه‌ند هێنده‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێ.                         
سوێد وڵاتێکی شانشینه‌ و شا به‌ سه‌رۆکی وڵات داده‌نرێ، لێ شا، تاڕاده‌یه‌ک وه‌ک شای شه‌تره‌نج وایه‌ و هیچ جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی نییه‌ و ته‌نانه‌ت ناشتوانێ و بۆی نییه‌ ده‌م له‌ سیاسه‌ت بکوتێ و مافی ده‌نگدانیشی نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن. ئه‌وه‌ی وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌بات، حوکوومه‌ته‌، واته‌: سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و وه‌زیره‌کانی، که له‌م وه‌زاره‌تانه‌ پێک هاتوون: وه‌زاره‌تی کار، وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌تی جه‌نگ، وه‌زاره‌تی داد، وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ، وه‌زاره‌تی گوند و ده‌رێی شار، وه‌زاره‌تی ژینگه‌، وزاره‌تی ئابووری، وه‌زاره‌تی جڤاک، وه‌زاره‌تی خوێندن، وه‌زاره‌تی وزه‌، وه‌زاره‌تی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا، وه‌زاره‌تی کاروبای ده‌ره‌وه‌، وه‌زاره‌تی ژێرخانی ئابووری، وه‌زاره‌تی تێکه‌ڵاوی و گونجاندن، وه‌زاره‌تی هاریکاریی باکوور، وه‌زاره‌تی کۆمه‌ک، وه‌زاره‌تی وه‌رزش، وه‌زاره‌تی یه‌کسانی، وه‌زاره‌تی پیر و گه‌وره‌ساڵان، وه‌زاره‌تی دارایی بازاڕ، وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران، وه‌زاره‌تی مه‌ده‌نی و خانووبه‌ره‌، وه‌زاره‌تی بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی. هێچ وه‌زاره‌تێک له‌ وه‌زاره‌تێکی دیکه‌ گرنگتر نییه‌ و هه‌موو وه‌زیره‌کانیش یه‌کسانن. هه‌ر چه‌ند وه‌زاره‌تێک له‌مانه، که‌ له‌ رووی کاره‌وه‌ له‌ یه‌کدییه‌وه‌ نێزیکن،‌ یه‌که‌یه‌ک پێک دێنن و یه‌کێک له‌ وه‌زیره‌کان سه‌رپه‌رشتی ئه‌و یه‌که‌یه‌ ده‌کات. ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ سه‌رۆکی وه‌زیران/ سه‌رۆکی حوکوومه‌ت به‌رپرسی یه‌که‌میه‌‌تی. سه‌رۆکی حوکوومه‌ت جێگرێکی هه‌یه‌، جێگره‌که‌ی بۆ خۆی یه‌کێکه‌ له‌ وه‌زیره‌کان[1]. له‌ کوردستان جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌ت کاری ته‌نێ جێگرییه‌ و له‌و جێگرانه‌ش ده‌توانیت هه‌زاران بژمێریت، چونکه‌ جێگره‌کانیش جێگر و سکرتێر و جێگری جێگره‌کانیش جێگر و سکرتێریان هه‌یه‌ و هه‌ر یه‌کێک له‌وانه‌یش باڵه‌خانه‌ و جێکاری تایبه‌تی خۆی و ده‌یان پاسه‌وان و فه‌ڕاش و چایلێنه‌ر و شۆفێر و خاوێنکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌، که‌ ته‌واوی ئه‌وانه‌ ته‌نێ کارێکی زیاده‌ن‌ و بۆ پاره‌ هه‌ڵلووشینن و هیچی تر‌.                              
له‌ کوردستان، ده‌سته‌واژه‌ی"شاره‌وانی" بۆ "بلدیة"ی عه‌ره‌بی و "municipality/town /township /country  /commune  " ‌ ئینگلیزی و "kommun"ی سوێدی و "شهرداری"ی فارسی به‌کار ده‌هێنرێت و به‌رپرسی شاره‌وانییش، ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رپه‌رشتی شاره‌وانی ده‌کات، له‌ کوردستان پێی ده‌ڵێن"سه‌رۆکی شاره‌وانی". دیاره‌ ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌رۆکی شاره‌وانی" له‌ "رئیس البلدیة"ی عه‌ره‌بییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌. به‌ من ئه‌گه‌ر بڵێین "شاره‌وانی" ئه‌وا ده‌بێ سه‌رپه‌رشتکاره‌که‌یشی ببێته‌ "شاره‌وان"، وه‌ک: پاسه‌وان، گاوان، ده‌رگاوان، باخه‌وان، مه‌له‌وان و... ئه‌گه‌ر بڵێین "شارداری" ئه‌وا سه‌رپه‌رشتکاره‌که‌ی ده‌بێته‌ "شاردار". له‌ باکووری کوردستان ده‌سته‌واژه‌ی "شاره‌داری و شاره‌دار"، به‌کار ده‌هێنرێن.
سوێد، وڵاتێکه‌ پاناییه‌که‌ی 449964 کیلۆمیتری چوارگۆشه‌یه‌ و ژماره‌ی دانیشتووانیشی له‌ ساڵی 2013دا، گه‌یشتبووه‌ 9625444 که‌س. وڵاتێکه‌، هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی سیستمی شارداری"کۆمیوون  kommun" به‌ڕێوه‌ ده‌برێ و له‌ ئێستادا به‌سه‌ر 290 شارداریدا دابه‌شکراوه. قانوونی شارداری له‌ ساڵی 1862 دا، گۆڕانی تێدا کراوه‌ و له‌ سه‌ره‌تای 1863یشه‌وه‌ ئیدی خراوه‌ته‌ گه‌ڕ و کاری پێ کراوه. پێش ئه‌و ساڵانه‌ش سیستمی شارداری پێڕۆ کراوه‌‌، به‌ڵام له‌ژێر ناو و شێوه‌ی دیکه‌دا و به‌ ده‌سه‌ڵاتی جیاواز له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، پێش ساڵی 1952 ژماره‌ی شاردارییه‌کانی سوێد 2498 شارداری بوون، لێ له‌و ساڵه‌ به‌ دواوه‌ ژماره‌یان که‌مکرایه‌وه‌ بۆ 1037 شارداری، که‌ تا ئه‌و ده‌مه‌ شارداری بچکه‌ڵه‌ و سه‌ره‌تایی بوون  و دواتر گۆڕدران بۆ ئه‌مه‌ی ئێستا. قانوونی ڕێکخستنی شاردارییه‌کان له‌ ساڵی 1974دا هه‌موار کراوه‌ و گۆڕانی زیاتری تێدا کراوه‌. شاردارییه‌کان له‌ ڕووی چڕیی دانیشتووان و به‌ریناییه‌وه‌ جیاوازن، بۆ نموونه‌: شارداریی ستۆکهۆڵم، که‌ ساڵی 1968 دامه‌زراوه‌، دانیشتووانی 894165 که‌سه‌. شار‌داریی یۆته‌بۆری 532247 که‌سه‌. شار‌داریی مالموێ 311540 که‌سه‌، ئه‌مانه‌ شاردارییه‌ گه‌وره‌کانن، لێ شاردارییش هه‌ن‌، که‌ گه‌لێک گچکه‌ن وه‌ک: شارداریی بیۆرکهۆڵم، که‌ دانیشتووانی 2442 که‌سه‌ و شارداریی ئاریه‌پلووگس، که‌ دانیشتووانی 2996 که‌سه‌. شاردارییه‌کان سه‌رپه‌رشتی ئه‌م لایه‌نانه‌ ده‌که‌ن و به‌رپرسن له‌ دابینکردن و به‌ڕێوه‌بردن و جێبه‌جێکردنیان: دایه‌نگه‌ و باخچه‌ی منداڵان، خوێندنگه‌کان(سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی)، خوێندنگه‌ تایبه‌تییه‌کانی منداڵانی که‌مئه‌ندام، خوێندنی گه‌وره‌ساڵان، بیمه‌ی جڤاکی و هاریکاریی تاکه‌که‌سی و خێزان، خانه‌ی گه‌وره‌ساڵان و پیرخانه‌ و په‌ککه‌وته‌،  ته‌ندروستی(ماڵانی تایبه‌ت و نه‌خۆشی و خزمه‌تکردنیان)، بینا و نه‌خشه‌ی شار، ژینگه‌ و ئاگایی له‌شساغی، خاشاک و زبڵ و پاشه‌ڕۆک پاککردنه‌وه‌ و به‌رپرسیاریه‌تی، به‌هاناوه‌چوون و فریاکه‌وتن و ڕزگارکردنی مرۆڤ و ئاماده‌یی بۆی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ، کتێبخانه‌، هاتوچۆی گشتی(قیتار و ئۆتۆبووس و ترام و..)،  خانوو و به‌ره‌ و نشینگه‌، وه‌رزش، وزه‌، کار و بێکاری،  فه‌رهه‌نگ، چالاکی کاتی ئازاد، ئابووری، وه‌رگرتن و کاروباری په‌نابه‌ران و...
هه‌موو شاره‌دارییه‌ک سنووری خۆی هه‌یه‌ و له‌نێو ئه‌و سنوور و قه‌واره‌یه‌دا وه‌ک ده‌وڵه‌تۆکه‌ یا ده‌وڵه‌تێکی بچووک وایه و ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی هه‌یه. شارداری،‌ دوو ده‌سگای به‌ڕێوه‌بردن به‌ڕێوه‌ی ده‌با. ده‌سگای یه‌که‌م پێی ده‌گوترێ کۆمیوونفوولمێکتیگه‌(Kommunfullmäktige)، که‌ وه‌ک په‌رله‌مان وایه‌ و ئه‌ندامانی سیاسین و نوێنه‌ری حیزبه‌کانن و له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ و به‌ ده‌نگدان هه‌ڵده‌بژێردرێن و ده‌سگای دووه‌میش پێی ده‌گوترێ کۆمیوونستویره‌لسه‌( kommunstyrelse)، که‌ حوکوومه‌تی شاردارییه‌که‌یه‌ و به‌رپرسی جێبه‌جێکردن و ڕاپه‌ڕاندنی هه‌موو کاره‌کانه‌. ئه‌ندامانی ئه‌م ده‌سگای دووه‌مه‌، له‌ لایه‌ن ده‌سگای یه‌که‌مه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌کرێن. وه‌ک په‌رله‌مانی وڵات و حوکوومه‌ت، کارگێڕیی ئه‌م شاردارییانه‌ش هه‌ر چوار ساڵ جارێک به‌ هه‌ڵبژاردن ده‌گۆڕێن. له‌ شاردارییه‌که‌دا چ حیزبێک به‌ره‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بێت، ئه‌و حوکوومه‌تی شاردارییه‌که‌ دروست ده‌کات. هه‌موو شاردارییه‌ک نێوه‌ند یا پێته‌ختێکی هه‌یه‌ و شاردار و هاوکارانی له‌وێ کاره‌کانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. شارداری، خاوه‌نی بودجه‌ و ئابووری و پاره‌ی خۆیه‌تی، که‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری له‌ باجه‌وه‌ دێت. شارداری ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌یه‌ و هی هه‌ژاریش هه‌یه‌. هه‌ر شاردارییه‌ک، پێویستی به‌ پاره‌وپووڵ بێت و نه‌توانێ ته‌واوی ئه‌رکه‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکات، ده‌توانێت له‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ یا له‌ شاردارییه‌کی داراوه‌ کۆمه‌ک یا قه‌رز وه‌رگرێت. مرۆڤی ئاسایی له‌ وڵاتی سوێد، هیچ پێویستییه‌کی به‌ حوکوومه‌تی وڵات نییه‌ و هه‌ست به‌ بوونی ده‌وڵه‌ت ناکات، چونکه‌ ته‌واوی کاروباره‌کانی له‌نێو شارداییه‌که‌ی خۆیدا جێبه‌جێ ده‌کرێ[2]. له‌  ئه‌وروپا و وڵاتانی مانه‌ندی ئه‌وروپا، هه‌موو شاردارێک، به‌رپرسی باڵا و ده‌مڕاستی باژێڕ و شارداریی خۆیه‌تی.
له‌بری دامه‌زراندنی ئه‌م هه‌موو ئوستان و قه‌زا و ناحیه‌ و یه‌که‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییانه‌ له‌ کوردستان، که‌ ئه‌گه‌ر کار وا بڕوا و حاڵ به‌م جۆره‌ بێ، بۆ چه‌ند ساڵێکی دیکه‌، کوردستان ته‌نێ بریتی ده‌بێت له‌ ئوستان و قه‌زا و گوند به‌ره‌به‌ره‌ نامێنن و‌ هیچ دوور نییه‌، سبه‌ی ڕۆژێ سموود و هه‌رمۆته‌ و قه‌سریه‌زدینیش داوای به‌ ئوستانبوون بکه‌ن. که‌ هه‌موو ئه‌و ئوستابازییه‌ به‌ بیانووی کارئاسانی و یارمه‌تیدانی هاووڵات و خزمه‌تکردنی مرۆڤه‌وه‌ ده‌کرێ و له‌ ڕاستیشدا هه‌رگیز وا نییه و ڕێزه‌یه‌ک شه‌که‌تیی خه‌ڵک ده‌رناکات‌، ده‌کرا و ده‌کرێ به‌ دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان باژێڕه‌ گه‌وره‌کان و باژێڕ و جڤاکه‌ بچکۆله‌کاندا، چاره‌سه‌ر بکرێ. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر به‌ گوێره‌ی ئه‌و سیستمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ی تا ئێستا له‌ گۆڕێدایه‌، سیستمی ناحیه‌ و قه‌زا و ئوستان، کار ده‌کات و سووره‌ له‌ سه‌ری و نایگۆڕی، ئه‌وا ده‌کرێ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یه‌ک یا قایمقامی قه‌زایه‌ک، ده‌سه‌ڵاتێکی هێنده‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئوستاندارێک بدرێتێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت کاروباری خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ جێبه‌جێ بکات و خه‌ڵک پێویستی به‌وه‌ نه‌بێت بۆ واژۆکردنی پارچه‌ کاغه‌زێک یا بڕیارێک له‌ کانیی خاکی یا کچانه‌وه‌ بچێته‌ سه‌نگاو و له‌وێوه‌ بنێردێته‌‌ چه‌مچه‌ماڵ و له‌وێوه‌ هه‌واڵه‌ی که‌لار بکرێ و له‌وێوه‌ پاڵیپێوه‌‌نێن بۆ سلێمانی و دواتریش تووڕیده‌نه‌ هه‌ولێر. به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ و قایمقامی قه‌زا و ئوستانداری ئوستان له‌ کوردستان، ئێستا و له‌م ڕۆژگاره‌دا، هێنده‌ی "مه‌لا سه‌مه‌د"[3] و "ڕه‌حیمه‌هاره"[4] ده‌ستیان ناڕوا و ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌، چونکه‌ سه‌ریشیان بدا له‌ ئاسمان، ناتوانن و ناوێرن، به‌رانبه‌ر به‌رپرس و میرمحێ و تێڵابه‌ده‌ستێکی حیزبی باڵاتر له‌ خۆیان، ده‌م بکه‌نه‌وه‌ و بڵێن نه‌ء. ‌ئه‌و سیستمی کارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنه‌ی کوردستان، سیستمێکه‌ کاتی به‌سه‌ر چووه‌ و که‌ڕوو لێی داوه‌ و بێجگه‌ له‌ قورسایی و ماڵوێرانی و دروستکردن و به‌رهه‌مهێنانی گه‌نده‌ڵ و که‌ڵه‌گا و مشه‌خۆری زیاتر و زیاتر، چی دیکه‌ی پێ نییه‌. به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌یش هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ شین ده‌بێ و برینی مرۆڤه‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان نه‌ک هه‌ر ساڕێژ ناکات، به‌ڵکه‌ هه‌و ده‌کات و وڵات هێنده‌ی دیکه‌ گۆج و سه‌قه‌ت ده‌کات. که‌ ڕه‌وشه‌که‌ وه‌ها بێت، چ پاساو و بیانوو و هۆیه‌ک بۆ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و خۆشیی هه‌یه‌ ‌به‌وه‌ی  باژێڕێک ده‌بێته‌ پارێزگه‌؟ بیانوو و هۆ و پاساو هه‌بن یا نه‌، کورد هه‌ر هه‌ڵده‌په‌ڕێ! من تا ته‌واوی خاکه‌ دابڕاوه‌که‌ی کوردستان( ته‌واوی که‌رکووک، مووسڵ، به‌شێکی دیاله‌ و کووت و تکریت و عه‌ماره‌ و..) نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئامێزی کوردستان، هه‌رگیز دڵم ئاو ناخواته‌وه‌ و نه‌ به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و نه‌ به‌ ئوستانکردنی هیچ جێیه‌کی دیکه‌ دڵخۆش ده‌بم و نه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕم و نه‌ ئه‌و شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێیانه‌شم پێ خۆشه‌!                                  
17 – 03 - 2014



  http://www.regeringen.se/sb/d/385(2014 – 03 – 17)   [1]

 [3] مه‌لا سه‌مه‌د، له‌ ساڵانی 1950 و 1960ه‌کاندا له‌ بنگرد، که‌ دێیه‌کی نێزیک گوندی که‌لار بوو، پۆلیس بوو. بنگرد، مه‌خفه‌ره‌که‌ و مه‌کینه‌که‌یشی پێ ده‌گوترا، چونکه‌ هه‌م مه‌خفه‌ر، واته‌: بنکه‌ و مه‌کۆی پۆلیسی لێبوو و هه‌م مه‌کینه‌یه‌کی ئاوی لێبوو، که‌ هی موسته‌فا به‌گی جاف بوو. بنگرد ئێستاکه‌ گه‌ڕه‌کێکه‌ له‌نێو شاری که‌لاردا. مه‌لا سه‌مه‌د، له‌ ته‌واوی ئه‌و گوندانه‌وه‌ و له‌ بنه‌ی جافه‌وه‌ و له‌ ده‌شتی شاکه‌ل و شێروانه‌ و که‌لاره‌وه‌، خه‌ڵکی "تۆمه‌تبار"ی داواکراو له‌لایه‌ن دادگاوه‌ و خه‌ڵکی "گومانلێکراو"ی قۆڵبه‌ست ده‌کرد و ده‌یدا له‌به‌ر بۆ کفری و که‌رکووک، بێ ئه‌وه‌ی که‌س قسه‌ له‌ قسه‌ی بدات.                                                                                                                            
[4]  ڕه‌حیمه‌هاره‌، له‌ ساڵانی 1960 و 1970کاندا، له‌ کفری پۆلیس بوو و ده‌یتوانی ته‌واوی شاری کفری، که‌ ئه‌وده‌می گه‌وره‌شاری دوای که‌رکووک بوو له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ری گه‌رمیاندا، کۆنترۆڵ بکات. به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر خه‌ڵکی ده‌گرت و قۆڵبه‌ستیانی ده‌کرد. که‌س نه‌بوو بوێرێ به‌رانبه‌ر ڕه‌حیمه‌هاره‌ بڵێ له‌ل. ڕه‌حیمه‌هاره‌ گونی گونداری ده‌رده‌هێنا.                                                                                                                       

Thursday, March 6, 2014

که‌رکووکه‌خه‌م - نۆ –

که‌رکووکه‌خه‌م
- نۆ –
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئوکتۆبه‌ری 1972- ئوکتۆبه‌ری1973، من بۆ خۆم سه‌رباز بووم له‌ که‌رکووک. پاش ماوه‌ی سێ چوار مانگی ڕاهێنان و مه‌شقپێکردن له‌ نێوه‌ندی ڕاهێنان و مه‌شقپێکردنی پیاده‌ی که‌رکووک(مرکز تدریب مشاة کرکوك)‌، ده‌بوو بگوێزرێینه‌وه‌ بۆ پێگه‌ و یه‌که‌سه‌ربازییه‌کانی که‌رکووک. یه‌کێک له‌ خزمانی که‌رکووکم، که‌ هاوڕێیه‌کی زۆر نێزیکیشم بوو(کاک شێخ مه‌حموود) یادی به‌خێر و گیانی شاد، که‌ دۆستایه‌تییه‌کی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی نێوه‌ندی مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازگه‌ی که‌رکووکدا هه‌بوو و منیش له‌وێ سه‌رباز بووم، ڕایسپاردبوو، هه‌وڵ بدات ڕه‌وانه‌ی شوێنێکی باشم بکات. چێشته‌نگاوێک هه‌موو سه‌ربازانی ئه‌و نێوه‌نده‌ خڕکرانه‌وه‌ و ئیدی ناو ده‌خوێنرایه‌وه‌ و هه‌ر بڕکه‌ یا هه‌ر یه‌که‌ نامه‌یه‌کیان وه‌رده‌گرت و به‌ره‌و ئه‌و جێیه‌ی بۆی ده‌گوێزرانه‌وه،‌ ده‌سبه‌جێ به‌ڕێده‌که‌وتن. پاش ماوه‌یه‌ک ناوی منیش بانگکرا. چووم و نامه‌یه‌کی داخراویان دایه‌ ده‌ستم و ناوی شوێنێکی به‌ ژماره‌ و هێما و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌، لێ نووسرابوو و ته‌نێ پێیان گوتم، ئه‌و جێگه‌یه‌ له‌ باره‌گای فیرقه‌(مقرالفرقة)یه. منیش نامه‌که‌م وه‌رگرت و سواری دووچه‌رخه‌که‌م[1] بووم و ڕۆیشتم و دوای ماوه‌یه‌ک جێگه‌که‌م دۆزییه‌وه‌. ئیدی ئه‌م ڕاڕه‌و و ئه‌و ڕاڕه‌و و ئه‌م ژوور و ئه‌و ژوور تا ناردمیانه‌ ژوورێک. نه‌ بینایه‌که‌ و نه‌ ڕاڕه‌وه‌کان و نه‌ ژووره‌کانیش هیچیان له‌سه‌ر نه‌نووسرابوون و دیار نه‌بوون چ جۆره‌ به‌شێکی له‌شکرن. که‌ وه‌ژوورکه‌وتم 6 -7 جێگری ئه‌فسه‌ر و هه‌ریه‌که‌ له‌ پشتی مێزیکه‌وه‌ دانیشتبوون. هه‌ندێکیان عه‌ره‌ب بوون و هه‌ندێکیشیان تورکمان بوون، دیاره‌ دواتر له‌ ڕێگه‌ی قسه‌کردنیان له‌ نێو خۆیاندا و له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وت. من نه‌مزانی ڕوو له‌ کامیان بکه‌م.‌ که‌ نامه‌که‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ بده‌م، یه‌کێکیان به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ کردم و منیش چوومه‌ به‌رده‌می و نامه‌که‌م دایه‌ ده‌ستی. پاکه‌ت(زه‌رف)ه‌که‌ی هه‌ڵبچڕی و نامه‌که‌ی خوێنده‌وه‌ و به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ کورسییه‌ک کرد و به‌ عه‌ره‌بی پێی گوتم: له‌ سه‌ر ئه‌و کورسییه‌ دانیشه‌.‌‌ منیش چووم و دانیشتم. ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆ بوو که‌ دانیشتم. ده‌وروبه‌ری سه‌عات چوار، هه‌موو قیت بوونه‌وه‌ و مێز و دۆڵاب و ده‌فته‌ر و کاغه‌زه‌کانیان داخست و کڵۆم کرد. به‌وه‌دا تێگه‌یشتم، که‌ کاریان ته‌واو بووه‌ و ده‌ڕۆن. له‌و ماوه‌‌ی ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌دا، تاکه‌ یه‌ک وشه‌یش‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کردم. که‌ هه‌ڵسان منیش هه‌ڵسام و که‌سیان هیچی پێ نه‌گوتم، تا خۆم له‌وه‌ی کاغه‌زه‌که‌ی لێ وه‌رگرتبووم پرسیارم کرد، که‌ چی بکه‌م و سبه‌ی چۆن! هه‌ر ئه‌وه‌ی پێ گوتم، که‌ سبه‌ی سه‌عات هه‌شت دێمه‌وه‌ ئه‌و جێگه‌یه. ئیدی بێ خوداحافیزی و هیچ، له‌گه‌ڵ خۆیاندا منیشیان پێش خۆیان کرده‌ ده‌ره‌وه‌. منیش  وه‌ک ڕۆژانی پێشووم به‌ دووچه‌رخه‌که‌م به‌ره‌و نێو شار وه‌ڕێکه‌وتم. سبه‌ی سه‌عات هه‌شتی به‌یانی هاتمه‌وه‌ و چوومه‌ ژوورێ و له‌ سه‌ر کورسی گۆرین دانیشتمه‌وه‌. تا سه‌عات چوار یه‌ک قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کردم و منیش ته‌نیا بۆ ئاوخواردنه‌وه‌ و سه‌راو له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌ هه‌ڵده‌ستام، ده‌نا ئیدی هه‌ر له‌وێ وه‌ک په‌یکه‌رێک دانیشتبووم. که‌ کار ته‌واو بوو و هه‌ڵسان بڕۆن، منیش هه‌ڵسام و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا وه‌ده‌رکه‌وتم. ئیدی نه‌مپرسی، ‌ بۆ سبه‌ی چبکه‌م، چونکه‌ ده‌مزانی سبه‌ینێیش هه‌روا ده‌بێت. ڕۆژی سێیه‌م هاتمه‌وه‌ و چوومه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان کورسی و دانیشتمه‌وه‌. تا ده‌وروبه‌ری سه‌عات سێ. له‌پڕ جێگری ئه‌فسه‌رێک هاته‌ ژوورێ و ڕوویکرده‌ من و گوتی: تۆ ناوت چییه‌؟ پێم گوت فڵان و ئه‌وجا گوتی: تۆ ده‌رچووی زانستگه‌ و کۆلێژی ئابووریت؟ گوتم: به‌ڵێ. ئه‌وجا گوتی: تۆ عه‌ره‌بی یا تورکمانی؟ گوتم: کوردم. ئیدی وه‌ده‌رکه‌وت و منیش له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌ی خۆم دانیشتمه‌وه‌. پاش نیو سه‌عاتێک هه‌ر ئه‌و کابرایه‌ هاته‌وه‌ و نامه‌یه‌کی پێچراوه‌ و داخراوی بۆ درێژ کردم و دایه‌ ده‌ستم و گوتی:" تۆ به‌ هه‌ڵه‌ هاتووی بۆ ئێره‌ و ده‌ڕۆی بۆ شوێنێکی دیکه‌، که‌ له‌ سه‌ر زه‌رفی نامه‌که‌ نووسراوه"‌. ئیدی نامه‌که‌م لێوه‌رگرت و  له‌ ژێر لێوه‌وه‌ خواحافیزییه‌کم لێکردن و وه‌ده‌رکه‌وتم و ڕۆیشتم تا یه‌که‌ سه‌ربازییه‌ نوێیه‌که‌مم دۆزییه‌وه‌، که‌ کارگێڕیی کاری شوێنگه‌ی که‌رکووک(أشغال موقع کرکوك) بوو. ماوه‌ی ئه‌و سێ ڕۆژه‌ی له‌و کارگێڕییه‌ی به‌رین بووم، که‌  کارم ته‌نێ دانیشتن بوو له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌، هه‌رگیز نه‌مزانی ئه‌و کارگێڕییه‌ چییه‌ و کوێیه‌، تا دواتر له‌ کارگێڕییه‌ نوێیه‌که‌م زانیم، ئه‌وه‌ به‌شێکی به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی هه‌واڵگری له‌شکریی(مدیریة الإستخبارات العسکریة) بووه‌. به‌ پرسیاره‌کانی کابرا، که‌ من عه‌ره‌بم یا تورکمان و به‌ وه‌ده‌رنانی من له‌و جێگه‌یه‌، ئه‌وه‌ سه‌لمێندرا و ڕوون بووه‌وه‌، که‌ کورد له‌و سه‌رده‌مه‌شدا، که‌ به‌شێک بوو له‌ چوار ساڵه‌که‌ی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 و ده‌سه‌ڵاتداری دووه‌می دوای به‌عس بوو له‌ هه‌موو عیراقدا،  له‌و شوێنه‌، مه‌گه‌ر خۆفرۆش و خیانه‌تکار با، ده‌نا هه‌رگیز ته‌نانه‌ت وه‌ک نزمترین پله‌ی سه‌ربازییش، جێگه‌ی نه‌ده‌بووه‌وه و عه‌ره‌ب، که‌ هیچ ماڵی خۆی بوو، لێ تورکمانیش جێی ده‌بووه‌وه!                                                                                                               
        
06 – 03 - 2014



[1] دوچه‌رخه‌(پایسکیل)، ئه‌وده‌می یه‌کێک بوو له‌ ئامرازه‌ فره‌ به‌کاربراوه‌کانی هاتوچۆ له‌ شاری که‌رکووکدا. که‌رکووک به‌ دووچه‌رخه‌ به‌ناوبانگ بوو. ڕه‌نگه‌ به‌هۆی کۆمپانیای نه‌وت و بوونی ژماره‌یه‌کی زۆری کارگه‌ر و بوونی ئینگلیز و خه‌ڵکی دیکه‌ی بیانی، که‌ کارمه‌ند بوون له‌ کۆمپانیای نه‌وتدا و به‌ چاولێکه‌ری و تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، ‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و هاتنی ئینگلیز بۆ ئه‌و شاره‌ له‌ کۆتایی ساڵانی 1920ه‌کانه‌وه‌،، ئیدی فه‌رهه‌نگ یا نه‌ریتی دووچه‌رخه‌ئاژۆتن له‌ که‌رکووکدا په‌یدا بووبێت و بره‌وی په‌یدا کردبێت.                                                                                      

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...