Monday, March 17, 2014

به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و سیستمی به‌ڕێوه‌بردن له‌ کوردستان

به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و سیستمی به‌ڕێوه‌بردن له‌ کوردستان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئێستا له‌ کوردستان بۆ"محافظة، قضاء، ناحیة"، که‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بین، ده‌سته‌واژه‌ی "پارێزگا، قه‌زا/شارۆچکه‌، ناحیه‌/شاره‌دێ" به‌کار ده‌هێنرێن. ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ کارگێڕییانه‌یش وه‌ک زۆرێک له‌ ده‌سته‌واژه‌کانی دیکه‌ی بواره‌کانی دیکه‌، هێشتا یه‌ک نه‌خراون و به‌ چه‌ندین جۆر ده‌گوترێن و ده‌نووسرێن. بۆ منیش ئاسان نییه‌ ده‌سته‌واژه‌ی دروست به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ عه‌ره‌بییانه‌ ببینمه‌وه‌، لێ ده‌سته‌واژه‌ی "ئوستان" بۆ "محافظة/پارێزگا/پارێزگه‌" به‌کار ده‌هێنم و پێم باش و دروسته‌.                                                                                  
 له‌ ساڵی 1970دا باژێڕی دهۆک، که‌ قه‌زایه‌کی سه‌ر به‌ ئوستانی مووسڵ بوو، به‌ فه‌رمانی حوکوومه‌تی ئه‌وده‌می عیراق، له‌ مووسڵ دابڕێنرا و کرایه‌ ئوستان. له‌ 28 – 2 – 1970 دا و به‌ واژۆی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌کر(أحمد حسن البکر) سه‌رۆک کۆماری ئه‌وده‌می عیراق، بڕیاری به‌ قه‌زاکردنی گوندی که‌لار، که‌ گوندێکی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی (شێروانه)‌ی قه‌زای (کفری)ی ئوستانی که‌رکووک بوو، درا. له‌ ساڵی 1974دا، قه‌زاگه‌لی چه‌مچه‌ماڵ و که‌لار، له‌ که‌رکووک دابڕێنران و خرانه‌ سه‌ر ئوستانی سلێمانی و شارۆچکه‌ی خورماتوو له‌ که‌رکووک دابڕێنرا و خرایه‌ سه‌ر ئوستانی تکریت و شارۆچکه‌ی کفری له‌ که‌رکووک دابڕێنرا و خرایه‌ سه‌ر ئوستانی دیاله‌.                                                                    
 به‌ ئوستانکردنی دهۆک و به‌ قه‌زاکردنی که‌لار، له‌ سه‌رده‌می پێکهاتنی 11 ئاداری 1970ی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی کورد و حوکوومه‌تی عیراقدا بوو. حوکوومه‌تی به‌عس له‌و گۆڕینه‌، ئامانجێکی دیاریکراوی له‌به‌رچاو گرتبوو و ده‌یزانی چ ده‌کات. ئه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی ددان به‌ کوردستانیه‌تیی ته‌واوی ئوستانی مووسڵدا بنێت، که‌ بۆ خۆی له‌ ڕووی مێژوویی و دانیشتووانه‌وه‌ کوردستان بوو، ته‌نێ ددانی به‌ کوردستانیه‌تی به‌شێکی گچکه‌ی ئوستانی مووسڵدا نا، ئه‌ویش دهۆک بوو و دهۆکی له‌ مووسڵ دابڕی و به‌وه‌ش مووسڵی وه‌ک ئوستانێکی عه‌ره‌بی ناساند.که‌ دهۆک کرایه‌ ئوستان، کورد چه‌قه‌نه‌ی بۆ لێدا و که‌و‌ته‌ هه‌ڵه‌که‌سه‌ما و پێیوابوو ده‌سکه‌وتێکی مه‌زنی وه‌ده‌ست هێناوه‌. که‌ که‌لاریش کرایه‌ قه‌زا، کورد خۆشحاڵ بوو و که‌وته‌ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، به‌و دوو گۆڕینه‌ گه‌شکه‌ بوو و وه‌ک ده‌سکه‌وت ده‌ینۆڕییه‌ گۆڕینه‌که‌.                                                                                
به‌ دابڕینی که‌لار، چه‌مچه‌ماڵ، خورماتوو و کفری له‌ که‌رکووک و ڕاگواستنی کورد له‌ که‌رکووک و عه‌ره‌باندنی که‌رکووک، ئوستانی که‌رکووک په‌لپه‌ل کرا و سیما و فه‌رهه‌نگ و هه‌موو شتێکی شێوێنرا و له‌ ئوستانێکی کوردستانییه‌وه‌، کرایه‌ ئوستانێکی عیراقی و عه‌ره‌بی.                                                                                    
ئێستا به‌ بڕیاری حوکوومه‌تی هه‌ڕێم و به‌ قایلبوونی حوکوومه‌تی به‌غدا، هه‌ڵه‌بجه‌، که‌ قه‌زایه‌کی سه‌ر به‌ ئوستانی سلێمانییه‌، ده‌کرێته‌ ئوستان. پاساوگه‌لێک، که‌ بۆ به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ دهێنرێنه‌وه‌:                                                  
1. کاره‌ساتی ژارباران و مێژووی هه‌ڵه‌بجه‌.                                         
2. زیاتر خزمه‌تکردن به‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، به‌ کردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی زیاتر و خزمه‌تگوزاری زیاتر.                                                                                      
به‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌کرێته‌ ئوستان:                                                   
 - له‌شکرێک کارمه‌ندی زیاده‌، ئیدی له‌ پارێزگار و قایمقامی قه‌زا و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس، خوێندن، ته‌ندروستی، کشتوکاڵ، کاره‌با، ئاو، هاتوچۆ، و ده‌یان به‌ڕێوه‌به‌ری دیکه‌ و سه‌دان جێگر و سکرتێر و یاریده‌ر و سه‌دان پۆلیس و پاسه‌وانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ سه‌دان خزمه‌تکار و فه‌ڕاش و شۆفێری کارگێڕییه‌کان و چێشتلێنه‌ر، ده‌خرێنه‌ سه‌ر ئه‌و سپا کارمه‌نده‌ی هه‌رێم، که‌ 75%یان زیاده‌ و ته‌نێ بۆ مووچه‌خواردن دانراون.                                                                
- دامه‌زراندنی ئه‌و هه‌موو به‌رپرس و کارمه‌نده‌ گه‌ورانه‌ له‌ ئوستانداره‌وه‌ بۆ سه‌رۆکی پۆلیس و ئه‌وانی دیکه‌، بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ ئاسایی ناحیزبی و نه‌دار و هه‌ژاره‌کان ته‌نیا یه‌ک شت ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌ویش زیادبوونی کۆمه‌ڵێک که‌ڵه‌گا و تێڵابه‌ده‌سته‌.                                                                              
- بۆ ئه‌وانه‌ی ئارامی و ئازادی و ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی، به‌ پێوه‌ری بازرگانی و بازاڕی گه‌وره‌ و مۆڵ و سوپه‌رمارکێت و هۆتێلی بیست سی نهۆمی و چێشتخانه‌ی زه‌لام و به‌رینایی و پانایی ده‌پێون، بوونی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو شاره‌کانی دیکه‌ به‌ ئوستان، هه‌ل و ده‌رفه‌تێکی زێڕین و له‌بار و یه‌کجار چاکه‌، بۆ پتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی زیاتر، به‌ڵام بۆ خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و نه‌دار و ناحیزبی و دووره‌ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، ته‌نیا کاره‌ساته‌، چونکه‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ نوێیه‌ی دێته‌ گۆڕێ ده‌بێته‌ هۆی گرانکردنی زه‌وی و خانوو و کرێی خانوو و ته‌نانه‌ت خۆراک و هاتوچۆ و ناوماڵه‌ و کاڵا و هه‌رچی شته‌ له‌و شاره‌دا، که‌ به‌ زیانی هه‌ژاران و قازانجی حاجیاغایان و پاره‌داران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.                     
- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌رێمی کوردستان، کارگه‌ر و نۆکه‌ر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رده‌ستیی ده‌که‌ن، له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌(ئیندۆنیسیا، فلیپپین، تایلاند، ئیسیووپیا، به‌نگلادیش، پاکستان، ئێران، تورکیا، عیراق و...) ده‌هێنێت و ئه‌وانن کاری بینا و ناوماڵ و چێشتخانه‌ و هۆتێل و ده‌یان کاری دیکه‌ ده‌که‌ن، هه‌ڵه‌بجه‌یش به‌ ئوستانکراوی، سه‌دان و هه‌زاران له‌و کارگه‌ره‌ بیانیانه‌ ڕووی تێ ده‌که‌ن و سه‌رامایه‌داران و خودان کاران ده‌یانهێنن و نه‌داران و بێکارانی هه‌ڵه‌بجه‌یش، هه‌ر به‌ نه‌داری و بێکاری ده‌مێننه‌وه‌.                                                        
- هاوسه‌نگییه‌ک له‌نێوان ده‌ڤه‌ری که‌سک و ده‌ڤه‌ری زه‌رددا، ده‌هێنرێته‌ گۆڕێ، به‌وه‌ی که‌سک ده‌بێته‌ دوو ئوستان(سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌) و زه‌ردیش بۆ خۆی دوو ئوستانه‌(دهۆک و هه‌ولێر).                                                                 
- ڕه‌نگه‌ بۆ خه‌ڵکی شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ خۆیان، بڕێک کارئاسانی بێته‌ دی، به‌وه‌ی بۆ هه‌ندێ کاروبار نه‌چنه‌ سلێمانی، لێ بۆ ده‌شته‌کییه‌کی شاره‌زوور و بناری هه‌ورامان، هیچ ناگۆڕێ.                                                                                    
- ده‌بێته‌ ڕێگه‌خۆشکه‌رێک بۆ به‌ ئوستانبوونی که‌لار، که‌ ئێستا وه‌ک ئوستان و به‌ ناوی ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه‌، که‌ قه‌زا دابڕاوه‌کانی که‌رکووک(چه‌مچه‌ماڵ، کفری و که‌لار خۆی خراونه‌ته‌ سه‌ری) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ، به‌وه‌ش هێنده‌ی دیکه‌ له‌تله‌تکردنی که‌رکووک ده‌چه‌سپێ و ده‌ست له‌ که‌رکووک ده‌شۆردرێ.
- ڕێگه‌ خۆش ده‌کرێ بۆ به‌ ئوستانبوونی سۆران و ئاکرێ و ڕانیه‌، که‌ له‌ 22 – 09 – 1999 دا و به‌ واژۆی سه‌رۆکی ئه‌وده‌می په‌رله‌مانی کوردستان، جه‌وهه‌ر نامیق سالم(گیانی شاد و یادی به‌خێر)، بڕیاری له‌سه‌ر درابوو. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ش بکرێنه‌ ئوستان، ئه‌وا هاوسه‌نگییه‌که‌ی نێوان ده‌ڤه‌ری زه‌رد و ده‌ڤه‌ری که‌سک، به‌م جۆره‌ی لێدێ:ده‌ڤه‌ری زه‌رد(دهۆک، ئاکرێ، هه‌ولێر و سۆران) و ده‌ڤه‌ری که‌سک(سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، ڕانیه‌ و که‌لار)، که‌ جارێکی دیکه‌ به،‌ چوار به‌ چوار، یه‌کسان ده‌بنه‌وه.‌                                                                       
- بیانوویه‌ک ده‌داته‌ حوکوومه‌تی عیراق بۆ به‌ ئوستانکردنی چه‌ند قه‌زایه‌کی دیکه‌ی کوردستان، بۆ زیاتر دوورخستنه‌وه‌ و لابردنیان له‌ کوردستان، نموونه‌ش (ته‌لعه‌فه‌ر و خورماتوو)، که‌ له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی عیراقه‌وه‌ وه‌ک دوو ئوستانی تورکماننشین ده‌ژمێردرێن، بۆ ئه‌وه‌ی هێنده‌ی دیکه‌ کورد له‌ مووسڵ و که‌رکووک دابڕدرێن.                                                                   
- ڕێگه‌ خۆش ده‌کرێ بۆ دابڕینی ده‌شتایی ئوستانی مووسڵ و جیاکردنه‌وه‌ی وه‌ک پێگه‌ و بنه‌مایه‌ک بۆ دروستکردنی قه‌واره‌یه‌ک یا ده‌وڵه‌تێکی مه‌سیحی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، له‌ داهاتوودا ته‌واوی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ڤاتیکان، پشتگری ده‌که‌ن.                         
  تۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی شێوازی کارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردن بکه‌ی له‌ کوردستاندا، که‌ ئه‌ویش له‌ عیراقه‌وه‌ی وه‌رگرتووه‌، شێوازێکی تا بڵێی دواکه‌وتوو و نه‌گونجاو و خراپه‌. کاروباری هاووڵاتێکی گوندنشینی ئاسایی له‌ کوردستان، له‌ گونده‌که‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌نێردرێته‌ ناحیه‌ و دواتر قه‌زا و دواتر ئوستان و هه‌ندێ جاریش پێته‌ختی کوردستان(هه‌ولێر) و جارجاریش به‌غدای پێته‌ختی عیراق. ئه‌م شێوه‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌، بێجگه‌ له‌ خه‌رجییه‌کی زۆر و له‌شکرگه‌لێکی کارمه‌ند و بیرۆکراتییه‌تێکی وه‌ڕزکه‌ر و کوشنده‌ و ماندووبوونێکی پڕووکێنه‌ر، هیچی دیکه‌ی لێ شین نابێت. به‌وه‌ی گوندێک بکرێته‌ قه‌زا یا قه‌زایه‌ک بکرێته‌ ئوستان، هیچ مه‌رج نییه‌ ڕه‌وشی خه‌ڵک باشتر بێت و کاروباریان ئاسانتر به‌ڕێ بخرێ. ده‌توانرێ خزمه‌ت به‌ شارێک، شارۆکه‌یه‌ک، ئاواییه‌ک بکرێ و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ک به‌ خه‌ڵکه‌که‌یان بگه‌یه‌ندرێ و دابین بکرێ، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌، پارێزگه‌ یا قه‌زا یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ بێت. ته‌واوی ئه‌و جۆره‌ گۆڕینانه‌ له‌ کوردستان و له‌عیراقدا، پاڵنه‌ر و مه‌به‌ستێکی سیاسی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و هیچیان بۆ خزمه‌تی خه‌ڵک و وڵات و خاک نین.                                                                                
له‌ جیهاندا چه‌ندین نموونه‌ی به‌ڕێوبردن و کارگێڕی هه‌ن، که‌ گه‌لێک چالاکانه‌تر کاری خه‌ڵک ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پتر خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن و که‌متر مه‌سره‌ف و خه‌رجییان تێده‌چن و پتر پێشکه‌وتن وه‌ده‌ست ده‌هێنن و ئه‌نجامی گه‌لێک باشتر و له‌به‌رچاویان ده‌بێ، نموونه‌ش شێوه‌ی کارگێڕی وڵاتی سوێده‌.                                                                         
سوێد له‌ ڕووی دانیشتووانه‌وه‌ دوو هێنده‌ و نیوی هه‌رێمی کوردستانه‌ و له‌ ڕووی به‌رینایی خاکیشه‌وه‌، چه‌ند هێنده‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێ.                         
سوێد وڵاتێکی شانشینه‌ و شا به‌ سه‌رۆکی وڵات داده‌نرێ، لێ شا، تاڕاده‌یه‌ک وه‌ک شای شه‌تره‌نج وایه‌ و هیچ جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی نییه‌ و ته‌نانه‌ت ناشتوانێ و بۆی نییه‌ ده‌م له‌ سیاسه‌ت بکوتێ و مافی ده‌نگدانیشی نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن. ئه‌وه‌ی وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌بات، حوکوومه‌ته‌، واته‌: سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و وه‌زیره‌کانی، که له‌م وه‌زاره‌تانه‌ پێک هاتوون: وه‌زاره‌تی کار، وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌تی جه‌نگ، وه‌زاره‌تی داد، وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ، وه‌زاره‌تی گوند و ده‌رێی شار، وه‌زاره‌تی ژینگه‌، وزاره‌تی ئابووری، وه‌زاره‌تی جڤاک، وه‌زاره‌تی خوێندن، وه‌زاره‌تی وزه‌، وه‌زاره‌تی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا، وه‌زاره‌تی کاروبای ده‌ره‌وه‌، وه‌زاره‌تی ژێرخانی ئابووری، وه‌زاره‌تی تێکه‌ڵاوی و گونجاندن، وه‌زاره‌تی هاریکاریی باکوور، وه‌زاره‌تی کۆمه‌ک، وه‌زاره‌تی وه‌رزش، وه‌زاره‌تی یه‌کسانی، وه‌زاره‌تی پیر و گه‌وره‌ساڵان، وه‌زاره‌تی دارایی بازاڕ، وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران، وه‌زاره‌تی مه‌ده‌نی و خانووبه‌ره‌، وه‌زاره‌تی بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی. هێچ وه‌زاره‌تێک له‌ وه‌زاره‌تێکی دیکه‌ گرنگتر نییه‌ و هه‌موو وه‌زیره‌کانیش یه‌کسانن. هه‌ر چه‌ند وه‌زاره‌تێک له‌مانه، که‌ له‌ رووی کاره‌وه‌ له‌ یه‌کدییه‌وه‌ نێزیکن،‌ یه‌که‌یه‌ک پێک دێنن و یه‌کێک له‌ وه‌زیره‌کان سه‌رپه‌رشتی ئه‌و یه‌که‌یه‌ ده‌کات. ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ سه‌رۆکی وه‌زیران/ سه‌رۆکی حوکوومه‌ت به‌رپرسی یه‌که‌میه‌‌تی. سه‌رۆکی حوکوومه‌ت جێگرێکی هه‌یه‌، جێگره‌که‌ی بۆ خۆی یه‌کێکه‌ له‌ وه‌زیره‌کان[1]. له‌ کوردستان جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌ت کاری ته‌نێ جێگرییه‌ و له‌و جێگرانه‌ش ده‌توانیت هه‌زاران بژمێریت، چونکه‌ جێگره‌کانیش جێگر و سکرتێر و جێگری جێگره‌کانیش جێگر و سکرتێریان هه‌یه‌ و هه‌ر یه‌کێک له‌وانه‌یش باڵه‌خانه‌ و جێکاری تایبه‌تی خۆی و ده‌یان پاسه‌وان و فه‌ڕاش و چایلێنه‌ر و شۆفێر و خاوێنکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌، که‌ ته‌واوی ئه‌وانه‌ ته‌نێ کارێکی زیاده‌ن‌ و بۆ پاره‌ هه‌ڵلووشینن و هیچی تر‌.                              
له‌ کوردستان، ده‌سته‌واژه‌ی"شاره‌وانی" بۆ "بلدیة"ی عه‌ره‌بی و "municipality/town /township /country  /commune  " ‌ ئینگلیزی و "kommun"ی سوێدی و "شهرداری"ی فارسی به‌کار ده‌هێنرێت و به‌رپرسی شاره‌وانییش، ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رپه‌رشتی شاره‌وانی ده‌کات، له‌ کوردستان پێی ده‌ڵێن"سه‌رۆکی شاره‌وانی". دیاره‌ ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌رۆکی شاره‌وانی" له‌ "رئیس البلدیة"ی عه‌ره‌بییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌. به‌ من ئه‌گه‌ر بڵێین "شاره‌وانی" ئه‌وا ده‌بێ سه‌رپه‌رشتکاره‌که‌یشی ببێته‌ "شاره‌وان"، وه‌ک: پاسه‌وان، گاوان، ده‌رگاوان، باخه‌وان، مه‌له‌وان و... ئه‌گه‌ر بڵێین "شارداری" ئه‌وا سه‌رپه‌رشتکاره‌که‌ی ده‌بێته‌ "شاردار". له‌ باکووری کوردستان ده‌سته‌واژه‌ی "شاره‌داری و شاره‌دار"، به‌کار ده‌هێنرێن.
سوێد، وڵاتێکه‌ پاناییه‌که‌ی 449964 کیلۆمیتری چوارگۆشه‌یه‌ و ژماره‌ی دانیشتووانیشی له‌ ساڵی 2013دا، گه‌یشتبووه‌ 9625444 که‌س. وڵاتێکه‌، هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی سیستمی شارداری"کۆمیوون  kommun" به‌ڕێوه‌ ده‌برێ و له‌ ئێستادا به‌سه‌ر 290 شارداریدا دابه‌شکراوه. قانوونی شارداری له‌ ساڵی 1862 دا، گۆڕانی تێدا کراوه‌ و له‌ سه‌ره‌تای 1863یشه‌وه‌ ئیدی خراوه‌ته‌ گه‌ڕ و کاری پێ کراوه. پێش ئه‌و ساڵانه‌ش سیستمی شارداری پێڕۆ کراوه‌‌، به‌ڵام له‌ژێر ناو و شێوه‌ی دیکه‌دا و به‌ ده‌سه‌ڵاتی جیاواز له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، پێش ساڵی 1952 ژماره‌ی شاردارییه‌کانی سوێد 2498 شارداری بوون، لێ له‌و ساڵه‌ به‌ دواوه‌ ژماره‌یان که‌مکرایه‌وه‌ بۆ 1037 شارداری، که‌ تا ئه‌و ده‌مه‌ شارداری بچکه‌ڵه‌ و سه‌ره‌تایی بوون  و دواتر گۆڕدران بۆ ئه‌مه‌ی ئێستا. قانوونی ڕێکخستنی شاردارییه‌کان له‌ ساڵی 1974دا هه‌موار کراوه‌ و گۆڕانی زیاتری تێدا کراوه‌. شاردارییه‌کان له‌ ڕووی چڕیی دانیشتووان و به‌ریناییه‌وه‌ جیاوازن، بۆ نموونه‌: شارداریی ستۆکهۆڵم، که‌ ساڵی 1968 دامه‌زراوه‌، دانیشتووانی 894165 که‌سه‌. شار‌داریی یۆته‌بۆری 532247 که‌سه‌. شار‌داریی مالموێ 311540 که‌سه‌، ئه‌مانه‌ شاردارییه‌ گه‌وره‌کانن، لێ شاردارییش هه‌ن‌، که‌ گه‌لێک گچکه‌ن وه‌ک: شارداریی بیۆرکهۆڵم، که‌ دانیشتووانی 2442 که‌سه‌ و شارداریی ئاریه‌پلووگس، که‌ دانیشتووانی 2996 که‌سه‌. شاردارییه‌کان سه‌رپه‌رشتی ئه‌م لایه‌نانه‌ ده‌که‌ن و به‌رپرسن له‌ دابینکردن و به‌ڕێوه‌بردن و جێبه‌جێکردنیان: دایه‌نگه‌ و باخچه‌ی منداڵان، خوێندنگه‌کان(سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی)، خوێندنگه‌ تایبه‌تییه‌کانی منداڵانی که‌مئه‌ندام، خوێندنی گه‌وره‌ساڵان، بیمه‌ی جڤاکی و هاریکاریی تاکه‌که‌سی و خێزان، خانه‌ی گه‌وره‌ساڵان و پیرخانه‌ و په‌ککه‌وته‌،  ته‌ندروستی(ماڵانی تایبه‌ت و نه‌خۆشی و خزمه‌تکردنیان)، بینا و نه‌خشه‌ی شار، ژینگه‌ و ئاگایی له‌شساغی، خاشاک و زبڵ و پاشه‌ڕۆک پاککردنه‌وه‌ و به‌رپرسیاریه‌تی، به‌هاناوه‌چوون و فریاکه‌وتن و ڕزگارکردنی مرۆڤ و ئاماده‌یی بۆی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ، کتێبخانه‌، هاتوچۆی گشتی(قیتار و ئۆتۆبووس و ترام و..)،  خانوو و به‌ره‌ و نشینگه‌، وه‌رزش، وزه‌، کار و بێکاری،  فه‌رهه‌نگ، چالاکی کاتی ئازاد، ئابووری، وه‌رگرتن و کاروباری په‌نابه‌ران و...
هه‌موو شاره‌دارییه‌ک سنووری خۆی هه‌یه‌ و له‌نێو ئه‌و سنوور و قه‌واره‌یه‌دا وه‌ک ده‌وڵه‌تۆکه‌ یا ده‌وڵه‌تێکی بچووک وایه و ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی هه‌یه. شارداری،‌ دوو ده‌سگای به‌ڕێوه‌بردن به‌ڕێوه‌ی ده‌با. ده‌سگای یه‌که‌م پێی ده‌گوترێ کۆمیوونفوولمێکتیگه‌(Kommunfullmäktige)، که‌ وه‌ک په‌رله‌مان وایه‌ و ئه‌ندامانی سیاسین و نوێنه‌ری حیزبه‌کانن و له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ و به‌ ده‌نگدان هه‌ڵده‌بژێردرێن و ده‌سگای دووه‌میش پێی ده‌گوترێ کۆمیوونستویره‌لسه‌( kommunstyrelse)، که‌ حوکوومه‌تی شاردارییه‌که‌یه‌ و به‌رپرسی جێبه‌جێکردن و ڕاپه‌ڕاندنی هه‌موو کاره‌کانه‌. ئه‌ندامانی ئه‌م ده‌سگای دووه‌مه‌، له‌ لایه‌ن ده‌سگای یه‌که‌مه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌کرێن. وه‌ک په‌رله‌مانی وڵات و حوکوومه‌ت، کارگێڕیی ئه‌م شاردارییانه‌ش هه‌ر چوار ساڵ جارێک به‌ هه‌ڵبژاردن ده‌گۆڕێن. له‌ شاردارییه‌که‌دا چ حیزبێک به‌ره‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بێت، ئه‌و حوکوومه‌تی شاردارییه‌که‌ دروست ده‌کات. هه‌موو شاردارییه‌ک نێوه‌ند یا پێته‌ختێکی هه‌یه‌ و شاردار و هاوکارانی له‌وێ کاره‌کانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. شارداری، خاوه‌نی بودجه‌ و ئابووری و پاره‌ی خۆیه‌تی، که‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری له‌ باجه‌وه‌ دێت. شارداری ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌یه‌ و هی هه‌ژاریش هه‌یه‌. هه‌ر شاردارییه‌ک، پێویستی به‌ پاره‌وپووڵ بێت و نه‌توانێ ته‌واوی ئه‌رکه‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکات، ده‌توانێت له‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ یا له‌ شاردارییه‌کی داراوه‌ کۆمه‌ک یا قه‌رز وه‌رگرێت. مرۆڤی ئاسایی له‌ وڵاتی سوێد، هیچ پێویستییه‌کی به‌ حوکوومه‌تی وڵات نییه‌ و هه‌ست به‌ بوونی ده‌وڵه‌ت ناکات، چونکه‌ ته‌واوی کاروباره‌کانی له‌نێو شارداییه‌که‌ی خۆیدا جێبه‌جێ ده‌کرێ[2]. له‌  ئه‌وروپا و وڵاتانی مانه‌ندی ئه‌وروپا، هه‌موو شاردارێک، به‌رپرسی باڵا و ده‌مڕاستی باژێڕ و شارداریی خۆیه‌تی.
له‌بری دامه‌زراندنی ئه‌م هه‌موو ئوستان و قه‌زا و ناحیه‌ و یه‌که‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییانه‌ له‌ کوردستان، که‌ ئه‌گه‌ر کار وا بڕوا و حاڵ به‌م جۆره‌ بێ، بۆ چه‌ند ساڵێکی دیکه‌، کوردستان ته‌نێ بریتی ده‌بێت له‌ ئوستان و قه‌زا و گوند به‌ره‌به‌ره‌ نامێنن و‌ هیچ دوور نییه‌، سبه‌ی ڕۆژێ سموود و هه‌رمۆته‌ و قه‌سریه‌زدینیش داوای به‌ ئوستانبوون بکه‌ن. که‌ هه‌موو ئه‌و ئوستابازییه‌ به‌ بیانووی کارئاسانی و یارمه‌تیدانی هاووڵات و خزمه‌تکردنی مرۆڤه‌وه‌ ده‌کرێ و له‌ ڕاستیشدا هه‌رگیز وا نییه و ڕێزه‌یه‌ک شه‌که‌تیی خه‌ڵک ده‌رناکات‌، ده‌کرا و ده‌کرێ به‌ دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان باژێڕه‌ گه‌وره‌کان و باژێڕ و جڤاکه‌ بچکۆله‌کاندا، چاره‌سه‌ر بکرێ. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر به‌ گوێره‌ی ئه‌و سیستمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ی تا ئێستا له‌ گۆڕێدایه‌، سیستمی ناحیه‌ و قه‌زا و ئوستان، کار ده‌کات و سووره‌ له‌ سه‌ری و نایگۆڕی، ئه‌وا ده‌کرێ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یه‌ک یا قایمقامی قه‌زایه‌ک، ده‌سه‌ڵاتێکی هێنده‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئوستاندارێک بدرێتێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت کاروباری خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ جێبه‌جێ بکات و خه‌ڵک پێویستی به‌وه‌ نه‌بێت بۆ واژۆکردنی پارچه‌ کاغه‌زێک یا بڕیارێک له‌ کانیی خاکی یا کچانه‌وه‌ بچێته‌ سه‌نگاو و له‌وێوه‌ بنێردێته‌‌ چه‌مچه‌ماڵ و له‌وێوه‌ هه‌واڵه‌ی که‌لار بکرێ و له‌وێوه‌ پاڵیپێوه‌‌نێن بۆ سلێمانی و دواتریش تووڕیده‌نه‌ هه‌ولێر. به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ و قایمقامی قه‌زا و ئوستانداری ئوستان له‌ کوردستان، ئێستا و له‌م ڕۆژگاره‌دا، هێنده‌ی "مه‌لا سه‌مه‌د"[3] و "ڕه‌حیمه‌هاره"[4] ده‌ستیان ناڕوا و ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌، چونکه‌ سه‌ریشیان بدا له‌ ئاسمان، ناتوانن و ناوێرن، به‌رانبه‌ر به‌رپرس و میرمحێ و تێڵابه‌ده‌ستێکی حیزبی باڵاتر له‌ خۆیان، ده‌م بکه‌نه‌وه‌ و بڵێن نه‌ء. ‌ئه‌و سیستمی کارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنه‌ی کوردستان، سیستمێکه‌ کاتی به‌سه‌ر چووه‌ و که‌ڕوو لێی داوه‌ و بێجگه‌ له‌ قورسایی و ماڵوێرانی و دروستکردن و به‌رهه‌مهێنانی گه‌نده‌ڵ و که‌ڵه‌گا و مشه‌خۆری زیاتر و زیاتر، چی دیکه‌ی پێ نییه‌. به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌یش هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ شین ده‌بێ و برینی مرۆڤه‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان نه‌ک هه‌ر ساڕێژ ناکات، به‌ڵکه‌ هه‌و ده‌کات و وڵات هێنده‌ی دیکه‌ گۆج و سه‌قه‌ت ده‌کات. که‌ ڕه‌وشه‌که‌ وه‌ها بێت، چ پاساو و بیانوو و هۆیه‌ک بۆ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و خۆشیی هه‌یه‌ ‌به‌وه‌ی  باژێڕێک ده‌بێته‌ پارێزگه‌؟ بیانوو و هۆ و پاساو هه‌بن یا نه‌، کورد هه‌ر هه‌ڵده‌په‌ڕێ! من تا ته‌واوی خاکه‌ دابڕاوه‌که‌ی کوردستان( ته‌واوی که‌رکووک، مووسڵ، به‌شێکی دیاله‌ و کووت و تکریت و عه‌ماره‌ و..) نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئامێزی کوردستان، هه‌رگیز دڵم ئاو ناخواته‌وه‌ و نه‌ به‌ ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و نه‌ به‌ ئوستانکردنی هیچ جێیه‌کی دیکه‌ دڵخۆش ده‌بم و نه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕم و نه‌ ئه‌و شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێیانه‌شم پێ خۆشه‌!                                  
17 – 03 - 2014



  http://www.regeringen.se/sb/d/385(2014 – 03 – 17)   [1]

 [3] مه‌لا سه‌مه‌د، له‌ ساڵانی 1950 و 1960ه‌کاندا له‌ بنگرد، که‌ دێیه‌کی نێزیک گوندی که‌لار بوو، پۆلیس بوو. بنگرد، مه‌خفه‌ره‌که‌ و مه‌کینه‌که‌یشی پێ ده‌گوترا، چونکه‌ هه‌م مه‌خفه‌ر، واته‌: بنکه‌ و مه‌کۆی پۆلیسی لێبوو و هه‌م مه‌کینه‌یه‌کی ئاوی لێبوو، که‌ هی موسته‌فا به‌گی جاف بوو. بنگرد ئێستاکه‌ گه‌ڕه‌کێکه‌ له‌نێو شاری که‌لاردا. مه‌لا سه‌مه‌د، له‌ ته‌واوی ئه‌و گوندانه‌وه‌ و له‌ بنه‌ی جافه‌وه‌ و له‌ ده‌شتی شاکه‌ل و شێروانه‌ و که‌لاره‌وه‌، خه‌ڵکی "تۆمه‌تبار"ی داواکراو له‌لایه‌ن دادگاوه‌ و خه‌ڵکی "گومانلێکراو"ی قۆڵبه‌ست ده‌کرد و ده‌یدا له‌به‌ر بۆ کفری و که‌رکووک، بێ ئه‌وه‌ی که‌س قسه‌ له‌ قسه‌ی بدات.                                                                                                                            
[4]  ڕه‌حیمه‌هاره‌، له‌ ساڵانی 1960 و 1970کاندا، له‌ کفری پۆلیس بوو و ده‌یتوانی ته‌واوی شاری کفری، که‌ ئه‌وده‌می گه‌وره‌شاری دوای که‌رکووک بوو له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ری گه‌رمیاندا، کۆنترۆڵ بکات. به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر خه‌ڵکی ده‌گرت و قۆڵبه‌ستیانی ده‌کرد. که‌س نه‌بوو بوێرێ به‌رانبه‌ر ڕه‌حیمه‌هاره‌ بڵێ له‌ل. ڕه‌حیمه‌هاره‌ گونی گونداری ده‌رده‌هێنا.                                                                                                                       

Thursday, March 6, 2014

که‌رکووکه‌خه‌م - نۆ –

که‌رکووکه‌خه‌م
- نۆ –
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئوکتۆبه‌ری 1972- ئوکتۆبه‌ری1973، من بۆ خۆم سه‌رباز بووم له‌ که‌رکووک. پاش ماوه‌ی سێ چوار مانگی ڕاهێنان و مه‌شقپێکردن له‌ نێوه‌ندی ڕاهێنان و مه‌شقپێکردنی پیاده‌ی که‌رکووک(مرکز تدریب مشاة کرکوك)‌، ده‌بوو بگوێزرێینه‌وه‌ بۆ پێگه‌ و یه‌که‌سه‌ربازییه‌کانی که‌رکووک. یه‌کێک له‌ خزمانی که‌رکووکم، که‌ هاوڕێیه‌کی زۆر نێزیکیشم بوو(کاک شێخ مه‌حموود) یادی به‌خێر و گیانی شاد، که‌ دۆستایه‌تییه‌کی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی نێوه‌ندی مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازگه‌ی که‌رکووکدا هه‌بوو و منیش له‌وێ سه‌رباز بووم، ڕایسپاردبوو، هه‌وڵ بدات ڕه‌وانه‌ی شوێنێکی باشم بکات. چێشته‌نگاوێک هه‌موو سه‌ربازانی ئه‌و نێوه‌نده‌ خڕکرانه‌وه‌ و ئیدی ناو ده‌خوێنرایه‌وه‌ و هه‌ر بڕکه‌ یا هه‌ر یه‌که‌ نامه‌یه‌کیان وه‌رده‌گرت و به‌ره‌و ئه‌و جێیه‌ی بۆی ده‌گوێزرانه‌وه،‌ ده‌سبه‌جێ به‌ڕێده‌که‌وتن. پاش ماوه‌یه‌ک ناوی منیش بانگکرا. چووم و نامه‌یه‌کی داخراویان دایه‌ ده‌ستم و ناوی شوێنێکی به‌ ژماره‌ و هێما و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌، لێ نووسرابوو و ته‌نێ پێیان گوتم، ئه‌و جێگه‌یه‌ له‌ باره‌گای فیرقه‌(مقرالفرقة)یه. منیش نامه‌که‌م وه‌رگرت و سواری دووچه‌رخه‌که‌م[1] بووم و ڕۆیشتم و دوای ماوه‌یه‌ک جێگه‌که‌م دۆزییه‌وه‌. ئیدی ئه‌م ڕاڕه‌و و ئه‌و ڕاڕه‌و و ئه‌م ژوور و ئه‌و ژوور تا ناردمیانه‌ ژوورێک. نه‌ بینایه‌که‌ و نه‌ ڕاڕه‌وه‌کان و نه‌ ژووره‌کانیش هیچیان له‌سه‌ر نه‌نووسرابوون و دیار نه‌بوون چ جۆره‌ به‌شێکی له‌شکرن. که‌ وه‌ژوورکه‌وتم 6 -7 جێگری ئه‌فسه‌ر و هه‌ریه‌که‌ له‌ پشتی مێزیکه‌وه‌ دانیشتبوون. هه‌ندێکیان عه‌ره‌ب بوون و هه‌ندێکیشیان تورکمان بوون، دیاره‌ دواتر له‌ ڕێگه‌ی قسه‌کردنیان له‌ نێو خۆیاندا و له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وت. من نه‌مزانی ڕوو له‌ کامیان بکه‌م.‌ که‌ نامه‌که‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ بده‌م، یه‌کێکیان به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ کردم و منیش چوومه‌ به‌رده‌می و نامه‌که‌م دایه‌ ده‌ستی. پاکه‌ت(زه‌رف)ه‌که‌ی هه‌ڵبچڕی و نامه‌که‌ی خوێنده‌وه‌ و به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ کورسییه‌ک کرد و به‌ عه‌ره‌بی پێی گوتم: له‌ سه‌ر ئه‌و کورسییه‌ دانیشه‌.‌‌ منیش چووم و دانیشتم. ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆ بوو که‌ دانیشتم. ده‌وروبه‌ری سه‌عات چوار، هه‌موو قیت بوونه‌وه‌ و مێز و دۆڵاب و ده‌فته‌ر و کاغه‌زه‌کانیان داخست و کڵۆم کرد. به‌وه‌دا تێگه‌یشتم، که‌ کاریان ته‌واو بووه‌ و ده‌ڕۆن. له‌و ماوه‌‌ی ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌دا، تاکه‌ یه‌ک وشه‌یش‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کردم. که‌ هه‌ڵسان منیش هه‌ڵسام و که‌سیان هیچی پێ نه‌گوتم، تا خۆم له‌وه‌ی کاغه‌زه‌که‌ی لێ وه‌رگرتبووم پرسیارم کرد، که‌ چی بکه‌م و سبه‌ی چۆن! هه‌ر ئه‌وه‌ی پێ گوتم، که‌ سبه‌ی سه‌عات هه‌شت دێمه‌وه‌ ئه‌و جێگه‌یه. ئیدی بێ خوداحافیزی و هیچ، له‌گه‌ڵ خۆیاندا منیشیان پێش خۆیان کرده‌ ده‌ره‌وه‌. منیش  وه‌ک ڕۆژانی پێشووم به‌ دووچه‌رخه‌که‌م به‌ره‌و نێو شار وه‌ڕێکه‌وتم. سبه‌ی سه‌عات هه‌شتی به‌یانی هاتمه‌وه‌ و چوومه‌ ژوورێ و له‌ سه‌ر کورسی گۆرین دانیشتمه‌وه‌. تا سه‌عات چوار یه‌ک قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کردم و منیش ته‌نیا بۆ ئاوخواردنه‌وه‌ و سه‌راو له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌ هه‌ڵده‌ستام، ده‌نا ئیدی هه‌ر له‌وێ وه‌ک په‌یکه‌رێک دانیشتبووم. که‌ کار ته‌واو بوو و هه‌ڵسان بڕۆن، منیش هه‌ڵسام و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا وه‌ده‌رکه‌وتم. ئیدی نه‌مپرسی، ‌ بۆ سبه‌ی چبکه‌م، چونکه‌ ده‌مزانی سبه‌ینێیش هه‌روا ده‌بێت. ڕۆژی سێیه‌م هاتمه‌وه‌ و چوومه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان کورسی و دانیشتمه‌وه‌. تا ده‌وروبه‌ری سه‌عات سێ. له‌پڕ جێگری ئه‌فسه‌رێک هاته‌ ژوورێ و ڕوویکرده‌ من و گوتی: تۆ ناوت چییه‌؟ پێم گوت فڵان و ئه‌وجا گوتی: تۆ ده‌رچووی زانستگه‌ و کۆلێژی ئابووریت؟ گوتم: به‌ڵێ. ئه‌وجا گوتی: تۆ عه‌ره‌بی یا تورکمانی؟ گوتم: کوردم. ئیدی وه‌ده‌رکه‌وت و منیش له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌ی خۆم دانیشتمه‌وه‌. پاش نیو سه‌عاتێک هه‌ر ئه‌و کابرایه‌ هاته‌وه‌ و نامه‌یه‌کی پێچراوه‌ و داخراوی بۆ درێژ کردم و دایه‌ ده‌ستم و گوتی:" تۆ به‌ هه‌ڵه‌ هاتووی بۆ ئێره‌ و ده‌ڕۆی بۆ شوێنێکی دیکه‌، که‌ له‌ سه‌ر زه‌رفی نامه‌که‌ نووسراوه"‌. ئیدی نامه‌که‌م لێوه‌رگرت و  له‌ ژێر لێوه‌وه‌ خواحافیزییه‌کم لێکردن و وه‌ده‌رکه‌وتم و ڕۆیشتم تا یه‌که‌ سه‌ربازییه‌ نوێیه‌که‌مم دۆزییه‌وه‌، که‌ کارگێڕیی کاری شوێنگه‌ی که‌رکووک(أشغال موقع کرکوك) بوو. ماوه‌ی ئه‌و سێ ڕۆژه‌ی له‌و کارگێڕییه‌ی به‌رین بووم، که‌  کارم ته‌نێ دانیشتن بوو له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌، هه‌رگیز نه‌مزانی ئه‌و کارگێڕییه‌ چییه‌ و کوێیه‌، تا دواتر له‌ کارگێڕییه‌ نوێیه‌که‌م زانیم، ئه‌وه‌ به‌شێکی به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی هه‌واڵگری له‌شکریی(مدیریة الإستخبارات العسکریة) بووه‌. به‌ پرسیاره‌کانی کابرا، که‌ من عه‌ره‌بم یا تورکمان و به‌ وه‌ده‌رنانی من له‌و جێگه‌یه‌، ئه‌وه‌ سه‌لمێندرا و ڕوون بووه‌وه‌، که‌ کورد له‌و سه‌رده‌مه‌شدا، که‌ به‌شێک بوو له‌ چوار ساڵه‌که‌ی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 و ده‌سه‌ڵاتداری دووه‌می دوای به‌عس بوو له‌ هه‌موو عیراقدا،  له‌و شوێنه‌، مه‌گه‌ر خۆفرۆش و خیانه‌تکار با، ده‌نا هه‌رگیز ته‌نانه‌ت وه‌ک نزمترین پله‌ی سه‌ربازییش، جێگه‌ی نه‌ده‌بووه‌وه و عه‌ره‌ب، که‌ هیچ ماڵی خۆی بوو، لێ تورکمانیش جێی ده‌بووه‌وه!                                                                                                               
        
06 – 03 - 2014



[1] دوچه‌رخه‌(پایسکیل)، ئه‌وده‌می یه‌کێک بوو له‌ ئامرازه‌ فره‌ به‌کاربراوه‌کانی هاتوچۆ له‌ شاری که‌رکووکدا. که‌رکووک به‌ دووچه‌رخه‌ به‌ناوبانگ بوو. ڕه‌نگه‌ به‌هۆی کۆمپانیای نه‌وت و بوونی ژماره‌یه‌کی زۆری کارگه‌ر و بوونی ئینگلیز و خه‌ڵکی دیکه‌ی بیانی، که‌ کارمه‌ند بوون له‌ کۆمپانیای نه‌وتدا و به‌ چاولێکه‌ری و تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، ‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و هاتنی ئینگلیز بۆ ئه‌و شاره‌ له‌ کۆتایی ساڵانی 1920ه‌کانه‌وه‌،، ئیدی فه‌رهه‌نگ یا نه‌ریتی دووچه‌رخه‌ئاژۆتن له‌ که‌رکووکدا په‌یدا بووبێت و بره‌وی په‌یدا کردبێت.                                                                                      

Saturday, January 11, 2014

قاره‌مانانی خێڵ و قانوونی له‌پێکراو

قاره‌مانانی خێڵ و قانوونی له‌پێکراو
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

چل ڕۆژێک پێش ئه‌مڕۆ، له‌ ماڵی خۆیدا و له‌ باوه‌شی دایکیدا، کاوه‌ گه‌رمیانی، گه‌نجێکی خوێنگه‌رم، ڕه‌خنه‌گر، شۆڕشگێڕ، ڕاستگۆ، هه‌ژاری بێچووه‌ هه‌ژاری ئه‌و گه‌رمێنه‌، به‌ ده‌ستی جه‌للادێک یا جه‌للادگه‌لێک، شه‌هید کرا. جه‌رگی دایکێکی هه‌ژاری گه‌رمێنی، سووتێنرا. هێلانه‌ی ژنێکی گه‌نجی هه‌ژاری بێچووه‌ هه‌ژاری هه‌مووکه‌س ئه‌نفالکراوی مێرددار، تێکدرا و به‌ تۆبزیی و بێ خواستی خۆی، کرایه‌ بێوه‌ژن. منداڵێکی ساوا، له‌ نازی باوکایه‌تی دابڕێنرا و باوکی لێ سه‌نرایه‌وه‌ و هه‌تیو خرا.                                                                             
تاکه‌ تاوانێکی کاوه‌ گه‌رمیانی، که‌ له‌ سه‌ری کوژرا، هه‌ڵماڵین و ئاشکراکردنی، کۆمه‌ڵێک فایلی گه‌نده‌ڵی و ساخته‌کاری و دزی و فڕوفێڵی، چه‌ند به‌رپرسێکی حیزبی و ناحیزبی، ئه‌و گه‌رمیانه‌ بوو و هیچی تر.                                                             
                                   
کورد له‌مێژه‌ گوتوویه‌تی:"باوکم دیار نییه‌ و پیاوێک گورگ خواردوویه‌تی"، که‌ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی : مادام پیاوێک گورگ خواردوویه‌تی و باوکیشم دیار نییه‌، که‌واته‌ ئه‌و پیاوه‌ باوکمه‌. کاوه‌ گه‌رمیانی له‌ که‌لار کوژرا و که‌لار هه‌ر له‌ 1966ه‌وه‌، مه‌کۆیه‌کی مه‌زن و پێگه‌یه‌ی گرنگی جه‌لالی ئه‌وسا و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ئێستا بووه‌. ئه‌وه‌ی کاوه‌ گه‌رمیانی کوشت و ئه‌وه‌ی هانی کوشتنی کاوه‌ گه‌رمیانی داوه‌، که‌سانێکن له‌نێو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا له‌و گه‌رمێنه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش له‌وێ به‌ ده‌ست یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ هیچ شیکردنه‌وه‌ و قووڵبوونه‌وه‌ و شاره‌زایی و سه‌رچاوه‌ و سه‌لماندنێکی نه‌گه‌ره‌که‌، چونکه‌، کوشتنی که‌سانی وه‌ک کاوه‌ گه‌رمیانی، هه‌میشه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ کراوه‌ و ده‌کرێ. کاوه‌ گه‌رمیانی و خه‌ڵکی وه‌ک وی، ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ ڕقی لێیان ده‌بێته‌وه‌ و ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ به‌ بیر و بۆچوونه‌کانیان تێکده‌چێ و ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ لێیان ده‌ترسێ. کاوه‌ گه‌رمیانی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و، له‌گه‌ڵ هیچ مرۆڤێکی ئاسایی وڵاتدا، هیچ کێشه‌یه‌کیان نه‌بووه‌ و نییه‌. ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ کاوه‌ گه‌رمیانی و هاوڕێیانی به‌ کێشه‌ ده‌زانی.                                                                                     
هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌که‌می شه‌هیدبوونی کاوه‌ گه‌رمیانییه‌وه‌، ناوی دوو که‌س، زۆر به‌ زه‌قی وه‌ک گومانلێکراو به‌ کوشتن یا  هاندانی کوشتنی کاوه‌ گه‌رمیانی، له‌ میدیاکانی کوردستاندا، ده‌برا و باس ده‌کرا. مه‌حموود سه‌نگاوی و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا، که‌ هه‌رتکیان له‌ سه‌رانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و هێزی چه‌کداری ئه‌و حیزبه‌ن. که‌س تا ئێستا ناتوانێ سه‌دله‌سه‌د بڵێ، که‌ ئه‌و دووانه‌ یا یه‌کێک له‌و دووانه‌، کوژه‌ر یا هانده‌ری کوژتنی کاوه‌ گه‌رمیانین، لێ ئه‌وان گومانلێکراون.                                                                            
دادگه‌ی گه‌رمیان، پاش ماوه‌یه‌ک له‌ شه‌هیدبوونی کاوه‌ گه‌رمیانی، بانگی هه‌ردوو سه‌نگاوی و مینای کرد بۆ ئاماده‌بوون و پرسیار و لێکۆڵینه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌ و دواتریش فه‌رمانی گرتنیانی دا. ئه‌و فه‌رمانه‌ی دادگه‌، هه‌را و ژاوه‌ژاوێکی زۆری لێکه‌وته‌وه‌ و تائێستاش نه‌بڕاوه‌ته‌وه‌. سه‌نگاوی دوای ماوه‌یه‌کی زۆر و به‌ کۆمه‌ڵێک چه‌کدار و هه‌واداری حیزب و خه‌ڵکی خێڵ و هه‌یتوهووته‌وه‌، چووه‌ به‌رده‌م دادگه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ مینایش بچێت.                                                                     
چه‌ندین حه‌فته‌ی چاوه‌ڕوانی، بۆ چوونی سه‌نگاوی بۆ به‌رده‌م دادگه‌ و گوێگرتن له‌ گێڕانه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌و باسه‌وه‌، بووه‌ گه‌وره‌ترین و گرنگترین هه‌واڵه‌کانی میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان. ده‌یان شیکردنه‌وه‌ی بۆ کرا. ده‌یان که‌س هێنرانه‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و باسی ئه‌وه‌یان کرد. ده‌یان گوتار له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانێکی پایه‌به‌رز و ده‌مڕاست و ده‌ستڕۆیشتووی نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانییه‌وه‌، له‌مه‌ڕ سه‌نگاوییه‌ نووسرا و یه‌کیه‌تیی وه‌ک پێشه‌نگ و ده‌ستپێشخه‌ر و سه‌نگاوی وه‌ک قاره‌مان و شۆڕشگێڕ و مێژووگۆڕ و ڕچه‌شکێن و ده‌یان شتی دیکه‌ پێناسه‌ کران. هه‌رتک جێگری سکرتێری یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی به‌ ته‌مان سه‌ردانی سه‌نگاوی له‌ سه‌نگاو بکه‌ن. خه‌ڵکی سه‌نگاو، وه‌ک گه‌له‌کۆمه‌کێیه‌کی شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌ک و تیره‌ و خێڵگه‌رایی، هێنرانه‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن، بۆ په‌سندانی ڕۆڵه‌ قاره‌مانه‌که‌یان "سه‌نگاوی". ئه‌گه‌ر میدیاکار و نووسه‌ر و بیرمه‌ند و فیلۆسۆف و ڕووناکبیر و بژارده‌ی مانه‌ندی وان، بوون به‌ شایه‌ر و زوڕناژه‌ن و بڵندگۆ، ئه‌وده‌می هزر پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنێ و له‌گه‌ڵ تاکه‌ که‌وشێکدا هیچ جیاوازییه‌کی نامێنێت‌[1]!                             
به‌و په‌سن و پێداهه‌ڵدانه‌ی سه‌نگاوی له‌ لایه‌ن ده‌سگاکانی حیزب و هۆز و چه‌کدار و میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌، سه‌نگاوی خرایه‌ ڕیزی، گیڤارا، ماوزه‌دۆنگ، کاسترۆ،  ماندێلا، ژه‌نراڵ جیاپ و هۆ شی مینه‌وه‌.                                         
له‌ وڵاتێکدا، ئه‌گه‌ر قانوون سه‌روه‌ر بێت و هه‌مووان له‌به‌رده‌م قانووندا چوونیه‌ک و یه‌کسان بن، ئیدی هیچ جیاوازییه‌ک له‌نێوان سه‌نگاوی و مینا و تاڵه‌بانی و بارزانی و ده‌سفرۆشێکی شێخه‌ڵڵا و کارگه‌رێکی بانمیل و شوانێکی بنارگلدا، نامێنێ. ساڵانه‌ ده‌یان سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆکحوکوومه‌ت و وه‌زیر و گزیر، له‌م ئه‌وروپایه،‌ به‌ پێی خۆیان و سه‌ڵته‌زه‌لام، ده‌چنه‌ به‌رده‌م دادگه‌ و دادوه‌ر ده‌یانداته‌ به‌ر ڕێژنه‌ی پرسیار و تۆمه‌تباریان ده‌کات، به‌ ده‌یان تاوانی وه‌ک دزی و گه‌نده‌ڵی و به‌کا‌رهێنانی ده‌سه‌ڵات، بۆ کاروباری تایبه‌تی و ساخته‌کاری و کوشتن و هاندانی کوشتن و... دواتریش سزایان ده‌دا به‌و جۆره‌ی، که‌ قانوون ڕێگه‌ی پێ ده‌دا و به‌ گوێره‌ی تاوانه‌که‌یان و که‌سیش نایکاته‌ هه‌را و که‌سیش باسیان ناکات و ناشکرێنه‌ قاره‌مان و ڕچه‌شکێن و پێشه‌نگ و په‌سنی نه‌ خۆیان و نه ‌حیزبه‌کانیان نادرێ....نموونه‌ش ژاک شیراک(فرانسه‌)، به‌رلیسکۆنی(ئیتالیا) و ده‌یانی دیکه‌. له‌ سوێد چه‌ندین له‌و حاڵه‌تانه‌ ڕوویانداوه‌، بێ ئه‌وه‌ی تا ئێستا که‌س کرابێته‌ قاره‌مان، وه‌ک که‌ مه‌حموود سه‌نگاوی،کراوه‌.                                              
عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا، هێشتا به‌و پرۆسێسه‌ی سه‌نگاویدا تێنه‌په‌ڕیوه‌ و که‌ نۆره‌ی ئه‌ویش هات، ئه‌وده‌می میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ئه‌ویش وه‌ک سه‌نگاوی ده‌به‌نه‌ ڕیزی قاره‌مانه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی جیهانه‌وه و ئه‌وده‌می که‌لار و که‌لارییان ده‌جمن و بۆ داکۆکی له‌ کوڕه‌خاسه‌ و ئازاکه‌یان، گه‌رمیان ده‌هه‌ژێنن و لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامان به‌ گوتاری گه‌رم و ته‌له‌ڤزیۆنان به‌ وشه‌ی ئاگرین، پڕ ده‌که‌نه‌وه‌‌!                                              
له‌ کوردسنان با سه‌رۆکه‌که‌یشی بڵێ"قانوون سه‌روه‌ره‌"، ئه‌وه‌ ته‌نێ قسه‌یه‌، قانوون نه‌ سه‌روه‌ره‌ و نه‌ بنوه‌ره‌ و نه‌ هیچ‌! ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان سه‌روه‌ره‌، حیزب و خێڵ و عه‌شیره‌ت و تیره‌ و تایه‌فه‌ و پاره‌ و چه‌ک و ملهوڕییه‌ و قانوونی سه‌روه‌ر، قانوونی ئه‌وانه‌. تۆی ده‌سه‌ڵاتدار، ئه‌م هه‌موو په‌سنه‌ی سه‌نگاوی و مینایه‌ بده‌یت و به‌و جۆره‌ باسیان بکه‌یت و هێنده‌ گرنگییان پێ بده‌یت، کێ ده‌توانێت و ده‌وێرێت بڵێ ئه‌وانه‌ گومانلێکراون! کام دادوه‌ر له‌ کوردستان، ده‌توانێ دژ به‌ بڕیار و دید و نه‌خشه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵات و هیزه‌چه‌کداره‌کانیان و سه‌رانیان، بێته‌ ده‌نگ و بڕیارێک ده‌رکات، با له‌سه‌ر حه‌قیش بێت و ئه‌وانیش تاوانبار بن، به‌ زیانی ئه‌وان!                                                           
له‌ کوردستان ئه‌گه‌ر قانوون پێڕۆ کرابا، زۆر ده‌مێک بوو، سه‌دان به‌رپرسی دز و گه‌نده‌ڵ و چه‌ته‌ی حیزب و حوکوومه‌ت و هێزی چه‌کدار، درابوونه‌ دادگه‌ و به‌ سزای خۆیان گه‌یێنرابوون! ئه‌گه‌ر قانوون هه‌با، له‌مێژ بوو، کۆژه‌رانی شه‌هیدانی وشه‌ و بیری ئازادی وه‌ک، ئه‌بوبه‌کر عه‌لی و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و کاوه‌ گه‌رمیانی، ئاشکرا کرابوون و به‌ سزای خۆیان گه‌یشتبوون. ئه‌گه‌ر قانوون له‌ کوردستان هه‌با، هه‌زاران ژن له‌ کوردستان به‌ بیانووی پڕوپووچی نه‌ریته‌وه‌ نه‌ده‌کوژران. ئه‌گه‌ر قانوون له‌ کوردستان هه‌با، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ به‌ ده‌رمانی هه‌ڵه‌ و دوکتۆری نه‌زان، کوێر و شه‌ل و که‌ڕ و سه‌قه‌ت نه‌ده‌کران. ئه‌گه‌ر قانوون له‌ کوردستان هه‌با، ئه‌و هه‌موو میلیاردێر و میلیۆنێره‌ی تێدا په‌یدا نه‌ده‌بوون، که‌ له‌ ئه‌نجامی ڕووتانه‌وه‌ی خه‌ڵک و تاڵانکردنی هه‌ژاران و سامانی وڵاته‌وه‌ به‌وه‌ گه‌یشتوون. ده‌کرێ ده‌یان ئه‌گه‌ری دیکه‌یش ڕیز بکرێن و درێژه‌ به‌و باسه‌ بدرێ، لێ چی سه‌وز ده‌کات؟ ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان، ده‌سه‌ڵاتی مافیایه‌ و له‌ مافیاستانێکی وه‌ک کوردستان، زۆر له‌مێژه‌ قانوون له‌پێ کراوه‌.                   ‌
11 – 1 - 2014



 [1] ‌‌ئاماژه‌یه‌ بۆ نیوه‌ی دێڕه‌ شیعرێکی نه‌زار قه‌ببانی(نزار قباني)، که‌ ده‌ڵێ:" وإذا أصبـح المفكـر بـوقا يستوي الفكر عندها والحذاء".                                                                    

Friday, December 27, 2013

بینه‌زیر بووتۆ، کچه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵات

بینه‌زیر بووتۆ، کچه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵات

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

نیوه‌ڕوانێکی پاییزی 2007، خۆم کرد به‌ کتێبخانه‌که‌ی گه‌ره‌کی وودگرین(Woodgreen)ی شاری له‌نده‌ندا، بۆ ته‌ماشاکردنی ڕۆژنامه‌ و کتێب و چوونه‌نێو ئینته‌رنێته‌وه. له‌نێو یه‌کێک له‌ ڕه‌فه‌کانی کتێبه‌کاندا، کتێبێ"کچی ڕۆژهه‌ڵات -  Daughter of the East "ی بینه‌زیر بووتۆ(Benazir Bhutto)م به‌رچاوکه‌وت. ده‌سبه‌جێ هه‌ڵمگرت و بڕیارمدا قه‌رزی که‌م. بووتۆ، پاش چه‌ندین ساڵ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ وڵات و ژیانی تاراوگه‌، ئه‌و پاییزه‌، تازه‌ گه‌ڕابووه‌ پاکستان و وه‌ک سه‌رکرده‌ی پارتی گه‌لی پاکستان، ده‌یویست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی وڵاته‌که‌ی بکات و سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ستبهێنێ و حیزبه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست و بۆ خۆیشی ببێته‌ سه‌رۆکی وڵات. کتێبه‌که‌م هه‌ڵگرت و چوومه‌ به‌رده‌م ئه‌و کارمه‌نده‌ی، که‌ ده‌بوو ته‌ماشای کارتی کتێبخانه‌که‌م بکات و له‌ کۆمپیووته‌ره‌که‌یدا ناوم تۆمار بکات و کاغه‌زێکم بداتێ، که‌ تا چه‌ند ڕۆژان ده‌توانم ئه‌و کتێبه‌ قه‌رز که‌م. له‌ کاتی خه‌ریکبوونی به‌و کارانه‌یه‌وه‌، ئه‌و، که‌ کتێبه‌که‌ی بینی،  پرسیاری ئه‌وه‌ی لێکردم، که‌ ئایا خانمی بووتۆ له‌ هه‌ڵبژاردنی پاکستاندا ده‌یباته‌وه‌ یا نا! هه‌روا ده‌یویست بزانێ من چۆن ده‌ڕوانمه‌ ئه‌و پرسه‌. منیش له‌ دڵی خۆمدا و له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی، که‌ خانمی بووتۆ، سیاسه‌تکارێکی کارامه‌ و کاریگه‌ره‌ و ژنه‌ و سه‌رۆکی پارتییه‌کی گه‌لێره‌ و کچی زولفه‌قار عه‌لی بووتۆیه‌، که‌ سه‌رۆکی حوکوومه‌ت بووه‌ له‌ پاکستان و پیاوێکی گه‌لێر و خۆشه‌ویست بووه و له‌ ئه‌نجامی کوودێتایه‌کی سه‌ربازیدا، له‌ ده‌سه‌ڵات لابراوه‌ و ‌و له‌ لایه‌ن دیکتاتۆرێکه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه، ئیدی بێ سێودوو لێکردن و زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌، له‌ وه‌ڵامی ئه‌ودا، گوتم: به‌ڵی بێگومان گه‌لی پاکستان ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن و هه‌ڵده‌بژێردرێ و ده‌یباته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌گرێته‌ ده‌ست! ئه‌و گوێی لێگرتم، لێ به‌ قسه‌کانی من قایل نه‌بوو و گوتی: نه‌خێر، هه‌رگیز له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا نایباته‌وه‌، به‌ڵکه‌ ده‌دۆڕی، چونکه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ و خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ی بووتۆ، هه‌رگیز ڕێگه‌ به‌ ژنێک ناده‌ن، ببێته‌ سه‌رکرده‌یان، ئه‌و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه‌ ده‌دۆڕێ. من هه‌ر سوور بووم له‌سه‌ر قسه‌که‌ی خۆم و پێموابوو، ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ێڵێ وانییه‌ و وا نابێ. ئه‌و کارمه‌نده‌ بۆ خۆی ئینگلیز و بریتانی بوو، لێ به‌ ڕه‌گ و ڕه‌چه‌ڵه‌ک، خه‌ڵکی ئه‌فریقا بوو.
بینه‌زیر بووتۆ، کچی ڕۆژهه‌ڵات بوو، لێ نه‌ک هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتێک، ئه‌و کچی وڵاتێک بوو، که‌ هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری و جیاوازیی چینایه‌تیی و ڕۆڵی ئایین و نه‌ریتی هۆز و خێڵ، تێیدا زاڵ و سه‌رده‌سته‌. ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌وی تێدا مه‌زن بووبوو، وه‌ک زۆرێک له‌ جڤاکه‌ ئیسلامییه‌کان و ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌کان، جیاوازییه‌کی زه‌ق و یه‌کجار مه‌زن، له‌نێوان نێر و مێدا ده‌کات. نێر، به‌ هه‌موو ناته‌واوی و بووده‌ڵه‌ییه‌کیه‌وه‌، هه‌میشه‌، له‌و جڤاکانه‌دا، له‌ مێ، هه‌رچه‌نده‌، توانا و لێهاتوو و داهێنه‌ریش بێت،  له‌ پێشتره‌. نێر، هه‌میشه‌، قسه‌ڕۆیشتوو و زاڵ و خاوه‌ن بڕیار و پله‌ یه‌که‌ و مێ، گوێڕایه‌ڵ و پله‌ دووه‌. سه‌ره‌داوی ئه‌و له‌پێشبوونه‌ و هۆکاره‌کانی، بنه‌مایه‌کی ئایینیی هه‌یه‌ و له‌ گوتاری ئیسلامیدا، به‌ هه‌موو ڕێباز و باڵه‌کانییه‌وه‌، ده‌بیسرێ و ده‌بینرێ و زاڵه‌. ئایین، له‌و وڵاتانه‌دا، ئه‌گه‌ر بنه‌مای قانوون و به‌ڕێوه‌بردن و کارگێڕی و هزری، سه‌رخانی وڵاتیش نه‌بێت، بنه‌مای هزر و ڕێسا و نه‌ریت و بنگه‌ی قانوونه‌نه‌بینراوه‌کانی نێو جڤاکه‌کان و مرۆڤه‌کانه‌. مرۆڤ، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، ئێستاش، به‌ کاریگه‌ری شێخێکی ته‌ریقه‌ت و مورشیدێکی ئایینی و بانگخوازێکی توندڕۆی قورمیشکراو، پێوه‌ندی خوێن و خزمایه‌تی و خێڵ و مه‌لایه‌کی نامه‌لا، هه‌رچی جوانییه‌ ده‌کوژێ و کۆمه‌ڵگه‌ت بۆ سه‌روژێر ده‌کات. هه‌رچی کتێبێ فه‌لسه‌فه‌ی جیهانه‌، ناتوانێت، هێنده‌ی قسه‌یه‌کی بێواتا و بێتام و دوور له‌ ڕاستی و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ زانست و واقیع و ژیاندا، که‌ له‌ زاری شێخه‌که‌ی، ڕێبه‌ره‌ ئایینییه‌که‌ی، سه‌رخێڵه‌که‌ی دێته‌ ده‌رێ، کاری تێ بکات. فه‌توایه‌کی دژه‌مرۆڤی توندڕۆیه‌کی نێو بازنه‌ی ئایین و هۆز، تاریکستانێک ده‌ئافرێنێ و ڕه‌وتی ژیان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات و دۆزه‌خێک ده‌سازێنێ. هه‌رچه‌نده‌ بزاڤی ماف و یه‌کسانیی ژنان، له‌ هه‌ندێ جڤاک و وڵاتی ئیسلامیدا، پێشڤه‌چوونێکی بڕێک له‌به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌، لێ هێشتا له‌ قۆناخی گاگۆڵکێدایه‌ و نه‌یتوانیوه‌، له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێ و یه‌کسانی و چوونیه‌کیی وه‌ده‌ستبهێنێت. بێجگه‌ له‌وه‌ی نه‌ریت و ئایین و کۆنه‌پارێزانی نێو ئه‌و جڤاکانه‌، وه‌ک ترسێک له‌، له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی پیاو و زاڵبوونی کۆمه‌ڵیک چه‌مکی نوێخوازی و تازه‌گه‌ری و دژه‌باو، دژایه‌تی هه‌موو ئازادییه‌کی ژنان ده‌که‌ن، ساڵانێکیشه‌، به‌ هۆی دابه‌شکردنی جیهان، له‌ لایه‌ن ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکاوه‌، به‌ سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌کدا "ئێمه‌ و ئه‌وان" و زاڵبوونی ڕه‌وتی توندڕۆی ئایینی، له‌ وڵاتانی ئیسلامیدا، وه‌ک په‌رچه‌کردارێک بۆ ده‌ربڕینی دژایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی ڕۆژاوا، ده‌رفه‌تی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ژنان و ڕکابه‌رییان له‌گه‌ڵ پیاواندا، بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافی زیاتر و پایه‌ی زیاتر و باڵاتر، که‌متر و لاواز کردووه‌ و ئه‌گه‌ر بڕێک پێشکه‌وتنی وه‌ده‌ستهێنابێ، ئه‌وا ئێستا. له‌و جڤاکانه‌دا، له‌ پاشه‌کشه‌دایه‌. له‌ هیندستان و به‌نگلادیش و سریلانکا و پاکستانیش، ژن له‌ سه‌رده‌مێکدا بووه‌ته‌، خودان ده‌سه‌ڵات و پایه‌ی باڵای له‌ ده‌سه‌ڵاتدا وه‌رگرتووه و هه‌ر خانمی بووتۆ بۆ خۆی، پێش هه‌ڵهاتنی له‌ پاکستان‌، ده‌سه‌ڵاتدار بوو، لێ ئه‌و جڤاکانه‌، به‌و بنگه‌ هزری و دیده‌ داخراوه‌ ئایینییه‌وه‌، هه‌رگیز نه‌ جێی بڕوایه‌ به‌ ڕێگه‌پێدانی ژنان و نه‌ ده‌شتوانێت، که‌سێکی وه‌ک بووتۆ، له‌نێو ئه‌و هه‌موو توندڕۆ و ئازادیتاسێن و دژه‌یه‌کسانیانه‌دا، به‌ ڕێبه‌ری وڵات بناسێت. له‌وه‌ها جڤاکگه‌لێکدا، به‌ کوردستانه‌که‌ی خۆمانیشه‌وه‌، هێشتا سووکایه‌تیکردن به‌ ژن و کوشتنیان له‌سه‌ر ساکارترین هۆ و هاسانترین کێشه‌، له‌کن پیاوان، ئاسانترین کارێکه‌، که‌ ڕۆژانه‌ ئه‌نجام ده‌درێ. پیاوان، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، ته‌واوی ئه‌وه‌ی به‌ ژنانی ڕه‌وا نابینن، به‌ زیاده‌وه‌، بۆ خۆیانی وه‌ک مافێکی سروشتی، ڕه‌وا ده‌بینن و ئه‌گه‌ر ژنێکیش، به‌ شێوه‌یه‌ک به‌ موو له‌ گوێڕایه‌ڵییان لایدا، ئیدی چاره‌نووسی، ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و ئه‌وه‌ پیاوه‌، که‌ ئیدی بڕیاری به‌سه‌ردا ده‌دا و ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌میشه‌، نقی ببڕێ.
‌پاش نیوه‌ڕۆیه‌کی زستانێکی ساردی سوێد، ده‌وروبه‌ری سه‌عات سێ، له‌ ژوورێکی ماڵه‌وه‌ له‌ ستۆکهۆڵم، ده‌رکه‌وتم و  چوومه‌ ژووری دانیشتنه‌وه‌، جووکه‌یه‌ک له‌ مۆبایله‌که‌مه‌وه‌ هات. که‌ سه‌یرم کرد، نامه‌یه‌ک بوو له‌ "ناز"ی کچمه‌وه‌، که‌ له‌و کاته‌دا له‌ ده‌رێ بوو، ده‌ڵێ:"بابه، ده‌زانی بینه‌زیر بۆتۆ کوژرا! ‌ ته‌ماشای ته‌له‌ڤزیۆن بکه!". ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌م پێکرد و خستمه‌ سه‌ر یه‌کێک له‌ که‌ناڵه‌کان، هه‌واڵی کوشتنی بووتۆ، نوێترین و گه‌رمترین هه‌واڵ بوو، که‌ په‌خش ده‌کرایه‌وه‌ و شیکاریی بۆ ده‌کرا. ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 27ی دیسه‌مبه‌ری 2007، بینه‌زیر بووتۆی کچی ڕۆژهه‌ڵات، له‌نێو ئاپۆره‌ی هه‌وادارانیدا، کوژرا و کرایه‌‌ قوربانی دواکه‌وتوویی و مێشکداخراویی و نه‌ریتپاریزی و هزری کاتبه‌سه‌رچوو. سه‌رباری په‌ژاره‌ و خه‌م و فرمێسک، به‌ بیستن و دیتنی ئه‌و هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌، ده‌سبه‌جێ بیرم بۆ لای کارمه‌ندی کتێبخانه‌که‌ی له‌نده‌ن چوو و قسه‌کانی ئه‌وم هاتنه‌وه‌ یاد و ئه‌وده‌می تێگه‌یشتم، که‌ من چه‌نده‌ هه‌ڵه‌بووم له‌ بۆچوونه‌که‌مدا و چه‌نده‌ ناشاره‌زا بووم له‌ ناسینی کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا و به‌ تایبه‌ت جڤاکه‌ ئیسلامییه‌کان و ئه‌و چه‌نده‌ دروست بوو و  چه‌نده‌ قووڵبیر‌ بوو و من چه‌نده‌ ته‌نکبیر بووم.
دوای ماوه‌یه‌ک"ناز"ی کچم هاته‌وه‌ ماڵێ و قسه‌کانی ئه‌و کارمه‌نده‌م بۆ گێڕایه‌وه‌ و دوو قۆڵیی له‌گه‌ڵ"ناز"دا، ماوه‌یه‌ک مت بووین و دواتر که‌وتینه‌ خه‌مگۆڕینه‌وه‌ و بیزاریده‌ربڕین و ڕه‌خنه‌بارانکردنی ئه‌و جۆره‌ جڤاکه‌ پڕ له‌ نادادی و سته‌مکارانه‌.

27 – 12 - 2013

Wednesday, December 11, 2013

کاوه‌ گه‌رمیانی، خه‌ونێکی کورت، پرۆژه‌یه‌کی درێژخایه‌ن

کاوه‌ گه‌رمیانی، خه‌ونێکی کورت،
پرۆژه‌یه‌کی درێژخایه‌ن

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

گه‌رمیان، ئه‌لبوومێکه‌‌، هه‌موو که‌سه‌کانی نێو وێنه‌کانی دووتوێی، خوێنیان لێ ده‌چۆڕێ.
گه‌رمیان، کتێبێکه‌، ته‌واوی ڕووپه‌له‌کانی، له‌ ده‌سپێکه‌وه‌ تا کۆتایی، ته‌نیا به‌ یه‌ک وشه‌ پڕکراوه‌ته‌وه‌،‌ ئه‌ویش وشه‌ی"مه‌رگ"ه‌.                                                                                                     
گه‌رمیان، مێژوویه‌که‌ له‌ ئه‌نفال.
گه‌رمیان، تابلۆیه‌که‌‌، ئاڵ ئاڵ، به‌ خوێن ڕه‌نگکراو.
گه‌رمیان، هۆره‌ و ئه‌ڵڵاوه‌یسی و قه‌تارێکه‌، چیرۆکی سته‌م و ئازار و چه‌وسانه‌وه‌ و هه‌ژاری و نادادی، ده‌گێڕێته‌وه‌ و به‌ گوێی مرۆڤایه‌تیدا ده‌دات.                                                                             
گه‌رمیان، ژان گرتی و کاوه‌ گه‌رمیانی بوو.
کاوه‌ گه‌رمیانی،  ئه‌لبووم و کتێب و دیرۆک و تابلۆ و هۆره‌ و ئه‌ڵڵاوه‌یسی و قه‌تاره‌که‌ی گه‌رمیان بوو.      
 کاوه‌ گه‌رمیانی، خه‌می هه‌موو گه‌رمه‌سێری، له‌ که‌رکووکه‌وه‌ تا حه‌مرین و به‌دره‌ و جه‌سسان، دابوو به‌ کۆڵی خۆیدا.                                                                                                                  
هه‌موو گه‌رمیان له‌ کاوه‌ گه‌رمیانییدا چڕ بووبووه‌وه‌، ئه‌و بۆ خۆی گه‌رمیان بوو.
ئه‌و له‌بری هه‌موو هه‌ژارانی گه‌رمێنی کوردستان ده‌خه‌ونی.
وێڵی ڕاستی و عه‌وداڵی دادپه‌روه‌ری و زمانی چه‌وساوه‌ و سته‌ملێکراوان و ده‌نگی ئازادی و یه‌کسانی و شه‌یدای جیهان و بانه‌ڕۆژێکی گه‌شتر و ڕۆشنتر و شادتر بوو.                                                        
ئه‌و عاشق بوو، عاشقی خاک، عاشقی وڵات، عاشقی مرۆڤ.
ئه‌و ڕۆڵه‌یه‌کی جوامێرێ سه‌ربڵندی ئه‌و گه‌رمه‌سێره‌ بوو.
ئه‌و باڵای وه‌ک داڵه‌هۆ و گاره‌ و به‌مۆ به‌رز بوو.
ئه‌و هه‌ڵۆیه‌ک بوو، به‌و گوێچه‌می سیروانه‌دا، هه‌رده‌م ده‌یدا له‌ شه‌قه‌ی باڵ و ڕاوی داڵه‌ مرداره‌وه‌بووخۆره‌کانی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ده‌کرد.                                                                      
ئه‌و کاوه‌ بوو، به‌ بێ چه‌کوش، قه‌ڵه‌مه‌که‌ی، ته‌نیا قه‌ڵه‌مه‌که‌ی، چه‌کوش و داس و بێوری ئه‌و بوون. ئه‌و به‌ قه‌ڵه‌مه‌که‌ی، هه‌موو ئه‌ژده‌هاکه‌کانی سه‌رده‌می تۆقاندبوو و هه‌موو چه‌ته‌ و گه‌نده‌ڵکار و دز و جه‌رده‌ و سته‌مکار و مشه‌خۆرانی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ڕسوا کردبوون و داشۆریبوون.                                      
ئه‌وان، شه‌مشه‌مه‌کوێره‌کانی کوردستان، تاریکیپه‌رستانی وڵات، چه‌ته‌ و جه‌رده‌ و دز و مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵکارانی نیشتمان، چاویان به‌ کاوه‌ گه‌رمیانیدا هه‌ڵنه‌ده‌هات.                                              
 ئه‌وان ده‌یانه‌ویست قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بشکێنن و ده‌نگی بتاسێنن و زمانی ببڕن.
ئه‌وان، گه‌یشتنه‌ مه‌رام و مه‌به‌ستی خۆیان و کاوه‌ گه‌رمیانییان، بێده‌نگ کرد و گه‌رمیانیان به‌ خوێنی وی سوور کرد.                                                                                                                     
 ئه‌وان ته‌حه‌ممولی بیر و ده‌نگی ئازاد و وشه‌ و گوتاری ڕاست ناکه‌ن، مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وان نه‌بوون، به‌کر عه‌لی و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریفیشیان تاساند!             
نه‌ گه‌رمیان، یه‌ک کاوه‌ی تێدایه‌ و نه‌ کوردستانیش یه‌ک کاوه‌! ئه‌و خاکه‌، ڕۆژانه‌ سه‌دان کاوه‌ی دیکه‌ دێنێته‌ دنیاوه. ئه‌و خاکه‌ سه‌دان به‌کر و سۆران و سه‌رده‌شتی دیکه‌ی ده‌بێ، که‌ هه‌موویان ناوی کاوه‌ له‌خۆ ده‌نێن. هه‌موو ئه‌و کاوانه‌ش، ڕێچکه‌ی کاوه‌ گه‌رمیانی ده‌گرنه‌ به‌ر و بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی کاوه‌ گه‌رمیانی خه‌بات ده‌که‌ن و خۆ به‌ هاوڕێ و هاوخه‌بات و هاوئامانج و پێڕۆی کاوه‌ گه‌رمیانی ده‌زانن.                                                                                                                         
جه‌للاده‌کانی کاوه‌ گه‌رمیانی، چه‌ته‌کانی دوێنێی چیا و دز و گه‌نده‌ڵکارانی ئه‌مڕۆی حیزب و ده‌سه‌ڵات، ئه‌وان، موزه‌ففه‌ر ئه‌ننه‌وواب گوته‌نی "گه‌ووڕی به‌رازێک له‌ پاکژترینتان، خاوێنتره‌"، هه‌موو تا ته‌وقی سه‌ریان، لێوانلێوه‌، له‌ تاوان، ئه‌گه‌ر نا، چۆن مرۆڤ ده‌توانێ، به‌ فیشه‌ک وه‌ڵامی وشه‌ بداته‌وه‌ یا چۆن به‌ ته‌ور له‌گه‌ڵ گوڵدا مامه‌ڵه‌ ده‌کرێ!                                                                                      
ئه‌و کوشتن و له‌به‌ینبردنه‌ی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانانی ڕاستگۆ، له‌ باشووری کوردستان و له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ کوردستانییانه‌دا، له‌نێوبردنێکی هه‌ڕه‌مه‌کی و هه‌روا له‌ خۆڕا نییه‌، به‌ڵکه‌ ڕێکخراو و نه‌خشه‌بۆدارێژراوه‌. ئه‌وه‌ کارێکه‌، له‌ سه‌ر ده‌ستی که‌سانێکی نێو حیزب و ده‌سه‌ڵات، جێبه‌جێ ده‌کرێ. په‌رچه‌کردارێکه‌ له‌ ترس و تۆقین و زه‌نده‌قچوونی ئه‌وانه‌وه‌، له‌ وشه‌ی ئازاد و ڕاستگۆیی و هزری ئازاده‌وه‌، دێته‌ ئاراوه‌، ده‌نا هیچ مرۆڤێکی ئاسایی خه‌ڵکی ئه‌و کوردستانه‌، هیچ هه‌ژار و نه‌دار و خه‌ڵکانێکی گرێنه‌دراوی ده‌سه‌ڵات و حیزب، له‌ وشه‌ ناترسن و به‌ گوتنی ڕاستییش، زیانیان پێ ناگا و ئه‌وان نین، کاوه‌ گه‌رمیانی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک وی ده‌هزرێن، ده‌کوژن، ئه‌وه‌ حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ گوتنی ڕاستی و وه‌ده‌رخستنی پاشه‌ڵپیسی و کاره دزێو قێزه‌و‌نه‌کانیان و ئاشکراکردنی ڕاستییه‌کان هه‌تره‌شیان ده‌چێ و هه‌ر ئه‌وانیشن ده‌ستیان به‌ خوێنی خه‌ڵکی ئازایخواز سووره.                                             
که‌ سه‌عید قه‌ززاز، که‌ونه‌ سیاسه‌تکار و وه‌زیری سه‌رده‌می پادشایه‌تی عیراق، له‌ دوای 14ی ته‌ممووزی 1958 و به‌ فه‌رمانی دادگای گه‌ل، هه‌ڵواسرا، کاتێک چووه‌‌ پای سێداره‌ و له‌و به‌رزییه‌وه‌ په‌ته‌که‌ی له‌ ملی خۆی کرد، گوتی:"من ئێستا ڕاوه‌ستاوم و مردن ده‌بینم  و گه‌لێ لێمه‌وه نزیکه و سێداره‌ش نامترسێنێ، که‌ ده‌چمه‌ پایشی، زۆر که‌س، که‌ شایسته‌ی ژیان نین، له‌ ژێر پێیه‌کانمدا ده‌بینم".                             
مرۆڤکوژه‌کانی حیزب، گرگنه‌کانی ده‌سه‌ڵات، له‌میش و کاسه‌لیس و دووڕووه‌کانی پاشکۆی حیزب و ده‌سه‌ڵات، جه‌للاده‌کانی کاوه‌ گه‌رمیانی، باڵایان، سه‌ریان، هه‌رگیز ناگاته‌ ئاستی پاژنه‌ی که‌وشه‌کانی کاوه‌ گه‌رمیانی.                                                                                                              
ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ و له‌ دوای شه‌هیدبوونییه‌وه‌ بۆ کاوه‌ گه‌رمیانی کراوه‌، هێشتا له‌ ئاست مه‌زنیی ئه‌ودا نییه‌ و له‌ ئاست ئه‌و لێقه‌ومانه‌ گه‌وره‌یه‌دا نییه‌. له‌بری چاوه‌ڕوانیی دادگا و کۆمیته‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵات و حوکوومه‌تی حیزب و کارگێڕیی حیزب، نه‌فره‌ت له‌ هه‌ر هه‌موویان، ده‌بوو خه‌ڵک، لاوان، چه‌وساوان، سته‌مدیده‌کان، به‌شخوراوان، لێقه‌وماوان، خه‌ڵکانی شۆڕشگێڕ، بۆ خۆیان، داروبه‌ردی حیزب و ده‌سه‌ڵاتیان له‌و گه‌رمیانه‌دا، سه‌روژێر کردبا و بۆ خۆیان تۆڵه‌ی خوێنی کاوه‌ گه‌رمیانییان له‌ مرۆڤکوژه‌کانی حیزب کردبایه‌وه‌. ده‌بوو دروشمی"هه‌موومان کاوه‌ گه‌رمیانیین" به‌ کردار، جێبه‌جێ کرابا!                           
کاوه‌ گه‌رمیانی، نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ک بوو، پرۆژه‌یه‌ک بوو، بۆ بێده‌نگنه‌بوون له‌ سته‌م و به‌گژداچوونه‌وه‌ی سته‌مکار، بۆ جیهانبینییه‌کی نوێ، بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵگه‌، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش، هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت و به‌رده‌وام ده‌بێت و ئاڵاکه‌ی ده‌شه‌کێته‌وه‌.                                                                                            
کاوه‌ گه‌رمیانی، بۆ ڕووناککردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ئازادی و یه‌کسانی و جڤاکێکی به‌خته‌وه‌ر، شه‌هید بوو، گڕو و تین و بڵێسه‌ و گه‌رمیی په‌یامه‌که‌ی، هه‌رگیز خامۆش نابێته‌وه‌.                                                     

دروود بۆ گیانی پاکی کاوه‌ گه‌رمیانی و نه‌فره‌ت له‌ جه‌للاده‌کانی.


11 – 12 - 2013

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...