Thursday, March 6, 2014

که‌رکووکه‌خه‌م - نۆ –

که‌رکووکه‌خه‌م
- نۆ –
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئوکتۆبه‌ری 1972- ئوکتۆبه‌ری1973، من بۆ خۆم سه‌رباز بووم له‌ که‌رکووک. پاش ماوه‌ی سێ چوار مانگی ڕاهێنان و مه‌شقپێکردن له‌ نێوه‌ندی ڕاهێنان و مه‌شقپێکردنی پیاده‌ی که‌رکووک(مرکز تدریب مشاة کرکوك)‌، ده‌بوو بگوێزرێینه‌وه‌ بۆ پێگه‌ و یه‌که‌سه‌ربازییه‌کانی که‌رکووک. یه‌کێک له‌ خزمانی که‌رکووکم، که‌ هاوڕێیه‌کی زۆر نێزیکیشم بوو(کاک شێخ مه‌حموود) یادی به‌خێر و گیانی شاد، که‌ دۆستایه‌تییه‌کی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی نێوه‌ندی مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازگه‌ی که‌رکووکدا هه‌بوو و منیش له‌وێ سه‌رباز بووم، ڕایسپاردبوو، هه‌وڵ بدات ڕه‌وانه‌ی شوێنێکی باشم بکات. چێشته‌نگاوێک هه‌موو سه‌ربازانی ئه‌و نێوه‌نده‌ خڕکرانه‌وه‌ و ئیدی ناو ده‌خوێنرایه‌وه‌ و هه‌ر بڕکه‌ یا هه‌ر یه‌که‌ نامه‌یه‌کیان وه‌رده‌گرت و به‌ره‌و ئه‌و جێیه‌ی بۆی ده‌گوێزرانه‌وه،‌ ده‌سبه‌جێ به‌ڕێده‌که‌وتن. پاش ماوه‌یه‌ک ناوی منیش بانگکرا. چووم و نامه‌یه‌کی داخراویان دایه‌ ده‌ستم و ناوی شوێنێکی به‌ ژماره‌ و هێما و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌، لێ نووسرابوو و ته‌نێ پێیان گوتم، ئه‌و جێگه‌یه‌ له‌ باره‌گای فیرقه‌(مقرالفرقة)یه. منیش نامه‌که‌م وه‌رگرت و سواری دووچه‌رخه‌که‌م[1] بووم و ڕۆیشتم و دوای ماوه‌یه‌ک جێگه‌که‌م دۆزییه‌وه‌. ئیدی ئه‌م ڕاڕه‌و و ئه‌و ڕاڕه‌و و ئه‌م ژوور و ئه‌و ژوور تا ناردمیانه‌ ژوورێک. نه‌ بینایه‌که‌ و نه‌ ڕاڕه‌وه‌کان و نه‌ ژووره‌کانیش هیچیان له‌سه‌ر نه‌نووسرابوون و دیار نه‌بوون چ جۆره‌ به‌شێکی له‌شکرن. که‌ وه‌ژوورکه‌وتم 6 -7 جێگری ئه‌فسه‌ر و هه‌ریه‌که‌ له‌ پشتی مێزیکه‌وه‌ دانیشتبوون. هه‌ندێکیان عه‌ره‌ب بوون و هه‌ندێکیشیان تورکمان بوون، دیاره‌ دواتر له‌ ڕێگه‌ی قسه‌کردنیان له‌ نێو خۆیاندا و له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وت. من نه‌مزانی ڕوو له‌ کامیان بکه‌م.‌ که‌ نامه‌که‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ بده‌م، یه‌کێکیان به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ کردم و منیش چوومه‌ به‌رده‌می و نامه‌که‌م دایه‌ ده‌ستی. پاکه‌ت(زه‌رف)ه‌که‌ی هه‌ڵبچڕی و نامه‌که‌ی خوێنده‌وه‌ و به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ کورسییه‌ک کرد و به‌ عه‌ره‌بی پێی گوتم: له‌ سه‌ر ئه‌و کورسییه‌ دانیشه‌.‌‌ منیش چووم و دانیشتم. ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆ بوو که‌ دانیشتم. ده‌وروبه‌ری سه‌عات چوار، هه‌موو قیت بوونه‌وه‌ و مێز و دۆڵاب و ده‌فته‌ر و کاغه‌زه‌کانیان داخست و کڵۆم کرد. به‌وه‌دا تێگه‌یشتم، که‌ کاریان ته‌واو بووه‌ و ده‌ڕۆن. له‌و ماوه‌‌ی ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌دا، تاکه‌ یه‌ک وشه‌یش‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کردم. که‌ هه‌ڵسان منیش هه‌ڵسام و که‌سیان هیچی پێ نه‌گوتم، تا خۆم له‌وه‌ی کاغه‌زه‌که‌ی لێ وه‌رگرتبووم پرسیارم کرد، که‌ چی بکه‌م و سبه‌ی چۆن! هه‌ر ئه‌وه‌ی پێ گوتم، که‌ سبه‌ی سه‌عات هه‌شت دێمه‌وه‌ ئه‌و جێگه‌یه. ئیدی بێ خوداحافیزی و هیچ، له‌گه‌ڵ خۆیاندا منیشیان پێش خۆیان کرده‌ ده‌ره‌وه‌. منیش  وه‌ک ڕۆژانی پێشووم به‌ دووچه‌رخه‌که‌م به‌ره‌و نێو شار وه‌ڕێکه‌وتم. سبه‌ی سه‌عات هه‌شتی به‌یانی هاتمه‌وه‌ و چوومه‌ ژوورێ و له‌ سه‌ر کورسی گۆرین دانیشتمه‌وه‌. تا سه‌عات چوار یه‌ک قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کردم و منیش ته‌نیا بۆ ئاوخواردنه‌وه‌ و سه‌راو له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌ هه‌ڵده‌ستام، ده‌نا ئیدی هه‌ر له‌وێ وه‌ک په‌یکه‌رێک دانیشتبووم. که‌ کار ته‌واو بوو و هه‌ڵسان بڕۆن، منیش هه‌ڵسام و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا وه‌ده‌رکه‌وتم. ئیدی نه‌مپرسی، ‌ بۆ سبه‌ی چبکه‌م، چونکه‌ ده‌مزانی سبه‌ینێیش هه‌روا ده‌بێت. ڕۆژی سێیه‌م هاتمه‌وه‌ و چوومه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان کورسی و دانیشتمه‌وه‌. تا ده‌وروبه‌ری سه‌عات سێ. له‌پڕ جێگری ئه‌فسه‌رێک هاته‌ ژوورێ و ڕوویکرده‌ من و گوتی: تۆ ناوت چییه‌؟ پێم گوت فڵان و ئه‌وجا گوتی: تۆ ده‌رچووی زانستگه‌ و کۆلێژی ئابووریت؟ گوتم: به‌ڵێ. ئه‌وجا گوتی: تۆ عه‌ره‌بی یا تورکمانی؟ گوتم: کوردم. ئیدی وه‌ده‌رکه‌وت و منیش له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌ی خۆم دانیشتمه‌وه‌. پاش نیو سه‌عاتێک هه‌ر ئه‌و کابرایه‌ هاته‌وه‌ و نامه‌یه‌کی پێچراوه‌ و داخراوی بۆ درێژ کردم و دایه‌ ده‌ستم و گوتی:" تۆ به‌ هه‌ڵه‌ هاتووی بۆ ئێره‌ و ده‌ڕۆی بۆ شوێنێکی دیکه‌، که‌ له‌ سه‌ر زه‌رفی نامه‌که‌ نووسراوه"‌. ئیدی نامه‌که‌م لێوه‌رگرت و  له‌ ژێر لێوه‌وه‌ خواحافیزییه‌کم لێکردن و وه‌ده‌رکه‌وتم و ڕۆیشتم تا یه‌که‌ سه‌ربازییه‌ نوێیه‌که‌مم دۆزییه‌وه‌، که‌ کارگێڕیی کاری شوێنگه‌ی که‌رکووک(أشغال موقع کرکوك) بوو. ماوه‌ی ئه‌و سێ ڕۆژه‌ی له‌و کارگێڕییه‌ی به‌رین بووم، که‌  کارم ته‌نێ دانیشتن بوو له‌ سه‌ر کورسییه‌که‌، هه‌رگیز نه‌مزانی ئه‌و کارگێڕییه‌ چییه‌ و کوێیه‌، تا دواتر له‌ کارگێڕییه‌ نوێیه‌که‌م زانیم، ئه‌وه‌ به‌شێکی به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی هه‌واڵگری له‌شکریی(مدیریة الإستخبارات العسکریة) بووه‌. به‌ پرسیاره‌کانی کابرا، که‌ من عه‌ره‌بم یا تورکمان و به‌ وه‌ده‌رنانی من له‌و جێگه‌یه‌، ئه‌وه‌ سه‌لمێندرا و ڕوون بووه‌وه‌، که‌ کورد له‌و سه‌رده‌مه‌شدا، که‌ به‌شێک بوو له‌ چوار ساڵه‌که‌ی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 و ده‌سه‌ڵاتداری دووه‌می دوای به‌عس بوو له‌ هه‌موو عیراقدا،  له‌و شوێنه‌، مه‌گه‌ر خۆفرۆش و خیانه‌تکار با، ده‌نا هه‌رگیز ته‌نانه‌ت وه‌ک نزمترین پله‌ی سه‌ربازییش، جێگه‌ی نه‌ده‌بووه‌وه و عه‌ره‌ب، که‌ هیچ ماڵی خۆی بوو، لێ تورکمانیش جێی ده‌بووه‌وه!                                                                                                               
        
06 – 03 - 2014



[1] دوچه‌رخه‌(پایسکیل)، ئه‌وده‌می یه‌کێک بوو له‌ ئامرازه‌ فره‌ به‌کاربراوه‌کانی هاتوچۆ له‌ شاری که‌رکووکدا. که‌رکووک به‌ دووچه‌رخه‌ به‌ناوبانگ بوو. ڕه‌نگه‌ به‌هۆی کۆمپانیای نه‌وت و بوونی ژماره‌یه‌کی زۆری کارگه‌ر و بوونی ئینگلیز و خه‌ڵکی دیکه‌ی بیانی، که‌ کارمه‌ند بوون له‌ کۆمپانیای نه‌وتدا و به‌ چاولێکه‌ری و تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، ‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و هاتنی ئینگلیز بۆ ئه‌و شاره‌ له‌ کۆتایی ساڵانی 1920ه‌کانه‌وه‌،، ئیدی فه‌رهه‌نگ یا نه‌ریتی دووچه‌رخه‌ئاژۆتن له‌ که‌رکووکدا په‌یدا بووبێت و بره‌وی په‌یدا کردبێت.                                                                                      

Saturday, January 11, 2014

قاره‌مانانی خێڵ و قانوونی له‌پێکراو

قاره‌مانانی خێڵ و قانوونی له‌پێکراو
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

چل ڕۆژێک پێش ئه‌مڕۆ، له‌ ماڵی خۆیدا و له‌ باوه‌شی دایکیدا، کاوه‌ گه‌رمیانی، گه‌نجێکی خوێنگه‌رم، ڕه‌خنه‌گر، شۆڕشگێڕ، ڕاستگۆ، هه‌ژاری بێچووه‌ هه‌ژاری ئه‌و گه‌رمێنه‌، به‌ ده‌ستی جه‌للادێک یا جه‌للادگه‌لێک، شه‌هید کرا. جه‌رگی دایکێکی هه‌ژاری گه‌رمێنی، سووتێنرا. هێلانه‌ی ژنێکی گه‌نجی هه‌ژاری بێچووه‌ هه‌ژاری هه‌مووکه‌س ئه‌نفالکراوی مێرددار، تێکدرا و به‌ تۆبزیی و بێ خواستی خۆی، کرایه‌ بێوه‌ژن. منداڵێکی ساوا، له‌ نازی باوکایه‌تی دابڕێنرا و باوکی لێ سه‌نرایه‌وه‌ و هه‌تیو خرا.                                                                             
تاکه‌ تاوانێکی کاوه‌ گه‌رمیانی، که‌ له‌ سه‌ری کوژرا، هه‌ڵماڵین و ئاشکراکردنی، کۆمه‌ڵێک فایلی گه‌نده‌ڵی و ساخته‌کاری و دزی و فڕوفێڵی، چه‌ند به‌رپرسێکی حیزبی و ناحیزبی، ئه‌و گه‌رمیانه‌ بوو و هیچی تر.                                                             
                                   
کورد له‌مێژه‌ گوتوویه‌تی:"باوکم دیار نییه‌ و پیاوێک گورگ خواردوویه‌تی"، که‌ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی : مادام پیاوێک گورگ خواردوویه‌تی و باوکیشم دیار نییه‌، که‌واته‌ ئه‌و پیاوه‌ باوکمه‌. کاوه‌ گه‌رمیانی له‌ که‌لار کوژرا و که‌لار هه‌ر له‌ 1966ه‌وه‌، مه‌کۆیه‌کی مه‌زن و پێگه‌یه‌ی گرنگی جه‌لالی ئه‌وسا و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ئێستا بووه‌. ئه‌وه‌ی کاوه‌ گه‌رمیانی کوشت و ئه‌وه‌ی هانی کوشتنی کاوه‌ گه‌رمیانی داوه‌، که‌سانێکن له‌نێو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا له‌و گه‌رمێنه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش له‌وێ به‌ ده‌ست یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ هیچ شیکردنه‌وه‌ و قووڵبوونه‌وه‌ و شاره‌زایی و سه‌رچاوه‌ و سه‌لماندنێکی نه‌گه‌ره‌که‌، چونکه‌، کوشتنی که‌سانی وه‌ک کاوه‌ گه‌رمیانی، هه‌میشه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ کراوه‌ و ده‌کرێ. کاوه‌ گه‌رمیانی و خه‌ڵکی وه‌ک وی، ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ ڕقی لێیان ده‌بێته‌وه‌ و ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ به‌ بیر و بۆچوونه‌کانیان تێکده‌چێ و ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ لێیان ده‌ترسێ. کاوه‌ گه‌رمیانی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و، له‌گه‌ڵ هیچ مرۆڤێکی ئاسایی وڵاتدا، هیچ کێشه‌یه‌کیان نه‌بووه‌ و نییه‌. ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ کاوه‌ گه‌رمیانی و هاوڕێیانی به‌ کێشه‌ ده‌زانی.                                                                                     
هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌که‌می شه‌هیدبوونی کاوه‌ گه‌رمیانییه‌وه‌، ناوی دوو که‌س، زۆر به‌ زه‌قی وه‌ک گومانلێکراو به‌ کوشتن یا  هاندانی کوشتنی کاوه‌ گه‌رمیانی، له‌ میدیاکانی کوردستاندا، ده‌برا و باس ده‌کرا. مه‌حموود سه‌نگاوی و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا، که‌ هه‌رتکیان له‌ سه‌رانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و هێزی چه‌کداری ئه‌و حیزبه‌ن. که‌س تا ئێستا ناتوانێ سه‌دله‌سه‌د بڵێ، که‌ ئه‌و دووانه‌ یا یه‌کێک له‌و دووانه‌، کوژه‌ر یا هانده‌ری کوژتنی کاوه‌ گه‌رمیانین، لێ ئه‌وان گومانلێکراون.                                                                            
دادگه‌ی گه‌رمیان، پاش ماوه‌یه‌ک له‌ شه‌هیدبوونی کاوه‌ گه‌رمیانی، بانگی هه‌ردوو سه‌نگاوی و مینای کرد بۆ ئاماده‌بوون و پرسیار و لێکۆڵینه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌ و دواتریش فه‌رمانی گرتنیانی دا. ئه‌و فه‌رمانه‌ی دادگه‌، هه‌را و ژاوه‌ژاوێکی زۆری لێکه‌وته‌وه‌ و تائێستاش نه‌بڕاوه‌ته‌وه‌. سه‌نگاوی دوای ماوه‌یه‌کی زۆر و به‌ کۆمه‌ڵێک چه‌کدار و هه‌واداری حیزب و خه‌ڵکی خێڵ و هه‌یتوهووته‌وه‌، چووه‌ به‌رده‌م دادگه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ مینایش بچێت.                                                                     
چه‌ندین حه‌فته‌ی چاوه‌ڕوانی، بۆ چوونی سه‌نگاوی بۆ به‌رده‌م دادگه‌ و گوێگرتن له‌ گێڕانه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌و باسه‌وه‌، بووه‌ گه‌وره‌ترین و گرنگترین هه‌واڵه‌کانی میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان. ده‌یان شیکردنه‌وه‌ی بۆ کرا. ده‌یان که‌س هێنرانه‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و باسی ئه‌وه‌یان کرد. ده‌یان گوتار له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانێکی پایه‌به‌رز و ده‌مڕاست و ده‌ستڕۆیشتووی نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانییه‌وه‌، له‌مه‌ڕ سه‌نگاوییه‌ نووسرا و یه‌کیه‌تیی وه‌ک پێشه‌نگ و ده‌ستپێشخه‌ر و سه‌نگاوی وه‌ک قاره‌مان و شۆڕشگێڕ و مێژووگۆڕ و ڕچه‌شکێن و ده‌یان شتی دیکه‌ پێناسه‌ کران. هه‌رتک جێگری سکرتێری یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی به‌ ته‌مان سه‌ردانی سه‌نگاوی له‌ سه‌نگاو بکه‌ن. خه‌ڵکی سه‌نگاو، وه‌ک گه‌له‌کۆمه‌کێیه‌کی شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌ک و تیره‌ و خێڵگه‌رایی، هێنرانه‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن، بۆ په‌سندانی ڕۆڵه‌ قاره‌مانه‌که‌یان "سه‌نگاوی". ئه‌گه‌ر میدیاکار و نووسه‌ر و بیرمه‌ند و فیلۆسۆف و ڕووناکبیر و بژارده‌ی مانه‌ندی وان، بوون به‌ شایه‌ر و زوڕناژه‌ن و بڵندگۆ، ئه‌وده‌می هزر پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنێ و له‌گه‌ڵ تاکه‌ که‌وشێکدا هیچ جیاوازییه‌کی نامێنێت‌[1]!                             
به‌و په‌سن و پێداهه‌ڵدانه‌ی سه‌نگاوی له‌ لایه‌ن ده‌سگاکانی حیزب و هۆز و چه‌کدار و میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌، سه‌نگاوی خرایه‌ ڕیزی، گیڤارا، ماوزه‌دۆنگ، کاسترۆ،  ماندێلا، ژه‌نراڵ جیاپ و هۆ شی مینه‌وه‌.                                         
له‌ وڵاتێکدا، ئه‌گه‌ر قانوون سه‌روه‌ر بێت و هه‌مووان له‌به‌رده‌م قانووندا چوونیه‌ک و یه‌کسان بن، ئیدی هیچ جیاوازییه‌ک له‌نێوان سه‌نگاوی و مینا و تاڵه‌بانی و بارزانی و ده‌سفرۆشێکی شێخه‌ڵڵا و کارگه‌رێکی بانمیل و شوانێکی بنارگلدا، نامێنێ. ساڵانه‌ ده‌یان سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆکحوکوومه‌ت و وه‌زیر و گزیر، له‌م ئه‌وروپایه،‌ به‌ پێی خۆیان و سه‌ڵته‌زه‌لام، ده‌چنه‌ به‌رده‌م دادگه‌ و دادوه‌ر ده‌یانداته‌ به‌ر ڕێژنه‌ی پرسیار و تۆمه‌تباریان ده‌کات، به‌ ده‌یان تاوانی وه‌ک دزی و گه‌نده‌ڵی و به‌کا‌رهێنانی ده‌سه‌ڵات، بۆ کاروباری تایبه‌تی و ساخته‌کاری و کوشتن و هاندانی کوشتن و... دواتریش سزایان ده‌دا به‌و جۆره‌ی، که‌ قانوون ڕێگه‌ی پێ ده‌دا و به‌ گوێره‌ی تاوانه‌که‌یان و که‌سیش نایکاته‌ هه‌را و که‌سیش باسیان ناکات و ناشکرێنه‌ قاره‌مان و ڕچه‌شکێن و پێشه‌نگ و په‌سنی نه‌ خۆیان و نه ‌حیزبه‌کانیان نادرێ....نموونه‌ش ژاک شیراک(فرانسه‌)، به‌رلیسکۆنی(ئیتالیا) و ده‌یانی دیکه‌. له‌ سوێد چه‌ندین له‌و حاڵه‌تانه‌ ڕوویانداوه‌، بێ ئه‌وه‌ی تا ئێستا که‌س کرابێته‌ قاره‌مان، وه‌ک که‌ مه‌حموود سه‌نگاوی،کراوه‌.                                              
عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا، هێشتا به‌و پرۆسێسه‌ی سه‌نگاویدا تێنه‌په‌ڕیوه‌ و که‌ نۆره‌ی ئه‌ویش هات، ئه‌وده‌می میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ئه‌ویش وه‌ک سه‌نگاوی ده‌به‌نه‌ ڕیزی قاره‌مانه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی جیهانه‌وه و ئه‌وده‌می که‌لار و که‌لارییان ده‌جمن و بۆ داکۆکی له‌ کوڕه‌خاسه‌ و ئازاکه‌یان، گه‌رمیان ده‌هه‌ژێنن و لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامان به‌ گوتاری گه‌رم و ته‌له‌ڤزیۆنان به‌ وشه‌ی ئاگرین، پڕ ده‌که‌نه‌وه‌‌!                                              
له‌ کوردسنان با سه‌رۆکه‌که‌یشی بڵێ"قانوون سه‌روه‌ره‌"، ئه‌وه‌ ته‌نێ قسه‌یه‌، قانوون نه‌ سه‌روه‌ره‌ و نه‌ بنوه‌ره‌ و نه‌ هیچ‌! ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان سه‌روه‌ره‌، حیزب و خێڵ و عه‌شیره‌ت و تیره‌ و تایه‌فه‌ و پاره‌ و چه‌ک و ملهوڕییه‌ و قانوونی سه‌روه‌ر، قانوونی ئه‌وانه‌. تۆی ده‌سه‌ڵاتدار، ئه‌م هه‌موو په‌سنه‌ی سه‌نگاوی و مینایه‌ بده‌یت و به‌و جۆره‌ باسیان بکه‌یت و هێنده‌ گرنگییان پێ بده‌یت، کێ ده‌توانێت و ده‌وێرێت بڵێ ئه‌وانه‌ گومانلێکراون! کام دادوه‌ر له‌ کوردستان، ده‌توانێ دژ به‌ بڕیار و دید و نه‌خشه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵات و هیزه‌چه‌کداره‌کانیان و سه‌رانیان، بێته‌ ده‌نگ و بڕیارێک ده‌رکات، با له‌سه‌ر حه‌قیش بێت و ئه‌وانیش تاوانبار بن، به‌ زیانی ئه‌وان!                                                           
له‌ کوردستان ئه‌گه‌ر قانوون پێڕۆ کرابا، زۆر ده‌مێک بوو، سه‌دان به‌رپرسی دز و گه‌نده‌ڵ و چه‌ته‌ی حیزب و حوکوومه‌ت و هێزی چه‌کدار، درابوونه‌ دادگه‌ و به‌ سزای خۆیان گه‌یێنرابوون! ئه‌گه‌ر قانوون هه‌با، له‌مێژ بوو، کۆژه‌رانی شه‌هیدانی وشه‌ و بیری ئازادی وه‌ک، ئه‌بوبه‌کر عه‌لی و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و کاوه‌ گه‌رمیانی، ئاشکرا کرابوون و به‌ سزای خۆیان گه‌یشتبوون. ئه‌گه‌ر قانوون له‌ کوردستان هه‌با، هه‌زاران ژن له‌ کوردستان به‌ بیانووی پڕوپووچی نه‌ریته‌وه‌ نه‌ده‌کوژران. ئه‌گه‌ر قانوون له‌ کوردستان هه‌با، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ به‌ ده‌رمانی هه‌ڵه‌ و دوکتۆری نه‌زان، کوێر و شه‌ل و که‌ڕ و سه‌قه‌ت نه‌ده‌کران. ئه‌گه‌ر قانوون له‌ کوردستان هه‌با، ئه‌و هه‌موو میلیاردێر و میلیۆنێره‌ی تێدا په‌یدا نه‌ده‌بوون، که‌ له‌ ئه‌نجامی ڕووتانه‌وه‌ی خه‌ڵک و تاڵانکردنی هه‌ژاران و سامانی وڵاته‌وه‌ به‌وه‌ گه‌یشتوون. ده‌کرێ ده‌یان ئه‌گه‌ری دیکه‌یش ڕیز بکرێن و درێژه‌ به‌و باسه‌ بدرێ، لێ چی سه‌وز ده‌کات؟ ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان، ده‌سه‌ڵاتی مافیایه‌ و له‌ مافیاستانێکی وه‌ک کوردستان، زۆر له‌مێژه‌ قانوون له‌پێ کراوه‌.                   ‌
11 – 1 - 2014



 [1] ‌‌ئاماژه‌یه‌ بۆ نیوه‌ی دێڕه‌ شیعرێکی نه‌زار قه‌ببانی(نزار قباني)، که‌ ده‌ڵێ:" وإذا أصبـح المفكـر بـوقا يستوي الفكر عندها والحذاء".                                                                    

Friday, December 27, 2013

بینه‌زیر بووتۆ، کچه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵات

بینه‌زیر بووتۆ، کچه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵات

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

نیوه‌ڕوانێکی پاییزی 2007، خۆم کرد به‌ کتێبخانه‌که‌ی گه‌ره‌کی وودگرین(Woodgreen)ی شاری له‌نده‌ندا، بۆ ته‌ماشاکردنی ڕۆژنامه‌ و کتێب و چوونه‌نێو ئینته‌رنێته‌وه. له‌نێو یه‌کێک له‌ ڕه‌فه‌کانی کتێبه‌کاندا، کتێبێ"کچی ڕۆژهه‌ڵات -  Daughter of the East "ی بینه‌زیر بووتۆ(Benazir Bhutto)م به‌رچاوکه‌وت. ده‌سبه‌جێ هه‌ڵمگرت و بڕیارمدا قه‌رزی که‌م. بووتۆ، پاش چه‌ندین ساڵ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ وڵات و ژیانی تاراوگه‌، ئه‌و پاییزه‌، تازه‌ گه‌ڕابووه‌ پاکستان و وه‌ک سه‌رکرده‌ی پارتی گه‌لی پاکستان، ده‌یویست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی وڵاته‌که‌ی بکات و سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ستبهێنێ و حیزبه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست و بۆ خۆیشی ببێته‌ سه‌رۆکی وڵات. کتێبه‌که‌م هه‌ڵگرت و چوومه‌ به‌رده‌م ئه‌و کارمه‌نده‌ی، که‌ ده‌بوو ته‌ماشای کارتی کتێبخانه‌که‌م بکات و له‌ کۆمپیووته‌ره‌که‌یدا ناوم تۆمار بکات و کاغه‌زێکم بداتێ، که‌ تا چه‌ند ڕۆژان ده‌توانم ئه‌و کتێبه‌ قه‌رز که‌م. له‌ کاتی خه‌ریکبوونی به‌و کارانه‌یه‌وه‌، ئه‌و، که‌ کتێبه‌که‌ی بینی،  پرسیاری ئه‌وه‌ی لێکردم، که‌ ئایا خانمی بووتۆ له‌ هه‌ڵبژاردنی پاکستاندا ده‌یباته‌وه‌ یا نا! هه‌روا ده‌یویست بزانێ من چۆن ده‌ڕوانمه‌ ئه‌و پرسه‌. منیش له‌ دڵی خۆمدا و له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی، که‌ خانمی بووتۆ، سیاسه‌تکارێکی کارامه‌ و کاریگه‌ره‌ و ژنه‌ و سه‌رۆکی پارتییه‌کی گه‌لێره‌ و کچی زولفه‌قار عه‌لی بووتۆیه‌، که‌ سه‌رۆکی حوکوومه‌ت بووه‌ له‌ پاکستان و پیاوێکی گه‌لێر و خۆشه‌ویست بووه و له‌ ئه‌نجامی کوودێتایه‌کی سه‌ربازیدا، له‌ ده‌سه‌ڵات لابراوه‌ و ‌و له‌ لایه‌ن دیکتاتۆرێکه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه، ئیدی بێ سێودوو لێکردن و زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌، له‌ وه‌ڵامی ئه‌ودا، گوتم: به‌ڵی بێگومان گه‌لی پاکستان ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن و هه‌ڵده‌بژێردرێ و ده‌یباته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌گرێته‌ ده‌ست! ئه‌و گوێی لێگرتم، لێ به‌ قسه‌کانی من قایل نه‌بوو و گوتی: نه‌خێر، هه‌رگیز له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا نایباته‌وه‌، به‌ڵکه‌ ده‌دۆڕی، چونکه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ و خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ی بووتۆ، هه‌رگیز ڕێگه‌ به‌ ژنێک ناده‌ن، ببێته‌ سه‌رکرده‌یان، ئه‌و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه‌ ده‌دۆڕێ. من هه‌ر سوور بووم له‌سه‌ر قسه‌که‌ی خۆم و پێموابوو، ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ێڵێ وانییه‌ و وا نابێ. ئه‌و کارمه‌نده‌ بۆ خۆی ئینگلیز و بریتانی بوو، لێ به‌ ڕه‌گ و ڕه‌چه‌ڵه‌ک، خه‌ڵکی ئه‌فریقا بوو.
بینه‌زیر بووتۆ، کچی ڕۆژهه‌ڵات بوو، لێ نه‌ک هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتێک، ئه‌و کچی وڵاتێک بوو، که‌ هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری و جیاوازیی چینایه‌تیی و ڕۆڵی ئایین و نه‌ریتی هۆز و خێڵ، تێیدا زاڵ و سه‌رده‌سته‌. ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌وی تێدا مه‌زن بووبوو، وه‌ک زۆرێک له‌ جڤاکه‌ ئیسلامییه‌کان و ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌کان، جیاوازییه‌کی زه‌ق و یه‌کجار مه‌زن، له‌نێوان نێر و مێدا ده‌کات. نێر، به‌ هه‌موو ناته‌واوی و بووده‌ڵه‌ییه‌کیه‌وه‌، هه‌میشه‌، له‌و جڤاکانه‌دا، له‌ مێ، هه‌رچه‌نده‌، توانا و لێهاتوو و داهێنه‌ریش بێت،  له‌ پێشتره‌. نێر، هه‌میشه‌، قسه‌ڕۆیشتوو و زاڵ و خاوه‌ن بڕیار و پله‌ یه‌که‌ و مێ، گوێڕایه‌ڵ و پله‌ دووه‌. سه‌ره‌داوی ئه‌و له‌پێشبوونه‌ و هۆکاره‌کانی، بنه‌مایه‌کی ئایینیی هه‌یه‌ و له‌ گوتاری ئیسلامیدا، به‌ هه‌موو ڕێباز و باڵه‌کانییه‌وه‌، ده‌بیسرێ و ده‌بینرێ و زاڵه‌. ئایین، له‌و وڵاتانه‌دا، ئه‌گه‌ر بنه‌مای قانوون و به‌ڕێوه‌بردن و کارگێڕی و هزری، سه‌رخانی وڵاتیش نه‌بێت، بنه‌مای هزر و ڕێسا و نه‌ریت و بنگه‌ی قانوونه‌نه‌بینراوه‌کانی نێو جڤاکه‌کان و مرۆڤه‌کانه‌. مرۆڤ، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، ئێستاش، به‌ کاریگه‌ری شێخێکی ته‌ریقه‌ت و مورشیدێکی ئایینی و بانگخوازێکی توندڕۆی قورمیشکراو، پێوه‌ندی خوێن و خزمایه‌تی و خێڵ و مه‌لایه‌کی نامه‌لا، هه‌رچی جوانییه‌ ده‌کوژێ و کۆمه‌ڵگه‌ت بۆ سه‌روژێر ده‌کات. هه‌رچی کتێبێ فه‌لسه‌فه‌ی جیهانه‌، ناتوانێت، هێنده‌ی قسه‌یه‌کی بێواتا و بێتام و دوور له‌ ڕاستی و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ زانست و واقیع و ژیاندا، که‌ له‌ زاری شێخه‌که‌ی، ڕێبه‌ره‌ ئایینییه‌که‌ی، سه‌رخێڵه‌که‌ی دێته‌ ده‌رێ، کاری تێ بکات. فه‌توایه‌کی دژه‌مرۆڤی توندڕۆیه‌کی نێو بازنه‌ی ئایین و هۆز، تاریکستانێک ده‌ئافرێنێ و ڕه‌وتی ژیان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات و دۆزه‌خێک ده‌سازێنێ. هه‌رچه‌نده‌ بزاڤی ماف و یه‌کسانیی ژنان، له‌ هه‌ندێ جڤاک و وڵاتی ئیسلامیدا، پێشڤه‌چوونێکی بڕێک له‌به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌، لێ هێشتا له‌ قۆناخی گاگۆڵکێدایه‌ و نه‌یتوانیوه‌، له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێ و یه‌کسانی و چوونیه‌کیی وه‌ده‌ستبهێنێت. بێجگه‌ له‌وه‌ی نه‌ریت و ئایین و کۆنه‌پارێزانی نێو ئه‌و جڤاکانه‌، وه‌ک ترسێک له‌، له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی پیاو و زاڵبوونی کۆمه‌ڵیک چه‌مکی نوێخوازی و تازه‌گه‌ری و دژه‌باو، دژایه‌تی هه‌موو ئازادییه‌کی ژنان ده‌که‌ن، ساڵانێکیشه‌، به‌ هۆی دابه‌شکردنی جیهان، له‌ لایه‌ن ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکاوه‌، به‌ سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌کدا "ئێمه‌ و ئه‌وان" و زاڵبوونی ڕه‌وتی توندڕۆی ئایینی، له‌ وڵاتانی ئیسلامیدا، وه‌ک په‌رچه‌کردارێک بۆ ده‌ربڕینی دژایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی ڕۆژاوا، ده‌رفه‌تی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ژنان و ڕکابه‌رییان له‌گه‌ڵ پیاواندا، بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافی زیاتر و پایه‌ی زیاتر و باڵاتر، که‌متر و لاواز کردووه‌ و ئه‌گه‌ر بڕێک پێشکه‌وتنی وه‌ده‌ستهێنابێ، ئه‌وا ئێستا. له‌و جڤاکانه‌دا، له‌ پاشه‌کشه‌دایه‌. له‌ هیندستان و به‌نگلادیش و سریلانکا و پاکستانیش، ژن له‌ سه‌رده‌مێکدا بووه‌ته‌، خودان ده‌سه‌ڵات و پایه‌ی باڵای له‌ ده‌سه‌ڵاتدا وه‌رگرتووه و هه‌ر خانمی بووتۆ بۆ خۆی، پێش هه‌ڵهاتنی له‌ پاکستان‌، ده‌سه‌ڵاتدار بوو، لێ ئه‌و جڤاکانه‌، به‌و بنگه‌ هزری و دیده‌ داخراوه‌ ئایینییه‌وه‌، هه‌رگیز نه‌ جێی بڕوایه‌ به‌ ڕێگه‌پێدانی ژنان و نه‌ ده‌شتوانێت، که‌سێکی وه‌ک بووتۆ، له‌نێو ئه‌و هه‌موو توندڕۆ و ئازادیتاسێن و دژه‌یه‌کسانیانه‌دا، به‌ ڕێبه‌ری وڵات بناسێت. له‌وه‌ها جڤاکگه‌لێکدا، به‌ کوردستانه‌که‌ی خۆمانیشه‌وه‌، هێشتا سووکایه‌تیکردن به‌ ژن و کوشتنیان له‌سه‌ر ساکارترین هۆ و هاسانترین کێشه‌، له‌کن پیاوان، ئاسانترین کارێکه‌، که‌ ڕۆژانه‌ ئه‌نجام ده‌درێ. پیاوان، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، ته‌واوی ئه‌وه‌ی به‌ ژنانی ڕه‌وا نابینن، به‌ زیاده‌وه‌، بۆ خۆیانی وه‌ک مافێکی سروشتی، ڕه‌وا ده‌بینن و ئه‌گه‌ر ژنێکیش، به‌ شێوه‌یه‌ک به‌ موو له‌ گوێڕایه‌ڵییان لایدا، ئیدی چاره‌نووسی، ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و ئه‌وه‌ پیاوه‌، که‌ ئیدی بڕیاری به‌سه‌ردا ده‌دا و ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌میشه‌، نقی ببڕێ.
‌پاش نیوه‌ڕۆیه‌کی زستانێکی ساردی سوێد، ده‌وروبه‌ری سه‌عات سێ، له‌ ژوورێکی ماڵه‌وه‌ له‌ ستۆکهۆڵم، ده‌رکه‌وتم و  چوومه‌ ژووری دانیشتنه‌وه‌، جووکه‌یه‌ک له‌ مۆبایله‌که‌مه‌وه‌ هات. که‌ سه‌یرم کرد، نامه‌یه‌ک بوو له‌ "ناز"ی کچمه‌وه‌، که‌ له‌و کاته‌دا له‌ ده‌رێ بوو، ده‌ڵێ:"بابه، ده‌زانی بینه‌زیر بۆتۆ کوژرا! ‌ ته‌ماشای ته‌له‌ڤزیۆن بکه!". ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌م پێکرد و خستمه‌ سه‌ر یه‌کێک له‌ که‌ناڵه‌کان، هه‌واڵی کوشتنی بووتۆ، نوێترین و گه‌رمترین هه‌واڵ بوو، که‌ په‌خش ده‌کرایه‌وه‌ و شیکاریی بۆ ده‌کرا. ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 27ی دیسه‌مبه‌ری 2007، بینه‌زیر بووتۆی کچی ڕۆژهه‌ڵات، له‌نێو ئاپۆره‌ی هه‌وادارانیدا، کوژرا و کرایه‌‌ قوربانی دواکه‌وتوویی و مێشکداخراویی و نه‌ریتپاریزی و هزری کاتبه‌سه‌رچوو. سه‌رباری په‌ژاره‌ و خه‌م و فرمێسک، به‌ بیستن و دیتنی ئه‌و هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌، ده‌سبه‌جێ بیرم بۆ لای کارمه‌ندی کتێبخانه‌که‌ی له‌نده‌ن چوو و قسه‌کانی ئه‌وم هاتنه‌وه‌ یاد و ئه‌وده‌می تێگه‌یشتم، که‌ من چه‌نده‌ هه‌ڵه‌بووم له‌ بۆچوونه‌که‌مدا و چه‌نده‌ ناشاره‌زا بووم له‌ ناسینی کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا و به‌ تایبه‌ت جڤاکه‌ ئیسلامییه‌کان و ئه‌و چه‌نده‌ دروست بوو و  چه‌نده‌ قووڵبیر‌ بوو و من چه‌نده‌ ته‌نکبیر بووم.
دوای ماوه‌یه‌ک"ناز"ی کچم هاته‌وه‌ ماڵێ و قسه‌کانی ئه‌و کارمه‌نده‌م بۆ گێڕایه‌وه‌ و دوو قۆڵیی له‌گه‌ڵ"ناز"دا، ماوه‌یه‌ک مت بووین و دواتر که‌وتینه‌ خه‌مگۆڕینه‌وه‌ و بیزاریده‌ربڕین و ڕه‌خنه‌بارانکردنی ئه‌و جۆره‌ جڤاکه‌ پڕ له‌ نادادی و سته‌مکارانه‌.

27 – 12 - 2013

Wednesday, December 11, 2013

کاوه‌ گه‌رمیانی، خه‌ونێکی کورت، پرۆژه‌یه‌کی درێژخایه‌ن

کاوه‌ گه‌رمیانی، خه‌ونێکی کورت،
پرۆژه‌یه‌کی درێژخایه‌ن

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

گه‌رمیان، ئه‌لبوومێکه‌‌، هه‌موو که‌سه‌کانی نێو وێنه‌کانی دووتوێی، خوێنیان لێ ده‌چۆڕێ.
گه‌رمیان، کتێبێکه‌، ته‌واوی ڕووپه‌له‌کانی، له‌ ده‌سپێکه‌وه‌ تا کۆتایی، ته‌نیا به‌ یه‌ک وشه‌ پڕکراوه‌ته‌وه‌،‌ ئه‌ویش وشه‌ی"مه‌رگ"ه‌.                                                                                                     
گه‌رمیان، مێژوویه‌که‌ له‌ ئه‌نفال.
گه‌رمیان، تابلۆیه‌که‌‌، ئاڵ ئاڵ، به‌ خوێن ڕه‌نگکراو.
گه‌رمیان، هۆره‌ و ئه‌ڵڵاوه‌یسی و قه‌تارێکه‌، چیرۆکی سته‌م و ئازار و چه‌وسانه‌وه‌ و هه‌ژاری و نادادی، ده‌گێڕێته‌وه‌ و به‌ گوێی مرۆڤایه‌تیدا ده‌دات.                                                                             
گه‌رمیان، ژان گرتی و کاوه‌ گه‌رمیانی بوو.
کاوه‌ گه‌رمیانی،  ئه‌لبووم و کتێب و دیرۆک و تابلۆ و هۆره‌ و ئه‌ڵڵاوه‌یسی و قه‌تاره‌که‌ی گه‌رمیان بوو.      
 کاوه‌ گه‌رمیانی، خه‌می هه‌موو گه‌رمه‌سێری، له‌ که‌رکووکه‌وه‌ تا حه‌مرین و به‌دره‌ و جه‌سسان، دابوو به‌ کۆڵی خۆیدا.                                                                                                                  
هه‌موو گه‌رمیان له‌ کاوه‌ گه‌رمیانییدا چڕ بووبووه‌وه‌، ئه‌و بۆ خۆی گه‌رمیان بوو.
ئه‌و له‌بری هه‌موو هه‌ژارانی گه‌رمێنی کوردستان ده‌خه‌ونی.
وێڵی ڕاستی و عه‌وداڵی دادپه‌روه‌ری و زمانی چه‌وساوه‌ و سته‌ملێکراوان و ده‌نگی ئازادی و یه‌کسانی و شه‌یدای جیهان و بانه‌ڕۆژێکی گه‌شتر و ڕۆشنتر و شادتر بوو.                                                        
ئه‌و عاشق بوو، عاشقی خاک، عاشقی وڵات، عاشقی مرۆڤ.
ئه‌و ڕۆڵه‌یه‌کی جوامێرێ سه‌ربڵندی ئه‌و گه‌رمه‌سێره‌ بوو.
ئه‌و باڵای وه‌ک داڵه‌هۆ و گاره‌ و به‌مۆ به‌رز بوو.
ئه‌و هه‌ڵۆیه‌ک بوو، به‌و گوێچه‌می سیروانه‌دا، هه‌رده‌م ده‌یدا له‌ شه‌قه‌ی باڵ و ڕاوی داڵه‌ مرداره‌وه‌بووخۆره‌کانی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ده‌کرد.                                                                      
ئه‌و کاوه‌ بوو، به‌ بێ چه‌کوش، قه‌ڵه‌مه‌که‌ی، ته‌نیا قه‌ڵه‌مه‌که‌ی، چه‌کوش و داس و بێوری ئه‌و بوون. ئه‌و به‌ قه‌ڵه‌مه‌که‌ی، هه‌موو ئه‌ژده‌هاکه‌کانی سه‌رده‌می تۆقاندبوو و هه‌موو چه‌ته‌ و گه‌نده‌ڵکار و دز و جه‌رده‌ و سته‌مکار و مشه‌خۆرانی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ڕسوا کردبوون و داشۆریبوون.                                      
ئه‌وان، شه‌مشه‌مه‌کوێره‌کانی کوردستان، تاریکیپه‌رستانی وڵات، چه‌ته‌ و جه‌رده‌ و دز و مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵکارانی نیشتمان، چاویان به‌ کاوه‌ گه‌رمیانیدا هه‌ڵنه‌ده‌هات.                                              
 ئه‌وان ده‌یانه‌ویست قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بشکێنن و ده‌نگی بتاسێنن و زمانی ببڕن.
ئه‌وان، گه‌یشتنه‌ مه‌رام و مه‌به‌ستی خۆیان و کاوه‌ گه‌رمیانییان، بێده‌نگ کرد و گه‌رمیانیان به‌ خوێنی وی سوور کرد.                                                                                                                     
 ئه‌وان ته‌حه‌ممولی بیر و ده‌نگی ئازاد و وشه‌ و گوتاری ڕاست ناکه‌ن، مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وان نه‌بوون، به‌کر عه‌لی و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریفیشیان تاساند!             
نه‌ گه‌رمیان، یه‌ک کاوه‌ی تێدایه‌ و نه‌ کوردستانیش یه‌ک کاوه‌! ئه‌و خاکه‌، ڕۆژانه‌ سه‌دان کاوه‌ی دیکه‌ دێنێته‌ دنیاوه. ئه‌و خاکه‌ سه‌دان به‌کر و سۆران و سه‌رده‌شتی دیکه‌ی ده‌بێ، که‌ هه‌موویان ناوی کاوه‌ له‌خۆ ده‌نێن. هه‌موو ئه‌و کاوانه‌ش، ڕێچکه‌ی کاوه‌ گه‌رمیانی ده‌گرنه‌ به‌ر و بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی کاوه‌ گه‌رمیانی خه‌بات ده‌که‌ن و خۆ به‌ هاوڕێ و هاوخه‌بات و هاوئامانج و پێڕۆی کاوه‌ گه‌رمیانی ده‌زانن.                                                                                                                         
جه‌للاده‌کانی کاوه‌ گه‌رمیانی، چه‌ته‌کانی دوێنێی چیا و دز و گه‌نده‌ڵکارانی ئه‌مڕۆی حیزب و ده‌سه‌ڵات، ئه‌وان، موزه‌ففه‌ر ئه‌ننه‌وواب گوته‌نی "گه‌ووڕی به‌رازێک له‌ پاکژترینتان، خاوێنتره‌"، هه‌موو تا ته‌وقی سه‌ریان، لێوانلێوه‌، له‌ تاوان، ئه‌گه‌ر نا، چۆن مرۆڤ ده‌توانێ، به‌ فیشه‌ک وه‌ڵامی وشه‌ بداته‌وه‌ یا چۆن به‌ ته‌ور له‌گه‌ڵ گوڵدا مامه‌ڵه‌ ده‌کرێ!                                                                                      
ئه‌و کوشتن و له‌به‌ینبردنه‌ی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانانی ڕاستگۆ، له‌ باشووری کوردستان و له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ کوردستانییانه‌دا، له‌نێوبردنێکی هه‌ڕه‌مه‌کی و هه‌روا له‌ خۆڕا نییه‌، به‌ڵکه‌ ڕێکخراو و نه‌خشه‌بۆدارێژراوه‌. ئه‌وه‌ کارێکه‌، له‌ سه‌ر ده‌ستی که‌سانێکی نێو حیزب و ده‌سه‌ڵات، جێبه‌جێ ده‌کرێ. په‌رچه‌کردارێکه‌ له‌ ترس و تۆقین و زه‌نده‌قچوونی ئه‌وانه‌وه‌، له‌ وشه‌ی ئازاد و ڕاستگۆیی و هزری ئازاده‌وه‌، دێته‌ ئاراوه‌، ده‌نا هیچ مرۆڤێکی ئاسایی خه‌ڵکی ئه‌و کوردستانه‌، هیچ هه‌ژار و نه‌دار و خه‌ڵکانێکی گرێنه‌دراوی ده‌سه‌ڵات و حیزب، له‌ وشه‌ ناترسن و به‌ گوتنی ڕاستییش، زیانیان پێ ناگا و ئه‌وان نین، کاوه‌ گه‌رمیانی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک وی ده‌هزرێن، ده‌کوژن، ئه‌وه‌ حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ گوتنی ڕاستی و وه‌ده‌رخستنی پاشه‌ڵپیسی و کاره دزێو قێزه‌و‌نه‌کانیان و ئاشکراکردنی ڕاستییه‌کان هه‌تره‌شیان ده‌چێ و هه‌ر ئه‌وانیشن ده‌ستیان به‌ خوێنی خه‌ڵکی ئازایخواز سووره.                                             
که‌ سه‌عید قه‌ززاز، که‌ونه‌ سیاسه‌تکار و وه‌زیری سه‌رده‌می پادشایه‌تی عیراق، له‌ دوای 14ی ته‌ممووزی 1958 و به‌ فه‌رمانی دادگای گه‌ل، هه‌ڵواسرا، کاتێک چووه‌‌ پای سێداره‌ و له‌و به‌رزییه‌وه‌ په‌ته‌که‌ی له‌ ملی خۆی کرد، گوتی:"من ئێستا ڕاوه‌ستاوم و مردن ده‌بینم  و گه‌لێ لێمه‌وه نزیکه و سێداره‌ش نامترسێنێ، که‌ ده‌چمه‌ پایشی، زۆر که‌س، که‌ شایسته‌ی ژیان نین، له‌ ژێر پێیه‌کانمدا ده‌بینم".                             
مرۆڤکوژه‌کانی حیزب، گرگنه‌کانی ده‌سه‌ڵات، له‌میش و کاسه‌لیس و دووڕووه‌کانی پاشکۆی حیزب و ده‌سه‌ڵات، جه‌للاده‌کانی کاوه‌ گه‌رمیانی، باڵایان، سه‌ریان، هه‌رگیز ناگاته‌ ئاستی پاژنه‌ی که‌وشه‌کانی کاوه‌ گه‌رمیانی.                                                                                                              
ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ و له‌ دوای شه‌هیدبوونییه‌وه‌ بۆ کاوه‌ گه‌رمیانی کراوه‌، هێشتا له‌ ئاست مه‌زنیی ئه‌ودا نییه‌ و له‌ ئاست ئه‌و لێقه‌ومانه‌ گه‌وره‌یه‌دا نییه‌. له‌بری چاوه‌ڕوانیی دادگا و کۆمیته‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵات و حوکوومه‌تی حیزب و کارگێڕیی حیزب، نه‌فره‌ت له‌ هه‌ر هه‌موویان، ده‌بوو خه‌ڵک، لاوان، چه‌وساوان، سته‌مدیده‌کان، به‌شخوراوان، لێقه‌وماوان، خه‌ڵکانی شۆڕشگێڕ، بۆ خۆیان، داروبه‌ردی حیزب و ده‌سه‌ڵاتیان له‌و گه‌رمیانه‌دا، سه‌روژێر کردبا و بۆ خۆیان تۆڵه‌ی خوێنی کاوه‌ گه‌رمیانییان له‌ مرۆڤکوژه‌کانی حیزب کردبایه‌وه‌. ده‌بوو دروشمی"هه‌موومان کاوه‌ گه‌رمیانیین" به‌ کردار، جێبه‌جێ کرابا!                           
کاوه‌ گه‌رمیانی، نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ک بوو، پرۆژه‌یه‌ک بوو، بۆ بێده‌نگنه‌بوون له‌ سته‌م و به‌گژداچوونه‌وه‌ی سته‌مکار، بۆ جیهانبینییه‌کی نوێ، بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵگه‌، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش، هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت و به‌رده‌وام ده‌بێت و ئاڵاکه‌ی ده‌شه‌کێته‌وه‌.                                                                                            
کاوه‌ گه‌رمیانی، بۆ ڕووناککردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ئازادی و یه‌کسانی و جڤاکێکی به‌خته‌وه‌ر، شه‌هید بوو، گڕو و تین و بڵێسه‌ و گه‌رمیی په‌یامه‌که‌ی، هه‌رگیز خامۆش نابێته‌وه‌.                                                     

دروود بۆ گیانی پاکی کاوه‌ گه‌رمیانی و نه‌فره‌ت له‌ جه‌للاده‌کانی.


11 – 12 - 2013

Wednesday, November 27, 2013

ئه‌ی ڕه‌قیب

ئه‌ی ڕه‌قیب
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ماوه‌یه‌که‌ سروودی"ئه‌ی ڕه‌قیب" بووه‌ته‌ بنێشته‌خۆشه‌ی بن ددانی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک، که‌
 لێره‌ و له‌وێ له‌ سه‌ری ده‌نووسن و له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێن. هه‌موو ئه‌و قسه‌وباسانه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا، که‌ له‌ یه‌که‌م جڤینی په‌رله‌مانی تازه‌هه‌ڵبژێردراوی کوردستاندا، له‌ 6ی نۆڤه‌مبه‌ری 2013، گرۆی کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان، له‌ کاتی گوتنی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبدا، که‌ وه‌ک سروودی نیشتمانی و مارشی نه‌ته‌وه‌یی کورد، سه‌یر ده‌کرێ، هه‌ڵنه‌ساونه‌ته‌ سه‌ر پێ! ئیدی ئه‌و هه‌ڵنه‌سانه‌ سه‌رپێیه‌، کرایه‌ مۆرێکی خیانه‌ت و نرا به‌ نێوچاوانی په‌رله‌مانتارانی کۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه‌، وه‌ک بڵێی تاوانێکی یه‌کجار گه‌وره‌یان کردبێ و وڵاتیان فرۆشتبێ یا ڕاده‌ستی نه‌یاریان کردبێ  و له‌شکری بیانییان هێنابێته‌ سه‌ر کوردستان!                                                                                 
ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین، که‌ سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، هیچ قانوون و گرێبه‌ست و پێکهاتن و بڕیارێکی بۆ نه‌دراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ سروودی نیشتمانی کوردستان. ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی به‌وه‌ و ئه‌و پایه‌یه‌ی پێ داوه‌، ته‌نێ ئه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا له‌ مه‌هاباد، وه‌ک سروودی نیشتمانی، چاوی لێکراوه‌ و گوتراوه و له‌ سه‌رده‌می بزاڤه‌کانی کوردیشدا، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕابوونی ئه‌یلووله‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌می بارزانیدا و له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌، وه‌ک سروودێکی نیشتمانی، ژمێردراوه‌‌ و دواتریش خه‌ڵکه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی کورد، له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان، هه‌میشه‌ له‌ بۆنه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆیاندا گوتوویانه‌ته‌وه‌ و به‌ گوێره‌ی شێوه‌زار و ده‌ڤه‌ریش، گۆڕان به‌سه‌ر ناوه‌ڕۆک و وشه‌کانیدا، نه‌ک ئاوازه‌که‌ی، هاتووه، له‌وه‌ به‌ولاوه‌ ئیدی ئه‌ی ڕه‌قیب، هیچ سیفه‌تێکی ڕه‌سمی و قانوونی نه ‌بووه‌ و نه‌ هه‌یه‌.                    
ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی ئایینه‌وه‌ ته‌ماشای سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب بکرێ، وه‌ک که‌ کۆمه‌ڵی ئیسلامی کردوویه‌تی، ئه‌وا دڵداری شاعیر، ڕێکوڕه‌وان گوتوویه‌تی:"دینمانه‌ ئایینمانه‌ نیشتمان.."،که‌ هه‌رچه‌نده‌ دین و ئایین هه‌ر یه‌ک واتایان هه‌یه‌، به‌ڵام ئیدی له‌وێدا گومانێک نییه‌، که‌ دڵدار، نیشتمان ده‌کاته‌ ئایین و پێیوایه‌ ئایینی کورد، یه‌کسانه‌ به‌ نیشتمانه‌که‌ی. دیاره‌ "خۆشه‌ویستیی نیشتمان له‌ باوه‌ڕه‌وه‌یه‌‌ /  حب الوطن من الإیمان"، که‌ گوایه‌ گوته‌یه‌کی په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌، ئه‌گه‌ر ڕاست بێ، چونکه‌ به‌شێکی یه‌کجار زۆری ئه‌و گوتانه‌ی، که‌‌ به‌ناوی په‌یامبه‌ره‌وه‌ ده‌گێڕدرێنه‌وه‌، ناڕاستن و هه‌ڵبه‌ستراون و به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ گوتراون، ئه‌وا ئه‌و گوته‌یه‌ش ناکاته‌ ئه‌وه‌ی،‌ نیشتمان ببێته‌ ئایین، به‌ڵکه‌ ته‌نێ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی، که‌ خۆشویستنی نیشتمان به‌شێکه‌ له‌ باوه‌ڕ یا که‌سی باوه‌ڕدار نیشتمانی خۆشده‌وێ. ده‌شگوترێ، که‌ ئیمام عه‌لی گوتوویه‌تی:" الوطن كالأم فكیف یلام المر‌ء علی‌ حبه، واته‌: نیشتمان وه‌ک دایکه‌، چۆن گله‌یی له‌ مرۆڤ ده‌کرێ، ئه‌گه‌ر خۆشی بووێ"، لێره‌شدا ئیمام عه‌لی، نیشتمان ده‌خاته‌ ڕیزی دایکه‌وه‌ و به‌ ئایین یه‌کسانی ناکات. چوونیه‌ک دیتنی نیشتمان و ئایین و به‌یه‌کسانزانینی ئه‌و دووه‌، بۆ موسوڵمانێکی باوه‌ڕدار، لادانه‌ له‌ بنه‌ماکانی ئایین و به‌و پێیه‌ش، بۆچوونه‌که‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی، به‌ گوێره‌ی باوه‌ڕ  و دید و هزری خۆیان، دروسته‌ و هه‌ڵه‌ نییه‌.                                              
ئه‌ی ڕه‌قیب، که‌ ئێستا بووه‌ته‌ سروودی نیشتمانیی کوردستان، له‌ ڕاستیدا سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌، نه‌ک کوردستانیی. زۆر به‌ ڕوونی ته‌نێ باس له‌ کورد ده‌کات و هه‌ستێکی زۆر توندی نه‌ته‌وه‌یی به‌ سه‌ریدا زاڵه‌. له‌ کوردستان، به‌ هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه، وه‌ک یه‌که‌یه‌ک و یه‌ک خاکی یه‌کپارچه‌، بێجگه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد، چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌، له‌گه‌ڵ کورددا ده‌ژین، تورکمان، ئاسووری، کلدان، سریان، ئه‌رمه‌ن، عه‌ره‌ب و...ئه‌ی ڕه‌قیب، به‌ هیچ جۆرێک، گچکه‌ترین ئاماژه‌‌ و ناوهێنانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی تێدا نییه‌، که‌واته‌ سرووده‌که‌، ته‌نێ بۆ خه‌ڵکه‌ کورده‌که‌ی کوردستانه‌ و سروودێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌، نه‌ک نیشتمانیی کوردستانیی!                                                                           
به‌شێکی دیکه‌ی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ:"ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی میدیا و که‌یخوسره‌وین..."، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی گوتنێکه‌ دوور له‌ ڕاستی و چ پێوه‌ندێکی به‌ کورده‌وه‌ نییه‌. تا ئه‌مرۆیش، به‌ هیچ جۆرێک و له‌ لایه‌ن هیچ که‌سێکه‌وه‌، ئه‌وه‌ ساغ و یه‌کلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌، که‌ کورد ڕۆڵه‌ یا نه‌وه‌ی ماد و ماده‌کانه‌! ئه‌وه‌ی‌ لێره‌ و له‌وێ له‌ لایه‌ن هه‌ندێ خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌گوترێ، ته‌نیا مه‌زه‌نه و ڕه‌مڵلێدانه‌ و هیچی تر! تاکه‌ یه‌ک شتی زانستی و مێژوویی یا بچووکترین نیشانه‌یه‌ک نییه‌، گرێدراویی کورد به‌ ماد و ماده‌کانه‌وه‌ بسه‌لمێنێ. هه‌رچی"که‌یخوسره‌و"یشه‌، که‌ به‌ فارسی به‌ که‌یخوسرو"کیخسرو" ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ، ناوی یه‌کێکه‌ له‌ پادشایانی زنجیره‌ی "کیانی" و "کیانیان"، که‌یخوسره‌و کوڕی "سیاوه‌ش"ه‌ و نه‌وه‌ی"که‌یکاوس" و "ئه‌فراسیاب"ه‌، که‌ "که‌یقوباد" یه‌که‌م پادشا و "دارا" دواپادشای ئه‌و زنجیره‌یه‌ بوون. کیانیان، له‌ ده‌ڤه‌ری مازنده‌ران و گورگانی ئێستای ئێران، ده‌سه‌ڵاتدار بوون. له‌ هێرشه‌که‌ی ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌که‌دۆنیدا. بۆ ڕۆژهه‌ڵات و ئێران، ئه‌و کیانیانه‌ی ڕووخاند و کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییه‌که‌یان هات. باس له‌وه‌ ده‌کرێ، که‌ کیانیان و ماده‌کان هه‌ر یه‌ک هۆز و ده‌سه‌ڵات بووبن و له‌ سه‌رده‌مێکدا، که‌ زه‌رده‌شت و ئاڤێستا بووبێ، ئه‌وانه‌ش بووبن، واته‌: 700 – 800 ساڵێک پێش عیسا[1]. ئێران، ته‌واوی ئه‌و مێژووه‌، به‌ هی خۆی ده‌زانێ، کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ئه‌و مێژووه‌، به‌ هی خۆی بزانێ، ده‌بێ خۆی به‌ به‌شێک له‌ مێژووی ئێران، بزانێ و ئێرانیه‌تی پێ شه‌رم نه‌بێت و به‌ شانازییشه‌وه‌ قه‌بووڵی بێت و ئێران و ئێرانیان و ئێرانناسانیش، وه‌ک به‌شێک له‌ نه‌ته‌وه‌ ئێرانییه‌کان و مێژووی ئێران، بیانناسن و بیانژمێرن. تا ئه‌وده‌مه‌ی ئه‌و تیۆرییه‌ ساغ نه‌بێته‌وه‌ و یه‌کلا نه‌بێته‌وه‌ "ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی میدیا و که‌یخوسره‌ین.."، له‌ قسه‌یه‌کی ڤالا و خۆهه‌ڵکێشانێک زیاتر نییه‌ و به‌کارهێنانیشی له‌ سروودێکی نیشتمانیی کوردستانیدا، که‌ بۆ ته‌واوی دانیشتووانی کوردستان بشێ، نه‌ک سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی کوردیی بێت و ته‌نێ بۆ کورد بێت، نه‌ک هه‌ر پێویست نییه‌، به‌ڵکه‌ ناپێویست و بێواتایه‌!                                 
سروودی نیشمانیی سوێد، که‌ به‌ "تۆی دێرین(یا تۆی کۆن، تۆی له‌مێژینه‌، پیره‌ تۆ)، تۆی ئازاد../ Du gamla, du fria"، ناسراوه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ناوی وڵاتی "سوێد"ی تێدانییه‌ و هه‌ست به‌ نه‌ته‌وه‌خوازییه‌کی سوێدییانه‌، له‌ سرووده‌که‌دا ناکرێ و له‌بری سوێد، باس له‌ باکوور و سکه‌ندیناڤیا ده‌کرێ و له‌ ده‌سپێکیشدا سروودێک بووه‌ بۆ باکوور و ده‌شێ پتر، وه‌ک سروودێکی سکه‌ندیناڤیایی و باکووریی‌(ژوورووی ئه‌وروپا)، ته‌ماشا بکرێ و ئه‌گه‌ر هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌ییشی تێدا بێت، ئه‌وا هه‌ستێکی سکه‌ندیناڤیایی(ئایسلاندی، نۆروێژی، سوێدی و دانمارکی) یا هه‌ستێکی باکووریی(ئه‌و چوار وڵاته‌ی پێشوو و فینلاندی)ی تێدایه[2]‌. له‌ گه‌لێک بۆنه‌دا دیتوومه‌ گوتراوه‌ و خه‌ڵکیش هه‌بوونه‌ هه‌ڵنه‌ساون و له‌گه‌ڵ کۆڕ و ئاپۆره‌که‌دا نه‌یانگوتووه‌ته‌وه‌ و ده‌میان نووقاندووه‌. هه‌ڵنه‌سان له‌به‌ر سروودی نیشتمانیی، وه‌نه‌بێ ته‌نێ له‌ کوردستان، ڕوو بدا، به‌ڵکه‌ له‌ هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌، هه‌ڵسان له‌به‌ر سروودی نیشتمانی، یا گوتنه‌وه‌ی له‌ کاتی گوتنه‌وه‌ و چڕینیدا له‌ بۆنه‌کاندا، نه‌ فه‌رزه‌ و نه‌ تۆبزییه‌، به‌ڵکه‌ مرۆڤ سه‌رپشک و ئازاده‌ له‌وه‌ی هه‌ڵده‌ستێته‌ سه‌ر پێ یا نه‌، ده‌یڵێته‌وه‌ یا نه!
له‌ پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تاییدا بووم، له‌ کوڵه‌جۆ، که‌ ئه‌وده‌می گوندێکی سه‌ر به‌ شارۆکه‌ی کفری و ئوستانی که‌رکووک بوو، ده‌مخوێند. مامۆستایه‌کی نوێمان بۆ هاتبوو، مامۆستا "حه‌سه‌ن به‌گی عه‌لی به‌گی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌گی جاف". ئێمه‌ وه‌ک ماڵبات، تێکه‌ڵاویمان هه‌بوو و ناسیاو و دۆست و خزمی یه‌کدی بووین. من له‌ ماڵه‌وه‌ و به‌ هۆی ئه‌وه‌ی باوکم ئه‌و‌ده‌می پارتیی بوو و باسی کورد و کوردستان و پرسی نه‌ته‌وه‌یی و کتێب و ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری کوردی و باسی فه‌رهه‌نگی کوردیی له‌ ماڵدا، هه‌مووده‌م هه‌بوو، سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبم له‌به‌ر کردبوو و زۆر باشیشم ده‌گوته‌وه‌. مامۆستا حه‌سه‌ن، هه‌میشه هه‌ڵیده‌ساندم و وه‌ک مایسترۆیه‌کی مۆسیقا، له‌به‌رده‌م پۆله‌که‌دا ڕاده‌وه‌ستام و به‌ ده‌نگێکی بڵند و به‌ ئاواز و ده‌ستڕاوه‌شاندنه‌وه‌، ئه‌ی ڕه‌قیبم ده‌گوت و منداڵانیش به‌ دوومدا ده‌یانگوته‌وه‌. ئه‌وده‌می له‌ژێر کاریگه‌ریی ماڵ و جڤاک و فه‌رهه‌نگه‌ باوه‌که‌دا بووم و زۆریشم، به‌و دینمانه‌، ئایینمانه‌ نیشتمان(ئێمه‌ ده‌مانگوت کوردستان) و ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی میدیا و که‌یخوسره‌وینه‌وه‌، خۆهه‌ڵده‌کێشا. ئه‌وده‌می له‌و ده‌قه‌شیعرییه‌ی دڵداری شاعیر، تێنه‌ده‌گه‌یشتم، ئێستا تێیده‌گه‌م و ده‌زانم، ئه‌و سرووده‌ ته‌نێ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورده و پڕه‌ له‌ بزواندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌ دیوه‌ نه‌ئێنییه‌که‌یدا[3]‌. تۆ خۆت له‌ جێی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان، ئه‌رمه‌ن، یا عه‌ره‌بێکی کوردستان دابنێ و گوێ ڕادێره‌ بۆ خه‌لقوڵڵای کورد، کاتێک به‌ ده‌نگێکی توند و گڕه‌وه‌ هاوار ده‌که‌ن و ده‌قێڕێنن و سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ڵێنه‌وه‌، هه‌ر ده‌ڵێی بیبه‌رێکی توون، یه‌کجار توون، له‌ چاوت ده‌که‌ن و مێشکت ده‌رزیئاژن ده‌که‌ن و تیرێکی تیژ له‌ هه‌ناوت ده‌ده‌ن. ئه‌ی ڕه‌قیب، بۆ تۆ پڕه‌ له‌ تووڕه‌یی و تیژی و توونیی، چونکه‌ به‌ هێچ جۆرێک ئاوڕێک له ‌هه‌ستی تۆی ناکورد، به‌ڵام کوردستانیی، ناداته‌وه‌ و تۆ ناژمێردرێی و ناخوێنرێیته‌وه‌! بۆ کوردستانێک، که‌ نیشتمانی کۆمه‌ڵێک نه‌ته‌وه‌ بێت، ئه‌ی ڕه‌قیب، هه‌رگیز به‌که‌ڵک نایه‌ت و ده‌بێ بیر له‌ گۆڕینی بکرێته‌وه‌ و سروودێک جێی بگرێته‌وه‌، کوردستان، وه‌ک نیشتمانێک بۆ هه‌موو کوردستانیان، به‌ جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیانه‌وه‌، وێنا بکات و بخوێنێته‌وه‌!                   
 ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان، له‌ جڤینه‌که‌ی په‌رله‌ماندا کردوویانه‌ و گوتوویانه‌، نه‌ هه‌ڵه‌یه‌، نه‌ خیانه‌ته‌، نه‌ ناقانوونییه‌، نه‌ دژایه‌تی کورد و کوردستانه‌ و نه‌ پاشێلکردن و سووکایه‌تیکردنه‌ به‌ پیرۆزیی، به‌ڵکه‌ داخوازیی پێداچوونه‌وه‌ و ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌کی چه‌ندین ساڵه‌ی جێگرتوو و باوه‌، که‌ گه‌ره‌که‌ ئیدی چاره‌سه‌ر بکرێ. ئه‌ی ڕه‌قیب، وه‌ک هه‌موو شتێکی ئه‌م گه‌ردوونه‌ و هه‌موو شتێک له‌ هه‌بووندا، پیرۆز نییه‌ و ئه‌گه‌ر به‌لای خه‌ڵکانێکیشه‌وه‌ پیرۆز بێت، ئه‌وا پیرۆزییه‌کی هه‌میشه‌یی نییه‌ و هه‌موو پیرۆزییه‌کیش به‌رگۆڕان و به‌رگه‌نگه‌شه‌ و به‌رکاڵبوونه‌وه‌ و به‌رنه‌مانه‌.                                          
27 – 11 - 2013


[3] کورد ئێستا بۆ ده‌سته‌واژه‌ی "نێگه‌تیڤ"ی ئه‌وروپایی و "منفی" فارسی و "سلبي" عه‌ره‌بی، ده‌سته‌واژه‌ی"نه‌رێنی" به‌کار ده‌هێنێت و بۆ ده‌سته‌واژه‌ی "پۆزیتیڤ"ی ئه‌وروپایی و "مثبت"ی فارسی و "إیجابي" عه‌ره‌بی، وشه‌ی"ئه‌رێنی" به‌کارده‌هێنێت. به‌ بۆچوونی من، ده‌سته‌واژه‌ی"ئه‌رێنی" دروسته‌ و له‌جێی خۆیدایه‌، لێ "نه‌رێنی" هه‌ڵه‌یه‌. "ئه‌رێنی" له‌ وشه‌ی "ئه‌رێ"، که‌ به‌ واتای"به‌ڵێ، ئا" دێت و پاشگری"نی" پیکهاتووه‌، هه‌رچی وشه‌ی"نه‌رێنی"یه‌، له‌ وشه‌ی"نه‌رێ"، که‌ هیچ واتایه‌کی له‌ زمانی کوردیدا نییه‌ و داتاشراوه‌ و پاشگری"نی" پێکهاتووه‌. کورد، پێیوایه‌ مادام وشه‌ی"ئه‌رێنی" به‌ "ئه‌ر" ده‌ستپێده‌کات، ئیدی ده‌بێ پێچه‌وانه‌که‌یشی ببێ به‌ "نه‌ر"، له‌ کاتێکدا "ئه‌ر" به‌ ته‌نیا و بێ پاشگری "ێ"، واتای: "به‌ڵێ" یا "ئا" نادات و هه‌رچی "نه‌ر"یشه‌، ئه‌وه‌ که‌ هیچ واتایه‌کی نییه‌. من بۆ خۆم له‌بری وشه‌ی"نه‌رێنی" وشه‌ی "نه‌ئێنی"، وه‌ک پێچه‌وانه‌ی وشه‌ی "ئه‌رێنی"، به‌کار ده‌به‌م، و به‌ ڕاستیشی ده‌زانم، چونکه‌ وشه‌ی"نه‌ئێنی" له‌ ڕه‌گی"نه‌ء"ه‌وه‌ هاتووه‌ و ده‌کاته‌ پێچه‌وانه‌ی"ئه‌رێ". ئیدی"ئه‌رێنی و نه‌ئێنی" دوو وشه‌ی دژ به‌یه‌کن و له‌ ڕووی ڕێزمان و واتاوه‌، دروست و بێعه‌یبن.                                                                                                                           

Monday, November 25, 2013

هه‌لێکه‌و له‌ ڕۆژاوای کوردستان هاتووه‌ته‌ پێش

هه‌لێکه‌و له‌ ڕۆژاوای کوردستان   هاتووه‌ته‌ پێش
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

که‌س ناتوانێ نکۆڵیی له‌وه‌ بکات، که‌ پرسی کورد، له‌ ته‌واوی به‌شه‌کانی کوردستان، چه‌ند ساڵێکه‌، به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان، چووه‌ته‌ پێش و بڕێک ئارامی و کراوه‌یی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و ده‌بینێ. به‌شێکی باشووری کوردستان، له‌ 1991ه‌وه‌، بڕێک سه‌ربه‌خۆیه‌ و تا ڕاده‌یه‌ک گرێدراوییه‌کی لاوازی به‌ عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵی به‌ڕێوه‌ی ده‌با. باکووری کوردستان، پرۆسێسێکی سستی ئاشتی له‌ گۆڕێدایه‌ و ترسی کوردبوون و خۆبه‌کوردزانین، له‌کن کورد، ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌ و ده‌سه‌‌ڵاتی تورکیاش تا ڕاده‌یه‌ک، گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که‌ چه‌ک و تۆبزی و نکۆڵیکردن له‌ بوونی کورد، داد نادات و چاره‌سه‌ر نییه. ڕۆژاوای کوردستان، له‌و هه‌را و زه‌نا و جه‌نگه‌ی سووریادا، که‌ دوو ساڵێکه‌، به‌رپا بووه‌، بڕێک له‌ ئاگری جه‌نگ دووره‌ و خه‌ڵکه‌که‌ی به‌ هۆی خه‌باتی جه‌نگگێڕانی پارتی یه‌کیه‌تی دیموکراتیی(په‌یه‌ده‌)وه‌، توانیویانه‌ به‌شێکی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان ئازاد بکه‌ن و بۆ خۆیان خودانی خۆیان بن. هه‌رچی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشه‌، ئه‌گه‌ر به‌راوردێکی ڕه‌وشی کورد له‌ نێوان سه‌رده‌می پاشایه‌تی و ڕێژیمی په‌هله‌وی و ڕه‌وشی کورد له‌ دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێرانی 1979 و دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بکه‌ین، ده‌توانین بڵیین، کورد له‌ دوای شۆڕشی 1979وه‌، هه‌لومه‌رجێکی باشتری بۆ ڕه‌خساوه‌ و خۆی له‌ ڕه‌وشێکی باشتردا ده‌بینێته‌وه‌ و پتر ده‌توانێت باس له‌ کوردبوون و تایبه‌تمه‌ندییه‌تی خۆی بکات، لێ هێشتا له‌و ئاسته‌دا نییه‌، که‌ ئێره‌یی پێ ببرێ.
کورد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی نه‌بووه‌، له‌ هه‌ر قوژبنێکی کوردستان و له‌ هه‌ر سه‌رده‌م و کاتێکدا، ئه‌گه‌ر بسته‌ خاکێکی ئازاد بووبێ و خه‌ڵکی کورد توانیبێتیان پێکه‌وه‌ و له‌ ده‌رێی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکار، یا ته‌نانه‌ت له‌ په‌نای ده‌سه‌ڵاتی داگیرکاریشدا، به‌ ئازادییه‌کی سنوورداریشه‌وه‌، ژیابن و کاروباری خۆیان به‌ڕێوه‌بردبێ، ئه‌وا ئه‌و بسته‌ خاکه‌، بووه‌ته‌ داڵده‌یه‌ک و له‌ هه‌موو لایه‌کی کوردستانه‌وه‌، کوردان ڕوویان تێکردووه‌ و به‌ ماڵ و په‌ناگه‌ و چه‌ترێکی خۆیان زانیوه‌.
ڕۆژانێک، شانشینه‌که‌ی شێخ مه‌حموودی حه‌فید و شۆڕشه‌کانی بارزانییانی ساڵانی 1940 ه‌کان و کۆماره‌که‌ی کوردستان له‌ مه‌هاباد و سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌ی 1961 – 1975 و ڕاپه‌ڕینه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی 1979 و تا ئێستا و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی کورد له‌ باکووری کوردستان له‌ 1984 ه‌وه‌ و ئه‌و هه‌رێمه‌ نیوه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی باشووری کوردستان و ئێستاش ئازادکردنی به‌شێک له‌ خاکی ڕۆژاوای کوردستان، هه‌موو ئه‌وانه‌، بۆ ته‌واوی کوردی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان، په‌ناگه‌ و داڵده‌ و مه‌کۆ و بێشه‌ و ماڵێک بوونه‌ و هه‌ن. هیچ کوردێک، له‌و په‌ناگه‌ و ماڵ و بنکانه‌دا، خۆی به‌ نامۆ نه‌زانیوه‌ و هه‌میشه‌ خۆی به‌ خێوی کارگێڕی و شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدان و ڕابوونه‌که‌ زانیوه‌ و هه‌ستی به‌ به‌رپرسیاریه‌تی کردووه‌ و چالاکانه‌ به‌شداریی بزاڤه‌که‌ی کردووه‌.
ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژاوای کوردستان، به‌شێک له‌ خاکی کوردستان ئازاده‌ و ده‌سه‌ڵاتێکی کوردیی تێدا دروست بووه‌ و خه‌ڵکی کورد بۆ خۆی خاوه‌نی خۆیه‌تی. ئه‌وه‌ی ڕوون و له‌به‌رچاوه‌، له‌و به‌شه‌ی کوردستان، هێزێک کۆنترۆڵی ڕه‌وشی ئه‌وێ ده‌کات و کارگێڕییه‌کی له‌و به‌شه‌دا دامه‌زراندووه‌، بۆ کارڕاییکردن له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا. ئه‌و هێزه‌ش پارتی یه‌کیه‌تیی دیموکراتی"په‌یه‌ده"یه‌‌، که‌ سه‌ره‌کیترین هێزه‌ له‌ ڕۆژاوای کوردستان.
له‌بری پشتگرتن و کۆمه‌ک، به‌و کارگێڕییه‌ و خۆشحاڵبوون به‌و ئازادییه‌ی ڕۆژاوای کوردستان، ئه‌وه‌ی سه‌یره‌، خه‌ڵکێک له‌ ترۆپکی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان له‌ باشوور، ئه‌و ڕابوونه‌ی کوردی ڕۆژاوا به‌ شۆڕش نه‌زانن و پێیان وابێ، به‌ پێکهاتن، له‌گه‌ڵ ڕێژیمی به‌ششار ئه‌لئه‌سه‌د(بشارالأسد)دا، ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی ئازاد کراون و به‌ ده‌ستی کورده‌وه‌ن، له‌ لایه‌ن ڕێژیمه‌وه‌، ڕاده‌ستی شۆڕشگێڕانی په‌یه‌ده‌ کراون. ئه‌مه‌ بۆچوونی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌ و هه‌ڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانیشه‌. بارزانی، له‌ به‌یانێکدا، که‌ له‌ 14 نۆڤه‌مبه‌ری 2013‌ دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێ:" باسی ئەوەش دەكەن كە شۆڕشیان لە ڕۆژئاوا بەرپا كردووە بەڵام كام شۆڕش و لە دژی كێ؟ ئەوان تەنیا ناوچەكانیان لە لایەن ڕژێمەوە ڕادەست كراوە". بارزانی، مه‌به‌ستی په‌یه‌ده‌ و هێزه‌کانی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه)‌یه‌.
ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورد و هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل، له‌ ڕۆژاوای کوردستان کردوویانه‌ و ده‌یکه‌ن، ناکرێ له‌ شۆڕش زیاتر هیچ ناوێکی دیکه‌ی لێبنرێ. ڕابوونێکه‌، زۆرترین کوردی ڕۆژاوای له‌ خۆ خڕ کردووه‌ته‌وه‌ و به‌شدارن تێیدا و دژی ڕێژیمێکی شۆڤینیست و توندڕۆ و مرۆڤکوژ. بزاڤێکه‌ توانیویه‌تی به‌شێکی زۆر و فراوانی خاکی ڕۆژاوا بخاته‌ بنده‌ستی خۆیه‌وه‌ و بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ و ئه‌و بێکارگێڕییه‌ و نه‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتێک، که‌ حوکوومه‌تی سووریا له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا جێیهێشتووه، کارگێڕییه‌کی تێدا دامه‌زرێنێ. ئه‌مه‌ بۆ ده‌بێ به‌ شۆڕش نه‌ژمێردرێ و ددان به‌و کارگێڕییه‌یدا نه‌نرێ؟ مه‌گه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له‌ به‌شێکی باشووری کوردستان له‌ 1991دا هاته‌ پێشێ، هه‌ر تاڕاده‌یه‌ک مانه‌ندی ئه‌وه‌ی ئێستای ڕۆژاوای کوردستان نه‌بوو! 1991، ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین، هێز و کارگێڕیی خۆی و ده‌وڵه‌تی عیراقی له‌و به‌شه‌ی کوردستان، که‌ ئێستا هه‌رێمه‌، کێشایه‌وه‌ و ئیدی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، کارگێڕی نه‌ما و بۆشاییه‌ک هاته‌ گۆڕێ و هێزه‌ کوردستانییه‌کان، به‌ پارتی و بارزانییشه‌وه‌، کارگێڕییه‌کیان دامه‌زراند و جێی کارگێڕییه‌که‌ی به‌عس و ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ینیان گرته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ی له‌ باشووری کوردستان، له‌ 1991ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ و ده‌سه‌ڵات و کارگێڕییه‌کی کوردستانی و کوردی، به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و له‌ 2003یشه‌وه‌ به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین نه‌ماون، لێ تا ئێستاش نه‌یتوانیوه‌، ڕه‌وتاری به‌عس و فه‌رهه‌نگی به‌عس، به‌ ته‌واوی بنبڕ بکات و وه‌لاوه‌نێ. ئێستاش کرده‌ و هه‌ڵچوون و هزری به‌عسییانه‌، له‌ گه‌لێک له‌ بوار و جمگه‌کانی سیاسه‌ت و گوتار و ژیاندا، له‌و به‌شه‌ی کوردستان، به‌ ئاسانی وه‌دی ده‌کرێن.
ئه‌وه‌ی ئێستا په‌یه‌ده‌ کردوویه‌تی، هه‌مان ئه‌و کاره‌یه،‌ که‌ له‌ 1991دا له‌ باشوور کرا‌، ئه‌میش بۆشاییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی پڕ کردووه‌ته‌وه‌، ئیدی بۆ ده‌بێ ئه‌وه‌ی کوردی باشوور شۆڕش بێت و دامه‌زراندنی کارگێڕییه‌که‌ی، کارێکی باش بێت، لێ ئه‌وه‌ی ڕۆژاوا، کارێکی ناپه‌سه‌ند بێت و شۆڕش نه‌بێت! مه‌گه‌ر حیزبه‌کانی باشووری کوردستان، تا دوا ساته‌کان، له‌گه‌ڵ سه‌ددام حوسه‌یندا، له‌ گوتوبێژدا نه‌بوون و شانده‌کانیان، به‌ حه‌فتان و مانگان، له‌ به‌غدا لێی نه‌ده‌که‌وتن! ئه‌وه‌ی له‌ باشووری کوردستان ڕوویدا و هه‌لومه‌رجێک، که‌ هاته‌ پێش‌‌، عه‌قڵقونته‌یی و که‌رایه‌تی سه‌ددام حوسه‌ین، به‌ گرتنی کووه‌یت و په‌لاماردانی کوردستان و کۆڕه‌و و دامه‌زراندنی ده‌ڤه‌ری نه‌فڕین و هێڵی 36 بوو، له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌، هێنایه‌ پێش، ده‌نا ئه‌و ڕه‌وشه‌ی هاته‌ گۆڕێ، هێز و بازووی پێشمه‌رگه‌ و حیزب، نه‌ هێنایانه‌ ئاراوه و‌ نه‌ ده‌شیانهێنایه‌ دی‌، ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژاوای کوردستان هاتووه‌ته‌ گۆڕێ، له‌وێ خه‌ڵک ڕاپه‌ڕیوه‌، نه‌ هێزی ئه‌مه‌ریکا له‌ ئارادایه‌، نه‌ ڕابوونی جاش و سووکه‌جاش و نه‌ که‌رایه‌تی سه‌ددام حوسه‌ین!
بێگومان به‌ هه‌موو خراپه‌کاری ڕێژیمی ئه‌لئه‌سه‌دیشه‌وه‌، هێشتا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه‌ سه‌ر به‌  عه‌له‌وییه‌کانه‌ و ئه‌وانیش که‌مینه‌ن له‌ سووریا، کورد له‌وان و له‌ ئه‌رمه‌ن و تورکمان و سریان و چه‌رکه‌س و ئاشوورییانه‌وه‌ نێزیکتره،‌ تا له‌ زۆرینه‌ی سوننه‌ی عه‌ره‌بی سووریاوه‌. خۆ ئه‌گه‌ر په‌یه‌ده‌، ته‌نانه‌ت به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کانیش، توانێبێتی تاڵه‌موویه‌کی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێژیمی ئه‌لئه‌‌سه‌ددا هێشتبێته‌وه‌ و ئاساییش و ئارامی و پاراستنی سه‌ر و ماڵی خه‌ڵکی کورد و ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و کارگێڕییه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان، به‌رهه‌می ئه‌و پێوه‌نده‌ بێت، به‌ من کارێکی باشی کردووه و هه‌رگیز نابێ گله‌یی لێ بکرێ. کارکردن و هاریکاریکردن یا هاوئاهه‌نگیی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک گرۆی چه‌کداری تونڕۆ، مانه‌ندی "داعش" و ئه‌ننوسره‌"النصرة"، که‌ به‌ ناوی ئیسلام(سوننه‌)ه‌وه‌، له‌ گۆڕه‌پانی سووریادا، دژی رێژیمی ئه‌لئه‌‌سه‌د ده‌جه‌نگن، بۆ کورد، کارێکی نه‌کرده‌یه‌ و هه‌رگیز ناشێت، چونکه‌ ئه‌و گرۆیانه‌ په‌یامی کافراندن و له‌نێوبردنی کورد و که‌سانی ده‌رێی بازنه‌ی دید و جیهانبینی خۆیان(ته‌نانه‌ت جۆره‌کانی دیکه‌ی ئیسلامیش)یان پێیه‌. هه‌رچی هێزه‌کانی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆنن، له‌ سووریا، که‌ هێشتا له‌ سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات ڕوونه‌نیشتوون، بوونی قه‌واره‌یه‌کی کوردی و کوردستانییان له‌ ڕۆژاوا و ته‌نانه‌ت له‌نێو سووریایه‌کی یه‌کگرتووی پاش ئه‌لئه‌سه‌ددا، پێ گرانه‌ و ناتوانن پێی قایل بن. ڕێژیمی ئه‌لئه‌سه‌د، به‌ هه‌موو خراپه‌کارییه‌کییه‌وه‌، گه‌لێک له‌و گرۆیانه‌، که‌ ناوی ئۆپۆزیسیۆنیان له‌ خۆ ناوه‌، باشتره‌.
نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، من ته‌واوی ئه‌وه‌ی ناوی "به‌هاری عه‌ره‌بیی" لێ نراوه‌، که‌ له‌ توونس و لیبیا و یه‌مه‌ن و مسره‌وه‌ گه‌یشته‌ سووریا و پێشتریش له‌ عیراقدا ڕوویدا و بوو به‌ هۆی گۆڕینی ڕێژیمگه‌لی ئه‌و وڵاتانه‌ و ئه‌م ڕه‌وشه‌ی سووریایشی هێنایه‌ گۆڕێ، به‌ هیچ جۆرێک نه‌ پێم باشه‌ و نه‌ ئێره‌ییش به‌ خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌به‌م، دوای ئه‌و گۆڕانانه‌ی له‌ وڵاته‌کانیاندا ڕوویانداوه. زۆر جاران، مرۆڤ ده‌بێ خۆزگه‌ به‌ که‌ونه‌ ڕێژیمه‌کانیان بخوازێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ناته‌واوی و دیکتاتۆری و خراپییه‌کیان، هێشتا ڕێژیمگه‌لی سه‌ددام حوسه‌ین، زه‌ینولعابدین بین عه‌لی، موعه‌ممه‌ر ئه‌لقه‌ززافی، حوسنی موباره‌ک و به‌ششار ئه‌لئه‌سه‌د، گه‌لێک له‌ ڕێژیمگه‌لی ئێستای ئه‌و وڵاتانه‌ و له‌ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باشتر بوون و باشترن. خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ "نه‌ک هه‌ر شاخ، گوێیشیان نایه‌ بانی‌".   
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای په‌یه‌ده‌ وه‌ک تاکه‌ هێزی له‌به‌رچاو و کاریگه‌ر یا تاکڕه‌و بکرێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش کارگێڕییه‌که‌ی به‌ ناشه‌رعی بزانرێ و ئه‌و شۆڕشه‌ی وی به‌ شۆڕش نه‌زانرێ، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، حیزبه‌ کوردییه‌کانی دیکه‌ی له‌گه‌ڵ نین، ڕه‌نگه‌ ئه‌و دیده‌ بڕێک توند بێت و له‌ جێی خۆیدا نه‌بێت. په‌یه‌ده‌ زۆرترین ژماره‌ی کوردی ڕۆژاوای له‌گه‌ڵه‌ و ڕێکوپێکترین و چالاکترین و کاراترین هێزی چه‌کداری هه‌یه‌ و زۆرترین خاکی کوردستانیشی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌، لێ حیزبه‌ کوردییه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژاوا، که‌ بارزانی و پارتی و حیزبگه‌لێک له‌ باشووری کوردستان، به‌ نوێنه‌ری خه‌ڵکی کوردی ڕۆژاوایان ده‌زانن، به‌ هه‌موویانه‌وه‌ ناتوانن هێزێکی بچووک پێکبهێنن‌ و شارۆچکه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌ ببه‌ن! زۆرێک له‌و حیزبانه‌، ته‌نێ حیزبی هوتێل و ئه‌فه‌ندیی پشت مێز و هۆڵی ‌ڕازاوه‌ و خواردنگه‌ و چێشتخانه‌ گه‌وره‌کانن، ده‌نا له‌ سه‌ر خاک و له‌نێو خه‌ڵکدا، جه‌ماوه‌ریان له‌گه‌ڵ نییه‌ و ناتوانن، نه‌ شۆڕش بکه‌ن و نه کارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردن ساز که‌ن! ئه‌گه‌ر وا نییه‌، خۆ "ئه‌وه‌ ئه‌رز و ئه‌وه‌ گه‌ز"!
بێجگه‌ له‌ پاراستنی خه‌ڵکی ڕۆژاوای کوردستان و ده‌سته‌به‌رکردنی ئارامی و کارگێڕییه‌کی کارا و خه‌مخۆر و خزمه‌تکاری خه‌ڵک، ئه‌وه‌ی له‌و کارگێڕی و ده‌سه‌ڵاته‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێ، نه‌هێشتنی ته‌واوی شوێنه‌واری عه‌ره‌باندنه‌، که‌ له‌ 1965 ه‌وه‌، به‌ ناوی "الحزام العربي" واته‌: پشتوێن(که‌مه‌ربه‌ند، پشتێن)ی عه‌ره‌بی، به‌ چاندنی عه‌ره‌ب و داگیرکردنی خاکی کوردستان و وه‌ده‌رنانی کورد، له‌ ڕۆژاوای کوردستان، درێژه‌ی هه‌بووه‌، ئه‌ویش به‌ وه‌ده‌رنانی ته‌واوی عه‌ره‌بی داگیرکار و گێڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان له‌ عه‌ره‌بستانی سووریا. ئه‌و  کاره‌ وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی و ڕاستکردنه‌وه‌ی دیرۆکێکی چه‌وتی ده‌یان ساڵه‌، ئه‌گه‌ر ده‌سبه‌جێ و گه‌رماوگه‌رم جێبه‌جێ نه‌کرێ، ئه‌وا ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانیش به‌ ده‌ردی که‌رکووک و مووسڵ و دیاله‌ی باشووری کوردستان ده‌ڕوات، که‌ به‌ سایه‌ی سه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی باشووری کوردستانه‌وه‌، وا خه‌ریکه‌ ئیدی له‌بیر ده‌چنه‌وه.‌
دژایه‌تیکردنی هه‌نگاوه‌کانی په‌یه‌ده‌ بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و کارگێڕییه‌ خۆییه‌ و هاندانی هێزه‌ سیاسی و حیزبه‌ گچکه‌ و لاوازه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژاوای کوردستان و قوتکردنه‌وه‌یان له‌هه‌مبه‌ر په‌یه‌ده‌دا، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌، که‌ له‌و به‌شه‌ی کوردستانیش، مانه‌ندی باشووری کوردستان، دوو ده‌سه‌ڵاتیی و دوو هه‌رێمیی، لێ بکه‌وێته‌وه‌ و بێته‌ گۆڕێ، ئیدی ئه‌وێش دووچاری ده‌ردی له‌تبوون و فره‌کوێخایه‌تی ببێت.
ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی یه‌کیه‌تیی خاکی کوردستان و یه‌کیه‌تیی کورده‌وه‌ بنۆڕدرێته پرسی کورد، به‌ شۆڕش نه‌زانینی ڕابوونی خه‌ڵکی شۆڕشگێڕی رۆژاوای کوردستان و دژایه‌تی کارگێڕییه‌ خۆجێیه‌که‌ی په‌یه‌ده‌ و ناوزڕاندنی، بێجگه‌ له‌وه‌ی به‌ قازانجی پرسی کورد نییه‌، ناڕه‌وایه‌تییه‌کی مه‌زنیشه‌ له‌هه‌مبه‌ر کوردی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان به‌ تایبه‌ت و پرسی کورد له‌ ته‌واوی کوردستان به‌ گشتی.
25 – 11 – 2013


Friday, November 22, 2013

که‌رکووکه‌خه‌م - هه‌شت -

که‌رکووکه‌خه‌م
- هه‌شت -
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ قۆناخی ناوه‌ندیدا بووم، له‌ سانه‌وی کفری ده‌مخوێند. کفری، ئه‌وسا دوور له‌ ئێستا، شار بوو. به به‌راورد له‌ته‌ک باژێڕه‌کانی سلێمانی و که‌رکووک و خانه‌قیندا، چواره‌م شاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ بوو، که‌رکووک یه‌که‌م و سلێمانی دووه‌م و خانه‌قین سێیه‌م و کفرییش چواره‌م بوو. کفری، گه‌ره‌ترین شارۆکه‌ یا قه‌زای سه‌ر به‌ ئوستانی که‌رکووک بوو. له‌و ته‌مه‌نه‌دا،  بێجگه‌ له‌ مه‌کته‌ب و گه‌مه‌ و پیاسه‌ و تێکه‌ڵاویی هاوڕێیه‌کانم، زۆرجارانیش گوێم ده‌دایه‌ ڕادیۆی کوردی به‌غدا و چێژم له‌ گۆرانی و مۆسیقا وه‌رده‌گرت. جارجار به‌ خه‌یاڵمدا ده‌هات و  نامه‌م ده‌نارد بۆ ئه‌و ڕادیۆ کوردییه‌ و داوای گۆرانیم ده‌کرد و جارجاریش حه‌زم ده‌کرد،  نامه‌ بۆ که‌سانێکی ناسراو، که‌ له‌و ڕادیۆیه‌ کاریان ده‌کرد، بنێرم. وه‌ک نموونه‌: مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، که‌ جارێکیان نامه‌یه‌کم بۆ نووسی و سه‌رسامبوونی خۆم به‌ ده‌نگ و گۆرانی و مۆسیقاکانی ده‌ربڕی و داوام لێکرد باسی ژیانی خۆیم بۆ بنووسێت و وێنه‌ی خۆیم بۆ بنێرێت. ئه‌وده‌م نامه‌نووسین و نامه‌گۆڕینه‌وه‌،  باو بوو.  نامه‌که‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانم ئاماده‌کرد و ناوونیشانی ڕادیۆی کوردیی به‌غدام له‌سه‌ر زه‌رفه‌که‌‌ نووسی و نووسیشم، که‌ ئه‌و نامه‌یه‌ بگاته‌ ده‌ستی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، دیاره‌ نامه‌که‌م به‌ کوردی نووسیبوو، لێ ئه‌و ناوونیشان و ئه‌وانه‌ی سه‌ر زه‌رفه‌که‌م به‌ عه‌ره‌بی نووسی. ئه‌وده‌مه‌ ده‌بوو به‌ عه‌ره‌بی بنووسرێ، چونکه‌ عه‌ره‌بی زمانی ڕه‌سمیی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ش بوو. نامه‌که‌م هه‌ڵگرت و چووم بۆ پۆسته‌خانه‌(پۆست)، که‌ کارگێڕییه‌ک بوو بۆ پۆست و ته‌لیفۆن و ته‌لیگراف و له‌ هه‌موو شار و شارۆکه‌یه‌کدا هه‌بوو و‌ پێیان ده‌گوت، دائیره‌ی به‌رید و به‌رق(دائرة البرید والبرق)، واته‌: کارگێڕی یا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆست و بروسکه(ته‌لیگراف)‌. ئه‌وده‌مه‌ ئه‌و جۆره‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ بۆ هاووڵاتییان هه‌بوون و وه‌ک ئێستا قوڕی پێوه‌ نه‌درابوو، که‌ خه‌ڵک له‌و وڵاته‌ی خۆمان(کوردستان)، هه‌ر نازانێ، پۆست چ واتایه‌کی هه‌یه‌ و بۆ چی باشه‌، چونکه‌ هه‌ر نییه‌. که‌ چوومه‌ به‌رده‌م ئه‌و کارمه‌نده‌ی، ده‌بوو نامه‌که‌ی بده‌مێ و  پاره‌ی بده‌مێ، بۆ ئه‌وه‌ی پوول له‌ زه‌رفه‌که‌ بدات و نامه‌که‌ بنێرێ، یه‌کسه‌ر ناسیمییه‌وه‌ و ده‌یزانی کێم و کوڕی کێم و سه‌ر به‌ چ بنه‌ماڵه‌یه‌کم. ئه‌و ناوی ڕیفعه‌ت بوو و تورکمان بوو. له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی که‌رکووک، تاووغ، خورماتوو، کفری، قه‌ره‌ته‌پپه‌، که‌ تورکمانیش له‌گه‌ڵ کورددا ده‌ژین، وه‌ک نه‌ریت و بۆماوه‌یه‌کی سه‌رده‌می عوسمانییه‌کان و کاریگه‌ریی زمان و فه‌رهه‌نگی تورکی، ئه‌و جۆره‌ ناوانه‌: ڕیفعه‌ت، جه‌وده‌ت، نه‌جده‌ت، ته‌لعه‌ت، سه‌فوه‌ت، مه‌دحه‌ت، نه‌شئه‌ت، عیززه‌ت، به‌هجه‌ت، شه‌وکه‌ت، ڕه‌ئفه‌ت، فیکره‌ت، فرسه‌ت، نه‌سره‌ت، زینه‌ت، سوحبه‌ت، نه‌دره‌ت، عیففه‌ت، قودره‌ت، حیکمه‌ت، نه‌زهه‌ت، مروه‌ت و...ئه‌وانه‌ له‌نێو تورکمانه‌کاندا، به‌ تایبه‌ت، گه‌لێک زۆرن و‌ له‌نێو کوردانیشدا هه‌ن، ته‌نانه‌ت  له‌ مسریش وه‌ها ناوگه‌لێک فره‌ن، ئه‌ویش هه‌ر به‌ هۆی فه‌ر‌هه‌نگی تورکی و ده‌سه‌ڵاتی تورکه‌وه‌ له‌وێ. دوای سڵاو له‌ ڕیفعه‌ت، نامه‌‌که‌م دایه‌ و ئه‌ویش، که‌ سه‌یری ناوونیشانه‌که‌ی کرد و لێی نووسرابوو ڕادیۆی کوردیی به‌غدا و ناوی عه‌لی مه‌ردانی پێوه‌ بوو، ده‌سبه‌جێ گوتی: تۆ کوردی یا سه‌ییدی؟ منیش گوتم هه‌ردووکیانم. جارێکی دیکه‌ پرسیاره‌که‌ی دووپات کرده‌وه‌ و منیش هه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی پێشووم دایه‌وه‌. جاری سێیه‌م پرسیاره‌که‌ی کرده‌وه‌ و من هه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی پێشووم دایه‌وه‌. ئه‌وجا گوتی: نا ئه‌وه‌ نابێ، تۆ ده‌بێ یه‌کێکیان بیت، یا کورد یا سه‌یید! من هه‌م گوتم، که‌ هه‌رددویانم. هه‌مدیس پێی گوتمه‌وه‌: ‌ ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌، تۆ ئه‌گه‌ر کوردیت ئه‌وا سه‌یید نیت و ئه‌گه‌ریش سه‌ییدیت ئه‌وا کورد نیت! من هه‌ر له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی خۆم سوور بووم و هه‌ر ده‌مگوت هه‌م کوردم و هه‌م سه‌ییدم. به‌ کوردییه‌که‌ی ده‌ستبه‌رداری هیچ یه‌کێک له‌و دووانه‌ نه‌ده‌بووم. من ده‌مزانی ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو،  ده‌ستبه‌رداری کوردبوونه‌که‌م بم و ئه‌و ناسنامه‌یه‌م لێ بستێنێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نێ سه‌یید بم، ئه‌وا وه‌ک بنجوبناوان، ده‌بێ عه‌ره‌ب بم و بۆ ڕیفعه‌تیش ئه‌وه‌ گرنگ بوو، که‌ من کورد نه‌بم، ئیدی هه‌رچی ده‌بم با ببم. ئیدی ئه‌و (ڕیفعه‌ت)، که‌ دیتی سوودی نییه‌ و ناتوانێت له‌تم کات و کوردبوون و سه‌ییدبوونه‌که‌م، له‌یه‌کدی جودا بکاته‌وه‌، کۆڵی دا و پووله‌که‌ی له‌ نامه‌که‌ دا و پاره‌که‌ی لێ وه‌رگرتم و نامه‌که‌ی وه‌رگرت، بۆ ئه‌وه‌ی بینێرێ. به‌شێک له‌ هاوپۆل و هاوڕێیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌م، وه‌ک ڕیفعه‌ت تورکمان بوون، لێ بۆ من، له‌گه‌ڵ هاوڕێ کورده‌کانمدا، هیچ جیاوازییه‌کیان نه‌بوو. ئێستاش هاوڕێی تورکمانی ئه‌و ڕۆژگاره‌م هه‌یه‌، که‌ گه‌لێک له‌یه‌که‌وه‌ نێزیکین و دۆستایه‌تیمان هه‌ر ماوه‌ و به‌هێزه‌.‌ ‌من ئێستاش یه‌که‌م هاوڕێی منداڵیی ته‌مه‌نی پێنج ساڵانی خۆمم دێته‌وه‌ یاد، که‌ ناوی ئه‌حمه‌دی مه‌لا برایم بوو. ماڵی ئه‌حمه‌د هاوسێمان بوون و عه‌ره‌ب بوون. له‌و ته‌مه‌نه‌دا، نه‌ ئه‌حمه‌د و نه‌من، عه‌ره‌ب و کوردمان نه‌ده‌زانی. ئێمه‌ منداڵ بووین و  پێکه‌وه‌ وازیمان ده‌کرد و له‌ ماڵی یه‌کدی نانمان ده‌خوارد و ده‌خه‌وتین و هه‌رگیز گچکه‌ترین هه‌ستی جیاوازی له‌نێوانماندا نه‌بوو.  منداڵ، که‌ دێته‌ دنیاوه‌ و تا ته‌مه‌نێک، بێ نه‌ته‌وه‌ و بێ ئایین و بێ مه‌زهه‌ب و بێ هۆز و خێڵ و ته‌نانه‌ت بێ ڕه‌نگ و بێ ڕه‌گه‌زیشن. خێزان و کۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سگاکانی جڤاک و میدیا و ده‌سه‌ڵاته‌، که‌ ئیدی منداڵ به‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌ب و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و هۆز و خێڵدا، ده‌به‌شنه‌وه‌. من ئه‌و‌ده‌می نامه‌که‌م بۆ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان نارد،  چوارده‌ ساڵێک ده‌بووم. ڕیفعه‌ت پیاوێکی په‌نجاساڵه‌ی خڕه‌ڵه‌ی سوورکه‌ڵه‌ی سه‌رتاس بوو، که‌ هه‌میشه‌ پانتۆڵ و چاکه‌تی قاوه‌یی ده‌پۆشی. ڕیفعه‌ت، هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی تورکمانیی هه‌بوو و ده‌یه‌ویست هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌کن منیش ببزوێنێ، که‌ من ئه‌وده‌می، ئه‌و هه‌سته‌م به‌و شێوه‌ نه‌بوو، لێ پرسیاره‌کانی ڕیفعه‌ت، ختووکه‌یه‌کی هه‌ستی دام و وه‌ک بڵێی پێم خۆش نه‌بوو، وه‌ک ئه‌و بڵێم و بکه‌م و بهزرێم. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم، که‌ وه‌ها پرسیارێک هه‌رگیز ڕووبه‌ڕووی منداڵێکی چوارده‌ساڵانی هه‌ولێر، دهۆک، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، زاخۆ، کۆیه، ئامێدی، چۆمان‌ و...نه‌ده‌بووه‌وه‌ و نه‌ ئێستاش ده‌بێته‌وه‌، لێ هه‌موو کوردێکی که‌رکووک، خورماتوو، کفری، خانه‌قین، شاره‌بان، مووسڵ، مه‌نده‌لی، شنگال، جه‌له‌ولا و ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان، که‌ عه‌ره‌بێنراون و داگیرکراون، نه‌ک هه‌ر ئه‌وده‌م، به‌ڵکه‌ ئێستاش، به‌ره‌وڕووی هه‌مان پرسیار ده‌بنه‌وه‌. ئه‌و پرسیاره‌، بۆ منداڵێکی چوارده‌ساڵان، بۆ خۆی ئه‌شکه‌نجه‌یه‌که‌ و ئه‌گه‌ر له‌م ئه‌وروپایه‌ بووایه‌، ده‌بوو بخرابایه‌ته‌ چوارچێوه‌ی نه‌ژادپه‌رستی و ڕقبوون له‌ نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکی دیکه‌ و به‌ چه‌ندین دانیشتن له‌گه‌ڵ بژیشکی ده‌روونی و ده‌روونناس و ئه‌وانه‌، ئه‌وجا مرۆڤ گه‌یشتبایه‌ته‌ ئه‌نجامی ئاسووده‌بوونه‌وه‌ و دڵدانه‌وه‌ی منداڵێکی چوارده‌ساڵان. پاش ماوه‌یه‌ک له‌ مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه‌وه‌ وه‌ڵامی نامه‌که‌م به‌ دست و خه‌تی خۆی درایه‌وه‌ و باسی ژیانی خۆی بۆ نووسیبووم و وێنه‌یه‌کی خۆیشی پێشکه‌ش کردبووم. ئای له‌و خۆشییه، عه‌لی مه‌ردان، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ نامه‌ بۆ من ده‌نووسێت و وێنه‌ی خۆییم بۆ ده‌نێرێ! ‌ بۆ ماوه‌یه‌ک ڕیفعه‌ت و پرسیاره‌ نابه‌جێیه‌کانیم له‌بیرچوونه‌وه‌‌ و هه‌ستم به‌ زاڵبوونێکی بێوێنه‌ ده‌کرد به‌سه‌ر ڕیفعه‌تدا، لێ ئه‌و له‌بیرچوونه‌وه‌یه‌ و ئه‌و زاڵبوونه‌، ته‌نێ بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م بوو، ئێستاش وه‌ک سووکایه‌تیپێکردنێک و دادگاییکردنێک دێته‌وه‌ یادم و هه‌رگیز له‌ بیرگه‌مدا ناسڕێته‌وه‌. کورده‌ که‌رکووکییه‌کان، هێشتا نه‌ک  هه‌ر  ڕووبه‌ڕووی  سه‌دان پرسیاری له‌و جۆره‌  ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ ڕه‌وشێکدا ده‌ژین، که‌ ئه‌گه‌ر خۆیان نه‌بنه‌وه‌ خاوه‌نی که‌رکووک و داگیرکارانی عه‌ره‌ب وه‌ده‌رنه‌نرێن، هه‌رگیز مه‌ترسی له‌نێوچوونیان له‌سه‌ر ناڕه‌وێته‌وه‌ و هه‌رگیز نابنه‌ خاوه‌نی که‌سیه‌تی خۆیان و دڵنیا و خۆشگوزه‌ران و ئاسووده‌ نابن.                                                                          
22 – 11 - 2013

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...