Friday, November 30, 2012

برینه‌کانی که‌رکووک هه‌میشه‌ ده‌کولێنرێنه‌وه‌

برینه‌کانی که‌رکووک هه‌میشه‌ ده‌کولێنرێنه‌وه‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
چه‌ند مانگێکه‌، حوکوومه‌ته‌که‌ی نووری ئه‌لمالیکی، سه‌رۆکوه‌زیرانی عیراق، سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی هێزێکی سه‌ربازییه‌، که‌ به‌ بۆچوون و نه‌خشه‌ی خۆی و هاوبیرانی، پارێزگاریی ئاسایش و ئارامیی ئوستانه‌کانی که‌رکووک، تکریت و دیاله‌ بکات. مالیکی ئه‌و هێزه‌ی دامه‌زراندوو و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌یشی کرد. له‌ خورماتووه‌وه‌ ده‌ستپێکرد و خودا ده‌زانێ له‌ کوێ ته‌واو ده‌بێ! ئه‌و هێزه‌ ناوی دیجله‌ی لێنراوه‌ و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌یشی له‌شکری دیجله‌ی بۆ نێردراوه‌ و ده‌نێردرێ، ڕێک ئه‌و ناوچه‌ دابڕێنراوانه‌ی کوردستانن، که‌ نه‌گه‌ڕاونه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.                                                                               
بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی هێزی دیجله‌ له‌ کن نووری ئه‌لمالیکی، بیرۆکه‌یه‌ک نییه‌ هه‌ڵقوڵاوی دوێنێ و ئه‌مڕۆ بێت، به‌ڵکه‌ ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی کۆنتر و له‌مێژینه‌ و قووڵتری، له‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی عیراقدا هه‌یه‌. له‌شکری عیراق، هه‌رچه‌نده‌ کورد بۆ خۆی له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ نۆره‌یه‌کی مه‌زنی له‌ دامه‌زراندن و به‌هێزکردن و ژیاندنه‌وه‌یدا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، له‌ژێر فه‌رمانده‌ی هه‌ر که‌سێکدا بووبێت و به‌ هه‌ر ناوێکه‌وه‌ بووبێت، له‌وه‌تی هه‌یه‌، له‌ ساڵانی 1920کانه‌وه‌، هه‌میشه‌ چه‌کمه‌ی له‌سه‌ر ‌سنگی خه‌ڵکی کورد بووه‌ و هه‌میشه‌ خاکی کوردستانی کردووه‌ته‌ ئامانج و هه‌میشه‌ به‌ گیانی داگیرکردن و تاڵانی و سووتاندنی خاک و وێرانکردنی وڵاته‌وه‌ هاتووه‌ بۆ کوردستان. ڕه‌نگه‌ ئه‌و له‌شکره‌ له‌ 2003وه‌ و له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌، ئیدی بڕێک پشوویه‌کی به‌ خۆی دابێ و به‌و جۆره‌ ڕووی له‌ کوردستان نه‌کردبێ، به‌ڵام نه‌کردنی ئه‌و کاره‌ ناکاته‌ ئه‌وه‌ی، که‌ بیرۆکه‌ی داگیرکردن و ئه‌نفال و سه‌رکوتکردنی کورد، له‌ کن به‌رپرسانی به‌غدا نه‌مابێ.                                                               
بیرۆکه‌ی هێرشکردن و داگیرکردن، له‌ مێشکی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدادا هه‌ر ماوه، چونکه‌ ئه‌وان تێگه‌یشتنیان بۆ چه‌مکی ده‌وڵه‌ت، هه‌ر تێگه‌یشتنه‌ نه‌ریتییه‌که‌یه‌‌، که‌ بڕوای به‌ ده‌وڵه‌تێکه‌، ته‌واوی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست ناوه‌نده‌وه‌ بێت و هه‌موو وڵات له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی ناوه‌نددا بێت. بوونی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی کارگێڕی به‌ ناوی فیدرالییه‌وه‌ له‌ وڵاتێکدا، که‌ هه‌رێمی دیکه‌ی بێجگه‌ له‌و کوردستانه‌ تێدا نییه‌، بۆ ده‌سه‌ڵاتی عیراق، وه‌ک دانیشتنه‌ له‌ سه‌ر ڕایه‌خێکی دڕکاوی یا وه‌ک قووتدانی گوێزان و بزماره‌ و قایلبوون پێی و قه‌بووڵکردنی، کارێکی ئاسان نییه‌. فیدرالییه‌ک، که‌ کورد"هیچ نه‌بێ خه‌ڵکی کورد" بیری لێ ده‌کاته‌وه‌، فیدرالییه‌که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دوو نه‌ته‌وه‌ و دوو خاک، عه‌ره‌ب و کورد، عیراق و کوردستان پێک دێت، لێ له‌ باشترین حاڵدا، ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، ئه‌گه‌ر بیر له‌ فیدرالییش بکاته‌وه‌، ئه‌وا فیدرالییه‌که‌، وه‌ک فیدرالی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ڵمانیا و ئه‌وانه‌ ده‌بێنێت، واته‌: فیدرالییه‌ک ته‌نیا له‌ ڕووی کارگێڕییه‌وه‌ بڕێک سه‌ربه‌خۆیی به‌ ئوستانه‌کان یا چه‌ند ئوستانێکی یه‌کگرتوو بدرێ، که‌ ئه‌وه‌ش هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ نانێوه‌نده‌کی"اللامرکزیة"یه‌که‌ی عه‌بدوسسه‌لام عارفدا نییه‌.                   
که‌رکووک، دیاله‌ و تکریت، ئه‌و سێ ئوستانه‌ن، که‌ به‌شی زۆری خاکه‌که‌یان له‌ باشووری کوردستان دابڕێنراون. بێجگه‌ له‌و سێ ئوستانه‌، ئوستانی مووسڵ و بڕێکی کووت و بڕێکی عه‌ماره‌ش، له‌ خاکی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان دابڕێنراون. به‌رینایی و پانایی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوانه‌ی کوردستان، له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی، که‌ هه‌رێمی کوردستانی"دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی" لێ پێکهاتووه‌ زیاتره‌. دوای 2003 و ڕووخانی سه‌ددام حوسه‌ین و ڕێژیمه‌که‌ی، ده‌بوو رێبه‌ریه‌تیی سیاسیی کورد، یه‌که‌م کارێک و یه‌که‌م هه‌نگاوێک، که‌ بیری لێ کردباوه‌ و هه‌ر پێشتر نه‌خشه‌ی بۆ دانابا و ئاماده‌یی بۆ کردبا و خه‌ڵکی کوردستانی بۆ ڕاهێنابا، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ بوو، که‌ گرنگترین کارێک بوو، ده‌بوو کرابا. سه‌رکردیه‌تیی سیاسیی کورد، ئه‌وه‌ی نه‌کرد و له‌بری ئه‌وه‌، وه‌ک حیزب و وه‌ک چه‌کداری حیزب و هه‌رکه‌سه‌و بۆ خۆی و بێ هاوئاهه‌نگیی، ڕوویان له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ کرد. ئیدی تاڵان و چه‌پاو و شاردنه‌وه‌ی فایلی پێوه‌نددارانی نێو حیزبه‌کان له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی به‌عس و ده‌ستگا سیخوڕییه‌کانیدا، یه‌کێک بوو له‌ کاره‌ هه‌ره‌ گرنگ و خێراکان، که‌ حیزبه‌ کوردییه‌کان و چه‌کداره‌کانیان ئه‌نجامیان دا. به‌وه‌ ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ له‌بیر کران و درانه‌ ده‌ست ڕۆژگار و چاره‌نووسی نادیاره‌وه‌. له‌بری دروستکردنی کوردستان و گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌دزراوه‌کانی و ماڵی خۆ قایمکردن، سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی کورد، که‌وته‌‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی ماندوویینه‌ناسانه‌وه‌ بۆ دروستکردنه‌وه‌ی عیراق، که‌ دوای ڕووخانی به‌عس، داری به‌سه‌ر به‌ردییه‌وه‌ نه‌مابوو. موعه‌ممه‌ر ئه‌لقه‌ززافی، یادی به‌خێر، هه‌ر ئه‌وده‌م گوتی، کورد له‌ شاییه‌که‌، به‌بێ نۆک هاتنه ده‌رێ، مه‌به‌ست ئه‌وه‌ بوو کورد هیچیان نه‌کرد و "ده‌ست له‌ گونان درێژتر" له‌و پاشاگه‌ردانییه‌دا، که‌ سه‌گ ساحیبی خۆی نه‌ده‌ناسی و وڵات بێ خاوه‌ن بوو، هیچیان به‌ هیچ نه‌کرد و نه‌یانتوانی ماڵی خۆیان دروست بکه‌ن. ئه‌وان عیراقیان دروستکرده‌وه و کوردستانیان دایه‌وه‌ ده‌م عیراقه‌وه‌‌! ئه‌وان له‌شکری عیراقیان دروستکرده‌وه‌، که‌ ده‌بوو هه‌رگیز  دڕنده‌یی ئه‌و له‌شکره‌ له‌بیر نه‌که‌ن و زارۆکه‌کانیان و نه‌وه‌کانیشیان له‌ دڕنده‌یی و نامرۆڤایه‌تی و هۆڤیه‌تیی ئه‌و له‌شکره‌ ئاگادار بکه‌نه‌وه‌، لێ مخابن، نه‌ک هه‌ر له‌بیریان نه‌کرد، به‌ڵکه‌ بۆنه‌ هۆی دروستکردنه‌وه‌ی و شانازیکردن به‌ دروستکردنه‌وه‌ی! ده‌ڤه‌رگه‌لی دابڕێنراو به‌ دابڕاوی مانه‌وه‌ و وه‌ک پینه‌وپه‌ڕۆیه‌ک بۆ ئه‌و ڕه‌وشه‌ مادده‌ی 58 و دواتر مادده‌ی 140 له‌ ده‌ستووری عیراقدا دانرا، گوایه‌ به‌وه‌ کێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.                                                                      
ساڵانێکه‌ مادده‌ی 140 وه‌ک کراسه‌که‌ی عوسمانی لێهاتووه‌. له‌ هه‌موو بۆنه‌ و بوار و ده‌رفه‌تێکدا، له‌ لایه‌ن کورده‌وه‌، باسی لێوه‌ ده‌کرێ و به‌ ده‌رمانێکی سیحری و یه‌کاویه‌کی چاره‌سه‌رکردنی ته‌واوی ده‌رده‌کانی عه‌ره‌باندن و گێڕاندنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوه‌کانی کوردستان داده‌نرێت. مادده‌ی 140 وه‌ک مادده‌یه‌کی قانوونی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی تێکدانی نه‌خشه‌کانی ئوستانه‌کانی عیراق، که‌ له‌ لایه‌ن ڕێژیمی به‌عسه‌وه ئه‌نجامدرابوو،‌ هاته‌ گۆڕێ. ڕێژیمی به‌عس سنووری به‌شێک له‌ ئوستانه‌کانی عیراقی گۆڕیبوو و هه‌ندێ شارۆچکه‌ و ناوچه‌ و گوندی له‌م ئوستانه‌وه‌ خستبووه‌ سه‌ر ئوستانێکی دیکه‌ و له‌ئوستانێکی دیکه‌وه‌ بڕێکی لێدابڕیبوو‌ و به‌ ئوستانێکی دیکه‌یه‌وه‌ی نووساندبوو. وه‌ها گۆڕانێک به‌شێک له‌ ئوستانه‌کانی عه‌ره‌بساتنی عیراق و کوردستانی به‌رکه‌وتبوون.                     
گۆڕینی ئه‌و ئوستانانه‌ له‌ عیراق، به‌ کوردستانه‌که‌یشییه‌وه‌، تا ئێره‌، وه‌ک یه‌ک کار و یه‌ک کارڕایی و یه‌ک کرده‌ و یه‌ک ڕه‌وش، دێته‌ به‌رچاو، لێ له‌نێوان گۆڕینی سنووری ئوستانی ڕه‌مادی و که‌ربه‌لای عه‌ره‌بستانی عیراق و که‌رکووکی کوردستاندا، جیاوازییه‌کی یه‌کجار زۆر هه‌یه‌ و دوو ڕه‌وشی ته‌واو جیاواز و له‌یه‌ک دوورن. گۆڕینی نه‌خشه‌ی که‌ربه‌لا و ڕه‌مادی، ته‌نیا گۆڕینێکی جیۆگرافییه‌ و چ پێوه‌ندێکی به‌ خاک و نه‌ته‌وه‌ و زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژووه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام گۆڕینی که‌رکووک، گۆڕینی خاک، مێژوو، زمان، فه‌رهه‌نگ و نه‌ته‌وه‌یه‌ و له‌سه‌ر حیسابی ته‌واوی ئه‌وانه‌یه‌. که‌رکووک، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مێژوویه‌کی کوردستانی و له‌ فه‌رهه‌نگێکی کوردی و له‌ زمانی کوردی و له‌ خاکی کوردستان و له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد داببڕدرێت، گۆڕینی تێدا کراوه‌. که‌رکووک گۆڕدرا بۆ ئه‌وه‌ی کوردستانیه‌تی لێ بسێندرێته‌وه‌ و له‌ کوردستانیه‌تیی بسڕدرێته‌وه‌. ڕه‌مادی یا که‌ربه‌لا، ئه‌گه‌ر ئاواییه‌کی ئه‌م خرابێته‌ سه‌ر ئه‌و و چه‌مێکی ئه‌و خرابێته‌ سه‌ر ئه‌م، چ گۆڕانێک له‌ نه‌ته‌وه‌ و مێژوو و فه‌رهه‌نگ و زمانی خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ و خاکه‌که‌یاندا نه‌هاتووه‌ته‌ گۆڕێ.                                                                         
مادده‌ی 140 ته‌نێ ڕاپرسی و ده‌نگدان نییه‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنی عیراق یا کوردستان له‌لایه‌ن که‌رکووکییانه‌وه‌، به‌ڵکه‌ پێش ده‌نگدان، ده‌بێ ڕه‌وشی که‌رکووک و جیۆگرفیای که‌رکووک بگێردرێته‌وه‌ بۆ باری پێش عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و له‌تله‌تکردنی که‌رکووک. ده‌بێ شارۆکه‌کانی کفری، که‌لار، خورماتوو و چه‌مچه‌ماڵی له‌ که‌رکووک دابڕێنراو، به‌ ته‌واوی گونده‌کانیانه‌وه‌، بگێردرێنه‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک. ده‌بێ عه‌ره‌بی ده‌هه‌زاری و ئه‌وانه‌ی له‌ که‌رکووک و ناوچه‌کانی سه‌ر به‌ که‌رکووک چێنراون و ئه‌وانه‌ی له‌ ساڵانی پێش 1968ه‌وه‌ هه‌نارده‌ی که‌رکووک کراون، بگێڕدرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی لێیه‌وه‌ هاتوون. ده‌بێ ئه‌و کورد و تورکمانانه‌ی له‌ که‌رکووک وه‌ده‌رنراون، هه‌موو بگێردرێنه‌وه‌ بۆ که‌رکووک. ده‌بێ ته‌واوی زه‌وی و خاک و ماڵ و هه‌موو شتێکی داگیرکراوی کورد و تورکمانانی که‌رکووک، که‌ عه‌ره‌ب بردوونی، بگێردرێنه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌کانیان. ده‌بێ هیچ شوێنه‌وارێکی به‌عساندن و عه‌ره‌باندن له‌ که‌رکووکدا نه‌هێڵرێ و بنبڕ بکرێ. دوای ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ ئه‌وجا ده‌نگدانه‌که‌ بکرێ. ئه‌و کارانه‌ی، که‌ ده‌بێ پێش ئه‌نجامدانی ده‌نگدان بکرێ، هیچی نه‌کراوه‌. عه‌ره‌ب هه‌ر له‌ جێگه‌ی خۆیانن و ڕۆژانه‌ زیادیش ده‌که‌ن. ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی که‌رکووک، که‌ بڕێکیان له‌ بنده‌ست ده‌سه‌ڵاتی کورد خۆیدان، که‌ ده‌بوو هه‌ر ده‌سبه‌جێ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس بخرابانایه‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک، هێشتا نه‌گه‌ڕێنراونه‌وه‌ و هێشتا سه‌ر به‌ سلێمانی(که‌لار، چه‌مچه‌ماڵ) و دیاله(کفری، خانه‌قین)‌ و تکریت(قادرکه‌ره‌م، له‌یلان)ن نه‌ک سه‌ر به‌ که‌رکووک. شوێنه‌واری عه‌ره‌باندن نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌ و زه‌وی و موڵکی داگیرکراوی کورد و تورکمان تا ئێستا وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه‌. تا ئێستاش خه‌ڵک نازانن ئه‌و ده‌نگدانه‌ی، سه‌رانی کورد و مادده‌ی 140 باسی لێوه‌ ده‌که‌ن کوێ ده‌گرێته‌وه‌! ئایا ته‌واوی ئوستانی که‌رکووکی جاران(که‌رکووکی ئێستا + که‌لار، کفری، چه‌مچه‌ماڵ و خورماتووی دابڕێنراو) ده‌گرێته‌وه‌ یا ئوستانی که‌رکووکی ئێستای عه‌ره‌بێنراو و له‌تله‌تکراو ده‌گرێته‌وه‌ یا ته‌نێ شاری که‌رکووک ده‌گرێته‌وه‌!                                                                               
سه‌رانی کورد، به‌ مۆرکردنی مادده‌ی 140، هه‌رچۆنێکیش بخرێته‌ کاره‌وه‌ و ئه‌نجام بدرێ، ددانیان به‌وه‌دا نا و چوونه‌ ژێر باری ئه‌وه‌ی، گۆڕانگه‌لێک به‌ سه‌ر که‌رکووکدا هاتوون، ڕێک وه‌ک ئه‌و گۆڕانانه‌ن‌، که‌ به‌ سه‌ر ڕه‌مادی و که‌ربه‌لادا هاتوون. به‌و کاره‌، کێشه‌ی که‌رکووک و کێشه‌کانی ڕه‌مادی و که‌ربه‌لا، یه‌کسان کران و وه‌ک هاوتایه‌ک ته‌ماشاکران. مۆرکردنی مادده‌ی 140، که‌ سه‌رانی کورد پێیانوایه‌ ده‌سکه‌وتێکی زۆر مه‌زن و سه‌رکه‌وتنێکی گه‌لێک گه‌وره‌یان بۆ کورد، مۆر کردووه‌ و وه‌ده‌ستهێناوه‌، دداننانێکه‌ به‌وه‌ی، که‌ سه‌رانی کورد گومانیان له‌ کوردستانیه‌تی که‌رکووک هه‌یه‌! چونکه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌بێ ڕاپرسی و ده‌نگدان له‌سه‌ر که‌رکووک بکرێ، که‌ ئایا خه‌ڵکی که‌رکووک ده‌یانه‌وێ که‌رکووک له‌گه‌ڵ عیراقدا بمێنێته‌وه‌ یا بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی که‌رکووک بڕیاریاندا، که‌رکووک نه‌خرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ئیدی کورد، به‌ ڕای سه‌رانی کورد، که‌ هه‌میشه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر قایلبوون و پابه‌ندبوونیان به‌ بڕیاری خه‌ڵکی که‌رکووکه‌وه‌ ده‌که‌ن، ‌ده‌بێ ده‌ستبه‌رداری که‌رکووک ببێت!                                                                                       
ده‌نگدان له‌ سه‌ر کوردستانیه‌تیی که‌رکووک، که‌ سه‌رانی کورد زۆر به‌ دڵنییاییه‌وه‌ داکۆکی لێ ده‌که‌ن و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و زۆریان پێ گرنگه‌، "دیاره‌ ده‌نگدانه‌که‌، نه‌ک که‌رکووک" باوه‌ڕنه‌بوونه‌ به‌ کوردستانیه‌تیی که‌رکووک، ده‌نا تۆ ئه‌گه‌ر که‌رکووک به‌ کوردستان بزانیت و به‌ ماڵی خۆتی بزانیت، هه‌رگیز ده‌نگدانی له‌ سه‌ر ناکه‌یت. هیچ خاوه‌ن ئاوه‌زێک له‌م جیهانه‌دا ده‌نگدان له‌ سه‌ر ماڵی خۆی و شتێک به‌ هی خۆی و موڵکی خۆی بزانێت ناکات. ده‌نگدان له‌ سه‌ر کوردستانیه‌تیی که‌رکووک ده‌رگه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر پشت بۆ ده‌نگدان له‌ سه‌ر عه‌نکاوه‌ و هه‌رمۆته‌ و جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌پپه‌ و مه‌نده‌لی و گومار(گوندێکی تورکماننشینه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری کفری) و ده‌یان شوێنی دیکه‌ی مانه‌ندی ئه‌وانه‌، که‌ جاڕی جیابوونه‌وه‌ی خۆیان له‌ کوردستان بده‌ن و هه‌ریه‌که‌و کۆماری سه‌ربه‌خۆی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن.                                                                                
مادده‌ی 140 په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه‌ به‌ توێڵی(ته‌وێڵی، ناوچه‌وانی) سه‌رانی کورده‌وه‌ و مۆرکردنیشی، سڕینه‌وه‌ی مێژوو و تێکدانی نه‌خشه‌ و شێواندنی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی کوردستانه‌.                                                                                
هه‌ر له‌ دوای مۆرکردنی مادده‌ی 140ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، هه‌زاران ماڵه‌ کورد، له‌و شوێنانه‌ی، که‌ ئه‌و مادده‌ عه‌نتیکه‌یه‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه‌ و سه‌رانی کورد گه‌لێک پێی که‌یفخۆشن، وه‌ده‌رنراون. جه‌له‌ولا، حه‌ویجه‌، مه‌نده‌لی، سه‌عدییه‌، قه‌ره‌ته‌پپه‌، خورماتوو، مووسڵ، شه‌نگار، نموونه‌گه‌لێکی زیندوو و له‌به‌رچاون، که‌ سه‌رانی کورد به‌ زه‌قی چاویان لێیه‌ و جووکه‌یان لێوه‌ نایه‌ت.                                                                     
به‌ ناوی مادده‌ی 140ه‌وه‌، به‌ ملیاران دۆلار به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌به‌شێنرێته‌وه‌. عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندن و داگیرکه‌ری که‌رکووک، پاره‌ی مادده‌ی 140 وه‌رده‌گرن، به‌ ناوی ئه‌وه‌ی ده‌ڕۆنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌که‌ی خۆیان(خوارووی عیراق). کورد له‌ سلێمانی و که‌لار و هه‌ولێر دانیشتووه‌، لێ به‌ ناوی ما‌دده‌ی 140ه‌وه‌، هه‌زاران دۆلار وه‌رده‌گرێت. سه‌دان جڤین و کۆمیته‌ و گردبوونه‌وه‌ و گه‌شت و کارمه‌ند و مشه‌خۆر، له‌سه‌ر حیسابی مادده‌ی 140 ده‌له‌وه‌ڕێن و گیرفان پڕ ده‌که‌ن و خۆ به‌ سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژاردا باده‌ده‌ن و به‌ڵێنی درۆیان پێ ده‌ده‌ن. سه‌دان خانوو و ته‌لار و ئۆتۆمبیل و ئامێری گرانبه‌ها، ده‌خرێته‌ خزمه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ بازنه‌ و کارگێڕی و پرۆسێسی مادده‌ی 140دا کار ده‌که‌ن. ته‌واوی ئه‌وانه‌ میلیۆنان دۆلار و پاره‌ی خه‌یاڵیی تێده‌چن، به‌ڵام کورد، ته‌نێ پاره‌ وه‌رگرن هیچی دیکه‌یان نه‌گه‌ره‌که‌. خودای ده‌کرد نه‌ک که‌رکووک، دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانییش، داگیر ده‌کران.                                                                                    
سه‌رانی کورد، ده‌یانه‌وێ وا خه‌ڵکی کورد تێبگه‌یه‌نن، که‌ عه‌ره‌ب بۆ خۆیان زۆر پیاوانه‌ ده‌ڕۆنه‌وه‌ و ئه‌و خاکه‌ی داگیریان کردووه،‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ خاوه‌نه‌کانی،  لێ کێ که‌رکووک جێ ده‌هێڵێت و ده‌ڕواته‌وه بۆ ئه‌و دۆزه‌خستانه‌ی لێیه‌وه‌ هاتووه‌.‌ عه‌ره‌ب له‌ که‌رکووک ڕووینران، چێنران، تۆوکران، گه‌رایان دانا‌. گه‌راکانیان ترووکان و ساڵ به‌ ساڵ زیادیان کرد. ئه‌وان، که‌ هه‌نارده‌ی که‌رکووک کران، په‌یامی گۆڕینی زمان و خاک و فه‌رهه‌نگ و مێژوویان، له‌گه‌ڵ خۆیاندا پێ بوو. ئه‌وان وه‌ک میوان نه‌هاتن. ئه‌وان هاتن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خۆیان ببنه‌ خاوه‌نماڵ و کورد بکه‌ن به‌ میوان. ئێستا ئه‌وان خاوه‌نماڵن.                                         
سه‌رانی کورد، به‌ مادده‌ی 140، مادده‌یه‌کی بێهۆشکه‌ر و مۆرفینێکیان  دایه‌ خه‌ڵکی کورد. به‌و مادده‌یه‌وه‌ خه‌ڵکیان مه‌ست کردووه‌ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ی به‌ که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوه‌کانی دیکه‌وه‌ ده‌که‌ن.                                                             
کورد، چ وه‌ک ده‌سه‌ڵات و چ وه‌ک خه‌ڵک و چ وه‌ک میدی،ا تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێک نه‌هاتووه‌، که‌ به‌و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوانه‌ی کوردستان بڵێ: ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوه‌کانی کوردستان، یا ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان، به‌ڵکه‌ به‌ چه‌ندین جۆر ناو ده‌برێن: "ناوچه‌ ناکۆکی له‌سه‌ره‌کان"، "ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان"، "ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان"، "ناوچه‌ کوردییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ریم"، "ناوچه‌ تێکه‌ڵه‌کان"، ته‌واوی ئه‌و ناوانه‌، هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌سمی و قانوونییش بن و هه‌رچه‌نده‌ سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی کورد بۆ خۆیشی مۆری کردبێ، بێجگه‌ له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کانی/دابڕاوه‌کانی کوردستان، ناوگه‌لێکن، گومان له‌ کوردستانیبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ ده‌که‌ن و ناوگه‌لێکن، تا ڕاده‌یه‌ک له‌ سه‌ر زاری عیراقییان و خه‌ڵکانی دژه‌ کوردستانیه‌تی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، خۆش دێن. کورد بۆ خۆی نه‌ده‌بوو وه‌ها ناوگه‌لێک به‌ زاریدا هاتبا. ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، بۆ خۆیانن، که‌ گرنگیی به‌و ناوانه‌ و واتاکانیان ناده‌ن. وشه‌ی هه‌ولێر له‌وه‌تی کورد هه‌یه‌ به‌کار براوه‌ و هیچ کوردێک به‌ شاری هه‌ولێر ناڵێ: ئه‌ربیل، که‌چی هه‌ولێر له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بووه‌ به‌ ئه‌ربیل و ده‌سه‌ڵات ناتوانێت بیکاته‌وه‌ به‌ هه‌ولێر. له‌ که‌رکووک ئێستاش گه‌ڕه‌کی به‌عس(حي البعث) و گه‌ڕه‌کی قادسییه‌(حي القادسیة) و گه‌ڕه‌کی عورووبه‌(حي العروبة) و گه‌ڕه‌کی عه‌سکه‌ری(حي العسکري) و گه‌ڕه‌کی واسیتي(حي الواسطي) و گه‌ڕه‌کی فه‌یله‌ق(الفیلق) و ده‌یان ناوی دیکه‌ی له‌و جۆره‌، وه‌ک نیشانه‌یه‌کی زه‌قی عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین، ماونه‌وه‌ و‌ کورد نه‌یتوانیوه‌ بیانگۆڕێت و زۆر بێشه‌رمانه‌ بۆ خۆیشی، که‌ له‌ میدیاکانی خۆیه‌وه‌ باسی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌کات، ڕێک به‌ به‌عس و قادسییه و عورووبه‌ ناویان ده‌بات.                                                                  
هه‌ڵپه‌ و په‌له‌په‌لی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له‌ ده‌ڤه‌ره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه‌ و هه‌ناردنی بۆ تورکیا، هه‌نگاوێک بوو و هه‌نگاوێکه‌، بۆ دابڕان و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ که‌رکووک و ده‌ستبه‌رداربوون لێی. ئه‌وان(ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد) به‌و کاره‌یان، که‌رکووکیان فه‌رامۆش کردووه‌ و پێیان گرنگ نییه‌، چونکه‌ ئه‌وان ته‌نێ له‌ ڕووی ئابووری و خێروبێر و پاره‌ و گیرفان و قازانجه‌وه‌ ده‌نۆڕنه‌ هه‌موو شتێک. ئه‌وان وه‌ک خاوه‌ن کۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارێک هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و ته‌نێ پاره‌ و قازانجیان مه‌به‌سته‌. بۆ ئه‌وان که‌رکووکی دڵ و قودس، خاک نییه‌، مێژوو نییه‌، فه‌رهه‌نگ و خه‌ڵک و زمان نییه‌، ته‌نێ نه‌وته‌که‌یه‌، که‌ نه‌وتی خۆیان له‌ هه‌رێمه‌که‌ی خۆیاندا دۆزییه‌وه‌، ئیدی چش له‌ که‌رکووک و مووسڵیش فت.                                                        
پۆڵ برێمه‌ر، فه‌رمانڕه‌وای عیراق دوای ڕووخانی سه‌ددام حوسه‌ین و ڕێژیمه‌که‌ی ده‌ڵێ:"گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ ڕه‌وشی پێش عه‌ره‌باندنی له‌ کن بارزانی بووه‌ته‌ ئه‌رکێکی پیرۆز. ئه‌و له‌ گوته‌یه‌کیدا ده‌یگوت:"که‌رکووک قودسی کوردستانه‌". پێم گوت:"له‌ جیهاندا یه‌ک قودس هه‌یه‌ و ئه‌ویش به‌ ته‌نیا خۆی هۆی گه‌لێ کێشه‌یه‌:، پێشنیازم بۆ کرد، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و لێکچوواندنه‌ ببێت"[1]. پێموایه‌ لێکچوواندنی که‌رکووک به‌ قودس، ده‌ربڕینی جه‌لال تاڵه‌بانییه و هی بارزانی نییه‌‌، هه‌رچه‌نده‌ گرنگیش نییه‌ هی کامیانه‌، به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ گوتراوه‌، که‌ عه‌ره‌ب هه‌مان ئه‌و کاره‌ به‌ که‌رکووک و کوردستان و کورد بکه‌ن، که‌ ئیسرائیل به‌ قودس و فلستین و فلستینییه‌کانی ده‌کات، واته‌: بیرخستنه‌وه‌ و هاندانێکی عه‌ره‌به‌. ڕێک بۆ ئه‌وه‌ی، کورد که‌رکووک فه‌رامۆش بکات و ده‌ستبه‌رداری ببێت، ده‌نا خۆ هه‌موو که‌س ڕه‌وشی قودس ده‌بینێت و ده‌زانێت چ فه‌لاکه‌تێکێتی به‌ده‌ست ئیسرائیله‌وه‌!
‌گێڕانه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوه‌کانی کوردستان، بۆ سه‌ر کوردستان، هه‌رگیز به‌ وتووێژ و دانوستاندن نه‌کراوه‌ و ناکرێت و نایه‌ته‌ دی. ساڵی 1970، بارزانی(مه‌لا مسته‌فا)، چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی دواخست و دواتر، کێشه‌که‌ هه‌ر وه‌ک خۆی مایه‌وه‌ و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر کوردستان. به‌ڵام بارزانیی هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌، که‌ ئه‌گه‌ر کورد جه‌نگ بکات، ده‌بێ له‌ پێناوی که‌رکووکدا بیکات و هه‌میشه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌گوته‌وه‌، که‌ که‌رکووک ئه‌گه‌ر تاکه‌ یه‌ک کوردیشی تێدا بمێنێ، هه‌ر کوردستانه‌. ئه‌و جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر خاک، مێژوو، فه‌رهه‌نگ و زمان بووه‌. تاکه‌ یه‌ک عیراقی ناکورد، به‌ کوردستانیه‌تیی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ قایل نییه‌ و نابێت. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، وه‌ک مێژووی سه‌ده‌یه‌کی پێکه‌وه‌ژیانی باشووری کوردستان و عیراق سه‌لماندی، ته‌نیا به‌ هێز ده‌گێڕدرێنه‌وه‌. ساڵی 2003 و کاتێک به‌عس ڕووخا، له‌بارترین و باشترین هه‌ل هاتبووه‌ گۆڕێ، به‌ڵام سه‌رانی کورد به‌ تلیاکی قودس و دڵ، خه‌ڵکی کوردیان مه‌ست کرد و که‌رکووکیان ڕاده‌ستی به‌غدا کرد. حوکوومه‌تی به‌غدا له‌ قایمکردنی جێ پێی خۆی و پتر ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی که‌رکووک، هه‌رگیز سارد نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵکه‌ به‌ هه‌موو و توانست و هێزێکی خۆیه‌وه،‌ وه‌ک سه‌رده‌می به‌عس و به‌ خۆ لێ گێلکردن و خۆکه‌ڕکردن و چاونووقاندنی، سه‌رانی کورده‌وه‌، هه‌میشه‌ په‌لوپۆی زیاتر ده‌هاوێ و بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت.                                                
دامه‌زراندنی هێزی دیجله‌ و ناردنی چه‌ک و هێز و له‌شکر بۆ ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوه‌کانی کوردستان، ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد خۆیانی لێ گێل نه‌که‌ن، بۆ یه‌ک شته‌، ئه‌ویش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ و خستنیانه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌غداوه‌ و به‌هێزکردنی ناکوردان و نه‌یارانی کورد له‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا و به‌ره‌به‌ره‌ش هه‌ڵکه‌ندنی کوردانی دانیشتووانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیان و ناچارکردنیان بۆ کۆچکردن بۆ هه‌رێمی کوردستان. له‌ 2003وه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ پێرۆ ده‌کرێ. جه‌له‌ولا و سه‌عدییه‌ و مه‌نده‌لی و مووسڵ و خورماتوو و قه‌ره‌ته‌پپه‌ و ده‌یان شوێنی دیکه‌ی کوردستان، کوردبژار ده‌کرێن و کورد لێیان وه‌ده‌رده‌نرێن و سه‌رانی کورد خه‌می هیچیان نییه‌. هێزی دیجله‌ و ته‌واوی هێزه‌کانی عیراق له‌ خزمه‌ت کرده‌ی پاکتاوکردن و کوردبژارکردنی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دان.                                                     
ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی 2003 نه‌قۆزرایه‌وه‌، ئێستا هاتووه‌ته‌ پێش. سه‌رانی کورد، ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر سازشکار و درۆزن و ترسنۆک نین، هه‌لی له‌مه‌ باشتر نا‌یه‌ته‌ پێش. هه‌رچه‌نده‌ جه‌نگ بۆ خۆی خۆش نییه‌ و هه‌میشه‌ خه‌ڵکی هه‌ژار و بێده‌سه‌ڵات و لاواز ده‌بنه‌ سووته‌مه‌نیی، به‌ڵام جه‌نگ هه‌یه‌ به‌ ملدا دێت و ده‌بێ بکرێ. ئه‌و جه‌نگه‌ی، که‌ ده‌بێ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان بۆ که‌رکووک بکرێت، ئێستا کاتیه‌تی و ده‌بێ بکرێت. ده‌بێ کورد به‌ هێز و چه‌ک و جه‌نگ، ته‌واوی به‌شه‌ دابڕێنراوه‌که‌ی باشووری کوردستان(که‌رکووک، مووسڵ، دیاله‌ و تا ده‌گاته‌ تکریت و کووت و عیماره‌، واته‌: ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی که‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان کوردستان بوون)، هه‌مووی بخاته‌وه‌ بن ده‌ستی خۆی و ته‌واوی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنی لێ وه‌ده‌رنێ، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتانی به‌ڵتیک و کۆماره‌کانی نێو سه‌ڤیێتی جاران کرا. دوای ڕووخانی سۆڤیێت و سه‌ربه‌خۆبوونی کۆماره‌کانی نێو سۆڤیێت، به‌شێکی زۆری ڕووسگه‌لی دانیشتوانی ئه‌و کۆمارانه‌، که‌ ئه‌وانیش وه‌ک عه‌ره‌بی که‌رکووک، بۆ ڕووساندنی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و کۆمارانه‌ هه‌نارده‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ کرابوون، وه‌ده‌رنران و گه‌ڕانه‌وه‌ وڵاتی ڕووسیا. دوای ئه‌نجامدانی وه‌ها کارێ، ئه‌وده‌م ئیدی، کورد ده‌توانێت، جاڕی جوادابوونه‌وه‌ و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان بدات. پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌، واته‌: هه‌موو سازش و به‌ڵێن و دانوستاندن و پینه‌په‌ڕۆیه‌کی کێشه‌ی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان، ده‌ستبه‌رداربوونه‌ لێیان و وازهێنانه‌ له‌ کوردستانیه‌تییان. ئه‌مڕۆ نه‌ک سبه‌ی له‌بارتره‌، بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ و کورد بۆ خۆی ده‌بێ ده‌سپێشخه‌ر بێت له‌وه‌دا و بۆ خۆی ده‌بێ ئاگره‌که‌ی خۆش کات. ڕۆژێک دره‌نگتر، ده‌کاته‌ به‌هێزبوونی زیاتری به‌غدا و دابڕانی یه‌کجاره‌کی  له‌و ده‌ڤه‌رانه‌.
ئه‌لمالیکی، بێجگه‌ له‌ داگیرکردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ و وه‌ده‌رنانی کورد لێیان، ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی کورد و هێزی کورد بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی، که‌ هه‌رێمی کوردستانی پێ ده‌گوترێ، واته‌: ته‌نێ دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی و هێڵی 36 به‌ کورد ڕه‌وا ببینێ و ته‌نێ ئه‌وه ده‌ڤه‌ره‌ به‌ وڵاتی کورد دابنێت. ئه‌و ده‌یه‌وێت، کورد ناچار و ته‌نگاو بکات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوه‌کان هه‌ڵیانبڕێت و ده‌ستبه‌رداری ببن و بکشێنه‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ی، که‌ ده‌ستیان له‌ که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوه‌کان ده‌بڕێت، ناچار بن جاڕی پێکه‌وه‌ هه‌ڵنه‌کردن و ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌ له‌ عیراق بده‌ن. ئه‌وه‌ بیریکه‌، ئه‌لمالیکی و هاوبیرانی و ته‌واوی عه‌ره‌بیش پێی گه‌یشتوون و ئه‌وان، ئه‌و هه‌رێمه‌، وه‌ک گونێکی قۆڕ، وه‌ک دوومه‌ڵێک، وه‌ک شێرپه‌نجه‌، ته‌ماشا ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ ڕۆژێک زووتر، له‌ کۆڵیان ببێته‌وه‌. ئه‌وان هه‌رگیز له‌ به‌ ده‌وڵه‌تبوون و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و سێ ئوستانه‌ی هه‌رێم، لارییان نییه‌ و سه‌ددام حوسه‌ینیش لاریی له‌وه‌ نه‌بوو و ڕه‌نگه‌ زۆرێکی خه‌ڵکی دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانیش لارییان نه‌بێت. به‌غدا و عه‌ره‌ب و ته‌واوی ناکوردان، که‌رکووکیان بۆ گرنگه‌ و ئه‌و سێ ئوستانه‌ی هه‌رێم به‌ گه‌ڕه‌کێکی که‌رکووک ناگۆڕنه‌وه‌. بۆ کوردێکی که‌رکووک، مووسڵ، خانه‌قین، مه‌نده‌لی، شه‌نگار، به‌دره‌ش، ده‌وڵه‌تێکی کوردستانی بێ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوانه‌، چ به‌هایه‌کی نییه‌ و پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنێت.                                                            
ئه‌لمالیکی به‌م یارییه‌ی ئێستای، ته‌واوی عه‌ره‌بی له‌ دووی خۆی خڕ کردووه‌ته‌وه‌. شیعه‌ و سوننه‌ی له‌گه‌ڵه‌ و هه‌موو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ یه‌کیان گرتووه‌. کورد تا که‌رکووک(مه‌به‌ستم له‌ که‌رکووک، که‌رکووک خۆیه‌تی و وه‌ک نیشانه‌یه‌کیش بۆ ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوه‌کانی کوردستانه)‌، نه‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ئامێزی کوردستان، هه‌رچه‌ندی گوشاری بخرێته‌ سه‌ر و ته‌نگاویش بکرێت، هه‌رگیز حه‌ق نییه‌ باس له‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ عیراق و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان بکات.                           
30-11-2012



 ‌



 بریمر، السفیر بول، عام قضیته‌ في العراق، ترجمة عمر الأیوبي، دار الکتاب العربي، بیروت، 2006، ص344.[1]

Friday, July 27, 2012

خه‌می زمان


خه‌می زمان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له‌ دواژماره‌ی حه‌فته‌نامه‌ی ڕووداودا(221ی دووشه‌ممه‌ 23/7/2012) گوتارێکم له‌مه‌ڕ زمانی کوردییه‌وه‌ به‌ ناوی"یاسایه‌ک بۆ زمانی کوردی نه‌ک بۆ شێوه‌زار" له‌ نووسینی مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق خوێنده‌وه. دووراودوور ئاگاییه‌کم له‌مه‌ڕ هزر و نووسینه‌کانی مامۆستا سددیقه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌زانم ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌و ڕووناکبیره‌ ده‌گمه‌نانه‌ی کورد، که‌ په‌رۆشێکی هه‌میشه‌یی بۆ ژینگه‌، فه‌رهه‌نگ، بارهێنان و په‌روه‌رده‌، هزر، کشتوکاڵ، له‌شساغی، ئایین، خێزان و ته‌واوی بواره‌کانی دیکه‌ی ژیان له‌ وڵاته‌که‌ی خۆمان و ئه‌م به‌شه‌ی جیهاندا هه‌یه‌.‌ دیاره‌ زمانیش به‌شێکه‌ له‌ خه‌مه‌کانی مامۆستا و ته‌واوی ئه‌وانه‌ و ئه‌و په‌رۆش و گرنگیدانه‌ی ئه‌و و خه‌مه‌کانی، شایسته‌ی ڕێز و پێزانین و ده‌ستخۆشی و سوودلێوه‌رگرتنن.                                                                      
ئه‌وه‌ی مامۆستا له‌مه‌ڕ ڕه‌وشی زمانی فرانسی و عه‌ره‌بییه‌وه‌ و په‌رۆشه‌کانی فرانسییه‌کان و عه‌ره‌ب و خه‌می ئه‌وان و کاریگه‌ریی ته‌کنۆلۆژیای نوێ و ئینته‌رنێت و زمانی ئینگلیزی له‌سه‌ر زمانه‌کانیان، زۆر ڕاسته. ئه‌و‌ خاڵانه‌شی مامۆستا ئاماژه‌ی پێکردوون: کۆچی عه‌ره‌بی عیراق بۆ کوردستان، بوونی کۆمپانیای بیانی له‌ کوردستان، خوێندنگه‌ی ئه‌هلی و تایبه‌ت له‌ کوردستان و شۆڕشی نوێی مۆبایل و ئینته‌رنێت و فه‌یسبووک و ته‌واوی ئه‌وانه‌ هه‌موو ڕاست و دروستن.                                                                              
 ته‌واوی نووسینه‌که‌ی مامۆستا سددیق قسه‌ و باسێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێ و ده‌کرێ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ تێمای جیاواز سوودی لێ وه‌ربگیرێت. یه‌ک خاڵی نووسینه‌که‌ی مامۆستا بۆ من له‌ هه‌مووان زیاتر جێی ڕامان و لێوردبوونه‌وه‌یه‌ و ده‌کرێ پتری له‌ سه‌ر بگوترێ، نه‌ک وه‌ک ڕه‌خنه‌، به‌ڵکه‌ ته‌نیا وه‌ک په‌ره‌پێدانی باسه‌که‌. مامۆستا ده‌ڵێ:"پێویسته‌ هه‌موومان هه‌موو‌ هه‌ستیارییه‌کی ناوچه‌یی و شێوه‌زاری وه‌لابنێین، چونکه‌ پرۆژه‌ یاسای پاراستنی زمانی کوردی، باسکردن نییه‌ له‌ زمانی ستاندارد و زاڵکردنی شێوه‌زارێک به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا، به‌ڵکو که‌ ده‌ڵێین زمانی کوردی واته‌ هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردی، چونکه‌ ئێستا کاتی پاراستنی زمانی کوردییه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌زاره‌کانییه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ژموونی زمانه‌ بیانییه‌کانی دیکه‌دا".                                    
ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ئاوڕ له‌ مێژوویه‌کی نه‌ک زۆر  دوور ته‌نانه‌ت نزیکی باشووری کوردستان بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین هه‌رگیز زمانی کوردی به‌ ڕه‌وشێکی هێنده‌ خراپی وه‌ک ئه‌مه‌ی ئێستادا تێنه‌په‌ڕیوه‌. من دڵنیام له‌وه‌ی، که‌ مامۆستا سددیق زۆرباشتر له‌من ئاگاداری ئه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر زمانی کوردیدا هاتووه‌ قه‌یرانه‌ و قه‌یرانێکی گه‌لێک مه‌زنه‌ و پرۆسێسێکه‌ بۆ وێرانکردن و له‌نێوبردنی زمانی کوردی و نه‌هێشتنی وه‌ک یه‌ک زمان. له‌ سه‌رده‌می ڕێژیمێکدا(به‌عس)، که‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌، گه‌لێک نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر گه‌لی کورد و باشووری کوردستاندا هێنا، هه‌رگیز له‌ ڕووی زمانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر کورددا نه‌هێنا، که‌ ئه‌مڕۆ له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد خۆیه‌وه‌ به‌ سه‌ر زمانی کوریدا هاتووه‌ و دێت. ڕێژیمی به‌عس، که‌ باسی له‌ زمانی کوردی ده‌کرد و به‌ ڕه‌سمیی ده‌یناسی، باسی زمانه‌ کوردییه‌که‌ی میرنشینی بابان و نالی و مه‌حوی و حوکوومه‌ته‌که‌ی شێخ مه‌حموود و کۆماره‌که‌ی قازی موحه‌ممه‌د و زمانی گۆران و عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی و مه‌سعوود موحه‌ممه‌د و هه‌ژاری موکریانی و هێمن و شوکور موسته‌فا و مه‌لا جه‌میلی رۆژبه‌یانی و ئه‌و زمانه‌ ڕه‌سمییه‌ی ده‌کرد، که‌ له‌ ده‌سپێکی 1900ه‌کانه‌وه‌ زمانی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و خوێندنگه‌ و کۆڕی زانیاری کورد و هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ بوو،  ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و کۆمه‌ڵێک له‌و بێزمان و زماننه‌زان و زماننه‌ناسانه‌ی له‌ ده‌وری خڕ بوونه‌وه‌، پرۆژه‌ی له‌تله‌تکردنی زمانی کوردییان پێیه‌. له 1991 به‌ دواوه‌، که‌ ئیدی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمۆکه‌ی کوردستان که‌وته‌ ده‌ستی کورد خۆی، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک، که‌ خۆ به‌ زمانزان ده‌زانن، هه‌ریه‌که‌و به‌ بیانوو و پاساوێکه‌وه‌، کار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، هه‌موو شێوه‌زارێکی زمانی کوردی، ببێته‌ زمانێکی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌وان، که‌ باسی شێوه‌زارێک ده‌که‌ن، ناوی زمانی لێده‌نێن. بۆ نموونه‌ ده‌ڵێن: زمانی هه‌ورامی، زمانی سۆرانی، زمانی کرمانجی و...ئه‌وان ئه‌و زمانه‌ کوردییه‌ی، که‌ ته‌نانه‌ت سه‌ددام حوسه‌ین به‌ کوردی ڕه‌وا ده‌بینی، به‌ شێوه‌زارێک ناو ده‌به‌ن و پێیانوایه‌ به‌کاربردنی ئه‌و زمانه‌ و باسکردنی وه‌ک زمانی ستانداردی کورد، کرده‌یه‌کی شۆڤینیستییه‌. زمانی کوردی، وه‌ک چه‌ند شێوه‌زارێکی جیاواز، وه‌ک ئه‌وه‌ی تێکده‌رانی زمانی کوردی ده‌یانه‌وێت، له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ژموونی زمانانی بیانیدا، هه‌رگیز خۆی ڕاناگرێ و له‌به‌ین ده‌چێ، که‌ ئه‌وه‌ پرۆژه‌ی جووتستاندارد و فره‌ستاندارد و تێکده‌رانی زمانی کوردییه‌. ئێستا هه‌روا وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی بیانییه‌، له‌ لایه‌ن کۆلکه‌ خوێندووی کورده‌وه‌، خۆی ده‌کات به‌ نێو زمانی کوردیدا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێگرێک بۆ به‌کاربردنیان دابنرێ. ئێستا وشه‌گه‌لی: پاکێج، په‌یج، سیتی، ئیمێرجینسی، ڤیترێنێر و ڤیترێنه‌ری، ستێپ، شۆو، کلیپ، ستایڵ، فۆرم، سه‌نته‌ر، مۆڵ، مارکێت، سوپه‌رمارکێت، مینی مارکێت و سه‌دانی دیکه‌، شوێنی وشه‌گه‌لێکی کوردی ده‌گرنه‌وه‌، که‌ له‌ زمانی کوردیدا هه‌ن. له‌ سه‌ر که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆن، که‌متر نووسینی کوردی ده‌بینرێ، وشه‌گه‌لی: سپۆرت، نیووز، ئیکۆنۆمی، پۆلیس، کاڵچه‌ر و ده‌یانی دیکه‌، نه‌ک هه‌ر به‌ تیپی لاتینی، به‌ڵکه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی ده‌نووسرێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م کوردستانه‌ وڵاتێکی ئینگلیزی زمان بێت. ئێستا عه‌ره‌بێک، تورکێک، فرانسییه‌ک، ڕووسێک یا که‌سێکی سه‌ر به‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌، بێته‌ کوردستان و بیه‌وێت زمانی کوردی فێر بێت، له‌ دهۆک و سلێمانی و ته‌وێڵه‌، سێ جۆره‌ کوردیی جیاواز فێر ده‌کرێ، له‌ کاتێکدا ده‌بوو، یه‌ک جۆر فێر کرابا. ئه‌و زمانه‌ کوردییه‌ی، که‌ مامۆستا سددیق پێی ده‌نووسێ و ئه‌م زمانه‌ کوردییه‌ی من ئه‌م دێڕانه‌ی پێ ده‌نووسم، ئه‌و زمانه‌یه‌، که‌ ده‌بوو به‌ یاسا بپارێزرێ و وه‌ک زمانی کوردی بژمێردرێ – وه‌ک له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا چۆن بوو-  و هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ وه‌ک پاڵپشتێک و سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ ئه‌م زمانه‌ ته‌ماشا کرابان، نه‌ک وه‌ک زمانی جیاواز. ئه‌م زمانه‌ کوردییه‌، زاڵبوون و به‌ تۆبزی سه‌پاندنی شێوه‌زارێک نییه‌ به‌سه‌ر شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌دا، به‌ڵکه‌ له‌ ئه‌نجامی پرۆسێسێکی دوورودرێژ و مێژوویه‌که‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌مڕۆ و ئه‌م ئاسته‌. ئه‌وانه‌ی باس له‌ زمانی هه‌ورامی، زمانی سۆرانی، زمانی کرمانجی، زمانی که‌ڵهوڕی و زمانی زازا ده‌که‌ن، جیاوازی له‌ نێوان زمان و شێوه‌زاردا ناکه‌ن و هه‌ر ده‌ڵێی باس له‌ زمانگه‌لی سۆمالی، چینی، ئه‌رمه‌نی یا شتێکی دیکه‌ ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی 1970-1974دا و له‌ سایه‌ی حوکوومه‌تی به‌عسدا بۆ یه‌کیه‌تیی زمانی کوردی و پاراستنی و ستانداردکردنی کرا، له‌ سایه‌ی بیستویه‌ک ساڵی حوکوومه‌تی کوردستان و کورد خۆیدا، هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و تێکدرا و ڕووخێنرا. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کوردستاندا ڕووده‌دات، زمانی کوردی به‌ره‌و له‌نێوبردن و کورد به‌ره‌و له‌تبوون ده‌بات. وشه‌ی کورد، ئه‌گه‌ر ڕه‌وش وه‌ک ئێستا بڕوات، نامێنێت و له‌بری کورد، زازا، کرمانج، سۆران، هه‌ورامی، که‌ڵهوڕ و هه‌ر که‌چه‌ هۆز و خێڵێکی کورد، بۆ خۆی ده‌بێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ. ‌‌سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ی خوێندن و خوێندنگه‌کانی کوردستان، له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی نابه‌رپرس و بازرگان و کۆمه‌ڵێک مشه‌خۆره‌وه‌ به‌ ناوی شاره‌زا و ڕاوێژکار، نۆره‌یه‌کی هه‌ره‌خراپ له‌ بارهێنان و فێرکردن و پێگه‌یاندنی زارۆک و نه‌وه‌ی نوێدا ده‌بینن. له‌بری ئه‌وه‌ی زارۆکی کورد له‌پاڵ زمانه‌ کوردییه‌که‌یدا و دوای یه‌ک دوو ساڵی خوێندن، فێری زمانانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی کرابا، ئه‌مڕۆ له‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ باخچه‌ی منداڵان و دایه‌نگه‌وه‌، فێری زمانی ئینگلیزی ده‌کرێ، که‌ ته‌نێ دوورخستنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی کورده‌ له‌ فه‌رهه‌نگی وڵات و نه‌ته‌وه‌گه‌ل و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری کوردستان و سه‌رسامبوونه‌ به‌ فه‌رهه‌نگێک، سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی فه‌رهه‌نگه‌کانی جیهان په‌یامیه‌تی. ته‌واوی ئه‌و ده‌ستگا و بوارانه‌ی، وه‌ک: فێرگه‌ و خوێندنگه‌ و زانستگه‌ و میدیا به‌ هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه‌ و ئه‌کادیمیای کوردی و زۆری دیکه‌ش،که‌ ده‌بوو ‌پارێزگاری زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی بکه‌ن، ئه‌مڕۆ ئه‌وانن، که‌ نۆره‌ی تێکدان و له‌تله‌تکردنی زمانی کوردی و سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردی، به‌ به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ و پێزانینه‌وه‌ جیبه‌جێ ده‌که‌ن و ئه‌نجام ده‌ده‌ن.   شێوه‌زار له‌ هه‌موو جیهاندا و له‌وه‌تی مرۆڤ هه‌یه‌، تایبه‌ته‌ به‌ مرۆڤ خۆیه‌وه‌ وه‌ک و تاک و گرۆیه‌ک، که‌ ئه‌و شێوه‌زاره‌ به‌کار ده‌به‌ن، لێ زمانی ستاندارد، هی جڤاکه‌ و زمانێکه‌ ته‌واوی خوێندن و نووسین و میدیا و قانوون و ئه‌ده‌ب و هه‌موو بواره‌ ڕه‌سمییه‌کان ده‌گرێته‌وه‌، زمانی ده‌وڵه‌ته‌. بوونی زمانێکی ستاندارد بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و بناخه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌. وڵاتێک، که‌ له‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ پێکهاتبێ، ناکرێ له‌ یه‌ک زمانی ستانداردی پتر هه‌بێت. له‌ هه‌موو جیهاندا وایه‌. ئه‌گه‌ر له‌ یه‌ک زمانی ستانداردی زیاتر هه‌بوو، هیچ جۆره‌ هه‌ستێکی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی و یه‌ک خاکیی و یه‌ک فه‌رهه‌نگیی له‌ نێو ئه‌و وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌دا نامێنێت. بوونی یه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌یی و ستاندارد بۆ هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ک بنه‌مای دیموکراتی و یه‌کسانییه‌، چونکه‌ هه‌موو تاکه‌کانی نێو ئه‌و وڵات و نه‌ته‌وه‌ و کۆمه‌ڵگه‌یه‌، ده‌توانن به‌ ئاسانی و بێ کێشه‌، بیروڕای خۆیان، به‌ یه‌ک زمان و وه‌ک یه‌ک ده‌ربڕن و له‌یه‌کدی تێبگه‌ن. نه‌بوونی یه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ربه‌ست و ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا. به‌کاربردنی کۆمه‌ڵێک شێوه‌زار و کردنیان یا هه‌وڵدان بۆ کردنیان به‌ زمان له‌ هه‌ر وڵاتێکدا، بێجگه‌ له‌ تیکدانی یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌، خه‌رج و مه‌سره‌ف و ئه‌رکێکی یه‌کجار زۆری تێده‌چێت و بارگرانییه‌کی زیاد و ناپێویسته‌ بۆ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌موو تاکه‌کانیشی. کورد ئه‌مڕۆ زمانی ستاندارد و نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌یه‌ و وا پتر له‌ سه‌د ساڵێکیشه‌ له‌ باشووری کوردستاندا، زمانێکی ڕه‌سمییه‌، ئیدی ئه‌م سه‌رله‌خۆتێکدان و ماڵی خۆ وێرانکردنه‌ چییه‌، که‌ له‌م وڵاته‌دا ڕوو ده‌دات و ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیش، خۆی لێ که‌ڕ کردووه‌ و چ هه‌نگاوێکی جیددی نانێت، بۆ بڕینه‌وه‌ی ئه‌م باس و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌! زمانی کوردی هی هه‌موو کورده‌، ته‌واوی جڤاکی کورد و گشت تاکه‌کانی. ته‌واوی کورد به‌رپرسه‌ له‌ زمانی کوردی و ئه‌رکی ته‌واوی کورده‌، که‌ به‌ته‌نگ زمانی کوردییه‌وه‌ بێت و  به‌ شێک له‌ په‌رۆشه‌کانی خۆی بزانێت و قسه‌ی له‌ سه‌ر بکات و هه‌وڵی پێشخستنی بدات. بێده‌نگبوون له‌ ئاست ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر زمانی کوردیدا دێت، ناپه‌رپرسیاریه‌تییه‌ و هه‌ڵاتن و خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ مه‌زنترین ئه‌رکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌مڕۆ زمانی کوردی ئه‌تک ده‌کرێ و ئاوه‌ڕووت ده‌کرێ. بریا پێش ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی ئه‌نفال بکرێت، خه‌ڵکانێکی دڵسۆز و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتوو و لێوه‌شاوه‌ی وه‌ک مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق، کراوه‌تر و ڕوونتر و ڕاشکاوانه‌تر، کاتێکی باشی خۆیان ته‌رخان ده‌کرد، بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ و قسه‌وباس له‌ باره‌ی زمانی کوردییه‌وه‌ و بوێرانه‌تر قسه‌کانی خۆیان ده‌کرد.                     
27/7/2012 

*ئه‌م وتاره‌ وه‌ک به‌دواداچوونێک بۆ وتارێکی مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق، که‌ له‌ حه‌فته‌نامه‌ی ڕووداودا بڵاوکرابووه‌، نووسیم. به‌ باشم زانی هه‌ر له‌ ڕووداودا بڵاو ببێته‌وه‌، به‌ڵام ڕووداو له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌یاندا و به‌ ناته‌واوی، دایانبه‌زاندووه‌ و له‌ حه‌فته‌نامه‌که‌دا بڵاویان نه‌کردووه‌ته‌وه.                                               ‌

Saturday, April 7, 2012

ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌نێوان هه‌ڵچوون و واقیعدا

ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌نێوان هه‌ڵچوون و واقیعدا

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ دوای ڕووخانی رێژیمی به‌عسه‌وه‌ له‌ عیراق و زیندووکردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنه‌وه‌ و دروستکردنه‌وه‌ و بیناکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق، له‌ عیراقێکی داته‌پیو و هه‌ڵوه‌شاوه‌ و به‌شبه‌ش، که‌ کورد وه‌ک هه‌مووده‌مێک نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاوی له‌ گیان به‌به‌رکردنیدا بینی، کورد له‌ ڕووی خاکه‌وه‌، له‌ ڕووی گێڕانه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی کوردستانه‌که‌یه‌وه‌، تاکه‌ یه‌ک سه‌نتیمیتر نه‌چووه‌ پێش و هیچی دیکه‌ی له‌و خاکه‌ی بنده‌ستی به‌عسی ئه‌وسا و حوکوومه‌تی عیراقی دوای به‌عس و ئێستای، نه‌گێرایه‌وه‌ سه‌ر خاکی هه‌رێمه‌که‌ی خۆی. ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئه‌مڕؤ سه‌رانی کوردی باشوور فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن و ده‌ستیان به‌سه‌ریدا ده‌ڕوا، هه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌یه‌ کاتی خۆی سه‌ددام حوسه‌ین له‌ دوای هه‌ره‌سی 1975 بۆ کوردی دیاری کرد. به‌رپرسی یه‌که‌م و سه‌ره‌کیی دروستکردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنه‌وه‌ی عیراقی دوای سه‌ددام حوسه‌ین و نه‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوانه‌ی کوردستان، دوو زلحیزبی(پارتی و یه‌کیه‌تی) ده‌سه‌ڵاتن و به‌تایبه‌تیش سه‌رۆکه‌کانیان بارزانی و تاڵه‌بانی.                                                          
  کورد وه‌نه‌بێ هه‌ر له‌م جاره‌ی دروستکردنه‌وه‌ی عیراقدا نۆره‌ی بووبێت، له‌ دروستکردن و دامه‌زراندنی یه‌که‌مجاری ده‌وڵه‌تی عیراقیشدا هه‌ر له‌ پێشی پێشه‌وه‌ بوو. ئێستا ئه‌و هه‌رێمه‌ی، که‌ کورد بۆ خۆی ده‌سه‌ڵاتداره‌ تێیدا، ئه‌گه‌ر 50%ی خاکی باشووری کوردستان پێکبهێنێت ئه‌وا 50%که‌ی دیکه‌ی ئه‌و خاکه،‌ هێشتا له‌ بنده‌ست به‌غدایه‌، ئه‌مه‌ له‌ حاڵه‌تێکدا ئه‌گه‌ر باشووری کوردستان وه‌ک جاری جاران و وه‌ک مێژوو و وه‌ک دانیشتووان و وه‌ک دیتنی کورد، ته‌واوی ئوستانانی مووسڵ و که‌رکووک(به‌ شار و شارۆچکه‌کانی جارانییه‌وه‌) و به‌شێک له‌ دیالا(ده‌ڤه‌ره‌کانی خانه‌قین و شاره‌بان و قزلڕه‌بات و مه‌نده‌لی و...) و به‌شێک  له‌ کووت و عیماره‌ بگرێته‌وه‌ و به‌ باشووری کوردستان بژمێردرێت.                                                                    
خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی کورد هه‌میشه‌ ختووکه‌ی هه‌ست و مێشکی مرۆڤی کوردی داوه‌. تا دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، هه‌ر ده‌سته‌ و سه‌رکرده‌یه‌کی کورد، که‌ خه‌باتی سیاسی کردبێت و ڕێبه‌رایه‌تی ڕابوونێکی کردبێت، گوتاری سیاسی ئه‌و، باسی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بووه‌، که‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخ مه‌حموودی حه‌فید و حیزبی خۆیبوون و ژێکاف و هیوا، نموونه‌گه‌لێکی ئه‌و ڕاستییه‌ن. له‌ دوای په‌یدابوونی پارتی دیموکراتی کوردستان(عیراق و ئێران)یشه‌وه‌، ئیدی باسی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئارادا نه‌ما و هه‌موو تێکۆشان و خه‌باتی ئه‌و حیزبانه‌ و حیزبه‌گه‌لێکیش که‌ له‌ پزدانی ئه‌وانه‌وه‌ هاتنه‌ دنیاوه‌ و حیزبی دیکه‌ش، که‌ دواتر په‌یدابوون، هیچیان دروشمی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان به‌رز نه‌کرده‌وه‌ و خه‌باتیان بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو. خه‌ڵکی کوردیان به‌ پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا، بار ده‌هێنا و فێر ده‌کرد و باسی جیابوونه‌وه‌ی کورد و سه‌ربه‌خۆییان پێ بڤه‌ بوو و خاکی ئه‌و چوار وڵاته‌یان پێ پیرۆز بوو و دابه‌شکردنیانیان به‌ زێده‌ڕۆیی و هه‌ڵه‌ و هه‌ندێ جاریش به‌ تاوان ده‌زانی،وه‌ک ڕیزپه‌ڕ ده‌کرێ پاسۆک و پارتی کرێکارانی کوردستان، نه‌خرێنه‌ نێو ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌وه‌. له‌ دوای جه‌نگیی دووه‌می جیهانییه‌وه‌، پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌کن کورد و هێزه‌ سیاسییه‌کانی نه‌بووه‌ و نییه‌. ئه‌گه‌ر کۆماره‌که‌ی مه‌هابادیش به‌ ده‌وڵه‌ت بژمێردرێ، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ و هه‌رگیز ده‌وڵه‌ت نه‌بووه‌.               
  له‌ 2003 به‌ دواوه‌، باسی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستانی باشوور، گه‌لێ جار وه‌به‌رگوێ ده‌که‌وێ و مرۆڤی کورد ڕاده‌چڵه‌کێنێت. ئه‌و باسه‌ له‌نێوان مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانیدا زۆرجاران لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ کراوه‌‌. له‌ کاتێکدا تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ون و خه‌یاڵی شاعیران داناوه‌، بارزانی باسی له‌وه‌ کردووه‌، که‌ کورد ڕۆژێک دێت ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی خۆی داده‌مه‌زرێنێت. چه‌ندین جار بارزانی ئه‌و قسه‌یه‌ی چه‌ند پاته‌ کردووه‌ته‌وه‌. خێراخێراش ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌گاته‌ خه‌ڵک و یه‌کێک ده‌ڵێ ئه‌مساڵ و یه‌کێک ده‌ڵێ له‌ نه‌ورۆزدا و یه‌کێک ده‌ڵێ فڵانه‌ مانگ، جاڕی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان ده‌درێت. ئه‌و بانگه‌شه‌ و قسه‌ و قاو و ده‌نگۆیه‌ وه‌نه‌بێ ته‌نێ له‌ لایه‌ن کورده‌وه‌ بۆ خۆی بکرێ، عه‌ره‌بیش(به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌بی عیراق) وا ده‌ڵێن و پێیانوایه‌ گوتاری کورد(به‌ تایبه‌ت بارزانی) به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌چێت. من بۆ خۆم نازانم وه‌ها قسه‌ و بانگه‌شه‌یه‌ک تا چه‌ند ڕاسته‌ یا درۆیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانم، که‌ وه‌ها ده‌وڵه‌تێکی کوردی، ئه‌گه‌ر ببێته‌ ڕاستییه‌کیش، ئه‌وا ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی گچکه‌ و ناته‌واو و سه‌قه‌ت و بێفه‌ڕ ده‌بێت، چونکه‌ هه‌ر ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌گرێته‌وه‌، که‌ ئێستا به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌یه‌ و هه‌رگیز که‌رکووک و مووسڵ و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی دیکه‌ ناگرێته‌وه‌. له‌ باشترین حاڵدا خانه‌قین ده‌گرێته‌وه‌ و به‌س.                                
 کاتی خۆی سه‌ددام حوسه‌ینیش به‌ ده‌وڵه‌تێکی کوردی بێ که‌رکووک و مووسڵ قایل ده‌بوو. عه‌ره‌بی عیراق و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عیراقیش، به‌ وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی بێ که‌رکووک و مووسڵ، وه‌ک لابردنی دۆمه‌ڵێک و ڕزگاربوون له‌ ئازارێکی درێژخایه‌نی گونێکی قۆڕ، قایل ده‌بن. تورکمانی که‌رکووکیش به‌ وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی بێ که‌رکووک ناڵێن نه‌ء و چه‌پڵه‌شی بۆ لێده‌ده‌ن، چونکه‌ به‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک، ڕه‌نگه‌ که‌رکووک ببێته‌ هه‌رێمێک بۆ خۆی و ئه‌ویش وه‌ک ده‌وڵه‌تۆکه‌ کوردییه‌که‌، ده‌بێته‌ پاشکۆیه‌کی تورکیا. بێجگه‌ له‌وه‌ش تورکمانه‌کانی که‌رکووک، که‌ تا ئێستا له‌ عه‌ره‌به‌کانه‌وه‌ نێزیک بوون و نێزیکن، ئه‌وده‌می پتر له‌یه‌کدی نزیک ده‌بنه‌وه‌ و ئه‌و کورده‌شی له‌ که‌رکووک ده‌بێت، پشتگوێ ده‌خرێت و چ حیسابێکی بۆ ناکرێت. ده‌وڵه‌تی تورکیاش، که‌ سه‌رسه‌ختترین نه‌یاری باسی ده‌وڵه‌تی کوردستان و ته‌نانه‌ت وشه‌ی کوردستانیشه‌، بۆ مسۆگه‌رکردنی نه‌وت و گازی مفتی کوردستان و بازاڕی کوردستان، به‌ وه‌ها ده‌وڵه‌تێک قایل ده‌بێ. وه‌ها ده‌وڵه‌تێک، که‌ تورکیا پێی قایل بێت، له‌ باشترین حاڵدا، ده‌بێته‌ پاشکۆیه‌کی بێده‌سه‌ڵاتی گوێڕایه‌ڵی ده‌وڵه‌تی تورکیا و تورکیا له‌ باشترین حاڵدا بۆی ده‌بێته‌ زڕباوکێک یا زڕدایکێک. وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک ده‌بێته‌ بنکه‌ و مه‌کۆیه‌کی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا و ئیسرائیل و ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانێک بۆ ته‌راتێنی سیخوڕی سی. ئای. ئه‌ی و مۆساد و زۆری دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وان. وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک ده‌بێته‌ هۆی دابڕینی کورد له‌و جیۆگرافیا و ژینگه(ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و جیهانی ئیسلامی)‌یه‌ی تێیدا ده‌ژی و ده‌بێته‌ ئیسرائیلێکی دووه‌می ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهان. کوردی تورکیا، ئێران، سووریا و کوردی دانیشتووی ئه‌م هه‌رێمۆکه‌یه‌ی ئێستای باشووری کوردستان(سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆک) ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌موویشیان نه‌بێت، زۆرینه‌یه‌کی ڕه‌هایان، حه‌زیان به‌ دامه‌زراندنی وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی بێ که‌رکووک هه‌یه‌، چونکه‌ بۆ ئه‌وان هیچی تێناچێت و هێچ له‌ده‌ست ناده‌ن و تا ڕاده‌یه‌کیش هه‌ست به‌ ئازاره‌کانی که‌رکووکییان و مووسڵیان و گه‌رمیانییان ناکه‌ن. کوردانی ئه‌م هه‌رێمۆکه‌یه‌ی ئێستاش(دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی)، که‌ هه‌رێمۆکه‌که‌یان بوو به‌ ده‌وڵه‌تۆکه‌، بۆ ئه‌وان که‌یف و شاییه‌، چونکه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌نی پاسپۆرتی کوردستانیی خۆیان، ئیدی چش له‌ که‌رکووک و مووسڵ و مه‌نده‌لی و به‌دره‌ و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ش.                                                                                    
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌ لایه‌ن هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و خه‌ڵکێکه‌وه‌، هه‌روا هه‌ڕه‌مه‌کی و له‌خۆڕا ناکرێت و نابێت. ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ بکه‌یت، که‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا دامه‌زراون ده‌بینیت هیچیان به‌ بڕیارێکی تاکه‌که‌سی یا له‌پڕ دروست نه‌بوون، به‌ڵکه‌ هه‌موویان ساڵانێکی فره‌، زه‌مینه‌یان بۆ خۆش کراوه‌ و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵک و ده‌وروبه‌ر و هه‌موو مه‌رجێکیان بۆ ئاماده‌ کراوه‌ و دواتریش به‌ بڕیاری خه‌ڵک، به‌ بڕیاری مرۆڤه‌کان و ڕاپرسی و ده‌نگدان و قایلبوونی ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، جاڕی د‌امه‌زراندنیان دراوه‌. ئه‌زموونی باشووری سوودان، تیمووری ڕۆژهه‌ڵات، کۆسۆڤۆ، له‌تبوونی چیک و سلۆڤاکیا و زۆری دیکه‌ش، ئه‌وه‌مان فێر ده‌که‌ن، که‌ ده‌وڵه‌ت له‌پڕ دروست ناکرێت.                                                                           
ساڵی 2005 له‌گه‌ڵ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌عیراق، بزاڤێک به‌ ناوی ڕیفراندۆم په‌یدا بوو و له‌گه‌ڵ ده‌نگداندا بۆ هه‌ڵبژاردنی عیراق، خه‌ڵک له‌ هه‌رێمی کوردستان فۆرمێکی ئاماده‌کراوی ئه‌و بزاڤی ڕیفراندۆمه‌یان بۆ جیابوونه‌ی کوردستان له‌عیراق پڕکرده‌وه و پتر له‌ دوو میلیۆن ‌ده‌نگ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی باشووری کوردستان خڕکرایه‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگانه‌ برایه‌ ئه‌مه‌ریکا و نازانم کوێی دیکه‌. ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌نگی خه‌ڵک بوون و ده‌وڵه‌تی عیراقیش ئه‌وده‌مه‌ وه‌ک ئێستا نه‌بوو، که‌چی سه‌رانی کورد، به‌ تایبه‌ت تاڵه‌بانی، شۆخیی دنیایان به‌و ده‌نگانه‌ کرد و به‌ گه‌مه‌ی منداڵیان دانا و پێیانبوابوو، کورد سه‌ربه‌خۆیی نه‌گه‌ره‌که‌ و به‌ دڵ و گیان ئاره‌زووی مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا ده‌کات.                                                                             
ئه‌مڕۆ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناویندا دوو جه‌مسه‌ری سیاسه‌ت و دوو ئاراسته‌ی سیاسی و دوو دیدی سیاسی وه‌دی ده‌کرێن، یه‌که‌میان: جه‌مسه‌رێکی ڕۆژاوایی و دۆستی ڕۆژاوایه‌، که‌ بازنه‌یه‌که‌، ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل ڕیبه‌رایه‌تی ده‌که‌ن و  تورکیا و عه‌ره‌بستانی سعوودی و وڵاتانی که‌نداو و ئوردن له‌خۆ ده‌گرێ. دووه‌میشیان: ئێران ڕێبه‌رایه‌تی ده‌کات و سووریای ئه‌سه‌د و عیراقی مالیکی و حیزبوڵڵای لوبنان له‌خۆ ده‌گرێ. کوردیش، سه‌رانی کورد تا ڕاده‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌دا دابه‌شبوون. تاڵه‌بانی، به‌ هۆی هاوسنووریی پێته‌ختی حیزبه‌که‌ی(سلێمانی) له‌گه‌ڵ ئێراندا و باوه‌ڕنه‌بوونی به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کورد و لێکچوواندنی به‌ خه‌ونی شاعیران و به‌گرێی ملدا دان و گوتنی ئه‌شهه‌دوبیللا بۆ هه‌موو لایه‌ک و به‌ده‌م هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ پێکه‌نین و خۆ پیاوخراپنه‌کردن له‌ کن هیچ هێز و ده‌سته‌یه‌کی سیاسی و پاراستنی کورسییه‌که‌ی به‌غدای، ئه‌گه‌ر به‌ ئاشکراش نه‌یڵێ، ئه‌وا خۆی له‌ بازنه‌ی دووه‌مدا ده‌بینێته‌وه‌. هه‌رچی بارزانیشه‌، هه‌روه‌ک چۆن له‌ 1974دا سه‌رکرده‌یه‌تی شۆڕشی کورد، ته‌واوی هێلکه‌کانی خستبووه‌ سه‌به‌ته‌ی ئه‌مه‌ریکاوه‌، ئێستا ئه‌میش ته‌واوی هێلکه‌کانی خستووه‌ته‌ سه‌به‌ته‌ی جه‌مسه‌ری یه‌که‌مه‌وه‌ و خۆی له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.                                                         
ئه‌گه‌ر ئیسرائیل و ڕۆژاوا، هانده‌ری وه‌ها ده‌وڵه‌تێک بن بۆ کورد، ئه‌وا له‌وه‌ی زیاتر، که‌ نییه‌تێکی خراپیان هه‌یه‌، هیچی دیکه‌ نییه‌. ئه‌وان هه‌میشه‌ ئاژاوه‌ ده‌نێنه‌وه. ‌سوننه‌ی عه‌ره‌بیش، که‌ عه‌ره‌بساتنی سعوودی و قه‌ته‌ر و...ڕێبه‌رایه‌تییان ده‌که‌ن و تورکیاش خۆی به‌ ڕدینسپییان ده‌زانێت، به‌ درێژایی مێژوو دژ به‌ شیعه‌ بوونه‌، ئاگری جه‌نگ و دوژمنایه‌تی له‌نێوان کورد و شیعه‌دا خۆش ده‌که‌ن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌و کاره‌ی خۆیان پێیان ناکرێ یا ده‌کرێ و به‌ڵام گوشارێکی زیاتر و ئاژاوه‌یه‌کی زیاتریان مه‌به‌سته‌ و پێ باشتره‌، به‌ کوردی بکه‌ن و کورد بده‌ن به‌ گژ شیعه‌دا.                                                                               
ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک به‌ قایلبوون و چرای که‌سکی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکا له‌و هه‌رێمۆکه‌ی باشووری کوردستاندا دامه‌زرێت، وه‌ک گورگه‌که‌ی چیرۆکی "هه‌یاسی خاس"، که‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی گیسکه‌که‌ی شا له‌یه‌ک کێشدا (نه‌ قه‌له‌و نه‌ لاواز) بۆ ئێران به‌کار ده‌برێ. ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و ڕۆژاوا ده‌یانه‌وێ وڵاتانی ئیسلامی، خۆرهه‌ڵاتی ناڤین، باکووری ئه‌فریقای عه‌ره‌ب له‌تله‌ت بکه‌ن و ده‌یان قه‌واره‌ی گچکه‌ گچکه‌ قوت بکه‌نه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ کوردیش وه‌ک به‌شێک له‌و نه‌خشه‌یه‌ سه‌یری خۆی بکات و ڕه‌نگه‌ ئه‌وانیش کوردیان خستبێته‌ نێو ئه‌و نه‌خشه‌یه‌وه‌ و به‌گوێی بارزانیدا شتێکیان چرپاندبێ، بۆیه‌ ئێستا و به‌م خێراییه‌، باسی ده‌وڵه‌ت ده‌کات، ده‌نا له‌م کاته‌دا و به‌م که‌فوکوڵ و هه‌ڵچوونه‌ و بێ مسۆگه‌رکردنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کان، کارێکه‌ ته‌نێ خواستی ئه‌و زلهێزانه‌ دێنێته‌ دی نه‌ک خواستی مرۆڤی کورد.                                                            
دژایه‌تی مالیکی ده‌کاته‌ دژایه‌تی به‌شێکی گرنگی شیعه‌ی عیراق و ئێران، سوننه‌ هه‌وڵده‌دات کورد بخاته‌ وه‌ها کێشه‌یه‌که‌وه‌. ئه‌گه‌ر کوردیش پێیوابێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوسێ عه‌ره‌به‌کانی هه‌رێمه‌که‌ی ئێستای فره‌تر یا هه‌ر به‌ ته‌واوی سوننه‌ن و ده‌بێ له‌بۆ ڕاگرتنی دڵی ئه‌وان و ڕاکێشانی مه‌یلی ئه‌وان به‌لای خۆیدا، ببێته‌ که‌واسووری به‌ر له‌شکری دژایه‌تی مالیکی و حیزبی ده‌عوه‌ی شیعه‌، ئه‌وا وه‌ها کارێک هه‌رگیز به‌ قازانجی کورد ناشکێته‌وه‌ و کورد وه‌ک هه‌میشه‌ بۆ خه‌ڵکی دیکه‌ و به‌ قازانجی خه‌ڵکی دیکه‌ ده‌جه‌نگێ و ماڵی خۆی وێران ده‌کات.                                                      
سه‌رانی کورد هێشتا دوو ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر و سلێمانییان نه‌کردووه‌ته‌ یه‌ک، هێشتا حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی له‌ هه‌ولێر میوانه‌ و حیزبه‌که‌ی بارزانی له‌ سلێمانی و گه‌رمیان میوانه‌. هێشتا سه‌رۆکی هه‌رێم، ته‌نێ له‌ هه‌ولێر و دهۆک، سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ و له‌ سلێمانی و که‌لار که‌س کاغه‌زی وی ناخوێنێته‌وه. ‌ هێشتا تاکه‌ زمانێکی کوردیی بۆ ته‌واوی باشووری کوردستان به‌ ڕه‌سمیی نه‌ناسێنراوه‌‌ و هه‌ر زاراوه‌ و بنزاراوه‌ و خێڵێک داوای به‌ ڕه‌سمیی ناسینی شێوه‌ی قسه‌کردنی ماڵی خۆی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی ده‌کات و ئه‌و زمانه‌یشی که‌ هه‌یه‌ به‌ره‌به‌ره‌ سووک و ڕسوا ده‌کرێت. هێشتا کێشه‌ی ئاو و کاره‌با و هاتوچۆ و کشتوکاڵ و ته‌ندروستی و سیستمی خوێندن و تێکه‌ڵاوی حیزب و کارگێڕییه‌کان و واسیته‌ و پشتگوێخستنی قانوون و ناسه‌ربه‌خۆیی دادگه‌ و ده‌یان کێشه‌ی دیکه‌، چاره‌سه‌ر نه‌کراون‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ چ ده‌وڵه‌تێک بێت باسی لێوه‌ ده‌که‌ن! ده‌وڵه‌تێک ئه‌گه‌ر تاکه‌کانی خۆشگوزه‌ران و به‌خته‌وه‌ر نه‌بن، دروستکردنی کابول و مۆقادیشۆیه‌کی وێران له‌ کوردستان، با سه‌ربه‌خۆیش بێت، هیچ مایه‌ی خۆشی و که‌یفسازی نییه‌ بۆ خه‌ڵکی کورد.                                                                                     
دامه‌زاراندنی وه‌ها ده‌وڵه‌تێک هه‌رگیز به‌ قازانجی کورد و پرسی کورد نییه‌، به‌ڵکه‌ زیانێکی زۆری بۆ کورد ده‌بێت. کورد بۆ هه‌تایه‌ که‌رکووک ده‌دۆڕێنێت و وه‌ک قودسه‌که‌ی فلستینییانی لێدێ، مه‌گه‌ر کورد هه‌ر بڵێ: ئه‌م نانه‌ به‌و ڕۆنه‌! کوردستانێکی بێ که‌رکووک، هیچ بایه‌خ و به‌هایه‌کی نییه‌ و نه‌بوونی زۆر باشتره‌ له‌ بوونی. ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد بچنه‌ ژێر وه‌ها بارێک، ئه‌وا ڕێک ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن، که‌ ئه‌وان ته‌نیا کورسییه‌کانی خۆیان مه‌به‌سته و هیچی دی. ئه‌وان گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆک بن، ئیدی خودای ده‌کرد سه‌رۆکی گوندێک ده‌بوون! دامه‌زراندنی وه‌ها ده‌وڵه‌تێک دامه‌زراندن و چاندنی ئیسرائیلێکی دیکه‌یه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناڤیندا. داکۆکیکردن له‌ دامه‌زران و جاڕدان و بوونی وه‌ها ده‌وڵه‌تێکی ئیفلیج، نه‌ک هه‌ر مایه‌ی شانازی نییه‌ بۆ کورد، به‌ڵکه‌ مایه‌ی شه‌رمه‌زاری و سه‌رشۆڕییه‌ بۆ کورد. ئه‌وه‌ی بڕێک به‌ته‌نگ خاکی کوردستانه‌وه‌ بێت و مێژووی کورد بزانێت و بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد بکاته‌وه‌، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ وه‌ها بیرکردنه‌وه‌یه‌کدا نییه‌ و نابێت. ئه‌گه‌ر جاڕی وه‌ها ده‌وڵه‌تێک بدرێت، که‌رکووک و مووسڵ و بڕه‌ کوردستانه‌که‌ی دیاله‌ و  کووت و عیماره‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت‌‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵدابوونی و چه‌پڵه‌لێدان بۆی، کارێکی نانیشتمانی و ناڕاسته‌ و دژایه‌تیکردنی کارێکی ڕاست و دروست و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و شؤڕشگێڕانه‌یشه‌.                              
ساڵانی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو، که‌ له‌ به‌غدا بووم، له‌ سه‌ره‌تای شه‌قامی ئه‌ڕڕه‌شید(الرشید) له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌لمه‌یدان(المیدان) که‌بابخانه‌یه‌ک هه‌بوو به ‌ناوی که‌باب ئه‌ربیل(کباب أربیل). گه‌لێ جار له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمدا ده‌چووینه‌ ئه‌وێ و که‌بابمان ده‌خوارد. من ئه‌وده‌می گۆشتخۆر بووم و نه‌بووبوومه‌ ڕووه‌کخۆر. ئێمه‌ی خوێندکاری گیرفان به‌تاڵی ئه‌وێ ده‌م، داوای نیو نه‌فه‌ر که‌بابمان ده‌کرد. ئه‌و کابرایه‌ی که‌ ده‌هات و پرسیاری لێده‌کردین چ ده‌خۆین، دوای ئه‌وه‌ی ده‌مانگوت نیو نه‌فه‌ر که‌باب یا له‌ باشترین حاڵدا ئه‌گه‌ر بمانگوتبا نه‌فه‌رێک که‌باب، که‌ ئه‌وه‌ جه‌ژن بوو بۆ ئێمه‌، کابرا ده‌یگوت ته‌ماته‌ی له‌گه‌ڵ بێ یا نه‌، من ده‌مگوت نا و هاوڕێیه‌کی دیکه‌ ده‌یگوت به‌ڵێ با ته‌ماته‌ی له‌گه‌ڵ بێ، ئیدی کابرای شاگرد به‌ ده‌نگێکی بڵند و زوڵاڵ و به‌ شێوه‌زاری هه‌ولێر به‌ وه‌ستای که‌بابچی ده‌گوت:"نه‌فه‌ره‌ک هه‌یبی" یا ده‌یگوت:"نیو نه‌فه‌ر نه‌یبی"، ئه‌و هه‌یبی و نه‌یبییه‌ بۆ ته‌ماته‌ بوو، ئیدی به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی چیمان داوا کردووه، به‌ ته‌ماته‌ و بێ ته‌ماته‌ ده‌هاته‌ به‌رده‌ستمان‌. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی بارزانی باسی لێوه‌ ده‌کات، ئه‌گه‌ر نه‌یبی(که‌رکووک و مووسڵ ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی باشوور کوردستان) ئه‌وا پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنێت و نه‌بوونی گه‌لێک باشتره‌ له‌ بوونی، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌یبی(که‌رکووک و مووسڵ و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی باشووری کوردستان، ئیدی به‌ ئاشتی ده‌بێت یا به‌ جه‌نگ و داگیرکردن و تۆبزی)، ئه‌وا عه‌ره‌ب گوته‌نی"فبها" و ئه‌وده‌م خه‌ڵکی کورد قسه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌بێت.                                                                   
7- 4- 2012‌

  

Sunday, November 20, 2011

پیری به‌ ته‌مه‌ن نییه



پیری به‌ ته‌مه‌ن نییه‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

زۆرجاران به‌ ته‌ماشاکردنی مرۆڤێک و لێوردبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر و سیمای، ده‌توانیت ته‌مه‌نی بخه‌مڵێنیت و بڵێی ئه‌م مرۆڤه‌ ئه‌وه‌نده‌ ساڵانه‌. جاری وایش هه‌یه‌، هه‌رگیز نێزیکیشی ناکه‌ویته‌وه‌ و به‌ هه‌ڵه‌ بۆی ده‌چیت. هه‌ندێک مرۆڤ به‌ سه‌ر و سیمادا، ته‌مه‌ن کاریان تێ ناکات و گه‌وره‌یی و چوونه‌نێوساڵه‌وه‌یان پێوه‌ دیار نییه‌ و هه‌ندێکی تریش، هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاویدا ئیدی مووی سپی سه‌ر و سمێڵ و چرچ و لۆچی ده‌موچاو و مل و نیشانه‌کانی دیکه‌ی پیرییان پێوه‌ دیاره‌. ئه‌وان نیشانانه‌ی له‌ له‌ش و جه‌سته‌ی مرۆڤدا، ده‌رده‌که‌ون، مرۆڤ وه‌ک پیر یا لاو، نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و نیشانانه‌، ناوه‌وه‌ی مرۆڤ، هه‌ستی، ده‌روونی، بیرکردنه‌وه‌ی، دیدی، خواست و ئاره‌زووه‌کانی، ئومێد و داهاتووی، هیچیان نیشان ناده‌ن. ڕه‌نگه لاوێکی ته‌ڕ و ناسک و تازه‌، هێنده‌ خاووخلێچک و ساردوسڕ و بێئاره‌زوو و ناچالاک و بێ وزه‌ و بێ وره‌ بێت، که‌ چ هیوایه‌کی به‌ ژیان نه‌بێت و هه‌رچی ژیانه‌ و هه‌رچی شته‌، له‌کن وی، تاریک و ڕه‌ش و ته‌ماوی و ناجۆر بێت. پێچه‌وانه‌که‌یشی مرۆڤێکی به‌ ساڵاچووی که‌م وزه‌ و بێهێز و له‌شنه‌خۆش، که‌ هه‌موو شتێکی ژیانی به‌لاوه‌ خۆشه‌ و هه‌موو ڕۆژێکی به‌لاوه‌ نوێیه‌ و هه‌میشه‌ پڕه‌ له‌ ئاوات و خه‌ون و هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی نوێدایه‌. که‌وابێ ئه‌م مرۆڤه‌ به‌ ساڵاچووه‌، تۆ ناتوانی پێی بڵێی پیر، چونکه‌ پیری پتر هه‌سته‌ و که‌ هه‌ست و ده‌روون و ناوه‌وه‌ی مرۆڤ پیر نه‌بوو، ئه‌وا مرۆڤ لاوه‌ و هێشتا دڵی به‌ ژیان خۆشه‌. ئێستا هێنده‌ داووده‌رمانی لابردنی لۆچ و چرچی و پێستنه‌رمکردن و ڕه‌نگکردنی مووی سه‌ر و سمێڵ په‌یدا بووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌کوردستان، خه‌ریکه‌ ئه‌و سنووره‌ی نێوان گه‌وره‌ساڵان و لاوان ده‌سڕیته‌وه‌. ڕۆژانه‌ سه‌ر و سمێڵی ڕه‌نگکراوی ڕه‌شی قه‌ترانیی سیاسه‌تکارانی کورد له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیانه‌وه‌ ده‌بینرێن، که‌ یه‌ک تاڵه‌مووی سپیی له‌ سه‌ر و ڕوویاندا نابینرێ و به‌ ناسینه‌وه‌ی خۆیان و مێژوویان و چرچ و لۆچی مل و ده‌ست و په‌نجه‌ و گۆنا و ده‌وروبه‌ری چاویاندا، ته‌مه‌ن و پیرییان ئاشکرا ده‌بێ. چوونه‌نێو ساڵه‌وه‌ و هه‌ڵچوونی ته‌مه‌نیش، هه‌رگیز ناکاته‌ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ مردن و مه‌رگ. مردن هیچ پێوه‌ندێکی به‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ نییه‌. جاری وا هه‌یه‌ ده‌یان لاو ده‌مرن، لێ پیرێک نامرێ.                                  
پێناسه‌کردنی پیری و لاویی، بێجگه‌ له‌ ته‌مه‌ن و له‌ش و جه‌سته‌، پێناسه‌ و دیتنێکی فه‌رهه‌نگییه و پێوه‌ندی به‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌یه‌، ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ ته‌که‌یاندا و له‌نێویاندا ده‌ژی. له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌وروپاییدا، سوێد بۆ نموونه‌، تۆ هه‌رگیز ناتوانیت به‌ یه‌ک که‌س بڵێی پیر، ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سه‌ ئه‌گه‌ر بۆ خۆیشی به‌ خۆی گوت پیر و سووریش بزانێت و بزانیت پیره‌، ئه‌وا تۆ ده‌بێ بڵێی نا نا تۆ هه‌رگیز پیر نیت، تۆ هێشتا گه‌نجیت. سوێدی، که‌ ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ 65 ساڵ و خانه‌نشین ده‌بن، ده‌ڵێن ئێستا ژیان ده‌ستپێده‌کات. که‌ ده‌گه‌نه‌ 70 ده‌ڵێن ژیان له‌ 70وه‌ ده‌ستپێده‌کات. ئیدی به‌و جۆره‌. ئه‌وان له‌ 80 و 90 ساڵییشدا پیر نین و خۆ به‌ گه‌نج ده‌زانن. له‌ 80 ساڵیدا پایسکیل داژۆن و ده‌چنه‌ مه‌له‌وانی و له‌ دارستان هه‌ڕا ده‌که‌ن و کوارگ خڕده‌که‌نه‌وه‌ و کرێمی نه‌هێشتنی لۆچی ده‌موچاو و ڤیتامین و ده‌یان به‌زمی دیکه‌ به‌کار ده‌هێنن و به‌ دوای خۆراکی باش و به‌ که‌ڵکه‌وه‌ن و ده‌چنه‌ سینه‌ما و سه‌ما ده‌که‌ن و ده‌خۆنه‌وه‌ و وه‌رزش ده‌که‌ن و ده‌چنه‌ گه‌شت و وڵاتان ده‌گه‌ڕێن.                                                     
 له‌ فه‌رهه‌نگی وڵاتانی وه‌ک کوردستان و کوردستانیشدا، هه‌ر زوو خه‌ڵک وه‌ک پیر ته‌ماشا ده‌کرێن. ڕه‌نگه‌ مرۆڤێک ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشتبێته‌ 70 و جاری وایش هه‌یه‌ 60، ئیدی خه‌ڵک حیسابی پیری بۆ ده‌کات و ده‌ڵێن فڵانه‌ که‌س پێی له‌ لێواری گۆڕه‌، واته‌: ئیدی ها ئێستا ها ساتێکیتر ده‌مرێ. مرۆڤ، که‌ پێی گوترا مامه‌ و خاڵه‌ و پوورێ و میمکه‌ و دایکه و باوکه‌ و باپیره‌‌، نه‌ک هه‌ر له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ لایه‌ن، منداڵی خۆی و برازا و خوشکه‌زا و منداڵه‌زایه‌وه‌، ئیدی  حیسابی پیری‌ بۆ کراوه‌. هه‌ندێ جار به‌ حاجییش بانگی پیر ده‌کرێ. له‌ ته‌مه‌نی منداڵی و مێردمنداڵی و لاویدا مرۆڤ که‌سێکی 10-12 ساڵ له‌ خۆ مه‌زنتریشی پێ گه‌وره‌ و پیره‌. من خۆم له‌ منداڵیدا که‌سی 15 ساڵم پێ پیر بووه‌. دواتر ئه‌گه‌ر بیانگوتبا فڵان 20 ساڵانه‌ ده‌مگوت ئه‌وه‌ هه‌ر پیر پیره‌.                                        
 له‌ شاکه‌ل دوو برا هه‌بوون ناویان (عه‌لی و عه‌زیز)بوون و باوکیان ناوی(ئه‌حمه‌د) بوو، به‌ڵام خه‌ڵک به‌ (ئه‌حۆل) ناویان ده‌برد، دیاره‌ به‌ره‌وڕوو نا، به‌ڵکه‌ له‌ پاشمله‌ و به‌و دوو برایه‌شیان ده‌گوت: عه‌له‌ی ئه‌حۆل و عه‌زه‌ی ئه‌حۆل. عه‌لی 20 ساڵ له‌ عه‌زیزی برای گه‌وره‌تر بوو. من زۆرم پێ سه‌یر بوو و ده‌مگوت چۆن شتی وا ده‌بێ و عه‌له‌ی ئه‌حۆلم به‌ پیر ده‌زانی! ساڵانێک دواتر که‌ (سلێمان)ی برام هاته‌ دنیاوه‌، دایکم ده‌یگوت: تۆ جاران پێت سه‌یر بوو عه‌له‌ و عه‌زه‌ی ئه‌حۆل 20 ساڵیان به‌ینه‌، ئێستا تۆ و (سلێمان)یش 20 ساڵتان به‌ینه‌! ئیدی تێگه‌یشتم، که‌ ده‌بێ و وا بۆ خۆیشم ئیدی به‌و حیسابه‌ی عه‌له‌ و عه‌زه‌، ده‌که‌ومه‌ خانه‌ی پیرانه‌وه‌.                                                                         
شه‌وێکی دره‌نگ دوای کاتژمێر دوازده‌، له‌ نێو شاره‌وه‌ بۆ قه‌رات ده‌گه‌ڕامه‌وه‌. ئه‌وده‌می له‌ هه‌ولێر ده‌ژیام. له‌سه‌ر ئه‌و جاده‌یه‌ی به‌ ناوه‌ندی قه‌راتدا ده‌ڕۆیشت و له‌به‌ر ڕووناکی چرائه‌له‌کتریکێکدا دوو منداڵی پێنج شه‌ش ساڵان، کچ و کوڕێک، یه‌کێکیان به‌ کێردێکی زل و درێژه‌وه‌ و یه‌کێکیشیان به‌ که‌ڵه‌شێرێک به‌ ده‌سته‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون. که‌ گه‌یشتمه‌ ئاستیان ها‌تنه‌ به‌رده‌مم و گوتیان: "مامه‌که‌، ئه‌و که‌ره‌بابه‌مان لۆ ناکوژییه‌وه‌!". منیش گوتم:"ئه‌دی لۆ له‌ ماره‌ خۆتان نایکوژنه‌وه‌؟". گوتیان:"له‌ مار که‌سمان نییه‌ لۆمان بکوژیته‌وه‌". گوتم:"زۆر باشه‌" و ئیدی کێردم به‌ ملی که‌ره‌بابدا هینا و لۆم کوشتنه‌وه‌ و وێم دانه‌وه‌. من ئه‌وده‌می 26 ساڵان بووم و هه‌رگیز خۆم به‌ مامه‌ نه‌ده‌زانی، لێ من بۆ ئه‌وان پیر بووم، بۆیه‌ به‌ منیان گوت مامه.                                                                              ‌
له‌ له‌نده‌ن، که‌ سواری ئۆتۆبووس یا شه‌مه‌نده‌فه‌ری ژێرزه‌وی نێوشار ده‌بیت، ده‌بینی ئه‌گه‌ر که‌سێکی پیر به‌ پێوه‌ ڕاوه‌ستابێت و جێگه‌ی دانیشتنی نه‌بێت، ئه‌وا که‌سێکی له‌ خۆی ته‌مه‌ن گچکه‌تر هه‌ڵده‌ستێ و جێگه‌که‌ی خۆی بۆ چۆڵ ده‌کات. بۆ یه‌که‌مجارم بوو له‌ ئۆتۆبووسێکدا ببینم لاوێک هه‌ڵسا و به‌منی گوت، که‌ له‌ جێگه‌که‌ی دانیشم، من سوپاسیم کرد و هه‌ر به‌ پێوه‌ ڕاوه‌ستام، به‌ڵام له‌وه‌ تێگه‌یشتم، ئه‌و منی به‌ پیر زانیوه‌ و وه‌ک به‌زه‌یی و هه‌ستێکی مرۆڤیانه،‌ ویستی جێگه‌که‌ی خۆیم بداتێ. له‌ سوێد ئه‌و کرده‌یه‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ریش ڕوو بدا، ڕه‌نگه‌ بۆ خه‌ڵکێکی که‌مئه‌ندام و په‌ککه‌وته‌، خه‌ڵک وه‌ها کارێک بکات، ده‌نا بۆ ده‌رمانیش بگه‌ڕێی یه‌ک مرۆڤ نابینییه‌وه‌ خۆی به‌ پیر بزانێت.                                                                                         
   له‌ گوتارێکیدا به‌ ناوی"خاک و جه‌سته‌ لای جه‌نگیز ئه‌یتماتۆف و سه‌میر نه‌قاش، له‌ هه‌ردوو رومانی(رۆژه‌که‌ له‌ سه‌ده‌یه‌ک درێژتر ده‌بێته‌وه‌) و (شلۆمۆ کورده‌ و من و رۆژگار)دا"، که‌ له‌ دوو به‌شدا، وه‌ک ڕانانێک بۆ دوو کتێبی تازه‌ په‌خشکراوی نووسه‌ر و چیرۆکنووس مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، بڵاو بووه‌ته‌وه، ‌نه‌جات نوری، نووسه‌ری گوتاره‌که‌، ده‌نووسێت:"له‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌تادا ده‌بێت قه‌دری هه‌وڵه‌ دیاره‌کانی برای ئازیزمان(جه‌لیل کاکه‌وه‌یس)ی چیرۆکنوس بگرم که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌و به‌رده‌وام به‌و عه‌شقه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ خوێنه‌رانی کورد ده‌کات. هێشتا ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌ب ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانمان و له‌ناو هه‌مو تاریکاییه‌کاندا روناکیه‌کمان پێ ببه‌خشێت. هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌ باشانه‌ که‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ ده‌ستی پێیان نه‌گه‌یشتووه‌..."[1]. تۆ له‌م نووسینه‌دا تێبینی ئه‌م ڕسته‌ و وشانه‌ بکه‌"..که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌..." و "..هێشتا ده‌یه‌وێت..." و "هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی...".، وا باسی مامۆستا کاکه‌وه‌یس ده‌کات، وه‌ک بڵێی خودانه‌خواسته‌ و دوور له‌ گیانی مامۆستا کاکه‌وه‌یس، مامۆستا کاکه‌ویس :                                                      
"له‌ نێو ماڵێکی بێ ژن دا
له‌ بن لێفێکی چڵکن دا
له‌ سه‌ر ته‌ختێکی ڕه‌ق و ته‌ق
سه‌رتاپای شه‌ڵاڵی ئاره‌ق
پیر و که‌نه‌فت و که‌له‌لا
 هه‌موو له‌شی هه‌لا هه‌لا
پشتی ڕه‌ق و باسکی ته‌زیو
پێێ نه‌ده‌کرا ئه‌م دیو ئه‌و دیو
کز و گۆد و سڕ و بێ ناز
پێچی ده‌دا وه‌ک مارانگاز"[2] ، که‌وتووه‌ و بێهێز و لاواز، به‌ حاڵ نووزه‌ی لێوه‌ دێ و هه‌ناسه‌ ده‌دات. به‌و جۆره‌ باسکردنی مامۆستا کاکه‌وه‌یس و نیشاندانی وه‌ک پیرێکی په‌ککه‌وته‌، ئه‌گه‌ر به‌لای مامۆستا نه‌جات نووریشه‌وه‌ بۆ پێشاندانی وزه‌ و توانست و خواست و کۆشسی مامۆستا کاکه‌وه‌یسیش بێت، هێشتا کورت ده‌هێنێ و له‌ ڕووی ده‌روونی و سایکۆلۆگییه‌وه‌ کار ده‌کاته‌ سه‌ر مرۆڤ(کاکه‌وه‌یس) ئه‌گه‌ر نه‌یشێباته‌وه‌ سه‌ر خۆی و وه‌هایش پێشان بدات، که‌ گرنگ نییه‌ و بێخه‌مه‌ له‌و ڕووه‌وه‌.                                                                            
مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، هه‌موو چه‌ند مانگێکه‌، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا وه‌ک مامۆستا خانه‌نشین کراوه‌، ئیدی که‌ی هی ئه‌وه‌یه‌ پێی بگوترێ:"به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا...."، خۆ ده‌یان خه‌ڵکی 75-80 ساڵان و هه‌ورازتریش ئه‌مڕۆ فه‌رمانڕه‌وای وڵاته‌که‌ی مامۆستا کاکه‌وه‌یسن و بڕیار به‌سه‌ر ژیانی میلیۆنان کاکه‌وه‌یسدا ده‌ده‌ن و که‌سیش پێیان ناڵی پیر!                                                                                              
له‌ نێو نووسه‌رانی جیهاندا، که‌ تا دوا ساته‌کانی ته‌مه‌نی خۆیان و له‌ته‌مه‌نێکی هه‌ورازدا، له‌ خه‌بات و نووسین نه‌که‌وتبوون ده‌کرێ ناوی چه‌ند که‌سێکیان و ته‌مه‌نیان بخه‌مه‌ به‌رچاو: تاها حوسه‌ین 84 ساڵ، ته‌وفیق ئه‌لحه‌کیم 89 ساڵ، ئه‌نیس مه‌نسوور 87 ساڵ، نه‌جیب مه‌حفووز 95 ساڵ، ئۆمبه‌رتۆ ئێکۆ 80 ساڵ، گابریێل گارسیا مارکیز 85 ساڵ، یه‌شار که‌مال 89 ساڵ و مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس 104 ساڵ. ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌یان که‌ له‌ ژیاندا نه‌ماون تا ئه‌و کاته‌ی ژیان، له‌ کار و نووسین نه‌که‌وتن و ئه‌وانه‌شیان وا ماون ئێستاش چالاکن و به‌رده‌وامن له‌ خه‌بات.  ستیفن هاوکینگ(Stephen Hawking)، گه‌وره‌ترین فیزیکزانی جیهان دوای ئاینشتاین، که‌ ئێستا ته‌مه‌نی 70 ساڵه‌، هیچ به‌شێکی له‌شی بێجگه‌ له‌ مێشکی، کار ناکات. ئه‌و له‌ سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ و چه‌رخی که‌مئه‌ندام داده‌نیشی، که‌چی به‌رده‌وام کار ده‌کات و تیۆری نوێ و هزری نوێ له‌ جیهان و بۆ مرۆڤایه‌تی په‌خش ده‌کاته‌وه‌. بوون و چالاکی ئه‌و زانایه‌، تیۆری "ئاوه‌ز(هۆش، عه‌قڵ)ی ساغ له‌ له‌شی ساغدایه" و تیۆری "ته‌مه‌ن و پیری و گه‌وره‌ساڵی"، به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و تیۆرییانه‌ دروست بووایه‌ن ده‌بوو هاوکینگ ده‌مێک بوو مردبا و له‌ په‌لوپۆ که‌وتبا یا ئه‌گه‌ر ئه‌و زانایه‌، له‌ کوردستان و وڵاتانی مانه‌ندی کوردستان بووایه‌، زۆر له‌مێژ بوو، خرابووه‌ خانه‌ی لاق له‌ لێوار گۆڕ و پیر و په‌ککه‌وته‌ و بێکه‌ڵک و سه‌قه‌ت و خودا ده‌زانی چی دیکه‌وه‌.                                                     
هاوینی 2008،، باوکم زۆر نه‌خۆش بوو. له‌گه‌ڵ کاک سه‌لاح و کاک سلێمانی برامدا، بردمان بۆ لای ئه‌و دۆکتۆره‌ی، که‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌مان و بۆ هه‌موو نه‌خۆشییه‌ک له‌ سلێمانی ڕووی تێده‌که‌ن. بێجگه‌ له‌ دۆکتۆر خۆی، دوو که‌سی دیکه‌ له‌ کلینیکی دۆکتۆردا کار ده‌که‌ن، یه‌کێکیان بلیتی ژماره‌ی نۆره‌ ده‌داته‌ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی دێنه‌ کلینیکه‌که‌ و ئه‌وێ دیکه‌ش له‌به‌ر ده‌رگای ژووری دۆکتۆره‌که‌دا دانیشتووه‌ و نه‌خۆشه‌کان دوو دوو سێ سێ و جاری وایش هه‌یه‌ چوار چوار ده‌کاته‌ ژووره‌وه‌. ئێمه‌ ژماره‌یه‌کمان وه‌رگرت و دانیشتین و چاوه‌نۆڕی نۆره‌ی خۆمان بووین. نه‌خۆش ده‌چوونه‌ ژوورێ و ده‌هاتنه‌ ده‌رێ و ئیدی ده‌نگه‌ده‌نگیش پڕ ئه‌و به‌رهه‌یوانه‌ بوو، که‌ نه‌خۆشه‌کانی لێ دانیشتبوون. یه‌کێک له‌ نه‌خۆشه‌کان له‌ کارمه‌ندی بلیت دابه‌شکه‌ری کلینیکه‌که‌ی پرسی، که‌ که‌ی نۆره‌ی دێت و ده‌یکه‌نه‌ ژووره‌وه‌. کابرای بلیت دابه‌شکه‌ر، که‌ لاوێکی بیست و دوو سێ ساڵیی بوو، سه‌یرێکی ژماره‌ بلیتی نه‌خۆشه‌که‌ی کرد و گوتی: "دوو نه‌خۆشی تر له‌ پێشته‌وه‌ن، ئه‌و پیاوه‌(ده‌ستی بۆ پیاوێک ڕاکێشا) ده‌چێته‌ ژوورێ و دوای ئه‌و ئه‌و پیره‌ژنه‌(ده‌ستی بۆ ژنێک ڕاکێشا) ده‌چیته‌ ژوورێ، دوای ئه‌و پیره‌ژنه‌ ئیتر نۆره‌ی تۆیه‌". ئه‌و ژنه‌ی ئه‌و پێی ده‌گوت پیره‌ژن، ژنێکی لادێی هه‌ژار بوو، که‌ ته‌مه‌نی هه‌رگیز له‌ 45 ساڵ تێپه‌ڕی نه‌کردبوو. که‌ نۆره‌ی ژنه‌که‌ هات و ژماره‌که‌ی بانگ کرا، کارمه‌ندی نه‌خۆشکردنه‌ژووره‌وه بۆ ژووری دۆکتۆر، که‌ له‌به‌ر ده‌رکه‌ی دۆکتۆردا دانیشتبوو، به‌ ده‌نگێکی بڵند قێڕاندی:"ده‌ هه‌سته‌ ده‌ی پیره‌ژن نۆه‌ره‌ی تۆیه‌". به‌ سه‌لاح و سلێمانی برامم گوت: ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌م ژنه‌ و ئه‌م کارمه‌ندانه‌ له‌ سوێد ده‌بوون و ئه‌م رووداو و قسانه‌ له‌وێ ده‌بوون، ئه‌و ژنه‌ که‌وشه‌کانی داده‌که‌ند و که‌رکوتێکی باشی ئه‌و دوو زه‌لامه‌ی ده‌کرد.‌                                                                                  
باسکردنی خه‌ڵک وه‌ک پیر یا په‌ککه‌وته‌ و که‌مئه‌ندام، فه‌رهه‌نگێکی گۆج و سه‌قه‌ت و ناڕاست و دزیوی خه‌ڵکی کورده‌. خه‌ڵک زۆر به‌ لایه‌وه‌ ئاساییه‌ به‌ شه‌ل بڵی شه‌ل و به‌ کوێر بڵێ کوێر و به‌ که‌ڕ بڵێ که‌ڕ و به‌ لاڵ بڵێ لال و به‌ شیت بڵێ شێت. خه‌ڵک زۆر به‌ لایه‌وه‌ ئاساییه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ش بانگیان بکات، بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهێنێت. جارێ به‌کاربردنی ئه‌و جۆره‌ ناووناتۆرانه‌ بۆ منداڵ و مێردمنداڵ، ئه‌وه‌ هه‌ر هیچ ڕیگرێک له‌ به‌رده‌میدا نییه‌. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کورددا، ڕۆژانه‌ وشه‌گه‌لی سه‌رزل، خوێڕی، کوێری، شه‌لی، لاڵی، که‌ڕی، شیتی، مردوو، لووته، چڵمن، لیکن، مشکه‌، گوله‌، خێله‌، که‌ره‌‌ و...ده‌یانی دیکه‌ت به‌رگوێ ده‌که‌ون، که‌ به‌ خه‌ڵک ده‌گوترێن و بۆ بانگکردنی خه‌ڵک به‌کار ده‌برێن. وه‌ها نه‌ریتێک، ڕه‌وتارێک، خوویه‌ک، گوتارێکی ڕووخێنه‌ر و ئه‌ژنۆشکێنه‌ و سووکنۆڕین و شکاندنه‌وه‌ی مرۆڤه‌. ناوهێنانی خه‌ڵک و باسکردنیشیان وه‌ک پیر، هه‌رگیز هیچی له‌ ناوهێنان و باسکردنیان وه‌ک شه‌ل و کوێر و لاڵ و سه‌رزل و لووتفش و ئه‌وانه‌ که‌متر نییه‌ و کارێک نییه‌، که دڵی مرۆڤ خۆش کات، به‌ڵکه‌ مرۆڤ ده‌ڕووخێنێت.                                                                                   
20/11/2011


[1] ره‌خنه‌ی چاودێر، ژماره‌(285)، 24/10/2011. ڕێنووسی نووسینه‌که‌ی مامۆستا (نه‌جات نووری)م، هه‌رچه‌نده‌ پێ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی گواستوومه‌ته‌وه‌.                                                                                                    ‌
[2] به‌شێکه‌ له‌ پارچه‌ شیعرێکی مامۆستا هیمنی موکریانی له‌ ژێر ناوی "بناری هه‌ڵگورد"دا، من ته‌نێ جێناو(پاشگر)ه‌ تاکه‌ که‌سه‌ یه‌که‌مه‌کانم گۆڕیوه‌ بۆ جێناو(پاشگری)ی تاکی که‌سی سێیه‌م بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یسدا. بنۆڕه‌: دیوانی هێمن موکریانی، پێشه‌کی و پێداچوونه‌وه‌: س. چ. هێرش، چاپی یه‌که‌م، کتێبفرۆشی ئه‌رزان، سوێد 2003، ل 254.                                                                                                                        

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...