Sunday, October 23, 2011

قه‌ززافی: پیاوێک له‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و بڕێک فشه‌

قه‌ززافی: پیاوێک له‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و بڕێک فشه‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ده‌ دوانزده‌ ڕۆژێک ده‌بوو تازه‌کی له‌ کوردستان و ئێران و سوریاوه‌، گه‌یشتبوومه سوێد. نه‌ورۆزی به‌سه‌ردا هات، نه‌ورۆزی ساڵی 1981. به‌شێک له‌ کوردانی شاری ستۆکهۆڵم، ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆزیان له‌ یه‌کێک له‌ هۆڵه‌کانی شاری ستۆکهۆڵم، ساز کرد. جه‌ژنی نه‌ورۆز، که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا هی کورد و سه‌رکه‌وتنی کورد نییه، به‌ڵکه‌ هی فارس و سه‌رکه‌وتنی فارس و دۆڕانی کورده‌‌، له‌ کن کورد بوو بووه‌ جه‌ژنێکی حیزبی و هه‌ر حیزبه‌و به‌ جودا بۆ خۆی و هه‌وادارانی، جێژنیان ده‌گێڕا، پێموابێ ئێستاش هه‌روایه‌. دیاره‌ من بۆ خۆم هه‌ر له‌ کۆتایی ساڵانی 1980کانه‌وه‌، ئیدی بۆ ئه‌و جۆره‌ ئاهه‌نگ و به‌زمه‌ کوردییانه‌ نه‌چووم. ئه‌و کاته‌، زۆرینه‌ی کوردانی شاری ستۆکهۆڵم له‌ هۆڵێکدا جێگه‌یان ده‌بووه‌وه‌. دوای گوتاری به‌خێرهێنان و سه‌رپه‌رشتکارانی ئاهه‌نگه‌که‌، سه‌فیری لیبیا، هاته‌ سه‌ر سه‌کۆکه‌ و گوتاری لیبیای خوێنده‌وه‌. به‌ ده‌نگێکی یه‌کجار بڵند، پیرۆزبایی گه‌لی لیبیا و ڕێبه‌ری لیبیا، موعه‌ممه‌ر ئه‌لقه‌ززافی و سڵاوی وی، به‌ گه‌لی کوردستان و سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسی کورد گه‌یاند و خۆش خۆش له‌بری "الشعب الکردي" گه‌لی کورد، ده‌یگوت "الأمة الکردیة" و "الأمة الکردستانیة"، واته‌: نه‌ته‌وه‌ی‌/ئوممه‌تی کورد و نه‌ته‌وه‌ی/ئوممه‌تی کوردستانی و گوته‌کانی قه‌ززافی له‌مه‌ڕ مافی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان، چه‌ند پاته‌ کرده‌وه‌. ئه‌و گوتانه‌ بۆ ئه‌و کاته‌ گه‌لێک زۆر بوون. هیچ یه‌کێک له‌و حیزبه‌ سیاسییانه‌ی کوردستان، بێجگه‌ له‌ پاسۆک، ئه‌و قسانه‌یان نه‌ده‌کرد و نه‌یانده‌وێرا له‌ مێشکی خۆیانیشدا وه‌ها بیرێک بکه‌نه‌وه‌. قه‌ززافی، ئه‌وده‌م تاکه‌ سه‌رکرده‌یه‌ک بوو له‌ جیهاندا، باسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و کورد و ده‌وڵه‌تی کوردستان بکات. ئه‌وده‌م قه‌ززافی له‌ دڵی خه‌ڵکی کورددا، خۆشه‌ویست بوو.                                                              
*****
یه‌ک دوو ساڵێک دوای ئه‌و نه‌ورۆزه‌، له‌ خولێکی فێربوونی زمانی سوێدی، لاوێکی خه‌ڵکی لیبیام له‌گه‌ڵدا بوو. به‌ عه‌ره‌بی پێکه‌وه قسه‌مان ده‌کرد. ئه‌و باسی ڕێژیمی لیبیا و قه‌ززافی، زۆر خراپ ده‌کرد و قه‌ززافی به‌ دیکتاتۆر و مرۆڤکوژ و لیبیای به‌ زیندان و پێشێلکه‌ری مافی مرۆڤ داده‌نا و منیش، هه‌روا له‌ خۆمه‌وه‌ قه‌ززافیم به‌ شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست، داده‌نا و خۆشم ده‌ویست و داکۆکیم لێ ده‌کرد. لاوه‌ لیبییه‌که، هه‌موو جارێک‌ ده‌یگوت:" تۆ له‌ عیراقه‌وه‌ هاتووی، خۆ سه‌ددام حوسه‌ین پیاوێکی شۆڕشگێڕه‌ و سۆسیالیسته‌، تۆ بۆ به‌ خراپ و دیکتاتۆری ده‌زانیت!". منیش ده‌مگوت:"ده‌ی سه‌ددام حوسه‌ین، نه‌ شۆڕشگێڕه‌ و نه‌ سۆسیالیسته‌، به‌ڵکه‌ دیکتاتۆر و مرۆڤکوژه‌". ئه‌و ده‌یگوت:"خۆ تۆ خه‌ڵکی لیبیا نیت، من خه‌ڵکی لیبیام و من له‌ تۆ باشتر، قه‌ززافی و ڕێژیمه‌که‌ی ده‌ناسم و وه‌ک چۆن تۆ له‌ ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین هه‌ڵاتووی، منیش هه‌ر به‌و جۆره‌، له‌ ڕێژیمی قه‌ززافی هه‌ڵاتووم". ئیدی منیش به‌ گوێره‌ی تیۆری: خه‌ڵکی مه‌ککه‌ شاره‌زاتری شیوه‌کانین"أهل مکة أدری بشعابها"، قسه‌که‌ییم به‌ لاوه‌ په‌سه‌ند بوو، هه‌ر بۆیه‌، پایدۆسم لێ کرد و کۆڵم دا. 

*****
قه‌ززافی، نه‌ک هه‌ر باسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستانی ده‌کرد، ته‌واوی حیزبه‌ کوردستانییه‌کانیشی بانگهێشتی لیبیا ده‌کرد و له‌گه‌ڵیان کۆ ده‌بووه‌وه‌ و به‌رده‌وام گیرفانیانی پڕ له‌ پاره‌ ده‌کرد و کۆمه‌کی پێ ده‌کردن. کاک ئازاد مسته‌فای سکرتێری پاسۆک، یادی به‌خێر، باسی چوونی سه‌رانی حیزبه‌ کوردییه‌کانی باشووری کوردستانی بۆ ته‌رابولسی پێته‌ختی لیبیا و وه‌رگرتنی پاره‌وپووڵ و کۆمه‌کی قه‌ززافی چه‌ندین جار بۆ گێڕابوومه‌وه‌. سه‌رانی کورد "کتێبی سه‌وز"ی قه‌ززافیشیان، بۆ پاره‌ کرده‌ کوردی.                                 
*****
دوای ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستی حیزبه‌ کوردییه‌کانی باشووری کوردستان، سه‌رانی کورد به‌ قه‌ززافییان ده‌گوت"برای سه‌رکرده‌ موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی"، که‌ وه‌رگێڕانی"الأخ القائد معمر القذافي"ی عه‌ره‌بی بوو. سه‌رانی کورد یه‌ک حه‌مکه‌ سه‌رسامبوون به‌ قه‌ززافی، هه‌ربۆیه‌ باخچه‌ و هۆڵ و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌یان به‌ ناوی"برای سه‌رکرده‌ مه‌عه‌ممه‌ر قه‌ززافی"یه‌وه‌ ناو نابوو، له‌ سلێمانی باخچه‌یه‌ک به‌و ناوه‌وه‌ هه‌بوو. وه‌ک وه‌فایه‌کیش سه‌رانی کورد ده‌چوونه‌ سه‌ردانی لیبیا و قه‌ززافی. که‌ ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین له‌ 2003دا، نه‌ک له‌ لایه‌ن عه‌ره‌ب یا کورد یا عیراقییانه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌، ڕووخێنرا، قه‌ززافی به‌ شۆخییه‌وه‌ به‌ کوردی گوت، زۆریش ڕاستگۆ بوو له‌و قسه‌یه‌یدا، که‌ کورد ده‌ستیان له‌ بنی هه‌نبانه‌که‌وه‌ ده‌رچووه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌ زۆرترین پاره‌ی له‌ قه‌ززافی وه‌رده‌گرت و که‌ خه‌ڵکانی نێزیکی ئه‌و، کتێبه‌ که‌سکه‌که‌ی قه‌ززافیان کرده‌ کوردی، یه‌که‌م که‌س بوو، به‌رپه‌رچی قسه‌کانی قه‌ززافی دایه‌وه‌، وه‌ک بڵێی قه‌ززافی کوفری کردبێت یا درۆی کردبێ، چونکه‌ تاڵه‌بانی و بارزانی و هه‌موو سه‌رانی کورد، له‌بری گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک و ته‌واوی خاکی باشووری کوردستان و دروستکردنی ماڵه‌ وێرانه‌که‌ی خۆیان، خجڵی بنیاتنانه‌وه‌ و دروستکردنه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی ئێسکوپروسکی لێکترازاو و هه‌ڵوه‌شاوه‌ و زیندووکردنه‌وه‌ی "عیراقی هیوا و ئاشتی" بوون و خه‌رێکی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق بوون. قه‌ززافی، له‌ بنی هه‌نبانه‌که‌ی دا و بوێرانه‌ ئه‌و  قسه‌یه‌ی کرد.
*****
گۆڤاری ئه‌نارکیستیی(Anarkistisk tidskrift)، که‌ له‌ لایه‌ن فێدراسیۆنی ئه‌نارکیستانه‌وه‌ له‌ سوێد ده‌رده‌چوو، ژماره‌ 6 – 7 ی ساڵی 1992ی، که‌ دوو ژماره‌ی گۆڤاره‌که‌ بوون، لێ له‌ یه‌ک به‌رگدا، تایبه‌ت بوو به‌ باس و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌مه‌ڕ موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی و کتێبه‌ که‌سکه‌که‌ی و دید و هزری وی و ئه‌زموونی شۆڕشی لیبیا، کۆمه‌ڵێک گوتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری ئه‌نارکیست(شۆڕشگێز و سۆسیالیست)ه‌وه‌، له‌خۆگرتبوو. ئه‌و نووسه‌رانه‌، گه‌لێک بابه‌تیانه‌ و فره‌ وردبینانه‌، قه‌ززافیزمیان لێکدابووه‌وه‌ و شیکردبووه‌وه‌ و زۆریش به‌ بایه‌خ و ڕێزه‌وه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ و هزری قه‌ززافییان نرخاندبوو و هه‌ڵسه‌نگاندبوو و به‌ هه‌ندیان وه‌رگرتبوو.
‌بیروباوه‌ڕی قه‌ززافی و تیۆرییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌نارکیزمدا، له‌ چه‌ند خاڵێکدا یه‌کیان ده‌گرته‌وه‌:                                                                                
 قه‌ززافی، پێیوابوو دیموکراتی به‌ هۆی سندووقی ده‌نگدانه‌وه‌، نایه‌ته‌ دی.         
قه‌ززافی پێیوابوو په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن، گاڵته‌جاڕییه‌ و پیکه‌نینه‌ به‌ ڕدێنی خه‌ڵک و پێیوابوو خواردنی مافی 49%ی خه‌ڵکه‌ دۆڕاوه‌که‌یه‌ له‌ لایه‌ن 51%ه‌که‌وه‌، که‌ به‌ره‌نده‌ن.                                                                                
قه‌ززافی، بڕوای به‌ حیزب نه‌بوو و فشه‌ی به‌ حیزبایه‌تی ده‌هات.                  
قه‌ززافی، باوه‌ڕی به‌ دیموکراتی لیبراڵی نه‌بوو، به‌ڵکه‌ باوه‌ڕی به‌ دیموکراتی ڕاسته‌وخۆ و ده‌نگدانی ڕاسته‌وخۆ و ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی ڕاسته‌وخۆی گه‌ل بوو، بێ میانگه‌ر و له‌ ڕێگه‌ی کۆمیته‌ گه‌لێره‌کانه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ لیبیاشی ناونابوو"جه‌ماوه‌ری..."نه‌ک کۆمار.                                                     
کتێبه‌که‌سکه‌که‌ی قه‌ززافی، کۆمه‌ڵێک بیر و بۆچوونی تێکه‌ڵکراو بوو له‌ ئایینی ئیسلام و سۆسیالیزم و ئه‌نارکیزم و ئایدیالیزم و یۆتۆپیا و بڕێکیش ترۆتسکیزم و دیدێک و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک بوو بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خۆشگوزه‌ران و خه‌ڵکێکی ئازاد و یه‌کسان و ژێنگه‌یه‌کی خاوێن و جیهانێک بۆ هه‌مووان.                                                                                           
ئه‌نارکیستانیش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان کۆمێته‌ی کارگێڕی گه‌لێر، کاروباری گوند و شار وگه‌ڕه‌ک و کارگه‌ و کۆمه‌ڵگه‌کان، جێبه‌جێ بکات، که‌ ئه‌وه‌ بۆ خۆی بیرۆکه‌یه‌کی شوورائاسایه‌. ئه‌نارکیستانیش، پێیانوایه‌، سندووقی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان و حیزب و هه‌موو ئه‌و تیۆری و باس و چوارچێوانه‌، گاڵته‌جاڕین و خه‌نینن به‌ خه‌ڵک و خۆڵ له‌چاوکردن و فریودانی مرۆڤن و قسه‌ی قۆڕن،  له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌دارییه‌ و وازیگه‌لێکن سه‌رمایه‌داران و سه‌رمایه‌داری، بۆ هه‌ڵپه‌ڕاندن و ڕووتاندنه‌وه‌ی زیاتر و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵک، سازی ده‌که‌ن.     
*****
ته‌نێ کورد نه‌بوون، که‌ قه‌ززافی پشتی ده‌گرتن و کۆمه‌کی پێ ده‌کردن. هه‌موو بزاڤه‌ دژ به‌ ئیمپریالیزمه‌کانی جیهان و شۆڕشگێڕانی جیهان، که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاواوه‌، به‌ بزاڤگه‌لێکی ناجۆر و مرۆڤکوژ و تێرۆریست، سه‌یر ده‌کران، له‌کن‌ قه‌ززافی، میوان ده‌بوون و پێشوازی ده‌کران و یارمه‌تی ده‌دران. ڕێکخراوه‌ ڕزگاریخوازه‌کانی فلستین، له‌شکری کۆماریی ئایرلاندی، له‌شکری سووری ژاپۆنی، کارلۆس شه‌کاڵ(Ilich Ramrez Sánches /Carlos Schakal)، نێلسۆن ماندێلا، ڕۆبه‌رت مۆگابی، دانیال ئۆرتێگا، هیوگۆ چافێز، پۆلیساریۆ، بزاڤی ڕزگاریخوازی باشووری سوودان، ته‌واوی بزاڤه‌ چه‌پ و سۆسیالیست و گه‌لێر و ڕادیکاڵ و دیموکراتییه‌کانی جیهان، کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ جه‌نگیدا دژ به‌ ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین و زۆری تر. نه‌یارانی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا، دۆستی قه‌ززافی بوون و سه‌ردانی لیبیایان ده‌کرد. ئه‌وان و خه‌ڵکانێکی شۆڕشگێڕ، قه‌ززافییان پێ سۆسیالیست بوو. ئه‌مه‌ریکا و رۆژاوا، به‌ سیاسه‌تی قه‌ززافی تێکده‌چوون و قه‌ززافییان به‌ شێت ده‌زانی و کۆڵێک په‌ستبوون له‌وه‌ی ماندێلا سه‌ردانی قه‌ززافی و لیبیا بکات، به‌ڵام ماندێلا له‌ وه‌ڵامی ئه‌واندا گوتی:"کاتێک ئه‌م پیاوه‌ کۆمه‌کی به‌ ئێمه‌ ده‌کرد، ئێوه‌ کۆمه‌کتان به‌ نه‌یارانی ئێمه‌ ده‌کرد". ماندێلا وه‌ک وه‌فایه‌ک بۆ ڕۆژانی ته‌نگانه‌ی گه‌له‌که‌ی و پیاوه‌تی قه‌ززافی له‌گه‌ڵیاندا، وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رانی کوردی نه‌کرد، که ئه‌گه‌ر پێیان کرابا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، پێی گوتوون، کورد له‌ شاییه‌که‌ به‌ نۆکێک هاته‌ ده‌رێ، به‌ر شه‌قیان ده‌دا. ماندێلا، گوێی به‌ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی هاوپه‌یمانی نه‌دا و چووه‌ دیده‌نیی قه‌ززافی و میوانی وی بوو.
 ‌ *****
شۆڕشگێڕه‌کان زۆر جاران شێتن یا شێتانه‌ ڕه‌وتار ده‌که‌ن، مرۆڤی شێتیش راستگۆیه‌ و مرۆڤی ڕاستگۆیش، له‌سه‌ر داکۆکی له‌ ڕاستگۆیی، زۆر جاران تووڕه‌یه. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک قسه‌ و هه‌ندێک بیروڕا و هه‌ندێک شێوه‌ و هه‌ندێک ‌ڕه‌وتاری وه‌ها که‌سانێک، گه‌لێ جار، نامۆ و سه‌یروسه‌مه‌ره‌، بێنه‌ به‌رچاو و جێی سه‌رنج بن و له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکه‌وه‌، که‌ هه‌موو شتێک ده‌خه‌نه‌ چوارچێوه‌ و قاڵبه‌وه‌، نه‌یه‌نه‌ قه‌بووڵکردن. قه‌ززافی، له‌و جۆره‌ که‌سانه‌ بوو. شێوه‌ی قژه‌ درێژ و بژ و لووله‌که‌ی، پۆشاکه‌ ڕه‌نگڕه‌نگه‌ ئه‌فریقاییه‌کانی، چاویلکه‌ ڕه‌شه‌که‌ی، ڕه‌شماڵ و ده‌وار و پاسه‌وانه‌ مێینه‌کانی. شێوه‌ی ئاخافتنی و گاڵته‌کردنی به‌ کۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تان(UN) و به‌ کۆمکاری عه‌ره‌بی و داواکردنی بۆ گۆڕینی ناوی ئیسرائیل بۆ ئیسراتین(ئیسرا + تین)، وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی هاوبه‌ش بۆ ئیسرائیل و فلستین و سیگارکێشانی و دووکه‌ڵکردنه‌ ده‌م و سه‌ر و چاوی شافه‌هددا، له‌ کۆنگره‌یه‌کی لووتکه‌ی عه‌ره‌بیدا و قسه‌له‌ڕوویی و ده‌سبه‌جێی و هه‌ندێ جاریش فشه‌کردنی و...زۆری دیکه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ بۆ سیاسه‌تکاره‌ چوارچێوه‌یی و قاڵبییه‌کان، قووت نه‌ده‌درا و به‌ خێسه‌وه‌ لێیان ده‌نۆڕی.
*****
قه‌ززافی، که‌ له‌ 1969دا، به‌ کوودێتایه‌کی سه‌ربازی، ڕێژیمی پاشایه‌تی لیبیای گۆڕی و کردی به‌ کۆماری. وه‌ک که‌سێکی سه‌رسام به‌ جه‌مال عه‌بدونناسر و بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و سۆسیالیزم، که‌وته‌ وه‌ده‌رنانی ته‌واوی بنکه‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌مه‌ریکی و بریتانییه‌کان، که‌ له‌ لیبیا بوون و ده‌ستی به‌ سه‌ر نه‌فتی وڵاته‌که‌یدا گرت و لیبیای له‌ کۆمپانیا بیانییه‌کان ڕزگار کرد. هه‌موو ئه‌و کرده‌وانه‌ و ئه‌و کۆمه‌کانه‌ی به‌ بزاڤ و خه‌ڵکانی شۆڕشگێڕی جیهان ده‌یکرد   و داڵده‌دانیان، دژ به‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا بوون، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وان، قه‌ززافییان خسته‌ خانه‌ی تێرۆریزم و نه‌یارانی خۆیانه‌وه‌.
*****
دوو ئه‌ندازیارم دیتن، یه‌کێکیان له‌ ئاماده‌یی پێکه‌وه‌ خوێندوومانه‌ و ئێستاکه‌ ئه‌ندازیاری بیناسازی و ڕێگه‌ و پرد و ئاوه‌، ئه‌وی دیکه‌شیان ئه‌ندازیاری نه‌فته‌، هه‌ریه‌که‌یان ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک له‌ لیبیا ژیابوون، ده‌یانگوت، قه‌ززافی زۆری بۆ خه‌ڵکی لیبیا کردووه‌ و پێیان سه‌یر بوو خه‌ڵک له‌ دژی ڕاده‌بن!
*****
قه‌ززافی، له‌ خۆراک و ژیانیدا پیاوێکی ساکار بوو و وه‌ک بیروبۆچوون و تیۆری و جیهانبینیش، پیاوێکی وشک و له‌قاڵبدراو نه‌بوو. ئه‌و پتر خه‌یاڵاوی بوو و خه‌ونی زۆریشی ده‌بینی. ده‌سه‌ڵات، خاوێنترین و خه‌یاڵاویترین و خه‌ونبینترین مرۆڤ، له‌خشته‌ ده‌بات و ده‌ستی ده‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆی، ڕه‌وتار بکا و بدزێ و ببڕێ و بکوژێ و سامان خڕکاته‌وه‌ و خه‌ڵک سه‌رکوت و ده‌مکوت کا و بچه‌وسێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی بوو به‌ ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌ستیڕۆیشت ئیدی خۆی له‌بیر ده‌کات و پێیوایه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی تا بوون هه‌یه‌ ده‌مێنێت، بۆیه‌ له‌ هیچ شتێک ده‌ست ناپارێزێت، به‌ تایبه‌تی له‌ خراپه‌کاری. به‌ کوردییه‌که‌ی: ئه‌وه‌ی ده‌ستی بڕوات خودای خۆی ناناسێت. قه‌ززافیش، ده‌سه‌ڵاتدار بوو و خاوه‌نی سامان و ده‌وڵه‌ت و هێز و هه‌موو ئه‌وانه‌ بوو، ئه‌ویش خلیسکا و خۆی لێ بایی بوو و که‌وته‌ وێزه‌ی خه‌ڵک. ئه‌ویش هه‌موو لیبیای کرده‌ زیندانێکی گه‌وره‌ و به‌رین و هه‌موو گه‌لی لیبیای بۆ په‌رستنی خۆی بارده‌هێنا و په‌روه‌رده‌ ده‌کرد و که‌سی له‌ خۆ به‌ولاوه‌ به‌ ڕاست نه‌ده‌زانی و ده‌ستی کوڕ و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی خۆی و ئه‌وانه‌ی به‌ سه‌ری وی سوێندیان ده‌خوارد، واڵا کردبوو بۆ گیانی گه‌لی لیبیا و خڕکردنه‌وه‌ و داگیرکردنی سامانی وڵات.
*****
20/10/2011، له‌ زێدی خۆی(سیرت)، قه‌ززافی به‌ شێوازێکی گه‌لێک دڕندانه‌ و نامرۆڤانه‌ و به‌ برینداری و یه‌خسیری،کوژرا. قه‌ززافی به‌ زیندوویی گیرا، به‌ڵام ده‌سبه‌جێ کوژرا. کوشتنی قه‌ززافیش، که‌ هه‌رگیز هه‌روا و هه‌ڕه‌مه‌کی نه‌بوو، وه‌ک کوشتنی بین لادن و کوشتنی سه‌ددام حوسه‌ین بوو. زلهێزه‌کان و ده‌سگا سیخوڕییه‌کان و وڵاته‌کانیان، نایانه‌وێت که‌سانێک وه‌ک ئه‌مانه،‌ دوای دۆڕانی ده‌سه‌ڵاتیان، له‌ به‌رده‌م دادگه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ و دادپه‌روه‌ردا، بێنه‌ گۆ و بێنه‌ زمان و قسه‌ی خۆیان بکه‌ن و نهێنییه‌کان بدرکێنن. زلهێزه‌کان، نایانه‌وێ نهینییه‌کانی خۆیان ده‌رکه‌ون. هه‌ر له‌ دوای 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌‌، که‌ ئیدی بووشی کوڕ، جیهانی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا به‌شییه‌وه‌، هیچ که‌سێکی نه‌یاری ئه‌مه‌ریکا، که‌ له‌ سیاسه‌تدا نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاوی هه‌بێ و نهێنی له‌کن بێ، ناهێڵڕێته‌وه‌ و ده‌سبه‌جێ له‌نێو ده‌برێ، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌م نه‌کاته‌وه‌ و هه‌موو شتێک له‌گه‌ڵ لاشه‌که‌یدا وه‌ژێر گڵ که‌وێت. کوشتنی خێرای ئه‌و که‌سانه‌، شاردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک نهێنییه‌ و له‌گۆڕنانی چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکه‌ بۆ ده‌رکه‌وتنی ڕاستییه‌کان.
*****
 من، هه‌رگیز دیکتاتۆر و چه‌وسێنه‌ر و سه‌رکوتکه‌ر و سته‌مکارم خۆش نه‌ویستووه‌ و خۆش ناوێت و ده‌شزانم قه‌ززافیش یه‌کێک بوو له‌وان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو فشه‌ و له‌خۆباییبوون و بڕێک ڕه‌وتار و گوتاری سه‌یرو‌سه‌مه‌ره‌شیدا، هه‌رگیز نه‌ ڕقم لێی ده‌بووه‌وه‌ و نه‌ش ڕقم لێی ده‌بێته‌وه‌. فره‌جاریش وه‌ک مرۆڤێکی خودان خه‌ون و خودان هه‌ڵوێست ته‌ماشام ده‌کرد. ئه‌وانه‌ی دژی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا و ئیمپریالیزم و سه‌رمایه‌دارین، هه‌میشه‌ مۆری شێتی و سه‌ره‌ڕوویی و تێرۆریزم و دواکه‌توویی و دژه‌مرۆڤی و دڕنده‌یی و خراپه‌کارییان، له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، پێوه‌ ده‌نرێ و ‌ هه‌رگیز لێیان نابێته‌وه‌، تا سه‌ریان ده‌خۆن. قه‌ززافیش یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی، که‌ وه‌به‌ر نه‌فره‌تی ئه‌و زلهێزانه‌ که‌وت. ئیمپریالیزمی جیهانی، ئه‌مه‌ریکا، سه‌رمایه‌داری، به‌ وشه‌ی دیموکراتی، مافی مرۆڤ، ئازادی تاک، مافی ژنان، بازاڕی ئازاد و کۆمه‌ڵێک ده‌سته‌واژه‌ی بریقه‌دار و له‌سه‌رزمان خۆش، فریوی هه‌موو جیهان ده‌ده‌ن. ئه‌وان ئه‌و سیستم و بیرکردنه‌وه‌ و جیهانبینییه‌ و شێوه‌ ژیانه‌ی خۆیان، کردوونه‌ته‌ پێوه‌رێک، بۆ هه‌موو جیهان. تۆ، که‌ وه‌ک ئه‌وان نه‌ژیت و بیر نه‌که‌یته‌وه‌، ئیدی تۆ له‌ ده‌رێی بازنه‌که‌ی ئه‌وانیت و تۆ ناگۆنجێی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ئه‌واندا. که‌ له‌ ده‌رێی ئه‌و بازنه‌یه‌ش بوویت و که‌ نه‌شگونجای له‌گه‌ڵ ره‌وتی ئه‌واندا و که‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌وان ده‌یڵین و ده‌یکه‌ن، پێت قووت نه‌درا و که‌ ڕه‌فزی ئه‌وانت کرد، ئیدی تۆ، تێرۆریست و شێت و مرۆڤکوژ و خراپه‌کار و ده‌رووننه‌خۆش و توندڕۆ و هه‌زارویه‌ک شتی بێفه‌ڕی دیکه‌یت. قه‌ززافیش، تا ده‌سه‌ڵات، تووشی سه‌رلێشێوان و شه‌واره‌ی نه‌کرد، یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی، له‌ده‌رێی گه‌ل، له‌ ده‌رێی بازنه‌که‌ی‌ ئه‌وان، ده‌یخوێند و ده‌یچڕی.
****
عیراق، پاش 14ی ته‌ممووزی 1958 و له‌نێوبردنی بنه‌ماڵه‌ی شافه‌یسه‌ڵی دووه‌م، خێری له‌ خۆی نه‌دی و تا ئه‌مڕۆ له‌ خراپه‌وه‌ به‌ره‌و خراپتر ڕۆیشتووه‌. دوای ڕووخاندنی سه‌ددام حوسه‌ینیش، ڕه‌وشی عیراق باشتر نه‌بوو، مادام زمانی بگره‌ و بکوژه‌ و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دی له‌ سیاسه‌تدا زاڵ بێت و مادام کارگه‌ی دروستکردنی دیکتاتۆر و مرۆڤکوژ و خراپه‌کار،  سروشی له‌ هزری ئیمپریالیزمی جیهانی و ئه‌مه‌ریکا بۆ بێت و مادام سه‌رمایه‌داری، هه‌ژاری و نادادی و سته‌م به‌سه‌ر زۆرینه‌ی مرۆڤی جیهاندا ببه‌شێته‌وه‌، به‌ نه‌مانی بین لادن و سه‌ددام حوسه‌ین و قه‌ززافی و خه‌ڵکی دیکه‌ش، جیهان، هه‌رگیز ئارامی و ئاسووده‌یی و داد، به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت و ده‌رده‌کانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی، کۆتاییان نایه‌ن. له‌و بروایه‌شدا نیم،‌ جیهانی پاش قه‌ززافی و بێ قه‌ززافی، گه‌لێک له‌وه‌ی پێشتر، ڕۆشنتر و ڕه‌نگینتر بێت.  

 23/10/2011

Friday, September 23, 2011

کۆنفراسی چێکردنی زمانی کوردی یا کۆنفرانسی کوژتنی زمانی کوردی

کۆنفراسی چێکردنی زمانی کوردی یا کۆنفرانسی کوژتنی زمانی کوردی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

زمانی کوردی، له‌و ده‌مه‌وه‌، که‌ هه‌بووه‌ و تائێستاش، که‌ هه‌یه‌، هێنده‌ی ئه‌مڕۆ، له‌ ته‌نگژه‌ و دژواریدا نه‌بووه‌. ئه‌گه‌ر جاران داگیرکارانی کوردستان و نه‌یارانی کورد، هه‌وڵی تێکدان و له‌نێوبردن و سڕینه‌وه‌ی زمانی کوردییان ده‌دا، ئه‌مڕۆ  کورد بۆ خۆی ئه‌و کاره‌ ده‌کات.                            
باشووری کوردستان، ئه‌مڕۆ کارگێڕییه‌کی خۆماڵی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و حوکوومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌یه‌ و جۆره‌ ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌که‌ و ‌به ‌سه‌دان ده‌سگای ڕووناکبیری و زمانه‌وانی و زانستگه‌ و په‌روه‌رده‌یی و هه‌زارویه‌ک شتی دیکه‌ی له‌و جۆره‌ی تێدایه و به‌ سه‌دان ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری تێدا په‌خش ده‌کرێن و بڵاو ده‌بنه‌وه‌، که‌ ده‌بوو ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌ خزمه‌تی زمانی کوردیدا بووایه‌ن، ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ ژینگه‌یه‌ک بۆ تێکدان و وێرانکردنی زمانی کوردی.                                      
ده‌سه‌ڵاتێک له‌ کوردستان فه‌رمانڕه‌وایه‌، هێنده‌ی خه‌می پاره‌وپووڵ و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خۆی و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی خۆیه‌تی، گچکه‌ترین و ئاساییترین هه‌ستی زمانه‌وانی و به‌ته‌نگ زمانه‌وه‌ بوون و بیرکردنه‌وه‌ له‌ زمان و خه‌می زمانی نییه و له‌ ئاست قه‌یرانێکی کوژنده‌، که‌ زمانی کوردی پێدا تێده‌په‌ڕێ و له‌ ئاست مردن و نه‌مانی زمانی کوردی، که‌ ئێستا له‌ گیانه‌ڵڵادایه، خۆی که‌ڕ کردووه‌ و هه‌ر ده‌ڵێی باسه‌که‌ چ پێوه‌ندێکی به‌وه‌وه‌ نییه‌.                                                            
له‌م ڕۆژه‌ دواییانه‌ی مانگی سێپته‌مبه‌ری 2011 ه‌دا، کۆنفرانسێک له‌مه‌ڕ زمانی کوردییه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر ساز کرا، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی به‌ناو زمانزانی بۆ بانگرابوون و له‌وێ باسی ڕه‌وشی ئێستا و داهاتووی زمانی کوردییان کرد. من ناڵێم ته‌واوی ئه‌وانه‌ی به‌شداربووانی کۆنفرانسه‌که‌، به‌ڵام زۆرینه‌یان، نه‌ک هه‌ر زمانزان نه‌بوون، به‌ڵکه‌ چ پێوه‌ندیشیان به‌ زمانی کوردییه‌وه‌ نییه‌. ڕه‌نگه‌ تاکه‌تاکه‌یه‌ک له‌و به‌شداربووانه‌ هه‌ستێکی زمانه‌وانی یا خه‌مێکی زمانیان هه‌بێت، به‌ڵام زۆرینه‌ "دابه‌زیوی ئوتێلی زمانن".                                                                                                    
هه‌واڵی ئه‌و کۆنفرانسه‌ و هه‌ندێ دیدارم له‌ باره‌یه‌وه‌، له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ دیت. هه‌ندێک له‌و مامۆستایانه‌ به‌ جۆرێک باسی زمانی کوردییان ده‌کرد و بیر و بۆچوونی خۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌رده‌بڕی، که‌ منێکی عه‌وامی زماننه‌زانی قوژبنێکی ئه‌م جیهانه‌ شه‌رمم به‌خۆم ده‌هات و ته‌ریق ده‌بوومه‌وه‌. ئه‌مه‌ حاڵی بیرکردنه‌وه‌ی زمانه‌وانه‌کانمان بێت، ده‌بێ منداڵێکی تازه‌ ده‌ست به‌ خوێندنی زمانی کوردی ده‌کات یا بابایه‌که‌ی ئه‌و سه‌ر جادانه‌ی کوردستان چ بڵێ!                               
کۆنفرانسێک له‌ باشووری کوردستان ساز ده‌کرێت و باس له‌ ڕه‌وشی زمانی کوردی له‌ باشووری کوردستان ده‌کات، به‌ڵام ده‌یه‌وێت ناوی جاده‌ و هه‌موو تابلۆیه‌کی شوێنه‌ گشتییه‌کانی باشووری کوردستان به‌ هه‌ردوو تیپی کوردی و لاتینی بنووسرێن، هیچ یه‌ک له‌و مامۆستا و پرۆفێسسۆر و زانایانه‌ی له‌و کونفرانسه‌دا به‌شدارن، ناڵێن بۆ تیپی لاتینی، له‌ کاتێکدا تۆ له‌ کوردستانێکدا ده‌ژیت گرێدراوی عیراقی عه‌ره‌بییه‌!                                                                              
پرۆفێسسۆرێک باسی ئه‌ڵمانیا ده‌کات، که‌ گوایه‌ به‌ دوو زاراوه‌ی زمانی ئه‌ڵمانی میدیا و خوێندن و کاروباری زمان ئه‌نجام ده‌درێت و وه‌ک نموونه‌ش باس له‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌ڵمانیای ڕۆژاوا ده‌کات.! ئه‌مه‌ هه‌رگیز وا نییه‌ و ئه‌ڵمانیا له‌ یه‌ک زمانی ستاندارد و ڕه‌سمی پتری نییه‌ و هه‌ردوو ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوای ئه‌ڵمانیاش به‌ڵی دوو جۆره‌ شێوه‌ی حوکمڕانییان تێدا بوو و دوو جۆره‌ ئایدیۆلۆگیای جیاواز به‌ڕێوه‌یانی ده‌برد و تێیاندا زاڵ بوون، لێ یه‌ک زمانیان هه‌بوو و هه‌یه‌ و خاوه‌نی یه‌ک فه‌رهه‌نگن. مامۆستایه‌ک داوا ده‌کات، که‌ هه‌رچی بڵاوکراوه‌ و نووسین‌ له‌ باشووری کوردستان هه‌یه‌ بڵا به‌ هه‌ردوو تیپی کوردی و لاتینی بنووسرێن و په‌خش بکرێنه‌وه‌، چونکه‌ 20 میلیۆن کوردی باکووری کوردستان تییپی کوردی(ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی) نازانن و ناتوانن بخوێننه‌وه‌! من له‌و مامۆستایه‌ ده‌پرسم له‌و 20 میلیۆنه‌ کورده‌، چه‌ندیان کوردی ده‌زانن و به‌ کوردی ده‌ئاخڤن و کوردی ده‌خوێننه‌وه‌ و ده‌نووسن!                                                                                            
زۆرێک له‌وانه‌ی بانگی ئه‌و جۆره‌ کۆنفرانس و خڕبوونه‌وانه‌ ده‌کرێن، هه‌موو په‌رۆشییه‌کانیان له‌ چوارده‌وری ورگ و گیرفانیان ده‌خولێته‌وه‌، به‌وه‌ی، که‌ پاره‌و‌پووڵی سه‌فه‌ره‌کانیان بۆ هه‌ولێر بدرێت و چه‌ند ڕۆژێک له‌و هوتێل و ڕیستۆرانته‌ ئارام و که‌شخه‌ و پڕخۆراکانه‌دا به‌سه‌ر به‌رن و دواتریش   له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا به‌رکیان پڕ بکرێ له‌ که‌سکه‌ سه‌د دۆلاریی بێلۆچ و سفت و نوێ.                   
کوردی باکووری کوردستان، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان یا ڕۆژاوای کوردستان، چییان داوه‌ له‌وه‌ی باسی ڕه‌وشی زمانی کوردی، خوێندنی زمانی کوردی، زمانی ستانداردی کوردی  له‌ باشووری کوردستان بکه‌ن ؟                                                                                         
ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ زمانه‌وه‌ له‌ باشووری کوردستان ده‌گوترێ و ده‌گوزه‌رێ و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌خوێنده‌وار و نادڵسۆزه‌که‌ی باشووری کوردستان کاری بۆ ده‌کات و پێڕۆی ده‌کات، بێجگه‌ له‌ دارووخانی زمانی کوردی و فه‌رهه‌نگی کوردی، شتێکی دیکه‌ نییه‌. ئه‌و سیاسه‌ته‌(ناسیاسه‌ته)‌ زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و کارمه‌ندان و ئه‌وانه‌ی له‌وێ به‌سه‌ر زمانه‌وه‌ ده‌له‌وه‌ڕێن، پێڕۆی ده‌که‌ن و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن، بێجگه‌ له‌ له‌تله‌تکردن و پاژکردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد و تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و نه‌هێشتن و له‌نێوبردن و کوژتنی نه‌ته‌وه‌ی کورد، شتێکی دیکه‌ نییه‌. کورد نامێنێت و له‌بری کورد، نه‌ته‌وه‌گه‌لی کرمانج، سۆران، هه‌ورامی، فه‌یلی، که‌ڵهوڕ، لوڕ، زازا، ئێزدی، شه‌به‌ک و....خودا ده‌زانی چی دیکه‌ دروست ده‌بن و زمانگه‌لی کرمانجی، سۆرانی، هه‌ورامی، فه‌یلی، که‌ڵهوڕی، لوڕی، زازاکی و .....په‌یدا ده‌بن و جێگه‌ی زمانی کوردی ده‌گرنه‌وه‌.                                                                    
ئه‌مڕۆ کورد زمانی ستانداردی خۆی هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌و زمانه‌یه‌، که‌ نالی، مه‌حوی، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، حاجی قادری کۆیی، مه‌سعوود موحه‌ممه‌د، عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی، شوکور مسته‌فا، هه‌ژاری موکریانی، هێمنی موکریانی، گۆران و...پێیان ده‌نووسی و ئێستاش میلیۆنان کورد ڕێچکه‌ی ئه‌وانیان گرتووه‌ته‌ به‌ر و پێی ده‌نووسن، ئیدی باسکردن له‌ هه‌ر گۆڕینێک و له‌ زمانێکی دیکه‌ی ستاندارد و له‌ ئه‌لفبێیه‌کی دیکه‌، بێجگه‌ له‌ له‌گۆڕنانی زمانی کوردی شتێکی دیکه‌ نییه‌.                                                                                                   
چه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاته‌ نابه‌رپرس و گه‌وجه‌که‌ی باشووری کوردستان به‌رپرسن له‌ کوژتتن و له‌نێوبردنی زمانی کوردی، ئه‌و کۆلکه‌ مامۆستا و پرۆفێسسۆر و زمانزانه‌ نه‌زانانه‌ی کوردستان دوو هێنده‌ به‌رپرسن له‌و‌ تاوانه‌، چونکه‌ ئه‌وان پاساو و به‌ڵگه‌ی سه‌قه‌ت و بیری چه‌وت بۆ ئه‌و کاره‌ ناڕه‌وایه‌ ده‌بیننه‌وه‌ و خه‌ڵکی کورد چه‌واشه‌ ده‌که‌ن و به‌ره‌و هه‌ڵدێری ده‌به‌ن، به‌ڵام به‌رپرسی یه‌که‌م و سه‌ره‌کی له‌و قه‌یران و ڕه‌وشه‌ هه‌ره‌خراپه‌ی زمانی کوردی و چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌ و ده‌رده‌کانی، له‌ ئه‌ستۆی باڵاترین ده‌سه‌ڵاتداری باشووری کوردستانه‌، که‌ مه‌سعوود بارزانییه‌. ئه‌و، ئه‌گه‌ر په‌رۆشێکی بۆ زمانی کوردی هه‌یه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانێت، که‌ کورد زمانه‌که‌ی پێش هه‌ر شتێکی دیکه‌ی دێت و گرنگترین شتێک، که‌ کورد هه‌یه‌تی، زمانه‌که‌یه‌تی، مه‌سعوود بارزانی، ده‌توانێت به‌ بڕیارێک ئه‌و هه‌را و ماڵوێرانییه‌ ببڕێته‌وه‌ و ئه‌و زمانه‌ کوردییه‌ له‌بار و شیرینه‌ی ئه‌و هێژایانه‌ی پێشتر ناوم بردن، به‌ ڕه‌سمی بکاته‌ زمانی ته‌واوی باشووری کوردستان و ببڕێته‌وه‌.                                                          
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌مه‌ڕ زمانی کوردییه‌وه‌ له‌ باشووری کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و پیاده‌ ده‌کرێ، ماڵوێرانییه‌که‌ له‌و گۆڕه‌ی. سڕینه‌وه‌ی هه‌موو بیرگه‌ی کورده‌ و تاوانێکه‌ له‌هه‌مبه‌ر هه‌موو تاکێکی کورد و خاکی کوردستان و داهاتووی کورد پیاده‌ ده‌کرێ و زمانی کوردی و فه‌رهه‌نگی کورد و نه‌ته‌وه‌ی کوردی تێدا له‌خاچ ده‌درێ.                                                                     
ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسانی باشووری کوردستان، بچووکتری خه‌می زمانی کوردی و فه‌رهه‌نگی کوردیان هه‌بووایه و زمانی کوردییان به‌هه‌ند وه‌رگرتبا‌، زارۆکه‌کانی خۆیان نه‌ده‌نارده‌ خوێندنگه‌ تایبه‌تییه‌کان، که‌ ساڵانه‌ی خوێندنی تاکه‌ زارۆکێک پتر له‌ حه‌فت هه‌شت هه‌زار دۆلاره‌ و ته‌واوی وانه‌کان و زمانی ئه‌و خوێندنگانه‌ ئینگلیزییه‌، بۆ نموونه‌ خوێندنگه‌ی شوێفات، که‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و پیرمامدایه‌. له‌وێ منداڵی کامه‌ زله‌به‌رپرست گه‌ره‌که‌ ده‌یبینییه‌وه‌. هه‌موو خه‌ڵکیش ده‌زانن، که‌ ئه‌و جۆره‌ خوێندنگانه‌ له‌ بنه‌وه‌ چ نه‌خشه‌یه‌کیان هه‌یه‌ و چ لایه‌ن و خه‌ڵکانێک و باوه‌ڕێک له‌ پشتی کار و دید و بارهێنان و پێگه‌یاندن و فێرکردنه‌وه‌کانیانه‌وه‌ن و بۆ چ مه‌رامێک ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن. منداڵانی هه‌ژارانی کوردستان له‌ خوێندنگه‌کانیاندا نه‌ ئاوی خواردنه‌وه‌یان هه‌یه‌ و نه‌ ئاوده‌ست.                                                                 
  ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئه‌م زمانه‌ ستاندارده‌ی ئێستای کوردی نه‌مێنێت و ببێته‌ جووتستاندارد(به‌ دیدی جووتزانایان و جووتسیاسییان و جووتمۆدێرنان و جووتپرۆفێسسۆران و جووتمامۆستایانی کورد) و ئه‌گه‌ر بڕیار بێت، له‌ ته‌نیشت ئه‌م زمان و ئه‌لفبێیه‌ ستاندارده‌ی ئێستای زمانی کوردیدا، ئه‌لفبێی لاتینی به‌کار ببرێت و زاراوه‌گه‌لی هه‌ورامی و فه‌یلی و کرمانجی و دملی و هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌ش ببنه‌ زمانی ستاندارد و ڕه‌سمی، ئه‌وا من به‌شبه‌حاڵی خۆم زۆرزۆرم پێ باشتره‌ و پێ خۆشتره‌ و پێ ڕاستتره‌، که‌ کورد ده‌ستبه‌رداری ئه‌م زمانۆکانه‌ی خۆی ببێت و زمانانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی ببنه‌ زمانی خه‌ڵکی کورد و شتێک به‌ ناوی زمانی کوردی ته‌نێ له‌نێو ماڵاندا بمێنێته‌وه‌ و ئه‌ویش به‌ تێپه‌ڕبوونی کات و ساڵان به‌ره‌به‌ره‌ نه‌مێنێت و له‌به‌ین بچێت. من هیچ له‌م قسه‌یه‌م په‌شیمان نیم، چونکه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک، به‌تایبه‌ت خوێندووانی، هێنده‌ بیرکۆڵ و نه‌زان و گێل و گه‌وج بن، هه‌رگیز شایسته‌ی ژیان و مانه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی نییه‌.                                                     
 23/9/2011     



Sunday, February 13, 2011

ڕابوون و گۆڕین به‌ خه‌ڵکی چاوبرسی و مشه‌خۆر ناکرێت

ڕابوون و گۆڕین به‌ خه‌ڵکی چاوبرسی و مشه‌خۆر ناکرێت
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

سووتانی گیانی موحه‌ممه‌د ئه‌لبوعه‌زیزی، گڕی به‌ردایه‌ ڕێژیمی توونس و زه‌ینولعابدین بین عه‌لی هه‌ڵفڕاند . گیانی شۆڕشگێڕ و یاخیی ئه‌لبوعه‌زیزی، چووه‌ له‌شی هه‌موو توونسییه‌کانه‌وه‌ و هه‌موویانی کرده‌ یاخیی و شۆڕشگێڕ. شۆڕشی خه‌ڵکی توونس، شۆڕشی ئه‌لبوعه‌زیزی بوو. سیدی بووزێد، چووه‌ نێو نه‌خشه‌ی جیهانه‌وه‌ و ئه‌لبوعه‌زیزی چووه‌ ڕیزی شۆڕشگێڕانی جیهانه‌وه‌. گڕی سووتانی ئه‌لبوعه‌زیزی، شه‌وه‌زه‌نگی مسرییه‌کانیشی ڕه‌وانده‌وه‌ و خه‌ڵکی مسریی هێنایه‌ هه‌ژان و ڕابوون تا حوسنی موباره‌کی سه‌رۆکی سی ساڵه‌ی وڵاته‌که‌یان ڕاونا. ئه‌لبوعه‌زیزی، ته‌مه‌ن 27 ساڵ، نه‌ بانگه‌شه‌ی ڕووناکبیری و نه‌ بانگه‌شه‌ی بڕوانامه‌ی زانستگه‌ و خوێنده‌واری کرد، ئه‌و ده‌رچوویه‌کی زانستگه‌ بوو، به‌ڵام ده‌ستفرۆش بوو، له‌ سه‌ر عاره‌بانه‌ سه‌وزه‌ و ته‌ڕه‌ و میوه‌ی ده‌فرۆشت، بۆ به‌خێوکردنی خێزانێکی 9 که‌سی.                                                                         
شۆڕش و ڕاپه‌ڕین، هه‌میشه‌ له‌و شوێنانه‌ ڕوو ده‌ده‌ن، که‌ نه‌داری، سته‌م، بێکاری، برسیه‌تی، گرانی، گه‌نده‌ڵی، چه‌وساندنه‌وه‌، هه‌ڵاواردن و جیاوازیی چینایه‌تی و ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وایه‌تی و ئایینی... زاڵ و باوه‌. ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌ب، ئێران، تورکیا، ئه‌فغانستان، پاکستان و کوردستانیش، هه‌موو، ته‌واوی ئه‌و دیاردانه‌ یا به‌شێک له‌وانه‌یان تێدایه‌ و ده‌شێ گڕی شۆڕش، زوو یا دره‌نگ، هه‌موو ئه‌و ده‌ڤه‌ر و وڵاتانه‌ بته‌نێته‌وه‌.                                                                                    
کوردستان، ئه‌مڕۆ و له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بیست ساڵه‌ی هه‌ردوو زلحیزبی پارتی و یه‌کیه‌تیدا، وڵاتێکه‌ به‌ ده‌ست گه‌نده‌ڵی و به‌رپرسی دز و جیاوازیی چینایه‌تییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ. چینێکی به‌رپرسی حیزب و پیاوانی حوکوومه‌ت و سه‌رمایه‌داران و گرێدراوانی ئه‌وان، ژیانێک ده‌ژین، چینه‌که‌ی خواره‌وه‌، ته‌نیا له‌ ته‌له‌ڤزیۆن و فیلمدا، یا له‌ خه‌ون و خه‌یاڵدا، وێنه‌گه‌لی له‌و جۆره‌ ده‌بینن.                                                               
به‌رپرسانی حیزب، که‌ هه‌ر خۆیشیان به‌رپرسیی حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتن، بێجگه‌ له‌ مووچه‌ی حیزب و ئه‌ندامیه‌تی حیزب، که‌ له‌ هیچ جێگه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه‌ نه‌بووه‌ و نییه‌، ئه‌ندامی حیزب، مووچه‌ وه‌رگرێ، هه‌ریه‌که‌و ده‌یان خانوو و کۆشک و سه‌دان دۆنمه‌ زه‌وی و باخ و ده‌یان ئۆتۆمبیل و سه‌دان پاسه‌وان و هه‌زاران شتی دیکه‌ی خه‌یاڵییان هه‌یه، که‌ سه‌رجه‌م له‌ پووڵی ئه‌و وڵاته‌ و له‌ ده‌می ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌یگرنه‌وه‌‌ و به‌ مافی خۆیانی ده‌زانن هه‌یانبێت.                                                                   
ئێستاش و دوای بیست دانه‌ ساڵی ده‌سه‌ڵات، هێشتا، نه‌ک هه‌ر به‌رپرسان بۆ خۆیان، که‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان، وه‌ چیا که‌وتوون و به‌شداریی بزاڤی چه‌کداریی کوردیان کردووه‌، خۆ به‌ که‌ڵه‌گا ده‌زانن و کات و ناکات، قه‌وانی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی و ماندووبوون بۆ خه‌ڵک لێده‌ده‌نه‌وه‌ و منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌که‌ن، منداڵ و ژن و خزم و خوێشی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یش وا به‌ خوێی چێشت پێیان ده‌گه‌ن، که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ شارانیش ژیابن و ئاسووده‌ و ئارام و خۆشگوزه‌رانیش بووبن و کاروباریشیان به‌ ڕێکوپێکی ڕۆیشتبێ، ئه‌وانیش هه‌مان ناز و فیز، به‌ سه‌ر خه‌ڵکدا لێده‌ده‌ن و پێیانوایه‌ خزمه‌تی خه‌ڵکیان کردووه‌ و له‌ پێناوی خه‌ڵکدا چوونه‌ته‌ چیا و پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ی نه‌چووبێته‌ چیا، ئیدی جاش و خۆفرۆش و پیاوی ڕێژیم و خیانه‌تکار بووه‌. کام به‌رپرسی حیزبی و له‌شکریی سه‌رده‌می چیا، ئێستا و له‌م بیست ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتیاندا، که‌وڵی شاخی فڕێ نه‌داوه‌ و ئێستا خۆی له‌نێو چینێکی بۆرژوازیی گیرفانپڕی گیرفانبڕی جه‌رده‌ی تێروته‌سه‌لی باڵای جڤاکی کوردستاندا خۆی نابینێته‌وه‌! ئه‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستایان، ڕێک سه‌لماندنی ئه‌وه‌یه‌، که‌ سه‌رده‌می چیایشیان به‌راییه‌ک بووه‌ بۆ ئه‌م باره‌ نائاساییه‌ نادادییه‌ ناڕه‌واییه‌ی ئێستایان و ته‌واوی ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ خه‌باتی داده‌نێن و خۆیانی پێوه‌ باده‌ده‌ن، پێده‌چێ، بۆ ئه‌مه‌یان کردبێ.                                                                                        
ئه‌گه‌ر له‌ توونس و مسر، خوێندکاران، ده‌رچووانی زانسته‌گه‌کان، پارێزه‌ران، کارگه‌ران، وه‌رزێران، ئه‌ندازیاران، بژیشکان، کارمه‌ندان، مه‌لا و پیاوانی ئایین، کچان، لاوان و هه‌موو خه‌ڵکانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌، هاتنه‌ سه‌ر جاده‌ و ڕێژیمی وڵاته‌کانیان ڕووخاند، مه‌رج نییه‌ له‌ هه‌موو وڵاتێک هه‌مان شت وه‌ک کۆپێیه‌کی مسر و توونس ڕوو بدات، هه‌ر وڵاته‌و هه‌لومه‌رجی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ له‌ وه‌ها ڕابوونێکدا، ئه‌وه‌یه‌، که‌ خه‌ڵکانێک ده‌توانن وه‌ها کرده‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌  ئه‌نجام بده‌ن، که‌ چ گرێدراوییه‌کیان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نه‌بێت .                                                                        
 خه‌ڵکی بێبه‌ش و سته‌مدیده‌ و هه‌ژار و چه‌وساوه‌، ده‌توانن ڕاپه‌ڕن، چونکه‌ هیچیان نییه‌ بیدۆڕێنن و به‌و ڕابوونه‌یان ئومێدی خۆشگوزه‌رانییان هه‌یه‌. ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵکه‌ن، ده‌توانن بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و داد و یه‌کسانی و ئازادی بکه‌نه‌وه‌. ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵکه‌ن، که‌ هیچ شتێک به‌ ڕێژیم و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نایانبه‌ستێته‌وه‌ و چاویان له‌ دووی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و دزی و پووڵ نییه‌، بۆیه‌ ده‌توانن ڕابن و ده‌توانن به‌ ده‌نگی بڵند هاواری ڕووخانی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن.                                                                            
له‌ هه‌موو باشووری کوردستاندا، ده‌رچوویه‌کی زانستگه‌ نادۆزێته‌وه‌، شاگردی چێشتخانه‌، کارگه‌ری هوتێل، بارهه‌ڵگر، ده‌سفرۆش، به‌قاڵ، دێوه‌ره‌ یا وه‌رزێر بێت. هه‌موو ده‌رچوویه‌کی ئێستای زانستگه‌، هه‌موو زانیاری و خوێنده‌وارییه‌کی، که‌ هه‌یه‌تی، ناگاته‌ نیوه‌ی زانیاری و خوێنده‌واریی ده‌رچوویه‌کی پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی ساڵانی 1950کان، که‌چی به‌وه‌ قایل نابێت ئه‌گه‌ر به‌ که‌متر له‌ بڕوانامه‌که‌ی خۆی کار بکات. هه‌رچی کارگه‌ری خاوێنکردنه‌وه‌ی جاده‌ و شاروانییه‌کان و هوتێل و چێشتخانه‌ گه‌وره‌کان و فڕۆکه‌خانه‌ و مه‌یخانه‌ و ده‌یان جێگه‌ی دیکه‌ی کوردستانه‌، هه‌موو به‌نگلادیشی، هیندی، لوبنانی، مسری، نیپاڵی، ئه‌سیووپی و هی دیکه‌ن. چینه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان(به‌رپرسانی حیزب و ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌داران)، ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌وه‌ نه‌وه‌ستاون،  ته‌نێ کارگه‌ری ئه‌و شوێنانه‌ له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ هاورده‌ بکه‌ن، به‌ڵکه‌ کچانی ئه‌سیووپی و فیلیپپینی و تایله‌ندی و شوێنانی دیکه‌، له‌ ماڵه‌کانیاندا وه‌ک کاره‌که‌ر ماڵیان بۆ خاوێن ده‌که‌نه‌وه‌ و منداڵیان بۆ به‌خێو ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆیه‌ و ڕه‌نگی نینووکی خانمه‌کانی خۆیان کاڵ نه‌بێته‌وه‌ یا بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن کوردستانیش وه‌ک دوبه‌ی لێهاتووه!                           ‌                                                       
له‌ مه‌غریب و توونس و مسر، ده‌رچوویه‌کی زانستگه‌، ئه‌وپه‌ڕی که‌یفسازه‌ به‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر له‌ چایخانه‌، چێشتخانه‌ یا هوتێلێکدا کارێکی پاکژکردنه‌وه‌ و خزمه‌تکردنی ده‌ستکه‌وێت، لێ له‌ کوردستانه‌که‌ی ئێمه‌، هیچ ده‌رچوویه‌کی زانستگه‌ به‌وه‌ قایل نابێت. زانستگه‌کانی وڵاته‌که‌ی ئێمه‌، گوته‌بێژی زۆر بڵێ و هیچ نه‌گۆ و زار له‌ هه‌سان دراو، که‌سایه‌تی سیاسی ناسیاسی، شاره‌زای ناشاره‌زا، ڕۆژنامه‌نووسی نه‌خوێندوو و ترسنۆک و خه‌ڵکی گوێڕایه‌ڵی ده‌سه‌ڵات، به‌رهه‌مدێنن.                                                                     
له‌ توونس و مسر، ئه‌ندازیاران و بژیشکان و کچانی زانستگه‌ و مامۆستایان و پارێزه‌ران، پاش ته‌واوبوونی خۆپێشاندان و ڕابوونه‌که‌یان و گه‌یشتنه‌ ئامانج و سه‌رکه‌وتن، ئه‌وانن، بۆ خۆیان مه‌یدان و گۆڕه‌پان و شه‌قامه‌کان، خاوێن ده‌که‌نه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی کارگه‌ره‌که‌ی شاره‌وانی بکه‌ن، که‌ بێت خاوێنی بکاته‌وه‌. ئه‌وان هه‌رگیز خۆیان له‌ کارگه‌رانی شاره‌وانی، به‌ زلتر و گه‌وره‌تر و باڵاتر، نازانن. که‌ی له‌ کوردستان وه‌هایه‌!                                              
له‌ وڵاتێکدا، که‌ هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ی بکڕووزێنه‌وه‌ و ساڵ دوانزده‌ مانگ هاواری ته‌نیا خۆیان بکه‌ن، سه‌خته‌ گۆڕین ڕووبدات. خه‌ڵکی وڵاتێک وشه‌گه‌لی: "جا کوا چیم بۆ کراوه‌!" یا که‌سێک هه‌میشه‌ "هیچم بۆ نه‌کراوه"‌ی‌ له‌سه‌ر زار بێت، چاوه‌ڕێی هیچی لێناکرێت. ئه‌و، که‌ ده‌ڵێ چیم بۆ کراوه‌ و هیچم بۆ نه‌کراوه‌، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نییه‌، ژینگه‌ی وڵاته‌که‌ی ژاراوی و وێرانه‌، ڕۆژانه‌ له‌ هاوتووچۆی ئۆتۆمبیلدا ده‌یان که‌س ده‌بنه‌ قوربانی، کشتوکاڵ خراپه‌ و ته‌واوی سه‌وزه‌ و میوه‌ له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ دێت، ده‌رمانی کاتبه‌سه‌رچوو و خۆراکی کاتبه‌سه‌رچوو پڕ بازاڕه‌، سه‌رمایه‌داران و به‌رپرسان و بازرگانان و بژیشکان، خه‌ڵک ده‌ڕووتێننه‌وه‌ و هه‌موو ڕۆژێک نرخ به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌ و نرخ هێنده‌ی ئه‌وروپا گرانه‌، هیج کارێک به‌ بێ واسیته‌ و ناسیاوی و به‌رتیل و ده‌ستماچکردن و مه‌رایی ناڕوات، ئاوی پاکی خواردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو که‌س نییه‌، ئه‌له‌کتریک بۆ هه‌موو که‌س و هه‌موو کات نییه‌، گه‌نده‌ڵی هه‌موو جمگه‌کانی ژیان و سیاسه‌ت و ئابووری و جڤاکی و ڕۆشنبیری و ته‌نانه‌ت ئایینیشی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵکه‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌، که‌ پارچه‌ زه‌وییه‌کیان پێ نه‌داوه‌، پاسه‌وانی نییه‌، مووچه‌که‌ی له‌ مووچه‌ی فڵانه‌ به‌رپرس که‌متره‌، خانووه‌که‌ی له‌ خانووه‌که‌ی فڵان نه‌ویتره‌، کوڕه‌که‌ی یا کچه‌که‌ی له‌ خوێندنێکی که‌ کوڕ یا کچی فڵانه‌ به‌رپرس ده‌یخوێنێ وه‌رنه‌گیراوه یا مۆدێلێ ماشینه‌که‌ی له‌ هی فڵانه‌که‌سی کۆنتره‌‌. به‌ کوردییه‌که‌ی ئه‌و بۆ خۆی ده‌گری و به‌س، هه‌رگیز به‌زه‌یی به‌یه‌ک به‌نده‌ی خودادا نایه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌و گرنگ نییه‌، ده‌سه‌ڵاتداران دزی ده‌که‌ن و به‌ دزی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و گه‌نده‌ڵن، بۆ ئه‌و ئه‌وه‌ گرنگه‌ خۆیشی وه‌ک ئه‌و به‌رپرسانه‌ هه‌یبێت و بچێته‌ ڕیزی ئه‌وانه‌وه‌.                                         
کوردستان، هیچ له‌ مسر و توونس و ئێران و یه‌مه‌ن و سووریا و....جیاواز نییه‌ و له‌ ڕووی گه‌نده‌ڵیشه‌وه‌ له‌وان که‌متر نییه‌. ئه‌وه‌ی، که‌ ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان پێیوایه‌ حوکوومه‌ت و په‌رله‌مانه‌که‌ی هه‌ڵبژێردراون و به‌ ده‌نگی خه‌ڵک هاتوونه‌ سه‌ر کار و دامه‌زراون، له‌و وڵاتانه‌ش هه‌ر به‌و جۆره‌ بووه‌ و ئه‌وانیش به‌ ده‌نگدان، ئیدی چ جۆره‌ ده‌نگدانێک، بوونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان، باس له‌ دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕاده‌بڕین و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵک ده‌کات، ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاتانه‌یش هه‌مان قسه‌وباسیان ده‌کرد و ده‌که‌ن. هیچ مه‌رجیش نییه‌، ده‌سه‌ڵاتێک به‌ ده‌نگدان هاتبێته‌ سه‌ر کار، ئیدی زۆر دادپه‌روه‌ر و گه‌لێر و مرۆڤدۆست و بڕوادار به‌ ئازادی مرۆڤ و ده‌ستپاک بێت. ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازی و تۆڕه‌یه‌ی، له‌ توونس و مسره‌وه‌ ده‌ستیپێکرد، ده‌شێ کوردستانیش بگرێته‌وه‌ و کوردستانیش، ده‌بێ گۆڕینی تێدا بکرێ و خه‌ڵک ئه‌و گۆڕینه‌ بکات نه‌ک ده‌سه‌ڵات، چونکه‌ ده‌سه‌ڵات ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری سامان و تێڵای خۆی بێت و ده‌سه‌ڵات گۆڕین ناکات، چونکه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێک له‌ هیچ کوێیه‌کی جیهاندا، هه‌رگیز به‌ خۆی ناڵێ خراپ و گه‌نده‌ڵ و دز، لێ وڵاتێکیش گۆڕینی تێدا ده‌کرێ، خه‌ڵکه‌که‌ی وڵاتپارێز بن و خاک و خه‌ڵک و مرۆڤ و ژینگه‌ی وڵاته‌که‌یان خۆش بووێت و هه‌ر بۆ خۆیان نه‌گرین و هه‌ر بۆ خۆیان نه‌ژین. گۆڕین به‌ خه‌ڵکێک ناکرێ، که‌ بۆ خۆیان چه‌ندین ساڵ به‌شێک بووبن له‌ ده‌سه‌ڵات و وه‌ک ده‌سه‌ڵات و بریتی ده‌سه‌ڵات بهزرێن و بیانه‌وێت جێگر و بریتی ده‌سه‌ڵات بن و خۆیان تێڵاکه‌ بگرنه‌ ده‌ست. گۆڕین به‌ خه‌ڵکێک ناکرێت، ‌ هه‌ژاری و نه‌داری، به‌ قانوونی سرشت و ده‌وڵه‌مه‌ندی و دارایی و ده‌سه‌ڵات، به‌ خواپێدان بزانن.                                                                         
له‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتگرنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی زلحیزبانی کوردستان له‌ 1991ه‌وه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌، میلله‌تێکی له‌ سه‌ر هه‌ڵپه‌ بۆ پووڵ په‌یداکردن و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون، بارهێناوه‌ و به‌رهه‌مهێناوه‌. خه‌ڵکی ته‌واوی هزر و هۆشیان خستووه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ زیادکردنی سامان و چۆنیه‌تی ده‌سکه‌وتی زیاتر. خه‌ڵک، ئه‌گه‌ر خانوویه‌کیان هه‌بێت، دیانه‌وێ بیکه‌نه‌ دوو و سێ و پتر، ئه‌گه‌ر پارچه‌یه‌ک زه‌وییان هه‌بێت، ده‌یانه‌وێ بیکه‌نه‌ سێ پارچه‌ زه‌وی و زیاتر، ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبیلێکیان هه‌بێت، ده‌یانه‌وێ بیکه‌نه‌ چوار، ئه‌گه‌ر ژنێکیان هه‌بێت، بیکه‌نه‌ دوو و سێ، مووچه‌یه‌کیان هه‌بێت، بیکه‌نه‌ پێنج مووچه‌. ده‌سه‌ڵات‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی مشه‌خۆری به‌رهه‌مهێناوه‌، که‌ له‌به‌ر تێڕه‌یی و چاوبرسییه‌تی هه‌رگیز ناتوانێت ڕاپه‌ڕێت! هه‌زاران ژن به‌ ناوی شه‌ره‌ف و نامووسه‌وه‌، کوژران و به‌رده‌وام ده‌کوژرێن و خۆده‌سووتێنن، که‌چی ڕاپه‌ڕینێکی ژنان چێ نه‌بوو! ئه‌وه‌تا له‌ ئیتالیا، ژنان دژی داوێنپیسی و شه‌واڵپلیتیی "بێرلسکۆنی"، ڕابوون و چوونه‌ سه‌رجاده‌، مه‌گه‌ر له‌ وڵاته‌که‌ی ئێمه‌، به‌رپرسی داوێنپیس و شه‌واڵپلیت که‌من! که‌رکووک فرۆشرا و خورماتوو و جه‌له‌ولا و ده‌یان شوێنی دیکه‌ی کوردستان، کوردبژار ده‌کرێ، کوا کێ ڕابوو و چی کرا! ئه‌ی خه‌ڵک چی لێهات و بۆ بێده‌نگن!                                                                                   
خه‌ڵکێک ده‌توانن گۆڕین بکه‌ن، بزانن برسیه‌تی، نه‌داری، بێکاری، نه‌خۆشی، گه‌نده‌ڵی، چ ده‌گه‌یه‌نن و به‌و ده‌ردانه‌وه‌ بتلێنه‌وه‌ و نه‌ هه‌ژاری و نه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی هیچیان، به‌ سرشتی و خواپێدان نه‌زانن. خه‌ڵکێکی وا، که‌ ڕابن، ده‌زانن بۆ ڕاده‌بن و ده‌زانن چییان گه‌ره‌که‌.                                                                                     
شۆڕشه‌کانی توونس و مسر، ئه‌وه‌یان به‌ جیهان سه‌لماند، که‌ گه‌ل، جه‌ماوه‌ر، خه‌ڵک، نه‌ک حیزب، ده‌توانن ڕاپه‌ڕن و بگۆڕن و مێژوو تۆمار بکه‌ن.                                    
ئه‌مرۆ له‌ کوردستاندا له‌و جۆره‌ خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر وگه‌له‌ هه‌ن و زۆریشن و بێزاریشن له‌ گه‌نده‌ڵی، دزی، جه‌رده‌یی، چه‌ته‌یی، نابه‌رانبه‌ری، بێکاری، ناڕه‌وایی، نادادی و سه‌دان ده‌ردی تر، لێ پێش هه‌ر شتێک گه‌ره‌که‌ هه‌ست به‌و ده‌ردانه‌ بکه‌ن و به‌ شوێن چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێن. خه‌ڵکێک ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌و ده‌ردانه‌ نه‌کات، ناشێ چاوه‌ڕێی ڕابوونی لێبکرێت. ده‌رده‌که‌ له‌ چاوبرسییه‌تی و مشه‌خۆری و ڕه‌دووکه‌وتوویی خه‌ڵکه‌. ڕاپه‌ڕین، به‌ خه‌ڵکی چاوشۆڕ و مشه‌خۆر و چاوبرسی و ڕه‌دووکه‌وتوو ناکرێت! خه‌ڵکه‌ "چاوکراوه‌که‌" و ئه‌وه‌ی ناوی"ڕووناکبیر"ی له‌ خۆ ناوه‌، ئه‌مڕۆ چه‌شه‌ کراون و وابه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتن و ئه‌وانن پێشه‌نگی مشه‌خۆران و ڕه‌دووکه‌تن و چاوشۆڕی و ئه‌وان له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی دیکه‌ پتر ده‌کڕووزێنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ خۆیان، به‌ڵێ ته‌نیا بۆ خۆیان و به‌س! ‌                                              
  13 – 2 - 2011


‌‌ 



‌‌ 

Thursday, February 10, 2011

پاشناو، ناسناو، نازناو و ناوی گه‌وره‌

پاشناو، ناسناو، نازناو و ناوی گه‌وره‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

دوێنێ 9 - 2 - 2011، وێڕای نامه‌یه‌کی گچکه‌ بۆ کاک دارا ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی ماڵپه‌ڕی "ئه‌مڕۆ"،بابه‌تێکم بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی www.emrro.com دا، نارد. کاک دارا ئه‌حمه‌د، ئه‌مڕۆ 10 – 2- 2011، ئه‌م نامه‌یه‌ی خواره‌ی بۆ ناردووم، که‌ ڕێک وه‌ک خۆی بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌:
رێزدار کاک ئه‌مجه‌د،
پاش سڵاو خوازیاری ئاسووده‌ییتانین.
ئێمه‌ له‌و دواییانه‌دا ئه‌و بڕیاره‌مان وه‌رگرت:
هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ وای بۆ ده‌چین که‌ هه‌ڵگرتنی ئه‌و ناسناوه‌تان (شاکه‌لی) لای ئێوه‌ هیچ هه‌ستێکی نه‌رێنیی خێڵه‌کیی و ناوچه‌گه‌ریی پێوه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ زۆرمان پێ ناخۆش بوو که‌ بڕیاره‌که‌مان له‌ چوارچێوه‌‌ گشتییه‌که‌دا به‌ڕێزیشتان ده‌گرێته‌وه‌، ناکرێ له‌ پاش بڕیارێکی له‌و جۆره‌ هه‌ندێک که‌سی وه‌ک به‌ڕێزتانی لێ هاوێر بکه‌ین، چونکه‌ ئه‌وکات ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ناسناوی  له‌و جۆریان هه‌یه‌ و له‌ راستییشدا هه‌ستی خێله‌کیی یان ناوچه‌گه‌ریی یان دینیی ئه‌و ناسناوانه‌ی پێ دروست کردوون قسه‌یان دێ بڵێن ئێمه‌ش ئه‌و جۆره‌ هه‌ستانه‌نه‌ نه‌بوونه‌ته‌ هۆ دروستکردنی ئه‌و ناسناوانه‌مان. 
بۆیه‌ داوای بووردنێکی گه‌وره‌ ده‌که‌ین که‌ ناتوانین بابه‌ت بۆ هیچ که‌سێک بڵاو بکه‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌ڵگری ئه‌و جۆره‌ ناسناوانه‌ن، دیاره‌ هه‌ر هه‌نگاوێکی پێشکه‌وتووخوازنه‌ش - وه‌ک ئه‌و بڕیاره‌ی ئێستای ئێمه‌ که‌ لای خۆمان لامان وایه‌ پێشکه‌وتووخوازانه‌یه‌ - هه‌ندێک قوربانیدانی ده‌وێ وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ چه‌ند که‌سێکی وه‌ک به‌ڕێزتان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین که‌ ئه‌مڕۆتان رۆشن کردبۆوه‌.
ئێمه‌ هه‌رگیز مافی ئه‌وه‌مان نییه‌ به‌ به‌ڕێزتان بڵێین ناسناوه‌که‌ت لا بده‌ یان بیگۆڕه، چونکه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناسناوه‌شت هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌ر له‌ژێر ئه‌و ناسناوه‌دا به‌ هۆی بابه‌ته‌ به‌ سووده‌کانت مێژوویه‌کی گه‌شت بۆ خۆت دروست کردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وای بۆ ده‌چین که‌ ئه‌گه‌ر هاوکارمان بن له‌و رووه‌وه‌ ئه‌وا خزمه‌تێکی پتر به‌ (ئه‌مڕۆ) و فه‌رهه‌نگی کوردی ده‌که‌ن و پێمان وایه‌ مێژوویه‌کی گه‌شتریش بۆ ناوی گه‌شاوه‌ی (ئه‌مجه‌د) دروست ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ قسه‌ی ئێمه‌ وه‌ک بۆچوون و پێشنیار، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئێمه‌ ته‌نیا خۆمان پێ راست و له‌سه‌ر هه‌ق بێ، به‌ڕێزتان خۆتان خاوه‌ن تێڕوانینی تایبه‌تی خۆتان و بڕیاری خۆتانن.  
هه‌ر ئاسووده‌ و سه‌رفراز بن
دارا ئه‌حمه‌د - له‌جیاتی ستافی ئه‌مڕۆ
له‌مه‌ڕ نامه‌که‌ی کاک دارا و بووچوونه‌کانی و له‌مه‌ڕ ئه‌و گوتاره یا ڕوونکردنه‌وه‌یشیه‌وه (ناسناوی خێڵه‌کیی و ناوچه‌گه‌ریی نیشانه‌ی پاشڤه‌ڕۆیی و خولیای ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌)‌، که‌ له‌ باره‌ی  هه‌مان مه‌به‌سته‌وه‌ نووسیویه‌تی، من چه‌ند سه‌رنجێکم هه‌یه‌ و  ده‌یانخه‌مه‌ پێش چاوی کاک دارا خۆی و  هه‌موو خوێنه‌ران:                                                                                        
1. من دوای ئه‌وه‌ی نامه‌که‌ی کاک دارام پێگه‌یشت و خوێندمه‌وه‌، چوومه‌ نێو ماڵپه‌ڕی "ئه‌مڕۆ"وه‌ و له‌ به‌شی نووسه‌راندا ئه‌م ناوانه‌م بینی، که‌ سه‌رجه‌میان پاشناو و نازناو و ناسناو  و ناوی گه‌وره‌یان هه‌یه‌(ئه‌وه‌ی هێڵی به‌ ژێردا هاتووه‌ ناسناو و پاشناو و نازناو و ناوی گه‌وره‌یه‌) و به‌رده‌وام له‌ ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆدا نووسین بڵاو ده‌که‌نه‌وه و ناویان زووزوو ده‌که‌ونه‌ به‌رچاوی خوێنه‌ران. من ناوه‌کانیان به‌ ڕێنووسی ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ ده‌نووسمه‌وه‌‌:                                
ئاسایش عوسمان دانش، ئه‌نوه‌ر سوڵتانی، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی، ئه‌میری حه‌سه‌نپوور، ئیسماعیل خورماڵی، ئیبراهیم کۆنه‌پۆشی، ئه‌حمه‌د خوسره‌وی، ئه‌یوب ره‌حمانی، ئاراس قه‌ره‌داغی، ئیبراهیم بالیسانی، ئاسۆ بیاره‌یی، ئاشتی گه‌رمیانی، ئیبراهیم حه‌یده‌ری، به‌هره‌وه‌ز مه‌رزانی، پۆڵا زیندانی، تریفه‌ دۆسکی، تاریق حوسێن هه‌مه‌وه‌ندی، جه‌لال ده‌باغ، جه‌مال عه‌لیالی، جه‌مال نه‌به‌ز، جه‌بار دووبزیی، ح.س.سۆران، حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ، حه‌یده‌ر هه‌مه‌وه‌ندی، حوسێن حوسێنی، خالید هه‌رکی، خۆشناو مه‌ریوانی، ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی، دینا چه‌له‌بی، راوێژ هیرانی، ره‌زا شوان، ره‌سوڵ سه‌فه‌ریانی، روناک شوانی، رێبوار ئالانی، رێبوار هه‌مه‌وه‌ندی، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، ره‌سوڵ سوڵتانی، زیاد نادر عاللایی، زانا گه‌ڵاڵی، زانا کوردستانی، سه‌ڵاحی گه‌رمیان، سه‌دیق ره‌نجبه‌ر، سه‌رهه‌نگ خاموش، سیروان کاوسی، سه‌ردار پشده‌ری، سروه‌ دڵخۆش، سیامه‌ند هاریکی، شاناز به‌رزنجی، شه‌هلا نیگاداریی، شنه‌ پێنجوێنی، عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د گه‌رمکی، عه‌بدولواحیدی خه‌نده‌ڕه‌ش، عارف عه‌زیزی، عه‌تا قاجری، غیاسه‌دین نه‌قشبه‌ندی، غه‌مگین بۆڵی، فوئاد قه‌ره‌داغی، فه‌هد گرده‌وانی، فریاد هیرانی، فه‌رشید شه‌ریفی، کامیل ژیر، که‌ریم سه‌رکه‌ش، کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی، که‌مال چۆمانی، کاوه‌ کافرۆشی، کارزان پیرداودیی، کوێستان عومه‌رزاده‌، کاوه‌ دیهپوویاد، گه‌شاوه‌ جاف، گوڵاڵه‌ پشده‌ری، گۆنا جاف، گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی، گۆران دوکانی، مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی، مه‌نسور جیهانی، ناسح قه‌ره‌داخی، نامق هه‌ورامی، نه‌جات رۆستی، نیاز که‌رکووکی، نیهاد جامی، هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی، هاوار بانیخێڵانی، یوسف کانی مارانی، یاسین حسه‌ینی.
هه‌ر ئه‌مڕۆش(10/2/2011) بابه‌تی: مه‌هدی کاوانی، ئه‌میری حه‌سه‌نپوور، جه‌بار دووبزیی، ره‌زا شوان، له‌ ماڵپه‌ڕی"ئه‌مڕۆ"دا دانراون، که‌ ئه‌وانیش هه‌موو پاشناو و ناسناویان هه‌یه‌.
2. به‌شێک له‌و پاشناوانه‌، وه‌ک هه‌موو پاشناو و نازناو و ناسناوێکی مرۆڤ له‌ هه‌موو جیهاندا، له‌ هۆز و خێڵه‌وه‌ و به‌شێکیان له‌ ناوی باپیره‌گه‌وره‌ یا داپیره‌گه‌وره‌یه‌که‌وه‌ و به‌شێکیان له‌ شوێنی نیشته‌جێبوون و زێد و له‌دایکبوون و ناوچه‌‌ و ده‌ڤه‌ره‌وه‌ و به‌شێکیان له‌ پیشه‌وه‌‌ و به‌شێکیشیان ته‌نیا وه‌ک نازناوێک بۆ خۆ جیاکردنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی دیکه‌، وه‌رگیراون.                                        
3. بڕێک له‌و ناوانه‌ی، که‌ که‌سێک بۆ خۆی هه‌ڵیبژاردووه‌، له‌ دواییدا بووه‌ به‌ پاشناوی منداڵ و نه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ و ئیدی ماوه‌ته‌وه‌. پاشناوی"گۆران"، "بێکه‌س"، "مه‌حوی"، "هه‌ژار"، "قانیع"، "ناکام"، "هه‌ردی"، که‌ له‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی به‌و ناوانه‌وه‌ ناسراون ماونه‌وه‌، ئێستا بوونه‌ته‌ پاشناو بۆ منداڵ و نه‌وه‌کانی ئه‌و که‌سانه‌. ڕاسته‌ ناوی"بێکه‌س"، کاتی خۆی فایه‌ق بێکه‌سی شاعیر بۆ خۆی هه‌ڵیبژاردووه‌، به‌ڵام ئێستاکه‌ کوڕی فایه‌ق بێکه‌س، که‌ شێرکۆیه‌ ده‌نووسێ"شێرکۆ بێکه‌س" و کوڕی شێرکۆ بێکه‌س، که‌ هه‌ڵۆیه‌، ده‌نووسێ"هه‌ڵۆ بێکه‌س". نازناوی"گۆران"ی شاعیریش هه‌ر له‌ خۆیدا ڕانه‌وه‌ستا، به‌ڵکه‌ بۆ ئه‌ژی"ئه‌ژی گۆران" و هێرۆ"هێرۆ گۆران" و منداڵی ئه‌وانیش مایه‌وه‌. هه‌روه‌ها پاشناوی"مه‌حوی" و "قانیع"  و  "هه‌ژار" و "هه‌ردی" و "ناکام"یش هه‌ر به‌و جۆره‌، بورهان قانیع، مه‌ریوان وریا قانیع، شێرکۆی هه‌ژار، خانی هه‌ژار، ئاسۆس هه‌ردی، ڕێبین هه‌ردی، چۆمان هه‌ردی، سمکۆ ناکام، پشکۆ ناکام و زۆری دیکه‌. چه‌ند ساڵێکی تر، هه‌ڵمه‌ت، په‌شێو ، زامدار، بێگه‌رد، په‌رۆش، په‌رێشان و... ده‌یانی تریش، ده‌بنه‌ پاشناوی کۆمه‌ڵێک زارۆک و نه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌. ئه‌و خێزانانه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی ساڵان، ده‌بنه‌ خێزانی گه‌وره‌تر و ده‌بنه‌ تیره‌ و هۆز.                                                                     
4. پاشناو(Surname) له‌ هه‌موو جیهاندا هه‌یه‌، هه‌ر له‌ چین و هیندوستان و پاکستان و ئه‌فغانستان و ئێران و تورکیا و عه‌ره‌بستانه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ ڕووسیا و ته‌واوی ئه‌وروپا و هه‌ردوو ئه‌مه‌ریکای سه‌روو و خواروو و ئه‌وسترالیا، واته‌: هه‌موو جیهان ئه‌و جۆره‌ ناوه‌ به‌کار ده‌به‌ن. له‌و وڵاته‌ی، که‌ کاک دارا بۆ خۆی نیشته‌جێیه‌ لێی(بریتانیا)، تاکه‌ یه‌ک که‌سی بریتانی(ئینگلیز، ئایرله‌ندی، سکۆتله‌ندی، وێڵزی)م بۆ ده‌ستنیشان بکه‌، پاشناوی نه‌بێت، مه‌گه‌ر ته‌نێ ئه‌وانه‌ی، که‌ له‌ عیراقه‌وه‌(به‌ کوردستانه‌که‌یشیه‌وه‌) هاتوون، که‌ ئێستاش قانوونه‌کانی سه‌ددام حوسه‌ین، پێڕۆ ده‌کات! کامه‌ ئینگلیز ناوی "ده‌یڤید پیته‌ر جیمی"یه‌ بۆ نموونه‌! له‌ کام پاسپۆرت یا ناسنامه‌ی ئینگلیزدا ناوی باوک و دایک ده‌نووسرێن! ڕه‌نگه‌ بڵێن: پاشناوی ئینگلیز و ئه‌وروپاییان، له‌ هۆز و خێڵه‌وه‌ نه‌هاتوون! پاشناو ئه‌گه‌ر له‌ خێڵیشه‌وه‌ نه‌هاتبێت، بۆ خۆی ده‌بێته‌ خێڵ. ئێستاکه‌ له‌ کوردستان سه‌دان خێزان هه‌ن، پاشناوی کاریان هه‌یه‌، وه‌ک: حه‌ڵواچی، قه‌زاز(قه‌ززاز ڕاسته‌)، خه‌فاف(خه‌ففاف ڕاسته‌)، حه‌داد(حه‌دداد ڕاسته‌)، ئاسنگه‌ر، قه‌ساب(قه‌سساب ڕاسته‌)، به‌زاز(به‌ززاز ڕاسته‌)، خه‌تیب، موفتی، قازی، ده‌باغ(ده‌بباغ ڕاسته‌)، نه‌جاڕ(نه‌ججاڕ ڕاسته‌)، عه‌تار(عه‌تتار ڕاسته‌) و سه‌دانی دیکه‌، ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ بنه‌ماڵه‌ و تیره‌ و تا دێتیش گه‌وره‌تر ده‌بنه‌وه‌ و که‌ که‌سێک سه‌ر به‌و خێزانانه‌ نه‌بێت، هه‌ر له‌خۆڕا ناتوانێت ئه‌و پاشناوه‌ی ئه‌وان هه‌ڵگرێ. 
5. ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتنخوازیی به‌ به‌کاربردن و جۆری ده‌ربڕین و نووسین و تۆمارکردنی ناو بێت، خۆ ده‌بێ ئه‌و مه‌رجه‌ له‌، مارکس، ئه‌نگلز، لێنین، ترۆتسکی، ستالین، پلیخانۆف، کاسترۆ، گیڤارا، ماو زه‌دۆنگ، باکۆنین، پرۆدۆن، چۆمسکی و هه‌زارانی وه‌ک ئه‌وان وه‌ربگیرێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ هه‌واڵه‌ی خانه‌ی کۆنه‌په‌رستی و دواکه‌وتوویی بکرێن. ئه‌گه‌ر به‌کاربردنی پاشناویش به پاشڤه‌ڕۆیی و‌ وابه‌سته‌یی به‌ فه‌رهه‌نگی خێڵ و ناوچه‌گه‌رییه‌وه‌ بزانرێ، له‌ کوێی ئه‌م جیهانه و‌ له‌ هه‌موو مێژوودا، خه‌ڵکانی له‌و ناوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ناخێڵه‌کیتر و ناناوچه‌گه‌ریتر و ته‌نانه‌ت نانه‌ته‌وه‌ییتریش ده‌دۆزرێنه‌وه‌! خۆ کاک دارا بۆ خۆی له‌ په‌رستگه‌کانی ئه‌و هێژایانه‌دا نوێژه‌کانی ده‌کات و پێڕۆی هێڵی ئه‌وانه‌! 
6. شێخ مارف به‌رزنجی، که‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی تێکۆشه‌رێکی ناسراو و شۆڕشگێڕ و پێشکه‌وتنخواز بوو، چیرۆکنووس و نووسه‌رێکی لێهاتوو و توانایش بوو، ‌ له‌ ساڵی 1963دا له‌ که‌رکووک له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ له‌ سێداره‌ درا، له‌ سه‌ر کوردبوون و کۆمۆنیستبوون، تۆ ئه‌گه‌ر پاشناوی"به‌رزنجی" و شێخه‌که‌ی لێ بکه‌یته‌وه‌، هیچ که‌سێک نایناسێته‌وه‌، ئه‌وده‌م ناوه‌که‌ی، به‌ گوێره‌ی پێوه‌ره‌که‌ی ئێوه‌ ده‌بێته‌"مارف یا مه‌عرووف عه‌بدولکه‌ریم حوسه‌ین". حه‌سه‌نی قزڵجی، چیرۆکنووسی ناودار، تا مرد کۆمۆنیست بوو، قزڵجییه‌که‌ی لێ بکه‌وه‌، وه‌ک مه‌له‌که‌ی مه‌لانه‌سره‌ددینی لێ دێت. کۆمۆنیستانی وه‌ک سه‌لام عادیل"عبدالحسین الرضوي"ی سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی عیراقی و جه‌مال حه‌یده‌ری، که‌ هه‌ردوویان له‌ 1963دا، به‌ ده‌ستی به‌عسییان شه‌هید کران، بێ ئه‌لڕزه‌وی و حه‌یده‌ری، که‌س هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ بناسێت! هه‌روه‌ها بۆ مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس و موحه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم و...سه‌دانی دیکه‌، هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌.
7. ئه‌حه‌ی خوله‌ سنه‌یی، حه‌مه‌ی نێرگز، خۆله‌ پیزه‌، ڕه‌سووڵ گه‌ردی، سدیقی ئامه‌درێژ، بله‌ی سه‌عه‌که‌ڕ، عو‌مه‌ری ئه‌جێ، سه‌لاح داووده‌، موزه‌ففه‌ر ئه‌لنه‌وواب، موحه‌ممه‌د مه‌هدی ئه‌لجه‌واهیری، عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی، ئه‌حمه‌دی خانی، مه‌لای جزیری، مه‌وله‌وی، بێسارانی، شێخ مارفی نۆدێ، شێخ عوسمانی نه‌قشبه‌ندی، سواره‌ی ئێڵخانیزاده‌، سه‌مه‌دی بیهرنگی، ئه‌حمه‌دی شاملوو، به‌در شاکیر ئه‌لسه‌ییاب، شوکروڵڵای بابان و....سنه‌یی، نێرگز، پیزه‌، گه‌ردی، ئامه‌درێژ، سه‌عه‌که‌ڕ، ئه‌جێ، داووده‌، ئه‌لنه‌وواب و ئه‌لجه‌واهیری و سه‌ججادی و خانی و جزیری و مه‌وله‌وی و بێسارانی و نۆدێ و نه‌قشبه‌ندی و ئێڵخانیزاده‌ و بیهرنگی و شاملوو و ئه‌لسه‌ییاب و بابانیان لێ بکه‌وه‌، یه‌ک که‌س له‌م جیهانه‌ نایانناسێته‌وه‌.
8. هه‌رچی فیلۆسۆف و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و گه‌وره‌ سیاسی و زانای ئه‌م جیهانه‌ هه‌ن‌، هه‌موو به‌ پاشناوه‌کانیانه‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌. ئه‌لکیندی، ئه‌لفارابی، شه‌یکسپیر، ئه‌لڕازی، ئه‌لمه‌عه‌ڕڕی، سارتر، فۆکۆ، کامۆ، لۆرکا، هه‌مینگوای، شۆڵۆخۆف، تۆڵستۆی، ده‌ستۆیێڤسکی، کازانتزاکی، گۆته‌، نیرۆدا، کووێلۆ، خارا، مارکێز، بێلزاک، ئاراگۆن، دیکنز، گۆرکی، ئاینشتاین، بێریمان، جاکسن، دیلان، مارلی، ئه‌لعه‌ززاوی، ئه‌لعه‌له‌وی، شه‌جه‌ریان، شاملوو، تاڵه‌بانی(شێخ ڕه‌زا)، ئه‌لبه‌یاتی، ئه‌لسه‌ییاب، پاچینۆ، دێنیرۆ، هۆفمان، کۆهن، فرۆید، چه‌رچڵ، لانکۆڵن، ماندێلا، گاندی، نه‌هرۆ، سۆکارنۆ، پاڵمێ، تاچچه‌ر، ئۆباما، خومه‌ینی، خامنه‌یی، ڕه‌فسه‌نجانی و هه‌زارانی دی، تۆ ئه‌گه‌ر به‌ دووی ناوی خۆیان و باوک و باپیریاندا بگه‌ڕێیت، هه‌رگیز نایاندۆزیته‌وه‌ و که‌س نازانێت، کێن و چین!
9. به‌ چیدا ده‌زانرێ ئه‌وانه‌ی پاشناو و نازناو و ناسناو به‌کار نابه‌ن و ناوی سێیانی خۆیان، کوڕ یا کچ و باوک  و باپیر، به‌کار ده‌به‌ن و ده‌نووسن، له‌ خه‌ڵکانێک، که‌ پاشناو به‌کار ده‌به‌ن، ناخێڵه‌کی و ناهۆزییترن و ئه‌وانه‌یشی پاشناویان هه‌یه‌ له‌ بێپاشناوان، کۆنه‌په‌رستر و پاشڤه‌ڕووتر و هۆزگه‌ر و تیره‌گه‌رترن! ئه‌وی کاک دارا باسی باشووری کوردستان ده‌کات، که‌ خه‌ڵک شانازی به‌ ناو و پاشناوی خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ دیارده‌یه‌ک نییه‌، پێوه‌ندی به‌ سیستمی به‌کاربردنی پاشناوه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵکه‌ پێوه‌ندی به‌ گه‌وجی و سه‌قه‌تی و ئیفلیجی بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکێکه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست و به‌وانه‌یشه‌وه‌، که‌ خۆیان به‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ هه‌ڵواسیوه‌. له‌ وڵاتێکی وه‌ک سوێد، خودای ده‌کرد هه‌موو خه‌ڵکی سوێد پاشناویان"ڕاینفێڵد"، ده‌بوو، که‌ پاشناوی سه‌رۆکی حوکوومه‌ته‌، ئه‌و پاشناوه‌ نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی، که‌ له‌گه‌ڵ تۆ و میلیۆنان بیانی و مندا، چ جیاوازییه‌کیان هه‌بێت، یا بتوانن به‌ هۆی ئه‌و پاشناوه‌وه‌، زه‌وی و خانوو و مووچه‌ وه‌رگرن و پاسه‌وانیان هه‌بێت. با ته‌واوی خه‌ڵکی بریتانیا پاشناوی "کامیرۆن"یان هه‌بێت، که‌ پاشناوی سه‌رۆکی حوکوومه‌ته‌که‌یه‌تی و هه‌موو ئه‌مه‌ریکاییان پاشناوی"ئۆباما"یان هه‌بێت، که‌ پاشناوی سه‌رۆکه‌که‌یه‌تی و هه‌موو فرانسییان‌ پاشناوی"سارکۆزی"یان هه‌بێت، که‌ پاشناوی سه‌رۆکه‌که‌یه‌تی،  چی له‌ ڕه‌وشی ئه‌و خه‌ڵکه‌ دێته‌ یا ده‌هاته‌ گۆڕین! هه‌موو جیهانی پێشکه‌وتوو و خاوه‌ن ئاوه‌ز به‌و جۆره‌یه‌‌، مه‌گه‌ر ته‌نێ کوردستانه‌ وێرانه‌که‌ی تۆ و من و وڵاته‌ شه‌که‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و وا نه‌بن.
10. نه‌هێشتنی پاشناو و قه‌ده‌غه‌کردن و به‌کارنه‌هێنانی، له‌ سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌یندا بوو  و به‌ فه‌رمانی ئه‌و بوو. سه‌ددام حوسه‌ین بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌لتکریتی(التکریتي) و ئه‌سسامه‌رائی(السامرائي) و هه‌موو ئه‌له‌کانی دیکه‌، ئه‌و کاره‌ی کرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاشناو هه‌ر به‌کار ده‌برا و ده‌نووسرا. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی کاک دارا، چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ددام حوسه‌یندا نییه‌!
11. کاک دارا ئێستا ماڵپه‌ڕێکی ئینته‌رنێتی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، که‌ ڕێگه‌ له‌ خه‌ڵک ده‌گرێ، ناوی چی له‌ خۆی ده‌نێ و چ پاشناوێکی هه‌یه‌، ده‌ی ئه‌گه‌ر ببێته‌‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وا  چ ده‌کات! ڕه‌نگه‌ ئه‌و ده‌می ئه‌وه‌ی ناوی عه‌بدوڵڵا بێت هه‌ڵیواسێ، ئه‌وه‌ی هاتوچۆی مزگه‌وت بکات وه‌به‌ر گولله‌ی بدات، ئه‌وه‌ی ناوی داڤید بێت و ئه‌ستێره‌ شه‌ش په‌ڕه‌که‌ی جووله‌که‌ له‌مل کات زیندانیی بکات، ئه‌وه‌ی بڵێ: من سه‌ر به‌ هۆزی جاف، هه‌مه‌وه‌ند، هه‌رکی، مه‌نگوڕ یا هه‌ر خێڵ و تیره‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستانم، به‌ردبارانی بکات! جا فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵات چۆن به‌و جۆره‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت!
ئه‌مه‌ریکا سه‌رۆکێک هه‌ڵده‌بژێرێت دایکی مه‌سیحیی ئه‌مه‌ریکاییه‌ و باوکی موسوڵمانێکی ڕه‌شپێستی کینیاییه‌ و بۆخۆی ڕه‌شپێسته‌ و ئه‌ویش فه‌رمانڕه‌وای وڵاتێکه‌، که‌ که‌ڵه‌گای هه‌موو جیهانه‌ و له‌ وڵاته‌که‌یشیدا، هه‌رچی نه‌ته‌وه‌ و ڕه‌گه‌ز و ئایین و ڕێباز و ڕه‌نگ هه‌یه‌ له‌ جیهاندا تێیدایه‌ و سه‌دان مزگه‌وت و کڵێسه‌ی جیاواز و په‌رستگه‌ی بوودایی و هیندۆس و جوو و به‌هائی و مانگا و شه‌یتانپه‌رست و هه‌موو جۆره‌ ئایینێکی دیکه‌ی تێدایه‌ و که‌س به‌ که‌س ناڵێ تۆ بۆ ناوت وایه‌ و بۆ ئه‌و جۆره‌ جله‌ له‌به‌ر ده‌که‌یت و بۆ به‌و زمانه‌ قسه‌ ده‌که‌یت و بۆ ڕه‌نگت وایه‌! ئه‌مه‌ی کاک دارا ئێستاکه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانێکدا ده‌یکات، که‌ پاشناویان هه‌یه‌، سانسۆر و ده‌مکوتکردن و تاساندنی ئازادییه‌، چونکه‌ خه‌ڵک ئازاده‌ له‌وه‌ی چی ناوه‌ و چی له‌به‌ر ده‌کا و چ ده‌خوات و چ ڕه‌نگێکه‌ و چ ئایین و چ سێکسێکی هه‌یه‌. خه‌ڵک ئازاده‌ له‌وه‌ی خودا ده‌په‌ر‌ستی یا شه‌یتان، هاوسێکسبازه‌ یا وه‌ک ژن و مێردایه‌تی ده‌ژی، کراسی سوور له‌به‌ر ده‌کات یا ڕه‌ش، حه‌زی له‌ جازه‌، ڕۆکه‌، په‌په‌ یا شمشاڵ، گۆشتخۆره‌ یا ڕووه‌کخۆر. ڕێگه‌گرتن له‌ خه‌ڵک و بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی بابه‌تیان، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌بوونی پاشناو، ڕێک  ده‌که‌وێته‌ خانه‌ی هه‌ڵاواردن و جیاوازیکردن(Diskrimination)ه‌وه‌ و چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌، که‌ تۆ گوتاری که‌سێکی ڕه‌شپێست، هاوسێکسباز، جووله‌که‌، موسوڵمان، کاتۆلیک، ئێزدی، تورکمان، ئانارکیست، یا هه‌ر جۆره‌ خه‌ڵکێکی دیکه‌، بڵاو نه‌که‌یته‌وه‌، ئه‌م کاره‌ جیاوازیکردنه‌ له‌نێوان خه‌ڵکدا.
12. که‌سێک ئه‌گه‌ر بڕوای به‌ ئازادی هه‌بێت(دیاره‌ کاک دارا خۆی به‌ یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ ده‌زانێت)، ده‌بێ ڕێز له‌ هه‌ڵبژاردن و بۆچوون و دیدی خه‌ڵک بگرێت. خه‌ڵک چ پاشناوێکی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ چ زیانێکی به‌ خه‌ڵکی تر گه‌یاندووه‌! ئازادی هه‌موو که‌سێک تا ئه‌و جێگه‌یه‌یه‌، که‌ کار نه‌کاته‌ سه‌ر ئازادی که‌سێکی دیکه‌. تۆ ناوت هه‌رچی بێت چ پێوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ هه‌یه‌! له‌ وڵاتی خۆمان، له‌ خوێندنگه‌ و سه‌ربازی و کاردا، خه‌ڵکم له‌گه‌ڵ بوونه‌ ناویان: سه‌لبووخ(صلبوخ)، زه‌نده‌بیر(زندبیر)، شه‌ییال عوزه‌ییب مهاوش(شیال عذیب مهاوش)، زه‌رعوود(زرعود)، خه‌رووف تبن ئه‌سوه‌د(خروف تبن أسود)، سچحێل(صجحیل)، چه‌للووب، ماشه‌ڵڵا، ڕۆژباش و سه‌دان ناوی دیکه‌ بوونه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ بڕێک سه‌یریش بووبێتن، به‌ڵام خاوه‌نی ئه‌و ناوانه‌، شانازییان به‌ ناوی خۆیانه‌وه‌ کردووه‌ و نه‌ بۆ من و نه‌ بۆ خه‌ڵکی دیکه‌یش، جێی سه‌رسووڕمان و جیاوازیی نه‌بوونه‌.
13. ئه‌م پاشناوه‌ی من(شاکه‌لی)، پتر  له‌ 150 ساڵێکه‌، خێزان و بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ به‌کاریان بردووه‌. من بۆ خۆم هه‌ر که‌ هاتوومه‌ته‌ دنیاوه‌ و یه‌که‌م ناسنامه‌م وه‌رگرتووه‌ و له‌ خوێندنگه‌ و زانستگه‌ و شوێنی کار و کارگێڕی و ته‌نانه‌ت له‌ ده‌فته‌ری خزمه‌تی سه‌ربازی و له‌ سه‌ربازییشدا و له‌ پاسپۆرتی عیراقی ساڵانی 1970کاندا و له‌ هه‌موو شوێنێکدا و له‌ هه‌موو ڕه‌وش و هه‌لومه‌رجێکیشدا، به‌ سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین و به‌عسیشه‌وه‌ تا ساڵی 1980، که‌ له‌ وڵات بوومه‌ و له‌ ده‌رێیش، که‌ هاتوومه‌ته‌ سوێد، هه‌ر هه‌مبووه‌ و به‌وه‌وه‌ بانگکراوم و ناسراوم و هه‌ر به‌و ناوه‌شه‌وه‌ نووسینم بڵاو کردووه‌ته‌وه‌، ئیدی بۆ ده‌بێ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ له‌و ماڵپه‌ڕه‌ی کاک دارا‌دا، ده‌ستبه‌رداری ببم!
14. به‌کاربردنی ناو به‌و سیستمه‌ سه‌ددامییه‌ سه‌قه‌ته‌ی عیراق و کوردستان، واته‌: ناوی سێیانی، له‌ ئه‌وروپا کاره‌ساتێکه‌ بۆ خۆی. من خه‌ڵک ده‌ناسم له‌ سوێد، که‌ له‌ کوردستانه‌وه‌ هاتوون، کوڕ و باوک و باپیر بوونه‌ و به‌ ژن و پیاو و بووک و کچ و کوڕ و منداڵه‌وه‌ نێزیکه‌ی خێزانێکی 20 که‌سی یا پتر بوونه. باپێره‌که‌(بۆ نموونه‌) ناوی: (حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د نادر) بووه‌ و له‌ سوێد ناوه‌که‌ی کراوه‌ به‌(حه‌سه‌ن نادر)، ژنه‌که‌ی(بۆ نموونه‌) ناوی: (سه‌برییه‌ عه‌زیز حوسه‌ین) بووه‌ له‌ سوێد کراوه‌ به‌(سه‌برییه‌ حوسه‌ین)، کوڕی ئه‌م پیاو و ژنه‌، که‌ ئه‌ویش خودانی ژن و منداڵ بووه‌، ناوی(بۆ نموونه‌): (یووسف) بووه‌، که‌ له‌ کوردستان: (یووسف حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د) بووه‌، له‌ سوێد بووه‌ به‌:(یووسف ئه‌حمه‌د). کوڕی ئه‌م (یووسف)ه‌ ناوی بۆ نموونه‌(موشتاق) بووه‌، له‌ سوێد بووه‌ به (موشتاق حه‌سه‌ن)، دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆ کچه‌کانیشیان هه‌روا و بۆ ژنه‌کانیشیان، واته‌: داپیره‌ و بووکه‌که‌(دایکی موشتاق)، که‌ ئه‌وان له‌ خێزانی دیکه‌وه‌ و به‌ هۆی مێردکردنه‌وه‌ که‌وتوونه‌ته‌ نێو خێزانی(حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د نادر)ه‌وه‌، ئه‌وانیش پاشناوه‌کانیان نه وه‌ک (حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د نادر)ی گه‌وره‌ی خێزانه‌ و نه‌ وه‌ک (یووسف حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د)ی کوڕی(حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د نادر)ی گه‌وره‌ی خێزانه‌، به‌ڵکه‌ هه‌ریه‌که‌و پاشناوی جودای خۆی هه‌یه‌ و ناوه‌کانیان جۆرێکی‌ دیکه‌یه‌. له‌ یه‌ک ماڵدا، باپیر و کوڕ و نه‌وه‌، سێ جۆره‌ پاشناویان هه‌ن: نادر، ئه‌حمه‌د و حه‌سه‌ن، ئه‌وجا من هیچ ناڵێم، به‌ڵام ئه‌مه‌ سه‌رلێشێواندنی خه‌ڵک و دواکه‌وتوویی و  ‌سه‌قه‌تی ئه‌و سیستمه‌ی عیراق و کوردستان پێشان نادات! ئه‌و جۆره‌ ناو و پاشناوه‌ کارمه‌نده‌ سوێده‌ییه‌کانیشی شیت کردبوو و لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتن و سه‌ری له‌ کارگێڕییه‌کانیشیان شێواندبوو. ‌ئه‌وجا کاک دارایه‌کی  دانیشتووی وڵاتێکی پێشکه‌وتووی وه‌ک بریتانیا و دانیشتووی ئه‌وروپای دیموکراتی، له‌ پای چی ده‌یه‌وێ ئه‌و سیستمه‌ سه‌قه‌ته‌ی کوردستان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بسه‌پێنێت! خه‌ڵکی کوردستان و عیراق چ خێروبێرێکیان له‌و سیستمی ناو و پاشناوه‌ دیتووه‌! ئایا کاک دارا پێیوایه‌ پێشکه‌وتنخوازی به‌وه‌ ده‌بێت!
تۆ ده‌زانی له‌ وڵاته‌ وێرانه‌که‌ی تۆ و مندا(کوردستان) چه‌ندین کاری ساخته‌ و فێڵ به‌و ناوی سێیانی و چوارییه‌وه‌ کراوه‌! ده‌ڵێن یه‌کێک له‌وانه‌ی سیاسه‌تکاره‌ کاتی خۆی، که‌ له‌ ئه‌وروپا بووه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خێرخوازیدا کاری کردووه‌، که‌ پاره‌وپووڵ و کۆمه‌کیان بۆ منداڵی لێقه‌وماو و سیابه‌ختی کوردستان و عیراق خڕکردووه‌ته‌وه‌. پاره‌یه‌کی زۆری بردووه‌ته‌وه‌ کوردستان و له‌وێ به‌سه‌ر که‌سوکاری خۆی و گیرفانی خۆی و که‌سه‌کانی خۆیدای به‌شیوه‌ته‌وه‌ و لیستێکی چه‌ند (فووت)یی پڕ به‌ ناوی سێیانی وه‌ک:(ئه‌حمه‌د موحه‌ممه‌د حه‌سه‌ن، که‌ریم جاسم عوسمان، ئارام جه‌لال عه‌لی، زانا حوسه‌ین جه‌بار و....)، هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا و پێشانی هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌که‌ی داوه‌ و گوتوویه‌تی، که‌ پاره‌که‌ی به‌سه‌ر ئه‌و ناوانه‌دا به‌شیوه‌ته‌وه‌، له‌ ڕاستیشدا ئه‌وانه‌ ناوی خه‌یاڵی و دروستکراو بوونه‌ و چێکردن و خڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ ناوانه‌ ئاسانترین کاره‌.
من ئه‌وپه‌ڕی ڕێزم بۆ هه‌موو ناوێک هه‌یه‌ و ئه‌وپه‌ڕی ڕێزیشم بۆ هه‌موو ئه‌وانه هه‌یه‌، که‌ ناوی سێیانی و چوارییان هه‌یه‌ و به‌کار ده‌به‌ن و ڕێزم بۆ ئه‌وانه‌ش هه‌یه‌، که‌ دڵشووشه‌ و دڵبرین و سه‌رئارام و دڵخۆش و ناوی دیکه‌ وه‌ک نازناو و پاشناو بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام هه‌ر ناوێکی سێیانی له‌ به‌رده‌م سه‌رای سلێمانی یا شێخه‌ڵڵای هه‌ولێر یا ئه‌حمه‌داغای که‌رکووک بانگکه‌، ده‌یان مرۆڤ وه‌ڵامت ده‌ده‌نه‌وه‌.
15. کاک دارا ده‌یه‌وێت عه‌بدوڵڵا ئوێجالان،  فازیل جاف، شێرکۆ بێکه‌س، جه‌لال تاڵه‌بانی، مه‌سعوود بارزانی، قوبادی جه‌لیزاده‌، جه‌مال بابان، شێرکۆی هه‌ژار، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی، ده‌یڤید کامیرۆن، بنیامین ناتانیاهوو، مه‌حموود ئه‌حمه‌دینه‌ژاد، باراک ئۆباما و دیانی دیکه‌ پاشناوه‌کانی خۆیان بگۆڕن و بیکه‌ن به‌: عه‌بدوڵڵا ڕابوون، فازیل ده‌مبه‌خه‌نده‌، شێرکۆ دڵخۆش، جه‌لال حوسامه‌ددین، مه‌سعوود مسته‌فا موحه‌ممه‌د، قوباد ڕووخۆش، جه‌مال کامڕان، شێرکۆ به‌خته‌وه‌ر، ئه‌نوه‌ر ده‌ستڕه‌نگین، ده‌یڤید که‌شخه‌، بنیامین خه‌نده‌، مه‌حموود ئارام، باراک بڵند یا باراک حوسه‌ین و....تۆ بڵێی هیچ یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ قایل بێت به‌ گۆڕینی پاشناوه‌که‌ی به‌و جۆره‌! ئه‌گه‌ر به‌ گوێره‌ی جاڕنامه‌که‌ی کاک دارا بێت و به‌ گوێره‌ی دید و بۆچوون و ئاره‌زووی کاک دارا و هاوبیرانی بێت، گه‌ره‌که‌ هه‌موو یه‌کێک له‌وانه‌ی پاشناوی خێڵ و خێزان و ده‌ڤه‌ریان هه‌یه‌، هه‌رچی ڕۆمانه‌کانی به‌ختیار عه‌لییه‌ له‌پێش خۆیان دانێن و له‌وانه‌وه‌ سروشیان بۆ بێت و ئیدی پاشناوی وه‌ک :"زوهدی شازه‌مان، مورته‌زای شه‌یتان، حه‌سه‌ن تۆفان، مه‌لای سوخته‌، مه‌لای هاجه‌ر، شه‌هریاری شووشه‌، سه‌رئارام، دڵشووشه‌، دڵبڕین، چاووه‌نه‌وشه‌، هه‌رامه‌شه‌ربه‌ت، گیرفانبه‌تاڵ، به‌ژنقامیش، ته‌ڕپۆش و گۆناخڕ..." و مانه‌ندی ئه‌و جۆره‌ ناوه‌ سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ بکه‌نه‌ پاشناو بۆ خۆیان، چونکه‌ ته‌نێ له‌و ڕۆمانانه‌دا ناوی هێنده‌ نه‌وازه‌ و عه‌نتیکه‌ ده‌ستده‌که‌ون.
 پاشناو که‌سیه‌تی و مێژوو و ژیان و پاشخانی خاوه‌نه‌که‌یه‌تی و گۆڕینی بۆ جۆرێکی دیکه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و پێوه‌ره‌ی کاک دارا و هاوبیرانی‌ ده‌کاته‌ گاڵته‌کردن به‌ که‌سیه‌تی و مێژوو و ژیان و پاشخانی ئه‌و که‌سه‌ و سڕینه‌وه‌ی.
16. ئه‌وه‌ی کاک دارا به‌رانبه‌ر من و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی جاڕنامه‌که‌ی ده‌یانگریته‌وه‌ کردوویه‌تی‌، وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ تۆ ماڵێک یا دیوه‌خانێکت هه‌یه‌ و ئێمه‌ی ئه‌وانه‌ی که‌ بابه‌ت و وتارت بۆ ده‌نێرین حه‌فتانه‌ یا هه‌ر چه‌ند ڕۆژ جارێک یا ماوه‌ی جارێک میوانی تۆین، یه‌کێکمان به‌ ڕانه‌کوچۆغه‌ی شاڵه‌وه‌ و یه‌کێکمان به‌ شاڵوشه‌پکه‌وه‌ و یه‌کێکمان به‌ چاکه‌ت و پانتۆڵه‌وه‌ و یه‌کێمان به‌ پانتۆڵێکی جینز و تی شوێرتێکه‌وه‌ و یه‌کێکمان به‌ که‌واوسه‌ڵته‌وه‌ و یه‌کێکمان به‌ دشداشه‌ و عه‌گاڵه‌وه‌ و یه‌کێکمان به‌ سمێڵ و ڕدینی درێژه‌وه‌ و یه‌کێکمان  بێسمێڵ و بێڕدێن و یه‌کێکمان فژدرێژ‌ و یه‌کێکمان سه‌رتاس و ته‌راشکراو و یه‌کێکمان به‌ زمانی عیبری و یه‌کێکمان به‌ فرانسی و یه‌کێکمان به‌ سۆمالی و یه‌کێکمان به‌ ئیتالی و یه‌کێکمان به‌ ڕووسی قسان ده‌که‌ین و یه‌کێکمان هیندۆس و یه‌کێکمان جووله‌که‌ و یه‌کێکمان موسوڵمانی شیعه‌ و یه‌کێکمان که‌روێشک ده‌په‌رستین و ئیدی هه‌ریه‌که‌مان به‌ شێوه‌ و جۆرێکین و دێینه‌ ماڵ و دیوه‌خانه‌که‌ی تۆ. تۆ بڕیارێک ده‌ر‌ده‌که‌یت و ده‌ڵێی سه‌رتاس و دشداشه‌ له‌به‌ر و ڕدێندار و فرانسی زمان و که‌روێشک په‌رسته‌کان نابێ بێنه‌ ژوورێ و ده‌بێ وه‌ده‌رنرێن، ئه‌مه‌ که‌ی ڕه‌وایه و که‌ی مرۆڤدۆستییه‌ و که‌ی ئازادی و دیموکراتییه‌‌!
17. چه‌نده‌ خه‌ڵک ئازاده‌ له‌وه‌ی خێڵ و هۆز و ده‌ڤه‌ر و پیشه‌ و هه‌رشتێکی دیکه‌ ده‌کاته‌ پاشناو، هێنده‌ش ئازاده‌ له‌وه‌ی چ پاشناوی نه‌بێ و ناوی سێیانی و چواری هه‌ڵبژێرێ و  ئه‌و سیستمه‌ سه‌قه‌ته‌ی کوردستان و عیراق پێڕۆ بکات.
18. ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان ده‌یتوانی به‌ دانانی سیستمی پاشناو له‌ کوردستان، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو جیهان پێڕۆ ده‌کرێت، بۆ خه‌ڵکی کوردستان، خۆی له‌ عیراق جوێ کردباوه‌، واته‌: سیستمێکی پێشکه‌وتووتری له‌وه‌ی عیراقی ساز کردبا.
19. ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ سیستمی ناوی سێیانی و چواری و قانوونه‌که‌ی بۆ هه‌موو کوردستانییه‌ک و عیراقییه‌ک بێت، ده‌بوو ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و عیراق ده‌ستبه‌رداری پاشناو و ناوه‌گه‌وه‌ره‌کانی خۆیان بووایه‌ن، که‌ له‌ ده‌ڤه‌ر و خێڵ و بنه‌ماڵه‌وه‌ هاتوون، نموونه‌: جه‌لال تاڵه‌بانی، مه‌سعوود بارزانی، نووری ئه‌لمالیکی، ئه‌یاد عه‌للاوی، تاریق ئه‌لهاشمی، ئه‌حمه‌د ئه‌لچه‌له‌بی، عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم، موقته‌دا ئه‌سسه‌در، نێچیرڤان بارزانی و .....سه‌دانی دیکه‌.‌
20. دیموکراتی، به‌ واتای قه‌بووڵکردن و قایلبوون به‌ جیاوازییه‌کان و بینینی خه‌ڵک وه‌ک خۆیان و به‌ یه‌کسانزانینی هه‌موو خه‌ڵک. تۆ که‌ پاشناوی فڵان و ئه‌و و ئه‌م و من قه‌بووڵ ناکه‌یت، کام دیموکراتی و ئازادی بیروبۆچوون و که‌سیه‌تییه‌، که‌ بڕوات پێیه‌تی و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌یت!
21. تاکه‌ یه‌ک شت له‌ کاک دارا و ئه‌وانه‌ی وه‌ک وی ده‌هزرن ده‌پرسم، له‌ ته‌واوی ئه‌و ڕێسا و قانوون و سیستم و به‌زمانه‌ی له‌ کوردستانه‌که‌ی تۆ و من و عیراقدا هه‌ن، تاکه‌ یه‌ک قانوونم بۆ بدۆزه‌وه‌ له‌ قانوونێکی ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی باشتر و عاقڵانه‌تر بێت و پتر که‌ڵک به‌ مرۆڤ بگه‌یه‌نێت و له‌ خزمه‌تیدا بێت! هیچ قانوونێکی وڵاته‌ کاولبووه‌که‌ی ئێمه‌ له‌ هی ئه‌وروپا باشتر نییه‌. هیچ سیاسه‌تکارێکی ئێمه‌ له‌ سیاسه‌تکارێکی ئه‌وروپایی عاقڵتر و دڵسۆزتر و کاراتر و باشتر نییه‌. هیچ بیرکردنه‌وه‌ و نه‌خشه‌دانانێکی سیاسه‌تکارێکی ئێمه‌ له‌ هی ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکاییه‌ک هۆشیارانه‌تر و تۆکمه‌تر و ڕێکوپێکتر نییه‌. ئه‌وروپاییان و ئه‌مه‌ریکاییان له‌ که‌رایه‌تی و بێعه‌قڵییان نییه‌، که‌ پاشناویان هه‌یه‌ و خه‌ڵکی وڵاته‌ وێرانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه‌ش له‌ عاقڵییان نییه‌، که‌ پاشناویان نییه‌ و ناوی سێیانی و چواری و هه‌ندێ جار پێنجیش به‌کار ده‌به‌ن. ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسه‌تکار و قانوونداڕێژ و نه‌خشه‌داڕێژی وڵاتی ئێمه‌، هه‌موو دژی خواستی خه‌ڵک و دژی پێشکه‌وتن و دژی مرۆڤن و هه‌موو چه‌وت و سه‌قه‌تن و ته‌نێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان کار ده‌که‌ن و قانوون داده‌نێن، ئه‌وجا بۆ ده‌بێ له‌ نه‌بوونی پاشناو و به‌کاربردنی به‌و جۆره‌ی کوردستان و عیراقدا ڕاست بن، له‌ کاتێکدا له‌ هیچ شتێکی دیکه‌یاندا ڕاست نین! بێگومان له‌وه‌شدا وه‌ک هه‌موو شته‌کانی دیکه‌یان چه‌وتن و گه‌لێکیش چه‌وتن.
10/2/2011



  1 کاک دارا ئه‌حمه‌د له‌ژێر سه‌ردێڕێ (ناسناوی خێڵه‌کیی و ناوچه‌گه‌ریی نیشانه‌ی پاشڤه‌رۆیی و خولیای ڕه‌گه‌زپه‌رستییه)دا جاڕنامه‌یه‌کی له‌ ماڵپه‌ڕی(ئه‌مڕۆ)دا بڵاوکرده‌وه‌ و ئیدی فه‌رمانی قه‌ده‌غه‌کردنی پاشناو و ناسناو و ئه‌وانه‌ی دا و خه‌ڵکی هان دا بۆ هه‌ڵگرتنی پاشناوی وه‌ک: له‌رزانه‌، هه‌ڵپه‌ڕکێ، شایی، فه‌رته‌نه‌، خۆبادان، له‌نجه‌، سه‌ما، خه‌نده‌ و شتی دیکه‌ یا نووسینی ناوی سێیانی و چواری، خۆ و باوک و باپیر و باپیره‌گه‌وره‌، ته‌نیا بۆ ڕزگاربوون له‌ پاشناوی خێڵ و ناوچه‌.  بنۆڕه‌:  http://emrro.com/nasnawixelekiu.htm  
                                
                                             

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...