Tuesday, September 1, 2009

شڤان په‌روه‌ریش مرۆڤێکه‌ وه‌ک هه‌موو مرۆڤیکی دیکه‌

شڤان په‌روه‌ریش مرۆڤێکه‌ وه‌ک هه‌موو مرۆڤیکی دیکه‌

 ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له‌ ماڵپه‌ڕی په‌یامنێردا ئه‌م هه‌واڵه‌م خوێنده‌وه‌: { له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی په‌یامنێر و رادیۆی زاگرۆس به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا رایگه‌یاند، "له‌ سه‌ر فه‌رمانی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی نامه‌یه‌كی ناره‌زایه‌تی ئاراسته‌ی حكومه‌تی كه‌نه‌دا كرد، به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ناشیرین و هه‌ڵسوكه‌وته‌ ناشارستانیانه‌یه‌ی، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد، شڤان په‌روه‌ر كردیان". گوتیشی: " ئێمه‌ له‌ نیگه‌رانییه‌كانی بواری ئاسایش و له‌ كاری پۆلیس تێده‌گه‌ین، گه‌لی كورد، هه‌رده‌م قوربانی ده‌ستی تیرۆر بووه‌، گه‌لێكی ئاشتی خواز بووه‌، هونه‌رمه‌ند (شڤان په‌روه‌ر)یش هه‌میشه‌ گۆرانی بۆ ئاشتی و ئازادی و سه‌ربه‌ستی گوتووه‌، و زۆر دوور بووه‌، له‌ هه‌ر كارێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه".‌ روونیشیكرده‌وه‌ " هه‌ر بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی ده‌نوێنێت و ناره‌زایه‌تی ده‌رده‌برێت به‌رامبه‌ر به‌و شێوازه‌ مامه‌ڵه‌یه‌ و داوا ده‌كه‌ین؛ كه‌نه‌دا، به‌ زووترین كات داوای لێبوردن له‌ گه‌لی كورد و هونه‌رمه‌ند شڤان په‌روه‌ر بكات". فه‌لاح مسته‌فا گوتیشی: " هونه‌رمه‌ند شڤان په‌روه‌ر له‌ كه‌نه‌دا بووه‌، له‌گه‌ڵ گروپێكی مۆسیقا و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك كاری كردووه‌، پێویستی به‌وه‌ نه‌ده‌كرد؛ له‌سه‌ر زانیاری هه‌ڵه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی، له‌گه‌ڵ، باندێكی تیرۆریستی مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و ئه‌وه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی و ناره‌زایه‌تی ئێمه‌یه‌"}[1].                                                   
له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێردا ئه‌و هه‌واڵه‌ی سه‌رێ به‌مجۆره‌، که‌ بۆ خۆم که‌مێکم ده‌ستکاری کردووه‌، بڵاوکراوه‌ته‌وه‌:{  ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردوو، کاتێک شڤان په‌روه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکدا له‌ که‌نه‌دا و به‌ ئۆتۆمبیل خه‌ریکی گه‌شتێک ده‌بن، پۆلیسی هه‌رێمی ئۆنتالیۆ، شڤان په‌روه‌ر و که‌سه‌که‌کانی دیکه‌ی نێو ئۆتۆمبیله‌که‌‌ ده‌ستگیر ده‌که‌ن و له‌ سه‌ر زه‌وی پاڵیان ده‌خه‌ن و دوای چه‌ند سه‌عاتێک ئازادیان ده‌که‌ن. پۆلیس ده‌ڵێ،  پێییان گه‌یه‌نراوه و ئاگادار کراونه‌وه‌‌، که‌ چه‌کدارێک له‌نێو ئه‌و ئۆتۆمبیله‌دا هه‌بووه‌ و ویستوویه‌تی خراپکاری(تێرۆر) بکات و کاتێک پۆلیس دواتر ‌ بۆی ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ وا نه‌بووه‌، داوای لێبوردنیان له‌ سه‌رنشینانی ئۆتۆمبیله‌که‌ کردووه}[2].                                                                         
ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان، وێنه‌ی ڕاگرتنه‌که‌ی شڤان په‌روه‌ری له‌ لایه‌ن پۆلیسی که‌نه‌داوه‌ به‌ ڤیدیۆ بڵاوکردووه‌ته‌وه‌[3]. ماڵپه‌ڕی ڕووداونێت[4] و حه‌فته‌نامه‌ی بارزان[5]، هه‌ردوویان هه‌واڵی ڕاگرتنی شڤان په‌روه‌ریان بڵاو کردووه‌ته‌وه‌.                                             Peyamner                                           
                                                                                     




شڤان په‌روه‌ر، به‌ درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی له‌ ئه‌وروپا بووه‌ و گۆرانی چڕیوه‌، بۆ هیچ بۆنه‌یه‌ک، که‌ کورد له‌ ئه‌وپه‌ڕی کۆسکه‌وتنیدا بووبێت یا کاره‌ساتێک قه‌ومابێت یا ئاهه‌نگێک ساز کرابێت بۆ هاریکاری و کۆمه‌ک به‌ لێقه‌وماوانی کورد، به‌ هۆی ژاربارانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌، ئه‌نفاله‌وه‌، کۆڕه‌وه‌وه‌، کوردقڕانه‌وه‌ یا هه‌ر شتێکی دیکه‌، هه‌رگیز تاکه‌ یه‌کجاریش، خۆبه‌خشانه‌ و بێ به‌رانبه‌ر و بێ پاره‌، گۆرانی نه‌چڕیوه‌ و نه‌چووه‌ته‌ سه‌ر شانۆ. ئه‌و ئه‌گه‌ر پێشه‌کی پاره‌که‌ی مسۆگه‌ر نه‌کردبێت، ده‌ستی به‌ ژێی سازه‌که‌یدا نه‌هێناوه‌ و ده‌می نه‌کردووه‌ته‌وه‌ و یه‌ک وشه‌ی نه‌گوتووه‌. هه‌موو ئاماده‌بوونێکیشی له‌و بۆنانه‌دا، به‌ سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ و پێکهاتن کردوویه‌تی‌ و بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌کی زیاتری بده‌نێ، به‌ سه‌عاتان چه‌ققه‌چه‌قق و بگره‌ و به‌رده‌ی له‌ سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ کردووه،‌ تا ئه‌وانه‌ی بۆنه‌که‌یان ساز کردووه،‌ قایل بوون به‌وه‌ی، ئه‌و پاره‌یه‌ی بده‌نێ، که‌ خۆی ویستوویه‌تی.                             
شڤان په‌روه‌ر، نزیکه‌ی 35 ساڵێکه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌ژی. سه‌ره‌تا له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژیا و دوای چه‌ند ساڵێک هاته‌ سوێد و له‌وێ جێگیر بوو. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا چووه‌ له‌نده‌ن و پاریس و کوردستان. له‌ دوای ده‌یان ساڵی ژیانی له‌ سوێد، من بۆ خۆم له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا بینیومه‌، که‌ خه‌ڵکی سوێدییشی تێدا ئاماده‌ بوونه‌ و ده‌بوو ئه‌و به‌ زمانی سوێدی به‌خێریان بهێنێت یا قسه‌یه‌ک بکات، که‌چی هه‌میشه‌ ده‌یگوت، که‌ به‌ زمانی ئینگلیزی قسه‌کانی ده‌کات. دیاره‌ زمانه‌ سوێدییه‌که‌ی به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد و زمانه‌ ئینگلیزییه‌که‌یشی هه‌رگیز له‌ سوێدییه‌که‌ی باشتر نه‌بوو. من بڕوا ناکه‌م‌ فرانسیش بزانی. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵیم، که‌ زمانی هیچ یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی تێیدا ژیاوه‌، بێجگه‌ له‌ کوردی و تورکی، به‌ ڕه‌وانی فێر نه‌بووه‌.                                                            
شڤان په‌روه‌ر، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا بوو و به‌شێکی زۆری گۆرانییه‌ شۆڕشگێڕییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی به‌ کاریگه‌ریی په‌که‌که‌ و بۆ په‌که‌که‌ گوتراون و به‌شێکیشیان شیعری "جه‌گه‌رخوین"ی شاعیرن. ساڵانێک دوای ئه‌وه‌ له‌ په‌که‌که‌ هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و په‌که‌که‌ ناویان خسته‌ لیستی نه‌یارانی خۆیانه‌وه‌. ئه‌وده‌مه‌ی، که‌ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا بوو، وه‌ک به‌شێکی زۆری خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ حیزبه‌کانی باکووری کوردستان و وه‌ک جه‌گه‌ر خوینی شاعیری گۆرانییه‌کانی، ئه‌ویش که‌وتبووه‌ داوی دژایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و بارزانیزم و وه‌ک هه‌موو ئه‌و خوێنده‌وار و حیزبییانه‌ی باکووری کوردستان، ئه‌ویش ماڵباتی بارزانیی به‌ پاشڤه‌ڕوو و ده‌ره‌به‌گ(فیۆداڵ) و به‌ هۆی دواکه‌وتوویی و نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختیی گه‌لی کورد و ڕزگارنه‌بوونی کوردستان ده‌زانی. که‌ ڕه‌وش گۆڕا و باشووری کوردستان، که‌وته‌ بارێکی تره‌وه‌ و وڵات بژوێن و ته‌ڕ و چه‌ور بوو و ماڵباتی بارزانییش نۆره‌ مێژووییه‌که‌ی خۆیان پاراست و وه‌رگرته‌وه و ده‌سه‌ڵاتیان فراوانتر بوو‌، شڤان په‌روه‌ر، وه‌ک هه‌موو هه‌لپه‌رستانێکی دیکه، وه‌ک هه‌موو کاسه‌لێسان و ماستاوساردکه‌ره‌وه‌کانی دیکه‌، خۆی گه‌یانده‌ ئه‌وێ و ئه‌ویش که‌وته‌ سه‌ر خێر و به‌ره‌که‌تدا.                                       
ماوه‌یه‌کی زۆر شڤان په‌روه‌ر، له‌ ترسی په‌که‌که‌، کونه‌مشکی لێ بووبوو به‌ قه‌یسه‌ری و نه‌یده‌زانی له‌ کوێ خۆی وه‌شێرێ، تا به‌ خێری خۆی، مه‌سعوود بارزانی، میانگه‌ریی کرد له‌ نێوانیاندا و لێخۆشبوونی له‌ په‌که‌که‌وه‌ بۆ وه‌رگرت. مه‌سعوود بارزانی، بێجگه‌ له‌و کاره‌، میانگه‌ریی له‌ نێوان شڤان په‌روه‌ر و گولستانی که‌ونه‌ژنیشیدا کرد- که‌ ئه‌وه‌ هه‌رگیز کاری ئه‌و نه‌بوو – و ئه‌وانی به‌یه‌ک گه‌یاند.                                                                                                      
شڤان په‌روه‌ر، بێجگه‌ له‌وه‌ی ده‌یان جار گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ کوردستان و باشترین ئاهه‌نگی بۆ ساز کراوه‌ و باشترین خزمه‌ت کراوه‌ و به‌ باشترین شێوه‌ گیرفانی پڕکراوه، ئێستا له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی "کورد1"، که‌ له‌ پاریسه‌وه‌ په‌خش ده‌کات، کار ده‌کات. ته‌له‌ڤزیۆنی "کورد1" یش، که‌ به‌ پاره‌ی حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا و سه‌رۆک هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، به‌خێو ده‌کرێت، یه‌کێکه‌ له‌و ته‌له‌ڤزیۆنه‌ کوردییه‌ زۆر و بۆرانه‌ی، که‌ بوون و نه‌بوونیان وه‌ک یه‌که‌ و یه‌ک سوودیان بۆ پرسی کورد و خه‌ڵکی کورد و کوردستان نییه‌ و ته‌نێ بۆ سه‌رفکردنی پاره‌ و بژێوی چه‌ند کارمه‌ندێک دانراون‌. بوون و نه‌بوونی "کورد1" و زۆرینه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و ده‌سگای په‌خش و بڵاوکردنه‌وه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌کانی کوردستان، که‌ به میلیۆنان دۆلاریان بۆ ته‌رخان ده‌کرێت و تێیاندا ده‌خورێت،‌ هیچ له‌ کێشه‌ و پرسی کورد و کوردستان ناگۆڕن و باری گرانی سه‌رشانی خه‌ڵکی کورد سووک ناکه‌ن. بریا فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، له‌ بری ئه‌و هه‌موو ته‌له‌ڤزیۆنه‌ بێخێر و بێفه‌ڕانه‌، ته‌له‌ڤزیۆنێکیان به‌ زمانی ئینگلیزی، وه‌ک ئه‌لجه‌زیره‌ی ئینگلیزی و ته‌له‌ڤزیۆنیکیشیان به‌ زمانی عه‌ره‌بی، فارسی و تورکی، داده‌نا، ئه‌وده‌می با شڤان په‌روه‌ر و ئه‌وانه‌ی وه‌ک شڤان په‌روه‌ر، لانه‌واز بووایه‌ن و بگه‌ڕابانایه‌وه‌ سه‌ر قه‌واره‌ی ڕاست و دروستی خۆیان.                                                        
کورد، جاران وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌گه‌لێکی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌، بۆ که‌سێک، که‌ کاریی گۆرانیگوتن بووایه‌، وشه‌گه‌لی: (گۆرانیبێژ) و (سترانبێژ)ی هه‌بوون، که‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی، ده‌بنه‌: (مغني، مطرب) و به‌ زمانی فارسی ده‌بنه‌: (خواننده‌، آوازخوان، نواخوان) و به‌ زمانی سوێدی ده‌بنه: (Sångare بۆ پیاو) و   (Sångerska  بۆ ژن) و  به‌ ئینگلیزییش ده‌بنه‌: (Singer)، ئێستا، له‌ کوردستان، هه‌رچی سمێڵ سووره‌ هه‌مزاغایه‌ و هه‌رکه‌سه‌و جووکه‌یه‌کی لێوه‌ هات و ده‌نگێکی لێ به‌رز بووه‌وه‌ و که‌سێک مۆسیقایه‌کی بۆ ژه‌ند، ئیدی، ناوی (هونه‌رمه‌ند)ی لێ ده‌نرێ. هونه‌رمه‌ند، به‌ عه‌ره‌بی ده‌بێته‌: (فنان) و به‌ فارسی ده‌بێته‌: (هنرپیشه‌)، که‌ ئه‌کته‌ری شانۆیی و سینه‌ما ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ سوێدی ده‌بێته‌(Konstnär)، که‌ بێجگه‌ له‌وانه‌ی له‌ بواری شانۆ و سینه‌ما و په‌یکه‌رسازی و شێوه‌کاری و نیگارکێشاندا کار ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌، که‌ خه‌ریکی مۆسیقان و له‌ مۆسیقا ده‌زانن و به‌ ئینگلیزی ده‌بێته‌ (Artist)، که‌ پتر هونه‌رمه‌ندانی بواری سینه‌ما و شانۆ ده‌گرێته‌وه‌. لای کورد هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ تێکه‌ڵ کراون و هه‌رکه‌سه‌و به‌ ئاره‌زووی خۆی به‌کاریان ده‌بات. چه‌قه‌نه‌لێده‌ر و لۆتیی کۆڵانان و شایه‌ر، له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێزمدا بۆیان، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ڕاگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌کرێنه‌‌ هونه‌رمه‌ند و ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و به‌هایان بۆ داده‌نرێت و هه‌موو شتێکیان بۆ دابین ده‌کرێت. هیچ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان لۆتی، چه‌قه‌نه‌لێده‌ر، شایه‌ر و هونه‌رمه‌نددا له‌کن کورد، نه‌ماوه‌. به‌شێکی زۆری ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ناوی هونه‌رمه‌نده‌وه‌، له‌ کوردستان کیسه‌یان پڕ ده‌کرێت‌ و بۆیان هه‌ڵده‌ڕێژرێ و خزمه‌ت ده‌کرێن و له‌ باشترین هوتێلدا داده‌به‌زن و ده‌حه‌وێنه‌وه‌ و پاره‌ی میلله‌تیان بۆ په‌خش ده‌کرێ و ده‌بنه‌ میوانی زلترین سه‌رانی ده‌سه‌ڵات، له‌ ئه‌وروپا له‌ سه‌ر ماڵی مام ده‌ژین و ئه‌وی کاره‌ به‌ لایدا ناچن و ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رگایه‌ی کوردستان و مفته‌خۆریی ئه‌وێیان لێ نه‌کراباوه‌، له‌ ئه‌وروپا، که‌ ده‌مردن، ده‌بوو شارداری کفنیان کردبان و بیانشاربانه‌وه‌.
شڤان په‌روه‌ر، له‌ یه‌کێک له‌ گۆرانییه‌کانیدا ده‌ڵێ:"..ئه‌ندامی کوردستانم..."، من ئێستاش له‌وه‌ تێناگه‌م، که‌ مرۆڤ چۆن ئه‌ندامی وڵات و خاکێک ده‌بێت، خۆ کوردستان کۆمه‌ڵه‌یه‌ک، حیزبێک، گرۆیه‌ک یا ڕێکخراوێک نییه‌ تا خه‌ڵک ببێته‌ ئه‌ندامی! ئه‌م ئه‌ندامی کوردستانمه‌، له‌ بیرکردنه‌وه‌ و قسه‌ی کوردگه‌لێک ده‌چێ، که‌ ته‌نێ به‌ ڕه‌گه‌ز کورد بن و ئیدی چ پیوه‌ندێکیان به‌ نه‌ به‌ کورد و نه‌ به‌ کوردستان و نه‌ به‌ فه‌رهه‌نگ و جڤاک و خاکی کوردستانه‌وه‌ نه‌بێت.
هاوڕێیه‌کم بۆ گێڕامه‌وه‌، که‌ جارێکی ئاهه‌نگێکی شڤان په‌روه‌ر له‌و شاره‌ی ئه‌واندا هه‌بووه‌، ئه‌میش به‌ که‌سێکی دۆستی خۆی گوتووه‌، که‌ پێکه‌وه‌ بچن بۆ ئه‌و ئاهه‌نگه‌، ئه‌و دۆسته‌ی گوتوویه‌تی:"به‌خوا برا ئه‌ز نایه‌م، ئه‌ز چ بکه‌م له‌ شڤان په‌روه‌ر و دینگل دینگل کوردستان"، مه‌به‌ستی ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ ئه‌وانه‌ی گۆرانی کوردیی ده‌ڵێن و مۆسیقای کوردی ده‌ژه‌نن و ئاهه‌نگیی کوردی ساز ده‌که‌ن، ته‌نێ زرم و کوت مۆسیقا لێده‌ده‌ن و هاوار ده‌که‌ن و درنگه‌درنگه‌ ده‌که‌ن و هیچی دیکه‌یان پێ نییه‌.
پۆلیسی که‌نه‌دایی، هیچ کاتێک له‌گه‌ڵ پۆلیسی تورکیا، عیراق، ئێران، سووریا، وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین و کوردستاندا، به‌راورد ناکرێت. پۆلیس هه‌روا له‌خۆڕا و به‌ بێ هۆ، له‌ وڵاتێکدا، که‌ قانوون تێیدا سه‌روه‌ر بێت، که‌س ناگرێت و هه‌ڵناکوتێته‌ سه‌ر خه‌ڵک و له‌ که‌س ناپێچێته‌وه‌. شڤان په‌روه‌ر، له‌ کن فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح مسته‌فا، هونه‌رمه‌ندی مه‌زنی گه‌لی کورد و کوردستانه‌، له‌ که‌نه‌دا یا هه‌ر وڵاتێکی دیکه‌، مرۆڤێکه‌ وه‌ک هه‌موو مرۆڤێکی دیکه‌. ده‌یان جار مایکل جاکسن، که‌ هونه‌رمه‌ندێکی جیهانیی بوو، به‌ بیانووی جیاوازه‌وه‌، له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌، گیراوه‌ و لیکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کراوه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تێکیش له‌ سه‌ری به‌ ده‌نگ نه‌هاتوون. هه‌ر پێش چه‌ند مانگێک له‌ سوێد و له‌ یه‌کێک له‌ هوتێله‌کانی شاری ستۆکهۆڵمدا، دایان به‌ سه‌ر سترانبێژی لوبنانی (جۆرج وه‌سسووف)دا، که‌ گومانی گه‌رد و مادده‌ی هۆشبه‌ر و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ی لێکرابوو و بۆ ماوه‌یه‌ک گیرا و دواتر ئازاد کرا، هیچ ده‌وڵه‌ت و لایه‌نێکی ڕه‌سمییش له‌ سه‌ری هه‌ڵیاننه‌دایه‌ و وه‌ده‌نگ نه‌هاتن. فه‌لاح موسته‌فا، داوا له‌ که‌نه‌دا ده‌کات، که‌ داوای لێبوردن بکات، چونکه‌ شڤان په‌روه‌ریان بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م ڕاگرتووه‌! فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا و سه‌رۆک هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، که‌ هێنده‌ به‌ ته‌نگ خه‌ڵکی کورده‌وه‌ن، ئه‌ی بۆ داوا له‌ حوکووتی که‌مالیستی تورکیا ناکه‌ن، که‌ داوای لێبوردن له‌ ده‌یان هه‌زار دایک و خۆشک و باوک و برای شه‌هیده‌کانی بزاڤی کوردایه‌تی بکه‌ن! بۆ چی داوا له‌ تورکیای که‌مالیست ناکه‌ن‌، که‌ داوای لێبوردن له‌ ماڵباتی ئه‌و کوڕه‌ منداڵه‌ بکه‌ن، که‌ پۆلیس ئانیشکی به‌ جۆرێک شکاند، ته‌نانه‌ت له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیشدا، قرچه‌ و خڕه‌ی ئێسکه‌ شکاوه‌که‌ی ده‌هات! له‌ باکووری کوردستان، هه‌ر ئه‌و جێیه‌ی، که‌ شڤان په‌روه‌ری تێدا هاتووه‌ته‌ دنیاوه‌، سه‌دان گوند چۆڵکران و هه‌زاران ڕه‌ز سووتێنران و هه‌زاران کچ ئه‌تککران و هه‌زاران لاو هه‌ڵواسران و هه‌زاران مرۆڤ کۆچپێکران و ڕاگوێزران، ئایا ئه‌وانه‌ هیچیان بایه‌خی ئه‌وه‌یان نه‌بوو، که‌ فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا، له‌ سه‌ریان وه‌ده‌نگ بێن و داوا له‌ حوکوومه‌تی تورکیا بکه‌ن، که‌ داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کورد بکات! فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا و سه‌رۆک هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، بۆ تا ئێستا داوایان له‌ حوکوومه‌تی به‌عسی سووریا نه‌کردووه‌، که‌ داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کوردی سووریا بکات، بۆ کوشتنی لاوه‌ بێتاوانه‌کانی یاریگه‌که‌ی قامیشلو و شه‌هیدکردنی مه‌لا موحه‌ممه‌د مه‌عشووق خه‌زنه‌وی! فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا و سه‌رۆک هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، بۆ به‌رانبه‌ر حوکوومه‌ته‌کانی تورکیا و ئێران، که‌ ڕۆژانه‌ بۆمباران و تۆپبارانی خاکی باشووری کوردستان ده‌که‌ن و سه‌دان خێزان، ئاواره‌ ده‌که‌ن و سه‌دان ڕه‌ز و خانوو، ده‌سووتێنن و وێران ده‌که‌ن، فززه‌یان لێوه‌ نایه‌ت و له‌ میدیاکانی کوردستاندا، له‌ ژێر لێو و به‌ شه‌رمه‌وه‌، ته‌نێ وه‌ک هه‌واڵێک، باسی ده‌که‌ن! فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا، بۆ داوا له‌ حوکوومه‌ته‌کانی سوێد و ئینگلستان و ئه‌ڵمانیا و فرانسا و...ناکه‌ن، که‌ داوای لێبوردن له‌و په‌نابه‌ره‌ کوردانه‌ بکه‌ن، که‌ له‌ سه‌ر هیچ و خۆڕایی و بێ ئه‌وه‌ی هیچیان کردبێ، له‌ زیندان و گرتووخانه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌دا که‌وتوون و به‌شێکی زۆریان تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی هاتوون و مه‌رگ به‌ ئاوات ده‌خوازن! ئایا یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌وگرانی کورد و خاکی کوردستان، هێنده‌ی شڤان په‌روه‌ر، بۆ فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، بایه‌خیان نییه‌!  فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ت و سه‌رۆک هه‌رێمه‌که‌ی، که‌ هێنده‌ به‌ته‌نگ شڤان په‌روه‌ره‌وه‌ن، ئه‌ی بۆ ڕێزه‌یه‌کی ئه‌وه‌، به‌ته‌نگ مه‌سعوود موحه‌ممه‌دێکه‌وه‌ نه‌هاتن، که‌ به‌ ئاواره‌یی و پشتگوێخراوی و نائومێدی، له‌ په‌نای ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵیی کورددا سه‌ری نایه‌وه‌، ئایا بۆ کورد مه‌سعوود موحه‌ممه‌د گه‌وره‌ بوو یا شڤان په‌روه‌ر و هاوڕێیه‌کانی، که‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ده‌که‌نه‌ گه‌روویانه‌وه‌ و هه‌رگیز تێریش نابن.   
فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی، خۆ به‌ به‌شێک له‌ عیراق ده‌زانن و عیراقین، که‌چی داکۆکی له‌ شڤان په‌روه‌رێک ده‌که‌ن، که‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاتێکی دیکه‌ی(ناعیراقی) هه‌یه‌ و وه‌ک کوردێک داکۆکی لێ ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ چۆنه‌ ئێستا وا هه‌ستیی کوردستانییان به‌رز بووه‌ته‌وه و خۆ به‌ خاوه‌ن و پشتیوانی شڤان په‌روه‌ر ده‌زانن! ئه‌و په‌ژاره‌ و گوتاره‌، ته‌نێ بۆ شڤان په‌روه‌ره‌، ده‌نا خۆ  میلیۆنان کوردی باکوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوای کوردستان و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وسترالیا و ئه‌فریقا و ئاسیا، هه‌زاران کێشه‌ و ده‌ردیسه‌ری و گرفتیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ بۆ له‌ سه‌ر ئه‌وان، ده‌نگ هه‌ڵنابڕن و شتێک ناڵێن! دیاره‌ که‌نه‌دایش له‌ پیاوه‌تی خۆیه‌تی ده‌نگ ناکات، ده‌نا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، بپرسێ، به‌ تایبه‌تیش له‌ فه‌لاح موسته‌فا، که‌ به‌رپرسی پێوه‌نده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حوکوومه‌تی کوردستانه‌، ئه‌رێ ئێوه‌ی عیراقی، چ کاره‌ن و چیتان داوه‌ له‌ شڤان په‌روه‌رێکی، خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌یه‌کی نازانم: تورکیایی، ئه‌ڵمانی، سوێدی یا وڵاتێکی دیکه!
که‌نه‌دا، ساڵانێکه‌، داڵده‌ی هه‌زاران کوردی داوه‌، چ رؤژێک فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی، سپاسێکیان کرد، که‌چی بۆ گومان و لێپرسینه‌وه‌یه‌ک له‌ لایه‌ن پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌وه‌، له‌ شڤان په‌روه‌ر، داوا ده‌که‌ن، که‌نه‌دا داوی لێبوردن له‌ گه‌لی کورد بکات، من ده‌پرسم چ حوکوومه‌تێکی ئه‌م جیهانه‌ تا ئێستا، داوای لێبوردنی له‌ گه‌لی کورد کردووه‌! ئه‌وه‌ حوکوومه‌ته‌که‌ی عیراق، که‌ حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، به‌شێکه‌ لێی، تا ئێستا، به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌‌ی، کورد قڕکردن و وێرانکردنی کوردستان و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و کوردانی فه‌یلی و ئێزدییان و بارزانی و شه‌به‌ک و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی کراون، کوا داوای لێبوردنی له‌ گه‌لی کورد کردووه‌!
هه‌موو یه‌کێک له‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانێت، که‌ شڤان په‌روه‌ر، سترانبێژێکی میللی کورده‌، خه‌ڵکی باکووری کوردستانه‌ و ساڵانێکی دوورودرێژه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌ژی. له‌ بواری ستران و سرووتی شۆڕشگێڕیدا و بۆ هاندانی خه‌ڵکی کورد، نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاوی هه‌بووه‌. ساڵانی 1970کان، له‌ ڕادیۆی (یه‌ره‌ڤان)ی ئه‌رمه‌نستانه‌وه‌، که‌ په‌خشێکی کوردیی هه‌بوو، گه‌لێ جار، گۆرانییه‌کانی شڤانیان ده‌خسته‌ سه‌ر و کاریگه‌رییه‌کی زۆری له‌ مرۆڤی کورد ده‌کرد. من ئێستاش له‌ بیرم ناچێت، که‌ چۆن جارێکی ساڵی 1978، له‌ کارگێڕیی ئاماری هه‌ولێر، هاوکارێکم کاک ئه‌مجه‌د خه‌لیل شه‌عبان، یادی به‌خێر، که‌ پێش چه‌ند ساڵێک، له‌ سوێد، به‌ نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌، کۆچی دوایی کرد، نیوه‌ڕۆیه‌کی پێش ته‌واوبوونی کاتی کاره‌که‌مان ، هاته‌ ژووره‌که‌وه، که‌ منی لێبووم‌ و به‌ دیار سه‌رمه‌وه‌ ڕاوه‌ستا و ده‌می نایه‌ په‌ناگوێمه‌وه‌ و به‌ ده‌نگێکی زۆر کز و ئارام، پێی گوتم، که‌ دوای ته‌واوبوونی کار، چاوه‌ڕێی بکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی پێکه‌وه‌ له‌ کارگێڕییه‌که‌ ده‌رچین و بڕۆینه‌وه‌ بۆ ماڵ. منیش قایل بووم. که‌ کار ته‌واو بوو و ده‌رچووینه‌ ده‌رێ، گوتی که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بڕۆمه‌وه‌ بۆ ماڵی ئه‌وان. منیش پرسیم بۆ؟ گوتی: شتێکی خۆشت پێ ده‌ڵێم و دیارییه‌کم هه‌یه‌ بۆ تۆ. منیش زۆر خۆشحاڵ بووم. که‌ گه‌یشتینه‌ ماڵیان، کاسێتێکی خسته‌ سه‌ر تۆمارکه‌ر(موسه‌جیل، زه‌بت، ڕیکۆرده‌ر)ه‌که‌ی و په‌نجه‌یه‌کی به‌ دوگمه‌که‌یدا نا و ده‌نگی لێوه‌ هات. شڤان په‌روه‌ر بوو، ده‌یچڕی. گوتی: ئه‌وه‌ دیارییه‌که‌یه‌، ئه‌و کاسێته‌ت بۆ کۆپی ده‌که‌م. یه‌ک دنیا دڵم خۆش بوو و که‌یفساز بووم، به‌وه‌ی بۆ خۆم ده‌بمه‌ خاوه‌نی کاسێتی شڤان په‌روه‌ری خۆم. ئیدی له‌ خۆشیاندا نه‌مده‌زانی چؤن سپاسی ئه‌و هاوڕێیه‌م بکه‌م. کاسێته‌ بۆرم پێچایه‌وه‌ و شاردمه‌وه‌ و خۆم گه‌یانده‌ ماڵ. ئیدی ڕۆژانه‌ به‌ دزییه‌وه‌، ده‌رمده‌هێنا و ده‌نگه‌که‌م کز ده‌کرد و گوێم ده‌دایێ، ئه‌وه‌ خۆشییه‌ک بوو، هه‌رگیز له‌ باسکردن نایه‌ت. له‌و ڕۆژانه‌ی سه‌رده‌می به‌عسدا، گوێدانه‌ مۆسیقای له‌و جۆره‌، قه‌ده‌غه‌ بوو و باسی سه‌ر بوو. شڤان په‌روه‌ریش یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی، که‌ باسکردنی و کاسێته‌کانی خه‌ته‌رێکی مه‌زنی تلیاکئاسا بوو. شڤان په‌روه‌ر، خزمه‌تێکی زۆری به‌ گۆرانیی کوردی کردووه‌ و به‌ڵام نه‌ ئه‌و و نه‌ هیچ تاکێکی کورد، له‌ خاکی کوردستان مه‌زنتر نین و  له‌و هه‌موو میلیۆنه‌ کورده‌ی، که‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد پێکده‌هێنن، گرنگتر و باڵاتر و هێژاتر نین‌! بریا فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ی، ته‌ماشای هه‌موو کوردیان به‌ یه‌ک چاو ده‌کرد و گه‌لی کورد و خاکی کوردستانیان له‌ شڤان په‌روه‌ر و شڤان په‌روه‌ره‌کان پێ مه‌زنتر و به‌هادارتر ده‌بوو.                                                                                                               1/9/2009



  http://www.peyamner.com/details.aspx?l=1&id=139073  [1]  بنۆڕه‌ ماڵپه‌ڕی په‌یامنێر:  
 ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ژماره‌ 602، 20/8/2009، ل19. [2]
   http://www.dengekan.info/dengekan/11/genaral2/6682.html [3] بنۆڕه‌ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان:
 [4] بنۆڕه‌ ماڵپه‌ڕی ڕووداونێت:
 [5] بنۆڕه‌ حه‌فته‌نامه‌ی بارزان،  ژماره‌ 130، 23/8/2009، ل12. 

Saturday, August 22, 2009

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستانه‌وه‌ چی گۆڕاوه‌؟ دیمانه‌ی ماڵپه‌ڕی هاوپشتی له‌گه‌ڵ (ئه‌مجه‌د شاکه‌لی)دا


له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستانه‌وه‌ چی گۆڕاوه‌؟
دیمانه‌ی ماڵپه‌ڕی هاوپشتی له‌گه‌ڵ (ئه‌مجه‌د شاکه‌لی)دا

  1. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ لیستی گۆڕان وه‌ک لیستێکی نه‌یار به‌ هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵات، یه‌کێتی‌و پارتی ده‌رکه‌وتووه‌، ئێوه‌ ئه‌م ده‌رکه‌وتنه‌ی لیستی گۆڕان چۆن لێکده‌ده‌نه‌وه‌؟ ئه‌نجامی چییه‌؟ نیشانه‌ی چییه‌؟
شاکه‌لی: به‌ بڕوای من، له‌ ساڵی 1992ه‌وه‌، که‌ به‌شێک له‌ باشووری کوردستان ئازاد بوو و په‌رله‌مان و کارگێڕی و حوکوومه‌تی خۆیی تێدا دامه‌زرا و کورد بۆ خۆی بوو به‌ فه‌رمانڕه‌وای خۆی، هه‌ر له‌وده‌مه‌وه‌، تووڕه‌یی و ناڕازیبوون و ڕه‌خنه‌، له‌ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان- که‌ به‌ هه‌رێمی کوردستان ناوی ده‌رکرد - و چۆنیه‌تیی دابه‌شکردنی داهاته‌که‌ی و نادادی و نا‌یه‌کسانی و جیاوازیی چینایه‌تی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ بنچینه‌ییه‌کان و داته‌پینی ژێرخانی ئابووری و نه‌بوونی ئازادی ڕاده‌ربڕین و گه‌نده‌ڵی و پتر به‌رینبوونه‌وه‌ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندان له‌یه‌کدی و ده‌یان که‌لێن و کێماسی دیکه‌، هه‌بوون و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار و ساڵاندا و له‌گه‌ڵ چه‌سپاندن و جێگیربوونی ده‌سه‌ڵاتیشدا و له‌گه‌ڵ پتر پشتگوێخستن و نه‌خوێندنه‌وه‌ی خه‌ڵک و خواسته‌کانیاندا، ده‌نگی جیاواز، بڵند ده‌بووه‌وه‌ و خه‌ڵکی کوردستان ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ، به‌ گومانه‌وه‌ ده‌یاننۆڕییه‌ ده‌سه‌ڵات و نا‌ته‌واوییه‌کانیان ده‌رده‌خست. خه‌ڵک به‌ چوونه‌ سه‌ر جاده‌ و ڕێپێوان و خۆپێشاندان و ده‌نگبڵندکردنه‌وه‌ و نووسین و ڕه‌خنه‌گرتن، قسه‌ی خۆیان ده‌کرد و داوای باشترکردنی گوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستانیان ده‌کرد. ته‌واوی ئه‌و تووڕه‌یی و ڕه‌خنانه‌، جۆگه‌ڵه‌گه‌لێک بوون و ده‌ڕژانه‌ ڕووبارێکه‌وه‌، که‌ ئاره‌زووی گۆڕانی ده‌کرد. ئه‌و خه‌ڵکه‌ تووڕه‌یه‌ی، که‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ و تاسلووجه‌ و بازیان و ده‌ربه‌ندیخان و سلێمانی و که‌لار و کفری و هه‌ڵه‌بجه‌، مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌یان ده‌سووتاند و ئه‌وانه‌ی، که‌ ده‌نگی خۆیان دژی ده‌سه‌ڵات بڵند ده‌کرده‌وه‌ و هاواریان ده‌کرد و به‌ گولله‌ و لێدان، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، وه‌ڵام ده‌درانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ هه‌موو خه‌ڵکێکی گۆڕانخواز بوون. گۆڕان به‌ واتایه‌کی فراوان. گۆڕان، وه‌ک خواست و وه‌ک جووڵانه‌وه‌ هه‌ر له‌و ده‌مییه‌وه‌ڕا، ده‌ستیپێکربوو‌. گۆڕان، وه‌ک بزاڤێکی جه‌ماوه‌ری فراوان و به‌رین، تووڕه‌یی و بێزاری خه‌ڵکه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات. لیستی گۆڕان، به‌شێکه‌ له‌و بزاڤ و تووڕه‌ییه‌، لێ لیستی گۆڕان هه‌موو بزاڤه‌که‌ نییه‌. گۆڕان وه‌ک هزر و وه‌ک بزاڤ، ده‌شێ له‌ ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌کانی کوردستاندا هه‌بێ و له‌ نێو ماڵی هه‌موو مرۆڤێکی کوردستاندا هه‌بێ، ئه‌وانه‌ی لێ ده‌رچن، که‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان و وابه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتن و له‌ سه‌ر خوانی ده‌سه‌ڵات ده‌له‌وه‌ڕێن. لیستی گۆڕان ئه‌و تووڕه‌ییه‌ی خه‌ڵکی قۆسته‌وه‌ و  سواری شه‌پۆلی بێزاری و وه‌ڕسیی خه‌ڵک بوو. ئێمه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت، که‌ لیستی گۆڕان، هه‌رچه‌نده‌ به‌ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌له‌، وه‌ها پێشکه‌وت، لێ بۆ خۆی له‌ بنه‌مادا جیابوونه‌وه‌یه‌که‌ له‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ لنگه‌کانی ده‌سه‌ڵات. بێجگه‌ له‌وه‌ش لیستی گۆڕان، تاڕاده‌یه‌کی زۆر، مۆرکی ده‌ڤه‌رایه‌تیی پێوه‌ دیاره‌ و تاڕاده‌یه‌کی زۆریش، له‌ بازنه‌ی هزری ده‌ڤه‌رایه‌تییه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر دوور نییه‌، به‌ڵکه‌ تێیدا ده‌خولێته‌وه‌.
  1. به‌ بڕوای ئێوه‌ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن‌و ده‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان چ ئاڵوگۆڕێک یان کۆمه‌ڵه‌ ئاڵوگۆڕێکی دیاریکراو له‌ بارودۆخی سیاسی کوردستاندا پێکده‌هێنێت؟
شاکه‌لی: ئه‌گه‌ر کاره‌کانی په‌رله‌مان به‌ ئاسایی بڕوات و هه‌موو لایه‌نه‌کان، به‌ تایبه‌ت حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات، پابه‌نده‌ بن به‌ ڕێڕۆی قانوونی و چۆنیه‌تی جێبه‌جێکردنی کاره‌کان، لیستی گۆڕان و لیسته‌کانی دیکه‌ش، که‌ پۆستی حوکوومه‌ت وه‌رناگرن، ده‌توانن وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن کار بکه‌ن. ئه‌وان ده‌توانن چاودێریی هه‌موو کارێکی په‌رله‌مان و حوکوومه‌ت بکه‌ن و هه‌میشه‌ کێماسی و ناته‌واوییه‌کانیان وه‌ده‌رخه‌ن و چه‌وتیی و ناڕاست و نادروستی و هه‌ڵه‌کانیان بخه‌نه‌ پێش چاو و ڕه‌خنه‌ بگرن و چالاکانه‌ پێشنیازی باش و به‌که‌ڵک به‌ قازانجی خه‌ڵکی کوردستان پێشکه‌ش بکه‌ن. ئه‌وان ده‌توانن وه‌ک زه‌نگێک هه‌میشه‌ بزرنگێنه‌وه‌ و نه‌هێڵن په‌رله‌مان و حوکوومه‌ت که‌مته‌رخه‌می و ساردی بنوێنن و خه‌و بیانباته‌وه‌. ئه‌وان ده‌توانن نۆره‌ی چاودێر ببینن و هه‌مووده‌م، چاو له‌ ده‌سه‌ڵات و حوکوومه‌ت، زه‌ق بکه‌نه‌وه‌ و بیانترسێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوه‌نۆڕی گۆڕانکارییه‌کی مه‌زن و بنه‌ڕه‌تیی له‌ بنه‌ما و بنگه‌ی سیاسیی کوردستاندا بکه‌ین، ئه‌وه‌یان من بۆ خۆم به‌ دووری ده‌زانم.
  1. ئایا وه‌ک هه‌ندێک چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن‌و ئومێد ده‌که‌ن، ئه‌نجامه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌نگاونان بۆ به‌دامه‌زراوه‌کردنی حکومه‌تی هه‌رێم، بۆ نموونه‌ ئایا جێگاوشوێنی په‌رله‌مانی کوردستان ئاڵ‌وگۆڕی به‌سه‌ردا دێت؟
شاکه‌لی: تا حوکوومه‌ت و حیزب لێکدی جودا نه‌کرێنه‌وه‌ و تا هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان، به‌ تێڵابه‌ده‌ست و به‌رپرس و حیزبی و میرانی جه‌نگ و سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌ند و گه‌دا و چه‌وساوه‌ و هه‌ژاره‌وه‌، له‌به‌رده‌م قانووندا چوونیه‌ک و یه‌کسان نه‌بن، ئه‌ویش به‌ گۆڕینی بیرکردنه‌وه‌ و دید و جیهانبینی خه‌ڵک و تێڕوانینیان بۆ سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵات، وه‌ک که‌سێکی ئاسایی، که‌ کار و ئه‌رکێک ئه‌نجام ده‌دات، هه‌رگیز نه‌ک هه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مساڵ، به‌ڵکه‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی دوای ئه‌مه‌یش، چ کاریگه‌رییه‌کیان نابێت و حوکوومه‌ت ناکه‌نه‌ دامه‌زراوه‌ و له‌ ده‌ستی حیزب و به‌رپرسانی حیزب و میرانی حیزبی ده‌رناکه‌ن. په‌رله‌مان، کاتێک ده‌توانێت نۆره‌ی خۆی ببینێت، که‌ ئه‌ندامه‌کانی، خواستی خه‌ڵک بخه‌نه‌ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌نده‌ حیزبییه‌کانه‌وه‌ و گوێ بۆ خه‌ڵک ڕادێرن، نه‌ک بۆ مه‌کته‌بی سیاسی حیزبه‌کانیان.
  1. ئه‌و ئه‌نجامانه‌ چ کاریگه‌ریه‌کیان له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پارتی‌و یه‌کێتیدا ده‌بێت؟
شاکه‌لی: به‌ بڕوای من، هیچ په‌رله‌مانێک له‌م جیهانه‌دا‌، نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵک ناکات و په‌رله‌مان ته‌نێ یارییه‌کی بۆرژوازییانه‌یه‌ بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و کڵاونانه‌ سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار و خواره‌وه‌ی پلیکانه‌ی جڤاک، بۆ ده‌مکوت کردنیان. هه‌ربۆیه‌، په‌رله‌مانی کوردستانیش، چ جیاوازییه‌کی له‌و په‌رله‌مانانه‌ی وڵاتانی جیهان نییه. گۆڕینی چه‌ند ده‌موچاوێکی ناو په‌رله‌مان به‌ چه‌ند ده‌موچاوێکی دیکه‌، فه‌لسه‌فه‌ی په‌رله‌مان ناگۆڕێت. په‌رله‌مانتاریزم بۆ خۆی وه‌ک سیستم و فه‌لسه‌فه‌ و ئیدیۆلۆگی، ده‌ربڕی خواست و ویست و ئومێدی جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵک نییه‌ و ناتوانێت، هه‌موو ئاواته‌کانیان بهێنێته‌ دی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناڕازیبوونی خه‌ڵک و ڕاوه‌ستانیان دژی ده‌سه‌ڵات،  ته‌نێ به‌ ده‌سه‌ڵات پارتیی و یه‌کیه‌تییه‌وه‌ به‌ند نییه‌، به‌ڵکه‌ هه‌ر ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌یش له‌وانه‌ی نێو په‌رله‌مان، ببنه‌ باڵاده‌ست و ده‌مڕاستی په‌رله‌مان، هه‌ر  ناتوانن سه‌دله‌سه‌د دڵی خه‌ڵک رازی بکه‌ن و خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک بکه‌ن، که‌واته‌ ناڕازیبوون، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌سه‌ڵات و حوکوومه‌ت و خه‌ڵکی باڵاده‌ست هه‌بێت، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌روه‌ر هه‌بێت، هه‌ر ده‌بێت و هه‌ر ده‌مێنێت. کاتێک ناڕازیبوون نامینێت، که‌ خه‌ڵک بۆ خۆی، هه‌موو تاکێک، له‌ جڤاکێکی بێ چین و بێ له‌شکر و بێ ده‌سه‌ڵات و بێ سه‌روه‌ریدا، خۆی خاوه‌ن و ده‌مڕاستی خۆی بێت.

  1. باسێکی زۆر سه‌باره‌ت به‌ ته‌زویر‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کرا. ئایا تێڕوانینت سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تبارکردنه‌ی لیستی کوردستانی به‌ ته‌زویرکردنی هه‌ڵبژاردن چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت. به‌ بڕوای ئێوه‌ چۆن ده‌کرێت ڕێگا له‌م ئاست‌و شێوازه‌ له‌ ته‌زویر بگیرێت؟
شاکه‌لی: له‌ هه‌ر وڵاتێکی ئه‌م جیهانه‌، که‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی تێدا کرابێت و بکرێت، باس له‌ ساخته‌کاری و ده‌ستکاریی ده‌نگه‌کان کراوه‌ و ده‌کرێت. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی کوردستانیشدا، وه‌ها باسێک هاته‌ گۆڕێ. من بڕوا ده‌که‌م ساخته‌کاریی کرابێت، به‌ڵام چه‌ند و چۆن و له‌ کوێ و بۆ و کێ و...من ئه‌وانه‌ نازانم! هه‌رچه‌نده‌ لیستی گۆڕان زۆر باسی ساخته‌کارییان له‌ ده‌ڤه‌ری دهۆک و هه‌ولێر ده‌کرد، لێ من بۆ خۆم له‌و بڕوایه‌دام، له‌ سلێمانیش ساخته‌کاری کرابێت، خۆ سلێمانی له‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌ نییه‌ و ئه‌ویش به‌شێکه‌ له‌ باشووری کوردستان و هه‌مان فه‌رهه‌نگی دهۆک و هه‌ولێری هه‌یه‌! لیستی گۆڕان، که‌ بۆ خۆی، وه‌ک پاشخان و مێژوو، پتر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر و دهۆکدا نه‌یاره‌، پتر باسی ساخته‌کاریی له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ ده‌کرد. سلێمانی، که‌ پێگه‌ی سه‌ره‌کی و سه‌دله‌سه‌دی جه‌لالیزمه‌، به‌ نه‌وشیروانیزمیشه‌وه‌، که‌ وه‌چه‌ و دیوێکی دیکه‌ی جه‌لالیزمه،‌ به‌ گوتارێکی، ئێستا بڕێک جیاوازه‌وه‌، که‌ زۆرینه‌ی له‌گه‌ڵ لیستی گۆڕاندا بووبێت، ئیدی چاوه‌ڕوانی چ ساخته‌کارییه‌کی لێ بکرێ! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بڵێم، سلێمانی، به‌ گه‌رمیانیشه‌وه‌، که‌ ئێستا سه‌ر به‌ سلێمانییه‌، وه‌ک نه‌ریت، له‌گه‌ڵ جه‌لالیدان، ئیدی هه‌ر جۆره‌ جه‌لالیه‌تییه‌ک بێت، وا ئه‌م جاره‌یان باز به‌ سه‌ر لیستی گۆڕانه‌وه‌ نیشته‌وه‌.
  1. نه‌وشیروان مسته‌فا به‌شداری دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مانی نه‌کرد‌و قسه‌ی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌ستی له‌کار کێشاوه‌ته‌وه‌ له‌ لیسته‌که‌ی، ئه‌مه‌ چۆن ده‌خوێنیته‌وه‌؟
شاکه‌لی: نه‌وشیروان موسته‌فا، که‌ سه‌رۆکی لیستی گۆڕانه‌، نۆره‌ی سه‌رۆک و ئیدیۆلۆگ و تیۆریسێنی لیستی گۆڕان و کۆمپانیای وشه‌ ده‌بینێت و ئه‌و بۆ خۆی و تاڕاده‌یه‌کیش خه‌ڵکێک، که‌ له‌ ده‌وری ئه‌ون، وای داده‌نێن. له‌ وڵاتانێکی وه‌ک وڵاتانی لای خۆمان، سه‌رۆکی حیزبه‌کان، ناچنه‌ نێو په‌رله‌مانه‌وه‌. ئه‌وان خۆیان له‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆکی په‌رله‌مان و وه‌زیر و ئه‌وانه‌ به‌ گه‌وره‌تر ده‌زانن و پێیان شه‌رمه‌ بچنه‌ په‌رله‌مان و له‌به‌رده‌م فڵان ئه‌ندام په‌رله‌مان یا سه‌رۆکی په‌رله‌ماندا سوێند بخۆن، که‌ تا دوێنێ ئه‌م له‌ حیزبدا به‌رپرسی باڵای ئه‌و بووه‌. نه‌ک هه‌ر نه‌شیروان موسته‌فا نه‌چووه‌ته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، سه‌لاحه‌ددین به‌هائه‌ددینی، سه‌رۆکی یه‌کگرتووی ئیسلامی و عه‌لی باپیری، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی ئیسلامی و موحه‌ممه‌دی حاجی مه‌حموودی، سه‌رۆکی سۆسیالدیموکراتی کوردستان و قادر عه‌زیزی، سه‌رۆکی یه‌کێک له‌ باڵه‌کانی زه‌حمه‌تکێشان و که‌مال شاکری، سه‌رۆکی کۆمۆنیسته‌ کوردستانییه‌کان و مه‌لا سددیق عه‌بدولعه‌زیز، سه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییش، هیچ یه‌کێکیان نه‌چوونه‌ته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی و مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش، نه‌ پێشتر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوودا و نه‌ ئێستاش نه‌چوونه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌. به‌ ڕای من، هۆکاری نه‌چوونی سه‌رۆک حیزب و سه‌رۆک بزاڤ، بۆ په‌رله‌مان و ده‌ستکێشانه‌وه‌ له‌ ئه‌ندامیه‌تیی په‌رله‌مان، ته‌نێ خۆبه‌زلزانین و لووتبه‌رزی و سووکته‌ماشاکردنی په‌رله‌مان و قانوون و کارگێڕییه‌ و خۆبه‌به‌رزترزانینه‌ له‌و ده‌سگایانه‌.

22-8-2009
* دیمانه‌که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی هاوپشتیدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، ته‌ماشای ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:



Monday, June 29, 2009

حیزبی کاتبه‌سه‌رچوو، ڕێبه‌ری کاتبه‌سه‌رچوو

حیزبی کاتبه‌سه‌رچوو، ڕێبه‌ری کاتبه‌سه‌رچوو


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


له‌ وڵاتانی  ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وسترالیا و وڵاتگه‌لی بڕێک پێشکه‌وتوو، ته‌واوی خوارده‌مه‌نی و شله‌مه‌نی و شیره‌مه‌نی و نان و خۆراکی قوتوو و پاکه‌تکراو و ئه‌وانه، که‌ له‌ بازاڕدا ده‌فرۆشرێن‌، دوو مێژوویان له‌ سه‌ر نووسراوه‌، یه‌کێکیان مێژووی به‌رهه‌مهێنان و دروستکردن و پاکه‌تکردن و پێچانه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌یه‌ و مێژووی دووه‌میشیان مێژووی ته‌واوبوونی کارایی و به‌که‌ڵکهاتنیانه‌. خۆراکێک، که‌ مێژووی به‌که‌ڵکهاتن و کارایی ته‌واو ده‌بێت، ئیدی له‌ فرۆشگه‌کاندا لاده‌برێن و خه‌ڵک نایانکڕێت و هه‌ندێ جاریش، هه‌ر پێش مێژووی کاتبه‌سه‌رچوونیان، فرۆشگه‌کان به‌ نرخێکی هه‌رزانتر، ئه‌و خۆراکانه‌ ده‌فرۆشن و کڕیاری هه‌ژار و ده‌ستکورتیش ده‌یانکڕن. فرۆشگه‌کان، به‌و جۆره‌، ئه‌و شتگه‌له‌ له‌ ‌ کۆڵی خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌ و شوێن بۆ شتی نوێ له‌ فرۆشگه‌کانیاندا، چۆڵ ده‌که‌ن. به‌و مێژووی ته‌واوبوون و کاتبه‌سه‌رچوونه،‌ به‌ ئینگلیزی ده‌گوترێ(Expire) و ئه‌و وشه‌ ئینگلیزییه‌ ئێستا که‌وتووه‌ته‌ نێو زمانی کوردییشه‌وه‌. لابردنی ئه‌و شتگه‌له‌ کاتبه‌سه‌رچووانه‌، له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌ ڕێکوپێکی و به‌رده‌وام به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و کڕیار، هه‌رگیز شتی کاتبه‌سه‌رچوو ناکڕێت و فرؤشیاریش، هه‌رگیز شتی کاتبه‌سه‌رچوو له‌ فرۆشگه‌که‌یدا نا‌هێڵێته‌وه‌ و نافرۆشێت. قانوون پارێزگاری له‌ کڕیار ده‌کات و  کڕیار مافی هه‌ڵبژاردن و تاوتوێکردن و ته‌نانه‌ت گێڕانه‌وه‌ی شتی کڕدراوی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک به‌ دڵی نه‌بوو.
له‌ وڵاتانی جیهانه‌ دواکه‌وتوو و به‌جێماوه‌کاندا، کوردستانیش وه‌ک نموونه‌یه‌ک، کڕیاری به‌دبه‌خت، بێجگه‌ له‌وه‌ی مافی هه‌ڵبژاردنی نییه‌، نه‌ مافی هه‌یه‌ و نه‌ ده‌توانی ئه‌و خۆراکه‌ی به‌ دڵی نییه،‌ بیگێڕێته‌وه‌ و نه‌ قانوونێکیش هه‌یه‌ داکۆکی لێبکات. خاوه‌نفرۆشگه‌یش به‌ ئاره‌زوو و مه‌رجی خۆی شتی پێ ده‌فرۆشێت. زۆرجاران شتی کاتبه‌سه‌رچووی، به‌ نرخی شتی تازه،‌ پێ ده‌فرۆشێ و هه‌رگیز ویژدانیشی ئازاری نادات. له‌م ئه‌وروپایه‌ش خاوه‌نفرۆشگه‌ بیانییه‌کان، کورد، عه‌ره‌ب، تورک، فارس، پاکستانی و... جارجار وه‌ک ئه‌وانه‌ی کوردستان ده‌که‌ن و شتی کاتبه‌سه‌رچوو، به‌ کڕیار ده‌فرۆشن، به‌ڵام کڕیاری ئێره‌، ئه‌گه‌ر کوردیش بێت، له‌ کڕیاری کوردستان ئاگاتر و وریاتره‌ و دیاره‌ قانوونی وڵاته‌که‌ش پشتگریی لێ ده‌کات، مافی خۆی ده‌زانێت و قایل نابێت، به‌وه‌ی کڵاوی بنرێته‌ سه‌ر، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک جار ڕوو ده‌دات و ده‌خاپێنرێت.

له‌ کوردستانی له‌مه‌ڕ خۆمان، نه‌ک هه‌ر خۆراک و کاڵا، به‌ڵکه‌ شتگه‌لێکی یه‌کجار زۆر کاتیان به‌سه‌رچووه، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵک ده‌ستبه‌رداریان نابن. سیاسه‌تکاری ئێکسپایه‌ر، حیزبی ئێکسپایه‌ر، بیروباوه‌ڕی ئێکسپایه‌ر، گوتاری ئیکسپایه‌ر، نه‌ریتی ئێکسپایه‌ر، بارهێنان و خوێندن و فێرکردنی ئیکسپایه‌ر، په‌روه‌رده‌ی ئێکسپایه‌ر، پێوه‌نداریه‌تیی ئێکسپایه‌ر و...گه‌لێک زۆرن و زۆر له‌مێژیشه‌ کاتیان به‌سه‌رچووه‌.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد، تا ساڵی 1968 و کۆتایی 1960ه‌کان، له‌ ڕۆژ‌هه‌ڵاتی کوردستان (کوردستانی ئێران)، هیچ جۆره‌ جموجووڵێکی دژ به‌ ڕێژیمی شایه‌تی، له‌ گۆڕێدا نه‌بوو. له‌ 1968دا، ڕاپه‌ڕینێکی گچکه‌ و کورت و که‌مخایه‌ن به‌رپا بوو، لێ هه‌ر خێرا، کپ کرایه‌وه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا. دواتر له‌ ساڵی 1979 دا و دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا و سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و دامه‌زراندنی کۆماری  ئیسلامی ئێران، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ یه‌که‌مجار، ڕاپه‌ڕینی به‌خۆیه‌وه‌ دی. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕاپه‌ڕی و داوای دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری(ئۆتۆنۆمی) بۆ کوردستانی ئێران کرد و ده‌ستی دایه‌ چه‌ک و  دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جه‌نگا. دوای ئه‌وانیش ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێرانی سه‌ر به‌ حیزبی کۆمۆنستی ئێران، هاته‌ مه‌یدان و ئه‌ویش ده‌ستی دایه‌ چه‌ک و دژی کۆماری ئیسلامی جاڕی جه‌نگی دا. جه‌نگی ئه‌و دوو ڕێکخراوه‌ تا ئه‌و ساڵه‌ بڕی کرد، که‌ حوکوومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌رێمی باشووری کوردستان دامه‌زران، ئیدی دوای ئه‌وه‌، به‌ گوشار و کاریگه‌ری حیزبی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، که‌ ئه‌و دوو ڕێکخراوه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری بنده‌ستی ئه‌ودان و له‌گه‌ڵ رێژیمی ئێرانیشدا پێوه‌ندێکی باشی هه‌یه، ئه‌و دوو‌ ڕێکخراوه‌، تفه‌نگه‌کانیان سه‌ره‌وخوار کرده‌وه‌ و ماڵاواییان له‌چه‌ک کرد. له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا، ئه‌و دوو ڕێکخراوه،‌ زان و هه‌ریه‌که‌یان بوو به‌ چه‌ند که‌رته‌وه‌، کۆمه‌ڵه‌ بوو به‌ دوو کۆمه‌ڵه‌، یه‌کێکیان عه‌بدوڵڵای موهته‌دی، ئه‌وی دیکه‌شیان ئیبراهیمی عه‌لیزاده‌(سه‌یید برایم)، ڕێبه‌ریه‌تی. هه‌ندێک ده‌ڵێن کۆمه‌ڵه‌ بووه‌ به‌ چوار کۆمه‌ڵه‌: بێجگه‌ له‌و دوو باڵه‌، دوو باڵی دیکه‌شی هه‌ن، که‌ یه‌کێکیان عومه‌ری ئێلخانیزاده‌ و ئه‌وی دیکه‌یشیان عه‌بدوڵڵا دارابی(عه‌به‌ دلێر)، رێبه‌ریه‌تیی ده‌که‌ن. حیزبی دیموکراتیش بوو به‌ دوو حیزبی دیموکرات، یه‌کێکیان عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌نزاده‌ و ئه‌وی دیکه‌یان مسته‌فای هیجری ڕێبه‌ریه‌تی. ساڵانێکه‌، ئه‌و دوو حیزبه‌(ئه‌و چوار له‌ته‌ حیزبه‌ یا ئه‌و شه‌ش له‌ته‌ حیزبه‌) به‌ خۆیان و بڕێک چه‌کدار و سه‌دان خێزان و منداڵ و ماڵه‌وه‌،‌ له‌ باشووری کوردستانن، له‌ زڕگوێز و ده‌وروبه‌ری کۆیه‌[1]. دیاره‌ بۆ من باشوور، باکوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوای کوردستان، هه‌ر یه‌که‌ و کوردستان یه‌ک کوردستانه‌ و ئه‌وانیش و هه‌ر کوردێکی دیکه‌ش، له‌ هه‌ر به‌شێکی کوردستان بن، هه‌ر ماڵی خۆیانه‌، به‌ڵام ئه‌وان، بێ ئه‌وه‌ی چ کارێکی سیاسی یا چالاکییه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌نجام بده‌ن، له‌وێن. ئه‌و چوار یا ئه‌و شه‌ش له‌ته‌ حیزبه‌، هیج جیاوازییه‌کیان، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خڕکردنه‌وه‌ی فۆلکلۆر، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کوارگ ڕواندن، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کۆمه‌کی فێرکردن به‌ منداڵی له‌ خوێندن به‌جێماو و دابڕاو و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خڕکردنه‌وه‌ی پوول(تیمبر Timbre)، یا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کۆتربازیی و مه‌ل به‌ خێوکردندا نییه‌.

ساڵی 1988 یا 1989 بوو، مامۆستا عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی، له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگیی سوێد- کوردستانه‌وه،‌ بانگهێشتنی ستۆکهۆڵم کرابوو بۆ سه‌مینار و کۆڕگێڕان له‌ باره‌ی کورد و کێشه‌کانی کوردستانه‌وه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا، که‌ له‌ سوێد بوو، حه‌فته‌نامه‌یه‌کی سوێدی، که‌ تایبه‌ت بوو به‌ بیانی و به‌ زمانێکی ئاسانی سوێدی ده‌رده‌چوو، به‌ ناوی "På lätt svenska" واته‌: "به‌ سوێدییه‌کی ئاسان"، دیدارێکی له‌گه‌ڵ مامۆستا وانلیدا سازدابوو. له‌و دیداره‌دا، وانلی، باسی له‌ کێشه‌ی کورد له‌ هه‌ر چوار به‌شه‌که‌ی کوردستاندا کردبوو و ئه‌و پێیوابوو، گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌ر کورد له‌ عیراقه‌ و دوای ئه‌وێ تورکیا و دوای ئه‌وێ سووریا و دوای هه‌مووانیش ئێران و له‌و بڕوایه‌دا بوو، که‌ ترکزه‌ی هه‌ره‌ مه‌زن و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان و له‌نێوبردن له‌ سه‌ر کوردی باشووری کوردستانه‌ و کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ مه‌زنه‌یان له‌ سه‌ر نییه‌. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیداره‌، ڕۆژێکیان چووم بۆ سه‌ردانی کتێبفرۆشیی سارا، له‌ شاری ستۆکهۆڵم. له‌وێ که‌ریمی حیسامی و چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ دانیشتبوون. حیسامی، ئه‌و حه‌فته‌نامه‌یه‌ی، که‌ دیداره‌که‌ی وانلی تێدا بوو، به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو و که‌ من دانیشتم، ده‌سبه‌جێ حه‌فته‌نامه‌که‌ی دایه‌ ده‌ستم و گوتی : "ئه‌گه‌ر بکرێ ئه‌و دیداره‌ی‌ عیسمه‌ت شه‌ریفم بۆ بکه‌ی به‌ کوردی". منیش  بۆم خوێنده‌وه‌ و زاره‌کی ڕێک بۆم کرد به‌ کوردی. پاش چه‌ند ڕۆژێک، له‌ بڵاوه‌کراوه‌که‌ی خۆیدا"سه‌رده‌می نوێ"، که‌ ئه‌وده‌م (که‌ریمی  حیسامی) خۆی له‌ سوێد ده‌ری ده‌کرد، گوتارێکی یه‌کجار توند و پڕ له‌ هێرشی له‌ سه‌ر دیداره‌که‌ی وانلی نووسیبوو و تێیدا ته‌واوی بۆچوونه‌کانی وانلی به‌ ناڕاست دانابوو و به‌ پێچه‌وانه‌ی بیروڕایه‌کانی وانلییه‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕاستییه‌که‌وه‌ له‌مه‌ڕ باشووری کوردستانه‌وه‌، که‌ ئه‌وده‌م به‌ره‌و نه‌مان ده‌برا، جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کردبووه‌، که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان و ترکزه‌ی مه‌زن له‌ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌ و ڕێژیمی ئاخوندانی ئێران خه‌ته‌رناکترین ڕێژیمی دژ به‌ کورده‌ و دژ به‌ جیهانه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه‌ ده‌یکات سه‌ددام حوسه‌ین و که‌مالیسته‌کان و به‌عسی سووریا له‌ چاویدا هیچ نین.

ساڵانی 1980کان، له‌ مه‌هاباد، مه‌لایه‌کی گه‌لێر و ڕێناسی خه‌ڵکی مه‌هاباد"مه‌لا که‌ریمی شاریکه‌ندی" له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵیک چه‌کداری یه‌کێک له‌و حیزب و ده‌ستانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ کوژرا به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ خه‌بات سارد ده‌کاته‌وه‌ و پێوه‌ندی به‌ حوکوومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌. من دوای کوشتنی شاریکه‌ندی، به‌ ماوه‌یه‌ک، له‌ ساڵی 1987، له‌ مه‌هاباد بووم، بۆ ده‌رمانیش تاکه‌ یه‌ک که‌سم نه‌دیت ددانی خێر به‌و حیزب و ده‌ستانه‌دا، که‌ شاریکه‌ندییان کوشتبوو، بنێ. هه‌موو نه‌فره‌تیان له‌و ده‌سته‌ و گرۆیانه‌ ده‌کرد و چ بڕوایه‌کیان به‌و شه‌ڕی چه‌کدارییه‌ش نه‌بوو، که‌ ئه‌و حیزبانه‌ خه‌ڵکیان بۆ هان ده‌دا و خه‌ڵکیان بۆ به‌ کوشت ده‌دا.

دۆستێکم، که‌ بۆ خۆی له‌ بنه‌مادا خه‌ڵکی که‌رکووکی باشووری کوردستان بوو و له‌مێژ بوو که‌وتبووه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له‌وێ له‌ شاری سنه‌ گیرسابووه‌. له‌ ساڵانی 1980کاندا ماوه‌یه‌ک بووبووه‌ پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و دواتر به‌ هۆی هه‌ندێک گوشار و هه‌لومه‌رجی باری خێزانی و که‌سه‌کیی خۆیه‌وه‌، داوای له‌ حیزبه‌که‌ی کردبوو، که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شار و خۆی ڕاده‌ستی حوکوومه‌ت بکاته‌وه‌ و حیزبیش ڕێگه‌ی پێدابوو و ئه‌ویش گه‌ڕابووه‌ سنه‌ و بۆ خۆی له‌وێ له‌گه‌ڵ خێزانیدا درێژه‌یان به‌ ژیانی خۆیان ده‌دا. من ساڵی 1987 ئه‌و پیاوه‌م دیت و پێی گوتم، که‌ زۆر ئاسایی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی کورت و که‌میان له‌گه‌ڵدا کردووه‌ و ئیدی مۆڵه‌تیان پێداوه‌، که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ژیان و کاروباری ئاسایی خۆی، بێ ئه‌وه‌ی هیچی پێ بڵین یا تووشی سزایه‌کی بکه‌ن، له‌ کاتێکدا ئه‌و بێجگه‌ له‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بووه‌، به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌کیش هاووڵاتی وڵاتێکی دیکه‌ بووه‌، که‌ عیراق بووه‌ و له‌وده‌مه‌شدا عیراق و ئێران له‌ جه‌نگدا بوون.

هاوینی 1987 له‌ تاران له‌ ماڵی دۆستیکم بووم. کوڕێکی ئه‌و ماڵه‌، که‌ سه‌رباز بوو له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگ له‌ ده‌روبه‌ری عه‌ببادان و ئه‌و ناوه‌، به‌رانبه‌ر به‌سره‌، دوو مانگێک بوو له‌ سه‌ربازی هه‌ڵاتبوو و گه‌ڕابووه‌ تاران و له‌ ماڵی خۆیاندا بوو. ڕه‌نگه‌ زێده‌ڕۆیی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم، ئه‌و لاوه‌، ڕۆژانه،‌ نیوه‌ی شه‌قام و کۆڵان و کووچه‌کانی تارانی ده‌دایه ‌ژێر پێوه‌  و سره‌وتی نه‌بوو. ژیانێکی ئاسایی و پڕ له‌ گۆڵمه‌ز ده‌ژیا. که‌ من له‌وێ بووم، باوکی تکای لێکردم، هه‌وڵی له‌گه‌ڵ بده‌م و قایلی بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه،‌ بۆ ته‌واوکردنی سه‌ربازییه‌که‌ی. باوکیشی له‌وه‌ ده‌ترسا، که‌ به‌ بۆنه‌ی ئه‌و کوڕه‌وه‌ تووشی به‌ڵایه‌ک ببن. من له‌گه‌ڵ کوڕه‌دا چوومه‌ ده‌رێ و پیاسه‌یه‌کی باشمان کرد. گۆمه‌ڵێک پرسیارم له‌مه‌ڕ سه‌ربازی و شوێنه‌که‌ی و ئه‌وانه‌وه‌ لێکرد. ئه‌و گوتی، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه،‌ ته‌نیا له‌ کاتی ته‌واوکردنی ماوه‌ی سه‌ربازییه‌که‌یدا، که‌ دوو ساڵ بوو، ئه‌و ڕۆژانه‌ی له‌ سه‌ربازیی دابڕاوه‌ و هه‌ڵاتووه‌، وه‌ک قه‌رز بۆی ده‌ژمێرن و ده‌بێ بیداته‌وه‌. واته‌: ئه‌و دوو مانگه‌ی هه‌ڵاتووه،‌ پێ ده‌که‌نه‌وه‌ و ئیدی ڕێک له‌ کاتی ته‌واوکردنی دوو ساڵه‌که‌یدا ده‌سبه‌جێ ئه‌رکه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت و سه‌ربازییه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت و یه‌ک ڕۆژیش چییه‌ له‌و دوو ساڵه‌ زیاتر سه‌ربازی ناکات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ کاتی هه‌ڵاتنه‌که‌شیدا واته‌: ئه‌و کاته‌ی که‌ ئێمه‌ ئه‌و باسانه‌مان ده‌کرد، ده‌سه‌ڵاتداران و پۆلیس و ئه‌وانه‌ بیانگرتبا، ته‌نیا ده‌یانگێڕایه‌وه‌ بۆ یه‌که‌ سه‌ربازییه‌که‌ی خۆی و له‌وێش درێژه‌ی به‌ سه‌ربازییه‌که‌ی وه‌ک ئاسایی ده‌دا. ئیدی شێرێ لێره‌ و ڕێوییه‌ک له‌وێ و وه‌ک له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌وشی باوک و دایکی و ڕاگرتنی دڵی ئه‌وان و که‌میی ئه‌و ماوه‌یه‌ی، که‌ ماویه‌تی بۆ ته‌واوکردنی دوو ساڵه‌ سه‌ربازییه‌که‌ی و به‌وه‌ی، که‌ دوای ته‌واوکردنی سه‌ربازیی ده‌توانێت سه‌فه‌ری هه‌نده‌ران بکات و ئیدی له‌وێ بژی، قایلم کرد به‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێگه‌ و جێگه‌ی سه‌ربازییه‌که‌ی. هه‌ر ئه‌و کاته‌ی من ئه‌و قسانه‌م بۆ ئه‌و ده‌کرد، من بۆ خۆم چه‌ند ساڵێک به‌ر له‌وه‌ له‌ سه‌ربازیی له‌شکری عیراق هه‌ڵاتبووم، به‌ڵام من له‌ سه‌ربازییه‌ک هه‌ڵاتبووم، که‌ هه‌رگیز کۆتایی نه‌بوو و من له‌ سه‌ربازییه‌ک هه‌ڵاتبووم، که‌ ئه‌گه‌ر گه‌ڕابامه‌وه‌ یا گیرابام، وه‌ک هه‌ڵاتوو ده‌ژمێردرام و سزای سه‌ربازی هه‌ڵاتوویش، بێ هیچ سێودوو و لێکۆڵینه‌وه‌ و قسه‌وباسێک تیربارانکردن بوو. پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه‌، من بۆ خۆم بۆ دڵنیایی باوکی له‌گه‌ڵ ئه‌و لاوه‌، چوومه‌  ته‌رمیناڵ و سواری ئۆتۆبووسێکی گه‌وره‌ بوو و بۆ عه‌ببادان، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ربازییه‌که‌ی. باوکی و دایکی، کۆڵێک به‌وه‌ دڵخۆش بوون و کوڕه‌ش پاش چه‌ند مانگێک سه‌ربازیی خۆی ته‌واو کرد و گه‌ڕایه‌وه‌ تاران و ماڵی خۆی و دوای یه‌ک دوو ساڵێک، به‌ پاسپۆرتی خۆیان، له‌گه‌ڵ خێزانیدا سه‌فه‌ری هه‌نده‌رانیان کرد و له‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا بوونه‌ په‌نابه‌ر و ئیدی نیشته‌جێ بوون.

دۆستێکم، که‌ ساڵانێک ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران بوو و ماوه‌یه‌کی زۆریش له‌ باشووری کوردستان ژیاوه‌‌، ده‌یگێڕایه‌وه‌، که‌ ته‌نێ به‌ هۆی دژایه‌تییانه‌وه‌ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕقبوونه‌یان له‌و ڕێژیمه‌، له‌و گوندانه‌ی کوردستان، به‌رازی کێوییان ده‌کوشت و گۆشته‌که‌یان ده‌خوارد، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پێشانی بده‌ن، که‌ بێدینن و باوه‌ڕیان به‌ ئیسلام نییه‌ و دژه‌ ئایین و ئیسلامن، بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌ بیرکردنه‌وه‌ و نه‌ریته‌ جڤاکییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بده‌ن.

به‌ هۆی کار و ژیانه‌وه،‌ ئێرانی و کوردگه‌لێکی زۆری ڕۆژهه‌ڵات کوردستانم ده‌ناسی، که‌ له‌ زۆر خۆپێشاندان و ڕێپێوانیشدا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ستۆکهۆڵم به‌شدار ده‌بوون و ده‌یانقیڕاند و هه‌موو شتێکیان ده‌گوت و دواتریش بێ گیروگرفت و کێشه‌ بۆ خۆیان قنج ده‌چوونه‌ سه‌فاره‌تی ئێران و پاسپۆرتی ئێرانیی خۆیان وه‌رده‌گرت و نوێ ده‌کرده‌وه‌ و ده‌چوونه‌وه‌ بۆ ئێران، بێ ئه‌وه‌ی تاکه‌ یه‌ک وشه‌ یا قسه‌یه‌کی نابه‌جێیان پێ بگوترێ. له‌ نێو ئه‌و خه‌ڵکانه‌دا هه‌بوون، له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خه‌ڵق، کۆمه‌ڵه‌، حیزبی دیموکرات، تووده‌ یا گرۆ و ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌دا بوو و هه‌شبوو چه‌ندین ساڵ له‌ ئۆردوگاکانی عیراقدا له‌ ڕه‌مادی و ئه‌و ناوه‌ ژیابوو و هه‌بوو له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی باشووری کوردستانیشدا پێشمه‌رگایه‌تیی کردبوو و هه‌واداریان بوو و هه‌شبوو پله‌داری له‌شکریی بوو بوو و له‌ له‌شکری ئێران هه‌ڵاتبوو. زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه‌، که‌ بۆ خۆیان به‌ شێوه‌یه‌کی یه‌کجار ناشیرین باسیان له‌ ڕێژیمی ئێران ده‌کرد و ده‌یاندزێواند، ئێستا، بۆ خۆیان و زۆر به‌ ئاسانی و بێ کێشه‌، هاتوچۆی ئێران ده‌که‌ن. دیاره‌ خه‌ڵکانێکیش هه‌ن، که‌ ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئێران و سه‌ردانی بکه‌ن، لێ کورده‌نامووسی، لێیان بووه‌ به‌ کارێکی زۆر سه‌خت و بوون به‌ قسه‌ی خۆیانه‌وه‌، ده‌نا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ئێرانه‌وه‌، هیچ جۆره‌ ده‌ستبه‌ڕووه‌نانه‌وه‌یه‌کیان تووش نه‌بووه‌ و نابێت.

گه‌لێک جار له‌ که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆنه‌ زۆره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه‌وه‌‌، خه‌ڵکانێکی سه‌ر به‌و ڕێکخراوانه‌ ده‌رده‌که‌ون، جلی خاکیی پێشمه‌رگه‌یان پۆشیوه‌. تۆ که‌ ئه‌وانه‌ ده‌بینیت، واده‌زانیت له‌ سه‌نگه‌ردان و به‌رانبه‌ر دوژمنیان گرتووه و ها ئێستا ها که‌مێکی تر په‌لاماری دوژمن ده‌ده‌ن‌، له‌ کاتێکدا که‌ بۆ خۆیان نێشته‌جێی ئه‌وروپا  یا هه‌ولێر و سلێمانین  و له‌ ئه‌وروپاوه‌ یا له‌و دوو باژێڕه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن و ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیش هه‌ر له‌ ئه‌وروپاوه‌ په‌خش ده‌که‌ن. 

ده‌ستدانه‌ چه‌ک دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، له‌ لایه‌ن حیزب و گرۆ کوردییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌، هه‌ر دوای ڕووخانی رێژیمی شا و گۆڕانی ده‌وڵه‌ت بۆ کۆماریی، ده‌ستیپێکرد. له‌ کاتێکدا ده‌ستیپێکرد، که‌ ته‌واوی هێز و بزاڤ و گرۆ شۆڕشگێڕ و چه‌په‌کانی جیهان، له‌ ئێرانی نوێ نێزیک ده‌بوونه‌وه‌ و وه‌ک پشتوپه‌نا و قه‌ڵاو و سه‌نه‌گه‌رێکی قایمی شۆڕشگێڕانه‌ و ڕووگه‌ و پێگه‌یه‌ک بۆ چه‌وساوه‌کانی جیهان ته‌ماشایان ده‌کرد. له‌ کاتێکدا ده‌ستیپێکرد، که‌ ته‌واوی وڵاتانی ڕۆژاوا به‌ ڕێبه‌ریی ئه‌مه‌ریکا دژایه‌تیی ئه‌و ڕێژیمه‌ نوێیه‌یان ده‌کرد. ده‌وڵه‌تی عیراقی به‌عسیش، که‌ هاوسه‌نگه‌ری ڕۆژاوا و ده‌سکردی وان بوو، ‌هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژی گۆڕانی ڕێژیمی شا، بۆ کۆماری ئیسلامی، ڕق و دژایه‌تی خۆی بۆ ئه‌و ڕێژیمه‌ نوێیه،‌ به‌ هه‌موو جۆرێک ده‌رخست تا به‌وه‌ گه‌یشت، که‌ له‌ 22/9/1980دا و به‌ ڕه‌سمیی جاڕی جه‌نگی دژی ئێرانێ دا و هێرشی کرده‌ سه‌ری. هێزه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له‌و هاوکێشه‌‌ ئاڵۆز و لێکئاڵاوه‌دا، ‌ خۆیان خسته‌ هه‌مان سه‌نگه‌ره‌وه‌ و به‌ ڕوون و ئاشکرا و به‌ کۆمه‌کی ڕێژیمی عیراقی به‌عس، که‌وتنه‌ وێزه‌ی ئێرانی نوێ و هێرشکردنه‌ سه‌ری و جه‌نگین دژی، له‌ کاتێکدا ده‌کرا، ڕێگه‌ی دیکه‌ تاقی کراباوه‌ و بڕێک ددان به‌ خۆدا گیرابا، تا ماوه‌یه‌کی دیکه‌ی دواتر و هه‌ڵه‌ی به‌رپاکردنی جه‌نگی چه‌کداریی باشووری کوردستانی 1961ی دژ به‌ رێژیمی نیشتمانیی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، که‌ ده‌کرا به‌ گوتوبێژ زۆر کێشه‌ی له‌گه‌ڵدا چاره‌سه‌ر کرابا، دووباره‌ نه‌کراباوه‌. ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی بوونه‌ هۆی هاندانی سه‌رانی گرۆ و حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ ده‌ستدانه‌ چه‌ک، هه‌ر ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ بوون، که‌ ختووکه‌ و دنه‌ی سه‌رانی پارتیی دیموکراتی کوردستانیان دا و ته‌یاریان کردن، بۆ جه‌نگیی 1961. به‌ خۆتێوه‌گلان له‌ جه‌نگ دژی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، که‌ ته‌واوی هێز و خه‌ڵکانی ئازادیخوازی ئێرانی له‌گه‌ڵ بوون، ئه‌و حیزبانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، خۆیان خسته‌ خانه‌ی نه‌یارانی شۆڕشی ئێرانه‌وه‌، خۆیان خسته‌ خانه‌ی لایه‌نگه‌لێکه‌وه‌، که‌ بۆ خۆیان وه‌ک دید و ئایدیۆلۆگی و دروشم، بانگاشه‌ی دژایه‌تییانیان ده‌کردن.

یه‌کێک له‌و پله‌دارانه‌ی، که‌ کورده‌ و له‌ له‌شکری عیراقدا بووه‌ و ئێستا له‌ ئه‌وروپایه‌، باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عیراق و ئێراندا، زۆر جاران پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، به‌ پێزانین و فه‌رمانی سه‌رکرده‌کانیان، که‌ پێوه‌ندێکی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ ڕێژیمی به‌عسی عیراقدا هه‌بوو[2]، له‌ کاتی هێرشی له‌شکری عیراقیدا بۆ سه‌ر ئێران، له‌ سنووره‌کانی کوردستانه‌وه‌، وه‌پێش له‌شکری عیراق ده‌که‌وتن و نۆره‌ی هه‌ڵگر و دۆزه‌ره‌وه‌ی مینیان، پێ ده‌سپێردرا. هه‌ربۆیه‌ زۆرێک له‌وان، مینیان پێدا ده‌ته‌‌قییه‌وه‌‌ و ئه‌گه‌ر نه‌شکوژرابان، لاقیان له‌ده‌ست ده‌دا. ئه‌مه‌ هه‌رگیز ڕێککه‌وت نییه‌، که‌ زۆرێک له‌ پێشمه‌رگه‌ برینداره‌کانی حیزبی دیموکرات له‌وانه‌ن، که‌ لاقیان په‌ڕیوه‌ و زۆرێک له‌وانه‌ش بۆ تیمار و چاره‌سه‌رکردن و ژیان، نێردراون بۆ سوێد.

له‌ نێو ئه‌و هێز و حیزبانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی کوردستاندا، هه‌رچه‌نده‌ خۆ به‌ نائایینی و سێکولار داده‌نێن، گه‌لێ جار، باسوخواسی ‌دژایه‌تی ئیسلامی شیعه‌ دێته‌ گۆڕی و  هه‌وادارانی خۆیان به‌و ئاراسته‌یه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن، وه‌ک بڵێی ئه‌مان بۆ خۆیان حیزبێکی ئیسلامیی سوننه‌ بن. ئه‌وان  به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆیان بزانن، که‌وتوونه‌ته‌ سه‌نگه‌رێکه‌وه‌‌، که‌ سه‌نگه‌ری ئیسلامی توندڕۆی سوننه‌یه‌. هه‌ندێ جار گوتاره‌کانیان چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ گوتاری شاخوازاندا نییه‌[3]، که‌ دیاره‌ ڕێژیمی شا به‌ هه‌موو پێوه‌رێک، بۆ کورد، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک، له‌ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باشتر نه‌بوو و به‌ڵکه‌ کۆڵێکیش خراپتر بوو. هه‌ندێ جاریش پاساو و به‌ڵگه‌کانیان بۆ دژایه‌تیی ڕێژیمی ئێران، گه‌لێک له‌ دژایه‌تیی چارشێو و باڵاپۆشی ژنان و گله‌یی له‌ نه‌بوونی ئازادی خواردنه‌وه‌ و مه‌ستبوون تێپه‌ڕناکات. خاڵی هاوبه‌شی نێوان هێزیکی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ڕێژیم و ده‌وڵه‌وت و حوکوومه‌تی ئێران، که‌ دوو لایه‌نی ئێرانیبوون و موسوڵمانبوون و یه‌ک فه‌رهه‌نگی هاوبه‌ش ده‌گرێته‌وه، ‌گه‌لێک زیاتره‌ له‌ خاڵی هاوبه‌شی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کانی باکووری کوردستان و تورکیای که‌مالیست یا ته‌نانه‌ت نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان و هه‌ردوو ڕێژیم و ده‌وڵه‌ت و حوکوومه‌تی عیراق و سووریا. کورد، به‌ هه‌موو پێوه‌رێک، له‌ ئێرانه‌وه‌ نێزیکتره‌ تا له‌ تورکیا، عیراق و سووریاوه‌.

ئێمه‌ که‌ ده‌نۆڕینه‌ جیۆگرافیای ئه‌و هێزانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، که‌ جه‌نگیان به‌رپا کرد، حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌، ده‌بینین، دیموکرات حیزبی مه‌هاباد و ده‌روبه‌ری مه‌هاباد بوو و کۆمه‌ڵه‌ش حیزبی سنه‌ و مه‌ریوان و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ بوو و دیاره‌ ئێستاش هه‌ر وان. ئه‌و حیزبانه‌ نه‌یانتوانی و نه‌یانتوانیوه‌ و ناشتوانن، له‌و ژینگه‌ ده‌ڤه‌رییه‌ی خۆیان بێنه‌ ده‌رێ و ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانیان گرتباوه و بگرنه‌وه‌ و به‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتی خۆیان زانیبا و بزانن‌. ئه‌وان هه‌رگیز نه‌یانتوانی له‌ نێو کرماشانیان و ئیلامیان و به‌ختیاری و لوڕ و که‌ڵهوڕ و کوردی شیعه‌دا، تاکه‌ یه‌ک ئه‌ندامیش په‌یدا که‌ن و وه‌گه‌ڕخه‌ن. نه‌ک هه‌ر ئه‌وده‌می، ئه‌وان ئێستاش هه‌ر به‌و جۆره‌ن و گه‌لێک له‌وه‌ش گچکه‌ترن.

له‌ سه‌روبه‌ندی شه‌هیدبوونی دۆکتۆر عه‌بدوڕڕه‌حمانی قاسملوودا له‌ ڤینی پێته‌ختی ئوتریش، که‌ شه‌هیدان، فازیلی مه‌لا مه‌حموود و عه‌بدوڵڵای قادری له‌گه‌ڵدا بوون. ڕاگه‌یاندنی حیزبی دیموکرات هه‌رچه‌ندی ناوی عه‌بدوڵڵای قادرییان هێنابا ده‌یانگوت"شه‌هید قادری دۆستی کورد بوو" و هه‌رگیز بۆ یه‌کجاریش به‌ زاریاندا نه‌ده‌هات بڵێن کورد بوو، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و جوامێره‌ لوڕ بوو، له‌ کاتێکدا، که‌ لوڕ خۆ به‌ کورد ده‌زانن و کوردن. حیزبێک، لوڕ به‌ کورد نه‌زانێت و کوردی شیعه‌ی پێ کورد نه‌بێت یا پێی پله‌ دوو بێت، ده‌بێ بۆ کوردستانێکی تێکه‌ڵ و خاکی کورد(کرمانج، سۆران، لوڕ، که‌ڵهوڕ، هه‌ورامی، زازا، سوننه‌، شیعه‌، یارسان، ئێزدی و فه‌له‌ و..) و تورکمان و ئاشووری و ئه‌رمه‌نی و کلدان و عه‌ره‌ب و فارس و ئازه‌ری و ...چی پێ بێت!

وه‌نه‌بێ ئێکسپایه‌ربوون ته‌نێ حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ بگرێته‌وه‌، به‌ڵکه‌ چه‌ند حیزبێکی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که‌ ته‌نێ له‌ هه‌نده‌ران، یا له‌ هه‌ولێر و سلێمانی، یا ته‌نێ له‌ سه‌ر کاغه‌ز هه‌ن، ده‌گرێته‌وه‌. چه‌ند که‌سێک، که‌ تا دوێنێ خه‌ریکی کاری بازرگانی بوون و ئێستاش هه‌ر به‌ چاوی بازرگان ده‌نۆڕنه‌ سیاسه‌ت، له‌ باژێڕێک یا چه‌ند باژێڕێکی ئه‌وروپا یا باشووری کوردستان، سه‌ریان به‌یه‌کدا کردووه‌ و کۆمیته‌یه‌کی نێوه‌ندی و سه‌رکرده‌یه‌تییه‌ک و سکرتێرێکیان بۆ به‌ ناو حیزبێک داناوه‌ و ئیدی بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ هێنده‌ی سه‌رکرده‌یه‌تییه‌که‌ی ئه‌ندامی ئاسایی هه‌بێت یا له‌ له‌ کوردستان چه‌ند نه‌فه‌رێکی له‌گه‌ڵ بێت. له‌  باشوور و باکوور و ڕۆژاوای  کوردستانیش له‌و جۆره‌ سه‌رکرده‌ و ڕێبه‌ر و حیزبه‌ کاتبه‌سه‌رچووانه‌ گه‌لێکن، که‌ ته‌نیا سه‌رکرده‌یه‌تین و هیچی دی. که‌ ته‌نیا له‌ بۆنه‌کاندا ڕاگه‌یاندنێک ده‌رده‌که‌ن و هیچی دی. که‌ نه‌ خه‌بات و نه‌ گۆڕان و نه‌ جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵکیان هه‌ن و له‌گه‌ڵن و نه‌ خزمه‌تیشیان به‌ جه‌ماوه‌ری کورد و خاکی کوردستانیان پێ ده‌کرێ، به‌ڵکه‌ زۆر ده‌مێکه‌ هیچ جۆره‌ مه‌رجێکی بوون و مانه‌وه‌یان نه‌ماوه‌.

له‌م ئه‌وروپایه‌ حیزبی وا هه‌یه‌، که‌ بۆ تاکه‌ یه‌ک پرس خه‌بات ده‌کات و هه‌وڵ ده‌دات. پارتیی پیرات (Piratpartiet)، که‌ له‌ سوێد هه‌یه‌ و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2006ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، نموونه‌یه‌که‌ له‌و جۆره‌ پارتییانه‌. ئه‌م حیزبه‌ ته‌نێ بۆ ئازادی کۆپێکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ و داگرتنی فایه‌ل و زانیاری و مووزیک و سی. دی له‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ و ناردنی بۆ یه‌کدی، خه‌بات ده‌کات و ڕۆژانه‌ش خه‌ڵکێکی زۆری لێ کۆده‌بێته‌وه‌ و ڕووی تێ ده‌که‌ن. له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵدا بۆ یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا، پتر له‌ 7% ی ده‌نگی خه‌ڵکی سوێدیان وه‌ده‌ستهێنا، له‌ کاتێکدا که‌ پارتیی چه‌پی سوێدی، که‌ حیزبێکی کۆنه‌ و خه‌بات له‌ پێناوی سه‌دان پرسدا ده‌کات، ته‌نێ 7% ی ده‌نگی خه‌ڵکی سوێدی وه‌ده‌ستهێنا.

ژیان له‌ سه‌ر ته‌نێ ڕابوردوو و شانازی ته‌نێ به‌ ڕابوردووه‌وه‌، نیشانه‌ی نوێنه‌بوونه‌وه‌ و قه‌تیسماوی و وشکهه‌ڵاتوویی و چه‌قبه‌ستویی و کۆڵه‌واری و نه‌گۆڕانه‌، که‌ ته‌واوی ئه‌وانه‌ش مردن و کۆتاییهاتن و کاتبه‌سه‌رچوون ده‌گه‌یه‌نن. هیچ کوردێک تێکۆشان و خه‌بات و گیانبه‌خشینی ڕێبه‌رگه‌لێک و قاره‌مانگه‌لێک و شه‌هیدگه‌لێکی وه‌ک، قازی موحه‌ممه‌د، فوئادی موسته‌فا سوڵتانی، دۆکتۆر جه‌عفه‌ری شه‌فیعی، دۆکتۆر عه‌بدوڕه‌حمانی قاسملوو و دۆکتۆر سادیقی شه‌ره‌فکه‌ندی و.. له‌ بیر ناکات و ناتوانێت به‌ هه‌ندیان نه‌زانێت، لێ ته‌نێ وه‌ستان له‌و شوێنه‌دا، که‌ ئه‌وان تێیدا ڕاوه‌ستان و ئیدی نه‌یانتوانی درێژه‌ به‌ خه‌بات بده‌ن، ده‌کاته‌ ڕاگرتنی مێژوو و ڕاگرتنی کات. خه‌ڵکانێک، که‌ له‌ نێو چواردیواری ‌‌ زیندانی ڕابوردوودا ده‌ژین، هه‌رگیز ناتوانن هه‌نگاو بنێن بۆ پێشه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی خۆیان ڕاده‌ستی رابوردوو ده‌که‌ن و هه‌ر له‌ خه‌یاڵ و وه‌همی ڕۆژانی به‌سه‌رچوودان و خه‌ون به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و رۆژگاره‌وه‌ ده‌بینن، هه‌رگیز ناتوانن مێژوو بنووسن، به‌ڵکه‌ مێژوویه‌ک کاوێژ ده‌که‌نه‌وه‌، خامۆش و بێ تین و چ ورشه‌ و بزیسکه‌یه‌کی لێوه‌ نایه‌ت.
میلیۆنان کورد و منیش یه‌ک له‌وان و میلیۆنان خه‌ڵکی ئازادیخوازی جیهان، سه‌ری ڕێز بۆ ئه‌و شه‌هیدانه‌ داده‌نه‌وێنن و هه‌رگیز له‌ یادیان ناکه‌ن. حیزب و سه‌ران و ڕێبه‌رانی حیزبه‌‌ کاتبه‌سه‌رچووه‌کانی کوردستان، به‌وه‌ی که‌ خاوه‌نی مێژوویه‌کی کۆنن و له‌ سه‌رده‌مێکدا نۆره‌ی له‌به‌رچاویان هه‌بووه‌، مه‌رج نییه‌ ئێستایش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بتوانن خۆ ڕاگرن و شتیان پێ بێت بیده‌ن به‌ خه‌ڵکی کورد و سوودمه‌ند بن بۆ پرسیی کورد و کوردستان. کورد له‌مێژه‌ گوتوویه‌تی:" داشتم داشتم حه‌ساو نییه‌، دیرم دیرم حه‌ساوه‌"[4]. من له‌و بڕوایه‌دام جاڕدانی ئیکسپایه‌ربوونیان و ده‌ستبه‌ردان له‌و سیاسه‌ته‌ی، که‌ گوایه‌ ده‌یکه‌ن، گه‌لێک زیاتر خزمه‌ت به‌ پرسی کورد ده‌کات و جێگه‌ش چۆڵ ده‌که‌ن بۆ نه‌وه‌ی نوێ و بیری نوێ و گۆڕانی نوێ و پێشخستنی پرسی کورد و نێزیکبوونه‌وه‌ له‌ ڕزگاری کوردستان.

که‌س  لاریی له‌وه‌ نییه‌، که‌ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێژیمێکه‌ نه‌ ئازادی تاک و نه‌ ئازادی نه‌ته‌وه‌یی، تێدا ده‌سته‌به‌ر نه‌کراوه‌ و چه‌وساندنه‌وه‌ و چه‌پاندن و کپکردنه‌وه‌ی تێدا به‌ ڕوونی ده‌بینرێن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌ترسیگه‌ل و سیاسه‌تێکی عیراق و تورکیا و سووریا، دژ به‌ گه‌لی کورد، پێڕۆیان ده‌کرد گه‌لێک له‌وه‌ی ئێران خراپتر بوو.‌ سیاسه‌ت تورکیا و سووریا ئێستاش له‌ هی ئێران خراپتره‌ و عیراقیش ئه‌گه‌ر کورد بۆ خۆی خاوه‌نی ئه‌و هێز و قه‌واره‌یه‌ی ئێستای نه‌بووایه‌ و نه‌بێت،  سیاسه‌تی له‌ هی ئیران باشتر نییه‌ و خراپتریشه‌. چه‌نده‌ ئه‌وده‌م، کاتی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانی ساڵی 1979 و ساڵانی 1980کان و دواتریش، چ پاساوێک بۆ جه‌نگی چه‌کداریی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا نه‌بوو و چه‌نده‌ بۆچوونه‌کانی که‌ریمی حیسامی، له‌مه‌ڕ ئێران و دیداره‌که‌ی عیسمه‌ت شه‌ریف وانلییه‌وه‌، بێ بنه‌ما و بێ به‌ها و ناڕاست بوون، ئێستاش ڕه‌وشه‌که‌ هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌.‌ ئه‌و حیزبانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌ر له‌ ڕۆژی  یه‌که‌می گۆڕانی رێژیمی شایه‌تییه‌وه‌ بۆ کۆماریی، ده‌بوو وه‌ک ته‌واوی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی نێو ئێران، ئازه‌ر، به‌لووچ. عه‌ره‌ب و تورکمه‌ن، که‌ هه‌ندێکیان، ژماره‌یان له‌ کورد زێتره‌، ئارام بووایه‌ن و نه‌که‌وتبانا ژێر کاریگه‌ریی ده‌وروبه‌ر و نه‌یارانی ئه‌و شۆڕشه‌ و  ده‌ستیان نه‌دایه‌ته‌ چه‌ک، که‌ کردیشیان و چ ئه‌نجامێکی نه‌بوو، ده‌بوو سیاسه‌تیان گۆڕیبا و هه‌وڵیاندابا، سوود له‌ ئه‌زموونی شین فه‌ین(Sinn Fein)ی ئایرلاندی باکوور و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا سوود له‌ ئه‌زموونی ده‌. ته‌. په‌(DTP) ی باکووری کوردستان و حیزبگه‌لێکی مانه‌ندی ئه‌وانه‌ وه‌رگرن و ئه‌مانیش به‌و جۆره‌ له‌ ئێراندا کاریان کردبا. ئه‌م حیزبانه‌ نه‌ له‌ ده‌نگداندا نه‌ له‌ ده‌نگنه‌داندا بۆ هه‌ڵبژاردن و نه‌ له‌م شۆرشه‌ی توویته‌‌"‌‌Twitter Revolution"[5] ‌دا، که‌ ئێستا وا پێیه‌ و سه‌ریهه‌ڵداوه‌، چ نۆره‌یه‌کیان نییه‌ و نووزه‌یه‌کیان لێوه‌ نایه‌ت و هیچ کاره‌ن و هه‌رگیز توانستی ئه‌وه‌یان تێدا نییه‌،  که‌ جۆشێک وه‌به‌ر خه‌ڵکی خۆرهه‌ڵاتی کوردستاندا بکه‌ن، ئه‌مان له‌ جه‌ماوه‌ر و له‌ خه‌ڵکه‌وه‌ دوورن و لێیان دابڕاون و دابڕانیش ڕه‌وشی نوێ، هزری نوێ، هێزی نوێ، دێنێته‌ گۆڕی و ده‌رگا به‌ ڕووی گۆڕاندا ده‌کاته‌وه‌، گۆڕانێک، که‌ ئه‌مان هیچیان بۆ نه‌کردووه‌ و ده‌سته‌وه‌ستان لێی ده‌نۆڕن و چاوه‌نۆڕن ڕوو بدا.

ئه‌گه‌ر حیزب، هه‌ر حیزبێک، له‌ سه‌رده‌مێکدا، وه‌ک ده‌سگا و پێکهاته‌یه‌ک، توانیبێتی خه‌ڵک له‌ خۆ خڕکاته‌وه‌ و ڕێبه‌ریه‌تی خه‌ڵک بکات و پێشه‌نگی خه‌بات و تیکۆشانی خه‌ڵک بووبێت و خه‌ڵک جۆشدات‌، ئیستا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌و تین و گوڕه‌ی نه‌ماوه‌ و هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌و نۆره‌یه‌ ببینێت. حیزب بۆ خۆی زۆرجاران ده‌رده‌ نه‌ک ده‌رمان. حیزب له‌ قاڵبدانی مێشک و هزره‌ و به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتنی توانستی له‌بننه‌هاتووی مرۆڤ و خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ره‌. حیزب ڕێگه‌گرتنه‌ له‌ بیرکردنه‌وه‌ و ڕاده‌ستکردنی ئاوه‌زه‌ به‌ ڕێبه‌رێک، ده‌فته‌ر یا مه‌کته‌بێکی سیاسی، کۆمیته‌یه‌کی نێوه‌ندی، سه‌رکرده‌یه‌تییه‌ک و به‌رپرسێکی حیزبی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یا ئه‌وان له‌بری تۆ، له‌بری من، له‌بری ئه‌و، له‌بری ئێوه‌، له‌بری ئێمه‌، له‌بری ئه‌وان، له‌بی گه‌ل، بیر بکه‌نه‌وه‌. حیزب مراندن و تواندنه‌وه‌ی تاکه، به‌ هه‌موو بیر و دید و خواست و بۆچوونه‌کانییه‌وه‌،‌ له‌ نێو ده‌سگایه‌کدا، که‌ ده‌بێته‌ خاوه‌ن بڕیار و هێڵه‌کانی ژیانی تاک دیاری ده‌کات.

سیاسه‌ت، په‌رۆشیکی ڕۆژاانه‌یه‌ و هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگه‌ و ته‌واوی جڤاک و چین و توێژه‌کان ده‌گرێته‌وه‌. سیاسه‌ت، کار و ماندوبوون و وزه‌ و جووڵانه‌وه‌ و خۆته‌یارکردن و تێگه‌یشتن و به‌رپه‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و به‌ڵگه‌ و چالاکی و ده‌مه‌ته‌قه‌ و خوێندنه‌وه‌ و دانوستاندن و ده‌مه‌زه‌ردکردنه‌وه‌ی هزریی و نوێبوونه‌وه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی و لێبڕانی گه‌ره‌که. ناچالاک و سست و چاوه‌ڕوانکه‌ری بێ ماندوبوون و هه‌رله‌خۆڕای مردنی ڕێژیم و ده‌سه‌ڵات، چ په‌رۆشێکی نییه‌ و واچاکه‌ باسی سیاسه‌ت نه‌کات.  ئه‌م حیزبانه‌، ڕێک وه‌ک خه‌ڵکانێکی ئۆردوگانشینیان لێهاتووه‌ و ته‌نێ ده‌ژین و ڕۆژ به‌ سه‌ر ده‌بن و چاوه‌ڕوانی گۆڕان ده‌که‌ن له‌ ئێراندا، بێ ئه‌وه‌ی بۆ خۆیان چ کاریگه‌رییه‌کیان له‌و گۆڕانه‌دا هه‌بێت. ئه‌وان نه‌ به‌ چه‌ک و نه‌ به‌ بێ چه‌ک، چ نۆره‌یه‌ک له‌وه‌ی له‌ ئێران و کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، نابینن. ئه‌وان، به‌وه‌ی بوونه‌ته‌ ئه‌و هه‌موو به‌شه‌وه‌ و به‌وه‌ی چ کاریگه‌رییه‌کیان له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان و ئێراندا نییه‌ و به‌وه‌ی له‌ سه‌ر یه‌ک ئامانج و یه‌ک به‌رنامه‌ و یه‌ک نه‌خشه‌ پێکنه‌هاتوون، بۆ گه‌لی رۆژهه‌ڵات کوردستان و به‌وه‌ی له‌ نێو رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا چ گه‌لێری و به‌ده‌نگه‌وه‌‌هاتنێکیان نییه‌ و که‌س حسێبیان بۆ ناکات و گوێ له‌ گوتاریان ناگرێت و گه‌لێک له‌ خه‌ڵکه‌وه‌ دوورن و به‌وه‌ی، که‌ ڕێژیمی ئێرانیش  تا ڕاده‌یه‌ک چ حیسابێکیان بۆ ناکات، له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌، له‌ قه‌یرانێکی گه‌لێک مه‌زندان و تووشی هه‌ره‌س و داڕووخان هاتوون و کاتیان به‌سه‌رچووه‌ و ته‌واو بوونه.‌ ده‌بوو ئه‌وان ده‌بوو بۆ خۆیان له‌وه‌ تێگه‌یشتبان و له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی خه‌ڵکی کورددا، جاڕی ئێکسپایه‌ربوونی خۆیانیان دابا.                                                                                                                   

29-6-2009





[1] بێجگه‌ له‌وانه‌، سه‌دان خێزان و و هه‌زاران که‌سی کوردی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، له‌ ئۆردووگه‌ی ئاڵتاش و ده‌وروبه‌ری ڕه‌مادی و شوێنانی دیکه‌ له‌ عیراق، له‌ بار و ڕه‌وشێکی گه‌لێک خراپدا ده‌ژیان و ئێستاش لێیان ماوه‌ و خراپتریش ده‌ژین.                                                                                                                                       
[2]  ئه‌وه‌ی کتێبی "ژیان و به‌سه‌رهاتی عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی(مامۆستا عوله‌ما)"ی،  چاپی یه‌که‌م، بنکه‌ی چاپه‌مه‌نی زاگرۆس، گۆتنبێرگ، سوید 1999، نووسینی  عه‌لی که‌ریمی و گوتاری " بوختانه‌کانی کاک ئه‌میر بێ وه‌ڵام نامێننه‌وه‌"، نووسینی ح .شارباژێڕی، که‌ له‌ گۆڤاری "مامۆستای کورد"ی ژماره‌ 9ی به‌هاری 1990دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، خوێندبێته‌وه‌، زۆر به‌ ڕوونی پێوه‌ندی به‌هێزی سه‌رانی حیزب و  هێزه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به‌ ڕێژیمی به‌عسی عیراقه‌وه‌ بۆ ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌وان بێجگه‌ له‌ ڕێژیمی عیراق، له‌گه‌ڵ ڕێژیمگه‌لی وه‌ک سعوودییه‌ و کووه‌یت و ئه‌وانه‌شدا پێوه‌ندیان هه‌بووه‌. دیاره‌  سه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ته‌نیا که‌سانێک نه‌بوونه‌، که‌ له‌و جۆره‌ پێوه‌ندانه‌یان بووبێت، به‌ڵکه‌ سه‌رانی هه‌موو حیزبه‌کانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان، له‌و جۆره‌ پێوه‌ندانه‌یان له‌گه‌ڵ ڕێژیمه داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان و ده‌وروبه‌ری کوردستاندا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌.                                                            
[3]  له‌ سه‌رده‌می ڕووخانی ڕێژیمی شای ئێراندا، که‌ شا هه‌ڵاتووه‌ و وڵات گۆڕاوه‌ و بووه‌ به‌ کۆماریی و ڕێژیمێکی نوێ هاتووه‌ته‌ سه‌ر کار، که‌ خه‌ڵک بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستی دژایه‌تیی به‌رانبه‌ر ڕێژیمی له‌نێوچوو و پشتگریی له‌ ڕێژیمی نوێ و شۆڕشی گه‌لانی ئێران دینه‌ سه‌رجاده‌ و هاوار ده‌که‌ن، له‌ یه‌کێک له‌ باژێڕه‌کانی کوردستانی ئێراندا، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی دێنه‌ سه‌ر جاده‌ ده‌قیڕێنن و ده‌ڵێن:"شا بایه‌د بایته‌و" واته‌:"شا ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌".                                                                                                
  واته‌: هه‌مبوو هه‌مبوو حسێب نییه‌، هه‌مه‌ هه‌مه‌ حسێبه‌، به‌ واتایه‌کی تر: نان ئه‌و نانه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خوانه‌.[4]
 [5] به‌ هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی ناڕازیبوون و به‌یه‌کگه‌یشتنی ده‌نگه‌ نه‌یاره‌کانی نێو ئێران و ده‌رێی ئێرانی دژ به‌ ڕێژیمی ئێران له‌ ماڵپه‌ڕی"Twitter" دا و گه‌یاندنی هه‌واڵ و وێنه‌ و ڕووداوه‌کانی ئێران له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ و ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌ هه‌موو جیهان، ئه‌م ڕابوونه‌ی ئێستای خه‌ڵک، ناوی، شۆڕشی توویته‌"Twitter Revolution"ی لێ نراوه‌، که‌ به کوردییش ده‌بێته‌: شۆڕشی جریوه‌ یا شۆڕشی چۆله‌که‌یی. من به‌شبه‌حاڵی خۆم، ئه‌م ڕابوونه‌ی ئێستا وه‌ک ڕابوونی خه‌ڵکانی چینی نێوه‌ند و بۆرژوازییانی شارنشینان داده‌نێم. ئه‌مه‌ ڕابوونی ئه‌و خه‌ڵکانه‌یه‌، که‌ پتر وه‌ددوی ئازادی تاکدا وێڵن و پتر ئازادی تاکیان مه‌به‌سته‌ و پتر باس له‌ نه‌هێشتنی چارشێو و عه‌با ده‌که‌ن و ئاره‌زوویان ئه‌وه‌یه‌، که‌ خواردنه‌وه‌ و دڵداری و پێوه‌ندی کچان و کوڕان ئازاد بکرێت و مه‌یخانه‌ و قومارخانه‌ قه‌ده‌غه‌یان له‌ سه‌ر نه‌مێنێت و خه‌ڵک چی ده‌کات و چۆن ده‌کات و چۆن ده‌ژی، ئازاد بێت. دیاره‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی، ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌ ئازادی تاکه‌وه‌یه‌، داواگه‌ل و خواستگه‌لێکی ره‌وای هه‌موو مرۆڤێکی ئه‌م جیهانه‌یه‌ و له‌ نێو ئه‌وانیشدا خه‌ڵکی ئێران‌. ئه‌وان مافی خۆیانه‌ داوای وه‌ها ئازادییه‌ک بکه‌ن، لێ ئه‌مانه‌ داخوازیی خه‌ڵکانی خواره‌وه‌ی جڤاک و برسی و چه‌وساوه‌ و سته‌مدیده‌ و هه‌ژارانی ئێران نین و ئه‌وان به‌ زۆری کێشه‌ی دیکه‌یان هه‌یه‌ و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش له‌گه‌ڵ ڕێژیمه‌که‌یاندان.

Friday, May 15, 2009

شه‌هرامی نازری و گۆرانیی کوردی

شه‌هرامی نازری و گۆرانیی کوردی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

Peyamner











مه‌نسوور جیهانی، له‌ تارانه‌وه‌، له‌ باسکردنی هه‌واڵێکی هونه‌ریدا، له‌ ماڵپه‌ڕی په‌یامنێردا و له‌ ڕۆژی  13/5/2009 دا، ده‌نووسێت:"گۆرانیبێژی ناوداری کورد شه‌هرام نازری و ئاوازدانه‌ری لاو حافز نازری، له‌ شاری ئوپسالای سوید گۆرانی و موزیکی کوردی پێشکه‌ش ده‌که‌ن"[1]. جیهانی، بڕێک له‌ قسه‌کانی حافزی نازری بۆ ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی په‌یامنێر ده‌گوێزێته‌وه‌‌، که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات، شه‌هرامی نازری، له‌و کۆنسێرته‌ی، له‌ شاری ئوپسالای سوێد سازی ده‌کات، هه‌ندێک گۆرانی کوردی به‌ ده‌نگی خۆی (شه‌هرامی نازری) پێشکه‌ش ده‌کات و پارچه‌ مووزیکی کوردی و هه‌روه‌ها ئاوازه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی ئامێری ته‌نبووری  ناوچه‌ی کرماشان پێشکه‌ش ده‌کرێت.                                                                                                              
تۆ وه‌ک خوێنه‌ریک، که‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌، وات دێته‌ به‌رچاو و ده‌گه‌یته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که‌ شه‌هرامی نازری، کۆنسێرته‌که‌ی به‌ کوردی و بۆ کورد بووه‌.                                                          
من بۆ خۆم یه‌کێکم له‌وانه‌ی، که‌ زۆر له‌مێژه‌ حه‌زم له‌ ده‌نگی شه‌هرامی نازرییه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم  هه‌موو، ده‌توانم بڵێم زۆرێک له‌ نه‌وار(کاسێت) و سیدییه‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌م هه‌یه‌ و گه‌لێک جاریش، که‌ خۆم به‌ ته‌نیا بم، گوێ له‌ ده‌نگی خۆش و کاریگه‌ری وی و مۆسیقای به‌رز و پڕبه‌های وی  ده‌گرم و زۆریش کارم تێده‌کات. شه‌هرامی نازری، به‌ڵی کورده‌ و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری کرماشانه‌ و له‌گه‌ڵ ته‌نبوور و سۆزی ده‌روێشی و سۆفیانه‌ی نێو جماتخانه‌ی یارسانییاندا مه‌زن بووه‌، لێ ئه‌و گۆرانیبێژێکی مه‌زنی ئێرانه‌ و هه‌ر له‌ ده‌سپێکڕا به‌ زمانی فارسی گۆرانی گوتووه‌ و ئێستایش ده‌شێ وه‌ک گۆرانیبێژێکی فارس یا فارسی لێی بنۆڕدرێ و ئه‌وه‌ش چ ناته‌واوی و نه‌نگی و کێماسییه‌ک نییه‌، به‌ڵکه‌ مه‌زنییه‌که‌ بۆ ئه‌و، که‌ بتوانێت به‌و شێوه‌ به‌رزه‌، که‌ لووتکه‌ی هونه‌ره‌، به‌ زمانێک، که‌ زمانی دایکی نییه‌، ئه‌و هۆنه‌ره‌ جوانه‌ پێشکه‌ش بکات. نازری، به‌وه‌ی به‌ فارسی گۆرانی ده‌چڕێ و گۆرانییه‌کانی هه‌ڵبژارده‌یه‌کی جوانترین و باڵاترین شیعری فارسین، حافز، مه‌ولانا جه‌لالوددین، فیردووسی و سه‌عدی و...له‌ دڵی هه‌موو ئێرانییه‌کدا، له‌ دڵی هه‌موو فارسی زمانێکدا، له‌ نێو فه‌رهه‌نگی ئێرانیدا، له‌ دڵی هه‌موو هونه‌ردۆستێکی جیهاندا، له‌ دڵی هه‌موو عاشقانی شیعری سۆفیایه‌تی وعاشقانی جوانی و ڕاستگۆیی و ئه‌ڤینداری و له‌ نێو هونه‌ری ئێران و جیهاندا، جێگه‌ی خۆی کردووه‌ته‌وه‌. شه‌هرامی نازری، هیچی له‌ شه‌جه‌ریان، موعین، داریووش، مه‌هه‌ستی، هایده‌، حومه‌یرا، گوگووش، شه‌کیلا و ... هه‌موو مه‌زنانی هۆنه‌ری ئێرانی، به‌ کلاسیک و نوێیه‌کانیشیه‌وه،‌ که‌متر نییه‌، ئه‌گه‌ر زیاتر و باڵاتر نه‌بێت.                                                                               
ئه‌و کۆنسێرته‌ی شه‌هرامی نازری، له‌ باژێڕی ئوپسالای سوێد، له‌ ئێواره‌ی 9/5/2009 ، به‌ڕێوه‌چوو و  به‌ گۆرانی و مۆسیقا و پشوو و دواکه‌وتن و هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌، نزیکه‌ی سێ ده‌مژمێرێکی خایاند. من بۆ خۆم یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی، که‌ هه‌ر پێش مانگێک تکتی ئه‌و کۆنسێرته‌م بۆ ڕازی کچم و خۆم کڕیبوو، خۆم  له‌و هۆڵه‌دا بووم، که‌ کۆنسێرته‌که‌ی تێدا به‌ڕێوه‌ چوو، خه‌ڵکێکی یه‌کجار زۆریش هاتبوون و گوێیان له‌و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ گرت. بێجگه‌ له‌ فارس و ئێرانی و کورد، سوێدییه‌کی زۆریش هاتبوون و ته‌نانه‌ت ئیسپانیۆلی زمان و ئه‌فریقاییش له‌وێ بوون. شه‌هرامی نازری، سه‌رباری ئه‌وه‌ی نه‌خۆش و ماندوو بوو و هه‌ڵامه‌تێکی گرانی گرتبوو، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کانیدا، که‌ یه‌کێکیان حافزی نازری بوو، که‌ کوڕی خۆیه‌تی و دووانه‌که‌ی دیکه‌ش، سینا جیهان ئابادی و حوسه‌ین ڕه‌زایی نیا بوون، جوانترین گۆرانی و مۆسیقای فارسییان پێشکه‌شکرد. ده‌نگی به‌جۆش و خۆشی ئه‌و(شه‌هرامی نازری) و ده‌ستڕه‌نگینی مۆسیقاژه‌نه‌کان و ئه‌و شیعره‌ نایاب و به‌رزانه‌ی شانامه‌ و مه‌ولانا و حافز، که‌ هه‌ڵیبژاردبوون، ته‌واوی گوێگرانی خستبووه‌ جیهانێکی فریشته‌ئاسا و سه‌مایه‌کی گیانه‌کی و چێژ و موچوڕکه‌ و ته‌زوویه‌کی ئاوێزان به‌ خه‌یاڵ و خه‌ون و خۆشه‌ویستی و ئارامییه‌کی هه‌میشه‌ییه‌وه‌.  شه‌هرامی نازری له‌ به‌شی دووه‌م و پێنج خوله‌کی کۆتایی کۆنسێرته‌که‌یدا و خۆی به‌ ته‌نێ و بێ هاوکارانی، تاکه‌ یه‌ک گۆرانیی کوردی چڕی، ئه‌ویش "که‌ڤۆکێ" بوو، که‌ به‌ هه‌ڵه‌ له‌کن ئه‌وانه‌ی به‌ کرمانجی خواروو و بنزاراوه‌کانی ده‌په‌یڤن بووه‌ به‌ "کابووکێ". به‌وه‌ی که‌ گۆرانی کوردی نه‌چڕیوه‌، شه‌هرامی نازری، هه‌رگیز که‌م نابێته‌وه‌ و ئێمه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌بیر نه‌که‌ین، که‌ وه‌ک چۆن، موحه‌ممه‌دی قازی، وه‌رگێڕێکی فارسه‌ و یه‌شار که‌مال، نووسه‌رێکی تورکه‌ و سه‌لیم به‌ره‌کات، زوهدی داوودی، موحیه‌ددین زه‌نگه‌نه‌ و هه‌یفاء زه‌نگه‌نه‌، نووسه‌رگه‌لێکی عه‌ره‌بن و عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان، نووسه‌رێکی فارسه‌ و ڕه‌زا عه‌لی و ئه‌حمه‌د ئه‌لخه‌لیل، سترانبێژگه‌لێکی عه‌ره‌بن، هه‌رچه‌نده‌ هه‌مووشیان به‌ ڕه‌گه‌ز کوردن، هه‌ر به‌و جۆره‌ش شه‌هرامی نازری، گۆرانیبێژێکی فارسه‌، با بۆ خۆی کورد و کوردزمانیش بێت. من بۆ خۆم هێنده‌ی حه‌ز به‌ گۆرانییه‌ فارسییه‌کانی شه‌هرامی نازری ده‌که‌م، بیست له‌ سه‌د (20%)ی ئه‌وه‌ حه‌ز به‌ گۆرانییه‌ کوردییه‌کانی ناکه‌م.                                                                                                                          
هونه‌ر، ئه‌گه‌ر به‌ زمانێکی دیاریکراویش بێت،  ڕه‌هه‌ندێکی مرۆڤانه‌ و جیهانی هه‌یه‌ و موڵکی هه‌موو مرۆڤێکی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌یه‌ و چ سنوورێک له‌ نێوان  نه‌ته‌وه‌ و ڕه‌نگی پێست و ڕه‌گه‌ز و ئایین و خاک و زمان و فه‌رهه‌نگدا نازانێت و دانانێت و ناهێڵێت و هه‌مووی ده‌به‌زێنێت و ده‌سڕێته‌وه‌. هونه‌ری به‌رز و چاک و جوان، خۆی ده‌سه‌پێنێت و ئێمه‌ی خوێنه‌ر، ئێمه‌ی گوێگر، ئێمه‌ی بیسه‌ر، ئێمه‌ی بینه‌ر، ناچار ده‌کات، خۆشمان بووێت، به‌رز بینرخێنین، کارمان تێ بکات، هونه‌ری شه‌هرامی نازری ئه‌و هونه‌ره‌ هێژایه‌یه‌، که گیانمان ده‌شواته‌وه‌ و ده‌روونمان خاوێن ده‌کاته‌وه‌ و‌ هه‌میشه‌ پله‌ به‌ پله‌ به‌ره‌و هه‌وراز هه‌ڵمانده‌کشێنێت. هونه‌ری شه‌هرامی نازری هونه‌ره‌، سا ئیدی به‌ هه‌ر زمانیک بێت.                             
15/5/2009




http://www.peyamner.com/details.aspx?l=1&id=124325    [1] بنۆڕه‌ لینکی: ‌

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...