Saturday, February 2, 2008

شکستی کورد له‌ئیراق و ئه‌رک و هه‌نگاوه‌کانی ئاینده



شکستی کورد له‌ئیراق و ئه‌رک و هه‌نگاوه‌کانی ئاینده

‌
پ 1 : هه‌نووکه‌ له‌پێنج ساڵی ته‌واو نزیک ده‌بینه‌وه‌ به‌سه‌ر داڕووخانی رژێمی به‌عس له ‌ئیراقدا، ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌‌ کورد وه‌ک لایه‌نێکی کاریگه‌ر به‌رده‌وام له‌کێشمه‌کێش و گفتوگۆ و جه‌نگی سارددا بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد، وه‌ها ده‌بینرێت کورد به‌ دریژایی ئه‌م پێنج ساڵه‌‌ هیچ ده‌ستکه‌وتێکی سیاسی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ به‌ڵکو سنوور و مه‌ودای ده‌سته‌ڵات و ده‌ستکه‌وته‌کانی له‌جێگه‌ی خۆیدا ڕاوه‌ستاون، ئایا ده‌کرێت بڵێین لایه‌نی کوردیی له ‌ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌‌دا شکستخواردوو بووه‌؟ ئایا هه‌موو ئاماژه‌کان جۆرێک له ‌شکست بۆ لایه‌نی کوردیی نیشان ناده‌ن؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی:  مه‌به‌ست له‌ لایه‌نی کاریگه‌ر، لایه‌نێکه‌ توانیبێتی و بتوانێ ڕای خۆی بچه‌سپێنێت و بوونی خۆی بسه‌لمێنێت و سه‌نگ و قورسایی خۆی له‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان و کارڕایی و ئه‌نجامدان و پێڕۆ و جێبه‌جێکردنی  کاردا، بینیبێت و ببینێت و نۆره‌ی بڕیارده‌ر و دروستکا‌ری بڕیار ببینێت. کورد له‌ به‌غدا، له‌ سه‌رده‌می پاش به‌عسدا، هه‌رگیز ئه‌و نۆره‌یه‌ی نه‌دیوه‌ و ناشبینێت. ئه‌و ڕۆڵه‌ کاریگه‌رییه‌ی تۆ ده‌یده‌یه‌ کورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدای دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، زۆر زۆری لێ زیاده‌، کورد له‌ ڕۆڵی "پارسه‌نگ"یی به‌ولاوه،‌ چ نۆره‌یه‌کی دیکه‌ی نه‌بینیوه‌. کام تای ته‌رازووه‌که‌ سووک بووبێت، کورد له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ له‌وێ دانراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو تای ته‌رازووه‌که‌ وه‌ک یه‌کیان لێبێت. ئه‌و خزمه‌ته‌ی کورد به‌ حوکوومه‌ته‌کان و ڕێژیمی عیراقی پاش به‌عسی کردووه‌، هیچ لایه‌نێکی دیکه‌ نه‌یکردووه‌. کورد هۆیه‌کی بنه‌ڕه‌تی به‌هێزکردنی هه‌ردوو لایه‌نی سوننه‌ و شیعه‌ بووه‌ و فره‌ترین سوودی به‌وان و نه‌خشه‌کانی ئه‌وان گه‌یاندووه و کۆمه‌کی به‌ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان کردووه‌. کورد له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکای داگیرکاری عیراقه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن عیراقییانی ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌، هه‌ر ڕۆڵی "پارسه‌نگ"یی پێ ڕه‌وا بینراوه‌. گه‌لێک جار بۆ ژیرکردنه‌وه‌ی لایه‌نێک له‌ لایه‌نه‌کان، ڕۆڵی ناوبژیکار و گه‌لێک جاریش ڕۆڵی گورگه‌که‌ی نێو "گورگانه‌شه‌وێ" و جنۆکه‌ و مێرده‌زمه‌ی پێدراوه‌ و ده‌درێ. کورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادا، هه‌میشه‌ ڕۆڵی کوڕه‌ گوێڕایه‌ڵ و سه‌لاره‌که‌ و ڕۆڵی "وه‌ڕوێرکه"‌ی بینیوه‌. هه‌رچییه‌کیان پێ گوتبێ و به‌ سه‌ریدا سه‌پاندبێ، ئه‌م نه‌ئی به‌ زاردا نه‌هاتووه‌. ئه‌م هه‌ر له‌گه‌ڵ بووه‌. سه‌رانی کورد، له‌ سه‌ر حیسابی گه‌ل و خاک و خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، عیراقیان، وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی مردوو و هه‌ڵوه‌شاوه‌ و له‌تله‌ت، دروست کرده‌وه‌ و گیانیان به‌به‌ردا کرده‌وه‌. بوونی کۆمه‌ڵه‌ سیاسه‌تکارێکی کورد له‌ به‌غدا و له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتی عیراقدا، له‌ دوای ڕووخانی به‌عس و (سه‌ددام حوسه‌ین)ه‌وه‌، هیچ جیاوازییه‌کی له‌ته‌ک بوونی سیاسه‌تکارانی کورددا له‌ به‌غدای سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین و پێش سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین، به‌ سه‌رده‌می(برایانی عارف) و عه‌بدولکه‌ریم قاسم و سه‌رده‌می(شا)یه‌تیشه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ته‌نێ له‌ ده‌موچاو و که‌سه‌کاندا جیاوازییه‌کی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر بنۆڕینه‌ ڕۆڵی سیاسه‌تکارانی کورد له‌ به‌غدا، له‌ دروستبوونی عیراقه‌وه وه‌ک ده‌وڵه‌ت و تا ئه‌مڕۆ، ‌ده‌توانین ساڵانی 1970-1974 وه‌ک باشترین سه‌رده‌مێک بۆ سه‌رکرده‌یه‌تی ‌کورد نێو ببه‌ین، که‌ ئه‌وده‌م هاوپشکی ده‌سه‌ڵات بوو. له‌ سه‌رده‌می (شا)یه‌تی عیراقیشدا که‌سانێکی لێوه‌شاوه‌ و بوێر و ده‌مڕاست هه‌بوون، که‌ جێده‌ستیان له‌ سه‌ر نه‌خشی ڕۆژگاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا‌ دیار بووه.‌ کورد له‌ سه‌رده‌می 1958-1961ی (قاسم)یشدا ڕۆڵی له‌به‌رچاوی له‌ به‌غدا هه‌بوو و له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا یه‌کسان بوو‌. ساڵانی 1966-1970یش حیزبی جه‌لالی، که‌ ڕه‌وێک سیاسه‌تکاری له‌ خۆ خڕکردبووه‌وه‌، له‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ به‌غدادا بوو، به‌ڵام چ ڕۆڵ و کاریگه‌رییه‌کی هه‌بوو، له‌وه‌ی زیاتر خزمه‌تی به‌ حکوومه‌ته‌کانی به‌غدای ئه‌و ڕۆژگاره‌ و شۆڤینیزمی عه‌ره‌بی ده‌کرد و له‌ پشته‌وه‌ش خه‌نجه‌ری له‌ بڕبڕه‌ی پشتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد ده‌دا! ڕۆڵی سیاسه‌تکارانی ئێستای کورد له‌ به‌غدا، هه‌ر هێنده‌ی ڕۆڵی حیزبی جه‌لالی 1966-1970 و ڕۆڵی تاها موحیه‌ددین، هاشم ئاکره‌یی، عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریف، ئه‌رشه‌د زیباری، مه‌لا ماتۆر و موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی و زۆری دیکه‌ی سه‌رده‌می( سه‌ددام حوسه‌ین)ه‌. کورد به‌وه‌ی سه‌رۆککۆمار و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌تی وه‌رگرتووه‌، چ سوود و قازانج و ده‌سکه‌وتێکی چنگ نه‌که‌وتووه‌. ئه‌و دوو که‌سه‌ی سه‌رۆککۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراقن، که‌ کوردن، له‌گه‌ڵ هیچ عه‌ره‌بێکی نه‌ته‌وه‌یی و عیراقییه‌کی داکۆکیکار له‌ عیراق و عیراقییه‌تیدا، جیاوازییان نییه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بێکی میانڕه‌و و عیراقییه‌کی دیموکراتیخواز بووایه‌ن، پتر که‌ڵکیان به‌ کورد و کێشه‌کانی گه‌لی کوردستان، گه‌یاندبا. ئه‌وان، به‌ تایبه‌ت سه‌رۆککۆماره‌که‌یان، له‌ داهۆڵێک بۆ توقاندنی کورد زیاتر، شتێکی دیکه‌ نین. سه‌رانی کورد به‌وه‌ی له‌ به‌غدا ته‌نیا به‌ گرێی ملدا ده‌ده‌ن و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵن و ئیملایان پێ ده‌کرێ، بوون و نه‌بوونیان له‌ به‌غدا چوون یه‌که‌. ئه‌وان چ کێشه‌یه‌کی کوردیان چاره‌سه‌ر نه‌کردووه‌ و چ پرسێکی کوردیان به‌ره‌وپێش نه‌بردووه‌. گرنگترین پرسی کورد، به‌ درێژایی سه‌ده‌ی ڕابردوو و ئێستایش، پرسی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستانه‌، که‌ کێشمه‌کێشیان له‌ سه‌ره‌، سه‌رانی کورد چییان بۆ کردووه‌، له‌وه‌ی زیاتر، که‌ کوردستانیبوونی (که‌رکووک)یان خسته‌ ژێر گومانه‌وه‌ به‌وه‌ی، که‌ به‌ ده‌نگدان و مادده‌ی 140ی به‌دناو قایل بوون، که‌ ڕه‌وشی که‌رکووک وه‌ک ڕه‌وشی تکریت و نه‌جه‌ف و ئه‌وانه‌ ته‌ماشا ده‌کات، که‌ بڕێک گۆڕانکاری له‌ سنووری ئوستانه‌کانیاندا ڕوویداوه‌. بوونی سه‌رۆککۆمارێک و کۆمه‌ڵێک وه‌زیر و گزیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان و سیاسه‌تکار و حیزب و هه‌زاران کوردی دیکه‌ی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌ به‌غدا، تاکه‌ یه‌ک قانوونی (سه‌ددام حوسه‌ین)ی له‌مه‌ڕ که‌رکووکه‌وه‌ نه‌سڕییه‌وه! ناوی یه‌ک گه‌ڕه‌کی که‌رکووکی عه‌ره‌بێنراوی له‌ ئه‌لعورووبه‌ و ئه‌لبه‌عس و ئه‌لقادسیه‌ و ئه‌لواسیتییه‌وه،‌ نه‌کرده‌ ناوێکی کوردی! تاکه‌ یه‌ک گوندی دابڕاو له‌ که‌رکووک، که‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر تکریت  یا دیاله‌، نه‌گێڕایه‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک! یه‌ک عه‌ره‌بی داگیرکاری به‌عسی و کۆنه‌ئاساییش و موخابه‌رات و سیخوڕی ڕێژیمی، له‌ که‌رکووک وه‌ده‌رنه‌نا! ته‌واوی نه‌خشه‌ و سیاسه‌ته‌کانی تورکیا و عه‌ره‌بی سوننه‌ و وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ هه‌موو ورده‌وه‌ڵاکانیانه‌وه‌ی به‌ سه‌ردا تێده‌په‌ڕێنرێ و ئه‌میش ملی خۆی لێ خه‌واندووه‌ و هه‌ر باکیشی نییه‌! گچکه‌ترین کێشه‌ و ده‌ردیسه‌ری تاکه‌ کوردێکی فه‌یلی، که‌ هه‌موو ژیان و دیرۆکیان گرفت و نه‌هامه‌تی و کێشه‌ بووه‌ و بۆ خۆیان دانیشتووی به‌غدان و دوو هه‌نگاو له‌ کۆشکه‌کانی به‌رپرسانی کورد له‌"ده‌ڤه‌ری که‌سک – المنطقةالخضراء"ه‌وه‌ دوورن، چاره‌سه‌ر نه‌کرد!  سیاسه‌تکارانی کورد له‌ "ده‌ڤه‌ری که‌سک"ی به‌غدان، چونکه‌ بژێو و ته‌ڕ و چه‌ور و ڕازاوه‌یه‌ و عه‌ره‌ب گوته‌نی:"ئاو و سه‌وزایی و ڕوومه‌تی جوان(الماء والخضراء والوجه‌ الحسن)"‌. ئه‌وان له‌ به‌غداوه‌ پاره‌وپووڵی خه‌یاڵییان ده‌ستده‌که‌وێت و بودجه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی کوردستانیشیان، هه‌ر له‌ به‌غداڕا پێ ده‌گات، بۆیه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وان، خوان و گیرفان و گه‌شت و ڕایه‌خی سوور و خۆشگوزه‌رانییه‌، ده‌نا ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه‌، هه‌ر زوو به‌غدایان جێده‌هێشت و ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵی خۆیان. ئه‌وان هیچ سیاسه‌ت و کارێکیان له‌ به‌غدا،  سه‌رکه‌وتنی وه‌ده‌ستنه‌هێناوه. ئه‌گه‌ر له‌ تاکه‌ یه‌ک سیاسه‌تیاندا سه‌رکه‌وتوو ‌بووبن، له‌ عیراقیاندنه‌وه‌ و سووککردنی  پرسی کورد و باشووری کوردستاندا بووه‌. مانه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ به‌غدا، ته‌نیا چه‌قین و ڕاوه‌ستان بووه‌ له‌ شوێنی خۆیاندا و ئه‌گه‌ر شتێکیش پێشان بدات، ئه‌وا شکستی سیاسه‌تی ئه‌وان و بووده‌ڵه‌یی ئه‌وان پێشان ده‌دات. 
    
پ 2 : ئه‌و دیمه‌نه‌ی به ‌ڕوونی له‌ هاوکێشه‌ی سیاسی ئیراقدا هه‌ستی پێده‌که‌ین، لایه‌نی عاره‌بی له ‌ڕێگه‌ی ده‌ستی ده‌ستی و کاتکوشتن و خۆدزینه‌وه‌وه‌ له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م ویسته‌کانی لایه‌نی کوردیی داده‌نێت یان به‌مانایه‌کی تر هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی جوگرافیای ده‌ستکه‌وته‌کانی کورده‌ له‌ئیراقدا، به‌شێک له‌چاودێران وه‌های ده‌بینن ده‌بێت کورد بایکۆتی حکوومه‌ته‌که‌ی مالیکی بکات چونکه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کابینه‌که‌ی مالیکی، هه‌ندێکی دی ڕایده‌گه‌یه‌نن هێشتا هه‌موو ده‌رگاکان دانه‌خراون و بوار ماوه‌ بۆ گفتوگۆی زیاتر، به ‌بۆچوونی ئێوه‌ کام هه‌نگاو دروست و واقیعیتره ‌و چ کارێک پێویسته‌ کورد له‌و ڕووه‌وه‌ پێی هه‌ستێت؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: به‌ بڕوای من، کێشه‌که‌ ته‌نیا کابینه‌که‌ی مالیکی نییه‌، کێشه‌که‌ کابینه‌کانی پێش (مالیکی)یشه‌، عه‌للاوی و جه‌عفه‌ری و کێشه‌که‌ په‌رله‌مان و ته‌واوی ده‌سه‌ڵات و زۆرێک له‌ حیزبه‌کانی دیکه‌ی عیراقیشه‌. ئه‌وان به‌ هیچ جۆرێک له‌ چوارچێوه‌ی بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌بایه‌تی نه‌چوونه‌ته‌ ده‌رێ. ئه‌وان ئێستاش چ جیاوازییه‌کی مه‌زنیان له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌ی سه‌ددام حوسه‌ین و به‌عسدا نییه‌ و ئێستایش بۆ کورد، له‌ ماڵ و که‌لاوه‌که‌ی خۆیشیدا(کوردستان)، حیسابی میوان ده‌که‌ن. به‌ دید و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌وه‌‌‌، دیاره‌ چاوه‌ڕێی هیچی باشتر، له‌و لایه‌نه‌ عیراقییانه‌ی نێو ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا‌(سوننه‌، شیعه‌، تورکمان. فه‌له‌ و هه‌موو ناکوردێک) ناکرێت. کێشه‌که‌ جۆری دید و هزرین و بۆچوونی ئه‌وانه‌، به‌رانبه‌ر کورد. ئاوه‌ز و هزری ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب، له‌ هیچ کونجێکی خاکی عه‌ره‌ب و عه‌ره‌بستاندا، له‌ شام و به‌غداوه‌ تا ته‌نجه، هیچ ناعه‌ره‌بێک قه‌بووڵ ناکات. بنۆڕه‌ ئه‌مازیغییه‌کانی مه‌غریب و ئه‌لجه‌زائیر و عیساییه‌کانی خوارووی سوودان و دارفۆرییه‌ ئه‌فریقاییه‌ ناعه‌ره‌به‌کانی سوودان و قوپتییه‌کانی مسر و کوردی ڕۆژاوای کوردستان(سووریا) و کوردی باشووری کوردستان(عیراق)، کێشه‌ی هه‌موو ئه‌م خه‌ڵکانه‌ یه‌ک جۆره‌، کێشه‌ی گیرخواردنی که‌مینه‌یه‌، به‌ ده‌ست زۆرینه‌یه‌کی لووتبه‌رز و خۆبه‌زلزان و ملهوڕ و داخراوه‌وه‌، که له‌ جیاوازی تێناگات و هیچ شتێک، به‌ ئه‌وی دیکه،‌ ڕه‌وا نابینێت. ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ی پێیان بکرێت، بۆ کاتبه‌سه‌ربردن و ده‌ستی ده‌ستی و کێشه‌سازکردن و خۆدزینه‌وه،‌ له‌ هه‌موو خواست و ویستێکی گه‌لی کوردستان، کردوویانه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌و فریو و خۆخڵافاندن و پشتگوێخستنه‌، به‌ سه‌ر سیاسه‌تکارانی کورددا تێپه‌ڕێت! بۆ سه‌رانی کورد ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ده‌که‌ن! ئه‌مه‌ جێی ڕامانه‌ و کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست و دیدی لایه‌نی عه‌ره‌بی یا ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، به‌شێکی کێشه‌که‌ بێت، ئه‌وا به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی، له‌ چڕی و خه‌ستیی، تێکه‌ڵکردنه‌وه‌ و گرێدانه‌وه‌ی کوردستانه‌ به‌ عیراقه‌وه، که‌ له‌ ئه‌ستۆی سه‌رانی کورددایه،‌ ئه‌وانن ئه‌نجامده‌ری، و له‌ خۆشبڕوایی خه‌ڵکی کورده‌وه‌یه‌، به‌ سه‌رانی خۆی و عیراقییه‌کان. کێشه‌که‌ له‌ سستی و خاووخلیچکی سه‌رانی کورد و نوێنه‌رانی کورددایه‌ له‌ به‌غدا. سیاسه‌تکارانی کورد، له‌بری هه‌ڕاکردن وه‌دووی عیراقییه‌کاندا، ده‌بوو خۆکێشانه‌وه‌یان له‌ به‌غدا، وه‌ک گوشار و هه‌ڕه‌شه‌، به‌کار بردبا و وه‌ها کارێکیان زووزوو کردبا و حوکوومه‌ت له‌ دوای حوکوومه‌تیان، به‌مه‌ی (مالیکی)یشه‌وه‌، که‌ له‌ هه‌موویان شایسته‌تری ڕووخاندنه‌، ڕووخاندبا، تا خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستانیان به‌ سه‌ردا ده‌چه‌سپاندن و ده‌سه‌پاندن. من هه‌رگیز له‌وانه‌‌ تێناگه‌م، که‌ ده‌ڵێن، هێشتا هه‌موو ده‌رگاکان دانه‌خراون و بوار بۆ گفتوگۆی زیاتر ماوه‌! سه‌رانی کورد هه‌ر به‌وه‌ی کوردستانیان لکانده‌وه‌ عیراق و گه‌لی کوردستانیان عیراقییانده‌وه‌، گه‌وره‌ترین سووکایه‌تییان به‌ گه‌لی کورد کرد و گه‌وره‌ترین سازشکارییان ئه‌نجام دا و ده‌سبه‌رداری خواستی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بوون، که‌ به‌ کرده‌وه‌ زه‌وینه‌ی بۆ ڕه‌خسابوو. ئه‌و نۆره‌یه‌ی ئێستا سه‌رانی کورد له‌ به‌غدا ده‌یبینن، هیچ جیاوازییه‌کی له‌و نۆره‌یه‌ی سه‌رانی فه‌تح و فلستینییه‌کان نییه‌، که‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ده‌یبین. ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، به‌ ئه‌مه‌ریکاییاکانیشه‌وه‌، هیچی بۆ کورد پێ نییه‌. جوگرافیا و چوارچێوه‌ی ئاوه‌ز و هزری نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌ب (دیاره‌ ئێستا قسه‌که‌ له‌ سه‌ر عه‌ره‌به‌، ده‌نا ئه‌وه‌ سیفه‌ت و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌موو نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌که‌)، جێی کورد و هیچ ناعه‌ره‌بێکی تێدا نابێته‌وه‌. گه‌لی باشووری کوردستان، به‌ هۆی سیاسه‌تی چه‌وت و سازشکارانه‌ و پاشکۆیه‌تی سه‌رانییه‌وه‌، له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ، سه‌ری پێ شۆڕ ده‌کرێ و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سکه‌وته‌کانی که‌م و کورتتر ده‌کرێنه‌وه‌ و ته‌واوی مه‌رجه‌کانی خه‌ڵکانی دژه‌ خواسته‌کانی خۆی، به‌ سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێن و ناچار ده‌کرێ، واز له‌ خاکه‌ داگیرکراوه‌که‌یشی بهێنێ. مه‌سعوود موحه‌ممه‌د ده‌ڵێ:"ئه‌و بنه‌مایه‌ قه‌بووڵه‌، داوا له‌ داگیرکه‌ر و زه‌وتکه‌ر بکرێ، ده‌ست له‌ داگیرکراو هه‌ڵگرێ و بیداته‌وه‌ به‌ خاوه‌نی خۆی، نه‌ک لایه‌نی تاڵانکراو، ناچار بکا، ده‌سبه‌رداری ئه‌وه‌یش ببێ، که‌ لای ماوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی له‌ بنی هه‌مانه‌وه‌ پێ ده‌ربکا". سه‌رانی کورد، بۆ خۆیان، له‌ پێناوی هه‌نگوینی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌و بنه‌مایه‌یان پێشێل کرد و ده‌سبه‌ردای که‌رکووکی تاڵانکراو و زه‌وتکراو و داگیرکراو بوون و ده‌ستیشیان له‌ بنی هه‌مانه‌که‌وه‌ پێ ده‌ر کرا. جووله‌که‌ ئێستاش، که‌ باسی مێژووی خۆیان و به‌سه‌رهات و لێقه‌ومان و ئاوشڤه‌یز(Auschwitz) و هۆلۆکوۆست (Holocaust) ده‌که‌ن، ناوی "جه‌نگی ته‌واونه‌بو یا جه‌نگی نه‌بڕاوه‌ یا جه‌نگی کۆتایینه‌هاتوو(The Unfinished War)"ی لێده‌نین. ئه‌وان، که‌ ئێستا بۆ خۆیان که‌ڵه‌گای جیهانن و بۆ خۆیان جه‌نگ به‌ خه‌ڵک ده‌فرۆشن، پێیانوایه‌ ئێستایش هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگیان له‌ سه‌ره‌ و هه‌میشه‌ ‌له‌ جه‌نگدان و ئه‌و جه‌نگه‌ له‌ دژیان بووه‌، هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌، واته‌: ئه‌وان له‌ جه‌نگێکی هه‌میشه‌ییدا ده‌ژین. کورد گه‌ره‌که‌ له‌ دوو ڕووه‌وه‌ ته‌ماشای ڕه‌وشی خۆی‌ بکات، یه‌که‌م: هه‌ڕه‌شه‌ و جه‌نگێکی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌بڕاوه‌ و کۆتایینه‌هاتووی، هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌ و درێژه‌ی هه‌یه‌ و درێژه‌یشی ده‌بێت و دووه‌م:  جه‌نگێکی نه‌بڕاوه‌ و کۆتایینه‌هاتوویشی له‌ پێشه‌، بۆ ناچارکردنی داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌ی، بۆ ده‌ستبه‌ردابوون له‌وه‌ی داگیریان کردووه‌. ‌ئێدموند بوێرک(Edmund Burke، 1729-1797)، سیاسه‌تکار و تیۆریزان و نووسه‌ر و فیلۆسۆفی ئایرله‌ندی، ده‌ڵێ:"ئه‌وانه‌ی جارێک، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵیش بێت، ده‌رده‌ده‌سه‌ڵاتیان گرت و سوود و قازانج و ده‌سکه‌وتێکیان چنگ که‌وت، هه‌رگیز به‌ خواستی خۆیان ده‌ستبه‌رداری نابن". سه‌رانی کورد له‌ به‌غدا، شینی "هه‌ریسه"که‌ ده‌که‌ن، نه‌ک شینی ئیمام "حوسه‌ین".‌ ئه‌وان کوژراو و مه‌ستی ده‌سه‌ڵاتن و ناتوانن ده‌ست له‌و هه‌موو ده‌سکه‌وته‌ ماددی و تایبه‌تمه‌ندییه‌ که‌سه‌کییانه‌یان هه‌ڵگرن.
 
پ 3 : بۆچوونێک هه‌یه‌ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی کوردیی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات خۆی ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌خولقاندنی گرفت و قه‌یرانی سیاسی له‌ئیراقدا ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی داپۆشینی قه‌یرانه‌کانی ناوخۆی کوردستان، تۆ پێتوایه‌ سه‌رکردایه‌تی کورد هه‌میشه‌ له‌ڕێی پاساوی قه‌یرانه‌کانی ئیراقه‌وه‌ بیه‌وێت قه‌یرانه‌ لۆکاڵییه‌کانی ناو کوردستان له‌بیر باته‌وه‌؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: پێموانییه‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، هێنده‌ زیره‌ک بێ له‌وه‌ی، بتوانێ گرفت و قه‌یرانی سیاسی له‌ عیراقدا بئافرێنێ، ئه‌وه‌ بیر و بۆچوونی نه‌ته‌وه‌په‌رستانی عه‌ره‌ب و عیراقییه‌ یه‌ک ده‌نده‌کانه و ئه‌وان وای لێکده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌بینن. ‌دوو زلحیزبه‌کانی کوردستان(پارتی و یه‌کیه‌تیی)، تا سێ ساڵێکیش له‌ دوای ڕووخانی به‌عس، هێشتا یه‌کده‌نگ و یه‌کهه‌ڵوێست نه‌بوون و هه‌ریه‌که‌یان حوکوومه‌ت و میرنشین و هه‌رێمۆکه‌ی خۆی هه‌بوو، ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت، که‌ به‌ ناو، یه‌ک حوکوومه‌تیان هه‌یه‌، هێشتا شوێنه‌واری دووهه‌رێمۆکه‌یی و دوومیرنشینی و دووحوکوومه‌تییان پێوه‌ دیاره‌ و به‌ چاوی کزی، بێ چاویلکه‌ی گه‌ردیله‌بینیش، درزه‌که‌ی نێوانیان،  ده‌بینرێ. ڕه‌نگه‌ ئه‌مان له‌ سازکردنی کێشه‌ و گرفت، بۆ یه‌کدی و بۆ گه‌لێ کوردستان، نه‌ک بۆ عیراق و عیراقییان، گه‌لێک زیره‌ک و لێهاتوو بن. دیاره‌ مێژووی ئه‌م نیوسه‌ده‌یه‌ی دواییه،‌ گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌دا. ‌کێشه‌کانی باشووری کوردستان و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی، گه‌لێ کوردی، له‌وێ تێدا ده‌ژی، به‌ هیچ بێژنگ و سه‌ره‌ن و په‌رده‌یه‌ک داناپۆشرێن و ناشێردرێنه‌وه‌. کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌، وه‌ک مرۆڤ و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێکی سه‌ر ڕووی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌، بۆ خۆی له‌ قه‌یران و کێشه‌دایه‌. خاکه‌که‌ی، فه‌رهه‌نگه‌که‌ی، زمانه‌که‌ی، ژینگه‌که‌ی، پێوه‌نده‌ جڤاکییه‌کانی، کشتوکاڵ و ژێرخان و ئابوورییه‌که‌ی و هه‌رچی هه‌یه‌، له‌ قه‌یراندایه‌. کورد وه‌ک به‌شێک له‌ مرۆڤایه‌تی، هیچ نه‌خشه‌یه‌کی بۆ هیچ یه‌کێک له‌و قه‌یرانانه‌ی تێیدا ده‌ژی و هیچ نه‌خشه‌یه‌کی بۆ داهاتوو و نه‌وه‌کانی داهاتووی، نییه‌ و سه‌ران و سیاسه‌تکاران و به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردیش، له‌وه‌ی زیاتر، ڕاوه‌ پاره‌وپووڵ و سامان و موڵک و ژن ده‌که‌ن، چ په‌رۆشێکی دیکه‌یان نییه‌. تۆ ته‌ماشای ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ بکه‌، که‌ گه‌لی باشووری کوردستانی تێدا ده‌ژی: ئاو، ئه‌له‌کتریک، کشتوکاڵ، سووته‌مه‌نی، ڕێگه‌وبان، گه‌نده‌ڵی، دزی، هه‌ڕه‌شه‌ و که‌ڵه‌گایه‌تی و هێرشی تورکیا، خۆراکی ژاراوی، که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ داگیرکراوه‌کانی دیکه‌، زمان و شێوه‌زار، بارهێنان و خوێندن و په‌روه‌رده‌، ژنکوشتن، خۆعه‌ره‌باندن و خۆتورکاندن و خۆفارساندن، داڕووخانی فه‌رهه‌نگی، ده‌رد و نه‌خۆشی، نه‌بوونی ئازادی ڕاده‌ربڕین، خراپتربوون و داڕزاوی باری ژیانی خه‌ڵکی هه‌ژار، به‌رینبوونه‌وه‌ی جیاوازیی چینایه‌تی، نه‌خۆشی و ده‌رمانی کاتبه‌سه‌رچوو، گرانی و ... سه‌دان ده‌ردی دیکه‌، که‌ جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیان کونکون کردووه‌ و له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌یهه‌ژێنن و به‌ره‌و داته‌پین و ڕووخان و لێکترازان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ده‌به‌ن. کورد له‌ باشووری کوردستان، ئه‌مڕۆ، له‌ سایه‌ی 17 ساڵی کارگێڕیی، ‌"کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشگێڕانی ئه‌وسا" و "تازه‌ دز و گه‌نده‌ڵ و شۆڕشگێیانی ئێستا"یه‌وه‌‌، بووه‌ته‌ گه‌لێکی بێبه‌رهه‌م و مشه‌خۆر و هه‌ڵڵووش و مفتخۆر و مووچه‌خۆر، که‌ هه‌ر "ده‌خوا و ده‌ڕێ" و ژینگه‌ پیس ده‌کات و وڵاته‌که‌یشی بووه‌ته‌ تاقیگه‌ و گوفه‌کی هه‌رچی قڕێژ و قڕێژی و پیس و پیسی، وڵاتانی ده‌وروبه‌ری و هه‌ندێک له‌ وڵاته‌ دووره‌کانیش‌.‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ دواکه‌وتن و به‌ره‌وپاشگه‌ڕانه‌وه‌دا پێشکه‌وتووه‌. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک هه‌موو تاکه‌کانی به‌ یه‌ک چاو ته‌ماشا نه‌کرێن و  یه‌ک قانوون، کار و بار و ژیانیان به‌ڕێوه‌ نه‌بات و هه‌موو یه‌ک جۆره‌ ده‌رفه‌تیان بۆ نه‌ڕه‌خسێنرێت، هه‌رگیز چاوه‌ڕێی پێشکه‌وتنی لێناکرێت، به‌ڵکه‌ چاوه‌ڕوانی داڕووخان و داته‌پینی لێ ده‌کرێت. وڵاتێکی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ جه‌نجاڵ و ئاڵۆز و پڕگۆڕان و جیهانگه‌رییه، بیر و دید و جیهانبینی و هۆش و ئاوه‌زی هۆزگه‌رایی، خێڵگه‌رایی، ده‌سته‌گه‌رایی، گرۆگه‌رایی، خێزان و بنه‌ماڵه‌گه‌رایی، حیزبگه‌رایی، سه‌رکرده‌په‌رستی، ناتوانێت و ناشێت، به‌ڕێوه‌ی ببات. ‌پێشکه‌وتنی جڤاک و ده‌ربازبوون له‌ قه‌یران و کێشه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و بنه‌ما و سه‌ره‌تا و ڕیشه‌ی قه‌یران و کێشه‌کان و تاوتوێ و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێفێربوونه‌وه‌ ده‌کرێ، که‌ هۆش و ئاوه‌زێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی گه‌ره‌که‌. هۆش و ئاوه‌زێک، هه‌رچی شته‌ و هه‌رچی که‌سه‌ و هه‌رچی مێژووه‌ و هه‌رچی نه‌ریته‌ و هه‌رچی پیرۆزییه‌، بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. وه‌ها عه‌قڵێک ده‌توانێت، ته‌کانێک به‌ کورد بدات و بیخاته سه‌ر ڕاسته‌ڕێ. سه‌رکرده‌یه‌تیی کورد، له‌و ئاسته‌دا نییه‌ و خودانی ئه‌و عه‌قڵه‌ش نییه‌ و ناتوانێتیش کورد به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ ببات. کورد بۆ خۆیشی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ هێشتا له‌ په‌راوێزی گۆڕانه‌کاندا ده‌ژی و  به‌م بیرکردنه‌وه‌ لاساییکارییه‌ و خۆنه‌ناسینه‌ی ئێستایه‌وه‌ و به‌ وه‌رگرتنی توێکڵ و خه‌ڵته‌ی به‌ناو"پێشکه‌وتن"، گه‌لێ سه‌خته‌ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، بتوانێت له‌ که‌نارێکی ئاسووده‌ و ئارامدا له‌نگه‌ر بگرێت و درێژه‌ به‌ ژیان بدات. ئه‌و وڵاته (باشووری کوردستان)‌ هه‌ر شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ ناوی "گه‌نده‌ڵستان' و 'قه‌یرانستان"ی لێ بنرێت. ده‌سه‌ڵاتی کوردستان، له‌ 1991ه‌وه‌، به‌رپرسه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و قه‌یران و کێشانه‌ی له‌و وڵاته‌دا هه‌بوو‌ن و هه‌ن و دێنه‌ گۆڕێ. هیچ پاساوێک بۆ ئه‌و قه‌یرانانه‌ نییه‌ و مرۆڤی دووربین و هۆشیار و دڵسۆزی خاک و خه‌ڵک، ئه‌و قه‌یرانانه و که‌مته‌رخه‌ی و گه‌نده‌ڵی و ساخته‌کاری ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیش، ڕوون و ئاشکرا ده‌بینێ. ئه‌‌وه‌ی جێی داخه‌، خه‌ڵکی وڵاتی ئێمه، خه‌ڵکه‌ لێقه‌وماو و به‌شخوراو و سته‌مدیده‌که‌، هێشتا ده‌سه‌ڵات وه‌ک چه‌تر و نوێنه‌ری خه‌ڵک و پارێزه‌ر و سێبه‌ری خودا، ده‌بینن و هه‌موو مفتخۆری و ده‌وڵه‌مه‌ندی و دزییه‌کی ده‌سه‌ڵاتدارانیشیان، پێ ڕه‌وایه‌ و وه‌ک خواپێدان و به‌ش، بۆیان حیساب ده‌که‌ن.                                                                                                                    
2-2-2008                                                                                                                   ئاماده‌کردنی: ستیڤان شه‌مزینی بۆ گۆڤاری"نێوه‌ند".

Thursday, January 17, 2008

ته‌ندروستی سروشتی، ڕێبازێک بۆ ژیان و گۆڕینی جیهان

ته‌ندروستی سروشتی، ڕێبازێک بۆ ژیان و گۆڕینی جیهان

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

دوای ئه‌وه‌ی، که‌ به‌ ته‌له‌فۆن پێکهاتین له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چاومان به‌ یه‌کدی بکه‌وێت، چێشته‌نگاوێکی پاییزه‌ ڕۆژێکی مانگی سێپته‌مبه‌ری 2007، خۆره‌تاوێکی خۆش و ئاسمانیش سایه‌قه‌ی ساماڵ بوو، دوای گۆڕینی  شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی ژێرزه‌وی، بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی سه‌ر زه‌وی و بۆ ئۆتۆبووسێک، پاش سه‌عات و نێوێک ڕێگه‌، له‌ شوێنی وه‌ستانی ئۆتۆبووسه‌که و کاتی دیاریکراودا‌، ڕاوه‌ستابوو و چاوه‌ڕێم بوو. له‌گه‌ڵ کاک(عوسمان فه‌ره‌ج)دا، له‌وێ یه‌کدیمان گرته‌وه‌ و به‌ پیاسه‌ و پاش چه‌ند خولکه‌یه‌ک گه‌یشتینه‌ کێڵگه‌که‌ی، که‌ ده‌که‌وێته‌ گه‌ڕه‌کێکی ڕۆژاوای شاری (له‌نده‌ن). کێڵگه‌که‌ی به‌شێکه له‌ زه‌وییه‌کی به‌رین، که ته‌رخانکراوه‌ و تایبه‌ته‌ بۆ چاندن و ڕوواندن و کشتوکاڵ. زه‌وییه‌که،‌ کۆمه‌ڵه‌ کێڵگه‌یه‌ک ‌‌له‌خۆ ده‌گرێت و هه‌ر کێڵگه‌و خاوه‌نێکی هه‌یه‌. کاک عوسمان ماوه‌ی سێ چوار ساڵێکه‌ ئه‌م کێڵگه‌یه‌ی هه‌یه‌. ڕووبه‌ری کێڵگه‌که‌ی 250 میتری چوارگۆشه‌یه‌. کاک عوسمان و ئه‌وانی دیکه‌ی خاوه‌ن کێڵگه‌کان، کێڵگه‌کانیان له‌ کۆمیته‌یه‌ک، که‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و کێڵگه‌یانه‌ ده‌کات، به‌ کرێ ده‌گرن و ئه‌و کۆمیته‌یه‌یش کێڵگه‌کانی له‌ شاره‌وانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌رگرتووه‌. کۆمیته‌که‌، کێڵگه‌کان ده‌به‌خشێت به‌و که‌سانه‌ی، که‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین یا نزیکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن و ئاره‌زووی چاندن و کشتوکاڵیان هه‌یه‌، به‌رانبه‌ر به‌ کرێیه‌کی ساڵانه‌ی که‌م. کاک عوسمان ساڵ دوازده‌ مانگ له‌ کێڵگه‌که‌یدا کار ده‌کات، به‌ڵام پتر به‌هاران و هاوینان خه‌ریکی کارکردنه‌، که‌ ڕۆژانه‌ کاری تێدا ده‌کات. پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م  کێڵگه‌یه‌ به‌ کرێ بگرێت و کاری تێدا بکات، کاک عوسمان، چ شاره‌زاییه‌کی له‌ چاندن و ڕواندن و کشتوکاڵدا نه‌بووه‌ و ئێستا به‌ هۆی تێکه‌ڵاوی خه‌ڵک و پرسیار و خوێندنه‌وه‌وه‌‌ و له‌ پێش هه‌ر شتێکیشدا ئاره‌زوو و خواسته‌وه‌، شاره‌زاییه‌کی باشی په‌یدا کردووه‌ له‌و بواره‌دا.
کێڵگه‌که‌ی کاک عوسمان کۆمه‌ڵێک جۆری جیاوازی سه‌وزه‌ی تیدایه‌: ته‌ماته‌، ئاروو، بیبه‌ر، دوو جۆر توودڕک، کاهوو، به‌زالیا، که‌له‌رم، سپێناغ، فینێڵ، ئۆریگانۆ، گوڵه‌به‌ڕۆژه‌، بره‌سڵکۆڵ، کووله‌که. کێڵ، سێله‌ری و...چه‌ند جۆره‌ میوه‌یه‌کیشی وه‌ک ترێ، سێو، هه‌رمێ، هه‌نجیر و هه‌ڵووژه‌ی تێدایه‌. جۆره‌ گه‌ڵایه‌کیش ده‌چێنێت، که‌ کۆمفری(Comfrey) پێ ده‌گوترێ، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یینی لێ دروست بکات. پاشماوه‌ و وشکه‌وه‌بوو و توێکڵ و گژوگیا و چێوی نێو کێڵگه‌که‌ی، له‌ نێو دوو ده‌فری گه‌وره‌ی سه‌رداخراودا، که‌ پێیان ده‌ڵین (په‌ییندروستکه‌ر) داده‌نێ و هه‌موو تێکه‌ڵ ده‌بن و ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌یه‌ک‌ ده‌مێننه‌وه‌ و پاشان ته‌ڕی و تاریکی و کاریگه‌ری به‌کتیریا، له‌ شته‌کانی نێو ده‌فره‌که‌، ده‌بنه‌ هۆی په‌یدابوونی کرم و کرمه‌کانیش له‌و شتانه‌ی نێو ده‌فره‌که‌ ده‌خۆن و به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌وه‌ی ناو ده‌فره‌که‌ ڕه‌نگی ده‌گۆڕێت و نه‌رم ده‌بێت و ده‌پوتورکێت و ده‌بێته‌ په‌یین. ئه‌و په‌یینه‌ باشترین خۆراکێکه‌‌، که‌ بۆ کشتوکاڵ و چاندن گه‌لێک به‌که‌ڵکه‌. چونکه‌ چ مادده‌یه‌کی کیمیایی تێدا نییه‌ و ته‌نێ شتی سروشتی تێدایه‌.
کاک عوسمان بێجگه‌ له‌وه‌ی ساڵانێکه،‌ گۆشتی هیچ جۆره‌ ئاژه‌ڵیک ناخوات، به‌روبوومی ئاژه‌ڵیش ناخوات و ناخواته‌وه‌. گوشتی ئاژه‌ڵ، ماسی، مریشک و په‌له‌وه‌ر، په‌نیر، که‌ره‌، ماست، هێلکه‌ ناخوات و شیریش ناخواته‌وه‌. ئه‌وه‌ی به‌شێک بێت له‌ له‌شی ئاژه‌ڵ و هه‌ر گیانله‌به‌رێکی دیکه‌، یا دروستکراوی ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌ بێت ئیدی ئه‌گه‌ر گۆشت یا شیر یا ئه‌وه‌ی له‌ شیر دروستکرابێت یا هێلکه‌ بێت و ته‌نانه‌ت هه‌نگوێنیش ناخوات. ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ ناخۆن و ناخۆنه‌وه‌ دوو جۆرن. جۆرێکیان پییان ده‌گوترێ: ڕووه‌کی یا ڕووه‌کخۆر، که‌ ڕه‌نگه‌ ته‌نێ گۆشتی ئاژه‌ڵ نه‌خۆن، به‌ڵام به‌رووبوومی ئاژه‌ڵ ده‌‌خۆن. جاری وایش هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ ماسی یا مریشک بخۆن و ته‌نیا گوشتی ئاژه‌ڵ نه‌خۆن. یا ڕه‌نگبێ به‌شێک له‌ به‌روبوومی ئاژه‌ڵ نه‌خۆن، بۆ نموونه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ر هێلکه‌ نه‌خۆن یا هه‌ر ماست نه‌خۆن. جۆرێکی دیکه‌ی ڕووه‌کییان یا ڕووه‌کخۆران ئه‌وانه‌ن، که‌ نه‌ ئاژه‌ڵ و نه‌ هیچ جۆره‌ به‌روبوومێکی ئاژه‌ڵ ناخۆن و به‌روبوومی ئاژه‌ڵی تێکه‌ڵکراو به‌ خۆراکی دیکه‌یش ناخۆن. بۆ نموونه‌ شیرێنییه‌ک، چوکۆلێت یا نوقڵیک، که‌ شیری تێدا بێت نایخۆن. به‌سته‌نی و پیتزا و ماستاو و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ش ناخۆن و ناخۆنه‌وه‌. چونکه‌ شیر و په‌نیر و ماستیان تێکه‌ڵه‌.
کاک عوسمان، نه‌ک هه‌ر ئاژه‌ڵ و به‌روبوومی ئاژه‌ڵ ناخوات، به‌ڵکه‌ هیچ شتێکی کوڵاو و برژاو و سووره‌وه‌‌کراو  یا به‌ هه‌ر جۆرێک وه‌به‌ر ئاگر یا گه‌رمایی که‌وتوویش ناخوات. ته‌نێ خۆراکی کاڵ و خاو و نه‌کوڵاو ده‌خوات، واته‌: سه‌وزه‌ و میوه‌ و گوێز و باده‌م و پسته‌ و ئه‌وانه‌ ده‌خوات، به‌ڵام هه‌موو سه‌وزه‌یه‌کیش ناخوات، بۆ نموونه‌ ئه‌و سه‌وزانه‌ی، که‌ به‌ کاڵی تامێکی توون و تیژ و تاڵیان هه‌یه،‌ وه‌ک سڵق، که‌ره‌وزی پیر، ڕێواس، ته‌ڕه‌تووره‌، که‌وه‌ر، پیاز، سیر و توور و هه‌ندێکی دیکه‌ش ناخوات، هه‌روه‌ها میوه‌ی کاڵی نه‌گه‌ییو و زۆر گه‌ییویش ناخوات. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک خوێ و ڕۆن و شه‌کر، له‌ خۆراکدا به‌کار نابات. قاوه‌ و چا ناخواته‌وه‌. ته‌واوی ژه‌می خواردنه‌کانی، کاک عوسمان، که‌ سێ ژه‌من و هه‌موو ژه‌مه‌کانیشی له‌ کاتی خۆیدان و به‌ ڕێکوپێکی ده‌یانخوات، پێکهاتوون له‌ سه‌وزه‌ و میوه‌. هه‌موو جۆره‌ میوه‌یه‌ک، هه‌موو جۆره‌ سه‌وزه‌یه‌ک، ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ بازاڕدا هه‌بن و په‌یدا بن. ژه‌مه‌کانی، پیاز و سیر و توونی و تیژی تێدا نین.
کاک عوسمان نانیش، هیچ جۆره‌ نانێک ناخوات و خۆراکی ئاماده‌کراو و هی قوتوو و پێچراوه‌ و پاکه‌تکراو و ئه‌وه‌ی له‌ کارگه‌ به‌ مه‌کینه‌ چێده‌کرێت، ناخوات. هیچ جۆره‌ خواردنه‌وه‌یه‌ک نه‌ ئه‌لکوهوولیک و نه‌ نائه‌لکوهوولیک ناخواته‌وه‌. کۆکاکۆلا و شه‌ربه‌ت(ئه‌وانه‌ی پاکه‌ت و دروستکراون) ناخواته‌وه‌. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی وه‌ک (کاک عوسمان)ن به‌ خۆیان ده‌ڵێن: پێڕۆیانی"ته‌ندروستی سروشتی" یا"له‌شساغی سروشتی" یا "له‌شدروستی سروشتی".
بێجگه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و نه‌خواردن و نه‌خواردنه‌وه‌ی ئه‌و شتگه‌له‌، کاک عوسمان، نه‌ک هه‌ر ئاوی لووله‌ی نێو ماڵ ناخواته‌وه‌، به‌ڵکه‌ ئاوی شووشه‌ یا ئاوی کانزایش ناخواته‌وه‌، که‌ لێره‌ له‌ ئینگلستان، هه‌موو خه‌ڵک، به‌ هۆی پیسی ئاوی لووله‌ی نێو ماڵه‌وه‌، له‌و ئاوه‌ ده‌خۆنه‌وه. کاک عوسمان،‌ ئاوی خاوێنی پاڵێوراو ده‌خواته‌وه‌‌. ئه‌و ئاوه‌، به‌ ماشینێکی تایبه‌تی، که‌ پێی ده‌ڵێن ڕیڤێرس ئۆزمه‌وسیس (Reverse Osmosis)‌، له‌ زۆربه‌ی ئه‌و مادده‌گه‌له‌ی له‌ نێویدا تواونه‌وه‌، که‌ به‌ بڕوای کاک عوسمان، ده‌بنه‌ هۆی کۆمه‌ڵێک نه‌خۆشی، ده‌پاڵێورێ و پاک ده‌کرێته‌وه.
کاک عوسمان، له‌و بڕوایه‌دایه‌، پێڕۆکردنی ئه‌و شێوازه‌ خۆراکه‌ سروشتییه‌، مرۆڤایه‌تی ده‌گۆڕێت و خه‌ڵک له‌شساغتر ده‌بن و ته‌مه‌ندرێژتر ده‌بن و نه‌خۆشی نامێنێت و ژێنگه‌ی هه‌موو جیهانیش ده‌گۆڕێت.
نه‌خواردنی شتی کوڵاو و ته‌نێ کاڵخۆریی، بارێکی قورس و گران له‌سه‌رشانی مرۆڤایه‌تی لاده‌دات و ژیان سووک و ئاسان ده‌کات، به‌وه‌ی که‌ ئیدی چێشتلێنان نامێنێت و ئاگر و گاز و نه‌وت و چێشتلێنه‌ر نامێنن. کارگه‌ی دروستکردنی خۆراک و خواردنه‌وه‌ نامێنێت و مرۆڤ کاتی ئازادی پتر و درێژتر ده‌بێت و سه‌رمایه‌داریی جیهانیش، به‌وه‌ی هیچ جۆره‌ خۆراک و خواردنه‌وه‌یه‌کی چێکراو و ئاماده‌ نامێنێت، داده‌ته‌پێت.
کاک عوسمان فه‌ره‌ج، ساڵی 1944، له‌ شاری کفری، باشووری کوردستان له‌دایک بووه‌. ساڵی 1955، له‌ کفرییه‌وه‌ باریان کردووه‌ته‌وه‌ که‌رکووک. ساڵی 1958 خوێندنی سه‌ره‌تایی ‌ و 1960 ناوه‌ندی و 1964 ئاماده‌یی له‌ که‌رکووک ته‌واو کردووه. ساڵی 1968، به‌شی ئه‌له‌کتریکی له‌ کۆلیژی ئه‌ندازیاری زانستگه‌ی به‌غدا ته‌واو کردووه‌. له‌ نێوان ساڵانی 1969-2003 دا، له‌ بواری ته‌لیکۆمدا هه‌م له‌ کوردستان و عیراق و هه‌م له‌ ئینگلستان کاری کردووه‌. له‌ 1987ه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ئینگلستان و له‌ێ ده‌ژی. له‌ ساڵی 1987ه‌وه‌ وازی له‌ خواردنی گۆشت و هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵێک هێناوه‌ و پتر خۆراکی ئۆرگانێک (ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی سروشتی و بێ به‌کاربردنی کیمیایی وه‌به‌رهه‌م ده‌هێنرێن)ی خواردووه‌ و پتریش گیانله‌به‌ری ئاوی وه‌ک ماسی و جۆره‌کانی دیکه‌ی نێو ئاوی خواردووه‌. له‌ 1997ه‌وه‌ و پاش کۆمه‌ڵێک لیکۆڵینه‌وه‌ و تاقیکردنه‌وه‌، که‌وتووه‌ته‌‌ سه‌ر ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌ی، که‌ ئێستا پێڕۆی ده‌کات، که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ داڕێژه‌ری بیر و تیۆری ئه‌و ڕێگه‌ و ڕێبازه‌، دۆکتۆر شێڵتن(1895-1995). شێڵتن، بژیشک و زانایه‌کی ئه‌مه‌ریکایی بوو، بناخه‌ی ئه‌و ڕێباز‌ و شێوه‌ ژیانه‌ی داڕشت، که‌ پێی ده‌گوترێ ته‌ندروستی سروشتی(Natural Hygiene)، که‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌م ڕێبازه‌‌:"ته‌ندروستی به‌نده‌ به‌ کۆمه‌ڵێک پێویستییه‌وه‌، خۆراک یه‌کێکه‌ له‌وانه.‌ له‌شی مرۆڤ دروست نه‌کراوه‌ بۆ ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌ی، که‌ ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌ سه‌ری ده‌ڕۆن و پێڕۆی ده‌که‌ن. مرۆڤ وه‌ک چۆن ده‌یه‌وێت زاڵ بێت به‌ سه‌ر سروشتدا هه‌روایش ده‌بێت زاڵ بێت به‌ سه‌ر له‌شی خۆیدا، به‌ڵام نه‌ک ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بیخاته‌ خزمه‌ت کاره‌وه‌، به‌ڵکه‌ بۆ له‌شساغی و خۆشگوزه‌رانی خۆی".
خوێندنه‌وه‌ و پێڕۆکردنی ئه‌و ڕێبازه‌ (کاک عوسمان)ی هانداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ کۆرسێکێ درێژ له‌باره‌ی  خۆراکه‌وه‌،که‌ ساڵی 2003 ته‌واوی کردووه‌، له ئه‌نیستیتووتی ترانسفۆرمه‌یه‌شن (Transformation Institute) ی ئه‌مه‌ریکی بخوێنێت.
گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێبازه‌‌، ده‌کاته‌ بڕوابوون به‌ گۆڕان. به‌رایی هه‌موو گۆڕانه‌کانیش له‌ تاکه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات. مرۆڤ له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات و که‌ خۆی گۆڕی، تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گۆڕێن و کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گۆڕێت. به‌ گۆڕانی کۆمه‌ڵگه‌یش، ژیان و جیهان ده‌گۆڕێن و ژیانێکی ئاسووده‌تر و جیهانێکی ئارامتر و خۆشتر و ڕاسته‌قینه‌تر، دێته‌ گۆڕێ و مرۆڤ تێیدا ده‌حه‌سێته‌وه‌. ئه‌م ڕێبازه له‌ سه‌ر بناخه‌ی هیچ جۆره‌ فه‌لسه‌فه‌ و ئایدیۆلۆژیا و بڕوایه‌کی ئایینی یا سیاسی دا‌نه‌ڕێژراوه‌. ئه‌م ڕێبازه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، که‌ مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ و ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌ی، که‌ دروستی کردووه‌. له‌ ئه‌نجامی گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێبازه‌دا مرۆڤ، له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ سروشت و له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌وروبه‌ردا، ئیدی مرۆڤ، گیانله‌به‌ر و ئاژه‌ڵ بن یا ڕووه‌ک و دارو و دره‌خت و ژینگه‌، ده‌گاته‌ ئاساییش. به‌و جۆره‌ و له‌ ئه‌نجامدا زۆرینه‌ی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی، که‌ مرۆڤ بۆ کاڵا و خڕکردنه‌وه‌ی شت ‌ و دروستکردنی کاڵا و شتومه‌کی ناپێویست، دایمه‌زراندوون و دروستی کردوون، له‌نێو ده‌چن و له‌گه‌ڵ  زۆرینه‌ی ئه‌و پیساییه‌ی، که‌ دروستی کردوون، وه‌ک چۆن بارانێکی شه‌ست و ڕه‌هێڵه‌ زه‌وی خاوێن ده‌کاته‌وه‌، هه‌رئاوهایش، جیهان له‌ ته‌واوی ئه‌و شته‌ زیادانه‌ پاکژ ده‌بێته‌وه و ته‌واوی ئه‌وانه‌ له‌نێو ده‌چن‌.
‌‌ وه‌ک ڕێبازێکی ژیانیش، ڕێبازی له‌شساغی سروشتی، مزگێنی ڕزگارکردنی ژینگه‌ی ته‌واوی جیهان و دواڕۆژێکی به‌خته‌وه‌ریشی بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێیه‌.

17-1-2008

       

Monday, December 31, 2007

که‌رکووکتان به‌ سه‌وزی فرۆشت

که‌رکووکتان به‌ سه‌وزی فرۆشت

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


ئه‌مڕۆ 31-12-2007 ه‌ و دوا ڕۆژی وه‌جێهێنانی به‌ڵێنێکه،‌ ئێوه‌ی سه‌رانی کورد، چوار ساڵه‌ گه‌لی کوردستانی پێ فریوده‌ده‌ن و هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن.                                                                          
31-12 ته‌واو بوو و ئه‌وه‌ی ده‌تانگوت درۆ ده‌رچوو.                                                                     
‌ له‌ ڕووخانی ڕێژیمی (سه‌ددام حوسه‌ین)ه‌وه تا ئێستا، گاڵته‌ به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن و پێیان ڕاده‌بوێرن. وه‌ک که‌سێک منداڵێک ژیر ده‌کاته‌وه‌ و ده‌یخه‌ڵه‌تێنێ، ئێوه‌یش ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنی درۆ و بریقه‌دار، خه‌ڵکی کوردستانتان فریودا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند.                                            
 کۆتایی ساڵی 2007 تان کردبووه‌ دواکاتی ئه‌نجامدانی ده‌نگدان له‌ سه‌ر که‌رکووک، ساڵی 2007 وا ‌ گیانی به‌ خاک سپارد و کۆتاییهات. نه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی خاوه‌ن ئاوه‌ز و گه‌وره‌ساڵ، به‌ڵکه‌ که‌سێکی شێت و یه‌کێکی بێئاگا له‌ دنیا و منداڵێکی تازه‌ ده‌ست به‌ خوێندنگه‌کردوویش ده‌یتوانێ بزانێ، که‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا درۆیه‌که‌ و ته‌نیا هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکه‌ و هه‌رگیز ناکرێت. تا چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر  ئێوه‌ هه‌ر باسی ئه‌نجامدانی ئه‌و ده‌نگدانه‌تان ده‌کرد، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی "گورگانه‌شه‌وێ" بۆ زارۆکی نێو بێشکه‌ بکه‌ن. ئێوه‌ به‌و کاره‌تان ته‌نیا ئه‌و کڵاوه‌ی ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵکی کورد، گه‌وره‌ترتان ده‌کرده‌وه‌.                                                                                                                 
 ئێوه‌ ئه‌وده‌مه‌ی که‌رکووکتان قودساند، هه‌ر ئه‌وده‌مه‌ فرۆشتتان، چونکه‌ چاکتان ده‌زانی، که‌ قودس هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر فلستین. ئێوه‌یش "که‌رکووکی بووکی کوردایه‌تیتان، بۆچی گشت تاوانکارانی شه‌وتان کرده‌ ژووره‌که‌یه‌وه‌ و له‌ پشت ده‌رگاکانه‌وه‌ ڕاوه‌ستان و گوێتان هه‌ڵخستبوو بۆ قیژه‌ و هاواری کونکردنی په‌رده‌ی کچێنیی"[1]                                                                                             
ئێوه‌ له‌ کاتی ڕزگاربوونی که‌رکووکدا دیاری ده‌ستتان و چه‌پکه‌ گوڵی سه‌رکه‌وتنتان بۆ خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی که‌رکووک"سه‌نعان قه‌سساب"ی سیخوڕ و نه‌یاری که‌رکووک و هه‌موو کوردستان بوو.             
ئێوه‌ له‌بری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی که‌رکووک و ته‌واوی گه‌رمیان و حه‌مرین و مووسڵ و دیاله‌ و کووت و ته‌واوی باشووری کوردستان و چه‌سپاندنی سنوور و کارگێڕی و ئاماده‌کردنی خه‌ڵک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئه‌و ڕه‌وشه‌ نوێیه‌ و په‌خشکردنی هێزه‌کانتان له‌ ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، که‌وتنه‌ تاڵان و دزی و  چه‌پاو و ڕووتاندنه‌وه‌ی که‌رکووک و چۆڵکردنی کارگێڕی و ده‌سگاکانی له‌ هه‌موو که‌لوپه‌ل و ئامێر و که‌ره‌سته‌یه‌کی به‌که‌ڵک.                                                                                                                       
ئێوه‌ وه‌دووی فایه‌ل و کاغه‌ز و ڕاپۆرته‌کانی خۆتان، له‌ سیخوڕخانه‌کان و کارگێڕییه‌کانی ئاساییشی که‌رکووکدا، که‌ پێوه‌ندی زۆرێکتانی به‌و ده‌سگایانه‌وه‌ ده‌سه‌لماند، ده‌گه‌ڕان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێویان به‌رن و له‌ چاوی خه‌ڵک دووریان بخه‌نه‌وه‌.                                                                                       
ئێوه‌ خۆتان پشکی کوردتان له‌ کارگێڕی که‌رکووکدا، ڕێک وه‌ک پشکی تورکمان و عه‌ره‌ب و فه‌له‌، لێکرد و کوردتان کرده‌ که‌مینه‌.                                                                                                      
ئێوه‌ هه‌ر خۆتان له‌ کاتێکدا باسی وه‌ده‌رنانی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنتان ده‌کرد، عه‌ره‌بتان بۆ که‌رکووک، به‌ پسووله‌ی خۆتان ده‌هێنانه‌وه‌.                                                                                              
ئێوه‌ به‌وه‌ی باسی ده‌نگدان و ڕاپرسیتان بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی که‌رکووک هێنایه‌ گۆڕێ، گومانتان خسته سه‌ر کوردستانیه‌تیی که‌رکووک، ده‌نا که‌رکووک هه‌رگیز جێی گومان نه‌بووه‌ له‌وه‌ی، که‌ کوردستانه و که‌سیش ده‌نگدان و ڕاپرسی له‌ سه‌ر ماڵی خۆی ناکات، مه‌گه‌ر خودا لێی تێکدابێت و ئاوه‌زی له‌ده‌ستدابێت!                                                                                                                 
ئێوه‌ خۆتان عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ و داگیرکارتان له‌ خه‌ڵکی کوردستان، کرد به‌ عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و عه‌ره‌بی هاورده‌، ده‌نا هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌تیش خه‌ڵکی که‌رکووک چاک ده‌زانن، که‌ هه‌موو عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌نی که‌رکووک له‌ سێ چوار هه‌زارێک تێناپه‌ڕن و ته‌واوی ئه‌وانی دیکه‌یان، ناڕه‌سن و داگیرکار و هه‌نارده‌ن و هه‌موو یه‌کێکیان له‌  ئاساییش و سیخوڕ و به‌عسی و مرۆڤکوژ و داگیرکارێکی ئاره‌زوومه‌ند و خۆبه‌خش، که‌متر نه‌بووه‌ و که‌متری پێ نه‌سپێردراوه‌. ‌                                             
ئێوه‌ وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم و حوکوومه‌ت و کۆمار و په‌رله‌مان و زله‌به‌رپرسی کورد، ڕێگه‌ی به‌غداتان کردووه‌ته‌ که‌ره‌ڕێ، به‌ڵام ڕۆژێک له‌ ڕۆژان پێتان نه‌خستووه‌ته‌ نێو که‌رکووک، خورماتوو، کفری، خانه‌قین، قزڕه‌بات، شاره‌بان، مه‌نده‌لی، به‌دره‌، زرباتییه‌، مووسڵ، شه‌نگال و ته‌نانه‌ت مه‌خمووریش، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن، ئه‌وانه‌ کوردستانن.                                                                                  
ئێوه‌ وه‌ک کوردستانی و کورد نه‌چوونه‌ نێو که‌رکووکه‌وه‌، به‌ڵکه‌ وه‌ک حیزب چوونێ.                           
ئێوه‌ مێشکی زارۆک و ژنان و لاوانی که‌رکووکیتان له‌ نێوان قوتابخانه‌ و خوێندنگه و ژنان و ئافره‌تان و خوێندکار و قوتابییاندا، دابه‌ش کرد.                                                                                     
ئێوه‌ هه‌موو کوردانی که‌رکووکتان که‌سکاند و زه‌رداند و  ڕه‌نگتان کردن.                                         
ئێوه‌ پرد و شه‌قامتان، هه‌ر به‌رێکی ناوێکتان لێنا و هه‌ر به‌رێکی به‌ ڕه‌نگێک ڕه‌نگتان کرد.                  
 ئێوه‌ ناوی یه‌ک گه‌ڕه‌کتان له‌ ئه‌لبه‌عس(البعث) و ئه‌لعورووبه(العروبة)‌ و ئه‌لقادسییه‌(القادسیة) و ئه‌لواسیتی (الواسطي) و ده‌یان"ئه‌ل"ی دیکه‌ی عه‌ره‌باندنه‌وه‌ نه‌گۆڕی و هه‌ر گه‌لێک بوێرانه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانتانه‌وه‌ و فره ‌بێشه‌رمانه‌ و بێ ئه‌وه‌ی له‌ وشه‌ی به‌عس بسڵه‌مێنه‌وه‌، به‌ ده‌نگی بڵند له‌ حه‌فته‌یه‌کدا چه‌ندین جار ده‌یڵێنه‌وه‌ و گه‌لێک له‌ سه‌ر زاریشتان خۆشه‌.                                         
ئێوه‌ یه‌ک گوند، یه‌ک شارۆچکه‌ی جارانی سه‌ر به‌ که‌رکووکتان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ و نه‌خستووه‌ته‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک و بۆ خۆتان له‌تله‌تکردن و دابه‌شکردنی که‌رکووکتان پتر چه‌سپاند و کردتانه‌ ڕاستییه‌ک.                                                                                                               
ئێوه‌ خۆتان میتی تورکیا و کۆنه‌به‌عسی عیراق و سه‌دان جۆڕه‌ پیاوخراپ و دژه‌کوردتان هێنایه نێو‌ که‌رکووک و کردتاننه‌ خاوه‌نی که‌رکووک.                                                                               
ئێوه‌ بوون باسی برۆکسلاندنی که‌رکووکتان هێنایه‌ گۆڕێ، که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی کردنی که‌رکووکه‌ به‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌وه‌تی‌ بۆ ئامێزی کوردستان.                                                 
 ئێوه‌ هه‌موو وڵاته‌ عه‌ره‌به‌کانیشتان کرده‌ خاوه‌نی که‌رکووک.                                                      
ئێوه‌ بوون ده‌تانگوت که‌رکووک هێڵی سووره‌ و نابێ ببه‌زێنرێت، ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ به‌زێنرا! ئه‌وه‌تا کۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانیشتان هێنایه‌ نێوه‌وه، که‌ خواستی ‌ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌ب و تورک و هه‌موو ناکوردانی جیهانه،‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان کێشه‌ی هه‌موو دنیای بنبڕ کردبێ!                                                                                                      
ئێوه ‌بوون ده‌تانه‌ویست به‌ 'قانوون"، عه‌ره‌بی هاورده‌ی که‌رکووک، که‌ بۆ خۆیان به‌ بێ قانوون و به‌ گۆتره‌ نێردراونه‌ته‌ که‌رکووک، به‌ره‌ودواوه‌ بگێڕنه‌وه‌.                                                                          
ئێوه‌ دڵتان به‌ به‌ندی 58 ی ده‌ستوور خۆشبوو و که‌ کرا به‌ 140 پێتان وابوو سه‌رکه‌وتنتان وه‌ده‌ستهێناوه‌.                                                                                                             
ئێوه‌ کۆمیته‌ له‌ دوای کۆمیته‌ و لێژنه‌ له‌ دوای لێژنه‌تان دروست کرد، ته‌نیا بۆ چاوبه‌ستنی خه‌ڵکی کورد، ده‌نا کێ هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ لێژنه‌ و کۆمیته‌ و قانوون و 58 و 140 و ده‌یانی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وانه‌، ته‌نێ بۆ پاره‌خواردن و خۆله‌وه‌ڕاندن و دزی و فزی خۆتان سازتان کردووه‌ و هیچیان ده‌ردی که‌رکووک تیمار ناکه‌ن!                                                                                                                          
ئێوه‌ هه‌ر ڕۆژه‌و کۆمیته‌یه‌ک و هه‌ر ڕۆژه‌و لێژنه‌یه‌ک و هه‌ر ڕۆژه‌و ده‌سته‌یه‌کتان بۆ که‌رکووک و باسی که‌رکووک ساز ده‌کرد، ته‌نیا بۆ خۆڵ له‌چاوکردنی خه‌ڵکی کورد، ده‌نا کێ هه‌یه‌ نه‌زانێت، کۆمیته‌ و لێژنه‌ و ده‌سته‌، ده‌ردی که‌رکووک تیمار ناکات.                                                                                 
ئه‌گه‌ر عیراقییه‌کان و تورکیا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، نۆره‌یه‌کیان له‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ باوه‌شی کوردستاندا هه‌بێت،  ئێوه‌ سه‌دان نۆره‌تان هه‌بوو و هه‌یه‌ و ته‌واوی به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و کێشه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌دایه‌. ئێوه‌ن که‌رکووکتان فرۆشت و ئێوه‌ن که‌رکووکتان دۆڕاند.                                      
ئێوه‌ بۆ دواخستنی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140، پشت به‌ په‌رله‌مانێک ده‌به‌ستن، که‌ په‌رله‌مانی ئه‌شهه‌دوبیللا و به‌ گرێیملدادان و  په‌رله‌مانی‌ بێ ئۆپۆزیسیۆن و  په‌رله‌مانی دوو زلحیزبی دیکتاتۆر و سواری ملی خه‌ڵک بووه‌، که‌ ناوی په‌رله‌مانی مردووانیشی لێ زیاده‌ و په‌رله‌مانێکه‌ ئه‌سڵه‌ن نوێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستان نییه‌، ده‌بێ بڕیارێکی وه‌ها په‌رله‌مانێک چ ڕه‌وایه‌تی و شه‌رعییه‌تێکی هه‌بێت!            
ئه‌گه‌ر بڕیار به‌ ده‌ست خه‌ڵکی کوردستان و هه‌موو تاکێکی کورد بێت بۆ گێرانه‌وه‌ی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ داگیرکراوه‌کانی دیکه‌، ئه‌وا تاکه‌ یه‌ک که‌سیش ئاماده‌ی ده‌ستبه‌ردان له‌و مافه‌ نییه‌ و ئاماده‌ی خۆبه‌ختکردنیشه‌ له‌ پێناویدا،  ئێوه‌ چ وه‌ک حوکوومه‌ت چ وه‌ک په‌رله‌مان و چ وه‌ک ده‌سه‌ڵات، نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کوردستان ناکه‌ن و هیچ شه‌رعییه‌تێکتان نییه‌، کێ مافی فرۆشتنی که‌رکووکی  پێ داون!                                                                                                                           
ئێوه‌ ته‌نیان له‌و بریاره‌تاندا و هه‌رگیز خه‌ڵکی کورد، تاکه‌ یه‌ک کوردیشتان له‌گه‌ڵ نییه‌ و بڕیاره‌که‌شتان و ته‌واوی سازشکارییه‌کانیشتان له‌ سه‌ر که‌رکووک، دژ به‌ خواستی مرۆڤی کورده‌!                               ‌
 وه‌رزێر و جۆتیاری هه‌ژاری جارانی گه‌رمیان، هه‌موو کشتوکاڵ و ده‌غڵ و دانێکیان، له‌ سه‌ر باران بوو.  ئه‌گه‌ر وشکه‌ساڵ بووایه‌ و باران نه‌باریایه‌، ئه‌وا تووشی حه‌لوه‌لا ده‌بوون و قه‌رزوقۆڵه‌ی دنیایان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خۆیان و منداڵ و خێزانیان، به‌خێو بکه‌ن و بژێنن. خۆ  ئه‌گه‌ر بارانه‌ساڵیش بووایه‌ و په‌ڵه‌یه‌کی خاسی بدایه‌ و ساڵ هات بووایه‌، هه‌رچه‌نده‌ بڕێک دڵخۆش ده‌بوون و چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌مێکی بڕێک باش ده‌بوون و مه‌ترسیی برسییه‌تییان لێ ده‌ڕه‌وایه‌وه‌، لێ هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رده‌رهێنان و سه‌وزبوونی خه‌له‌دا و پێش ئه‌وه‌ی ببێت به‌ قه‌رسیل و بگاته‌ زرانی، بازرگانی چاوچنۆکی شار و  حاجیاغا قۆڵبڕه‌کانیان ده‌هێنایه‌ سه‌ری و پێیان ده‌فرۆشتن. حاجیاغای قوڕمساغ و ته‌ماحکار و بێویژدانیش، چه‌ندی پێی کرابا، نرخی ئه‌و خه‌له‌ی داده‌به‌زاند و داده‌شکاند. وه‌رزێری هه‌ژاریش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت قه‌رزه‌کانی پارساڵی حاجیاغا بداته‌وه‌ و هه‌ندێکی دیکه‌یش قه‌رزکات، خه‌له‌که‌ی‌ هه‌رزانفرۆش ده‌کرد. ئیدی ئه‌و خه‌له‌یه‌ ده‌بووه‌ هی حاجیاغا و کابرای وه‌رزێر ته‌نیا پاسه‌وانی پێ ده‌بڕا،  بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رخه‌ل و مێگه‌ل، بیپارێزێت و به‌وه‌ش ته‌نیا نۆره‌ی داهۆڵی ده‌بینی و هیچی تر. به‌و کرده‌ی خه‌له‌فرۆشتنه‌ی وه‌رزێره‌ ده‌گوترا "به‌ سه‌وزی فرۆشتن". وه‌رزێر و جۆتکاری هه‌ژاری گه‌رمیان، له‌ لاوازی و ده‌ستنه‌ڕۆیشتن و نه‌داری و هه‌ژاری و ناچاریدا وه‌ها کارێکیان ده‌کرد، خۆ ئه‌گه‌ر دارا بووایه‌ن، وه‌ک هه‌ندێ وه‌رزێری ده‌وڵه‌مه‌ند، ئه‌وا هه‌رگیز خۆیان نه‌ده‌خسته‌ به‌ر ڕه‌حمه‌تی بازرگان و حاجیاغای قرچۆکی شارنشین.                                                                                                            
ئێوه‌ی سه‌رانی باشووری کوردستان، که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستانتان، له‌ ئه‌وپه‌ڕی ده‌وڵه‌مه‌ندی و ده‌ستڕۆیشتن و دارایی و هێزتاندا و هه‌ر به‌ سه‌وزی فرۆشت و وایشی نیشان ده‌ده‌ن که‌ هه‌ر ده‌تانه‌وێت!                                                                                 

31-12-2007 ‌



[1] موزه‌ففه‌ر ئه‌ننه‌واب(مظفرالنواب) ده‌ڵێ:"القدس عروس عروبتکم فلماذا أدخلتم کل جناة اللیل إلی حجرتها ووقفتم تسترقون السمع وراء الأبواب لصرخات فض بکارتها".                                                                                     

Friday, December 7, 2007

جیهانگه‌ریی جه‌نگ

جیهانگه‌ریی جه‌نگ


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

گردبوونه‌وه‌ی (هاوپه‌یمانیی جه‌نگ ڕاگرن)، گردبوونه‌وه‌یه‌که‌ له‌ سه‌روبه‌ندی جه‌نگی دژ به‌ عیراق و هێرشکردنه‌ سه‌ر عیراق و داگیرکردنی عیراقدا هاته‌ ئاراوه، که‌ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی ئه‌نجامیان دا‌. مه‌به‌ست له‌م خڕبوونه‌وه‌یه‌ ڕاگرتنی جه‌نگ و کێشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی دیکه‌ بوو له‌ عیراق.                                                                                                                         
ئه‌مساڵ له ڕۆژی‌ شه‌ممه‌، 1-12-2007، له‌ ژێر دروشمی"جیهان دژ به‌ جه‌نگ/ 2007"، له‌ هۆڵی نێوه‌ندیی وێستمینیسته‌ر له‌ له‌نده‌ن ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ کۆنفرانسی دووه‌می خۆی به‌ست. ئه‌م کۆنفرانسه‌ درێژه‌پێدانی یه‌که‌م کۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌، که‌ بۆ ئاشتیی، له‌ مانگی دیسه‌مبه‌ری 2005دا گیراوه‌.      
کۆنفرانسی ئه‌مساڵ، له‌ سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانییه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد و تا سه‌عات 6 ی پاش نیوه‌ڕۆی خایاند.                                                                                                                         
کۆنفرانسه‌که‌ به‌ سه‌ر پێنج به‌ش و حه‌وت ته‌وه‌ردا دابه‌ش کرابوو.
به‌شی یه‌که‌م: به‌خێرهێنان و قسه‌ی گشتی، که‌ بۆ هه‌موو ئاماده‌بووانی کۆنفرانسه‌که‌ بوو.
به‌شی دووه‌م: دوو ته‌وه‌ری له‌ خۆ گرتبوو، که‌ هه‌ردوو ته‌وه‌ره‌که‌ له‌یه‌ککاتدا و له‌ دوو هۆڵی جیاواز به‌ڕێوه‌ ده‌چوون. ته‌وه‌ری یه‌که‌م: ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ته‌وه‌ری دووه‌میش: دژی داگیرکردنی 
عیراق.                                                                                                                    
به‌شی سێیه‌م: دوو ته‌وه‌ری له‌خۆ گرتبوو و هه‌ردوو ته‌وه‌ره‌که‌ له‌یه‌ککاتدا و له‌ دوو هۆڵی جیاواز به‌ڕێوه‌ ده‌چوون. ته‌وه‌ری یه‌که‌م: ئه‌وروپا، بزاڤه‌که‌. ته‌وه‌ری دووه‌م: ئه‌فغانستان/ پاکستان.                             
به‌شی چواره‌م: ڕاپۆرتی جیهانی.
به‌شی پێنجه‌م: دانیشتنی کۆتایی، که‌ بۆ هه‌موو به‌شداربووانی کۆنفراسه‌که‌ بوو.
پتر له‌ دووهه‌زار که‌سێک له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا به‌شدار بوون. خه‌ڵک و ڕێکخراو و بزاڤ و که‌سایه‌تیگه‌لێکی جیاواز، که‌ له‌ هه‌موو قوژبنێکی ئه‌م جیهانه‌وه‌ هاتبوون، تێیدا به‌شدار بوون.                                   
بێجگه‌ له‌ چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مانی بریتانی، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ گرۆی(Respect)، که‌ گرۆ و بزاڤێکن، خۆ به‌ جێگره‌وه‌ و یا له‌بری پارتیی کرێکارانی نوێ داده‌نێن و که‌سایه‌تی ئینگلستانیی دیکه‌، نوێنه‌ری کۆمه‌ڵێک ڕێکخراو و ده‌سته‌ی جۆراوجۆری:                                                                                       
 بریتانی(پارتیی کارگه‌رانی بریتانی، پارتیی کارگه‌رانی سۆشیالیست،  پارتیی سه‌وز، ده‌ستپێشخه‌ری موسوڵمانان، فیدراسیۆنی موسوڵمانانی بریتانی)، ئێرانی(حیزبی تووده‌، که‌مپه‌ینی ئێرانی، دایکانی ئێرانی دژه‌ جه‌نگ و..)، عیراقی(سه‌ندیکای کارگه‌رانی نه‌وتی عیراق، دیموکراته‌ عیراقیه‌کانی دژه‌ جه‌نگ، نووسه‌ران و ئه‌کادیمییانی عیراق، وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌)، چیکی(که‌مپه‌ینی بێسنوور، ڕێکخراوی پاراستنی شاره‌وانییه‌کان)، ئه‌ڵمانی(پارتیی چه‌پی ئه‌ڵمانی)، ئایرله‌ندی(بزاڤی دژه‌ جه‌نگی ئایرله‌ندی)، یۆنانی(هاوپه‌یمانیی جه‌نگ ڕاگرن/ یۆنان)، پاکستان(ئه‌نیستیتووتی بارهێنانی کارگه‌رانی پاکستانی)، که‌نه‌دا(هاوپه‌یمانیی ئاشتی که‌نه‌دایی)، لوبنان(پارتیی کۆمۆنیستی لوبنان، حیزبوڵڵای لوبنان)، کۆریا(کۆریاییانی دژی داگیرکردنی عیراق)، ئه‌مه‌ریکا(کارگه‌رانی ئه‌مه‌ریکایی دژه‌ جه‌نگ) و ئیتالی و ئه‌ندام په‌رله‌مانی مسری تێیدا به‌شدار بوون و هه‌موو گوتار و قسه‌ی خۆیان هه‌بوو.                                                                                                                    
زۆری قسه‌ و باسه‌کان دژی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ئینگلستان بوون له‌ عیراق و ئه‌فغانستان و دژی ئه‌گه‌ری لێدانی ئێران له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ و دژی سیاسه‌تی ئیسرائیل له‌ لوبنان و فلستین بوون. هه‌موو داوای هه‌رچی زووتر و ده‌سبه‌جێی کێشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئینگلستانیان ده‌کرد له‌ عیراق و ئه‌فغانستان. هه‌موو داوایان ده‌کرد، هێرش نه‌کرێته‌ سه‌ر ئێران و هه‌موو دژی جه‌نگ بوون له‌ هه‌موو جیهاندا، که‌ ئێستاکه‌ به‌ هۆی جیهانگه‌ری و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکاوه‌، جه‌نگیش به‌ ناوی به‌رگری و ڕێگه‌گرتن له‌ ته‌رۆریزم، بووه‌ته‌ به‌شێکی هه‌ره‌گرنگی جیهانگه‌ری، ئه‌و جیهانگه‌رییه‌ی په‌یامی پیرۆزی ئه‌مه‌ریکایه‌ بۆ هه‌موو جیهان. ئێستا، که‌ جیهانگه‌ری ئه‌مه‌ریکێنراوه‌، جه‌نگیش ئه‌مه‌ریکێنراوه‌.‌ جه‌نگی ئێستا سنوور ده‌به‌زێنێت و  سه‌ر به‌ هه‌موو قوژبنێکی جیهان و هه‌موو ئاواییه‌ک و هه‌موو ماڵێکدا ده‌کات. جه‌نگ جه‌نگی ئه‌مه‌ریکایه‌، دژی هه‌موو بێهێزێکی ئه‌م جیهانه‌.                                                    
کوردیش یه‌کێکه‌ له‌و بێهێزانه‌ی جیهان، که‌ ئه‌گه‌ر هێشتا داگیرکه‌رانی نه‌یانتواندبێته‌وه‌ ئه‌وا پرۆسه‌ی جیهانگه‌ری(ئه‌مریکاگه‌ری) وا به‌ره‌به‌ره‌ به‌ره‌و تواندنه‌وه‌ی ده‌بات!                                                 
ئه‌وه‌ی تاکه‌ یه‌ک نوێنه‌ر و یه‌ک که‌سی قسه‌که‌ری، له‌و خڕبوونه‌وه‌ و کۆنفرانسه‌دا نه‌بوو، کورد بوو. ئه‌وه‌ی که‌ ده‌نگی نه‌بوو، کورد بوو.  ئێمه‌ پێنج که‌سێک وه‌ک نه‌فه‌ر و گوێگر له‌وێ بووین، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نێ نوێنه‌ری خۆمان بووین و له‌ به‌رنامه‌ و لیستی نوێنه‌ر و قسه‌که‌راندا نه‌بووین.                           
له‌ سیاسه‌تدا گه‌لێک جاران، ئه‌وانه‌ی خۆ به‌ سیاسی ده‌زانن و ده‌م له‌ سیاسه‌ت ده‌ده‌ن، ده‌ربڕینی "هێلکه و سه‌به‌ته‌" به‌کار ده‌به‌ن. ده‌ڵێن"نابێ هه‌موو هێلکه‌کان بخه‌ینه‌ سه‌به‌ته‌ی فڵانه‌وه‌ یا هه‌موو هێلکه‌کانی خستووه‌ته‌ سه‌به‌ته‌ی فڵانه‌وه یا هه‌موو هێلکه‌کان مه‌خه‌ره‌ سه‌به‌ته‌ی فڵانه‌وه‌‌". مه‌به‌ست له‌و گوته‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئیدی "سه‌دله‌سه‌د خۆی گرێ داوه‌ به‌ فڵانه‌وه"‌ و "ته‌واوی کۆمه‌کی هه‌ر فڵانه"‌ و "تاکه‌ پشتیوانی فڵانه"‌ و "بڕوای ته‌نێ به‌ فڵانه" و "ته‌نیا چاوه‌ڕێی ده‌ستی فڵانه".                                     
 ساڵی 1974-1975، سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان، که‌ ئه‌وده‌می بارزانی(باوک) سه‌رۆکی بوو، هه‌موو هێلکه‌کانی خستبووه‌ سه‌به‌ته‌ی ئه‌مه‌ریکا و ئێرانه‌وه‌. تێکشکان و هه‌ره‌س و نسکۆی 1975ی به‌سه‌ردا هات. دوای ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی جه‌نگی چه‌کداری هه‌ر دوای چه‌ند مانگێک له‌و هه‌ره‌سه‌، جه‌نگگێڕانی نوێ، هۆی شکستی 1975یان به‌وه‌ لێکده‌دایه‌وه‌، که‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌یه‌تی کورد، خۆی گرێدابوو به‌ ئێران و ئه‌مه‌ریکاوه‌ و هه‌موو هێلکه‌کانی خستبووه‌ سه‌به‌ته‌ی ئه‌وانه‌وه‌، بۆیه‌ دۆڕا و شکستی خوارد. به‌ گوێره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌بوو ئه‌مانه‌ی نوێ(ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی شۆڕشی نوێ و شۆڕشی گوڵان)ه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ مه‌یدان، ئیدی هێلکه‌کانیان نه‌خه‌نه‌ یه‌ک سه‌به‌ته‌وه‌، به‌ڵکه‌ به‌سه‌ر چه‌ندین سه‌به‌ته‌ی جیاوازدا بیبه‌شنه‌وه‌. ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی نێوان 1975-1991، حیزبه‌کانی باشووری کوردستان، له‌ نێوان سووریا و ئێران و لیبیا و ئه‌وروپا و گه‌لێ وڵاتی دیکه‌دا ته‌راتێنیان ده‌کرد و هێلکه‌کانیان دابه‌شی نێو سه‌به‌ته‌کانی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌کرد. له‌ 1991یشه‌وه، که‌ به‌شێکی باشووری کوردستان که‌وته‌ بنده‌ستی ئه‌و حیزبانه‌وه‌، ‌ ئیدی ته‌نیا یه‌ک سه‌به‌ته‌یان هه‌ڵبژارد، بۆ ئه‌وه‌ی هێلکه‌کانی خۆیانی تێدا دانێن، ئه‌ویش سه‌به‌ته‌ی ئه‌مه‌ریکا بوو. که‌واته‌ سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی و سه‌رانی کورد، گه‌ڕانه‌وه بۆ سیاسه‌تێک، که‌ ده‌یان ساڵی به‌ سه‌ردا تێپه‌ڕ بووبوو و له‌ 1975دا پێڕۆ ده‌کرا و که‌ بۆ خۆیان هه‌موو به‌ هه‌ڵه‌یان ده‌زانی!                                                                
کورد له‌وێ ده‌مییه‌وه‌ تا ئێستاکه‌، ته‌نیا یه‌ک‌ سه‌به‌ته‌ ده‌بێنێت و هێلکه‌ ده‌کاته‌ یه‌ک سه‌به‌ته‌وه‌. کورد ته‌نیا ئه‌مه‌ریکا ده‌ناسێت و به‌س.  وا حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و ئه‌وانه‌یشی هاوکار و هاوپشکیانن، وایان بیرکرده‌وه‌ و وایان کرد، خۆ خه‌ڵکی دیکه‌ی کورد هه‌ن، ده‌م له‌ دژایه‌تی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا ده‌کوتن و خۆ به‌ دژه‌ جه‌نگ ده‌زانن! دژه‌جه‌نگبوون، ته‌نیا دژایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و داگیرکردنی عیراق ناگرێته‌وه‌، به‌ڵکه‌ دژی جه‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ ئه‌فغانستان و دژی جه‌نگی ئیسرائیل له‌ فلستین و لوبنان و دژی ڕێگه‌خۆشکردن بۆ جه‌نگ و لێدانی ئێران و  دژی جه‌نگ له‌ سۆمال و دژی جه‌نگ له‌ هه‌موو شوێنێکی جیهان ده‌گرێته‌وه‌. کوردیش وه‌ک خه‌ڵکێکی جه‌نگدیده‌ و جه‌نگگه‌سته‌، که‌ هه‌مووده‌مێک مه‌ترسی جه‌نگی له ‌سه‌ر بووه‌‌ و له‌ سه‌ره‌، جه‌نگی تورکیا، جه‌نگی ئێران، جه‌نگی سووریا و جه‌نگی ده‌یان گرووپی جۆراوجۆر له‌ عیراقی ئێستا، بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ هه‌میشه‌ تووشی کوشتن و له‌نێوبردن و هه‌ڵواسین و ڕاگواستن و سه‌د به‌زمی دیکه‌ بووه‌ و ده‌بێ و نوێترینیشیان ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لاماره‌ی تورکیایه بۆ سه‌ر باشووری کوردستان‌. خۆ ده‌بوو خه‌ڵکانێکی کوردی داکۆکیکار له‌ ئازادی مرۆڤ و دژه‌جه‌نگ یا چه‌پێک، کۆمۆنیستێک، ئیسلامییه‌ک، په‌که‌که‌ییه‌کی کورد،  له‌م خڕبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بووایه‌ن، به‌ڵام نه‌ء یه‌ک تاکه‌ که‌سی لێ نه‌بوو و یه‌ک که‌سیش له‌و کۆنفرانسه‌دا گوێی له‌ ده‌نگی کورد نه‌بوو، له‌ کاتێکدا ئه‌گه‌ر به‌راوردی کورد(له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به‌ یه‌که‌وه‌) بکه‌یت له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتێک له‌ جیهاندا، ئه‌وا کورد له‌ هه‌موو خه‌ڵکێکی دیکه‌ زیاتر گرۆ و حیزب و ده‌سته‌ی چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆسیالیست و...ی هه‌یه‌.                                                                                                                           
 چه‌ند که‌سێک له‌و ئینگلیزانه‌ی به‌شدار بوون جاروبار له‌ قسه‌کانیاندا ناوی کوردیان ده‌هێنا و دژی له‌شکرکێشی تورکیا شتێکیان ده‌گوت، به‌ڵام ده‌بوو کورد بۆ خۆی ئه‌وه‌ی گوتبا و چاوه‌ڕێی ده‌می خه‌ڵکی نه‌کردبا.                                                                                                                        
کورد به‌وه‌ی، که‌ خۆی به‌ ئه‌مه‌ریکادا هه‌ڵواسیوه‌ و پێیوایه‌ ئه‌مه‌ریکا دۆستیه‌تی، ئیدی که‌سی دیکه‌ی بۆ خۆی نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستبه‌رداری  ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ به‌رینه‌ و ئه‌م خه‌ڵکه‌، خه‌ڵکی هه‌موو جیهان و به‌ تایبه‌تیش خه‌ڵکی ئه‌وروپا بووه‌ و ئه‌و هه‌موو ڕێکخراوه‌ مرۆڤدۆست و چه‌پ و دژه‌جیهانگه‌ری و دژه‌ئیمپریالیزمه‌ی وازلێهێناوه‌ و ته‌نێ ده‌زانێت یه‌ک ئاواز بخوێنێت و یه‌ک جۆر سه‌ما بکات، ئه‌ویش هه‌ڵدانیه‌تی به‌ سه‌ر و باڵاگه‌ردانیه‌تی‌  به‌ ده‌وری باڵای ئه‌مه‌ریکا و بووش و هاوبیرانیاندا.             
کورد(نه‌ک هه‌ر سه‌ران و ده‌سه‌ڵاته‌کی، به‌ڵکه‌ ته‌نانه‌ت خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌یشی، که‌مینه‌یه‌کی لێ ده‌رچێت) ئێستا له‌ خانه‌ی ئه‌مه‌ریکادایه‌ و ئه‌گه‌ر که‌سێکیش ناوی کوردی به‌ سه‌ر زاردا بێت و به‌زه‌ییه‌کی پێدا بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ دڵسۆزی و مرۆڤدۆستی و هه‌ست و پیاوه‌تی و گه‌وره‌یی خۆیه‌تی، ده‌نا به‌ڕاستی کورد هی ئه‌وه‌ نییه‌، خه‌ڵک به‌زه‌یی پێدا بێته‌وه‌.                                                            
گومان نێکه‌م فڵانی، ئه‌گه‌ر ئه‌و خڕبوونه‌وه‌ و کۆنفرانسه‌، چه‌قه‌نه‌ و سووڕدان[1] و زوڕناژه‌نی و گۆرانیی بێتام و گۆڵمه‌ز بووایه یا ته‌نیا بۆ کورد بووایه‌، نه‌ک دووهه‌زار، به‌ڵکه‌ پێنجهه‌زار کورد، ده‌هاتن و دوو سێ شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌کیان ساز ده‌کرد و چه‌ند که‌سێکیشان لێ خوێناوڵ و بریندار ده‌بوون و بڕێکیشیان چه‌ند شه‌وێک میوانی پۆلیس ده‌بوون و بێجگه‌ له‌وه‌ش ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستان وه‌ک کارێکی فره‌ گرنگ ڕاسته‌وخۆ ئه‌و چه‌قه‌نه‌ و گۆڵمه‌زه‌یان، بۆ خه‌ڵکی کوردستانیان ده‌گواسته‌وه!                                   

                       ‌7-12-2007



 سووڕدان، پتر سلێمانییان به‌کاری ده‌به‌ن، هه‌ولێرییان ده‌ڵێن: "قوونبادان" و خانه‌قینییانیش ده‌ڵێن:"قنگخڕدان".[1]

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...