Friday, March 23, 2007

مه‌یته‌رستان

مه‌یته‌رستان

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

وشه‌ی "سیاسه‌ت" و "سیاسی"ی له‌ زمانی کوردییدا، له‌ "سیاسة" و "سیاسي"ی زمانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ هاتووه‌. عه‌ره‌ب ئه‌و وشه‌یه‌ بێجگه‌ له‌و دوو شێوه‌ی پێشووه‌یدا، له‌ شێوه‌ی "سیس، یسیس، سیس، تسییس، مسیس، ساسة، أسس، یؤسس، أسس، تأسیس، مؤسس، مؤسس، مؤسسة"دا به‌کار ده‌بات، به‌ڵام کورد ته‌نیا "سیاسه‌ت" و "سیاسی" وه‌ک عه‌ره‌ب به‌کار ده‌بات و بۆ ئه‌و که‌سه‌یشی، که‌ کاری سیاسه‌ت ده‌کات، ئه‌گه‌ر به‌ جیددی باسی لێوه‌ بکات، وشه‌ی"سیاسه‌تکار" و "سیاسه‌تمه‌دار" و "سیاسه‌تزان" به‌کار ده‌بات و ئه‌گه‌ر بۆ شۆخیپیکردنیش بێت، نێوی "سیاسه‌تچی" لێده‌نێت، که‌ هه‌موویان کورداندنی وشه‌ی سیاسه‌ت"سیاسة"ه‌ عه‌ره‌بییه‌که‌ن، ته‌نێ به‌ پێوه‌نووساندنی پاشگری"کار، مه‌دار، چی". وشه‌ی"سیاسة"ی عه‌ره‌بی به‌ واتای‌"ڕامیاری"‌ کوردی دێت، که ده‌کاته‌‌ ڕامکردن و کایه‌ی ڕامکردن. له‌ ڕه‌گوڕیشه‌دا عه‌ره‌ب ئه‌و وشه‌یه‌ی‌ بۆ ڕامکردنی ئاژه‌ڵ، به‌ تایبه‌ت به‌رزه‌وڵاخی وه‌ک ئه‌سپ و هێستر به‌کار بردووه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌یشی کردووه‌ پێی گوتراوه‌"سایس". "سایس" ئه‌و که‌سه‌یه‌، که‌  ده‌سته‌مۆ و که‌وی و ڕامکردن و بارهێنانی ئه‌سپ و هێستر ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی و سه‌رپه‌رشتیی ئالیک و ئاودان و ته‌ویله‌ و پێویستییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ده‌کات. "سایس"، کورد پێی ده‌ڵێ"مه‌یته‌ر". شێخی مه‌زن، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، له‌ باسی هێسترێکیدا، که‌ یه‌کێک له‌ میرانی شه‌قڵاوه‌ بۆی ناردووه‌ ده‌ڵێ:                                                     
(سه‌ی فه‌تاحی) مه‌یته‌رم ڕۆژێ به‌ حیججه‌ت لێینه‌وی
کلکی ده‌رهێنا له‌بن ئه‌مجا به‌ ئاسته‌م گوێی بزووت
ڕامکردنی ئه‌سپ و هێستر، ده‌کاته‌ ده‌ستبه‌سه‌رداڕۆیشتن و ده‌سه‌ڵاتبوون و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی مه‌یته‌ر به‌ سه‌ریاندا. سیاسه‌تیش هه‌ر ئه‌و واتایه‌ ده‌دات، لێ بۆ مرۆڤ. سیاسه‌ت ده‌کاته ‌ده‌ستبه‌سه‌رداڕۆیشتن و ده‌سه‌ڵاتبوون و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی سیاسه‌تکار به‌ سه‌ر مرۆڤه‌ ئاساییه‌کاندا، واته‌: ڕامکردنی ئه‌و مرۆڤانه‌.‌                                                                                         
سیاسه‌ت له‌ زمانانی ئه‌وروپاییدا، ‌وشه‌گه‌لی پۆلیتیک(Politic) و پۆلیسی (Policy) بۆ به‌کار ده‌برێت‌. وشه‌ی پۆلیتیک، که‌ له‌ زمانی یۆنانییه‌وه‌ هاتووه‌، واتای: هونه‌ری ده‌وڵه‌تاندن، هونه‌ری پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ بوارێکی فه‌رمی و گشتییدا ده‌دات. وشه‌ی پۆلیس(Police) یش، که‌ له‌ زمانی یۆنانیدا به‌ واتای"شار" یا "ده‌وڵه‌تی شار" هاتووه‌ واتای کاروباری هاووڵاتان ده‌گه‌یه‌نێت، بنه‌مایه‌که‌ بۆ وشه‌ی پۆلیتیک و پۆلیسی. پۆلیتیک، چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و کارگێڕی و بڕیاردان و فه‌رمانڕه‌وایی و پیاده‌کردن و به‌جێهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌. هه‌رچی وشه‌ی پۆلیسی(Policy)یه‌‌، بنگه‌ و بناخه‌ و چه‌مک و کۆڵه‌که‌‌گه‌لێکه‌، که‌ پۆلیتیک(سیاسه‌ت)ی له‌ سه‌ر ڕاوه‌ستاوه و واتای نه‌خشه‌دانان و به‌رنامه‌ڕێژی بۆ پێڕۆی پۆلیتیک ده‌گه‌یه‌نێت. 
سیاسه‌ت، که‌ ده‌کاته‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی و فه‌رمانڕه‌وایی و بڕیاردان، وه‌ک چه‌مکێک له‌ هه‌موو جیهاندا تا ڕاده‌یه‌ک یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌ و یه‌ک واتای هه‌یه‌، به‌ڵام جیاوازیی له چۆنیه‌تیی پیاده‌کردن و پێڕۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی و فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌دایه‌.‌ ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتگه‌لێکدا، که‌ سیاسه‌تکارانی به‌ هه‌ڵبژاردن دێنه‌ سه‌ر کار و قانوونێک بۆ فه‌رمانڕه‌وایی هه‌یه‌ و خه‌ڵک هه‌ندێک ماف و هه‌ندێک ئازادی ڕاده‌ربڕین و گۆڕینی هه‌یه‌ و  سیاسه‌تکارانی وه‌به‌ر ئه‌و قانوونانه‌ ده‌که‌ون و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌کدا هێنده‌ جیاوازییان نییه‌ و سیاسه‌تکردن و ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست، کاره‌ وه‌ک هه‌موو کارێکی دیکه‌ و پیشه‌یه‌که‌ و هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته‌ و ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسوکه‌وت و سیاسه‌تکردنه‌ بووه‌ به‌ نه‌ریتێک و ئه‌و وڵاتانه‌ بوون به‌ خاوه‌ن فه‌رهه‌نگێکی سیاسی له‌ فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵات و کارگێڕی و ده‌وڵه‌تدا و سیاسه‌ت بڕێک له‌ مه‌یته‌ریه‌تی دوورکه‌وتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وا له‌ وڵاتگه‌لێکی وه‌ک ئه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین‌‌ به‌ عیراق و کوردستانیشه‌وه‌ ، سیاسه‌ت له‌کن سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵاتداران، هێشتا مه‌یته‌ریه‌تییه‌. سیاسه‌ت له‌و وڵاتانه‌    و هاوشێوه‌ی ئه‌و وڵاته‌نه‌ ، هونه‌ری فرتوفێڵ و پاشقوللێدان و فریودان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکه‌
                                              .سیاسه‌ت له‌و وڵاتانه‌‌، پێڕۆی "گێزه‌ر و تێڵا" و"گیسکه‌ی هه‌یاس"ه‌.
ته‌ماشاکردنی سیاسه‌ت، وه‌ک هونه‌ری فریودان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵک و ته‌ماشاکردنی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدار، وه‌ک که‌سێکی جیاواز له‌ خه‌ڵک و مه‌زنتر له‌ خه‌ڵک، له‌ ڕۆژهه‌لاتی ئیسلامیدا، که‌ کوردیش له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ به‌شێکه‌ لێی[1]، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می موعاویه‌ی کوڕی ئه‌بوو سوفیان(معاویة بن أبي سفیان)ه‌وه‌، هاته‌ گۆڕێ و بوو به‌ فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتێک. موعاویه‌، به‌وه‌ ناسرابوو، که‌ فره‌زان و فێڵباز و کڵاوچی و زمانلووس و درۆزن و دووڕوو و خاپێنه‌ره‌ و له‌ بنه‌وه‌ کاری خۆی ده‌کات و زمان و کرده‌وه‌ی له‌یه‌که‌وه‌ دوورن. له‌و ده‌مه‌وه‌ ئیدی  خه‌لیفه‌، سوڵتان، میر، شا، سه‌رۆک و ته‌واوی ئه‌و سیاسه‌تکارانه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست و ده‌نیشنه‌ سه‌ر ته‌خت و ده‌بنه‌ ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌موو نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها(خودا) و سێبه‌ری وی بوون له‌ سه‌ر زه‌وی و هه‌ر له‌وێ ڕا، ده‌سه‌ڵاتدار له‌ خه‌ڵک دوورکه‌وته‌وه‌ و بوو به‌ که‌سێکی تایبه‌ت و که‌وته‌ ژینگه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه‌ و کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی بۆ ساز کرا و ژیانێکی جیاوازی له‌ ژیانی خه‌ڵک بۆ ده‌سته‌به‌ر کرا. ئه‌و سیفه‌تانه‌ له‌و ده‌مییه‌وه‌، له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی، که‌ کوردیش به‌شێکیه‌تی،‌ بوون به‌ سیفه‌تی مرۆڤی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تکاری نێو ده‌سه‌ڵات. هه‌ر سیاسه‌تکارێکی ده‌سه‌ڵاتدار و گرێدراوی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی ئێمه‌ خاوه‌نی ئه‌و سیفه‌تانه‌ بێت، زۆرینه‌ی خه‌ڵک به‌ زیره‌ک و زانا و لێهاتووی ده‌زانن و ئه‌وه‌یشی، ئه‌گه‌ر تاکه‌تاکه‌یه‌ک هه‌بێت وا نه‌بێت و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ بێت، زۆرینه‌ی خه‌ڵک به‌ بووده‌ڵه‌ و سیاسه‌تنه‌زان و لاوازی ده‌زانن. کام‌ سیاسه‌تکار فرتوفێڵی زۆرتره‌ و زمانلووستره‌ و خێراتر و لێزانانه‌تر ده‌کارێت خه‌ڵک فریو بدات، زۆرینه‌ی خه‌ڵک ئه‌و که‌سه‌ به‌ سیاسی داده‌نێن. زۆرینه‌ی خه‌ڵک، که‌ باسی ئه‌و جۆره‌ سیاسییانه‌ ده‌که‌ن ده‌ڵێن:"به‌ڕاستی فڵانه‌که‌س سیاسییه‌" و به‌ کاره‌که‌یشی که‌ ده‌یکات ‌ ده‌ڵێن:"ئه‌وه‌یه‌ سیاسه‌ت". ئه‌و په‌سنانه‌ گه‌لێک جاران له‌کن خه‌ڵک ده‌بێسرێن و ده‌گوترێنه‌وه‌.                                                                                                  
یه‌کێک له‌و سیاسییه‌ یا سیاسه‌تکارانه‌ی وڵاتی ئێمه‌، که‌ به‌ڕاستی ئه‌و پێناسه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ کوردییه‌ی سیاسی و سیاسه‌تکاره‌ ده‌یگرێته‌وه‌ و پڕبه‌پێستیه‌تی، جه‌لال تاڵه‌بانییه‌.
‌
Kurdish leader Jalal Talabani, who has been elected as the president of Iraq. Photograph: Vahid Salemi/AP

 له‌ شێوه‌ی پرۆفایه‌لێکدا، واته‌ پێناسه‌کردن و خوێندنه‌وه‌ی که‌سێک، له گوتارێکیدا به‌ نێوی "به‌هره‌ی ده‌سه‌ڵات (A gift for power)،  له‌‌ باره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه‌، له‌ گاردیان(The Guardian)ی له‌نده‌نیدا، جۆن لی ئه‌نده‌رسن(Jon Lee Anderson)[2]، به‌ وشه‌ و ڕسته‌ وێنه‌یه‌کی تاڵه‌بانی ده‌کێشێت و پێناسه‌یه‌کی که‌سیه‌تی ئه‌و ده‌کات و کۆمه‌ڵێک ورده‌کاری له‌مه‌ڕ دیرۆکی ژیانی‌ پێشووی و ئێستای ئه‌وه‌وه‌ ده‌خاته‌ پێش چاوی خوێنه‌ر. ئه‌نده‌رسن له‌ پاریس و به‌غدا و تاران له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا بووه‌ و هاوڕێی گه‌شته‌کانی بووه‌. گه‌لێک ورده‌کاری له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌وه‌ باس ده‌کات. کورته‌یه‌ک له‌ سه‌ر ژیانی و چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی و گۆڕانگه‌لێک، که‌ له‌ ژیانیدا ڕوویانداوه‌ و شێوه‌ی ژیانی ئێستای وه‌ک سه‌رۆککۆماری عیراق و زۆری دیکه‌یش. ئه‌و وێنه‌یه‌ی تاڵه‌بانی، که‌ ئه‌نده‌رسن له‌و گوتاره‌یدا پێشانی ده‌دا و ئه‌و زانیارییانه‌ی ‌ئه‌و له‌ باره‌یانه‌وه‌ باس ده‌کات، ڕه‌نگه‌ بۆ تۆ و منی کورد شتێکی نوێ و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ نه‌بن، لێ بۆ که‌سێکی ئه‌وروپایی تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رنجڕاکێشن‌. ئه‌و بڕگانه‌ی، که‌ به‌ ڕای من، هی ئه‌وه‌ن مرۆڤ قسه‌یه‌کیان له‌ سه‌ر بکات و دیتنێکی له‌ باره‌یانه‌وه‌ هه‌بێت، من وه‌ک خۆیان، وه‌ک ئه‌وه‌ی نووسه‌ری گوتاره‌که‌ نووسیونی له‌ نێو دوو که‌وانه‌ی گچکه‌دا دایانده‌نێم و قسه‌ی که‌سانێکی دیکه‌ی بێجگه‌ له‌ نووسه‌ری گوتاره‌که‌، که‌ له‌ نێو گوتاره‌که‌دان، ئه‌وانیس هه‌ر وه‌ک قسه‌کانی ئه‌نده‌رسن له‌ نێو که‌وانه‌ گچکه‌کاندا داده‌نێم.
‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت: "5ی نۆڤه‌مبه‌ر، ئه‌و رۆژه‌ی که‌ بڕیاری هه‌ڵواسینی سه‌ددام حوسه‌ین درا، جه‌لال تاڵه‌بانی... به‌ سه‌ردانێکی فه‌رمی له‌ پاریس بوو و له‌ هوتێله‌که‌ی... له‌ سه‌ر کورسییه‌ فشوفۆڵ و تایبه‌تییه‌که‌ی دانیشتبوو و له‌ ته‌له‌ڤزیۆنێکی به‌رینه‌وه‌ ته‌ماشای که‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ی ده‌کرد، که‌ دادگاییه‌که‌ی پێشان ده‌دا و که‌ بڕیاری دادگا خوێنراوه‌، دوای چه‌ند وشه‌یه‌کی بچڕبچڕ، تاڵه‌بانی هه‌ڵسا و چووه‌ ژووری خه‌وتنه‌که‌ی و یه‌کێک له‌ یارمه‌تیده‌رانی وه‌دوویدا چوو و دوای که‌مێک یارمتیده‌ر هاته‌ ده‌رێ و گوتی:" تاڵه‌بانی له‌ سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتووه‌ و چووه‌ته‌‌ قووڵایی بیرکردنه‌وه‌وه‌".
تاڵه‌بانی، که‌ له‌ پاریس ده‌بێت، به‌‌‌ ژنه‌فتنی بڕیاری هه‌ڵواسینی سه‌ددام حوسه‌ین تووشی نائارامی و شڵه‌ژانێک ده‌بێت و تێکده‌چێت و خۆی ده‌خزێنێته‌ ژووری خه‌وتنه‌که‌یه‌وه‌ و سه‌عاتێک له‌ سه‌ر کورسییه‌ک داده‌نیشێت و بیر ده‌کاته‌وه، بیرێکی قووڵ. تاڵه‌بانی بیرێکی قووڵی له‌ ڕابوردوویه‌کی هاوبه‌ش و نان و نمه‌کێک کردوه‌ته‌وه‌، که‌ ڕۆژگاریک به‌ سه‌ددام حوسه‌ین و حیزبی به‌عسه‌وه‌ی گرێدابوون. له‌ هیچ که‌س شاراوه‌ نییه‌، که‌ تاڵه‌بانی‌ ساڵانێکی زۆری ژیانی هاوکار و دۆست و که‌سێکی نێزیکی‌ سه‌ددام حوسه‌ین و ڕێژیمی به‌عس بووه‌. دۆستایه‌تی تاڵه‌بانی و به‌عس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانی سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی عه‌بدولکه‌ریم قاسم. ئه‌وده‌می تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، دژ به‌ بزاڤی چه‌پ و سۆسیالیستی ئه‌و ده‌مه‌، هاوکار و هاوبیر و هاوخه‌م بوون له‌گه‌ڵ به‌عس و عه‌ره‌به‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا. تاڵه‌بانی چه‌ندین جار جه‌ختی له‌ سه‌ر کۆنه‌دۆستایه‌تی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی و سه‌ددام حوسه‌ین و بنه‌ماڵه‌که‌ی و باسی داڵده‌دانی ژن و منداڵی "سه‌ددام حوسه‌ین"ی، کردووه‌ته‌وه‌. نامه‌گؤڕینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ "بارزان تکریتی"دا و خڕکردنه‌وه‌ی چه‌ندین کۆنه‌به‌عسی له‌ ده‌وری خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و گرنگیدانی پێیان و بوونی چه‌ندین به‌عسی و گرێدراوی به‌عسیش له‌ نێو حیزبه‌که‌یدا، هه‌موو نیشانه‌ی نێزیکایه‌تی "تاڵه‌بانی'ن له‌ به‌عسه‌وه‌. هه‌ر له‌ دوای وه‌ده‌رکه‌وتنی تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌ی له‌ پارتیی دیموکراتی کوردستان و سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی و خۆگرێدانیان به‌ به‌غداوه‌، ئیدی به‌عس به‌ هه‌موو جۆرێک خزاوه‌ته‌ نێو ئه‌و ڕێکخستنه‌یانه‌وه‌، که‌ هه‌ر جاره‌ و  له‌ ژێر نێوێکدا خۆی داوه‌ته‌ ناساندن و له‌ نێو خه‌ڵکیشدا، چونکه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ و تا ئه‌مڕۆیش جه‌لال تاڵه‌بانی ڕێبه‌ری بووه‌، هه‌ر به‌ جه‌لالی نێوی ده‌رکردووه‌. تاڵه‌بانی هێنده‌ عاشقه‌ به‌عس بووه‌‌، ته‌نانه‌ت ئه‌م حیزبه‌ی ئێستایشی"یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان" له‌ پێته‌ختی دووه‌می به‌عس"دیمه‌شق" و به  دنه‌دان و کۆمه‌کی به‌عسی سووریا و"حافز ئه‌سه‌د‌"ی سه‌رۆککۆماری سووریا دامه‌زراند. مۆرنه‌کردنی بڕیاری هه‌ڵواسینی سه‌ددام حوسه‌ین و خۆخزاندنه‌ ژووری نووستنه‌وه‌، شۆڕبوونه‌وه‌ و داچۆڕانێکی تاڵه‌بانییه‌ به‌ نێو مێژوویه‌کی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ به‌عس و "سه‌ددام حوسه‌ین"دا.                                                                                                                  
‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت: "ناساندنی سه‌رۆکه‌ کورده‌که‌ی عیراق کارێکی نه‌کرده‌یه‌. ئه‌و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا ده‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئێرانیشدا. به‌ خۆی ده‌ڵێ ماویست وخاوه‌نی سامانێکی زۆریشه...مردنی سه‌ددام،  تاڵه‌بانی خسته‌ بارێکی نائارامه‌وه‌...به‌ درێژایی ساڵان له‌گه‌ل هه‌موو که‌سێکدا پێکهاتووه‌ له‌ سه‌ددام حوسه‌ینه‌وه‌ تا ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی و هه‌ردوو سه‌رۆک بووشه‌کان... له‌وانه‌یه‌ ئه‌و یه‌کێک بێت له‌و خه‌ڵکه‌ که‌مانه‌ی جیهان، به‌ ڕاشکاوی ده‌توانێت بڵێت، که‌ گۆنای کۆندۆلیزا ڕایز و مه‌حموود ئه‌حمه‌دینه‌ژادی ماج کردووه".                                                        
پێناسه‌کردنی نه‌ک هه‌ر سه‌رۆکه‌ کورده‌که‌ی عیراق، به‌ڵکه‌ هه‌موو مرۆڤێکی ئه‌م جیهانه‌، ئه‌وه‌ی که‌"له‌ سه‌ر دوو زین داده‌نیشێت" و هه‌موو مرۆڤێکی دووڕوو و زمانلووس و خاوه‌نی قسه‌ی خۆنه‌بوو، کارێکی  گه‌لێک دژواره‌ و تا ڕاده‌یه‌ک نه‌کرده‌یه‌. تۆ که‌ نه‌زانیت ئه‌و که‌سه‌ی باسی ده‌که‌یت له‌ چ خانه‌یه‌کدایه‌ و چۆن بیر ده‌کاته‌وه‌، ناتوانێت هه‌رگیز پێناسه‌ی بکه‌یت. تاڵه‌بانی له‌یه‌ککاتدا، بتوانێت دۆستایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ئێرانیش بکات و له‌یه‌ککاتدا بتوانێت ماویست و خاوه‌نی سامانێکی زۆریش بێت و له‌یه‌ککاتدا بتوانێت "ئه‌حمه‌دینه‌ژاد"ی ئێران و "کۆندۆلیزا ڕایز"یش ڕابموسێت و بتوانێت دۆستایه‌تی "سه‌ددام حوسه‌ین" و "ئیمام خومه‌ینی" و هه‌ردوو سه‌رۆک "بووش"انی ئه‌مه‌ریکا بکات و له‌نێوان سه‌رانی تورکیا و "عه‌بدوڵڵا ئوێجالان" و له‌ نێوان حوکوومه‌تی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و له‌ نێوان "حافز ئه‌سه‌د"ی سووریا و حیزبه‌ کوردییه‌کانی سووریادا و له‌ نێوان  دوو کۆمه‌ڵه‌ی کوردستانی ئێران و دوو دیموکراتی کوردستانی ئێراندا و له‌ نێوان به‌غدا و تاران و ئه‌نکه‌ره‌ و دیمه‌شقدا ته‌راتێن بکات و دڵی هه‌ر هه‌موویان ڕاگرێت و  ساڵانێک له‌ سه‌ر خوانی "موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی" لیبیا میوان و بووبێت و دواییش قسه‌ی پی بڵێت، لای خه‌ڵکانێک که‌ سیاسه‌ت له‌ چاوی مه‌یته‌رێکه‌وه‌ ده‌بێنن و پێیانوایه‌ سیاسه‌ت ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رکردنه‌ و پێکه‌نینه‌ بۆ هه‌مووان، ڕه‌نگه‌ کارێکی ڕاست و دروست بێت، به‌ڵام ئایا وه‌ها هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێک و گۆڕانێک له‌ کورتترین ماوه‌دا، له‌ دووڕوویی و ناسه‌قامگیریی بیروبڕوا و گاڵته‌کردن به‌ خه‌ڵک و به‌ ڕدێنی خه‌ڵک پێکه‌نین زیاتر، شتێکی دیکه‌ ده‌گه‌یه‌نێت! که‌سێک له‌یه‌ککاتدادۆستی ئێران و ئه‌مه‌ریکا بێت و له‌یه‌ککاتدا ماچی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد و ڕایز بکات، که‌سێکه‌ ده‌توانێت له‌یه‌ککاتدا له‌گه‌ڵ خوا و شه‌یتاندا و ئیمام حوسه‌ین و یه‌زیددادۆستایه‌تی بکات!                                                                                 
 یه‌کێک له‌وانه‌ی پێناسه‌یه‌کی زۆر رێکوپێکی جه‌لال تاڵه‌بانی کردووه‌، ته‌لال سه‌لمان(طلال سلمان)ی سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئه‌سسه‌فیر(السفیر)ی لوبنانییه‌، که‌ به‌(الکردي التائه‌) واته‌:"کوردی وێڵ" یا"وێڵه‌کورد" نێوی ده‌بات[3] و پێناسه‌یه‌کی هێنده‌ ڕێکوپیکی کردووه‌، که‌ دروست له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تی بزۆز و به‌رگۆڕی "تاڵه‌بانی"دا دێته‌وه‌. له‌ ژێر سه‌ردێڕی (ماموستا)یشدا، عه‌بد عه‌لی ئه‌لکه‌تبی(عبد علي الکتبي)، له‌ گوتارێکیدا له‌ بڵاوکراوه‌ی ئه‌لمه‌جره‌شه‌(المجرشة‌)دا، باس له‌ هه‌لپه‌رستی و ناڕاستی و زووگۆڕانی گوتار و کرده‌وه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌کات و  له‌ که‌سێتی ئه‌و ده‌کۆڵێته‌وه[4]‌. ‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"تاڵه‌بانی، که‌ باسی جۆرج بووش ده‌کات وه‌ک هاوڕییه‌کی خۆی نێوی ده‌بات".         
تاڵه‌بانی، له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌سێکدا نانێکی خواردبێت، یا چاییه‌کی خواردبێته‌وه‌،  یا شتێک جووبێته‌ به‌ینیانه‌وه‌، ئیدی ئه‌م له‌ لایه‌نی خۆیه‌وه‌ به‌ هاوڕێی ده‌ژمێرێت، ئه‌گه‌ر وا نییه‌، ئایا هیچ که‌سێک له‌م جیهانه‌دا هه‌یه‌‌"جۆرج بووش"ی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا به هاوڕێی خۆی بزانێت! نه‌ک هه‌ر جۆرج بووش، به‌ڵکه‌ ته‌واوی سه‌رۆک و سیاسه‌تکارانی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان، بێجگه‌ له‌ وڵاتانی دیکتاتۆری و که‌سپه‌رست و گه‌نده‌ڵی ئه‌م جیهانه‌ و له‌ پێش هه‌موویشیانه‌وه‌ کوردستان و عیراق، له‌ که‌سانێکی کارمه‌ند و به‌رپرسیار زیاتر هیچی دیکه‌ نین. ئه‌وان نوێنه‌ری  سیاسه‌تی ‌باڵاو و  به‌رژه‌وه‌ند و ئاساییشی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌کانی خۆیانن و هه‌رگیز له‌ جوغزی هێڵه‌ گشتییه ستراتیژییه‌کانی سیاسه‌تی وڵاته‌کانیان نه‌ده‌توانن ده‌رچنه‌ ده‌رێ و نه‌ بۆ خۆیشیان ده‌یانه‌وێت بیبه‌زێنن.‌‌ وه‌ها که‌سانێک له‌ کونی ده‌رگای وڵاته‌کانی خۆیانه‌وه‌ و له‌ کونی ده‌رگای سیاسه‌ته‌باڵا و به‌رژه‌وه‌نده‌باڵاکانی خۆیانه‌وه‌ ده‌نۆڕنه‌ ته‌واوی جیهان. وه‌ها که‌سانێک هاوڕێیه‌تیی نازانن و ئه‌گه‌ر هه‌ر بیشیزانن له‌گه‌ڵ هاوتا و هاوشانی خۆیاندا هاوڕێیه‌تی ده‌که‌ن.                                                    
‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"موه‌ففه‌ق ئه‌ڕڕوبه‌یعی گوتی: "تاڵه‌بانی که‌سێکه‌ پێناسه‌کردنی گه‌لێک سه‌خته‌. ئه‌گه‌ر تۆ ئیسلامی بیت ئه‌و ئایه‌تی قورئانت بۆ ده‌هێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر تۆ مارکسیست بیت ئه‌و باسی تیۆری دیالیکتیکی مارکسی- لێنینی و دیکارتت بۆ ده‌هێنێته‌وه"... ڕوبه‌یعی به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێ: "ئه‌و توانستیکی سه‌یری هه‌یه‌ له‌وه‌ی،‌‌ به‌ چه‌ند وشه‌یه‌کی که‌م به‌ چه‌ند زمانێکی جیاواز قسان بکات. ئه‌و زۆری چیرۆک ‌ و نوکته‌ لایه‌ بۆ گێڕانه‌وه. تا بڵێی سه‌خییه  و وا ده‌ڕه‌وتارێت وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵیی سبه‌ینێ نییه"..‌. ڕوبه‌یعی باسی ساڵانی 1960ه‌کانی هینایه‌ گۆڕێ، ئه‌و کاته‌ی تاڵه‌بانی هاوپه‌یمان بوو له‌گه‌ڵ سه‌ددامدا: "ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ئه‌و دۆستێکی زۆر باشی سه‌ددام بوو و دواییش بوو به‌ دوژمنی. تاڵه‌بانی زیاتر له‌ دووجاران نێوانی له‌گه‌ڵ سه‌ددامدا خۆش بووه"‌... ئه‌ڕڕوبه‌یعی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تاڵه‌بانی به‌ کرده‌یی (پراگماتیک) داده‌نا".                                                                                   
موه‌ففه‌ق ئه‌ڕڕوبه‌یعی، هه‌رچه‌نده‌ بیروڕای خۆی له‌ باره‌ی تاڵه‌بانییه‌وه‌ ده‌خاته‌ چوارچێوه‌ی په‌سندان و وه‌ک زیره‌ک باسی ده‌کات، به‌ڵام له‌ نێوان دێڕه‌کانیدا قسه‌کانی یه‌ک مه‌به‌ست ده‌ئه‌نگاوێت ئه‌ویش چه‌ندڕوویی و بێباریی و زووگۆڕانی تاڵه‌بانییه‌. تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ سوننه‌دا خاوه‌نی ته‌کیه‌یه‌‌ و سه‌ر به‌ ڕێبازی قادرییه‌ و له‌گه‌ڵ شیعه‌یشدا هه‌میشه‌ نێوی عه‌لی"ئیمام عه‌لی"[5] له‌ سه‌ر زاره‌ و  له‌گه‌ڵ موسوڵماندا موسوڵمانه‌ و به‌ ئایه‌تی قورئان وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌. له‌گه‌ڵ مارکسیستانیشدا به‌ ماتریالیزمی دیالێکتیکی  و دیکارت، به‌ڵگه‌ بۆ قسه‌ و بیروڕای خۆی ده‌هێنێته‌وه‌. ئه‌ڕڕوبه‌یعی به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ تاڵه‌بانی به‌ وشه‌گه‌لێکی که‌می چه‌ند زمانێکی جیاوازه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ ده‌مه‌ته‌قه‌ و گوتوبێژ و پێیوایه‌  تاڵه‌بانی پیاوێکی زۆر ده‌ستبڵاو و سه‌خییه‌ و ته‌نێ بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ تێیدایه‌ ده‌ژی. که‌سێک که‌ ئێستا قسه‌یه‌ک بکات و دوای که‌مێک لێی په‌شیمان ببێته‌وه‌ یا به‌شێکی زۆری ئه‌و زمانانه‌ی ده‌یزانێت و ئه‌و گه‌نجینه‌ وشه‌یه‌ی به‌ زمانێک هه‌یه‌تی ته‌نیا بۆ په‌سندان و نه‌ڕه‌نجاندنی دڵی ئه‌م و ئه‌و به‌کار ببات، پێویستی به‌ زمانی به‌هێز و وشه‌ی زۆر نییه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت و ده‌یڵێت به‌ وشه‌گه‌لێکی که‌م ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌و جۆره‌ گوتانه‌یش له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا و بۆ هه‌موو بۆنه‌یه‌ک و له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌سێکدا ده‌شێ به‌کار ببرێت. هه‌رچی ده‌ستبڵاوی و سه‌خییه‌تی تاڵه‌بانییه‌، ڕه‌نگه‌ شتێکی سه‌یر نه‌بێت، چونکه‌ ئه‌و به‌ پاره‌وپووڵی خۆی وه‌ها سه‌خییه‌تییه‌ک نانوێنیت، به‌ڵکه‌ کورد گوته‌نی"پیاوه‌تی به‌ ئاوی حه‌مامه‌وه‌ ده‌کات". ئه‌و به‌ پاره‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ سه‌خییه‌. تاڵه‌بانی ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی تێیدا ده‌ژی ژیابا، هه‌رگیز نه‌ده‌بووه‌ خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو سامانه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ بۆ خۆیشی ژماره‌ی نه‌زانیت. مرۆڤێک ته‌نیا بۆ ڕۆژیک بژی، نابێته‌ خاوه‌نی چه‌ندین کۆشک و ته‌لار و به‌ته‌مای دروستنی هی دیکه‌یش نابێت. تاڵه‌بانی بێچگه‌ له کۆشکه‌کانی قه‌ڵاجوالان و دووکان و ده‌باشان، باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ له‌ ئه‌نکه‌ره‌ و شام و له‌نده‌ن و جێی دیکه‌یش خانووی هه‌بێت و به‌ته‌مایشه‌ له‌ ئیسته‌نبوولیش هه‌یبێت. که‌سێکی ئه‌وتۆیی که‌سێک نییه‌، که‌ بۆ یه‌ک ڕۆژ بژی و بیر له‌ سبه‌ینێ نه‌کاته‌وه‌، به‌ڵکه‌ که‌سێکه‌ هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی مردن ناکات و خۆی بۆ هه‌زاران سبه‌ینێ و چه‌ندین ساڵی دیکه‌یش هه‌ڵگرتووه‌.  ئه‌ڕڕوبه‌یعی هه‌ڵویستی تاڵه‌بانی له‌ پێوه‌ندی چه‌ندجاره‌ی و قرتاندنی له‌گه‌ڵ سه‌ددام حوسه‌یندا به‌ کرده (پرگماتیک) ‌یی ئه‌و داده‌نێت. ڕه‌نگه‌ تاڵه‌بانی پیاوێکی کرده‌ و پراگماتیک بێت، به‌ڵام پێوه‌ندی ئه‌و و سه‌ددام حوسه‌ین، پێوه‌ندی دوو که‌سی هاوتا و چوونیه‌ک نه‌بووه‌، به‌ڵکه‌ پێوه‌ندی که‌سێکی پاشکۆ و چاوڕوانی ده‌ستی خه‌ڵک و هه‌ڵواسراو و پاشکۆی ده‌سه‌ڵات و که‌سێکی دیکه‌ی زلهێز و ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌ها بووه‌. تاڵه‌بانییه‌ک، که‌ مووچه‌ی له‌ سه‌ددام حوسه‌ین وه‌رگرتبێت و پاشان له‌گه‌ڵیدا قرتاندبێتی و مووچه‌به‌خشێکی دیکه‌ی دۆزیبیته‌وه‌ و ته‌نیا خوان و خانه‌خوێیه‌کانی گۆڕیبێت، ئه‌وه‌ ته‌نێ ئاغاگۆڕینه‌ و هیچی دی، کوا به‌وه‌ ده‌گوترێ کرده‌یی. وه‌ها کرده‌ییه‌ک زۆرێک له‌ خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستان و عیراق، ده‌یزانن و تێیدا گه‌لێک کاران!!!                                                                  
‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت: "تاڵه‌بانی و خه‌لیلزادی سه‌فیری ئه‌مه‌ریکا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌بۆدانراو له‌ سه‌ر خوانی  سه‌روپێخواردن مانگی دووجاران کۆده‌بنه‌وه‌...تاڵه‌بانی باره‌ ماستی کوردی، په‌نیر، هه‌نگوین و شیرینی ده‌ستکرد، بۆ باڵیۆزه‌ ده‌ره‌کییه‌کان وڕێبه‌ره‌ سیاسییه‌کان ده‌نێرێت".                                                                                 
 تاڵه‌بانی زۆر له‌مێژه‌ به‌وه‌ی، که‌ هه‌میشه‌ حه‌زی له‌ خواردن و خوانی تژی و چه‌ور ڕازاوه‌یه‌، نیوبانگی ده‌رکردووه‌. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌لیلزادی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکای زلهێزترینی جیهاندا سه‌روپێ و گیپه‌ نه‌خوات ده‌بێ له‌گه‌ڵ کێدا بیخوات! تاڵه‌بانی به‌ هاوسه‌روپێیه‌تی خه‌لیلزاد و به‌ هه‌ناردنی باره‌ماست و په‌نیر و  شیرینی و هه‌نگوینی کوردستان بۆ دۆسته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی و بۆ ڕێبه‌ره‌ سیاسییه‌کان و باڵیۆزانی وڵاته‌ ده‌ره‌کییه‌کان، رێک وه‌ک به‌ڵێنده‌ره‌کان ده‌کات، که‌ چۆن به‌ دیاری و به‌ خوانی پڕ، دڵی ئه‌ندازیار و به‌رپرسانی کارگێڕییه‌کانی، که‌ کاره‌کانیانی له‌کنه‌ نه‌رم ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ی تاڵه‌بانیش ده‌مچه‌ورکردنی ئه‌و خه‌ڵکانه‌یه‌.                                                                                                                   
‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"...مه‌حموود عوسمان، که‌ ئه‌ندامێکی کوردی په‌رله‌مانی عیراقه‌ و له‌ تاڵه‌بانییه‌وه‌ نزیکه‌، له‌و هه‌موو مه‌سره‌ف و‌ گه‌نه‌ده‌ڵی و ڕه‌وشتنزمیی و ناپاکی ئه‌و حوکوومه‌ته‌ سه‌ری سووڕده‌مێنێت و ده‌ڵێت:"حوکوومه‌ت چۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ ڕێزی لێ بگیرێت، له‌ کاتێکدا، که‌ ئه‌و خۆی شاردووه‌ته‌وه‌. سه‌رکرده‌کان له‌ کۆشکه‌کانی سه‌ددامدا و له‌ ده‌ڤه‌ری که‌سک ده‌ژین و  هه‌رگیزیش ناچنه‌ ده‌رێ. سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و سه‌رۆککۆمارحیسابی کراوه‌یان هه‌یه‌ و ده‌ستیان کراوه‌یه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆیان ده‌توانن له‌ مانگێکدا له‌ میلیۆن زیاتر دۆلار سه‌رف بکه‌ن. من پێموایه‌ گه‌نده‌ڵی یه‌کجار به‌ربڵاوه‌ وگشتگره‌ و له‌ سه‌ری سه‌روه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات...ته‌واوی ئه‌مانه‌ دژی ئه‌و واقیع و ڕاستییه‌ن، که‌ خیزانی سه‌ربازێک یا پۆلیسێکی کوژراو له‌ مانگێکدا ته‌نیا 100 دۆلار مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن".                                                                                                
دۆکتۆر مه‌حموود عوسمان، که‌ سیاسییه‌کی له‌مێژینه و سه‌ر‌ده‌مگه‌لێکی فره‌ و جیاوازه،‌ تا ڕاده‌یه‌ک گه‌لێک جاران ڕاشکاوانه‌ قسه‌ی خۆی ده‌کات و بۆچوونه‌کانی به‌ گوێی خه‌ڵکدا ده‌دات. له‌م ڕایه‌یشیدا هیچ ناڕاستییه‌کی نه‌گوتووه‌. ئه‌و حوکوومه‌ته‌ی گوایه‌ فه‌رمانڕه‌وای عیراقه‌ و ئه‌و جه‌لال تاڵه‌بانییه‌ی گوایه‌ سه‌رۆککۆماری عیراقه‌، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان ته‌نێ له‌ نێو بازنه‌ی "ده‌ڤه‌ری که‌سک (المنطقةالخضراء)"دایه‌، که‌ به‌ ده‌یان هه‌زار چه‌کدار و پاسه‌وان و نوێترین ئامێری چاودێریکردن و هۆشیارکردنه‌وه‌ و ته‌کنۆلۆژیای نوێی ئه‌مه‌ریکا ده‌وره‌ دراوه‌ و ده‌پارێزرێت. ئه‌وان له‌و ده‌ڤه‌ره‌ خۆیان حه‌شار داوه‌ و نه‌ که‌س ده‌یانبینێت و نه‌ ده‌روده‌شت ده‌که‌ن. حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانێک ئه‌وه‌ حاڵیان بێت، ده‌بێت خه‌ڵک چ ڕێزیکی بۆیان هه‌بێت و بۆ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ڕێزی خه‌ڵک بکه‌ن! چما ئه‌وان چییان بۆ خه‌ڵک کردووه‌ تا خه‌ڵک به‌ ڕێز پاداشتیان بداته‌وه‌! له‌ هیچ وڵاتێکی جیهاندا، هیچ سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆکی حوکوومه‌تێک نابینیته‌وه‌، که‌ ده‌ستیان کراوه‌ بێت و بتوانن له‌ مانگێکدا له‌ یه‌ک میلیۆن دۆلار (1000000000$) پتر، ته‌نێ به‌ ناوی ئه‌وه‌ی سه‌رۆک و مه‌رۆکن، خه‌رج بکه‌ن. خه‌رجکردنی ئه‌و میلیۆنه‌‌ له‌ لایه‌ن تاڵه‌بانی و سه‌رۆکی حوکوومه‌ته‌که‌یه‌وه‌ له‌ مانگێکدا، پاره‌یه‌که‌ سه‌رباری وه‌رگرتنی مووچه‌یه‌کی هاوتای ئه‌و پاره‌یه‌‌، که‌ ئه‌ویش دیاره‌ له‌  میلیۆن که‌متر نییه‌. ئه‌مه‌ی، که‌ بۆ تاڵه‌بانی و سه‌رۆکی حوکوومه‌ته‌که‌ی و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق و کوردستان لواوه،‌ بۆ هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێکی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ نه‌لواوه[6]‌. ئه‌مان له‌ میلیۆن پتر ده‌توانن خه‌رج بکه‌ن، لێ خێزانی سه‌رباز و پۆلیسێکی کوژراو ته‌نێ 100$ له‌ مانگێکدا وه‌رده‌گرن، ئه‌ویش به‌ چ حاڵێک! ئه‌مه‌ی تاڵه‌بانی و داروده‌سته‌که‌ی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارن له‌ عیراق و کوردستاندا، وه‌ک مووچه‌ یا وه‌ک هه‌رچی وه‌ری ده‌گرن، پاره‌وپووڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌ی عیراق و کوردستانه‌. پاره‌وپووڵی ئاوی خواردنه‌وه‌ و ئه‌له‌کتریک و سووته‌مه‌نی و گه‌رمکه‌ره‌وه‌ و فێنککه‌ره‌وه‌ و ده‌رمان و خوێندکار و خوێندنگه‌ و نه‌خۆشخانه‌ و خه‌ڵکانی پاشماوه‌ی ئه‌نفال و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گوند و بێکار و بێیانه‌ و میلیۆنان سته‌مدیده‌ و خه‌ڵکی شه‌که‌ت و قه‌له‌نده‌ری ئه‌و وڵاته‌یه‌. ‌ئه‌مان له‌بری نۆکه‌ری و جلخوارییان وه‌ری ده‌گرن و چه‌نده‌ گۆشتی به‌راز بۆ جوویه‌ک و موسوڵمانێک حه‌رامه‌، ئه‌و پاره‌وپووڵه‌یش ئه‌ونده‌ و گه‌لێک پتر بۆ ته‌واوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ حه‌رامه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ پاروه‌نانی خه‌ڵکه‌ و ئه‌مان له‌ گه‌رووی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌ردێنن و ده‌یکه‌ن به‌ گه‌رووی خۆیاندا و ورگی خۆیانی پێ ئه‌ستوور و قه‌به‌تر ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی دۆکتۆر مه‌حموود عوسمان له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵی و ڕه‌وشتنزمی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌یڵێت، گه‌لێک ڕاست و دروسته‌ و مایه‌ی سه‌رسووڕمانی هه‌موو که‌سێکیشه‌، به‌ڵام "دۆکتۆر مه‌حموود عوسمان" بۆ خۆیشی له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆگه‌نه‌ی عیراق به‌ده‌ر نییه‌ و ئه‌ویش ئه‌ندامی په‌رله‌مانێکه‌، که‌ پشتیوانه‌ و کۆڵه‌که‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌یه‌. که‌سێک ئه‌گه‌ر باس له‌ گه‌نده‌ڵی و ڕه‌وشتنزمی و دزی و ساخته‌کاری ده‌سه‌ڵات بکات و بۆ خۆی بڕوای پێ نه‌بێت و له‌گه‌ڵیدا نه‌بێت و دژی بێت، ده‌بێت هه‌رجی ورده‌کاری و پاشخان و شاراوه‌یی و نهێنێکی ئه‌و دیاردانه‌ بۆ ته‌واوی خه‌ڵک ئاشکرا بکات و هه‌موو پاشه‌ڵپیسی ده‌سه‌ڵات و گه‌نده‌ڵییه‌کانی بخاته‌ ڕوو و له‌قاو بدات و باکی له‌وه‌ نه‌بێت، که‌ له‌ سه‌ر کار و پۆسه‌ته‌که‌ی لاده‌درێت و خانوو و مووچه‌ و سامانێکی خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی لێی ده‌سێندرێته‌وه‌. نه‌کردنی وه‌ها کارێکیش له‌ لایه‌ن هه‌ر به‌شداربوویه‌کی ده‌سه‌ڵات و ئاشکرانه‌کردنی نهێنه‌کان و به‌رده‌وامبوون له‌ده‌سه‌ڵاتدا، نیشانه‌ی چاولێخه‌واندن و گوێیخۆلێکه‌ڕکردنه‌ له‌وه‌ی ڕووده‌دات و په‌رۆشی نه‌دۆڕانی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ پاره‌وپووڵه‌وه‌ تا پۆست و ناونیشان.                                                                                
‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"...له‌ کاتێکدا که‌ ژماره‌یه‌کی زۆری کوردی توانا وخاوه‌ن ئه‌زموون هه‌ن، که‌چی به‌شێک له‌ پۆسته‌ گرنگه‌کانی نێوحوکوومه‌تی به‌غدا، ئه‌وانه‌ی، که‌ وه‌به‌ر کورد که‌وتوون، ژماره‌یه‌کیان دۆست وخزمی تاڵه‌بانیین".                                                                                             
حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ته‌واوی پۆست و کار و کارگێڕییه‌کی گرنگ و به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی، نه‌ک هه‌ر عیراق به‌ڵکه‌ کوردستانیش، سه‌رانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ نێوان خزم و که‌سی نێزیکی خۆیاندا به‌شیویانه‌ته‌وه‌. ئه‌وان پێیانوایه‌ که‌س له‌ خۆیان و که‌س و خزمی خۆیان، شایسته‌تر نییه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ کارانه‌. ئه‌گه‌ر له‌تیف ڕه‌شید، ژنخزم و قوباد تاڵه‌بانی کوڕ و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ژنخزم و بافیل تاڵه‌بانی کوڕ و ئاراس شێخ جه‌نگی برازا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ژنی تاڵه‌بانی بن، ئه‌وا کچی 'فوئاد مه‌عسووم"یش وه‌زیره‌ و خاڵ و برازا و کوڕی "مه‌سعوود بارزانی"یش وه‌زیر و سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و به‌رپرسی ده‌سگای" ئاساییش"ن. ئه‌وڕۆ له‌و وڵاته‌دا ته‌ماشای هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار و له‌ته‌ڕووناکبیر و  له‌ڕووناکبیرچوو و مشه‌خۆرێکی نێو له‌وه‌ڕگه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌یت و هه‌ر به‌رپرسه‌ خوێڕیله‌یه‌ک ده‌بیبیت، هه‌موویان که‌س و خزمانی خۆیان له‌ خۆ خڕده‌کردوونه‌وه‌. ده‌بینیت چه‌ند براز و خوشکه‌زا و پوورزا و شته‌زای خۆیان له‌خۆ خڕکردوونه‌وه‌ و کردوونیانن به‌ سکرتێر و شۆفێر و پاسه‌وان و شیولێنه‌ر و ده‌رگاوان و شتی تریش....ئه‌وان باس له‌ 'کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی" و "دیموکراتی" و "هه‌ڵبژاردن" و "ئازادی" و "سه‌روه‌ری قانوون" ده‌که‌ن و فشه‌ به‌ زانین و فه‌رهه‌نگ و قسه‌ی چوارپاڵووی نێو کتێبان ده‌که‌ن، به‌ڵام مێشک و بیرکردنه‌وه و کرده‌وه‌یان له‌ بازنه‌ی بیرکردنه‌وه‌ و گوتار و ڕه‌وتای خێڵ ده‌رباز نه‌بووه‌ و هه‌ر له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌.                                                                                                                  
‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:" ...تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1961دا چووه‌ ڕیزی ئه‌و بزاڤه‌ چه‌کدارییه‌ی بارزانییه‌وه‌. دوای سێ ساڵ تاڵه‌بانی له‌ بارزانی جوێ بووه‌وه‌ و وه‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ که‌وت، که‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دایمه‌زراندبوو و له‌ بارزانی جودا بووبووه‌وه‌....دوای کوودێتای به‌عس له‌ 1968دا تاله‌بانی بوو به‌ هاوکاری سه‌ددام، که‌ ئه‌وده‌می جێگری سه‌رۆککۆمار بوو و په‌یمانی له‌گه‌ڵدا به‌ست، بۆ ئه‌وه‌ی پترماف بۆ کورد وه‌رگرێت و کۆمه‌ک وه‌رگرێت بۆ شه‌ڕکردن دژی بارزانی، ته‌نیا بۆ سڕینه‌وه‌ی و له‌نێوبردنی، کاتێک سه‌ددام لا(سه‌نگه‌ر)ی گۆڕی. ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ناکۆکی و ناته‌بایی به‌رده‌وام و له‌ دوای یه‌کتر و که‌رتبوونی نێو بزاڤی یاخیبوونی کورد بوو، که‌ تاڵه‌بانی به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی زۆری ئه‌وه‌ی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر و به‌و کاره‌یشی له‌و ده‌مه‌دا سه‌ددامی به‌هێزتر ده‌کرد...''.                                                 
که‌ بزاڤی چه‌کداریی کورد، به‌ نه‌خشه‌سازیی و دنه‌دانی ساواک و جێبه‌جێکردنی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و  تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌یان،  له‌ 1961دا ده‌ستیپێکرد و نێوی "شۆڕشی ئه‌یلوول"ی لێ نرا، تاڵه‌بانی ته‌نێ دوو ساڵ و چوار مانگێک به‌شداری ئه‌و شۆڕشه‌ی کرد(سێپته‌مبه‌ری 1961- جه‌نیوه‌ری 1964)، چونکه‌ له‌ فێبریوه‌ری 1964دا ئیدی تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی مامۆستای و چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ له‌و شۆڕشه‌ و سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی ترازان و خزانه‌ ئامێزی ساواک و دواتریش عه‌ره‌به‌نه‌ته‌وه‌یی و به‌عسییه‌کانی عیراقه‌وه‌ و ساڵانێکی زۆر چه‌کدار و پاسه‌وانی ڕێژیمی هه‌ردوو عارف و به‌عسی به‌غدا بوون و له‌ خزمه‌تیاندا بوون و دژایه‌تیی هه‌موو خواستێکی کورد و کوردستانییان ده‌کرد. تاڵه‌بانی له‌و ماوه‌یه‌یه‌ی به‌غدای نه‌ک هاوکار، به‌ڵکه‌ دارده‌ستی ڕێژیمی به‌عس بوو. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌ی له‌و هاوکارییه‌یاندا له‌ته‌ک ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌یندا، مافوه‌رگرتن نه‌بوو بۆ کورد، به‌ڵکه‌ ته‌نیا بۆ شه‌ڕکردن دژی بارزانی و بۆ سڕینه‌وه‌ و له‌نێوبردنی بارزانی بوو و هیچی تر. نه‌ک به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی زۆر به‌ڵکه‌ ته‌واوی به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌و که‌رتبوونه‌ی، ئه‌وێ ڕۆژی له‌ بزاڤی چه‌کداری و سیاسی کورددا،  هاته‌ گۆڕێ و که‌ تا هه‌نووکه‌یش به‌رده‌وامه‌ و درێژه‌ی هه‌یه‌، له‌ ئه‌ستۆی تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌ی و حیزبه‌که‌یدایه و ئه‌وان هێزی هاوپشت و به‌هێزکه‌ری له‌شکر و حوکوومه‌ت و به‌عسی عیراق بوون، له‌ کاتێکدا ئه‌ده‌مه‌ هیچ هێز و گرۆ و  ڕێکخستنێکی دیکه‌ی نه‌ عیراقی و نه‌ کوردستانی له‌گه‌ڵ رێژیمی به‌عسدا نه‌بوو و تاکه‌ که‌واسووری به‌ر له‌شکری به‌عس، حیزبی جه‌لالی بوو.                                                                                                      
 ‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"تاڵه‌بانی مارکسیست بوو و دواتر ماویست". 
مارکسیستی و ماویستی تاڵه‌بانی له‌ سه‌رده‌مێکدا بوو، که‌ له‌به‌غدای پێته‌ختی به‌عس و له‌ په‌نای ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بیدا بوو. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ خه‌ڵکی مارکسیست و ماویست و چه‌پی عیراقی ئه‌وده‌مه‌ی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌رده‌هێنا و وڵاتی لێ بژار ده‌کردن، لێ ڕێگه‌ی به‌ تاڵه‌بانی و شاگردانی ده‌دا، که‌ خۆ به‌ مارکسیست و ماویست بده‌نه‌ ناسین و مارکسیزم و ماویزمێکی جاشبه‌عسییانه‌ له‌ کوردستاندا په‌خش بکه‌نه‌وه‌ و جاشیزم بئایدیۆلۆژێنن. تۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی مێژووی سیاسی تاڵه‌بانی بکه‌یت، زۆر به‌ ڕوونی بۆت ده‌رده‌که‌وێت و لات ئاشکرا ده‌بێت، که‌ ئه‌و به‌ زار هه‌رچییه‌کی گوتبێت، به‌ دڵ و به‌ مێشک و به‌ ڕه‌وتاریش  جۆرێکی دیکه‌ هزریوه و ڕه‌وتیوه‌. ئه‌و ئه‌گه‌ر سه‌رزاره‌کی مارکیسیست و ماویست بووبێت، له‌ ڕاستیدا پیاوێکی ماکیاڤیللی (Machivelli)‌ست  بووه. په‌رتکردنی ته‌واوی حیزب و ڕێکخراوه‌ کوردی و کوردستانییه‌کان و له‌تکردنی مێشکی مرۆڤی کورد، پرۆژه‌یه‌ک بووه‌، له‌ سه‌ر بنه‌مای تیۆری "په‌رتکه‌ و زاڵبه‌"ی ماکیاڤیللی چێکراوه‌ و جێبه‌جێکاری سه‌ره‌کی ئه‌و پرۆژه‌یه‌یش تاڵه‌بانی بووه‌.                                                         
‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"...27ی نۆڤه‌مبه‌ر تاڵه‌بانی چوو بۆ تاران. له‌ فڕۆکه‌که‌دا، که‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌وان و وێنه‌گر و وه‌زیری تێدا بوون، له‌ پێش نیشتنه‌وه‌دا له‌ تاران، یه‌کێک له‌ منداڵه‌ یارمه‌تیده‌ره‌کانی تاڵه‌بانی هاته‌ خوارێ بۆ نێو ڕاڕه‌وه‌که‌ و هه‌رکه‌سه‌ و فۆرمێکی دایه‌ ده‌ست بۆ مۆرکردنی. فۆرمه‌که‌ به‌ عه‌ره‌بی نووسرابوو و له‌وه‌ ده‌چوو‌ فۆرمێکی  گرنگی فه‌رمی بێت. من مۆرم کرد و له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا زه‌رفێکی قه‌به‌ی دایه‌ ده‌ستم و ڕۆیشت. له‌ زه‌رفه‌که‌دا 20 سه‌ددۆلاری هه‌بوون(واته‌: 2000 $). دوای دابه‌زینمان، من له‌ یاریده‌ره‌که‌ی تاڵه‌بانیم پرسی، که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆچی به‌ من داوه‌. ئه‌و گوتی: "ئه‌وه‌ دیاری سه‌رۆکه"‌، من سوپاسیم کرد، لێ پێمگوت، که‌ من ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌رناگرم و زه‌رفه‌که‌م دایه‌وه‌ ده‌ستی. ئه‌و زۆر په‌شۆکاو هاته‌به‌رچاو. یه‌کێک له‌ یاریده‌ره‌ گه‌وره‌ساڵه‌کان ئه‌و قسه‌ و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ی منی له‌مه‌ڕ"ئاکاری ڕۆژنامه‌وانی" یه‌وه‌ بۆ وه‌رگێڕا، که‌ زیاتر واقوڕماوانه‌تر خۆی نیشان دا. یاریده‌ره‌ به‌ته‌مه‌نه‌‌که‌ زه‌رفه‌که‌ی خۆی کرده‌وه‌ و به‌ ده‌م فیکه‌کێشانه‌وه 50 سه‌ددۆلار  (5000$)ی  ژمارد و به‌ ده‌نگێکی به‌رز گوتی: "پێموایه‌ هێنده‌ی وه‌زیره‌کانیشی داوه‌ته‌ من. تۆ ده‌زانیت ئه‌و ئه‌م پاره‌یه‌ی ده‌یبه‌شێته‌وه‌ هی خۆیه‌تی"، له‌ هه‌موو سه‌فه‌رێکیدا تاڵه‌بانی پاره‌ به‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی  له‌ فڕۆکه‌که‌دان به‌ پاسه‌وانان و کارگه‌رانی فڕۆکه‌که‌ و فڕۆکه‌وانه‌که‌یشه‌وه‌ ده‌به‌شێته‌وه‌. ئێمه‌ که‌ لێکماندایه‌وه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌وه‌ی، که‌ تاڵه‌بانی له‌ ماوه‌ی ئه‌و سه‌عاته‌ی سه‌فه‌ره‌که‌یدا نێزیکه‌ی 100000 دۆلاری به‌شیوه‌ته‌وه‌‌".                                                                             
ئه‌نده‌رسن به‌ وه‌رگرتنی 2000$ له‌ زه‌رفێکدا له‌ یاریده‌ره‌ مێرمنداڵه‌که‌ی تاڵه‌بانی، سه‌ری سووڕده‌مێنێت و به‌ کارێکی سه‌یری دێته‌ به‌رچاو. یاریده‌ره‌ گه‌وره‌ساڵه‌که‌ به‌ وه‌رگرتنی 5000$ شاگه‌شکه‌ ده‌یگرێت و له‌ خۆشیاندا ده‌نگ به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵیت، که‌ ئه‌ویش هێنده‌ی وه‌زیره‌کانی وه‌رگرتووه‌. دیاره‌ وه‌زیره‌کانیش 5000$ و زیاتریان وه‌رگرتووه‌.  ئه‌نده‌رسن باس له‌ ئاکاری ڕۆژنامه‌وانی بۆ یاریده‌ره‌ مێردمنداڵه‌که‌ ده‌کات و پاره‌که‌ وه‌رناگرێت و ده‌یگێڕێته‌وه‌، به‌ڵام یاریده‌ره‌ مێردمنداڵه‌که‌ ئه‌وه‌ی تێی ناگات ئه‌و "ئاکار"ه‌یه‌، دیاره‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌و، سه‌رۆکی ئه‌و یاریده‌ره‌ مێرمنداڵه‌یش له‌و"ئاکار"ه‌ تێناگات، چونکه‌ ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتبا ئه‌و پاره‌ی وه‌ها نه‌ده‌به‌شییه‌وه‌ به‌ سه‌ر خه‌ڵکانێکدا، که‌ نه‌ ده‌رۆزه‌که‌رن و نه‌ پێویستیان به‌ پاره‌یه‌. یاریده‌ره‌ گه‌وره‌ساڵه‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یبه‌شێته‌وه‌ پاره‌ی خۆیه‌تی. ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێ، تاڵه‌بانی له‌ هه‌موو گه‌شته‌کانیدا پاره‌ به‌ سه‌ر هه‌موو پاسه‌وان و کارگه‌رانی نێو فڕۆکه‌ و فڕۆکه‌وان و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له‌ فڕۆکه‌که‌دان ده‌به‌شێته‌وه‌ و ده‌شڵێ، که‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی ئه‌و گه‌شته‌ی ئه‌م(ئه‌نده‌رسۆن)ی له‌گه‌ڵ بووه‌، تاڵه‌بانی نێزیکه‌ی 100000$ی به‌شیوه‌ته‌وه‌. پاره‌به‌شینه‌وه‌ی تاڵه‌بانی به‌ سه‌ر ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌دا خوو و ئاکار و ڕه‌وشتێکه‌، له‌ فه‌رهه‌نگی به‌رتیل و ده‌مچه‌ورکردنه‌وه‌، که‌ فه‌رهه‌نگی جامباز و به‌ڵێنده‌ر و کارمه‌ندی مشه‌خۆر و به‌رپرسی کارهه‌ڵنه‌سووڕێنه‌ر و چاوله‌دووی پاره‌وه‌‌ ماوه‌ته‌وه‌. له‌ فه‌رهه‌نگێکه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌، که‌ به‌ به‌رتیل هه‌موو کارئاسانییه‌ک ده‌کرێت و به‌ده‌مچه‌ورکردن هه‌موو کاره‌کانت جێبه‌جێ ده‌که‌یت[7]. ئه‌مه‌ فه‌رهه‌نگی کڕینی خه‌ڵکه‌ و فه‌رهه‌نگێکه‌ خه‌ڵک به‌ پاره‌ چاوه‌خوار ده‌کات و ده‌یکاته‌ نۆکه‌ری خۆی. تاڵه‌بانی و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانێکی له‌ عیراقدا فه‌رمانڕه‌وان، بۆ خۆیان به‌ پاره‌وپووڵ کڕدراون و بێده‌نگ و ده‌مکوت کراون. ڕێبه‌ره‌ ئه‌مه‌ریکاییه‌کانیان گه‌مه‌ به‌ پاره‌ و داهاتی عیراق ده‌که‌ن و ده‌می ئه‌مانیش چه‌ور ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز فززه‌یان لێوه‌ نه‌یه‌ت. که‌سێک که‌ کڕدرا و به‌ پاره‌ ده‌مکوت کرا، ئیدی سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته‌ کۆیله‌ و وابه‌سته‌ی ئه‌وه‌ی پاره‌که‌ی ده‌داتێ. ئه‌وه‌ی "تاڵه‌بانی"ش ده‌یکات، کارێکه‌ بۆ کڕین و زمانبڕینی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدان. پاره‌به‌شینه‌وه‌ی تاڵه‌بانی خوویه‌ک نییه‌ تازه‌ فێری بووبێت، به‌ڵکه‌ زۆر له‌مێژه‌ ئه‌و شێوه‌ ڕه‌وتاره‌ی پێڕۆ کردووه‌[8].                                                    
ئه‌مه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یکات کورد گوته‌نی :"پیاوه‌تی کردنه‌ به‌ ئاوی حه‌مامه‌وه‌". له‌ فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بدا جاران شاعیران ده‌چوونه‌ خزمه‌تی خه‌لیفه‌، سوڵتان، شا یا فه‌رمانڕه‌وا و شیعرێکی په‌سنیان بۆ ده‌خوێندنه‌وه‌ و که‌ ته‌واو ده‌بوون خه‌لیفه‌، سوڵتان، شا یا فه‌رمانڕه‌وا فه‌رمانیان ده‌دا به‌ نۆکه‌ر و گزیره‌کانیان، که‌ ئه‌ونده‌ پاره‌ بده‌ن به‌و شاعیره‌. ئێستا ده‌رباری ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق و کوردستان، نه‌ک شاعیرێک به‌ڵکه‌ هه‌زاران تاریکبیر"خۆیان به‌ خۆیان ده‌ڵێن ڕووناکبیر"ی مه‌راییکار و مشه‌خۆر و جلخوار و ماستاوساردکه‌ره‌وه‌ و دووڕوو و دووزمان و قه‌ڵه‌مفرۆش و خۆفرۆش، ده‌وره‌یان داون و له‌شی ده‌سه‌ڵاتداران به‌ پۆشته‌ پێشانی خه‌ڵک ده‌ده‌ن و له‌وه‌یشدا ته‌نی چاوه‌ڕوانی به‌رماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانن و به‌ وه‌رگرتنی چنگه‌ دۆلارێک، وه‌ک یاریده‌ره‌گه‌وره‌ساڵه‌که‌ی هه‌ڤاڵی گه‌شته‌که‌ی تارانی ئه‌نده‌رسن، نه‌ک هه‌ر شاگه‌شکه‌ ده‌یانگرێت، به‌ڵکه‌ ده‌که‌ونه‌ خۆبادان و چه‌قه‌نه‌لێدان و شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی گوته‌نییش، که‌ هه‌ر له‌باه‌ره‌ی هێستره‌ لاته‌که‌یه‌وه‌‌ گوتوویه‌تی:                                                                    
ده‌نکه‌ جۆیێکی نیشان ده‌ی، تا قیامه‌ت دێ له‌ دووت
تاڵه‌بانی و سه‌رانی دیکه‌ی کوردستان و عیراق، به‌و ده‌نکه‌ جۆیه‌، ده‌یانهه‌زار ناڕووناکبیری مشه‌خۆریان ڕاگرتووه‌ و کڕیوه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ کڵاویان ناوه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ به‌وه‌ی، که‌ ئه‌وه‌تا "ڕووناکبیر و فه‌رهه‌نگکاران" یان له‌گه‌ڵه‌ و خه‌ڵکی ئاساییش به‌و مشه‌خۆرانه‌ی‌ سه‌رخوانی ده‌سه‌ڵات، چاویان ده‌که‌وێته‌ ڕێشکه‌وپێشکه‌وه‌ و ته‌واوی ئه‌و له‌میشی و مشه‌خۆری و له‌وه‌ڕین و ساخته‌کارییه‌یان وه‌ک تراویلکه‌ لێ ده‌بێته ڕاستییه‌ک.‌                                                                                    
‌ ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:".‌‌..هیوا عوسمان[9]، ڕاوێژکاری ڕۆژنامه‌وانی  تاڵه‌بانی گوتی: "دێته‌وه‌ بیرت ‌ له‌ پاریس چی کرد کاتێک‌ بڕیاری له‌ سێداره‌دانی سه‌ددام درا، که‌ چووه‌ ژووری خه‌وتنه‌که‌یه‌وه‌ و سه‌عاتێک زیاتر له‌وێ مایه‌وه؟ ئه‌مجاره‌یان سێ یا چوار ڕۆژی خایاند. هیچ که‌سێک نه‌یبینی".                                                                                
 هیوا عوسمان، که‌ سکرتێری ڕؤژنامه‌وانی تاڵه‌بانییه‌، خۆخزاندنه‌ ژووری خه‌وتن و بیرکردنه‌وه‌ قووڵه‌که‌ی تاڵه‌بانی وه‌بیر ئه‌نده‌رسن دێنێته‌وه‌ و خه‌جت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یش ده‌کات، که‌ کاتی هه‌ڵواسینی سه‌ددام حوسه‌ین، تاڵه‌بانی له‌ قه‌ڵاچوالان بووه‌ و تا سێ چوار ڕۆژ خۆی له‌ خه‌ڵک شاردوه‌ته‌وه‌ و که‌س نه‌یبینیوه‌. خۆشاردنه‌وه‌ و خۆبزرکردنی چوارڕۆژه‌ی تاڵه‌بانی له‌ به‌رچاوی خه‌ڵک به‌ هۆی له‌نێوبردنی سه‌ددام حوسه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌کداریی تاڵه‌بانییه‌ بۆ سه‌رۆکێک، که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر خانه‌خوێی بووه‌ و بژێوی وی به‌ ده‌ست بووه‌ و به‌ردنه‌هاوێشتنه‌ کانییه‌کیشه‌، که‌ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ ئاوی لێ خواردووه‌ته‌.  تاڵه‌بانی وه‌ک ئه‌مه‌کدارییه‌ک بۆ ته‌واوی ته‌مه‌نێکی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌ددام حوسه‌ین و ڕێژیمه‌که‌یدا هه‌ر ده‌بوو وه‌ها هه‌ڵوێستێک بنوێنێت، هه‌م له‌بۆ ئارامی به‌خشینێک به‌ ده‌روون و ویژدانی خۆی و هه‌میش له‌بۆ نه‌ڕه‌نجاندن و خۆبردنه‌پێشه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ و ئیسلامی سوننه‌ی جیهان و به‌و کاره‌ی هاوسۆزی و هاوخه‌می خۆی پێشانی ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌به‌کان و سوننه‌ی عه‌ره‌ب و جیهان داوه‌ و ویستوویه‌تی خۆی له‌کن ئه‌وان"پیاوخراپ" نه‌کات و وه‌ک که‌سێکی نه‌رم و ئارام و میانڕۆ و دژه‌کوشتن خۆ بنوێنێت.                                                                   
 که‌سێک، لێوه‌کانی و زاری شتێک بڵێن و سه‌ریشی جۆرێکی دیکه‌ بهزرێت، تۆ هه‌رگێز ناتوانیت بیناسیت و لێی تێ بگه‌یت. که‌سێک له‌ هه‌موو ژیانی سیاسییدا هه‌میشه‌ هه‌ر سه‌ری بۆ به‌رانبه‌ره‌کانی له‌قاندبێته‌وه‌‌ و دابێتی به‌ گرێی ملدا و له‌گه‌ڵ بووبێت و به‌ده‌میانه‌وه‌ که‌نیبێت و هه‌رگیز نه‌یگوتبێت"نا / نه‌ء"[10]، لێتێگه‌یشتنی گه‌لێک سه‌خته‌.                                                                                               
ئه‌گه‌ر پێناسه‌کردنی تاڵه‌بانی بۆ "جۆن لی ئه‌نده‌رسن" کارێکی سه‌خت بووبێت، ئه‌وا هه‌ر ئه‌و تاکه‌که‌س نییه‌،‌ که‌ سه‌ختیی تووش بوو‌بێت له‌و پێناسه‌کردنه‌دا، به‌ڵکه‌ ته‌واوی ئه‌وانه‌ی تاڵه‌بانی ده‌ناسن و پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵدا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ و لێیه‌وه‌ نێزیکن و هاوکاری سیاسی ئه‌و بوونه‌ و ئاگاداری ژیانی سیاسیی وین، له‌ "تاڵه‌بانی ناسی"دا،  هه‌میشه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوه‌تی که‌سایه‌تی وی بناسێنن و هه‌رگیزیش نمره‌ی ته‌واویان وه‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.                                                                        
23/3/2007
                                                                    






[1] کورد، هه‌ر وه‌ک به‌شێک بووه‌ له‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئیمپراتۆریای فارس، هه‌ر له‌سه‌رده‌می عومه‌ری کوڕی خه‌تتابیشه‌وه‌، به‌شێک بووه‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌(ئیسلامی و عوسمانی و عه‌ره‌بی )یانه‌ی، که‌ فه‌رمانڕه‌وا و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوونه‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا و  ژێرده‌سته‌ و پاشکۆی ئه‌وان بووه‌ و هه‌رگیز و به‌ درێژایی مێژوو بۆ خۆی، خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه. ئه‌و میرنشیانه‌یشی، که‌ هه‌بوونه‌ پاشکۆ و گرێدراوی ئه‌م زلهێز یا ئه‌و زلهێزی دیکه‌ بوونه‌ و میر و فه‌رمانڕه‌وایانیشی له‌ باشترین ڕه‌وشدا پیاوی ئه‌م ده‌وڵه‌ت و نووکه‌ری  ئه‌وی دیکه‌ بوونه‌.                                                                                                     
[2] جۆن لی ئه‌نده‌رسن(Jon Lee Anderson)، به‌هره‌ی ده‌سه‌ڵات(A gift for power)، ڕۆژنامه‌ی گاردیان(The Guardian)ی له‌نده‌نی، 9-2-2007. ئه‌نده‌رسن، یه‌کێکه‌ له‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ی، که‌ له‌ حه‌فته‌نامه‌ی نیویۆرکه‌ر(New Yorker)ی ئه‌مه‌ریکاییدا کار ده‌کات و خاوه‌نی چه‌ندین کتێبیشه‌ له‌مه‌ڕ ئه‌فغانستان و عیراق.

  سلمان، طلال، الکردي التائه، السفیر، 29/6/1991. [3]
 الکتبي، عبد علي، ماموستا، المجرشة، العدد12، تشرین الاول 1993.[4]
[5]  ده‌گێڕنه‌وه‌ که‌ له‌سووریا بووه‌، له‌ هه‌موو هه‌ڵسان و ڕوونیشتنێکێدا له‌به‌ر خاتری خێڵی" ئه‌سه‌د"ی سه‌رۆککۆمار و ده‌سته‌ی عه‌له‌وی ده‌سه‌ڵاتداری سووریا، تاڵه‌بانی هه‌میشه‌ نێوی ئیمام عه‌لی له‌ سه‌ر زار بووه‌                                                                                         .                                   
[6]‌ کۆندالیزا ڕایز(Condoleezza Rice)ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی زلهێزترین و تاکه‌ زلهێزی ئه‌مڕۆی جیهانه‌،مووچه‌ی ساڵانه‌ی(186000) دۆلاره، که‌ مانگانه‌که‌ی ده‌کاته‌‌(15500) دۆلار!! تاڵه‌بانی له‌ گه‌شتونیوێکیدا ئه‌و مووچه‌یه‌ی ڕایز به‌ سه‌ر هاوگه‌شته‌کانیدا ده‌به‌شێته‌وه‌. له‌مه‌ڕ مووچه‌ی "ڕایز"ه‌وه‌، بنۆڕه‌ ماڵپه‌ڕی (www.awwene.com).
[7] له‌ فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵات و هیندوستان و وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌ب و تورک و ئێران و به‌تایبه‌تیش عیراق و کوردستاندا، به‌ر‌تیلدان و به‌رتیلوه‌رگرتن و ده‌مچه‌ورکردن یا ده‌مشیرینکردن، کارێکی زۆر باو و به‌ربڵاو و ئاساییه‌. به‌رتیل وه‌ک چه‌شه‌ به‌ به‌رپرس و کارمه‌ند و کا‌رهه‌ڵسووڕینه‌ر ده‌درێت. به‌ڵێنده‌ران(خاوه‌نکاران و قۆنته‌راتچییان)، که‌سانێک کاره‌که‌یان ده‌که‌وێته‌ کارگێڕییه‌ک و کابرای کارمه‌ند بۆیان جێبه‌جێ ناکات، که‌سانێک پێویستییان به‌ پاڵنانی کارێکه‌، که‌ له‌کن کارمه‌ندێکی قیرسچمه‌ چه‌قیوه‌ و ناجمێت، که‌سانێک گه‌ره‌کیانه‌ له‌ سه‌ر کارێک دابمه‌زرێن یا ده‌یانه‌وێت کوڕێکیان، کچێکیان یا که‌سێکی نێزیکیان له‌ جێگه‌یه‌ک کارێک وه‌رگرێت و بۆیان ئه‌نجام نادرێت و...ئیدی به‌ بردنی ئاسک و به‌رخ و گوێز و هه‌نگوین و قالی و ...بۆ ئه‌و کاربه‌ده‌ستانه‌ یا زێر و دیاری بۆ ژنه‌کانیان یا شتی نێوماڵ بۆ ماڵه‌کانیان، ئه‌مانه‌ هه‌موو وه‌ک به‌رتیل، بۆ نه‌رمکردنی دڵی ئه‌و کارمه‌ند و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کانی خۆیان له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێن، جاران و ئێستایش فه‌رهه‌نگێکی زاڵ و سه‌رده‌سته‌ و هه‌یه‌. دیاره‌ ئێستا به‌ گویره‌ی گۆڕانی باری ئابووری و باری ماددی خه‌ڵک، جۆری دیارییه‌کانیش گۆڕاون. ئه‌گه‌ر جاران شووشه‌ وێسکی و کاوڕ و چه‌ند کیلۆ گوێز و ته‌نه‌که‌ هه‌نگوینێک، کارئاسانی ده‌کرد و به‌ به‌رتیل و دیاری قه‌بووڵ ده‌کرا، ئێستاکه‌ ئه‌وانه‌ هه‌ر هیج نین و خه‌ڵک باس له‌ ده‌فته‌ر(10000$) و بلۆک(100000$)ه‌ دۆلار ده‌که‌ن! جۆره‌ به‌رتیلیکی دیکه‌یش هه‌یه‌ له‌ سه‌رکرده‌ و ده‌سه‌ڵاتدار و کارمه‌ند و خاوه‌نکار و له‌ سه‌ره‌ه‌وهڕا‌ ده‌درێته‌ ئه‌وانه‌ی خوارێی خۆیان، ئه‌ویش بۆ بێده‌نگکردن و چاوخه‌واندنیان له‌هه‌مبه‌ر هه‌ڵه‌کانی سه‌رانیان و ئاشکرانه‌کردنی نهێنه‌کانیان یا ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی دڵیان به‌ لای خۆیاندا ڕاکێشن. ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یکات ده‌که‌وێته‌ ئه‌م خانه‌یانه‌وه‌.                                                                                              
[8] دۆستانێک که‌ له‌ نێزیکه‌وه‌ تاڵه‌بانی ده‌ناسن و له‌گه‌ڵیدا بوونه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌، که‌ کاتی خۆی له‌ سووریا، که‌حیزبی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان له‌وێ دامه‌زرا، هه‌رجارێکی تاڵه‌بانی گه‌شتی ئه‌وروپای یا ده‌رێی سووریای کردبا، به‌ کۆڵێک دیاری هه‌مه‌جۆره‌وه‌ ده‌هاته‌وه‌ و هیچ که‌سێکی له‌ سه‌رانی حیزبی به‌عسی سووریا و سه‌رانی حیزبه‌ عیراقییه‌ عه‌ره‌بییه‌کان و ئه‌فسه‌رانی باڵای موخابه‌راتی سووریا و ژنانی ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌ و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی خۆی له‌بیر نه‌ده‌کرد و به‌شی هه‌مووانی ده‌هێنا و که‌ لێیشیان ‌پرسیوه‌ بۆ وا ده‌کات، له‌ وه‌ڵامدا گوتوویه‌تی، پاره‌ی خۆیانه‌ و بۆ خۆیانی خه‌رج ده‌که‌م. که‌سایه‌تییه‌کی سیاسیی دیکه‌، که‌ زۆر ڕه‌وتاری تاڵه‌بانی له‌و ده‌چێت، یاسیر عه‌ره‌فاته‌. ئیدوارد سه‌عید، باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ عه‌رفات، بایی حه‌وت هه‌زار(7000) دۆلار، خشڵ و زێڕی ، به‌ دیاری بۆ (هیلاری کلنتن) کڕیوه‌ و دواتر، قانوونی فیدراڵی، خانمی کلنتنیان ناچار کردووه‌، ئه‌و خشڵ و زێڕانه‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت. عه‌ره‌فات، جارێکی دیکه‌ و له‌سه‌رده‌ه‌می دووه‌م سه‌رۆکایه‌تیی (بیڵ کلنتن)دا، بایی حه‌ڤده‌هه‌زار(17000) دۆلار، خشڵ و زێڕی به‌ دیاری بۆ  (مادلین ئۆڵبرایت)ی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، کڕیوه‌. بنۆڕه‌: سعید، إدوارد، نهایة عملیة السلام، أوسلو وما بعدها، دارالآداب- بیروت، الطبعة الأولی 2000، ص 381.                                                                                                                            
 [9]  هیوا عوسمان، هه‌ر دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م گوتاره‌ی ئه‌نده‌رسن، له‌ میدیا کوردییه‌کاندا ده‌یگوت، که‌ ئه‌نده‌رسن درۆی کردووه‌ و ئه‌نده‌رسن دوژمنی عیراقه‌ و پرۆپاگه‌نده‌ی خراپ بۆ سه‌رۆک تاڵه‌بانی و عیراق ده‌کات!
[10] تاکه‌ یه‌کجار نه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌و جاره‌یه‌، که‌ له‌ 1964دا به‌ بارزانی(مه‌لا مسته‌فا)ی گوت "نه‌ء" و ئه‌ویش"نه‌ء"ێک بوو هه‌ڵه‌ و له‌جێی خۆیدا نه‌بوو، ئیدی له‌وده‌مییه‌وه‌ڕا تا ئه‌مڕۆ، که‌ ته‌مه‌نێکه‌، کورد ته‌واوی کورد، باجی ئه‌و "نه‌ء"ه‌ وی ده‌دات.                                                                                                                                              

Saturday, February 10, 2007

ئابووری به‌هێز یا ئابووری پاشکۆ و مشه‌خۆر

ئابووری به‌هێز یا ئابووری پاشکۆ و مشه‌خۆر

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

پێشکه‌وتن و باشیی ڕه‌وشی ئابووری و به‌هێزیی ئابووری هه‌ر وڵاتێک له‌م جیهانه‌دا، به‌ هێنانه‌دی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆشگوزه‌ران و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵک و دامه‌زراندن و چێکردنی وڵاتێکی خۆشگوزه‌ران و به‌هێزی و تۆکمه‌یی ژێرخانی ئابووری وڵاته‌که‌ ده‌پێو‌رێت. به‌هێزیی ئابووری به‌ ڕێکوپێکی و تۆکمه‌یی و بێکێشه‌یی‌ کارکردنی سیستمی ڕێکخراو و ده‌سگا و کارگێڕی و دامه‌زراو و خزمه‌تگه‌یێنه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ و وڵات و کارایی ئه‌وان ده‌پێورێت. به‌هێزیی ئابووری به‌ به‌رزیی هێزی کڕین له‌ لای هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و ئاسانیی توانستی ئه‌وان بۆ وه‌ده‌ستهێنان و ده‌سته‌به‌رکردنی هه‌موو پێویستییه‌کانی خۆیان، بێ له‌ده‌مخۆگرتنه‌وه‌ و خۆجه‌ڕاندن ده‌پێورێت. له‌ هه‌ر کوێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌، ئه‌گه‌ر پرسیارێک له‌ هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی، ڕێبه‌رێک، سه‌رۆکی وڵاتێک، به‌رپرسێکی  حیزبی و ئه‌ندامێکی حیزبی و ده‌سه‌ڵاتدارێک یا ته‌نانه‌ت خوێندکارێکی زانستگه‌ و ئاماده‌یی و وه‌رزێرێکی زرنگ و کارگه‌رێکی هۆشیار و ڕه‌شاییه‌کی وریا و ده‌ستفرۆشیکی قۆشمه‌ و هه‌ر که‌سێکی ئاسایی، له‌و باره‌یه‌وه‌‌ بکرێت، ئه‌وا بێگومان هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکانه‌‌ یه‌ک وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ و یه‌ک ئه‌نجام ده‌ده‌رێنن و یه‌ک پێناسه‌ و پێوه‌ریان بۆ پێشکه‌وتن و باشیی ڕه‌وشی ئابووری هه‌یه‌ و جه‌خت له‌ سه‌ر یه‌ک شت ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌ویش به‌هێزی و تۆکمه‌یی ژێرخانی ئابووری و کۆمه‌ڵگه‌ی خۆشگوزه‌ران و خه‌ڵکی خوشگوزه‌ران و وڵاتی خۆشگوزه‌رانه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ له‌ تۆ و منیش بکرێت، ئێمه‌یش هه‌ر ئه‌و وه‌رامه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌.                                                                                                                                               
له‌ کوردستانێکدا که:                                                                                                                                         
- زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی‌ ڕۆژانه به‌ ده‌ست نه‌بوونی ئه‌له‌کتریکه‌وه‌ ده‌ناڵێن و دڵۆپێک ئاوی پاکی خوارده‌نه‌وه‌ ناخۆنه‌وه،‌ یا هه‌ر بێئاون و له‌ نێو ماڵه‌کانیاندا زستانان له‌به‌ر نه‌بوون و  گرانیی سووته‌مه‌نی و نه‌وت و گاز و  به‌نزین له‌ سه‌رماندا هه‌ڵده‌له‌رزن و هاوینانیش له‌به‌ر نه‌بوونی فێنککه‌ره‌وه‌ گڕه‌ و گه‌رما ده‌یانسووتێنێت.                                                                                              
- زۆرینه‌ی جاده‌ و ڕێگه‌ و بانه‌کانی پڕن له‌ که‌ند و قۆرت و چاڵ و بێکه‌ڵکن و ڕۆژانه‌ ده‌یان که‌س به‌ کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل تێدا ده‌چن و یه‌ک ئامرازی هاتوچۆی گشتی وه‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌ر و پاس نه‌ له‌ نێوان شاره‌کانیدا و نه‌ له‌ نێو شاره‌کانیدا نییه.                                                                                
- ژماره‌ی تاکسی نێو شاره‌کانی تا دێت له‌ زیادبووندایه و دووکه‌ڵی ئه‌له‌کترێکچێکه‌ر(مولدة)ی ماڵان و فرۆشگه‌ و دوکان و جێیکار، هه‌وای نێو شاره‌کانیان پیس و ئالووده‌ کردووه‌.                                                                                                           
- هێنده‌ی رێزه‌یه‌ک گرنگیی به‌ ژینگه‌ نادرێت و ده‌لاقه‌ ڕه‌شی نایلۆن به‌ هه‌موو وڵاتدا با ده‌یهێنێ و ده‌یبا و شووشه‌ و قوتوو و زبڵ و پیسایی هه‌موو دانیشتووان ده‌خرێنه‌ نێو ئاو و ڕووبار و سه‌رجاده‌ و نێو کۆڵانه‌وه‌ بی گوێدانه‌ هیچ.                                                                                                  
- بێکاری سه‌رده‌سته‌، لێ یه‌ک میلیۆنی مووچه‌خۆری فه‌رمی لێیه‌، که‌ ده‌کاته‌ له‌ هه‌ر چوار یا پێنج که‌سی دانیشتووانی یه‌کێک ‌و ئه‌وانی دیکه‌یشی ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆری فه‌رمییش نه‌بن مووچه‌خۆری حیزبی و سه‌دان به‌زمی دیکه‌ن.                                                                                                       
- ده‌یان هه‌زار منداڵی له‌به‌ر بێباوکی یا بێدایکی یا هه‌ردووکیان و هه‌ژاری ناتوانن بخوێنن و ناچارن بۆ ژیاندن و به‌خێوکردنی خۆیان و خوشک و برا و دایکه‌کانیان کار بکه‌ن.                                                                                                  
- به‌ پێجه‌وانه‌ی هه‌موو جیهانه‌وه‌، ڕێژه‌ی مردن به‌ هۆی ده‌رمانی کۆن و کاتبه‌سه‌رچوو و نه‌بوونی تیماری باش و چاره‌سه‌ری باش و دوکتۆری باش وه‌کیه‌ک بۆ هه‌مووان، له‌ زیادبووندایه‌ و ته‌مه‌نی خه‌ڵکه‌که‌یشی تا دێت ده‌داته‌ کورتی.                                                                                                       
- به‌رنامه‌ی خوێندن و بارهێنان و فێرکردن و ئاستی خوێندنی، به‌ خوێندنی باڵا و  زانستگه‌یشه‌وه‌ گه‌لێک نزمه‌ و تا دێت نزمتریش ده‌بێته‌وه‌.                                                                                                                                                     
- کشتوکاڵی وڵاته‌که و ئاژه‌ڵداری، که‌ بنه‌ما و بنگه‌ی ئابووری وڵاته‌که‌ن، هه‌ر نه‌ماون و هه‌رچی به‌رهه‌می کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵه‌ له‌ ده‌رێی کوردستانه‌وه‌ ده‌هێنرێن و خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ وه‌به‌رهه‌مهێنانی کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵه‌وه‌ بوونه‌‌ته‌ ته‌نیا به‌کاربه‌ر و بخۆر.                                                               
- ئه‌گه‌ر ئێستایش ئه‌و خۆراکه‌ی پرۆگرامی نه‌وت له‌هه‌مبه‌ر خۆراک نه‌بێت، گرانی هه‌ڵده‌ستێت و خه‌ڵکه‌که‌ی تووشی برسیه‌تیی ده‌بێته‌وه‌.                                                                                                                                                            
- ئه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوورییه‌، داری به‌سه‌ر به‌ردییه‌وه‌ نه‌ماوه‌ و داڕزاوه‌ و داته‌پیوه‌ و یه‌کسانه‌ له‌گه‌ڵ سفردا و ئابوورییه‌کی مشه‌خوری پاشکۆ، جێی به‌رهه‌مهێنانی گرتووه‌ته‌وه.                                                                                               
- که‌رتی تایبه‌ت به‌ ده‌ستتێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و سه‌رانی حیزب و به‌رپرساندا هه‌رچی بواری ئابوورییه‌ داگیری کردووه‌ و هه‌رچی سه‌رمایه‌یشه‌ له‌ دروستکردنی هۆتیل و چێشتخانه‌ و ته‌لار و بینای بێکه‌ڵکدا به‌کار ده‌برێت و هه‌رچی پاره‌وپووڵه‌ به‌ قازانجی چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و زیانی چینه‌ هه‌ژاره‌کان خه‌رج ده‌کرێت.                                                                                                                
- زۆرینه‌ی به‌رپرسان و مووچه‌خۆرانی، شه‌وانه‌ له‌ هۆتێل و یانه‌ و بار و مه‌یخانه‌که‌ندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌وروپا بووایه‌ن حیسابی ئه‌لکوهیلیکیان بۆ ده‌کرا.                                                                                                                         
- بچووکتری کار له‌ کارگێڕییه‌کاندا ئه‌گه‌ر به‌ واسیته‌ و په‌نابردنه‌ به‌ر ده‌ستڕۆیشتوویه‌ک و ناسیاوێک نه‌بێت، ئه‌نجام نادرێت و جێبه‌جێ ناکرێت.                                                                                                                                          
- جیاوازی جینایه‌تی و جیاوازی ژن و پیاو سه‌ر تا پێی کۆمه‌ڵگه‌ی گرتووه‌ته‌وه.‌
- ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار یا سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات یا سه‌ر به‌ حیزب  یا ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌دار نه‌بن، ژیانیان گه‌لێک‌ سه‌خت ده‌گوزه‌رێ و هیج کارێکیان بۆ جێبه‌چی ناکرێت و هیچ ئازادییه‌کیان نییه‌.                                                                                                                       
- هه‌زاران لاوی وڵات جێده‌هێڵن و به‌ سه‌ر سه‌دان مه‌ترسی و دژواریدا ملده‌نێن و خۆده‌گه‌یه‌ننه‌ ئه‌وروپا.                                                                                                                  
- هه‌زاران ده‌رۆزه‌که‌ر به‌ سه‌ر جاده‌ و کۆڵانه‌کانییه‌وه‌ ده‌خولێنه‌وه‌ تا دێتیش له‌ زیادبووندان.
- گه‌وره‌ترین خانوو و ته‌لارخانه‌ی باژێڕه‌کان ماڵی ده‌سه‌ڵاتداران و باره‌گای حیزبه‌ و هه‌ر حیزبێک سه‌دان باره‌گا و خانووی تایبه‌تی هه‌یه‌ و هه‌زاران خه‌ڵکی بێخانوویش له‌ وڵاته‌که‌دا هه‌ن.                                                                                   
- گه‌نده‌ڵی و دزی و ساخته‌کاری و پۆخڵی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ ڕاده‌ی بۆگه‌نبوون و له‌ گه‌ماریدا له‌گه‌ڵ هیج وڵاتێکی جیهاندا به‌راورد ناکرێت.                                                                                                                                          
- هیچ جۆره‌ سیستم و به‌رنامه‌یه‌کی پۆست و بانک و ترافیک و ئامارێکی تێدا نییه‌.
- فه‌رهه‌نگی، زمانی، ڕه‌وشت و ئاکاری خه‌ڵکه‌که‌ی، خاکه‌که‌ی و بوونی، به‌ هۆی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه‌وه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕشه‌ و‌ مه‌ترسی له‌نێوچووندایه‌ و پاره‌یه‌کی بۆ شێواندنی فه‌رهه‌نگ و تێکدانی هونه‌ر و فه‌رهه‌نگی له‌نگ و هونه‌ری له‌نگ خه‌رج ده‌کرێت، له‌ ده‌می خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌که‌ی ده‌گیرێته‌وه‌ و له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وان ئه‌نجام ده‌درێت.                                                                                           
- ئێستایش ده‌عه‌ربێنرێت و ده‌تورکێنرێت و ده‌فارسێنرێت.
 - ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ته‌نێ له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌ودا ڕێگه‌ به‌ هه‌رچی سیخوڕ و کۆمپانیا و له‌شفرۆش و خراپه‌کاری ئه‌ملا و ئه‌ولا هه‌یه‌ ده‌دات بۆ هاتنه‌ نێو وڵاته‌وه‌.                                                                                       
- هێشتا نیوه‌ی خاکه‌که‌ی، که‌ به‌شه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌یه‌تی، داگیرکراوه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یشی له‌ قسه‌ زیاتر، یه‌ک هه‌نگاوی به‌ کرده‌وه‌  بۆ ڕزگارکردنی نه‌هاوێشتووه‌.                                                                                                                               
- به‌ نێوی داکۆکی له‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ باڵاکان و پیرۆزییه‌کانه‌وه‌، خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌که‌ی ده‌مکوت ده‌کرێت و ئه‌گه‌ر باسی کێشه‌ و ده‌رده‌سه‌رییه‌کانی خۆیان و نه‌بوونه‌ و گرانی ژیان و کڵۆڵی و ئازا‌ره‌کانی خۆیان بکه‌ن و دژ به‌ ده‌سه‌ڵات نووزه‌یه‌کیان لێوه‌ بێت، وه‌به‌ر گولله‌ ده‌درێن.                                                                                                                    
- ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و حوکوومه‌ته‌که‌ی، نوێنه‌ری چینه‌ بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داره‌کانیه‌تی و ڕۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمپانیایه‌ک ده‌بێنن و هه‌موو کارێکیان بووه‌ به‌ کردنه‌وه‌ی پێشانگه‌ و هۆتێلی گه‌وره‌ و گه‌وره‌بازاڕ و بازرگانی، که‌ ته‌نیا سوودی بۆ چینه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌که‌یه‌ و بۆ هه‌ژارانیشی زیان.                                                                                                                           
- بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ بازا‌ڕه‌کانی ئیسته‌نبوول و تاران و به‌غدا و دوبه‌ی و بازاڕێکی گه‌وره‌ بۆ  سه‌رفکردنی هه‌رچی شتی بێکه‌ڵکی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر.                                                                                                                                         
- هیچ جۆره‌ کارگه‌یه‌کی گه‌وره‌ و چێکردنێکی تێدا نییه‌ و ته‌نانه‌ت ئاوی خواردنه‌وه‌ی شووشه‌ و به‌رهه‌می کشتوکاڵیی وه‌ک ته‌ماته‌ و بیبه‌ر و گوێز و ئاروو  له‌ ده‌رێی وڵاته‌وه‌ دێت و ڕانه‌کوچۆخه‌ی دووراو و جلی ژنانه‌ و ئاڵای کوردستانیش له‌ چینه‌وه‌ ده‌هێنرێن.                                                                      ‌
- هه‌روا پارچه‌ زه‌وی یه‌ک هه‌زار و دوو هه‌زار و پێنجسه‌د و چه‌ندسه‌د میترییه‌ ده‌درێت به‌م و به‌وی ده‌ستوپێی ده‌سه‌ڵات و یه‌ک   پرۆژه‌ی گشتی بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی خانوو و نیشته‌جێی تێدا نییه‌ .                                                                     .
- ئابووری وڵات و بودجه‌ی وڵات و ته‌واوی پاره‌وپووڵی وڵات له‌ نێوان دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری پارتی و یه‌کیه‌تییدا دابه‌ش ده‌کرێت و هیچ تاکێکی وڵاتیش ئاگاداری چۆنیه‌تیی خه‌رجکردن و به‌شینه‌وه‌ی سامانی نه‌ته‌وه‌یی، که‌ له‌ بنه‌ڕتدا هی خه‌ڵکه‌، نییه‌[1].                                                                        
- ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بۆ خۆی میلیۆنێر وه‌به‌رهه‌مدێنێت و دروست ده‌کات و هیچ سنووریک بۆ مووچه‌ و پاره‌ و مه‌سره‌فی به‌رپرسانی نییه‌ و هه‌رکه‌سێک که‌ ده‌بێته‌ ده‌سه‌ڵاتدار و حوکوومه‌ت و وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان و به‌رپرسی حیزبی و و به‌رپرسی کارگێڕی و حوکوومه‌تی و ده‌سگاگانی سه‌ر به‌ حیزب، ئیدی بێجگه‌ له‌ مووچه‌یه‌کی خه‌یاڵی، که‌ وه‌ریده‌گرێت، به‌ لێشاو پاره‌یش‌ ده‌خرێته‌ ژێر ده‌ستییه‌وه‌ و له‌ سه‌رفکردندا ده‌ستی کراوه‌یه. به‌و جۆره‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی میلیۆنێر دروستده‌کرێت.‌                                 
- ئه‌مانه‌ و هه‌زار ده‌رده‌سه‌ری و به‌دبه‌ختی دیکه‌ی تێدایه‌، جه‌لال تاڵه‌بانی باس له‌ به‌هیزیی ئابووری کوردستانه‌وه‌ ده‌کات و شانازی به‌ بوونی 20 میلیاردێر و 2000 میلیۆنێری شاری سلیمانییه‌وه[2]‌ ده‌کات و بوونی ئه‌وانه‌ به‌ به‌هێزیی ئابووری وڵات داده‌نێت. له‌ گه‌شته‌که‌یدا بۆ پاریس له‌ مانگی یازده‌یه‌می 2006دا جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌و قسانه‌ی بۆ (مه‌دام میتران)ی فرانسا کردووه‌ و گوتویه‌تی:" ئابووری هه‌رێمی کوردستان به‌ ڕاده‌یه‌ک‌ به‌هێزه‌ که شاری سلێمانی 20 میلیاردێر و 2000 میلیۆنێری تێدایه‌"[3].‌                                                                                            
هیچ پێده‌چێت ئه‌وه‌ پێناسه‌ی که‌سێک بێت بۆ "به‌هێزیی ئابووری"، که‌ له‌ ته‌مه‌نی سێزده‌ ساڵانه‌وه‌ و له‌ ساڵی 1946ه‌وه‌، که‌ تا ئێستا ده‌کاته‌ 61 ساڵ خه‌ریکی سیاسه‌ت بووبێت، یا ئه‌وه‌ بۆچوونی که‌سێکه‌، که‌ هه‌موو ژیانی خه‌ریکی بازرگانی و خستنه‌گه‌ڕی پاره‌ و سه‌رمایه‌ و وه‌دووی پاره‌ که‌وتوو و بازاڕی و حاجیاغایی بووبێت و ئه‌گه‌ر سیاسه‌تیشی کردبێت هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی کردبێت. ئه‌وه‌ پێناسه‌ی سه‌رمایه‌دارێکی بازاڕه‌کانی شۆرجه‌ و کووچه‌ی مه‌روی و حه‌میدییه‌ و ئیسته‌نبووله‌، که‌ زۆربوونی ده‌وڵه‌مه‌ند و بوونی میلیۆنێر و میلیاردێر به‌لایانه‌وه‌ یه‌کسانه‌ به‌ ڕاده‌ی به‌هێزیی ئابووری وڵات.                                                                                                                       
 بوونی 20 میلیاردێر و 2000 میلیۆنێر له‌ سلێمانیدا،  ڕاده‌ی به‌هێزبوونی ئابووری کوردستان ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵکه‌ ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌  نیشانه‌ی لاوازی ئابووری کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت. چونکه‌ ئه‌وانه‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌می خه‌ڵکن و نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ ناکه‌ن و بوونی ئه‌وان له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێسه‌روبه‌ری، بێ ژێرخانی ئابووری،  وه‌ک کوردستان ده‌کاته‌ زیادبوونی دزی و ساخته‌کاری و چه‌وساندنه‌وه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون به‌ ڕێگه‌ی ناڕاست و فریودان‌. په‌یدابوونی ئه‌و میلیاردێر و میلیۆنێرانه‌، له‌م ماوه‌ کورته‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتیی و یه‌کیه‌تییدا،  نیشانه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو حیزبه‌یه‌، که‌ به‌ پێکهاتن و به‌ به‌شداربوون له‌گه‌ڵ ئه‌و  سه‌رمایه‌دارانه‌دا و به‌ هه‌ردوویان ته‌واوی ئابووری وڵات ده‌خۆن. بوونی ئه‌و میلیاردێر و میلیۆنێرانه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت، که‌ خه‌ڵکی کوردستان تێر و پۆشته‌ و خۆشگوزه‌رانن، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ ئه‌وانه‌ له‌ سه‌ر حیسابی خه‌ڵکی هه‌ژار و به‌ خواردنی به‌شی ئه‌وان و به‌ به‌کاربردنی ئه‌وان و به‌ فریودانی ئه‌وان بوونه‌ته‌ میلیاردێر و میلیۆنێر. هیچ میلیاردێر و میلیۆنێرێک بێ دزیکردن نابێته‌ میلیاردێر و میلیۆنێر. هیچ ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ک بێ خواردنی به‌شی خه‌ڵکی دیکه‌ و بێ دزی دروست نابێت. بوونی 20 میلیاردێر و 2000 میلیۆنێر نیشانه‌ی دزی و ڕووتاندنه‌وه‌ و تاڵانکردنی خه‌ڵکه‌، نه‌ک به‌هێزیی ئابووری. بوونی 20 ملیاردێر و 2000 ملیۆنێر که‌ی به‌هێزیی ئابووری ده‌گه‌یه‌نێت! کام یه‌کێک له‌و ملیاردێر و ملیۆنێرانه‌ له‌ یه‌ک دیناری برێمه‌ری خۆی خۆش ده‌بێت بۆ برسییه‌ک، هه‌ژارێک، بێوه‌ژنێکی که‌سوکار ئه‌نفالکراو، ده‌رده‌دارێکی گیرفانبه‌تاڵ، منداڵێکی بێباوک و بێدایک، که‌ ناچێته‌ به‌ر خوێندن و ده‌چێت کار ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی دوو سێ خوشک و برای بژێنێت. بوونی ئه‌و میلیاردێر و میلیۆنێرانه‌ چ سوود و قازانجێک به‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار و چینه‌کانی خوارێی جڤاکی کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت و به‌وان چی[4]!                                                                                
ئه‌گه‌ر که‌سێک خاوه‌نی ڕابوردوویه‌کی سیاسی بووبێت و ساڵانێک خه‌ڵکی به‌ قسه‌وباس و بانگاشه‌ی"سۆسیالیزم و مارکسیزم و ماویزم و ملانێی چینایه‌تی"یه‌وه‌ خه‌ریک کردبێت[5]، هه‌رگیز به‌و جۆره‌ بیر ناکاته‌وه‌. ئه‌مه‌ی که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی بانگاشه‌ی بۆ ده‌کات، پێڕۆکردنی "تاتچه‌ریزم" و "تایبه‌تاندنی هه‌موو بواره‌کانی ئابووری ژیان" و "بازاڕی ئازاد"ه‌، که‌ تێڕاونین و فه‌لسه‌فه‌ی نوێلیبه‌رالیزم یا نۆلیبه‌رالیزم (New Liberalism)ه، که‌ له‌ به‌کاربردنی مرۆڤ و تاساندن و پێشێلکردن و کوشتنی  خه‌ڵکی هه‌ژار و پتر هه‌ژارکردنیان و زاڵکردنی سه‌رمایه‌دار و پتر ده‌وڵه‌نبوونیان و تاڵانکردنی سامان و وێرانکردنی جڤاک و ژینگه زیاتر، چ خێر و سوودێکی بۆ مرۆڤایه‌تی نه‌بووه‌ و نییه‌.                             
ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌ ژیانیدا هیج سیاسه‌تیشی نه‌کردبێت، به‌ ئاسانی له‌و هاوکێشه‌یه‌ تێده‌گات، که‌ بوونی ئه‌و ژماره‌ میلیاردێر و ملیۆنێرانه‌ی سلێمانی ناکاته‌ به‌هێزیی ئابووری کوردستان. هیچ زله‌سیاسه‌تکارێکی ته‌نانه‌ت وڵاته‌ سه‌رمایه‌دارییه‌کانی وه‌ک ئه‌مه‌ریکا، ئینگلستان،  فرانسه‌،  ئه‌ڵمانیا و ژاپۆنییش، هه‌رگیز زۆربوونی میلیاردێر و میلیۆنێر به‌ تۆکمه‌یی و به‌هێزی ئابووری وڵاته‌کانیان دانانێن. جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌ به‌رک و جزدان و کیسه‌ی پڕ و هه‌ڵاوساوی خۆیه‌وه‌ ده‌نۆڕێته‌ ئابووری کوردستان. ئه‌و بۆ خۆی ئه‌گه‌ر له‌ ڕیزی میلیاردێره‌کانی کوردستاندا نه‌بێت، ئه‌وا له‌ ڕیزی میلیۆنێره‌کانیدایه‌. خه‌ڵکانی له‌و جۆره‌یش ته‌نێ هاوتای خۆیان ده‌بینن و ده‌دۆزنه‌وه‌ و هه‌ژار و برسی و نه‌دار و گیرفانبه‌تاڵی وڵات بۆ ئه‌وان"کیسه‌ڵ و قرژانگ"ن[6].                                                                                             
وڵاتێک یا کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌کیه‌ک سوودمه‌ند نه‌بن له‌ داهات و خزمه‌ت و به‌رهه‌می و ئه‌گه‌ر ته‌واوی بنه‌ما و پێویستییه‌کانی ژیان بۆ هه‌موو تاکێکی خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌کیه‌ک و بێجیاوازی دابین نه‌کرێت و ئه‌گه‌ر ته‌واوی خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ هه‌موو ماف و ده‌سکه‌وت و به‌رپرسیاریه‌تیی و ده‌سه‌ڵات و بڕیاردانێکدا هاوتا و یه‌کسان نه‌بن و ئه‌گه‌ر هه‌موو تاکه‌کانی چوونیه‌ک ئازاد و خاوه‌نی قسه‌ و  بیروڕای خۆ نه‌بن، ئه‌گه‌ر هه‌موو تێر و پۆشته‌ و خاوه‌ن کار و خانووی خۆ نه‌بن و ئه‌گه‌ر هه‌موو وه‌به‌ر بیمه‌ی بێکاری و پیری و که‌نه‌فتی و سه‌قه‌تی نه‌که‌ون و ئه‌گه‌ر سامانی وڵات بۆ هه‌مووان نه‌بێت،  هه‌رگیز به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی خۆشگوزه‌ران ناژمێردرێت. که به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی خۆشگوزه‌ران نه‌ژمێردرا، ئابوورییه‌که‌یشی به‌ به‌هێز و تۆکمه‌ ناژمێردرێت.                                                                                                

10-2-2007




[1] بودجه‌ی ساڵی 2007ی کوردستان، که‌ له‌ حوکوومه‌تی به‌غداوه‌ بۆی ته‌رخان کراوه‌، 5982356047  دۆلاره‌، واته: یه‌ک قیچ له‌ شه‌ش میلیار دۆلار که‌متر، که‌ له‌نێوان هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا، به‌ ڕێژه‌ی 52%ی بۆ پارتیی دیموکراتی کوردستان و 48% بۆ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، وه‌ک حیزب، دابه‌ش ده‌کرێت. ئه‌و بودجه‌یه‌ بۆ خۆی بۆ حوکوومه‌تی کوردستان دانراوه بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتی پێ بباته‌ڕێوه‌ و خزمه‌تی خه‌ڵکی پێ بکات‌، به‌ڵام له‌ کوردستان کیسه‌ و باخه‌ڵی حوکوومه‌ت و پاره‌ی خه‌ڵکیش هه‌ر هی حیزبه. ‌هه‌ر به‌ قسه‌ی به‌رپرسانی دارایی ئه‌و حیزبانه، ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌ داهاتی نێوخۆی کوردستانه‌وه‌ ده‌گاته‌ 8000000000 (هه‌شت میلیار) دۆلار. بنۆڕه‌ ماڵپه‌ڕی ئاوێنه‌ www.awene.com.
 [2]‌ حه‌فته‌نامه‌ی "میدیا" و هه‌ندێک ماڵپه‌ر و بڵاوکراوه‌ی کوردی، که‌ ساڵی پار ئه‌و هه‌واڵه‌یان په‌خش کرده‌وه‌، ژماره‌ی ئه‌و میلیاردێرانه‌یان به‌ 35 که‌س و میلیۆنێره‌کانیشیان به‌ پتر له‌ یه‌ک هه‌زار دانابوو.                                                  
 ، ماڵپه‌ڕی ئاوێنه‌، 2-2-2007. www.awene.com [3]
[4] ده‌ڵێن که‌سێک به‌ هه‌ڕا و هه‌ڵه‌داوان هات و چووه‌ به‌رده‌م مه‌لا نه‌سره‌ددین و گوتی مامۆستا ئه‌وه‌ له‌و کۆڵانه‌ی ئه‌ولایه‌ حه‌ڵوا و شیرینی ده‌به‌شنه‌وه‌. مه‌لایش گوتی: جا به‌ من چی! کابرا گوتی: ئاخر بۆ کۆڵانه‌که‌ی ئێوه‌ و بۆ به‌ر ماڵی ئێوه‌ چوون. مه‌لا گوتی: جا به‌ تۆ چی!                                                                                                              
‌[5] ساڵانی1966-1971 که‌لار مۆڵگه‌یه‌کی به‌هێزی جه‌لالی بوو. چه‌کدارێکی زۆری لێبوو و سه‌رانی جه‌لالییش به‌رده‌وام له‌وێ بوون و ئه‌گه‌ر له‌وێیش نه‌بووایه‌ن، له‌نێوان به‌کره‌جۆ و داره‌مان و به‌غدادا ته‌راتێنیان ده‌کرد. له‌ که‌لار کابرایه‌ک به‌ نێوی "مینه‌ی تاماس" هه‌بوو. پیاوێکی ئاسایی و هه‌ژار و بڕێک قسه‌قوت بوو. ڕۆژێکی هاوینی ئه‌و گه‌رمیانه‌، مینه‌ی تاماس، ده‌ستێک چۆخه‌وڕانه‌کی له‌ گونیێ(یا گوێنی وه‌ک له‌ سلێمانی پێی ده‌ڵێن) دروستکراو له‌به‌ر ده‌کات و له‌ کۆڵان داده‌نیشێت. باسی مینه‌ی تاماس و چۆغه‌وڕانه‌که‌که‌ی ده‌گاته‌وه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی و تاڵه‌بانییش ده‌نێرێته‌ دووی مینه‌ی تاماسدا. تاماس له‌به‌رده‌م تاڵه‌بانی ئاماده‌ ده‌بێت و تاڵه‌بانی لێی ده‌پرسێت: ئه‌ری مینه‌ ئه‌و جله‌ چییه‌ له‌به‌رت کردووه‌؟ مینه‌ی تاماسیش ده‌ڵێ: جا مامه‌ مه‌گه‌ر تۆ هه‌مووده‌م باسی پرۆلیتار ناکه‌یت، ده‌ی ئه‌مه‌ جلی پرۆلیتاره‌!                                                                                                              
[6] (خه‌لیفه‌عه‌بدوڵڵا)یه‌ک هه‌بوو خه‌ڵکی دێی (گۆبان)ی گه‌رمیان و جافی گڵاڵی و خه‌لیفه‌ی شێخانی قه‌ره‌چێواری ته‌ریقه‌تی قادری بوو. که‌ تووڕه‌ ده‌بوو و ده‌که‌وته‌ نێو حاڵه‌وه‌، به‌ ده‌نگی به‌رز و هاواره‌وه‌ ده‌یقیڕاند و ده‌یزریکاند و زۆر به‌ خێرایی و چه‌ندین جار له‌سه‌ریه‌ک، وه‌ک کاسێتێک که‌ تێکده‌چێت، ده‌یگوت:"ئێمه‌ کێسه‌ڵ و قرژانگین، ئێمه‌ کێسه‌ڵ و قرژانگین". ئه‌و وه‌ک جاف به"کیسه‌ڵ" ده‌یگوت "کێسه‌ڵ" و مه‌به‌ستی له‌و ڕسته‌یه‌یش، بچووکی مرۆڤ و هیچوپووچیی بوو به‌رانبه‌ر گه‌وره‌یی خودا.  
                              

Wednesday, January 31, 2007

ئیدی وا دێره‌ بۆ که‌رکووک

ئیدی وا دێره‌ بۆ که‌رکووک

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ شاری له‌نده‌ن و له‌ هۆڵیکی زانستگه‌ی له‌نده‌ن، له‌ نێزیکی وێستگه‌ی قه‌تاری ژێرزه‌وینی ڕه‌سڵ سکوێر(Russel Square)، له‌ ڕۆژی21-1-2007 دا، چه‌ند که‌سێک بۆ ماوه‌ی شه‌ش سه‌عات و نیو کۆبوونه‌وه‌ و قسه‌وباسیان کرد. به‌شێک له‌و که‌سانه‌ له‌ کوردستانه‌وه‌ هاتبوون و به‌شێکیشیان له‌ ئه‌وروپا ده‌ژین. خه‌ڵکانێکی زۆر که‌م و دیاریکراوی دانیشتووی شاری له‌نده‌نیش، که‌ پێوه‌ندێکیان به‌ کۆمه‌ڵه‌ی کوردی و ئه‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌، نامه‌ی تایبه‌تی بانگهێشتنیان بۆ نێردرابوو‌ و بانگکرابوون بۆ ئاماده‌بوون له‌و دانیشتنه‌دا. خڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ بۆ باسکردنی پرسی که‌رکووک و بڕگه‌ قانوونی 140‌ بوو. ئه‌وه‌یشی ئه‌و جڤینه‌که‌ی سازکردبوو، ده‌سته‌یه‌ک بوون‌ به‌ نێوی"ده‌سته‌ی پشتیوانیی که‌رکووک".  تا ڕۆژی دوای کۆتایی ئه‌و جڤینه‌ هیچ میدیایه‌کی کورد چ له‌ کوردستان و چ له‌ ده‌رێی کوردستان، تاکه‌ یه‌ک وشه‌یشیان له‌مه‌ڕ ئه‌و‌ جڤینه‌وه‌ نه‌نووسی‌ و په‌خش نه‌کرده‌وه‌‌. دوای ته‌واوبوونی جڤینه‌که‌ له‌ ماڵپه‌ری ئینته‌رنێتی یه‌کگرتووی ئیسلامیدا باسکرا، ئه‌ویش له‌ باسی یه‌کێک له‌ به‌شداربووانی جڤینه‌که‌دا، که‌ وه‌زیرێکی سه‌ر به‌ یه‌کگرتووی ئیسلامی بوو و دۆکتۆر نووری تاڵه‌بانییش، که‌ بۆ خۆی یه‌کێک بوو له‌ به‌شداربووانی ئه‌و جڤینه‌، ئه‌و گوتاره‌ی که‌ له‌ جڤینه‌که‌دا خوێندبوویه‌وه‌، بڵاو کرده‌وه‌. به‌ ‌ماڵپه‌ڕه‌که‌ی یه‌کگرتوو و گوتاره‌که‌ی دۆکتۆر تاڵه‌بانی، من بۆ خۆم ئاگاداری ئه‌و هه‌واڵه‌ بووم.
دوو مانگێکی تر ده‌کاته‌ چوار ساڵ، حوکوومه‌تی به‌عس ڕووخاوه‌ و که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش "ئازاد" کراون، به‌ڵام چ ئازادییه‌ک! سه‌رانی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌که‌می چوونه‌ نێو که‌رکووکیانه‌وه‌، به‌ سیاسه‌تێکی دووناسیاسه‌ت  و دووفاقی و دووحیزبی و دووده‌سه‌ڵاتی و ناته‌با و بێبه‌رنامه‌ و بێنه‌خشه‌وه‌ چوونێ.
به‌ گوێره‌ی هه‌ردوو قانوونی 58 و 140ی شه‌رمهێنه‌ر و نه‌فره‌تلێبووی ده‌ستووره‌که‌ی عیراق‌، که‌ سه‌رانی کورد هه‌ر به‌ مۆرکردنی و قایلبوون پێی، به‌وه‌ی چاره‌نووسی که‌رکووک به‌ ده‌نگدان و ڕاخوازیی یه‌کلا بکرێته‌وه‌، بۆ خۆیان کوردستانیبوونی که‌رکووکیان خسته‌ ژێر گومانه‌وه‌ و ده‌ستبه‌رداری مێژوویه‌کی سه‌دان ساڵه‌ و ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر و گومانلێنه‌کراوی وه‌ک کوردستانیه‌تیی که‌رکووک بوون.
به‌ گوێره‌ی قانوونی 140ی نه‌فره‌تلێبوو و سروشتاندنی ڕه‌وشی که‌رکووک، ده‌بێ تا کۆتایی مانگی سێیه‌می 2007، ته‌واوی ده‌ڤه‌ر و شارۆچکه‌ دابڕاوه‌کانی ئوستانی که‌رکووک، وه‌ک خورماتوو، کفری، که‌لار و چه‌مچه‌ماڵ بگێڕدرێنه‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک، به‌ڵام تا ئێستا یه‌ک گوند، یه‌ک کۆڵان، یه‌ک میتر خاک و تاکه‌ یه‌ک ماڵی ئه‌و شوێنانه‌ نه‌گێڕدراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک و کۆتایی مانگی سێیه‌میش که‌متر له‌ دوو مانگی ماوه‌!
به‌ گوێره‌ی قانوونی 140ی نه‌فره‌تلێبوو، ده‌بێ له‌ پێش کۆتایی ساڵی 2007دا، ته‌واوی کوردی ئاواره‌ و وه‌ده‌رنراو له‌ که‌رکووک بگێڕدرێنه‌وه‌ که‌رکووک و عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ی[1] سه‌رده‌می به‌عس و عه‌ره‌باندنیش بگێڕدرێنه‌وه‌ خاک و وڵاتی خۆیان، لێ تا ئێستا وه‌ها کارێک نه‌کراوه‌ و هه‌رچی عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ن هه‌ر له‌ که‌رکووکن و ئاواره‌ی که‌رکووکیش ئه‌گه‌ر به‌شێکیشی گه‌ڕابێته‌وه‌، له‌ خاک و ماڵی خۆیاندا(که‌رکووک) ئه‌وان هه‌ر ئاواره‌ن و له‌ خراپترین ڕه‌وشدا ده‌ژین.
به‌ گوێره‌ی قانوونی 140ی نه‌فره‌تلێبوو، ده‌بێ دوای گێڕانه‌وه‌ی شارۆچکه‌ و ده‌ڤه‌ره‌ قرتاوه‌کانی که‌رکووک بۆ سه‌ر که‌رکووک و دوای گێڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندن بۆ وڵاتی خۆیان و دوای گێڕانه‌وه‌ی کوردانی ئاواره‌ بۆ که‌رکووک، ئامار و سه‌رژمێرییه‌ک ئه‌نجام بدرێت. ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ ده‌بێ پێش کۆتایی 2007 بکرێن، لێ هێشتا یه‌که‌م هه‌نگاو بۆ یه‌که‌م کار نه‌نراوه‌!
سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌ که‌رکووک تا ئێستا ناوه‌ به‌عسی و عه‌ره‌بێنراوه‌کانی یه‌ک گه‌ڕه‌ک و یه‌ک جاده‌ی که‌رکووکیان نه‌گۆڕیوه‌. میدیاکانی کوردستان به‌ ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌ و ته‌نانه‌ت ماڵپه‌ڕی حیزبه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی کوردیشه‌وه‌ تا ئێستا زۆر بێشه‌رمانه‌ و بێئاوڕووانه‌ و بێ ئه‌وه‌ی هیچ بیرێکی لێ بکه‌نه‌وه‌، که‌ باسی گه‌ڕه‌که‌کانی که‌رکووک ده‌که‌ن و نێویان ده‌به‌ن، هه‌ر ناوه‌ به‌عسی و عه‌ره‌بێنراوه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس به‌کار ده‌به‌ن. بۆ نموونه‌ ده‌ڵێن: گه‌ڕه‌کی ئه‌لعورووبه(العروبة)‌، گه‌ڕه‌کی ئه‌لواسیتی(الواسطي)، گه‌ڕه‌کی ئه‌لموسه‌ننا (المثنی)، گه‌ڕه‌کی ئه‌لجاحیز(الجاحظ)، گه‌ڕه‌کی ئه‌لحوڕییه(الحریة)‌، گه‌ڕه‌کی ئه‌لحه‌ججاج(الحجاج)، دوورلئه‌من(دورالامن)، گه‌ڕه‌کی ئه‌ششورته(الشرطة)‌ و....له‌ هه‌موویش دزێوتر و ناحه‌زتر، گه‌ڕه‌کی ئه‌لبه‌عس(البعث)، له‌ کاتێکدا که‌ نێوی به‌عس له‌ هیچ شوێنێکی عیراق و له‌ نێو عه‌ره‌بی عیراقیشدا نه‌ماوه، که‌چی له‌ که‌رکووک، به‌ سایه‌ی سه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه‌ هه‌ر ماوه‌ و بۆ خۆیان،‌ وه‌ک بڵێی له‌ زاریان خۆش بێت، هه‌ر ده‌یڵێنه‌وه‌!
به‌ گوێره‌ی قانوونی 140ی نه‌فره‌تلێبوو، کێشه‌ی که‌رکووک له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا و عیراقییانه‌ و به‌ هاوئاهه‌نگیی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عیراقی و نه‌ته‌وه‌جیاواز و هێزه‌جیاوازه‌کاندا چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. تورکیایش هه‌میشه‌ وه‌ک "مشته‌ی نێو هه‌مبانه‌که" ئاماده‌یه‌ و له‌سه‌ر پێیه‌ و هه‌رده‌م مرخی له‌ که‌رکووک خۆش کردووه‌ و به‌ هی خۆی ده‌زانێت و پشتی شۆڤینیستانی تورکمانی که‌رکووک ده‌گرێت و له‌گه‌ڵ هه‌موو ‌‌جیهاندا و ته‌نانه‌ت له‌ته‌ک شه‌یتانیشدا دژی کورد هاریکاریی ده‌کات، که‌چی سه‌رانی کورد ناتوانن بۆ یه‌ک جاریش، ئه‌گه‌ر وه‌ک کورد، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌نده‌ ئابووری و پێوه‌نده‌کانیان له‌گه‌ڵ تورکیادا ناوێرن، هه‌ر هیچ نه‌بێت"عیراقییانه‌" و بڕێک به‌ توندیی به‌رپه‌رچی تورکیا بده‌نه‌وه. سه‌رانی کورد‌ بۆ خۆیان ماف به‌ تورکیا ده‌ده‌ن و ڕێگه‌ی بۆ خۆش ده‌که‌ن، که‌ خۆ له‌ پرسی که‌رکووک هه‌ڵقورتێنێت و خۆ به‌ خاوه‌نی که‌رکووک بزانێت. به‌وه‌ی که‌ هه‌ر جا نا جارێک بانگهێشتنی تورکه‌کان ده‌که‌ن بۆ "سه‌ردانی که‌رکووک و ئاگاداربوون له‌ نزیکه‌وه‌ له‌ ڕه‌وشی تورکمانه‌کان و که‌رکووک"[2]، بۆ خۆیان تورکیا ده‌که‌نه‌ خاوه‌نی که‌رکووک یا هیچ نه‌بێت خاوه‌ن به‌ش له‌ که‌رکووک. ئه‌گه‌ر که‌رکووک، وه‌ک سه‌رانی کورد مۆریان کردووه‌، پرسێکی عیراقییه‌، ئیدی تورکیا چ مافێکی به‌سه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌! سه‌رانی کورد ئه‌گه‌ر بڕێک بوێر بووایه‌ن و چاوه‌خواری به‌رژه‌وه‌نده‌ ئابووری و پێوه‌ند و گرێدراوییه‌کانیان له‌گه‌ڵ تورکیادا نه‌بووایه‌ن، ئه‌وا به‌ هێنانه‌گؤڕێی باسی ڕه‌وشی باکووری کوردستانی بنده‌ستی تورکیا له‌گه‌ڵ تورکه‌کاندا و به‌ دنه‌دانی په‌که‌که‌ و خه‌ڵکانی دیکه‌ی دژ به‌ تورکیا، تورکیایان هه‌راسان و که‌لله‌یی ده‌کرد و گوشاره‌که‌ی سه‌ر خۆیانیش، که‌ هه‌میشه‌ وه‌ک گیسکه‌که‌ی هه‌یاسی لێکردوون، که‌م ده‌کرده‌وه.‌  
ئه‌وه‌ی بۆ میلیۆنان کورد و  بۆ من جێی پرسیاره‌، پرسێکی چاره‌نووسازی وه‌ک که‌رکووک، که‌ گرنگترین پرسی سیاسی و مه‌زنترین کێشه‌ و ئاڵۆزترین گرێکوێره‌ی نێوان خه‌ڵکی کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و حوکوومه‌تی نێوندیی عیراق بووه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا و له‌وه‌تی عیراق دامه‌زراوه‌، چۆن وه‌ها له‌ هۆڵێکی داخراوی شارێکی ئه‌وروپاییدا و له‌ نێو بازنه‌یه‌کی داخراوی چه‌ند که‌سێکدا، که‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌ر هه‌موو به‌ڵام زۆریان، سه‌روسه‌ودایه‌کیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و حیزب و ده‌سگا و کارگێڕییه‌کانی کوردستاندا هه‌یه‌، ده‌خرێته‌ به‌رباس و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت! دیاره‌ من گومانم له‌ دڵسۆزیی و شه‌که‌تبوونی هیچ یه‌کێک له‌و هێژایانه‌ نییه، لێ به‌ من ‌پرسی که‌رکووک، پرسی ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانه‌ و پرسی خه‌ڵکه‌ و پرسی مرۆڤی ئاسایی کورد و ناکوردی کوردستانه‌. پرسی که‌رکووک، پرسێکه‌ پێوه‌ندی به‌ ته‌واوی مرۆڤه‌کانی دانیشتووانی کوردستان، ته‌واوی کوردستانه‌وه، هه‌یه‌ و هه‌موو که‌س بۆی هه‌یه‌ و ده‌بێت له‌ باسکردنی و قسه‌له‌سه‌رکردنیدا به‌شدار بێت. پرسی که‌رکووک، ده‌بێ له‌ پرسی نێو  هۆڵی داخراو و بازنه‌ی داخراو و کۆڕی حیزب و گرۆ و کارگێڕی و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، بکرێته‌ پرسی خه‌ڵک، پرسی ته‌واوی خه‌ڵک، پرسی نێو جاده‌ و کۆڵان و گه‌ڕه‌ک و کارگه‌ و کێڵگه‌ و خێزان و خوێندنگه‌ و پرسی هه‌ژار و ئاواره‌ و چینه‌ داڕزاوه‌کانی کوردستان.
سه‌رکردیه‌تیی سیاسی کوردستان، زۆر دره‌نگئاخێزانه‌ و خاووخلیچکانه‌ ده‌جووڵێته‌وه و ‌ به‌ مه‌به‌ست یا بێ مه‌به‌ست، به‌م ڕه‌وته‌ کیسه‌ڵییه‌ی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی له‌ کوردستان قرتێنراو بۆ سه‌ر کوردستان، که‌ له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا هیچ نه‌کراوه‌ و له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵی 2007 ه‌دا ده‌بێ هه‌موو کاره‌کان ته‌واو بن، هه‌رگیز پێناچێت به‌م ماوه‌ کورته‌ فریای هیچ بکه‌وێت و پێده‌چێت گه‌لێک دێر بێت.
من به‌ ده‌ستی خۆم نییه‌ و خۆیشم به‌ ناڕاست نازانم و پێشموایه‌ ته‌واوی خه‌ڵکی‌ کوردستانیش، بێجگه‌ له‌ خه‌ڵکانی ده‌سه‌ڵات و سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبییان، وه‌ک من بیر ده‌که‌نه‌وه‌، گومانم له‌ ڕاستگۆیی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و دڵسۆزیی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد هه‌یه‌، له‌مه‌ڕ پرسی که‌رکووک. ئه‌وه‌ی بۆ ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان و بۆ من جێی پرسیاره‌ و سه‌رێشه‌م بۆ دروست ده‌کات و نیگه‌رانم ده‌کات ئه‌وه‌یه‌،  ئه‌گه‌ر له‌ ده‌نگدان و ڕاخوازی و ڕیفراندۆمه‌که‌دا دۆڕان و که‌رکووک "به‌ قانوون" نه‌گێردرایه‌وه‌ سه‌ر کوردستان و له‌ کوردستان به‌ ته‌واوی قرتێنرا، ئیدی ته‌واو"ئاو بێنه‌ ده‌ست بشۆ"! ئه‌وده‌می چ ده‌ڵێن و چۆن به‌رسڤی نه‌وه‌کانی داهاتووی کورد و مێژوو ده‌ده‌نه‌وه‌!!! سه‌رانی کورد، ئه‌گه‌ر تا ئێستا نه‌یانزانیوه‌، یا خۆیانی لێ گێل ده‌که‌ن، گه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌ بزانن، که‌ که‌رکووک به‌ قانوون نه‌ عه‌ره‌بینراوه‌ و به‌ قانوونیش ناگه‌ڕێته‌وه‌ و  ناکرێته‌وه‌ کوردستان، به‌ڵکه‌ که‌رکووک بۆ خۆی کوردستانه‌ و هه‌موو منجه‌منج و لێوه‌له‌رزه‌ و گومان و سازشکارییه‌ک له‌سه‌ر کورردستانیبوونی که‌رکووک، ناپاکییه‌ به‌رانبه‌ر گه‌وره‌ترین پرسی گه‌لی کوردستان[3].  

31-1-2007
   



 [1] ئه‌گه‌ر به‌ عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنی که‌رکووک بگوترێ"هاورده‌" ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ بۆ که‌رکووک هێنراون. من که‌ ده‌ڵێم "هه‌نارده‌" مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ لایه‌ن ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌ نێردراون و به‌عس هه‌ناردوونی. هیچ یه‌کێک له‌و دوو وشه‌یه‌ هه‌ڵه‌ نییه‌.                                                                                 
[2] چه‌ندین جار جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ خۆی بانگهێشتنی شاندی تورکی بۆ که‌رکووک کردووه‌. له‌م به‌ینه‌یشدا عه‌دنان موفتی، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستانیش، بانگهێشتنی تورکانی کرده‌وه‌ بۆ که‌رکووک. بانگهێشتنی تورکان بۆ که‌رکووک، کراوه‌یه‌ و سه‌رانی کورد هه‌میشه‌ئاماده‌ن له‌ خزمه‌تیاندا بن.
[3] که‌ ده‌گوترێ پرسی که‌رکووک، مه‌به‌ست ته‌واوی که‌رکووک و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانی تریشه‌، وه‌ک مووسڵ(ته‌واوی مووسڵ) و مه‌خموور و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و شاره‌بان و  به‌دره‌ و جه‌سسان و به‌شێکیش له‌ ئوستانی کووت.                                                                                                          

Saturday, January 27, 2007

فایلداره‌ ئاشکراکان

فایلداره‌ ئاشکراکان

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ڕۆژانی 7-8 مانگی یه‌که‌می ساڵی 2007 یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، خڕبوونه‌وه‌یه‌کی به‌ نێوی "پلینیۆم" به‌ سه‌رۆکایه‌تیی جه‌لال تاڵه‌بانی، سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی، له‌  قه‌ڵاچوالان(سلێمانی) ساز کرد. ئه‌و خڕبوونه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک ساز کرابێت، کارێکی که‌ ئه‌نجامی دا، به‌ فه‌رمی و به‌ ئاشکرا لابردنی تۆمه‌تی سیخوڕیی له‌سه‌ر و لێخۆشبوون بوو له‌ جه‌ند ئه‌ندامیکی سه‌رکرده‌یه‌تیی یه‌کیه‌تیی، که‌ به‌ فایلدار ناسرابوون. ئه‌و که‌سانه‌: سه‌عدی پیره‌، شاڵاوی عه‌لی عه‌سکه‌ری، مسته‌فا چاوڕه‌ش و ئاسۆ ئه‌ڵمانی بوون. ئه‌وه‌ی له‌و خڕبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌نجام درا بێجگه‌ له‌ گاڵته‌جاڕی و خۆڵکردنه‌ نێو چاوی خه‌ڵک زیاتر شتێکی دیکه‌ نه‌بوو، چونکه‌:                                                                                
1. ئه‌و فایلدارانه‌، که‌ به‌ حیساب له‌و جڤینه‌دا له‌ تاوانه‌کانیان خۆش بوون، ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌ی که‌ تۆمه‌ته‌که‌یشیان له‌ سه‌ر بوو، هه‌رگیز له‌ ده‌رێی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی نه‌بوونه‌ و به‌رده‌وامیش کاره‌ حیزبی و  کارگێرییه‌ فه‌رمی و سیاسییه‌کانی خۆیان وه‌ک ئه‌ندامگه‌لێکی یه‌کیه‌تیی هه‌ڵسووڕاندووه‌‌. هه‌ر بۆ نموونه‌، سه‌عدی پیره‌، که‌ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌کیه‌تییه‌، پێشتریش هه‌روا بووه‌ و مسته‌فا چاوڕه‌ش، که‌ سه‌رکرده‌یه‌کی له‌شکریی یه‌کیه‌تییه‌، پێشتریش هه‌روا بووه‌ و شاڵاوی عه‌لی عه‌سکه‌ریییش، به‌رپرسی پاساوه‌نانی کارگه‌که‌ی تاسلووجه‌یه‌، که‌ پاسه‌وانه‌کانی چه‌ندین کارگه‌ریان دایه‌ به‌ر گولله‌، که‌واته‌ به‌ نه‌به‌خشراوی و به‌ به‌خشراوی، ئه‌وانه‌ به‌شێک بوونه‌ له‌ ده‌سگه‌کانی  یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی و لێی جوێ نه‌بوونه‌ته‌وه‌ و کاری خۆیانیش به‌ ته‌واوی هه‌ر کردووه‌.                                                   
2. فایلدارانی نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی، ته‌نێ ئه‌و چوار که‌سه‌ نه‌بوونه‌ و نین، به‌ڵکه‌ ده‌یان و سه‌دانی وه‌ک ئه‌وانه‌ و له‌وانه‌ زه‌لامتر له‌ نێو ئه‌و حیزبه‌دا هه‌بوونه‌ و هه‌ن. ڕه‌نگه‌ ئه‌و چوار که‌سه‌ له‌ بێبه‌ختی و چاره‌ڕه‌شیی خۆیان، وه‌ک به‌ختیاران و زوووه‌خۆکه‌وتووانی دیکه‌، فریا نه‌که‌وتبن له‌ کاتی فڕکان فڕکانه‌که‌دا فایله‌کانیان وه‌شێرن تا به‌و ئه‌نجامه‌ نه‌گات. یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی، بۆ ئاشکرانه‌کردن و داپۆشین و له‌ ڕاستیشدا بۆ به‌خشینی فایل و فایلدارانی دیکه‌ی نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی حیزبه‌که‌یان، ئه‌و شانۆییه‌یان‌ ئه‌نجام دا و به‌ ده‌رکردنی بڕیاری به‌خشین له‌و فایلدارانه‌، سه‌رانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کارێکی وایان کرد، که‌ ئیدی باسوخواسی فایل و فایلداریی، ئه‌گه‌ر جاروبار له‌ خه‌ڵکانێکی لاسار و بڕێک چه‌مووشی نێو حیزبه‌که‌یانه‌وه‌ هاتبێته‌ گۆڕێ، به‌ ته‌واوی داخرێت و بپێچرێته‌وه‌ و خه‌ڵکانی له‌و جۆره‌یش ده‌مکوتکرێن.                                                                                                                   
3. جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌ بۆ له‌ سێداره‌دانی سه‌رانی ڕێژیمی به‌عسی عیراق، قایل نه‌ده‌بوو بڕیاره‌که‌ مۆر بکات و بیانوویشی بۆ ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ بوو، که‌ ئه‌و پیاوێکی قانوونییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ها کارێک ناکات. هه‌ر له‌و قانوونه‌ی، که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی پێش پتر له‌ په‌نجا و چه‌ند ساڵ خوێندوویه‌تی و له‌ هه‌موو قانوونێکی ئه‌م جیهانه‌دا باسی ئه‌وه‌ ده‌کرێت، که‌ شتێک هه‌یه‌ پێی ده‌گوترێ"مافی گشتی" یا "مافی خه‌ڵک" یا "مافی کۆمه‌ل". به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌، هه‌موو تاوانێک له‌ جۆری  سیخوڕی بۆ بێگانه‌ و خزمه‌تکردن به‌ دوژمن، ده‌که‌ونه‌ چوارچێوه‌ی ناپاکی و خیانه‌ته‌وه‌، له‌ وڵات و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و خاک و خه‌ڵک و کۆمه‌ڵ. ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌و فایلدارانه‌ ئه‌نجامیان داوه‌، تاوانێکه‌ ڕێک ده‌که‌وێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه‌ و تاوانێک نییه‌ ته‌نیا به‌رانبه‌ر یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان کرابێت. ئه‌وانه‌ که‌ سیخوڕییان کردووه، بۆ لایه‌نێک و ده‌سه‌ڵاتێکیان کردووه‌، که‌ حوکوومه‌تی عیراق بووه‌ و حوکوومه‌تی عیراقیش ته‌نیا دژ به‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی نه‌بووه‌، به‌ڵکه‌ بێجگه‌ له‌‌وانه‌ی له‌ خزمه‌تیدا بوونه‌‌ وه‌ک جاشه‌ کورده‌کان و سیخوڕان و خه‌ڵکانی خۆفرۆش، ئیدی دژی ته‌واوی خه‌ڵکانی نابه‌عسی ‌ کوردستان و چه‌پ و شیعه‌ی عیراق بووه‌. بۆیه‌ نه‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانی و نه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌ هیچ سه‌رکردیه‌کی دیکه‌، مافی ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ و نییه‌، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ئه‌و فایلدارانه‌‌ ده‌رکه‌ن، به‌ڵکه‌ ئه‌وانه‌ و ته‌واوی فایلدارانی ئاشکرابوو و نائاشکرای نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی یه‌کیه‌تیی و نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی و بنکرده‌یه‌تیی هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه‌ و نێو هه‌موو سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، که‌ ملقه‌وی ملقه‌وی و که‌ته‌ که‌ته‌ و تێر و ته‌سه‌ل له‌ کوردستان و ناکوردستاندا ته‌راتێن ده‌که‌ن، ده‌بوو و ده‌بێ بخرێنه‌ به‌رده‌م گه‌ل و له‌ دادگایه‌کی گه‌لێردا و گه‌ل بڕیاری به‌خشین یا نه‌به‌خشین و سزادانیان بدات.                                                                                                                           
ئه‌و مافی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵ و خاک و نه‌ته‌وه‌ و وڵات و گه‌ل و مافه‌ گشتییه‌، نه‌ک هه‌ر ئێستا و ئه‌مڕۆ و ئه‌و فایلدارانه‌، به‌ڵکه‌ حه‌قوایه‌ هێزی گه‌ڕانه‌دواوه‌ و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ڕابوردوو و خوێندنه‌وه‌ی هه‌رچی تاوانباران و ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ی پێشوویشی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بتوانێت جیاوازیی له‌ نێوان تاوانبار و بێتاوان و ناپاک و پاک و سیخوڕ و شۆڕشگێڕ و جاش و پێشمه‌رگه‌دا بکات و مه‌رزی نێوان ئه‌وانه‌ کاڵ نه‌بێته‌وه‌ یا وه‌ک ئێستا هه‌ر به‌ ته‌واوی نه‌سڕێته‌وه‌.                  ئه‌وانه‌ی به‌خشران فایلداره‌ ئاشکراکان بوون و دووری و جیاوازیی نیوان فایلداری ئاشکرا و فایلداری نائاشکرای ته‌نانه‌ت نێو‌ هۆڵی خڕبوونه‌وه‌که‌یش،‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ر ته‌نیا چه‌ند میترێک بووبێت یا دیوان و سه‌کۆی گوتاردان و به‌ڕێوه‌بردنی خڕبوونه‌وه‌که‌ بووبێت[1]! خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی بپرسێت: ئاخۆ چه‌ندین فایلداری دیکه‌ی نائاشکرا له‌ نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسی کوردستان و سه‌رکرده‌یه‌تیی حیزبه‌کانی کوردستاندا هه‌ن و بۆ ئاشکرا ناکرێن که‌ی ئاشکرا ده‌بن؟  خه‌ڵکی کورد ده‌بوو و ده‌بێ ئه‌و پرسیارانه‌ی هه‌موو ڕۆژ کردبا و بکا، تا ڕاده‌ی  هه‌راسان و که‌رکڕدنی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌که‌ی.                                                                                                         
27-1-2007



 [1]مامۆستاعه‌لائه‌ددین سه‌ججادی له‌ لاپه‌ڕه‌ 187-188ی به‌رگی یه‌که‌می، (ڕشته‌ی مراواری)یه‌که‌یدا ده‌نووسێت:"جارێک (مفتی زه‌هاوی)  له‌ به‌غدا لای والی داده‌نیشێ و له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ ئه‌بێ و سه‌رینێک له‌ به‌ینیانا ئه‌بێ. له‌و وه‌خته‌دا یه‌کێک له‌ کورده‌ فه‌یلییه‌کان ئه‌به‌نه‌ لای والی و والی زۆر تووڕه‌ ئه‌بێ و ئه‌ڵێ: بریا ئه‌مزانی به‌ینی کورد و که‌ر چه‌نده‌؟ خێرا(مفتی زه‌هاوی هه‌ڵئه‌داتێ ئه‌ڵێ: ته‌نها سه‌رینێکه‌! والی که‌ لا ئه‌کاته‌وه‌ زۆر شه‌رمه‌زار ئه‌بێ و داوای لێبوردنی لێ ئه‌کا".                                                                                                                                              
 پیاوێکی خه‌ڵکی عه‌ره‌بستانی سعوودی و یه‌کێکی مسری له‌ شوێنێکدا تووشی یه‌کتر ده‌بن. سعوودییه‌که‌ له‌ مسرییه‌که‌ ده‌پرسێت: بۆ ناشتا(نانی به‌یانی) ئێوه‌ چ ده‌خۆن؟ مسرییه‌که‌ ده‌ڵێ: پاقله‌. سعوودییه‌که‌ ده‌ڵێ: ئه‌ی بۆ فراڤین(نانی نیوه‌ڕۆ) چ ده‌خۆن؟ مسرییه‌که‌ ده‌ڵێ: پاقله‌. سعوودییه‌که‌ ده‌ڵێ: باشه‌ ئه‌وه‌ به‌یانی پاقله‌ ده‌خؤن و نیوه‌ڕۆ پاقله‌ ده‌خۆن، ئه‌دی بۆ شیو(نانی ئێواره‌) چ ده‌خۆن؟ مسرییه‌که‌ هه‌مدیس ده‌ڵێ: پاقله‌. سعودییه‌که‌ ده‌ڵێ: باشه‌ ئێوه‌ چی له‌ ئاژه‌ڵتان جودا ده‌کاته‌وه‌؟ مسرییه‌که‌ ده‌ڵێ: زه‌ریای سوور.                                                                                                                            

فایلداره‌ ئاشکراکان

فایلداره‌ ئاشکراکان

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ڕۆژانی 7-8 مانگی یه‌که‌می ساڵی 2007 یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، خڕبوونه‌وه‌یه‌کی به‌ نێوی "پلینیۆم" به‌ سه‌رۆکایه‌تیی جه‌لال تاڵه‌بانی، سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی، له‌  قه‌ڵاچوالان(سلێمانی) ساز کرد. ئه‌و خڕبوونه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک ساز کرابێت، کارێکی که‌ ئه‌نجامی دا، به‌ فه‌رمی و به‌ ئاشکرا لابردنی تۆمه‌تی سیخوڕیی له‌سه‌ر و لێخۆشبوون بوو له‌ جه‌ند ئه‌ندامیکی سه‌رکرده‌یه‌تیی یه‌کیه‌تیی، که‌ به‌ فایلدار ناسرابوون. ئه‌و که‌سانه‌: سه‌عدی پیره‌، شاڵاوی عه‌لی عه‌سکه‌ری، مسته‌فا چاوڕه‌ش و ئاسۆ ئه‌ڵمانی بوون. ئه‌وه‌ی له‌و خڕبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌نجام درا بێجگه‌ له‌ گاڵته‌جاڕی و خۆڵکردنه‌ نێو چاوی خه‌ڵک زیاتر شتێکی دیکه‌ نه‌بوو، چونکه‌:                                                                                
1. ئه‌و فایلدارانه‌، که‌ به‌ حیساب له‌و جڤینه‌دا له‌ تاوانه‌کانیان خۆش بوون، ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌ی که‌ تۆمه‌ته‌که‌یشیان له‌ سه‌ر بوو، هه‌رگیز له‌ ده‌رێی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی نه‌بوونه‌ و به‌رده‌وامیش کاره‌ حیزبی و  کارگێرییه‌ فه‌رمی و سیاسییه‌کانی خۆیان وه‌ک ئه‌ندامگه‌لێکی یه‌کیه‌تیی هه‌ڵسووڕاندووه‌‌. هه‌ر بۆ نموونه‌، سه‌عدی پیره‌، که‌ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌کیه‌تییه‌، پێشتریش هه‌روا بووه‌ و مسته‌فا چاوڕه‌ش، که‌ سه‌رکرده‌یه‌کی له‌شکریی یه‌کیه‌تییه‌، پێشتریش هه‌روا بووه‌ و شاڵاوی عه‌لی عه‌سکه‌ریییش، به‌رپرسی پاساوه‌نانی کارگه‌که‌ی تاسلووجه‌یه‌، که‌ پاسه‌وانه‌کانی چه‌ندین کارگه‌ریان دایه‌ به‌ر گولله‌، که‌واته‌ به‌ نه‌به‌خشراوی و به‌ به‌خشراوی، ئه‌وانه‌ به‌شێک بوونه‌ له‌ ده‌سگه‌کانی  یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی و لێی جوێ نه‌بوونه‌ته‌وه‌ و کاری خۆیانیش به‌ ته‌واوی هه‌ر کردووه‌.                                                  
2. فایلدارانی نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی، ته‌نێ ئه‌و چوار که‌سه‌ نه‌بوونه‌ و نین، به‌ڵکه‌ ده‌یان و سه‌دانی وه‌ک ئه‌وانه‌ و له‌وانه‌ زه‌لامتر له‌ نێو ئه‌و حیزبه‌دا هه‌بوونه‌ و هه‌ن. ڕه‌نگه‌ ئه‌و چوار که‌سه‌ له‌ بێبه‌ختی و چاره‌ڕه‌شیی خۆیان، وه‌ک به‌ختیاران و زوووه‌خۆکه‌وتووانی دیکه‌، فریا نه‌که‌وتبن له‌ کاتی فڕکان فڕکانه‌که‌دا فایله‌کانیان وه‌شێرن تا به‌و ئه‌نجامه‌ نه‌گات. یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی، بۆ ئاشکرانه‌کردن و داپۆشین و له‌ ڕاستیشدا بۆ به‌خشینی فایل و فایلدارانی دیکه‌ی نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی حیزبه‌که‌یان، ئه‌و شانۆییه‌یان‌ ئه‌نجام دا و به‌ ده‌رکردنی بڕیاری به‌خشین له‌و فایلدارانه‌، سه‌رانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کارێکی وایان کرد، که‌ ئیدی باسوخواسی فایل و فایلداریی، ئه‌گه‌ر جاروبار له‌ خه‌ڵکانێکی لاسار و بڕێک چه‌مووشی نێو حیزبه‌که‌یانه‌وه‌ هاتبێته‌ گۆڕێ، به‌ ته‌واوی داخرێت و بپێچرێته‌وه‌ و خه‌ڵکانی له‌و جۆره‌یش ده‌مکوتکرێن.                                                                                                                   
3. جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌ بۆ له‌ سێداره‌دانی سه‌رانی ڕێژیمی به‌عسی عیراق، قایل نه‌ده‌بوو بڕیاره‌که‌ مۆر بکات و بیانوویشی بۆ ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ بوو، که‌ ئه‌و پیاوێکی قانوونییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ها کارێک ناکات. هه‌ر له‌و قانوونه‌ی، که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی پێش پتر له‌ په‌نجا و چه‌ند ساڵ خوێندوویه‌تی و له‌ هه‌موو قانوونێکی ئه‌م جیهانه‌دا باسی ئه‌وه‌ ده‌کرێت، که‌ شتێک هه‌یه‌ پێی ده‌گوترێ"مافی گشتی" یا "مافی خه‌ڵک" یا "مافی کۆمه‌ل". به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌، هه‌موو تاوانێک له‌ جۆری  سیخوڕی بۆ بێگانه‌ و خزمه‌تکردن به‌ دوژمن، ده‌که‌ونه‌ چوارچێوه‌ی ناپاکی و خیانه‌ته‌وه‌، له‌ وڵات و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و خاک و خه‌ڵک و کۆمه‌ڵ. ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌و فایلدارانه‌ ئه‌نجامیان داوه‌، تاوانێکه‌ ڕێک ده‌که‌وێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه‌ و تاوانێک نییه‌ ته‌نیا به‌رانبه‌ر یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان کرابێت. ئه‌وانه‌ که‌ سیخوڕییان کردووه، بۆ لایه‌نێک و ده‌سه‌ڵاتێکیان کردووه‌، که‌ حوکوومه‌تی عیراق بووه‌ و حوکوومه‌تی عیراقیش ته‌نیا دژ به‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی نه‌بووه‌، به‌ڵکه‌ بێجگه‌ له‌‌وانه‌ی له‌ خزمه‌تیدا بوونه‌‌ وه‌ک جاشه‌ کورده‌کان و سیخوڕان و خه‌ڵکانی خۆفرۆش، ئیدی دژی ته‌واوی خه‌ڵکانی نابه‌عسی ‌ کوردستان و چه‌پ و شیعه‌ی عیراق بووه‌. بۆیه‌ نه‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانی و نه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌ هیچ سه‌رکردیه‌کی دیکه‌، مافی ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ و نییه‌، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ئه‌و فایلدارانه‌‌ ده‌رکه‌ن، به‌ڵکه‌ ئه‌وانه‌ و ته‌واوی فایلدارانی ئاشکرابوو و نائاشکرای نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی یه‌کیه‌تیی و نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی و بنکرده‌یه‌تیی هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه‌ و نێو هه‌موو سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، که‌ ملقه‌وی ملقه‌وی و که‌ته‌ که‌ته‌ و تێر و ته‌سه‌ل له‌ کوردستان و ناکوردستاندا ته‌راتێن ده‌که‌ن، ده‌بوو و ده‌بێ بخرێنه‌ به‌رده‌م گه‌ل و له‌ دادگایه‌کی گه‌لێردا و گه‌ل بڕیاری به‌خشین یا نه‌به‌خشین و سزادانیان بدات.                                                                                                                           
ئه‌و مافی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵ و خاک و نه‌ته‌وه‌ و وڵات و گه‌ل و مافه‌ گشتییه‌، نه‌ک هه‌ر ئێستا و ئه‌مڕۆ و ئه‌و فایلدارانه‌، به‌ڵکه‌ حه‌قوایه‌ هێزی گه‌ڕانه‌دواوه‌ و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ڕابوردوو و خوێندنه‌وه‌ی هه‌رچی تاوانباران و ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ی پێشوویشی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بتوانێت جیاوازیی له‌ نێوان تاوانبار و بێتاوان و ناپاک و پاک و سیخوڕ و شۆڕشگێڕ و جاش و پێشمه‌رگه‌دا بکات و مه‌رزی  نێوان ئه‌وانه‌ کاڵ نه‌بێته‌وه‌ یا وه‌ک ئێستا هه‌ر به‌ ته‌واوی نه‌سڕێته‌وه‌ .                                          
 ئه‌وانه‌ی به‌خشران فایلداره‌ ئاشکراکان بوون و دووری و جیاوازیی نیوان فایلداری ئاشکرا و فایلداری نائاشکرای ته‌نانه‌ت نێو‌ هۆڵی خڕبوونه‌وه‌که‌یش،‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ر ته‌نیا چه‌ند میترێک بووبێت یا دیوان و سه‌کۆی گوتاردان و به‌ڕێوه‌بردنی خڕبوونه‌وه‌که‌ بووبێت[1]! خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی بپرسێت: ئاخۆ چه‌ندین فایلداری دیکه‌ی نائاشکرا له‌ نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسی کوردستان و سه‌رکرده‌یه‌تیی حیزبه‌کانی کوردستاندا هه‌ن و بۆ ئاشکرا ناکرێن که‌ی ئاشکرا ده‌بن؟  خه‌ڵکی کورد ده‌بوو و ده‌بێ ئه‌و پرسیارانه‌ی هه‌موو ڕۆژ کردبا و بکا، تا ڕاده‌ی  هه‌راسان و که‌رکڕدنی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌که‌ی.                                                                                                         
27-1-2007



 [1]مامۆستاعه‌لائه‌ددین سه‌ججادی له‌ لاپه‌ڕه‌ 187-188ی به‌رگی یه‌که‌می، (ڕشته‌ی مراواری)یه‌که‌یدا ده‌نووسێت:"جارێک (مفتی زه‌هاوی)  له‌ به‌غدا لای والی داده‌نیشێ و له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ ئه‌بێ و سه‌رینێک له‌ به‌ینیانا ئه‌بێ. له‌و وه‌خته‌دا یه‌کێک له‌ کورده‌ فه‌یلییه‌کان ئه‌به‌نه‌ لای والی و والی زۆر تووڕه‌ ئه‌بێ و ئه‌ڵێ: بریا ئه‌مزانی به‌ینی کورد و که‌ر چه‌نده‌؟ خێرا(مفتی زه‌هاوی هه‌ڵئه‌داتێ ئه‌ڵێ: ته‌نها سه‌رینێکه‌! والی که‌ لا ئه‌کاته‌وه‌ زۆر شه‌رمه‌زار ئه‌بێ و داوای لێبوردنی لێ ئه‌کا".                                                                                                                     
 پیاوێکی خه‌ڵکی عه‌ره‌بستانی سعوودی و یه‌کێکی مسری له‌ شوێنێکدا تووشی یه‌کتر ده‌بن. سعوودییه‌که‌ له‌ مسرییه‌که‌ ده‌پرسێت: بۆ ناشتا(نانی به‌یانی) ئێوه‌ چ ده‌خۆن؟ مسرییه‌که‌ ده‌ڵێ: پاقله‌. سعوودییه‌که‌ ده‌ڵێ: ئه‌ی بۆ فراڤین(نانی نیوه‌ڕۆ) چ ده‌خۆن؟ مسرییه‌که‌ ده‌ڵێ: پاقله‌. سعوودییه‌که‌ ده‌ڵێ: باشه‌ ئه‌وه‌ به‌یانی پاقله‌ ده‌خؤن و نیوه‌ڕۆ پاقله‌ ده‌خۆن، ئه‌دی بۆ شیو(نانی ئێواره‌) چ ده‌خۆن؟ مسرییه‌که‌ هه‌مدیس ده‌ڵێ: پاقله‌. سعودییه‌که‌ ده‌ڵێ: باشه‌ ئێوه‌ چی له‌ ئاژه‌ڵتان جودا ده‌کاته‌وه‌؟ مسرییه‌که‌ ده‌ڵێ: زه‌ریای سوور.                                                                                                                            

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...