Friday, August 26, 2005
په‌رله‌مانی مردووان
په‌رله‌مانی مردووان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
په‌رله‌مانی کوردستان وه‌ک
پیشه‌ی هه‌موو جارێکی، ده‌سته‌ی ئه‌شهه‌دوبیللائاسا، یه‌کسه‌ر به گرێی ملدا ده‌دات
و ده‌ستووره ناته‌واو و ئیفلیجه‌که‌ی عیراقی پێ په‌سه‌نده و به هیچ ناڵێ
"نا". ئه‌و ده‌ستووره‌ی، که وشه‌ی فیدرالی له ناوی عیراق کردووه‌ته‌وه
و سامانی سروشتی داوه‌ته ده‌ست نێوه‌نده‌وه و باس له مافی چاره‌نووسی کوردستان
ناکات و که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک که‌رکووک تا کۆتایی 2007 وه‌ک خۆ ده‌هێڵێته‌وه
و سنووری کوردستانیش تێیدا، هه‌ر ئه‌و سنووره‌یه، که سه‌ددام حوسه‌ین داینابوو،
په‌رله‌مانی کوردستان یه‌ک خاڵی نه‌ئێنیی تێدا نه‌دیت، ئه‌وه چ په‌رله‌مانێکه! ئه‌وه
په‌رله‌مانه یا یانه‌ی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆر و نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاته! ئه‌وانه
په‌رله‌مانتارن یا کۆمه‌ڵه قه‌ل و تووتییه‌کن له هۆڵێکدا کۆبوونه‌وه و هه‌ر که
ڕێبه‌رانیان گوتیان یاڵڵا ئیدی ئه‌وانیش سه‌ریان بۆ ده‌له‌قێنن و ده‌یکه‌ن به قیڕه‌ی
"به‌ڵێ به‌ڵێ"!. په‌رله‌مانی کوردستان هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نه
نیشتمانییه‌که‌ی حیزبی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌یندا نییه، چونکه له ته‌واوی جیهاندا
ته‌نێ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی به‌عس وشه‌ی"نا" ی تێدا به‌کار نه‌ده‌برا و هه‌مووان
ده‌بوو به "ئا" و "به‌ڵێ" ده‌ست بڵند بکه‌نه‌وه. ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌ی له په‌رله‌مانی کوردستاندا به نێوی ده‌نگدانه‌وه
جێبه‌جێ ده‌کرێت، ته‌نێ نواندنێکی شانۆیی و پێشاندانێکی ڕووکه‌شه، ده‌نا هه‌موو کار
و بڕیار و قانوون و قسه‌وباسێک، که له‌وێ دێته گۆڕێ، هه‌ر پێشه‌کی بڕیاری له سه‌ر
دراوه و هه‌ردوو زلحیزب(یه‌کیه‌تیی و پارتیی) نه‌خشه‌یان بۆ داناوه و ته‌واوی ئه‌ندامانی
په‌رله‌مانیشیان تێگه‌یاندووه، که چۆن بکه‌ن و چ بڵێن. ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان،
وه‌ک ته‌واوی نووسه‌ر و به‌ناو "ڕۆشنبیر" و قه‌ڵه‌مفرۆش و به‌رپرس و کارگێڕ
و خه‌ڵکه حیزبییه‌کان، له پێناوی پاراستنی خۆشگوزه‌رانی و ژیانی تایبه‌تی و مووچه
و ڕابواردن و که‌یفوسه‌فا و پاره‌وپووڵ و به‌زمی دیکه‌ی خۆیان، هه‌رگیز وشه‌ی
"نا"یان به سه‌ر زاردا نایه‌ت و له خۆیانی تێکناده‌ن. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت
چۆن هه‌رچی بڕیارێک یا پێشنیازێک یا کێشه‌یه‌ک
ده‌چێته پێش ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی په‌رله‌مان، ئه‌وان بێ سێ‌ودوو و ده‌سبه‌جێ "به
کۆی ده‌نگ" بڕیاری له سه‌ر ده‌ده‌ن و په‌سه‌ندی ده‌که‌ن!. "به کۆی ده‌نگ"،
ته‌نێ له په‌رله‌مانه پاشکۆ و سست و بێ‌گیان و مردووه‌کاندا ڕووده‌دات، که په‌رله‌مانی
کوردستان نموونه‌یه‌کی هه‌ره له‌به‌رچاویانه. ئه‌گه‌ر مردووان په‌رله‌مانێکیان هه‌بووایه،
هه‌ر په‌رله‌مانێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی کوردستانیان ده‌بوو، ئه‌گه‌ر چالاک‌تر و باشتریش نه‌بووایه.
26/8/2005
Thursday, August 25, 2005
عیراقیه‌تیی سه‌رانی کورد
عیراقیه‌تیی سه‌رانی کورد
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
هیچ جه‌نگ و کوشتارێک خۆش نییه و به قازانجی مرۆڤ نییه. که مرۆڤ په‌نا ده‌باته به‌ر چه‌ک، ئیدی ده‌کاته ئه‌وه‌ی، که هیچ ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌ی گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتن نه‌ماوه و هه‌موو ئه‌و ڕێگه‌یانه گه‌یشتوونه‌ته بنبه‌ست. له 1964ه‌وه تا پێش چه‌ند ساڵێک کوردی باشووری کوردستان یا ڕاستتر حیزبه‌کانی باشووری کوردستان، یه‌کدییان ده‌کوشت و ئه‌وه‌ی ناشێ به‌یه‌کدییان ده‌کرد، عه‌ره‌ب نه‌ک هه‌ر نێوبژییان نه‌ده‌کردن، به‌ڵکه ئاگری جه‌نگی کورد- کوردیان خۆش ده‌کرد و به‌نزینیان پێدا ده‌کرد و کۆمه‌کیان به هه‌ردوو یا هه‌ر چه‌ند لای جه‌نگگێڕ و به‌شه‌ڕهاتوو ده‌کرد. جه‌نگی کورد- کورد ئه‌و ئه‌نجامه‌ی لێ بووه‌وه، که ئێستا به چاوی خۆمان ده‌یبینین، ئه‌ویش دابه‌شکردنی باشووری کوردستانه به سه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستاندا و دابه‌شکردنی مێشکی خه‌ڵکی کوردیشه به سه‌ر دوو جۆره دید و ڕه‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وت و جوگرافیا و دوو خوێندنه‌وه‌ی جیاوازدا بۆ مێژوو. له‌گه‌ڵ هه‌ر تێکچوونێکی نێوان دوو ده‌سته‌ی عیراقی یا دوو ده‌سته‌ی عه‌ره‌ب، وه‌ک ئه‌وه‌ی نێوان ده‌سته‌ی ئه‌سسه‌در (الصدر)و ئه‌لحه‌کیم(الحکیم)، که له‌م ڕۆژانه‌دا ڕوویدا، سه‌رانی کورد زۆر به جیددی ده‌که‌ونه نێوانیان و ناوبژییان ده‌که‌ن، ئه‌ویش له پێناوی پاراستنی یه‌کیه‌تیی خاکی عیراقدا و له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کا عیراق له‌تله‌ت بکرێت و ببێته چه‌ند پارچه‌یه‌که‌وه!. سه‌رانی کورد ده‌بوو ئه‌و خۆشه‌که‌تکردنه‌یان هه‌ڵگرتبا بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی ماڵی خۆیان و چاککردنی وڵاته‌که‌ی خۆیان و هه‌موو جیاوازی و پێکدادان و ئاژاوه‌یه‌کی نێو عیراقیان، که عیراق به‌ره‌و دابه‌شکردن و پارچه‌پارچه‌بوون ببات، پێ باش بووایه و به قازانجی گه‌لی کوردستانیان زانیبا. شیعه و سوننه‌ی عه‌ره‌ب و خه‌ڵکانی دیکه‌ی عیراق بۆ خۆیان ته‌قه‌لای خۆدابڕین و جوێبوونه‌وه ده‌که‌ن له‌یه‌کدی و له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا هه‌ڵناکه‌ن و نایانکرێت، سه‌رانی کورد وه‌دوویاندا هه‌ڕا ده‌که‌ن و ده‌سته‌ودامانیان ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی لێک جودا نه‌بنه‌وه و ئه‌و عیراقه له‌تله‌ت نه‌که‌ن و یه‌کیه‌تیی خاکه‌که‌ی، که به لای سه‌رانی کورده‌وه گه‌لێک پیرۆزه، بپارێزن. سه‌رانی کورد له پێشبڕکێی عیراقیبووندا هه‌میشه له پێشی پێشه‌وه‌ن و هه‌رگیز که‌س له خۆیان به عیراقیتر نازانن.
25-8-2005
Monday, August 22, 2005
بڕووخێ ده‌ستوور، بڕووخێ عیراق، نا بۆ سازشکاریی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان
بڕووخێ ده‌ستوور، بڕووخێ عیراق، نا بۆ
سازشکاریی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
مه‌سعوود
بارزانی، وه‌ک سه‌رۆکی شاندی کوردستان، پێش چوونی بۆ به‌غدا بۆ دانوستاندنی ده‌ستووری
عیراق، زۆر به توندی و ڕاشکاوانه و گه‌رم ده‌په‌یڤی و پێی له سه‌ر ته‌واوی
خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان داده‌گرت و سوور بوو له سه‌ر گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه
به ڵایه‌نه عیراقییه‌کان و هه‌رگیز به ڵای ئه‌وه‌دا نه‌ده‌چوو، که ده‌ستبه‌رداری
گچکه‌ترین خواستی گه‌لی کوردستان بێت. خه‌ڵک هه‌موو پێیانوابوو ئه‌گه‌ر هیوایه‌ک هه‌بێت
به چه‌سپاندنی هه‌موو ویست و خواسته‌کانی گه‌لی کوردستان له‌و ده‌ستووره‌دا، ئه‌وا
مه‌سعوود بارزانی ئه‌و هیوایه‌یه. خه‌ڵک پێیانوابوو مه‌سعوود بارزانی له به‌غدا
شێر به گوێ ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی کورد ده‌یه‌وێت ئه‌و به سه‌ر هه‌موو عیراقییه‌کانیدا
ده‌سه‌پێنێت و له هیچ شتێکی کورد نایه‌ته خوارێ و ملکه‌چی هیچ گوشار و سازشێکیش
نابێت، لێ وه‌ها ده‌رنه‌چوو. مه‌سعوود بارزانی له‌وه‌تی چووه‌ته به‌غدا، یه‌ک شتی
بۆ گه‌لی کوردستان نه‌گوتووه و مته‌قی له خۆ بڕیوه.
*****
سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی کوردستان هێنده گرێدراوی ئه‌مه‌ریکان و له خزمه‌ت ئه‌مه‌ریکادان، تاکه یه‌ک
هه‌نگاویان بێ ئه‌مه‌ریکا نه‌توانیوه و ناتوانن بنێن. به هیچ جۆرێک و له 1991ه‌وه،
که ئیدی ئه‌مه‌ریکا، ئه‌و چه‌تره‌ی بۆ ئه‌و له‌ته‌کوردستانه هه‌ڵداوه، که بووه
به خێر و به‌ره‌که‌ت بۆ سه‌رانی کورد، نه‌ک بۆ هه‌موو گه‌لی کورد، سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی کوردستان هه‌رگیز ڕۆژێک له ڕۆژان نه‌یتوانیوه بۆ هیچ شتێک ده‌نگی به ڕووی
ئه‌مه‌ریکادا بڵندکاته‌وه و له کاتی پێویستدا، که زۆرجاران پێویست بووه، بڵێ
نا. ئه‌مه‌ریکا هه‌میشه ته‌واوی ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تیی به سه‌ر سه‌رکردیه‌تیی کوردستاندا
سه‌پاندوویه‌تی و له ڕێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه به سه‌ر خه‌ڵکی دیکه‌یشیدا سه‌پاندووه.
سه‌رانی کورد دارده‌ستی ئه‌مه‌ریکا بوونه له ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسیی دوای ڕووخانی
به‌عس له عیراقدا و ئه‌وان جێبه‌جێکه‌ری هه‌موو پرۆژه و نه‌خشه‌کانی ئه‌مه‌ریکان
له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناویندا.
*****
گوته‌یه‌کی
عه‌ره‌بی هه‌یه ده‌ڵێ:"که‌ژ ژان گرتی مشکێکی بوو". وا بۆ دووساڵ و نیوێک
ده‌چێت به‌عس ڕووخاوه و عیراقییان و سه‌رانی کوردیش وه‌ک پاشکۆی ئه‌وان و له پشتی
هه‌مووشیانه‌وه ئه‌مه‌ریکاییه‌کان باسی داڕشتنی ده‌ستوور ده‌که‌ن بۆ عیراق. چه‌ند
حه‌فته‌یه‌کیشه جڤین و گفتوگۆ و شه‌و و ڕۆژ به‌ده‌میه‌که‌وه‌دان و نه‌نووستن و هه‌زار
ده‌رده سه‌ری دیکه، تا ئه‌وه‌ی گه‌یشتنه داڕشتنی ده‌ستوور و به گوته‌ی به‌شداربووانی
کۆمیته‌ی داڕشتنی ده‌ستوور و سه‌رکرده‌یه‌تیی په‌رله‌مانی عیراق و به‌رپرسان، ئیدی
پێکهاتوون و هه‌موو ڵایه‌نه‌کان پێی قایل بوون. کۆمیته‌ی داڕشتنی ده‌ستوور و په‌رله‌مانی
عیراق و سه‌رانی کورد و شیعه و سوننه، پاش هه‌موو ئه‌و ماوه درێژه‌ی ژانگرتنه،
مشکیان بوو!
*****
ده‌ستوورێک
ئه‌گه‌ر کێشه‌ی که‌رکووک و مووسڵ و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و به‌دره‌ی کوردستان دوا
بخات بۆ کۆتایی ساڵی 2007 و سنووری باشووری
کوردستان بێ دیاریکردن و ددانپێدانان بهێڵێته‌وه و له ژێر لێوه‌وه نێوی فیدرالی
ببات و باسی مافی چاره‌نووسی کوردستان نه‌کات، ده‌بێ ئه‌مه چ ده‌ستوورێک بێت بۆ کورد!
پرسی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک که‌رکووک له 1970 دوا ده‌خرێت تا به‌و
ڕه‌وشه‌ی ئێستا گه‌یشت. سه‌رانی کورد ده‌بوو شه‌رمیان به خۆ هاتبا، کاتێک گوێیان
له وشه‌ی "دواخستن" ده‌بوو و ده‌بێ و به سه‌ر زاریاندا ده‌هات و دێت. ئه‌و
جووله‌که داگیرکارانه‌ی، که ئه‌وڕۆ له ده‌ڤه‌ره داگیرکراوه‌کانی غه‌ززه و له
خاکی فلستینییه‌کان به تۆبزی و هه‌ڕه‌شه و پاڵپێوه‌نان وه‌ده‌رده‌نرێن، ئه‌وانیش
هێنده‌ی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندن و داگیرکارانی که‌رکووک له غه‌ززه ژیاون. زۆرینه‌ی
عه‌ره‌بی که‌رکووکیش هه‌ر سی و سیوپێنج ساڵێکه خاکی که‌رکرووکیان داگیر کردووه و
جووله‌که‌کانیش هه‌ر هێنده‌یه له غه‌ززه‌ن. گێڕانه‌وه‌ی کورد بۆ سه‌ر زێدی خۆی و
نه‌هێشتنی داگیرکاری و وه‌ده‌رنانی عه‌ره‌ب له که‌رکووک و گێڕانه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌نه
ڕه‌سه‌نه‌کانی که‌رکووک ده‌بێ وه‌ک وه‌ده‌رنانی ئه‌و جووله‌کانه‌ی غه‌ززه ئه‌نجام
بدرێت. سه‌رانی کورد ده‌بوو چاوێکیان له‌و دیمه‌نه‌ی غه‌ززه کردبا و ئه‌وده‌می له‌خۆیان
پرسیبا: بۆ بکرێت جووله‌که‌ی داگیرکا‌ر به‌و
شێوه‌یه وه‌ده‌رنرێت و نه‌کرێت عه‌ره‌بی داگیرکا‌ر به جۆره وه‌ده‌رنرێت، مه‌گه‌ر
هه‌ردوو هه‌ر داگیرکا‌ر نیین! ئه‌دی
دواخستنی پرسی که‌رکووک بۆ کۆتایی 2007 چ ده‌گه‌یه‌نێت و تا که‌ی ئه‌م دواخستنانه
و بۆ ده‌بێ هه‌میشه پرسه‌کانی کورد دوا بخرێن!
*****
ئه‌وه چ
ده‌ستوورێکه تازه‌به‌تازه زمانی کوردیی له‌گه‌ڵ زمانی عه‌ره‌بیدا بکاته فه‌رمی
له کوردستاندا و له عیراقدا. له سه‌رده‌می به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ینیشدا زمانی کوردی
له‌پاڵ زمانی عه‌ره‌بیدا فه‌رمی بوو، لێ کێ گوێی پێ ده‌دا و کێ جێبه‌جێی ده‌کرد! ئه‌ی
ئه‌وه چ ده‌ستوورێکه سامانی سروشتی و کانزا‌کان هه‌موو بۆ حوکوومه‌تی نێوند بێت له
به‌غدا و به گوێره‌ی ژماره و ڕێژه‌ی دانیشتووانی ئوستانه‌کان وه‌ک یه‌ک دابه‌ش بکرێت
به سه‌ر هه‌موو عیراقدا! ده‌بێ کورد چ خێرێک له‌وه ببینێت!
*****
هه‌رچی
مافی چاره‌نووسیشه، ئه‌گه‌ر گه‌لی کوردستان له کاتی پێشێلکردنی هه‌ندێک قانوون و
پێکهاتنی کورد و حوکوومه‌تی عیراقدا بۆی هه‌بێت باس له مافی چاره‌نووس بکات، که
له ده‌ستووره‌که‌شدا ڕێکوڕه‌وان ئه‌وه ناگوترێ و خۆ له قه‌ره‌ی وه‌ها باسێک
نادرێت و ته‌نێ باس له‌وه ده‌کرێت، که گه‌لی کوردستان بۆی هه‌یه بڕیارێکی دیکه
بدات، ئه‌ی بۆ وه‌ک مافێکی ڕه‌وای هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک له هه‌موو کاتێکدا
و هه‌ر کاتێک بیه‌وێت و له ناخۆشی و خۆشیشدا مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی و جیابوونه‌وه‌ی
له عیراق نه‌بێت! عیراقییه‌کان هه‌رگیز بیرکردنه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره به خه‌یاڵیش
به‌ڵای مێشکیاندا ناڕوات و نایانه‌وێت بیژنه‌فن.
*****
ئه‌گه‌ر
داڕشتنی ده‌ستوور به شێوه‌یه‌کی دیموکراتی به‌ڕێوه ده‌چێت و عیراقییه‌کان بۆ خۆیان
دایده‌ڕێژن، وه‌ک سه‌رانی عیراق و کوردستان بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئیدی زالمای خه‌لیلزادی
باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌و جڤینانه‌دا چ ده‌کات! ئه‌گه‌ر جاروبار یه‌کێک له عیراقی یا
له کوردان به‌شداریی هه‌ندێ له‌و جڤین و قسه‌وباسانه ناکه‌ن و دوور ده‌که‌ونه‌وه،
ئه‌وا خه‌لیلزاد هه‌میشه گوڵی مه‌جلیسه و له‌وێ ئاماده‌یه و هه‌رگیز یه‌ک خولکه‌یش
له‌و جڤینانه دوور ناکه‌وێته‌وه. ئه‌گه‌ر ته‌واوی ده‌ستوور و هه‌موو شته‌کانی دیکه‌ش
ئیمڵای ئه‌مه‌ریکا نییه و خه‌لیلزاد ته‌نێ وه‌ک ڕاوێژکار و هاریکارێک له‌و جڤینانه‌دایه،
ئه‌دی بۆ که‌سێک یا که‌سانێکی شاره‌زا و لێزان
و ڕاوێژکار و هاریکاری، فرانسی، ئه‌ڵمانی، چینی، ڕووسی، ژاپۆنی، که‌نه‌دایی، هیندوستانی
یا هی وڵاتێکی دیکه‌ی لێ نییه و ته‌نێ خه‌لیلزادی ئه‌مه‌ریکای لێیه!
*****
ئه‌وه‌ی
مرۆڤ له سوننه و شیعه و ئاشووری و تورکمان و ئه‌وانی دیکه‌ی ده‌بینێت، وه‌ک به‌راوردێک
له‌گه‌ڵ قسه و هه‌ڵوێستی سه‌رانی کورد، ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن و ده‌یکه‌ن و ئاشکرای
ده‌که‌ن، گه‌لێک له گوتار و کردار و هه‌ڵوێستی سه‌رانی کورد بوێرانه‌تر و ڕوونتره.
ئه‌وان، که دژن ڕێکوڕه‌وان دژن و که له‌گه‌ڵیشن ڕێکوڕه‌وان له‌گه‌ڵن. ئه‌و منجه‌منج
و خاوی و سستییه‌ی سه‌رانی کورد ده‌ینوێنن و ده‌یکه‌ن، که‌متر له‌کن ئه‌وان وه‌دی
ده‌کرێت و ئه‌وان له بڕیاردا گورجوگۆڵترن. پێموایه هۆی ئه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌وه بێت،
که ئه‌وان که‌متر گوێڕایه‌ڵی ئه‌مه‌ریکان و ده‌توانن بڵێن: نا.
*****
من له سه‌رانی
کورد تێناگه‌م، که بۆ هێنده به‌ته‌نگ یه‌کیه‌تیی عیراقه‌وه‌ن و ئه‌و عیراقه چ پیرۆزییه‌کی
بۆ گه‌لی کوردستان هه‌یه و بۆچی زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان هه‌ر له ئیمپراتۆریای سۆڤیێته‌وه
بیگه‌ره تا ده‌گاته چیکۆسڵاڤاکیا و یۆگوسڵاڤیا و ده‌یان وڵاتی دیکه، هه‌موو به‌شبه‌ش
کران، بۆ ئه‌م عیراقه به‌شبه‌ش نه‌کرێت!. سه‌رانی کوردن، که یه‌کیه‌تیی عیراق ده‌پارێزن
و عیراق چێ ده‌که‌نه‌وه، ده‌نا شیعه و سوننه و تورکمان و ئاشووری و کلدان و ئه‌رمه‌نی
و سابیئه و ئه‌وانی دیکه‌ش هیچیان له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا نایانکرێت و ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد
ئه‌و یه‌کیه‌تییه فشۆڵه‌یان نه‌پارێزێن و داکۆکیی لێ نه‌که‌ن، ئه‌وا هه‌موو وه‌ک
ته‌زبێحی ده‌زووبچڕاو له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه. ده‌با هه‌ڵوه‌شێنه‌وه.
*****
کاتی هه‌ڵبژاردنی
مانگی یه‌کی 2005 و ده‌نگدان بۆ په‌رله‌مانی عیراق و کوردستان، من بۆ خۆم له‌گه‌ڵ
نه‌بووم و دژی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان بووم. ئێستاش پێموایه هیچ نه‌گۆڕاوه و ئه‌گه‌ر
گۆڕابێتیش به‌ره‌و باشتر نه‌چووه، بۆیه ئێستاش دژی ده‌ستوور و دژی یه‌کیه‌تیی خاکی
عیراق و دژی عیراقییه‌تیم. با سه‌رانی کوردیش بگه‌ڕێنه‌وه بۆ خه‌ڵکی کورد و گوێڕادێرن
بزانن خه‌ڵکی کورد چی ده‌وێ و پرس به خه‌ڵکی کورد بکه‌ن له هه‌موو کارێکی ده‌یکه‌ن
و هه‌موو هه‌نگاوێکی ده‌ێنێن و هه‌موو بڕیارێکی ده‌یده‌ن. من له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌ڵبژاردندام
ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان و جودابوونه‌وه‌ی له عیراق و له‌گه‌ڵ
یه‌ک ده‌ستووریشدام ئه‌ویش ده‌ستووری کوردستان خۆی.
22/8/2005
Saturday, August 20, 2005
خۆکێشانه‌وه له به‌غدا به قازانجی کورده
خۆکێشانه‌وه له به‌غدا به قازانجی کورده
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
جاروبار
گوێم له خه‌ڵکانێک ده‌بێت، که باس له دانوستاندنه‌کانی ده‌ستووری عیراق ده‌که‌ن،
ده‌ڵێن: خوانه‌کرده ئه‌گه‌ر پێکنه‌هاتن و خودانه‌خواسته ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام،
ئه‌وا ڕه‌وش تێکده‌چێت و کورد بێ ئه‌نجام ده‌گه‌ڕێته‌وه. من ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه
بیر ده‌که‌مه‌وه و ده‌ڵێم خوداخواسته پێکنه‌یه‌ن و خوداکرده نه‌گه‌نه ئه‌نجام،
به‌ڵکه سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان بگه‌ڕێته‌وه کاوله‌که‌ی خۆی و ماڵه‌که‌ی
خۆی یه‌کخات و بڕیاری گه‌ل، ته‌واوی گه‌لی کوردستان بهێنێته جێ و له‌گه‌ڵ عیراقدا
بیقرتێنێت. که ته‌ماشای که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆنه عه‌ره‌بییه‌کان ده‌که‌یت و گوێت
له قسه‌ی عه‌ره‌ب ده‌بێت و ڕۆژنامه‌کانیان ده‌خوێنییه‌وه و گوتاره‌کانیان له ماڵپه‌ڕی
ئینته‌رنێتدا ده‌بینیت و میدیای عه‌ره‌ب ده‌هێنیته پێش چاوی خۆت، هیچ وشه‌یه‌کی ئه‌رێنیت
له‌مه‌ڕ خواسته‌کانی گه‌لی باشووری کوردستانه‌وه گوێ لێ نابێت. دیاره ئه‌مه دیارده‌یه‌کی
نوێ نییه و منیش به ته‌نێ به‌و ئه‌نجامه نه‌گه‌یشتووم. عه‌ره‌ب به ده‌نگی به‌رز
دژ به کورد هاوار ده‌که‌ن و هیچ بۆ کورد به ڕه‌وا نابینن. له پاڵ ده‌نگی بڵندی
عه‌ره‌بدا، دیاره که ده‌ڵێم عه‌ره‌ب مه‌به‌ستم هه‌موو عه‌ره‌بی سه‌ر گۆی زه‌وییه،
نووزه‌یه‌کی دیکه‌ش لێره و له‌وێ به‌رگوێ ده‌که‌وێت ئه‌ویش نووزه‌ی تورکمان و بڕێک
له ئاشووری و ئه‌وانی دیکه‌یه. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ش ڕێک به بای عه‌ره‌بان شه‌ن ده‌که‌ن
و به زۆڕنای ئه‌وان دێنه سه‌ما و هه‌موویان ته‌واوکه‌ری یه‌کدین. سه‌رکردیه‌تیی
سیاسیی کورد ئه‌گه‌ر خۆی و گه‌لی کوردستانیش نه‌خه‌ڵه‌تێنێت، ئه‌وا ته‌واوی ئه‌و
مانه‌وه‌یان له به‌غدا و به‌شداربوونیان له دانیشتنه‌کانی گوت‌وبێژی ده‌ستووردا و
هه‌موو دانیشتنه‌کانی دیکه‌ی چێ‌کردنی عیراق و دامه‌زراندنه‌وه و یه‌کخستنی عیراق و
هه‌وڵدانیان بۆ پاراستنی یه‌کیه‌تیی خاکی عیراق، ماندووبوونێکی مایه‌پووچ و بێهووده‌یه
و ده‌بوو هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌می ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه ده‌رکیان پێ کردبا. ئه‌گه‌ر
ته‌واوی ئه‌و ماندووبوونه‌یان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی کارگێڕی و حوکوومه‌ته‌کانی خۆیان(هه‌ولێر
و سلێمانی) ته‌رخان کردبا، ئێستاکه باره‌که جۆرێکی دیکه ده‌بوو. خۆگرێدان به به‌غدا
و عیراقه‌وه و به‌هاواره‌وه‌چوونی عیراق له لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستانه‌وه،
بۆ خۆی سازش بوو و نزمته‌ماشاکردنی گه‌لی کوردستان بوو و خۆدزینه‌وه بوو له
خواسته ڕاستینه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان. به‌ده‌مه‌وه‌چوونی عیراق و گوێدانه قسه‌ی
عیراقییان و چاوه‌نواڕی خێر و به‌ره‌که‌ت له عه‌ره‌ب و عیراق و عیراقییانه‌وه، بۆ کورد، له باشترین حاڵ‌دا پاشه‌کشه
و په‌شیمانبوونه‌وه و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له دوایه. ڕۆژێکی زیاتری مانه‌وه‌ی سه‌رکردیه‌تیی
سیاسیی کورد له به‌غدا و خۆشه‌که‌تکردنیان به عیراق و عیراقییانه‌وه و هه‌ر سستی
نواندنێکیان، پاساوێکه بۆ ئه‌مه‌ریکا، که ده‌سه‌ڵاتداری ڕاستینه‌ی عیراقه، بۆ
ناچارکردنی کورد و پتر گوشارخستنه سه‌ر کورد و پتر سه‌رنه‌ویکردنی کورد بۆ
پاراستنی عیراق و یه‌کیه‌تیی خاکه‌که‌ی و ده‌ستبه‌رداربوون له خواسته بنه‌ڕه‌تی
و کرۆکییه‌کانی گه‌لی کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان ده‌یه‌وێت(سنووری کوردستان
و مووسڵ و که‌رکووک و شه‌نگال و شێخان و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و به‌دره و جه‌سسان،
فیدرالی، مافی چاره‌نووس، پێشمه‌رگه، سامانی سروشتی و...) و نزمبوونه‌وه و چۆکدادان
و دابه‌زینه بۆ ئاستی ئه‌وه‌ی، که عه‌ره‌ب و عیراقییان بۆ کوردی به ڕه‌وا ده‌بینن.
هه‌ر پێکهاتنێک له‌مه‌ڕ ده‌ستووره‌وه بکرێت و ئه‌و مافه ڕه‌وایانه‌ی کوردی تێدا
نه‌بێت یا ڕێزه‌یه‌کی لێ که‌م کرابێته‌وه، ئه‌گه‌ر له ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریکا و
زلهێزانی دیکه‌شدا بێت، که ده‌یانه‌وێت کورد بکه‌نه قوربانیی خه‌ڵکی دیکه، ده‌کاته
سازشێکی گه‌وره له لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستانه‌وه و هیچ پاساوێکی
نییه و ناکرێ له ناپاکی زیاتر چ نێوێکی دیکه‌ی لێ بنرێت.
20/8/2005
Tuesday, August 16, 2005
سه‌رانی کورد هه‌میشه به کڵاوی نوێوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه کوردستان
سه‌رانی کورد هه‌میشه به کڵاوی نوێوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه
کوردستان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی کورد، نه‌ک هه‌ر ئه‌وڕۆ به‌ڵکه به درێژایی دیرۆکی کورد، له هیچ
دانوستاندن و گوتوبێژێکیدا له‌ته‌ک نه‌یارانی کورد و داگیرکارانی کوردستاندا، سه‌رکه‌وتوو
نه‌بووه و هه‌رگیز نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌نجامێک، که سه‌دله‌سه‌د و بێ هیچ دوودڵییه‌ک
ئاره‌زوو و خواسته‌کانی گه‌لی کورد وه‌دی بهێنێت. هه‌میشه به‌شێکی داخوازییه‌کانی
کورد، جێبه‌جێ نه‌کراون یا بۆ دواتر وه‌دوا
خراون، که له ئه‌نجامدا هه‌ر پشتگوێ خراون. هۆکارگه‌لێکی سه‌ره‌کی خاپاندنی سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی کورد له ته‌واوی ئه‌و دانوستاندنانه‌دا، بێجگه له نه‌بوونی زانیارییه‌کی
ته‌واو و ورد و به ژماره و ئامار و نه‌خشه و... له‌مه‌ڕ ته‌واوی کرده‌وه‌کانی
لایه‌نی به‌رانبه‌ر و خواسته‌کانی کورده‌وه، پشگوێخستنی خه‌ڵکی کورد بووه له لایه‌ن
سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورده‌وه. له هیچ گوتوبێژێکی کورد و داگیرکارانی کوردستان
و کورد و لایه‌نه بیانییه‌کاندا، خه‌ڵکی کورد له ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و گوتوبێژانه
ئاگادار نه‌کراوه‌نه‌ته‌وه و هه‌میشه په‌راوێزێنراون. پرس به خه‌ڵکی کورد نه‌کراوه
و بۆچوون و ڕای خه‌ڵکی کورد وه‌رنه‌گیراوه. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، ئیدی ئه‌گه‌ر
ته‌نێ یه‌ک که‌س بووبێت یا چه‌ند که‌س و چه‌ند پارتییه‌ک، هه‌ر خۆبه‌خۆ، چوونه‌ته
مه‌یدانی گوتوبێژه‌وه و بۆ خۆیان له هه‌مبه‌ر لایه‌نه‌کانی ناکورددا ڕوونیشتوون،
بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکیان وه‌رگرتبێت و بێ ئه‌وه‌ی بزانن خه‌ڵک چۆن ده‌نۆڕێته ئه‌و
کاره. له‌گه‌ڵ هه‌ر نێزیکبوونه‌یه‌کی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد له داگیرکارانی
کوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی حوکوومه‌تی نێوه‌ند و له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌ردانێکیان بۆ به‌غدا
و له‌گه‌ڵ هه‌ر دانوستاندنێکیاندا، دڵی میلیۆنان کورد داده‌خورپێ و دێته له‌رزین
و هه‌موو وێکڕا هه‌ناسه له‌خۆ ده‌بڕن و چاوه‌نۆڕی ئه‌وه‌ن، سه‌رانیان هه‌ڵه‌یه‌ک
نه‌که‌ن و سازش له سه‌ر خواسته‌کانیان نه‌که‌ن، لێ هه‌رده‌م به پێچه‌وانه‌وه‌یه
و و هه‌رده‌م سه‌رانیان ئه‌گه‌ر شه‌قاوێک بیانبه‌نه پێش، ده شه‌قاو ده‌یانگێڕنه
دواوه. هه‌واڵ و ده‌نگۆیه‌کی له ژوور و ڕاڕه‌وه داخراوه‌کانی جێ جڤینه‌کانی سه‌رانی
کورد و سه‌رانی عیراق له به‌غداوه ده‌گاته خه‌ڵک و دزه ده‌کات و ده‌ده‌رێت،
مژده‌ی خۆش و په‌یامی باش به خه‌ڵکی کورد ناگه‌یه‌نێت.
عیراقێکی
ده‌یانه‌وێت دروستی بکه‌ن، ئایینی فه‌رمیی تێیدا ئایینی ئیسلام ده‌بێت و سه‌رچاوه‌ی
سه‌ره‌کی قانوونیش تێیدا هه‌ر ئایینی ئیسلام ده‌بێت. هه‌ر ده‌وڵه‌تێک به‌رگێکی ئایینی
به‌به‌ردا کرا و قانوونه‌کانی هه‌موو له ئایینه‌وه وه‌رگیران ، ئیدی ناکرێ نێوی
دیموکراتی و فره‌یی لێبنرێت و پێچه‌وانه‌ی هه‌موو تازه‌گه‌ری و گۆڕانێکه. وا پێده‌چێت
سه‌رانی کورد به‌و مه‌رجه قایل بووبن. قایلبوونیان به‌و مه‌رجه سازشه و هیچی دیکه.
پرسیی دابه‌شکردنی سامانی سروشتیی وڵات، که به
پله‌ی یه‌که‌م بۆ گه‌لی کوردستان نه‌فته، که یه‌کێکه له پرسه هه‌ره‌گرنگه‌کان،
له‌وه‌شدا سه‌رانی کورد خه‌ریکن سازش ده‌که‌ن. له‌وه‌ی که 5%ی داهاتی ئه‌و سامانه
بۆ ئه‌و ئوستانه بێت، که سامانه‌که‌ی تێدایه و 60%ی ئه‌و سامانه بۆ ئه‌و هه‌رێمه
فیدرالییه بێت، که سامانه‌که‌ی تێدایه و 35%ی سامانه‌که‌ش بۆ ده‌وڵه‌تی نێوه‌ند
(فیدرال)ی بێت، که باشووری کوردستان به گوێره‌ی ئه‌وه ده‌بێته خاوه‌نی 65%ی داهات
و سامانی سروشتی خۆی، وا بڕیاره سامانی سروشتی بخرێته ژێر کۆنترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی
حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌وه و به گوێره‌ی ڕێژه‌ی دانیشتووانی وڵات و هه‌ر ئوستانێک
دابه‌ش بکرێت. به‌و پێیه‌ش گه‌لی باشووری کوردستان، که له نێوان 4-5 میلیۆندایه و گه‌لانی دیکه‌ی عیراق، که له نێوان
20-21 میلیۆن و پتردان، داهاته‌که له نێوان خۆیاندا به‌ش ده‌که‌ن، که کوردستان
له باشترین حاڵ‌دا له 20-25%ی ئه‌و داهاته‌ی پتر به‌ر ناکه‌وێت، به‌وه‌ش جارێکی دیکه
سه‌رانی کورد سازشیان کرد و کورد خاپێنرا.
هه‌رچی
پرسی که‌رکووک و ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیشه، که هێشتا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی عیراقدان،
چ کارێکی جیددی بۆ نه‌کراوه و عه‌ره‌ب وا به سووک و سانایی، ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد
هێنده منجه‌منجکه‌ر و له‌ژێرلێوه‌وه‌قسه‌که‌ر بن، ده‌ستبه‌رداری نابن. به‌ندی 58ی
قانوونی به‌ڕێوه‌بردنی کاتیی عیراق، که سه‌رانی کورد هێنده‌ی باس ده‌که‌ن، تا ئه‌وڕۆ
یه‌ک شتی لێ جێبه‌جێ نه‌کراوه. عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ش
هێشتا ماونه‌وه و وا به ئاسانییش به ته‌ما نیین ملیان بشکێنن و بڕۆن و هه‌رگیزیش ناڕۆن ئه‌گه‌ر به تۆبزی وه‌ده‌رنه‌نرێن.
پرسی مافی
چاره‌نووس[1]، که
به گوێره‌ی قانوونه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان مافی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیهانه،
له‌وه ناچێت سه‌رانی عیراق و عه‌ره‌بی عیراق بۆ کورد به ڕه‌وای ببینن و له ده‌ستووری
هه‌میشه‌ییدا بینووسن. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، به پشتئه‌ستووربوون به ئه‌نجامی
ڕاپرسییه‌که‌ی مانگی یه‌کی 2005، که پتر له 98%ی خه‌ڵکی کورد داخوازیی سه‌ربه‌خۆیی
و کوردستانێکی ئازاد ده‌که‌ن، ده‌بوو له‌بری 8 ساڵ بۆ ڕاپرسیی له سه‌ر مافی چاره‌نووس،
3-4 ساڵێکی دانابا بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا بنووسرێت. بلا چاوێکیان له خوارووی
سوودان کردبا ، که هه‌م ماوه‌ی ڕاپرسییان بۆ مافی چاره‌نووس و جیابوونه‌وه له
سوودان که‌متر داناوه و هه‌میش ته‌واوی سامانی سروشتیی وڵاته‌که‌یان له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی
نێوه‌نددا، ده‌که‌نه دوو به‌شه‌وه و شتێک له‌وانه‌وه فێر بووایه‌ن.
سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی کورد هه‌ر ته‌ونێک داده‌مه‌زرێنێت، مادام پرس به خه‌ڵکی کوردستان ناکات و
خه‌ڵکی کوردستان ناخوێنێته‌وه و گوێ له خه‌ڵکی کوردستان ناگرێت و ڕێکوڕه‌وان
دانوستاندن و گفتوگۆکانی ناخاته پێش چاوی خه‌ڵکی کورد و هه‌موو پرسه چاره‌نووسسازه‌کان
ناخاته نێو خه‌ڵکه‌وه و نایانکاته پرسێکی ڕۆژانه‌ی هه‌موو تاکێکی کورد و هه‌موو
تاکێکی کوردستانیی، هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ڕیسه‌کانی لێ ده‌کرێنه‌وه به خوری و گه‌لی
کوردستانیش هه‌میشه له سه‌ر ئه‌وه ڕاهاتووه، که سه‌ری سه‌رانی به کڵاوی نوێوه
ببینێت کاتێک له به‌غدا، ئه‌نقه‌ره، تاران یا دیمه‌شق ده‌گه‌ڕێنه‌وه کوردستان.
من بۆ خۆم
پێموایه سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، بۆ ئه‌وه‌ی بێ کڵاوله‌سه‌رنان بگه‌ڕێنه‌وه
کوردستان و گه‌لی باشووری کوردستانیش، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی خاوه‌نی خۆی بێت، تاکه یه‌ک
ڕێگه‌یان له به‌رده‌مدایه، ئه‌ویش خۆدابڕینه له‌و زیندانه گه‌وره‌یه‌ی نێوی عیراقه
و کشانه‌وه‌یه له ته‌واوی ئه‌وه‌ی نێوی عیراقی پێوه‌یه و ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به
عیراقه‌وه‌یه و هیچی دی.
16/8/2005
[1]ماوه‌یه‌که تێرمی"مافی چانووس" له‌نێو کورددا و له‌کن کوردانێکی
"خۆبه‌ڕووناکبیرزان"، گۆڕاوه و کراوه به "مافی چاره‌ی خۆنووسین".
"مافی چاره‌نووس" له‌ڕووی زمانه‌وه وه‌ک ئه‌وه وایه بڵێین: مافی
نانخواردن، مافی ئاوخواردنه‌وه، مافی قسه‌کردن، مافی کارکردن، مافی خوێندن، مافی
نووسین، مافی ڕاده‌ربڕین. که بڵێین
"مافی چاره‌ی خۆ نووسین" ده‌بێ بشڵێین: مافی نانی خۆ خواردن، مافی ئاوی
خۆ خواردنه‌وه، مافی قسه‌ی خۆ کردن، مافی کاری خۆ کردن، مافی خوێندنی خۆ، مافی
نووسینی خۆ، مافی ڕای خۆ ده‌ربڕین، که ناکرێ وا بگوترێ. ڕه‌نگه ئه‌مه کورداندنی
"حق تقریرالمصیر"ی عه‌ره‌بی بێت، که وشه‌ی "المصیر" ده‌کاته:
چاره‌نووس. کاتێک مرۆڤ باسی چاره‌نووسی که‌سێک ده‌کات، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سه
چی به سه‌ر هات و گه‌یشته کوێ و چ دواڕۆژێکی هاته پێش، که ڕێک ده‌کاته "المصیر"ه‌که‌ی
عه‌ره‌ب.هه‌رچی "مافی چاره‌ی خۆ نووسین"ه، وه‌ک ئه‌وه وایه بڵێین: ده‌مووچاو
و ڕوومه‌ت نووسین، واته: که‌سێک ڕوومه‌ت و ده‌موچاوی خۆی وه‌ک ده‌فته‌ر و ته‌خته‌ڕه‌ش
به‌کار ده‌بات و له سه‌ری ده‌نووسێت. پێموایه "مافی چاره‌ی خۆنووسین"
هه‌ڵه‌یه و "مافی چاره‌نووس" ڕاسته.
Tuesday, August 9, 2005
ئازادی بۆ ئاکۆ موحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی
ئازادی بۆ ئاکۆ موحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
که مرۆڤ باس له ئازادی و دیموکراتی بکات، ده‌بێ ئازادی ڕاده‌ربڕین و بیروبۆچوون له پێشی پێشه‌وه‌ی لیسته‌ی ئازادییه‌کانه‌وه بێت. که مرۆڤ نه‌یتوانی قسه‌ی خۆی بکات و ئه‌وه‌ی له دڵیدایه هه‌ڵیڕێژێت، ئیدی چ ئازادییه‌ک له گۆڕێ‌دا نییه. که مرۆڤ له سه‌ر بیروڕا و دیتنی ده‌مکوت کرا و درایه ناو ده‌میدا، ئیدی ئه‌وه تاساندن له‌گۆڕنانی ئازادییه. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، یه‌کجار زۆر بانگاشه‌ی ئازادی ده‌که‌ن و زۆر خۆیان به بوونی بڵاوکراوه‌ی زۆر و کۆڕ و ئه‌وانه‌وه هه‌ڵده‌کێشن، به‌ڵام ده‌نگی جیاواز قه‌بووڵ ناکه‌ن. ده‌نگێک، که کێماسی و ناته‌واوییه‌کانیان ده‌رخات و پێشاندات، کپ ده‌که‌ن و ده‌تاسێنن. ئه‌وان ته‌نێ ده‌نگی په‌سندان و پێداهه‌ڵگوتنیان پێ باشه و قه‌بووڵه. ئه‌گه‌ر یه‌ک شت کرۆکی هه‌موو پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنێکی وڵات و گه‌ل و مرۆڤ بێت، ئه‌وه ته‌نێ ئازادیی بیروبۆچوون و ڕاده‌ربڕینه. کڵۆمکردنی زاری خه‌ڵک و ڕێگه‌نه‌دانیان به‌وه‌ی قسه‌ی خۆیان بکه‌ن و لێپێچینه‌وه و لێپرسینه‌وه‌یان به هۆی بیروڕاوه و گرتنیان و زیندانیکردنیان، نیشانه‌ی نادیموکراتیه‌تی و ناشارستانیه‌تی و دیکتاتۆرییه. ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌گه‌ر بڕوای به ئازادی هه‌بێت، ڕێگه به هه‌موو ده‌نگێک ده‌دات و هیچ جۆره بۆچوونێک له‌مه‌ڕ هه‌رشتێکه‌وه بێت قه‌ده‌غه ناکات و ڕێی لێ ناگرێت.
حه‌فته‌نامه‌ی میدیا، یه‌کێکه له بڵاوکراوه هه‌ره‌باش و سه‌رکه‌وتووه‌کانی باشووری کوردستان. باشی و ڕێکوپێکی و سه‌رکوتوویی میدیاش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رنووسه‌ره‌که‌ی، که کاک (ئاکۆ موحه‌ممه‌د گه‌ردی)یه. ئاکۆ موحه‌ممه‌د، ڕۆژنامه‌وانێکی چالاک و بزیۆ و وردکار و شاره‌زا و ڕاستگۆ و دڵسۆز و کوردپه‌روه‌ر و کوردستانییه.
گرتنی ئاکۆ موحه‌ممه‌د له لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه و ئه‌وڕۆ، یا هه‌ر ڕۆژنامه‌وانێکی دیکه و هه‌ر کاتێکی دیکه، له سه‌ر بیروڕا، نیشانه‌ی ترسه له ئازادی و کارێکه یه‌کجار خراپ و نابه‌جێ و دیارده‌یه‌کی ترسناکه و گوشارخستنه‌سه‌ر و هاندانی ڕۆژنامه‌وانانی ئازادیخوازه بۆ به‌جێهێشتنی کوردستان و شاردنه‌وه و داپۆشینی ته‌واوی هه‌ڵه و گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵات.
هه‌رچی زووتره، گه‌ره‌که ئاکۆ موحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی ئازادکرێن و داوای لێبوردنیشیان لێ بکرێن.
9/8/2005
Saturday, July 16, 2005
که بوویته کۆیله‌ی ئایدیۆلۆژیا، ده‌بیته ڕۆبۆت
که بوویته کۆیله‌ی ئایدیۆلۆژیا،
ده‌بیته ڕۆبۆت
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
شێخ زانا، دلێر(دانا)، یه‌عقووب(جووتیار)، ئه‌ژی،
بورهان، کارزان، سه‌رباز، وه‌ستا فاریق، کارۆخ، هه‌ڤاڵ(سۆران)، مه‌ریوان، موحسین(هیمداد،
هۆزان)، فاخیر، حاجی ساڵح، به‌هره‌م، مه‌لا عومه‌ر، عه‌بدولحه‌مید، عه‌بدولله‌تیف،
سالار، موحه‌ممه‌د عه‌لی، عه‌بدوڕه‌حمان، شه‌مسه‌ددین، سوفیان، عوسمان، کۆمه‌ڵێک گیانله‌به‌رن
له شێوه‌ی زه‌لامدا، که وه‌ک مرۆڤه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه، ئه‌وانیش چاو و ده‌م
و زمان و پرچ و گوێ و که‌پوو و ده‌ست و په‌نجه‌یان هه‌یه و قسانیش ده‌که‌ن. ماوه‌ی
چه‌ند ڕۆژێکه، ئه‌و به‌نێو مرۆڤانه، میوانێکی ڕه‌زاگرانی، پێموایه، هه‌موو ماڵه
کوردێکی ئه‌م جیهانه‌ن، دیاره ئه‌وانه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و سه‌ته‌لایتیان هه‌یه. ئه‌مانه
به ڕواڵه‌ت مرۆڤن، لێ به هیچ جۆرێک پێوه‌ندیان به مرۆڤه‌وه نییه و دڕنده‌گه‌لێکی
خوێنخۆر و مرۆڤ‌کوژ و هۆڤ و پارچه‌یه‌ک بۆگه‌نی و پیسی و په‌تا و ده‌رد و به‌ڵان. ئه‌مانه
بێجگه له کوشتن و له‌تله‌تکردنی مرۆڤ و هاووڵاتی خۆیان، بۆ خۆیان و له‌گه‌ڵ خۆیاندا
یه‌کدییان گاوه و نێربازییان کردووه و سێکسیشیان له‌گه‌ڵ کچان کردووه و کوڕانیان
زۆرگێ کردووه و بیره و مه‌ی و عه‌ره‌قیشیان نۆش کردووه. ته‌واوی ئه‌و کارانه‌شیان
بۆ خۆیان به حه‌ڵاڵ زانیوه و "له پێناوی خودا و په‌یامبه‌ری خودا و شه‌ریعه‌تی
خودا و ئیسلامدا" وه‌ک خۆیان ده‌یگێڕنه‌وه، ئه‌نجامیان داوه. له پێناوی
خزمه‌تکردن به ئایدیۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕه‌که‌ی
خۆیان، له هیچ کارێکی ناڕه‌وا و نامرۆڤانه و دڕندانه نه‌سڵه‌مینه‌ته‌وه. ده‌یان
که‌سیی بێ‌تاوانیان خوێنساردانه سه‌ربڕیوه و پارچه‌پارچه کردووه و سه‌ریان له
جێیه‌ک و لاشه‌کانیان له جێیه‌کی دیکه شاردووه‌ته‌وه. هه‌ندێک له‌مانه هاتوچۆی
مزگه‌وتی ماجیدی هه‌ولێریان کردووه و گوێیان له گوتاری مه‌لا ئه‌مین ناوێک گرتووه،
که بیری مرۆڤکوژی و ڕق و قین و وێرانکاریی بڵاوکردووه‌ته‌وه و کاریگه‌ریی ئه‌ویان
له سه‌ر بووه و هه‌ندێکیشیان هاتوچۆی مزگه‌وتی عه‌بدولغه‌نییان کردووه. ئه‌مانه
خۆیان به خوێندن و فێربوونی قورئان و زانستی ئیسلامی و زمانی عه‌ره‌بی و فێربوونی
کتێبی ئایینییه‌وه خه‌ریک کردووه و فێربوونی شۆفێری و مه‌شقکردن له سه‌ر چه‌ک و
ته‌قه‌کردن و کوشتن و سه‌ربڕینی مرۆڤ و تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی هه‌مه‌جۆردا و
خۆشاردنه‌وه له نێو ئاپۆره‌ی خه‌ڵکدا و خه‌ریکبوون به خواردنه‌وه و نێربازی و
مێبازی و قوماریشه‌وه شێوه‌ی ژیان و نه‌خشه‌ی ڕۆژانه و ڕه‌وشت و شێوه‌ی گوزه‌ران
و هه‌لسوکه‌وتیان بووه. به‌شێکی زۆری ئه‌مانه ئه‌ندازیار و ده‌رچووی زانستگه و
خه‌ڵکی خوێندوون. هه‌ندێکیان پێوه‌ندیان به ده‌سگای ئاساییشه‌وه هه‌بووه و له
نێو ئه‌و ده‌سگایه‌دا کاریان کردووه و هه‌ندێکیشیان پۆلیس بوونه. له نێوان هه‌ولێر
و که‌ڵه‌ک و مووسڵ و بیاره‌دا زۆرجاران هاتۆچۆیان کردووه. ئێمه ئه‌گه‌ر بڕیار
وابێت ئه‌مانه وه‌ک دیارده‌یه‌ک بخوێنینه‌وه، هه‌رگیز ناتوانین هه‌روا به جیا له
دیارده‌کانی دیکه و جیا له جڤاکی کورد بیانخوێنینه‌وه. ئه‌مانه له ئاسمانه‌وه
دانه‌به‌زیونه کوردستان و هه‌روا و له‌خۆڕا له‌و ده‌ڤه‌ره قوت نه‌بوونه‌ته‌وه.
ئه‌مانه منداڵانگه‌لێکی لاساری جڤاکی کوردن و وه‌ک سنن و مرۆر، تۆوێکی بێژووی خاکی
کوردستانن، به‌ڵام ئایا هه‌روا دابڕاو له دیارده و شته‌کانی دیکه ده‌خوێنرێنه‌وه!
پێموایه نا، چونکه ئه‌مانه به ته‌نێ نین و هه‌زارانی وه‌ک ئه‌وان له جڤاکی کورددا
ده‌ژین. ئه‌مانه، بۆ گه‌یشتن به باشترین ئه‌نجام، ده‌بێ وه‌ک دیارده و بیر و ئایدیۆلۆژیا
بخوێنرێنه‌وه و سه‌ره‌داوی هۆ و پاڵپێوه‌نه‌ر و پاشخان و کارێگه‌رییه‌کانی، که له
سه‌ریان بووه بدۆزرێنه‌وه.
*****
ئێمه زۆرجاران
له پشتی مێژوو و ڕابردووه‌وه خۆمان مه‌ڵاس ده‌ده‌ین و مات ده‌بین و خۆمان حه‌شار
ده‌ده‌ین و پێمانوایه پاشخانێکی گه‌لێک ڕه‌نگین و پاکژمان هه‌یه و ئیدی ئه‌وه‌مان
وه‌ک توێشوو به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به هه‌وار و ئارامگه و ئاقارێکی دیکه. ئه‌گه‌ر
له نێو دێڕه‌کانی مێژووی ئێمه‌دا جاروبار خاڵێکی نیمچه ڕووناک سه‌ره‌تاتکێمان له‌گه‌ڵدا
بکات، ئه‌وا گه‌ره‌که سوپاسگوزار بین، ده‌نا پڕانی خاڵه‌کانی مێژووی ئێمه‌ش، وه‌ک
زۆرینه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی، خه‌ڵتانی خوێنن و ئه‌گه‌ر وه‌ک سیپاڵێک بیانگوشین، گه‌ماری
و چڵک و کێم و بۆگه‌نییان لێ ده‌چۆڕێت. مێژووی ئێمه‌ش به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌یه له
مێژووی مرۆڤایه‌تیی، که میکائێل باکۆنین وه‌ها پێناسه‌ی ده‌کات:"مێژووی مرۆڤایه‌تیی
تا ئێستا، ته‌نێ ڕه‌وتێکی خێرا و کوشتن و له‌تله‌تکردنێکی خوێناویی میلیۆنان بوونه‌وه‌ری
مرۆڤی هه‌ژار بووه، له‌پێناو یه‌کێک له ئابستراکته بێبه‌زه‌ییه‌کانی وه‌ک:
خودا، وڵات، ده‌وڵه‌ت، شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یی، مافی مێژوویی، مافی قانوونیی و ئازادی
سیاسیی‌دا". ئه‌وه‌ی پێیوابووه و پێیوایه، جڤاکی کورد و وڵاتی کوردستان، جڤاکێکی
پاکژ و بێ هه‌ڵه و خودانڕه‌وشت و پڕئاکار و مرۆڤدۆسته و هه‌رچی چاکه و باشه‌یه
تێیدایه و کورد فریشته‌یه، هه‌رگیز له جڤاکی کورد و وڵاتی کوردستان تێنه‌گه‌یشتووه
و یا خۆی گێل ده‌کات یا له گوێی گادا نووستووه. جیاوازییه‌کی زه‌قی نێوان جڤاکگه‌لی
ئه‌وروپا و جڤاکگه‌لی ئێمه له کراوه‌یی ئه‌وان و داخراویی ئێمه‌دا ده‌بینرێنه‌وه.
گه‌لێک دیارده لای ئێمه خه‌ڵک به تابووی ده‌زانێت له ئه‌وروپا به ئاشکرا باسی
لێوه ده‌کرێت و ڕۆژانه له هه‌موو ساتێکی ژیاندا مرۆڤ ده‌یانبینێت و له‌گه‌ڵیاندا
ده‌ژی. له نێوجڤاکی ئێمه‌ش(کورد)دا، له نێو وڵاتی ئێمه‌ش(کوردستان)دا، ته‌واوی ئه‌و
دیاردانه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌ن، لای ئێمه‌ش هه‌ن، لێ جیاوازییه‌که
ئه‌وه‌یه، ئێمه خۆمانیان له قه‌ره ناده‌ین و کۆمه‌ڵگه کراوه‌کان، باسیان لێوه
ده‌که‌ن و لێیان ده‌کۆڵنه‌وه. ئێمه وه‌ک وشترمه‌ل سه‌رمان له بنی لمی ده‌نێین و
خۆمانی لێ که‌ڕ ده‌که‌ین. چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، که دیارده‌ی نێربازی، هه‌تیوبازی،
منداڵبازی، به‌چه‌بازی، قووندان، ڕووسپێتی، له‌شفرۆشتن، گاندان، قه‌حبه‌بازی، زۆرگێی،
حیزی، گه‌ووادی، له وڵاتی ئێمه‌دا، نه‌ک هه‌ر هه‌ن، به‌ڵکه یه‌کجار زۆر و به‌ربڵاویشن!
چ کوردێک هه‌یه ناوی سه‌دان قنگده‌ر و گانده‌ر و حیز و گه‌ووادی کورد نه‌زانێت و
هه‌ر هیچ نه‌بێت چه‌ند دانه‌یه‌کیشیان لێ نه‌ناسێت! چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، که
هێنده‌ی پێوه‌ندی سێکسیی نهێنی نێوان پیاوی ژندار و ژنی مێرددار و کوڕ و کوڕ و پیاوی
ژندار و کوڕ و ده‌یان جۆری دیکه له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه، له هیچ جێگه‌یه‌کی دیکه‌ی
ئه‌م جیهانه‌دا نییه! چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، که له به‌شه ناوه‌ندییه‌کانی
خوێندنگه‌کان و سه‌ربازگه و زیندان و ئه‌و شوێنانه‌دا، که ته‌نێ کوڕی گه‌نجیی تێدا
ده‌ژین، ده‌یان حیز و قوونده‌ر په‌یدا ده‌بن و ئه‌وێ ژینگه‌یه‌کی له‌باره بۆ نێربازی
و له‌وێ هه‌ولێری گوته‌نی"نێری نێری ده‌گێ"! چ کوردێک هه‌یه نێوی شێخی
شاعیران، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، نه‌بیستبێت و شیعری ئه‌وی نه‌خوێندبێته‌وه، که سه‌دوئه‌وه‌نده
ساڵێک پێش ئه‌مڕۆ باسی ده‌یان قنگده‌ر و قنگایین و نێربازی کردووه، که دیاره کۆمه‌ڵگه‌ی
کوردی ئه‌وده‌مه‌ش لێییان بێبه‌ش نه‌بووه! چ کوردێک و چ ناکوردێک هه‌یه نه‌زانێت،
که دیارده‌ی نێربازی و قه‌حبه‌بازی له کۆمه‌ڵگه ئایینییه داخراوه‌کانی وه‌ک عه‌ره‌بستانی
سعوودی و وڵاتانی که‌نداوی عه‌ره‌ب و ئێران، له هه‌موو جێیه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه
زیاتر و فراوانتره! چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، که هێنده‌ی ڕه‌دووکه‌وتن و ژنهه‌ڵگرتن
و ژن به‌زۆرته‌ڵاقدان و خواستنی له لایه‌ن که‌سێکی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، له وڵاتی
ئێمه‌دا ڕووده‌دات، له هیچ جێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا ڕوو نادات! چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت،
که قومار و پاره‌بردنه‌وه و پاره‌دۆڕاندن له وڵاتی ئێمه‌دا نه‌ک هه‌ر هه‌یه، به‌ڵکه
یه‌کجار زۆر و به‌ربڵاویشه! چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، که هێنده‌ی عه‌ره‌ق له وڵاتی
ئێمه‌دا ده‌خورێته‌وه و هێنده‌ی خواردنه‌وه له وڵاتی ئێمه‌دا سه‌رف ده‌بێت و هێنده‌ی
پاره بۆ ئه‌و به‌زمه ده‌ڕوات، له گه‌وره شارێکی ئه‌وروپادا ئه‌وه‌نده ناخورێته‌وه
و سه‌رف ناکرێت! چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، که هێنده‌ی خه‌ڵک له وڵاتی ئێمه سه‌رنگوم
ده‌کرێن و له هیچ و خۆڕا ده‌کوژرێن، له هیچ وڵاتێکی ئه‌و جیهانه‌دا ڕوونادات! ئێمه
ته‌واوی ئه‌و دیاردانه ده‌بینین و له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژین و پێیان ده‌زانین، لێ باسیان
لێوه ناکه‌ین و ناوێرین لێیان بکۆڵینه‌وه و ناوێرین نێویان ببه‌ین. ئه‌وه‌ی لای
ئێمه‌ش ڕوو ده‌دات، به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه له مێژووی ئێمه‌ی گرێ‌دراو به مێژووی
جڤاکه‌کانی ده‌وروبه‌رمانه‌وه و به تایبه‌تیش مێژووی ئیسلام.
*****
ئیسلام له‌کن ئێمه بووه به سه‌رقاپی مه‌نجه‌ڵێک و هه‌موو
شته‌کانی په‌رده‌پۆش کردووه و که‌سیش له‌خۆی ڕا نابینێت ئه‌و سه‌رقاپه هه‌ڵداته‌وه
و بنۆڕێته نێو مه‌نجه‌ڵه‌که بزانێ چی تێدایه و هه‌موو ناواخنه‌که‌ی ڕۆکاته سه‌ر
سفره‌که تا هه‌مووان بیبینن و بۆنی بکه‌ن و بیناسنه‌وه و باسی لێوه بکه‌ن. ئیسلام
لای ئێمه بووه به چه‌په‌رێک و له په‌نایدا هه‌زاران دڕنده و خوێڕی و ڕه‌وانده‌رده‌دار،
خۆیان مه‌ڵاس داوه و به‌نێوییه‌وه مرۆڤ ده‌کوژن. ئێمه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ
سه‌ره‌تاکانی ئایینی ئیسلام، بنه‌ما و ڕه‌گوڕیشه‌ی ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ی، که ئه‌وڕۆ
ئه‌م دڕندانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و ئه‌نجامیان داوه، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ده‌یانبینینه‌وه.
کوشتنی سیاسیی، کاری سیخوڕی، داگیرکردن و به حه‌ڵاڵزانینی ماڵی خه‌ڵک[1]و
زۆرگێی و قنگدان و گاندان و خواردنه‌وه و قومار و دزی و چه‌ته‌یی و شڕه‌خۆری هه‌موویان
له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامدا هه‌بوون. ژماره‌ی قوربانییانێک، که
له‌سه‌رده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌وی و عه‌بباسییاندا، به نێوی ئیسلامه‌وه و
له مێژووی ئیسلامدا له‌نێوبراون، پتره له ژماره‌ی قوربانییانێک، که له مێژووی
خاچپه‌رستان و که‌ونه مه‌سیحییاندا و له
مێژووی سه‌رمایه‌داریی نوێ‌دا، له‌نێو براون. له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییاندا ماڵ و موڵکی
گشتی و خه‌ڵک به هی ده‌سه‌ڵاتدار داده‌نرا و کاری پێ ده‌کرا. کوشتنی به هه‌وه‌س
و هه‌رله‌خۆڕا ده‌کرا. خواردنه‌وه و مێبازی و نێربازی و هه‌موو چێژێکی دیکه، ده‌سه‌ڵاتداران
و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان لێی به‌هره‌مه‌ند ده‌بوون. کاروباری خه‌ڵک پشتگوێ ده‌خرا
و ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌که وه‌ک ئاژه‌ڵیش نه‌ده‌مێژمێردران و لێیان ده‌خوڕا. له سه‌رده‌می
په‌یامبه‌ری ئیسلامدا چه‌ندین کاری کوشتنی سیاسی، به چه‌مکی ئه‌مڕۆیی(تیرۆر)، ئه‌نجام
دراوه. سه‌رانی جووله‌که‌کانی دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب، سه‌رۆکهۆزه‌کانی دژه ئیسلام، ده‌کوژران.
خودان بیروڕای جیاوازی وه‌ک، ئه‌لئه‌سوه‌د ئه‌لعه‌نسی، که له سه‌رانی یاخیبووانی
یه‌مه‌ن بوو له یه‌مه‌ن کوژرا. هه‌وڵی کوشتنی ئه‌بوو سوفیان درا. سه‌عد بن عیباده
کوژرا. قڕانی که‌ربه‌لا و کوشتنی ئیمام حوسه‌ین و ماڵباتی عه‌لی، که بۆ خۆیان کرۆکی
ئیسلام بوون، ئه‌نجام درا. عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب و عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب و مالیک ئه‌لئه‌شته‌ر
و حه‌سه‌نی کوڕی عه‌لی، هه‌موویان کوژران.
عه‌بدولڕه‌حمان بن خالد بن ئه‌لوه‌لید و عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز و ئیدریس بن عه‌بدوڵڵا
و ئه‌بووسه‌عید ئه‌لجه‌نابی دامه‌زرینه‌ری بزاڤی قه‌رمه‌تی له دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب و
مه‌عد بن زیاده و نیزامولمولک، ئه‌مانه هه‌موو کوژران. ئه‌بووحه‌نیفه و ئیمام
مووسا ئه‌لکازیم، ئه‌لمه‌ئموون، هه‌رسێیان به شێوه‌یه‌ک مردن، که جێی گومانه. چه‌ندین
شێوه‌ی کوشتن و ئه‌شکه‌نجه له ئیسلامدا به‌کار براوه، که به ڕاستی ته‌نێ ئاوه‌ز
و هزری نه‌خۆش ڕێی پێ ده‌بات، ده‌نا هیچ هۆشیارێک ناتوانێت بیری لێ بکاته‌وه. هه‌ڵگرتنی
سه‌ری بڕاو، لێدان و دارکاری، له‌تله‌تکردنی له‌ش، گوورینی پێست(که‌وڵکردن)،
سووتاندن، له‌ڕۆندا هه‌ڵقرچاندن، پڕکردنی زگی قوربانیی به مێرووله، تینووکردن، کوشتن
به ئاوی سارد. گۆشتلێکردنه‌وه و بچڕین و قرتاندنی به‌شه‌کانی له‌ش، نینۆک هه‌ڵکه‌ندن،
به‌زۆر گایین. به قامیش کوشتن و قامیش تێبڕین، ده‌رکردنی گیان(ڕۆح) له قنگه‌وه.
برژاندن، دارتێبڕین و پاژکردن. لووتبڕین، چاوهه‌ڵکۆڵین، زمانبڕین. ته‌واوی ئه‌وانه
نموونه‌گه‌لێکی جۆری ئه‌شکه‌نجه‌ی نێو ئیسلامن.
*****
که ده‌نۆڕینه
نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی ئه‌و کوشتن و ئه‌شکه‌نجانه‌ی له مێژووی ئێسلامدا ڕوویانداوه،
ئه‌وه‌ی ده‌سبه‌جێ بۆمان ئاشکرا ده‌بێت و ده‌که‌وێته به‌رچاو ئه‌وه‌یه، ئه‌و کارانه
هه‌رچه‌نده له سه‌رده‌می په‌یامبه‌ری ئیسلام، موحه‌ممه‌د و خه‌لیفه‌کانیدا ئه‌بووبه‌کر
و عومه‌ر و عوسمان، به شێوه‌یه‌ک هه‌بوونه، وه‌لێ پتر له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌کاندا
په‌ره‌یان سه‌ندووه و ئیدی به دووی ئه‌وانیشدا عه‌بباسییانیش درێژه‌یان پێداون.
له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌کاندا، جڤاک، له ڕووی چینایه‌تییه‌وه، بوو به به دوو
که‌رته‌وه: ئه‌ریستۆکراتی عه‌ره‌ب و پرۆلیتاریای موسوڵمانانی ناعه‌ره‌ب
"الموالي". بنه‌مای دژایه‌تییکردنی ناعه‌ره‌بان و چاولێکردنیان وه‌ک زڕه‌موسوڵمان
و دژوارییه‌ک له سه‌ر ئیسلامی عه‌ره‌بی، هه‌ر له‌وده‌مییه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا و له
سه‌رده‌می عه‌بباسییانیشدا گه‌یشته دوندی دوژمنایه‌تیکردنی ناعه‌ره‌بان، به بیانووی
گه‌لپه‌رستی و گه‌لێری"الشعوبیه" و دژوارییان له سه‌ر ئیسلام. نه‌ته‌وه‌په‌رستیی
عه‌ره‌ب و ئیسلامی سوننه سیمایه‌کی ڕوون و خویا و به‌ڵگه‌نه‌ویستی ئه‌و فه‌رمانڕه‌واییانه‌ن،
که له دوای له‌نێوبردنی عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب"علی بن ابی طالب" و کوشتنی
حوسه‌ین و قڕکردنی بنه‌ماڵه‌ی عه‌لییه‌وه،
په‌یدابوون و هه‌بوون و تا ئێستاش درێژه‌یان هه‌یه. ئه‌و ئیسلامه سوننه
عه‌ره‌بییه‌ی ئێستا، هه‌ر ئه‌و ئیسلامه ڕه‌گه‌زپه‌رستییه خوێناوییه‌ی ئه‌مه‌وییان
و عه‌بباسییانی نه‌یارانی ناعه‌ره‌ب و نه‌یارانی بنه‌ماڵه‌ی عه‌لییه. ئه‌و ئیسلامه‌ی،
عه‌ره‌بی سوننه نوێنه‌رایه‌تیی کردووه و ده‌یکات، هه‌ر ئه‌و ئیسلامه توندڕۆیه‌یه،
که ئه‌وڕۆ هه‌موو خه‌ڵکێکی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خۆیان، به بێئایین و کافر داده‌نات
و به چاوێکی شۆڤینیستانه ده‌نۆڕێته هه‌موو که‌سێکی، که له خۆیان نییه و که کوردییش
یه‌ک له‌وانه‌یه. که ده‌نۆڕینه ئه‌م ڕه‌گه‌زپه‌رستی و که‌سنه‌خوێندنه‌وه‌یه‌ی عه‌ره‌ب
و سوننه، به‌رانبه‌ر خه‌ڵکانی دیکه، ڕه‌گوڕێشه و بنه‌ماکانی، ته‌واوی ئه‌وه‌ی ئێستاکه
ڕووده‌دات، له‌و مێژووه خوێناوییه‌ی ئیسلامی سوننه و عه‌ره‌بدا، ده‌بینینه‌وه.
سادق جه‌لال ئه‌لعه‌زم "ڵادق جلال العظم" پێیوایه بیرۆکه‌ی کاره‌سات و
تراژیدیا، له هزری ئیسلامدا به گشتی و له هزری ئیسلامی سوننه‌دا به تایبه‌تی،
نییه. له‌کن شیعه ئه‌زموونی لێقه‌ومان هه‌یه(کاره‌ساتی که‌ربه‌لا) و له‌کن عیساییان
کاره‌ساتی له‌خاچدانی عیسا و هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌یه، لێ له‌کن سوننه شتێکی له‌و جۆره
هه‌ر نییه[2].
دیاره نه‌بوونی ئه‌و ئه‌زموونه تراژیدیاییه له‌کن عه‌ره‌بی موسوڵمانی سوننه، کاریگه‌رییه‌کی
وای کردووه‌ته سه‌ریان، که سادیستانه ڕه‌وتار له‌گه‌ڵ ناعه‌ره‌باندا بکه‌ن، چونکه
بۆ خۆیان له ئازار و کاریگه‌ریی و ئاکامه خراپه‌کانی ئه‌و کارانه‌یان تێناگه‌ن.
ئه‌و عه‌ره‌بانه و ئه‌و ناعه‌ره‌بانه‌یشی به نێوی ئیسلامه‌وه خه‌ڵک سه‌رده‌بڕن
و ده‌کوژن و خۆده‌ته‌قێننه‌وه، هه‌موو سروشکیان له‌و دیرۆکه‌وه بۆ دێت و هه‌موو
شانازییه‌کیان به‌و دیرۆکه‌یه و هه‌موو په‌یامێکیشیان بۆ زیندووڕاگرتنی ئه‌و دیرۆکه‌یه.
کاتێک مرۆڤ هه‌ستی بڕکه‌یی و سه‌ربه‌بڕکه‌بوون و خۆبه‌یه‌کێک له بڕکه زانین، له
ناخیدا هاته جۆش و چاوی سوور بوو و هیچی دیکه‌ی، بێجگه له‌و بڕکه‌یه‌ی خۆی و له‌و
ڕه‌نگه‌ی خۆی و له‌و ئایینه‌ی خۆی و له‌و زمانه‌ی خۆی و له‌و ئایینزایه‌ی خۆی و له‌و
خێڵه‌ی خۆی و له‌و حیزبه‌ی خۆی و له‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی خۆی و له‌و شاره‌ی خۆی و له‌و
گه‌ڕه‌که‌ی خۆی و له‌و ده‌سته‌یه‌ی خۆی، نه‌دی و به‌ڕاست نه‌زانی و نه‌ناسی و ددانی
پێدا نه‌نا، ئیدی ئه‌و ده‌مه مرۆڤ له مرۆڤی ده‌که‌وێت و هاوسێی خۆی ده‌کوژێت و
منداڵانی گه‌ڕه‌که‌که‌ی ده‌کوژێت و ژنانی هۆزه‌که‌ی ئه‌ولای خۆی زه‌وت ده‌کات. ئه‌مه‌ی
ئێستا له عیراق و کوردستان به‌رانبه‌ر به کورد ده‌کرێت، ڕێک زاڵبوونی ئه‌و هه‌ستی
بڕکه‌ییه‌یه و ده‌رچوونه له که‌وڵ و پێستی مرۆڤی و بوون و گۆڕانه به دڕنده‌یه‌کی
مرۆڤخۆر. کێ نێوی حه‌ججاج کوڕی یووسف ئه‌لسه‌قه‌فی و عه‌به‌یدوڵڵای کوڕی زیاد و یه‌زیدی
کوڕی موعاویه‌ی له ئیسلامدا نه‌بیستووه! ئه‌مانه‌ی ئێستا به نێوی ئیسلامه‌وه خه‌ڵک
ده‌گێن و سه‌رده‌بڕن و پارچه‌پارچه ده‌که‌ن، به‌رۆگرانی یه‌زید و عوبه‌یدوڵڵای کوڕی
زیاد و شه‌مر و حه‌ججاجن. ئه‌م ئیسلامه‌ی ئه‌وڕۆ له ئارادایه، ئیسلامی ئه‌مه‌وی
و عه‌بباسی و عوسمانییان و ڕێژیمگه‌لێکی وه‌ک ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین و کۆمه‌ڵه ڕێژیمێکی
دیکه‌ی به‌ناو ئیسلامی عه‌ره‌ب و ڕۆژهه‌ڵاته. ئه‌مه ئیسلامێکه بڕوای به جیاوازیی
نییه و پێیوایه و ئه‌وی وه‌ک وی نوێژ نه‌کات و وه‌ک وی به ڕۆژوو نه‌بێت و وه‌ک
وی خوداپه‌رستی نه‌کات، پێی کافره. ئه‌مه ئیسلامێکیه بڕوای به ته‌کفیره و ئه‌وه‌ی
وه‌ک خۆی نه‌بێت به کافری ده‌زانێت. به‌شێکی بنه‌مای ئه‌م بیروباوه‌ڕانه‌ش له تیۆرییه
ته‌کفیرییه‌کانی ئیبن ته‌یمییه"ابن تیمیه، 1263-1328"ی دژ به هه‌موو
بۆچوونێکی جیاواز و خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاوازی نێو ئیسلام و نه‌هێشتنی ئیجتیهاد و داخستنی
ده‌رگا به ڕوویدا و خوێندنه‌وه‌ی یه‌کلایه‌نه بۆ دیارده و بۆچوونه‌کان و دیتن و
سه‌یرکردنی فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵات وه‌ک سێبه‌ری خودا له سه‌ر زه‌ویوه سه‌رهه‌ڵده‌دات.
ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵبیرییه ژینگه‌یه‌کی پڕ پیته بۆ به‌رهه‌مهێنای ئه‌م جۆره ئیسلامه.
ئه‌مه ئیسلامێکه ته‌نێ خۆی ده‌بینێت و به گوێره‌ی تیۆری: "من منم تۆ چیت؟"،
نه‌ک"من منم تۆ کێیت؟" کار ده‌کات. ئه‌مه ئیسلامێکه نێربازی و به‌زۆرگایین
و دیارده‌ی حیزی و قنگدان و گاندانی تێدا حه‌لآڵ و ڕه‌وایه. له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وی
و عه‌بباسی و عوسمانییه‌کاندا، ئه‌و کارانه گه‌لێک به‌ربڵاو بوونه. خۆ عوسمانییه‌کان
و سوڵتانه‌کانیان هه‌زاران مێردمنداڵی لووسکه‌یان به خێو کردووه و پێگه‌یاندووه
و له حه‌ره‌مسه‌راکانی خۆیاندا کاریان پێداون و بۆ خۆیشیان سووک و باریک گاویانن.
مه‌گه‌ر هه‌ر عوسمانییان نه‌بوون، که لۆرانسی عه‌ره‌بیشیان گا! ئه‌م ئیسلامه‌ی ئه‌مان،
ئیسلامه‌که‌ی عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب و حه‌للاج و بیستامی و جونه‌ید و مه‌ولانای ڕوومی
و ئیبن عه‌ره‌بی و شیرازی نییه. ئه‌مه‌ی ئه‌مان ئیسلامی، موعاویه و یه‌زید و شه‌مر
و عوبه‌یدوڵڵای کوڕی زیاد و حه‌ججاج و سه‌ددام حوسه‌ینه. ئیسلامی ده‌سه‌ڵات و کوشتن
و حیزکردنی مرۆڤ و ئه‌نفال و ژاربارانی خه‌ڵک و سووتاندنی منداڵ و ژن و بێتاوانه
و ئیسلامێکه وه‌ک شێرپه‌نجه قڕ ده‌خاته مرۆڤ و مرۆڤ بنبڕ ده‌کات و ده‌ستیش له
هیچ به‌ها و فه‌رهه‌نگ و جوانی و خۆشه‌ویستییه‌ک ناپارێزێت.
*****
هه‌ر ئایین و
ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌یه‌ک، بوو به ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران کردیانه ڕێڕۆ
و بنگه و بناخه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئیدی ده‌بێته قانوونێک بۆ تێڵابه‌ده‌ستان و شه‌قوه‌شێنان
و چه‌وسێنه‌ران. به‌و قانوونه و له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئایین و ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌یه،
مرۆڤی ده‌رێی ده‌سه‌ڵات ده‌کوژرێ، ده‌گایرێ، تاڵان ده‌کرێ و هه‌موو په‌تپه‌تییه‌کی
به‌سه‌ردا ده‌هێنرێ، بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت ماک و ڕه‌وایه‌تی و دروستی ئه‌و قانوونه،
ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه، ئه‌و ئایینه بخاته ژێر پرسیاره‌وه یا
ته‌نانه‌ت گومانیشی لێ بکات. پێبه‌ندبوونی مرۆڤ و گرێدراویی به ئایین و ئایدیۆلۆژیاوه
و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان به هه‌موو شتێکی ئه‌و ئایین و ئایدیۆلۆژیاوه، ده‌کاته ده‌ستبه‌رداربوون
له ئازادی و ملکه‌چبوون بۆ چوارچێوه‌یه‌ک و مێشکدانه‌ده‌ست که‌سێک یا که‌سانێکی دیکه‌وه.
مرۆڤ کاتێک ئازاده، که هیچ چوارچێوه‌یه‌کی ئایدیۆلۆژی، هه‌ر ئایدیۆلۆژییه‌ک، زیندانیی
نه‌کات و هیچ باوه‌ڕ و فه‌لسه‌فه و هزرێک، هه‌ر چییه‌ک بێت، قوماتی نه‌کات و شه‌ته‌کی
نه‌دات و نه‌یبه‌ستێته‌وه. که پێچه‌وانه‌که‌ی له‌گۆڕێدا بوو، ئازادی ده‌مرێت و
هزر چه‌قده‌به‌ستێت و مێشک قورمیش و کڵۆم ده‌کرێت و کلیله‌که‌یشی ده‌درێته ده‌ست
خودان ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه و هزره‌کانه‌وه. ئایدیۆلۆژیا بۆ خۆی چوارچێوه‌یه‌کی
ئاماده‌یه، که پێیوایه وه‌رامی هه‌موو پرسێکی پێیه و چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌یه‌ک ده‌کات، به‌وه‌ش ده‌بێته
به‌ستنه‌وه و له‌قاڵبدانی مرۆڤ و تاساندن و خه‌ساندن و لاوازکردن و ڕووتکردنه‌وه‌ی
له هه‌موو خواز و ویست و ڕامانێک و ده‌بێته ده‌رده‌دارکه‌ری مرۆڤ و کوژه‌ری به‌ره‌ڵابوون
و ڕه‌هابوونی بیرکردنه‌وه و هۆشی مرۆڤ. که وای لێهات ئیدی مرۆڤ له هۆشیارێکی
خاوه‌ن هه‌ست و ئاوه‌ز و توانسته‌وه ده‌بێته ڕۆبۆت.
*****
شێخ زانا و ده‌سته‌که‌ی و ڕێکخراوه‌که‌یشیان، ئه‌گه‌ر کوردیش بن و به کوردی
بپه‌یڤن و دانیشتووی کوردستانیش بن، به هزر و دید و ئایدیۆلۆژیا، گرێدراوی ئایدیۆلۆژیای
ئیسلامی سوننه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌مه‌وی عه‌بباسی عوسمانی به‌عسی فاشی و درێژه‌پێده‌ری ئه‌و ڕێباز و فه‌لسه‌فانه‌ن
و بێجگه له چه‌ند خوێن‌ڕێژ و مرۆڤ‌کوژ و سادیستێک زیاتر هیچی دیکه نیین. ئه‌وه‌ی
ئه‌وان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له ڕه‌گوڕیشه‌ی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی یه‌زید و شه‌مر و ئه‌مه‌وی
و عه‌بباسیدا هه‌یه و ناکرێ له‌وان داببڕێنرێن. ئه‌وه‌ی به بیری هه‌زاران بینه‌ری
"تێرۆر وه‌ک خۆی"ی کوردستان تیڤی و یه‌ک له‌وانیش خۆمدا دێت ئه‌وه‌یه:
بۆ ئه‌م دانپێدانانه و پێشاندانه هه‌روا و بێ باسکردنی ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که و ڕه‌گوڕیشه‌ی
و ده‌سپێکی شته‌کان و مێژووی ڕێکخراوه‌که یا ڕێکخراوه‌کانیان ده‌خرێنه به‌رچاوی
بینه‌ران؟ بۆ کاتێک ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی ڕفێندراون و کوژراون و سه‌ربڕاون و له‌توپه‌ت کراون،
هه‌ر ئه‌وده‌می و گه‌رماوگه‌رم میدیایاکانی کوردستان باسیان لێوه نه‌کردوون و خه‌ڵکیان
لێیان ئاگادار نه‌کردووه‌ته‌وه و خه‌ڵک پێیانی نه‌زانیوه؟ بۆ که کوڕی خه‌ڵک و کچی
خه‌ڵک ڕفێندراون و زۆرگێ کراون و کوژراون، خاوه‌نه‌کانیان نه‌یانکردووه به هه‌را
و ڕۆژی خۆیان و شته‌کان هه‌روا به بێده‌نگیی ماونه‌وه؟ ئه‌مانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر
ته‌له‌ڤزیۆن ئه‌و قسانه ده‌که‌ن، هه‌مووان خاوه‌نی ژن و منداڵ و خێزان و باوک و
دایک و خزم و خوێشن و خه‌ڵک له گه‌ڕه‌که‌کاندا ماڵیان ده‌ناسنه‌وه و هه‌ریه‌که‌یان
نێوی سه‌دان له که‌سوکاریی خۆیان پیس ده‌که‌ن، که به ڕاستی ژن و منداڵیی ئه‌وانه
چ تاوانێکیان نییه، چاکتر نه‌بوو له بری پێشاندانیان و باسکردنی ورده‌کارییه‌کانی،
که کردوویانن، ته‌نێ نێوه‌کانیان ئاشکرا کرابا و وێنه‌کانیان پێشان درابا و ئه‌م
درێژدادڕییه‌ی ئێستایان ته‌نێ بۆ ئاساییش خۆی بووایه و له‌بری ئه‌وانه بینه‌ر له
ڕه‌گوڕیشه و مێژوو و پێوه‌ند و کار و ئایدیۆلۆژیای ئه‌و ده‌سته و گرۆیانه
ئاگادار کرابایه‌وه؟ بۆ باسی هۆکار و پاڵپێوه‌نه‌رانی ئه‌م گرۆیه ناکه‌ن و پێوه‌ندیان
به گرۆیه‌کانی دیکه‌وه ئاشکرا ناکه‌ن؟ ئایا به‌رپرسانی کوردستان تیڤی پێیانوانییه،
که پێشاندانی ئه‌م تاوانبارانه و به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستایان، به پێشاندان سه‌ربڕین
و پارچه‌پارچه‌کردنی له‌ش و خۆڕووتکردنه‌وه و یه‌کدی گایین، که هه‌ر له فیلمی سێکسیدا
پێشان ده‌درێن، کار ده‌کاته سه‌ر باری ڕه‌وانیی و ده‌روونی بینه‌ران و به تایبه‌ت
منداڵان، که ئه‌وانیش ته‌ماشای ده‌که‌ن؟ له هه‌موو وڵاتانی جیهاندا ده‌سگا سیخوڕییه‌کان
ده‌توانن گرۆ و کۆمه‌ڵه و ده‌سته تێرۆریست و نهێنییه‌کان بسمن و بچنه نێویانه‌وه
و هه‌موو نهێنی و ورده‌کارییه‌کیان بزانن، که‌چی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی شێخ زانا توانیویانه
بچنه نێو ئاساییش و پۆلیسه‌وه و ببن به که‌سانێک له‌وان، ئایا ئه‌مه لاوازیی
ئاساییش و پۆلیسی کوردستان پێشان نادات؟ و ده‌یان ئایا و بۆی دیکه‌ش!!! له دواییدا ئه‌و پرسیاره‌ی له مێشکی مندا قوت
ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه، ئایا هیچ شتێک له‌م جیهانه‌دا ئه‌وه ده‌هێنێت، که مرۆڤ هه‌روا
له خۆڕا و بۆ خۆشیی یا له‌به‌ر جیاوازیی بیروڕا و دید و بۆچوون یا به هۆی نه‌گونجان
و پێکنه‌هاتنه‌وه، مرۆڤێکی بێ‌تاوان و بێگوناهی له سه‌ر بکوژێت و گیانێک له‌به‌ین
ببات، ئیدی چ مرۆڤ بێت یا گیانله‌به‌رێکی دیکه، له کاتێکدا که بۆ خۆی ناتوانێت
و پێی ناکرێت و له‌باریدا نییه، نه‌ک مرۆڤ، به‌ڵکه مێرووله و مێشووله‌یه‌کیش
بئافرێنێت! ئه‌مه‌ی شێخ زانا و نموونه‌کانی وه‌ک وی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ڕاستیی تیۆرییه‌که‌ی
باکۆنین ده‌سه‌له‌مێنێت، که مێژووی مرۆڤایه‌تیی هه‌ر به‌ڕاستیی تا ئێستا، ته‌نێ ڕه‌وتێکی
خێرا و کوشتن و له‌تله‌تکردنێکی خوێناویی میلیۆنان مرۆڤی هه‌ژار بووه، له‌پێناو یه‌کێک
له ئابستراکته بێبه‌زه‌ییه‌کاندا.
16-7-2005
[1] ﴿وَاعْلَمُواْ أَنَّمَا
غَنِمْتُم مِّن شَیءٍ فَأَنَّ لِلّهِ خُمُسَهُ وَ لِلرَّسُولِ وَلذي الْقُرْبَى
والیتامی وَالْمَسَاکینِ وَابْنِ السَّبِیل﴾،سورة الأنفال، الایة41. هه‌ژاری موکریانی وه‌های کردووه‌ته
کوردی:"ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ش تێ بگه‌ن هه‌ر تالآنێکو ده‌س که‌وت، پێنج یه‌کێکی
به‌شی خودا و پێغه‌مبه‌ره و بۆ خزمان و هوتیوا و هه‌ژاران و ڕێبوارانه"،
قورئانی پیرۆز، وه‌رگێڕاوی مامۆستا هه‌ژار، ناشر تازه‌نگاه، چاپخانه بزگ قران کرایم،
تاران، ئێران.
[2] العظم، صادق جلال، حوار بلاضفاف، اجرﯼ الحوار
ڵقر ابو فخر، الموًسسه العربیه للدراسات والنشر- بیروت، الطبعه الاوﻠﻰ 1998، ڵ 31.
Subscribe to:
Posts (Atom)
که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه، که:" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...
-
خوێندکارانی کوردستان و بڕێک سەرنج ئەمجەد شاکەلی ئەمڕۆ لە دیدارێکیدا ...
-
ڕامانێک لە گشتپرسی و سەربەخۆیی وکاڵبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئەمجەد شاکەلی بازاڕی قسەکردن لەسەر گشتپرسی و سەربەخۆیی باشووری کورد...
-
سەرۆککۆمار ئەمجەد شاکەلی لە 2003وە و دوای داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە، بە ناوی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سیاسەتی تەواف...