Tuesday, August 9, 2005

ئازادی بۆ ئاکۆ موحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی

ئازادی بۆ ئاکۆ موحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

که‌ مرۆڤ باس له‌ ئازادی و دیموکراتی بکات، ده‌بێ ئازادی ڕاده‌ربڕین و بیروبۆچوون له‌ پێشی پێشه‌وه‌ی لیسته‌ی  ئازادییه‌کانه‌وه‌ بێت. که‌ مرۆڤ نه‌یتوانی قسه‌ی خۆی بکات و ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدایه‌ هه‌ڵیڕێژێت، ئیدی چ ئازادییه‌ک له‌ گۆڕێدا نییه‌. که‌ مرۆڤ له‌ سه‌ر بیروڕا و دیتنی ده‌مکوت کرا و درایه‌ ناو ده‌میدا، ئیدی ئه‌وه‌ تاساندن له‌گۆڕنانی  ئازادییه‌. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، یه‌کجار زۆر بانگاشه‌ی ئازادی ده‌که‌ن و زۆر خۆیان به‌ بوونی بڵاوکراوه‌ی زۆر و کۆڕ و ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵده‌کێشن، به‌ڵام ده‌نگی جیاواز قه‌بووڵ ناکه‌ن. ده‌نگێک، که‌ کێماسی و ناته‌واوییه‌کانیان ده‌رخات و پێشاندات، کپ ده‌که‌ن و ده‌تاسێنن. ئه‌وان ته‌نێ ده‌نگی په‌سندان و پێداهه‌ڵگوتنیان پێ باشه‌ و قه‌بووڵه‌. ئه‌گه‌ر یه‌ک شت کرۆکی هه‌موو پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنێکی وڵات و گه‌ل و مرۆڤ بێت، ئه‌وه‌ ته‌نێ ئازادیی بیروبۆچوون و ڕاده‌ربڕینه‌. کڵۆمکردنی زاری خه‌ڵک و ڕێگه‌نه‌دانیان به‌وه‌ی قسه‌ی خۆیان بکه‌ن و لێپێچینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌یان به‌ هۆی بیروڕاوه‌ و گرتنیان و زیندانیکردنیان، نیشانه‌ی نادیموکراتیه‌تی و ناشارستانیه‌تی و دیکتاتۆرییه‌. ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌گه‌ر بڕوای به‌ ئازادی هه‌بێت، ڕێگه‌ به‌ هه‌موو ده‌نگێک ده‌دات و هیچ جۆره‌ بۆچوونێک له‌مه‌ڕ هه‌رشتێکه‌وه‌ بێت قه‌ده‌غه‌ ناکات و ڕێی لێ ناگرێت.                                                                                                                                                                        
 حه‌فته‌نامه‌ی میدیا، یه‌کێکه‌ له‌ بڵاوکراوه‌ هه‌ره‌باش و سه‌رکه‌وتووه‌کانی باشووری کوردستان. باشی و ڕێکوپێکی و سه‌رکوتوویی میدیاش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رنووسه‌ره‌که‌ی، که‌ کاک (ئاکۆ موحه‌ممه‌د گه‌ردی)یه‌. ئاکۆ موحه‌ممه‌د، ڕۆژنامه‌وانێکی چالاک و بزیۆ و وردکار و شاره‌زا و ڕاستگۆ و دڵسۆز و کوردپه‌روه‌ر و کوردستانییه‌.                                                                                                                   



گرتنی ئاکۆ موحه‌ممه‌د له‌ لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ و ئه‌وڕۆ، یا هه‌ر ڕۆژنامه‌وانێکی دیکه‌ و هه‌ر کاتێکی دیکه‌، له‌ سه‌ر بیروڕا، نیشانه‌ی ترسه‌ له‌ ئازادی و کارێکه‌ یه‌کجار خراپ و نابه‌جێ و دیارده‌یه‌کی ترسناکه‌ و گوشارخستنه‌سه‌ر و هاندانی ڕۆژنامه‌وانانی ئازادیخوازه‌ بۆ به‌جێهێشتنی کوردستان و شاردنه‌وه‌ و داپۆشینی ته‌واوی هه‌ڵه‌ و گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵات.                                                  
هه‌رچی زووتره‌، گه‌ره‌که‌ ئاکۆ موحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی ئازادکرێن و داوای لێبوردنیشیان لێ بکرێن.

9/8/2005 




Saturday, July 16, 2005

که‌ بوویته‌ کۆیله‌ی ئایدیۆلۆژیا، ده‌بیته‌ ڕۆبۆت

که‌ بوویته‌ کۆیله‌ی ئایدیۆلۆژیا، ده‌بیته‌ ڕۆبۆت

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

شێخ زانا، دلێر(دانا)، یه‌عقووب(جووتیار)، ئه‌ژی، بورهان، کارزان، سه‌رباز، وه‌ستا فاریق، کارۆخ، هه‌ڤاڵ(سۆران)، مه‌ریوان، موحسین(هیمداد، هۆزان)، فاخیر، حاجی ساڵح، به‌هره‌م، مه‌لا عومه‌ر، عه‌بدولحه‌مید، عه‌بدولله‌تیف، سالار، موحه‌ممه‌د عه‌لی، عه‌بدوڕه‌حمان، شه‌مسه‌ددین، سوفیان، عوسمان، کۆمه‌ڵێک گیانله‌به‌رن له‌ شێوه‌ی زه‌لامدا، که‌ وه‌ک مرۆڤه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌، ئه‌وانیش چاو و ده‌م و زمان و پرچ و گوێ و که‌پوو و ده‌ست و په‌نجه‌یان هه‌یه‌ و قسانیش ده‌که‌ن. ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه‌، ئه‌و به‌نێو مرۆڤانه‌، میوانێکی ڕه‌زاگرانی، پێموایه‌، هه‌موو ماڵه‌ کوردێکی ئه‌م جیهانه‌ن، دیاره‌ ئه‌وانه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و سه‌ته‌لایتیان هه‌یه‌. ئه‌مانه‌ به‌ ڕواڵه‌ت مرۆڤن، لێ به‌ هیچ جۆرێک پێوه‌ندیان به‌ مرۆڤه‌وه‌ نییه‌ و دڕنده‌گه‌لێکی خوێنخۆر و مرۆڤکوژ و هۆڤ و پارچه‌یه‌ک بۆگه‌نی و پیسی و په‌تا و ده‌رد و به‌ڵان. ئه‌مانه‌ بێجگه‌ له‌ کوشتن و له‌تله‌تکردنی مرۆڤ و هاووڵاتی خۆیان، بۆ خۆیان و له‌گه‌ڵ خۆیاندا یه‌کدییان گاوه‌ و نێربازییان کردووه‌ و سێکسیشیان له‌گه‌ڵ کچان کردووه‌ و کوڕانیان زۆرگێ کردووه‌ و بیره‌ و مه‌ی و عه‌ره‌قیشیان نۆش کردووه‌. ته‌واوی ئه‌و کارانه‌شیان بۆ خۆیان به‌ حه‌ڵاڵ زانیوه‌ و "له‌ پێناوی خودا و په‌یامبه‌ری خودا و شه‌ریعه‌تی خودا و ئیسلامدا" وه‌ک خۆیان ده‌یگێڕنه‌وه‌، ئه‌نجامیان داوه‌. له‌ پێناوی خزمه‌تکردن به‌  ئایدیۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕه‌که‌ی خۆیان، له‌ هیچ کارێکی ناڕه‌وا و نامرۆڤانه‌ و دڕندانه‌ نه‌سڵه‌مینه‌ته‌وه‌. ده‌یان که‌سیی بێتاوانیان خوێنساردانه‌ سه‌ربڕیوه‌ و پارچه‌پارچه‌ کردووه‌ و سه‌ریان له‌ جێیه‌ک و لاشه‌کانیان له‌ جێیه‌کی دیکه‌ شاردووه‌ته‌وه‌. هه‌ندێک له‌مانه‌ هاتوچۆی مزگه‌وتی ماجیدی هه‌ولێریان کردووه‌ و گوێیان له‌ گوتاری مه‌لا ئه‌مین ناوێک گرتووه‌، که‌ بیری مرۆڤکوژی و ڕق و قین و وێرانکاریی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و کاریگه‌ریی ئه‌ویان له‌ سه‌ر بووه‌ و هه‌ندێکیشیان هاتوچۆی مزگه‌وتی عه‌بدولغه‌نییان کردووه‌. ئه‌مانه‌ خۆیان به‌ خوێندن و فێربوونی قورئان و زانستی ئیسلامی و زمانی عه‌ره‌بی و فێربوونی کتێبی ئایینییه‌وه‌ خه‌ریک کردووه‌ و فێربوونی شۆفێری و مه‌شقکردن له‌ سه‌ر چه‌ک و ته‌قه‌کردن و کوشتن و سه‌ربڕینی مرۆڤ و تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی هه‌مه‌جۆردا و خۆشاردنه‌وه‌ له‌ نێو ئاپۆره‌ی خه‌ڵکدا و خه‌ریکبوون به‌ خواردنه‌وه‌ و نێربازی و مێبازی و قوماریشه‌وه‌ شێوه‌ی ژیان و نه‌خشه‌ی ڕۆژانه‌ و ڕه‌وشت و شێوه‌ی گوزه‌ران و هه‌لسوکه‌وتیان بووه‌. به‌شێکی زۆری ئه‌مانه‌ ئه‌ندازیار و ده‌رچووی زانستگه‌ و خه‌ڵکی خوێندوون. هه‌ندێکیان پێوه‌ندیان به‌ ده‌سگای ئاساییشه‌وه‌ هه‌بووه‌ و له‌ نێو ئه‌و ده‌سگایه‌دا کاریان کردووه‌ و هه‌ندێکیشیان پۆلیس بوونه‌. له‌ نێوان هه‌ولێر و که‌ڵه‌ک و مووسڵ و بیاره‌دا زۆرجاران هاتۆچۆیان کردووه‌. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت ئه‌مانه‌ وه‌ک دیارده‌یه‌ک بخوێنینه‌وه‌، هه‌رگیز ناتوانین هه‌روا به‌ جیا له‌ دیارده‌کانی دیکه‌ و جیا له‌ جڤاکی کورد بیانخوێنینه‌وه‌. ئه‌مانه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دانه‌به‌زیونه‌ کوردستان و هه‌روا و له‌خۆڕا له‌و ده‌ڤه‌ره‌ قوت نه‌بوونه‌ته‌وه‌. ئه‌مانه‌ منداڵانگه‌لێکی لاساری جڤاکی کوردن و وه‌ک سنن و مرۆر، تۆوێکی بێژووی خاکی کوردستانن، به‌ڵام ئایا هه‌روا دابڕاو له‌ دیارده‌ و شته‌کانی دیکه‌ ده‌خوێنرێنه‌وه‌! پێموایه‌ نا، چونکه‌ ئه‌مانه‌ به‌ ته‌نێ نین و هه‌زارانی وه‌ک ئه‌وان له‌ جڤاکی کورددا ده‌ژین. ئه‌مانه‌، بۆ گه‌یشتن به‌ باشترین ئه‌نجام، ده‌بێ وه‌ک دیارده‌ و بیر و ئایدیۆلۆژیا بخوێنرێنه‌وه‌ و سه‌ره‌داوی هۆ و پاڵپێوه‌نه‌ر و پاشخان و کارێگه‌رییه‌کانی، که‌ له‌ سه‌ریان بووه‌ بدۆزرێنه‌وه‌.                                                          

*****

 ئێمه ‌زۆرجاران له‌ پشتی مێژوو و ڕابردووه‌وه‌ خۆمان مه‌ڵاس ده‌ده‌ین و مات ده‌بین و خۆمان حه‌شار ده‌ده‌ین و پێمانوایه‌ پاشخانێکی گه‌لێک ڕه‌نگین و پاکژمان هه‌یه‌ و ئیدی ئه‌وه‌مان وه‌ک توێشوو به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌ هه‌وار و ئارامگه‌ و ئاقارێکی دیکه‌. ئه‌گه‌ر له‌ نێو دێڕه‌کانی مێژووی ئێمه‌دا جاروبار خاڵێکی نیمچه‌ ڕووناک سه‌ره‌تاتکێمان له‌گه‌ڵدا بکات، ئه‌وا گه‌ره‌که‌ سوپاسگوزار بین، ده‌نا پڕانی خاڵه‌کانی مێژووی ئێمه‌ش، وه‌ک زۆرینه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی، خه‌ڵتانی خوێنن و ئه‌گه‌ر وه‌ک سیپاڵێک بیانگوشین، گه‌ماری و چڵک و کێم و بۆگه‌نییان لێ ده‌چۆڕێت. مێژووی ئێمه‌ش به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌یه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیی، که‌ میکائێل باکۆنین وه‌ها پێناسه‌ی ده‌کات:"مێژووی مرۆڤایه‌تیی تا ئێستا، ته‌نێ ڕه‌وتێکی خێرا و کوشتن و له‌تله‌تکردنێکی خوێناویی میلیۆنان بوونه‌وه‌ری مرۆڤی هه‌ژار بووه‌، له‌پێناو یه‌کێک له‌ ئابستراکته‌ بێبه‌زه‌ییه‌کانی وه‌ک: خودا، وڵات، ده‌وڵه‌ت، شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یی، مافی مێژوویی، مافی قانوونیی و ئازادی سیاسییدا". ئه‌وه‌ی پێیوابووه‌ و پێیوایه‌، جڤاکی کورد و وڵاتی کوردستان، جڤاکێکی پاکژ و بێ هه‌ڵه‌ و خودانڕه‌وشت و پڕئاکار و مرۆڤدۆسته‌ و هه‌رچی چاکه‌ و باشه‌یه‌ تێیدایه‌ و کورد فریشته‌یه‌، هه‌رگیز له‌ جڤاکی کورد و وڵاتی کوردستان تێنه‌گه‌یشتووه‌ و یا خۆی گێل ده‌کات یا له‌ گوێی گادا نووستووه‌. جیاوازییه‌کی زه‌قی نێوان جڤاکگه‌لی ئه‌وروپا و جڤاکگه‌لی ئێمه‌ له‌ کراوه‌یی ئه‌وان و داخراویی ئێمه‌دا ده‌بینرێنه‌وه‌. گه‌لێک دیارده‌ لای ئێمه‌ خه‌ڵک به‌ تابووی ده‌زانێت له‌ ئه‌وروپا به‌ ئاشکرا باسی لێوه‌ ده‌کرێت و ڕۆژانه‌ له‌ هه‌موو ساتێکی ژیاندا مرۆڤ ده‌یانبینێت و له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژی. له‌ نێوجڤاکی ئێمه‌ش(کورد)دا، له‌ نێو وڵاتی ئێمه‌ش(کوردستان)دا، ته‌واوی ئه‌و دیاردانه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌ن، لای ئێمه‌ش هه‌ن، لێ جیاوازییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ خۆمانیان له‌ قه‌ره‌ ناده‌ین و کۆمه‌ڵگه‌ کراوه‌کان، باسیان لێوه‌ ده‌که‌ن و لێیان ده‌کۆڵنه‌وه‌. ئێمه‌ وه‌ک وشترمه‌ل سه‌رمان له‌ بنی لمی ده‌نێین و خۆمانی لێ که‌ڕ ده‌که‌ین. چ کوردێک هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ دیارده‌ی نێربازی، هه‌تیوبازی، منداڵبازی، به‌چه‌بازی، قووندان، ڕووسپێتی، له‌شفرۆشتن، گاندان، قه‌حبه‌بازی، زۆرگێی، حیزی، گه‌ووادی، له‌ وڵاتی ئێمه‌دا، نه‌ک هه‌ر هه‌ن، به‌ڵکه‌ یه‌کجار زۆر و به‌ربڵاویشن! چ کوردێک هه‌یه‌ ناوی سه‌دان قنگده‌ر و گانده‌ر و حیز و گه‌ووادی کورد نه‌زانێت و هه‌ر هیچ نه‌بێت چه‌ند دانه‌یه‌کیشیان لێ نه‌ناسێت! چ کوردێک هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ هێنده‌ی پێوه‌ندی سێکسیی نهێنی نێوان پیاوی ژندار و ژنی مێرددار و کوڕ و کوڕ و پیاوی ژندار و کوڕ و ده‌یان جۆری دیکه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه‌، له‌ هیچ جێگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌دا نییه‌! چ کوردێک هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ له‌ به‌شه‌ ناوه‌ندییه‌کانی خوێندنگه‌کان و سه‌ربازگه‌ و زیندان و ئه‌و شوێنانه‌دا، که‌ ته‌نێ کوڕی گه‌نجیی تێدا ده‌ژین، ده‌یان حیز و قوونده‌ر په‌یدا ده‌بن و ئه‌وێ ژینگه‌یه‌کی له‌باره‌ بۆ نێربازی و له‌وێ هه‌ولێری گوته‌نی"نێری نێری ده‌گێ"! چ کوردێک هه‌یه‌ نێوی شێخی شاعیران، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، نه‌بیستبێت و شیعری ئه‌وی نه‌خوێندبێته‌وه‌، که‌ سه‌دوئه‌وه‌نده‌ ساڵێک پێش ئه‌مڕۆ باسی ده‌یان قنگده‌ر و قنگایین و نێربازی کردووه‌، که‌ دیاره‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئه‌وده‌مه‌ش لێییان بێبه‌ش نه‌بووه‌! چ کوردێک و چ ناکوردێک هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ دیارده‌ی نێربازی و قه‌حبه‌بازی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ئایینییه‌ داخراوه‌کانی وه‌ک عه‌ره‌بستانی سعوودی و وڵاتانی که‌نداوی عه‌ره‌ب و ئێران، له‌ هه‌موو جێیه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌ زیاتر و فراوانتره‌! چ کوردێک هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ هێنده‌ی ڕه‌دووکه‌وتن و ژنهه‌ڵگرتن و ژن به‌زۆرته‌ڵاقدان و خواستنی له‌ لایه‌ن که‌سێکی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌، له‌ وڵاتی ئێمه‌دا ڕووده‌دات، له‌ هیچ جێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا ڕوو نادات! چ کوردێک هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ قومار و پاره‌بردنه‌وه‌ و پاره‌دۆڕاندن له‌ وڵاتی ئێمه‌دا نه‌ک هه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵکه‌ یه‌کجار زۆر و به‌ربڵاویشه‌! چ کوردێک هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ هێنده‌ی عه‌ره‌ق له‌ وڵاتی ئێمه‌دا ده‌خورێته‌وه‌ و هێنده‌ی خواردنه‌وه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌دا سه‌رف ده‌بێت و هێنده‌ی پاره‌ بۆ ئه‌و به‌زمه‌ ده‌ڕوات، له‌ گه‌وره‌ شارێکی ئه‌وروپادا ئه‌وه‌نده‌ ناخورێته‌وه‌ و سه‌رف ناکرێت! چ کوردێک هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ هێنده‌ی خه‌ڵک له‌ وڵاتی ئێمه‌ سه‌رنگوم ده‌کرێن و له‌ هیچ و خۆڕا ده‌کوژرێن، له‌ هیچ وڵاتێکی ئه‌و جیهانه‌دا ڕوونادات! ئێمه‌ ته‌واوی ئه‌و دیاردانه‌ ده‌بینین و له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژین و پێیان ده‌زانین، لێ باسیان لێوه‌ ناکه‌ین و ناوێرین لێیان بکۆڵینه‌وه‌ و ناوێرین نێویان ببه‌ین. ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ش ڕوو ده‌دات، به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه‌ له‌ مێژووی ئێمه‌ی گرێدراو به‌ مێژووی جڤاکه‌کانی ده‌وروبه‌رمانه‌وه‌ و به‌ تایبه‌تیش مێژووی ئیسلام.                                                                                                                           

*****

ئیسلام له‌کن ئێمه‌ بووه‌ به‌ سه‌رقاپی مه‌نجه‌ڵێک و هه‌موو شته‌کانی په‌رده‌پۆش کردووه‌ و که‌سیش له‌خۆی ڕا نابینێت ئه‌و سه‌رقاپه‌ هه‌ڵداته‌وه‌ و بنۆڕێته‌ نێو مه‌نجه‌ڵه‌که‌ بزانێ چی تێدایه‌ و هه‌موو ناواخنه‌که‌ی ڕۆکاته‌ سه‌ر سفره‌که‌ تا هه‌مووان بیبینن و بۆنی بکه‌ن و بیناسنه‌وه‌ و باسی لێوه‌ بکه‌ن. ئیسلام لای ئێمه‌ بووه‌ به‌ چه‌په‌رێک و له‌ په‌نایدا هه‌زاران دڕنده‌ و خوێڕی و ڕه‌وانده‌رده‌دار، خۆیان مه‌ڵاس داوه‌ و به‌نێوییه‌وه‌ مرۆڤ ده‌کوژن. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاکانی ئایینی ئیسلام، بنه‌ما و ڕه‌گوڕیشه‌ی ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ی، که‌ ئه‌وڕۆ ئه‌م دڕندانه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و ئه‌نجامیان داوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ده‌یانبینینه‌وه‌. کوشتنی سیاسیی، کاری سیخوڕی، داگیرکردن و به‌ حه‌ڵاڵزانینی ماڵی خه‌ڵک[1]و زۆرگێی و قنگدان و گاندان و خواردنه‌وه‌ و قومار و دزی و چه‌ته‌یی و شڕه‌خۆری هه‌موویان له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامدا هه‌بوون. ژماره‌ی قوربانییانێک، که‌ له‌سه‌رده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌وی و عه‌بباسییاندا، به‌ نێوی ئیسلامه‌وه‌ و له‌ مێژووی ئیسلامدا له‌نێوبراون، پتره‌ له‌ ژماره‌ی قوربانییانێک، که‌ له‌ مێژووی خاچپه‌رستان و که‌ونه‌ مه‌سیحییاندا و  له‌ مێژووی سه‌رمایه‌داریی نوێدا، له‌نێو براون. له‌ سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییاندا ماڵ و موڵکی گشتی و خه‌ڵک به‌ هی ده‌سه‌ڵاتدار داده‌نرا و کاری پێ ده‌کرا. کوشتنی به‌ هه‌وه‌س و هه‌رله‌خۆڕا ده‌کرا. خواردنه‌وه‌ و مێبازی و نێربازی و هه‌موو چێژێکی دیکه‌، ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان لێی به‌هره‌مه‌ند ده‌بوون. کاروباری خه‌ڵک پشتگوێ ده‌خرا و ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌که‌ وه‌ک ئاژه‌ڵیش نه‌ده‌مێژمێردران و لێیان ده‌خوڕا. له‌ سه‌رده‌می په‌یامبه‌ری ئیسلامدا چه‌ندین کاری کوشتنی سیاسی، به‌ چه‌مکی ئه‌مڕۆیی(تیرۆر)، ئه‌نجام دراوه‌. سه‌رانی جووله‌که‌کانی دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب، سه‌رۆکهۆزه‌کانی دژه‌ ئیسلام، ده‌کوژران. خودان بیروڕای جیاوازی وه‌ک، ئه‌لئه‌سوه‌د ئه‌لعه‌نسی، که‌ له‌ سه‌رانی یاخیبووانی یه‌مه‌ن بوو له‌ یه‌مه‌ن کوژرا. هه‌وڵی کوشتنی ئه‌بوو سوفیان درا. سه‌عد بن عیباده‌ کوژرا. قڕانی که‌ربه‌لا و کوشتنی ئیمام حوسه‌ین و ماڵباتی عه‌لی، که‌ بۆ خۆیان کرۆکی ئیسلام بوون، ئه‌نجام درا. عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب و  عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب و مالیک ئه‌لئه‌شته‌ر و  حه‌سه‌نی کوڕی عه‌لی، هه‌موویان کوژران. عه‌بدولڕه‌حمان بن خالد بن ئه‌لوه‌لید و عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز و ئیدریس بن عه‌بدوڵڵا و ئه‌بووسه‌عید ئه‌لجه‌نابی دامه‌زرینه‌ری بزاڤی قه‌رمه‌تی له‌ دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب و مه‌عد بن زیاده‌ و نیزامولمولک، ئه‌مانه‌ هه‌موو کوژران. ئه‌بووحه‌نیفه‌ و ئیمام مووسا ئه‌لکازیم، ئه‌لمه‌ئموون، هه‌رسێیان به‌ شێوه‌یه‌ک مردن، که‌ جێی گومانه‌. چه‌ندین شێوه‌ی کوشتن و ئه‌شکه‌نجه‌ له‌ ئیسلامدا به‌کار براوه‌، که‌ به‌ ڕاستی ته‌نێ ئاوه‌ز و هزری نه‌خۆش ڕێی پێ ده‌بات، ده‌نا هیچ هۆشیارێک ناتوانێت بیری لێ بکاته‌وه‌. هه‌ڵگرتنی سه‌ری بڕاو، لێدان و دارکاری، له‌تله‌تکردنی له‌ش، گوورینی پێست(که‌وڵکردن)، سووتاندن، له‌ڕۆندا هه‌ڵقرچاندن، پڕکردنی زگی قوربانیی به‌ مێرووله‌، تینووکردن، کوشتن به‌ ئاوی سارد. گۆشتلێکردنه‌وه‌ و بچڕین و قرتاندنی به‌شه‌کانی له‌ش، نینۆک هه‌ڵکه‌ندن، به‌زۆر گایین. به‌ قامیش کوشتن و قامیش تێبڕین، ده‌رکردنی گیان(ڕۆح) له‌ قنگه‌وه‌. برژاندن، دارتێبڕین و پاژکردن. لووتبڕین، چاوهه‌ڵکۆڵین، زمانبڕین. ته‌واوی ئه‌وانه‌ نموونه‌گه‌لێکی جۆری ئه‌شکه‌نجه‌ی نێو ئیسلامن.                                                                                                 

*****

 که‌ ده‌نۆڕینه‌ نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی ئه‌و کوشتن و ئه‌شکه‌نجانه‌ی له‌ مێژووی ئێسلامدا ڕوویانداوه‌، ئه‌وه‌ی ده‌سبه‌جێ بۆمان ئاشکرا ده‌بێت و ده‌که‌وێته‌ به‌رچاو ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و کارانه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌رده‌می په‌یامبه‌ری ئیسلام، موحه‌ممه‌د و خه‌لیفه‌کانیدا ئه‌بووبه‌کر و عومه‌ر و عوسمان، به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌بوونه‌، وه‌لێ پتر له‌ سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌کاندا په‌ره‌یان سه‌ندووه‌ و ئیدی به‌ دووی ئه‌وانیشدا عه‌بباسییانیش درێژه‌یان پێداون. له‌ سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌کاندا، جڤاک، له‌ ڕووی چینایه‌تییه‌وه‌، بوو به‌ به‌ دوو که‌رته‌وه‌: ئه‌ریستۆکراتی عه‌ره‌ب و پرۆلیتاریای موسوڵمانانی ناعه‌ره‌ب "الموالي". بنه‌مای دژایه‌تییکردنی ناعه‌ره‌بان و چاولێکردنیان وه‌ک زڕه‌موسوڵمان و دژوارییه‌ک له‌ سه‌ر ئیسلامی عه‌ره‌بی، هه‌ر له‌وده‌مییه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا و له‌ سه‌رده‌می عه‌بباسییانیشدا گه‌یشته‌ دوندی دوژمنایه‌تیکردنی ناعه‌ره‌بان، به‌ بیانووی گه‌لپه‌رستی و گه‌لێری"الشعوبیه‌" و دژوارییان له‌ سه‌ر ئیسلام. نه‌ته‌وه‌په‌رستیی عه‌ره‌ب و ئیسلامی سوننه‌ سیمایه‌کی ڕوون و خویا و به‌ڵگه‌نه‌ویستی ئه‌و فه‌رمانڕه‌واییانه‌ن، که‌ له‌ دوای له‌نێوبردنی عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب"علی بن ابی طالب" و کوشتنی حوسه‌ین و قڕکردنی بنه‌ماڵه‌ی عه‌لییه‌وه‌،  په‌یدابوون و هه‌بوون و تا ئێستاش درێژه‌یان هه‌یه‌. ئه‌و ئیسلامه‌ سوننه‌ عه‌ره‌بییه‌ی ئێستا، هه‌ر ئه‌و ئیسلامه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌ خوێناوییه‌ی ئه‌مه‌وییان و عه‌بباسییانی نه‌یارانی ناعه‌ره‌ب و نه‌یارانی بنه‌ماڵه‌ی عه‌لییه‌. ئه‌و ئیسلامه‌ی، عه‌ره‌بی سوننه‌ نوێنه‌رایه‌تیی کردووه‌ و ده‌یکات، هه‌ر ئه‌و ئیسلامه‌ توندڕۆیه‌یه‌، که‌ ئه‌وڕۆ هه‌موو خه‌ڵکێکی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خۆیان، به‌ بێئایین و کافر داده‌نات و به‌ چاوێکی شۆڤینیستانه‌ ده‌نۆڕێته‌ هه‌موو که‌سێکی، که‌ له‌ خۆیان نییه‌ و که‌ کوردییش یه‌ک له‌وانه‌یه‌. که‌ ده‌نۆڕینه‌ ئه‌م ڕه‌گه‌زپه‌رستی و که‌سنه‌خوێندنه‌وه‌یه‌ی عه‌ره‌ب و سوننه‌، به‌رانبه‌ر خه‌ڵکانی دیکه‌، ڕه‌گوڕێشه‌ و بنه‌ماکانی، ته‌واوی ئه‌وه‌ی ئێستاکه‌ ڕووده‌دات، له‌و مێژووه‌ خوێناوییه‌ی ئیسلامی سوننه‌ و عه‌ره‌بدا، ده‌بینینه‌وه‌. سادق جه‌لال ئه‌لعه‌زم "ڵادق جلال العظم" پێیوایه‌ بیرۆکه‌ی کاره‌سات و تراژیدیا، له‌ هزری ئیسلامدا به‌ گشتی و له‌ هزری ئیسلامی سوننه‌دا به‌ تایبه‌تی، نییه‌. له‌کن شیعه‌ ئه‌زموونی لێقه‌ومان هه‌یه‌(کاره‌ساتی که‌ربه‌لا) و له‌کن عیساییان کاره‌ساتی له‌خاچدانی عیسا و هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌یه‌، لێ له‌کن سوننه‌ شتێکی له‌و جۆره‌ هه‌ر نییه‌[2]. دیاره‌ نه‌بوونی ئه‌و ئه‌زموونه‌ تراژیدیاییه‌ له‌کن عه‌ره‌بی موسوڵمانی سوننه‌، کاریگه‌رییه‌کی وای کردووه‌ته‌ سه‌ریان، که‌ سادیستانه‌ ڕه‌وتار له‌گه‌ڵ ناعه‌ره‌باندا بکه‌ن، چونکه‌ بۆ خۆیان له‌ ئازار و کاریگه‌ریی و ئاکامه‌ خراپه‌کانی ئه‌و کارانه‌یان تێناگه‌ن. ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ و ئه‌و ناعه‌ره‌بانه‌یشی به‌ نێوی ئیسلامه‌وه‌ خه‌ڵک سه‌رده‌بڕن و ده‌کوژن و خۆده‌ته‌قێننه‌وه‌، هه‌موو سروشکیان له‌و دیرۆکه‌وه‌ بۆ دێت و هه‌موو شانازییه‌کیان به‌و دیرۆکه‌یه‌ و هه‌موو په‌یامێکیشیان بۆ زیندووڕاگرتنی ئه‌و دیرۆکه‌یه‌. کاتێک مرۆڤ هه‌ستی بڕکه‌یی و سه‌ربه‌بڕکه‌بوون و خۆبه‌یه‌کێک له‌ بڕکه‌ زانین، له‌ ناخیدا هاته‌ جۆش و چاوی سوور بوو و هیچی دیکه‌ی، بێجگه‌ له‌و بڕکه‌یه‌ی خۆی و له‌و ڕه‌نگه‌ی خۆی و له‌و ئایینه‌ی خۆی و له‌و زمانه‌ی خۆی و له‌و ئایینزایه‌ی خۆی و له‌و خێڵه‌ی خۆی و له‌و حیزبه‌ی خۆی و له‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی خۆی و له‌و شاره‌ی خۆی و له‌و گه‌ڕه‌که‌ی خۆی و له‌و ده‌سته‌یه‌ی خۆی، نه‌دی و به‌ڕاست نه‌زانی و نه‌ناسی و ددانی پێدا نه‌نا، ئیدی ئه‌و ده‌مه‌ مرۆڤ له‌ مرۆڤی ده‌که‌وێت و هاوسێی خۆی ده‌کوژێت و منداڵانی گه‌ڕه‌که‌که‌ی ده‌کوژێت و ژنانی هۆزه‌که‌ی ئه‌ولای خۆی زه‌وت ده‌کات. ئه‌مه‌ی ئێستا له‌ عیراق و کوردستان به‌رانبه‌ر به‌ کورد ده‌کرێت، ڕێک زاڵبوونی ئه‌و هه‌ستی بڕکه‌ییه‌یه‌ و ده‌رچوونه‌ له‌ که‌وڵ و پێستی مرۆڤی و بوون و گۆڕانه‌ به‌ دڕنده‌یه‌کی مرۆڤخۆر. کێ نێوی حه‌ججاج کوڕی یووسف ئه‌لسه‌قه‌فی و عه‌به‌یدوڵڵای کوڕی زیاد و یه‌زیدی کوڕی موعاویه‌ی له‌ ئیسلامدا نه‌بیستووه‌! ئه‌مانه‌ی ئێستا به‌ نێوی ئیسلامه‌وه‌ خه‌ڵک ده‌گێن و سه‌رده‌بڕن و پارچه‌پارچه‌ ده‌که‌ن، به‌رۆگرانی یه‌زید و عوبه‌یدوڵڵای کوڕی زیاد و شه‌مر و حه‌ججاجن. ئه‌م ئیسلامه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ ئارادایه‌، ئیسلامی ئه‌مه‌وی و عه‌بباسی و عوسمانییان و ڕێژیمگه‌لێکی وه‌ک ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین و کۆمه‌ڵه‌ ڕێژیمێکی دیکه‌ی به‌ناو ئیسلامی عه‌ره‌ب و ڕۆژهه‌ڵاته‌. ئه‌مه‌ ئیسلامێکه‌ بڕوای به‌ جیاوازیی نییه‌ و پێیوایه‌ و ئه‌وی وه‌ک وی نوێژ نه‌کات و وه‌ک وی به‌ ڕۆژوو نه‌بێت و وه‌ک وی خوداپه‌رستی نه‌کات، پێی کافره‌. ئه‌مه‌ ئیسلامێکیه‌ بڕوای به‌ ته‌کفیره‌ و ئه‌وه‌ی وه‌ک خۆی نه‌بێت به‌ کافری ده‌زانێت. به‌شێکی بنه‌مای ئه‌م بیروباوه‌ڕانه‌ش له‌ تیۆرییه‌ ته‌کفیرییه‌کانی ئیبن ته‌یمییه‌"ابن تیمیه‌، 1263-1328"ی دژ به‌ هه‌موو بۆچوونێکی جیاواز و خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاوازی نێو ئیسلام و نه‌هێشتنی ئیجتیهاد و داخستنی ده‌رگا به‌ ڕوویدا و خوێندنه‌وه‌ی یه‌کلایه‌نه‌ بۆ دیارده‌ و بۆچوونه‌کان و دیتن و سه‌یرکردنی فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵات وه‌ک سێبه‌ری خودا له‌ سه‌ر زه‌ویوه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵبیرییه‌ ژینگه‌یه‌کی پڕ پیته‌ بۆ به‌رهه‌مهێنای ئه‌م جۆره‌ ئیسلامه‌. ئه‌مه‌ ئیسلامێکه‌ ته‌نێ خۆی ده‌بینێت و به‌ گوێره‌ی تیۆری: "من منم تۆ چیت؟"، نه‌ک"من منم تۆ کێیت؟" کار ده‌کات. ئه‌مه‌ ئیسلامێکه‌ نێربازی و به‌زۆرگایین و دیارده‌ی حیزی و قنگدان و گاندانی تێدا حه‌لآڵ و ڕه‌وایه‌. له‌ سه‌رده‌می ئه‌مه‌وی و عه‌بباسی و عوسمانییه‌کاندا، ئه‌و کارانه‌ گه‌لێک به‌ربڵاو بوونه‌. خۆ عوسمانییه‌کان و سوڵتانه‌کانیان هه‌زاران مێردمنداڵی لووسکه‌یان به‌ خێو کردووه‌ و پێگه‌یاندووه‌ و له‌ حه‌ره‌مسه‌راکانی خۆیاندا کاریان پێداون و بۆ خۆیشیان سووک و باریک گاویانن. مه‌گه‌ر هه‌ر عوسمانییان نه‌بوون، که‌ لۆرانسی عه‌ره‌بیشیان گا! ئه‌م ئیسلامه‌ی ئه‌مان، ئیسلامه‌که‌ی عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب و حه‌للاج و بیستامی و جونه‌ید و مه‌ولانای ڕوومی و ئیبن عه‌ره‌بی و شیرازی نییه‌. ئه‌مه‌ی ئه‌مان ئیسلامی، موعاویه‌ و یه‌زید و شه‌مر و عوبه‌یدوڵڵای کوڕی زیاد و حه‌ججاج و سه‌ددام حوسه‌ینه‌. ئیسلامی ده‌سه‌ڵات و کوشتن و حیزکردنی مرۆڤ و ئه‌نفال و ژاربارانی خه‌ڵک و سووتاندنی منداڵ و ژن و بێتاوانه‌ و ئیسلامێکه‌ وه‌ک شێرپه‌نجه‌ قڕ ده‌خاته‌ مرۆڤ و مرۆڤ بنبڕ ده‌کات و ده‌ستیش له‌ هیچ به‌ها و فه‌رهه‌نگ و جوانی و خۆشه‌ویستییه‌ک ناپارێزێت.                                                                                                

*****

 هه‌ر ئایین و ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌یه‌ک، بوو به‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران کردیانه‌ ڕێڕۆ و بنگه‌ و بناخه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئیدی ده‌بێته‌ قانوونێک بۆ تێڵابه‌ده‌ستان و شه‌قوه‌شێنان و چه‌وسێنه‌ران. به‌و قانوونه‌ و له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئایین و ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌یه‌، مرۆڤی ده‌رێی ده‌سه‌ڵات ده‌کوژرێ، ده‌گایرێ، تاڵان ده‌کرێ و هه‌موو په‌تپه‌تییه‌کی به‌سه‌ردا ده‌هێنرێ، بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت ماک و ڕه‌وایه‌تی و دروستی ئه‌و قانوونه‌، ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌، ئه‌و ئایینه‌ بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ یا ته‌نانه‌ت گومانیشی لێ بکات. پێبه‌ندبوونی مرۆڤ و گرێدراویی به‌ ئایین و ئایدیۆلۆژیاوه‌ و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان به‌ هه‌موو شتێکی ئه‌و ئایین و ئایدیۆلۆژیاوه‌، ده‌کاته‌ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ ئازادی و ملکه‌چبوون بۆ چوارچێوه‌یه‌ک و مێشکدانه‌ده‌ست که‌سێک یا که‌سانێکی دیکه‌وه‌. مرۆڤ کاتێک ئازاده‌، که‌ هیچ چوارچێوه‌یه‌کی ئایدیۆلۆژی، هه‌ر ئایدیۆلۆژییه‌ک، زیندانیی نه‌کات و هیچ باوه‌ڕ و فه‌لسه‌فه‌ و هزرێک، هه‌ر چییه‌ک بێت، قوماتی نه‌کات و شه‌ته‌کی نه‌دات و نه‌یبه‌ستێته‌وه‌. که‌ پێچه‌وانه‌که‌ی له‌گۆڕێدا بوو، ئازادی ده‌مرێت و هزر چه‌قده‌به‌ستێت و مێشک قورمیش و کڵۆم ده‌کرێت و کلیله‌که‌یشی ده‌درێته‌ ده‌ست خودان ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ و هزره‌کانه‌وه‌. ئایدیۆلۆژیا بۆ خۆی چوارچێوه‌یه‌کی ئاماده‌یه‌، که‌ پێیوایه‌ وه‌رامی هه‌موو پرسێکی پێیه‌ و  چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌یه‌ک ده‌کات، به‌وه‌ش ده‌بێته‌ به‌ستنه‌وه‌ و له‌قاڵبدانی مرۆڤ و تاساندن و خه‌ساندن و لاوازکردن و ڕووتکردنه‌وه‌ی له‌ هه‌موو خواز و ویست و ڕامانێک و ده‌بێته‌ ده‌رده‌دارکه‌ری مرۆڤ و کوژه‌ری به‌ره‌ڵابوون و ڕه‌هابوونی بیرکردنه‌وه‌ و هۆشی مرۆڤ. که‌ وای لێهات ئیدی مرۆڤ له‌ هۆشیارێکی خاوه‌ن هه‌ست و ئاوه‌ز و توانسته‌وه‌ ده‌بێته‌ ڕۆبۆت.                                                                                                               

*****

شێخ زانا و ده‌سته‌که‌ی و ڕێکخراوه‌که‌یشیان، ئه‌گه‌ر کوردیش بن و به‌ کوردی بپه‌یڤن و دانیشتووی کوردستانیش بن، به‌ هزر و دید و ئایدیۆلۆژیا، گرێدراوی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سوننه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌مه‌وی عه‌بباسی عوسمانی به‌عسی  فاشی و درێژه‌پێده‌ری ئه‌و ڕێباز و فه‌لسه‌فانه‌ن و بێجگه‌ له‌ چه‌ند خوێنڕێژ و مرۆڤکوژ و سادیستێک زیاتر هیچی دیکه‌ نیین. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی یه‌زید و شه‌مر و ئه‌مه‌وی و عه‌بباسیدا هه‌یه‌ و ناکرێ له‌وان داببڕێنرێن. ئه‌وه‌ی به‌ بیری هه‌زاران بینه‌ری "تێرۆر وه‌ک خۆی"ی کوردستان تیڤی و یه‌ک له‌وانیش خۆمدا دێت ئه‌وه‌یه‌: بۆ ئه‌م دانپێدانانه‌ و پێشاندانه‌ هه‌روا و بێ باسکردنی ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که‌ و ڕه‌گوڕیشه‌ی و ده‌سپێکی شته‌کان و مێژووی ڕێکخراوه‌که‌ یا ڕێکخراوه‌کانیان ده‌خرێنه‌ به‌رچاوی بینه‌ران؟ بۆ کاتێک ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی ڕفێندراون و کوژراون و سه‌ربڕاون و له‌توپه‌ت کراون، هه‌ر ئه‌وده‌می و گه‌رماوگه‌رم میدیایاکانی کوردستان باسیان لێوه‌ نه‌کردوون و خه‌ڵکیان لێیان ئاگادار نه‌کردووه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵک پێیانی نه‌زانیوه‌؟ بۆ که‌ کوڕی خه‌ڵک و کچی خه‌ڵک ڕفێندراون و زۆرگێ کراون و کوژراون، خاوه‌نه‌کانیان نه‌یانکردووه‌ به‌ هه‌را و ڕۆژی خۆیان و شته‌کان هه‌روا به‌ بێده‌نگیی ماونه‌وه‌؟ ئه‌مانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن ئه‌و قسانه‌ ده‌که‌ن، هه‌مووان خاوه‌نی ژن و منداڵ و خێزان و باوک و دایک و خزم و خوێشن و خه‌ڵک له‌ گه‌ڕه‌که‌کاندا ماڵیان ده‌ناسنه‌وه‌ و هه‌ریه‌که‌یان نێوی سه‌دان له‌ که‌سوکاریی خۆیان پیس ده‌که‌ن، که‌ به‌ ڕاستی ژن و منداڵیی ئه‌وانه‌ چ تاوانێکیان نییه‌، چاکتر نه‌بوو له‌ بری پێشاندانیان و باسکردنی ورده‌کارییه‌کانی، که‌ کردوویانن، ته‌نێ نێوه‌کانیان ئاشکرا کرابا و وێنه‌کانیان پێشان درابا و ئه‌م درێژدادڕییه‌ی ئێستایان ته‌نێ بۆ ئاساییش خۆی بووایه‌ و له‌بری ئه‌وانه‌ بینه‌ر له‌ ڕه‌گوڕیشه‌ و مێژوو و پێوه‌ند و کار و ئایدیۆلۆژیای ئه‌و ده‌سته‌ و گرۆیانه‌ ئاگادار کرابایه‌وه‌؟ بۆ باسی هۆکار و پاڵپێوه‌نه‌رانی ئه‌م گرۆیه‌ ناکه‌ن و پێوه‌ندیان به‌ گرۆیه‌کانی دیکه‌وه‌ ئاشکرا ناکه‌ن؟ ئایا به‌رپرسانی کوردستان تیڤی پێیانوانییه‌، که‌ پێشاندانی ئه‌م تاوانبارانه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستایان، به‌ پێشاندان سه‌ربڕین و پارچه‌پارچه‌کردنی له‌ش و خۆڕووتکردنه‌وه‌ و یه‌کدی گایین، که‌ هه‌ر له‌ فیلمی سێکسیدا پێشان ده‌درێن، کار ده‌کاته‌ سه‌ر باری ڕه‌وانیی و ده‌روونی بینه‌ران و به‌ تایبه‌ت منداڵان، که‌ ئه‌وانیش ته‌ماشای ده‌که‌ن؟ له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهاندا ده‌سگا سیخوڕییه‌کان ده‌توانن گرۆ و کۆمه‌ڵه‌ و ده‌سته‌ تێرۆریست و نهێنییه‌کان بسمن و بچنه‌ نێویانه‌وه‌ و هه‌موو نهێنی و ورده‌کارییه‌کیان بزانن، که‌چی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی شێخ زانا توانیویانه‌ بچنه‌ نێو ئاساییش و پۆلیسه‌وه‌ و ببن به‌ که‌سانێک له‌وان، ئایا ئه‌مه‌ لاوازیی ئاساییش و پۆلیسی کوردستان پێشان نادات؟ و ده‌یان ئایا و بۆی دیکه‌ش!!!  له‌ دواییدا ئه‌و پرسیاره‌ی له‌ مێشکی مندا قوت ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا هیچ شتێک له‌م جیهانه‌دا ئه‌وه‌ ده‌هێنێت، که‌ مرۆڤ هه‌روا له‌ خۆڕا و بۆ خۆشیی یا له‌به‌ر جیاوازیی بیروڕا و دید و بۆچوون یا به‌ هۆی نه‌گونجان و پێکنه‌هاتنه‌وه‌، مرۆڤێکی بێتاوان و بێگوناهی له‌ سه‌ر بکوژێت و گیانێک له‌به‌ین ببات، ئیدی چ مرۆڤ بێت یا گیانله‌به‌رێکی دیکه‌، له‌ کاتێکدا که‌ بۆ خۆی ناتوانێت و پێی ناکرێت و له‌باریدا نییه‌، نه‌ک مرۆڤ، به‌ڵکه‌ مێرووله‌ و مێشووله‌یه‌کیش بئافرێنێت! ئه‌مه‌ی شێخ زانا و نموونه‌کانی وه‌ک وی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ڕاستیی تیۆرییه‌که‌ی باکۆنین ده‌سه‌له‌مێنێت، که‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیی هه‌ر به‌ڕاستیی تا ئێستا، ته‌نێ ڕه‌وتێکی خێرا و کوشتن و له‌تله‌تکردنێکی خوێناویی میلیۆنان مرۆڤی هه‌ژار بووه‌، له‌پێناو یه‌کێک له‌ ئابستراکته‌ بێبه‌زه‌ییه‌کاندا.                                                                                                     
16-7-2005                                                                                                                         
                                                                                                           




[1] ﴿وَاعْلَمُواْ أَنَّمَا غَنِمْتُم مِّن شَیءٍ فَأَنَّ لِلّهِ خُمُسَهُ وَ لِلرَّسُولِ وَلذي الْقُرْبَى والیتامی وَالْمَسَاکینِ وَابْنِ السَّبِیل﴾،سورة الأنفال، الایة‌41. هه‌ژاری موکریانی وه‌های کردووه‌ته‌ کوردی:"ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ش تێ بگه‌ن هه‌ر تالآنێکو ده‌س که‌وت، پێنج یه‌کێکی به‌شی خودا و پێغه‌مبه‌ره‌ و بۆ خزمان و هوتیوا و هه‌ژاران و ڕێبوارانه‌"، قورئانی پیرۆز، وه‌رگێڕاوی مامۆستا هه‌ژار، ناشر تازه‌نگاه، چاپخانه‌ بزگ قران کرایم، تاران، ئێران.                                                                                                                           
[2] العظم، صادق جلال، حوار بلاضفاف، اجرﯼ الحوار ڵقر ابو فخر، الموًسسه‌ العربیه‌ للدراسات والنشر- بیروت، الطبعه‌ الاوﻠﻰ 1998، ڵ 31.  

Friday, June 17, 2005

تورکیای نادیموکراتی، کورد فێری دیموکراتی ده‌کات

تورکیای نادیموکراتی، کورد فێری دیموکراتی ده‌کات

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

سه‌ره‌تای مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 1980 تازه‌ گه‌یشتبوومه‌ دۆڵه‌تووی پشتی قه‌ندیل. زستانێکی سه‌خت و سه‌هۆڵبه‌ندانێکی گه‌لێک دژوار بوو. باره‌گاکانی مه‌کته‌بی سیاسیی و سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی و پێشمه‌رگه‌یی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان له‌ دووڵه‌توو بوون. کاک قادر جه‌باری و کاک سه‌یید قادر جه‌باری و مامۆستا موحه‌ممه‌د فاتیح له‌ ژوورێکدا پێکه‌وه‌ بوون و منیش به‌ هۆی ناسیاویمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا که‌وتمه‌ ژووره‌که‌ی ئه‌وان. زۆربه‌ی ڕۆژان خاڵه‌ سه‌ییدکاکه‌ و کاک قادر عه‌زیز و چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ش ده‌هاتنه‌ ئه‌وێ و چه‌ند سه‌عاتێک داده‌نیشتن و ده‌بووه‌ ده‌مه‌ته‌قه‌ و قسه‌وباس و ڕه‌خنه‌گرتن و گێڕانه‌وه‌ی یادگاری و باسی پێشمه‌رگایه‌تی و حیزب و سیاسه‌ت و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌. ئه‌وده‌مه‌ کاک پۆڵای شێخ مارفی به‌رزنجی، که‌ کوڕی شه‌هید شێخ مارفی به‌رزنجییه‌، ئه‌ویش له‌ دۆڵه‌توو بوو و له‌گه‌ڵ مولازیم فوئاددا له‌ ژوورێکدا بوون. من له‌ ڕێگه‌ی باسکردنی ئه‌و به‌ڕێزانه‌وه‌ له‌ دانیشتنه‌ ڕۆژانه‌که‌یاندا له‌ ژوووره‌که‌ی کاک قادر جه‌باری زانیم، که‌ کاک پۆڵایش له‌وێیه‌. من کاک پۆڵام نه‌دیبوو، به‌ڵام دووراودوور ناویم بیستبوو و ده‌مزانی کێیه‌ و چی بووه‌. کاتێک خاڵه‌ سه‌ییدکاکه‌ ناوی ئه‌وی هاته‌ سه‌ر زار، منیش هه‌روا پرسیارێکم به‌ مێشکدا هات و گوتم:"باشه‌ خاڵه‌ سه‌یید، کاک پۆڵا چۆنه‌ لێره‌یه‌ و چ ده‌کات؟". من ئه‌و پرسیاره‌م بۆیه‌ به‌ بیردا هات، هه‌نده‌ک زانیاریم له‌مه‌ڕ کاک پۆڵاوه‌ هه‌بوو و ده‌مزانی پێشتر له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌ی سیاسیی بووه‌، که‌ ده‌سته‌یه‌کی عیراقی بوون و ڕێکخراوێکی کوردستانی نه‌بوون. کاک قادر جه‌باری پێش خاڵه‌ سه‌ییدکاکه‌ که‌وت و له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی مندا گوتی:"کاک پۆڵایش وه‌ک تۆ و وه‌ک من و وه‌ک ئێمه‌ ئه‌ویش هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و کوڕی شه‌هید شێخ مارفی به‌رزنجییه‌ و هه‌ڵاتووه‌ و که‌رکووکییه‌ و ئیدی له‌به‌ر ئه‌وانه‌ لێره‌یه‌ و ئه‌ویش ده‌یه‌وێت به‌شدارییه‌ک بکات". خاڵه‌ سه‌ییدکاکه‌یش ڕووی له‌ من کرد و گوتی:"ئه‌تو ده‌یناسیی؟". گوتم:"نه‌مدیوه‌، به‌ڵام ده‌زانم کێیه‌ و وه‌ک ناو ده‌یناسم و پاشان کێ هه‌یه‌ شه‌هید شێخ مارف به‌رزنجی نه‌ناسێت، که‌ قاره‌مانێک بوو و که‌ باوکی ئه‌وه‌!". گوتی:"ده‌ باشه‌ با شته‌کت پێ برێم، جارێ پێش هه‌ر شته‌ک ئه‌و ئه‌وه‌تا له‌ ژووره‌که‌ی مولازیم فوئاد هه‌ر خه‌ریکی چایلێنان و چایخواردنه‌وه‌یه‌ و چ ناکات. پاشان ئه‌تو خومه‌ینی ده‌ناسیت! خومه‌ینی ڕدێنی هه‌یه‌ و موسوڵمانه‌ و ئایه‌توڵڵا و ئه‌وانه‌یه‌، سۆڤیێتیش وراته‌کی(وڵاتێکی) کۆمۆنیست و سۆسیالیست و ئه‌وانه‌یه‌ و بڕوایشی به‌ دین نییه‌، ئه‌و سۆڤیێته‌ ته‌عه‌ممولی (ته‌حه‌ممولی) خومه‌ینی به‌و هه‌موو هه‌یتوهووته‌وه‌ پێ ده‌کرێت و نایه‌وێت له‌گه‌ریدا(له‌گه‌ڵیدا) تێکبچێت و نێوانیشیان گه‌رمه‌، به‌ران(به‌ڵام) ته‌عه‌مموللی ئه‌و پۆرایه‌ی (پۆڵایه‌ی) پێ نه‌کرا و نه‌یهێشت خیندنی(خوێندنی) خۆی له‌ زانکۆی وێنده‌ری ته‌واو بکات، ده‌ری کرد و گوتی بڕۆ و وراتی(وڵاتی) مه‌ به‌جێبێره‌(به‌جێبهێڵه‌). ده‌زانی ئه‌و لۆ هاتیته‌ ئێره‌! ئه‌و ده‌یه‌وێ ببته‌ زه‌حیم(زه‌عیم)، ده‌وجا سۆڤیێته‌ک به‌و عه‌زه‌مه‌ته‌ی خۆوه‌ ئه‌و پیاوه‌ی پێ ته‌عه‌ممول نه‌کرا، ئه‌مه‌ کوو ته‌عه‌مولی ئه‌و پۆرایه‌مان(پۆڵایه‌مان) پێ ده‌کرێت!".

*****

پێش چه‌ند ڕۆژێک، ده‌سپێکی ئه‌م مانگه‌، خێزانێکی کوردی خه‌ڵکی زاخۆی باشووری کوردستان، ژن و مێردێک و سێ منداڵ(کوردستان مه‌حۆ، زیاد مه‌حۆ، یووسف مه‌حۆ، عه‌لاﺀ مه‌حۆ، زینه‌- لێنا مه‌حۆ)، بلێتی سه‌فه‌ر بۆ ئیسته‌نبوول و دیاربه‌کر ده‌کڕن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵات و سه‌ردانی کوردستان بکه‌ن. ڕۆژی سه‌فه‌ره‌که‌یان ده‌چنه‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ئارلاندا (Arlanda)ی شاری ستۆکهۆڵم و که‌ کارمه‌نده‌کانی به‌رپرسیی سه‌فه‌ر و ئه‌وانه‌ی ته‌ماشای پاسپۆرت و بلێت ده‌که‌ن و ساکه‌کان وه‌رده‌گرن، داوای بلێت و پاسپۆرتیان لێ ده‌که‌ن و له‌ کۆمپیووته‌ره‌که‌ی به‌رده‌میان ده‌ده‌ن و ته‌ماشا ده‌که‌ن، پێیان ده‌ڵێن، که‌ "کوردستان مه‌حۆ" بۆی نییه‌ سه‌فه‌ر بکات. خێزانه‌که‌ پێیان سه‌یر ده‌بێت، که‌ بلێت و پاسپۆرت و هه‌موو شتێکیان ته‌واوه‌، ئیدی بۆ ناتوانن سه‌فه‌ر بکه‌ن. کارمه‌نده‌کان له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن، کۆمپانیای هێڵی هه‌وایی تورکی"Turkish Airlines"، ڕێگه‌ نادات و که‌سێک به‌و ناوه‌وه‌ هه‌ڵناگرێت و سوار ناکات، چونکه‌ ئه‌وه‌ ناوێکی سیاسیی هه‌سته‌وه‌ره‌ له‌ تورکیا و بۆ ئه‌وان شتێک به‌ ناوی کوردستان نییه‌ و ئه‌وه‌ ناوێکی هه‌ڵه‌یه‌. خێزانی مه‌حۆ، نه‌خشه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌یان تێکده‌چێت و به‌ نائومێدی و دڵشکاوییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌که‌ی خۆیان له‌ گه‌ڕه‌کی هاللووندا(Hallunda)ی ستۆکهۆڵم[1]. کوردستان مه‌حۆ، به‌ته‌مایه‌ دوای ئه‌وه‌ی پاسپۆرتی سوێدی وه‌ربگرێت، ناوه‌که‌یشی له‌ کوردستانه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ "نوور" بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ ڕزگاری ببێت[2].

*****

ئه‌گه‌ر به‌رواردێک له‌ نێوان ئیسرائیل و تورکیادا بکه‌ین، ده‌توانین بڵێین هه‌ردووکیان داگیرکه‌ری خاکی خه‌ڵکی دیکه‌ن. تورکیا به‌ هه‌ردوو شێوه‌ کۆن و نوێیه‌که‌یه‌وه‌ له‌ سه‌ده‌ی شازده‌یه‌مه‌وه‌ داگیرگه‌ری کوردستانه‌. ئیسرائیل له‌ 1948وه‌ داگیرکه‌ری فلستینه‌. له‌ ئیسرائیل عه‌ره‌ب ده‌توانێت به‌ زمانی خۆی قسه‌ بکات، بخوێنێت، خوێندنگه‌ و زانستگه‌ی هه‌بێت، ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی هه‌بێت، مافی ده‌نگدان و خۆهه‌ڵبژاردنی بۆ په‌رله‌مان(کنێست Knesset) هه‌بێت، چه‌ندین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئیسرائیلی عه‌ره‌بن و له‌ نێو په‌رله‌مانیشدا ده‌توانن باسی کێشه‌ی فلستین و گه‌لی فلستین و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسلامیش بکه‌ن. فلستینی له‌ فلستین و له‌ ئیسرائیل ده‌توانێت بڵێت فلستینییه‌. له‌ تورکیا زمانی کوردی قه‌ده‌غه‌یه‌. هیچ خوێندنگه‌ و بڵاوکراوه‌ی کوردی نییه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی کوردیزمان نییه‌ و ناوهێنانی کوردستان قه‌ده‌غه‌یه‌ و جل و پۆشاکی کوردی قه‌ده‌غه‌یه‌ و باسکردنی کێشه‌ی کورد و کوردبوون بۆ خۆی قه‌ده‌غه‌یه‌ و کورد ناتوانێت بڵێت کورده‌ یا کوردستانییه‌. ڕه‌نگه‌ ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ده‌ستوور و قانوون و هه‌ندێک شتێ دیکه‌ی ڕوواڵه‌تییان هه‌ن، که‌ ده‌یانخاته‌ ڕیزی وڵاتانی دیموکراتییه‌وه‌، هه‌ردوو تورکیا و ئیسرائیل له‌ چاوی هه‌ندێک سیاسه‌تکار و نووسه‌ری کورده‌وه‌ به‌ دیموکراتی نێو ده‌برێن، لێ له‌ ڕاستییدا هیچ یه‌کێک له‌و دوو وڵاته‌ دیموکراتیی ڕاسته‌قینه‌ نین، چونکه‌ دیموکراتییه‌که‌یان بۆ هه‌موو خه‌ڵک نییه‌ و بۆ به‌شێکه‌ له‌ خه‌ڵک. ئیسرائیل بۆ جووله‌که‌ دیموکراتییه‌ و تاڕاده‌یه‌کیش بۆ ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی ناو ئیسرائیل و بۆ عه‌ره‌بی گوێڕایه‌ڵ و سه‌لاری دیکه‌ش، که‌ قایل بێت به‌ سیاسه‌تی ئه‌وان، دیموکراتییه‌، به‌ڵام ڕه‌وتاری له‌گه‌ل زۆرینه‌ی فلستینییاندا و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی خه‌ڵکی فلستین و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانیان، ڕه‌وتارێکی نادیموکراتییه‌ و به‌ هه‌موو جۆرێک سه‌رکوتیان ده‌کات. ئیسرائیل ڕێگه‌ به‌ ڕێکخراوی جووله‌که‌ی چه‌پ و کۆمۆنیست و ڕاستڕۆ و هه‌موو جۆره‌ ئایدیۆلۆژیایه‌کی دیکه‌ی نێو جووله‌که‌ ده‌دات. هه‌رچی تورکیایه‌ ئه‌وه‌ هیچ ڕێگه‌ به‌ هیچ شتێکی کورد نادات و ناوی کورد نابات و کورد ده‌کوژی و له‌ خاکی خۆی وه‌ده‌ری ده‌نێ و کوردستانه‌که‌ی وێران ده‌کات، بۆ تورکه‌کانی خۆیشی نادیموکراتییه‌. چه‌پبوون و کۆمۆنیستبوون یا ئیسلامییبوونێکی خه‌ست له‌ نێو تورکیاشدا قه‌ده‌غه‌یه‌ و سزا چاوه‌ڕوانی خه‌ڵکانی هه‌وادارانیان ده‌کات.

*****

له‌ نێوان 8-14/5/2005 دا، یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان ده‌یان کادری سیاسیی خۆی نارده‌ تورکیا[3] بۆ فێربوونی "دیموکراتی و زانست و سیاسه‌ت". ئه‌و کادرانه‌ له‌ سه‌ر بانگهێشتنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا چوون بۆ تورکیا. شانده‌که‌ سه‌ردانی حیزبی عه‌داله‌ت و په‌ره‌پێدان(AK)  و حیزبی گه‌لیی کۆماریی(CHP) کرد و و چاوی به‌ هه‌ندێک به‌رپرسیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا که‌وت و به‌شداریی چه‌ند سه‌مینارێکی کرد. ته‌واوی ئه‌و به‌رپرس و کارمه‌ند و حیزبییانه‌ی تورکیا، که‌ ئه‌و کادرانه‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی بینیویانن و له‌گه‌ڵیاندا کۆ بوونه‌ته‌وه‌، وه‌ک حیزبێکی عیراقی باسی یه‌کیه‌تیی نیشتمانییان کردووه‌ و ته‌نێ باسی عیراقیان له‌گه‌ڵدا کردوون و سه‌ری زمان و بنی زمانیان یه‌کپارچه‌یی و یه‌کیه‌تیی عیراق بووه‌ و باسی جه‌لال تاڵه‌بانییش، که‌ هاتووه‌ته‌ گۆڕێ، ته‌نێ وه‌ک سه‌رۆکی عیراق ناوی براوه‌. ئه‌گه‌ر حیزبێکی عیراقییش، بو نموونه‌ حیزبی ئیسلامیی عیراق، تورکمانی عیراق، شیعه‌ی عیراق، به‌عسی عیراق، ناسریی عیراق، سوننه‌ی عیراقی، کلدانی عیراقی، مه‌ندائی عیراق، یا هه‌ر ده‌سته‌ و حیزبێکی دیکه‌، سه‌ردانی تورکیایان کردبا، تورکه‌کان هه‌ر هێنده‌ باسی کوردستان و کوردیان له‌گه‌ڵدا ده‌کردن، که‌ له‌گه‌ڵ شانده‌که‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانییدا کردوویانه‌. سه‌رکرده‌یه‌تی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و به‌ تایبه‌تیش سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی جه‌لال تاڵه‌بانی، زۆر له‌مێژه‌ پێوه‌ندێکی توندتۆڵیان له‌گه‌ڵ تورکیا و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی تورکیادا هه‌یه‌.

سه‌رکرده‌یه‌تیی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان تا ڕاده‌یه‌ک، ته‌واوی کار و به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌یه‌کی سیاسیی خۆی، به‌ هاوئاهه‌نگیی و ڕێکخستن له‌گه‌ڵ تورکیادا ئه‌نجام ده‌دا و که‌مجار بێ تورکیا و بۆ خۆی و هه‌ر له‌ خۆیه‌وه‌ کارێک ده‌کات. پرس و ڕاوێژێکی ته‌واوی له‌گه‌ڵ تورکیادا هه‌یه‌. له‌ ڕووی ئابووریشه‌وه‌ ئه‌وڕۆ کوردستان بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ بازاڕی تورکیا و سه‌دان کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ر و سه‌رمایه‌داری تورک به‌ نێو کوردستاندا ته‌راتێن ده‌که‌ن و هه‌روا به‌ڵێنده‌ره‌و به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ و به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری کوردستانه‌وه‌، پاره‌یه‌کی مفت و زۆر و مۆڵی کوردستان ده‌دزێت و هه‌ڵدێت. سه‌رباری ئه‌وانه‌ش تورکیا، به‌ سایه‌ی سه‌ری سه‌رکردیه‌تیی سیاسیی باشووری کوردستانه‌وه‌، ئه‌وڕۆ وه‌ک فه‌رهه‌نگ چووه‌ته‌ نێو ماڵی هه‌موو کوردی باشووری کوردستانه‌وه‌ و خه‌ڵک له‌وێ به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ ته‌ماشای تورکیا ده‌که‌ن و تورکیایه‌کی سه‌رسه‌ختترین نه‌یاری کوردیان، به‌ هۆی سه‌رکرده‌یه‌تییه‌ سیاسییه‌که‌یانه‌وه‌ لێ بووه‌ به‌ دۆست و ئاشتیخواز و فریاڕه‌س. تورکیا هه‌ر به‌ ئاوی حه‌یات و ئاڵتوونسا و فرووتی[4] و خه‌نه‌ی ئه‌تاتورک و فیلمی سێکسی و زمانی تورکی و خوێندنگه‌ی تورکی و تیپی تورکی(لاتینی) و به‌فرگر و ته‌له‌ڤزیۆن و مۆبێله‌ و ته‌واوی ئامێره‌کانی نێوماڵه‌وه‌ نه‌چووه‌ته‌ نێو باشووری کوردستان و ماڵی کورد و مێشکی کورده‌وه‌، به‌ڵکه‌ به‌ هۆی پێوه‌ند و گرێدراویی پته‌وی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی باشووری کوردستانه‌وه‌ به‌ تورکیا، تورکیا توانیویه‌تیی سیخوڕ و جاسووسگه‌لێکی زۆری خۆیشی له‌وێ بڵاو بکاته‌وه‌. سه‌ردانی کادرانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تورکیا بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی سیاسی و بارهێنان و فێربوونی دیموکراتی له‌ تورکیاوه‌، هیچ جیاوازییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌، که‌ کادرانی به‌ره‌ی گه‌ل و به‌ره‌ی گه‌لی دیموکراتی(نایف حه‌واتمه‌) و به‌ره‌ی گه‌لی سه‌رکرده‌یه‌تیی گشتیی (ئه‌حمه‌د جبریل) و حه‌ماس و جیهادی ئیسلامی فلستینی، سه‌ردانی ئیسرائیل بکه‌ن و له‌وێ ئاماده‌ی کۆرس و سه‌مینار بن له‌مه‌ڕ دیموکراتییه‌وه‌. هێشتا سه‌ردانی ئه‌و فلستینییانه‌ بۆ ئیسرائیل و گوێگرتن له‌ باسی دیموکراتی له‌ ئیسرائیلییانه‌وه‌، کارێکی گه‌لێک ئاساییتره‌ له‌وه‌ی، کورد بچێت له‌ تورکه‌وه‌ فێری دیموکراتی بێت. ئیسرائیل به‌ هه‌موو پێوه‌رێک گه‌لێک له‌ تورکیا دیموکراتیتره‌. سه‌ردانی کادرانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی بۆ فێربوونی دیموکراتی له‌ تورکه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌یه‌، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، پارتیی کارگه‌رێن کوردستان(پ.ک.ک)، کادرانی خۆیان ناردبایه‌ته‌ کن حیزبی به‌عسی سه‌ددام حوسه‌ین بۆ فێربوونی دیموکراتی. سۆڤیێتێکی کۆمۆنیست ته‌حه‌موولی خومه‌ینییه‌کی موسوڵمان و ڕێژیمێکی  ئیسلامی کردبێت، سه‌ییدکاکه‌ گوته‌نی، به‌ڵام تورکیایه‌ک، که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌زپه‌رستی دامه‌زراوه‌ و پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ نێو ئه‌و خاکه‌دا(ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ تورکیا به‌ کوردستانیشه‌وه‌) ده‌ژی، ته‌نێ تورکن و بێجگه‌ له‌ تورک که‌سی دیکه‌ له‌و وڵاته‌دا نییه‌ و  ددان به‌ بوونی کورددا نانێت و بۆی بکرێت هه‌رچی ڕیسێکی کورده‌ ده‌یکاته‌وه‌ خوری و شتێک به‌ ناوی کوردستان له‌کن وی بوونی نییه‌ و ڕۆژ نییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌و قه‌واره‌یه‌ی باشووری کوردستان نه‌کات و ڕۆژانه‌ بۆمببارانی باکووری کوردستان ده‌کات و کوردی ئه‌وێ ده‌کوژێت و به‌ تاکه‌ یه‌ک ژنی کوردستانناو تێکده‌چێت و ته‌حه‌ممولی ناکات و ڕێگه‌ی سه‌فه‌ری نادات، ده‌بێ چ دیموکراتییه‌ک فێری خه‌ڵک بکات، به‌ تایبه‌ت کورد! ده‌گوترێ، که‌ په‌یامبه‌ری ئیسلام گوتوویه‌تی: "ﺃطلبوا العلم ولو فی الصین"واته‌: داوای زانست بکه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ چینیش بێت. مه‌به‌ست له‌ "ئه‌گه‌ر له‌ چینیش بێت"، دوورییه‌، واته‌: دووریی چین له‌ دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، که‌ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی: ته‌نانه‌ت تا چینیش وه‌دووی زانستدا بچن. تورکیا، له‌ چین گه‌لێک زیاتر، له‌ کوردستانه‌وه‌ نێزیکتره‌، به‌ڵام تورکیایه‌کی نادیموکراتی، که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌رچووی فێرگه‌ی ئه‌تاتورکیزم (که‌مالیزم)ن و ئه‌تاتورکیزمیش لنگی سێیه‌می سێکوچکه‌ی نازیزم و فاشیزمه‌، تورکیایه‌کی دژه‌کورد، ناتوانێت هیچ شتێکی باش به‌ کورد ببه‌خشێت، چونکه‌ چاکه‌ی کوردی ناوێت و که‌ خۆیشی دیموکراتی نه‌بێت، ناتوانێت وانه‌ی دیموکراتی به‌ خه‌ڵک بڵێته‌وه‌. عه‌ره‌ب ده‌ڵێن:"فاقدﺍﻟﺸﺊ لا یعطیه"، واته‌: ئه‌وه‌ی خۆی شتێکی نه‌بێت ناتوانێت شت ببه‌خشێت". شه‌رمه‌ بۆ کورد سه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌نێک بێت و له‌ هه‌ر خانه‌یه‌کدا بێت و له‌ هه‌ر ئاست و پایه‌یه‌کدا بێت و هه‌ر چۆن بیر بکاته‌وه‌، باسی فێربوونی دیموکراتی له‌ تورکه‌وه‌ بکات.                                        

17-6-2005



[1]  Katarina Lagarwall, Heter Kurdistan-fick inte flyga till Turkiet, Stockholm City, 7/6/2005.
[2] Josef el-Mahdi, Svenska Dagbladet, 4/6/2005.   
[3] راپۆرتێک له‌باره‌ی سه‌ردانی وه‌فدێکی کادرانی ی.ن.ک بۆ تورکیا، کوردستانی نوێ، ژماره‌ 3676، هه‌ینی 20-5-2005. وێنه‌که‌ی که‌ له‌ته‌ک ئه‌م گوتاره‌یشدایه‌ هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ی کوردستانی نوێوه‌ وه‌رگیراوه‌.
[4] که‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌وه‌ ڕێکلامی بۆ ده‌که‌ن له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی، که‌ ده‌یڵێن و ده‌نووسرێت "خۆشترین تامی میوه‌یه‌" له‌ بنه‌وه‌ش ده‌نووسرێت "له‌ تورکیا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت".                                                                                   

Thursday, June 16, 2005

په‌ڕۆی سه‌رچۆپییه‌که‌ت هه‌ر ڕه‌نگێک بێت، کورد پێش ناخات

په‌ڕۆی سه‌رچۆپییه‌که‌ت هه‌ر ڕه‌نگێک بێت، کورد پێش ناخات
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

پێموابوو سه‌رکرده‌یه‌تیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(سه‌رۆکه‌که‌ی، مه‌کته‌به‌ سیاسییه‌که‌ی، کۆمیته‌ نێوه‌نده‌که‌ی، کۆمیته‌ی لقه‌کانی، کۆمیته‌ی ناوچه‌کانی) و ئه‌ندامانی، هه‌وادارانی، دۆستانی، میدیاکه‌ی، په‌ندێک، وانه‌یه‌ک، شتێک بۆ مێژوو و ژیان، له‌ هه‌ڵه‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌، که‌ بۆ چوونه‌ سه‌رته‌ختی سه‌رۆککۆماری عیراق جه‌لال تاڵه‌بانی کردیان، فێر ده‌بن، لێ مخابن نه‌ک هه‌ر هیچ فێر نه‌بوون، به‌ڵکه‌ ڕێک وه‌ک ئه‌وانیان کرد و هه‌ڵه‌کانی ئه‌وانیان دووپات کرده‌وه‌. ئه‌وان(کوردسات) په‌ڕۆی که‌سک و وێنه‌ی تاڵه‌بانی، ئه‌مان(کوردستان تیڤی) په‌ڕۆی زه‌رد و وێنه‌ی بارزانی. له‌ 12/6/2005ه‌وه‌، که‌ په‌رله‌مانی کوردستان بڕیاری دانانی مه‌سعوود بارزانی، به‌ سه‌رۆکی باشووری کوردستان دا، ئیدی که‌ناڵی کوردستان تیڤی هه‌ر فریای ئه‌وه‌ ده‌که‌وێت کامیراکه‌ی له‌ نێوان قه‌ڵادزێ، زاخۆ، دهۆک، خانه‌قین، هه‌ولێر، که‌رکووک، سلێمانی، ڕانیه‌، سۆران، هه‌ریر و...دا بگوێزێته‌وه‌ و شایلۆغان و گۆڤه‌ند و شایی و خۆبادانی خه‌ڵکی کورد و ئۆتۆمبیلی ڕازاوه‌ و فیقه‌فیقی هۆڕن و ده‌هۆڵ و زوڕنا و سه‌رچۆپی به‌ په‌ڕۆی زه‌رده‌وه‌ و وێنه‌ی زۆروزه‌وه‌نده‌ی مه‌سعوود بارزانی پێشان بدات. که‌ناڵی "کوردسات"یش ئێستا، ڕۆڵی ئه‌وسای که‌ناڵی"کوردستان تیڤی" ده‌لیزێ و هیچی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ پێشان نادات. سه‌رکرده‌یه‌تیی پارتیی ده‌بوو پێش هه‌ر شتێک په‌ڕۆی زه‌ردی له‌و ئاهه‌نگانه‌دا قه‌ده‌غه‌ کردبا و ئه‌گه‌ر هه‌ر ئاهه‌نگیشیان ده‌گێڕا، له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستاندا وه‌ک بۆنه‌یه‌کی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بیانگێڕابا. که‌ ده‌شیانگێڕا چ پێویست ده‌کات ته‌واوی پرۆگرامه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆن بسڕێته‌وه‌ و ته‌نێ ئه‌و شایی و ئاهه‌نگانه‌ پێشان بدرێت! میدیاکانی پارتیی و کوردستان تیڤی له‌بری پێشاندانی ئه‌و هه‌را و به‌زمه‌، ده‌بوو ئه‌و کاته‌ به‌ فیڕۆڕۆیشتووه‌یان ته‌رخان کردبا بۆ گفتوگۆ له‌ سه‌ر پرسه‌کانی ئه‌وڕۆی کورد و هه‌نگاوی داهاتوو و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی عیراقییه‌کان و عه‌ره‌ب و ناکوردان و گوێگرتن له‌ بیروڕای خه‌ڵک و به‌ خه‌ستی و چڕوپڕی باسکردنی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ تازه‌ئازادکراوه‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستان. ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ شایی و چه‌قه‌نه‌ و ئاهه‌نگانه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ و زووتر و هه‌مووده‌مێکی کورد و هه‌میشه‌ ئاماده‌بوونی بۆ سه‌رچۆپیگرتن و خۆبادان ببینێت، یه‌ک شتی بۆ ساغ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌ویش ڕاده‌ی بێکاری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی کوردستانه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ بێکار و بێبار نه‌بن، چۆن ده‌توانن هه‌ر که‌سێک فیقه‌ی له‌ زوڕناکه‌ی هه‌ڵسان، ئیدی ئه‌مانیش یه‌کسه‌ر غارده‌نه‌ سه‌ر جاده‌ و داڕژێنه‌ کۆڵان و ده‌ستکه‌نه‌ هه‌ڵپه‌ڕین! ئه‌و حیزبانه‌، که‌ بۆ شایلۆغان، خه‌ڵک به‌و جۆره‌ بۆیان دێته‌ سه‌ر جاده‌، با ئه‌و هاتنه‌سه‌رجاده‌یان به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یکه‌ن، بۆ گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک و خانه‌قین و شه‌نگال و مه‌خموور و شوێنه‌کانی دیکه‌ کردبا. با بۆ قه‌ڵاچۆکردنی گه‌نده‌ڵیی کارگێڕی و نه‌هێشتنی بێکاری و سزادانی دزانی نێو ده‌سه‌ڵات و داد و یه‌کسانی و نه‌هێشتنی هه‌ژاری و چه‌وساندنه‌وه‌ و سزادان و دوورخستنه‌وه‌ و وه‌ده‌رنانی که‌ونه‌به‌عسی و که‌ونه‌جاش و پیاوخراپان کردبا. دانانی سه‌رۆکی باشووری کوردستان، ده‌بوو بۆ کورد وه‌ک به‌شێک له‌ پرۆسێسێکی دوورودرێژی هه‌نگاونانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ره‌و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی چاولێکرابا، نه‌ک وه‌ک ده‌سکه‌وتێکی حیزبی. به‌ ده‌سگاییکردنی سه‌رۆکایه‌تیی کوردستان و خستنیه‌ نێو چوارچێوه‌یه‌کی قانوونی و سیاسییه‌وه‌ و کردنی به‌ به‌شێک له‌ پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستاندا، له‌ ته‌نیشت په‌رله‌مان و حوکوومه‌تدا، بۆ خۆی چه‌سپاندنی بنگه‌یه‌که‌ و دانانی خشتێکه‌ له‌ بناخه‌ی یه‌کخستنه‌وه‌ی پارچه‌کانی کوردستان و ته‌واوی خاکی کوردستان و چێکردنی ده‌وڵه‌تی کوردستان. ئه‌وه‌ی بیه‌وێت نوێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بێت، ده‌بێ چیتر په‌ڕۆی زه‌رد و په‌ڕۆی که‌سک نه‌خاته‌ سه‌ر جاده‌ و کۆڵانه‌کانی کوردستان و نه‌یانداته‌ ده‌ست سه‌رچۆپیکێشانه‌وه‌. با ئه‌و په‌ڕۆیانه‌ ته‌نێ له‌ باره‌گا حیزبییه‌کانی خۆیاندا دابنرێن. ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی بیه‌وێت نوێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بێت، گه‌ره‌که‌ که‌وڵی حیزب له‌ خۆی بکاته‌وه‌ و ناوی حیزب نه‌هێنێت و ته‌واوی دانیشتووانی کوردستان به‌ جیاوازیی نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایدیۆلۆژیا و دیده‌وه‌ به‌ یه‌ک چاو ته‌ماشا بکات و له‌ نێوان هاووڵاتێک و هاووڵاتێکی دیکه‌دا گچکه‌ترین جیاوازیی نه‌هێڵێت. با سه‌رۆکایه‌تیی کوردستان بۆ خۆی وه‌ک ده‌سگا گرنگیی پێ بدرێت نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی کێ ئه‌و پۆسته‌ وه‌رده‌گرێت. به‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ گه‌لی کوردستان و ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی له‌ جڤاکه‌ پێشکه‌وتووه‌کانه‌وه‌، که‌ ڕێزی مرۆڤی تێدا ده‌گیرێت، نێزیک ده‌بێته‌وه‌ و له‌ جڤاکه‌ دیکتاتۆری و دواکه‌وتووه‌ نامرۆڤییه‌کانی ده‌وروبه‌ری کوردستانیشه‌وه‌، که‌ سه‌رکرده‌ و ده‌سه‌ڵاتدار ده‌په‌رسترێت دوور ده‌که‌وێته‌وه‌.                                                                                  

16-6-2005

Monday, June 13, 2005

کورد و په‌ناخواستن

کورد و په‌ناخواستن

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

تا پێش ساڵی 1991، کوردگه‌لێکی باشووری کوردستان، که‌ ڕوویان ده‌کرده‌ ئه‌وروپا، به‌ ناوی سیاسه‌ت و هه‌ڵاتن له‌ ڕێژیمی به‌عس و ڕاوه‌دوونان و له‌ ترسی زیندانی و کوشتن و ئه‌وانه‌ خۆیان به‌ پۆلیس و  کارگێڕییه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌دایه‌ ناسین و داخوازیی په‌نابه‌رییان ده‌کرد. له‌ نێو ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا هه‌ڵاتوانی پاش هه‌ره‌سی 1975 و کوردانی فه‌یلیی وه‌ده‌رنراو و هه‌ڵاتوانی جه‌نگی عیراق- ئێران و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ حیزب و گرۆی سیاسیی کورد و کۆمۆنیست و چه‌په‌کان و هه‌ڵاتوانی سه‌ربازی و هه‌ڵاتوانی جه‌نگی نێوخۆی کورد- کورد و خوێندکارانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و سۆڤیێت و ده‌یان جۆری دیکه‌ی تێدا بوون. ئه‌وه‌ی هه‌ڵاتبوو و داوای په‌نابه‌ری له‌ ئه‌وروپا ده‌کرد، له‌ لانه‌وازی و پێویستییه‌وه‌ بوو، نه‌ک له‌ خۆشی و بۆ ڕابواردن هاتبێت. ئه‌گه‌ر هاتبا له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ری کوردستان خه‌ڵکی کورد داڵده‌ درابا و مافی په‌نابه‌ریه‌تیی وه‌رگرتبا، ئه‌وا خه‌ڵک ڕوویان نه‌ده‌کرده‌ ئه‌وروپا. ئه‌وده‌می خه‌ڵک زۆر به‌ سه‌ختی ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌وروپا و هه‌زارویه‌ک ده‌رده‌سه‌رییان تووش ده‌بوو تا ڕێگه‌یه‌کیان ده‌دۆزییه‌وه‌ بۆ خۆگه‌یاندن. ئه‌وه‌یشی گه‌یشتبا، هێشتا له‌ ئه‌وروپاش هه‌ر له‌ دڵه‌ڕاوکه‌دا بوو و هه‌میشه‌ ترسی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق و سیخوڕ و نۆکه‌رانی ئه‌وانی هه‌بوو و هه‌رگیز به‌ دڵنیایی و ئارام کاتیی لێ به‌ سه‌ر نه‌ده‌چوو. هه‌ر له‌ سوێددا چه‌ندین ڕووداوی کوشتنی نه‌یارانی ڕێژیمی به‌عس به‌ده‌ستی سیخوڕانی ئه‌و ڕێژیمه‌ قه‌وما. له‌ 1991 به‌ دواوه‌، که‌ به‌شێک له‌ باشووری کوردستان، که‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورد خۆیه‌وه‌، ئیدی ده‌رگای ئه‌وروپا بۆ کوردی باشووری کوردستان کرایه‌وه‌ و بواری په‌ڕینه‌وه‌ی سنووره‌کانی نێوان باشووری کوردستان و ئێران و تورکیا و سووریا و...ئاسانتر بوو. کورد به‌ لێشاو و له‌ ڕێگه‌ی جیاواز و به‌ سه‌ر وڵاتی جیاوازدا ڕوویان ده‌کرده‌ ئه‌وروپا. هه‌زارویه‌ک ڕێگه‌ و ده‌رفه‌تیان ده‌قۆسته‌وه‌ بۆ خۆگه‌یاندن به‌ ئه‌وروپا. له‌ ئه‌فغانستان و پاکستان و ئۆکراینا و ڕووسیا و پۆڵۆنیا و بوڵگاریا و ڕۆمانیا و یۆنان و تایلاند و که‌مبۆچیا و ... سه‌دان شوێنی دیکه‌وه‌ کورد گه‌یشته‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و که‌نه‌دا و ئه‌وسترالیا. قاچاخچێتی مرۆڤ، بازرگانیی مرۆڤ، هێنانی مرۆڤ له‌ کوردستانه‌وه‌ بۆ هه‌نده‌ران، بوو به‌ پیشه‌سازی و بازرگانییه‌کی گه‌لێک مه‌زن، که‌ سه‌دان که‌س کاریان تێدا ده‌کرد. هه‌زاران که‌س له‌و بواره‌دا وه‌ک شاگردان و یارمه‌تیده‌رانی قاچاخچییه‌ مه‌زنه‌کان وه‌گه‌ڕ که‌وتبوون و خه‌ڵکیان ده‌کڕی و ده‌فرۆشت و پاره‌یان پێ وه‌رده‌گرت. هه‌ریه‌ک له‌و خه‌ڵکانه‌ میلیۆنان دۆلاریان قازانج ده‌کرد له‌و بازرگانییه‌دا. په‌ناخوازی وا هه‌بوو، که‌ ده‌گه‌یشته‌ یۆنان و تورکیا و پۆڵۆنیا و ڕووسیا و...له‌گه‌ڵ قاچاخچییاندا ده‌ستی تێکه‌ڵ ده‌کرد و بۆ خۆیشی ده‌بووه‌ قاچاخچی و به‌ سه‌دان که‌سی به‌ڕێ ده‌خست و پاره‌ی پێ وه‌رده‌گرتن. قاچاخچییان، وه‌ک جامباز کاریان ده‌کرد و خه‌ڵکانی په‌ناخوازیشیان وه‌ک جه‌ڵه‌به‌مێگه‌ل چاولێده‌کرد. به‌شێک له‌و کوردانه‌ی، که‌ پێشتر له‌ ئه‌وروپا ژیابوون و ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی کوردستانیان بۆ ڕه‌خسا، ڕۆڵێکی خراپیان له‌ هاندانی خه‌ڵکی کوردا بۆ جێهێشتنی وڵات و ڕووکردنه‌ ئه‌وروپا دیت. ئه‌وان ئه‌وروپایان له‌به‌رچاو خه‌ڵکی کوردستان و به‌ تایبه‌ت لاوان، کرده‌ به‌هه‌شت و به‌ جۆرێک خه‌ڵکیان تێگه‌یاند، که‌ له‌ ئه‌وروپا پاره‌ هه‌ڵڕژاوه‌ و خه‌ڵک له‌ به‌هه‌شتدا ده‌ژی و ده‌رگای مێبازی له‌سه‌رپشته‌ و ڕابواردن مفته‌ و هه‌موو شتێک به‌ ئاره‌زووی خۆته‌. ئه‌و ڕه‌وشه‌ کارێکی وای کرده‌ سه‌ر هه‌زاران کورد، که‌ ماڵ و خانوو و نێوماڵه‌ و فرۆشگه‌ و ئۆتۆمبیل و مۆڵک و سامانی خۆیان بفرۆشن، ته‌نێ له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپا. کورد بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆی له‌ ئه‌وروپا بکاته‌وه‌ ده‌بوو به‌ڵگه‌ و هۆ بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پۆلیسی ئه‌وروپا بڕوای پێ بکات و جێی ببێته‌وه‌. عه‌ره‌قفرۆشی، مێبازی، ئایینگۆڕین له‌ ئیسلامه‌وه‌ بۆ مه‌سیحی، سه‌ر به‌ فڵانه‌ حیزب و دژی فڵانه‌ حیزببوون و ترس له‌ فڵانه‌ حیزب، ترس له‌ ئیسلام و حیزبی ئیسلامی، حه‌زکردن له‌ کچ یا ژنێک و هه‌ڵاتن له‌ ترسی که‌سی ژنه‌، حیزیی واته‌: نێربازیی و هاوسێکسبازیی و...ده‌یان هۆی دیکه‌ ده‌بینرانه‌وه‌ بۆ قایلکردنی پۆلیسی ئه‌وروپا بۆ جێگیربوون له‌ وڵاتێکی ئه‌وروپایی. له‌ نێو ئه‌و خه‌ڵکانه‌دا هه‌بوون، چه‌ندین جار ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ریان پێ ده‌کرا و ده‌گێڕدرانه‌وه‌ بۆ یه‌که‌م وڵات، که‌ لێیه‌وه‌ هاتوون، که‌چی دوای ماوه‌یه‌کی دیکه‌ هه‌م ده‌هاتنه‌وه‌ و به‌ ناوێکی دیکه‌وه‌ خۆیان له‌کن پۆلیس ده‌دایه‌وه‌ ناسین. که‌ په‌نجه‌مۆریان ئاشکرا ده‌بوو، په‌نجه‌یان ده‌خستنه‌ سه‌ر ئاگر و ده‌یانسووتاندن و ده‌رمانیان پێدا ده‌کردن و به‌ شێوه‌یه‌کی دیکه‌ په‌نجه‌مۆریان ده‌کرد. کاغه‌زی ساخته‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌ی ساخته‌ و ناوی ساخته‌، ده‌درایه‌ ده‌ست کارگێڕی بیانییانی ئه‌وروپاییه‌وه‌ و پێیان ده‌گوترا. هی وا هه‌بوون له‌ سێ چوار وڵاتی ئه‌وروپایی و له‌ هه‌ر وڵاتێک به‌ ناوێکی جیاوازه‌وه‌ خۆی ده‌دایه‌ ده‌ست پۆلیسه‌وه‌ و پاشانیش، که‌ مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی پێ ده‌به‌خشرا، وه‌ک شه‌حنه‌ی[1] سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تیی به‌ سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌سووڕایه‌وه‌ و مووچه‌ی په‌نابه‌ریه‌تی و پووڵی، ڕێک وه‌ک سه‌رانه‌ و باج، له‌ هه‌ر یه‌ک له‌و وڵاتانه‌ وه‌رده‌گرت. هی وا هه‌بوو له‌م وڵاتی ئه‌وروپا وه‌ده‌رده‌نرا، له‌ وڵاتێکی دیکه‌وه‌ سه‌ری ده‌رده‌هێنا و خۆی ده‌دایه‌ ده‌ست پۆلیسه‌وه‌. هی وا هه‌بوو چه‌ندین ساڵ بێ مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ ده‌مایه‌وه‌ و خێزان و ماڵ و منداڵیشی له‌ کوردستان جێهێشتبوون و هه‌ر به‌ خه‌یاڵیشیدا نه‌ده‌هات. هی وا هه‌بوو خوشکی خۆی، دایکی خۆی، کچی خۆی به‌ ژنی خۆی ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م و ده‌یهێنان بۆ ئه‌وروپا. وشه‌ی "ڕاکێشان" له‌و ساڵانه‌دا هاته‌ ئاراوه‌، که‌ ده‌کاته‌ هێنانی خه‌ڵکی دیکه‌ له‌ کوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا. کچێک له‌ کوردستان مێردی به‌ کوڕێکی کوردی ئه‌وروپانشین ده‌کرد و یه‌کێک له‌ مه‌رجه‌کانی مێردکردنه‌که‌ ئه‌وه‌ بوو، که‌ مێرده‌ برایه‌کی یا که‌سێکی کچه‌که‌ ڕاکێشێت بۆ ئه‌وروپا. ئیدی پاره‌ خڕ ده‌کرایه‌وه‌ تا ئه‌و که‌سه‌ ده‌هێنرا. زۆرجاران ئه‌و کارانه‌ ده‌بوونه‌ هۆی تێکدان و لێکترازانی خێزان و ژن و مێرد. له‌ نێو ئه‌وانه‌ی ده‌هاتنه‌ ئه‌وروپا هه‌بوون، کوڕی خه‌ڵکانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، که‌ باوکیان هه‌ر بۆ پاره‌په‌یداکردن و زیاترکردنی سه‌رمایه‌ ناردبوونییه‌ ده‌رێ[2]. پاسپۆرتی کوردی ئه‌وروپانشین ده‌فرۆشرا، ده‌کڕدرا، بزرده‌کرا، له‌ سه‌ری ده‌ر ده‌کرا.  پاسپۆرتی نوێ نه‌ک جارێک ده‌یان جار وه‌رده‌گیرا. ته‌نێ له‌پێناوی هێنانی خه‌ڵک و گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپا و مانه‌وه‌دا له‌ ئه‌وروپا، بۆ دابینکردن و ته‌داره‌کی ئه‌و کارانه‌، سوێند ده‌خورا، هه‌زاری به‌ پووڵێک. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌زارویه‌ک ڕێگه‌ ده‌گیرایه‌ به‌ر. کوردی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و چه‌مچه‌ماڵ و که‌لار و ئامێدی و شوێنه‌کانی دیکه‌ی به‌شه‌ ئازاده‌که‌ی باشووری کوردستان، له‌ ئه‌وروپا به‌ نێوی کوردی خانه‌قینی و که‌رکووکی و مه‌نده‌لیی و خورماتوویی و جه‌له‌ولایی و فه‌یلیی به‌غداییه‌وه‌ خۆیان ده‌دایه‌ ده‌ست پۆلیسه‌وه‌. پیاوی وا ده‌هات 12، 14  ناسنامه‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌ی له‌به‌رده‌م پۆلیسه‌کاندا داده‌نا، که‌ نیوه‌ی هی منداڵانی ماڵه‌ خزم و هاوسێ و که‌سی دیکه‌ بوون نه‌ک هی خۆی. زه‌لامی سمێڵزل و سه‌ره‌وه‌ی بیست و ئه‌وه‌نده‌ ساڵ ده‌هات و وه‌ک 17 ساڵان خۆی ده‌دایه‌ ناسین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ ڕێگه‌یه‌کی قانوونیی دایک و باوکیشی بهێنێت بۆ ئه‌وروپا. منداڵی ته‌مه‌ن گچکه‌ی 12 و 13 و 14 و 15 ساڵانی کچ یا کوڕ، باوک و دایکیان له‌ کوردستان ده‌یانناردنه‌ ده‌رێ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ بۆ ده‌رچوونی خۆیان خۆشکه‌ن. ئه‌و زارۆکانه‌ بۆ خۆیان به‌ ته‌نێ و له‌ ڕێگه‌ی قاچاخه‌وه‌ ده‌نێردرانه‌ ده‌رێ و که‌ ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌وروپا ده‌خرانه‌ شوێنی تایبه‌تی منداڵان و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵیش پێویستی به‌ سه‌رپه‌رشتیاره‌ ئیدی قانوون ڕێگه‌یان ده‌داتێ داخوازیی هێنانی باوک و دایکیان بکه‌ن و کارگێڕی په‌نابه‌رییش له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا کارئاسانییان بۆ هێنانی باوک و دایکی ئه‌و منداڵانه‌ ده‌کرد و ئیدی ئه‌وانیش به‌ ئاسانی له‌ سه‌ر حیسابی وڵاتانی ئه‌وروپا و له‌به‌رخاتری منداڵه‌کانیان ده‌هێنران. هه‌ندێک منداڵ له‌گه‌ڵ منداڵی ماڵێکی دیکه‌دا تێکه‌ڵ ده‌کران و ده‌هێنران و پاشان، که‌ ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌وروپا له‌و ماڵه‌ جوێ ده‌بوونه‌وه‌ و نێوی باوک و دایکی خۆیانیان ده‌دا و ئه‌وانیان ده‌هێنا. جاری وا هه‌بووه‌ به‌ تاکه‌ یه‌ک پاسپۆرت، که‌ هه‌ر جاره‌ی بۆ که‌سێک به‌کاربراوه‌ و وێنه‌که‌ی و هه‌ندێک شتی دیکه‌ی گۆڕاوه‌ ده‌یان که‌سی پێ هێنراوه‌ته‌ ئه‌وروپا. زۆرێک به‌ فڕۆکه‌ و به‌ پاسپۆرتی ساخته‌ له‌ فڕۆکه‌خانه‌کانی ئه‌وروپا داده‌به‌زین و که‌ خۆیان ده‌دایه‌ ده‌ست پۆلیسه‌وه‌ ده‌یانگوت به‌ کامیوون و لۆری و ئۆتۆمبیل له‌ تورکیا و یۆنانه‌وه‌ هاتوون. مه‌سیحی عه‌نکاوه‌یی ده‌هات، هه‌رچی شتی ناحه‌زه‌ له‌ باره‌ی کورده‌وه‌ ده‌یگوت و وای باس ده‌کرد، که‌ له‌ ترسی حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان هه‌ڵاتووه‌، چونکه‌ نه‌یانهێشتووه‌ عه‌ره‌ق بفرۆشێت یا نه‌یانهێشتووه‌ هاتوچۆی کڵێسه‌ بکات. کوردی وا هه‌بوو ده‌یگوت، که‌ له‌ لایه‌ن هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تیی و پارتیی و به‌عسه‌وه‌ ڕاوه‌دوو نراوه‌ و ئه‌گه‌ر بیانگرتبا ده‌یانکوشت. گه‌لێکیش به‌ نێوی جه‌نگی نێوخۆ و براکوژییه‌وه‌ خۆی ده‌دایه‌ ده‌ست پۆلیسه‌وه‌. ئه‌وروپاییانیش کارئاسانییه‌کی ته‌واویان بۆ وه‌رگرتنی په‌نابه‌ری کوردی باشووری کوردستان ده‌کرد، تا وای لێهاتبوو، که‌سێکی کوردی په‌ناخواز به‌ ماوه‌ی دووحه‌فته‌یه‌ک مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی ده‌درایه‌ و پاش ماوه‌یه‌کی که‌م ده‌بووه‌ خودانی خانووی خۆی و پاسپۆرتی خۆی و گیرفانی خۆی و ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستانیش. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ریی بۆ کوردی باشوور هێنده‌ ئاسان بووبوو، خه‌ڵکی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش به‌ نێوی کوردی باشووره‌وه‌ داوای په‌نابه‌رییان ده‌کرد و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ناکوردیش فێری ئه‌وه‌ بووبوون، که‌ به‌ نێوی کورده‌وه‌ خۆ بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌وروپا و په‌نابه‌ریی وه‌رگرن. ئه‌م هه‌ڵاتن و ڕه‌وکردنی خه‌ڵکه‌ی کوردستان بۆ ئه‌وروپا، بێجگه‌ له‌وه‌ی قورساییه‌کی بۆ کوردانی پێشتر دانیشتووی ئه‌وروپای ساز کرد، به‌وه‌ی پاره‌یان بۆ بنێرنه‌وه‌ و کۆمه‌کیان پێ بکه‌ن، بۆ ده‌رچوون له‌ وڵات به‌ هه‌ر جۆرێک بێت، بوو به‌ هۆی سازکردنی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ و سه‌رێشه‌ بۆ کوردانی ئه‌وروپایش. کێشه‌ی ئابووری، خێزانی، کۆمه‌ڵایه‌تی و...زۆری دیکه‌ش سه‌ریان هه‌ڵدا. هه‌ر کردنه‌وه‌ی ده‌رگای کوردستان دوای 1991 و به‌رپابوونی ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی کوردی ئه‌وروپا بۆ سه‌ردانی کوردستان، بۆ خۆی گه‌لێک کێشه‌ی بۆ کوردانی ئه‌وروپا ساز کرد. ئه‌وده‌می باری ئابووری خه‌ڵک له‌ کوردستان گه‌لێک خراپ بوو و خه‌ڵک نه‌دار بوو. کوردی ئه‌وروپایش هه‌رچه‌ندی ده‌ستکورت و هه‌ژاریش بووایه‌ن، له‌ چاو ئه‌وانه‌ی کوردستان باشتر بوون. ئیدی کوردی ئه‌وروپانشین پاره‌یان کلده‌کرده‌وه‌ بۆ کوردستان یا بۆ خۆیان ده‌یانبرده‌وه‌. ئه‌و شاندن و بردنه‌وه‌ی پووڵه‌، سه‌دان کێشه‌ی بۆ کوردانی ئه‌وروپا ده‌سازاند. ژن و مێرد و خێزان هه‌وڵیان ده‌دا یارمه‌تی بنێرنه‌وه‌ بۆ که‌سانی خۆیان له‌ وڵات. ژن داوای ده‌کرد یارمه‌تیی ماڵی باوکی بدرێت و مێردیش ده‌یویست یارمه‌تی ماڵی باوکی خۆی بدات. ژن به‌ دزیی مێردییه‌وه‌ کۆمه‌ک و پاره‌ی بۆ ماڵیی باوکی خۆی ده‌نارده‌وه‌ و مێرد به‌ دزیی ژنه‌که‌یه‌وه‌ پاره‌ی ده‌نارده‌وه‌. ئه‌و ده‌یگوت تۆ بۆ دایکت زیاترت ناردووه‌ته‌وه‌ و بۆ دایکی منت که‌متر ناردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌میش پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌گوته‌وه‌. هه‌ریه‌که‌یان ماڵی دایک و باوکی خۆیان، به‌ ده‌ستکورت و نه‌دار ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م، ئه‌گه‌ر وایش نه‌بوونایه‌ و پێچه‌وانه‌که‌یشی بووایه‌ن. جاری واهه‌بوو هیچ یه‌ک له‌ ژن و مێرد ئاگایان له‌ ڕه‌وتارکردنی یه‌کدی نه‌بوو و که‌س به‌ ئه‌وی دیکه‌ی نه‌ده‌زانی چ ده‌کات. کلکردن و بردنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ که‌سه‌کانی کوردستان و کۆمه‌ککردن به‌ ده‌رچوونیان بۆ ئه‌وروپا و سه‌ردانی کوردستان، ئه‌گه‌ر ده‌رده‌سه‌ری و سه‌ختییه‌کی زۆری بۆ کوردانی ئه‌وروپا سازاندبێت، ئه‌وا بۆ ئه‌وانه‌ی کوردستانیشی که‌م نه‌سازاندووه‌. چه‌ندین ڕووداوی کوشتن و سه‌رژێکرن و ته‌ڵاقدان و تێکچوونی خێزان و شه‌ڕه‌چه‌قۆیش له‌ کوردستان به‌ هۆی "ده‌ڤه‌ری ئازاد" و "ده‌ڤه‌ری هه‌ڵنه‌فڕینی فڕۆکه‌" و "ناردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ ئه‌وروپاوه‌" و "1991"ه‌وه‌، هاتنه‌ گۆڕێ و بوونه‌ هۆی کاره‌سات و کڵۆڵیی بۆ چه‌ندین خێزان و خه‌ڵکی کورد. ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ و پرۆسێسه‌که‌ به‌و جۆره‌ ڕۆیشت و به‌ڕێوه‌چوو و تا ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسیش ده‌یخوارد و ده‌کرا. ئێستا دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ینیش خه‌ڵک هه‌ن، هێشتا وڵات به‌جێده‌هێڵن و ڕووده‌که‌نه‌ ئه‌وروپا. هێشتا پاشماوه‌ی خه‌ڵکانی ده‌رچووی چه‌ندین ساڵێکی پێش ڕووخانی به‌عس له‌ وڵاتانی یۆنان و تورکیا ماونه‌وه‌ و ته‌داره‌کی خۆیان ده‌بینن بۆ هاتن بۆ ئه‌وروپا و هی وایشیان هه‌ن تازه‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌وروپا. خه‌ڵکیش هه‌ن تازه‌ و له‌ دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه‌ وڵاتیان جێهێشتووه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وروپا. ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی جێی خۆیان له‌ ئه‌وروپا بکه‌نه‌وه‌ و مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ و ژیان به‌سه‌ربردن له‌ ئه‌وروپا وه‌رگرن، گه‌ره‌که‌ به‌ڵگه‌ی دیکه‌ی پێچه‌وانه‌ی به‌ڵگه‌کانی سه‌رده‌می ڕێژیم بده‌نه‌ پۆلیس و به‌ جۆری دیکه‌ و قسه‌ی دیکه‌ و پاساوی دیکه‌، داکۆکی له‌ هه‌ڵاتنی خۆیان و ڕووکردنه‌ ئه‌وروپایان و داخوازی په‌نابه‌رییان بکه‌ن. ئێستا ئیدی قه‌وانه‌ سواوه‌ کۆنه‌کانی جاران ناخۆن و به‌ڵگه‌ و هۆی نوێ پێویستن و ده‌بێ بخرێنه‌ به‌رده‌ست. ده‌زانی ئێستا کوردگه‌لێکی ڕووله‌ئه‌وروپاکه‌ر و په‌ناخواز چۆن خۆیان به‌ وڵاتان و کارگێڕییانی بیانیی ئه‌وروپا ده‌ده‌نه‌ ناسین و داوای په‌نابه‌ریی ده‌که‌ن؟  ئێستا کورد وه‌ک به‌عسی و جاش و سیخوڕی ڕێژیم یا به‌عسیزاده‌ و جاشزاده‌ و سیخوڕزاده‌، خۆ به‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ئه‌وروپا ده‌ناسێنێت. ئێستا له‌کن پۆلیسی ئه‌وروپا باسی ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ باوکی به‌عسی یا جاش یا سیخوڕ یا پیاوی ڕێژیمی به‌عس بووه‌ و پێوه‌ندی به‌ به‌عسه‌وه‌ هه‌بووه‌ و خزمه‌تی به‌ حوکوومه‌تی به‌عس کردووه‌ و خه‌ڵکی ئازار داوه‌ و گرتووه‌ و کوشتووه‌ و ده‌ستی له‌ خوێنی خه‌ڵکدایه‌ و دوای ڕووخانی سه‌ددام حوسه‌ینیش خه‌ڵک ویستوویانه‌ تووڵه‌ی کرده‌وه‌کانی باوکی له‌ هه‌موو ئه‌ندامانی ماڵه‌که‌ بکه‌نه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر گیرابا ده‌کوژرا و له‌به‌ین ده‌برا و ئیدی ئه‌میش هه‌ر فریای ئه‌وه‌ که‌وتووه‌ که‌وڵی خۆی ڕزگار کات و هه‌ڵبێت و خۆ بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وروپا. له‌ ته‌واوی ئه‌و پرۆسێسه‌ گرۆتێسکییه‌دا، ئه‌وه‌ی دێته‌ به‌رچاو و مرۆڤ ده‌یگاتێ ئه‌وه‌یه‌، که‌ مرۆڤی کورد، دیاره‌ مه‌رج نییه‌ هه‌مووی، توانستێکی باشی خۆگۆڕین و که‌سیه‌تییگۆڕینی هه‌یه‌ و پێی ده‌کرێت چۆنی بووێت و به‌ چ جۆرێک بیه‌وێت خۆی پێشان بدات و به‌ چ ئاوازێک بیه‌وێت هه‌ڵپه‌ڕێت و به‌ چ بایه‌ک بیه‌وێت شه‌ن بکات و فره‌جاران هیچ شتێک به‌ری پێ ناگرێت و خۆخوازی و خۆویستی و هه‌ڵپه‌ و چاولێکه‌ریی کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی کردووه‌ته‌ سه‌ری، که‌ شه‌رم له‌ هیچ شتێک نه‌کات و له‌ هیچ نه‌سڵه‌مێته‌وه‌ و پێی ده‌کرێت، له‌وپه‌ڕی شۆڕشگێڕییه‌وه‌ و له‌ سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ و به‌ چه‌که‌که‌ی ده‌ستییه‌وه‌، بازداته‌ سه‌نگه‌ری جاشایه‌تی و به‌رگی جاشایه‌تی له‌به‌ر کات و هه‌ر به‌و چه‌که‌ی ده‌ستیشی ڕاوه‌ پێشمه‌رگه‌ بکات. پێده‌چێت ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رکردن و ڕووگۆڕین و قسه‌گۆڕین و به‌ڵێنگۆڕین و ڕاگۆڕین و وه‌رچه‌رخان و بادانه‌وه‌، به‌شێک بن له‌ سیفه‌تگه‌له‌ فره‌ئاساییه‌کانی کاراکته‌ری به‌شێکی زۆری مرۆڤی کورد.     

 13-6-2005




[1] نوێنه‌ری خاوه‌ن موڵک و ده‌ره‌به‌گ، که‌ به‌ سه‌ر وه‌رزێراندا ده‌گه‌ڕا و به‌رپرسی خڕکردنه‌وه‌ی باجی زه‌وی و به‌رهه‌می کشتوکاڵ بوو. دارۆغه‌یشی پێ ده‌گوترێ، که‌ واتای سه‌رده‌سته‌ و گه‌وره‌ی پاسه‌وانانیش ده‌دات.  
 [2]من بۆ خۆم ساڵی 1991 و له‌ سه‌رده‌می کۆڕه‌وه‌که‌دا و له‌نێو ئۆردووگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، که‌ هه‌ڵاتوانی کۆڕه‌وی باشووری کوردستانیان گرتبووه‌ خۆ، خه‌ڵکی له‌و جۆره‌م دیتبوو، که‌ ده‌یه‌ویست له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تیی کار و سه‌رمایه‌وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا بزانێت و به‌ ڕاشکاوییش ده‌یگوت، مه‌به‌ستی ناردنی کوڕی خۆیه‌تی بۆ وه‌ها کارێک.                                                                                                                                

Monday, June 6, 2005

کوردستانیبوونی که‌رکووک هیچ پێویستی به‌ ڕاپرسیی نییه‌

کوردستانیبوونی که‌رکووک هیچ پێویستی به‌ ڕاپرسیی نییه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئه‌گه‌ر ڕێبه‌ری پارتییه‌ک یا هه‌ر ده‌سته‌یه‌کی سیاسی، به‌ گوێره‌ی دید و ئایدیۆلۆژیا و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌ی خۆی له‌هه‌مبه‌ر کێشه‌یه‌ک یا پرسێک، بۆچوونێکی تایبه‌تی هه‌بێت ، هه‌رچه‌نده‌ سازشکارانه‌ و سه‌رنه‌ویکارانه‌یش بێت و به‌و بۆچوونه‌یه‌وه‌ خۆی له‌ حیزب و ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌ جودا بکاته‌وه‌، هه‌رنه‌یسه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان و له‌ لایه‌ن هه‌ندێک خه‌ڵکی نه‌رم و نیان و سازشکاری سیاسییه‌وه‌ چاوپۆشیی لێبکرێت و نه‌که‌وێته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و گازنده‌، به‌ڵام که‌ که‌سێک نوێنه‌ری هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و خاک بێت و به‌ نێوی هه‌موو خه‌ڵکی وڵاته‌وه‌ بپه‌یڤێت، ئیدی کارێکی ئاسان نییه‌، هه‌روا  بێ لێکدانه‌وه‌ و بێ بیرکردنه‌وه‌ مرۆڤ به‌ ئاخافتن و بۆچوونه‌ سیاسییه‌کانی، که‌ پێوه‌ندیان به‌ دواڕۆژ و چاره‌نووسی وڵات و خه‌ڵکی وڵاته‌وه‌ هه‌بێت، قایل بێت و چاوپۆشیی له‌ نه‌رمی و که‌لێنه‌کانی بکات. له‌ گوته‌یه‌کیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات"الحیاة‌"ی له‌نده‌نی، مه‌سعوود بارزانی، که‌ هه‌ڵبژارده‌ی هێزه‌ سیاسییه‌کانی باشووری کوردستانه‌، بۆ سه‌رۆکایه‌تیی باشووری کوردستان و پاش یه‌ک دوو ڕۆژی دیکه‌ به‌ فه‌رمیی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ داده‌نرێت و ده‌بێته‌ سه‌رۆک و نوێنه‌ر و ده‌نگی ته‌واوی باشووری کوردستان، له‌مه‌ڕ که‌رکووکه‌وه‌ ده‌ڵێت:"ڕیفراندۆم ناسنامه‌ی که‌رکووک یه‌کلا ده‌کاته‌وه‌..که‌رکووک نابێته‌ به‌غدا وه‌ک هه‌ندێ که‌س داوای ده‌که‌ن به‌ڵکو وه‌ک هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک شارێکی عێراقی به‌ڵام کوردستانی ده‌بێت..هه‌رکاتێکیش بارودۆخی ئه‌و شاره‌ ئاسایی بووه‌وه‌، ڕاپرسییه‌کی تێدا ئه‌نجام  ده‌درێ که‌ ئێمه‌ به‌ ده‌رئه‌نجامه‌که‌یه‌وه‌ پابه‌ند ده‌بین جا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ بێت یاخود به‌ زیانی ئێمه‌ "[1]. باسکردنی ڕاپرسیی و ده‌نگدان بۆ کوردستانیبوون و کوردستانینه‌بوونی که‌رکووک، هه‌ر بۆ خۆی بێ هیچ دوودڵی و سێودوولێکردنێک هه‌ڵه‌یه‌کی یه‌کجار مه‌زنه‌، که‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی باشووری کوردستان تێیکه‌وت و تێیکه‌وتووه‌ و هه‌وڵ نادات خۆی لێ ڕزگار بکات. باسکردنی ڕاپرسیی و ده‌نگدان بۆ کوردستانیبوون و کوردستانینه‌بوونی که‌رکووک، خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ و پێشێلکردنی ڕاستییه‌ دیرۆکییه‌کان و گوێنه‌دانه‌ به‌ عه‌ره‌باندن و داگیرکردن و گۆڕینی سیمای کوردستان و پاکتاوی ڕه‌گه‌زیی. دیاره‌ مه‌سعوود بارزانی یه‌که‌م که‌س نییه‌ له‌ سیاسه‌تکارانی کورد، که‌ باس له‌ ڕاپرسیی ده‌کات بۆ سه‌لماندنی کوردستانیبوونی که‌رکووک، به‌ڵکه‌  تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو سه‌رانی باشووری کوردستان، به‌ مۆرکردنی قانوونی 58ی کارگێڕیی عیراق، پێکهاتوون و قایلبوون به‌وه‌ی ڕاپرسیی بکرێت و خه‌ڵکی که‌رکووک بۆ خۆیان کوردستان یا عیراقستان (عه‌ره‌بستان) هه‌ڵبژێرن. بێجگه‌ له‌وه‌ش جه‌لال تاڵه‌بانی، تێزی برۆکسلاندنی که‌رکووکی هێنایه‌ گۆڕی، که‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و تێزه‌ که‌رکووک به‌ ته‌نیا خۆی ده‌بێته‌ ده‌ڤه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ و هه‌ر هێنده‌ی به‌سره‌ و ڕه‌مادی پێوه‌ندی به‌ کوردستانه‌وه‌ ده‌بێت. ئه‌و تێزه‌ی تاڵه‌بانی بۆ عه‌ره‌ب و تورکمان و ته‌واوی ناکوردانی دیکه‌ چاره‌سه‌رێکی باشه‌ و بۆ کورد چاره‌سه‌رێکی خراپه‌ و ده‌کاته‌ دۆڕانی که‌رکووک. هه‌موو به‌ڵگه‌ مێژوویی و جوگرافییه‌کان گه‌واهی کوردستانیبوونی که‌رکووک ده‌ده‌ن و هه‌موو کوردی جیهان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێکن، که‌ که‌رکووک وه‌ک خاک کوردستانه‌، ئیدی ئه‌گه‌ر ته‌واوی دانیشتووانی که‌رکووک عه‌ره‌ب، تورکمان، ئه‌رمه‌نی، ئاشووری، کلدان یا هه‌ر چییه‌کی دیکه‌ بن و یه‌ک کوردیشی تێدا نه‌بێت، ناکرێت سازش له‌سه‌ر کوردستانیبوونی که‌رکووک بکرێت و کایه‌ی ڕاپرسیی بهێنرێته‌ به‌رباس. تۆ که‌ گوتت که‌رکووک کوردستانه‌ و به‌شێکه‌ له‌ خاکی کوردستان، ئیدی هیچ پێویست ناکات له‌به‌ر خاتری به‌رانبه‌ره‌که‌ت باسی ڕاپرسیی بکه‌یت و خۆت به‌ ئه‌نجامی ئه‌و ڕاپرسییه‌وه‌ ببه‌ستیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی ڕاپرسییش به‌ لای ئه‌وه‌دا شکایه‌وه‌، که‌ کورکووکییان ده‌نگیان بۆ عیراق دا و نه‌یانویست که‌رکووک بێته‌وه‌ ئامێزی کوردستان، ئه‌وجایش ئه‌و ئه‌نجامه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و نابێ به‌ هیچ جۆرێک قه‌بووڵ بکرێت. ڕاپرسیی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی که‌رکووک و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی، داوێکه‌ نه‌یارانی کورد ناویانه‌ته‌وه‌ و سه‌رانی کوردیش بۆیان مۆرکردوون و خۆیان پێوه‌ گرێداوه‌. هیچ پێویست ناکات کورد سه‌ری خۆی بئێشێنێت و به‌رانبه‌ره‌که‌ی به‌ کوردستانیبوونی که‌رکووک قایل بکات. بلا ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر کوردستانینه‌بوونی که‌رکووک بسه‌لمێنێت. کورد ده‌بوو له‌مه‌ڕ موسڵیشه‌وه‌ سازشی نه‌کردبا و سووربووایه‌ له‌سه‌ر کوردستانیبوونی دوا گوند و پارچه‌ زه‌وییه‌کی کوردستان، که‌ بێجگه‌ له‌ مووسڵ و که‌رکووک و خانه‌قین و مه‌نده‌لی، تا کووت و عیماره‌یش ده‌گرێته‌وه‌.                                                              
7/6/2005    



 ، 7/6/2005، الحیاة، 7/6/2005.www.peyamner.com ماڵپه‌ڕی   [1]

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...