Friday, May 27, 2005

ئه‌وروپایاندن و مه‌سیحییاندنی کوردستان

ئه‌وروپایاندن و مه‌سیحییاندنی کوردستان

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

پێش ماوه‌یه‌ک هه‌واڵێکی وا بڵاو بووه‌وه‌، که‌ چه‌ند لاوێکی ده‌وروبه‌ری شارۆچکه‌ی ڕانیه‌، ئایینیان گۆڕیوه‌ و بوون به‌ مه‌سیحی. ڕۆژانی 14-16/4/2005 کۆنگره‌ی کڵێسای مه‌سیحیی کوردزمان له‌ عه‌ینکاوه‌ی سه‌ر به‌ هه‌ولێر، به‌ به‌شداریی 300-400 که‌س ساز کرا. ئه‌مه‌ دووه‌م کۆنگره‌ی ئه‌و کڵێسایه‌یه‌ و کۆنگره‌ی یه‌که‌می ساڵی پار(2004) و به‌ به‌شداریی 130 که‌س گیراوه‌. به‌شداربووانی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ خه‌ڵکانێکی نیشته‌جێی هه‌ولێر، سلێمانی، که‌رکووک، دهۆک، زاخۆ، قه‌ڵادزێ، خانه‌قین و که‌لار بوون. به‌شی زۆرینه‌ی ئه‌و به‌شداربووانه‌ کورد بوون و دانه‌دانه‌یه‌ک خه‌ڵکی ناکوردیشیان تێدا بوون. ئه‌و کۆنگره‌یه‌ له‌ لایه‌ن ڕادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا و ڕادیۆی ده‌نگی عیراقی ئازاد و که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردسات و چه‌ند که‌ناڵێکی دیکه‌وه‌ ڕیپۆرتاژی ڕۆژانامه‌وانی له‌ باره‌وه‌ په‌خش کرایه‌وه‌. یه‌کێک له‌ نه‌خشه‌داڕێژه‌رانی ئه‌و کۆنگره‌یه‌، قه‌شه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکییه‌ به‌ نێوی"ده‌یڤید گێبرسۆن"، ئه‌و به‌ زاری خۆی ده‌ڵێ"من یه‌کێکم له‌ پلاندانه‌ران و هه‌ندێک په‌یامی ڕۆحیم ده‌رباره‌ی خواوه‌ند له‌ ئینجیلی پیرۆزه‌وه‌ هێناوه‌، له‌گه‌ڵ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێک که‌ له‌ لایه‌ن عیسای مه‌سیحه‌وه‌ ڕوونکراونه‌ته‌وه‌"[1].

*****

به‌هاری 1998، له‌ گوتارێکدا به‌ نێوی "شاز و شه‌به‌ح و چووله‌"، نووسیومه‌:"ڕێکخراوی بیانی و به‌ناو "خێرخواز"، هێنده‌ له‌ کوردستان زۆرن، که‌ له‌ زۆر شوێن و جێگه‌دا، تابلۆی ناوه‌کانیان ده‌بینرێن. هه‌ر ڕێکخراوێک له‌وانه‌ ده‌یان خه‌ڵکی ئه‌وروپایی کاری تێدا ده‌که‌ن. بێجگه‌ له‌و ئه‌وروپاییانه‌، له‌و ڕێکخراوانه‌دا، خه‌ڵکی کوردستانیش کار ده‌که‌ن، پتر وه‌ک وه‌رگێڕ و کارگه‌ر و یارمه‌تیده‌ر و شۆفێر. بیانیگه‌لێک که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێکخراوانه‌دا کار ده‌که‌ن و ده‌گه‌نه‌ وڵاتگه‌لێکی وه‌ک کوردستان، باشترین ژیانێک ده‌ژین. پاره‌ به‌ دۆلار وه‌رده‌گرن و دۆلار له‌و وڵاتانه‌ی ئێمه‌دا ئاگر ده‌کاته‌وه‌. که‌ ئه‌وان دۆلاریان له‌ به‌رکدا بێت، هه‌موو شتێک بۆ ئه‌وان هه‌رزانه‌ و به‌و پاره‌یه‌ش –نه‌ک به‌ قسه‌ی خۆش- مار له‌ کون و مه‌لا له‌ مزگه‌وت دێننه‌ ده‌ر. ئه‌وانه‌ نه‌ک هه‌ر خۆشترین و به‌تامترین خۆراک و خواردنه‌وه‌، به‌ڵکه‌ ڕابواردن و مێبازی و هه‌موو لایه‌نێکی دیکه‌ی ژیان به‌ پووڵێکی که‌م مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. شۆفێره‌ بیانییه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ به‌ هۆی ده‌ستڕۆیشتووییانه‌وه‌ زۆرجاران بۆ خۆیان شۆفێری ناکه‌ن و لێی پاڵ ده‌ده‌نه‌وه‌ و  شۆفێری کورد به‌ کرێ ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بحه‌وێنه‌وه‌. هه‌ر ڕێکخراوێکی ئه‌وروپایی، ئه‌گه‌ر به‌ ناوی خێرخوازی و کۆمه‌ک و ئه‌و شتانه‌وه‌ هاتبن بۆ کوردستان، له‌ بنه‌مادا و بێ سێودوو و له‌ په‌ناوپێچی کاره‌ ڕه‌سمی و ئاشکراکانیاندا، وه‌ک نه‌ریت، مه‌به‌ستگه‌لێکی دیکه‌ی شاراوه‌یان هه‌یه‌: خڕکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ باره‌ی ورد و درشتی جڤاکی کورده‌وه‌، باری سیاسی، ئابووری، ئایینی، فه‌رهه‌نگی، زمان، نه‌ریت، سه‌ربازیی، هۆز وخێڵ و...هه‌موو شتێکی دیکه‌شه‌وه‌، گه‌یاندنی ئه‌و زانیارییانه‌ به‌ ده‌سگا جاسووسی و نهێنییه‌کانی وڵاتانی خۆیان و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی عیسایی، به‌شگه‌لێکی شاراوه‌ن له‌ بواری کاره‌کانیان. ئه‌م جۆره‌ کارانه‌ به‌شێکن له‌و کارانه‌ی، که‌ ڕۆژهه‌ڵاتناسان ده‌یانکرد و ده‌یکه‌ن، که‌ ڕاشکاوانه‌تر کاری جاسووسی و ڕاپۆرتنووسین بووه‌، بۆ سوود و قازانجی وڵاتانی خۆیان. باره‌گای سه‌ره‌کی ته‌واوی ڕێکخراوه‌ بیانییه‌کان، که‌ له‌ کوردستانن، چ هه‌ولێر و چ سلێمانییش، له‌ "عه‌ینکاوه‌"ن، چونکه‌ عه‌ینکاوه‌، ناوچه‌یه‌کی مه‌سیحییه‌ و ئه‌و ڕێکخراوانه‌ پتر له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌گونجێن. ئه‌و ڕێکخراوانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئینجیل له‌ نێو خه‌ڵکدا بڵاو بکه‌نه‌وه‌ و ئاکار و ڕه‌وشتی مه‌سیحییانه‌ فێری خه‌ڵک بکه‌ن. له‌ ڕۆژانی11،10،9ی حوزه‌یرانی 1996، به‌ سه‌رپه‌رشتیی کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی، سه‌رۆک وه‌زیرانی حوکوومه‌تی هه‌ریمی کوردستان[2] و له‌ ژێر دروشمی "یادی ڕابوردوو ده‌که‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوو بنیات بنێین"، بڵاوکراوه‌ی "ده‌نگی کتێبی پیرۆز" واته‌: ئینجیل، کۆڕێکی فه‌رهه‌نگیی، له‌ هۆڵی میدیا له‌ هه‌ولێر و به‌ ئاماده‌بوونی خه‌ڵکێکی زۆری بانگهێشتکراو، ساز کرد، بۆ ده‌مه‌ته‌قه‌کردن له‌مه‌ڕ ئه‌م بابه‌تانه‌وه‌:                   
1. نیشانه‌کانی ڕێبه‌ری سه‌رکه‌وتوو، دۆکتۆر ستیڤن مانسڤیلد.
2. کورد له‌ ته‌ورات و ئینجیلدا، مامۆستا دۆگڵاس لایتین.
3. داد له‌ کتێبی پیرۆزدا، دۆکتۆر میک ئه‌نتینایتس.

له‌و کۆڕه‌دا ویستوویانه‌ بیسه‌لمێنن، که‌ کورد پێش ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئیسلام، مه‌سیحی بووه‌. مه‌به‌ستیان له‌ یادکردنه‌وه‌ی ڕابوردوو، یادکردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌تی کورده‌ و به‌وه‌ش ده‌یانه‌وێت داهاتوویه‌کی مه‌سیحییانه‌ بۆ کورد بنیات بنێن و کورد بمه‌سیحێنن[3]. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ وه‌ها چالاکییه‌ک، سه‌رۆکی حوکوومه‌تی کورد بۆ خۆی سه‌رپه‌رشتیی ده‌کات و بێگومان ده‌ستخۆشیی له‌ هه‌ڵسووڕێنه‌رانیشی ده‌کات. دیارده‌یه‌کی له‌وه‌ دزێوتر، که‌ خه‌ریکه‌ کوردستان ده‌ته‌نێته‌وه‌ و هه‌ر پێوه‌ندی به‌ مه‌سه‌له‌ی مه‌سیحییه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، گرنگیدان و ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵی مه‌سیحی و جه‌ژنی له‌دایکبوونی عیسایه‌. ئێمه‌ هه‌موو ده‌زانین ئه‌مه‌ چ پێوه‌ندێکی به‌ وڵاتانی ئێمه‌ و گه‌لانی ئێمه‌وه‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سیحیگه‌لی کوردستان و عه‌ره‌بستان و فارسستان و...ئه‌و جه‌ژنه‌ بگرن، ئه‌وا مافی خۆیانه‌، وه‌لێ سه‌رگه‌رمکردنی خه‌ڵکی موسوڵمانی کورد به‌ هۆی ته‌له‌ڤزیۆن و ڕاگه‌یاندن و ئه‌وانه‌وه‌ به‌ باسی سه‌ری ساڵ و شایی سازکردن و خۆشی دروستکردنی ده‌ستکرد و هێنانی بابانۆئێل و...، کارێکی یه‌کجار نابه‌جێیه‌ و گه‌له‌کیش له‌ نه‌ریت و سروشتی جڤاکی کورده‌وه‌ دووره‌. له‌ ئه‌وروپا، که‌ ئه‌و کارانه‌ ده‌کرێن، پتر مه‌سه‌له‌ بازاڕ و فرۆشتن و بازرگانی و کڕین و پاره‌یه‌. له‌ کوردستانێکی هه‌ژاردا، چ پێویسته‌ خه‌ڵکه‌که‌ی ئێمه‌ش "هێلکه‌ی قاز بکات". به‌رپرسانی بێبه‌رپرسیی وڵاتی خۆمان لێناگه‌ڕێن کورده‌که‌ به‌ ده‌ردی خۆیه‌وه‌ خه‌ریک بێت و ده‌یانه‌وێ به‌ تۆبزی بیئه‌ورۆپێنن"[4].

*****

به‌شێکی زۆری مرۆڤ، که‌ ده‌زێن و دێنه‌ دنیاوه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی باوک و دایکیان یا ته‌نێ باوکیان یا ته‌نێ دایکیان، سه‌ر به‌ ئایینێکن و بڕوایان به‌ ئایینێکه‌، ئیدی به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی ئه‌و منداڵه‌ نه‌وزادانه‌ش ده‌بنه‌ هه‌ڵگری ئه‌و ئایینه‌. ئه‌مه‌ له‌ قۆناخی منداڵیدا ده‌خوا و پێڕۆ ده‌کرێت تا ئه‌و کاته‌ی ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی ڕه‌سین و خۆناسین و ده‌رک به‌ دنیا کردن و بڕێک له‌ ژیان تێگه‌یشتن. ئه‌و کاته‌ ئیدی منداڵ قۆناخی منداڵی جێده‌هێڵێت و به‌ ڕه‌سیو و  گه‌وره‌ ده‌ژمێردرێت و ده‌توانێت بڕیاری خۆی بدات. که‌ ئازادی، به‌ تایبه‌تیش ئازادی تاکه‌کی، بکاته‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وده‌می مرۆڤ چۆن ئازاده‌ له‌وه‌ی چ پارتیی و ئایدیۆلۆژیایه‌کی سیاسی هه‌ڵده‌بژێرێت و چ جل و که‌وش و پۆشاکێک له‌به‌ر ده‌کات و چ خۆراکێک ده‌خوات و چ خواردنه‌وه‌یه‌ک ده‌خواته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ چ کوڕێک یا کچێکدا زه‌ماوه‌ند ده‌کات و به‌ پیاده‌ یا به‌ سواری که‌ر یا ئۆتۆبووس ده‌چێته‌ سه‌ر کار و...هێنده‌ش ئازاده‌ له‌وه‌ی چ ئایینێک بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، یا هیچ ئایینێک هه‌ڵنابژێرێت. تۆ که‌ بڕوات به‌ ئازادی هه‌بێت و پێتوابێت هه‌موو تاکێک بۆی هه‌یه‌ هه‌رشتێکی ده‌یه‌وێت و بڕوای پێیه‌تی بیکات، به‌ مه‌رجێک کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌ سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌ و تاکه‌کانی دیکه‌ نه‌بێت و ڕێگه‌ له‌ ئازادیی ئه‌وان نه‌گرێت و سنووری ئازادیی ئه‌وان نه‌به‌زێنێت، ده‌بێ بڕوایشت به‌وه‌ هه‌بێت، که‌ خه‌ڵک ئازاده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاییندا. پێموایه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ باشووری کوردستاندا ڕووده‌دات ناکه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ئازادییه‌وه‌، چونکه‌ هه‌ر له‌ بناخه‌دا پرۆسێسێکی نه‌خشه‌بۆداڕێژراو و ئاماده‌کراوه‌ و تا ڕاده‌یه‌ک ئامرازی به‌کاربردنی باری ئابووری و فریودانی خه‌ڵک به‌ به‌ڵێنی گه‌وره‌ و له‌خشته‌بردنی خه‌ڵکی تێدا جێبه‌جێ ده‌کرێت و پرۆسێسێکی مێشکشۆردنه‌وه‌ی تێدایه‌[5]. له‌ باشووری کوردستان هه‌ر له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌، که‌ ئیدی ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی به‌عس نه‌ما و پارتییه‌ کورده‌کان بۆ خۆیان بوونه‌ ده‌سه‌ڵاتداری باشووری کوردستان، سه‌دان ڕێکخراوی ئه‌وروپایی به‌ نێوی جیاواز و بۆ کاری جیاواز له‌ باشووری کوردستان جێگیر بوون. ئه‌و ڕێکخراوانه‌ به‌ نێوی جیاواز و بۆ کاری جیاوازی خێرخوازی و مرۆڤدۆستی و کۆمه‌ک و هاریکاریی هاتنه‌ نێو باشووری کوردستانه‌وه‌. زۆرێک له‌و ڕێکخراوه‌ ئه‌وروپاییانه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم زۆرینه‌ی، هه‌رچه‌نده‌ بۆ خۆیان ددانی پێدا نانێن، ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی مه‌سیحییانه‌یان هه‌یه‌ و له‌ په‌نا کاره‌ فه‌رمییه‌کانی خۆیاندا، به‌ڵام له‌ژێر ناوی جیاواز و به‌ شێوه‌ و ڕواڵه‌تی جیاوازه‌وه‌، کار بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه‌ ته‌واوی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ باره‌گا و بنکه‌ی سه‌ره‌کییان له‌ عه‌نکاوه‌ی هه‌ولێر داناوه‌، چونکه‌ عه‌نکاوه‌ ده‌ڤه‌رێکه‌ خه‌ڵکه‌که‌ی مه‌سیحیین و ئه‌وه‌ش ژینگه‌یه‌کی باش و له‌باره‌ بۆ ئه‌و ڕێکخراوانه‌. ئه‌و ڕێکخراوانه‌ به‌ ڕاشکاوی و ئاشکرا داوا له‌ خه‌ڵک ناکه‌ن، ببنه‌ مه‌سیحی و ئایین بگۆڕن، لێ زۆر به‌ ئه‌سپایی و به‌ خشکه‌یی دزه‌ ده‌که‌نه‌ نێو ماڵ و خوێندنگه‌ و کارگه‌ و خێزان و مێشکی خه‌ڵکه‌وه‌. له‌ نێو به‌شێکی زۆری کارگێڕ و هه‌ڵسووڕێنه‌رانی ئه‌و ڕێکخراوانه‌دا، که‌ ئه‌گه‌ر به‌ نێوی  پسپۆر و خه‌ڵکانێکی لێزانیش هاتبن و مه‌به‌ستیشیان ته‌نێ ئه‌نجامدانی کاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی خۆیان بێت، ئه‌وا هه‌ندێکیان پاشخانێکی ئایینییان هه‌یه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێوه‌ندێکیان به‌ کڵێسه‌یه‌که‌وه‌ یا به‌ ڕێبازێکی ئایینییه‌وه‌ هه‌یه‌، یا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، که‌ وه‌ک تیمێک دێن، چه‌ند ئۆلکارێک هه‌ر به‌ نێوی پسپۆر و لێزان و شاره‌زاوه‌ ده‌خزێنرێنه‌ نێویانه‌وه‌، که‌ کاری سه‌ره‌کی ئه‌وان په‌خشکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحییه‌. ئه‌و ئۆلکار و شاره‌زایانه‌ به‌ ناوی دلۆڤانی عیسا و به‌زه‌یی عیسا و هاریکاریی زارۆک و کۆمه‌ک به‌ پیر و نه‌خۆش و که‌مئه‌ندام و په‌ککه‌وته‌ و ژن و نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری و پاراستنی ژینگه‌وه‌، خۆ ده‌خزێننه‌ نێو ژیانی خه‌ڵکه‌وه‌. له‌گه‌ڵ هاتنیاندا بۆ هه‌ر شوێنێک، کۆمه‌ڵێک ئینجیل به‌ زمانی ئه‌و وڵاته‌ یا به‌ زمانێکی دیکه‌، که‌ خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ لێی تێبگه‌ن، ده‌به‌نه‌ نێو ئه‌و وڵاته‌وه‌ و به‌ سه‌ر خه‌ڵکیدا ده‌به‌شنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئینجیلیان به‌ زمانی ئه‌و وڵاته‌ نه‌بێت، ئه‌وا هه‌ر ده‌سبه‌جێ ده‌که‌ونه‌ هۆڵی ئه‌وه‌ی ده‌ستبکه‌نه‌ وه‌رگێڕانی بۆ زمانی ئه‌و وڵاته‌. کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ و جڤین ساز ده‌که‌ن و خه‌ڵک بانگهێشت ده‌که‌ن بۆیان و له‌وێدا ده‌مه‌ته‌قه‌ و گفتوگۆ ده‌هێننه‌ گۆڕێ و پرسیار ده‌ورووژێنن و تۆوی گومان ده‌چێنن و زۆر هێمنانه‌ و له‌سه‌رخۆ وه‌ڵامی پرسیار و پێویستییه‌کانی خه‌ڵک ده‌ده‌نه‌وه‌ و به‌ده‌میانه‌وه‌ ده‌چن و باس له‌ ڵایه‌نه‌ هه‌ره‌ئاسان و بێئه‌رک و گه‌شه‌کانی ئایینی مه‌سیحی، وه‌ک خۆشه‌ویستی و لێخۆشبوون و چاوپۆشین و دڵفره‌وانی و...بۆ خه‌ڵکه‌که‌ ده‌که‌ن و ته‌واوی ئه‌وانه‌ش به‌ پێشکه‌وتنی ئابووری و ته‌کنیکی و زانستی و هزر و ئاوه‌زی ئه‌وروپاییه‌وه‌ گرێده‌ده‌ن، وه‌ک بڵێی ئه‌وروپا له‌به‌ر مه‌سیحیبوونی وه‌ها پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنێکی وه‌ده‌ستهێنابێت و گه‌یشتبێته‌ ئه‌م ڕۆژه‌ی ئێستای. ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ له‌ کوردستانیشدا ئه‌نجام ده‌درێن. دیاره‌ ئه‌و ڕێکخراوه‌ ئه‌وروپاییانه‌ ته‌نێ خۆیان نیین، که‌ ئه‌و کارانه‌ ده‌که‌ن، ئه‌و کارانه‌ به‌ به‌رچاو و به‌ پێزانینی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن. ئه‌و ڕێکخراوانه‌ بۆ ئاسانکاری و پێشخستنی کاره‌کانیان و وه‌ئه‌نجامگه‌یاندنیان و چوونه‌نێوخه‌ڵکه‌وه‌ و له‌خه‌ڵک تێگه‌یشتن و سه‌رکه‌وتنیان له‌ خۆنێزیکخستنه‌وه‌ی خه‌ڵک، ده‌یان که‌سی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ و هاوزمانانی ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ر له‌ ئه‌وروپاوه‌ وه‌ک وه‌رگێڕ و یارمه‌تیده‌ر و...ده‌به‌نه‌وه‌ و که‌ له‌و وڵاته‌ش جێگیر ده‌بن، سه‌دانی دیکه‌ له‌و جۆره‌ خه‌ڵکه‌ په‌یدا ده‌که‌ن و به‌وه‌ش پتر و باشتر و خێراتر ده‌توانن بچنه‌ نێو خه‌ڵکه‌وه‌. بێجگه‌ له‌وانه‌، که‌ ده‌چنه‌ ئه‌و وڵاتانه‌، شیولێنه‌ر، چایچی، شۆفێر، پاکژکار، پاسه‌وان و...ده‌یان جۆره‌ مرۆڤی دیکه‌ په‌یدا ده‌که‌ن و ئه‌وانه‌ش ده‌بنه‌ به‌شێک له‌ ئامرازی کاره‌کانیان. ئه‌و ڕێکخراوانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن و پاره‌یه‌کی زۆریان له‌به‌رده‌ستدایه‌، به‌ ئاره‌زووی خۆیشیان پاره‌ ده‌به‌شنه‌وه‌ و به‌کار ده‌به‌ن، بۆ جێبه‌جێکردنی کار و مه‌به‌سته‌کانیان. ئه‌و کارانه‌ی، که‌ ئه‌و نێوه‌ند و ڕێکخراوانه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌شێکن له‌ کاری مژده‌ده‌ری و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی، لێ به‌ نێوی دیکه‌ و له‌ ژێر په‌رده‌ی دیکه‌دا. ته‌واوی ئه‌و چالاکییانه‌ له‌ کوردستانیشدا ڕووده‌ده‌ن. له‌ په‌نای ئه‌و هه‌موو کارانه‌شدا، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ نه‌یڵێن و باسی لێوه‌ نه‌که‌ن و نه‌یهێننه‌ گۆڕێ، ئه‌وا جاروبار و له‌ په‌نا و پێچدا، باسی گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردییش بۆ ئه‌لفبێی لاتینی دێننه‌ گۆڕێ و ده‌یده‌ن به‌ گوێی خه‌ڵکانی پێوه‌نددار به‌و کارانه‌وه‌[6]. هه‌ندێک جار ته‌نانه‌ت دزێواندنی زمانانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی، که‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی زمانی ئایین و زمانی فه‌رهه‌نگیی کوردن، زمانانی هاوسێیه‌کانی کوردیشن، ده‌که‌نه‌ بابه‌تی باسه‌کانیان و لاوانی کورد هانده‌ده‌ن بۆ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌و زمانانه‌ و به‌رپسانی کوردیش هانده‌ده‌ن بۆ ده‌ستبه‌ردابوون له‌و زمانانه‌، به‌تایبه‌ت زمانی عه‌ره‌بی، له‌ پرۆگرامه‌کانی خوێندندا و جێگۆڕکێیان به‌ زمانی ئینگلیزی[7]. به‌شێکی دیکه‌ی کار و چالاکییه‌کانیان ڕوو له‌ پرسی خێزان و پێکهاته‌ی خێزان و پێوه‌ندداریه‌تیی نێو خێزان ده‌کات و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌، به‌ بیانووی دواکه‌وتوویی و گۆڕانکاریی له‌و بواره‌دا، هه‌وڵی سستکردن و تێکدانی بنه‌ما و بناخه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و پێوه‌ندداریه‌تییه‌ی وڵاتانی له‌مه‌ڕ ئێمه‌ ده‌ده‌ن. بێجگه‌ له‌وانه‌ش بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک خووڕه‌وشتی نامۆ به‌ کۆمه‌ڵگه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ و له‌گه‌ڵیشیدا به‌نگکێشان و مووزیکی ناڕه‌سه‌ن و ناحه‌ز، دێننه‌ گۆڕێ و په‌خش ده‌که‌نه‌وه‌ و کار ده‌که‌نه‌ سه‌ر لاوان و هه‌وڵده‌ده‌ن، دید و جیهانبینییان به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی بۆ خۆیان ده‌یانه‌وێت، بگۆڕن. 

*****

له‌ ئه‌وروپا ئه‌و مژده‌ده‌رانه‌ی، که‌ ئایینی عیسایی بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌، گه‌لێک جاران له‌ ده‌رگای ماڵان ده‌ده‌ن و که‌ ڕێگه‌یان پێده‌درێت بێنه‌ ژوورێ، داده‌نیشن و قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ماڵه‌که‌دا ده‌که‌ن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕێکلام بۆ ئایینی مه‌سیحی ده‌که‌ن و هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، که‌ خه‌ڵکه‌که‌، به‌ باشیی و پاکژی و ڕاستیی ئایینی مه‌سیحی، دیاره‌ به‌ لای خۆیانه‌وه‌، قایل بکه‌ن. من بۆ خۆم چه‌ندین جار ده‌رگام بۆ ئه‌و جۆره‌ ئۆلکارانه‌ کردووه‌ته‌وه‌ و قسه‌یان له‌گه‌ڵدا کردووم. جارێکی دووان هاتن و ده‌رگام بۆ کردنه‌وه‌ و هه‌ندێک قسه‌یان کرد و پاشان چه‌ند کتێبێکیان به‌ زمانی سوێدی ده‌رهێنا و گوتیان ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ بخوێنیته‌وه‌ باشتر له‌م بابه‌ته‌ تێده‌گه‌یت. منیش هه‌رچه‌ندی پێنج شه‌ش ساڵێکیش بوو نیشته‌جێی سوێد بووم، هه‌ر بۆ تاقیکردنه‌وه‌یان گوتم، ئه‌گه‌ر ئه‌و کتێبانه‌تان به‌ زمانه‌که‌ی خۆم هه‌بێت، بۆ من ئاسانتر و باشتره‌. لێیان پرسیم، که‌ زمانی من چییه‌! گوتم کوردییه‌. ئه‌وجا له‌ نێو ساکه‌که‌ی ده‌ستیاندا گه‌ڕان و چه‌ند دانه‌یه‌کیان به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌رهێنا و گوتیان ئه‌وه‌تا. گوتم نه‌خێر ئه‌وانه‌ به‌ عه‌ره‌بین و من کوردیم ده‌وێت. گوتیان چاوه‌ڕوانبه‌ حه‌فته‌یه‌کی تر بۆت په‌یدا ده‌که‌ین. حه‌فته‌یه‌کی پاشتر هاتنه‌وه‌ و له‌ ده‌رگایان دا و که‌ کردمه‌وه‌ دیتم هه‌ر خۆیانن و زۆر که‌یفخۆش و به‌ خه‌نده‌وه‌ گوتیان وا بۆمان هێناوی. که‌ کتێبه‌کانیان دایه‌ ده‌ستم، دیتم به‌ فارسین. گوتم ئه‌وه‌ش زمانی من نییه‌، ئه‌وه‌ فارسییه‌ و زمانی من کوردییه‌. گوتیان که‌واته‌ نیمانه‌ و ده‌بێ هه‌وڵده‌ین به‌و زمانه‌ی تۆیش چاپیان که‌ین. ئه‌وانه‌ چه‌ندی بڵێیت سوورن له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌که‌ی خۆیان و ته‌واوی توانست و هێزی خۆیانی بۆ ته‌رخان ده‌که‌ن. فره‌جاران هێنده‌ چه‌قاوه‌سوو و قیرسچمه‌ن و وه‌ک چه‌سپ لێت نابنه‌وه‌ تا به‌ دووروودرێژی له‌گه‌ڵتدا داده‌نیشن و بۆت ده‌ئاخێون و گومانێکت لا دروست ده‌که‌ن، ئیدی ئه‌گه‌ر بته‌وێ له‌ کۆڵی خۆتیان بکه‌یته‌وه‌، ده‌بێ بڵێی تۆ ئیسلامی یا بێئایینی یا ئایینێکی دیکه‌ت هه‌یه‌ پێی قایلیت یا ڕقت له‌و باسانه‌یه‌ و دژی هه‌موو ئایینێکیت، به‌ڵام ئه‌وده‌میش هه‌ر له‌گه‌ڵتدا دێن و هه‌ر بۆت ده‌سه‌لمێنن، که‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێیانه‌ له‌وه‌ی تۆ جیاوازه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌وان باشتر و به‌که‌ڵکتر و خواییتره‌ و وا چاکه‌ تۆ بڕوا به‌وه‌ی ئه‌وان بهێنیت.

*****

ڕۆژێکی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ شاری ستۆکهۆڵم چووم بۆ سه‌ردانی دۆستێکم. که‌ وه‌ژوورکه‌وتم دیتم دوو میوانی له‌ کنه‌. یه‌کێکیان ژاپۆنی بوو و ئه‌وی دیکه‌یان لوبنانی و به‌ عه‌ره‌بی ده‌په‌یڤی. هه‌ردووکیان له‌و ئۆلکاره‌ مه‌سیحییانه‌ بوون، که‌ ئایینی مه‌سیحییان بڵاوده‌کرده‌وه‌. چه‌ندین کتێب و بڵاوکراوه‌یان له‌ سه‌ر مێزه‌که‌ی به‌رده‌میان دانابوو و زۆر به‌ گه‌رمی و جیددی باسی ئه‌و بابه‌ته‌یان ده‌کرد. له‌گه‌ڵ منیشدا که‌وتنه‌ قسه‌ و ده‌یانه‌ویست سه‌رنجم بۆ هه‌ندێک دیتنی خۆیان ڕاکێشن. جه‌ختیان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌، که‌ ئه‌و جۆره‌ مه‌سیحییه‌ته‌ی ئه‌وان باسی ده‌که‌ن پاکژترین جۆری مه‌سیحییه‌ته‌ و ڕاستترین شێوه‌یانه‌ و، که‌ جیهان به‌ سایه‌ی مه‌سیحییه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و یه‌کبوون ده‌ڕوات و له‌ نێوان وڵاتان و خه‌ڵک و مرۆڤدا هیچ جۆره‌ ململانێ و جه‌نگ و ناکۆکییه‌ک نییه‌ و ئه‌و جۆره‌ ناکۆکی و جه‌نگانه‌ش، که‌ هه‌ن هه‌موویان دروستکراون و ...زۆری دیکه‌شیان ده‌گوت.

*****

دۆستێکم، که‌ مامۆستایه‌ و نووسه‌ره‌ و سه‌رقاڵی کاری فه‌رهه‌نگییه‌ و پیاوێکی ئایینداره‌، بۆی گێڕامه‌وه‌ و گوتی:"ڕۆژێکی که‌سێکی نه‌ناس زه‌نگێکی بۆ لێدام و دوای چاک و خۆشی و ئه‌وانه‌ پێی گوتم، که‌ پێیخۆشه‌ له‌گه‌ڵمدا دانیشێت و یه‌کدی ببینین بۆ ئه‌وه‌ی باسێک هه‌یه‌ حه‌ز ده‌کات له‌گه‌ڵمدا بیکاته‌وه‌. منیش پێمگوت، باسه‌که‌ چییه‌ و بۆ ئێستا به‌ ته‌له‌فۆن پێم ناڵێیت؟ گوتی له‌باره‌ی کتێبێکه‌وه‌یه‌، که‌ بۆ خۆم نووسیومه‌. گوتم کتێبه‌که‌ له‌باره‌ی چییه‌وه‌یه‌؟ گوتی له‌باره‌ی یه‌زدانه‌وه‌یه‌. زۆرم پێ خۆش بوو و له‌ دڵی خۆمدا گوتم به‌خوا کارێکی چاکه‌ مرۆڤ بتوانێت له‌مه‌ڕ یه‌زدانه‌وه‌ بنووسێت و به‌ویشم گوت باشه‌ به‌ چاوان و کات و شوێنێکمان دیاری کرد بۆ دیداره‌که‌مان و بۆ ئه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ی لێ وه‌رگرم. کاتی دیاریکراو چوومه‌ ئه‌و جێیه‌، که‌ قاوه‌خانه‌یه‌ک بوو و له‌وێ پێکه‌وه‌ دانیشتین. دیتم کوڕێکی گه‌نجه‌ و ته‌مه‌نی له‌ ده‌وروبه‌ری بیستودوو بیستووسێ ساڵێکدایه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌که‌مجار بوو بیبینم، پرسیاری ناو و خه‌ڵکی کوێیه‌ و ئه‌وانه‌م لێکرد. ئه‌ویش بۆی باس کردم، که‌ کێیه‌ و خه‌ڵکی کوێیه‌ و کوڕی حاجی فڵانه‌ له‌ فڵانه‌ شاری کوردستان. ئه‌و به‌ هۆی کاروباری منه‌وه‌ و ماوه‌یه‌کی زۆری ژیانم له‌و شاره‌دا، زانیارییه‌کی له‌باره‌ی منه‌وه‌ هه‌بوو و ده‌یناسیم. هاتینه‌ سه‌ر باسی کتێبه‌که‌ی و دیتم له‌ ده‌ڵقێکدایه‌ و گوتی، که‌ باسێکه‌ له‌مه‌ڕ یه‌زدانه‌وه‌ بۆ خۆی به‌ کوردی نووسیویه‌تی و حه‌ز ده‌کات پێیدا بچمه‌وه‌ و ڕای خۆمی له‌سه‌ر بده‌م و پاشان یارمه‌تی بده‌م بۆ له‌ چاپدانی.  منیش گوتم باشه‌ ئه‌و کاره‌ ئێستاکه‌ لێره‌دا ناکرێت و من ده‌بێ ئه‌و کتێبه‌ ببه‌مه‌ ماڵێ و به‌ کاوه‌خۆ بیخوێنمه‌وه‌ و پاشان ئه‌وانی دیکه‌ باس ده‌که‌ین. له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ پێکهاتین و دۆعاخوازیمان له‌یه‌ک کرد و ڕۆیشتمه‌وه‌ ماڵێ. پاش یه‌ک دوو ڕۆژان ده‌ڵقه‌که‌م هێنایه‌ پێش و چاوێکم له‌ کتێبه‌که‌ کرد، دیتم ته‌واوی ئه‌و کتێبه‌ له‌مه‌ڕ عیسا و ئازاره‌کانی عیسا و په‌ند و گوته‌کانی عیسا و قوربانیدانی عیسا و مۆچیارییه‌کانی عیسا و  ئایینی عیساییه‌وه‌یه‌. بۆی دانیشتم و ته‌واوی کتێبه‌که‌م خوێنده‌وه‌. پاش دو سێ ڕۆژان، زه‌نگێکم بۆ ئه‌و براده‌ره‌ی خاوه‌ن کتێبه‌ لێدا و جێژوان و کاتێکمان دیاری کرد و چووم له‌وێ دیتم. له‌گه‌ڵیدا که‌وتمه‌ قسه‌ و پێمگوت، که‌ ئه‌و کتێبه‌ باسێکه‌ له‌مه‌ڕ  عیسا و ئایینی عیساییه‌وه‌یه‌ و تۆش وات تێگه‌یاندبووم، که‌ له‌باره‌ی یه‌زدانه‌وه‌یه‌. گوتی ئه‌دی عیسا یه‌زدان نییه‌! ئیدی بڕێک قسه‌مان کرد و بیروڕامان گۆڕییه‌وه‌. وه‌ک خۆی باسی کرد و بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ ئه‌و دۆسته‌ کوڕی باوک و دایکێکی موسوڵمان و ئایینداره‌ و باوکی حاجییه‌ و خه‌ڵکی باژێڕێکی باشووری کوردستانه‌ و به‌ کاریگه‌ریی هه‌ندێک خه‌ڵکی بواری ئایینی عیسایی ئایینی خۆی گۆڕیوه‌ و بووه‌ته‌ عیسایی. گوتم باشه‌ ئێستا، که‌ ده‌چییه‌وه‌ کوردستان و شار و ماڵی خۆتان، چۆن له‌گه‌ڵ باوک و دایکتدا قسان ده‌که‌یت و چییان پێ ده‌ڵێیت! چی پاڵی پێوه‌نایت بۆ گۆڕینی ئیسلام به‌ عیسایه‌تی! بۆ عیسایه‌تی له‌ ئیسلامه‌تی باشتر بێت! ئیدی پاش ده‌مه‌ته‌قه‌ و گفتوگۆیه‌کی دوورودرێژ کتێبه‌که‌م دایه‌وه‌ ده‌ستی و پێمگوت، که‌ من هیچم پێناکرێت و ئه‌گه‌ر خۆی مشوورێکی چاپکردنی بخوات و هیوای سه‌رکه‌وتنم بۆ خواست".

*****

سه‌رماوسۆڵه‌ و با و بۆڕفته‌ و به‌فره‌ئێواره‌یه‌کی دره‌نگی زستانێکی سه‌ختی ستۆکهۆڵم، پاش ته‌واوبوونی کاره‌که‌م، له‌ پلیکانه‌کانی وێستگه‌ی میترۆکه‌ سه‌رکه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ر بم به‌ره‌و ماڵه‌وه‌. له‌ سه‌ر یه‌کێک له‌ ته‌خته‌کان سێ چوار منداڵم دیت دانیشتبوون. که‌ لێیان نێزیک بوومه‌وه‌ ناسیمنه‌وه‌ و دیتم ئه‌وانه‌ منداڵی ماڵێکی کوردی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ن، که‌ ئه‌و دوکانه‌ گچکه‌یه‌ی لێبوو، که‌ هی دۆستێکم بوو و من وه‌ک کارگه‌رێک جاروبار کارم تێدا ده‌کرد. زۆرجاران پێشتر له‌ دوکانه‌دا ، که‌ ده‌هاتن شه‌کرۆکه‌ و نۆقڵیان ده‌کڕی دیتبوومن و ده‌مزانی به‌ کوردی قسان ده‌که‌ن. سڵاوم لێ کردن و لێم پرسین، که‌ به‌و ئێواره‌ دره‌نگه‌ و به‌و سه‌رمایه‌ چ ده‌که‌ن له‌وێ و بۆ کوێ ده‌چن. گوتیان به‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی ده‌چنه‌ فڵانه‌ وێستگه‌ و له‌وێش ده‌چن بۆ کڵێسه‌. که‌ وایان گوت، له‌ دڵی خۆمدا گوتم دیاره‌ باوک و دایکی ئه‌و منداڵانه‌ و ئه‌و ماڵانه‌ له‌ مه‌سیحییه‌کانی کوردستانن. زۆرم به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه‌، که‌ به‌و سه‌رمایه‌ و به‌و ئێواره‌یه‌ ئه‌و ڕێگه‌یه‌ ده‌بڕن و له‌ هه‌مان کاتیشدا سووربوون و بوێری و بڕوای به‌هێزیان به‌ بیر و بۆچوونی خۆیان، به‌لامه‌وه‌ جێی خۆشحاڵی و ده‌ستخۆشی بوو لێیان. ئه‌وجا گوتم هه‌ر به‌ ته‌نێ خۆتان و به‌و دره‌نگوه‌خته‌ بڕێک سه‌خت نییه‌ بۆتان!. گوتیان نا ئاسانه‌ و باوک و دایکیشمان له‌وێ چاوه‌ڕوانمانن، چونکه‌ ئه‌وان پێشتر چوونه‌ و له‌وێن. ئیدی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ی من هات و دۆعاخوازیم لێکردن و من ڕۆیشتم. یه‌ک دوو ڕۆژان دوای ئه‌وه‌، ئه‌م باسه‌م بۆ هاوڕێیه‌که‌م، که‌ خاوه‌نی دوکانه‌که‌ بوو گێڕایه‌وه‌. هاوڕێیه‌که‌م ئه‌و ماڵه‌ و ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌ناسی. باسی سه‌رما و به‌فر و دره‌نگیی کاته‌که‌م بۆ کرد و که‌ ئه‌و منداڵانه‌ چه‌ندی گوناه بوونه‌ و چه‌ندیش خۆشه‌، که‌ ئاوا بڕوایان به‌ بۆچوون و ئایینه‌که‌ی خۆیان هه‌یه‌. هاوڕێیه‌که‌م گوتی، تۆ ئه‌وانه‌ ده‌ناسیت! گوتم نا، لێ ده‌زانم کوردن و مه‌سیحین. گوتی تۆ ده‌زانیت ئه‌وانه‌ زارۆکی خه‌ڵکانێکن بۆ خۆیان کوردن و موسوڵمانن و لێره‌ به‌ هۆی هه‌ندێک کۆمه‌ک و خزمه‌ت و پاره‌وپووڵه‌وه‌، که‌ کڵێسه‌ پێیداون، وازیان له‌ ئیسلامه‌تی هێناوه‌ و بوونه‌ته‌ مه‌سیحی و زۆریش به‌ خه‌ستی گرتوویانه‌ و هه‌میشه‌ له‌ کڵێسه‌ن و سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی ده‌ده‌ن و به‌ڵێنیشیان داوه‌، که‌ چه‌ند قه‌شه‌ و ئۆلکارێکی مه‌سیحی له‌گه‌ڵ خۆ ببه‌نه‌وه‌ کوردستان و ته‌واوی مه‌سره‌ف و خه‌رجیی سه‌فه‌ر و چوون و هاتنه‌وه‌شیان، هی خۆیان و میوانه‌کانیشیان، کڵێسه‌ بۆیان ده‌دات!

*****

پیاوێکی باڵابه‌رزی باریکه‌ڵه‌ی قژزه‌رد و کاڵ و سووروسپی و چاوشین، زۆرجاران لای چێشته‌نگاو ده‌هاته‌ ئه‌و دوکانه‌ گچکه‌یه‌ی، که‌ من وه‌ک کارگه‌رێک جارجار کارم تێدا ده‌کرد و ئیدی کۆلا، چۆکلات، ڕۆژنامه‌، میوه‌یه‌ک شتێکی له‌و جۆره‌ی ده‌کڕی و زۆرجارانیش پاره‌که‌ی نه‌ده‌دا و ده‌یگوت، که‌ پاره‌ی پێ نییه‌ و ڕۆژیکی دیکه‌ ده‌یدات. جاری یه‌که‌می بوو هاته‌ ئه‌وێ و به‌ کوردیی پێیگوتم ڕۆژباش و چۆنی و خواحافیز و چه‌ند وشه‌یه‌کی دیکه‌یشی گوت. که‌ لێم پرسی دیتم سوێدییه‌ و مامۆستای زمانی سوێدییه‌ و وانه‌ به‌و بیانییانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌، که‌ تازه‌کی هاتوونه‌ته‌ سوێد و خوێندنگه‌که‌یشیان سه‌ر به‌ یه‌کێکه‌ له‌و کڵێسانه‌ی سوێد. که‌ پرسیاری ئه‌وه‌م لێکرد، ئه‌و کوردییه‌ له‌ کوێ و چۆن فێر بووه‌، گوتی له‌ خوێندکار و شاگرده‌کانییه‌وه‌ فێر بووه‌ و بۆ خۆیشی هه‌وڵده‌دات ته‌ماشای کتێب و نووسینی کوردی بکات و گوێ له‌ گۆرانی و مووزیکی کوردییش ده‌گرێت و بێجگه‌ له‌وه‌ش چووه‌ته‌ کوردستان و شاری سلێمانی و هه‌ندێک باسی کفته‌ و دۆڵمه‌یشی بۆ کردم و باسی ئه‌وه‌یشی کرد، که‌ خۆراکی کوردی خۆشه‌ و کورد خه‌ڵکێکی باش و میواندۆستن و گوتیشی، که‌  ئێستاش به‌ ته‌مایه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند کوردێکدا جارێکی دیکه‌ بچێته‌وه‌ سلێمانی و کوردستان. ڕۆژی پاشتر، چیرۆکه‌که‌م بۆ هاوڕێم خاوه‌نی دوکانه‌که‌ گێڕایه‌وه‌، ئه‌و ئه‌و پیاوه‌ی ده‌ناسی.  پێیگوتم، که‌ ئه‌و کابرایه‌ سه‌ر به‌ کڵێسه‌یه‌ و مامۆستای زمانی سوێدییه‌ بۆ بیانییان و تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ کوردی ئێره‌دا په‌یدا کردووه‌ و ئه‌وان بانگهێشتنی ماڵی خۆیانی ده‌که‌ن و خۆراکی خۆشی بۆ لێده‌نێن و ده‌یبه‌نه‌وه‌ سلێمانی و ئه‌ویش هه‌وڵده‌دات ورده‌ورده‌ بیانکاته‌ مه‌سیحی و توانیویشیه‌تی ئایینی هه‌ندێکیان بگۆڕێت و کردوونی به‌ مه‌سیحی.

*****

لاوێکی کوردم ده‌ناسی، دوای چه‌ند ساڵێکی ده‌رچوونی له‌ کوردستانه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی پاکستانه‌وه‌ گه‌یشته‌ سوێد. پاش جێگیربوونی و فێربوونی زمانی سوێدی و ده‌ستبه‌کارکردن و په‌یداکردنی کچه‌هاوڕێیه‌کی سوێدی، ئیدی به‌ره‌به‌ره‌ تێکه‌ڵاوی ژیانی سوێد و سوێدییان بوو. هاوڕێیه‌کم، به‌ هۆی هاوسێیه‌تییه‌وه‌، ناسیاوی و تێکه‌ڵاوییه‌کی زیاتری له‌گه‌ڵ ئه‌و لاوه‌دا هه‌بوو، بۆی باس کردم، که‌ ئه‌و لاوه‌ بۆی گێڕاوه‌ته‌وه‌، که‌ عیسا هاتووه‌ته‌ خه‌وی و بانگهێشتنی کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ مه‌سیحی. ئه‌میش ئیدی بڕیاری داوه‌ ببیتێ و ده‌ستیکردووه‌ به‌ هاتوچۆی کڵێسه‌ و به‌شداریکردن له‌ هه‌موو بۆنه‌ ئایینییه‌کانی مه‌سیحییاندا و پێیشیوایه‌، مه‌سیحییه‌ت ئایینێکه‌ له‌ ئیسلام باشتره‌، چونکه‌ ئایینێکی کراوه‌ و سنگفراوانه‌ و ئه‌رک و داوای زۆر سه‌ختی، وه‌ک ئیسلام، له‌ سه‌ر مرۆڤ نییه‌. ئه‌و پیاوه‌ ژیانی خۆیشی ته‌رخان کردووه‌ بۆ ئه‌و ئایینه‌ و هه‌ربۆیه‌ش ده‌ستی به‌ خوێندنی زانسته‌کانی ئه‌و ئایینه‌ کردووه‌ و ده‌یه‌وێت ببێته‌ ئۆلکارێکی عیسایی و مژده‌ده‌ری عیسایه‌تی.

*****

خزمێکم، که‌ له‌ وڵاتێکی ئه‌وروپایی ده‌ژی،  له‌مه‌ڕ ناسیاوێکی هه‌ردووکمانه‌وه‌ که‌ هاوشارییه‌تی بۆی گێڕامه‌وه‌، که‌ کچه‌ هه‌شت نۆ ساڵانه‌که‌ی بردووه‌ته‌ کڵێسه‌ بۆ مه‌سیحییاندنی یا ناولێنانی مه‌سیحییانه‌ی. ئه‌وه‌ی بۆ من زۆر جێی سه‌رسووڕمان بوو، باوک و دایکی ئه‌و منداڵه‌ بۆ خۆیان که‌سانێک بوون، که‌ چ پێوه‌ندێکیان به‌ ئایینه‌وه‌ نه‌بوو و بێبڕوا و بێئایین بوون، که‌چی ده‌یانه‌ویست منداڵه‌که‌یان ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ خوێندنگه‌ و کۆڕ و کۆمه‌ڵی ئه‌و وڵاته‌دا و له‌ نێو خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌دا به‌ جیاواز ته‌ماشا نه‌کرێت و خۆی به‌ نامۆ نه‌زانێت، کاتێک که‌ باسی ئایین ده‌کرێت، ئه‌و منداڵه‌ش بتوانێت بڵێت، که‌ ئه‌ویش براوه‌ته‌ کڵێسه‌ و مه‌سیحیێندراوه‌ و نێوی مه‌سیحییانه‌ی وه‌رگرتووه‌[8].

*****

 له‌ نێو ئه‌و په‌نابه‌ره‌ کوردانه‌ی باشووری کوردستاندا، که‌ به‌ لێشاو له‌ دوای ساڵی 1991ه‌وه‌ ڕوویان ده‌کرده‌ ئه‌وروپا، خه‌ڵکانێک هه‌بوون به‌ نێوی ئه‌وه‌ی ئایینیان گۆڕیوه‌ و بوون به‌ عیسایی، خۆیان به‌ پۆلیس و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی و کارگێڕییه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌دایه‌ ناساندن. هه‌ندێکیان کاسێتی ڤیدیۆیان تۆمار کربوو، که‌ چۆن چوونه‌ته‌ کڵێسه‌ و له‌وێ بوونه‌ته‌ مه‌سیحی یا نێوی مه‌سیحییانه‌یان لێ نراوه‌ و چۆن ئه‌و بۆنه‌یه‌ ئاهه‌نگی بۆ گێڕدراوه‌. ئیدی سه‌دان چیرۆکیش له‌و بواره‌دا چێ کراوه‌، که‌ ئیدی ئه‌وه‌ی بووته‌ مه‌سیحی نه‌یتوانیوه‌ له‌ کوردستان بمێنێته‌وه‌، چونکه‌ له‌ لایه‌ن ماڵی خۆیانه‌وه‌ یا خزم و که‌سییانه‌وه‌ یا حیزبێکی ئیسلامییه‌وه‌ و یا خه‌ڵکێکی دیکه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنیان لێ کراوه‌ و ئیدی ئه‌مانیش هه‌ڵاتنیان هه‌ڵبژاردووه‌. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ چۆن ده‌ستبه‌رداری ئیسلامه‌تی بوون و بوونه‌ته‌ مه‌سیحی، هه‌ریه‌که‌یان به‌ جۆرێک ده‌یگێڕێته‌وه‌. هی وایان تێدایه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ عیسا هاتووه‌ته‌ خه‌وی و پێیگوتووه‌ بێته‌ سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاستی وی، واته‌: ئایینی مه‌سیحی. هی وایان تێدایه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ به‌ هۆی  ناسیاوی و تێکه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ که‌سێکی بیانیی ئه‌وروپایی سه‌ر به‌ یه‌کێک له‌و ڕێکخراوه‌ خێرخوازییه‌ ئه‌وروپاییانه‌ی کوردستان و هاندانی وی، گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی، که‌ ئایینی خۆی بگۆڕێت و ببێته‌ مه‌سیحی. هه‌ر له‌ نێو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌شدا هه‌یه‌، ئه‌و کاره‌ ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ وه‌ک په‌نابه‌ر وه‌ربگیرێت و مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونی بدرێتێ. 

*****

زۆرجاران و له‌ سه‌رده‌مێکدا نیشانه‌یه‌ک یا جۆره‌ نه‌ریت و ڕه‌وشت و شتێک ده‌بێته‌ باو و دیارده‌یه‌ک و خه‌ڵکێکی زۆر وه‌دووی ده‌که‌ون و پێوه‌ی خجڵ و سه‌رگه‌رم ده‌بن و لاساییکردنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنی به‌ پێویست ده‌زانن و ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا خۆیان به‌ دواکه‌وتوو و جێماو ده‌زانن یا خه‌ڵک وایان ده‌بینێت. سه‌ره‌تای ساڵانی 0196ه‌کان و له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی بیتڵز(Beatles) و سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤی هیپپی(Hippie)، شه‌پۆلی قژدرێژکردنه‌وه‌ی کوڕانی لاو و کورت له‌به‌رکردنی کچان هاته‌ گۆڕێ و لاوان باسیان له‌ ئازادی سێکس و کراوه‌یی ده‌کرد و ئه‌و بزاڤه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو جیهانی گرته‌وه‌. کۆتایی ساڵانی 1960ه‌کان و پاش په‌ره‌سه‌ندنی ڕاپه‌ڕینی لاوان و خوێندکاران و بزاڤی چه‌پ، وه‌ک ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و نه‌ریته‌ زاڵ و سه‌رده‌سته‌کان و نوێگه‌رایی و یاخیبوون، بزاڤێکی سه‌رتاسه‌ری هه‌موو جیهانی ته‌نییه‌وه‌. مووزیکی ڕۆکئه‌نڕۆڵ(Rock'n'roll) و هیپهۆپ(Hiphop) و کاری هزری و ئه‌ده‌بی و هۆنه‌ری و وه‌رزشی و نێوی هه‌ندێک بیریار و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و وه‌رزشکار گه‌لێک جار له‌ سه‌رده‌مێکدا بوونه‌ته‌ هۆی سه‌نگه‌رله‌یه‌کترگرتن و خه‌ڵک تا ڕاده‌ی په‌رستن شوێنیان که‌وتووه‌. لاوان ئێستاکه‌ سه‌ر ده‌تاشن و قژدرێژکردنه‌وه‌ی پیاوان نیشانه‌ی نۆستالژیایه‌که‌ بۆ ڕابوردوو. هه‌ڵگرتنی هه‌ر نیشانه‌ و هێمایه‌ک، ئیدی ئه‌گه‌ر هه‌ڵبواسرێت، له‌به‌ربکرێت، به‌ده‌سته‌وه‌ بگیرێت، بکرێته‌ مل یا په‌نجه‌  یا ده‌ست، یا به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه‌ به‌کار ببرێت، وه‌ک ئاڵا، ملوانکه‌، جل، وێنه‌ و...نیشانه‌ی مه‌یل و حه‌زلێکردنی ئه‌و بیر و دید و ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونه‌یه‌، که‌ ئه‌و نیشانه‌یه‌ ده‌ریده‌بڕێت و پێشانی ده‌دات. جاران له‌ کوردستان، که‌ پیاوان پرچ و ڕدێنیان ده‌هێشته‌وه‌ و درێژده‌کرده‌وه‌ و نه‌یانده‌تاشی، نیشانه‌ی ده‌روێشی و ئیسلامه‌تی بوو. سه‌رده‌مێکیش ڕدێنهێشتنه‌وه‌ و پرچدرێژکرده‌نه‌وه‌ و نه‌تاشینیان، نیشانه‌ی شۆڕشگێڕی و چه‌پایه‌تی و چاولێکردنی گیڤارا و کاسترۆ بوون وه‌ک نموونه‌، یا هیپپییه‌تی و بڕوانه‌بوون و ڕه‌فزی هه‌موو شتێکی جڤاک بوون. سمێلهێشتنه‌وه‌، له‌ سه‌رده‌مێکدا نیشانه‌ی کۆمۆنیستی و ستالینیستی بوو. سه‌رتاشین لای هه‌ندێک نیشانه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌ و لای هه‌ندێکی دیکه‌ش پێچه‌وانه‌یه‌تی. جلی سوور و به‌کاربردنی ڕه‌نگی سوور جاران نیشانه‌ی کۆمۆنیستی بوو. جلی ڕه‌ش و گوێنه‌دان به‌ ڕێکوپێکی نیشانه‌ی ئه‌نارکیستییه‌. هه‌ڵگرتنی وێنه‌ی هیتله‌ر و ئاڵای ئه‌ڵمانیای نازی، ده‌کاته‌ مه‌یل به‌ لای نازیزمدا. هه‌ڵگرتنی داس و چه‌کوش یا وێنه‌ی لێنین، مارکس، ماو، ترۆتسکی یا ستالین، ده‌کاته‌ مه‌یل به‌ لای کۆمۆنیزمدا. هه‌ڵگرتنی وێنه‌ی گیڤارا، ده‌کاته‌ هه‌واداریی شۆڕش و گیڤاریستی. هه‌ڵگرتنی ئاڵای ئه‌مه‌ریکا، ده‌کاته‌ حه‌زکردن له‌ ئه‌مه‌ریکا. هه‌ڵگرتنی ئاڵای ڕه‌ش و تیپی A له‌ نێو بازنه‌که‌دا، ده‌کاته‌ مه‌یل به‌لای ئه‌نارکیزمدا. هه‌ڵگرتنی ئه‌ستیره‌که‌ی داوودیی جووله‌که‌، ده‌کاته‌ جووله‌که‌یی یا خۆشویستنی جووله‌که‌. هه‌ڵگرتنی ئاڵایه‌کی چوارگۆشه‌ یا لاکێشه‌یی پێکهاتوو له‌ دوو سێگۆشه‌ی یه‌ک سوور و یه‌ک ڕه‌ش، نیشانه‌ی سه‌ندیکالیستییه‌. هه‌ڵگرتنی وێنه‌ی سه‌ددام حوسه‌ین، ده‌کاته‌ به‌عسیبوون یا سه‌ددامیه‌تی. هه‌ڵگرتنی ئاڵای عیراق، ده‌کاته‌ خۆ به‌ عیراقی زانین. هه‌ڵگرتنی ئاڵای عیراقی به‌عس، ئه‌گه‌ر نه‌کاته‌ خۆ به‌ به‌عسی زانین، ئه‌وا ده‌کاته‌ خۆشویستنی به‌عس و یا هیچ نه‌بێت ڕقنه‌بوون له‌ به‌عس. که‌ قورئانێک یا لا ئیلاهه‌ ئیللاڵڵایه‌ک به‌ ملوانکه‌یه‌که‌وه‌ بکرێته‌ مل، ده‌کاته‌ موسوڵمان بوون یا خۆشویستنی ئیسلام. هه‌ڵگرتن یا له‌ ملکردنی خاچی مه‌سیحی، ده‌کاته‌ مه‌سیحیبوون یا حه‌زکردن له‌ مه‌سیحییه‌ت. گه‌لێک له‌و مێردمنداڵ و لاوانه‌ی کوردی ئه‌وروپام به‌رچاو که‌وتوون، که‌ هه‌رچه‌نده‌ منداڵه‌ موسوڵمانیشن، خاچه‌که‌ی مه‌سیحییه‌ت له‌مل ده‌که‌ن.

*****

له‌ کوردستان و به‌ تایبه‌ت له‌ میدیاکانی هه‌ردوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستاندا، زۆر به‌ گه‌رمییه‌وه‌ و به‌رده‌وام باس له‌ سه‌ری ساڵ و جه‌ژن و ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵ و هاتنی بابانۆئێل و پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی سه‌ری ساڵ و پێشاندانی چالاکییه‌کی یه‌کجار زۆر و زه‌وه‌نده‌ له‌و بوارانه‌دا، کارێکی وای کردووه‌، که‌ به‌ تۆبزی و بێ ئاره‌زووی خه‌ڵک خۆی، ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ نامۆیه‌، که‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپایه‌ به‌ بڕێک پاشخانی مه‌سیحییه‌ته‌وه‌، بکرێت به‌ به‌شێکی سه‌ره‌کی له‌ فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی کوردستان. منداڵانی گچکه‌ی دوو سێ ساڵانی زارۆکخانه‌، له‌ کوردستان فێری ئه‌وه‌ ده‌کرێن، که‌ چاوه‌ڕوانی سه‌ری ساڵ بن بۆ ئه‌وه‌ی بابانۆئێل دیارییان بۆ بهێنێت. دار سنه‌وبه‌ره‌که‌ی جه‌ژنی له‌دایکبوونی عیسا، له‌ ته‌واوی شوێنه‌ فه‌رمی و حوکوومه‌تی و هوتێل و ڕیستۆرانه‌ گه‌وره‌کانی کوردستاندا داده‌نرێت و نه‌ک هه‌ر داره‌که‌، به‌ڵکه‌ ته‌واوی ئه‌و ته‌لارخانانه‌ش ده‌کرێنه‌ چراخان و ده‌ڕازێنرێنه‌وه‌. له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانه‌وه‌ پیاسه‌ی شه‌وی سه‌ری ساڵی نێو جاده‌کانی باژێڕه‌کانی کوردستانی، ڕاسته‌وخۆ پێشان ده‌درێت. هه‌ر له‌و میدیایانه‌وه‌ گرنگییه‌کی یه‌کجار زۆر به‌ باسی کڵێسه‌ و بۆنه‌ و جه‌ژنی ئایینی عیسایی و کردنه‌وه‌ی کڵێسه‌ و خوێندنگه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و شوێنه‌واری ئایینی مه‌سیحی ده‌درێت و هه‌رده‌م باس ده‌کرێت، تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی باسی مه‌سیحی و مه‌سیحییایه‌تی، پشکێکی زیاتری هه‌بێت و زاڵ بێت به‌ سه‌ر باسی موسوڵمان و ئایینی ئیسلامدا، که‌ به‌شی زۆرینه‌ی کورد سه‌ر به‌و ئایینه‌یه‌.

*****

هه‌رچه‌ندی له‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا، وه‌ک سیستم و جڤاکگه‌لێکی سێکۆلار و ئازاد و کراوه‌، ئازادی ئایینیش بۆ هه‌موو که‌س دابین کراوه‌ و مرۆڤ ده‌توانێت نه‌ک هه‌ر به‌ خوا، به‌ڵکه‌ به‌ هه‌ر ئاژه‌ڵ و هه‌ر شتێکی، که‌ خۆی ده‌یه‌وێت، بڕوای هه‌بێت و ئازادیشه‌ له‌وه‌ی چۆن و به‌ چ جۆرێک ئه‌و خودا یا ئاژه‌ڵ یا شتپه‌رستییه‌ ده‌کات. زۆرێک له‌و خه‌ڵکانه‌ی سه‌ر به‌ ئایینی ئیسلام یا هه‌ر ئایینێکی دیکه‌ن، که‌ له‌ وڵاته‌کانی خۆیاندا لێناگه‌ڕێن ئازاد بن و به‌ ئاره‌زووی خۆیان خودا یا هه‌رچی په‌رستیی خۆیان بکه‌ن و ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینیان لێ ده‌گیرێت و ده‌مکوت ده‌کرێن، له‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا ئازادن و به‌ ته‌واوی کراوه‌یی و بێ هیچ گیروگرفتێک هاتوچۆی مزگه‌وت و په‌رستگه‌ی خۆیان ده‌که‌ن و به‌شداریی جڤین و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراوی ئایینی خۆیان ده‌که‌ن و هه‌ر شتێکیشی گه‌ره‌کیان بێت ده‌یڵێن و ده‌یکه‌ن. ئازادیی ئایین و بڕوا له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا مسۆگه‌ر کراوه‌ و هیچ ڕێگه‌یه‌کی لێناگیرێت. خه‌ڵک ده‌توانێت ڕه‌خنه‌ش بگرێت و قسه‌ی خۆیشی بکات، لێ بێڕێزیی به‌ بڕوا ناکرێت و به‌ تاوان دژی کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێک یا گرۆیه‌ک داده‌نرێت و لێپرسینه‌وه‌یشی له‌سه‌ره‌. ئه‌مه‌ریکاییان و ئه‌وروپاییان، له‌ ماڵی خۆیاندا و له‌ سه‌ر خاکی خۆیان به‌و شێوه‌یه‌ ده‌که‌ن، لێ له‌ ده‌رێی وڵاتانی خۆیشیان کارێکی دیکه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن و ئه‌رکێکی دیکه‌یان هه‌یه‌. بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی عیسایی و عیساییاندنی خه‌ڵک، وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی کار و چالاکییه‌کانی زلهێزانی ڕۆژاوا، له‌ ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مه‌ریکای لاتین و کوردستانی خۆیشماندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تا ڕاده‌یه‌کیش به‌ ئه‌رکی خۆیانی ده‌زانن. ئه‌وان ئامراز و شێواز و میکانیزمی تایبه‌تی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و کارانه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر تۆ بنۆڕیته‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و کاره‌ی زلهێزانی ڕۆژاوا، واته‌: بنۆڕیته‌ بڵاوبوونه‌وه‌ یا بڵاوکردنه‌وه‌ی ئیسلام له‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپادا، ده‌بینیت له‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا، خێراخێرا ئامار و ژماره‌ له‌ میدیاکاندا بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند که‌س بوونه‌ته‌ موسوڵمان و ئایینیان گۆڕیوه‌. زۆرجاران ئه‌و ئامار و ژمارانه‌ به‌ مه‌به‌ست و بۆ تۆقاندنی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیان(ئه‌مه‌ریکاییان و ئه‌وروپاییانی مه‌سیحی) و وێناکردنی ڕه‌وشێکی وا، که‌ هاکه‌ هه‌موو ئه‌مه‌ریکا یا ئه‌وروپا ئیسلام داگیری کرد و خه‌ڵکه‌که‌ی بوونه‌ موسوڵمان و ئایینی عیساییان واز لێ هێنا، زۆر به‌ گه‌وره‌یی و به‌ زیاده‌وه‌ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌. له‌و کاره‌یاندا زێده‌ڕۆیی ده‌که‌ن و به‌وه‌ش باری ئیسلامۆفۆبیا یا ترس له‌ ئیسلام ده‌ئافرێنن و ده‌سازێنن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیان پتر باوه‌ش به‌ ئایینه‌که‌ی خۆیاندا بکه‌ن و ئیسلام به‌ خه‌ته‌ر بزانن و ڕێگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی بگرن. ئه‌مه‌ کارێک نییه‌ پێوه‌ندی به‌ 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵکه‌ دیدێکه‌ و جیهانبینییه‌که‌، که‌ ڕۆژاوا بۆ به‌ خه‌ته‌ردانانی ئه‌وی دی و پاراستنی خۆ و جیهاناندنی هه‌موو به‌ها و جیهانبینییه‌کانی خۆی، له‌ پێناوی چێکردنی جیهانێکی یه‌کڕه‌نگی یه‌کده‌نگی یه‌کبیچمی یه‌کشێوه‌ی یه‌کڕه‌وتی یه‌کفه‌رهه‌نگی ئه‌مه‌ریکاییانه‌ و ئه‌مه‌ریکێنراو، ده‌یکات و به‌کاری ده‌بات. ئه‌وڕۆ نێوه‌ندی مه‌سیحییه‌ت، فلستین و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نییه‌، که‌ بۆ خۆیان لانکی مه‌سیحییه‌تن، به‌ڵکه‌ به‌ هۆی پێشکه‌وتن و توانست و زاڵبوونێکی ئابووری و ئاوه‌زی و ئازادییه‌ک، که‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپادا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپایه‌. ئه‌وڕۆ عیسای په‌یامبه‌ر، مرۆڤ و پیاوێکی گه‌نمڕه‌نگ یا ڕه‌شتاڵه‌ی پێخاوسی دشداشه‌له‌به‌ری فلستینی نییه‌، به‌ڵکه‌ مرۆڤ و پیاوێکی قژزه‌رد و چاوشین و سووروسپیی ئه‌وروپاییه‌. که‌ ئه‌مه‌ریکاییه‌ک یا ئه‌وروپاییه‌ک مه‌سیحییه‌ت ده‌باته‌ کوردستان و بڵاوی ده‌کاته‌وه‌، مرۆڤی وڵاتی ئێمه‌ ده‌سبه‌جێ نه‌ک هه‌ر به‌ قسه‌ و به‌ڵگه‌کانی، به‌ڵکه‌ به‌ خۆیشی وه‌ک مرۆڤێک، سه‌رسام ده‌بێت و ته‌واوی پێشکه‌وتن و ئازادی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا له‌ودا ده‌بینێت[9]. ئه‌مه‌ریکاییان و ئه‌وروپاییان به‌و کاره‌یان، به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت، خه‌ڵکی کوردستان و ته‌واوی وڵاتانی دیکه‌، به‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپاوه‌ گرێده‌ده‌ن و به‌وه‌ش مێشکی مرۆڤی کوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌ی دیکه‌ ده‌سمن و فه‌رهه‌نگی ئه‌وان ده‌سمن و مێژوویی خۆیان له‌بیر ده‌به‌نه‌وه‌ و مێژوویه‌کی دیکه‌ی ده‌خه‌نه‌ شوێن و وڵاته‌کانیشیان ده‌که‌نه‌ پاشکۆیه‌کی بێده‌سه‌ڵاتی لامژی مشه‌خۆری بازاڕ و ئابووری و به‌ها و فه‌رهه‌نگ و هه‌موو شته‌کانی دیکه‌ش.  

*****

ئه‌گه‌ر سوودوه‌رگرتن له‌ زانست و ته‌کنۆلۆژیا و ئاوه‌ز و پێشکه‌وتنی ئه‌وروپا به‌وه‌ بێت تۆ له‌ هه‌موو شتێکدا لاساییان بکه‌یته‌وه‌، ئه‌وا نه‌ک هه‌ر سوودمه‌ند نابێت، به‌ڵکه‌ زیانمه‌ند ده‌بیت و خۆیشت ده‌دۆڕێنێت. به‌و گه‌رمییه‌ به‌ به‌ره‌وپیریه‌چوونی ئه‌وروپا و هه‌موو شتێکی ئه‌وروپایی و ئامێزکردنه‌وه‌ بۆیان بێ بیرکردنه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامه‌کانی، ده‌کاته‌ سڕینه‌وه‌ی خۆت و ڕه‌نگکردنی خۆت به‌ ڕه‌نگی ئه‌وان و چوونه‌ پێستی ئه‌وانه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ باشووری کوردستاندا، به‌ دنه‌دان و نه‌خشه‌داڕێژانی ئه‌مه‌ریاکییان و ئه‌وروپاییان و ڕێکخراوه‌ خێرخوازییه‌کان و به‌ پێزانین و جێبه‌جێکردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ڕووده‌دات، پرۆسێسێکی مه‌سیحییاندنی خه‌ڵکی کورد و کۆمه‌ڵگه‌کانی کوردستانه‌ و هه‌وڵدانێکه‌ بۆ دزێواندنی ئایین و فه‌رهه‌نگی زۆرینه‌ی کورد و به‌ره‌به‌ره‌یش سڕینه‌وه‌ی و سه‌پاندنی فه‌رهه‌نگێکی نامۆ و به‌هاگه‌لێکی نامۆ به‌ سه‌ر خه‌ڵکی  کورددا. ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی، که‌ ئه‌وڕۆ له‌ کوردستان فه‌رمانڕه‌وایه‌ و، که‌ خۆ به‌ سێکولار ده‌زانێت، چ پێویسته‌ هێنده‌ باسی ئایین بکات! که‌ باسی ئایینیش ده‌کات بۆ ده‌بێ هێنده‌ باسی مه‌سیحییه‌ت بکات! تۆ که‌ سێکولار بیت، میدیای ده‌سه‌ڵاته‌که‌ت بۆ باسی ئایین ته‌رخان ناکه‌یت، ئه‌وه‌ کاری تۆ نییه‌ و کاری ئۆلکارانه‌. تۆ که‌ ده‌سه‌ڵاتێکی سێکولار بیت، پێتوایه‌ ئه‌وه‌ی تزار بۆ تزاره‌ و ئه‌وه‌ی خودایش لێیده‌گه‌رێیت بۆ خودا خۆی. ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری کوردستان، ده‌بوو سه‌یرێکی لای چه‌پ و ڕاستی خۆیان کردبا و بیرێکیان له‌ چاره‌نووسی ڕه‌زاخان و  ئه‌تاتورک و موحه‌ممه‌دڕه‌زاشا کردباوه‌، که‌ سه‌رمه‌شق و پێشه‌نگی ئه‌وروپاییاندنی وڵات و کۆمه‌ڵگه‌کانی خۆیان بوون و ئه‌وان په‌تای ئه‌وروپاییاندنیان هێنایه‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، که‌ به‌ کوێ گه‌یشتن! ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ باشووری کوردستان ڕووده‌دات، بێجگه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی مه‌زنه‌، قه‌یرانێکی فه‌رهه‌نگیی یه‌کجار گه‌وره‌یه‌ و مه‌ترسییه‌که‌ له‌ سه‌ر یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌ی کورد و فه‌رهه‌نگ و مێژوو و ته‌نانه‌ت بوونیشی. ئه‌گه‌ر ئازادی بیروڕا و ئازادی که‌مینه‌ و چوونیه‌کیی هه‌مووان و یه‌کسانی و ڕێگه‌دان به‌ هه‌موو ده‌سته‌ و گرۆیه‌ک و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وی دیکه‌ و گوێڕادێران بۆ به‌رانبه‌ر و ئه‌و جۆره‌ باسانه‌ بکرێنه‌ به‌ڵگه‌ بۆ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئه‌وڕۆی کوردستان، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ئێستا ڕووده‌دات، گه‌لێک له‌ ئازادییه‌وه‌ دووره‌. ئه‌وه‌ی بڕوای ته‌واویشی به‌ ئازادیی بیروڕا و بۆچوون و جیاوازیی هزریی و دید هه‌بێت، ناتوانێت له‌ هه‌مبه‌ر سڕینه‌وه‌ی بڕوا و به‌ها و فه‌رهه‌نگێکدا، که‌ مێژوو و بوونیی نه‌ته‌وه‌یی پێوه‌ گرێدراوه‌، بێلایه‌ن و ده‌سته‌وه‌ستان و سست ڕاوه‌ستێ و بێده‌نگ بێت. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ کوردستان ڕووده‌دات، شۆردنه‌وه‌ی مێشکی مرۆڤی کورد و دابڕینی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌ له‌ مێژوو و فه‌رهه‌نگێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوسێیه‌کانیدا و ده‌رکردنێتی له‌و ژینگه‌ و بازنه‌ و هێڵه‌ دیرۆکییه‌ی خۆی و پێکه‌نینه‌ به‌ فه‌رهه‌نگ و به‌ها و بڕوا و مێژووی نه‌ته‌وه‌ی کورد و شۆخیپێکردن و سووکایه‌تیپێکردنه‌ به‌ کورد. ته‌واوی ئایینه‌کانی جیهان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وه‌ک یه‌کن و له‌ گشت بنگه‌ و هێڵه‌ سه‌ره‌کییه‌کانیشیاندا هاوبه‌شن و ته‌واوکه‌ر و درێژه‌پێده‌ری یه‌کتریشن. هه‌موویان دید و په‌یام و کۆمه‌ڵێک قانوون و ئامۆژگاری و جیهانبینی و ڕێگه‌یه‌کی تایبه‌تی ژیانیان بۆ مرۆڤ پێیه‌. به‌شێکی زۆریان کلیلی ته‌واوی پرس و نهێنییه‌کانی ژیان و پاش ژیانیش ده‌ده‌نه‌ ده‌ست هێزێکی ده‌رێی سروشت، که‌ خودایه‌. خودایش، هه‌ر ئایینه‌و به‌ جۆرێک ده‌یبینێت و ده‌یناسێت. ئایینیش هه‌یه‌ ته‌نێ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ژیانه‌ و هیچ شتێکی خۆی ناداته‌ ده‌ست خودا و پرسی خودا بۆ ئه‌و نه‌ به‌رباسه‌ و نه‌ گرنگ. که‌سێک، که‌ وه‌ک له‌دایکبوون و خوێن و خێزان و په‌روه‌رده‌ و بارهێنان و جڤاک و فه‌رهه‌نگ و...به‌رۆگری ئایینێک بێت، به‌ڵام بۆ خۆی بڕوای پێی نه‌بێت و هیچ جۆره‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئه‌و ئایینه‌ جێبه‌جێ نه‌کات، چ هۆکارێک پاڵی پێوه‌ ده‌نێت بچێته‌ سه‌ر ئایینێکی دیکه‌ و ده‌ستبه‌رداری ئایینه‌که‌ی خۆی، که‌ بۆ خۆی به‌رۆگریه‌تی، ببێت! من پێموایه‌ بێئایینییش، واته‌: بڕوانه‌بوون به‌ هیچ ئایینێک و خۆنه‌به‌ستنه‌وه‌ پێی، بۆ خۆی ئایینه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌کرێ نێوی ئایینیشی لێبنرێت، ئه‌وا دید و فه‌لسه‌فه‌یه‌که‌. تۆیه‌ک، که‌ به‌ موسوڵمانیی هاتبیته‌ دنیاوه‌، بۆ پێتوایه‌ مه‌سیحییه‌ت له‌ ئیسلام باشتره‌ و بۆ ده‌ستبه‌رداری ئایینی ئیسلام ده‌بیت! تۆیه‌ک، با وه‌ک موسوڵمانیش هاتبێته‌ دنیاوه‌، به‌ڵام وه‌ک پراکتیک موسوڵمان نه‌بێت، چ سوودێک له‌وه‌دا ده‌بینیت ئایین بگۆڕیت و ببیته‌ مه‌سیحی! که‌ ناته‌وێت موسوڵمان بێت و بڕوات به‌ ئیسلام نییه‌، بۆ پێتوایه‌ مه‌سیحییه‌ت له‌ ئیسلام یا له‌ بێئایینییه‌که‌ی خۆت باشتره‌! ئه‌گه‌ر به‌ بێئایینییه‌که‌ی خۆت بمێنییه‌وه‌، باشتر نییه‌ له‌وه‌ی خۆت به‌ ئایینێکدا هه‌ڵواسیت، که‌ هه‌موو شتێکی به‌ تۆ نامۆیه‌ و هیچ ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی تۆی تێدا نییه‌ و هیچ زه‌وینه‌ و بنگه‌یه‌کی هزریی، تۆی پێوه‌ نابه‌ستێته‌وه‌ و هیچ سۆز و هه‌ستێکی ویژدانیت له‌گه‌ڵیدا ناگونجێت و هیچ جێده‌ست و شوێنه‌وارێکی تۆ و پێشینه‌کانی تۆی پێوه‌ دیار نییه‌ و هیچ ڕووپه‌لێکی مێژووه‌که‌ت له‌گه‌ڵیدا وێک نایه‌ته‌وه‌! ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا، مه‌سیحییه‌ت پێشی نه‌خستوون، ئه‌وه‌ی ده‌رگای پێشکه‌وتنی بۆ خستنه‌ سه‌رپشت، گومان و پرسیار و ڕه‌خنه‌گرتن و کردنه‌وه‌ و ڕه‌هاکردنی مێشک و ئازادی بیر و باوه‌ڕ و بۆچوون بوو. گومان له‌ هه‌موو شتێک، پرسیار له‌مه‌ڕ هه‌موو شتێکه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌موو شتێک و خستنه‌ به‌رباسی هه‌موو شتێک، بێ گوێدانه‌ پیرۆزیی شته‌کان و بێ گوێدانه‌ چه‌قبه‌ستوویی هزره‌کان و بێ گوێدانه‌ هێز و دارایی ده‌سه‌ڵاتداران[10]. ئازادی ڕه‌ها و به‌ره‌ڵاکردنی مێشک، له‌وه‌دایه‌ تۆ خۆت سه‌دله‌سه‌د به‌ هیچ ئایدیۆلۆژیا و ئایینێکه‌وه‌ نه‌به‌ستیته‌وه‌ و گرێنه‌ده‌یت و ڕه‌خنه‌گرانه‌ بنۆڕیته‌ په‌یامی هه‌ریه‌کێکیان و هه‌رده‌م پرسیار بورووژێنێت و وه‌دووی وه‌رامه‌کانیاندا بگه‌ڕێیت. سه‌دله‌سه‌د به‌ڕاستزانینی ئایدیۆلۆژیا و ئایینێک و نه‌بینی هیچ هه‌ڵه‌یه‌ک تێیاندا و باوه‌ڕبوون به‌وه‌ی، که‌ هه‌موو ڕاستییه‌کان له‌کن خۆتن  و قه‌بووڵنه‌کردنی هیچ ڕه‌خنه‌ و بۆچوونێکی جیاواز و به‌ پیرۆززانینی ته‌نێ ئه‌وه‌ی خۆت، ده‌کاته‌ ته‌پاندن و کڵۆمکردنی مێشک. تۆیه‌ک ئه‌گه‌ر ئیسلامت پێ زیندان و قه‌فه‌زێک بێت و ئازادی و سه‌فرازی خۆت له‌وه‌دا ببینییه‌وه‌، که‌ ببیته‌ مه‌سیحی، ئه‌وا هه‌رگیز وانییه‌. ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یکه‌یت ته‌نێ قه‌فه‌زگۆرکێ و زیندانگۆڕکێیه‌ و هیچی دی.                      

                                                                                                                    27/5/2005




[1] کڵێسای مه‌سیحی کوردزمان به‌به‌شداری 400 که‌س دووه‌مین کۆنگره‌ی ساز کرد، میدیا، ژماره‌ 187، سێشه‌ممه‌ 19/4/2005.
[2] تا 31-8-1996 کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی، سه‌رۆکی حوکوومه‌ته‌که‌ی یه‌کیه‌تی نیشتمانیی کوردستان بوو له‌ هه‌ولێر و دوای ئه‌وه‌ش هه‌ولێر که‌وته‌وه‌ ده‌ست پارتیی و یه‌کێتی له‌ هه‌ولێر وه‌ده‌رنران.                                                              
[3] بنۆڕه‌: زنگابادي، جلال،اهکذا نتذکر الماضي لنبني المستقبل، وطن الشمس، العدد 14، السبت22-6-1996 والعدد 15، السبت 6-7-1996.
[4] ئه‌و گوتاره‌ له‌ هه‌ردوو ماڵپه‌ڕی (www.kurdistannet.org) و (www.dengekan.com) دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. 
 [5]ساڵانی 1991و دواتر، که‌ باری ئابووری خه‌ڵکی کوردستان زۆر خراپ بوو، کۆمه‌ڵێک ڕێکخراو و حیزبی تورکمانی سه‌ر به‌ تورکیا، که‌ ده‌رگای کارکردن و چالاکییان له‌ کوردستاندا بۆ له‌ سه‌ر پشت بوو، بار و ڕه‌وشی ناهه‌مواری کورده‌که‌یان به‌کار ده‌برد و به‌ تورکمان له‌ نێو حیزب و ڕێکخراوه‌کانی خۆیاندا نێونووسیان ده‌کردن، به‌رانبه‌ر به‌وه‌ی، که‌ هه‌ندێک ئازووخه‌ و خۆراک و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌یان ده‌دانێ.                                                                                                                                          
[6] ته‌نێ خه‌ڵکانی ئه‌و ڕێکخراوه‌ ئه‌وروپاییانه‌ نیین، که‌ ئه‌و باسه‌ ده‌هێننه‌ گۆڕێ، کوردگه‌لێکی ئه‌وروپانشین(به‌ تایبه‌ت هه‌ندێک کوردی باکووری کوردستان)، که‌ فره‌یان هه‌ر پێوه‌ندیان به‌ زمانه‌وه‌ نییه‌ و هیچی لێ تێناگه‌ن،  له‌ بنه‌وه‌ پێوه‌ندیان به‌و ڕێکخراوانه‌ و هه‌ندێک ده‌سگای ئه‌وروپاییه‌وه‌ هه‌یه‌ و کاریان بۆ ده‌که‌ن و لێیان ده‌خۆن، ئه‌وڕۆ ئه‌وانیش ڕۆڵێکی خراپ له‌و بواره‌دا ده‌لێزن و وه‌ک ئاوڕۆشنکه‌ره‌ هه‌میشه‌ به‌ ڕێگه‌ی کوردستانه‌وه‌ن و پرۆژه‌ ده‌به‌نه‌وه‌ و له‌ کوردستانیش ده‌له‌وه‌ڕێن و دنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانیش ده‌ده‌ن بۆ دزێواندنی ئه‌لفبێی کوردی (عه‌ره‌بی) و گۆڕینی بۆ ئه‌لفبێی (تورکی-لاتینی). ئه‌وان به‌و کاره‌یان، پێ بزانن یا نه‌، گه‌وره‌ترین زیان به‌ فه‌رهه‌نگ و  یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌گه‌یه‌نن.                                                                                                                      
[7] دیاره‌ فێربوون و زانینی هه‌ر زمانێک بۆ مرۆڤ ده‌وڵه‌مه‌ندی و توانستێکی زۆره‌ و گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه‌. ئه‌وروپاییه‌کان بۆ خۆیان گرنگییه‌کی یه‌کجار زۆر به‌ فێربوونی زمان ده‌ده‌ن. له‌ نێو ئه‌و زمانانه‌شدا، که‌ ئه‌وان گرنگییه‌کی پتریان ده‌ده‌نێ، عه‌ره‌بی و فارسی و تورکییه‌. بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵات، فیربوونی ئه‌و زمانانه‌ گه‌لێک پێویسته‌ و به‌ فێربوونیان ده‌رگای ڕۆژهه‌ڵات وئیسلامت بۆ ده‌خرێته‌ سه‌رپشت. بۆ زۆرینه‌ی کورد بێجگه‌ له‌وه‌ش، ئه‌و زمانانه‌ ئامرازێکی پێوه‌ندن له‌ نێوان خۆی و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا، که‌ هه‌م دراوسێین و هه‌م فه‌رهه‌نگ و ئایینێکی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌. به‌ زانینی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی، که‌سیه‌تیی کورد به‌هێزتر ده‌بێت و خۆی و نه‌ته‌وه‌کانی هاوسێیشی باشتر ده‌ناسێت و باشتر لێیان تێده‌گات. فێربوون و زانینی زمانی ئینگلیزی، کارێکی باشه‌ ئه‌گه‌ر جێی زمانانی هاوسێیانی کورد نه‌گرێته‌وه‌ و نه‌بێته‌ هۆی قرتاندنی په‌تیی پێوه‌ندی نێوان کورد و هاوسێیه‌کانی، به‌ڵام گه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌ش بزانین، که‌ ئینگلیزی قه‌ره‌بووی زمانانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی ناکاته‌وه‌.                                                                                                                                                                 
 [8] ئه‌و مه‌سیحییاندنه‌ و نێولێنانه‌ مه‌سیحییانه‌یه‌، به‌ عه‌ره‌بی "تعمید" و به‌ فارسییش "تعمید کردن" یا "نامگرارﻯ" و به‌ سوێدی "Döpa" و به‌ ئینگلیزییش "Baptize"  یا "Christen"ی پێ ده‌گوترێ. منداڵ ده‌برێته‌ کڵێسه‌ و له‌وێ قه‌شه‌ هه‌ندێک ویرد و دۆعای به‌ سه‌ردا ده‌خوێنێت و چه‌ند گوێلێک ئاوی به‌ سه‌ر و ناوچاواندا ده‌کات و ئیدی به‌و جۆره‌ ئه‌و منداڵه‌ ده‌بێته‌ مه‌سیحی. ئه‌گه‌ر به‌ منداڵی ئه‌و کاره‌ بۆ منداڵه‌که‌ ئه‌نجام نه‌درابێت، ئه‌وا ده‌کرێ له‌ ته‌مه‌نێکی هه‌ورازتردا بۆی بکرێت. له‌کن یارسان(کاکه‌یی، ئه‌هلی حه‌ق)انی کوردستانیش نه‌ریتی ناولێنان و کردن به‌ یارسانی هه‌یه‌ و پێی ده‌گوتری"جه‌وزه‌شکاندن" و "جه‌وزه‌ی سه‌ر شکاندن".                                                                                     
  
[9] هه‌زاران ساڵه‌ مه‌سیحی و ئیسلام و ته‌واوی ئایینه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، پێکه‌وه‌ ده‌ژین و هه‌موو خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و ئایینانه‌ ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه‌ ئایینییه‌کانی خۆیشیان پێڕۆ ده‌که‌ن و هیچ مه‌سیحییه‌کیش هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌، که‌ موسوڵمانێک له‌ ئایینه‌که‌ی وه‌رگێڕێت و بیکاته‌ مه‌سیحی.                                                                                                                              
 [10] هاوینی 1991، له‌گه‌ڵ "ناز"ی کچمدا چووینه‌ ئێران و له‌وێشه‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بۆ سه‌ردانی ماڵی خۆمان(باوک و دایک و خوشک و براکانم)، که‌ به‌ هۆی کۆڕه‌وه‌که‌وه‌ باشووری کوردستانیان جێهێشتبوو و په‌ڕیبوونه‌ دیوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له‌ گوندی "مه‌نسووراغا" یا "مه‌سووراقا"ی نێوان پاوه‌ و کرماشان جێگیر بووبوون. له‌وێ به‌ خزمه‌تی کۆمه‌ڵێک مرۆڤی باش و کوردپه‌روه‌ر و دۆست و جوامێر گه‌یشتم و ناسیاویم له‌گه‌ڵدا په‌یدا کردن، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، که‌ هه‌رده‌م له‌ یادمن و گه‌وره‌ییان له‌ بیر ناکه‌م و خۆشه‌ویستیم بۆیان هه‌یه‌ و سوپاسگۆیانم. یه‌کێک له‌و مێرخاسانه‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی مه‌لای مزگه‌وتی گوند بوو. مامۆستایه‌کی شاره‌زا و خوێنده‌وار و ڕووناکبیر بوو. هه‌ر که‌ به‌ خزمه‌تی گه‌یشتم، حه‌زی ده‌کرد له‌مه‌ڕ ئه‌وروپاوه‌ هه‌ندێک پرسیارم لێ بکات و هه‌ندێکی بۆ ڕوون بکه‌مه‌وه‌. هه‌ر له‌ ده‌سپێکێشدا پێی گوتم:"من تا ڕاده‌ی ڕه‌دکردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێکی ئایینی ئیسلام و ئینکارکردنی بوونی خودایش له‌گه‌ڵتدا دێم و ده‌توانم  گوێت بۆ ڕادێرم و قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بکه‌م، وه‌لێ که‌ باس هاته‌ سه‌ر شۆخیپێکردن و سووکایه‌تیپێکردن و سووکته‌ماشاکردن، ئیدی ناتوانم بێده‌نگ بم و پێم قووت نادرێت".                                                                                                                             

Thursday, May 19, 2005

زایه‌ڵه‌ی په‌یامه‌که‌ی شێردڵ و مۆد

زایه‌ڵه‌ی په‌یامه‌که‌ی شێردڵ و مۆد

 

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ساڵانێکی له‌ به‌غدا بووم، زۆرجاران به‌و جاده‌یه‌ی له‌ مه‌یدان(ساحة‌المیدان) و بابولموعه‌ززه‌م(باب المعظم)ه‌وه‌ به‌ره‌و وه‌زیرییه‌ ده‌چوو، به‌ ته‌نیشت گۆڕستانێکدا تێده‌په‌ڕیم، خه‌ڵک پێیان ده‌گوت گوڕستانی ئینگلیزه‌کان، یا گۆڕستانی گاوران. ڕه‌نگبێ سه‌دان جار و پتریش به‌وێدا تێپه‌ڕ بووبم. ته‌واوی ئه‌و گۆڕستانه‌ تایبه‌ت بوو به‌و ئینگلیزانه‌ی له‌ جه‌نگی داگیرکردنی عیراق و وه‌ده‌رنانی تورکدا کورژرابوون و مردبوون. گۆڕه‌کانی نێو ئه‌و گۆڕستانه‌، که‌ هه‌موو سه‌ر به‌ ئایینی عیسایی بوون، به‌ پێچه‌وانه‌ی گۆڕستانی موسوڵمانانه‌وه‌، پاک و خاوێن و ڕێکوپێک بوون. وه‌ک گۆڕستانه‌کانی ئه‌وروپا، هه‌ر گۆڕه‌و نیشانه‌ی خاچێکی له‌ سه‌ر بوو و ناوی مردووه‌که‌ و مێژووی له‌دایکبوون و مردنی مردووه‌که‌ی له‌ سه‌ر تۆمار کرابوو. له‌ نێو ئه‌و گۆڕانه‌دا گۆڕێک هه‌بوو، ده‌یانگوتێ گۆڕی "مۆد". فرێدریک ستانلی مۆد (Frederick Stanley Maude،24/6/1864-18/11/1917) ئه‌و ژه‌نه‌راڵه‌یه‌، که‌ سه‌رله‌شکری هێزه‌کانی بریتانیا بوو بۆ داگیرکردنی عیراق. بریتانییه‌کان، به‌ هۆی به‌ره‌نگاریی هێزه‌کانی تورکه‌وه‌ لای مووسڵ له‌کوردستانه‌وه‌، پێیان نه‌کرا ئه‌وێ بگرن، به‌ڵکه‌ له‌ پێشدا و له‌ 1917دا به‌غدایان گرت و له‌ کۆتایی ساڵی 1918شدا ئیدی مووسڵیش گیرا. 11ی مارسی 1917، که‌ هێزه‌کانی له‌شکری بریتانیا، تورکی عوسمانییان له‌ به‌غدا وه‌ده‌رنا و چوونه‌ نێو به‌غداوه‌، ژه‌نه‌راڵ ستانلی مۆدی به‌رپرسی ئه‌و له‌شکره‌ له‌ گوته‌یه‌کیدا بۆ خه‌ڵکی به‌غدا گوتی:"ئه‌ی خه‌ڵکی به‌غدا، وا ئازادی هات. 26 نه‌وه‌یه‌ ئێوه‌ به‌ ده‌ستی چه‌ندین چه‌وسێنه‌ره‌وه‌، که‌ هه‌وڵی له‌توپه‌تکردنی عه‌ره‌بیان ده‌دا، ده‌ناڵێنن. ئه‌وه‌ش سیاسه‌تێکه‌ بریتانیای مه‌زن و هاوپه‌یمانانی قینیان لێی ده‌بێته‌وه‌، چونکه‌ له‌ هه‌ر جێگه‌یه‌ک دوژمنکاری و خراپبه‌کاربردنی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت، له‌و جێیه‌ نه‌ ئاشتی و نه‌ خۆشگوزه‌رانی جێگیر نابن."[1]. هه‌روه‌ها گوتی:"له‌شکره‌کانی ئێمه‌ وه‌ک داگیرکار و دوژمن نه‌هاتوونه‌ته‌ نێو وڵات و باژێڕ و گونده‌کانی ئێوه‌وه‌، به‌ڵکه‌ وه‌ک ڕزگارکار هاتوون"[2]. سه‌رله‌شکری بریتانی ژه‌نه‌راڵ ستانلی مۆد ئه‌وه‌شی ڕوون کرده‌وه‌، که‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ عه‌ره‌به‌کان، ئه‌وانه‌ی کۆمه‌کیان به‌ له‌شکری بریتانی کردبوو، به‌ شێوه‌یه‌ک و له‌ هه‌ندێ ڕووه‌وه،‌ ده‌سه‌ڵات له‌ عیراقدا ده‌گرنه‌ ده‌ست. به‌ واتایه‌کی تر، مۆد و له‌ پشت ئه‌ویشه‌وه‌ کارگێڕیی بریتانیا و ده‌وڵه‌تی کۆڵۆنیالی بریتانیا وه‌ک پاداشتێک بۆ هاریکاری و کۆمه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌عه‌ره‌به‌کان به‌ له‌شکری بریتانی، به‌ڵێنی جۆره‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌مچه‌ورکردنێکیان دانێ.  میرنشینی هاشمییه‌کان به‌ سه‌رکرده‌یی حوسه‌ین کوڕی عه‌لی له‌ مه‌ککه‌، له‌ سه‌رده‌می جه‌نگدا، هاریکاریی بریتانییه‌کانی کرد و به‌شداری ڕاپه‌ڕینی دژی تورکه‌کانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون (Transjordanien)دا، واته‌: ئوردونی ئێستا و سووریا و فلستین، کرد. حوسه‌ین هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا، پاش وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی، به‌سه‌ر ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌که‌دا ببێته‌ شا. بریتانییه‌کانیش فه‌یسه‌ڵی کوڕی حوسه‌ینیان هێنا و کردیانه‌ شای عیراق. ژه‌نه‌راڵ و تیۆریزانیی له‌شکریی کارڵ ڤۆن کڵاوشه‌ڤیتز(Carl Von Clausewitz، 1780-1831) ده‌ڵێ:"جه‌نگ درێژه‌پێدانی سیاسه‌ته‌، لێ به‌ ئامرازی دیکه‌..". جۆرج بووش و تۆنی بله‌یر، که‌ باسی جه‌نگی خۆیانی دژ به‌ عیراق ده‌که‌ن، ده‌ڵێن:"ئێمه‌ وه‌ک ڕزگارکار نه‌ک وه‌ک داگیرکار هاتووین". ئه‌و گوته‌یه‌ی بووش و بله‌یر هه‌ر ئه‌و گوته‌یه‌یه‌، که‌ ژه‌نه‌راڵ مۆد پێش 88 ساڵان گوتوویه‌تی. که‌ جه‌نگ درێژه‌پێدانی سیاسه‌ت بێت، به‌ڵام به‌ ئامرازی دیکه‌، وه‌ک ژه‌نه‌راڵ کڵاوشه‌ڤیتز ده‌ڵێت، ئه‌وا ئه‌مه‌ریکا (به‌تایبه‌ت) و بریتانیا(وه‌ک پاشکۆی ئه‌مه‌ریکا)، له‌ جه‌نگی عیراقدا چه‌ند مه‌به‌ستێکی گرنگیان له‌به‌رچاو گرتبوو، که‌ بۆ قازانجی خۆیان بوون و له‌ سیاسه‌تی وڵاته‌کانیشیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت و درێژه‌پێدانی سیاسه‌تی وڵاتانی خۆیشیانن، ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ش له‌م چه‌ند خاڵه‌دا خۆ ده‌نوێنن:

1. کۆنترۆڵکردن و داگیرکردنی سه‌رچاوه‌کانی نه‌وت و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، که‌ قازانجێکی زۆری بۆیان ده‌بێت.

2. نیشته‌جێبوون و جێگیربوونی هێز و له‌شکری ئه‌مه‌ریکا له‌ ناوه‌ندی خۆرهه‌ڵاتی ناڤیندا.

3. چێکردنی پێگه‌ و بنگه‌ی سه‌ربازیی بۆ جه‌نگی دواڕۆژی دژ به‌ سووریا و ئێران و ئه‌گه‌ر پێویست بکات وڵاتانی دیکه‌ش.

4. دانانی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی و حوکوومه‌تێکی سه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریکا و بریتانیا و پێڕۆکردنی سیاسه‌تی ئاغا و نۆکه‌ری و کۆڵۆنیالئاسا له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا.

5. که‌مکردنه‌وه‌ و خاوکردنه‌وه‌ و سستکردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و گوشار و پاڵه‌په‌ستۆ له‌ سه‌ر ئیسرائیل و دابینکردنی ئاسایش و ئارامیی بۆی.

6. داگیرکردنی بازاڕه‌کانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و وه‌گه‌ڕخستنی هه‌رچی زۆرتر و به‌هێزتر و فراوانتری سه‌رمایه‌ و سه‌رمایه‌گوزاری له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا و گرێدانی ئابووریی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌ ئابووریی ئه‌مه‌ریکاوه‌.

7. کپکردنه‌وه‌ و سه‌رکوتکردنی هه‌موو ده‌نگێکی دژه‌ئه‌مه‌ریکا.

8. په‌ره‌پێدانی ته‌وژمی ئه‌مه‌ریکایاندن له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، ئیدی له‌ڕووی فه‌رهه‌نگی و ئابووری و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئایینیشه‌وه‌.

هه‌ر وه‌ک چۆن ژه‌نه‌راڵ مۆدی ئینگلیز، به‌ڵێنی به‌ عه‌ره‌به‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کان دا، که‌ ده‌سه‌ڵاتیان بداته‌ ده‌ست و ئه‌وان بکاته‌ خاوه‌نی وڵات و "شافه‌یسه‌ڵ"ی هێنایه‌ عیراق، ئه‌مه‌ریکایش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ دوای ڕووخانی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین و داڕۆخان و نه‌مانی ده‌وڵه‌تی عیراق، عیراقی نۆژه‌ن چێکرده‌وه‌ و عه‌ره‌بی کرده‌وه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و داهێنانێکی دیکه‌یشی هێنایه‌ گۆڕێ، ئه‌ویش شێوه‌ی دابه‌شکردنی پۆست و کار و پایه‌ حوکوومه‌تییه‌کانه‌ به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا، له‌ سه‌ر بنه‌ما و بناخه‌ و بنگه‌ی ڕه‌گه‌زی و ئایینی و ئایینزایی و نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و شێوه‌ی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته‌ی لوبنان تا ڕاده‌یه‌ک فۆتۆکۆپی کرا و هێنرایه‌ عیراقه‌وه‌. له‌ عیراقدا تا پێش هاتنی ئه‌مه‌ریکا و داگیرکردنی له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ و له‌و هه‌موو ساڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی بنه‌ماڵه‌ی هاشمییان و قاسم و عارفان و به‌عسدا، به‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زپه‌رستی و هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و ئایینزاییشیه‌وه‌، هێشتا به‌م شێوه‌ زه‌ق و له‌به‌رچاوه‌ی ئێستای و وه‌ک ئێستا باس له‌ ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌ و ئایینزا و...ئه‌وانه‌ نه‌ده‌کرا. له‌و هه‌موو سه‌رده‌مانه‌ی پێشوودا، که‌م یا زۆر، عه‌ره‌ب، کورد، تورکمان، شیعه‌، سوننه‌، مه‌سیحی، مه‌ندائی، به‌شداریی ده‌سه‌ڵاتیان کردووه‌، لێ نه‌ک به‌ ناوی ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ فڵانه‌ گرۆن. ئێستا کابرا، که‌ هیچی له‌ جه‌واڵدا نییه‌، ده‌بێته‌ به‌رپرسی فڵانه‌ ده‌سگا یا ئه‌ندامی فڵانه‌ کۆمیته‌، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ فڵانه‌ ئایینزا یا نه‌ته‌وه‌یه‌. ته‌واوی ئه‌مانه‌ به‌ ناوی ته‌وافوق "توافق"ه‌وه‌، که‌ دژی سه‌ره‌تاییترین پرنسیپه‌کانی دیموکراتییه‌، که‌ ئه‌وان(ئه‌مه‌ریکاییه‌کان، ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق، سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد)، بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن. مارینزی ئه‌مه‌ریکایی، که‌ هه‌رکه‌سێکی دژی خۆیان و له‌ سه‌نگه‌ری به‌رانبه‌ریاندا بووبێت، وه‌ک دیل گرتببێتیان، تووره‌که‌یان له‌سه‌ر ناوه‌. نه‌ریتی تووره‌که‌ له‌سه‌رنان نه‌ریتێکی کۆنه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می جه‌نگی خاچهه‌ڵگرانی دژ به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلام. کاتێک ڕیچچارد لایۆن هارت (Richard Lion heart)[3]ی سه‌رکرده‌ی خاچهه‌ڵگران، له‌ جه‌نگه‌کانیدا دژ به‌ هێزه‌کانی ئیسلام به‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی سه‌لاحوددینی ئه‌ییووبی، که‌ سه‌رباز  و چه‌کدار و پیاوانی ئه‌ییووبی، دوای گرتنی قودس به‌ دیل ده‌گرت، تووره‌که‌ی له‌سه‌ر ده‌نان. ئێستا ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ عیراق و ئه‌فغانستان و شوێنه‌کانی دیکه‌ی جیهانی ئیسلامیدا ده‌یکات، زیندووکردنه‌وه‌ی هه‌مان نه‌ریته‌ و درێژه‌پێدان و به‌رده‌وامییه‌کی هه‌مان جه‌نگیی خاچپه‌رستانه‌یه‌ و سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی میلیۆنان خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاته‌. ئه‌مه‌ریکا و ئه‌مه‌ریکایاندن، پاش سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، ئه‌گه‌ر به‌ پله‌ی یه‌که‌م لاوازکردن و سڕینه‌وه‌ی ئیسلام بێت، ئه‌وا تاویزم و هیندۆیزم و بوودایزم و کۆنفۆشیانیزم و مه‌ندائیزم و زه‌رده‌شتیزم و یارسانیزم و ئێزیدیزم و عه‌له‌ویزم و...ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ و هیچیان بێ زیان ده‌رناچن. ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وڕۆ ڕۆڵی پۆلیسی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌لیزێ و وه‌ک وڵاتێکی مه‌زن و زه‌نگین و پێشکه‌وتوو و ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن ئابوورییه‌کی تۆکمه‌ و ده‌سگایه‌کی له‌شکریی پڕهێز و مه‌زن و فه‌رهه‌نگێکی زاڵ، ئه‌وڕۆ ته‌واوی فه‌رهه‌نگه‌که‌ی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی ڕوویان تێده‌کات ده‌به‌شێته‌وه‌ و فه‌رهه‌نگی ئه‌و وڵاتانه‌ و ئایینه‌کانیشیان ده‌سڕێته‌وه‌ و هه‌وڵده‌دات بیانکاته‌ مه‌سیحی. ئه‌و مه‌سیحییه‌ته‌ی ئه‌وڕۆ له‌ چین، ڤیێتنام، ژاپۆن، هیندوستان، پاکستان، به‌نگلادیش، ئه‌مریکای لاتین، وڵاتانی ئه‌فریقا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و ته‌نانه‌ت کوردستانه‌که‌ی خۆیشماندا، بره‌وی په‌یدا کردووه‌، هه‌موو ئه‌مه‌ریکا و ئه‌مه‌ریکاییان و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریکا هێناویانه‌ و په‌خشی ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ریکا بێجگه‌ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت و قووڵکردنه‌وه‌ی جیاوازیی چینایه‌تیی و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی هه‌ندێک و لاتکردنی هه‌ندێکی دیکه‌، ڕووی له‌ هه‌ر وڵاتێکی کردبێت، ئه‌یدز، قه‌حبه‌خانه‌، به‌نگکێشان، خواردنه‌وه‌، قومارخانه‌، چه‌قۆکێشی و فه‌رهه‌نگی کوشتن و بڕین و له‌نێوبردنی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه‌. وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتین و  ڤیێتنام و ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و ئه‌فریقا، نموونه‌گه‌لێکی زیندوو و له‌به‌رچاوی ئه‌و قسه‌یه‌ن. ئێستاش مۆڵگه‌ و سه‌ربازگه‌ چۆڵکراوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌و وڵاتانه‌دا، جێی ژیان و حه‌وانه‌وه‌ و نیشته‌جیبوونی هه‌زاران ژنی له‌شفرۆشن، که‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریکا، له‌و شوێنانه‌دا، له‌گه‌ڵیاندا سێکسیون و به‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن بێت یا به‌ تۆبزی، ژیانیان تێکداون و کردوویاننه‌ له‌شفرۆش و له‌شفرۆشیی بووه‌ته‌ پیشه‌یان و بۆیان بووه‌ته‌ کارێک، که‌ هه‌رگیز لێی ڕزگار نابن و هه‌موو ژیانیان پێوه‌ی ده‌تلێنه‌وه‌. ئێستاش هه‌زاران منداڵیی بێ باوک، که‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ربازێکی ئه‌مه‌ریکایی بۆ جارێک دووان یا سێیان، له‌گه‌ڵ دایکیاندا نووستبێت، له‌و وڵاتانه‌ هه‌ن و باوکه‌کانی خۆیان ناناسن و ژنه‌کانیش، که‌ به‌و منداڵانه‌وه‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ئاوسبوون، ئه‌و زه‌لامانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆی ئاوسبوونیان، ناناسن. له‌ قورئاندا هاتووه‌﴿إِنَّ الْمُلُوك إِذا دَخَلُوا قَرْية أَفْسَدُوهَا وَجَعَلُوا أَعِزَّة أَهْلِهَا أَذلَّة‌ وَکذلِك يفعَلُون﴾[4]، واته‌"گه‌لی پادشایان بچنه‌ ناو هه‌ر شارێکه‌وه‌، تێکی ده‌ده‌ن، خه‌ڵکه‌که‌ی – هه‌رکام به‌ گه‌وره‌ ناوی هه‌بێ- سووکایه‌تی به‌ سه‌ر دێنن و ئه‌و ته‌رزه‌کارانه‌ ده‌که‌ن"[5]. ئه‌گه‌ر پادشایان هاوواتای ده‌سه‌ڵاتداران بن، ئه‌وا ئه‌مه‌ریکا و ته‌واوی کۆڵۆنیالیستانی جیهان، وه‌ک نه‌ریت و جۆری بیرکردنه‌وه‌ و ئامانج و مه‌به‌ست، که‌ ده‌چنه‌ هه‌ر وڵاتێک به‌ تێکدان و سووکایه‌تیپێکردن و وردکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی و به‌شینه‌وه‌یان به‌ سه‌ر ئایین و ئایینزا و زمان و نه‌ته‌وه‌ و خێڵ و هۆز و بنه‌ماڵه‌ و...ده‌یان شتی دیکه‌شدا ده‌ست پێ ده‌که‌ن. ئه‌وڕۆ له‌و سیاسه‌ته‌یاندا له‌ عیراق سه‌رکه‌وتنیان وه‌ده‌ستهێناوه‌. ئیسلامیان کرده‌ سوننه‌ و شیعه‌ و وا خه‌ریکه‌ ناوی ئیسلام له‌ گۆڕێدا نامێنێت. عه‌ره‌بیان کرده‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ و عه‌ره‌بی شیعه‌ و وا خه‌ریکه‌ ناوی عه‌ره‌ب له‌ گۆڕێدا نامێنێت. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکانێک هه‌بن پێیانوابێت، ئه‌مه‌ریکا له‌ کوردستاندا وه‌ها کارێک پێڕۆ ناکات و وه‌ها نه‌خشه‌یه‌ک پیاده‌ ناکات، ئه‌وا به‌ چاولێکردنێکی باری ئێستای باشووری کوردستان و وردکردنه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان بۆ کورد و تورکمان و کلدان و ئاشووری و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش بۆ کوردی سوننه‌ و کوردی شیعه‌ و کوردی فه‌یلی و کوردی ئێزیدی و کوردی شه‌به‌ک و کوردی کاکه‌یی و کوردی جاف و کوردی هه‌ورامی و کوردی نه‌قشبه‌ندی و کوردی قادری و کوردی سۆران و کوردی کرمانج و کوردی مه‌سیحی و کوردی موسوڵمان و  قوتکردنه‌وه‌ و هه‌ڵتۆقینی ده‌یان کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ و نێوه‌ندی جوێکردنه‌وه‌ی کورد له‌یه‌کدی، بێجگه‌ له‌ دوو حوکوومه‌تیی و سه‌دان پارتیی و گرۆی سیاسی دیکه‌، نیشانه‌یه‌کی زیندووی سیاسه‌تی نه‌خشه‌بۆداڕێژراوی ئه‌مه‌ریکایه‌ له‌هه‌مبه‌ر ته‌واوی جیهانی سێیه‌م و چواره‌م، به‌ کوردستانه‌که‌ی ئێمه‌یشه‌وه‌. ئه‌و په‌یامه‌ی ئه‌مه‌ریکا و جۆرج بووش و تۆنی بله‌یر و ته‌واوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ زلانه‌ پێیانه‌ بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و جیهانی سێیه‌م و چواره‌می ئه‌م جیهانه‌ و کوردستانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆیشمان، هه‌ر ئه‌و په‌یامه‌یه‌ و درێژه‌پێدانی ئه‌و په‌یامه‌یه‌، که‌ ڕیچچارد لایۆن هارت و ژه‌نه‌راڵ مۆد، پێیان بوو و له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوویان بۆ میزۆپۆتامیا و ڕۆژهه‌ڵات.

19/5/2005




[1] Peter Kadhammar, Var finns de jublande befriade folkmassorna?, Aftonbladet 2003-04-11.

[2] Erik Anderson, Ett imperialistiskt rövarkrig, Proletären, nr 13, 2003.

 به‌ کوردی به‌ "شێردڵ" به‌نێوبانگه‌.[3]
 القران الکریم، سورة النمل/34.[4]
 قورئانی پیرۆز، وه‌رگێڕاوی مامۆستا هه‌ژار، انتشارات تازه‌نگاه، چاپخانه‌ بزرگ قران کریم، ل 379.[5]

Wednesday, April 27, 2005

سه‌رۆککۆماره‌ په‌رجووه‌که‌

سه‌رۆککۆماره‌ په‌رجووه‌که‌

 

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی هه‌موو جیهان، مه‌گه‌ر تایبه‌ت بێت به‌ گۆرانی و مووزیک و ئه‌وانه‌، وه‌ک MTV، ده‌نا به‌ ده‌گمه‌ن گۆرانییان تێدا په‌خش ده‌کرێنه‌وه‌. ئه‌گه‌ریش وه‌ها کارێک بکرێت، ئه‌وا گواستنه‌وه‌ی کۆنسێرتێکی تایبه‌ته‌ یا بۆنه‌یه‌که‌، که‌ پێوه‌ندی به‌ ڕووداوێکی گرنگه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ک خڕکردنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشییه‌کی وه‌ک ئه‌یدز یا شێرپه‌نجه‌ یا بۆ کۆمه‌ک به‌ منداڵانی ئه‌فریقا یا برسییانی فڵانه‌ وڵات و لێقه‌وماوانی فڵانه‌ زه‌ویله‌رزه‌ یا هه‌ر شتێکی خێرخوازانه‌ی دیکه‌. ته‌نانه‌ت که‌ناڵه‌ عه‌ره‌بییه‌کانی هاوسێیه‌کانی کوردستانیش هه‌مان سیاسه‌تیان هه‌یه‌. تۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌ر چوار که‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌ کوردییه‌کان بکه‌یت، جاری وا هه‌یه‌، هه‌رچواریان له‌یه‌ک کاتدا، گۆرانی په‌خش ده‌که‌نه‌وه‌ و مووزیک لێ ده‌ده‌ن. ئه‌وجا چ گۆرانی و مووزیکێکیش! زۆرجاران مرۆڤ تووشی دڵتێکچوون ده‌که‌ن. تۆ که‌ ئه‌وه‌ ده‌بینیت، ئه‌وه‌ت بۆ ساغ ده‌بێته‌وه‌، که‌ کورد به‌ڕاستی له‌ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و چه‌قه‌نه‌ زیاتر ئه‌گه‌ر شتێکی دیکه‌یشی هه‌بێ، گه‌لێک که‌م و گچکه‌ن. ته‌له‌ڤزیۆنی کوردی، ده‌بوو هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژی دامه‌زراندنیانه‌وه‌ ئه‌وه‌یان بکردایه‌ته‌ ئامانج، که‌ هه‌رچی وزه‌ و توانستیان هه‌یه‌ ته‌رخانی که‌ن بۆ بردنه‌پێشه‌وه‌ی پرسی کورد و هاندانی خه‌ڵکی کورد و جۆشدانی خه‌ڵک کورد و هۆشیارکردنه‌وه‌ و وه‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورد، بۆ هه‌رچی زووتر گه‌یشتنه‌ به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان. ده‌بوو بۆ چرکه‌ کاتێکیش له‌ خه‌ڵک دانه‌بڕێن و له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا هه‌نگاو بنێن و پێش ڕووداو بکه‌ون. ده‌بوو ته‌واوی پرۆگرام و به‌رنامه‌کانیان، ته‌رخان بکه‌ن بۆ چوونه‌ نێو خه‌ڵک و ڕاپرسی و گواستنه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵک بۆ یه‌کدی و بۆ ده‌سه‌ڵات و گه‌رمکردنی ده‌مه‌ته‌قه‌ و گفتوگۆ و پرسیار و وه‌ڵام و ڕه‌خنه‌ و باسکردنی کێشه‌ و گیروگرفته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کان و خوێندنه‌وه‌ی بیروڕا جیاوازه‌کان و سه‌دان چالاکی دیکه‌، لێ ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی چاوێک له‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ بکات، زۆر باش ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وان ئه‌و گیانه‌ زیندوو و هه‌سته‌ گه‌رم و هیوا گه‌وره‌یه‌ی مرۆڤی کورد، گچکه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ چه‌قه‌نه‌ و مووزیک و سترانی ناکوردی و ناحه‌ز ده‌یتاسێنن و ده‌یمرێنن. بێجگه‌ له‌وه‌یش زۆرجاران ده‌بینیت سیان یا دووان له‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ به‌ عه‌ره‌بی یا تورکی یا تورکمانی په‌خش ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی بینه‌ری ئه‌و زمانانه‌یان گه‌لێک زۆر بن! ئه‌وه‌یه‌ ته‌له‌ڤزیۆنی کورد!

*****

  ئێستا که‌ ده‌نۆڕیته‌ میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان، ڕۆژنامه‌، ته‌له‌ڤزیۆن، ڕادیۆ، گۆڤار و ... به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی پۆستی سه‌رۆککۆماری عیراقی درایه‌، له‌ شاییگێڕان و گۆڤه‌ند و که‌یفکردن زیاتر شتێکی دیکه‌ت که‌متر به‌رچاو ده‌که‌وێت. کاتی خۆی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ ماوه‌ی یه‌ک مانگ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتی عیراق بوو، له‌ لایه‌ن میدیاکانی حیزبه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ هێنده‌ی شایلۆغان بۆ کرا و هێنده‌ باس کرا، سه‌ری مرۆڤی کوردی پێ گێژ و هێڕ کرا. ئێستاکه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ و کێ ده‌ڵێ زیاتریش نابێت و هه‌ندێکی دیکه‌یشی نادرێته‌ ده‌مه‌وه‌، ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵکی کورد خۆ ڕابێنن له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌راو و که‌یف و شاییگێڕانه‌ و ڕۆژانه‌ و بێ وچان و پشوودان، تامڵی خۆیان درێژ که‌ن و هه‌واڵ و باسی جه‌لال تاڵه‌بانی ببینن و ببیستن و بخوێننه‌وه‌.  میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، که‌ باسی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌که‌ن، به‌ڵێ به‌ سه‌رۆک مام جه‌لال و وه‌ک سه‌رۆکی عیراق ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا واده‌زانن باسی سه‌رۆکی کوردستان، یا یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان یا سلێمانی ده‌که‌ن. ئه‌وان ئه‌وه‌یان له‌یاد چووه‌، که‌ تاڵه‌بانی ئێستاکه‌ چه‌نده‌ سه‌رۆکی به‌سره‌ و دیوانییه‌ و حلله‌ و فه‌للووجه‌ و به‌غدایه‌، هه‌ر هێنده‌یش سه‌رۆکی سلێمانی و که‌لار و مه‌نده‌لی و ئامێدییه‌. میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، ته‌واوی ئه‌و بروسکه‌ و نامه‌ی پیرۆزباییانه‌ی ده‌گه‌نه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی، یه‌ک به‌ یه‌کیان ده‌خوێننه‌وه‌ و په‌خشی ده‌که‌نه‌وه‌. ته‌واوی ئه‌و دیدار و ژوانانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ هه‌رکه‌سێکی ده‌ره‌کی و ناوه‌کیدا ده‌یکات و ئه‌نجامی ده‌دات، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ده‌یخوێننه‌وه‌ و په‌خشی ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌ک و هه‌ر دیدارێکی ڕۆژنامه‌وانی و هه‌ر گوته‌یه‌کی، جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌یکات و ده‌یڵێت، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ده‌یڵێنه‌وه‌ و پێشانی ده‌ده‌ن و باسی لێوه‌ ده‌که‌ن. میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی، ئێستاکه‌ ڕۆڵی میدیاکانی عیراقیش ئه‌نجام ده‌ده‌ن. جاران و تا پێش بوونی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ سه‌رۆککۆمار باسکردنی چالاکی سه‌رۆککۆمار کاری ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه‌ عیراقییانه‌ بوو، که‌ له‌ به‌غداوه‌ په‌خش ده‌که‌ن. کارێک بوو پێوه‌ندی به‌ کاروباری عیراقه‌وه‌ هه‌بوو و پرسێکی عیراقییانه‌ بوو، نه‌ک کوردستانییانه‌، به‌ڵام ئێستاکه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆککۆماره‌، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ئه‌و پرسه‌یان کردووه‌ته‌ پرسێکی کوردستانی. من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر له‌بری جه‌لال تاڵه‌بانی یا هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ی کوردی سه‌ر به‌ لایه‌نێکی دیکه‌ یا بێلایه‌ن، بکرابایە به‌ سه‌رۆککۆماری نه‌ک هه‌ر هینی عیراق، به‌ڵکه‌ هینی هه‌موو جیهان، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، هه‌رگیز بۆیان گرنگ نه‌بوو و به‌م شێوه‌یه‌یان بۆ نه‌ده‌کرد و به‌م جۆره‌یان باس نه‌ده‌کرد، به‌ڵکه‌ پشتگوێیشیان ده‌خست. جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌وڕۆ سه‌رۆککۆماری عیراقه‌ و ئه‌ویش یه‌کێکه‌ وه‌ک غازی ئه‌لیاوه‌ر (غازي الیاور)ی سه‌رۆکی پێشووی عیراق. که‌ ئه‌لیاوه‌ر سه‌رۆک بوو، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی باسی نامه‌ و بروسکه‌ و دیدار و ژوانه‌کانیان نه‌ده‌کرد، ئێستاکه‌ بۆ باسی ئه‌وانه‌ی تاڵه‌بانی ده‌که‌ن!

*****

یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، که‌ ته‌واوی میدیاکانی نێو وڵات بخاته‌ خزمه‌ت سه‌رۆککۆماری عیراقه‌وه‌ و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ خۆی له‌ باژێڕه‌کانی کوردستان هاندات بۆ شاییگێڕان، به‌ڵکه‌ له‌ شاره‌کانی ئه‌وروپایش به‌زمی جه‌ژن و ئاهه‌نگ و شایی ساز ده‌که‌ن, بۆ ئه‌و چوونه‌سه‌رته‌خته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی. له‌ باژێڕه‌کانی سوێد، هۆڵاند، ئه‌ڵمانیا، ئینگلستان و...خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان خڕ ده‌کرێنه‌وه‌ و بانگ ده‌کرێن و ده‌خرێنه‌ شاییگێڕان و هه‌ڵپه‌ڕکێوه‌. ئه‌و خه‌ڵکه‌ش ته‌نێ هه‌ڵپه‌ڕکێی تێدا بێت، ئیدی سێودووی لێ ناکات و هیچ بیر له‌وه‌یش ناکاته‌وه‌، بۆ هه‌ڵده‌په‌ڕێت! ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ بێت، یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان پێی ده‌نۆڕێته‌ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆککۆماریی عیراق له‌ لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه‌، ده‌بوو عه‌ره‌بی سوننه‌ و هۆزی شه‌ممه‌ریش، خورد و خه‌ویان له‌ خۆ و له‌ هه‌موو جیهان حه‌رام کردایه‌ و شه‌و و ڕۆژ شاییان بگێڕایه‌، کاتێک  غازی ئه‌لیاوه‌ر بوو به‌ یه‌که‌م سه‌رۆککۆماری عیراقی دوای سه‌ددام حوسه‌ین، لێ وه‌هایان نه‌کرد!

*****

ئه‌وه‌ی جێی پرسیار و سه‌رسووڕمانه‌ ئه‌وه‌یه‌، هه‌ندێک له‌و نووسینانه‌ی، لێره‌ و له‌وێ له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه‌وه‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ و بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، وای پێشان ده‌ده‌ن، که‌"گه‌لی عیراق شانازییه‌کی گه‌وره‌یان پێبڕا کاتێک که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی سیاسی و رووناکبیری ئازادیخوازی وه‌ک مام جه‌لال ده‌بێت به‌ سه‌رۆک کۆماریان...مام جه‌لال وه‌ک ماندێلا، ده‌توانێت ماناو ناوه‌ڕۆکێکی نوێ به‌ پۆستی سه‌رکۆماری بدات و ئه‌م پۆسته‌ بگۆڕێت به‌ کایه‌یه‌کی دیکه‌ی داهێنان و گۆڕانکاری...هه‌ڵبژاردنی مام جه‌لال به‌ سه‌رۆک کۆماری عیراق له‌و رووداوه‌ گرنگانه‌یه‌ که‌ ده‌توانێت واقیع بگۆڕێت و حورمه‌تێک بۆ عه‌داله‌ت بگێڕێته‌وه‌. ده‌توانێت هیوایه‌کی نوێ به‌ کوردو گه‌له‌ بنده‌سته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بدات و سه‌ره‌نجام ژیان جوانتر بکات...جه‌نابی وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێکی رووناکبیرو به‌ئه‌زموون، که‌ هه‌موو ژیانی دژی سته‌م و بۆ ئازادیی گه‌له‌که‌ی ته‌رخان کردووه‌، ده‌توانێت کۆمه‌ڵی عیراق به‌ کولتوورێکی سیاسی نوێ ئاشنا بکات و کۆمه‌ڵه‌ پرنسیپێکی سیاسی نوێ بۆ پێکه‌وه‌ژیانی یه‌کسانانه‌و ئازادانه‌ی گه‌لانی عیراق دابهێنێت "[1]. یه‌کێکی دیکه‌ ده‌نووسێت:"هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێز مام جه‌لال بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عیراق رووداوێکی مێژوویی که‌م وێنه‌یه‌. له‌ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا، کێشه‌ی گه‌لی کوردستان بۆ ئاستێکی جیهانی سه‌رنج راکێش پتر هه‌ڵکشا...گه‌ر ئه‌وان بزانن دانانی سه‌رۆکێکی کورد وڵات له‌ گیانی جیابوونه‌خوازی و شه‌ڕو شۆڕی ناوخۆیی دوور ده‌خاته‌وه‌و ئاشتی و ئاسایش له‌سه‌رده‌می سه‌رۆکێکی کورددا سه‌قامگیرتر ده‌بێت، ئیدی ئه‌وان بۆ له‌ سێبه‌ری فیدرالی و دیموکراسی بترسن؟...سه‌رۆک کۆمار رۆڵه‌ی گه‌له‌و یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی شه‌وو رۆژ خه‌باتی له‌پێناوی ئازادی و رزگاریدا کردووه‌. سه‌رۆک کۆماری پێشوو دیکتاتۆرو خوێنڕێژو بکوژی بووه‌، سه‌رۆک کۆماری ئه‌مڕۆ خزم و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رو ناسیاوه‌. په‌یامێکی دیموکراتی پێیه‌و ده‌یه‌وێ مافه‌ زه‌وتکراوه‌کان وه‌رگرێته‌وه‌و خه‌ون و ئاواتی شه‌هیده‌کان بهێنێته‌ دی. خۆشی و شادی خه‌ڵک((رێکه‌وت)) و ((رێکخراو)) و ((پلان بۆ دانراو)) نه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی و خۆڕسکی ته‌قیه‌وه‌. هه‌ر له‌ زاخۆوه‌ تا (ام قصر) و له‌ خانه‌قینه‌وه‌ بۆ(طریبیل) شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ بووه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌...هیوادارم کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات زه‌مینه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌که‌ن نێوی به‌ڕێز مام جه‌لال له‌سه‌ر لیستی پاڵێوراوه‌کانی(خه‌ڵاتی نۆبل) بۆ ئاشتی ساڵی 2005 بێت، بۆ ئه‌و ده‌وره‌ی له‌ماوه‌ی پتر له‌نیوسه‌ده‌داو به‌تایبه‌تی له‌رووخانی رژێمی پێشوو به‌دواوه‌ گێڕاوێتی بۆ هێورکردنه‌وه‌ بارودۆخی گرژو ئاڵۆزی سیاسی له‌عیراق و ناوچه‌که‌دا. ئه‌و کاته‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ رێزگرتنه‌ له‌که‌سێک هه‌موو هێزو توانای بۆ ئاشتی و پێکه‌وه‌ ژیان خستۆته‌ گه‌ڕ.."[2]. ئه‌و نووسین و بۆچوونانه‌، که‌ ته‌نێ "سه‌رۆکمان زێڕه‌"یان ناته‌واوه‌، بێجگه‌ له‌ پێشاندانی هه‌ژاریی خه‌یاڵ و مه‌رایی و مامه‌حه‌مه‌یی، خۆدزینه‌وه‌یه‌کن له‌ گوتنی  ڕاستییه‌کان و چاونووقاندنێکن له‌ دیرۆکی مرۆڤێک، که‌ نووسه‌ره‌کانیان له‌ ئێمه‌ی خوێنه‌ر باشتری ده‌ناسن، لێ له‌به‌ر هۆیه‌ک یا هۆیه‌کی دیکه‌[3]، خۆیانی لێ نه‌بان ده‌که‌ن. مرۆڤ له‌وه‌ تێناگات، گه‌لی عیراق بۆچی شانازییه‌کی گه‌وره‌یان پێ ده‌بڕێت به‌وه‌ی، جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌بێته‌ سه‌رۆککۆماریان! ئایا هه‌ر به‌ڕاستی جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ له‌ ڕووی سیاسی و ڕووناکبیرییه‌وه‌! ئایا هه‌ر به‌ ڕاستی پیاوێکی هێنده‌ ئازادیخوازه‌، که‌ هێنده‌ جێی شانازیی خه‌ڵک بێت! جه‌لال تاڵه‌بانی، ڕه‌نگه‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ له‌وانه‌ی دیکه‌ی عیراقییه‌کانی ده‌وروبه‌ری بڕێک بزێوتر و له‌به‌رچاوتر بێت، ئه‌ویش به‌ هۆی ئه‌و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌ی، له‌ ژیانی سیاسیی خۆیدا کردوویه‌تی و پێیدا تێپه‌ڕیوه‌ و به‌وه‌یش ڕه‌نگ و بۆیه‌کی داوه‌ته‌ خۆی و کرده‌وه‌کانی و خۆی له‌وانی دیکه‌ جودا کردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ کاتێک هینی ئه‌وه‌ نییه‌، شانازیی پێوه‌ بکرێت. گه‌لێک گوناهه‌ ناوی جه‌لال تاڵه‌بانی و ماندێلا بخرێنه‌ ڕیزی یه‌که‌وه‌ و وه‌ک یه‌ک چاویان لێ بکرێت. ماندێلا، ئه‌گه‌ر سه‌رده‌می بره‌وی ئایین بووایه‌ و بکرابایە پایه‌ی ئایینی ببه‌شرێته‌وه‌، ده‌بوو پله‌ی پیرۆزیی پێ ببه‌خشرایه‌ و بخرایه‌ته‌ ڕیزی فریشته‌ و په‌یامبه‌ر و پاکڕه‌وانانه‌وه‌، چونکه‌ هه‌موو ژیانی خۆی بۆ ئازادی و داد و یه‌کسانی گه‌ل و وڵاته‌که‌ی و مرۆڤایه‌تیی ته‌رخان کردووه‌. ماندێلا، خه‌ڵاتی تورکیای وه‌رنه‌گرت و دایه‌ دواوه‌، له‌ دژی سیاسه‌تی تورکیا له‌هه‌مبه‌ر کورد و گه‌لی کوردستان، لێ جه‌لال تاڵه‌بانی ئاماده‌یه‌ شه‌ووڕۆژ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیادا بێت و بکاته‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌نێو کۆڕی ئه‌واندا بێت. ماندێلا هه‌میشه‌ دژی چه‌وساندنه‌وه‌ و چه‌وسێنه‌ر بووه‌ و هه‌رگیز پشتیوانی له‌ سته‌م و دیکتاتۆران نه‌کردووه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، نه‌ک بۆ خه‌ڵاتێک، به‌ڵکه‌ بۆ قه‌لێک و پله‌ گۆشتێکی گه‌وره‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو سیاسه‌تی خۆی بگۆڕێت و له‌ ته‌واوی په‌یمان و بڕیاری خۆی په‌شیمان ببێته‌وه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی به‌وه‌ ناسراوه‌، که‌ گه‌لێکی بۆ سه‌خته‌، گوتار و هه‌ڵوێست و دیدی سیاسیی خۆی "شه‌ومه‌نه‌"[4] بکات. جه‌لال تاڵه‌بانی لاملی سه‌ددام حوسه‌ینی دیکتاتۆر و مرۆڤکوژ و دڕنده‌ و ده‌ستی سه‌نعان قه‌سسابی که‌ونه‌به‌عسی و تۆرانی و دوژمنی کوردی ماچ ده‌کرد. ئه‌وه‌ی ئاگاداری ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆککۆماری عیراقی ئێستا بێت، ئه‌وه‌ی له‌کن ئاشکرایه‌، که‌ سه‌رۆککۆمار کابرایه‌کی بێده‌سه‌ڵاته‌ و هیچی ئه‌وتۆی پێ ناکرێت و ئه‌و پۆسته‌ ته‌نێ پۆستێکی ڕه‌مزییه‌، ئیدی جه‌لال تاڵه‌بانی چۆن ده‌توانێت ئه‌و پۆسته‌ی بگۆڕێت به‌ کایه‌یه‌کی داهێنان و گۆڕانکاری!. جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌گه‌ر له‌ سیاسه‌تدا کایه‌ی داهێنان و گۆڕانکاری کردبێت، ئه‌وا داهێنان و گۆڕانکاری له‌ گۆڕینی خێرای دیتن و گوتار و هه‌ڵوێسته‌کانیدا کردووه‌، که‌ هه‌میشه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی پرسی گه‌لی کوردستانه‌وه‌ بوونه‌. هه‌ڵبژاردنی جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک هه‌ڵبژاردنی هه‌ر سه‌رۆککۆمارێکی بێده‌سه‌ڵاتی ئه‌م جیهانه‌ وایه‌ و هیچ ڕووداوێکی گرنگیش نییه‌ و هه‌رگیزیش ناتوانێت واقیعێکی بۆگه‌نی وه‌ک واقیعی عیراق بگۆڕێت، چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌وتۆی به‌ده‌ست نییه‌ و که‌ وایش نه‌بێت ئیدی چۆن حورمه‌ت بۆ عه‌داله‌ت ده‌گێڕێته‌وه‌! ئه‌و وه‌ک سه‌رۆککۆمار پابه‌ندی ته‌واوی قانوون و ڕێساکانی ئه‌و ڕێژیمه‌ی عیراقه‌، که‌ هه‌موو جموجووڵێکی سنووردار ده‌کات و ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌گرێت هه‌ر له‌ خۆڕا بتوانێت هه‌ڵسوکه‌وت بکات. ئه‌وجا سه‌رۆکێکی بێده‌سه‌ڵات و گرێدراوی قانوونه‌کانی عیراق، که‌ ته‌نانه‌ت تاڵه‌بانی بۆ خۆیشی به‌ وڵاتێکی عه‌ره‌بی ده‌یژمێرێت، چ هیوایه‌ک به‌ کورد و گه‌له‌ بنده‌سته‌کانی خۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌دات و ده‌بێ ئه‌و گه‌له‌ بنده‌ستانه‌، چ دڵخۆشییه‌کیان به‌و سه‌رۆکه‌ هه‌بێت و ئه‌و سه‌رۆکه‌ چۆن ده‌توانێت ژیان له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا جوانتر بکات! ئه‌مه‌ ته‌نێ خه‌یاڵێکی خۆشه‌ و خۆزگه‌یه‌که‌ و هیچی دی! ڕاسته‌ جه‌لال تاڵه‌بانی پیاوێکی ئه‌زموونداره‌، به‌ڵام به‌ڕاستی هه‌موو ژیانی دژی سته‌م و بۆ ئازادی گه‌له‌که‌ی ته‌رخان نه‌کردووه‌. ئه‌وه‌ی ئاگادارییه‌کی له‌ ژیانی جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌بێت، ده‌زانێت، له‌ نێوان 1962 و نیوەی مانگی شوباتی 1964دا له‌گه‌ڵ شۆڕشی کوردستاندا بوو، به‌ڵام ئیدی له‌وە به‌ دواوه‌، هه‌میشه‌ ڕۆڵی سازێنەری دووبه‌ره‌کی و له‌تکردن و پارچه‌کردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی بینیوه‌. ته‌واوی هزر و سیاسه‌ت و زانینی خۆی بۆ به‌شینه‌وه‌ی کورد و تێکدانی یه‌کڕیزی کورد ته‌رخان کردووه‌ و به‌ کردار و ڕه‌وتار و گوتار له‌گه‌ڵ سته‌م و دژی ئازادی گه‌له‌که‌ی بووه‌. وه‌ها مرۆڤێک چۆن ده‌توانێت کۆمه‌ڵی عیراق به‌ فه‌رهه‌نگێکی سیاسی نوێ ئاشنا بکات و چۆن ده‌توانێت داهێنان بهێنێته‌ گۆڕێ بۆ پێکه‌وه‌ ژیانی یه‌کسانانه‌ و ئازادانه‌ی خه‌ڵک، له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌و بۆ خۆی گیانێکی تێکده‌رانه‌ی هه‌بێت! هه‌ڵبژاردنی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ سه‌رۆککۆماریی عیراق، بۆ ده‌بێ ڕووداوێکی که‌موێنه‌ بێت! تاڵه‌بانی، که‌ خۆی به‌ عیراقییه‌کی عه‌یار 24 ده‌زانێت، چ جیاوازییه‌که‌ی له‌ هه‌ر عیراقییه‌کی تر هه‌یه‌ تا هێنده‌ که‌موێنه‌ بێت! ئه‌و له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی، که‌ ئێستا له‌ سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتی عیراقن و له‌ په‌رله‌مانی عیراقدان و له‌ نێو حیزبه‌ عیراقییه‌کاندا کار ده‌که‌ن، هیچ جیاوازییه‌که‌ی نییه‌، ته‌نێ ئه‌وه‌ نه‌بێت، که‌ ئه‌و ده‌توانێت به‌ زمانی کوردییش قسان بکات. هه‌رچی کێشه‌ی گه‌لی کوردستانیشه‌، به‌ هۆی بوونی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ سه‌رۆککۆمار، هه‌رگیز له‌ شوێنی خۆی نه‌جماوه‌ و هه‌ڵنه‌کشاوه‌ و له‌ جاران زیاتر هه‌رگیز نه‌بووه‌ته‌ جێی سه‌رنج و هه‌ر له‌ شوێنی خۆیدایه‌. ئه‌گه‌ر به‌ جه‌لال تاڵه‌بانییش بێت، پتر و پتر له‌ عیراقی نێزیک ده‌خاته‌وه‌. عه‌ره‌ب و عیراقییان، گه‌لێک باش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، که‌ تاڵه‌بانی له‌ خۆیان باشتر و جیددیتر و دڵسۆزانه‌تر، یه‌کیه‌تیی خاکی عیراقیان بۆ ده‌پارێزێت و له‌وان عیراقیانه‌تر ده‌هزرێت و له‌وان گه‌رمتر داکۆکی له‌ یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق ده‌کات. جیابوونه‌خوازیی، وشه‌یه‌که‌ نه‌یارانی ئازادی گه‌لی کوردستان به‌ درێژایی مێژوو به‌کاریان بردووه‌ و به‌کاری ده‌به‌ن و کوردی پێ تاوانبار کراوه‌ و ده‌کرێت. کورد بۆ خۆی ناڵێ: جیابوونه‌وه‌خوازیی. ئه‌وه‌ی عیراقییان و عه‌ره‌ب ناوی جیابوونه‌وه‌خوازیی لێ ده‌نێن، کورد بۆ خۆی پێی ده‌ڵێ: ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان. ئه‌وان(عیراقییان و عه‌ره‌ب) له‌ باسی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، زه‌نده‌قیان ده‌چێت و له‌وانه‌ ده‌ترسن، که‌ وه‌ها باسێک دێننه‌ گۆڕێ، لێ تاڵه‌بانییه‌کی خۆ به‌ عیراقی زان و داکۆکیکار له‌ عیراق و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، هه‌رگیز "ئه‌وان" لێی ناترسن، چونکه‌ ئه‌وان به‌ هینی خۆیانی ده‌زانن. "ئه‌وان" له‌و فیدرالییه‌ نیوه‌چڵه‌ش، که‌ تاڵه‌بانی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک وی بیرده‌که‌نه‌وه‌، باسی لێوه‌ ده‌که‌ن، له‌وه‌ش ناترسن. هه‌ر سه‌رۆککۆماری ئه‌مڕۆی عیراق به‌ ته‌نێ ڕۆڵه‌ی گه‌ل نییه‌، هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌یش، ته‌نانه‌ت سه‌ددام حوسه‌ین و هاوڕێیانی ویش ڕۆڵه‌ی گه‌لن. هیتله‌ر و ستالین و مۆسۆلینی و پینۆشێ و فرانکۆ و پۆڵ پۆت و هه‌موو ئه‌و دیکتاتۆرانه‌ی ئه‌م جیهانه‌یش ڕۆڵه‌ی گه‌لن و هیچ یه‌کێکیان له‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌هاتوون و خه‌ڵکی وڵاتێکی دیکه‌ی غه‌یری وڵاته‌که‌ی خۆیان نین، به‌ڵام که‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، ئیدی خۆیان لێ گۆڕاوه‌ و که‌وتوونه‌ته‌ وێزه‌ی خه‌ڵک. هه‌موو دیکتاتۆره‌کان، ڕۆژێک له‌ ڕۆژان، زارۆکێکی گچکه‌ی جوانکیله‌ بوونه‌ و خۆشه‌ویستی دایک و باوکی خۆیان بوونه‌ و له‌ کۆڵان وازییان کردووه‌ و کۆڕی گه‌ڕه‌ک و هاوڕێی خه‌ڵک و تاکێکی گه‌له‌که‌ی خۆیان بوونه‌. تاڵه‌بانی، ئه‌گه‌ر ساڵانێکی ته‌مه‌نی خۆی(تا سه‌ره‌تای ساڵی 1964) بۆ کوردایه‌تیی ته‌رخان کردبێت و خه‌باتی بۆ ئازادی و ڕزگاری کردبێت، ئه‌وا ته‌واوی ساڵانی دوای ئه‌و ساڵه‌ی، بۆ تێکدانی یه‌کیه‌تیی کورد ته‌رخان کردووه‌. هه‌موو هه‌وڵ و کۆششێکی بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و حیزبه‌که‌ی بووه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش په‌نای وه‌به‌ر هه‌موو ئامراز و فڕوفێڵێک بردووه‌. ئه‌و سێودووی له‌وه‌ نه‌کردووه‌ و له‌وه‌ نه‌سڵه‌میوه‌ته‌وه‌، که‌ له‌ خزمه‌تی بیانیدا و له‌ سه‌نگه‌ری بیانیدا، دژایه‌تیی شۆڕشی گه‌له‌که‌ی بکات. دیاره‌ ئه‌وه‌ ڕاسته‌، که‌ سه‌رۆککۆماری پێشوو (سه‌ددام حوسه‌ین) دیکتاتۆر و خوێنڕێژ بووه‌، لێ سه‌رۆککۆماری ئێستایش(جه‌لال تاڵه‌بانی) فریشته‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌کی ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی، که ‌جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1964ه‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆی کوشتنیان، له‌به‌رده‌ستا بن، ڕه‌نگه‌ خۆ له‌ دەیان هه‌زار و پتر که‌س بده‌ن. تاڵه‌بانی، له‌و ساڵه‌وه‌ به‌ کرده‌وه‌ ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌ی به‌ره‌یه‌کی دژه‌شۆڕش بووه‌ و له‌ نێوان 1964-1970 له‌گه‌ڵ له‌شکری عیراقدا و به‌ چه‌کی حوکوومه‌تی عیراق و به‌ سواری تانک و هه‌لیکۆپته‌ری عیراقی، پێشمه‌رگه‌ی کوردی ده‌کوشت و گوندی کوردستانی وێران ده‌کرد و دژی شۆڕشی کورد و خه‌ڵکی کورد ده‌جه‌نگا و به‌ هه‌زاران که‌س له‌و جه‌نگانه‌دا کوژراون. تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی، هیچ حیزبێکی کورد نه‌ماوه‌، په‌لاماریان نه‌دابێت و له‌گه‌ڵیدا نه‌که‌وتبێتنه‌ جه‌نگه‌وه‌. پارتیی دیموکراتی کوردستان، حیزبی سۆسیالیستی کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، پاسۆک، پارتیی گه‌ل، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، حیزبی کۆمۆنیستی کارگه‌ری و...زۆری دیکه‌ش، نموونه‌یه‌کی ئه‌وانه‌ن. جه‌نگه‌کانی پشتئاشان ئێستایش له‌ بیرگه‌ی خه‌ڵکدا زیندوون. کوشتاره‌که‌ی حوزه‌یرانی شاری سلێمانی، که‌ ده‌یان خه‌ڵکی بێتاوانی تێدا شه‌هید کران. جه‌نگی براکوژه‌ی 1994 و دواتر. تاڵه‌بانی، بۆ خۆی وه‌ک ڕێبه‌ری حیزبێک و سه‌رکرده‌ی بزاڤێک و هێزێکی چه‌کدار، ئاگاداری کوشتنی هه‌زاران خه‌ڵکی ساڵانی شه‌ڕی چه‌کداریی چیایه‌، که‌ بێ پێزانینی وی، کوشتنیان ئاسان نه‌بووه‌، ئیدی بۆ ده‌بێ تاڵه‌بانی وه‌ک فریشته‌ سه‌یر بکرێت!. وه‌دیهێنانی خه‌ون و ئاواتی شه‌هیده‌کانیش هه‌رگیز به‌ عیراقییاندنی باشووری کوردستان و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق و به‌هێزکردنی ناکرێت، که‌ تاڵه‌بانی خه‌باتی بۆ ده‌کات، به‌ڵکه‌ به‌ خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌و عیراقه‌ ده‌بێت و به‌ خۆدابڕین ده‌بێت لێی و به‌ لاوازکردنی و ڕووخاندنی ده‌بێت. خۆشی و شادی خه‌ڵک، که‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانه‌وه‌ پێشان ده‌درێن و شایی و گۆڤه‌ند و ئاهه‌نگگێڕانی خه‌ڵک، ئه‌وانه‌ی باشووری کوردستان و کوردانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، هه‌ر هه‌موو ڕێکخراو و نه‌خشه‌بۆدانراو بووه‌ و هیچی ڕێککه‌وت نه‌بووه‌. ئه‌و جۆره‌ چالاکییانه‌ له‌ وڵاتی کوردستان و ئه‌وانه‌ی وه‌ک کوردستان، به‌ فه‌رمانی حیزب ده‌کرێن و ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی ڕێکخه‌ریانە. ئه‌و ئاهه‌نگ و به‌زمه‌ی سه‌رۆککۆماریی جه‌لال تاڵه‌بانی، یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان بۆ خۆی ڕێکخه‌ریه‌تی و ئه‌وان بۆ خۆیان له‌ پشتییه‌وه‌ن و سازی ده‌که‌ن. ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌ی خۆیان ڕاسته‌خۆ پێشانیان ده‌دات و ڕێکلامیان بۆ ده‌کات. داخوازی ئه‌وه‌ی کوردانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان هه‌وڵبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ناوی کاندید بکرێت بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی "نووبێل"ی ئاشتی ساڵی 2005، به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵاته‌ بۆ خۆی واتا و به‌هایه‌کی هه‌بێت، ئه‌وا داخوازییه‌کی سه‌یر و گاڵته‌ئامێز و مایه‌ی پێکه‌نینه‌، به‌ڵام بۆ نا، کاتێک ده‌بینین، ئه‌و خه‌ڵاته‌ خه‌ڵکانی وه‌ک "مه‌ناحیم بیگن" و "ئه‌نوه‌ر ئه‌سسادات" و "یاسر عه‌ره‌فات" و...وه‌ری ده‌گرن، ئه‌وده‌می که‌سێکی وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانییش ده‌شێ وه‌ری بگرێت.

*****

جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌ونه‌ به‌عسییه‌کی موخابه‌راتی ئه‌نفالکاری کوردکوژی عیراقی، وه‌فیق ئه‌سسامه‌ڕائی(وفیق السامرائی) ده‌کاته‌ ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی خۆی و ده‌ڵێت، که‌ ئه‌سسامه‌ڕائی هه‌ر له‌و کاته‌یشدا، که‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوو له‌ نێو ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌یندا، پێوه‌ندی به‌ ئه‌وان و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ هه‌بووه‌. تاڵه‌بانی، ناڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌سسامه‌ڕائی ئه‌و پێوه‌نده‌ی هه‌بووه‌، ئیدی بۆ ئه‌نفالی کوردی ده‌کرد! ئه‌گه‌ر ڕاست بێت و پێوه‌ندیشی بووبێت، ئه‌وا دیاره‌ تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی ئاگادارییان له‌مه‌ڕ ئه‌نفاله‌وه‌ هه‌بووه‌ و هاوئاگه‌نگییه‌ک له‌ نێوان ئه‌وان و ئه‌سسامه‌ڕائیدا هه‌بووه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌وڵده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی عیراق بگێڕێته‌وه‌ بۆ ئامێزی وڵاتانی عه‌ره‌ب، چونکه‌ پێیوایه‌ عیراق یه‌کێکه‌ له‌و وڵاتانه‌ و ده‌بێ بچێته‌وه‌ نێویان. جه‌لال تاڵه‌بانی، پێیوایه‌ بنبڕکردن و له‌ڕه‌گوڕیشه‌وه‌ ده‌رهێنانی به‌عس، کارێکی ڕاست نییه‌ و ده‌یه‌وێت حیزبی به‌عس زیندوو بکاته‌وه‌ و یه‌که‌م سه‌ردانی بۆ سووریا ده‌کات و پێیشیوایه‌، هه‌موو ئه‌ندامانی حیزبی به‌عس سه‌ددامی نین. ڕه‌نگه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی حیزبی به‌عس سه‌ددامی نه‌بن، به‌ڵام هه‌موویان به‌عسین و خاوه‌نی دید و بیروباوه‌ڕێکی نه‌ته‌وه‌یی شۆڤینیست و دژه‌ خه‌ڵک و گه‌لانی ناعه‌ره‌بن. ئه‌وان ئه‌گه‌ر سه‌ددامییش نه‌بن، عه‌فله‌قی، ئه‌سه‌دی، عه‌یسه‌میی، عیززه‌تی، تاریقی، یا شتێکی دیکه‌ن، که‌ هیچ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان بیرکردنه‌وه‌یاندا نییه‌ و هه‌موویان له‌ یه‌ک خانه‌دان. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عیراق و له‌ کوردستان ڕووده‌دات، له‌ ڕفاندن و کوشتنی خه‌ڵک و ته‌قینه‌وه‌ و تێکدان و وێرانکاری، هه‌موو به‌ ده‌ستی که‌ونه‌به‌عسییان و به‌ پاشماوه‌ی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی له‌شکره‌که‌ی عیراقی به‌عس ئه‌نجام ده‌درێن. ئێستایش ته‌واوی کارگێڕی و ده‌سگاکانی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی ڕێژیمی نوێی عیراق، تژین له‌ که‌ونه‌به‌عسییان و هه‌ر ئه‌وانیشن، دۆزی ئه‌و وڵاته‌ ئاڵۆزتر ده‌که‌ن. جه‌لال تاڵه‌بانی، پشتی سوننه‌ی عه‌ره‌ب، که‌ 83 ساڵ چه‌وسینه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بوون، ده‌گرێت و ده‌یانهێنێته‌ پێشه‌وه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، پێیوایه‌ تورکمان له‌ هه‌موو خه‌ڵکی دیکه‌ زیاتر چه‌وساونه‌وه‌ و مافیان خوراوه‌ و سته‌میان لێ کراوه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، نایه‌وێ سه‌ددام حوسه‌ین، که‌ 182000 کوردی ئه‌نفال کردووه‌، 8000 بارزانی له‌نێو بردووه‌، پتر لە  20000 لاوی کوردی فه‌یلی کوشتووه‌، 5000 خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی گازباران کردووه‌ و ده‌یان هه‌زاری دیکه‌ی لێ بریندار و ده‌رده‌دار کردوون، 2000000 سه‌رباز و چه‌کداری له‌ جه‌نگی ئێران و کوردستان و کووه‌یتدا به‌ کوشت داوه‌، هه‌زاران شیعه‌ی کوشتووه‌، له‌ سێداره‌ بدرێت!. جه‌لال تاڵه‌بانی به‌زه‌یی به‌ سه‌ددام حوسه‌یندا دێته‌وه‌، به‌ڵام به‌زه‌یی به‌ شه‌هیدانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و کوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌کان و شیعەکاندا نایه‌ته‌وه‌ و له‌ که‌س و خه‌ڵکانی ئه‌و شه‌هیدانه‌ ناپرسێت، که‌ چییان ده‌وێت و ده‌یانه‌وێ چی له‌ سه‌ددام حوسه‌ین و ده‌سته‌که‌ی بکرێت! جه‌لال تاڵه‌بانی، پێیوایه‌ کورد سه‌ربه‌خۆیی ناوێت و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و داخوازییه‌ ده‌بێت، چونکه‌ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردیی شتێکی دووره‌ده‌سته‌ و هاوسێیه‌کانی عیراق ڕێگه‌ به‌ هه‌نگاوێکی له‌و جۆره‌ ناده‌ن و پێیوایه‌ کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزا بۆ ڕاپرسی (ڕیفراندۆم) به‌ واتای داواکردنی سه‌ربه‌خۆیی نییه‌. دیاره‌ جه‌لال تاڵه‌بانی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ هاوسێیه‌کانی عیراق، تورکیا، سووریا، ئێران، ئوردون، کووه‌یت و عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌، بانگهێشتنی کورد بکه‌ن و پێی بڵێن: وه‌رن ده‌وڵه‌تی خۆتان ڕاگه‌یه‌نن و جاڕیی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بده‌ن!. کورد ئه‌گه‌ر به‌ ته‌مای ئه‌و هاوسێیانه‌ی بێت، به‌ تایبه‌ت تورکیا و ئێران و سووریا، ئه‌وا هه‌رگیز ڕزگاری نابێت و هه‌ر به‌ بنده‌ست ده‌مێنێته‌وه‌. ڕزگاربوون و سه‌ربه‌خۆیی و جاڕدانی ئازادی کوردستان، پێش هه‌ر شتێک به‌ ئاماده‌کردنی خه‌ڵکه‌ بۆی. به‌ بارهێنان و جۆشدانی خه‌ڵکه‌ بۆی. به‌ به‌رده‌وام ده‌نگ بڵندکردنه‌وه‌یه‌ بۆی. خڕکردنه‌وه‌ی ئێمزای خه‌ڵکی کوردستان بۆ ڕاپرسیی، ڕێک پێچه‌وانه‌ی قسه‌که‌ی تاڵه‌بانی ده‌گه‌یه‌نێت و واتای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، که‌ گه‌لی کوردستان نه‌یانگه‌ره‌که‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا بژین و به‌ عیراقه‌وه‌ گری بدرێن. ئه‌و ڕاپرسییه‌ ده‌نگی خه‌ڵکی کورده‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاری و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان. ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یڵێت، گاڵته‌پێکردن و سووکایه‌تیکردنه‌ به‌ خواست و ڕای گه‌لی کوردستان. جه‌لال تاڵه‌بانی و ته‌واوی ئه‌و کوردانه‌ی، دڵیان به‌ عیراق خۆشه‌ و وه‌دووی ده‌سه‌ڵاتدا له‌ به‌غدا غار ده‌ده‌ن، ده‌بوو شه‌رمیان به‌خۆیاندا هاتباوە، که‌ ئێستا له‌ ته‌نیشت ئاڵای به‌عسه‌وه‌ داده‌نیشن و قسان ده‌که‌ن. ئه‌و ئاڵایه‌ی به‌عس، که‌ له‌ په‌نایدا ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ کراوه‌ و سه‌دان هه‌زار کورد شه‌هید کراون و نیوه‌ی کوردستان وێران کراوه‌. کورد پێش جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌ر له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌، سه‌دانی وه‌ک تاڵه‌بانی و گه‌لێک له‌و به‌هێزتر و تواناتریشی له‌ بواری سیاسه‌تی عیراقیدا هه‌بووه‌ و هیچ یه‌کێکیشیان کێشه‌ی کورد و پرسی گه‌لی کوردستانیان هێنده‌ی ڕێزه‌یه‌ک نه‌بردووه‌ته‌ پێشێ. هه‌ر له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ینیشه‌وه‌، هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌ و کۆمه‌ڵێکی دیکه‌یش وه‌زیر و کارگێڕی کورد هه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی عیراقدا، ئه‌وانه‌ی پێش سه‌ددام و زێباری و ئه‌وانه‌ی دوای سه‌ددام، چییان بۆ کورد کردووه‌، تاڵه‌بانیش هه‌ر هێنده‌ی پێ ده‌کرێت. ئه‌و کورده‌ی وه‌زیر و گزیر و کارگێڕ بێت له‌ عیراقدا، به‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆککۆماریشه‌وه‌، مادام له‌ به‌غدایه‌ و به‌شێکه‌ له‌ ده‌سگای ده‌سه‌ڵاتی عیراقی و به‌ ناوی عیراقه‌وه‌ قسان ده‌کات و کار بۆ ڕێژیمی عیراق ده‌کات، ئه‌وا بۆ کورد هیچی پێ ناکرێت، له‌ بازنه‌ی عیراقدا ده‌خولێته‌وه‌ و به‌ قازانجی عیراق و یه‌کیه‌تیی خاکی عیراق و یه‌کپارچه‌یی عیراق کار ده‌کات. ئێستا تاڵه‌بانی به‌م پۆسته‌ بێده‌سه‌ڵاتانه‌یه‌ی خۆیه‌وه‌ و به‌و بیروباوه‌ڕه‌یه‌وه‌، که‌ هه‌یه‌تی و به‌و خه‌ڵکه‌ی، به‌ چوارده‌ورییه‌وه‌ن، ده‌بێ چی بۆ کورد پێ بکرێت! من پێم وایه‌ نه‌ک هه‌ر هیچی باشی پێناکرێت، به‌ڵکه‌ زۆرجاران ڕیسه‌که‌ له‌ کورد ده‌کاته‌وه‌ به‌ خوری.

                                                                                                         27-04-2005

 

 

 

 

 



[1] د.ره‌فیق سابیر، سه‌رۆک کۆماری ئازادی،  کوردستانی نوێ، ژماره‌ 3641 یه‌کشه‌ممه‌ 10/4/2005.

[2] فازڵ که‌ریم ئه‌حمه‌د(م. جه‌عفه‌ر)، گرنگی و بایه‌خی هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێز مام جه‌لال بۆ سه‌رۆکایه‌تیی عیراق، کوردستانی نوێ، ژماره‌ 3651، پێنجشه‌ممه‌ 21/4/2005.                                                     .

[3] "لغایة‌ في نفس یعقوب"، واته‌: به‌هۆی مه‌به‌ستێکه‌وه‌، که‌ له‌ دڵی یه‌عقووبدا هه‌یه‌.

[4]واته‌: ئه‌وه‌ی که‌ شه‌و ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ گه‌رمێن به‌و خۆراک و شیوه‌ی پاشماوه‌ی شه‌و ده‌ڵێن"شه‌ومه‌نە".

 

 

Monday, April 25, 2005

میدیاکانی به‌عسیش هه‌ر به‌و جۆره‌یان ده‌کرد

میدیاکانی به‌عسیش هه‌ر به‌و جۆره‌یان ده‌کرد 
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ ژماره‌ 3645ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی 25/4/2005دا و له‌ لاپه‌ڕه‌ی 9 دا و له‌ ژێر سه‌ردێڕی"کورد و مه‌سه‌له‌ی کورد، کتێبێک بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان"، جه‌بار سابیر، گوتارێکی نووسیوه‌، که‌ ڕانانی کتێبێکی "دوکتۆر شاکر خه‌سباک"ه‌، به‌ نێوی"کورد و مه‌سه‌له‌ی کورد". ڕانه‌ری کتێبه‌که‌، به‌ باشی کتێبه‌که‌ی خوێندووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵیسه‌نگاندووه‌ و کۆمه‌ڵێک نموونه‌ی له‌ نووسینه‌که‌ی دوکتۆر خه‌سباک هێناوه‌ته‌وه‌ و ته‌واوی کتێبه‌که‌ی دوکتۆر خه‌سباکی پێ کارێکی چاک و زانستییه‌ و باسی وێژدان و ڕاستگۆیی دوکتۆر خه‌سباک ده‌کات و کۆڵێک په‌سنی کتێبه‌که‌ ده‌دات. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسووڕمانه‌ و به‌لای مرۆڤه‌وه‌ سه‌یره‌، جه‌بار سابیری ڕانه‌ری ئه‌و کتێبه‌ وا باس له‌و کتێبه‌ ده‌کات، وه‌ک بڵێی هه‌ر له‌ ئه‌سڵدا دوکتۆر خه‌سباک به‌ کوردی نووسیبێتی و به‌ هیچ جۆرێک به‌لای ئه‌وه‌دا ناچێت، که‌ ئه‌و کتێبه‌ له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ کراوه‌ته‌ کوردی و به‌ هیچ جۆرێک ناوێ ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی به‌ کوردی نه‌هێناوه‌ و ته‌نانه‌ت ناوی ئه‌و په‌خشخانه‌یه‌شی نه‌بردووه‌، که‌ کتێبه‌که‌ی چاپ کردووه‌. ئه‌و کتێبه‌ من(ئه‌مجه‌د شاکه‌لی) بۆ خۆم کردوومه‌ته‌ کوردی و ساڵی 1997، له‌ سوێد و له‌ لایه‌ن "بنکه‌ی چاپه‌مه‌نی ڕۆژ"ه‌وه‌ بۆ یه‌که‌م جار چاپ کراوه‌. چاپی دووه‌میشی وا ئه‌مساڵ و له‌ لایه‌ن په‌خشخانه‌ی"ئاراس"ه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر کراوه‌، که‌ من بۆ خۆم هێشتا نه‌مدیوه‌. له‌ هیچ جێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌ وه‌ها کارێک ناکرێت، که‌ وا به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ و به‌ ئاشکرا، باس له‌ کتێبێکی وه‌رگێڕدراو بکرێت، بێ ئه‌وه‌ی نێوی وه‌رگێڕه‌که‌ ببرێت و باسێکی زمانی وه‌رگێڕانه‌که‌ی بکرێت و نێوی  ده‌سگای بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ ببرێت!. وه‌ها کارێک مه‌گه‌ر ته‌نێ له‌ کوردستانێکدا ڕوو بدات، که‌ "لێوانلێوه‌ له‌  دیموکراتی"! وه‌ها کارێک له‌  پێڕۆکردن و دووباره‌کردنه‌وه‌ و لاساییکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی به‌عس زیاتر شتێکی دیکه‌ نییه‌،  چونکه‌ میدیاکانی به‌عسیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یان ده‌کرد.                                                                                                   

25/4/2005

Thursday, April 7, 2005

قرتاندنی بڕگه‌یه‌کی مێژوو

قرتاندنی بڕگه‌یه‌کی مێژوو
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئه‌م پاش نیوه‌ڕۆیه‌، یه‌کێکم له‌ کۆنه‌ شاگردانی خۆم، که‌ پێش ده‌ دوازده‌ ساڵێک، له‌ یه‌کێک له‌ خوێندنگه‌کانی شاری ستۆکهۆڵم کۆمه‌کی زمانی سوێدی و وانه‌کانی دیکه‌م ده‌کرد، تووشبوو. ئه‌و خه‌ڵکی باکووری کوردستانه‌. له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی تورکیدا پێکه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون. سڵاوێکم لێکردن و لێیان تێپه‌ڕیم. پاش تۆزێک گوێم لێبوو، له‌ پشتمه‌وه‌ بانگم ده‌کات. که‌ ئاوڕم دایه‌وه‌ گوتی: مامۆستا کوردستان ئازاد بوو! گوتم: چه‌وا! گوتی: جه‌لال تاڵه‌بانی، بوو جمهوور باشقان[1]! گوتم: ڕاسته‌، لێ ئه‌و نه‌بوو جمهوور باشقانێ کوردستان، ئه‌و بووه‌ جمهوور باشقانێ عیراق!                                                                 
*****
پێموانییه‌ هیچ کوردێک هه‌بێت پێی ناخۆشبێت، کوردێک ببێته‌ نه‌ک هه‌ر سه‌رۆکی عیراق، به‌ڵکه‌ سه‌رۆکی حه‌به‌شه‌ و په‌نه‌ما و چین و هه‌رجێیه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌. به‌ڵام به‌ڕاستی سه‌رۆک بێت و ده‌ست و پێی نه‌به‌سترابێته‌وه‌ و کاری پێ بکرێت. سه‌رۆکی عیراقی ئێستا، له‌گه‌ڵ شای سوێد و سه‌رۆکی ئیسرائیل و سه‌رۆکی تورکیا و سه‌رۆکی فینلاندا، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نییه‌ و ته‌نێ کار و پۆستێکی ڕه‌مزییه‌ و چ ده‌سه‌ڵاتێکی نییه‌. من له‌م قسه‌یه‌م، خودانه‌خواسته‌، مه‌به‌ستم که‌مکردنه‌وه‌ی نرخ و بایه‌خی سه‌رۆکی ئێستای عیراق نییه‌، به‌ڵکه‌ ته‌نێ ڕاستییه‌ک ده‌خه‌مه‌ ڕوو، که‌ نه‌ک هه‌ر من،  به‌ڵکه‌ هه‌موو خه‌ڵک ده‌یزانن.                                                                                                                        
*****
ئه‌وه‌ی ته‌ماشای میدیاکان و که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردسات بکات، دوو ڕۆژه‌ له‌ شایی و گۆڤه‌ند و فیقوفاقی ئۆتۆمبیل و گه‌ڕانی نێو شار و سه‌ر جاده‌ و خرۆشانی خه‌ڵکی شاره‌کانی کوردستان و په‌ڕۆی که‌سک و وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی زیاتر، شتێکی دیکه‌ نابینێت. په‌یتاپه‌یتا و سه‌دان جار، وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌ سه‌رده‌می منداڵی و مێردمنداڵییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌وڕۆی، پێشان ده‌درێت و مێژووی ژیانی باس ده‌کرێت و ده‌خوێنرێته‌وه‌. وه‌ک سیاسییه‌کی لێزان و خودان ئه‌زموون و کارا و بیریار باس ده‌کرێت و پێشان ده‌درێت. له‌ ته‌واوی  ئه‌و میژووه‌ی ژیانی تاڵه‌بانیدا، که‌ میدیاکان ده‌یخوێننه‌وه‌ و پێشانی ده‌ده‌ن، به‌لای تاکه‌ یه‌ک شتدا ناچن و خۆ له‌ قه‌ره‌ی یه‌ک شت ناده‌ن، که‌ ئه‌ویش گرنگترین بڕگه‌ی ژیانی تاڵه‌بانییه‌، ساڵانی 1966-1970، واته‌: ساڵانی پشتکردنه‌ شۆڕشی کورد و  جاشایه‌تییه‌. یه‌ک وێنه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ پێشان ناده‌ن. به‌ سه‌ر ئه‌و ساڵانه‌دا باز ده‌ده‌ن و نێویان نابه‌ن و باسیان لێوه‌ ناکه‌ن، وه‌ک بڵێی ئه‌و ساڵانه‌ له‌ ده‌رێی مێژوون و لێی ده‌رهاوێژراون و سڕاونه‌وه‌. مێژووی ژیانی مرۆڤ، هه‌موو ژیانیه‌تی، له‌ ڕۆژی زایینیه‌وه‌ تا ڕۆژی مردنی. دێرۆکی تاڵه‌بانی، بڕگه‌ی ساڵانی 1966-1970یشی تێدایه‌ و ناکرێت هه‌روا بقرتێنرێت و گومناو بکرێت. مرۆڤ له‌ ژیانیدا هه‌رچییه‌کی کردبێت و هه‌رچۆنێک بیری کردبێته‌وه‌، چاک یا خراپ، ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ به‌شێک له‌ مێژووی ژیانی. مرۆڤ هه‌رچه‌نده‌ له‌ بڕگه‌یه‌کی ته‌مه‌نیدا هه‌ڵه‌یش بووبێت و کرده‌وه‌گه‌لێکی کردبێت، که‌ پاشتر به‌ دڵی نه‌بن و لێیان په‌شیمان بووبێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه‌ کرده‌وه‌ی ئه‌ون و هه‌رگیز ناتوانێت حاشایان لێ بکات. مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ڕاستگۆ و بوێر، ئه‌و که‌سه‌یه‌ ددان به‌ هه‌ڵه‌ی خۆیدا ده‌نێ و ڕێکوڕه‌وان باسی هه‌ڵه‌ی خۆی ده‌کات و خۆی له‌ هیچ کێماسییه‌کی خۆی نادزێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی و ته‌واوی ده‌سته‌که‌ی و هه‌وادارانی، ساڵانی 1966-1970 به‌ جاشایه‌تی نازانن و پێیانوایه‌ بوونیان له‌ سه‌نگه‌ری حوکوومه‌تی عیراقدا دژ به‌ شۆڕشی کوردستان، خه‌بات بووه‌ و بۆ کورد تێکۆشاون، ئیدی بۆچی باسی ئه‌و ساڵانه‌ ناکه‌ن و به‌سه‌ریدا باز ده‌ده‌ن! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ساڵانه‌ش به‌ جاشایه‌تی و ناپاکی داده‌نێن، ئه‌وا با هێنده‌ بوێر بن و به‌ ڕاشکاوی بیڵێن و خۆیانی لێ نه‌بوێرن.                                                                                                                
*****
له‌و باسکردن و شاییگێڕانه‌ی میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستاندا و له‌ گوتار و نووسینی ماستاوساردکردنه‌وه‌ و مه‌رایی خۆبه‌ڕۆشنبیرزان و نووسه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدا، وا دێته‌ به‌رگوێ و به‌رچاو، که‌ زیره‌کی و لێوه‌شاوه‌یی و سیاسه‌تزانیی و شایسته‌یی جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌وی گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌و پۆسته‌ی ئێستای"سه‌رۆککۆماری عیراق". پێش هه‌ر شتێک، هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین، که‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای به‌غدا و عیراق، به‌ ڤیزه‌ و چرای که‌سکی ئه‌مه‌ریکا دانراون و داده‌نرێن و ده‌ستنیشان ده‌کرێن. پاش ئه‌وه‌ش دانانی سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و په‌رله‌مان و وه‌زیر و گزیر و هه‌موو تێڵابه‌ده‌ستێکی ئه‌و وڵاته‌، به‌ پێکهاتنی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌ قایلبوونی ئه‌مه‌ریکا و سیستانی و...ده‌کرێت، واته‌: ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان بۆ خۆیان نێوی"ته‌وافوق"ی لێ ده‌نێن. ئه‌گه‌ر ده‌نگدانێکی ڕاسته‌وخۆ و هه‌ڵبژاردنێکی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆککۆمار یا هه‌ر پۆستێکی دیکه‌ی ئه‌و وڵاته‌"عیراق" کرابا و خه‌ڵک ده‌نگیان به‌ که‌سه‌کان دابا و له‌ نێوان چه‌ند که‌سێکدا یه‌کێکیان هه‌ڵبژێردرابا، ئه‌وده‌م ده‌کرا باسی لێوه‌شاوه‌یی و گه‌لێری و کاریزما بکرێت. نه‌ک ئێستا، به‌ڵکه‌ هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق، باسی دانانی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ سه‌رۆککۆماری عیراق، له‌ ئارادا بوو و هه‌ر له‌وده‌مییه‌وه‌ نێوزه‌د کراوه‌. پاش ئه‌وه‌ش بۆ پشتگری و کۆمه‌ک و پشتیوانیکردنی ته‌واوی هێزه‌کانی کوردستان و خه‌ڵکی کورد،  به‌ هه‌موو توێژ و چین و جیاوازییه‌کانییه‌وه‌ له‌ دانانی تاڵه‌بانیدا به‌ سه‌رۆککۆمار له‌ یاد بکرێت و ته‌واوی ئازایه‌تی و لێهاتوویی و کاراییه‌که‌ بۆ ته‌نێ تاڵه‌بانی و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی بگێڕدرێته‌وه‌!                                                                                         
*****
 کێ حه‌ز ناکات کورد هه‌میشه‌ له‌ شایی و که‌یف و خۆشیدا بێت، لێ نه‌ک بۆ هه‌موو شتێک هه‌ڵپه‌ڕێت و سه‌رچۆپی بگرێت و شایی بکات. له‌م شایی و شایلۆغان و به‌زم و هه‌رایه‌ی کوردستاندا، له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌سێکدا قسه‌ ده‌کرێت و هه‌ر که‌سێک ده‌مده‌کاته‌وه‌،  هه‌ڵبژاردنی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ خۆشترین ڕۆژی ژیان و ڕۆژی له‌دایکبوون و سه‌رکه‌وتنی کورد و...داده‌نێت. ئه‌و خه‌ڵکه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عیراقیش هه‌مان شتیان ده‌گوت و هه‌مان کاریان ده‌کرد، وه‌ک بڵێی کورد له‌ هه‌ڵپه‌ڕکێ زێتر هیچی دیکه‌ی نییه‌. خۆزگه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌رچی وزه‌ و توانست و که‌یفیان هه‌یه‌، ته‌رخان ده‌کرد و هه‌ڵیانده‌گرت بۆ  ڕزگاربوونی کوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان و هه‌ڵبژاردنی  په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆککۆماری کوردستان و یه‌ک ڕێزه‌یان له‌و وزه‌یه‌، له‌ پێناوی  عیراق و عیراقییه‌تیدا به‌ سه‌رۆککۆمارییه‌کیشییه‌وه‌، به‌ فیڕۆ نه‌ده‌دا.                                                                                                               
7/4/2005
                                                                                          



 وشه‌یه‌کی تورکییه‌ به‌ واتای:"سه‌رۆککۆمار".[1]

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...