Monday, December 20, 2004

ئه‌وروپا، تورکیا و کورد

ئه‌وروپا، تورکیا و کورد

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

که‌ له‌یلا زانا، وه‌ک یه‌که‌م ژنی کورد هه‌ڵبژێردرا بۆ ئه‌ندامیه‌تیی په‌رله‌مانی تورکیا و له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان و میدیادا، به‌ ڕه‌نگه‌کانی ئاڵای کوردستانه‌وه‌ ڕاوه‌ستا و به‌ کوردی قسه‌ی کرد و پۆلیسی تورک گرتیان و خستیانه‌ زیندانه‌وه‌، خۆی وه‌ک نموونه‌ی ژنێکی شۆڕشگێڕ و خاوه‌نهه‌ڵوێست و گرێدراوی پرسی نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌ جیهان دایه‌ ناسین. که‌ له‌یلا زانا دوای به‌ربوونی له‌ زیندانی تورکیا، بانگهێشتنی برۆکسل کرا و له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا خه‌ڵاتی زاخارۆفی پێ به‌خشرا، خۆی وه‌ک نموونه‌ی که‌سێک دایه‌ ناسین، که‌ پرۆپاگه‌نده‌ بۆ تورکیا و یه‌کیه‌تیی تورکیا و گۆجه‌دیموکراتییه‌که‌ی تورکیا ده‌کات. یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپایش، که‌ له‌یلا زانا بانگ ده‌کاته‌ په‌رله‌مانه‌که‌ی خۆی و گوێی لێ ده‌گرێت و ڕێگه‌ی پێده‌دات، ته‌نانه‌ت به‌ زمانی کوردیی بپه‌یڤێت، له‌به‌ر کورد ئه‌و کاره‌ ناکات، ئه‌و بۆ خه‌مڵاندن و ڕازاندنه‌وه‌ و ئارایشتکردنی تورکیا وه‌ها کارێک ده‌کات. ئه‌و، تورکیا له‌به‌رچاوی ئه‌وروپاییان ده‌ڕازێنێته‌وه‌ و خۆشک ده‌کاته‌وه‌. که‌ له‌یلا زانا باس له‌ دامه‌زراندنی پارتییه‌کی سیاسی بۆ کورد له‌ تورکیادا ده‌کات، پارتییه‌ک ساز ده‌کات، له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و دیدی فه‌رمیی تورکیادا هاوئاهه‌نگ و هاوبیر بێت. له‌یلا زانا، پارتییه‌ک ساز ده‌کات، که‌ خزمه‌ت به‌ یه‌کپارچه‌یی تورکیا و که‌وێکردنی پرسی کورد و مرۆڤی کورد له‌ باکووری کوردستاندا بکات. له‌یلا زانای 2004، له‌یلا زانای 1995 نییه‌. له‌یلا زانا، ئێستا هه‌ر ئه‌و ئاوازه‌ی عه‌بدوڵڵا ئوێجالان ده‌خوێنێت، که‌ له‌ ئیمرالییه‌وه‌ په‌خش ده‌کرێته‌وه‌ و قسه‌کانی ئه‌و ده‌ڵێته‌وه‌. ئوێجالان، که‌ ساڵانێک خه‌ڵکانێکی نێو گه‌ڕه‌لاوژێی ڕۆشنبیریی کوردی به‌ "عیسای مه‌سیح" و "گیڤارا" و "حوسه‌ینی که‌ربه‌لا"، نیویان ده‌برد و باسیان لێوه‌ ده‌کرد، ئێستا ده‌ڵاڵی یه‌کپارچه‌یی تورکیا و گۆجه‌دیموکراتییه‌که‌یه‌تی و تووتی ئاسا قسه‌ئیملاپێکراوه‌کانی میت و پۆلیس و ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا واژوو ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێته‌وه‌. چالاکی و بزاڤه‌ سیاسییه‌کانی له‌یلا زانا و ئوێجالان و زۆرێکی هه‌وادارانی وانیش، له‌ یه‌ک سه‌رچاوه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێن و ده‌ڕژێنه‌ یه‌ک ئاوه‌ڕۆوه‌. ئوێجالان و خه‌ڵکانێکی زۆری کورد، که‌ لایه‌نگر و هه‌واداری تێزه‌کانی وین، کۆڵێک دڵیان به‌وه‌ خۆشه‌، تورکیا ببێته‌ ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا. ئه‌وانه‌ی وا بیر ده‌که‌نه‌وه‌، پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر تورکیا ببێته‌ به‌شێک له‌ ئه‌وروپا، ئیدی له‌ سیاسه‌ت و ڕه‌وتار و هه‌ڵسوکه‌وتدا وه‌ک وڵاتێکی ئه‌وروپایی کار ده‌کات و به‌ چاوێکی ئه‌وروپاییانه‌ ده‌نۆڕێته‌ پرسی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد و پێیانوایه‌ خێروبێر به‌ سه‌ر کورددا داده‌بارێت. یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا یانه‌یه‌کی مه‌سیحییه‌ و ته‌واوی ئه‌وروپای مه‌سیحی ده‌گرێته‌ خۆ. تورکیا بۆ ئه‌و یانه‌یه‌ وه‌ک جووجکه‌غه‌ریبه‌یه‌ک وایه‌ و جێگیربوونی له‌ نێو ئه‌واندا گه‌ڵێک سه‌خت و دژواره‌. تورکیا، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ک ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و قانوون، خۆ به‌ سێکولار و نائایینی ده‌داته‌ناسین و بانگاشه‌ی بۆ ده‌کات، لێ له‌ ناوه‌ڕۆکدا وڵاتێکی ئیسلامییه‌. دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستانیش، که‌ ئێستا وه‌ک نه‌خشه‌ و به‌ فه‌رمیی به‌شێکه‌ له‌ تورکیا و به‌شێکی زۆری ئه‌و که‌مینه‌ نه‌ته‌وانه‌ی نێو تورکیاش وه‌ک ئایین و فه‌رهه‌نگ هه‌موو هه‌ر موسوڵمانن. ئه‌و ڕاستییه‌، هه‌ڵکردنی تورکیایه‌کی موسوڵمان له‌گه‌ڵ و له‌ نێو یانه‌یه‌کی مه‌سیحیدا(یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا) و قایلبوونی ئه‌و یانه‌ مه‌سیحییه‌ به‌ ئه‌ندامیه‌تیی تورکیایه‌کی موسوڵمان تێیدا، سه‌ختی و دژوارییه‌ک له‌ هه‌ردوو لاوه‌ ساز ده‌کات و پێکه‌وه‌ ژیانیان له‌ هه‌ردوو لاوه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا، که‌ وه‌ک ڕواڵه‌ت یه‌کیه‌تییه‌کی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و جڤاکییه‌، له‌ ناوه‌ڕۆکدا هه‌وڵدانێکه‌ بۆ سازکردنی هێزی دووه‌م و ملانێکه‌ری ئه‌مه‌ریکا و جێگری ئه‌مه‌ریکا له‌ ڕووی سیاسی و له‌شکریشه‌وه‌. یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا، سازکردنی هێزێکی دووه‌می دوای ئه‌مه‌ریکایه‌ له‌ به‌ره‌ی ئیمپریالیزمی جیهانیدا. ئێستا ڕووسیاش دوای نه‌مانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت و به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ک هێز و بلۆکێک، ده‌یه‌وێت له‌هه‌مبه‌ر ئه‌مه‌ریکا و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپادا، ئه‌ویش بۆ خۆی هێزێکی دیکه‌ قوت کاته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌ویش به‌رده‌وام هه‌وڵی خۆنێزیکخستنه‌وه‌ له‌ تورکیا و هیندوستان و ئه‌وانه‌ ده‌دات. ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا هه‌ریه‌ک به‌ جیا، کاتێک گه‌ره‌کیانه‌ تورکیا به‌لای خۆدا ڕاکێشن، بێجگه‌ له‌ تورکیا بۆ خۆی، ئه‌وان بیر له‌ کۆماره‌ تورکزمانه‌ موسوڵمانه‌ پڕ نه‌وت و گاز و کانزاکانی که‌ونه‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێتیش ده‌که‌نه‌وه‌. به‌ هێنانی تورکیا بۆ نێو بازنه‌ی ئیمپریالیزمی ئه‌وروپا، هێنانی ئه‌و کۆمارانه‌ و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئابوورییان گه‌لێک هاسان ده‌بێت، چونکه‌ ئه‌وانه‌ گرێدراوی تورکیان، چ له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگ و زمان و چ له‌ ڕووی ئایینیشه‌وه‌. له‌ ته‌واوی ئه‌م هاوکێشه‌ جنۆکه‌ئاسانه‌دا و له‌ نێوان تورکیا و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیادا، ده‌بوو سیاسه‌تکارانی کورد، بڕێک بیریان له‌ که‌مینه‌کانی نێو ئه‌وروپا و ڕووسیا و ئه‌مه‌ریکا وڵاتانی دیکه‌ی مامه‌ندی ئه‌وان کردبایه‌وه‌. قه‌ره‌جه‌کانی ڕۆمانیا، باسکه‌کانی ئیسپانیا و فرانسا، که‌تالانه‌کانی ئیسپانیا، ئیرلاندییه‌کانی ئیرلاندی باکوور، سامه‌کانی سوێد و نۆروێژ و فینلاند، تورکه‌کانی بوڵگارستان، چێچنییه‌کانی چێچێنستانی نێو ڕووسیا، ئیندیانه‌کانی نێو ئه‌مه‌ریکا، ماورییه‌کانی نیوزیلاند، ئه‌بۆریجینه‌کانی ئه‌وسترالیا و...که‌ نمووگه‌لێکی زیندوون، هه‌میشه‌ مه‌ترسیی تواندنه‌وه‌ و هه‌وڵی تواندنه‌وه‌یان له‌ سه‌ر بووه‌ و له‌ سه‌ره‌. ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وروپا، ئه‌وسترالیا، نیوزیلاند، که‌ هه‌موویان له‌ نێو یه‌ک بازنه‌ی فه‌رهه‌نگی و بیر و سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌دان، هه‌میشه‌ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌کانیان داوه‌ و ده‌ده‌ن. ئه‌وان فه‌رهه‌نگی زاڵی خۆیان به‌ سه‌ر ئه‌و که‌مینانه‌دا ده‌سه‌پێنن و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه‌ جیاوازه‌کانی ئه‌وان ده‌ده‌ن. ئه‌وروپا ده‌یه‌وێت، یه‌کفه‌رهه‌نگی و یه‌کشێوه‌یی و یه‌کسیاسه‌تی له‌ نێو یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپادا بئافرێنێت. ئه‌گه‌ر تورکیا ببێته‌ ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا،  داهاتووی کورد و باکووری کوردستان، هه‌رگیز له‌و که‌مینانه‌ی نێو ئه‌وروپا باشتر نابێت. یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا به‌ تورکیای ئه‌ندامیشییه‌وه‌(ئه‌گه‌ر وه‌رگیرا)، ئه‌وده‌می هه‌موو ده‌نگ و داخوازییه‌کی کورد بۆ جوێبوونه‌وه‌ و سه‌رخۆبوون و ئازادی و ڕزگاری ده‌مکوت ده‌که‌ن و داده‌پڵۆسن. ته‌واوی سیاسه‌تی دژه‌کورد و وێرانکردنی کوردستان، که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیای که‌مالیست پێڕۆی کردووه‌ و ده‌کات، به‌به‌رچاوی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپاوه‌ کراوه‌ و ده‌کرێت. تورکیا گه‌وره‌ترین وه‌رگری کۆمه‌کی له‌شکریی ئه‌مه‌ریکایه‌. تورکیا به‌ هۆی نێزیکی و هاوسێیه‌تیی یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت له‌ سه‌رده‌مێکدا و بوونی له‌ نێو خۆرهه‌ڵاتی ناڤیندا، جێگه‌یه‌کی ستراتیژی و گه‌لێک گرنگی هه‌بووه‌. له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی سارددا و به‌رده‌وام، فره‌ترین و باڵاترین جۆری کۆمه‌کی له‌شکریی وه‌رگرتووه‌. له‌ ساڵی 1984دا ئه‌وه‌ش گۆڕا و ئه‌و ڕێژه‌ فره‌تر به‌رز بووه‌وه‌. ته‌نێ له‌ سه‌رده‌می کلینتندا کۆمه‌کی له‌شکریی ئه‌مه‌ریکا بۆ تورکیا چوار هێنده‌ی کۆمه‌که‌کانی هه‌موو ساڵانی سه‌رده‌می جه‌نگی سارد، به‌رز بووه‌وه‌. ئه‌و کۆمه‌کانه‌ش شتی زۆر گرنگ و دژوار بوون. نوام چۆمسکی ده‌ڵێت:"ئه‌مه‌ریکا 80%ی چه‌کی له‌شکری تورکیای دابین ده‌کرد و ئه‌و چه‌کانه‌ش ده‌مانچه‌ نه‌بوون، به‌ڵکه‌ بێگومان فڕۆکه‌ی جه‌نگی و تانک و ڕاوێژکاریی له‌شکری و شتی دیکه‌ بوون. بۆچی؟ هۆی ئه‌و کۆمه‌که‌ ئه‌وه‌ بوو، که‌ تورکیا له‌و ترۆپکه‌ ساڵانه‌دا، له‌ کۆتایی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و له‌ سه‌رده‌می کلینتندا، تێرۆری ده‌وڵه‌تیی دژ به‌ کورد، که‌ نێزیکه‌ی چواریه‌کی دانیشتووان پێکدێنن، پێڕۆ ده‌کرد. حوکوومه‌تی تورکیا جه‌نگێکی مه‌زنی له‌ دژ ده‌کردن"[1]. ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی سه‌ددام حوسه‌ینی دژ به‌ کورد و ئیسرائیلی دژ به‌ فلستنییانیش ئه‌و سیاسه‌ته‌ی پێڕۆ ده‌کرد. چۆمسکی ئه‌مه‌ریکا وه‌ک نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌، لێ لانکی دیموکراتی و مافی مرۆڤ(ئه‌وروپا و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا)یش له‌هه‌مبه‌ر تورکیا و عیراقدا وایان کردووه‌. ئه‌وان چاوپۆشییان له‌ ته‌واوی سیاسه‌ته‌کانی سه‌ددام حوسه‌ین و تورکیای دژ به‌ کورد و ئیسرائیلی دژ به‌ فلستینییان کردووه‌ و کاتێک، که‌ بۆ خۆیان پێویست بووبێت و به‌ قازانجی خۆیان بووبێت، باسیان لێ کردووه‌ و کاتێکیش پێویست نه‌بووبێت مته‌قیان لێ کردووه‌. ئه‌و ئازادی مرۆڤ و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕاده‌ربڕین و ئازادی زمان و فه‌رهه‌نگه‌ی، که‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا باسی لێوه‌ ده‌که‌ن و ده‌یکه‌نه‌ به‌ڵگه‌ بۆ نامرۆڤیی هه‌ندێک ڕێژیم و پێشلکردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی که‌مینه‌کان، ته‌نێ له‌ کاتی دژایه‌تی و ناکۆکیی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیاندا له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه‌دا، به‌کاری ده‌به‌ن و که‌ ئه‌و وڵاتانه‌ش هاتنه‌ ڕیزی خۆیانه‌وه‌ و بوون به‌ به‌شێک له‌ سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ی خۆیان، ئیدی ئه‌و باسانه‌ بۆ ئه‌وان گرنگ نییه‌ و گوێی خۆیانی لێ که‌ڕ ده‌که‌ن و چاوی خۆیانی لێ کوێر ده‌که‌ن. کورد ده‌بێ چاوه‌نۆڕی هه‌ر ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵوێسته‌ بێت و چ هیوایه‌کی به‌ یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا نه‌بێت. یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌یه‌کی بۆ کورد و باکووری کوردستان هه‌بێت، ئه‌وا ته‌نێ به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ی ده‌سته‌مۆکردن و فێره‌ گوێڕایه‌ڵی و کوشتنی گیانی سه‌ربه‌خۆیی و شۆڕشگێڕی و یاخیبوونی کوردی پێیه‌ و هیچی دیکه‌.                                                                                                  

20/12/2004       



[1] نعوم تشومسکی، القوه‌ والارهاب جذورهما فی الثقافة الامریکیة‌، تحریر جون جنکرمان و تاکی مساکازو، ترجمة ابراهیم یحیی الشهابي، دارالفکر، دمشق 2003، ص80.

Wednesday, December 15, 2004

یادێک له‌ گه‌وره‌مامۆستایه‌ک

یادێک له‌ گه‌وره‌مامۆستایه‌ک

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

دوای نیوه‌ڕۆی به‌هارێکی گه‌رمی به‌غدا، که‌ وانه‌که‌مان ته‌واو بوو و زه‌نگی پشوو لێیدا، هه‌موو به‌ په‌له‌ بووین بۆ وه‌ده‌رکه‌وتن و ته‌نێ  چاوه‌نۆڕی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی مامۆستا بووین. ئه‌و وه‌ده‌رکه‌وت و هه‌موو ئێمه‌ش وه‌ده‌رکه‌وتین. منیش یه‌کێک بووم له‌وان. ماوه‌یه‌کی زۆر بوو پرسیارێک، که‌ تایبه‌ت بوو به‌ مامۆستا و هه‌ر ئه‌ویش ده‌یتوانی وه‌ڵامم بداته‌وه‌، مێشکمی بارگران کردبوو و وه‌دووی وه‌ڵامه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕام و هه‌ر ڕێکنه‌ده‌که‌وت لێی بپرسم. ئه‌وده‌مه‌م به‌ ده‌رفه‌تم زانی و خۆم لێی نێزیک کرده‌وه‌ و هه‌ر له‌به‌ر ده‌رگای پۆله‌که‌دا پرسیاره‌که‌م لێ کرد: مامۆستا له‌ یه‌کێک له‌ کتێبه‌کانتدا"انهیار نظریة الراسمالیة‌ المخططة‌(داڕووخانی تیۆری سه‌رمایه‌داریی نه‌خشه‌دار)"، واژه‌یه‌کی تێدایه‌ به‌ نێوی ئه‌ریستۆکراتیی کارگه‌ری"الارستقراطیة‌ العمالیة"، که‌ کارگه‌ر کارگه‌ره‌، ئیدی چۆن ده‌بێته‌ ئه‌ریستۆکرات، حه‌ز ده‌که‌م بۆم ڕوون بکه‌یته‌وه‌، که‌ مه‌به‌ستت چییه‌ له‌وه‌ و ئه‌و ئه‌ریستۆکراتییه‌ چۆن په‌یدا ده‌بێت؟ مامۆستا قۆڵی چه‌پی له‌ قۆڵی ڕاستم توند کرد و له‌به‌ر ده‌رگای پۆله‌که‌ی خۆمانه‌وه‌، که‌ له‌ نهۆمی سێیه‌م بوو، به‌ پلیکانه‌کاندا هاتینه‌ نهۆمی دووه‌م و هاتینه‌ نهۆمی یه‌که‌م و هاتینه‌ نێو حه‌وشه‌ و باخچه‌که‌ و به‌ره‌و به‌ر ده‌رگای حه‌وشه‌ ڕۆیشتین و له‌ ده‌رگای حه‌وشه‌ وه‌ده‌رکه‌وتین و له‌ جاده‌که‌ په‌ڕینه‌وه‌ و له‌ ده‌رگای کۆلێژی قانوون و سیاسه‌ت وه‌ژوورکه‌وتین و به‌نێو باخچه‌ و حه‌وشه‌که‌دا ڕۆیشتین و تا گه‌یشتینه‌ به‌ر ده‌رگای پۆلێک، که‌ مامۆستا له‌وێ ده‌بوو وانه‌ی هه‌بێت، ئه‌و هه‌ر باسی ئه‌و بابه‌ته‌ی بۆ ده‌کردم، که‌ لێم پرسیبوو و وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌می ده‌دایه‌وه‌ و نموونه‌ی بۆ ده‌هێنامه‌وه‌. که‌ زه‌نگی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی وانه‌ی ئێمه‌ لێیدا، ئه‌وجا پێی گوتم: "ئێستا هه‌ردووکمان وانه‌مان هه‌یه‌ و ده‌بێ بڕۆین، هیوادارم تێگه‌یشتبیت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا جارێکی دیکه‌ ئه‌و باسه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ و باشتر بۆت ڕوون ده‌که‌مه‌وه‌". سوپاسم کرد و به‌ هه‌ڕا ئه‌و هه‌موو ڕێگه‌یه‌م بڕی و خۆم گه‌یانده‌وه‌ پۆل و وانه‌که‌م.که‌ له‌ جێگه‌که‌ی خۆم دانیشتم و گوێم بۆ مامۆستاکه‌ی دیکه‌م ڕاده‌دێرا، بیرم له‌ مامۆستا ده‌کرده‌وه‌ و قسه‌کانی ویم له‌ گوێدا ده‌زرنگانه‌وه‌. ئه‌و ئه‌وه‌ی فێر کردم، که‌ سه‌ران و سه‌رکرده‌ کرێکارییه‌کان، کاتێک که‌ به‌ پلیکانه‌ی سه‌ندیکادا هه‌وراز هه‌ڵده‌کشێن و ده‌بنه‌ خودانی ملیوانی سپی و له‌ پشت مێزه‌وه‌ داده‌نیشن و پاره‌یان ده‌که‌وێته‌ بنده‌ست و له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نێزیک ده‌بن، ئیدی توێژی چینه‌که‌ی خۆیان فڕێ ده‌ده‌ن و ده‌خزێنه‌ نێو چینێکی دیکه‌وه‌ و ده‌بنه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌ستڕۆیشتووانی ئه‌و چینه‌ و ئه‌وده‌م ئیدی له‌ کارگه‌ری ده‌رده‌چن و ده‌بنه‌ ئه‌ریستۆکراتی کارگه‌ری.                                                                                                            
ڕۆژێکی یه‌کێک له‌ خوێندکاره‌کان له‌ باره‌ی پرسێکی ئابوورییه‌وه‌ پرسیارێکی له‌ مامۆستا کرد و گوتی، که‌ دوکتۆر عه‌بدوڕه‌سوول سه‌لمان(عبدالرسول سلمان) واده‌ڵێت و ده‌مه‌وێ بۆچوونی تۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ بزانم! عه‌بدوڕه‌سوول سه‌لمان، مامۆستای بابه‌تی ئابووری نێوده‌وڵه‌تی(الاقتصادالدولي) بوو و دوکتۆرای له‌و ڕشته‌یه‌دا له‌ ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات وه‌رگرتبوو. مامۆستاش دوکتۆرای نه‌بوو. پرسه‌ ئابوورییه‌که‌ش ئه‌وه‌ بوو، که‌ عه‌بدوڕه‌سوول سه‌لمان گوتبووی، که‌ عیراق دارخورمای زۆره‌ و خورمایه‌که‌ی زۆر وه‌به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ چیندا پێوه‌ندی باش بێت و بازرگانی و گۆڕینه‌وه‌ی ئابووری و کاڵا هه‌بێت و عیراق خورما بۆ چین بنێرێت و دانیشتووانی چینیش، که‌ یه‌ک ملیارد مرۆڤن ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌که‌و یه‌ک دانه‌ خورمایان به‌ر بکه‌وێت، ئه‌وا ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی، که‌ عیراق یه‌ک ملیارد خورما ده‌فرۆشێته‌ چین و به‌وه‌ش قازانجێکی باش ده‌کات و پاره‌یه‌کی باش بۆ عیراق دێته‌وه‌. مامۆستا گوتی:"عبدالرسول سلمان مایعرف الفباءالاقتصاد.." واته‌: "عه‌بدوڕه‌سوول سه‌لمان ئه‌لفبێی ئابووری نازانێت و..." و ئه‌وجا وه‌ڵامی پرسیاری خوێندکاره‌که‌ی به‌ بۆچوونی خۆی دایه‌وه‌.                                                                                                              
جارێکی وه‌ژوورکه‌وت و ژووره‌که‌ پڕ بوو له‌ ته‌پوتۆز. ته‌خته‌ڕه‌شه‌که‌ پێسکرابوو و زۆر شتی له‌ سه‌ر نووسرابوو و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ و پاکردنه‌وه‌ی درابوو و تۆزی گه‌چی ته‌باشیره‌کان ژووره‌که‌ی قانگدابوو. ته‌خته‌کانی، که‌ له‌ سه‌ری داده‌نیشتین، هه‌ریه‌که‌و ڕوویان له‌ جێگه‌یه‌ک کردبوو و بۆنی دووکه‌ڵی جگه‌ره‌ مرۆڤی کاس و هێڕ ده‌کرد. ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌رای خوێندکاره‌کان له‌ ده‌رێی پۆله‌که‌شه‌وه‌ ده‌هاته‌ گوێ. له‌ وه‌ها کاتێکدا وه‌ژوورکه‌وت و به‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو شتانه‌دا هات. هه‌موو له‌ شوێنی خۆمان ڕاوه‌ستاین وشکبووین و که‌س فززه‌ی لێوه‌ نه‌هات. ده‌یویست بزانێت چی ڕوویداوه‌ و بۆ وا بووه‌. له‌ یه‌ک دووانێکی پرسی و ئه‌وانیش گوتیان، که‌ هه‌روا گاڵته‌ و شۆخیی کراوه‌ و هیچی نائاسایی ڕووی نه‌داوه‌. پێی گوتین، که‌ ته‌خته‌ی دانیشتنه‌کانمان وه‌ک خۆیان لێ که‌ینه‌وه‌ و ته‌خته‌ڕه‌شه‌که‌ پاکژ که‌ینه‌وه‌ و په‌نجه‌ره‌کان بکه‌ینه‌وه‌ تا هه‌وای نێو ژووره‌که‌ بگۆڕێت و ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ ده‌رچێته‌ ده‌رێ و بۆ خۆیشمان له‌ به‌ر ده‌رگای ژووره‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ماوه‌ی ده‌ پازده‌ خوله‌کێک ڕاوه‌ستین تا هه‌موو باره‌که‌ ئارام ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وجا بێینه‌وه‌ ژوورێ. بۆ خۆیشی له‌گه‌ڵماندا له‌ ده‌رێی پۆله‌که‌ ڕاوه‌ستا. پاش ده‌ پازده‌ خوله‌که‌که‌ پێی گوتین، که‌ وه‌ژوورکه‌وین. که‌ هه‌موو دانیشتین و بێده‌نگیی باڵی به‌ سه‌ر هه‌موواندا کێشابوو، چاوی به‌ نێو هه‌مووماندا گێڕا و سه‌یری یه‌کبه‌یه‌کمانی کرد و گوتی:"هم چنا شباب مثلکم و..."واته‌: ئێمه‌ش وه‌ک ئێوه‌ گه‌نج بووین و..".                                                                                                              
جارێکی کتێبێکی خۆی، که‌ وه‌ک کتێبی خوێندن پێی ده‌گوتینه‌وه‌، له‌ ته‌واوبووندا بوو و گه‌یشتبووینه‌ دوالاپه‌ڕه‌کانی، پرسیاری ئه‌وه‌مان لێکرد، که‌ ئایا کتێبی دوای ئه‌وه‌مان چی ده‌بێت، گوتی:"کتێبچه‌یه‌کی بچووکه‌، پاش چه‌ند ڕۆژێکی دیکه‌، که‌ له‌ چاپخانه‌ ده‌رچوو،ده‌تانده‌مێ". پاش چه‌ند ڕۆژه‌که‌، کتێب هاتوو و که‌ به‌ سه‌رماندا دابه‌ش کرا، کتێبێکی ئه‌ستووری 400 لاپه‌ڕه‌ و پتر ده‌بوو. پێمان گوت، مامۆستا تۆ گوتت، که‌ کتێبچه‌یه‌کی گچکه‌یه‌، ئه‌ویش پێکه‌نی و گوتی:"ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ وایه‌!".                                                                                                   
مامۆستا، مامۆستا ئیبراهیم کوببه‌(إبراهیم کبة‌) بوو و منیش ئه‌وده‌می له‌ پۆلی سێیه‌می کۆلێژی ئابووری بووم له‌ زانستگه‌ی به‌غدایێ. مامۆستا وانه‌ی ڕێبازه‌ئابوورییه‌کان"المذاهب الاقتصادیة‌"ی پێ ده‌گوتینه‌وه‌. مامۆستا کوببه‌، یه‌کێک بوو له‌و مامۆستایانه‌ی، که‌ له‌ ماوه‌ی خوێندنی ساڵانی زانستگه‌مدا، له‌ هه‌موو مامۆستاکانی دیکه‌م زیاتر خۆشم ده‌ویست و پێموابوو ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و ساڵانه‌دا وانه‌یان پێ ده‌گوتمه‌وه‌ زیره‌کتر و تواناتر نه‌بووبێت، ئه‌وا له‌ هه‌ره‌ زیره‌کترین و تواناترینیان بوو. مامۆستا کوببه‌ ساڵی 1919 له‌ شاری نه‌جه‌ف له‌دایک بووه‌. له‌ ژینگه‌یه‌کی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌دا و به‌ هه‌ستی وڵاتپارێزی په‌روه‌رده‌ بووبوو و پێگه‌یشتبوو. بڕوای به‌  کاریگه‌ری و گرنگیی ڕۆڵی جه‌ماوه‌ر وه‌ک چێکاری مێژوو هه‌بوو و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه‌ بڕوای به‌ سۆسیالیزم و مارکسیزم و کۆمۆنیزم هه‌بوو.  که‌ له‌ نێوان پێته‌خته‌کانی ئه‌وروپا و وڵاتانی عه‌ره‌بدا و به‌ تایبه‌ت، پاریس و له‌نده‌ن و مه‌درید و قاهیره‌دا هاتوچۆی ده‌کرد، پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و هزره‌دا په‌یدا کرد و له‌گه‌ڵیدا ژیا و تێکه‌ڵاوی بوو. کوببه‌ دژی ڕێژیمی پاشایه‌تیی عیراق بوو و دوای ساڵانێکی زۆر له‌ ده‌رێی وڵات، له‌ 1952دا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌غدا. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وده‌مه‌ی عیراق زۆر دژایه‌تیی کوببه‌یان ده‌کرد و له‌ ماڵ و جێگه‌ی کاردا ڕاوه‌دوو ده‌نرا. ئه‌وده‌می کوببه‌ له‌ دانان و گه‌ڵاڵه‌کردنی په‌یمانی به‌ره‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی(جبهة‌ الاتحاد الوطني) ساڵی 1957دا به‌شدار بوو و پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیشی به‌ بزاڤی دیموکراتیی عیراقییه‌وه‌ هه‌بوو. دوای کوودێتای 14ی ته‌ممووزی 1958، له‌ یه‌که‌م حوکوومه‌تی نیشتمانیی عیراقدا کوببه‌ وه‌زاره‌تی بازرگانیی پێ سپێردرا و بریکاریی وه‌زاره‌تی نه‌وت و وه‌زاره‌تی بیرازی کشتوکاڵییشی پێ سپێردرا و له‌ نه‌هێشتنی دابڕان و چێکردنی پێوه‌ند له‌گه‌ڵ وڵاتانی سۆڤیێت و ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات و چیندا، ڕۆڵی سه‌ره‌کی بینی و ته‌نانه‌ت جه‌ماوه‌ر به‌ دروشمی ئیبراهیم کوببه‌ بۆ پێشه‌وه‌، دیموکراتی و ئاشتییه‌(براهیم کبة‌ للأمام ... دیمقراطیة‌ وسلام)ه‌وه‌ پێشوازییان لێ ده‌کرد. کوببه‌ له‌ هه‌ندێک له‌ سیاسه‌ته‌کانی عه‌بدولکه‌ریم قاسم ناڕازی بوو، هه‌ربۆیه‌ چه‌ندین جار داوای ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی کرد و قاسمیش پێی قایل نه‌بوو. تا ناوه‌ندی 1960، ئیدی کوببه‌ به‌ گه‌رمه‌وه‌ به‌شداریی بزاڤی ئاشتیخوازان و کاری ئه‌کادیمی و و وانه‌گوتنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی له‌ زانستگه‌ی به‌غدادا کرد و ئه‌و کاته‌ش له‌ ڕێکخستنه‌کانی  حیزبی کۆمۆنیستی عیراقدا کاری ده‌کرد و زۆر توند، گرێدراوی بیروباوه‌ڕ و پاراستنی حیزب و دیموکراسی و دژایه‌تی نه‌یارانی گه‌ل و به‌عسییان بوو و که‌سایه‌تییه‌کی بڕیارده‌ر و توانای هه‌بوو.  ساڵی 1963 و دوای کوودێتای به‌عس و ڕووخانی ڕێژیمی قاسم، کوببه‌ خرایه‌ زیندانه‌وه‌ و ساڵی 1966 به‌ فه‌رمانی سه‌رۆککۆمار ئازاد کرا. له‌و کاته‌وه‌ ده‌ستی به‌ کاری مامۆستایه‌تیی له‌ زانستگه‌دا کرده‌وه‌ و تا ساڵی 1977 به‌رده‌وام بووه‌ و ئیدی حوکوومه‌تی به‌عس له‌کار وه‌ده‌ری نا. پاش ساڵانێکی زۆری مامۆستایی و خه‌رمانێک ئه‌زموون و پێگه‌یاندنی هه‌زاران خوێندکار و نووسینی ده‌یان کتێب و په‌خشکردنه‌وه‌ی سه‌دان گوتار و سه‌دان سه‌مینار و سه‌دان لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی ئابووری و سیاسی و به‌شداربوون له‌ دانانی نه‌خشه‌ی ئابووری و کۆڵێک چالاکی دیکه‌دا، ڕۆژێکیان که‌ دێته‌ ژووری وانه‌گوتنه‌وه‌وه‌ ده‌بینێت له‌ سه‌ر دیواری ژووره‌که‌ دروشمی "ئه‌وی کار نه‌کات شه‌ره‌فی نییه‌: من لا یعمل لا شرف له"، که‌ دروشمێکی به‌عسییه‌کان بوو، هه‌ڵواسراوه‌ و ئه‌ویش که‌ ده‌یبینێت، ده‌سبه‌جێ پێی په‌ست ده‌بێت و ده‌ڵێت:"ئه‌مه‌ قسه‌یه‌کی قۆڕ و درۆیه‌ و بۆ خه‌ڵکی بێده‌سه‌ڵات و نه‌دار به‌کار ده‌برێت، که‌ مرۆڤ کاری ده‌ستنه‌که‌وێت و بێکار بێت چ بکات، ئه‌وه‌تا هه‌زاران خه‌ڵکی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات هیچ کارێک ناکه‌ن و خۆیشیان به‌ شه‌ریف داده‌نێن". ئیدی ئه‌و قسه‌یه‌ی ده‌گاته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌ڵێن پاش ئه‌وه‌ و له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی له‌کار ده‌ری ده‌که‌ن. کوببه‌ به‌ درێژایی ژیانی دژی ڕێژیمی به‌عس و بیروباوه‌ڕی شۆڤینیزم بوو و هه‌میشه‌ له‌ به‌ره‌ی گه‌لدا بوو و هه‌رده‌م بڕوای به‌ مارکسیزم و سۆسیالیزم بوو. کوببه‌، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 26/10/2004، کۆچی دوایی کرد و له‌ پاش خۆی  چه‌ندین لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیی گرانبه‌ها و پڕبایه‌خی له‌ بواری زانستی ئابووری سیاسی و بیر تیۆری ئابووریدا به‌جێهێشتووه‌. چه‌ند نموونه‌یه‌کیان ئه‌مانه‌ن:                                                 
قه‌یرانی بیری ئابووری/ أزمة‌ الفکر الاقتصادي _ 1953
واتای ئازادی/ معنى الحریة _ 1954
شیکردنه‌وه‌ی مه‌کارسیزم/ تشریح المکارثیة‌ _ 1954
ده‌ره‌به‌گایه‌تی له‌ عیراق/ الاقطاع في العراق _ 1957
له‌مه‌ڕ هه‌ندێک چه‌مکی بنه‌ڕه‌تیی له‌ سۆسیالیزمی زانستیدا/ حول بعض المفاهیم الاساسیة‌ في الاشتراکیة‌ العلمیة – 1960
داڕووخانی تیۆریی سه‌رمایه‌داری نه‌خشه‌بۆدانراو/ انهیار نظریة‌ الرأسمالیة المخططة‌ _ 1960
مارکسیزم و جه‌نگی ئیمپریالیزم/ المارکسیة‌ والحرب الامبریالیة‌ _ 1960
پراگماتی و فه‌لسه‌فه‌ی زانستی/ البراغماتیة والفلسفة‌ العلمیة‌ _ 1960
ئیمپریالیزم چییه‌/ ماهیة الامبریالیة‌ _ 1961
شیکردنه‌وه‌ی کۆسمۆپلیتیزم/ تشریح الکوسموبولیتیة _ 1961
ئه‌مه‌یه‌ ڕێگه‌ی 14ی ته‌ممووز/ هذا هو طریق 14 تموز _ 1969
لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ مێژووی ئابووری و بیری ئابووری/ دراسات في تاریخ الاقتصاد والفکر الاقتصادي _ 1970
سه‌رمایه‌داری وه‌ک سیستم/ الرأسمالیة نظاما _ 1972
کێشه‌کانی گاڵه‌ له‌ سه‌رمایه‌دا لای مارکس/ مشاکل الجدل في الرأسمال لمارکس _ 1979

یادی مامۆستام ئیبراهیم کوببه‌، هه‌میشه‌ به‌خێر و گیانی شاد و ئارام بێت.                                                                  
 
15/12/2004

Monday, December 6, 2004

کوردی ده‌ره‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن "وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی حه‌فته‌نامه‌ی ئاسۆ"

کوردی ده‌ره‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن
"وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی حه‌فته‌نامه‌ی ئاسۆ"


حه‌فته‌نامه‌ی ئاسۆ له‌ کوردستان(سلێمانی) ده‌رده‌چێت. کاک مه‌هدی ئه‌بووبه‌کر زه‌نگنه‌، که‌ له‌و حه‌فته‌نامه‌یه‌دا کار ده‌کات، ئه‌م چوار پرسیارانه‌ی خواره‌وه‌ی له‌ 5/12/2004دا بۆ ناردم و منیش به‌رسڤیانم دایه‌وه‌. پاشتر وه‌ڵامه‌کان وه‌ک ڕاپۆرتێک، له‌ ژێر سه‌ردێڕی "کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن"، له‌گه‌ڵ وه‌ڵامی چه‌ند که‌سێکی دیکه‌دا، به‌ دوو به‌ش، له‌ ژماره‌ 35ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی 14/12/2004 و ژماره‌ 36ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی 21/12/2004، له‌ لاپه‌ڕی 10دا، بڵاو کرانه‌وه‌.                                       
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


ئاسۆ: ئایا به‌شداری کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ کاریگه‌ریی بۆ سه‌ر زیادکردنی ده‌نگی لیستی کوردستان ده‌بێت له‌ عیراقدا؟
شاکه‌لی: له‌ ده‌رێی کوردستان و به‌ تایبه‌ت له‌ ئه‌وروپا، خه‌ڵک زۆرجاران هه‌ر به‌لای سندووقی ده‌نگدانیشدا ناڕۆن و ئاره‌زووی ده‌نگدانیان نییه‌. له‌ ئه‌وروپا به‌وانه‌ی ده‌نگ ناده‌ن ده‌ڵێن:"ڕاکشاوانی سه‌ر قه‌نه‌فه‌کان"، واته‌: بۆ خۆیان له‌ ماڵه‌وه‌ ڕاده‌کشێن و ده‌نوون و ناچن ده‌نگ بده‌ن. ژماره‌ی کوردی ئه‌وروپا و ده‌رێی کوردستان که‌م نین و ڕه‌نگه‌ خۆ بده‌ن له‌ میلیۆن و زیاتریش. ئه‌گه‌ر به‌شێکی زۆری ئه‌مانه‌ ده‌نگ بده‌ن، دیاره‌ کاریگه‌ری له‌ سه‌ر زیادکردنی ده‌نگی لیستی کوردستان ده‌بێت، به‌ڵام ئایا ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌ره‌وه‌ بڕوایان به‌و ده‌نگدانه‌ هه‌یه‌؟ ئایا ده‌نگ ده‌ده‌ن؟ ئه‌مه‌ پرسیارێکه‌، هه‌ر تاکێکی کوردی ده‌ره‌وه‌ هه‌ریه‌که‌و به‌ جۆرێک وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌. من به‌شبه‌حاڵی خۆم، نه‌ بڕوام به‌ ده‌نگدان هه‌یه‌ و نه‌ ده‌نگیش ده‌ده‌م.

ئاسۆ: چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ داوا ده‌که‌ن کورد به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق نه‌کات؟
شاکه‌لی: زۆرینه‌ی کوردی ده‌ره‌وه‌ و من بۆ خۆیشم یه‌کێکم له‌وان، که‌ داوا ده‌که‌ن کورد به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراقدا نه‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌، کوردستان به‌ به‌شێک له‌ عیراق نازانن و عیراقاندنی کوردستان و گرێدانه‌وه‌ی به‌ عیراق و ڕاکردن وه‌دووی عیراقدا له‌ لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورده‌وه‌، به‌ کارێکی نه‌باش و سووکایه‌تیی به‌ پرسی کورد و خواستی جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵکی کورد ده‌زانن. هه‌ر له‌و سۆنگه‌شه‌وه‌ فیدرالییش هه‌روا ده‌بینن و به‌ سووکایه‌تیپێکردن به‌ خواستی گه‌لی کوردی داده‌نێن. کورد ده‌بوو هه‌وڵی لێکترازاندن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عیراقی دابا نه‌ک دروستکردنه‌وه‌ و پاراستنی وه‌ک خاکێکی یه‌کپارچه‌. کورد ده‌بوو هه‌وڵی خۆجیاکردنه‌وه‌ی له‌ عیراق دابا نه‌ک خۆپێوه‌گرێدانی. سه‌رباری ئه‌وانه‌ش، هێشتا که‌رکووک و مووسڵ و خانه‌قین و شاره‌بان و مه‌نده‌لی و به‌دره‌ و...ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان نه‌خراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر کوردستان، ئیدی خه‌ڵک بۆ ده‌نگ بدات! من ڕێزی ئه‌و کورده‌ ده‌گرم، که‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی عیراق ناکات و خۆشه‌ویستیم بۆی هه‌یه‌ و بۆ خۆیشم دژی ده‌نگدانم.

ئاسۆ: ئایا دروستکردنی لیستی هاوبه‌ش له‌ سه‌ر ئێستای کوردستان و عیراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌ یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارته‌کانی کوردستان؟
 شاکه‌لی: سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، که‌ بڕوای به‌ فیدرالی و یه‌کیه‌تیی خاکی عیراق و چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورده‌ له‌ نێو عیراق و له‌گه‌ڵ عیراقییاندا، ڕه‌نگه‌ به‌ به‌شداربوونیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراقدا وه‌ک یه‌کده‌نگ و یه‌کلیست، شتێکی خراپ نه‌بێت و به‌و جۆره‌ کاریگه‌رییه‌کی باشتریان هه‌بێت، وه‌لێ له‌ سه‌ر ئاستی کوردستان و به‌ یه‌ک لیست، هه‌رگیز کارێکی باش نییه‌ و دژی سه‌ره‌تاییترین پرنسیپه‌کانی دیموکراتییه‌ و دژی خواست و ئازادی ڕاده‌ربڕینی خه‌ڵکی کورده‌ و دژی "ململانێی حیزب" و "کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی" و ...ئه‌وانه‌یه‌، که‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، بۆ خۆی بانگاشه‌ی بۆ ده‌کات. ئه‌و یه‌کلیستییه‌، ته‌نێ له‌ ترسی دۆڕانی ده‌سه‌ڵات و له‌ ترسی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی خه‌ڵکی دیکه‌ و ده‌نگی دیکه‌یه‌ و درێژه‌دانه‌ به‌ پاوان و قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و ئابووری و جۆرێکه‌ له‌ دیکتاتۆرییه‌کی گشتی. ئه‌گه‌ر بشمانه‌وێت پێناسه‌ی بکه‌ین، ئه‌وا ناتوانین له‌ "دیموکتاتۆری" زێتر نێوێکی دیکه‌ی لێبنێین. ئه‌و یه‌کلیستییه‌ ته‌نێ له‌بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانه‌ و به‌ هیچ جۆرێک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستان نییه‌. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، که‌ هێنده‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستان، وه‌ک خۆیان بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئه‌دی بۆ له‌ 1994ه‌وه‌ تا ئه‌وڕۆ باشووری کوردستانیان کردووه‌ته‌ دوو ده‌وڵه‌تی زۆر دوور له‌ یه‌کتر و جیاواز و هه‌رچی کورد هه‌یه‌ له‌م جیهانه‌دا هاوار ده‌کات، که‌ ئه‌و دوو له‌ته‌ی کوردستان بکه‌نه‌وه‌ به‌ یه‌ک و ببنه‌وه‌ یه‌ککارگێڕی و یه‌کسه‌رکرده‌یه‌تی و یه‌کڕێبه‌ریه‌تیی، که‌چی هه‌ر گوێیشی ناده‌نێ؟ ئه‌و یه‌کخستنه‌ی حوکوومه‌ت و کارگێڕییه‌یان، ده‌بێته‌ هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان و ئه‌م یه‌کلیستییه‌ی ئێستایان ده‌بێته‌ هۆی چڕکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان، بۆیه‌ ئه‌وی یه‌که‌میان ناکه‌ن و ئه‌می دووه‌میان ده‌که‌ن و با گه‌لی کوردستانیش بۆ خۆی هه‌ر هاوار بکات.

ئاسۆ: ئایا ئه‌گه‌ر کورد به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌کات، به‌دیلێکی تر هه‌یه‌ تا بیگرێته‌ به‌ر؟
شاکه‌لی: کورد ئه‌گه‌ر ماڵی خۆی ڕێکخات و دیواری نێوان کارگێڕی و ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی بڕووخێنێت و یه‌کده‌نگ بێت و هێزه‌کانی بکاته‌ یه‌ک و پێش حیزبایه‌تی کوردایه‌تیی بکات، زۆرچاک ده‌توانێت هه‌ر به‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و ڕێپێوان و خۆپێشاندان، له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌رێی کوردستان، هه‌موو جیهان بێدار بکاته‌وه‌ و له‌ ناوه‌وه‌ی کوردستانیش به‌وانه‌ و  کاری شۆڕشگێڕانه‌، ته‌واوی خواسته‌کانی خۆی بسه‌پێنێت و جاڕی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیش بدات. کورد، که‌ خۆی به‌ عیراقه‌وه‌ ببه‌سێته‌وه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان نه‌ که‌س به‌ هاوارییه‌وه‌ دێت و نه‌ که‌سیش لێی تێده‌گات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر باسی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت بکات، هه‌موو ئازدیخوازانی جیهان و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانیش تێده‌گه‌ن و زۆرینه‌ی مرۆڤیش پشتگریی ده‌کات. ئه‌و عیراقه‌ی، که‌ ئه‌وڕۆ سه‌رانی کورد گره‌وی له‌ سه‌ر ده‌که‌ن، گورگێکی تۆپیوه‌ و ئه‌مان خۆیان زیندووی ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ریده‌نه‌ گیانی خۆیان. له‌ نێو ئه‌و عیراقه‌ی ئێستادا، له‌ دوای ئه‌مه‌ریکا و ئینگلستان، کورد هێزی سێیه‌مه‌. کورد خودانی له‌شکر و ئه‌زموونی جه‌نگ و خه‌بات و کارگێڕی و که‌چه‌دیموکراتییه‌که‌ و به‌و هێزه‌ی ده‌توانێت هه‌موو شتێک بکات و خۆی بسه‌پێنێت. من پێموایه‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد ئێستاکه‌، که‌ که‌رکووک و مووسڵ ناگرێت، له‌ کاتێکدا که‌ ڕۆژانه‌ ده‌یان کورد قڕان ده‌کرێن و سه‌رده‌بڕدرێن و ئه‌و ته‌نێ ته‌ماشا ده‌کات و چاوه‌نۆڕی عیراق و عیراقییانه‌ شتێکی بۆ بکه‌ن، له‌ ئازایه‌تی و دڵسۆزییه‌وه‌ نییه‌ بۆ گه‌لی کوردستان، به‌ڵکه‌ ته‌نێ له‌ نه‌وێران و خه‌مساردی و له‌ ترسی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستی خه‌ڵکانی ڕادیکال و شۆڕشگێڕ و کوردستانیی نێو گه‌لی کوردستانه‌. 
                

  6/12/2004

Friday, December 3, 2004

پێکهاتنه‌که‌ی پیرمام له‌گۆڕنانی دیموکراتییه‌

پێکهاتنه‌که‌ی پیرمام له‌گۆڕنانی دیموکراتییه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

هه‌موو شته‌کانی ئه‌م جیهانه‌ هه‌ریه‌که‌و نێوێکی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌. ئه‌و ڕێسایه‌ ته‌نێ مرۆڤ و شته‌ مادییه‌کان ناگرێته‌وه‌، به‌ڵکه‌ شتگه‌لی ناماددییش ده‌گرێته‌وه‌. هه‌موو چه‌مک و ئایدیۆلۆژیا و ئایین و فه‌لسه‌فه‌ و ڕێبازێکی هزری و فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و ئه‌ده‌بی، نێوی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌. تێکه‌ڵکردنی ئه‌و نێوانه‌ زۆرجاران ده‌بێته‌ هۆی تێکدانی تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و نێوانه‌ و واتاکانیان و سه‌رلێشێواندنی خه‌ڵک. که‌ دیموکراتیخوازێک بڕوای به‌ ده‌نگدان و ملانێی حیزبی نه‌بێت و باسی دیموکراتییش بکات، هیچ جیاوازییه‌کی نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا: که‌ مه‌لایه‌کی موسوڵمان له‌بری بانگدان بۆ نوێژ له‌ مزگه‌وتدا، بانگاشه‌ی لێدانی زه‌نگ بکات وه‌ک کڵێسه‌، یا خواردنه‌وه‌ حه‌ڵاڵ کات، یا که‌ قه‌شه‌یه‌کی کاتۆلیک فره‌ژنه‌ حه‌ڵاڵ کات، یا که‌ ڕابینێکی جوو گۆشتی به‌راز حه‌ڵاڵ کات، و ڕێک وه‌ک یه‌کن. کۆمۆنیستێک ناتوانێت له‌ یه‌ک کاتدا هه‌م کۆمۆنیست بێت و هه‌میش نازیست یا فاشیست بێت و ناتوانێت هه‌م کۆمۆنیست بێت و هه‌میش له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داریدا بێت. ئه‌نارکیستێک، که‌ خۆی به‌ ئه‌نارکیست بزانێت، ناتوانێت لێنین و ستالینی خۆشبووێت. مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی و پارتیی و یه‌کیه‌تیی ئه‌مه‌ جاری یه‌که‌میان نییه‌، که‌ یارییه‌که‌ ده‌شێوێنن و کاغه‌زه‌کان تێکه‌ڵ ده‌که‌نه‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵده‌چنه‌وه‌. ئه‌وان ئه‌مه‌ جاری یه‌که‌میان نییه‌، که‌ پێکدێن و پێکهاتن مۆرده‌که‌ن و ده‌ستده‌خه‌نه‌ نێو ده‌ستی یه‌کدی و بۆ کامیرا و ڕۆژنامه‌وانان پێده‌که‌نن و هه‌ر زۆریش نابات، ئاوڕووی یه‌کدی ده‌به‌ن و یه‌کدی داده‌پڵۆسن و خه‌ڵکی هه‌ژاری کورد ده‌که‌نه‌ سووته‌مه‌نیی ناکۆکی و ملانێی خۆیان. خه‌ڵکی کورد زووزوو به‌ گفت و به‌ڵێن و بزه‌ و خه‌ندی ئه‌و سه‌رکردانه‌ دڵخۆش ده‌بێت و که‌یفساز ده‌بێت و پێیوایه‌ ئیدی هه‌رگیز ناته‌بایی و ناکۆکی نامێنێت و به‌رژه‌وه‌ندی کورد ده‌خرێته‌ سه‌رووی حیزب و هه‌موو شتێکی دیکه‌وه‌. ئه‌وان هه‌ر که‌ پێکدێن و کارێکی هاوبه‌ش ده‌که‌ن، ئیدی ده‌سبه‌جێ باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ گوایه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی کورد و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ها کارێک ده‌که‌ن و ئه‌وان ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندانه‌ به‌ سه‌ر حیزب و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبدا پێشده‌خه‌ن. به‌و کاره‌شیان هه‌میشه‌ بڕێک منه‌ت به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردیشدا ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ باوه‌ڕی به‌ دیموکراتی هه‌بێت، وه‌ک سه‌رانی کورد بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئه‌وا وه‌ها کارێکی، که‌ ئه‌وان کردوویانه‌، پێشێلکردن و دارکاریکردن و  سه‌قه‌تکردنی دیموکراتییه‌. له‌ هیچ وڵاتێکی ئه‌م جیهانه‌دا و به‌ تایبه‌تیش له‌ ئه‌وروپا، که‌ بۆ خۆی لانکی دیموکراتییه‌، هه‌رگیز وه‌ها کارێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ ناوی دیموکراتییه‌وه‌ ده‌یکه‌ن ناکرێت و نه‌کراوه‌. دیموکراتی، که‌ پێچه‌وانه‌ی دیکتاتۆرییه‌، ده‌کاته‌ هه‌ڵبژاردنی حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدان به‌ کۆمه‌ڵێک حیزب و ده‌سته‌ی سیاسیی، که‌ له‌ نێوانی خۆیاندا له‌ سه‌ر چه‌ند جێگه‌یه‌کی په‌رله‌مان ملانێ ده‌که‌ن و پاشانیش کێهه‌ حیزب ده‌نگی له‌ هه‌مووان زیاتر بوو، ئه‌و حوکوومه‌ت دروست ده‌کات. ئه‌و حیزبه‌ی فره‌ترین ده‌نگ وه‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌و به‌ره‌نده‌یه‌ و ئه‌وانی دیکه‌ دۆڕاو. حیزبی به‌ره‌نده‌، زۆرترین ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان وه‌رده‌گرێت، بۆیه‌ ئه‌و حوکوومه‌ت داده‌مه‌زرێنێت. جاری وا هه‌یه‌، حیزبی به‌ره‌نده‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌ ده‌نگی زیاتر هێناوه‌، به‌ڵام هێنده‌ی ده‌نگ نه‌هێناوه‌، یا له‌ نیوه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی زیاتر وه‌رنه‌گرتووه‌ تا بتوانێت به‌ ته‌نێ حوکوومه‌ت دروست بکات، ئه‌وده‌می ناچار ده‌بێت، په‌نا بباته‌ به‌ر پێکهاتن له‌گه‌ڵ یه‌ک یا دوو یا زیاتر حیزبی دیکه‌دا، که‌ هاتوونه‌ته‌ نێو په‌رله‌مانه‌وه‌ و به‌ڵێنی چه‌ند پۆستێکی وه‌زاره‌تیان ده‌داتێ و پێکڕا حوکوومه‌ت داده‌مه‌زرێنن. پێکهاتن دوای هه‌ڵبژاردن، به‌ مه‌به‌ستی سازکردنی حوکوومه‌ت  ده‌کرێت. له‌ کاتی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردندا هه‌ر حیزبه‌و بۆ خۆی و سه‌ربه‌خۆ ده‌چێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و هه‌ر حیزبه‌و بۆ خۆی ڕێکلام ده‌کات و خه‌ڵک و ده‌نگ بۆ خۆی کۆ ده‌کاته‌وه‌. ئه‌مه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی کردیان، به‌ هیچ جۆرێک له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاییترین بنه‌ما و بنگه‌کانی دیموکراتیدا وێکنایه‌ته‌وه‌ و ناگونجێت. ئه‌مه‌ی ئه‌وان کردوویانه‌ بۆ درێژه‌دانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و ڕێگه‌گرتنه‌ له‌ لایه‌نی سێیه‌م و چواره‌م و... هێزی دیکه‌ی سیاسیی، که‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێکی پاکژ و ڕاست و بێ فڕوفێڵ و بێ تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه‌ و ترس ببێت، دوور نییه‌  ئه‌مان بدۆڕێن و لایه‌نی سێیه‌م و چواره‌م بیبه‌نه‌وه‌ یا ئه‌گه‌ر نه‌یشیبه‌نه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت هێنده‌ی یه‌کێک له‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ئێستا ده‌نگ وه‌ده‌ست بهێنن. ئه‌مان که‌ کورسیی په‌رله‌مانیان دابه‌شکرد و بۆ هه‌ردوو حیزب وه‌کیه‌ک 42 به‌ 42 یان دانا و به‌ سۆسیالیست و یه‌کگرتووی ئیسلامی و کۆمۆنیست و تورکمان و کلدان و ئاشووری و... هه‌ریه‌که‌و ئه‌وه‌نده‌یان کورسیی دانێ، ئیدی ئه‌مه‌ بوو به‌ شتێکی نادیموکراتی یا دیموکتاتۆری. ئه‌م کاره‌ی پارتی و یه‌کیه‌تیی گاڵته‌پێکردن و بێڕێزییه‌ به‌ ده‌نگده‌ران و خه‌ڵکی کورد، چونکه‌ ئه‌وان ده‌نگبده‌ن و ده‌نگنه‌ده‌ن پارتی و یه‌کیه‌تیی، مه‌لا نه‌سره‌ددین ئاسا، هه‌ر به‌ره‌نده‌ن و هه‌رامه‌ی خۆیان مسۆگه‌ر کردووه‌. ئه‌وان ته‌مه‌نی مانه‌وه‌ی خۆیان وه‌ک ده‌سه‌ڵاتداری باشووری کوردستان، بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی دیکه‌ش درێژکرده‌وه‌ و مسۆگه‌ر کرد. ئه‌وان پێش هه‌ر هه‌ڵبژاردن و گه‌مه‌یه‌کی سیاسیی، که‌ ده‌یکه‌ن ده‌بوو هه‌ردوو کارگێڕی و حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان یه‌کخستبا و دوو له‌تی کوردستانیان بکراده‌یه‌ته‌وه‌ یه‌ک له‌ت و پاشان وه‌ک هه‌موو شێوازێکی ئه‌و دیموکراتانه‌ی ئه‌م جیهانه‌ و به‌ گوێره‌ی قانوونه‌کانی، هاتبانه‌ مه‌یدانێ و ئازادانه‌ ڕێگه‌یان به‌ ته‌واوی حیزب و ده‌سته‌ سیاسییه‌کانی نێو کوردستان دابا و ملانێیه‌کی هاوچه‌رخانه‌یان کردبا و ئه‌وده‌می گه‌لی کوردستان کێی هه‌ڵده‌بژارد، بلا ئه‌و ببوایه‌ته‌ فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵاتدار. ئه‌مه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن دانان و کارپێسپاردنه‌، ڕێک وه‌ک دانانی هه‌ر کارگێڕێکی ده‌وڵه‌تی و فه‌رمی له‌ هه‌ر جێیه‌کی کوردستان. ئه‌مه‌ نه‌ک هه‌ر دیموکراتی نییه‌، به‌ڵکه‌ کوشتن و له‌گۆڕنانی دیموکراتییه‌. من باسی لایه‌نی پێکهاتنه‌که‌یان، که‌ پێوه‌ندی به‌ عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌ ناکه‌م و چ قسه‌م له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، چونکه‌ بڕوام به‌ عیراق و گرێدانی کوردستان به‌ عیراق و چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد به‌ هه‌ڵبژاردن له‌ عیراقدا و له‌ لایه‌ن عیراقه‌وه‌، هه‌رگیز نییه‌. من هه‌ڵبژاردنیشم به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ هه‌یه‌، وه‌ک سیستم و شێوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی، ته‌نانه‌ت له‌ باشترین وڵاتانێکی نموونه‌ی دیموکراتیشدا، که‌ ڕه‌نگه‌ سوێدیش یه‌کێک بێت له‌وانه‌، هه‌ر پێ فشه‌یه‌، چونکه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌کی و کاریگه‌ر له‌و جۆره‌ جڤاکانه‌شدا هه‌ر هی پاره‌ و سه‌رمایه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندی و پایه‌ی چینایه‌تییه‌، بۆیه‌ من بۆ خۆم هه‌رگیز بڕوام پێی نییه‌ و پێشموانییه‌ له‌ ساخته‌کاری به‌ده‌ر بێت و پێشموانییه‌ کێشه‌کانی مرۆڤ به‌ وه‌ها پینه‌وپه‌ڕۆیه‌ک چاره‌سه‌ر بکرێت.
ئه‌م کاریکاتێره‌ی خواره‌وه‌، که‌ له‌ www.kurdistannet.org  ی 3/12/2004 وه‌رمگرتووه‌، ده‌ربڕینێکی له‌بار و فره‌گونجاوه‌ بۆ ئه‌و موژده‌ زۆر مێژوویی و گرنگه‌ی سه‌رانی کورد، ڕۆژی 29/11/2004 له‌ پیرمام به‌ کوردیان دا.


3/12/2004

Saturday, November 27, 2004

مردنه‌کانیش جیاوازن

مردنه‌کانیش جیاوازن

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

دوێنێ به‌یانیی زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌ده‌ستییه‌کم لێیدا و له‌ خه‌و ڕاپه‌ڕیم و بێدار بوومه‌وه‌. که‌ وه‌ڵامم دایه‌وه‌، کاک "موحه‌ممه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق"ی هاوڕێم بوو له‌ سلێمانییه‌وه‌. گوتی ویستم هه‌واڵێکی ناخۆش، فره‌ناخۆشت پێ بگه‌یه‌نم، ئه‌ویش کاک گۆران قه‌ره‌داغی هاوڕێمان، دوێنی ئێواره‌ ئه‌له‌کتریک گرتی و مرد.                                                                                                                             
سڵێمانی برام، به‌یانییه‌کی زه‌نگی بۆ لێدام و دوای یه‌ک دوو ڕسته‌یه‌ک، گوتی هه‌واڵێکی ناخۆش: ده‌زانی کێ مردووه‌، سه‌باح، ئه‌وه‌ی هاوین بوون به‌ دۆست و براده‌ر، ئه‌م به‌یانییه‌ له‌ سه‌ر جاده‌ی نێوان که‌لار- کفری و به‌رانبه‌ر ماڵه‌که‌ی خۆیان له‌ سموود ئۆتۆمبیل لێیدا و کوشتی.                                            
به‌یانییه‌کی مانگی یوونی، زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌ده‌ستییه‌که‌ی سڵێمانی برام لێیدا و، که‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌، ده‌نگی گۆڕا و دیار بوو ئه‌وه‌ی ئه‌و دیوی هێڵه‌که‌ هه‌واڵێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر، کتوپڕ، سه‌رنجڕاکیش یا ناخۆشی پێ داوه‌ و ده‌سبه‌جێ له‌ ده‌موچاو و ڕوومه‌تیدا ده‌خوێنرایه‌وه‌، که‌ شتێک ڕوویداوه‌. له‌ گفتوگۆیه‌که‌ی بووه‌وه‌ گوتی: سه‌لام، سه‌لامی خۆمان، سه‌لام شاکه‌لی، برینداره‌. پاش چه‌ند چرکه‌یه‌کی دیکه‌ دووباره‌ زه‌نگی بۆ لێ درایه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان سڵێمان زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕا و لێوه‌کانی وشک بوون و گوتی: سه‌لام کوژراوه‌ و ته‌واو بووه‌.                                                                                               
که‌ کاک موحه‌ممه‌دی هاوڕێم، هه‌واڵی نه‌مانی گۆرانی پێدام، هیچم پێ نه‌گوترا و گه‌رووم وشک بوو و ده‌تگوت مشتێک به‌ سه‌رمدا کێشراوه‌ و مات بووم و گریان گرتمی. ئاخر گۆران بۆ ده‌مرێت؟ چۆن ده‌مرێت؟ نابێ بمرێت؟ که‌ی کاتی مردنیه‌تیی؟ بۆ به‌ ئه‌له‌کتریک؟ بۆ و ده‌یان بۆی دیکه‌م لا دروست بوون. هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێکی وا نه‌بووم.  گۆران، ئه‌و پیاوه‌ زیته‌ڵه‌ و هه‌میشه‌ ده‌م به‌ نوکته‌ و گاڵته‌ و پێکه‌نینه‌. گۆرانی ئارام و تابڵێیت دڵ و ده‌ست و ناخپاک. گۆران، سی ساڵێک بوو به‌ هۆی سیاسه‌ته‌وه‌ کوردستانی به‌جێهێشتبوو و دوای چیا و سووریا و لوبنان گه‌یشتبووه‌ سوێد. زمانفێربوون، کار، ژیان، ماڵ، منداڵ، دۆست و ناسیاو، هیوا و خۆزگه‌، وه‌ک هه‌موو یه‌کێکی ئه‌م سوێده‌ ئه‌ویش له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌ژیا. پارساڵ به‌ گوێره‌ی تیۆری "شام شه‌کره‌، لێ وه‌لات شیرنتره‌"، گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستان و پێیوابوو، که‌ ئیدی کاتی کۆچی پێچه‌وانه‌ هاتووه‌ و کاتی کۆتاییپێهێنانی بڕگه‌ی ئاواره‌یی هاتووه‌ و کاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕووپه‌لێکی نوێ هاتووه‌. که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ تۆپه‌ڵێک هیوای  به‌ ژیانه‌ تازه‌که‌ی هه‌بوو  و وه‌دێهێنانی کۆمه‌ڵێک خه‌ونی ده‌یان ساڵه‌ی پێ هاسان بوو. هێنده‌ به‌ خێرایی تێکه‌ڵ به‌ ژیانی ئه‌وێ بووه‌وه‌، وایده‌زانی هه‌رگیز ئه‌وروپای به‌ چاو نه‌دیوه‌ و هه‌ر له‌ کوردستان ژیاوه‌. گۆران، چووبووه‌ بۆ کوردستان بۆ ژیان نه‌ک بۆ مردن. گۆران، له‌ کوردستان به‌ ئه‌له‌کتریک مرد! ته‌نێ گۆران نییه‌ له‌ کوردستان به‌ ئه‌له‌کتریک مردبێت و بمرێت. ڕۆژانه‌ خه‌ڵک له‌ کوردستان به‌ ئه‌له‌کتریک، به‌ سووتان، به‌ کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل، به‌ کوژران، به‌ مار و دووپشکپێوه‌دان، به‌ له‌ئاوداخنکان، به‌ ته‌ور و داس و تاوێر و به‌رد، به‌ گولله‌ی وێڵ، به‌ خشت و دیوار و خانوو به‌سه‌ردا داڕووخان، به‌ خۆراکی خراپ و ژاراوی، به‌ نه‌خۆشیی بێ چاره‌سه‌ر و بێ ده‌رمان، به‌ ته‌قینه‌وه‌ی به‌رمیلی گاز، به‌ ته‌قینه‌وه‌ی پریمز، به‌ نه‌وت و به‌نزین و...به‌ سه‌دان ده‌ردیسه‌ری دیکه‌ ده‌مرن و له‌نێو ده‌چن. گۆرانیش یه‌کێک بوو له‌وانه‌. ئه‌وانه‌ی به‌و ده‌ردانه‌ ده‌مرن و له‌به‌ین ده‌چن، هه‌ژاران، نه‌داران، برسییان، ڕووتان، چه‌وساوان و خه‌ڵکانی شه‌که‌ت و سته‌مدیده‌ی خوارێی کۆمه‌ڵگه‌ن. گۆرانیش یه‌کێک بوو له‌وانه‌. گۆران، منداڵه‌ هه‌ژارێکی بێدایکگه‌وره‌بووی به‌رده‌ستی باوه‌ژن، تا هه‌بوو هه‌میشه‌ ته‌مێکی خه‌م و شه‌که‌تیت، وه‌ک په‌رده‌یه‌ک به‌سه‌ر ڕوومه‌ت و ده‌موچاویدا وه‌دی ده‌کرد و هه‌میشه‌ له‌ ده‌موچاو و ڕوومه‌تیدا قورسایی و ماندوبوونی ساڵانێکی زۆرت ده‌دیت و ده‌خوێنده‌وه‌. ئه‌وانه‌ی، که‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌مرن، خه‌ڵکه‌ شه‌که‌ته‌که‌ن و گۆرانیش یه‌کێک بوو له‌وان. ئه‌وانه‌ گۆرانه‌کانن. ئه‌له‌کتریک، ئۆتۆمبیل، سووتان، داس و ته‌ور و خاکه‌ناز، جه‌نگ، مار و دووپشک، ڕووخانی دیوار و...،به‌چکه‌ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدار ناکوژن. ده‌وڵه‌مه‌ندزاده‌ و ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ به‌چکه‌ هه‌ژاران کاره‌کانی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و  ئه‌وان ده‌که‌نه‌ قیروسیا و ده‌یانخه‌نه‌ به‌ر دژوارییه‌که‌وه‌ و بۆ خۆیشیان لاق له‌ سه‌ر لاقی داده‌نێن و فشه‌یان به‌ هه‌موو دنیایێ دێت. ئه‌وه‌ به‌چکه‌ی هه‌ژاره‌ و ئه‌وه‌ گۆرانه‌، که‌ ده‌بێ بۆ خۆی بچێته‌ سه‌ربان و ئه‌له‌کتریک ببه‌ستێت و کاره‌کانی ئه‌نجام بدات. ده‌وڵه‌مه‌ندان ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، له‌ باشترین خانوودا ده‌ژین و له‌ نوێترین ته‌کنیک سوود وه‌رده‌گرن و ناوماڵه‌کانیان به‌ جوانترین و تازه‌ترین و گرانترین شێوه‌ ده‌ڕازێننه‌وه‌ و چێ ده‌که‌ن. ئه‌وان خه‌ڵک کاریان بۆ ده‌کات. ئه‌وان هه‌موو شتێک، هه‌موو کاتێک به‌ نوێترین شێوه‌کانی، مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. گۆران، ئه‌گه‌ر سی ساڵی دیکه‌ش له‌ سوێد بژیایه‌ هه‌رگیز ئه‌له‌کتریک نه‌یده‌گرت. له‌ هه‌موو ئه‌وروپادا تا ئێستا یه‌ک مرۆڤ ئه‌له‌کتریک نه‌یگرتووه‌.                    
 سه‌باح، ئه‌و پیاوه‌ی هاوێنێ ناسیم و کۆڵێک ڕووخووش و جوامێر و دڵکراوه‌ و ڕۆحسووک بوو و هه‌ر ده‌سبه‌جێ و بێ هیچ به‌راییه‌ک نێوانمان خۆش بوو، به‌ کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل ده‌مرێت. کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل هه‌ژارانی وڵاته‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه‌ ده‌دوورێته‌وه‌ و له‌به‌ین ده‌بات. ئۆتۆمبیلی هه‌ژاران له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبیلی ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتداراندا جیاوازییان هه‌یه‌. ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌مه‌ندان سواری مۆنیکا و له‌یلاعه‌له‌وی و مارسیدس و بی. ئیم. ده‌بلیوو ده‌بن و جاده‌یان بۆ چۆڵ ده‌کرێت و نێوانیان له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبیلی خه‌ڵکی دیکه‌دا گه‌لێک دوورن له‌یه‌کدییه‌وه‌ و چۆنیان بوێ وا داژۆن و شۆفێری تایبه‌ت و پاسه‌وانیان هه‌یه‌ و ده‌یان زه‌لام به‌ چه‌که‌وه‌ ده‌یانپارێزن و ئۆتۆمبیل و جاده‌ و خه‌ڵک، هه‌موو ده‌بێ خۆ له‌ ڕێگه‌یان لاده‌ن. مه‌ترسی وه‌رگه‌ڕان و لێدانیان هه‌ر یه‌کجار که‌مه‌ و هه‌رگیزیش به‌ پێیان وه‌ک سه‌باح، ناچنه‌ سه‌ر جاده‌ و ئه‌وان سه‌باحه‌کان ده‌نێرنه‌ سه‌ر جاده‌. سه‌باح، ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبیل له‌ سموود لێی نه‌دابا، سی ساڵی تری ته‌مه‌نی له‌ ئه‌وروپا بووایه‌، هه‌رگیز به‌ کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل نه‌ده‌مرد.                                                   
سه‌لام، منداڵێکی ئه‌و ده‌شته‌ی گه‌رمێنه‌، هه‌موو ژیانی به‌ کوێره‌وه‌ی و به‌دبه‌ختی بردبووه‌ سه‌ر. ساڵانێک پێشمه‌رگایه‌تیی و چیا و ساڵانێک ئاواره‌یی و ساڵانێکیش بێکاری و نه‌داری. بێکاری و نه‌داری کردییه‌ پۆلیس و وه‌ک پۆلیسی عیراقی له‌ جه‌له‌ولا، ده‌ستی به‌کار کرد. به‌یانییه‌ک خۆی و شه‌ش حه‌فت هاوکاری دیکه‌ی له‌ شیرینی خه‌ودا، عه‌ره‌ب به‌سه‌ریاندا ده‌دات و ده‌یانداته‌ به‌ر ده‌ستڕێژ و هه‌موویان ده‌کوژێت، سه‌لامیش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا کوژرا. سه‌لام، ئه‌گه‌ر منداڵه‌ هه‌ژار نه‌بوویایه‌ هه‌رگیز نه‌ده‌بووه‌ پۆلیس. منداڵی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌مه‌ندانی وڵاته‌که‌ی ئێمه‌ نابنه‌ پۆلیس و ئه‌وان به‌چکه‌ هه‌ژاران ده‌که‌نه‌ پۆلیس و چه‌کیان ده‌ده‌نه‌ده‌ست و دیانده‌نه‌ کوشت. به‌چکه‌ هه‌ژاران و پۆلیس و پاسه‌وانانی وڵاتی ئێمه‌، ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌مه‌ندان ده‌پارێزن. ده‌سه‌ڵاتی کورد، سیاسیی کورد، حیزبی کورد، که‌ تا ئێستاش نه‌یتوانیوه‌ عه‌ره‌ب له‌ جه‌له‌ولا وه‌ده‌رنێت و جه‌له‌ولا بخاته‌وه‌ سه‌ر کارگێڕی و بن ده‌سه‌ڵاتی کورد، به‌ چ هزر و نه‌خشه‌ و فه‌لسه‌فه‌ و ئاوه‌زێکه‌وه‌ پۆلیسی کورد له‌ ناو بازنه‌ی به‌عسی و عه‌ره‌بدا داده‌نێت؟  ده‌سه‌ڵاتداران سه‌لام ده‌نێرنه‌ جه‌له‌ولا و منداڵانی خۆیان ده‌نێرنه‌ پاریس و له‌نده‌ن و ستۆکهۆڵم و واشنینگتۆن. سه‌لام، ئه‌گه‌ر نه‌کوژرابا، تا سی ساڵی تری ته‌مه‌نی له‌ ئه‌وروپا بووایه‌، هه‌رگیز به‌ پۆلیسی و به‌ گولله‌ی عه‌ره‌ب و به‌عسی نه‌ده‌کوژرا.                                                                                    
نه‌ده‌کرا، سه‌باح و سه‌لام بهێنیت بۆ ئه‌وروپا و نه‌شده‌کرا گۆڕان بگه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا، لێ ده‌کرێ ڕه‌وشی کوردستان بگۆڕیت. ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ند و چه‌وسێنه‌ران، که‌ له‌ سه‌ر خوێنی خه‌ڵکی هه‌ژار و چه‌وساوه‌ی کورد ده‌ژین، له‌قاوده‌یت و ڕسوابکه‌یت و ده‌رده‌کانی جڤاکی کورد ئاشکرا بکه‌یت. ده‌کرێ ڕووی دزیوی ده‌سه‌ڵاتداران، که‌ به‌رپرسن له‌ هه‌موو مردنێکی ناسروشتی له‌و وڵاته‌ی ئێمه‌دا، هه‌ڵماڵیت و پێشانی خه‌ڵکی وڵاتی بده‌یت. پێشانی ئه‌وانه‌ی تا ئێستاش سوێند به‌ سه‌ریان ده‌خۆن و هێچ کرده‌وه‌کیان ناخه‌نه‌ به‌ر پرسیاره‌وه‌. ده‌کرێ مردنه‌کان له‌ یه‌کدی جوێ بکه‌یته‌وه‌ و هه‌ریه‌که‌و ناوی خۆی لێ بنێیت. ده‌کرێ بپرسێت، چما هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتدارزاده‌یه‌ک یا ده‌وڵه‌مه‌ندزاده‌یه‌ک به‌و شێوه‌ مردنه‌ی هه‌ژارانی وڵاته‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان نامرن!. ده‌کرێ بازنه‌ و پانایی ئه‌و پرسیاره‌ فراوانتر و مه‌زنتر بکه‌یته‌وه‌ و هه‌موو بوون و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بخه‌یته‌ به‌ر پرسیاره‌وه‌. ئه‌گه‌ر چێبوون و مردن دوو ڕووداو، کردار، ئه‌نجامه‌کردار یا پرۆسه‌ بن، که‌ مرۆڤ له‌ هه‌موو جیهاندا و ته‌واو و سه‌دله‌سه‌د هاوبه‌ش و وه‌ک یه‌کبن تێیاندا، واته‌: هه‌موو مرۆڤێک له‌ ئه‌نجامی کارێکی سیکسی باوکێک و دایکێک بێته‌ دنیاوه‌ و چێ ببێت و هه‌موو مرۆڤێکیش بمرێت، ئه‌وا که‌ له‌ هه‌ردوو چێبوون و مردنه‌که‌، وه‌ک دوو دیارده‌ی پێوه‌نددار به‌ که‌سه‌کانه‌وه‌، ورد ده‌بییه‌وه‌ و قووڵتر تێیان ده‌نۆڕیت، بۆت ده‌رده‌که‌وێت و ده‌بینیت، که‌ له‌ شێوه‌ و چۆنیه‌تی و ڕه‌وش و بار و هه‌لومه‌رجی ڕوودانی چێبوون و مردنی مرۆڤدا جیاوازیی هه‌یه‌. هه‌ژاران، نه‌داران، برسییان، ڕووتان، چه‌وساوان و خه‌ڵکانی شه‌که‌ت و سته‌مدیده‌ی خوارێی کۆمه‌ڵگه‌، هه‌میشه‌ منداڵه‌کانیان له‌ سه‌ختترین هه‌لومه‌رجدا دێنه‌ دنیاوه‌. منداڵه‌کانیان کاتێک دێنه‌ دنیاوه‌، ڕه‌نگه‌ دایکه‌کانیان خه‌ریکی دروێنه‌، په‌زدۆشین، ته‌پاڵه‌خڕکردنه‌وه‌، به‌نڕستن، هه‌وێرشێلان، نانکردن، ئالیکبه‌ئاژه‌لدان، خاوێنکردنه‌وه‌ و گسکلێدان، شیولێنان و...بن. زارۆکی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ند، له‌ باشترین و گرانترین و به‌خزمه‌تترین نه‌خۆشخانه‌دا دێنه‌ دنیاوه‌ و سه‌دان جێگه‌ی نه‌رم و جلی جوان و له‌یستۆکی نایاب و سه‌یر ده‌کرێته‌ خه‌ڵاتیان. له‌مردنیشدا هه‌ژاران، نه‌داران و..ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌، زۆرجاران له‌ کاتی کار، جه‌نگ،  شه‌که‌تبوون، هاتوچۆ و سه‌رگه‌رمی و سه‌رقاڵییه‌کدا، تێده‌که‌ون و به‌رده‌که‌ون و تێدا ده‌چن. مردنی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ندان له‌ مردنی خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ جیاوازه‌. ئه‌وان له‌ نێو جێگه‌ی گه‌رم و نه‌رمدا ده‌مرن. ئه‌وان نابنه‌ ژێر دیواره‌وه‌ و پرێمز پێیاندا ناته‌قێته‌وه‌. ئه‌وان ئه‌له‌کتریک نایانگرێت و داس و ته‌ور له‌ که‌لله‌یان نادات. ئه‌وان گولله‌ی عه‌ره‌ب و به‌عسی نایانکوژێت. ئه‌وان ئۆتۆمبیل نایانشێلێت. باسکردنی هه‌واڵی مردنه‌که‌ و ناشتنی مردووه‌که‌ و پرسه‌دانان بۆ مردووه‌که‌، هی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌مه‌ندان له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی دیکه‌ جیاوازه‌. ڕۆژانه‌ له‌ کوردستان سه‌دان گۆران و سه‌باح و سه‌لام، ده‌بنه‌ قوربانی ڕه‌وشێکی تاڵ و ناله‌بار، که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات، بازرگانانی جه‌نگ، ده‌وڵه‌مه‌ندانی دز، سازاندوویانه‌ و هێناویانه‌ته‌ ئاراوه‌. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان (بازرگانانی جه‌نگ و ده‌وڵه‌مه‌ندانی دز)، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت و بڕێک له‌ سامان و ده‌سه‌ڵات و ساخته‌کاری و دزیی خۆیان که‌مکه‌نه‌وه‌ و بڕێک له‌ پاره‌وپووڵێک، که‌ بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ و ڕابواردن و بانگهێشتن و گه‌شت و قومار و خانووکردن و ناوماڵه‌کڕین و هه‌زارویه‌ک شتی قۆڕی دیکه‌ ته‌رخانی ده‌که‌ن، دانێن بۆ چاککردنی جاده‌ و چاککردنی ئه‌له‌کتریک و نه‌هێشتنی عه‌ره‌باندن و...ده‌یان شتی دیکه‌، ئه‌وا هه‌رگیز گۆران و سه‌باح و سه‌لامه‌کان ناکوژرێن و له‌نێوناچن. له‌ هه‌موو ئه‌وروپادا ئه‌گه‌ر باس له‌و شێوه‌ مردنانه‌ی وڵاتی کوردستان (پرێمزته‌قینه‌وه‌، گازته‌قینه‌وه‌، ئه‌له‌کتریک، ڕووخانی دیوار و خانوو، خنکان له‌ نێو ئاودا، کاره‌ساتی لێدانی ئۆتۆمبیل له‌ سه‌ر جاده‌ و...) بۆ که‌سێکی ئه‌وروپایی بکه‌یت، ڕه‌نگه‌ به‌ ئه‌فسانه‌ی تێبگات و هێنده‌ت پێ بکه‌نێت، که‌ ئاو له‌ چاوه‌کانی بێته‌ خوارێ و وه‌ک شۆخییش بۆ ده‌یان که‌سی بگێڕێته‌وه‌. نه‌مانی گۆران و گۆرانه‌کان، تۆپه‌ڵه‌ خه‌مێکی زیاده‌ن ده‌خرێنه‌ سه‌ر خه‌رمانی خه‌مه‌که‌ڵه‌که‌کراوه‌کانی هه‌موو مرۆڤێکی ئازادیخواز و دژه‌چه‌وساندنه‌وه‌ و وڵاتپارێزی  وڵاتی خه‌مستان (کوردستان).                                                                                                                   

27/11/2004

Friday, November 26, 2004

مردنی یاسر عه‌ره‌فات، دزێک که‌متر

مردنی یاسر عه‌ره‌فات، دزێک که‌متر
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی 

چل ساڵێکه‌ یاسر عه‌ره‌فات، سه‌رۆکی ڕێکخراوی فه‌تح و سه‌رۆکی ڕێکخراوی ئازادیی فلستینه‌ و چه‌ند ساڵێکیشه‌ له‌ سه‌ر هه‌ندێک له‌ خاکی فلستین، سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی فلستینه‌ و  به‌ناوبانگترین که‌سی بزاڤی ڕزگاریخوازی فلستینیشه‌. عه‌ره‌فات به‌ خۆ و ڕدێن و سمێڵ و جامه‌دانی و عه‌گاڵه‌که‌یه‌وه‌، وه‌ک نیشانه‌یه‌کی  فلستین و عه‌ره‌ب،  له‌ ده‌روازه‌ی سیاسه‌تی جیهانییه‌وه‌ وه‌ژوورێ که‌وتبوو و هه‌میشه‌ ناوی له‌ ناواندا بوو. 11/11/2004 له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی له‌شکریی فرانسه‌ له‌ پاریس کۆچیدوایی کرد. عه‌ره‌فات له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی سیاسه‌تکردنیدا، وه‌ک ته‌واوی ڕێبه‌ران و سیاسه‌تکارانی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و ڕۆژهه‌ڵات، له‌ ته‌نیشت کاره‌ سیاسییه‌که‌ییه‌وه‌، زۆر چالاکانه‌ کاری پاره‌خڕکردنه‌وه‌ و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردنی خۆیشی کردبوو. ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌م، که‌ له‌ سیاسه‌تدا ده‌گه‌نه‌ پله‌ و پایه‌یه‌کی باڵا و ده‌سه‌ڵات، ئیدی هه‌رچی سامان و پاره‌ی حیزب و ده‌وڵه‌ت و ڕێکخراوه‌کانیانه‌ ده‌بێته‌ هی خۆیان و به‌ موڵکی خۆیانی ده‌زانن و به‌ هه‌وه‌س و ئاره‌زووی خۆیان چۆنیان بوێت وای لێ ده‌که‌ن. ئه‌وان سیاسه‌ت ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بازرگانی بکه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی دزی بکه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌ند بن. ته‌واوی ڕۆژگارێک، که‌ ده‌بنه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌رفه‌تێکی زێڕین و له‌باری ده‌زانن، بۆ هه‌رچی زووتر خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و گیرفانپڕکردنه‌، چونکه‌ هه‌میشه‌ پێیانوایه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ سبه‌ینێ زووتر نه‌بێت،  کوودێتایه‌کیان به‌ سه‌ردا بکرێت و به‌ تۆبزی له‌ کاره‌که‌یان وه‌ده‌رنرێن و به‌ر شه‌ق بکه‌ون یا بگیرێن و زیندانی بکرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ خۆیان ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتیان داگیرکردووه‌ و هه‌رگیز، مه‌گه‌ر مردن یا کوشتن پێیان به‌جێ بهێڵێت، ده‌نا تا دواهه‌ناسه‌یان، لێی نایه‌نه‌ خوارێ و هه‌ر داژۆن. ئه‌وجا ماوه‌ی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی و سیاسه‌تکردنیان له‌کن، هه‌له‌ و به‌هاره‌ و مه‌وله‌وی تاوگۆزی گوته‌نی:"هه‌ر به‌هار ناوێ ده‌ی له‌ په‌یمانه‌   فرسه‌ت ئه‌فه‌وتێ ده‌ی له‌ په‌یمانه‌" و ده‌بێ هه‌رچی زووه‌ بیقۆزنه‌وه‌ و هه‌ل له‌ ده‌ستی خۆیان نه‌ده‌ن و له‌ په‌یمانه‌ بده‌ن و هه‌رچییان دێته‌ پێش و به‌رده‌ست، ڕایماڵن و خڕیکه‌نه‌وه‌ و بیشارنه‌وه‌. به‌ پێی میدیاکانی جیهان و شاره‌زایان و که‌سانی ئاگادار، عه‌ره‌فات 5,1 ملیار دۆلاری له‌ پاش به‌ جێ ماوه‌. عه‌ره‌فات، که‌ ده‌ستی به‌ سیاسه‌ت کرد، ئه‌ندازیار بوو. ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی ئه‌م چل ساڵه‌دا وه‌ک ئه‌ندازیارێک کاری کردبا، ئێستا ئه‌گه‌ر هه‌ر زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندیش بووبا، خاوه‌نی چه‌ند میلیۆنێک دۆلار ده‌بوو و هیچی دی. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ پاش عه‌ره‌فات به‌جێماوه‌، پاره‌ و پووڵی خه‌ڵکه‌. پاروه‌نانی هه‌ژار و داماو و چه‌وساوه‌ و هه‌تیو و بێوه‌ژن و پیر و په‌ککه‌وته‌ و منداڵه‌شه‌هید و ماڵڕووخاو و کوڕ و برا و خوشک و دایک و باوک و کچکوژراوی فلستینییه‌. پاره‌ی دزییه‌ و عه‌ره‌فات له‌ وڵاته‌که‌ی، له‌ خاکه‌که‌ی، له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی، که‌ هه‌میشه‌ به‌ هه‌ردوو ده‌ست و ده‌مولێوی ماچی درۆی به‌ سه‌ریاندا ده‌باراند و ده‌به‌شییه‌وه‌، دزیویه‌تیی. ئه‌و پێنج ملیار دۆلاره‌، پێنج ملیار په‌ڵه‌ی دزێو و ناشیرین و چڵکن و گه‌مارن به‌ نێوچاوانی عه‌ره‌فات خۆی و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسه‌تکار و سه‌رکرده‌ و ڕێبه‌رانی دز و ساخته‌کارانی جیهانه‌وه‌(به‌ کوردیشه‌وه‌). پێش عه‌ره‌فات، سه‌ددام حوسه‌ین ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست دا و ئه‌ویش هه‌رچی ملیاره‌کانی بوون ده‌ستی خه‌ڵکی دیکه‌ که‌وتن. پێشتریش چاوچێسکۆ و شای ئێران و هایلا سیلاسی و عیدی ئه‌مین و ... ده‌یان دیکتاتۆر و دزی دیکه‌ سه‌ریان نایه‌وه‌ و هه‌موو سامانه‌کانیان بوون به‌ هی چه‌کمه‌بۆران. مردنی هه‌ر عه‌ره‌فاتێک و عه‌ره‌فات ئاسایه‌ک و هه‌ر ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌کی دز(به‌ کوردیشه‌وه‌)، مردنی چه‌ته‌ و جه‌رده‌یه‌ک و له‌به‌ینچوونی گه‌وره‌دزێکه‌. ئایا سه‌رانی کوردیش، که‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌فات و عه‌ره‌فاته‌کاندا هیچ جیاوازییه‌کیان نییه‌ و، که‌ ئه‌وانیش به‌شێکن له‌ کۆڕی  سیاسییه‌ پاره‌خڕکه‌ره‌وه‌کان و، که‌ زۆر له‌ مێژه‌ کاری سیاسه‌ت ده‌که‌ن و به‌شێکی پاره‌ و پووڵی حیزب و ڕێکخراو و ده‌سه‌ڵاته‌سیاسییه‌کانیان، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مووی نه‌بێت، که‌ له‌ خۆیان زیاتر یه‌ک که‌سی دیکه‌ی ته‌نانه‌ت ده‌وروبه‌ریشیان ئاگاداری حیساب و سه‌رمایه‌ و سامان و پاره‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندییان نییه‌، بیرێک له‌ خۆیان و چاره‌نووسی خۆیان ناکه‌نه‌وه‌، که‌ له‌ عه‌ره‌فات و ئه‌وانی پێش عه‌ره‌فات باشتر نابن؟ ئایا به‌ته‌مان ته‌مه‌نی نووح و کیسه‌ڵ و قه‌له‌ڕه‌ش بکه‌ن؟ هه‌رچه‌ندی بژین، ڕۆژێک دادێت هه‌ر ده‌مرن و سامان و پووڵه‌کانیان له‌دوو به‌جێده‌مێنێت و بۆ خۆیشیان ده‌بنه‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی بن ددانی خه‌ڵک. ئه‌گه‌ر ته‌واوی ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌تکارانه‌، بۆ تاکه‌ ساتێک له‌ ژیان و خۆیان و کرده‌وه‌ و گوتار و هه‌ڵوێسته‌کانیان ڕابمێنن و بڕێک ویژدانی خۆیان، ئه‌گه‌ر هه‌یانبێت، بجه‌ڕێنن، ئه‌وانیش وه‌ک هه‌موو خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ی ئه‌م جیهانه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ن، که‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی دزییه‌ و، که‌ پاره‌ و پووڵ و سه‌رمایه‌، به‌ پێسکه‌یی و شێوه‌ی ناڕه‌وا و حه‌رام نه‌بێت هه‌رگیز خڕ ناکرێته‌وه‌ و، که‌ پاره‌ و سامانێک به‌ که‌لله‌چێتی و گه‌ووادی و له‌شفرۆشی و عه‌رقفرۆشتن و گۆشتی به‌راز فرۆشتن و ته‌نانه‌ت ڕووتاندنه‌وه‌ و دزینی سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌مه‌ندان خڕکرێته‌وه‌، گه‌لێک له‌ دزیکردن له‌ خه‌ڵک و وڵات و گه‌ل، به‌ به‌کاربردنی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تکاری و سه‌رکرده‌یی، حه‌ڵاڵتر و شه‌ریفتره‌!.                                                                       

26/11/2004  

Thursday, November 25, 2004

خۆشه‌ویستیی یه‌کلایه‌نه

خۆشه‌ویستیی یه‌کلایه‌نه
‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
                                                    
پشکۆ ناکام، ماوه‌یه‌ک له‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان دوورکه‌وتبووه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرتن و خۆی به‌ هه‌واداری ئاش(ئاڵای شۆڕش) ده‌زانی. ڕۆژێکی موحه‌ممه‌د سابیر ئیسماعیل، که‌ ئه‌وده‌می به‌رپرسی ڕێکخستنه‌کانی یه‌کیه‌تیی بوو له‌ سوێد و ئه‌وروپا، له‌ شوێن و بۆنه‌یه‌کدا له‌ ستۆکهۆڵم، تووشی پشکۆ ناکام ده‌بێت و پێی ده‌ڵێت:"ئه‌وه‌ بۆ ئاماده‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی نابیت؟" پشکۆ ناکامیش ده‌ڵێت:" من هیچ پێوه‌ندێکم به‌ یه‌کیه‌تییه‌وه‌ نییه‌ و وازمهێناوه‌ و خۆیشم به‌ یه‌کیه‌تیی نازانم و ناشمه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تییدا کار بکه‌م". موحه‌ممه‌د سابیر ئیسماعیلیش پێی ده‌ڵێت:" تۆ خۆت به‌ یه‌کیه‌تیی بزانێت یا نه‌، یه‌کیه‌تیی تۆ هه‌ر به‌ یه‌کیه‌تیی و هی خۆی ده‌زانێت". ئه‌وجا پشکۆ ناکامیش ده‌ڵێت:" جا ئه‌وه‌ حوب مین ته‌ره‌ف واحید (حب من طرف واحد)ه‌". واته‌: ئه‌وه‌ خۆشه‌ویستییه‌کی یه‌کلایه‌نه‌یه‌.                                                                                                                  
 تۆ که‌ ته‌ماشای ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستان ده‌که‌یت و گوێ ده‌ده‌یته‌ سه‌رانی کورد و به‌رپرسانی حیزبه‌کانی کوردستان و سیاسه‌تکاران و نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی کورد و ڕۆژنامه‌ و میدیاکان ده‌بیسیت و ده‌بینیت و ده‌خوێنییه‌وه‌، زۆرجاران، که‌ باسی عیراق دێته‌ گۆڕێ و ناوی عیراق ده‌به‌ن ده‌ڵێن: "عیراقی دیموکراتی و فیدرالی" یا "عیراقی فیدرال" یا "به‌غدای پێته‌ختی عیراقی فیدرال" یا "سه‌رۆککۆماری عیراقی فیدرال" یا "سه‌رۆکی حوکوومه‌تی عیراقی فیدرال" یا "وه‌زیری...عیراقی فیدرال" و...واته‌: واژه‌ی فیدراله‌که‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا به‌کار ده‌به‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز له‌ زاری یه‌ک به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تکاری عیراقه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ زاری میدیاکانی عیراقیشه‌وه‌، ئه‌و وشه‌ی فیدراله‌ت گوێ لێ نابێت. هه‌ر کورده‌ و سه‌رانی کوردن وه‌دووی عیراقییاندا هه‌ڕا ده‌که‌ن و عیراقییانیش ئه‌و باسه‌یان هه‌ر به‌ خه‌یاڵدا نایه‌ت و هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌و واژه‌یه‌یان به‌رگوێ نه‌که‌وتووه‌ و پێشده‌چێت له‌ سه‌ر زاریان گه‌لێک  ناخۆش بێت و حه‌زیان پێی نه‌بێت و ببێته‌ هۆی شێواندنی مگێزیان. کورد یه‌کلایه‌نه‌ به‌ باڵا و به‌ژنی ئه‌و عیراقه‌ فیدرالییه‌دا هه‌ڵده‌ڵێت و یه‌کلایه‌نه‌ ئه‌و عیراقه‌ی خۆش ده‌وێت. کورد هه‌ر له‌ خۆڕا ئه‌و عیراقه‌ی خۆش ده‌وێت و هیچ پێویستیشی به‌وه‌ نییه‌ خۆشی بووێت. خۆشه‌ویستیی یه‌کلایه‌نه‌ش هه‌میشه‌ مایه‌پووچی و بێهووده‌یی له‌ دوایه‌ و هه‌میشه‌ شه‌که‌تییه‌کی ناپێویست و ڕه‌نجێکی بێوه‌ره‌. ئه‌وه‌ی سه‌رانی کوردیش    له‌ته‌ک عیراق و به‌غدادا ده‌یکه‌ن دڵداری و خۆشه‌ویستییه‌کی یه‌کلایه‌نه‌یه‌ و هیچی دی. 


                                                              25/11/2004

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...