Friday, October 10, 2003

کۆمارییه‌ شاخوازه‌کان و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک



کۆمارییه‌ شاخوازه‌کان و  ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ سایتی "کوردستاننێت"دا، ڕۆژی 9/10/2003، کاک کاروان سه‌ربه‌نی، له‌مه‌ڕ بابه‌تێکی من، که‌ له‌ هه‌مان سایتدا و چه‌ند ڕۆژێک پێشتر، به‌ نێوی"کۆمارییه‌ شاخوازه‌کان"، بڵاوبووبووه‌وه‌، گوتارێکی نووسیوه‌ به‌ نێوی "شاکۆماری دووپاتبوونه‌وه‌یه‌". له‌وێدا باسی نووسینێکی "جه‌وهه‌ر کرمانج" ده‌کات، که‌ زووتر له‌ ڕۆژنامه‌ی "کوردستانی نوێ"دا و له‌مه‌ڕ هه‌مان مه‌به‌ست بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و گومانی ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ ڕه‌نگه‌ نووسینه‌که‌ی من، له‌وه‌ی "جه‌وهه‌ر کرمانج"ه‌وه‌ وه‌رگیرابێت. پێشه‌کی سوپاسی کاک سه‌ربه‌نی ده‌که‌م، بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی له‌مه‌ڕ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی کوردی و پێش هه‌ر شتێکیش، ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ی پێ بڵێم، که‌ هه‌رگیز من خۆم به‌ نووسه‌ر و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ نازانم و ته‌نێ وه‌ک ده‌ربڕینی هه‌ندێک بیروڕا، که‌ پێموایه‌ هه‌موو که‌س بۆی هه‌یه‌ بیڵێت، منیش جار و بارێک، دیتنه‌کانی خۆم، له‌مه‌ڕ شتگه‌لی جیاوازه‌وه‌ ده‌ڵێم. حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه‌ش بڵێم، که‌ هه‌رگیز نه‌ دڵم گه‌رد ده‌گرێت و نه‌ به‌ ڕه‌خنه‌ش تێکده‌چم.  من له‌و بڕوایه‌دام، به‌شێکی زۆری ناجۆریی کاره‌کانی ئێمه‌ی کورد، له‌ هه‌موو بواره‌کاندا و به‌گشتی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ  نه‌بوونی ڕه‌خنه‌. ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ش هه‌بێت، ئه‌وا گوێی پێنادرێت و زۆرجاران به‌ دژایه‌تی و گرتنی سه‌نگه‌ره‌که‌ی به‌رانبه‌ر ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م. کاک سه‌ربه‌نی، کورد ده‌ڵێ:"سوێندت له‌ سه‌رم نییه‌"، به‌ڵام بڕوا بکه‌ و دڵنیابه‌، درۆت له‌گه‌ڵ ناکه‌م ، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاگام له‌و نووسینه‌ی "جه‌وهه‌ر کرمانج" نه‌بووه‌ و نییه‌ و نه‌بیستوومه‌ و نه‌دیومه‌ و نه‌خوێندووشمه‌ته‌وه‌ و ئه‌وا ئێستا و بۆ یه‌که‌م جار له‌ تۆی ده‌بیسم. بیرۆکه‌ی نووسینه‌که‌ی منیش، که‌ بانگاشه‌ی هیچ هونه‌ر و نوێخوازییه‌کیشیم تێدا نه‌کردووه‌، هه‌رگیز هیچ پێوه‌ندێکی، نه‌ک هه‌ر به‌و نووسینه‌ی "جه‌وهه‌ر کرمانج"ه‌وه‌، به‌ڵکه‌ به‌ هیچ جۆره‌ نووسینێکی، هیچ که‌سێکی دیکه‌شه‌وه‌ نییه‌ و من بۆ خۆم ئه‌وه‌م به‌ بیردا هاتووه‌ و ئه‌وه‌ی من کردوومه‌ ته‌نێ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و بیره‌م به‌ ده‌نگی به‌رز گوتووه‌ته‌وه‌. من له‌وبڕوایه‌شدا نیم، ئه‌گه‌ر "جه‌وهه‌ر کرمانج" نووسینێکی له‌و جۆره‌یشی، پێش دوو ساڵان نووسیبێت، هه‌رگیز باسی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعوود بارزانی تێدا کردبێت، یا باسی ئه‌و "عه‌لیێڤ"ه‌ی ئازه‌ربایجانی تێدا هاتبێت، که‌ ئه‌و باسه‌ بۆ خۆی شتێکی نوێیه‌. زۆرجاران بیرۆکه‌یه‌ک، لای که‌سێک ده‌بێته‌ هه‌وێنی نووسینێک، که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌مان کاتدا، که‌سێکی دیکه‌، له‌ شوێنێکی دیکه‌، هه‌مان بیرۆکه‌ی بۆ هاتبێت و کردبێتی به‌ نووسینێک، وه‌ها کارێک، ده‌بێته‌ هۆی په‌یدابوونی لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌راوردکاری، یا ئه‌ده‌بی به‌راوردکاری، که‌ عه‌ره‌ب پێی ده‌ڵێن:"الأدب المقارن"، ئه‌گه‌ر بابه‌ت و باسه‌که‌، تێزێکی ئه‌ده‌بی بێت. یه‌ک شتی دیکه‌، که‌ ده‌مه‌وێ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌، که‌ مه‌رج نییه‌، هه‌موو که‌س، هه‌موو شتێک، هه‌موو بابه‌تێک، بابه‌تی هه‌موو که‌سێک،  بخوێنێته‌وه‌. نه‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو بابه‌تێک و هی هه‌موو که‌سێکێکیش، چ خه‌وش و ناته‌واوی و هه‌ڵه‌یه‌کی تێدا نییه‌ و مرۆڤ به‌وه‌ نابێته‌ نه‌خوێندوو و له‌ کاروانی شارستانییه‌تیش جێنامێنێت. مرۆڤ کوا،  به‌ هۆی ده‌رده‌سه‌ری و سه‌ختی ژیان و کورتی ته‌مه‌نه‌وه‌، به‌و هه‌موو شتانه‌دا ڕاده‌گا! پاشان ئه‌گه‌ر بشکرێت، ئه‌وا ته‌نێ بابه‌تگه‌لێک ده‌خوێنێته‌وه‌، که‌ بۆ خۆی هه‌ڵیبژێرێت و پێی خۆش بێت و چێژی لێ وه‌ربگرێت، ده‌نا له‌ خوێندنه‌وه‌دا، مرۆڤ پێڕه‌وی تیۆری"زۆر و بۆر" ناکات و له‌ بری چه‌ندایه‌تی، گرنگیی به‌ چۆنایه‌تی بابه‌ته‌کان ده‌دات،  چونکه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، ئه‌وا وه‌ک ئه‌رک و خوێندنی خوێندنگه‌ی لێ دێت، و وه‌ک کاری ئه‌ندامێکی حیزبییش، ده‌که‌وێته‌ چوارچێوه‌ی بێگاره‌وه‌.                                                                             
10/10/2003


Sunday, October 5, 2003

کۆمارییه‌ شاخوازه‌کان

کۆمارییه‌ شاخوازه‌کان

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

که‌ "کیم ئیل سۆنگ"ی سه‌رۆکی کۆریای باکووری به‌ ناو سۆسیالیست، ساڵی 1994 مرد، "کیم یۆنگ ئیل"ی کوڕی، کرا به‌ سه‌رۆککۆمار و ڕێبه‌ری وڵات. که‌ حافز ئه‌لئه‌سه‌د(حافظ الأسد)ی سه‌رۆکی سووریا مرد، به‌ششار(بشار)ی کوڕی، کرا به‌ سه‌رۆککۆماری سووریا. "عه‌لیێڤ"ی، سه‌رۆک کۆماری ئازه‌ربایجان، که‌ ته‌مه‌نی 80 ساڵه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکادا که‌وتووه‌ و تیمار ده‌کرێت، نایه‌وێت بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماریی ئازه‌ربایجان، که‌ له‌ 15 ئوکتۆبه‌ری 2003دا  ده‌کرێت، خۆی هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵکه‌ ده‌یه‌وێت کوڕه‌که‌ی، که‌ نێوی "ئیلهام"ه‌ ببێته‌ سه‌رۆکی ئازه‌ربایجان. موعه‌ممه‌ر ئه‌لقه‌ززافی(معمرالقذافي) ڕێبه‌ری لیبیا، پێشتر کوڕه‌که‌ی، که‌ نێوی سه‌یفولئیسلام(سیف الإسلام)ه‌، دانابوو ببێته‌ جێگری خۆی، ئێستا وا پێده‌چێت په‌شیمان بووبێته‌وه‌ و به‌ ته‌مایه‌ کچه‌که‌ی، که‌ نێوی عائیشه‌(عائشة)یه‌، بکات به‌ ڕێبه‌ری لیبیا دوای خۆی. حوسنی موباره‌ک (حوسني مبارک)ی سه‌رۆکی مسر، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌، جه‌مال(جمال)ی کوڕی ئاماده‌ ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی پاش خۆی ببێته‌ سه‌رۆکی مسر. سه‌ددام حوسه‌ین، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی عوده‌ی(عدي) و قوسه‌ی(قصي)ی کوڕانی مابوون، ده‌یه‌ویست قوسه‌ی(قصي)ی کوڕی ئاماده‌ بکات، بۆ ئه‌وه‌ی جێی خۆی بگرێته‌وه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌ گه‌شتی هه‌نده‌ران ده‌کات، "قوباد"ی کوڕی، له‌گه‌ڵ خۆدا ده‌بات و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌ی ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆی بگرێته‌وه‌ له‌ داهاتوودا. مه‌سعوود بارزانی، که‌ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ ده‌کات، "مه‌سروور"ی کوڕی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌ی بکات، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆی. ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌موویان، که‌ باس له‌ هه‌ڵبژاردنی کامه‌ سیستم بۆ وڵاته‌که‌یان، پاشایه‌تیی یا کۆماریی،  کرابا و بکرێت و هه‌ڵبژێردرابا و هه‌ڵبژێردرێت، هه‌موویان له‌ ئه‌ندامانی کۆموونه‌ی پاریس، کۆماریخوازتر بوون و هه‌ن و بڕوایان به‌ کۆیه‌تی سه‌رکردایه‌تیی و ڕێبه‌رایه‌تیی گه‌ل بووه‌ و هه‌یه‌، بێگومان هه‌موو به‌ سه‌رزاره‌کی، لێ له‌ واقیعدا، سه‌د ڕه‌حمه‌ت له‌وانه‌ی، که‌ به‌ ئاشکرا ده‌م له‌ پاشایه‌تی ده‌کوتن. ئه‌و کاره‌ی، که‌ ئه‌م ڕێبه‌رانه‌ ده‌یکه‌ن، ته‌نێ یه‌ک شت ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش بڕوانه‌بوونه‌ به‌ خه‌ڵکی وڵات و گه‌له‌کانی خۆیان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکانی هاوحیزب و هاوسیاسه‌ت و هاوبیران و نێزیکانی خۆیانیش.                                                                                           

5/10/2003

Thursday, October 2, 2003

ڕێژه

ڕێژه‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


که‌ سه‌ددامییان، که‌رکووکیان چۆڵکرد، هێزه‌کانی مارینز و ده‌هه‌زار چه‌کداره‌که‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و دواتریش جه‌لال تاڵه‌بانی، خۆیان کرد به‌ که‌رکووکدا، هه‌موو کورد چاوه‌نۆڕی ئه‌وه‌ بوون، که‌ ئیدی ده‌سبه‌جێ، که‌رکووک له‌ عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندن، بژار ده‌کرێت و ته‌واوی کوردی ئاواره‌ی که‌رکووکیش، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر جێگه‌ و زێدی خۆیان و  ده‌بنه‌وه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووان و که‌رکووکیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو ئامێزی کوردستانی دایک. جه‌لال تاڵه‌بانی، نه‌ک هه‌ر وای نه‌کرد، به‌ڵکه‌ ده‌سبه‌جێ کۆمیته‌یه‌کی 24 که‌سیی له‌ که‌رکووکییان دانا، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ که‌رکووکدا بگرنه‌ ده‌ست. ئه‌و 24 که‌سه‌، پێکهاتبوون له‌: 6 عه‌ره‌ب، 6 تورکمان،  6 کورد، 6 کلدۆ-ئاشووری (مه‌سیحی). هه‌ر له‌ رۆژی یه‌که‌مه‌وه‌، جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ ده‌ستی خۆی، کوردی له‌ که‌رکووکدا کرده‌ که‌مینه‌ و ڕێژه‌ی کورد، له‌ که‌رکووکدا کرا به‌ 25%  و 75%ی که‌رکووک، کران به‌ ناکورد. دیاره‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ "زۆر نیشتمانپه‌روه‌رانه‌یه‌"، قایلبوونی پارتییشی له‌ سه‌ر بووه‌، ده‌نا بێگومان ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه‌، یه‌کدییان داده‌پڵۆسا. که‌ ئه‌نجومه‌نی  ده‌سه‌ڵات، له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاییه‌کانه‌وه‌، له‌ به‌غدا دانرا، 25 که‌س به‌ ئه‌ندام دانران، به‌ حیسابی ئه‌وه‌ی عیراق –دیاره‌ به‌ کوردستانه‌که‌یشیه‌وه‌- 25 میلیۆن که‌سه‌. واته‌: بۆ هه‌ر یه‌ک میلیۆن، 1 نوێنه‌ریان له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا دانا. 5 ئه‌ندامی کورد دانران. که‌ باس له‌ ڕێژه‌ی کورد له‌ عیراقدا ده‌کرێت، کورد به‌ 25%ی دانیشتووانی عیراق داده‌نرێن. دانانی 5 ئه‌ندامی کورد له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا، ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی کورد 20%ی دانیشتووانی عیراق پێکده‌هێنێت، که‌ ئه‌مه‌ وا نییه‌. که‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا دانرا، 5 وه‌زاره‌ت دران به‌ کورد، له‌و حوکوومه‌ته‌شدا حیسابی کورد وه‌ک 20%ی دانیشتووانی عیراق کرا. له‌ هه‌رسێ حاڵه‌ته‌کاندا، کۆمیته‌ی کارگێڕیی که‌رکووک، ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا و حوکوومه‌تی به‌غدا، کورد کران به‌ که‌مینه‌. ڕێبه‌ریه‌تیی سیاسیی کورد، وێده‌چێت، له‌ مه‌سه‌له‌ی ئامار و ژماره‌ و ڕێژه‌دا، ئه‌وه‌ی که‌ بۆ کوردستان و کورد گرنگه‌، زۆر کۆڵه‌وار بن، ده‌نا ئه‌وه‌ی که‌ پێوه‌ندی به‌ سامان و پاره‌ و پووڵی خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ک هه‌ر چاکی لێ ده‌زانن، به‌ڵکه‌ ئوستادیشن تێیدا. ،سه‌رانی کورد، ئه‌گه‌ر که‌رکووک دڵ و قودسیان بوو و ئه‌گه‌ر هێنده‌ به‌ته‌نگ که‌رکووکه‌وه‌ بوون، ده‌بوو هه‌ر ڕۆژی یه‌که‌م، ئه‌و کاره‌یان نه‌کردبا و به‌ لای که‌مه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌یان دانابا: 12 کورد، 10 تورکمان، 1 عه‌ره‌ب (چونکه‌ له‌ هه‌موو مێژووی که‌رکووکدا، ته‌نێ هه‌ندێک گامێشه‌وان و چه‌ند عه‌ره‌بێکی هۆزی حه‌دیدی له‌ که‌رکووکدا هه‌بوونه‌، ئیدی ته‌واوی عه‌ره‌به‌کانی دیکه‌ی که‌رکووک عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنن) و 1 مه‌سیحی.  ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدایش 6 کوردی تێدا بووایه‌ن و حوکوومه‌ته‌که‌ی به‌غدایش 6 وه‌زیری کوردی تێدا بووایه‌ن. که‌ کاره‌کان وه‌ک ده‌بوو ئه‌نجام درابان، نه‌دران، ده‌بوو سه‌رانی کورد، که‌ هێنده‌ به‌ دۆستایه‌تیی ئه‌مه‌ریکاوه‌ ده‌نازێن و خۆهه‌ڵده‌کێشن و وه‌ک هاوپه‌یمان و هاوبه‌رژه‌وه‌ند و...باسیان ده‌که‌ن، ئه‌و ڕێژانه‌یان به‌ کیڕه‌ی قه‌ڵه‌مێکی ئه‌و دۆستانه‌یان، بگۆڕایه‌ن، ده‌نا که‌ ئه‌و دۆستانه‌یان، چۆله‌که‌یان بۆ ناگرن، ئیدی بۆچی پێیان ده‌ڵێن کاکه‌؟.                                                                                   
  2/10/2003                                                        

Wednesday, October 1, 2003

گاڵته‌کردن

 گاڵته‌کردن
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ڕۆژی 25/9-2003، په‌رله‌مانی کوردستان، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، قایل بوو و بڕوای خۆی دا به‌ سێ ژن، که‌ پۆستی وه‌زاره‌تیان له‌ حوکوومه‌ته‌که‌ی سلێمانیدا وه‌رگرت. ئه‌م هه‌واڵه‌ میدیاکانی کوردستان، ڕایانگه‌یاند و منیش له‌وانه‌وه‌ به‌ر گوێم که‌وت. هه‌ر که‌سێک، ئه‌گه‌ر بڕێک ئاگاداری پاشخان و به‌رایی، ڕووداوه‌ سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان، و گه‌مه‌ی مشک و کتک و تۆمی و جێڕی، پارتیی و یه‌کیه‌تیی نه‌بێت، ڕه‌نگه‌ دانانی سێ وه‌زیری ژنی، له‌ حوکوومه‌تی سلێمانیدا، زۆر پێ باش بێت و به‌ هه‌نگاوێکی "شۆڕشگێڕانه‌"ی بداته‌ قه‌ڵه‌م، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان هه‌نگاوی ناشۆڕشگێڕانه‌یان هه‌رگیز نییه‌ و هه‌ر کارێکی، که‌ کردوویانه‌ و ده‌یکه‌ن، هه‌موو هه‌ر شۆڕشگێڕانه‌ و داهێنانه‌!.به‌ من:                                                                                                  
 1. دانانی هه‌ر ژنێک، له‌ هه‌ر ده‌سگایه‌کی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی و کارگێڕیدا، به‌ هه‌موو ئاسته‌کانیانه‌وه‌، له‌ کوردستان و عیراق و ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی ناڤین و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا، ته‌رازووی لاسه‌نگی ژنانی ئه‌و وڵاتانه‌، ڕاست ناکاته‌وه‌ و هیچ جۆره‌ کاریگه‌رییه‌کی، له‌ پرۆسه‌ی یه‌کسانی ژن و پیاو و ئازادی ژن و ئه‌و مه‌به‌ستانه‌دا، که‌ خه‌ڵک هاواری بۆ ده‌کات و له‌ گه‌لێک له‌ وڵاتانی جیهاندا، بڕێک چووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، نییه‌ و هیچ کاتێکیش نیشانه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌، چونکه‌ ئه‌و ژنانه‌ی، ئه‌و پۆستانه‌یان ده‌درێتێ، ژنگه‌لێکن پیاو دایان ده‌نێت و به‌ مه‌رجی پیاو دانراون و  داده‌نرێن. ژنگه‌لێکن له‌ چوارچێوه‌ی مه‌به‌ست و نه‌خشه‌ی پیاودا کار ده‌که‌ن.  ژنگه‌لێکن له‌ دیدی پیاوه‌وه‌ ده‌نۆڕنه‌ ته‌واوی مه‌به‌سته‌کان. ئه‌و ژنانه‌، ته‌نێ به‌ پۆشاک و سه‌ر و سیما و سنگ و به‌رۆک و ده‌نگ و ڕه‌نگ و بۆن و ڕواڵه‌ت، ده‌ناسرێنه‌وه‌، که‌ ژنن، ده‌نا وه‌کی دی، له‌ بۆچوون و بیروڕادا، له‌گه‌ڵ پیاودا، چ جیاوازییه‌کیان نییه‌. زۆرجارانیش، پیاوانی ده‌سه‌ڵاتدار، وه‌ک چۆن  ماڵه‌کانی خۆیان،  یا ژووره‌کانی خۆیان، به‌ ئینجانه‌ و گوڵدان و گوڵ  و تابلۆی جوان و شتی نایاب ده‌ڕازێننه‌وه‌، هه‌روایش شوێنی کاره‌که‌ی خۆیان، به‌و ژنانه‌ ده‌ڕازێننه‌وه‌.                                                                                                                   
 2. ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی، که‌ ئێستا یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی قانوون و شه‌رعییه‌ت، لێی ده‌نواڕێت و داوای لێ ده‌کات، ڕه‌زامه‌ندی له‌ سه‌ر دانانی چه‌ند وه‌زیرێک ده‌ربڕێت و بڕوایان بداتێ، ساڵی 1994، هه‌ر یه‌کیه‌تیی نیشتمانی بۆ خۆی، ته‌لاره‌که‌ی تۆپباران ده‌کرد و ئه‌وی ڕێز و حورمه‌ت بێت، بۆ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی نه‌هێشته‌وه‌.                                                                                          
3. ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ وه‌زیره‌ ژنه‌ی، حوکوومه‌تی سلێمانی، په‌رله‌مان بڕوای خۆی پێ دان و قایلبوو به‌ دانانیان، ده‌ی وه‌زیره‌کانی دیکه‌ی ئه‌و حوکوومه‌ته‌ چی؟ خۆ ئه‌وان بێ بڕوا و قایلبوونی په‌رله‌مان دانراون. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکه‌  تا مانگی ئوکتۆبه‌ری 2002، که‌ ئه‌ندامانی که‌سک، هاتنه‌وه‌ نێو په‌رله‌مان و که‌سک و زه‌رد یه‌کدییان گرته‌وه‌، ئه‌و  حوکوومه‌ته‌ی سلێمانی، له‌ به‌ر نه‌بوونی بنگه‌یه‌کی قانوونی و  نه‌بوونی  په‌رله‌مانێک له‌ پشتییه‌وه‌ ، تا ئه‌و کاته‌ و ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت، خه‌ڵکی سه‌ر جاده‌کانی کوردستان، نێوی حوکوومه‌تی "فه‌ل"یان لێ نابوو و ناوه‌.      4. له‌و ئه‌نجومه‌نی حوکمه‌ی به‌غدا و له‌و عیراقه‌ی، که‌ سه‌رانی کورد، شانازیی پێوه‌ ده‌که‌ن و له‌ عه‌ره‌ب و عیراقییان زیاتر، هه‌رده‌م و بێ وچان، یه‌کپارچه‌یی و سه‌روه‌ری و ...ده‌پارێزن و داکۆکی لێ ده‌که‌ن، تا ئێستاش به‌ یه‌ک وشه‌، ناوی ئه‌و دوو حوکوومه‌ته‌ی هه‌ولێر و سلێمانی نابیسرێت و هیچ شوێن و جێگه‌یه‌کی قانوونیشیان بۆ ده‌ستنیشان نه‌کراوه‌.                                                                                                        
5. له‌ کاتێکدا، که‌ ته‌واوی کوردی، هه‌موو کوردستان، ده‌قێڕێنن، هاوار ده‌که‌ن  و ده‌پاڕێنه‌وه‌ و چاویان بڕیوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووتره‌، ئه‌و دوو "حوکوومه‌ت"ه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، ببن به‌ یه‌ک و به‌ یه‌کده‌نگ وه‌رامی خه‌ڵکی کورد و جیهان بده‌نه‌وه‌ و به‌ره‌وپیری ڕووداوه‌کان ببنه‌وه‌، ڕێک له‌ وه‌ها کاتێکدا، په‌رله‌مان ده‌نگده‌دات بۆ دانانی وه‌زیری نوێ، له‌ حوکوومه‌تێکدا، که‌ له‌ گیانه‌ڵڵادایه‌ و پێییه‌کی له‌ لێواری گۆڕدایه‌، ئه‌م کاره‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ردوو حوکوومه‌ته‌که‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و ڕێبه‌ریه‌تیی سیاسیی کورد، سووکایه‌تیی به‌ خه‌ڵکی کورد و خوێنی شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریی کوردستان و خاکی کوردستان ده‌که‌ن و پێیانوایه‌ هه‌موو کارێکی ده‌یکه‌ن به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردیدا تێده‌په‌ڕێنن و خه‌ڵک شاشی و چه‌وتییه‌کانیان نابینێت!.                                                                                          
 ڕێبه‌ریه‌تیی سیاسیی کورد، هه‌رچۆنی لێکده‌ده‌نه‌وه‌ و هه‌رچۆنی ده‌بینن و هه‌رچۆنی پاساوده‌ده‌ن، به‌ هیچ پێوه‌ر و دیتنێک، ئه‌وه‌ی  ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کیه‌تیی کورد و یه‌کیه‌تیی خاکی کوردستاندا نییه‌. نه‌ک هه‌ر حوکوومه‌ته‌کانیان، په‌رله‌مانه‌که‌یشیان، که‌ ئه‌ندامه‌کانی، حیزب ده‌ستنیشانی کردوون و دایناون، هه‌رگیز نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ناکات. ته‌نێ ڕاخوازی و ڕاپرسی و کاری ڕاسته‌وخۆ و ده‌سبه‌جێ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک، ده‌ربڕی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکه‌ و چاره‌نووسی هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌کیش، به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌ بوون و چاره‌نووسی گه‌ل و وڵاته‌وه‌ هه‌بێت، له‌ وه‌ها پرۆسێسێکی گه‌لێردا، بڕیار ده‌درێت و وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت و ده‌کارایێ.                                                                            


1/10/2003    

Thursday, September 25, 2003

کلیلی هۆش

کلیلی هۆش
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

مه‌زنترین کاره‌سات ئه‌وه‌یه‌، مرۆڤ، ئه‌گه‌ر هۆشی له‌ جێی خۆیدا بێت و چ گیروگیرفتێکی هۆشه‌کی نه‌بێت، هۆش و بیر و دیتنی خۆی، به‌ که‌سێکی دیکه‌، بسپێرێت و ڕێگه‌ به‌ یه‌کێکی دیکه‌ بدات، له‌ بری ئه‌و بیر بکاته‌وه‌. کاره‌ساتی له‌وه‌ش مه‌زنتر ئه‌وه‌یه‌، خه‌لکانێک هه‌بن، پێیانوابێت، ئه‌وان کلیلی هۆشی خه‌ڵکن و له‌بری خه‌ڵک بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و هه‌موو گوته‌یه‌ک، که‌ دێڵێن و هه‌موو کارێک، که‌ ده‌یکه‌ن ته‌واوی ڕاستییه‌کانن. سه‌رانی کورد - دیاره‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌وان به‌ ته‌نێ، به‌ڵکه‌ ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رانی زۆرینه‌ی، وڵاتانی دنیا و به‌ تایبه‌ت، گه‌لانی جیهانی سێیه‌م و ڕۆژهه‌ڵات- له‌وه‌ته‌ی هه‌ن، کاری سیاسی و بڕیاری سیاسی و بۆچوونی سیاسی و ڕه‌وشی ئابوورییان، که‌ هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ باسگه‌لێکی چاره‌نووسسازن و به‌ندن به‌ ته‌واوی گه‌لی کورده‌وه‌، له‌ خه‌ڵکی کورد شاردووه‌ته‌وه‌ و ده‌شارنه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌و شێوه‌ ڕه‌وتاره‌ به‌ لای خۆیانه‌وه‌، کارێکی باش بێت، یا به‌ "دیپلۆماسیی بێده‌نگ"ی دابنێن، که‌ ده‌ربڕینێکی سیاسییه‌ و زۆرجاران، له‌ لایه‌ن خه‌لکانی سیاسه‌تکاره‌وه‌، ده‌درێته‌ده‌ر و ده‌گوترێت. زۆرجاران ئه‌و ده‌ربڕینه‌م له‌ سیاسه‌تکارانی سوێدییه‌وه‌ بیستووه‌. من له‌و بڕوایه‌دا نیم، ئه‌وانه‌ی کورد، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بۆ مه‌سه‌له‌کان بچن. ئه‌وان له‌ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ باسانه‌دا، له‌ خه‌ڵکی کورد، له‌ ترسی په‌رده‌هه‌ڵماڵینه‌، له‌ سه‌ر زۆرینه‌ی کاره‌ ژێربه‌ژێرییه‌کانیان و پێوه‌نده‌کانیان و سامان و داراییان و گرێدراوییان به‌م  و به‌و و ئه‌وی دیکه‌وه‌. ئه‌وان هه‌رگیز نه‌هاتوون، باسه‌ سیاسییه‌کان، له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری کورددا، بخه‌نه‌ به‌رباس و گفتوگۆی له‌سه‌ر بکه‌ن. ته‌واوی بۆچوون و بڕیارێکیش، که‌ ده‌یده‌ن، هه‌ر بۆ خۆیان ده‌یده‌ن و ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک. ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ که‌مته‌رخه‌مییه‌کی خه‌ڵکی کوردیشی تێدا بێت، نه‌ک هه‌موو کورد، به‌ڵام زۆرینه‌ی، که‌ پێیانوایه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسه‌تکار و سه‌رکردانه‌، بۆ خۆیان، هه‌موو شتێک ده‌زانن و هه‌رگیز هه‌ڵه‌ ناکه‌ن و هه‌ر بڕیارێک بده‌ن، ئیدی ڕاسته‌، چونکه‌ له‌ تێگه‌یشتن و هۆشیاری و بیرتیژی و ئاوه‌زه‌وه‌یه‌. زۆرجاران، که‌ تۆ ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌ سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی ده‌گریت، ئه‌وه‌ هیچ، که‌ سه‌دان ئیمه‌یله‌نامه‌ت، له‌ ده‌روێشانی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌وه‌، بۆ دێت و هه‌موو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، که‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌ژین، ئه‌گه‌ر ده‌ستیان بڕوات، کارێکت پێ ده‌که‌ن، خۆزگه‌ به‌ ته‌ورچییه‌کانی کوردستان بخوازیت، پێت ده‌ڵێن، قابیله‌ تۆ له‌ فڵان باشتر له‌ سیاسه‌ت تێ بگه‌یت؟ یا قابیله‌ تۆ له‌ فڵان دڵسۆزتر بیت؟ یا ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و فڵانه‌ سه‌رکرده‌یه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ سیاسه‌ت ده‌کات و بۆ خۆی فێرگه‌ی سیاسه‌ته‌، تۆ چۆن ده‌بێت له‌و باشتری بزانیت؟ دیاره‌ هیچ یه‌کێک له‌ ئێمه‌ی مرۆڤه‌ ئاساییه‌کان، وه‌ها بانگاشه‌گه‌لێک ناکه‌ین، به‌ڵام ده‌توانین پڕ به‌ زارمان هاوار بکه‌ین و بڵێین، ئێمه‌ش لێی ده‌زانین و دڵسۆزین و ده‌توانین بیر بکه‌ینه‌وه‌ و مه‌رجیش نییه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تکارن، ئیدی هیچ هه‌ڵه‌یه‌کیان نه‌بێت!. ئێستاش خه‌ڵکی وایان تێدا ده‌بینیته‌وه‌، که‌ هه‌رزه‌کاری بازاڕی سیاسه‌ته‌ و نه‌ک هه‌ر هیچی ڕاست و باش ناکات، به‌ڵکه‌ ته‌واوی کرده‌وه‌کانیشی به‌ زیان، بۆ کوردستان و خه‌ڵکی کورد ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. پیویست ناکات سه‌رکرده‌ و سه‌رانی کورد، له‌ ورد و درشتی هه‌موو باسێک و هه‌موو پێشهاتێک، له‌بری هه‌موو کورد بیر بکه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کورد و مه‌سه‌له‌ی کوردستان زیانبه‌خشه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و سه‌رکردانه‌ خۆیشیان سه‌رێشه‌ و شه‌که‌تبوونی له‌ دواوه‌یه‌. ئه‌وان ئه‌گه‌ر له‌ بڕیار و کاره‌کانیاندا، نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک، بۆ جاده‌، کۆڵان، خوێندنگه‌،  کارگه‌، ژن، پیاو، منداڵ، گوند، باژێڕ و نێوماڵی خه‌ڵکی کورد و گوێ ڕانه‌دێرن، بۆ ده‌نگی ئه‌وان، هه‌رگیز له‌ ڕێگه‌ی حیزب و میزب و په‌رله‌مان و کارگێڕی و وه‌زاره‌ت و چه‌کدار و....ته‌واوی ئه‌و ده‌سگایانه‌وه‌، که‌ هه‌موو پارێزگاران و کوته‌کی ده‌سه‌ڵاتن و ده‌سه‌ڵات هێناویاننه‌ گۆڕێ و نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵک ناکه‌ن، له‌ خواست و به‌رژه‌وه‌نده‌ بناخه‌ییه‌کانی خه‌ڵکی کورد تێناگه‌ن و کاره‌کانیشیان، هه‌رده‌م پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زووه‌کانی خه‌ڵکی کورد ده‌بێت.                                                                                                                          

25/9/2003



Wednesday, September 24, 2003

سنووری کوردستان

سنووری کوردستان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌وه‌تی له‌ بیرم دێت، که‌ گوتراوه‌ کوردستان، ده‌سبه‌جێ خه‌یاڵم بۆ ته‌واوی خاکی کوردستان چووه‌. هه‌ر زۆر گچکه‌ بووم، ناوی شێخ سه‌عیدی پیران، شێخ مه‌حموودی مه‌لیک، مه‌لامسته‌فای بارزانی، قازی موحه‌ممه‌د، به‌رده‌قاره‌مان، چوار ئه‌فسه‌ره‌ شه‌هیده‌کان، حیزبی هیوا، دیاربه‌کر، ده‌رسیم، مه‌هاباد، عه‌وله‌سیسه‌، سمکۆ، باوه‌گوڕگوڕ، گۆلی زرێبار، شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، پردی ده‌لال، مه‌م و زین، بێستوون و...م ژنه‌فتبوو و هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ لای منه‌وه‌، شتگه‌لێکی پیرۆز بوون. شتگه‌لێک بوون، مایه‌ی شانازی بوون، بۆ من و ته‌واوی کوردی ئه‌م دنیایه‌ش. ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌و ته‌مه‌نه‌دا، کوردستانم به‌ پارچه‌پارچه‌یی نه‌ده‌هاته‌ به‌رچاو. بۆ من یه‌ک کوردستان هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌و کوردستانه‌ به‌رین و جوان و ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕخه‌ڵکه‌ بوو، که‌ پێمان ده‌گوت کوردستانی گه‌وره‌. دواتر و له‌ ته‌مه‌نی گه‌وره‌ییدا، که‌ ئیدی مرۆڤ، بار و واقیعه‌که‌ وه‌ک خۆی ده‌بینێت، فێری ئه‌م باشوور و باکوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوایه‌ بووم و تێگه‌یشتم، که‌ ئه‌و کوردستانه‌ گه‌وره‌یه‌، به‌شبه‌شه‌ و زۆر به‌ سه‌ختی، ده‌نگی که‌سێکی ئه‌م به‌ش ده‌گاته‌ یه‌کێکی ئه‌و به‌شه‌که‌ی دی. تێگه‌یشتم، که‌ له‌نێوان به‌شێک و به‌شه‌که‌ی دیکه‌دا، هه‌زاران کیلۆمیتر دڕکه‌ته‌ل و  و میلیۆنان مین و هه‌زاران پۆلیس و ژاندرمه‌ و قه‌ره‌قۆڵ و پیاوخراپ هه‌ن، کاریان ته‌نیا ڕێگرتنه‌، له‌ گه‌یشتنی کوردێکی ئه‌م دیو به‌ کوردێکی ئه‌و دیو. دیاره‌ به‌ ته‌نێ من وامبیرنه‌ده‌کرده‌وه‌ و وامنه‌ده‌زانی، به‌ڵکه‌ پڕانیی کورد، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو کورد، وای بیرده‌کرده‌وه‌ و وای ده‌زانی. که‌ سه‌ددام ڕووخا و ڕێژیمی عیراق گۆڕا، ئیدی هه‌موو کورد به‌ خۆیشمه‌وه‌، چاوه‌نۆڕی ئه‌وه‌ بووین، ته‌واوی ناوچه‌کانی باشووری کوردستان، ئه‌وانه‌ی، که‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا بوون، ئیدی یه‌کسه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ناوچه‌ پێشترئازادکراوه‌کانی کوردستان. ئه‌و کاره‌ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی، که‌رکووک (ته‌واوی که‌رکووک)، مووسڵ، (ته‌واوی مووسڵ)، خانه‌قین و مه‌نده‌لی (دیالا) و به‌دره‌ و جه‌سسانی (کووت)، بێنه‌وه‌ ئامێزی دایک و به‌ سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆک، شاد بنه‌وه‌. مووسڵ ئه‌و شاره‌ی، که‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، دوای ورمێ، به‌ دووه‌م پێته‌ختی کوردستانی داناوه‌. هه‌ر زۆری نه‌برد، سه‌رانی کورد، ده‌ستبه‌رداری بوون و گوتیان، مووسڵ شارێکی عه‌ره‌به‌. دوای سڕینه‌وه‌ی مووسڵ، سه‌رانی کورد، هه‌ر خۆیان هه‌زارویه‌ک گومانیان خسته‌ سه‌ر کوردستانییه‌تی که‌رکووک. یه‌کێکیان ده‌ڵێت، که‌رکووک کوردستانه‌، به‌ڵام شارێکی کوردی نییه‌. یه‌کێکی دیکه‌یان ده‌ڵێت که‌رکووک شارێکی کوردییه‌، به‌ڵام کوردستان نییه‌، ئه‌می دیکه‌یان ده‌ڵێت که‌رکووک شارێکی عیراقییه‌. ئه‌وی دیکه‌یان وه‌ک چۆن قودس، پارووه‌چه‌ورئاسایه‌ک، ده‌رخواردی ئیسرائیل دراوه‌، ئاوها که‌رکووک به‌ قودس ده‌چووێنێت و وه‌ک بابۆڵه‌یه‌ک ده‌یداته‌ ده‌ستی ناکوردانه‌وه‌. سه‌رانی کورد، که‌رکووک به‌ هه‌رچی داده‌نێن، ئاره‌زووی خۆیانه‌، وه‌لێ که‌رکووک لای ته‌واوی کوردی هه‌موو جیهان، باژێڕێکی کورده‌ و هه‌ره‌گرنگترین به‌شی کوردستانیشه‌. سه‌رانی کورد شۆخی به‌ که‌رکووک ده‌که‌ن و ناوێرن ڕێک و ڕه‌وان، بڵێن که‌رکووک، کوردستانه‌ و شارێکی کورده‌ و بڕایه‌وه‌. سه‌رانی کورد له‌ مه‌سه‌له‌ی که‌رکووکدا، که‌ کرۆکی مه‌سه‌له‌ی کوردستانه‌، منجه‌منج ده‌که‌ن و چاوه‌ڕێن، عه‌ره‌ب و تورکمان و خه‌ڵکانی دیکه‌ی ناکورد- که‌ هه‌رگیز و تا دنیا دنیابێت به‌ زاریاندا نایه‌ت- پێیان بڵێن، به‌ڵێ که‌رکووک کوردستانه‌!.                                                                                                                    
24/9/2003


Monday, September 22, 2003

یه‌کده‌نگیی

یه‌کده‌نگیی

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

باشووری کوردستان، ته‌نێ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵێک، یه‌ک حوکوومه‌تی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و حوکوومه‌ته‌ش نیوه‌ به‌ نیوه‌ بوو و له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ تا ده‌هاته‌ بچووکترین کارمه‌ندی خواره‌وه‌ی پلیکانه‌ی کارگێڕیی، له‌ نێوان پارتیی دیموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستاندا، 50 به‌ 50 کرابوون به‌ دوو له‌ته‌وه‌. له‌ 1994ه‌وه‌ و تا ئێستا، دوو حوکوومه‌ت و یه‌ک په‌رله‌مان، فه‌رمانڕه‌وای باشووری کوردستانن. له‌ قوتووی هیچ عه‌تارێکدا، شتی وا نابینرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ ته‌نێ ئاوه‌زی سه‌رانی کورد، ده‌توانێت تێیبگات. هه‌ر که‌ کورد بوو به‌ خاوه‌ن په‌رله‌مان، بڕیاردرا، فیدرالی ببێته‌ دروشمی ڕێبه‌ریه‌تیی سیاسیی کورد. دیاره‌ ناڵێم دروشمی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ باشووری کوردستاندا، چونکه‌ خواستی خه‌ڵکی کورد، گه‌لێک له‌ فیدرالی مه‌زنتره‌ و فیدرالی خۆدزینه‌وه‌یه‌که‌، له‌ پێشاندانی خواستی ڕاستیی کورد. به‌ڵام ئه‌و پرۆژه‌ی فیدرالییه‌، که‌ پارتیی دیموکراتیی کوردستان، بڵاوی کرده‌وه‌ و پاشان یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانیش ڕای له‌سه‌ر بوو، ده‌کرێ وه‌ک به‌راییه‌ک بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌موو ئامانجه‌کانی کورد سه‌یر بکرێت. سه‌ره‌تاییترین مه‌رجێک بۆ مسۆگه‌رکردنی ئه‌و فیدرالییه‌ش، یه‌کده‌نگیی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسی کورده‌. سه‌کرده‌یه‌تیی سیاسی کورد، هه‌ر ده‌ڵێی نه‌ بای دیوه‌ و نه‌ باران، هه‌رچی کورده‌ له‌م دنیایه‌دایه‌، هێنده‌یان هاوار کرد بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کگرن و ببنه‌ یه‌ک ده‌سه‌ڵات، گه‌روویان نووسا، که‌چی ئه‌وان هه‌ر به‌ خه‌یاڵیشیاندا نایه‌ت. سه‌کرده‌یه‌تیی سیاسی کورد، ده‌بوو هه‌ر پێش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین، به‌ یه‌کخستنی هه‌ردوو کارگێڕییه‌که‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، بهاتبایه‌ته‌ مه‌یدانی سیاسه‌تی عیراقه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ عیراقییان و داگیرکارانی عیراقدا (ئه‌مه‌ریکاییه‌کان) به‌ یه‌کده‌نگ، یه‌کزمان، یه‌کبۆچوون و دیدی سیاسییه‌وه‌ قسه‌ی کردبا. ده‌بوو پێش وه‌رگرتنی جێگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتدا له‌ به‌غدا، ماڵی خۆی قایم کردبا و به‌ یه‌کده‌نگه‌وه‌ بچووایه‌ته‌ به‌غدا. کورد زۆر له‌مێژه‌ گوتوویه‌تی:"ماڵی خۆت قایمکه‌ و سه‌گی ماڵهاوسێ مه‌که‌ به‌ دز". ئه‌و دووده‌نگیی و دووئاوازییه‌ی خوێندنه‌، له‌ لایه‌ن سه‌رانی کورده‌وه‌، کارێکی وای کردووه‌، که‌ له‌ به‌غدا و له‌ نێو ناکوردانی عیراق و حیزبه‌ ناکوردییه‌کاندا، هه‌ریه‌که‌و به‌ جۆرێک، فیدرالی بخوێننه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت تاکه‌ یه‌ک خوێندنه‌وه‌شیان، له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی کورددا، پێک نایه‌ته‌وه‌. ئه‌وان به‌ ئاوازێکی دیکه‌ی ده‌خوێننه‌وه‌. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌موو عیراق ده‌نگ بدات بۆ فیدرالی، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت کوردستان و کورد، هه‌ر به‌شێک بن له‌ عیراق و هه‌رگیز و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک سنووری کوردستان دیاری نه‌کرێت. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌کات له‌وه‌ی، که‌ به‌ته‌نگ کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه‌یه‌، ده‌بێ پێش هه‌ر شتێک، کارگێڕییه‌کان بکاته‌ یه‌ک، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یارانی کوردستان و کورد، له‌ درزی دووکارگێڕی و دووئاوازییه‌وه‌، دزه‌ نه‌که‌نه‌ ژوورێ و دوای ئه‌وه‌ش ڕێک و ڕه‌وان، سنووری کوردستان، وه‌ک خۆی، واته‌: ته‌واوی ئوستانه‌کانی، هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆک، که‌رکووک، مووسڵ، ناوچه‌کانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی له‌ ئوستانی دیالا و به‌دره‌ و جه‌سسان له‌ ئوستانی کووت، بخرێنه‌ نێو ئه‌و فیدرالییه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌نگدانیشی له‌ سه‌ر ده‌کرێت، ئه‌وا ته‌نێ له‌ کوردستاندا بکرێت، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ته‌واوی عیراق ده‌نگی بۆ بدات، ئه‌وا هه‌رگیز جێبه‌جێ نابێت و ئه‌ویش وه‌ک هه‌موو خه‌ونێکی خۆشی دیکه‌ی کورد، شه‌وه‌یه‌کی ڕه‌زاگرانی دزێوی نه‌یارانی ده‌یتاسێنێت. سه‌کرده‌یه‌تیی سیاسی کورد، هیچ پێویست ناکات به‌ شه‌رمه‌وه‌ و  له‌ ژێر لێوه‌وه‌، خواسته‌کانی گه‌لی کورد بخاته‌ڕوو و با چیدی نه‌یگوڵمێنن و قسه‌له‌ڕوو بن و به‌ ئاشکرا بێڵێن. ئه‌گه‌ر عیراقییان و  ده‌سه‌ڵاتدارانیانیش به‌و مه‌رجانه‌ قایل نابن، ئه‌وا با کورد، بوێرانه‌ و ئازایانه‌، جاڕی جوێکردنه‌وه‌ی ماڵی خۆی بدات و کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ کۆیلایه‌تیی ڕزگاربکات.                                                                                                          

                                                                                                                        22/9/2003

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...