Tuesday, September 16, 2003

ته‌ڵه

ته‌ڵه‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 ده‌گێڕنه‌وه‌ و ده‌ڵێن، که‌ گوتووبێژ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی عیراقدا کرابا، بارزانی(مه‌لا مسته‌فا)، چه‌ند که‌سێکی، له‌وانه‌ی خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانی و کاژیکانه‌ بیریان ده‌کرده‌وه‌، ده‌خسته‌ نێو ئه‌و شانده‌وه‌، که‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی عیراقدا داده‌نیشتن، و ئه‌گه‌ر بڕیاریش وا بووایه‌، چه‌ک له‌ ئێران وه‌رگرن، ئه‌وده‌می هه‌نده‌ک له‌وانه‌ی، که‌ خۆیان به‌ چه‌پ و سۆسیالیست و کۆمۆنیست ده‌زانی، ده‌خسته‌ نێو ئه‌و شانده‌وه‌، که‌ ده‌چوون چه‌کیان له‌ ئێران ده‌هێنا. که‌ له‌ بارزانییان پرسیوه‌، بۆ وا ده‌کات، گوتوویه‌تی، ئه‌و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ زمانیان زۆر درێژه‌ و باسی هه‌موو کوردستان ده‌که‌ن، با ئه‌وان له‌گه‌ڵ عیراقییه‌کاندا قسان بکه‌ن و سبه‌ی نه‌ڵێن به‌خوا ئه‌مه‌ی، که‌ وه‌رمانگرتووه‌ هیچ نییه‌، هه‌رچی کۆمۆنیسته‌کانیشه‌، که‌ خۆیان بچن چه‌ک له‌  ئێرانه‌وه‌ بهێنن، ئیدی ناتوانن باسی ئه‌وه‌ بکه‌ن، که‌ ئه‌م شۆڕشه‌، پێوه‌ندی به‌ ئیمپریالیزم و ئه‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێشکه‌وتنخوازانه‌ نییه‌. بارزانی، به‌و جۆره‌، ده‌می زماندرێژانی داده‌خست. که‌ هۆشیار زێباری، کرا به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق، ڕه‌نگه‌ به‌ لای خۆی و حیزبه‌که‌یه‌وه‌، به‌ ده‌سکه‌وتێکی باش دانرابێت، به‌ڵام من یه‌ک به‌ خۆم پێموابوو، ئه‌وه‌ ته‌ڵه‌یه‌که‌ و بۆ کورد نراوه‌ته‌وه‌، و بۆ ئه‌وه‌ دانراوه‌، کوردی پێ ده‌مکوت بکرێت. به‌وه‌ی، که‌ زێباری، له‌ هه‌موو لایه‌ک و له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا، ده‌بێ وه‌ک نوێنه‌ری عیراق قسان بکات و عیراقیش، به‌ ڕای ئه‌نجومه‌نی فه‌رمانڕه‌وا(به‌ نوێنه‌ره‌ کورده‌کانیشیه‌وه‌) و به‌ ڕای عیراقییان(به‌ هه‌موو گه‌لانی عیراقی ناکورد و زۆرێک له‌ حیزبه‌ کوردییه‌کانیش) و ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و ده‌وڵه‌ته‌کانیان و کۆمکاری عه‌ره‌بیش، وڵاتێکی عه‌ره‌بییه‌ و ده‌بێ عه‌ره‌بایه‌تی و یه‌کیه‌تیی خاکی و سه‌روه‌ریی وه‌ک ده‌وڵه‌تێک، وه‌ک پیرۆزییه‌کی قسه‌هه‌ڵنه‌گر، بپارێزرێت. له‌ ژینگه‌یه‌کی وه‌هادا، له‌و بڕوایه‌دام هۆشیار زێباری، نه‌ک هه‌ر هیچی بۆ کورد پێناکرێت، به‌ڵکه‌ ده‌بێ گوێڕایه‌ڵی برا عه‌ره‌به‌کانیشی بێت و له‌وان – کوچک له‌ ئاگر گه‌رمتر-  توندتریش داکۆکی له‌، عه‌ره‌بایه‌تی و یه‌کیه‌تیی خاک و سه‌روه‌ریی عیراق بکات و هه‌مووده‌م، ده‌سته‌ی ئه‌شهه‌دوبیللا ئاسا، به‌ لاملی خۆیدا بماڵێت و له‌گه‌ڵ بێت! سه‌رده‌می پاشایه‌تی عیراق، نه‌ک ته‌نێ وه‌زیر، به‌لکه‌ سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و سه‌رله‌شکر و ده‌یان وه‌زیر و سه‌دان ئه‌ندامی په‌رله‌مانیش، کورد بوون. ئێستاش خه‌ڵک ناوی ته‌وفیق وه‌هبی و جه‌عفه‌ر عه‌سکه‌ری و به‌کر سیدقی و ئه‌حمه‌د موختار بابان و که‌ڵه‌پیاوێکی وه‌ک سه‌عید قه‌ززاز و سه‌دانی دیکه‌یشیان له‌ یاده‌، که‌ ئه‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه‌، ده‌سه‌ڵات نه‌ک گاڵته‌، ئه‌وجایش کورد، پتر کرا به‌ عیراقی و کوردستانیش باشتر عیراقێنرا و له‌شکره‌که‌ی عیراقیش، که‌ کورد ڕۆڵێکی هه‌ره‌مه‌زنی له‌ دامه‌زراندنیدا هه‌بوو، چاکتر کوردستانی ده‌سووتاند و وێران ده‌کرد. هه‌رگیز پێموانییه‌، له‌ سایه‌ی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق و برایه‌تی عه‌ره‌ب و کورد و چه‌ند وه‌زیرێکی کورددا، له‌ کابینه‌ی به‌غدا، ڕه‌وشی کورد، گه‌لێک باشتر و خۆشتر بێت. ئێستاش ئه‌وه‌ی ده‌کرێت، ته‌نێ خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنێکی به‌رنامه‌ڕێژکراو و پڕکردنه‌وه‌ی جێگه‌ ڤالاکانی تاها موحیه‌ددین و ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ک و عه‌بوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریف و مه‌لا ماتۆر و سیروان جاف و موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی و شێخ جه‌عفه‌ر و...که‌سانی مانه‌ندی  ئه‌وانه‌.                                                                                              

16/9/2003

Thursday, September 11, 2003

کوێخایه‌تیی

کوێخایه‌تیی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

کاتی خۆی، له‌ گرتنی مه‌ککه‌دا، په‌یامبه‌ری ئیسلام، بڕیارێکی وای ده‌رکرد، که‌ هه‌رکه‌سێک بچێته‌ ماڵی ئه‌بوو سوفیان، ئیدی هیچی لێناکرێت و به‌ خودان باوه‌ڕ ده‌ژمێردرێت و ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی، که‌ بووه‌ته‌ موسوڵمان. ئه‌و بڕیاره‌ کارێکی وای کرد ئه‌گه‌ر تاکه‌ یه‌ک زه‌لام،  سه‌ره‌کهۆزێک یا سه‌ره‌کخێڵێک یا ده‌مڕاستی ماڵباتێک، له‌بری هۆزێک یا بنه‌ماڵه‌یه‌ک، ببووایه‌ته‌ موسوڵمان، ئیدی ته‌واوی ئه‌و هۆزه‌ یا ئه‌و خێڵه‌، به‌ موسوڵمان ده‌ژمێردران. هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ش ئیدی موسوڵمانگه‌لێک په‌یدا بوون، که‌ ته‌نێ زاره‌کی نه‌ک له‌ دڵه‌وه‌ بووبوونێ و به‌رژه‌وه‌ند کردبوونییه‌ موسوڵمان و هێنده‌ی ڕێزه‌یه‌کیش بڕوایان به‌ ئیسلام نه‌بوو. له‌ سایته‌که‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستاندا، له‌ ئینته‌رنێت، ڕۆژی 4/9/2003، له‌ هه‌واڵه‌کاندا، گوته‌یه‌کی ڕزگار عه‌لی، که‌ کارگێڕێکی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌ له‌ که‌رکووک، بڵاوکرابووه‌. ڕزگار عه‌لی ده‌ڵێ:"إن جماهیر الکرد الموجودة‌ في کرکوك هي جماهیر عائدة‌ و تابعة للإتحاد الوطني الکردستاني"، به‌ کوردییه‌که‌ی ده‌بێته‌: "ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ کورده‌ی، که‌ له‌ که‌رکووکه‌، جه‌ماوه‌رێکه‌ سه‌ربه‌ و هی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌". من نازانم که‌رکووک ئێستا چه‌ندی کورد تێدایه‌، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌دام، به‌ لای که‌مه‌وه‌، 300000-400000 کوردێکی تێدا بێت. زۆر سه‌یره‌ حیزبێک، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی، به‌ بێ هیچ دوودڵی و به‌ ئه‌وپه‌ڕی بڕوابه‌خۆبوونه‌وه‌، له‌ ڕه‌نگی سه‌وز هه‌ڵژه‌نیبێت و  سه‌وزڕێژ کردبێت و هه‌موو به‌ موڵکی خۆی دابنێت و به‌ ئه‌ندام و لایه‌نگر و هه‌واداری خۆی بزانێت، وه‌ک بڵێی هه‌موویانی ناونووس کردبێت، یا ئه‌وان بۆ خۆیان، له‌ لیستی ئه‌و حیزبه‌دا ناوی خۆیان نووسیبێت، یا به‌ بڕ هه‌موویان بووبێتن به‌ یه‌کیه‌تیی، یا یه‌کیه‌تیی له‌ ڕۆژی یه‌که‌می ڕزگاربوونی که‌رکووکه‌وه‌، شاره‌که‌ی قۆرخ کردبێت و که‌سی دیکه‌ی نایه‌کیه‌تیی تێدا نه‌هێشتتبێت، یا ته‌واوی نایه‌کیه‌تییان به‌ مه‌رگی خودا یا به‌ په‌تایه‌ک مردبن، یا به‌ شه‌رتی چه‌قۆ، یه‌کیه‌تییه‌کان شاره‌که‌یان له‌ به‌عس وه‌رگرتبێت. ئه‌گه‌ر بڕێک ورد بنۆڕینه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی ڕزگار عه‌لی، قسه‌کانی حیزبی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ینمان وه‌بیر دێته‌وه‌، که‌ ده‌یانگوت:"هه‌موو عیراقییه‌کی باش، به‌عسییه‌کی باشه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌هاتبێته‌ نێو حیزبیشه‌وه‌". یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانیش، دیاره‌ له‌ هه‌ر بنه‌ماڵه‌، یا گه‌ڕه‌کێکی که‌رکووک، ئه‌گه‌ر تاکه‌ که‌سێکیش نوێنه‌رایه‌تییانی کردبێت و بووبێتن به‌ یه‌کیه‌تیی، ئیدی هه‌مووی به‌ بێپێ حسێب کردووه‌ و به‌ گۆتره‌ به‌ هی خۆی زانیوه‌. جا که‌ ته‌واوی کوردی که‌رکووک یه‌کیه‌تین، ئیدی ئه‌و هه‌موو بنکه‌ و باره‌گای ئه‌و حیزبانه‌ی دیکه‌ی بۆ لێیه‌؟ به‌ ده‌ردی کوێخاکه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، که‌ له‌ کوێخایه‌تیی خرابوو و به‌ڵام هه‌ر فه‌رمانی ده‌رده‌کرد بۆ خه‌ڵکه‌که‌، که‌ پێیان ده‌گوت، تۆ له‌ کوێخایه‌تی که‌وتووی، ده‌یگوت، جا بۆ خۆتان هه‌ر بڵێن، به‌خودای، خۆشتان بێت و ترشتان بێت، من هه‌رکوێخاتانم، دیاره‌ یه‌کیه‌تییش،  که‌رکووکییان، خۆشیان بێت و ترشیان بێت، هه‌ر کوێخایانه‌.                                                                          

                       11/9/2003

Monday, September 8, 2003

به‌غدا

به‌غدا
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

سه‌رانی کورد، به‌ تایبه‌ت مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌وه‌تی چوونه‌ته‌ به‌غدا و بوون به‌ ئه‌ندامی ئه‌و ئه‌نجومه‌نی حوکمه‌، یه‌ک به‌خۆم، وه‌ک مه‌ست دێنه‌ به‌رچاوم. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ خودا نه‌خواسته‌، به‌دمه‌ستیی بکه‌ن و مه‌ستی باده‌ و خواردنه‌وه‌ بن، نه‌خێر مه‌به‌ستم مه‌ستبوونه‌ به‌ به‌غدا خۆیه‌وه‌!. نازانم ئێوه‌ هه‌رگیز له‌ خۆتان پرسیوه‌، که‌ ئه‌و دوو جوامێره‌ بۆ هێنده‌ دڵبه‌ندن به‌ به‌غداوه‌؟ من بۆ خۆم وای ده‌بینم: مه‌سعوود بارزانی، سالآنی منداڵی و مێردمنداڵی، له‌ به‌غدایه‌ گوزه‌راندووه‌. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی له‌ به‌غدا بووه‌. دیاره‌ یادگارییه‌کی زۆری سه‌رده‌مانی منداڵی و مێردمنداڵی، کووچه‌ و کۆلآنه‌کانی به‌غدای له‌ بیره‌. جه‌لال تاڵه‌بانییش، دوو ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی، که‌ سالآنی هه‌ڕه‌تی لاویه‌تیی بوون، له‌ به‌غدا بردووه‌ته‌ سه‌ر. سالآنی کۆلیژی قانوون و زانستگه‌ی به‌غدای، که‌ ئه‌و سالآنه‌ خۆشترین ته‌مه‌نێکن له‌ ژیانی مرۆڤدا، و سالآنی 1966-1970ی، که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ئیدی بۆ خۆی خاوه‌نی پاره‌ و پووڵ و گیرفان و چه‌کدار و باره‌گا و ڕۆژنامه‌ و پێوه‌ند به‌ ده‌سه‌لآت و ده‌بده‌به‌ و به‌زمی دیکه‌ بووه‌، بێگومان ئه‌و سالآنه‌ش، پڕ له‌ پیت و فه‌ڕ و خۆشی بوون له‌ ژیانیدا. هه‌رچی  هه‌ردوو ئه‌و سه‌رکردانه‌ن، له‌ ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه‌، تاسه‌یه‌کی زۆر به‌تین و به‌هێزیان، بۆ ئه‌و ڕۆژگارانه‌ی ژیانی به‌غدایان هه‌یه‌. به‌غدا، به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ بۆ خۆیشیان نایڵێن، ئێستاش جێی گۆڵمه‌ز و ڕابواردن و گه‌نجایه‌تی و سه‌دان به‌زمی دیکه‌یه‌. ئه‌وان، به‌شێک له‌ ڕۆحیان ئێستاش به‌ند و گرێدراوی به‌غدایه‌ و "دڵیان هه‌ر ئه‌و دڵه‌ی جارانه‌ ئێستاکه‌ش ده‌ناڵێنێ..". هه‌رچه‌ندی ئه‌و هه‌سته‌یان له‌ هه‌مبه‌ر به‌غدا  له‌ کن به‌هێزتر بێت، هێنده‌ له‌ کوردستان دوور ده‌که‌ونه‌وه‌، چه‌ندی ئه‌و هه‌ست و تاسه‌ و نۆستالژیایه‌شیان له‌ بۆ به‌غدا که‌متر و کزتر بێت، له‌ کوردستان نێزیک ده‌بنه‌وه‌. ئیدی خودا له‌ به‌ر خاتری ئه‌و خه‌ڵکه‌ کڵۆڵه‌ی کوردستان، هیدایه‌تیان بدات و له‌و مه‌ستییه‌ ڕزگاریان کات و بینه‌وه‌ سه‌ر خۆیان.                                                                                                                                                                                       
8/9/2003






به‌غدا

به‌غدا
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

سه‌رانی کورد، به‌ تایبه‌ت مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌وه‌تی چوونه‌ته‌ به‌غدا و بوون به‌ ئه‌ندامی ئه‌و ئه‌نجومه‌نی حوکمه‌، یه‌ک به‌خۆم، وه‌ک مه‌ست دێنه‌ به‌رچاوم. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ خودا نه‌خواسته‌، به‌دمه‌ستیی بکه‌ن و مه‌ستی باده‌ و خواردنه‌وه‌ بن، نه‌خێر مه‌به‌ستم مه‌ستبوونه‌ به‌ به‌غدا خۆیه‌وه‌!. نازانم ئێوه‌ هه‌رگیز له‌ خۆتان پرسیوه‌، که‌ ئه‌و دوو جوامێره‌ بۆ هێنده‌ دڵبه‌ندن به‌ به‌غداوه‌؟ من بۆ خۆم وای ده‌بینم: مه‌سعوود بارزانی، سالآنی منداڵی و مێردمنداڵی، له‌ به‌غدایه‌ گوزه‌راندووه‌. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی له‌ به‌غدا بووه‌. دیاره‌ یادگارییه‌کی زۆری سه‌رده‌مانی منداڵی و مێردمنداڵی، کووچه‌ و کۆلآنه‌کانی به‌غدای له‌ بیره‌. جه‌لال تاڵه‌بانییش، دوو ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی، که‌ سالآنی هه‌ڕه‌تی لاویه‌تیی بوون، له‌ به‌غدا بردووه‌ته‌ سه‌ر. سالآنی کۆلیژی قانوون و زانستگه‌ی به‌غدای، که‌ ئه‌و سالآنه‌ خۆشترین ته‌مه‌نێکن له‌ ژیانی مرۆڤدا، و سالآنی 1966-1970ی، که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ئیدی بۆ خۆی خاوه‌نی پاره‌ و پووڵ و گیرفان و چه‌کدار و باره‌گا و ڕۆژنامه‌ و پێوه‌ند به‌ ده‌سه‌لآت و ده‌بده‌به‌ و به‌زمی دیکه‌ بووه‌، بێگومان ئه‌و سالآنه‌ش، پڕ له‌ پیت و فه‌ڕ و خۆشی بوون له‌ ژیانیدا. هه‌رچی  هه‌ردوو ئه‌و سه‌رکردانه‌ن، له‌ ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه‌، تاسه‌یه‌کی زۆر به‌تین و به‌هێزیان، بۆ ئه‌و ڕۆژگارانه‌ی ژیانی به‌غدایان هه‌یه‌. به‌غدا، به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ بۆ خۆیشیان نایڵێن، ئێستاش جێی گۆڵمه‌ز و ڕابواردن و گه‌نجایه‌تی و سه‌دان به‌زمی دیکه‌یه‌. ئه‌وان، به‌شێک له‌ ڕۆحیان ئێستاش به‌ند و گرێدراوی به‌غدایه‌ و "دڵیان هه‌ر ئه‌و دڵه‌ی جارانه‌ ئێستاکه‌ش ده‌ناڵێنێ..". هه‌رچه‌ندی ئه‌و هه‌سته‌یان له‌ هه‌مبه‌ر به‌غدا  له‌ کن به‌هێزتر بێت، هێنده‌ له‌ کوردستان دوور ده‌که‌ونه‌وه‌، چه‌ندی ئه‌و هه‌ست و تاسه‌ و نۆستالژیایه‌شیان له‌ بۆ به‌غدا که‌متر و کزتر بێت، له‌ کوردستان نێزیک ده‌بنه‌وه‌. ئیدی خودا له‌ به‌ر خاتری ئه‌و خه‌ڵکه‌ کڵۆڵه‌ی کوردستان، هیدایه‌تیان بدات و له‌و مه‌ستییه‌ ڕزگاریان کات و بینه‌وه‌ سه‌ر خۆیان.                                                                                                                                                                                       
8/9/2003






Thursday, September 4, 2003

گریس

گریس
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی


له‌ سلێمانی پیاوێكی قسه‌خۆش و قۆشمه‌ و حازربه‌ده‌ست و نوكته‌ئاماده‌ هه‌یه‌، نێوی حه‌سه‌نی شیرینه‌. وا باوه‌، كه‌ ئه‌م حه‌سه‌نه‌، هه‌واداری ماڵی بارزانییه‌. ده‌ڵێن، كه‌ مه‌لا مسته‌فای بارزانی كۆچی دوایی ده‌كات، ئیدی بۆ تووڕه‌كردنی، یا بۆ خه‌مباركردنی، یا بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێكی دیكه‌ بێت، هه‌واڵه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ حه‌سه‌ن. حه‌سه‌نیش ده‌ڵێ:"جا قه‌یچێكه‌، به‌خوا هه‌شت نۆ مه‌لا مسته‌فای تریان هێشتا له‌ گریسان". قسه‌كه‌ی حه‌سه‌ن ڕاسته‌. له‌ دوای مه‌لا مسته‌فا، ده‌یان بارزانی دیكه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدانه‌وه‌. ئیدی له‌ ئیدریس و مه‌سعوود و نێچیرڤان و مه‌سروور و وه‌جیه و نیهاد و سوداد و دڵشاد و سه‌یوان و ئه‌دهه‌م و عه‌بدولموهه‌یمین و مه‌نسوور و شه‌جیع و ئه‌مانه‌وه‌ بگره‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌و یه‌كه‌یان، كه‌ هه‌ر ناوی" مه‌لا مسته‌فا"یه‌. خه‌ڵكانی سه‌ر به‌ حیزبی جه‌لالی، له‌ به‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌، پارتییان به‌ "حیزبی خێڵ" و "حیزبی بنه‌ماڵه‌" داده‌نا! تۆ وه‌ره‌ بنۆڕه‌ حیزبه‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، بێجگه‌ له‌خۆی، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، قوباد تاڵه‌بانی، باڤڵ تاڵه‌بانی(ئه‌مانه‌ ماڵ و منداڵی جه‌لال تاڵه‌بانین)، ئاراس شێخ جه‌نگی تاڵه‌بانی(برازای جه‌لال تاڵه‌بانییه‌)، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د(خوشكی خێزانی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌)له‌تیف ڕه‌شید (ئاوه‌ڵزاوای جه‌لال تاڵه‌بانییه‌)، موحه‌ممه‌د سابیر ئیسماعیل (ئاوه‌ڵزاوای جه‌لال تاڵه‌بانییه‌)، مه‌لا به‌ختیار(خه‌زووری ماڵی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌)، بێجگه‌ له‌ ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی و باییز تاڵه‌بانی و...ڕه‌نگه‌ هی دیكه‌ش هه‌بن، كه‌ من نێویانم نه‌بیستبێت. ئه‌مانه‌ هه‌موو ڕۆڵی له‌به‌رچاویان، له‌ نێو حیزب و "ده‌سگا ئابوورییه‌كان"ی حیزبه‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانیدا هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ حه‌سه‌نی شیرین، ئێستا ئیتر هه‌ر ماڵی بارزانی هه‌شت نۆ مه‌لا مسته‌فای تریان له‌ گریسدا نییه‌، ماڵی تاڵه‌بانیش، هه‌شت نۆ جه‌لال تاڵه‌بانی تریان هێشتا له‌ گریسدان!                                                                                                                                 
                                                                                                                             

4/9/2003

Tuesday, September 2, 2003

ئاڵای کوردستان

ئاڵای کوردستان 
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی




له‌م شه‌وانه‌دا، دۆستێکم ته‌له‌فۆنێکی بۆ کردم و گوتی:"ئاگات له‌و به‌زمه‌یه‌، که‌ مام جه‌لال له‌ ئه‌وسترالیا کردوویه‌تی؟". گوتم:"نا وه‌ڵڵا ئاگام لێی نییه‌، چی کردووه‌؟"، گوتی:"که‌ دانیشتووه‌ قسه‌ بکات، له‌ سه‌ر مێزه‌که‌ی ئاڵایه‌کی کوردستانیان داناوه‌، ئه‌ویش گوتوویه‌تی، ئه‌ی کوا ئڵای عیراق، ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ریشی گوتوویانه‌، وه‌ڵڵا ئاڵای عیراقمان نییه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌مان هه‌یه‌، ئه‌ویش گوتوویه‌تی، که‌واته‌ ئه‌وه‌یش لابه‌ن، ئه‌وه‌م ناوێت به‌ ته‌نیا". من ئه‌و قسه‌یه‌ی دۆسته‌که‌م و قسه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانیشم، هیچ پێ سه‌یر نه‌بوو. جه‌لال تاڵه‌بانی و حوکوومه‌ته‌که‌یشی، تا  به‌ینێک پێش ئێستا، نه‌ک هه‌ر ئاڵای کوردستانیان هه‌ڵنه‌ده‌کرد، به‌ڵکه‌ به‌ قه‌ره‌یشیدا نه‌ده‌چوون و لێیشی ده‌ڕه‌وینه‌وه‌. ئێستاش، که‌ ئیدی ده‌سه‌ڵاتداری ڕاسته‌قینه‌ی عیراق و کوردستان، ئه‌مه‌ریکاییه‌کانن، جه‌لال تاڵه‌بانی و حوکوومه‌ته‌که‌ی بڕێک غیره‌تیان وه‌به‌ر هاتووه‌ و ئاڵا هه‌ڵده‌که‌ن، به‌ڵام چ ئاڵایه‌ک؟ هه‌رگیز ڕێ به‌خۆیان ناده‌ن و نه‌یانوێراوه‌، ئاڵای کوردستان به‌ ته‌نیا هه‌ڵکه‌ن، به‌ڵکه‌ ده‌بێ ئڵای عیراقیشی له‌ ته‌نیشته‌وه‌ بێت. ئه‌وجا جه‌لال تاڵه‌بانییه‌ک، له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا و له‌ سه‌ر عه‌ردی خۆی و له‌ سنووری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆیدا، به‌ بێ ئاڵای عیراق، ئاڵای کوردستان به‌ ته‌نێ هه‌ڵنه‌کات، چۆن له‌ ده‌وڵه‌تێکی دیکه‌دا و له‌ به‌رده‌م ده‌یان ڕۆژنامه‌ڤان و خه‌ڵکانی میدیادا، که‌ ڕه‌نگه‌ به‌شێکشیان "عه‌ره‌ب" بووبێتن، ئه‌و کاره‌ ده‌کات؟                                                                                                                                                                                         2-9-2003

Sunday, August 31, 2003

پسپۆره‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی

پسپۆره‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


چه‌ند ڕۆژێک به‌ر له‌ ئێستا، جه‌لال تاڵه‌بانی، گه‌شتێکی بۆ ژاپۆن و چین و ئه‌وسترالیا و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی کرد. من قسه‌یه‌کم له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، ئه‌و پیاوه‌ گه‌شتی کوێ ده‌کات و گه‌شتی کوێ ناکات. وه‌ک باوه‌، خه‌ڵکانێک، مه‌به‌ستم سه‌رانی ده‌وڵه‌تان و گوریسبه‌ده‌ستانی وڵاتان، ئه‌وانه‌ی ده‌م له‌ سیاسه‌ت ده‌ژه‌نن و لووت له‌ کارگێڕیی ده‌وڵه‌تێک هه‌ڵده‌قورتێنن و باس له‌ پێوه‌ندی ئابووری و سه‌رمایه‌گوزاری ده‌که‌ن و له‌ بری خه‌ڵک قسان ده‌که‌ن و بژێوی خه‌ڵکیان به‌ده‌سته‌، که‌ گه‌شتی وڵاتگه‌لێکی دیکه‌ ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵێک لێزان و شاره‌زا و پسپۆر و ڕاوێژکار، له‌ بواری جیاوازدا، ده‌بنه‌ هه‌ڤاڵی گه‌شته‌که‌یان و له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌س و هه‌ر وڵاتێکیشدا دابنیشن، ئیدی ئه‌و یاوه‌رانه‌، زۆر وردکارانه‌، هه‌موو لایه‌نی گفتوگۆکان، تاوتوێ ده‌که‌ن و کاکڵه‌ی مه‌به‌سته‌کان، وه‌ک هێلکه‌یه‌کی پاککراو، ده‌ده‌نه‌ ده‌ست سه‌رۆکی شانده‌که‌یانه‌وه‌ و ورده‌کارییه‌کانیش، بۆ لایه‌نی به‌رانبه‌ر ڕوون ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ بوو، ئه‌وه‌ بوو، له‌ سه‌ردانه‌که‌ی جه‌لال تاڵه‌بانیدا بۆ ژاپۆن، که‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێک کارگێڕ و به‌رپرسی  ژاپۆنیدا کۆبووبووه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌ندامی وه‌فده‌که‌ی تاڵه‌بانی بوون، بێجگه‌ له‌ خۆی، پێکهاتبوون له‌: هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د(خێزانی جه‌لال تاڵه‌بانی)، قوباد تاڵه‌بانی(کوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی) و عومه‌ری سه‌یید عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان. من ئه‌م هه‌واڵه‌م له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌ی خۆیانه‌وه‌(کوردسات) گوێ لێبوو. وه‌ک بڵێی له‌مانه‌ پسپۆر  و لێهاتووتر له‌ کوردستاندا نه‌بن و  ته‌واوی عه‌قڵی کورد، له‌ کن ئه‌مانه‌ خڕبووبێته‌وه‌. جه‌لال تاڵه‌بانییه‌ک، که‌ له‌ 1964ه‌وه‌، دژی "حیزبی بنه‌ماڵه‌" و "حیزبی خێڵ" و "جامانه‌سوور" و "عه‌شایه‌ر" و "چۆمبی" و ئه‌و جۆره‌ ده‌سته‌واژه‌ و خه‌ڵکانه‌ خه‌بات ده‌کات و هه‌زاران لاو و مرۆڤی شۆڕشگێڕی، به‌ کوشت داوه‌، له‌ پێناوی نه‌هێشتنی ئه‌و چه‌مکانه‌دا، ئه‌دی ئه‌مه‌ی، که‌ ئێستا خۆی ده‌یکات ناوی چی لێده‌نێت؟ خۆ ته‌نێ باڤڵ تاڵه‌بانی له‌ ماڵی خۆیاندا(ماڵی جه‌لال تاڵه‌بانی)، له‌ هه‌واردا به‌جێ مابوو، ده‌کرا ئه‌ویش به‌ ئاسانی بخاته‌ ڕێ و ئیدی ئه‌وده‌م عه‌ره‌ب گوته‌نی: "کملت السبحة‌"، واته‌: ته‌زبێحه‌که‌ پڕبوو.                                                                             
31/8/2003

                                                                                                                                                       

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...