Monday, October 13, 1997

وه‌رگێڕان و گرنگییدان به‌ مێژوو

وه‌رگێڕان و گرنگییدان به‌ مێژوو
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

لێره‌ و له‌وێ و له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ کوردییه‌کاندا، زۆرجاران کاری وه‌رگێڕدراو، مه‌به‌ستم زێتر کاری وه‌رگێڕانه‌ بۆ سه‌ر زمانی کوردی، به‌رچاوی  خوێنه‌ری کورد ده‌که‌وێت. فره‌جاریش وه‌رگێڕدراوه‌کان له‌ شێوه‌ی کتێبدا بڵاو ده‌بنه‌وه‌. ئه‌و بابه‌تانه‌ی، که‌ وه‌رده‌گێڕدرێن ئیدی تێکه‌ڵن له‌ شیعر، چیرۆک، لێکۆڵینه‌وه‌، فاکت، ده‌قی ئه‌ده‌بی و جۆری دیکه‌ش. جاروبارێکیش ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌ر وه‌رگێڕان بڵاو ده‌کرێته‌وه‌. مه‌به‌ستیشم له‌و وه‌رگێڕان و ڕه‌خنانه‌ش هه‌ر ئه‌وانه‌ن، که‌ له‌ ده‌رێی کوردستان (هه‌نده‌ران) بڵاو ده‌بنه‌وه‌، چونکه‌ به‌ڕاستی به‌ده‌گمه‌ن نووسین و بڵاوکراوه‌ی نێو کوردستانم به‌رچاو ده‌که‌ون. لێره‌دا باس له‌ وه‌رگێڕانێکی تایبه‌ت ناکه‌م و مه‌رج و قانوون و شێوه‌ی وه‌رگێڕانیش باس ناکه‌م، ته‌نێ گه‌ره‌کمه‌ گرنگیی وه‌رگێڕان بخه‌مه‌ به‌رچاو و هه‌ندێ گیروگرفتی وه‌رگێڕان پێشان بده‌م.                                                                                              ئێمه‌ی کورد، ئه‌گه‌ر دواکه‌وتوویی، نه‌خوێندوویی، نه‌بوونی قه‌واره‌ و داموده‌سگه‌ و کارگێڕیی خۆیه‌کی، نزمیی ئاستی فه‌رهه‌نگیی و زۆر لایه‌نی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ کوردییه‌کان، وه‌ک ڕاستییه‌کی گومان لێ نه‌کراو و خاڵی ده‌ستپێک له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وا یه‌که‌م ڕاستییه‌ک، که‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، کورد هێشتا به‌ ته‌واوی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک یا گه‌لێک، مێژووی ته‌واوی خۆی ساغ نه‌کردووه‌ته‌وه‌ و نایزانێت و کۆمه‌ڵێک گرێکوێره‌ی تێدایه‌ نه‌یکردوونه‌وه‌ و هۆکاری زۆر ڕووداو نازانێت و زۆر به‌ هه‌ڵه‌ له‌ زۆر شت و زۆر که‌سی خۆی تێگه‌یشتووه‌[1]. مێژوویش یه‌کێکه‌ له‌و کۆڵه‌که‌ و پایه‌ گرنگانه‌ی، که‌ سه‌رجه‌می ناسنامه‌ و فه‌رهه‌نگ و ڕابردوو و هه‌بوونی، هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکێکی له‌ سه‌ر وه‌ستاوه‌. هاومێژوویی، هاوهه‌ستیی و نێزیکایه‌تیی ڕۆحی ساز ده‌کات. که‌سانێک که‌ به‌ یه‌ک مێژووی هاوبه‌شه‌وه‌ گرێ دراون، له‌ چوارچێوه‌یه‌کی هاوبه‌شدا یه‌ک ده‌گرنه‌وه‌ و ده‌نۆڕنه‌ ڕابردووی خۆیان.                                                                                        
زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی، له‌مه‌ڕ مێژووی کورده‌وه‌، نه‌ک هه‌ر مێژوو، به‌ڵکه‌ باری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسی، فه‌رهه‌نگیی، جوگرافیایی و هه‌موو شتێکی کورده‌وه‌ نووسراون، تا ئێستاش له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی که‌ونه‌ کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامان، که‌ به‌ زمانانی ئه‌وروپایی، عه‌ره‌بی، تورکی و فارسین، ماونه‌ته‌وه‌. کورد خۆی له‌و باره‌وه‌ کارگه‌لێکی زۆر که‌می وه‌به‌رهه‌م هێناوه‌. نموونه‌ی ئه‌و کارانه‌ش، "شه‌ره‌فنامه‌"ی شه‌ره‌فخانی بدلیسی(بتلیسی) و "تاریخ قدیم کوردستان"ی مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدییه‌ له‌ کۆندا و له‌م سه‌ده‌یه‌شدا، "مێژووی کورد و کوردستان"ه‌که‌ی موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی و کاره‌کانی زانای گه‌وره‌ مامۆستا موحه‌ممه‌د جه‌میل ڕۆژبه‌یانی و دۆکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د دیارن. نیلسۆن ماندێلا ده‌ڵێ:"پاشایان و ژه‌نه‌راڵان مێژوو دروست ناکه‌ن، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ گه‌له‌، مێژوو دروست ده‌کات". شه‌ره‌فنامه‌، که‌ به‌ بایه‌خدارترین و هێژاترین نووسین داده‌نرێت له‌مه‌ڕ مێژووی کورد، مێژووی سه‌رخێڵ، سه‌رهۆز، میر، سه‌ردار و فه‌رمانڕه‌وایانی کورده‌، واته‌: مێژووی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌، نه‌ک خه‌ڵکی کورد. بۆ ئێمه‌ش مێژووی کۆمه‌ڵگه‌کان، خه‌ڵک، مرۆڤ و قوربانییانی کورد، له‌ ده‌سته‌ به‌ خوێن سووره‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران گرنگتره‌. هه‌رچه‌نده‌ مێژوو گه‌له‌ک به‌ربڵاو و به‌رین و فره‌لایه‌نه‌، به‌ڵام هه‌ندێ جاریش جێی گاڵته‌ و شۆخی و لاقرتێیه‌. پێشموانییه‌ مێژوو به‌ پینه‌کردن و خۆهه‌ڵکێشان ببێت به‌ مێژوو[2].                                           
ئه‌و نووسینانه‌ی، بیانییان یا کورد، به‌ زمانی دیکه‌ نووسیویانن، باش بن یا خراپ، کورد به‌ پاڵه‌وان، قاره‌مان، شۆڕشگێڕ، چاوتێر و ده‌ست و داوێنپاک، یا چه‌ته‌، دز، خوێڕی، شڕه‌خۆر و جاشی پێشان بده‌ن، ئه‌وانه‌ مێژوو و زانیارین له‌ باره‌ی کورده‌وه‌. وه‌ک گه‌لێک یا نه‌ته‌وه‌یه‌ک، کورد پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ باره‌یه‌وه‌ نووسراون، بزانێت و بخوێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ریش ئه‌و نووسینانه‌ نه‌کرێنه‌ کوردی، چۆن وه‌چه‌ی نوێی کورد، پاشخان و ڕابردووی خۆی ده‌زانێت!.                                                                                                             
له‌ نێو لاوان و خوێندووانی کورددا جۆره‌ بیرکردنه‌وه‌ و بۆچوونێک هه‌یه‌، پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی تا ئێستا کورد نووسیویه‌تی، یا له‌ بواری فه‌رهه‌نگییدا کردوویه‌تی و وه‌ریگێڕاوه‌، له‌مه‌ڕ شیعر، سیاسه‌ت، ئایین و مێژووه‌وه‌ بووه‌ و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ پشتگوێ خراون و گرنگییان پێ نه‌دراوه‌. من له‌و بڕوایه‌دام، بۆ خه‌ڵکێکی له‌ شارستانییه‌تی به‌جێماوی نه‌خوێندووی فه‌رهه‌نگنزمی بێ هیچ بنگه‌ و ده‌سگه‌ و پایه‌ و کۆڵه‌که‌یه‌ک و بێخاوه‌ن و بێقه‌واره‌ و هه‌ژار و چه‌وساوه‌ی وه‌ک کورد، وه‌رگێڕان کارێکی یه‌کجار پێویسته‌. جارێ پێش هه‌ر شتێک کورد هێشتا له‌و قۆناغه‌دایه‌، گه‌وه‌کانی مێژووی ناته‌واون و پێکه‌وه‌ گرێ نه‌دراون. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک یا گه‌لێک مێژوویه‌کی ڕێک و تۆکمه‌ و دروستی خۆی هه‌بێت، ده‌بێ ئه‌و گه‌وانه‌ – به‌ پێی توانست- بدۆزرێنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا جه‌له‌(ڕیز) بکرێن تا جه‌لوو[3]ی  مێژووی کورده‌که‌ی لێ پێک دێت. که‌ باس له‌ سیاسه‌تیش زۆر کراوه‌ و ده‌کرێت، شتێکی سه‌یر نییه‌، چونکه‌ هه‌موو مرۆڤێکی کورد هه‌ر له‌و کاته‌وه‌، چاوی دنیا ده‌بینێت و بڕێک له‌ ژیان تێده‌گات، ئیدی خۆی له‌ سیاسه‌تدا ده‌بینێته‌وه‌ و ده‌وروبه‌ری ژینگه‌یه‌کی سیاسییه‌ و هه‌ر زۆر پێویستیشه‌ خۆی له‌ هه‌موو ورد و درشتێکی  سیاسه‌تیش، چ سیاسه‌تی نێوخۆی کورد، یا سیاسه‌تی مه‌زنی جیهان، هه‌ڵقورتێنێت، هه‌رچه‌ندیش ڕه‌وشی گه‌لی کورد، کۆمه‌ڵگه‌کانی، ڕووداوه‌کان، بۆچوونه‌ جیاوازه‌کان، که‌سایه‌تییه‌ مێژوویی و ناوداره‌کانی، یاخیبوون و ڕابوونه‌کان، کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراوه‌کان، حیزبه‌کان و سه‌رکه‌وتن و به‌زین و خیانه‌ت و کوردایه‌تی و جاشایه‌تییان و هه‌موو شتێک شیکرێنه‌وه‌ و لێیان بکۆڵرێنه‌وه‌ و بخرێنه‌ به‌ر باس و ده‌مه‌ته‌قه‌ و ڕه‌خنه‌ و سڵیش له‌ هیچ نه‌کرێته‌وه‌، هێنده‌ی دی مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌ڕه‌سێت و وه‌پێش ده‌چێت. که‌واته‌ کورد بۆ تێگه‌یشتن له‌ سیاسه‌ت و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ڕاست، یا هیچ نه‌بێت جوێکردنه‌وه‌ی چه‌وت و ڕاست له‌یه‌کدی و ده‌ستنیشانکردنی هه‌ڵه‌کانی خۆی، پێویستییه‌کی یه‌کجار مه‌زنی به‌ زانینی مێژوو هه‌یه‌. موحه‌ممه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یکه‌ل(محمد حسنین هیکل) ده‌ڵێت:"گرنگییدان به‌ سیاسه‌ت به‌ بیر یا به‌ کردار، یه‌که‌م شت پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژووه‌، چونکه‌ ئه‌وانه‌ی نازانن پێش له‌دایکبوونیان چی ڕوویداوه‌، به‌وه‌ حوکم دراون، به‌درێژایی ته‌مه‌نیان هه‌ر به‌ منداڵی بمێننه‌وه‌". که‌ مرۆڤ ده‌نۆڕێته‌ کتێبخانه‌ی ئێرانی (فارسی)، ڕه‌نگه‌ زێده‌ڕۆیی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بگوترێ، که‌ 60-70%ی کتێبه‌کانی وه‌رگێڕدراون له‌ زمانانی بیانییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وان شاکاری ئه‌ده‌بی جیهانی ده‌که‌نه‌ فارسی و هیگڵ و مارکس و ئه‌نگڵز و سارتر و هۆگۆ و کامۆ و ده‌ستۆیێڤسکی و کێ و کێ ده‌که‌نه‌ فارسی، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌وان نه‌ته‌وه‌یه‌کی خوێندووی زیندوون و خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێکی به‌رزن. ئه‌وان پێویستییان به‌وه‌ نه‌ماوه‌، که‌ منه‌[4] ی گه‌وه‌ ناته‌واوه‌کانی مێژووی خۆیان بکه‌ن. ئه‌وان ته‌واوی گه‌وه‌کانیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ – هه‌رچه‌نده‌ هێشتا به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و کۆڵیشیان نه‌داوه‌ و شتگه‌لی نوێیش له‌باره‌ی مێژووی خۆیانه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌دۆزنه‌وه‌- و هیچیان لێ بزر نه‌بووه‌ و جه‌لووی مێژوویان به‌ ڕوونی دیار و خویایه‌. بریا کوردیش گه‌وه‌ بزره‌کانی مێژووی خۆی دیتبایه‌وه‌ و هیچ نه‌بێت، نه‌ک مێژوویه‌کی تۆکمه‌ و ته‌واو، به‌ڵکه‌ کۆلکه‌ مێژوویه‌کی بۆ خۆی ساز کردبا، پاشان نه‌ک هه‌ر شیعر، ڕۆمان و چیرۆکی نووسیبا، به‌ڵکه‌ له‌باره‌ی نه‌ک سێکس به‌ واتا ئاساییه‌که‌ی، به‌ڵکه‌ له‌مه‌ڕ هاوسێکسبازیشه‌وه‌ی نووسیبا. باسی ڕووه‌کایه‌تی و که‌رناسیشی کردبا. ئه‌مه‌ش وا ناگه‌یه‌نێت، که‌ ئیدی مرۆڤی کورد ده‌ستبه‌رداری هه‌موو شتێک ببێت و هه‌ر خه‌ریکی مێژوو بێت و به‌س، به‌ڵکه‌ هه‌موو کارێکی وه‌رگێڕان و له‌ هه‌موو بوارێکدا وه‌ک یه‌ک پێویسته‌،  به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویستترین و پێویستتر وه‌به‌ر پێویست بخرێنه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ سوودی پتر بێت. 
زۆرجاران له‌ بری ئه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ خۆی دانیشێت و مێشکی خۆی بگوشێت و خۆی تووشی سه‌رئێشه‌ و گۆڕینی چاویلکه‌ و نه‌خه‌وتن و نائارامی بکات، بۆ ئه‌وه‌ی گوتارێکی لاوازی بێبایه‌خی هیچ نه‌گه‌یه‌ن و هیچ نه‌گۆ، له‌باره‌ی "ئه‌فلاتوون"، "ئه‌لغه‌زالی"، "مارکس"، "فۆکۆ" یا "شه‌ریعه‌تی"یه‌وه‌ بنووسێت، گه‌لێک چاکتر و به‌که‌ڵکتر و سوودبه‌خشتره‌، هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدرێت، "کۆمار"، "إحیا ٍ علوم الدین"، "سه‌رمایه‌"، "تاوان و سزا"، "فلسفتنا"، "إقتصادنا"، "دۆکتۆر ژیڤاگۆ"، "هه‌بوون و نه‌بوون"، "مێژووی سێکس" و "فلسفه و جامعه شناسی سیاسی"، بکرێنه‌ کوردی، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی کورد، خوێنه‌ری کورد، پێشتر بزانێت ئه‌و به‌ڕێزانه‌ چ ده‌ڵێن و چییان گه‌ره‌که‌، پاشان نووسینی نووسه‌رانی کورد له‌ باره‌ی هزر و فه‌لسه‌فه‌ و دیتنی ئه‌وانه‌وه‌ بخوێنێته‌وه‌. زۆربه‌ی لاوانی کوردی ئه‌م سی چل ساڵه‌ی دواییه‌، له‌ ڕێگه‌ی گوتاره‌کانی "زه‌کی خه‌یری" و "ماجید عه‌بدولڕه‌زا" و "به‌هائه‌ددین نووری" و "عامیر عه‌بدوڵڵا" و "کیا نووری" و "ئیحسانی ته‌به‌ری(احسان طبرﻯ)" و "کتێبه‌کانی داروتته‌قه‌دوم(دارالتقدم)"ی مۆسکۆ و "فه‌ریکه‌ مارکسی- لێنینییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردستان" و هی دیکه‌وه‌، له‌باره‌ی لێنینایه‌تی و ستالینایه‌تییه‌وه‌، که‌ بۆ خۆیان مارکسایه‌تییه‌کی به‌ڕه‌واژه‌کراو و هه‌ڵگێڕدراو و لنگاوقووچکراون، مارکسایه‌تییان خوێندووه‌ته‌وه‌ و له‌ چاوی، "خه‌یری" و "عه‌بدولڕه‌زا" و "نووری" و "عه‌بدوڵڵا" و "ته‌به‌ری" و "داروتته‌قه‌دوم" و "فه‌ریکه‌ مارکسییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان"ه‌وه‌، شاره‌زای مارکسایه‌تی بوون و لێی تێگه‌یشتوون، مارکسایه‌تییه‌ک، که‌ گه‌لێک له‌ مارکسایه‌تی مارکس و ئه‌نگڵز جیاوازه‌ و دوور. ئێستاش لاوی کورد تاکه‌ یه‌ک کتێبی "فۆکۆ"ی به‌ کوردی نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌، که‌چی ده‌یان نووسین له‌باره‌ی "بونیادگه‌ری" و "فۆکۆ"یه‌تییه‌وه‌، له‌ ده‌رکه‌ی مێشکی خوێنه‌ری کورد ده‌ده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و خوێنه‌ره‌ بنه‌ما و ڕه‌گ و بناخه‌کانی بیری "فۆکۆ"ی له‌ زمانی "میشێل فۆکۆ" خۆیه‌وه‌ و به‌ کوردی خوێندبێته‌وه‌. گه‌له‌ک له‌و قه‌به‌ و زله‌گوتار و نووسینانه‌ی، که‌ له‌ بواری بونیادگه‌ری و فه‌لسه‌فه‌ و بیر و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌دا، به‌ کوردی ده‌نووسرێن و به‌ زله‌ده‌سته‌واژه‌ و قورسه‌وشه‌ی تێکسمڕاو و که‌ته‌، سیخناخ کراون و به‌ ناوی "تازه‌گه‌ری" و "نوێخوازی" و "پۆستمۆدێرنیزم" و شتی دیکه‌وه‌، وه‌ک بیری نوێ، بۆچوونی نوێ و چه‌مکی نوێ، به‌ خوێنه‌ری کورد ده‌فرۆشرێنه‌وه‌، زۆربه‌یان ڕێک و ڕه‌وان، وه‌رگێڕانی نووسینی خه‌ڵکانێکی شاره‌زای ئه‌و بوارانه‌ن و زۆرجاران له‌ عه‌ره‌بی، فارسی، سوێدی یا زمانێکی دیکه‌وه‌، به‌ بڕێک پاش و پێشخستنی وشه‌ و ڕسته‌وه‌ و ده‌ستکارییه‌کی که‌مه‌وه‌، وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ناوی کابرای نووسه‌ر یا سه‌رچاوه‌که‌ بنووسرێن، ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ک جار نووسرابێت، ئه‌وا ده‌یان جار پشتگوێ خراوه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی لادانه‌ له‌ ده‌ستپاکی و یاساکانی وه‌رگێڕان، خۆبه‌زانازانین و نزمته‌ماشاکردنی خوێنه‌ری کوردیشه‌[5].   بێگومان زۆرجاران نووسینی گوتارێک له‌ وه‌رگێڕانێک گه‌لێک هاسانتره‌. جارێ وه‌رگێڕانی زله‌نووسینی که‌ڵه‌پیاوی، وه‌ک مارکس و سارتر، بۆ زمانێکی هه‌ژاری وه‌ک زمانی کوردی، به‌ ده‌ردی ئێرانییان گوته‌نی"کاری حه‌زره‌تی فیله‌". وه‌رگێڕان پێش هه‌ر شتێک پێویستی به‌ فه‌رهه‌نگ(قاموس)ی باشه‌، ئیدی فه‌رهه‌نگی ئینگلیزی- کوردی، فرانسی- کوردی، ئه‌ڵمانی- کوردی، ڕووسی- کوردی، ئیسپانیۆلی- کوردی، فارسی- کوردی، عه‌ره‌بی- کوردی، تورکی- کوردی، هیندی-کوردی و هه‌موو زمانێک و کوردی و کوردی و هه‌موو زمانێکی دیکه‌. پاشان فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فه‌یی، سیاسی، ئابووری، ئایینی، جڤاکی، سروشتی، سێکسی، ته‌کنیکی، کشتوکاڵی، سه‌ربازی و ده‌یانی دیکه‌ به‌ کوردی/کوردی و کوردی/ئه‌و زمانانه‌ پێویسته‌. کورد هه‌ر هیچی له‌م بابه‌ته‌ شتانه‌ نییه‌. ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره‌ کارانه‌یان پێ ئه‌نجام ده‌درێت و ده‌بوو به‌ ئه‌رکی خۆیانی بزانن و ده‌توانن نه‌ک فه‌رهه‌نگ، به‌ڵکه‌ فه‌رهه‌نگانیش چێ بکه‌ن، نایکه‌ن و له‌ بری ئه‌و کاره‌ گرنگه‌، کارگه‌لێکی دیکه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، وه‌ک ده‌سته‌ و تاقمبازی و سیاسه‌تبازی و پارتایه‌تی و شتگه‌لی له‌و جۆره‌، که‌ به‌ جێگر و بریکار و یاریده‌ری نووسه‌ر و خه‌ڵکی زۆر خواره‌وه‌ی پلیکانه‌ی فه‌رهه‌نگییش ده‌کرێن. ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن فه‌رهه‌نگ(قاموس)، له‌ کن کورد گه‌لێک له‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست که‌مترن و هه‌ر چۆن کراون، ئیدی له‌ شوێنی خۆیاندا ماونه‌وه‌، نه‌ گۆڕانێک، نه‌ زیادکردنێک، نه‌ چاپێکی نوێ و نه‌ هیچ، وه‌ک ئه‌وه‌ی زمانی کوردی، له‌و ئاسته‌دا ڕاوه‌ستابێت و به‌ موویش جووڵه‌ی نه‌کردبێت[6]. ئه‌و سێ چوار ساڵه‌ی 1970-1974، کۆڕی زانیاری کورد له‌ به‌غدا، بڕێک له‌و کارانه‌ی ئه‌نجام دا، به‌ڵام ئیدی پایدۆسی لێ کرا. له‌ 1991ه‌وه‌ تا ئێستا، حیزبه‌ کوردییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، فه‌رمانڕه‌وای به‌شێکی خوارووی کوردستانن، له‌ پاڵ ئه‌و هه‌موو دزی و شڕه‌خۆری و کوشتن و تاڵانی و برسیکردنی خه‌ڵک و وێرانکارییه‌ی، که‌ به‌ مرۆڤ و خه‌ڵکی کوردستانیان پێشکه‌شکردووه‌، ده‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌ر  ڕێزه‌یه‌ک به‌ته‌نگ فه‌رهه‌نگ و مێژوو و زمان و زانست و پێشکه‌وتنی کورده‌وه‌ هاتبان، هه‌ر وه‌ک پرۆپاگه‌نده‌ و بۆ پێویستی کاروباری خۆیشیان بووایه‌، ناڵێم کۆڕ و ئه‌کادیمیا و فه‌رهه‌نگستان، به‌ڵام کۆڕۆکه‌یه‌ک، ئه‌کادیمیلکه‌یه‌ک یا فه‌رهه‌نگستانۆکه‌یه‌کیان چێ کردبا و هه‌ر هیچ نه‌بووایه‌ هه‌وڵی ئه‌نجامدانی فه‌رهه‌نگێکی باش و فراوانی عه‌ره‌بی- کوردی، فارسی- کوردی، تورکی- کوردی و کوردی- کوردی و کوردی و ئه‌و زمانانه‌یان دابا و بنکه‌یه‌کی وه‌رگێڕانیان ساز کردبا و ده‌یان شاکاری تورکی و فارسی و عه‌ره‌بییان بکردبایه‌ته‌ کوردی و کوردییان بکردبایه‌ته‌ ئه‌و زمانانه‌. وه‌ها کارێک گه‌لێک له‌و پارانه‌ی، بۆ گه‌شت و سه‌فه‌ر و ژن له‌ دووی ژن هێنانی سه‌رکرده‌ و به‌رپرسیاران و کوشتنی مرۆڤ و ژینگه‌ و جه‌ژن و ئاهه‌نگگێڕان و دامه‌زراندنی زیندان و په‌روه‌رده‌کردنی سیخوڕ و مرۆڤکوژ و خواردنه‌وه‌ و به‌دمه‌ستی و به‌رزگ تێرکردن و خانوو و ئۆتۆمبیلی کاربه‌ده‌ستانی حیزبی سه‌رف ده‌کرێن، که‌متر تێ ده‌چێت.                                                                                                                        
ڕه‌وشه‌که‌ له‌ کوردستان به‌و شێوه‌یه‌یه‌، به‌ڵام وه‌نه‌بێ له‌ ده‌رێی کوردستان، زۆر له‌وه‌ باشتر بێت. له‌ ده‌رێی کوردستان، کاری جیددی و له‌به‌رچاو و مه‌زن له‌ بواری وه‌رگێڕاندا نه‌کراوه‌. له‌ ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وسترالیا، ڕووسیا، وڵاتانی عه‌ره‌ب، ئێران و تورکیا، کوردێکی ئاواره‌ی یه‌کجار زۆر ده‌ژین و زۆربه‌یشیان زمانانی ئه‌و وڵاتانه‌ی، لێی ده‌ژین، فێر بوونه‌ و ده‌زانن. له‌ نێو ئه‌و کوردانه‌شدا خه‌ڵکانێکی زۆر هه‌ن، خۆ به‌ کاری فه‌رهه‌نگی و ئه‌و بابه‌تانه‌وه‌ خه‌ریک ده‌که‌ن، به‌ڵام وه‌رگێڕان شوێنێکی زۆر که‌م و گچکه‌ی له‌ ڕووبه‌ری چالاکیی فه‌رهه‌نگیدا گرتووه‌ته‌وه‌. له‌ ده‌رێی وڵات –له‌ کوردستانیش هه‌ر وایه‌- په‌تای ده‌رکردنی گۆڤار، ڕۆژنامه‌، حه‌فته‌نامه‌، مانگنامه‌، وه‌رزنامه‌ و هیننامه‌ هه‌یه‌. هه‌ر نووسه‌ره‌و ده‌یه‌وێت گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی خۆی هه‌بێت. هه‌ر نووسه‌ره‌و بۆ ئه‌وه‌ی گوتارێکی خۆی بڵاو بکاته‌وه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ نووسه‌ره‌که‌ی دی، که‌ خاوه‌ن گۆڤاره‌، له‌به‌ر جیاوازی بیروباوه‌ڕ یا به‌ هۆی ناکۆکی و ناته‌باییه‌ک، که‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، بۆی بڵاو نه‌کاته‌وه‌، ناچار ده‌بێ بۆ خۆی گۆڤارێک یا ڕۆژنامه‌یه‌ک ده‌رکات و ئیدی نووسینی خۆی به‌ ئازادی بڵاو بکاته‌وه‌. جاری وایش هه‌یه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌، ده‌رکردنی گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی بۆ ناڕه‌خسێت، ئه‌وجا ناچار ده‌بێ گوتاره‌که‌ی یا نووسینه‌که‌ی له‌ شێوه‌ی نامیلکه‌یه‌کدا بڵاو بکاته‌وه‌. زۆرجاران ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و بڵاڤۆکانه‌ی ده‌رێی وڵات، به‌ هۆی باری ئابووری و سه‌ختیی کار و هه‌لومه‌رجی ژیانه‌وه‌، که‌مته‌مه‌ن ده‌بن و زوو ڕاده‌وه‌ستن. خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند و پاره‌دار و سه‌رمایه‌داری پیسکه‌ و چاوچنۆکی کوردیش –که‌ که‌م نین- هه‌رگیز ئاماده‌ی به‌خێوکردنی گۆڤارێک یا ڕۆژنامه‌یه‌ک نین و پاره‌ی خۆیان بۆ ئه‌و جۆره‌ کاره‌ فه‌رهه‌نگییانه‌ خه‌رج ناکه‌ن، ده‌نا هه‌ر ئه‌و پاره‌داره‌ کوردانه‌ و ئه‌و ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه‌ کوردییانه‌، پێیان ده‌کرێت چه‌ندین مه‌ڵبه‌ند و نێوه‌ند و بنکه‌ی وه‌رگێڕان، له‌ وڵاتانی جیاواز و بۆ زمانانی جیاواز ساز بکه‌ن و وه‌ک پرۆژه‌یه‌کی بازرگانی و پاره‌په‌یداکردنیش بیبه‌ن به‌ڕێوه‌. دیاره‌ ده‌کرێ –بۆ نموونه‌- سوود له‌ ئه‌زموونی عه‌ره‌ب و فارس، وه‌ربگیرێت، که‌ سه‌دان بنکه‌ و نێوه‌ندی له‌و جۆره‌یان هه‌ن.                                                                                                          
که‌ وه‌رگێڕان هێنده‌ گرنگیی پێ نادرێت، زۆرجاران به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌، هه‌ندێ نووسه‌ر و ئه‌وانه‌ی سه‌رقاڵی کاری فه‌رهه‌نگیین، به‌ پله‌یه‌کی نزمتری له‌ نووسینی خۆیانی داده‌نێن. واته‌: پێیانوایه‌، ئه‌گه‌ر خه‌ریکی وه‌رگێڕان بن، پێی که‌م ده‌بنه‌وه‌ و "پایه‌ و ئاستی ئه‌ده‌بی"یان داده‌به‌زێت و خه‌ڵک به‌ چاوێکی نه‌ویتر، تێیان ده‌نواڕن، یا خه‌ڵک به‌ گوێره‌ی تیۆرییه‌ هه‌ڵه‌که‌ی "هه‌موو ڕێژیسۆرێک، ئه‌کته‌رێکی دۆڕاوه‌ و هه‌موو ئاوازدانه‌رێک، سترانبێژێکی دۆڕاوه‌‌ و هه‌موو وه‌رگێڕێک، نووسه‌رێکی دۆڕاوه‌"پێیانوایه‌، ئه‌وه‌ی خه‌ریکی وه‌رگێڕان بێت، بۆ خۆی توانستی نووسین و ده‌ربڕینی نییه‌. تاکه‌ نموونه‌یه‌کی پرشنگدار، ئه‌ویش زانای هێژا مامۆستا "شوکور مسته‌فا" یه‌، ئه‌و بۆچوونه‌ سه‌قه‌تانه‌ پووچ ده‌کاته‌وه‌. پێموایه‌ ته‌واوی خوێنه‌رانی کورد، ده‌بێ سه‌ری ڕێز بۆ مامۆستای هێژا شوکور مسته‌فا دانه‌وێنن، بۆ شاکاره‌ وه‌رگێڕانه‌کانی، که‌ یه‌کجار وه‌ستایانه‌، بلیمه‌تانه‌ و زانایانه‌، کردوونی به‌ کوردی و چ کوردییه‌کیش، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌و هێژایه‌ بوه‌شێته‌وه‌ و له‌ زاری وی بێته‌ ده‌ر و له‌و بڕوایه‌شدام –من بۆ خۆم تورکی نازانم- له‌ تورکییه‌که‌ی "یه‌شار که‌مال"یشی تێپه‌ڕاندبێت.                                                                                          
دیارده‌یه‌کی زه‌ق و له‌به‌رچاو و تا ڕاده‌یه‌ک دزێو، که‌ له‌ بواری وه‌رگێڕانی کوردیدا وه‌دی ده‌کرێت، وه‌رگێڕانه‌ له‌ کوردییه‌وه‌ بۆ کوردی، واته‌: له‌ نێوان دیالێکته‌کانی زمانی کوردیدا، هه‌رچه‌نده‌ ناکرێ ناوی وه‌رگێڕانی لێ بنرێت، چونکه‌ وه‌رگێڕان له‌ زمانێکه‌وه‌ بۆ زمانێکی دیکه‌ ده‌بێت، نه‌ک له‌ دیالێکتێکه‌وه‌ بۆ دیالێکتێکی دیکه‌ی هه‌مان زمان. کرمانجی ژووروو، ده‌کرێت به‌ کرمانجی خواروو(سۆرانی) و کرمانجی خواروو ده‌کرێت به‌ کرمانجی ژووروو و هه‌ورامی ده‌کرێته‌ سۆرانی و کرمانجی ژووروو ده‌کرێت به‌ زازایی. کاره‌که‌ لێره‌دا ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌، عه‌ره‌بی، فارسی، تورکی، فرانسی یا پورتوگیزی بکرێن به‌ کوردی[7]. ئه‌گه‌ر دووربینانه‌ بنۆڕینه‌ ئه‌م کاره‌ و "به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی کورد" له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وا نه‌ک هه‌ر به‌ قازانجی زمانی کوردی و یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد کۆتایی نایه‌ت، به‌ڵکه‌ ئه‌نجامێکی یه‌کجار خراپیشی ده‌بێت و به‌ زیان ته‌واو ده‌بێت. گۆڕینی تیپ، واته‌: له‌ ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه‌ بۆ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی یا له‌ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆ ئه‌لفبێی لاتینی یا له‌ ئه‌لفبێی کریلیکه‌وه‌ بۆ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و لاتینی و به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌، بێ گۆڕین و ده‌ستکاری دیاڵێکته‌که‌، کارێکی باشه‌ و گه‌لێکیش خزمه‌ت به‌ زمانی کوردی ده‌کات. مامۆستای گه‌وره‌مان شوکور مسته‌فا، زۆر به‌ جوانی و لێزانانه‌، ئه‌م کاره‌ی ئه‌نجام داوه‌.                                                                                                                  
جاری وا هه‌یه‌ خه‌ڵک کۆنیی و نوێیی بابه‌ته‌ وه‌رگێڕدراوه‌که‌ ده‌که‌نه‌ پێوه‌ر، بۆ دادوه‌ری له‌ باره‌ی باشی و خراپی بابه‌ته‌که‌وه‌ و پێیانوایه‌، ئه‌وه‌ی کۆنه‌، نابێ وه‌ربگێڕدرێت و ده‌بێ پشتگوێ بخرێت[8]. ڕه‌نگه‌ بیستنی له‌و جۆره‌ قسانه‌ له‌ خه‌ڵکێکی لاو و دنیانه‌دیو و که‌مئه‌زموون، شتێکی سه‌یر نه‌بێت، وه‌لێ که‌سانێک، که‌ بڕێک ته‌مه‌نیان هه‌بێت و دنیاشیان دیتبێت و خۆ به‌ ئه‌هلی قه‌ڵه‌م و کتێبان بزانن، ئه‌مه‌یان سه‌یره‌!. وه‌ها خه‌ڵکانێک له‌ به‌رکه‌پووی خۆیان ئه‌ولاتر نابینن. ئه‌وان ته‌نێ هه‌نووکه‌ ده‌بینن و ئه‌وڕۆ له‌ دوێنێ داده‌بچڕن. ئه‌وه‌ له‌بیر ده‌که‌ن، که‌ پێرێ درێژه‌پێدانی به‌سرپێرێیه‌ و دوێنی درێژه‌پێدانی پێرێیه‌ و ئه‌مڕۆ درێژه‌پێدانی دوێنێیه‌ و سۆزیی[9] درێژه‌پێدانی ئه‌مڕۆیه‌. ئه‌گه‌ر مرۆڤ شاره‌زای کۆن و ڕابردوو نه‌بێت، چۆن ده‌توانێت له‌ هه‌نووکه‌ تێبگات! خۆ ئه‌وه‌ی، که‌ ئێستا پێی ده‌ڵێن ئێستا و هه‌نووکه‌، سۆزیی و ڕۆژگارێکی دیکه‌ ده‌بێته‌ دیرۆک و ڕابردوو. ئێمه‌ درێژه‌پێدانی ڕابردووی خۆمانین و ڕابردووشمان ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێوه‌ی به‌ندین و به‌سه‌رچووه‌ و جوانه‌ و سۆزمان بۆی هه‌یه‌ و به‌زه‌ییمان پێیدا دێته‌وه‌، لا پیرۆز نییه‌. فازیل ئه‌لعه‌ززاوی(فاضل العزاوي) ده‌ڵێت:"ئێمه‌ له‌ ناوکمانه‌وه‌، به‌ هه‌موو ساتێکی ڕابردووه‌وه‌ گرێدراوین، به‌ڵام ڕابردوو ساڵۆنێک یا چایخانه‌یه‌ک نییه‌ بۆ کاتبه‌سه‌ربردن. تاکه‌ ڕێزێک، که‌ ده‌شێ بۆ ڕابردوومان هه‌بێت ئه‌وه‌یه‌، فڕێی ده‌ینه‌ کووره‌ی ئێستاوه‌، بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی توانستی له‌ سه‌ر ژیان و بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پارچه‌یه‌ک له‌ ناسنامه‌ی نوێمان"[10]. ئه‌ز به‌ش به‌ حاڵی خۆم له‌و بڕوایه‌دام، زۆربه‌ی شته‌کان بۆ کورد نوێن و هه‌موو شتێکیش بۆ کورد پێویسته‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باسه‌که‌ له‌مه‌ڕ، په‌لکه‌پیاز و قالۆنچه‌ و کنگرهه‌ڵکه‌ندن و که‌ری دێزه‌شه‌وه‌ بێت. زۆرجاران مێژوو به‌ هه‌ڵه‌ وه‌رده‌گیرێت و به‌ خراپی به‌کار ده‌برێت و به‌ مه‌به‌ستی چه‌واشه‌کردن فێر ده‌کرێت و ده‌گوترێته‌وه‌ و به‌ پێی سوود و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت لێکده‌درێته‌وه‌ و شیده‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ وا ناگه‌یه‌نێت، که‌ مێژوونووسان هه‌موو زانیارییه‌کانیان لنگاوقووچ کردبێته‌وه‌ و وایان گوتبێت یا نووسیبێت[11].                                                                                                          
 مێژوو به‌ ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌گۆڕدرێت و ده‌ستکاری ده‌کرێت و لێکده‌درێته‌وه‌ و زۆربه‌ی جار بۆ سوود و قازانجی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌سه‌ڵات ده‌نووسرێت. هه‌ندێ جاریش ناوی که‌سانێک لاده‌برێن و ده‌سڕدرێنه‌وه‌ و به‌ خوێڕی و ترسنۆک و خائین ده‌درێنه‌ قه‌ڵه‌م و ناوی خه‌ڵکانێک له‌جێی وان داده‌نرێن و شوێنیان ده‌گرنه‌وه‌ و وه‌ک قاره‌مان و نه‌ترس و بوێر باس ده‌کرێن و شتگه‌لێک له‌ باره‌یانه‌وه‌ ده‌گوترێن، که‌ هه‌رگیز نه‌ کردوویانه‌ و نه‌ ئه‌نجامیان داوه‌ و نه‌ ئاگاشیان لێ بووه‌. هیتله‌ر، ستالین، فرانکۆ، پینۆشێ و سه‌ددام حوسه‌ین، که‌ له‌کن مرۆڤایه‌تی چاره‌گه‌لێکی دزیون و قڕانیان خستووه‌ته‌ نێو خه‌ڵک، لای نازیست، ستالینیست، فاشیست، به‌عسی و ڕاستڕه‌وان، ڕزگارکه‌ری مرۆڤایه‌تی و په‌یامبه‌رن. وه‌ک ده‌شگوترێ "سه‌رکه‌وتووان مێژوو ده‌نووسن". فازیل ئه‌لعه‌ززاوی گوته‌نیش:"خوێن به‌ ته‌نێ تا ئێستا مێژووی دروست کردووه‌. ئه‌گه‌ریش خه‌ون به‌ مێژوویه‌کی دیکه‌وه‌ ده‌بینین ئه‌وه‌ ئه‌و مێژووه‌یه‌، که‌ له‌ ئازادیدا ده‌ست پێ ده‌کات"[12].                                                                                          
له‌م باره‌یه‌وه‌، له‌باره‌ی گرنگیی زانینی مێژوو و خۆناسینه‌وه‌، گێڕانه‌وه‌یه‌کی بیریاری مه‌زن، دۆکتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی، وه‌بیر ده‌هێنمه‌وه‌، که‌ زۆر جوان مه‌به‌ستی ئه‌نگاوتووه‌ و نموونه‌یه‌کیشی هێناوه‌ته‌وه‌، که‌ کتومت له‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌چێت و ڕێک واقیعی ئاستی فه‌رهه‌نگیی زۆربه‌ی "مه‌کته‌بلی"یانی ڕۆژهه‌ڵات و ئێمه‌ی کوردیش به‌ تایبه‌ت ده‌پێکێت. له‌به‌ر به‌ها و گرنگیی گێڕانه‌وه‌که‌، وام به‌ باش زانی، بێ که‌م و زیاد بیکه‌م به‌ کوردی. شه‌ریعه‌تی ده‌ڵێت:"که‌ له‌ سویسراوه‌ بۆ ئێران ده‌گه‌ڕامه‌وه‌، هاوڕێیه‌که‌م خویندکارێکی زانستگه‌ بوو. تورک بوو و خه‌ڵکی ئیزمیر بوو. ئه‌ندازیاری کشتوکاڵ بوو و له‌ سویسرا خوێندبووی. چ هاوڕێیه‌ک له‌مه‌ باشتر ده‌بێت؟ له‌ دڵی خۆمدا گوتم: ئه‌م هاوڕێیه‌ زۆربه‌ی خاڵه‌ نادیار و گرێ ناڕوون و شاراوه‌ و ته‌ماوی و ورده‌کانم له‌مه‌ڕ "هونه‌ری پێکهاتنی کۆمه‌ڵگه‌ی تورکی"یه‌وه‌، له‌ڕووی ئایینی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی و جڤاکییه‌وه‌ بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه‌ و هه‌ر به‌ نووکی په‌نجه‌کانی ئه‌و کاره‌ش ده‌کات. ئه‌و لاوێکی خوێندووی دنیادیده‌ بوو و فرانسییش به‌ چاکی ده‌په‌یڤی. له‌ گفتوگۆیه‌کانمدا له‌گه‌ڵیدا له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژدا هیچم سوود لێ وه‌رنه‌گرت...ئه‌مه‌ش چیرۆکێکی دیکه‌یه‌. که‌ گه‌یشتینه‌ ئیسته‌نبووڵ، ڕێپێوان و پێشاندانێکی له‌شکریمان دیت...پرسیم: ده‌بێ ئه‌مه‌ چی بێت؟ گوتی: له‌شکری تورک ئاهه‌نگی چل ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ده‌گێڕێت. گوتم: چل سه‌ده‌؟ پێکه‌نی و گوتی: نا، هۆشت له‌ کوێیه‌، چل ساڵ. جاری دووه‌م پرسیمه‌وه‌: چل چی؟ دووباره‌ جه‌ختی کرده‌وه‌: چل ساڵ. پاشان بۆی ڕوون کردمه‌وه‌، که‌ من مێژوو و ڕابردووی تورکیا نازانم و گوتی: ده‌وڵه‌تی تورک و زانستگه‌ و ژیاری و بنگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کان و حوکوومه‌ت و له‌شکر له‌ تورکیادا، هه‌مووی پێش چل ساڵان دامه‌زراون. ئیدی دوای ئه‌وه‌ نه‌متوانی ته‌حه‌ممولی بکه‌م و له‌ هاوڕێیه‌تی ئه‌م بیریاره‌، که‌ سه‌ر به‌ ئوممه‌تێکی نوێباو و تازه‌کییه‌، که‌ مێژووی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نیوه‌ی ته‌مه‌نی مرۆڤێک، هه‌ڵاتم. وام ده‌هاته‌ به‌رچاو، ئاسمانی قوسته‌نتینییه‌ هێشتا دوا ڕووداوی مه‌زنی له‌بیره‌ و بۆ منیش وه‌ک ئه‌وه‌ وابوو، که‌ دوێنێ ڕوویدابێت. له‌شکره‌کانی موحه‌ممه‌دی فاتیح ساڵی 1453ی زایین، به‌ ده‌رکه‌کانی ئه‌م شاره‌دا، که‌ دڵی ئیمپراتۆریای ڕۆژهه‌ڵاتی ڕۆمانی بوو و مه‌زنترین نێوه‌ندی ژیاری سه‌ده‌کانی ناڤین بوو، وه‌ژوورکه‌وتن و مه‌سیحایه‌تییان به‌ ژیاریی ڕۆژهه‌ڵاتیی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، له‌ که‌ناری زه‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ هاوێژته‌ که‌ناره‌که‌ی دیکه‌، ئه‌م ساڵه‌ش(که‌ نه‌ک ساڵی دامه‌زراندنی له‌شکری تورکیای موسوڵمانی ئه‌مڕۆیه‌) به‌ کۆتایی چاخه‌کانی ناڤین و سه‌ره‌تای چاخی نوێ له‌ ڕۆژاوادا دانرا. ئه‌م لاساییکه‌ره‌وه‌ بۆشه‌ له‌خۆنامۆیه‌ سه‌یدا ئه‌ندازیاره‌، که‌ له‌ سویسرا خوێندوویه‌تی و سۆزیی ده‌بێته‌ مامۆستایه‌ک له‌ زانستگه‌دا، یا ده‌بێته‌ وه‌زیری کشتوکاڵ له‌ ده‌وڵه‌تێکدا، که‌ سه‌رته‌ڵ و هه‌ڵبژارده‌ی چینی بیریاری کۆمه‌ڵگه‌که‌یه‌تی، نازانێت له‌شکره‌که‌ پێش شه‌ش سه‌ده‌ دامه‌زراوه‌. له‌و کاته‌وه‌، که‌ گه‌وره‌ترین کاری سه‌ربازیی ئه‌نجام دا، ئه‌و کاره‌ی، که‌ بووه‌ ده‌سپێکی به‌شێک له‌ به‌شه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی. هه‌ر له‌و کاته‌ش به‌ دواوه‌، مه‌زنترین ئیمپراتۆریای له‌ سه‌ده‌کانی ناڤین و نوێدا دامه‌زراند و ده‌سه‌ڵاتی به‌ سه‌ر ته‌واوی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و یۆناندا گرت. ئه‌و مزگه‌وت و په‌رستگه‌ مه‌زنانه‌ی، باپیرانی له‌ یۆگوسلاڤیا، بوڵگاریا، ڕۆمانیا و یۆنان، چێیان کرد، ئێستاش نیشانه‌ی مه‌زناهی و هێز و ده‌ستڕۆیشتوویی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی و هزریی ئه‌وانن. ئه‌وان تا فرانسه‌ و ئیتالیا چوون و ڤیه‌ننایان تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م و نۆزده‌یه‌م، چه‌ندجاران گه‌مارۆ دا. له‌ زه‌ریای ناڤیندا گه‌وره‌ترین هێزی زه‌ریاییان هه‌بوو...چی دی بڵێم؟ پێش هه‌زار ساڵ به‌ری جه‌نگی خاچایه‌تی و لافاوی هێرشی چه‌کدارانه‌ی گه‌له‌کۆمه‌کی ڕۆژاوای دژ به‌ وڵاته‌ ئیسلامییه‌کان گرت. ئێستاکه‌ش شمشێر و قه‌ڵغان و تۆپه‌کانیان، که‌ ئایه‌تی جیهادیان له‌ سه‌ر نه‌خش کراوه‌، له‌ مۆزه‌ سه‌ربازییه‌کاندا له‌ ئه‌وروپا، سه‌رنجی هه‌رکه‌سێک، ته‌ماشایان بکات، ڕاده‌کێشێت...چی دی بڵێم؟ پێش ئه‌وه‌ی ناوی ڕۆژاوای نوێ له‌ جیهاندا هه‌بێت و ڕۆشنایی ئیسلامیش له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ هه‌ڵبێت، ئه‌م خاکه‌ لانکی ژیاریی بیزه‌نتی و ڕۆمانی ڕۆژهه‌ڵات بووه‌. مێژووی هه‌زار ساڵی ئه‌م ئوممه‌ته‌ش نیشانه‌ی هێزی له‌شکریی و ژیاریی و زانست و باوه‌ڕ و فه‌رهه‌نگ و ئیمپراتۆریای جیهانی و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایه‌ به‌ سه‌ر که‌وشه‌نێکدا، که‌ ده‌که‌وێته‌ نێوان خۆرهه‌ڵات و خۆراواوه‌. له‌ نێوان جیهانی ژیاریی کۆن و جیهانی ژیاریی نوێدا، سێبه‌ری هه‌ردوو باڵی له‌یه‌ک کاتدا به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوادا، په‌خش کردبووه‌وه‌. تا جه‌نگی یه‌که‌میش مه‌زنترین هێزی ئیمپراتۆریایی و سه‌ربازی بوو له‌ ئه‌وروپا و به‌شێکی مه‌زنی ئاسیادا. عه‌ره‌ب و یۆنان و باکووری ئه‌فریقا و ته‌واوی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بوون. پێش چل ساڵان، له‌ ئه‌نجامی ته‌کنیکی سه‌ربازیی ئه‌وروپایی له‌ پشتییه‌وه‌ و خه‌نجه‌ری ئێرانی- عه‌ره‌بی له‌ پێشییه‌وه‌، به‌ سه‌ر ئه‌ژنۆیدا داده‌چه‌مێته‌وه‌ و کڕنووش ده‌با، و ئینگلیز وڵاتی عه‌ره‌بی لێ ده‌ستێنێته‌وه‌، و ئه‌وروپا یۆنان و بوڵگاریا و ڕۆمانیا و یۆگوسلاڤیای لێ داده‌بڕێت و له‌ ته‌نگه‌یه‌کدا ئابڵۆقه‌ی ده‌دات. پاشان ئه‌تاتورک و لاوانی خوێندووی ئه‌وروپایێندراو، که‌ سوڵتانی عوسمانی بۆ خوێندنی ته‌کنیکی سه‌ربازیی ئه‌وروپایی و زانستی ئه‌وروپایی نوێ و زمانانی ئه‌وروپایی و زانیاری و ژیاریی ئه‌وروپایی، شاندبوونی بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی هێرشی سه‌ربازی و ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگیی ئه‌وروپا بوه‌ستنه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست. ئیدی ئه‌و هێزه‌ جیهانییه‌ مه‌زنه‌، پارچه‌پارچه‌ بوو. ئه‌و ئیمپراتۆریا عوسمانییه‌ پان و به‌رینه‌ گۆڕا و بوو به‌ ده‌وڵه‌تێکی به‌زیوی له‌تله‌تکراوی بچووک. له‌و هه‌موو وڵاته‌ ڕۆژاوایی و ئاسیایی و ئه‌فریقاییانه‌ش ته‌نێ ئیسته‌نبوول و ئه‌نقه‌ره‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌. پاشانیش تیپی لاتینی ده‌بێته‌ ئه‌لفبێی و وه‌چه‌یه‌کی نوێ په‌یدا ده‌بێت و به‌و ئه‌لفبێیه‌ فێر ده‌بێت و وه‌ها باوه‌ڕ ده‌هێنێت، که‌ مێژووی ئه‌و له‌ چل ساڵ پێشتره‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، واته‌: له‌ جه‌نگی یه‌که‌می جیهانییه‌وه‌ یا به‌ ته‌واوی له‌و کاته‌وه‌، که‌ به‌زێنران و له‌تله‌تکران و گه‌یشتنه‌ ئه‌وپه‌ڕی لاوازی و بێبایه‌خی و دزێوی. له‌شکریش –له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو داستانی قاره‌مانییه‌تییه‌ی، که‌ له‌ ڕابردوویدا هه‌یه‌- مێژووی له‌و ساته‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات، که‌ به‌زێنراوه‌....سه‌یره‌ و چ سه‌یرێک"[13]. خۆناسین ده‌بێ مرۆڤ هانبدات بۆ گه‌ڕان به‌ شوێن خۆدا. وه‌دووی خۆدا گه‌ڕانیش پێویست به‌ گرنگییدان به‌ مێژو و زانینی مێژوو ده‌کات. مێژووی کوردیش، پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌، له‌بێژنگدان، ته‌ته‌ڵه‌، بژار، پاکنووس، ڕاستکردنه‌وه‌[14] و سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه‌ و دروستکردنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌ به‌شدارکردنی، چینه‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌، لاوان، ژنان و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی، که‌ له‌ بواری ئابووری، سیاسی، جڤاک، فه‌رهه‌نگ و ده‌سه‌ڵاتدا، پشتگوێخراون و ناکارا کراون و په‌راوێزێنراون. باشترین شتی مێژوویش، چ بۆ کورد بێت یا ناکورد ئه‌وه‌یه‌، که‌ مرۆڤ فێری ئه‌وه‌ ده‌کات و به‌ره‌و ئه‌وه‌ی ده‌بات و وای لێ ده‌کات، باشتر و ڕوونتر بیر بکاته‌وه‌.                                                                                                                                            
نۆڤه‌مبه‌ری 1997



[1] تا ئێستاش به‌ ته‌واوی پێوه‌ندی کورد له‌گه‌ڵ میدییه‌کان، ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌. ڕاستی و درۆی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و زوحاک و ماره‌کانی سه‌ر شانی، هێشتا جێی گومانن. جێژنی نه‌ورۆز له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ جۆرێک پیرۆز ده‌کرێت، که‌ زۆر له‌ پیرۆزکردنی فارسان و گه‌لانی ئێرانییه‌وه‌ نێزیکتره‌ – یا هه‌ر ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌- تا له‌ شێوه‌ی پیرۆزکردنی له‌ باکوور و باشووری کوردستان. له‌ ڕۆژهه‌لآتی کوردستان شێوه‌ی ئایینی – زه‌رده‌شتی و...- سروشت به‌ سه‌ریدا زاڵه‌ و له‌وێ نه‌ورۆز جێژنی خه‌ڵک و خێزان و مرۆڤ و سروشته‌،  که‌ دیاره‌ ئه‌و شێوه‌ پیرۆزکردنه‌ ڕاستتره‌، که‌چی له‌ باکوور و باشووری کوردستان، له‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی زێتر هیچی دیکه‌ نییه‌ و نه‌ورۆز له‌وێ جێژنی حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانه‌، نه‌ک هی خه‌ڵک. ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌، که‌ مێژووی نوێن، ئێستاش به‌ ته‌واوی هه‌موو شتێک له‌ باره‌یانه‌وه‌ ئاشکرا نییه‌ و نازانرێت.                                                                                                                
 [2] وه‌ک نموونه‌یه‌ک ده‌کرێ، هه‌وڵدان بۆ دانانی ساڵی کوردی، که‌ به‌ دوو شێوه‌ ده‌یژمێرن، بهێنینه‌وه:‌
ئا. مێژووی له‌دایکبوونی زه‌رده‌شت، له‌گه‌ڵ ساڵی زایینیدا، کۆ ده‌که‌نه‌وه‌، واته‌: 700+1997 ده‌کاته‌ 2697ی کوردی. له‌ کاتێکدا بۆ هیچ که‌س ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌، که‌ زه‌رده‌شت که‌ی زاوه‌؟ ته‌قو زانراش که‌ی زاوه‌، ده‌ی زه‌رده‌شت چ پێوه‌ندێکی به‌ کورده‌وه‌ هه‌یه‌؟ بۆ له‌ نێو کورددا ده‌(10) که‌سی زه‌رده‌شتی نابینرێنه‌وه‌؟                                                                                                    
ب. مێژووی گرتنی باژێڕی نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ ساڵی زایینیدا کۆ ده‌که‌نه‌وه‌، واته‌: 612+1997 ده‌کاته‌ 2609ی کوردی. له‌ کاتێکدا پێوه‌ندی کورد به‌ میدییه‌کانه‌وه‌ تا ئێستاش جێی گومانه‌.                                                                 
پ. شانازیکردن به‌"ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی میدیا و که‌یخوسره‌وین.."، که‌ له‌ سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبدا هه‌یه‌، که‌ من بۆ خۆم پێموایه‌ سرووده‌که‌ به‌ ته‌واوی، گه‌له‌ک ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ و ناحه‌زه‌ و زۆریش دوروودرێژه‌ و هه‌رگیز بۆ سروودی نیشتمانی و مارشی نه‌ته‌وه‌یی ناشێت. ئه‌مانه‌ هه‌موو ده‌شێ ببنه‌ جێگه‌ی پرسیار و ڕامان و مایه‌ی گومان و هۆکاری پشکنین و توێژینه‌وه‌ی نوێ و ڕاستکردنه‌وه‌ی چه‌وتییه‌کان.                                                                               
 قه‌تار، شه‌مه‌نده‌فه‌ر، ترێن.[3]
 منه‌کردن: به‌دووداگه‌ڕان، به‌شوێنداگه‌ڕان، بۆگه‌ڕان، لێگه‌ڕان.[4]
[5] حه‌مه‌، ئازاد، ووتاری سترۆکتۆرالیزمی، به‌شی یه‌که‌م، یه‌کگرتن، ژماره‌ 9، هاوینی 1989، ل65-82. به‌شی دووه‌می ئه‌م وتاره‌ له‌ ژماره‌یه‌کی پاشتری یه‌کگرتندا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. زۆربه‌ی ئه‌م نووسینه‌ له‌ "اٍبراهیم، الدکتور زکریا، مشکلة‌ البنیة اًو أضواء ﻋﻠﻰ البنیویة، دار مصر للطباعة‌، 1976" وه‌رگیراوه‌، که‌چی له‌ یه‌ک دوو شوێندا ئاماژه‌ به‌و سه‌رچاوه‌یه‌ کراوه‌. له‌ لاپه‌ڕه‌ 73ی نووسینه‌که‌یدا، ئازاد حه‌مه‌ ده‌ڵێ:"له‌ ساڵی 1928دا کۆنگره‌یه‌کیان له‌ بلاهای- هۆڵه‌ندا به‌ ناوی(زانستی زمانه‌وانه‌وه‌) ڕێک خست". ئه‌م بڕگه‌یه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ 43ی ئه‌و کتێبه‌ی "دۆکتۆر زه‌که‌رییا ئیبراهیم"ه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ بری "لاهای" - که‌ هه‌موو که‌س ده‌زانێت ناوی باژێڕێکه‌ له‌ هۆڵاند- نووسیویه‌تی "بلاهاي" و تیپی "ب"ی پێش وشه‌ی "لاهای"ه‌که‌شی، که‌ له‌ عه‌ره‌بیدا "حرف الجر" و له‌ زمانه‌ ئه‌وروپاییه‌کانیشدا"preposition"ی پێ ده‌ڵێن، به‌ وشه‌ی "لاهای"ه‌وه‌ نووساندووه‌. له‌ عه‌ره‌بییه‌که‌دا وه‌ها نووسراوه‌ "المۆتمرالدولي لعلوم اللسان الذي انعقد بلاهاي بهولندة..". ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌کی گچکه‌ی گواستنه‌وه‌ و وه‌رگێڕانه‌ –زۆرجاران به‌ پێشگر و پاشگری زمانانی دیکه‌شه‌وه‌- بۆ کوردی.                                   
 [6] فه‌رهه‌نگی ئینگلیزی- کوردی، ته‌وفیق وه‌هبی و ئه‌دمۆندز، فه‌رهه‌نگی کوردی-کوردی، شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ و هه‌نبانه‌بۆرینه‌ی هه‌ژاری موکریانی، چه‌ند نموونه‌یه‌کی ئه‌و کارانه‌ن.                                                      
[7] هه‌ژاری موکریانی، "مه‌م و زین"ی "خانی" کردووه‌ به‌ موکریانی. کتێبی "کۆماری دیموکراتی کوردستان (مه‌هاباد)"ی "که‌ریمی حیسامی"، له‌ لایه‌ن "ئه‌لیشێر"ه‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ کرمانجی ژووروو و وه‌شانێن "ژینانوو" له‌ ساڵی 1986دا، له‌ ئوپسالا(سوێد) چاپی کردووه‌. چیرۆکی "پێشمه‌رگه‌"ی "ڕه‌حیمی قازی"، کراوه‌ به‌ کرمانجی ژووروو. "مه‌هاباد کوردی" زۆرجاران نووسینی کرمانجی ژووروو ده‌کاته‌ سۆرانی. ئه‌مانه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌کی زۆر که‌من و ده‌یان شتی له‌و جۆره‌ کراون و ده‌کرێن و گه‌له‌ک له‌ بره‌ویشدان.                                                                                                            
[8] ساڵی 1988 کتێبۆکه‌یه‌کی سوێدیم به‌ نێوی"کورد گه‌لێکی بێ وڵات"، وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی کوردی و له‌ 1994دا، چاپ بوو. یه‌کێک له‌وانه‌ی، که‌ دیتبوویان گوتبووی ئه‌مه‌ کۆنه‌، که‌ی ئێستا باوی وه‌رگێڕانی شتی وایه‌!                                                                                                                             
 سبه‌ینێ، به‌یانی.[9]
 االعزاوي، فاضل، بعیدا داخل الغابة‌، دارالمدی للثقافة‌ والنشر، 1994، ص63.[10]
 [11]ساڵی 1988 و 1989 له‌ یه‌کێک له‌ خوێندنگه‌ ئاماده‌ییه‌کانی ستۆکهۆڵم، ده‌رسی زمانی کوردیم ده‌گوته‌وه‌. پۆلێکم هه‌بوو، بریتی بوو له‌ شه‌ش حه‌فت خوێندکار، که‌ له‌ ساڵانی کۆتایی ئاماده‌ییدا بوون، واته‌: پۆلی یازده‌یه‌م و دوازده‌یه‌م و ئه‌وانه‌ بوون. له‌ ده‌قێکدا، که‌ ڕۆژێک له‌به‌ر ده‌ستماندا بوو و ده‌مانخوێند، باسی "شۆڕشی ئه‌یلوول" هاته‌ گۆڕێ. لێم پرسین،‌ ئایا ده‌زانن "شۆڕشی ئه‌یلوول" چییه‌! گوتیان: ئه‌م شۆڕشه‌یه‌، که‌ ئێستا له‌ کوردستان هه‌یه‌ و له‌ دوای "ئاشبه‌تاڵ"ی "مه‌لا مسته‌فا" ده‌ستی پێ کردووه‌. بێگومان ئه‌وه‌ ته‌نێ قسه‌ی خۆیان نه‌بوو و ئه‌و لاوه‌ حه‌ڤده‌ هه‌ژده‌ ساڵانانه‌، ئه‌وه‌ شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ و بۆچوونی ماڵه‌وه‌یان بوو و وه‌ها فێر کرابوون، که‌ ئه‌وه‌ی تا پێش ئه‌و مێژووه‌ی 1975 – هه‌ره‌س- کراوه‌ به‌ هیچی دانه‌نێن و هێڵی چه‌پ و ڕاستی به‌سه‌ردا بهێنن. واته‌: مێژوویان به‌ هه‌ڵه‌ فێر کرابوو و سه‌ریان لێ شێوێنرابوو. یه‌کێک له‌و "زۆر ڕۆشنبیر"انه‌ی، که‌ کاتی خۆی یه‌کێک بووه‌ له‌ ئه‌ندامانی کۆڕی مورید و شاگردانی سیاسه‌تچییه‌کی کورد و زۆریش جێ هیوای مورشیده‌که‌ی بووه‌، له‌ دانیشتنێکدا جارێکیان فه‌رمووبووی،  مێژووی کورد له‌ 1976ه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات! بێگومان ئه‌مه‌ش ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی،  ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی ئه‌و "زۆر ڕۆشنبیره‌" ده‌روێشیان بوو، له‌و کاته‌وه‌ که‌وتبوونه‌ چیا و دژی حوکوومه‌تی عیراق جه‌نگابوون. خۆ مێژووی ساڵانی پێش ئه‌و ساڵه‌شیان له‌ که‌س شاراوه‌ نییه‌. ئایا له‌کن چ خه‌ڵک و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و کۆمه‌ڵێکی ئه‌م جیهانه‌، ته‌سکبینی و که‌مئاوه‌زی و هۆشکولی ده‌گاته‌ ئه‌م ڕاده‌یه‌!                                                                                                                                     
 العزاوي..، بعیدا..،ص199.[12]
 [13] شریعتی، الدکتورعلي، العودة اﻠﻰ الذات، ترجمة إبراهیم الدسوقي شتا، الزهراﺀ للاعلام العربي، القاهرة 1986، ص120-122.                                                                                                                                 
[14] خودا خێری بیریاری مه‌زن مامۆستا "مه‌سعوود موحه‌ممه‌د" و دۆکتۆر "که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د" بنووسێت، که‌ یه‌که‌میان "مه‌لای خه‌تێ" و دووه‌میان "موشیری حه‌مه‌ی سلێمان"یان له‌ گوناه‌ و تاوان پاک کرده‌وه‌ و "ردالإعتبار"یان بۆ کردنه‌وه‌.                                                                                                                       

Sunday, July 14, 1996

خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێی 14ی ته‌ممووزی 1958ی عیراق

خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێی 14ی ته‌ممووزی 1958ی عیراق
     

ئه‌‌مجه‌د شاکه‌لی

زۆرجاران دیمه‌نێک، ئاوازی گۆرانییه‌ک، مۆسیقایه‌ک، ده‌نگێک، سیما و ڕوومه‌تێک، ڕه‌نگێک، شوێنێک، که‌سێک، بزه‌یه‌ک، چپه‌یه‌ک، ساتێک و شتی دیکه‌ش ده‌بنه‌ هۆی بزواندنی هه‌ست و مرۆڤ ده‌به‌نه‌وه‌ دواوه‌ و ده‌یگێڕنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مێک، که‌ وه‌ک یادگاری و مێژوو به‌سه‌ر ده‌کرێته‌وه‌. وه‌رگێڕانی کتێبه‌که‌ی دۆکتۆر شاکر خه‌سباک (کورد و مه‌سه‌له‌ی کورد) بزوێنه‌رێک بوو و ئه‌و جۆره‌ هه‌سته‌ی پێ به‌خشیم. ئێستاش وا ده‌زانم دوێنێیه‌، به‌ره‌به‌یانی 14ی ته‌ممووزی1958، پشووی هاوین بوو، پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تاییم ته‌واوکردبوو و بۆ پۆلی سێیه‌م ده‌رچووبووم. له‌ شاکه‌ل(گونده‌که‌ی خۆمان) و له‌ ماڵی خۆمان و له‌ یه‌کێک له‌ ژووره‌ یه‌ک له‌نێو یه‌که‌کاندا نووستبووم - شه‌وانی هاوین له‌ نێو حه‌وشه‌دا و له‌ بن دارگه‌زه‌کاندا ده‌نووستین، به‌ڵام ده‌مه‌وبه‌یانیان به‌ تایبه‌ت، که‌ ئیدی خۆر هه‌ڵده‌هات، هه‌ر یه‌کسه‌ر گه‌رم ده‌بوو و مێشیش هێرشیان ده‌هێنا، ئیدی ده‌بوو مرۆڤ خۆ بگه‌یه‌نێته‌ ژوورێ و هیچ نه‌بێ بۆ ماوه‌یه‌کی دیکه‌یش درێژه‌ به‌ خه‌وی بن سێبه‌ر بدات- له‌ ده‌نگی کاکه‌ کاکه‌ی ئه‌نوه‌ری برام، که‌ له‌ من گچکه‌تر بوو، بێدار بوومه‌وه‌. که‌ چاوم کرده‌وه‌، به‌ قژه‌ زه‌رده‌ سپی باوه‌که‌یه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوو و به‌ ده‌نگێکی منداڵانه‌ گوتی: کاکه‌ ده‌زانی چی! گوتم: چی! گوتی: سه‌بره‌ بووه‌، جمبوورییه‌! سه‌بره‌ (سه‌وره‌- ثورة) واته‌: شۆڕش و جمبووری (جه‌مهووری- جمهوریة‌)ش، واته‌: کۆماریی. ئیدی که‌ هه‌ستام، ئه‌و پێشم که‌وت و به‌ هه‌ڕا چووین بۆ دیوه‌خان(ژووری میوان)، که‌ 20-30 میتر له‌ ژووره‌ یه‌ک له‌ ناو یه‌که‌کانه‌وه‌، که‌ پێمان ده‌گوتن نیشتمان، دوور بوو. که‌ چوومه‌ ئه‌وێ، باوکم ڕادیۆ "پای"ه‌ سووره‌که‌ی دانابوو و گوێی ده‌دایه‌. ئه‌و جۆره‌ ڕادیۆیه‌ باترییه‌کی زلی پێوه‌ ده‌به‌سترا و وایه‌رێکی درێژیشی پێوه‌ گرێ ده‌درا، که‌ سه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی له‌ بانی خانووه‌که‌، به‌ سه‌ری دارێکی درێژه‌وه‌ له‌ بانه‌که‌ ده‌چه‌قێنرا و قایم ده‌کرا، ده‌به‌سترا. ئه‌و ڕادیۆیه‌ ساڵانی دواتر، ناوی که‌روجاشیان لێ نابوو. ئه‌وده‌مه‌ ئه‌و ڕادیۆیانه‌ باو بوون و هه‌ندێک خه‌ڵک هه‌یانبوو. قسه‌که‌رانی نێو ڕادیۆکه‌، ده‌یانقیڕاند و ده‌یانشیڕاند و هاوارهاواریان بوو و مۆسیقا و سروودی نیشتمانی ده‌بیسترا. لام وابێ سه‌عات حه‌وت و حه‌وتونیوی به‌یانی بوو. وه‌ک بیرم بێته‌وه‌، چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ش له‌گه‌ڵ باوکمدا دانیشتبوون و گوێیان له‌ هاتوهاواری ڕادیۆکه‌ ده‌گرت. له‌ نێوان خۆیاندا باسی ئه‌و ڕووداوه‌یان ده‌کرد. باوکم ئه‌و گۆڕانه‌ی پێ باش بوو و پێده‌چوو هه‌م ئه‌و و هه‌م ئه‌وانی دیکه‌ش، که‌ له‌وێ بوون، به‌و باره‌ نوێیه‌، دڵخۆش بن. ئه‌وه‌ی که‌ له‌وانم ده‌بیست و وا دیار بوو لێی تێگه‌یشتبن ئه‌وه‌ بوو، که‌ ئیدی ڕێژیمی پاشایه‌تی نامێنێت و ده‌بێته‌ کۆماری و هه‌موو خه‌ڵک وه‌ک یه‌ک ده‌بن و چ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان مرۆڤێک و مرۆڤێکی دیکه‌دا نامێنێت. ئه‌وه‌ یه‌که‌م تێگه‌یشتنی منی ئه‌و کاته‌ منداڵ و ئه‌و خه‌ڵکه‌ بوو، له‌و جمبووری و سه‌بره‌یه‌. پێموایه‌ که‌س به‌ ڕێکوپێکی نه‌یده‌زانی، ئه‌و باره‌ به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوا و به‌ چ ئه‌نجامێک ده‌گات. هه‌ر دوای ئه‌و گۆڕانه‌ ئیدی ئه‌و خه‌ڵکه‌ وه‌ک پێشتر ده‌ست و پێیان به‌سترابێته‌وه‌ و پێوه‌ند کرابن و له‌پڕ به‌ره‌ڵڵا کرابن وا بوون. هاتوچۆ و جمووجۆڵێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ له‌ هه‌موو لایه‌ک په‌یدا بووبوو. له‌ نێو شار و شارۆچکه‌کاندا، خۆپێشاندان و ڕێپێوان ده‌کرا و ده‌نگی بژی و بڕووخی له‌ گشت لایه‌ک ده‌هاته‌ گوێ. پاییز فێرگه‌ کرایه‌وه‌ و چوومه‌وه‌ که‌لار. له‌به‌ر نه‌بوونی خوێندنگه‌ له‌ گونده‌که‌ی خۆمان، له‌ که‌لار ده‌مخوێند. که‌لار، ئه‌وده‌مه‌، گه‌وره‌ترین و خۆشترین و پێشکه‌وتووترین ئاوایی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان بوو. به‌ڕێوه‌به‌ری فێرگه‌که‌مان، مامۆستا "حوسه‌ین عه‌لی به‌یاتی" بوو. خه‌ڵکی کفری بوو، تورکمان بوو و کۆمۆنیستیش بوو. مامۆستا به‌یاتی، یه‌کێکه‌ له‌و مامۆستایانه‌ی، که‌ تا ئێستاش خۆشم ده‌وێ و ڕێزێکی زۆرم بۆی هه‌یه‌. یه‌که‌م سروودێک، که‌ مامۆستا به‌یاتی فێری کردین:                                                                                               
"سنمضي سنمضي الی ما نرید، وطن حر وشعب سعید، سنحمي سنحمي حماة السلام   ونبني ونبني عراقا جدید" (هه‌ر ده‌ڕۆین هه‌ر ده‌ڕۆین تا ده‌گه‌ینه‌ مه‌به‌ست، نیشتمانێکی ئازاد و گه‌لێکی به‌ختیار، هه‌ر ده‌پارێزین هه‌ر ده‌پارێزین پارێزگارانی ئاشتی، عیراقێکی نوێش دروست ده‌که‌ین و هه‌ر دروست ده‌که‌ین) بوو. هه‌موو منداڵانی مه‌کته‌ب وێکڕا و به‌یه‌ک ده‌نگ، ئه‌و سرووده‌مان، به‌ ده‌نگ و ئاوازێکی زۆر خۆش ده‌گوته‌وه‌. مامۆستا به‌یاتی واتای سرووده‌که‌یشی بۆ لێکدابووینه‌وه‌ و کۆڵێک به‌ واتاکه‌ی دڵخۆش و که‌یفخۆش بووین و بۆ ئه‌و ئاواته‌ ده‌ژیاین.                                                                               
پێش ئه‌و گۆڕانه‌ - واته‌: پێش 14ی ته‌ممووز- منداڵه‌ به‌گزاده‌کان (به‌گزاده‌ی جاف)، که‌ له‌گه‌ڵماندا ده‌یانخوێند، زۆر قیت و قۆز و جوانپۆش و شۆخ ده‌بینران و زۆریشیان ڕێز لێ ده‌گیرا. ڕه‌نگه‌ به‌شێکی ئه‌و ڕێزه‌ زۆره‌ش ترس بووبێت. پاش ئه‌و گۆڕانه‌، ئه‌و به‌گزاده‌ گچکانه‌، وه‌ک جاران نه‌مان. ژاکان و سیس بوونه‌وه‌. ئه‌و مامه‌ڵه‌ تایبه‌تییه‌ی، که‌ جاران ده‌کران، نه‌ما و له‌گه‌ڵ به‌چکه‌ وه‌رزێر و هه‌ژاراندا، له‌ جل و به‌رگ و پۆشاک و شێوه‌ی هه‌لسوکه‌وت و په‌یڤیندا نه‌بێت، که‌ نه‌ده‌کرا ئه‌وانه‌شیان لێ زه‌وت بکرێت، جیاوازییان نه‌ما. منداڵی ئه‌و ده‌مه‌ پاره‌ و پووڵی وه‌ک منداڵی ئێستاکه‌ له‌ باخه‌ڵدا نه‌بوو. مام ئه‌حمه‌دی فه‌ڕاشی فێرگه‌، نوقڵ و بسکویت و چوکلێت و شه‌کرۆکه‌ی، له‌ نێو فێرگه‌دا و له‌ کاتی پشوودا ده‌فرۆت. باوکم پێشه‌کی پاره‌یه‌کی ده‌دا به‌ مام ئه‌حمه‌د و منیش بایی ئه‌و پاره‌یه‌ له‌و شتانه‌م لا ده‌برد، تا پاره‌که‌م ته‌واو ده‌بوو. له‌ ناو گوندیش، سه‌مینی حه‌مید به‌قاڵ و سه‌مینی کاکه‌مین، دوکانێکی گچکه‌یان هه‌بوو و ئه‌وانیش شه‌کرۆکه‌ و نوقڵیان ده‌فرۆت. ئه‌مان شه‌کرۆکه‌ و نوقڵی به‌ کاغه‌ز پێچراوه‌یان ده‌فرۆت، که‌ وێنه‌یان تێدا بوون. وێنه‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و هی دیکه‌ش. ئێمه‌ی منداڵ، خوومان دابووه‌ کڕینی ئه‌و جۆره‌ شه‌کرۆکه‌ وێنه‌دارانه‌ و ئه‌گه‌ر عانه(پاره‌یه‌کی مس ئاسای سوورباو بوو و نرخی چوار فلس بوو)‌یه‌کمان ده‌ست که‌وتبا، ده‌ماندایه‌ ئه‌و شتانه‌. ناوی عه‌بدولکه‌ریم قاسممان باش ده‌زانی و زۆریشمان خۆش ده‌ویست.                                                                 

له‌ پله‌یه‌کی ته‌مه‌ندا یا ڕه‌نگه‌ به‌ درێژایی ژیانیش هه‌ر وا بێت، مرۆڤ هه‌ر له‌ خۆیه‌وه‌ و به‌بێ هیچ هۆیه‌ک و بێ ئه‌وه‌ی به‌ وردی نۆڕیبێتییه‌ مه‌سه‌له‌که‌، که‌سێک یا چه‌ند که‌سێکی، بۆ ده‌بنه‌ به‌رسه‌رنج و خۆشه‌ویست و ڕێنوێن و ڕێبه‌ر و به‌رحه‌ز و مایه‌ی شانازی و په‌رستراو و هه‌موو باشی و جوانی و ڕاستی و ئازایی و زیره‌کی و زانایییه‌ک و ده‌یان چاکه‌ی دی له‌ خۆدا کۆده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌و که‌سانه‌ زۆرجاران، سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی، مامۆستا، فیلۆ‌سۆف، هزرڤان، تیۆریزان، شاعیر، نووسه‌ر، ئه‌کته‌ری شانۆ، ئه‌کته‌ری سینه‌ما، سترانبێژ یا هونه‌رمه‌ندێکن، یا جه‌رده‌، دز، چه‌ته‌، مرۆڤکوژێکن یا ڕه‌نگه‌ کوڕه‌ چه‌توونه‌ چه‌مووشه‌ چه‌قۆکێشه‌ لاساره‌ هۆکێیه‌ شه‌ڕانییه‌که‌ی گه‌ڕه‌ک، یا کچه‌ باڵابه‌رزه‌ گه‌نمڕه‌نگه‌ خوێنگه‌رمه‌ چاوگه‌شه‌ قه‌لاشه‌ چاوباشقاڵه‌ گه‌رمۆڵه‌که‌ی کۆڵان بێت. مرۆڤ وه‌ک ده‌روێشێک له‌ شێخه‌که‌یدا یا موریدێک له‌ مورشیده‌که‌یدا یا عاشقێک له‌ خۆشه‌ویسته‌که‌یدا، هیچ جۆره‌ هه‌ڵه‌ و کێماسییه‌ک له‌و جۆره‌ که‌سانه‌دا، وه‌دی ناکات. دواتریش ناوی مه‌لا مسته‌فای بارزانی ده‌بیسترا و ئه‌ویش خۆشه‌ویست بوو. ناوی ئه‌و - له‌ لای گه‌وره‌ساڵان- هه‌ستی کوردبوون و باسی کوردایه‌تی لای خه‌ڵک ده‌بزواند. ئێمه‌ی منداڵ عه‌بدولکه‌ریم قاسممان خۆشتر ده‌ویست و باسی کورد و کوردایه‌تی بۆ ئێمه‌ گرنگ نه‌بوو. عه‌بدولکه‌ریم قاسم بۆ میلیۆنان زارۆک و گه‌وره‌ساڵانی عیراق، ڕێبه‌ر و خۆشه‌ویست و په‌رستراو و ئازا و ڕێبین و ڕزگارکار و فریشته‌ی خێر و خۆشی بوو. له‌ نێو زۆربه‌ی ماڵاندا و به‌ خواستی خۆیان، وێنه‌یه‌کی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، هه‌ڵواسرابوو. جاری وایش هه‌بوو، بێجگه‌ له‌ وێنه‌ی ئه‌و، وێنه‌ی خه‌ڵکی دیکه‌ش هه‌ڵده‌واسرا. وێنه‌ی عه‌بدوسسه‌لام عارف، مه‌هداوی، وه‌سفی تاهیر، ماجید موحه‌ممه‌د ئه‌مین، مه‌لا مسته‌فای بارزانی، شێخ مه‌حموود - له‌ ژوورێکی ماڵی خۆماندا، وێنه‌یه‌کی شێخ مه‌حموود هه‌ڵواسرابوو، که‌ له‌ پاڵ به‌رده‌قاره‌ماندا گیرابوو، پێمان ده‌گوت وێنه‌که‌ی شێخ مه‌حموودی مه‌لیک و له‌ دیوێکی دیکه‌ش، وێنه‌ و وه‌سیه‌تنامه‌کانی، چوار ئه‌فسه‌ره‌ شه‌هیده‌کان، عیززه‌ت و خۆشناو و خه‌یروڵڵا و قودسی، هه‌ڵواسرابوو - و زۆری دیکه‌ش.                                              
خۆپێشاندان بووبووه‌ به‌شێک له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی که‌لاری ئه‌و ده‌م. خه‌ڵکی گوند به‌ چه‌ندین سه‌دان، به‌ڵکه‌ به‌ هه‌زار و پتریش، له‌ به‌ر مزگه‌وته‌که‌دا کۆده‌بوونه‌وه‌ و پاشان ڕێپێوان ڕێکده‌خرا و ده‌ستی پێ ده‌کرد. ده‌بوو به‌ زۆربه‌ی کۆڵانه‌ گه‌وره‌کانی گونددا و به‌ تایبه‌ت به‌ به‌ر ماڵه‌ به‌گزاده‌کاندا بڕۆن. زۆرجاران ئه‌حمه‌دی فه‌تاح ڕۆسته‌م - خوای لێ خۆش بێت- پێشه‌نگ و پێشڕه‌وی ئه‌م ڕێپێوانانه‌ بوو. گه‌لێک جاریش شێخ عه‌تای تاڵه‌بانی، ئه‌و نۆره‌یه‌ی ده‌بینی. ئه‌وان پێش ده‌که‌وتن و خه‌ڵکه‌که‌ش به‌ دوویاندا ده‌ڕۆیشتن. ئێمه‌ی منداڵه‌ وردکه‌یش، ده‌که‌وتینه‌ شوێنی ئه‌و عه‌شاماته‌. له‌و ڕێپێوانانه‌دا، ده‌نگ به‌رز ده‌کرایه‌وه‌ و یه‌کێک ده‌یگوت و هه‌موو ئه‌وانی دی به‌ دوویدا ده‌یانگوته‌وه‌:                             
"ماکو زعم الا کریم(که‌س سه‌رۆک نییه‌ له‌ که‌ریم زیاتر)، باران باری ته‌ڕمی کرد، عه‌بدولکه‌ریم سه‌وره‌ی کرد، بژی گه‌ل ڕۆڵه‌ی گه‌ل عه‌بدولکه‌ریم قاسم، کورد و عه‌ره‌ب برایه‌ بۆ جه‌مهووری فیدایه‌، هه‌تا هه‌تا هه‌تایه‌  کورد و عه‌ره‌ب برایه،جبهة‌ جبهة‌ وطنیة لا اقطاع و لا رجعیة‌ (به‌ره‌ به‌ره‌ی نیشتمانی نه‌ ده‌ره‌به‌گ و نه‌ پاشڤه‌ڕو)، بڕووخێ ئیستیعمار، ماکو مؤامرة‌ تصیر الحبال موجودة‌ (هیچ پیلانێک ڕوونادات په‌ت هه‌یه‌)، هذا مصیر الخونة‌ الحبال موجودة (ئه‌مه‌ چاره‌نووسی خائینانه‌ په‌ت هه‌یه‌)، بڕووخێ ده‌ره‌به‌گ، کاکه‌ که‌ریم للامام دیموقراطیة و سلام (کاکه‌که‌ریم بۆ پێشه‌وه‌ دیموکراسی و ئاشتییه‌)، عیني کریم للامام دیمقراطیة‌ وسلام(چاوه‌که‌م که‌ریم بۆ پێشه‌وه‌ دیموکراسی و ئاشتییه‌)، کاکه‌که‌ریم بۆ پێشه‌وه‌ ڕیشه‌ی ئاغا بکێشه‌وه‌، کاکه‌که‌ریم بۆ پێشه‌وه‌ ڕێشه‌ی دوژمن بکێشه‌وه‌، کاکه‌که‌ریم بۆ پێشه‌وه‌ ڕێشه‌ی ده‌ره‌به‌گ بکێشه‌وه‌، عاش الزعیم عبدالکریم شعب العراق شعب عظیم(بژی سه‌رۆک عه‌بدولکه‌ریم گه‌لی عیراق گه‌لێکی مه‌زنه‌)، عاش زعیمي عبدالکریمي حزب الشیوعي بالحکم مطلب عظیمي(بژی سه‌رۆکم عه‌بدولکه‌ریمم حیزبی کۆمۆنیست بگاته‌ ده‌سه‌ڵات داخوازییه‌کی مه‌زنمه‌)، بڕووخێ که‌ر کوڕی که‌ر جه‌مال عه‌بدولناسر، عاش الشعب السوري عاش بقیادة‌ خالد بکداش فلیسقط جمال حشاش(بژی گه‌لی سووریا بژی به‌ سه‌رۆکایه‌تی خالید به‌گداش با بڕووخێ جه‌مال به‌نگیی)، هێزه‌که‌مان هێزی گه‌له‌ هێزی جووتیار و ڕه‌نجبه‌ره، سنمضي سنمضي الی ما نرید وطن حر وشعب سعید(هه‌ر ده‌ڕۆین هه‌ر ده‌ڕۆین تا ده‌گه‌ینه‌ مه‌به‌ست، نیشتمانێکی ئازاد و گه‌لێکی به‌ختیار)، بژی برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و ئاسووری و ئه‌رمه‌نی".                                                                                                
ئه‌م دوادروشمه‌م بۆ یه‌که‌م جار له‌ تاریق زه‌ینه‌ڵ "طارق زینل"ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی شێروانه‌(سه‌رقه‌ڵا) به‌رگوێ که‌وت، ئه‌ویش جارنا ڕێبه‌ریی وه‌ها خڕبوونه‌وه‌ و ڕێپێوان و خۆپێشاندانێکی ده‌کرد و قسه‌ی بۆ به‌شدارانی ده‌کرد.                                            

 ئه‌و دروشمانه‌، وه‌نه‌بێ جێگرتوو و سه‌قامگیر بن، له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا ئه‌وانیش، وه‌ک خه‌ڵکه‌که‌، گۆڕانیان به‌سه‌ردا ده‌هات. خالید به‌گداش، که‌ به‌ ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌ دانرابوو و بژیی بۆ ده‌کرا، دوای ماوه‌یه‌ک داوای ڕووخانی ده‌کرا و خه‌ڵک ده‌یانگوت: عاش الزعیم عاش عاش، فلیسقط خالد بکداش(بژی ڕێبه‌ر بژی بژی، با بڕووخێ خالید به‌گداش).                                                                                   
ئیدی به‌و جۆره‌ بژی و بڕووخێ به‌رده‌وام ده‌بوو. هه‌ندێ جار و له‌ هه‌ندێ شوێن دروشمه‌کان ده‌گۆڕان و شتی دیکه‌ ده‌گوتران. بۆ نموونه‌: له‌ سلێمانی و له‌ نێو منداڵاندا و به‌تایبه‌تیش کچان، له‌ کاتی خولانه‌وه‌ و خۆپێشانداندا، ده‌یانگوت:                            
"کۆتره‌ باریکه‌ی ده‌نووک عه‌باسی، ئه‌چی بۆ به‌غا زه‌عیم بناسی، ئه‌گه‌ر نازانی زه‌عیممان کێیه‌،عه‌بدولکه‌ریمه‌ و سێ نه‌جمه‌ی پێیه‌". جارجاریش شتی بێتام و له‌ ڕه‌وشت به‌ده‌ر ده‌گوترا، وه‌ک  : "نه‌ که‌ر ماوه‌ و نه‌ مایین ده‌ست که‌ینه‌ ئاغاژن گایین". له‌ یه‌کێک له‌و گوندانه‌ی گه‌رمیان ژنێکی سه‌ره‌، میمکه‌ خانمیان پێ ده‌گوت، پڕ به‌ده‌م هاواری ده‌کرد و ده‌یگوت: "بێره‌ ده‌شتۆ من عوزم کێر خرۆشۆف وه‌کوزم(وه‌ره‌ ده‌رێ من ئه‌ندامم کێری خرۆچچۆڤ به‌ کوزم)".                                                                                 
ماڵی به‌گزاده‌جافه‌کان ئه‌وده‌م له‌ که‌لار بوون. خه‌ڵک ئه‌وانیان به‌ ئیستیعمار و ده‌ره‌به‌گ و شاپه‌رست و نۆکه‌ری بیانی ده‌زانی. که‌ خۆپێشاندان ده‌گه‌یشته‌ به‌ر ماڵه‌کانی ئه‌وان، منداڵه‌ وردکه‌ ده‌ستیان به‌ به‌رده‌فڕکێ ده‌کرد و به‌ سه‌دان به‌رد به‌ ده‌رکه‌کانیاندا ده‌ماڵرا. گه‌وره‌کانیش ئه‌و کاره‌یان ده‌کرد. هه‌ر ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ردیان ده‌هاوێشت، چه‌ند مانگێک پێش ئه‌و کاته‌، هه‌لی ئه‌وه‌یان بۆ هه‌ڵنه‌ده‌که‌وت، له‌ دیوه‌خانی یه‌کێک له‌و به‌گزادانه‌دا، له‌ پایینی پایینه‌وه‌ دانیشن. زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم گشتی، به‌ شێوه‌یه‌ک گرێدراوی ئه‌و به‌گزادانه‌ بوون و زۆرجاران چاوه‌نۆڕی لالێکردنه‌وه‌ی ئه‌وان بوون. خه‌ڵک، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی، له‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانانه‌دا به‌شدار ده‌بوون، نه‌ک ته‌نێ به‌گزاده‌کان، به‌ڵکه‌ ده‌ستوپێوه‌ند و سه‌رکار و نوێنه‌ر و هه‌ڵسووڕێنه‌ر و پیاوانی نێزیکی ئه‌وانیشیان، به‌ ئیستیعمار و دژه‌شۆڕش ده‌زانی. هه‌ربۆیه‌ش جاروبار دروشمی دژ به‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌ش ده‌گوترایه‌وه‌. بۆ نموونه‌، چه‌ند که‌سێک هاواریان ده‌کرد و ده‌یانگوت: "چیتان ئه‌وێ ئه‌ی مناڵ؟"، منداڵ و گه‌وره‌ش له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌یانگوت: "عیدامی ساله‌ی چه‌تاڵ". ساله‌ی چه‌تاڵیی هه‌شبه‌سه‌ریش یه‌کێک بوو له‌و خه‌ڵکانه‌ی، که‌ جۆره‌ پێوه‌ندێکی به‌ به‌گزاده‌وه‌ هه‌بوو، ده‌نا چ تاوانێکی نه‌کردبوو. خۆپێشاندان وه‌ک مار، به‌ نێو کووچه‌ و کوڵاناندا ده‌کشا و ده‌پێچا، تا ده‌هاته‌وه‌ به‌ر مزگه‌وت. ئه‌وجا ئه‌حمه‌دی فه‌تاح ڕۆسته‌م یا شێخ عه‌تای تاڵه‌بانی یا که‌سێکی دیکه‌، ده‌چوونه‌ بانی مزگه‌وت و ده‌ستیان به‌ قسان ده‌کرد. باسی ڕۆژ، باسی شۆڕش، باسی شتگه‌لێک، که‌ دڵی خه‌ڵکه‌که‌ی فێنک ده‌کرده‌وه‌ و باسی به‌ڵێن و زۆر شتی دیکه‌ش ده‌کران. خه‌ڵکه‌که‌ به‌و قسانه‌ هێنده‌ی دی ده‌ورووژان و ده‌نگی بڕووخێ و بژییان، پتر تاوی ده‌سه‌ند و جۆش و هه‌رایان سه‌رله‌به‌ری ئاوایی ده‌هه‌ژاند. سروودی: عبدالکریم کل القلوب تهواك عبدالکریم رب العباد یرعاك(عه‌بدولکه‌ریم هه‌موو دڵان خۆشتیان ده‌وێ، عه‌بدولکه‌ریم خودای به‌ندان بتپارێزێ)، که‌ جێی: ملیکنا ملیکنا نفدیك بالارواح(پاشامان پاشامان قوربانت ده‌بین به‌ گیان)ی گرته‌وه‌ و سروودی: هه‌ربژی کورد و عه‌ره‌ب رمز النضال(هه‌ربژی کورد و عه‌ره‌ب نیشانه‌ی خه‌بات)، ختووکه‌ی هه‌ستی خه‌ڵکیان ده‌دا و هیوا و ئاواته‌کانی خه‌ڵکیان ده‌ڕازانده‌وه‌. خه‌ڵک چاوه‌نۆڕی زۆرتر و خۆشتر و باشتر بوون. ئێمه‌ی منداڵانی ئه‌و کاته‌، زۆرمان دڵ به‌و وێنه‌ و مه‌دالیا ئاسنانه‌ و بریق و باقی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خۆش بوو. زۆرجاران، که‌ باوکم له‌گه‌ڵ خۆێدا ده‌یبردم بۆ کفری، داوام ده‌کرد وێنه‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و کۆتری ئاشتیم بۆ بکڕێت. جاروبار له‌ که‌لاره‌وه‌ نامه‌ی منداڵانه‌م بۆ کاکه‌حه‌مه‌م (باوکم) ده‌نووسی و له‌ بنه‌وه‌ و پێش ئه‌وه‌ی ناوی خۆم بنووسم، به‌م ڕستانه‌ کۆتاییم به‌ نامه‌که‌ ده‌هێنا: بژی جه‌مهووری، بژی سه‌رۆکی تاقانه‌ عه‌بدولکه‌ریم قاسم و بژی حیزبی شیووعی عیراقی. له‌ مێشکه‌ بچکۆلانه‌کانی ئێمه‌مانانیشدا، ئه‌و دروشمانه‌ چه‌سپابوون و له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیاین و به‌و هیوا و ئاوات و خه‌ونانه‌وه‌ ده‌ماننۆڕییه‌ داهاتوو و پێمان وابوو، عیراق ده‌بێته‌ به‌هه‌شتێک و ئیدی مه‌ڕ و گورگ پێکڕا ئاو ده‌خۆنه‌وه‌ و ژیان له‌ به‌ختیاری و شادی زێتر هیچی دیکه‌ نابێت. سۆسیالیزمی خه‌ونی هه‌زارساڵه‌ی مرۆڤایه‌تی، دێته‌ دی و ئیدی مرۆڤ، برسی و بێکار نابن و له‌ سه‌ر چین و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و ئایین و بیروباوه‌ڕ و بۆچوون، ناچه‌وسێنرێنه‌وه‌. هه‌موو خه‌ڵک گه‌شبین بوون و دڵیان به‌ ڕووداوه‌کان خۆش بوو و وه‌ها ده‌یاننۆڕییه‌ ڕووداوه‌کان.                                                                 
ڕووخانی پاشایه‌تی به‌ پێوه‌ری ئه‌و ده‌مه‌، مایه‌ی دڵخۆشی پڕانیی خه‌ڵک بوو. ئازادیی بیروباوه‌ڕ، یه‌کسانی گشت نه‌ته‌وه‌کان، نه‌مانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و به‌شینه‌وه‌ی زه‌وی به‌ سه‌ر وه‌رزێراندا، ئازادیی ڕێکخراو و حیزب و سه‌ندیکا، نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی بیانی و کۆمپانییه‌نه‌وتییه‌کان، ڕزگاربوون له‌ په‌یمانی سه‌نتۆ و پێوه‌نداریه‌تیی ده‌وڵه‌تگه‌لی کۆڵۆنیالیست، ئازادی ژن و یه‌کسانییان له‌گه‌ڵ پیاودا، گه‌لێراندنی کار و خوێندن و له‌شساغی و....ئه‌مانه‌ و ده‌یان شتی دیکه‌، بابه‌تگه‌لێک بوون، که‌ ئاپۆره‌ی خه‌ڵک و مرۆڤی ئه‌و وڵاته‌(عیراق) به‌ گشت نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزا و توێژاڵ و چینه‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌، به‌ ته‌مایان بوون و چاوه‌نۆڕیان بوون و ده‌یانه‌ویست وه‌دی بێن و له‌گه‌ڵیاندا بژین. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌، وه‌ک خه‌ونێکی خۆش، موچوڕکه‌یه‌ک و چێژێکی که‌مخایه‌ن ڕه‌وینه‌وه‌ و ئێمه‌ی منداڵی ئه‌وده‌مه‌ و لاوان و گه‌وره‌ساڵانی دواتر و کۆمار و وڵات و خه‌ڵک و مرۆڤ و خۆزی و ئاواته‌کان، سه‌رله‌به‌ریان، خۆمان له‌ نێو دۆزه‌خێکدا بینییه‌وه‌، دۆزه‌خێکی گه‌وره‌، مه‌نجه‌نیقێک. کوشتن، بڕین، هه‌ڵواسین، گوریسله‌ملخستن و ڕاکێشان، بۆمبباران، چه‌ک، سه‌رباز، به‌رگریی گه‌لێر(المقاومة‌الشعبیة‌)، پۆلیس، پاسه‌وانی نه‌ته‌وه‌یی(الحرس القومي)، دز، ساخته‌چی، جاش - هه‌م ئاسایییه‌کانیان و هه‌م جاشه‌ خاوه‌ن ئایدیۆلۆژییه‌کان، که‌ ساڵانێکی دواتر په‌یدا بوون- به‌ هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه‌، ئه‌نفال، هه‌ڵاتن، مێگ، سۆخۆی، میراژ، سه‌دانی دیکه‌، که‌ ده‌شێ فه‌رهه‌نگانیان لێ ساز بکرێن. ئێمه‌ی منداڵی ئه‌و ده‌مه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا مه‌زن بووین. گۆڕانه‌کان به‌ره‌و خراپتر چوون و که‌سیش نه‌یده‌زانی ئه‌و باره‌ به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوا و به‌ چ ئه‌نجامێک ده‌گات. ڕێڕه‌وی گۆڕانه‌که‌ به‌و جۆره‌ی، که‌ ده‌بوو بڕوا نه‌ڕۆییشت. ده‌سپێکی هه‌ڵه‌کان، هه‌ر له‌ ڕۆژی 14ی ته‌ممووزی 1958 خۆیه‌وه‌ بوو. تۆوی به‌دبه‌ختی و ته‌واوی کاره‌ ناحه‌ز و ناپه‌سه‌نده‌کانی ساڵانی دواتر، هه‌ر له‌ چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی گۆڕانکارییه‌که‌ خۆیدا بوو. کوشتن و قه‌ڵاچۆکردنی ماڵباتی شا و به‌و شێوه‌ ناشیرین و دڕندانه‌ و نامرۆڤانه‌یه‌ی، که‌ کرا، بۆ خۆی، کارێکی دزێو بوو. په‌تخستنه‌ملی مرۆڤ و ڕاکێشانی له‌شی بێگیان، به‌ نێو جاده‌دا به‌ دوای ئۆتۆمبیله‌وه‌ و پاره‌پاره‌کردنی له‌ش و کرۆژتنی قامک و ده‌ستی بڕاو و هه‌ڵواسینی نیوه‌له‌شی مردوو به‌ دیواره‌وه‌ و هۆیهاگوتن و فیکاندن و شاییکردن و خۆبادان، له‌به‌رده‌م وه‌ها دیمه‌نێکدا، ده‌بێ له‌ هۆڤیه‌تی زێتر ناوی چی لێ بنرێت!. مه‌سه‌له‌که‌ش ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ قڕکردنی بنه‌ماڵه‌ی شادا ڕاوه‌ستابا، هه‌رنه‌یسه‌ خراپ نه‌بوو، به‌ڵام به‌ دادگادان و تیرباران و له‌ سێداره‌دانی پیاوانی سه‌رده‌می پاشایه‌تی، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا کاربه‌ده‌ست بوون - له‌ نێو ئه‌وانه‌دا پیاوی ئه‌وتۆیی تێدا بوو، که‌ لێزانی و زیره‌کی و دڵسۆزی و خزمه‌تگوزارییان به‌ خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌، تا ئێستاش وه‌ک نموونه‌ باس ده‌کرێن، نموونه‌ی ئه‌وانه‌ش سه‌عید قه‌ززازه‌-  ئه‌وانه‌ کاره‌که‌یان ناحه‌زتر و دزێوتر کرد. ئیدی به‌ درێژایی ساڵانێک، که‌ عیراق ناوی کۆماری لێ نرا و تا ئێستاش، ئه‌و جۆره‌ ڕه‌وتارانه‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌، له‌ بری ئازادی، خۆشه‌ویستی، هاریکاری، یه‌کسانی و یاسا، دیارده‌ی ڕاکێشان هاته‌ ئاراوه‌. گوریس و په‌ت، شوێنی گوڵه‌گه‌نم و کۆتری ئاشتییان گرته‌وه‌. له‌ 1958ه‌وه‌ تا ئه‌وڕۆ، ساڵانی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی عه‌بدولکه‌ریم قاسمی لێ ده‌رچێت، ئیدی له‌ 1963 و هاتنه‌ سه‌رکاری به‌عسه‌وه‌، زه‌بر و کوشتن و قه‌ڵاچۆ و وێرانکاری، له‌ کاری تاکه‌که‌سییه‌وه‌، بوو به‌ کارێکی ده‌وڵه‌تێنراو و شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی و قانوونی وه‌رگرتووه‌. ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بوو به‌هاترین سه‌رمایه‌ بێت(مرۆڤ)، بێبایه‌خترین شته‌ له‌و وڵاته‌دا. ئه‌و دیارده‌ دزێوانه‌ی، که‌ باسکران به‌ تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار و ساڵان، نه‌ک هه‌ر به‌ شێوه‌کانی خۆیان مانه‌وه‌، به‌ڵکه‌ یه‌ک حه‌مکه‌ به‌ده‌وکاریشیان تێدا کران. له‌ کوشتن و هه‌ڵواسین و ڕاکێشان و تیربارانی تاکه‌تاکه‌وه‌، کار گه‌یشته‌ کوشتن و هه‌ڵواسین و ڕاکێشان و تیربارانی سه‌دان هه‌زار. له‌ ئاگرتێبه‌ردانی یه‌ک ماڵ و سووتاندنی یه‌ک شت و ڕووخاندنی خانوویه‌که‌وه‌، کار گه‌یشته‌ گڕتێبه‌ردان و سووتاندن و ڕووخاندنی، سه‌دان شار و گه‌ڕه‌ک و هه‌زاران گوند و سه‌دان هه‌زار خانوو و وێرانکردنی یه‌ک وڵاتی ته‌واو و دزینی نیشتمانێک و برسیکردنی ده‌یان میلیۆن مرۆڤ. موزه‌ففه‌ر ئه‌لنه‌وواب (مظفرالنواب) گوته‌نی:"هیچ خاکێک شک نابه‌م، هێنده‌ی خاکی وڵاته‌که‌م، به‌ خوێن و خۆر ئاودرابێت". ئه‌وده‌مه‌ وه‌ک منداڵ، ئێمه‌ وه‌دووی لێشاوه‌که‌ که‌وتبووین و ئاوه‌زی شیکردنه‌وه‌ و وردکاریمان نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا، که‌ به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ ده‌نۆڕمه‌ ڕووداوه‌کان و ئه‌و وڵاته‌ که‌لاوه‌یه‌ی خۆمان و ڕووداوه‌کانی، به‌ باڵای وڵات و ڕووداوی له‌و جۆره‌ ده‌گرم، ده‌توانم بایی قایلکردنی ویژدانی خۆم، تیرێژ بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ و ڕوونتر بیانبینم. زۆر سه‌یره‌ گرتنی ڕادیۆی به‌غدا و کوشتنی بنه‌ماڵه‌ی شا، له‌ لایه‌ن چه‌ند سه‌رباز و ئه‌فسه‌رێکه‌وه‌، کۆتایی به‌ سه‌رده‌مێک و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌ک بهێنێت و ناوی شۆڕشی لێ بنرێت. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ 14ی ته‌ممووزی 1958دا له‌ عیراق ڕوویدا، ناکرێ له‌ کوودێتا زێتر، ناوێکی دیکه‌ی لێ بنرێت. گۆڕان له‌ شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌گه‌ر هاوڕێ نه‌بێت له‌گه‌ڵ گۆڕان له‌ واتا و چه‌مکه‌کاندا، ئه‌وا هیچ شتێک له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا ناگۆڕێت. ئامانجی شۆڕش ته‌نێ دامه‌زراندنی بینای سیاسی نییه‌، به‌ڵکه‌ بیناکردنه‌وه‌ی ته‌واوی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گرێته‌وه‌. مارکس ده‌ڵێ:"نه‌بوونی ڕه‌گیه‌تیی له‌ شۆڕشدا، که‌ بۆ خۆی له‌ کرۆکدا گۆڕینێکی ڕه‌گییه‌، ده‌بێته‌ هۆی تێکشکانی و له‌ دواییشدا ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی گشت گه‌نده‌ڵییه‌ کۆنه‌که‌". شۆڕش بزاڤێکی سه‌رله‌به‌ره‌ و سیاسه‌ت ته‌نێ لایه‌که‌ له‌ لا زۆره‌کانی. به‌ چ پێوه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ و زانست و تیۆرییه‌ک، ده‌کرێ شۆڕشی فرانسه‌ و شۆڕشی ئوکتۆبه‌ری ڕووسیا و سۆڤیێته‌کان و شۆڕشی ماوتسیتۆنگی چین و شۆڕشی ئه‌لجه‌زائیر و شۆڕشی کووبا و شۆڕشی 1979ی ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانه‌ی 14ی ته‌ممووزی 1958ی عیراقدا، پێکه‌ڵ بکرێن و به‌ باڵای یه‌کدی بگیرێن و ئه‌وه‌ی عیراقیش ناوی شۆڕشی لێ بنرێ؟ ئه‌و گۆڕانه‌ی عیراق پاش ڕوودانی، بۆ پڕانیی خه‌ڵک، مایه‌ی دڵخۆشی بوو، به‌ڵام ئایا پێش ڕوودانی چ وه‌رزێرێکی شاره‌زوور، چبایش، ده‌شتی قه‌راج یا توێریج(طویریج) به‌وه‌یان ده‌زانی؟ که‌نگێ خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌، له‌ زاخۆوه‌ تا به‌سره‌ و له‌ سلێمانییه‌وه‌ تا ڕوتبه‌ (الرطبة‌)، هه‌موو وێکڕا ڕاپه‌ڕیون و په‌لاماری داموده‌سگه‌ و کارگێڕی و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی سه‌رده‌می پاشایه‌تییان داوه‌ و تێکیان هاڕیوه‌؟ ده‌ی که‌ وا نه‌بێ، بۆ ده‌بێ ناوی شۆڕش به‌ هه‌ڵه‌ به‌کار ببرێت و کوودێتا بکرێت به‌ شۆڕش.                                                                                               
ئه‌دۆنیس ده‌ڵێ:"بڕوای مرۆڤ به‌وه‌ی، که‌ ته‌نێ خۆی خاوه‌نی ڕاستییه‌، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو داپڵۆسینێکه‌". زۆرجاران له‌ بری مرۆڤێک، بیروباوه‌ڕێک، پارتییه‌ک، کۆمه‌ڵه‌یه‌ک، ده‌سته‌ و تاقمێک، سا ئیدی سیاسی، فه‌لسه‌فه‌یی، ئایینی یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ بێت، ده‌بێته‌ به‌رسه‌رنج و خۆشه‌ویست و ڕێنوێن و ڕێبه‌ر و به‌رحه‌ز و مایه‌ی شانازی و په‌رستراو و هه‌موو باشی و جوانی و ڕاستی و ئازایی و زیره‌کی و زاناییه‌ک و ده‌یان چاکه‌ی دیکه‌ له‌ خۆدا کۆ ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌و نۆره‌یه‌ ده‌بینێت و ده‌بێته‌ ئایین و شاڕێگه‌ و مرۆڤ خۆ له‌ پێناویدا به‌ کوشت ده‌دات و خه‌ڵکیش ده‌کوژێ و گومانیشی له‌ ڕاستی خۆی و هه‌ڵه‌ی به‌رانبه‌ره‌که‌ی نییه‌. ئایین، نه‌ته‌وه‌، خێڵ و هۆز - به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و چواره‌م و وڵاته‌ دواکه‌وتووه‌کانی تر- و ڕه‌گه‌ز و حیزب، زۆرجاران مرۆڤ نابینا ده‌که‌ن و تووشی ده‌مارگیری و له‌خۆده‌رچوونی ده‌که‌ن و هیچ جیاوازییه‌کیش، له‌ نێوان ده‌مارگیریی بۆ ئایین و نه‌ته‌وه‌ و خێڵ و هۆز و ڕه‌گه‌ز و حیزبێک و ئایین و نه‌ته‌وه‌ و خێڵ و هۆز و ڕه‌گه‌ز و حیزبێکی دیکه‌دا نییه‌. ڕووداو و گۆڕانه‌کانی دوای 14ی ته‌ممووزی 1958یش، کارێکی وایان کرده‌ سه‌ر خه‌ڵکی عیراق، که‌ نه‌ک هه‌ر سه‌رده‌می پاشایه‌تی به‌ بۆگه‌ن نه‌زانن، به‌ڵکه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م نێزیکه‌ی چل ساڵه‌ی سه‌رده‌می کۆمارییه‌دا، به‌ دیموکراسی و خۆشگوزه‌رانی و ئاساییش و ئارامیی بزانن و گه‌لێکیش به‌خێر یادی بکه‌نه‌وه‌ و ناوی بهێنن. هه‌ر له‌ دوای 14ی ته‌ممووزه‌وه‌، ئیدی فه‌لسه‌فه‌ی زۆر و زه‌بر و کوشتن، بوو به‌ فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رده‌ست و زاڵ و باو. هه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ش بوو به‌ شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ و فه‌رهه‌نگ. ئه‌وده‌مه‌ ناوی نوێ و به‌زمی نوێ، هاتنه‌ ئاراوه‌. خه‌ڵک به‌شرانه‌وه‌ به‌ سه‌ر ده‌سته‌ و تاقم و کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و ئاسووری و ئه‌رمه‌نی و سابیئه‌(الصابئة‌، المندائیون) و حیزب و بۆرژوازی و ده‌ره‌به‌گ و ئیستیعمار و شیووعی و به‌رگری گه‌لێر(المقاومة‌الشعبیة‌) و پێشکه‌وتنخواز و کۆنه‌په‌رست و به‌عس و نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب و ناسری و پارتیی و نۆکه‌ر و سه‌د شتی دیکه‌دا. هه‌ر دروست ئه‌و به‌شرانه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌ له‌ دوای 14ی ته‌ممووزه‌وه‌، بوو به‌ بنه‌مای سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌ و فه‌رهه‌نگی داپڵۆسین. هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تیشدا، یا هه‌ر له‌ ده‌سپێکی دامه‌زراندنی عیراقه‌وه‌، وه‌ک ده‌وڵه‌تێک، شتێک به‌ ناوی گه‌لی عیراق، وه‌ک یه‌که‌یه‌کی یه‌کپارچه‌ و پته‌و‌ و یه‌کگرتوو، نه‌بووه‌ و هه‌میشه‌ لاوازییه‌ک له‌ پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی نێو عیراقدا، به‌ هۆی شێوه‌ی دابه‌شبوونی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، هه‌بووه‌، چونکه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌ست که‌مینه‌یه‌کی سوننه‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ بووه‌ و زۆرینه‌یه‌کی شیعه‌ی عه‌ره‌بیش هه‌میشه‌ چه‌وساوه‌ و زۆرلێکراو و کوژراو بوونه‌ و کورده‌که‌ش نۆره‌یه‌کی ئه‌وتۆ و له‌به‌رچاوی نه‌بووه‌، بۆیه‌ زۆرجاران هه‌ستی عیراقیبوون و خۆشیبینین له‌و عیراقییه‌تییه‌، تا ڕاده‌یه‌ک لای شیعه‌ و کورد لاواز بووه‌. له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا ته‌نانه‌ت که‌سێکی وه‌ک شه‌هید "فه‌هد"ی، دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئه‌و ڕێژیمه‌، مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، که‌ له‌ دادگه‌دا داکۆکی له‌ خۆی بکات و پارێزه‌ریشی هه‌بێت. به‌ڵام له‌ کۆماریدا له‌و جۆره‌ باسانه‌ هه‌رگیز نه‌بیستراوه‌.                                                                     
ئه‌گه‌ر شۆڕشی زانستیی گۆڕینی هه‌ڵکه‌وت(واقع) بێت، به‌ره‌و ئازادتر، تێرتر، پۆشته‌تر، له‌شساغتر، شادی، باشتر و خۆشتر، ئه‌وا له‌ سایه‌ی کۆماردا له‌ عیراق، ئه‌وانه‌ نه‌هاتنه‌ دی و خه‌ڵک تا ڕاده‌یه‌ک، مه‌گه‌ر له‌ خه‌ون و دووتوێی ڕووبه‌ری کتێباندا ئه‌وانه‌ ببینێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئازادانه‌(الضباط الاحرار)، که‌ له‌ دڵسۆزی و خۆشه‌ویستی خه‌ڵک و خاک و وڵاته‌وه‌، ئه‌و کوودێتایه‌یان ئه‌نجام دا، لێگه‌ڕابان و ئه‌و کاره‌یان نه‌کردایه‌، ئه‌وا ڕه‌وتی ئه‌و وڵاتی عیراقه‌ پاشایه‌تییه‌، زۆر به‌ ئاسایی ده‌ڕۆیشت و له‌ باری کشتوکاڵی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و له‌شساغی و هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌وه‌، گه‌شه‌ی ده‌کرد و پێشده‌که‌وت. ئه‌گه‌ر دیموکراسی ڕۆژاوایی، که‌ له‌ هه‌ڵبژاردن و ململانێی پارتایه‌تی و سیاسیدا خۆ ده‌نوێنێت، مه‌به‌ست بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، ئه‌وا له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا هه‌ڵبژاردن هه‌بوو و په‌رله‌مانیش هه‌بوو و له‌ هه‌ندێ کات و قۆناغیشدا پارتییه‌ سیاسییه‌کان، بێجگه‌ له‌ پارتیی کۆمۆنیست و پارتیی دیموکراتی کوردستان، به‌ ئاشکرا کاریان ده‌کرد و به‌شداریی هه‌ڵبژاردنیشیان ده‌کرد. هه‌ر له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌ له‌ ساڵی 1921دا، تا ساڵانی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، حوکوومه‌ته‌کانی ئه‌و ده‌مانه‌ی عیراق، زۆر به‌ توندی، دژی بۆچوون و بیروباوه‌ڕی جیاوازی خه‌ڵک نه‌بوون و ڕێگه‌یان له‌ ڕاده‌ربڕین نه‌گرتبوو، به‌ڵکه‌ تا ڕاده‌یه‌کیش جۆره‌ ئازادییه‌ک، به‌ هه‌ڵگرتن و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕا و بۆچوونی نوێ، له‌ بواری سیاسه‌ت، کۆمه‌ڵناسی، ئه‌ده‌ب، فه‌لسه‌فه‌ و هونه‌ردا درابوو و ئه‌و ئازادییه‌ش بووبووه‌ هۆی په‌یدابوون و دامه‌زراندنی خوێندنگه‌ و یانه‌ و ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یی و کۆمۆنیستی و ئایینی و هی دیکه‌ش. له‌ ساڵی 1938دا به‌ گوێره‌ی قانوونێک، که‌ ئه‌و کاته‌ دانرا، ئه‌و که‌سه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی بڵاو کردبایه‌وه‌، یا هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی کۆمۆنیستی و ئه‌نارکیستی و به‌ره‌ڵڵایی بووایه‌، تووشی حه‌وت ساڵان، زیاتر نه‌، زیندان ده‌بوو، یا ده‌بوو پاره‌یه‌ک بدا، یا هه‌ردووکیان(زیندان و پاره‌). به‌و قانوونه‌ ئیدی ڕێگه‌ له‌ به‌ئاشکراباسکردنی کۆمۆنیزم گیرا. ساڵانی 1946-1954، ڕێگه‌ی کارکردنی ئاشکرای پێنج پارتیی سیاسیی، له‌ لایه‌ن ڕێژیمی پاشایه‌تییه‌وه‌ درابوو. پارتییه‌کان ئه‌مانه‌ بوون: پارتیی نیشتمانیی دیموکراتی(الحزب الوطني الدیمقراطي)، پارتیی سه‌ربه‌خۆیی(حزب الاستقلال)، پارتیی گه‌ل(حزب الشعب)، پارتیی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی(حزب الاتحاد الوطني)، پارتیی ئازادان(حزب الاحرار). پارتیی ئازادان(حزب الاحرار)ی لێ ده‌رچێت، هه‌ر چوار پارتییه‌که‌ی دی، هه‌مووده‌م نوێنه‌ری ئۆپۆزیسیۆن بوون و تا ڕاده‌یه‌کیش بیروڕای خه‌ڵکه‌ مارکسی و چه‌پ و سۆسیالیست و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان ده‌رده‌بڕی و به‌ شه‌رمیشه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تییان ده‌کردن. پاشتریش چوار پارتیی دیکه‌ش ڕێگه‌ی کارکردنیان پێ درا، که‌ ئه‌مانه‌ بوون: پارتیی بیراز(حزب الاصلاح)، پارتیی یه‌کیه‌تیی ده‌ستووری(حزب الاتحاد الدستوري)، پارتیی به‌ره‌ی گه‌لێری یه‌کگرتوو(حزب الجبهة‌ الشعبیة المتحدة)، پارتیی ئوممه‌ی سۆسیالیستی(حزب الامة الاشتراکي). له‌ ساڵی 1954دا، کارکردنی ئاشکرای پارتییه‌ سیاسییه‌کان قه‌ده‌غه‌ کرا و ئیدی قۆناغێکی نوێی کارکردن ده‌ستی پێ کرد، ئه‌ویش قۆناغی کارکردنی نهێنی بوو. هه‌رچی ئه‌م ڕێژیمه‌ به‌ ناو کۆمارییانانه‌یه‌، که‌ له‌ 14ی ته‌ممووزی 1958 به‌ دواوه‌ ده‌سه‌ڵاتدارن له‌ عیراقدا، له‌ بری هه‌ڵبژاردن و چه‌سپاندنی دیموکراسییه‌ک، که‌ خۆیان شه‌و و ڕۆژ باسیان لێوه‌ کردووه‌ و ده‌که‌ن، فشه‌ و درۆی شاخدار و تارمایی مه‌رگ و ژار و فیشه‌ک و ئاگریان، هه‌مووده‌م کردووه‌ته‌ خه‌ڵاتی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌. ئه‌و عیراقه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی پڕ له‌ نه‌وت و خێر و به‌ پیت و به‌ره‌که‌ته‌، ئه‌گه‌ر نه‌کرابا به‌ کۆماری، هه‌رگیز حاڵ و بار و گوزه‌رانی، له‌ نزمترین ڕێکار و خراپترین شێوه‌دا، له‌ ئێستاکه‌ی مه‌غریب، ئوردون، کووه‌یت، میرنشینه‌یه‌کگرتووه‌کانی عه‌ره‌ب، قه‌ته‌ر یا عومان، خراپتر نه‌ده‌بوو و بێگومان سه‌دان جار باشتریش ده‌بوو. هه‌رگیز وه‌ک ئێستاکه‌، خه‌ڵک برسی نه‌ده‌بوو و خه‌ڵک له‌ مه‌رگ نه‌ده‌ترسا و ئه‌و میلیۆنه‌ خه‌ڵکانه‌ش له‌ جه‌نگی عیراق و کورد، عیراق و ئێران، عیراق و هه‌موو ڕۆژاوا، به‌عس و کورد، به‌عس و کۆمۆنیست، به‌عس و هه‌موو عیراق، کۆمۆنیست و پارتیی، کورد و کورد، عه‌ره‌ب و عه‌ره‌ب، کورد و تورکمان، ئه‌نفال، کیمیاییباراندا نه‌ده‌کوژران، کۆچپێکردنی زۆره‌ملێ و هه‌ڵاتن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، میلیۆنانی ڕاو نه‌ده‌نا. نه‌ برسییه‌تی و نه‌ گرانی و نه‌ وێرانکاری و خراپه‌کاریش به‌م جۆره‌ی ئێستا ده‌بوو.                         

هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌ی دیکه‌، که‌ له‌ به‌رپرسیاریه‌تی ڕووداوه‌کاندا، نۆره‌یه‌کی خویا و به‌رچاوی هه‌بوو، شێوه‌ی په‌روه‌رده‌کردنی خه‌ڵک بوو، له‌ لایه‌ن حیزبی کۆمۆنیستی عیراقه‌وه‌. زۆرجاران خه‌ڵکیان چه‌واشه‌ ده‌کرد و ناڕاست تێیانده‌گه‌یاندن، بۆ نموونه‌ له‌ وڵاتێکی دواکه‌وتووی ڕۆژهه‌ڵاتیی، وه‌ک کوردستان و عیراقدا، کابرایه‌کی تا چه‌ند ساڵ له‌وه‌وبه‌ر مه‌لا، که‌ له‌ گونداندا وه‌عزی بۆ خه‌ڵک ده‌دا، له‌ پڕ که‌وتبووه‌ پرۆپاگه‌نده‌، دژی ئایین و ئیسلام و خوا و قورئان و نوێژ و....له‌ بری ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رمایه‌داری و زێده‌بایی، ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ی، که‌ پێوه‌ندیان به‌ ئایینه‌وه‌ هه‌بوو، لێی بووبوون به‌ کێشه‌ و گرێکوێره‌.‌ شێوه‌ی خه‌باته‌ کۆمۆنیستییه‌که‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌که‌، له‌ لایه‌ن ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیسته‌وه‌، تا ڕاده‌یه‌ک ڕه‌نگێکی فه‌لسه‌فه‌یی و زانستی و ئایدیۆلۆژی پێ درابوو، نه‌ک سیاسی، کۆمه‌لایه‌تی و ئابووری، که‌ به‌ لای زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ ڕوون و ئاشکرا بوو و هاسانتر لێی ده‌گه‌یشتن. ئه‌و شێوازه‌ کارکردنه‌ش، بووبووه‌ هۆی دروستبوونی وێنه‌یه‌کی ناحه‌زی کۆمۆنیزم، وه‌ک دژه‌ ئایین، دژه‌ نه‌ته‌وه‌ و دژه‌ نه‌ریت، له‌ مێشکی خه‌ڵکانێکی زۆردا، که‌ پاشان به‌ زیانی پارتیی کۆمۆنیستی عیراق گه‌ڕایه‌وه‌. که‌سانێکی دیکه‌ی ئه‌و حیزبه‌ باسی ئه‌وه‌یان بۆ وه‌رزێران ده‌کرد، که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا، ناباته‌ ساڵێک، ئیدی هه‌ر وه‌رزێرێکی عیراقی، ده‌بێته‌ خودانی تراکتۆر و که‌مباین و خانووی چاک و کێڵگه‌ی خۆی و ئیدی پێویست ناکات وه‌رزێر چاوه‌نۆڕی خوا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بارانی بۆ ببارێنێت، چونکه‌ خوا هه‌ر نییه‌ و پاشان به‌ مه‌کینه‌ و ته‌کنیکی نوێ باران ده‌بارێنرێت و وشکه‌ساڵیی نامێنێت. بێجگه‌ له‌وه‌ش کارتێکی سووریان دابووه‌ وه‌رزێران، ئه‌ویش به‌ پاره‌ و بۆ خڕکردنه‌وه‌ی پیتاک، له‌ وه‌رزێرانیش وابوو، که‌ ئه‌وی ئه‌و کارته‌ی هه‌بێت، ئیدی خێر و به‌ره‌که‌تی به‌ سه‌ردا ده‌بارێت و هه‌موو جۆره‌ شتێکی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت و ئه‌ویشی نه‌یبێت، له‌ هه‌موو خێرێک بێبه‌ش ده‌کرێت. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش کاری ناڕه‌وای به‌رگریی گه‌لێر(المقاومة‌الشعبیة‌) و پۆلیس و سه‌رباز و ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ر به‌ میری ئه‌وده‌مه‌، که‌ پارتیی کۆمۆنیستیش، نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاویان تێدا هه‌بوو. بێگومان ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌ باسیان ده‌کرد، ته‌نێ خه‌یاڵ بوو. خه‌ڵک حه‌زیان ده‌کرد خێر و به‌ره‌که‌تیان به‌ سه‌ردا بڕژێت، زه‌وی و زار و کێڵگه‌ی خۆیان هه‌بێت و پێویستیان به‌ باران نه‌بێت بۆ کاروباری کشتوکاڵ و هه‌موو که‌س خاوه‌نی هه‌موو شتێک بێت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ وا زوو و به‌ بێ هیچ بناخه‌ و بنچینه‌ و خۆئاماده‌کردنێک نه‌ده‌هاتنه‌ دی.                                             
به‌شێکی سه‌ره‌کی به‌رپرسیاریه‌تی و تاوانی ئه‌و بار و ڕه‌وش و شێوه‌ی کارکردنه‌، ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی کارگێڕان و هه‌ڵسووڕێنه‌ران و خه‌ڵکانی ناشۆڕشگێڕ و لاده‌ر و چه‌وتڕه‌و و ڕاستڕه‌وی نێو ئه‌و حیزبه‌، حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، ده‌نا خۆ ئه‌ندامانی خواره‌وه‌‌ی ئه‌و حیزبه‌، هه‌موو خه‌ڵکه‌ ڕه‌ش و ڕووت و چه‌وساوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌ بوون و نموونه‌ی مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ساده‌ و له‌خۆبوردوو و دڵسۆز بوون. ئه‌و کارگێڕه‌ چه‌وتڕه‌و و ناشۆڕشگێڕانه‌ی نێو ئه‌و حیزبه‌، وه‌ک هه‌موو کارگێڕانی حیزبێکی دیکه‌، له‌ سه‌ر ئه‌و پرۆپاگه‌نده‌ و کلاوبازی و که‌ڵه‌کانه‌ ده‌ژیان. سافیلکه‌یی خه‌ڵکیان به‌کار ده‌هێنا و بۆ هه‌ل ده‌گه‌ڕان و بۆ خۆیان چاک ده‌ژیان و خه‌ڵکیش هیچیان چنگ نه‌ده‌که‌وت. بۆ تێگه‌یشتن له‌ ڕه‌وتار و شێوه‌ی کارکردنی پارتیی کۆمۆنیستی عیراق و هه‌ڵوێستی ئه‌وان به‌رانبه‌ر ڕێژیمی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، پێویسته‌ مرۆڤ پاشخانێکی سیاسه‌تی ئه‌و پارتییه‌ له‌به‌رچاو بگرێت. هه‌ر له‌ دوای کۆنگره‌ی بیسته‌می پارتیی کۆمۆنیستی سۆڤیێت له‌ ساڵی 1956دا و زاڵبوونی چه‌مکه‌کانی پێکه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داریدا و ڕێگه‌ی ناسه‌رمایه‌داری و دیموکراتیی شۆڕشگێڕ و ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌، به‌ سه‌ر سیاسه‌تی پارتیی کۆمۆنیستی سۆڤیێتدا، ئیدی سیاسه‌تی پارتییه‌ کۆمۆنیسته‌کانی دیکه‌ی جیهانیش، ئه‌و بریسک و ڕۆشنایی و شۆڕشگێڕییه‌ی جارانیان نه‌ما و ورده‌ورده‌ ده‌سیسان. کۆمۆنیزمی سۆڤیێتی، به‌ردئاسا وشکهه‌ڵات و شێوه‌یه‌کی بیرۆکراتانه‌ و ڕه‌سمی و ناشۆڕشگێڕانه‌ و دووڕووانه‌ و ترسنۆکانه‌ی وه‌رگرت و لادان له‌ مارکسایه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ و کۆمۆنیزمی وه‌رچه‌رخێندراو و به‌ره‌واژه‌ و چه‌وتڕه‌وێتی، بوو به‌ ڕێپێشانده‌ر و شاڕێگه‌ی زۆرینه‌ی بزاڤ و پارتییه‌ کۆمۆنیسته‌کانی جیهان. پارتیی کۆمۆنیستی عیراقیش له‌و بار و ڕه‌وشه‌ به‌ دوور نه‌بوو و هه‌مان نه‌خۆشی تووشی ئه‌ویش بوو. له‌ نێو پارتیی کۆمۆنیستی عیراقیشدا، ململانێیه‌کی ئایدیۆلۆژی توند هه‌بوو و ئه‌و پارتییه‌، تا ڕاده‌یه‌ک دوو باڵی سه‌ره‌کی یا ڕاستتر دوو هێڵی سه‌ره‌کی تێدا وه‌دی ده‌کران. هێڵێکی شۆڕشگێڕ به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی شه‌هیدان "سه‌ڵام عادیل" و "جه‌مال حه‌یده‌ری" و هێڵێکی ناشۆڕشگێڕ و ڕاستڕه‌و و چه‌وتڕه‌و و کۆمۆنیستی به‌ره‌واژه‌ و ژه‌نگگرتوو به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی "زه‌کی خه‌یری"، "عامیر عه‌بدوڵڵا"، "به‌هائه‌ددین نووری"، "موحه‌ممه‌د حوسه‌ین ئه‌بولعیس" و "هادی هاشم". ڕێبه‌رانی باڵی ڕاستڕه‌و و چه‌وتڕه‌و و ناشۆڕشگێڕ، به‌ موو له‌ هێڵه‌که‌ی سۆڤیێت، دوور نه‌ده‌که‌وتنه‌وه‌ و پارتییه‌که‌یان، وه‌ک هه‌موو ئه‌و پارتییه‌ کۆمۆنیستانه‌ی سه‌ر به‌ سۆڤیێت، به‌ پاشکۆیه‌کی ته‌واوی سۆڤیێت ده‌زانی و به‌ فه‌رمانی ئه‌وان هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کرد. ئه‌و باڵه‌ له‌ باره‌ی ڕێژیمی نوێی عیراق و عه‌بدولکه‌ریم قاسمه‌وه‌، هه‌مان بیر و بۆچوونی سۆڤیێتیان هه‌بوو، له‌ بری ئه‌وه‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم به‌ بۆرژوازییه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ر دانێن، ئه‌ویان به‌ دیموکراتێکی شۆڕشگێڕ داده‌نا و پێیان وابوو، که‌ قاسم تا سه‌ر له‌گه‌ڵ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمدایه‌. له‌ هه‌مان کاتدا که‌ قاسم نوێنه‌رایه‌تی هێڵی نیشتمانپه‌روه‌رێتی و نانه‌ته‌وه‌یی ده‌کرد، هێڵێکی دیکه‌ش له‌ ئارادا هه‌بوو، که‌ له‌ عه‌بدوسسه‌لام عارف و به‌عسییه‌کان پێکهاتبوو و نوێنه‌رایه‌تیی ڕه‌گه‌زپه‌رستی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و دژایه‌تی هه‌موو پێشکه‌وتنخوازییه‌کیان ده‌کرد. ئه‌م دوو هێڵه‌ له‌ ململانێیه‌کی به‌رده‌وامدا بوون. تا پاشتر هێڵی دووه‌م قاسمیان بۆڕ دا و به‌ سه‌ریدا سه‌رکه‌وتن.                                                                      
پارتیی کۆمۆنیستی عیراق، که‌ له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا، گه‌وره‌ترین و شۆڕشگێڕترین هێزی سیاسی عیراق بوو، له‌ سه‌رده‌می قاسمیشدا، وه‌ک مه‌زنترین هێزی سیاسی ده‌رکه‌وت، که‌ توانیبووی زۆرترین خه‌ڵکی وڵات له‌ ده‌وری خۆ کۆکاته‌وه‌. بێگومان له‌و ململانێیه‌ی نێوان قاسم و عارف- به‌عسدا، پارتیی کۆمۆنیست وه‌ک هه‌ڵبژاردنێکی ڕاست، هه‌ر ده‌بوو پشتگری له‌ قاسم بکات. به‌ڵام ئه‌و پشتگرییه‌ی قاسم، نه‌ده‌بوو به‌ شێوه‌یه‌کی وا بێت، که‌ ئیدی قاسم به‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی چه‌وساوه‌کانی گه‌ل و شۆڕشگێڕ و چی و چی بدرێته‌ قه‌ڵه‌م و چاوپۆشی له‌ هه‌موو هه‌ڵه‌کانی بکرێت و بۆی بپۆشرێت و جێگۆڕکێی چینایه‌تی پێ بکرێت و بخرێته‌ خانه‌یه‌کی دیکه‌وه‌، که‌ خانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی نه‌بوو. عه‌بدولکه‌ریم قاسم وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی، که‌ لێیه‌وه‌ نێزیکبوون و ناسیویانه‌ ده‌ڵێن، له‌ ڕووی که‌سایه‌تییه‌وه‌ سه‌رباری نیشتمانپه‌روه‌ری و دڵسۆزیی بۆ خه‌ڵک و خاک، پیاوێکی ده‌ستپاک، نانه‌ته‌وه‌یی، دوژمنی سه‌رسه‌ختی بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی، هه‌ژاردۆست بوو، به‌ڵام وه‌ک سیاسه‌تکارێک له‌ ده‌ڕۆستی فرتوفێڵی سیاسه‌ت نه‌ده‌هات و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر حولحولی(ڕاڕا، بگۆڕ، دوودڵ)بوو و خۆشباوه‌ڕ بوو و قسه‌ی خه‌ڵک و ده‌وروبه‌ر زوو کاری تێ ده‌کرد و ده‌یگۆڕی و به‌ قووڵی نه‌یده‌ڕوانییه‌ کێشه‌ و ڕووداوه‌کان و دۆست و دوژمنی خۆی به‌ باشی له‌یه‌ک جودا نه‌ده‌کردنه‌وه‌. به‌ڵگه‌یه‌کی هه‌ژاردۆستی قاسم و خزمه‌تی زۆری به‌ هه‌ژاران، دروستکردنی باژێڕ یا شارۆچکه‌ی ئه‌سسه‌وره‌(الثورة‌)ی به‌غدایه‌. ئه‌و شارۆچکه‌یه‌، که‌ کۆنتر چوادر(چادره‌کان، خێوه‌ته‌کان)ی پێ ده‌گوترا - چونکه‌ خه‌ڵکه‌که‌ی که‌ هه‌ژارترین و چه‌وساوه‌ترین مرۆڤ بوون و له‌ نێو چادردا ده‌ژیان- قاسم بۆی کردن به‌ خانوو و هه‌موو جۆره‌ پێویستییه‌کی ژیانیی بۆ ساز کردن. ئه‌وانه‌ش که‌ تا دواساته‌که‌نی ژیانی قاسم له‌گه‌ڵیدا بوون و به‌ وه‌فا بوون بۆی و پیاوه‌تی ئه‌و ڕێبه‌ره‌یان له‌ به‌رچاو بوو، هه‌ژارانی چوادر و لاوانی کوردانی فه‌یلی - که‌ له‌ بابششێخ"باب الشیخ" و عه‌گدلئه‌کراد "عگد الا‘کراد" و شه‌قامی کیفاح "شارع الکفاح"دا قاره‌مانانه‌ ڕووبه‌ڕووی پیاوکوژان و کوودێتاچییانی به‌عس بوونه‌وه‌- و لاوانی شۆڕشگێڕی نێو پارتیی کۆمۆنیست بوون. ئه‌و قاره‌مانانه‌ نموونه‌ی توێژ و خه‌ڵکه‌ دڵسۆز و شۆڕشگێڕ و ڕاستگۆ و خاوێنه‌که‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌ بوون، که‌ داکۆکی و پارێزگارییان له‌ به‌ها و نرخ و ئه‌ندێشه‌ و خه‌ون و ئازادی مرۆڤه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ و داد و یه‌کسانی ده‌کرد و ده‌یانه‌ویست ڕێ له‌ شه‌وه‌ و عفریت و  خوێنڕێژ و جه‌للاده‌کانی به‌عس بگرن، به‌ڵام مخابن، ئه‌وان(به‌عسییه‌کان) وه‌ک ئافات و په‌تا و ده‌رد و هه‌موو شتێکی دزێو و ناحه‌ز، وڵاتیان گرت و پیسی و قڕێژی و گه‌نده‌ڵی و وێرانکاری و ڕووباری خوێنیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنا.                                                                            
به‌ گۆڕینی ڕێژیمی پاشایه‌تی بۆ کۆماریی، بیرۆکراتی و کاغه‌زبازی و سستی و خاووخلیچکی کارڕایی و ئه‌نجامدانی کار له‌ کارگێڕییه‌کانی ده‌وڵه‌تدا نه‌گۆڕا و کارا و خێراتر نه‌بوو، به‌ڵکه‌ گه‌نده‌ڵی و ناکارایی و سستی زیادی کرد و تا ده‌هات خراپتر ده‌بوو. له‌ که‌لار پیاوێکی پیری پشتکووڕی ته‌نیا و هه‌ژار و په‌ککه‌وته‌ هه‌بوو به‌ ناوی "ڕه‌حیمی تازه‌ئه‌وڕه‌حمان". مام ڕه‌حیم به‌ هه‌ر جۆرێک بێت، خۆی گه‌یانده‌ به‌غدا و چووه‌ کن عه‌بدولکه‌ریم قاسم، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌ک، مووچه‌یه‌ک، شتێکی له‌و بابه‌ته‌ی بۆ ببڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وه‌ک مرۆڤێک ژیان بباته‌ سه‌ر. عه‌بدولکه‌ریم قاسمیش، مووچه‌یه‌کی مانگانه‌ی بۆ بڕیار ده‌دات و ئیدی مام ڕه‌حیمیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵی خۆی له‌ که‌لار. بۆ بڕینه‌وه‌ی ئه‌و مووچه‌یه‌، ده‌بوو له‌ عه‌بدولکه‌ریم قاسمه‌وه‌، فه‌رمان به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ بدرێت و له‌وێشه‌وه‌ به‌ ئوستاندار(پارێزگار، متصرف)ی که‌رکووک فه‌رمان بدرێت و له‌وێشه‌وه‌ به‌ قایمقامییه‌(قائمقامیة‌)تی کفری فه‌رمان بدرێت و له‌وێشه‌وه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌رییه‌تی ناحیه‌(مدیریة‌ ناحیة‌) ی شێروانه‌(سه‌رقه‌ڵا) فه‌رمان بدرێت و له‌وێشه‌وه‌ به‌ کوێخا(مختار)ی که‌لار فه‌رمان بدرێت و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌ویشه‌وه‌ مام ڕه‌حیم ئاگادار بکرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بچێ له‌ سه‌رقه‌ڵا مووچه‌که‌ی وه‌رگرێت. به‌ڵام ئه‌و مووچه‌یه‌ی - که‌ نازانم له‌ ئه‌سڵدا چه‌ند بوو و عه‌بدولکه‌ریم قاسم چه‌ندی بڕیار دابوو- که‌ ده‌گه‌یشته‌ مام ڕه‌حیم، ته‌نێ یه‌ک ڕوبعه‌دینار(دووسه‌دوپه‌نجا فلس)بوو. بێگومان بۆ پاره‌که‌ ده‌بووه‌ یه‌ک ڕوبعه‌دینار، ئه‌وه‌ چ تاوانێکی قاسمی تێدا نه‌بوو، به‌ڵکه‌ بۆگه‌نیی کارگێڕی و ده‌سگا ده‌وڵه‌تییه‌که‌، کاره‌که‌ی وا لێ ده‌کرد. مام ڕه‌حیم ئه‌و قسه‌یه‌ی له‌ کاتێکدا  بۆ باوکم ده‌گێڕایه‌وه‌، که‌ باوکم میلی ڕادیۆ پایه‌که‌ی به‌ سه‌ر وێستگه‌کاندا ده‌سووڕاند و به‌ دوای هه‌واڵێک یا شتێکی له‌و جۆره‌دا ده‌گه‌ڕا و گوێیشی بۆ مام ڕه‌حیم ڕاگرتبوو، مام ڕه‌حیمیش خۆش خۆش به‌ باوکمی ده‌گوت:"شێخ محه‌مه‌د قورعانی پێ بخوێنه، قورعان‌". مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو ڕادیۆکه‌ بخاته‌ سه‌ر وێستگه‌یه‌ک، که‌ قورئان بخوێنێ.                                                                                      
که‌ ڕێژیمی پاشایه‌تی ڕووخێنرابوو - که‌ ئه‌وه‌ بۆ خۆی هه‌ڵه‌یه‌ک بوو و ڕوویدا بوو- ڕێژیمێکی نیشتمانپه‌روه‌ر هاتبووه‌ سه‌ر کار، دروست له‌و کاته‌ و له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، ده‌بوو پارتیی کۆمۆنیستی عیراق، ئه‌و هه‌له‌ بقۆزێته‌وه‌ و بۆ ڕێگه‌گرتن، له‌ دوژمنانی ڕێژیمی نوێ و مسۆگه‌رکردنی فراژووتنی گۆڕانکارییه‌کانی ڕێژیمی نوێ، به‌ره‌و ڕزگاریی نیشتمانی و دیموکراسی و له‌ دواییشدا سۆسیالیزم، مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست، وه‌ک بیر و بۆچوون، له‌ نێو که‌سانێکدا له‌ پارتیی کۆمۆنیستی عیراقدا هه‌بوو، به‌ڵام مه‌سه‌له‌یه‌ک نه‌بوو، که‌ زه‌مینه‌ی بۆ خۆش کرابێت و هه‌وڵێکی جیددی بۆ درابێت، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ واقیع. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ نێو خه‌ڵک و له‌ شه‌قامدا، باسی لێکرابوو پێش ئه‌وه‌ی له‌ کۆبوونه‌کانی کۆمیته‌ی نێوه‌ندیی ئه‌و پارتییه‌دا باسی لێوه‌ بکرێت، واته‌ ویست و خواستێکی به‌هێز و به‌ ته‌وژمی گه‌لێر هه‌بوو بۆ کار و ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست. به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی زه‌مینه‌ی پته‌و و به‌هێزیی باڵ و هێڵی ڕاستڕه‌و و چه‌وتڕه‌وی نێو پارتیی کۆمۆنیست، که‌ پاشکۆی سیاسه‌تی سۆڤیێتی بوو، ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام نه‌درا و مه‌سه‌له‌که‌ له‌بار برا. هه‌ر ئه‌و له‌باربردنه‌ش، بوو به‌ هۆی زاڵبوون و سه‌رکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ ئیمپریالیزمی جیهانی له‌ عیراقدا. پاش کوودێتای به‌عسی 1963، شه‌هید سه‌لام عادیل ده‌گیرێ و پێش له‌توپه‌تکردن و کوشتنی ده‌ڵێ که‌، کوودێتای ڕاسته‌قینه‌ له‌ 1963دا ڕووینه‌داوه‌، به‌ڵکه‌ له‌ ساڵی 1959دا ڕوویداوه‌ و عه‌بدولکه‌ریم قاسم و بۆرژوازییه‌تی عیراق پاڵه‌وانانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و کوودێتایه‌ن. ئه‌گه‌ر پارتیی کۆمۆنیست ده‌سه‌ڵاتی گرتبایه‌ته‌ ده‌ست - هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ ده‌ست هه‌ر که‌سێکه‌وه‌ بێت- ئه‌وا عیراق ده‌بووه‌ وڵاتێکی سۆسیالیست و ڕه‌وش و باری عیراق له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌، له‌ بوڵگاریا و چیکۆسلۆڤاکیا و یۆگوسلاڤیا و ئه‌وانه‌ باشتر ده‌بوو و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی و میللیش هه‌رگیز به‌و جۆره‌ زه‌ق و گرژ و ده‌مارگیرانه‌ نه‌ده‌بوو، وه‌ک که‌ دواتر وای لێ هات. ئه‌و دیتنه‌ی که‌ هێڵه‌ ناشۆڕشگێڕه‌که‌ی نێو پارتیی کۆمۆنیست، له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی قاسم و نائاماده‌ییان بۆ ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست هه‌یانبوو، له‌ سه‌رده‌می عارفی یه‌که‌میشدا، که‌ دوای ڕووخانی به‌عس له‌ 1963دا ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، ئه‌و تێزه‌ پتر بره‌وی په‌یدا کرد و له‌ 1964دا ئیدی ڕێگه‌ی ناسه‌رمایه‌داری و نۆره‌ی کارای بۆرژوازی گچکه‌ و خه‌باتی دیموکراتیی شۆڕشگێڕانه‌یان، بۆ بوو به‌ ڕێباز و دروشمی پارتیی کۆمۆنیست و به‌ ئاشکرا بانگه‌وازی بۆ ده‌کرا و مه‌سه‌له‌ی سه‌رکرده‌یه‌تیی چینی کریکار و ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستیش له‌ ئارادا نه‌ما و ته‌نانه‌ت داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتیی کۆمۆنیست و تێکه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تی سۆسیالیستی عه‌ره‌بی(الاتحادالاشتراکي العربي) ده‌کرا، وه‌ک چۆن له‌ مسر ڕوویدابوو.                                                                                           
هه‌رچی مه‌سه‌له‌ی کورده‌ له‌ عیراقدا، پێش 14ی ته‌مموزی 1958، واته‌ له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا، له‌ دوای نه‌مان و تێکچوونی بزووتنه‌وه‌کانی بارزانی 1943- 1945 و په‌ڕینه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و ڕابوونه‌، به‌ ڕێبه‌ریه‌تیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، بۆ دیوی کوردستانی ئێران و یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت، ئیدی که‌وته‌ بار و دۆزێکی دیکه‌وه‌ و وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی زه‌قی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ده‌هاته‌ به‌رچاو. کوردیش له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کورده‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ده‌چه‌وسێنرایه‌وه‌، به‌ڵکه‌ تا ڕاده‌یه‌کیش له‌ کارگێڕی و ده‌سگای ده‌وڵه‌تیدا کار و باری ده‌ڕۆیشت و له‌ په‌رله‌مانیشدا کۆمه‌ڵێک ئه‌ندامی هه‌بوو و ده‌یان وه‌زیر و سه‌رکرده‌ی له‌شکر و سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و سیاسه‌تکاری گه‌وره‌شی هه‌بوون. به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ ده‌ڵێم له‌ زۆر بار و ڕووه‌وه‌، حاڵ و ڕه‌وشی کورد، له‌ شیعه‌ گه‌لێک باشتر بوو. پاش 14ی ته‌ممووزی 1958، مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت گه‌ڕایه‌وه‌. بارزانی له‌گه‌ڵ عه‌بدولکه‌ریم قاسم و حیزبی کۆمۆنیستی عیراقیشدا، نێوانی خۆش بوو و گه‌لێک به‌ حاڵ و گوزه‌رانی کورد ڕازی بوو و نه‌یده‌ویست به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌و باره‌ بشێوێنێت، چونکه‌ ئه‌و ڕێژیمه‌ نوێیه‌ بۆ یه‌که‌م جار بوو له‌ مێژووی عیراقدا، عه‌ره‌ب و کورد به‌ هاوبه‌ش له‌و نیشتمانه‌دا(عیراق) دابنێت و ئه‌وه‌یش له‌ ده‌ستووردا بنووسرێت. ئه‌و پارتییه‌ی که‌ به‌ ناوی پارتیی دیموکراتی کورد یا کوردستانه‌وه‌ هه‌بوو و بارزانی به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی، که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بوو و که‌ هاته‌وه‌ش هه‌ر سه‌رۆکی بوو، ناته‌بایی و ململانێیه‌کی قووڵی تێدا هه‌بوو. ئه‌و ململانێیه‌ش شتێکی نوێ نه‌بوو، به‌ڵکه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی پارتییه‌وه‌ هه‌ر هه‌بوو. دوو هێڵی سه‌ره‌کی له‌ نێو پارتیدا وه‌دی ده‌کران. هێڵێک که‌ هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا ڕێبه‌ری بوو - هێڵی چه‌پ- و هێڵێکی دیکه‌ که‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ڕێبه‌ری بوو - هێڵی ڕاست-. ڕێبه‌ری ئه‌م هێڵی دووه‌مه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بوونه‌ پارتییه‌وه‌ی به‌ نهێنی و به‌ ئاشکرا، دژایه‌تی که‌سایه‌تی و گه‌لێریی و ده‌سه‌ڵات و سه‌رکرده‌یه‌تی بارزانی ده‌کرد و هه‌رگیز له‌گه‌ڵ بیر و بۆچوونه‌کانی بارزانیدا پێک نه‌ده‌هات. ئه‌م هێڵه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌، که‌ پاشتر جه‌لال تاڵه‌بانی و عومه‌ر ده‌بابه‌ و هی دیکه‌شی له‌ خۆ کۆکرده‌وه‌، له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا، به‌ ناوی پێشکه‌وتنخوازییه‌وه‌، دژایه‌تی بوونی که‌سانێکی وه‌ک شێخ له‌تیفی حه‌فید و کاکه‌زیادیان ده‌کرد و ته‌نانه‌ت بیر و بۆچوونه‌کانی شه‌هید فه‌هد و شه‌هید جه‌مال حه‌یده‌ریشیان به‌ ڕاستڕه‌وانه‌ داده‌نا و خۆیان له‌وان پێ چه‌پتر بوو و به‌ ناوی کوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌شه‌وه‌، دژایه‌تی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵایان ده‌کرد. له‌ کاتێکیشدا که‌ به‌شی زۆری خه‌ڵکی عیراق، له‌ ده‌وری حیزبی کۆمۆنیستی عیراق خڕبووبوونه‌وه‌ و خه‌باتیان ده‌کرد و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ خه‌ڵک هێنده‌ی مه‌سه‌له‌ی چینایه‌تی و باری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی گرنگ نه‌بوو، ئه‌مان له‌گه‌ڵ حیزبی کۆمۆنیستدا دانووله‌یان پێکه‌وه‌ نه‌ده‌کوڵا و ددانی خێریان به‌ حیزبی کۆمۆنیستدا نه‌ده‌نا. دوای 14ی ته‌ممووزیش به‌ قایلبوون و ڕه‌زامه‌ندیی بارزانی - به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت- و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌ویشه‌وه‌ توانییان به‌ سه‌ر باڵه‌ چه‌پڕه‌و و پێشکه‌وتنخوازه‌که‌(باڵی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا)دا سه‌رکه‌ون. بارزانی به‌ کۆمه‌ڵێک چه‌کدار و له‌ ئێواره‌کوودێتایه‌کی حوزه‌یرانی 1959دا، باره‌گای پارتیی له‌ به‌غدا، گه‌مارۆ دا و هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵای وه‌ده‌رنا و پاشان ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی به‌ سکرتێری پارتیی دانا. بارزانی به‌و کاره‌ی(ده‌رکردنی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا و دانانی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ شوێنی وی) داوێکی بۆ خۆی نایه‌وه‌ و جێگه‌ی ئه‌و بۆمبه‌ کۆککراوه‌ی، که‌ له‌مێژ بوو بۆی دانرابوو و له‌ 1964دا ته‌قییه‌وه‌، خۆشتر و چاکتر کرد. به‌ وه‌ده‌رنانی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا، پارتیی له‌ چه‌پ پاکتاو کرا و ڕاستڕه‌ویه‌تی ده‌ستی به‌سه‌ر پارتییدا گرت. له‌و ده‌مه‌شدا که‌ هه‌موو خه‌ڵکی نیشتمانپه‌روه‌ر و چه‌پ و دڵسۆزی خاک و وڵات له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی گه‌ل(قاسم و شۆڕش و حیزبی کۆمۆنیست)دا بوون، سه‌رکرده‌ ڕاستڕه‌وه‌کانی پارتیی ده‌یانه‌ویست پارتیی به‌ بۆرژوازییه‌ته‌وه‌(موحه‌ممه‌د حه‌دید- پارتیی نیشتمانیی دیموکراتی و سددیق شه‌نشه‌ل - پارتیی سه‌ربه‌خۆیی) گرێ بده‌ن و خۆ یه‌کخه‌ن و سازکه‌ن و به‌ره‌ی دژ به‌ گه‌ل(عارف و به‌عس و ڕاستڕه‌و و ڕه‌گه‌زپه‌رست و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان)یان هه‌ڵبژارد و که‌وتنه‌ هاوکاریکردن له‌گه‌ڵیان، دژ به‌ لێشاوی جه‌ماوه‌ر و به‌ره‌ی گه‌ل و شۆڕش، بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی نیشتمانپه‌روه‌ری قاسم. وه‌ک به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌نجامدانی سیاسه‌تی ڕاستڕه‌وانه‌ی خۆیان به‌ هاوکاری ده‌ره‌به‌گ و ئاغاکانی ناوچه‌ی پشده‌ر و به‌ هاندانی کۆمپانییه‌کانی نه‌فتی بیانی و ده‌سگه‌ سیخوڕییه‌کانی ڕۆژاوا و ساواکی ئێرانی شا، یاخیبوونی ساڵی 1961یان به‌رپا کرد. بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌که‌شیان به‌ ئه‌نجام بگات، بارزانییان تێوه‌ گلاند و له‌ په‌نای ناو و گه‌لێری ویدا، خه‌ڵکیان له‌ خۆ خڕکرده‌وه‌ و ده‌ستیان به‌ جه‌نگ کرد. ئه‌و یاخیبوونه‌ - که‌ پاشتر ناوی شۆڕشی لێ نرا، هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌شێکی سه‌ره‌کی بوو له‌ نه‌خشه‌ی که‌سک "طرح سبز"ی ساواکی ئێران، بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی قاسم و گێڕانه‌وه‌ی ڕێژیمی پاشایه‌تی، یا هه‌ر ڕێژیمێکی سه‌ر به‌ ڕۆژاوا بێت بۆ عیراق- گه‌وره‌ترین خیانه‌تێک بوو به‌رانبه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد به‌ تایبه‌تی و عیراق به‌ گشتی. کورد هه‌رگیز پێویستی به‌و جه‌نگه‌ چه‌کدارییه‌ نه‌بوو و ئه‌وه‌ش جه‌نگی ئه‌و نه‌بوو، به‌ڵکه‌ جه‌نگی ته‌واوی هێزه‌ ئه‌هریمه‌نییه‌کان بوو دژ به‌ خاک و گه‌ڵانی عیراق، قانوونی دابه‌شکردنی زه‌وی، قانوونی ژماره‌ 80ی نه‌فت و هه‌موو گۆڕانه‌ گه‌لی و باشه‌کان- هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانه‌ هه‌نگاوگه‌لێکی ڕادیکاڵانه‌ نه‌بوون و ته‌نێ پینه‌وپه‌ڕۆیه‌کی سۆسیالیستانه‌ بوون، به‌ڵام له‌ هیچ باشتر بوون- که‌ له‌ وڵاتدا وه‌دی هاتبوون. ئه‌و جه‌نگه‌ بۆ شێواندنی یه‌کیه‌تی و برایه‌تی و به‌ختیاری و ئازادی و ئاشتی خه‌ڵکی عیراق بوو. سه‌رانی پارتیی چالاکانه‌، نۆره‌ی خۆیان له‌و نه‌خشه‌یه‌دا بینی و بوون به‌ هۆی وێرانکاری و کوشتار و به‌دبه‌ختی خه‌ڵک و لاوازکردنی له‌شکر و ئابووری عیراق. به‌ به‌رپاکردنی جه‌نگ و یاخیبوونی ساڵی 1961، ئیدی مه‌سه‌له‌ی کورد گواسترایه‌وه‌ بۆ خانه‌یه‌کی دی. چه‌ک بوو به‌ تاکه‌ ئامرازی خه‌بات، و زمان و گفتوگۆ له‌کار خران. مه‌سه‌له‌ی کورد و هێزی سیاسیی کورد، به‌ هۆی سیاسه‌تی چه‌وتی ئه‌و ده‌سته‌ ڕاستڕه‌وه‌وه‌، بوو به‌ کاغه‌زێکی قومار و پارسه‌نگێکی بێبایه‌خ و ئامرازێکی گوشارخسته‌سه‌ر و چه‌کدارێکی به‌کرێگیراوی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، هێزی ده‌ره‌کی و ئیمپریالیزم. ئه‌و هه‌ڵه‌شه‌سیاسی و چه‌کبازییه‌ ئیدی له‌و کاته‌وه‌، بوو به‌ یاری و نه‌ریتێک له‌ کن کوردان و له‌ نێو هه‌موو کورد و به‌شه‌کانی کوردستاندا، په‌تائاسا بڵاو بووه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌ی کرد و تا ئه‌م ڕۆژگاره‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه‌. ئه‌و نه‌خشه‌ و جه‌نگه‌ی 1961ه‌، و هاوکارییه‌ی سه‌رانی پارتیی له‌گه‌ڵ به‌عس و عارفدا، سه‌رباری هۆکاری کاریگه‌ری دیکه‌، بوون به‌ هۆی ڕووخاندنی قاسم، به‌ڵکه‌ ڕووخاندن و داته‌پینی ته‌واوی به‌ها و خۆشه‌ویستی و برایه‌تییه‌ک و هاتنی به‌عس بۆ سه‌ر کار و ده‌سه‌ڵات به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی ئه‌مه‌ریکی له‌ 1963دا. وه‌ک ئه‌نجامدانێکی به‌شه‌ گرنگه‌که‌ی سیاسه‌تی خۆیان، سه‌رانی ئه‌و هێڵه‌ ڕاستڕه‌وه‌ی نێو پارتیی، بزاڤی کوردیان به‌ره‌و هه‌ڵدێری 1964 برد و دووبه‌ره‌کییان ساز کرد. به‌و کاره‌شیان خۆره‌ئاسا که‌وتنه‌ نێو جه‌سته‌ی میلله‌تێک، که‌ تا ئه‌و ده‌مه‌ خۆی به‌ یه‌ک میلله‌ت ده‌زانی و ته‌واوی کورده‌که‌ی هه‌موو کوردستانیان، به‌ سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به‌ یه‌کدا - له‌وێ ڕۆژێ ڕا تا ئه‌وڕۆ- دابه‌ش کرد.                                                                                                      
      
ته‌واوی ئه‌و هه‌موو نه‌گبه‌تی و ناهه‌موارییه‌ی، که‌ به‌ سه‌ر وڵات و خه‌ڵکی عیراقدا هاتووه‌، ئه‌گه‌ر پاشایه‌تی نه‌ڕووخێنرابا، یا ئه‌گه‌ر باڵه‌ شۆڕشگێڕه‌که‌ی نێو پارتیی کۆمۆنیستی عیراق هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، باڵه‌ ناشۆڕشگێڕ و ڕاستڕه‌وه‌که‌ی وه‌لا نابا و به‌سه‌ریدا زاڵ بووبا، یا پارتیی کۆمۆنیستی عیراق به‌ ڕێبه‌ریه‌تی باڵه‌ شۆڕشگێڕه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی گرتبا ده‌ست، ئیدی ئه‌و هه‌موو به‌ڵایه‌، به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا نه‌ده‌هات. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان هێڵی شۆڕشگێڕ و هێڵی ناشۆڕشگێڕ، چه‌پ و ڕاست، بیری نوێخواز و گۆڕانکار و بیری ژه‌نگرتوو و پێشمه‌رگه‌ و خێڵی په‌توودا، له‌ نێو پارتیی کۆمۆنیستی عیراقدا، ساڵانێکی دواتر، له‌ ڕاپه‌ڕینه‌ پاکسازییه‌که‌ی 17ی ئه‌یلوولی 1967دا ته‌قییه‌وه‌ و له‌یه‌ک جوێ بوونه‌وه‌، به‌ڵام تازه‌ کار له‌ کار ترازا بوو و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکی و ئینگلیزی و به‌ پشتگری سۆسیال- ئیمپریالیزمی سۆڤیێت، کاریان گرتبووه‌ ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و ئابوورییه‌کی هێنده‌ به‌هێز هه‌بوو و جێپێی خۆیان به‌ جۆرێک قایم کردبوو و مێشکی خه‌ڵکیان به‌ شێوه‌یه‌ک شۆردبووه‌ و خه‌ڵکیان وا چه‌واشه‌ کردبوو، که‌ ئیدی جێیان پێ له‌ق نه‌ده‌کرا، مه‌گه‌ر به‌ ڕاپه‌ڕینێکی یه‌کجار گه‌لێر و به‌شداریکردنێکی یه‌کجار فراوان.                                                                                          
ده‌ڵێن مێژوو جارێکی دی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کی دیکه‌. بۆ وه‌دیهێنانی ویست و خه‌ونی چه‌وساوه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ و ڕۆحدانه‌وه‌به‌ر 14ی ته‌ممووز و ساڵانی 1958 و 1959، له‌ حوزه‌یرانی 1968دا، له‌ نێو زۆنگاوه‌کانی غه‌مووگه‌دا، میراتگرێکی حوسه‌ین و حه‌مدانی قه‌رمه‌تی(حمدان القرمطي)، هه‌ڵگری خه‌م و په‌رۆشه‌کانی گشت ڕه‌نجده‌ر و برسی و ڕووت و ڕه‌جاڵانی عیراق، خالید ئه‌حمه‌د زه‌کی(ظافر) شۆڕشگێڕ، ئاڵای ئه‌و شۆڕشه‌ سپارتاکۆسییه‌ هه‌ڵده‌گرێت و قاره‌مانانه‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات، زۆرداری، بنده‌ستی و چه‌وساندنه‌وه‌ ڕاده‌په‌ڕێت، به‌ڵام تاکه‌ شتێک که‌ هه‌یه‌تی و پێی ده‌کرێت، به‌خشینی گیانی خۆیه‌تی به‌و ڕێگه‌یه‌. گیڤارا ده‌یگوت:"کۆمۆنیست دواکه‌سه‌ که‌ ده‌خوا و دواکه‌سه‌ که‌ ده‌نوێ و یه‌که‌م که‌سه‌ که‌ ده‌مرێ"، به‌ شه‌هیدبوونی ئه‌و و کوژانه‌وه‌ی تروسکه‌ی وڵاتێکی به‌ختیار و گه‌لێکی یه‌کسان، خۆزگه‌ و ئومێد و خه‌ون و ئاواته‌کانی ئێمه‌ی منداڵانی 1958یش، نه‌ک هه‌ر نایه‌ته‌ دی ، به‌ڵکه‌ له‌ نێو گۆمی بێهووده‌یی و بێهیوایی و تاریکیدا نوقم ده‌بێت.                                                                                               

ته‌ممووزی     1996


  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...