Wednesday, January 21, 1987

هۆ. ئێس. نویبه‌ری(H.S.Nyberg) له‌ کوردستان
                     
                   
                        نووسینی: سیگرید کالله‌. 
وه‌رگێڕانی له‌ سوێدییه‌وه‌: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.

کاتێک پرۆفێسسۆر هۆ. ئێس. نویبه‌ری(H.S.Nyberg)[1] باوکم هات، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ژنی 70 ساڵه‌ی له‌دایکبوونی خۆی لای ئێمه‌ له‌ به‌غدا بباته‌ سه‌ر، یه‌کێک له‌ ئاواته‌کانی ئه‌وه‌ بوو، کورد ببینێت. ئه‌وده‌مه‌، ئێمه‌ وه‌ک دیپلۆمات له‌ به‌غدا ده‌ژیاین. له‌ سه‌رده‌می ڕێژیمی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و له‌ ساڵانی 1959- 1960دا بوو، کورده‌کانی عیراق بۆ ماوه‌یه‌کی کورت و که‌مخایه‌ن، ئۆتۆنۆمییه‌کی فه‌رهه‌نگییان هه‌بوو و به‌ ئازادی ده‌ژیان. باوکم ده‌شیه‌ویست به‌ زووترین کات وانه‌ی زمانی کوردی بخوێنێت. ئێمه‌ توانیمان "پاکیزه‌ حیلمی"[2] بدۆزینه‌وه‌. پاکیزه‌ حیلمی، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک کوردی به‌ناوبانگی سلێمانیدا، بانگهێشتنی چایخواردنه‌وه‌ی کردین. خاتوو پاکیزه‌ حیلمی، مامۆستایه‌کی زمانی کوردی بۆ باوکم په‌یداکرد. مامۆستاکه‌، هه‌موو به‌یانییه‌ک له‌ نێو باخچه‌ جوانکیله‌که‌ماندا له‌ که‌نار دیجله‌ به‌رانبه‌ر دۆره‌، له‌گه‌ڵ باوکمدا داده‌نیشت. 24ی فێبریوه‌ری 1960، باوکم سه‌مینارێکی له‌مه‌ڕ "گه‌شه‌کردنی زمانی فارسی و سه‌رنجێکی تایبه‌تی له‌ زمانی کوردی"، به‌ ئینگلیزی و بۆ خوێندکارانی کورد له‌ زانستگه‌ی به‌غدا ساز کرد. ده‌بێ ئه‌و کاره‌ی باوکم تا ڕاده‌یه‌ک شتێکی گرنگ و سه‌یر بووبێت، بۆ ئه‌و خوێندکاره‌ لاوانه‌، که‌ بۆ جاری یه‌که‌م ببیسن، ئه‌وروپاییه‌کی زمانه‌وان به‌ شێوه‌یه‌کی زانستییانه‌ له‌مه‌ڕ زمانی ئه‌وان ده‌دوێت. پاش سه‌میناره‌که‌، خوێندکاره‌کان پرسیاری ئه‌وه‌یان کرد، که‌: "کام زمان کۆنتره‌، کوردی یا فارسی؟" یا "ئێوه‌ زۆرتر حه‌ز به‌ کام زمان ده‌که‌ن، فارسی یا عه‌ره‌بی؟". باوکم، که‌ بریسکه‌ و دره‌وشاوه‌یی له‌ چاواندا بوو، زیره‌کانه‌ و دادوه‌رانه‌ گوتی:"کوردی".

پشوویه‌کی نائاسایی:
هه‌ر یه‌کسه‌ر پاش شۆڕشی 1958، من بۆ خۆم، له‌گه‌ڵ کچه‌ چکۆله‌ یه‌ک ساڵانه‌که‌مدا، چوومه‌ کوردستان. چۆن ڕێککه‌وت؟ دیاره‌ ئه‌مه‌ جێگه‌ی پرسیاره‌. ئه‌وده‌م، هیچ بیانییه‌ک نه‌یده‌توانی به‌ نێو عیراقدا بگه‌ڕێت و بسووڕێته‌وه‌. من بڕیارم دابوو به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، به‌ زووترین کات دوای گه‌یشتنم به‌ عیراق، سه‌ردانی کوردستان بکه‌م و کوردستان ببینم. له‌ وه‌زاره‌تی نێوخۆ، داوای ڕێپێدان و مۆڵه‌تم کرد. وه‌ک هۆیه‌کیش بۆ گه‌شته‌که‌م، سووک و هاسان، نووسیم "پشوودان". دیپلۆماته‌کان، له‌ به‌غدا، بڕوایان به‌ گوێی خۆیان نه‌ده‌کرد کاتێک، بیستیان من ڕێگه‌ی گه‌شتکردنم پێ دراوه‌. خۆم  و منداڵه‌که‌م به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر چووین بۆ مووسڵ. له‌وێ له‌ ماڵی خێزانێکی عه‌ره‌بی دۆست، که‌ به‌و تازانه‌ به‌ هۆی یاخیبوونه‌که‌ی شه‌ووافه‌وه‌، ماڵه‌که‌یان تاڵان کرابوو، ماینه‌وه‌. تا ئه‌و کاته‌ش مرۆڤ تا ڕاده‌یه‌ک بۆنی خوێنی ئه‌و هه‌موو مردووانه‌ی سه‌ر ئه‌و شه‌قامانه‌ی ده‌هاته‌ لووت. ئێمه‌ سواری ئۆتۆبووسێکی ئاسایی ڕێگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شار بووین و به‌ره‌و ژوور، بۆ هوتێلی مه‌زنی تۆریستی له‌ سه‌رسه‌نگ، وه‌ڕێ که‌وتین. شا فه‌یسه‌ڵ و عه‌بدولئیلاه، که‌ به‌و تازه‌یه‌ له‌ شۆڕشه‌که‌دا کوژرابوون، له‌ سه‌رسه‌نگ هاوینه‌کۆشکیان هه‌بوو. من بۆم هه‌ڵکه‌وت، ئه‌و کۆشکه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ببینم. ئه‌و هوتێله‌ مه‌زنه‌ ڤالا بوو. ئه‌وانه‌ی ئاوه‌دانیان کردبووه‌، هه‌زاران مێش و کچه‌ چکۆله‌که‌م و من خۆم بووین. به‌ چوارده‌وری ئه‌ستێڵی مه‌له‌که‌دا، هه‌موو به‌یانییه‌ک کۆمه‌ڵێک کورد داده‌نیشتن و و ده‌یاننۆڕییه‌ "ئیسه‌"[3] و من، که‌ چۆن خۆمان ده‌خسته‌ ئه‌ستێڵه‌که‌وه‌. ئێواران ڕوومان ده‌کرده‌ باخێکی گچکه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌، که‌ کورده‌کان وه‌ک خوویه‌ک، هه‌موو ئێواره‌یه‌ک له‌وێ خڕده‌بوونه‌وه‌ و ده‌یانکرد به‌ گۆرانی و شایی. ئێمه‌ش له‌گه‌ڵیاندا ده‌بووین و چه‌پڵه‌مان لێده‌دا. ته‌نێ پیاوان ده‌هاتن. هه‌ر زوو له‌گه‌ڵیاندا دۆستایه‌تییه‌کی گه‌رممان په‌یداکرد و ئه‌وانیش له‌ ئاگالێبوون و چاودێریکردنی ئێمه‌دا، باوک ئاسا و دۆستانه‌ بوون. پاش چه‌ند ڕۆژێک ئه‌فسه‌رێکی عیراقی هات و به‌ توندی و تووڕه‌ییه‌وه‌ پێی گوتم، ئایا من له‌وه‌ تێناگه‌م، که‌ بۆ ژنێکی ته‌نیا و زارۆکێکی گچکه‌، زۆر دژوار و سه‌خته‌، هه‌ر دوو مانگ دوای شۆڕشی ته‌ممووز، له‌ نێوه‌ندی ئه‌م کوردستانه‌ کێوییه‌دا، له‌م هوتێله‌دا بن!. من پێکه‌نیم.  ئه‌مجاره‌ش ده‌بوو باوکم و من، جارێکی دیکه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ کوردستان. من به‌ ده‌ربڕین و وشه‌ی دڵڕفێن و په‌سه‌ند و دڵگیر، باسی جوانییه‌ بێبه‌ر و وشکه‌که‌ی کوردستانم، لای باوکم کردبوو. ئه‌مجاره‌یان به‌ فڕۆکه‌ ڕۆیشتین و دوای یه‌ک سه‌عات و چاره‌کێک گه‌یشتینه‌ که‌رکووک. که‌رکووک به‌ عه‌مبار و گه‌نجینه‌ نه‌فتییه‌ مه‌زن و زۆره‌کانییه‌وه‌، خۆشگوزه‌رانیی عیراق پێشان ده‌دات. له‌ که‌رکووک کاتی ئاژاوه‌ و فه‌رته‌نه‌که‌ی پاش شۆڕش، 113 که‌س، که‌ زۆربه‌یان تورکمان بوون، زینده‌به‌چاڵ کران. ئه‌مڕۆ، که‌ 26 جه‌نیوه‌ری 1960ه‌، واپێده‌چێت شاره‌که‌ هێمن و ئارام بێت. که‌رکووک وه‌ک مووسڵ، هیچ خانووی سووتاوی لێ نه‌بوو. ئێمه‌ به‌ خۆمان و ئیزننامه‌کانمانه‌وه‌ چووینه‌ کن پۆلیس و خێرا به‌ره‌و ده‌شت و لادێ کوردییه‌کان وه‌ڕێکه‌وتین. ڕێگه‌یه‌کی قیرتاوی ڕاست و ساف و لووس به‌ نێو ته‌پۆڵکه‌ و گرده‌ قاوه‌ییه‌ زه‌ردباوه‌کاندا، که‌ خێرا ده‌بوون به‌ له‌ته‌که‌ژی که‌رتکراو، بردینی. ورده‌ به‌ردی زۆر و زه‌به‌نده‌ و خاکێکی ڕه‌قه‌ن و به‌ژ، ئاسمانێکی به‌هاره‌ی شینی دره‌وشاوه‌ به‌ سه‌ر زه‌وییه‌ ڕووته‌که‌دا که‌وانه‌ی دابوو. بێجگه‌ له‌ ده‌نگی ئۆتۆمبیله‌که‌، هیچ ده‌نگێکی دیکه‌ نه‌ده‌بیسرا. له‌ زارکی(ژوورگه‌ی) هه‌ر گوندێکدا، پسووله‌ به‌ نرخه‌که‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری:"پرۆفێسسۆر نویبه‌ری و کچه‌که‌ی..."مان ده‌رده‌هێنا و پێشانمان ده‌دا. له‌ نێوان ئاواییه‌کاندا ته‌نێ مێگه‌ل و شوانمان ده‌بینی. له‌پڕ و بێئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ بیریدا بێت، له‌ پاش هه‌ورازێک، زنجیره‌ که‌ژێکی به‌ به‌فر داپۆشراو، له‌ به‌ر ده‌مماندا قوت بووه‌وه‌. له‌ دووره‌وه‌ له‌ ئێران چیای زاگرۆس، ده‌هاته‌ به‌رچاو. باوکم پێیوابوو ئه‌وه‌ گه‌چ یا به‌ردی قسڵه‌. منیش پێموابوو ئه‌وه‌ به‌فره‌. قسه‌ی هیچمان ده‌رنه‌چوو. من هه‌ر به‌رده‌وام بووم، له‌ خه‌ونبینین به‌ شاخه‌ به‌رزه‌ به‌هه‌شتییه‌کانی لای ئاسۆوه‌. ئه‌و دۆڵه‌ی، که‌ سلێمانی تێدایه‌، پان و به‌رین و ته‌ختایی و ده‌شته‌ و زنجیره‌ که‌ژه‌که‌یشی تا ڕاده‌یه‌ک نزمه‌، به‌ڵام له‌ کاتی خۆراوادا، ئه‌و چیا به‌ژه‌ بۆر و قاوه‌ییانه‌ ده‌بنه‌ ئاگرێکی گڕ و بڵێسه‌دار. ئه‌م دۆڵه‌ له‌و دۆڵانه‌ نییه‌، وه‌ک کارێکی سیحرئامێز و په‌ڕجووانه‌، شیر و هه‌نگوینی پێدا بڕوات. مرۆڤ ده‌که‌وێته‌ بیری ئه‌وه‌ی، چۆن دۆڵێکی ئاوها بژێوی سه‌رتاپای باژێڕێک، که‌ پێته‌ختی کوردانه‌، دابین ده‌کات. کۆمه‌ڵه‌ شاخی چڕ و مه‌زنی پیره‌مه‌گروون بۆ خۆی به‌ ته‌نیا له‌و ته‌ختاییه‌دا قوت بووه‌ته‌وه‌. که‌ ئه‌م دیمه‌نانه‌ ده‌بینم، ده‌سبه‌جێ گه‌شته‌کانی خۆمم له‌ به‌شه‌ شاخاوییه‌ باشوورییه‌کانی دیکه‌ی ئاسیادا، له‌ ئازه‌ربایجانه‌وه‌ له‌ ڕۆژاوا تا نیپاڵ و وڵاتانی هیمه‌لایا له‌ ڕۆژهه‌ڵات، وه‌بیر دێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌ نێوان دانیشتووانی ئه‌م جۆره‌ ده‌ڤه‌ره‌ ڕووته‌ن و وشکانه‌دا شتێکی هاوبه‌ش هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، که‌ هه‌رگیز تفه‌نگیان لێ دوور ناکه‌وه‌ێته‌وه‌ و ململانێیه‌کی سه‌ختیان له‌گه‌ڵ ژیاندا هه‌یه‌. ئه‌فغانه‌کان و په‌تانه‌کان و کورد - مه‌به‌ستم به‌راوردکردنی هه‌موو شتێک نییه‌- خوو و نه‌ریت و فه‌رهه‌نگی خۆیانیان پاراستووه‌. ئه‌و کوردانه‌ی، که‌ ئێمه‌ له‌ نێو جاده‌دا ده‌مانبینین، سه‌ر و ڕووی جوان و ڕێک و پڕیان هه‌بوو و باڵابه‌رز و به‌هێز و زه‌لام بوون. که‌ مرۆڤ ده‌چێته‌ نێو هه‌ر کارگێڕییه‌که‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ر کارمه‌ندێکدا چای یا قاوه‌یه‌ک ده‌خواته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و خه‌ڵک و مرۆڤه‌ شله‌په‌ته‌ و نه‌رم و شل و هه‌ویرئاساییانه‌ی پشت مێزی نووسین ده‌بینرێن، که‌ له‌ هه‌موو کارگێڕییه‌کانی جیهاندا دێنه‌ به‌رچاو. شێوه‌ی پۆشاکی خه‌ڵکی ئێره‌ زۆر جوانه‌. پیاوان، ڕانه‌کی که‌وه‌(شینی تۆخ) یا بۆر و کراسی دوو قۆپچه‌ و مێزه‌ری ڕیشوودار و پشتێنێکی پان و زلی ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌به‌ر ده‌که‌ن. ژنانیش، کراسی درێژی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و پشتێنی پان و کڵاوی ڕه‌شی تا هه‌نیه‌ داچۆڕاو و عه‌بایان له‌به‌ره‌. چارشێویش ته‌نێ ژنانی چینی نێوه‌ندی شاره‌کان ده‌یپۆشن. له‌ زارکی سلێمانی بایه‌کی سارد و ناخۆش دای به‌ ڕووماندا. بایه‌که‌ به‌ نێو دیواره‌کاندا ده‌گه‌یشته‌ میوانخانه‌که‌ی، که‌ لێی بووین. شه‌وی هه‌ریه‌که‌ به‌ خۆراکیشه‌وه‌ 24،80 (بیستوچوار کرۆن و هه‌شتا ئۆره‌) مان ده‌دا. ژووره‌کان ساده‌ و ساکار بوون، به‌ڵام هه‌م ئاوی گه‌رم و هه‌م مێزی نووسین و چرای خوێندنه‌وه‌یشیان تێدا بوون. باوکم مه‌کینه‌ی ڕدێنتاشینه‌که‌ی له‌بیر کردبوو و منیش پیجامه‌که‌م! پاشان کردمان به‌ خوو و له‌و ژووره‌ساردانه‌دا هه‌رچی جلی گه‌رممان هه‌بوون، له‌به‌رمان ده‌کرد. یه‌که‌م شتێک که‌ کردمان، ئه‌وه‌ بوو، سه‌ردانی قازیی شار، "موحه‌ممه‌دی خاڵ"[4]مان کرد. خاڵ، خه‌ریکی ته‌واوکردنی فه‌رهه‌نگێک بوو، له‌ باره‌ی ئه‌و زمانه‌ کوردییه‌ی، که‌ لێره‌ پێی ده‌په‌یڤن، سۆرانی. قازی، که‌پوویه‌کی درێژ و دوو چاوی نزیکبین و تیژ و چکۆله‌ و ده‌مێکی نووقاوی هه‌بوون. فێسه‌ سووره‌ به‌ مێزه‌ره‌ سپییه‌ پێچراوه‌که‌ی، که‌ هه‌موو قازییه‌کان له‌ سه‌ری ده‌که‌ن، هاتبووه‌ نێو چاوانی و توند چه‌سپی سه‌ری بووبوو.

گوتوبێژێکی به‌ سوود:
له‌ نێوان باوکم و قازیدا، به‌ عه‌ره‌بییه‌کی کلاسیکی، گفتوگۆیه‌کی سوودبه‌ش ئه‌نجام درا. به‌ هۆی ئه‌و گفتوگۆیه‌وه‌، من له‌وه‌ تێگه‌یشتم، که‌ چاپکردنی فه‌رهه‌نگێک به‌ شێوه‌یه‌کی جوان و پوخته‌، له‌م ناوه‌، کارێکی سه‌خته‌. ئه‌وه‌ش فێربووم، که‌ زمانی کوردی، زمانێکی فره‌زاراوه‌یه‌ و ئه‌و زاراوه‌یه‌ش، که‌ ئێستا بۆ نووسین به‌کار ده‌برێت، زاراوه‌ی سلێمانییه‌ و کورده‌کان له‌ تورکیا، زاراوه‌یه‌کی جیاوازیان هه‌یه‌. خاڵ، باسی ئه‌وه‌ی کرد، که‌ کورده‌کانی عیراق واقیعی(ڕیالیست)ن و بڕوایان به‌وه‌ش نییه‌، کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ، که‌ هه‌موو کوردی ئه‌و وڵاتانه‌ بگرێته‌وه‌، چێ ده‌بێت، مه‌گه‌ر پاش جه‌نگێکی جیهانی دیکه‌ و دابه‌شکردنێکی نوێی جیهان. پاشتر بۆمان ده‌رکه‌وت، که‌ زۆرینه‌ی ئه‌م کوردانه‌ی سه‌ره‌وه‌ کۆمۆنیستن و پێیانوایه‌، ته‌نێ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت ده‌توانێت، ئازادی بۆ کوردستان بهێنێت! جێی سه‌رسووڕمان نییه‌، کاتێک که‌ پارتی کۆمۆنیستی عیراق خه‌ریک بوو داوای مۆڵه‌ت و ڕێگه‌پێدانی ئاشکرای ده‌کرد، دروشمی "کورد و عه‌ره‌ب برایه‌"ی هه‌ڵگرتبوو و له‌ پرۆگرامه‌که‌یشیدا گه‌لێک خاڵ له‌مه‌ڕ مافه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورده‌وه‌ هه‌بوون. باوکم گوتی:"من سۆز و هاوده‌ردییه‌کی گه‌وره‌م له‌ دڵدایه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ییانی کورد. کورد یه‌کێکه‌ له‌و گه‌له‌ زۆرانه‌ی سه‌ر زه‌وی، که‌ هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام چه‌وسێنراونه‌ته‌وه‌ و به‌ پاشکه‌وتوویی هێڵراونه‌ته‌وه‌. تاکه‌ تاکه‌یه‌ک کورد له‌ مێژووی وڵاتانی خۆیاندا هه‌ڵکه‌وتوون. ئه‌و سه‌لاحه‌ددینه‌ مه‌زنه‌، که‌ هه‌موومان ده‌چینه‌ زیاره‌تی گۆڕه‌که‌ی له‌ دیمه‌شق، کورد بوو. یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ هه‌ره‌ زیره‌ک و شاره‌زاکانی مسر، ئه‌حمه‌د ته‌یموور پاشا، له‌ خێزانێکی کوردی سووریا بوو. کورده‌کان، کاتێک که‌ دێنه‌ نێو ڕه‌وش و هه‌لومه‌جی دیکه‌وه‌، ده‌رفه‌ت و هه‌ل و بواری مه‌زنیان هه‌یه‌. شتێکی سروشتییه‌، که‌ ئه‌و کوردانه‌ی، بۆیان ڕه‌خساوه‌ و هه‌ڵکه‌وتوون و سه‌رکه‌وتوون له‌وه‌ی به‌هره‌ و زیره‌کیی خۆیان وه‌پێش بخه‌ن، خۆزگه‌ و ئاواتێکی گه‌رموگوڕیان له‌ دڵدایه‌ بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی گه‌له‌که‌یان". له‌ قاوه‌خانه‌یه‌کی سلێمانیدا دانیشتین و ده‌مه‌ته‌قێ و گوتوبێژمان کرد و گشتمان له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بووین، که‌ باشترین هه‌لێک کورد له‌ عیراقدا هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌یه‌ ده‌ست بداته‌ ئه‌و ده‌سته‌ی حوکوومه‌ت له‌ به‌غداوه‌ درێژی ده‌کات. ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌ نه‌بوو، پانعه‌ره‌بیزم، که‌ له‌ نێو هه‌ندێک ده‌سته‌ و تاقمدا بڵاو بووبووه‌، چاره‌سه‌ر بێت، چونکه‌ نیوه‌ی عیراق، که‌مینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه‌ و کوردیش له‌ هه‌موو ئه‌و که‌مینانه‌ گه‌وره‌تره‌. هێڵی قاسم به‌م جۆره‌ بوو: عیراقێکی عیراقی بۆ عه‌ره‌ب و کورد و ئه‌رمه‌نی و ئاشووری و...بۆ هه‌ر کوێیه‌ک ده‌ڕۆیشتین و له‌ گشت لایه‌ک ده‌نگی "عه‌ره‌ب و کورد برایه‌" ده‌هاته‌ گوێ و هه‌ر که‌سێکیش ئه‌وه‌ی ده‌گوت، هه‌ردوو په‌نجه‌ی شایه‌تمانی پێکه‌وه‌ ده‌گرتن و به‌وه‌ وێنه‌ی برایه‌تی پێشانده‌دا. له‌ میوانخانه‌که‌ چاوه‌نۆڕی سه‌رنووسه‌رێکی کورد بووین، که‌ ده‌بوو بێته‌ دێنیمان، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌هات. له‌ بری ئه‌و "فوئاد ڕه‌شید"ی سه‌رۆکی ده‌سگه‌ی فه‌رهه‌نگیی له‌گه‌ڵ "ئه‌لمووسا" ناوێکدا، که‌ به‌رپرسی کارگێڕییه‌ک بوو، هاتن. ئه‌و شه‌وه‌، ساردترین شه‌وی سلێمانی بوو. هێنده‌ سه‌رمامان بوو، ناچار بووین بانگیان که‌ینه‌ دیوه‌که‌ی باوکم و له‌وێ خۆمان به‌ په‌تووی ئه‌ستوور و پۆشه‌نی دیکه‌ پێچایه‌وه‌ و دانیشتین. پاش ئه‌وه‌ی، به‌ درێژا له‌مه‌ڕ کوردستان و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی وه‌ده‌ستهاتووه‌ به‌ پشتگریکردنی فه‌رهه‌نگی کوردی، په‌یڤین، ده‌ستمان کرد به‌ قسه‌کردن له‌ باره‌ی سوێده‌وه‌. ئه‌وان هه‌ردووکیان زۆرزۆر په‌سنی سوێدیان دا و زۆریان ستایش کرد و به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ هه‌موو شتێکی کوردستانیان پێ خراپ بوو. من به‌وه‌ی، که‌ باسی هه‌موو شتێکی خراپی سوێدی لای خۆمانم بۆ کردن، دڵیانم دایه‌وه‌، وه‌لێ باوکم ئه‌وه‌ی پێ خۆش نه‌بوو. پاشتر له‌گه‌ڵ باوکمدا پێکهاتینه‌وه‌ و ئه‌وجا باوکم گوتی:"تۆ بۆچی به‌و شیوه‌یه‌ وڵاتی خۆت ڕه‌ش ده‌که‌یت و ده‌شکێنیته‌وه‌؟! "Right or wrong, my country"، به‌ڵام من له‌به‌ر ئه‌وه‌م بوو، تا ئه‌وان به‌رانبه‌ر به‌ پێشکه‌وتنی ئێمه‌ هه‌ست به‌ که‌موکووڕی و ناته‌واوی نه‌که‌ن. پێنجشه‌ممه‌ 28ی جه‌نیوه‌ری چووینه‌ وه‌زاره‌تی زانیاری(معارف) سلێمانی[5] و له‌ لایه‌ن "مووسا" و کوردێکی گچکه‌ی ئینگلیزیزان، که‌ ناوی "مه‌جید سه‌عید" بوو و مامۆستایه‌کی ڕدێننه‌تاشراو، که‌ ناوی "مه‌حموود ئه‌حمه‌د" بوو و مامۆستایه‌کی نه‌خش و نیگار، که‌ ناوی "شه‌وقی" بوو و سه‌رۆکی "بنکه‌ی بیستن و بینین" بوو، پێشوازی کراین. ئه‌مان، به‌ درێژایی ئه‌و ڕۆژه‌ گرنگه‌، بوونه‌ هاوڕێی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌واممان. "شه‌وقی" داوای بۆرس (ستیپێندیۆم، منحة‌ دراسیة‌)ی خوێندنی له‌ سوێد، یا له‌ ئه‌ڵمانیای دیموکراتی، لێده‌کردین و بۆ هه‌ر کوێیه‌ک ده‌ڕۆیشتین، "شه‌وقی" گۆناسێوین به‌ پرچه‌ ڕه‌شه‌ لووله‌که‌ی و ده‌سته‌ جله‌ شیکه‌که‌یه‌وه‌، له‌به‌ر ده‌مماندا ڕاوه‌ستابوو و بڕوانامه‌کانیشی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوون. مخابن ئێمه‌ ده‌مانزانی، که‌ هه‌موو داخوازییه‌ک ده‌بێ له‌ ڕێگه‌ی حوکوومه‌تی عیراقه‌وه‌ بێت و بۆیه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک، بۆ تاکه‌که‌سێک هیچ نه‌ده‌کرا، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ له‌ بواری هونه‌ریدا کاری کردبا. ئه‌م "شه‌وقی"یه‌ گۆناسێوینه‌، فیلمێکی ڕه‌نگداری 16 میللیمی، له‌ باره‌ی ساڵڕۆژی جه‌ژنی شۆڕشه‌وه‌، له‌ ساڵی 1959دا له‌ سلێمانی، پێشانداین، که‌ نه‌ زرێپۆش و نه‌ فڕۆکه‌ی جێتی لێبوون، وه‌ک نواندنه‌که‌ی به‌غدا، به‌ڵکه‌ ته‌نێ کچانی شۆخ و شه‌نگی گۆڤه‌ندکاری کورد و دانیشتووانه‌چیاییه‌کان،که‌ به‌شداری ڕێپێوانه‌که‌یان کردبوو، ده‌بینران.

هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌کی کوردی:
حه‌زم لێبوو هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌کی کوردی ببینم. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان ناوچه‌یه‌که‌، ده‌سبه‌جێ خۆزگه‌ و داخوازی میوانی، تێدا ده‌هێنرێنه‌ دی، ئێمه‌یان برده‌ خوێندنگه‌یه‌کی کچان و له‌وێ به‌ کچانی کونجکۆڵ و فره‌پرسیار، حاته‌درام. ئه‌وان حه‌زیان ده‌کرد و ده‌یانویست هه‌موو شتێک له‌ باره‌ی کچانی سوێده‌وه‌ بزانن. باوکم کێشرایه‌ نێو بازنه‌یه‌ک له‌ مامۆستا کچه‌ لاوه‌ شۆخه‌کانه‌وه‌، که‌ جلی مۆدێرنیان له‌به‌ردا بوو. ئه‌وان نه‌خش و نیگاری کوردییان پێشانداین، که‌ ده‌ستکردی خۆیان بوون. پاش قاوه‌خواردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کێکدا، که‌ خۆیان دروستیان کردبوو، بانگکراینه‌ نێو هۆڵێکی گچکه‌وه‌ و له‌وێ نێزیکه‌ی په‌نجا کچێکی گه‌نج، به‌ پاڵتۆی ئه‌ستووره‌وه‌ خزابوونه‌ ژوورێ. ئه‌و کچانه‌ خۆیان ئارایش نه‌کردبوو و پێستیان زیپکاوی و هه‌رزه‌کارانه‌ بوو و چاوانیشیان ڕه‌ش و جوان و ڕه‌نگی ڕوومه‌تیشیان زۆر گه‌ش و له‌شساغ و بێخه‌وش بوون. پێنج کچی باڵابه‌رز و که‌ڵه‌گه‌ت، بۆ ڕێزلێنانی ئێمه‌ و له‌به‌ر دڵی ئێمه‌، جلی کوردییان له‌به‌رکردبوو. منیش وه‌ک پێویست، ڕێک وه‌ک ئه‌وان، ده‌ستێ جلی کوردیم له‌به‌رکرد. جله‌کان له‌مانه‌ پێکهاتبوون: ده‌رپێی کیسه‌ئاسا، که‌ له‌ نیوه‌ی به‌ره‌وخواریان، بۆ لای ده‌رقاچه‌کانیان، چه‌پ و ڕاست، زه‌رد بوون. کراسی نیوه‌درێژی ته‌نک، که‌ ئه‌و دیویان لێوه‌ ده‌بینران و قۆڵه‌کانیان زۆر درێژ بوون و له‌ پشته‌وه‌ پێکه‌وه‌ گرێ ده‌دران و نیوه‌ی درێژیی قۆڵه‌کانیان ده‌که‌وتنه‌ سه‌ر شان و له‌ژێر ئه‌و کراسه‌ شیفۆن یا نایلۆنانه‌وه‌، ژێرکراسێ مۆدێرنی نایلۆن، که‌ داوێنه‌کانیان به‌ نه‌خش و نیگار ڕازێنرابوونه‌وه‌، ده‌بینران. له‌ سه‌ره‌وه‌ش سوخمه‌یه‌کی نایابی نه‌خشێنراو، که‌ هه‌ریه‌که‌یان جۆرێک بوون. ئه‌وه‌ی من کۆتری ئاشتی چکۆله‌ و جوانی پێوه‌ دوورابوو. قه‌راخی سوخمه‌که‌ش، گۆبه‌رۆکی زێڕ و زیوی پێوه‌ بوو، که‌ ده‌بریسکایه‌وه‌. به‌ سه‌ر هه‌موو جله‌کانیشه‌وه‌، چه‌ند بڵێی خشڵ هه‌ڵگیرابوو. پێڵاوگه‌لێک، که‌ له‌پێی کچه‌کاندا بوون، هێندێ جار به‌ پاژنه‌ی پلاستیکی، نه‌خشێنراوبوون. پێنج کچه‌که‌، که‌ سه‌ریشیان نه‌به‌ستبووه‌، به‌ چه‌ند شێوه‌یه‌کی جیاواز هه‌ڵپه‌ڕکێیان کرد. له‌ کاتی هه‌ڵپه‌ڕیندا ده‌ستی یه‌کیان ده‌گرت. ئه‌م ده‌ستگرتنه‌، بۆ نموونه‌، له‌ کن کچانی هیندوستانی، هه‌رگیز نابینرێت. شێوه‌ی پێدانان و هه‌نگاونانی سه‌ماکه‌ تا ڕاده‌یه‌ک یه‌ک جۆره‌، به‌ڵام ڕێکوپێک و له‌ سه‌ر ئاوازه‌. ئه‌و کچانه‌ی دیکه‌، که‌ ڕاوه‌ستابوون و ته‌ماشایان ده‌کرد، ده‌ستیان کرد به‌ چه‌پڵه‌لێدان و هه‌ڵپه‌ڕکێکه‌رانیان به‌ ده‌نگی به‌رز و هاتوهاوار و غه‌ڵبه‌غه‌ڵب، گه‌رم ده‌کرد. جارجاریش سه‌یرێکی باوکمیان ده‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن هه‌ڵوێستی چییه‌، بێگومان پێیان باش بوو. له‌ناکاو کچێکی ڕند و به‌ده‌و ڕاوه‌ستا و سترانێکی خه‌باتگێڕیی سیاسی چڕی و ئه‌وانی دیکه‌ش بۆیان سه‌نده‌وه‌ و بوون به‌ کۆرس بۆی و ناوبه‌ناویش گۆرانییه‌که‌یان ده‌بڕی، بۆ ئه‌وه‌ی بابژییه‌کی عه‌بدولکه‌ریم قاسم بکه‌ن و پاشان بۆ ئاشتی و یه‌کیه‌تی گه‌ل و جارێکی دی بۆ قاسم و ئه‌وجا بۆ ئاشتی و پاشان بۆ کۆمار و بۆ برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب و له‌ دواییشدا دیسان بۆ ئاشتی، بابژی ده‌کرا. ئیدی کاتی ئه‌وه‌ هات، که‌ باوکم شتێک بڵێت. ئه‌و وای به‌ باش زانی، که‌ هه‌ندێک گۆڕان پێویسته‌، بۆیه‌ وشه‌ی "ئازادی" ناو برد. ئه‌وجا ده‌نگ و هاواری کیژان، بێسنوور و بێکۆتایی بوو. باوکم گوتی:"که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵ باسی به‌سه‌رهات و بینینه‌کانم له‌ کوردستان بۆ لاوانی سوێدی ده‌گێڕمه‌وه‌"، به‌ دوویدا شه‌پۆلی ده‌نگی به‌رز و قاڵه‌ و هاوار به‌رز بووه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر کچه‌کان بیانتوانیبا باوکم هه‌ڵگرن و به‌رزبکه‌نه‌وه‌ بۆ ئاسمان، بێگومان ده‌یانکرد. نه‌سرین، کچێک بوو له‌و نێزیکانه‌ ڕاوه‌ستابوو. سه‌رپێییه‌کانی له‌ پێ داکه‌ند و دایانی به‌ من. منی گه‌وج و ده‌به‌نگیش سه‌رگۆناکانیم ماچ کردن و ئه‌وه‌ش، بوو به‌ هۆی تێز و گاڵته‌ی هه‌مووان و کچه‌کانیش ده‌ستیان کرد به‌ هاوار و چه‌پڵه‌لێدان و کچه‌که‌ش ماچه‌کانمی گێڕایه‌وه‌ و ماچی کردم. ئه‌وجا بردیانین بۆ ژووری پۆلێکی دی و "نویبه‌ری"، له‌ نێوان کچانی گه‌نجتردا، که‌ له‌ نێوان 12 و 16 ساڵاندا بوون، خۆی بینییه‌وه‌ و ده‌وره‌ درابوو. پێشتریش له‌ نووسینگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر، له‌گه‌ڵ سێ مامۆستای شۆخ و جواندا، که‌ بانگهێشتنی قاوه‌ و "چای ترش"یان کردین، دانیشتین. پرسیاری ئه‌وه‌یان لێ کردین، که‌ ده‌مانه‌وێ گوێ له‌ چ وانه‌یه‌ک بگرین؟ نویبه‌ری گوتی:"به‌ ته‌واوی ئاره‌زووه‌وه‌، مێژوو".

وانه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ مێژوو:
چووینه‌ ژووری پۆلێکه‌وه‌. مامۆستاکه‌ له‌و کاته‌دا خه‌ریک بوو ئیملا(دیکته‌)ی به‌ خوێندکاره‌کان ده‌کرد. ئیملای زۆر و له‌به‌رکردنی زۆر، له‌ وڵاتێکی وه‌ک عیراقدا، نیشانه‌ی نه‌بوونی کتێبی خوێندن بوو. هه‌موو ده‌فته‌ره‌کان به‌ خێرایی، خرانه‌ نێو ته‌خته‌کانه‌وه‌ و وانه‌یه‌کی ئاسایی، وه‌ک نموونه‌ و پێشاندان، به‌ عه‌ره‌بی ده‌ستی پێ کرد. مامۆستاکه‌ گوتی:"ته‌نی له‌ پۆله‌ پله‌نزمه‌کاندا، به‌ کوردی وانه‌ ده‌گوترێته‌وه‌. بۆ پۆلی پله‌ی به‌رز هیچ کتێبی خوێندن به‌ کوردی نییه‌". مامۆستا کۆمه‌ڵێک پرسیاری له‌مه‌ڕ ئاشووری و بابیلی و ئه‌که‌دی و سۆمه‌رییه‌کان کرد. ده‌ستی کچان به‌ کۆمه‌ڵ به‌رز بوونه‌وه‌ و وه‌رامه‌کانیش گورج و خێرا و به‌ ڕوونی ده‌درانه‌وه‌. مخابن بۆمان ڕێکنه‌که‌وت، لێدوان و بۆچوونی مامۆستاکه‌ خۆی له‌باره‌ی دیرۆکی نوێوه‌ ببیسین. یه‌ک خوێندنگه‌ی دیکه‌ش گه‌ڕاین و ئیدی پێمانوابوو ته‌واوی خوێندنگه‌کانی سلێمانیمان، که‌ سه‌رجه‌م 40 دانه‌ بوون، دیوه‌. له‌و خوێندنگه‌یه‌ی دیکه‌، که‌ چووین، کچه‌کان به‌ پێشکۆشی سپییه‌وه‌ و به‌ ڕێکوپێکی، به‌ ده‌وری مێزێکدا ڕاوه‌ستابوون. مێزه‌که‌ سێ ده‌فری له‌ سه‌ر بوو و له‌نێو ده‌فره‌کانیشدا، بسکویت، هێلکه‌ و ڕۆن و کێکێکی به‌ شه‌کر، هه‌بوون. ئه‌و کاره‌یان به‌ بۆنه‌ی کۆتایی تاقیکردنه‌وه‌وه‌ کردبوو. له‌ هه‌ر یه‌ک له‌و خۆراکانه‌، شتێکمان خوارد. له‌ دواییدا و له‌ ژووری نیگارکێشان، هه‌مدیس تووشمان بوو به‌ تووش "شه‌وقی" گۆناسێوینه‌وه‌، که‌ تکای ده‌کرد و ده‌یگوت:"ده‌مه‌وێ بخوێنم، ده‌مه‌وێ فێربم". پاشان باوکم به‌ نائومێدییه‌وه‌ پرسیاری کرد، که‌ ئایا ده‌توانین سه‌ردانی کتێبفرۆشییه‌ک بکه‌ین!. ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ ڕووخۆشانه‌ له‌گه‌ڵماندا بوون، داخوازییه‌که‌ی باوکمیان به‌جێهێنا و چووینه‌ تاکه‌ گه‌نجینه‌یه‌کی کتێب، که‌ له‌و شاره‌دا هه‌بوو و له‌وێ ڕاوه‌ستاین و ده‌ستمان کرد به‌ ڕووپه‌لهه‌ڵدانه‌وه‌ و تێڕوانینی کتێبی کوردی. ئه‌نجامێکی، که‌ پێی گه‌یشتین، ئه‌وه‌ بوو، که‌ کتێبخانه‌ی کوردیمان، زۆر هه‌ژار هاته‌ به‌رچاو. زۆرینه‌ی کتێبه‌کان چ کتێبی شیعر و چ کتێبی سیاسی، کۆمۆنیستانه‌ بوون. له‌بری کتێب، کڵاوی کوردیمان کڕی. کڵاوی کوردی یه‌کێکه‌ له‌ نموونه‌ هه‌ره‌جوانه‌کانی کاری ده‌ستیی کوردی. کاتژمێری چوار، گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ میوانخانه‌که‌. دوو مامۆستای کچ و کچێکی دیکه‌، به‌ ناوی "جه‌میله‌" له‌وێ ڕاوه‌ستابوون. "جه‌میله‌" ده‌ستێک جلی کوردی له‌ باوه‌ش گرتبوو. جله‌کانی به‌ دیاری بۆ من هاوردبوو. مخابن پاشتر ئه‌و ده‌سته‌ جله‌م له‌ ئه‌ڵمانیا لێ دزرا. مامۆستا کچه‌کان و جه‌میله‌، منیان له‌ته‌ک خۆیاندا برد بۆ بانگهێشتنێکی چای و له‌وێ فێری هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌ک بووم و له‌گه‌ڵ چوار کچدا هه‌ڵپه‌ڕیم. به‌رانبه‌ر به‌و فیربوونی هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌، منیش گۆرانی "ئاخ گه‌رمێنی جوان"م بۆ چڕین[6]. ئه‌وجا کاتی خۆراوابوون چووینه‌ سه‌رچنار. که‌ چیاکانی وه‌ک پشکۆ ده‌هاتنه‌ به‌رچاو. پاشان باوکم و من لای خانوویه‌کی به‌ردین گلدراینه‌وه‌. خانووه‌که‌ تابلۆیه‌کی نیۆنی له‌ سه‌ر هه‌ڵواسرابوو و لێی نووسرابوو: خه‌بات.

باره‌گای بارزانی:
ئێمه‌ ئه‌و خانووه‌مان به‌ قاوه‌خانه‌ یا جێگه‌ی خڕبوونه‌وه‌ی لاوان زانی. کورد له‌ هه‌موو جۆره‌ ته‌مه‌نێک له‌ سه‌ر پلیکانه‌کان دانیشتبوون. کوردێکی درێژ هات و به‌ توندی ده‌ستمی گوشی و به‌ ئینگلیزی گوتی:"شه‌وباش Good night". منیش به‌ گاڵته‌وه‌ گوتم:"ده‌تانه‌وێت هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بڕۆن؟". تومه‌ز ئه‌وه‌ ته‌نێ سڵاو و به‌خێرهێنانه‌. له‌ ژووره‌ درێژ و باریکه‌که‌دا، ئه‌م وێنانه‌ هه‌ڵواسرابوون: له‌ نێوه‌نددا ژنێکی کورد، که‌ به‌ پیر و لاوانی کورد ده‌وره‌درابوو. ده‌رکه‌وت ئه‌وانه‌ شه‌هیدن و له‌ ڕێی خه‌باتدا دژ به‌ ئیمپریالیزم و بۆ مافی کورد شه‌هید بوون. له‌ولاوه‌ وێنه‌یه‌کی ماوتسی تۆنگ - له‌و سه‌رده‌مه‌دا وا نێو ده‌برا- و یه‌کێکی لێنین هه‌ڵواسرابوون. ئێمه‌ له‌ نێو باره‌گای "پارتیی دیموکراتیی کورد"ی تازه‌دامه‌زراوی[7] مه‌لا مسته‌فای بارزانیدا بووین. له‌وێ تووشی لێپرسینه‌وه‌یه‌کی ورد بووین له‌ باره‌ی سوێده‌وه‌.
-          ئێوه‌ له‌ هیچ په‌یمانێکی سه‌ربازیدا ئه‌ندامن؟
-          نا.
-          هیچ وه‌گه‌ڕخستن و سه‌رمایه‌گوزارییه‌کی بیانی له‌ وڵاتی ئێوه‌دا هه‌یه‌؟
-          نا.
-          چه‌ند پارتیتان هه‌ن؟
-          پێنج، هه‌موویانمان ژمارد.
-          چه‌ند کۆمۆنیستتان هه‌ن؟
-          تا ڕاده‌یه‌ک که‌م.
-          بۆچی؟
-          له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی جڤاکییه‌ی، که‌ هه‌مانه‌، له‌ شێوه‌ و فۆرمێکی دیکه‌، که‌ ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین ده‌مانکاته‌ پاشکۆی هێزیکی دیکه‌، بۆ ئێمه‌ باشتر ده‌گونجێت. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بین و به‌ ئاشتی بژین.
-          ده‌ی که‌واته‌ ئێوه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن؟
-          به‌ڵێ، به‌ڵام تا پێش سه‌دساڵێک ئێمه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک وڵاتێکی پاشکه‌وتوو بووین. که‌س ئه‌م باسه‌ی نه‌ژنه‌فتبوو و هه‌موو دڵنه‌وایی خۆیان ده‌کرد و دڵ پڕ له‌ ئومێد بوون و پێیان سه‌یر بوو.
وه‌ک کۆتاییهێنانێک به‌ سه‌ردانه‌ تایبه‌تییه‌ که‌مخایه‌نه‌که‌مان بۆ سلێمانی، تاکسییه‌کمان گرت و چووین بۆ لای به‌نداوه‌که‌ی ده‌ربه‌ندیخان. ده‌شت و وشکاییه‌که‌، کاره‌ساتاوی ده‌هاتنه‌ به‌رچاو، نه‌رمه‌به‌ردی سه‌ر ڕێگه‌ی ئۆتۆمبیله‌که‌، ده‌بوونه‌ هۆی وریاکردنه‌وه‌ی مرۆڤ. به‌ره‌و ژوور به‌ نێو تونێلێکی درێژدا، که‌ هێشتا ته‌واو نه‌کرابوو و فرانسییه‌کان له‌ کاتی شۆڕشدا به‌جێیانهێشتبوو، ڕۆیشتین تا زنج و کۆڵێت و خێوه‌ته‌کانی ئه‌وبه‌رمان وه‌دی کرد و ده‌نگی زه‌نگێکی بڵند و ترسناکمان ژنه‌وت. به‌نداوه‌که‌، که‌ له‌ سه‌ر چه‌می سیروانه‌، له‌ لایه‌ن سێ به‌ڵێنده‌ری ئه‌مه‌ریکایی و ده‌سگایه‌کی ئه‌ڵمانی و کۆمه‌ڵێک ئه‌ندازیاره‌وه‌، که‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ و وڵاتی جیاوازن، ئه‌نجام ده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌له‌کتریک، بۆ باکووری عیراق دابین بکرێت. له‌ نێو ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکه‌ی ئه‌و وڵاته‌ جیاوازانه‌دا، یۆگوسلاڤییه‌ک وه‌ده‌رکه‌وت و به‌ نێو خێوه‌تگه‌که‌دا له‌ "کامه‌لا"[8] گێڕاینی. خێوه‌تگه‌که‌ له‌ کۆمه‌ڵێک کۆڵێت و زنجی خنجیلانه‌ی سپیی ژماره‌دار پێکهاتبوو. خێوه‌تگه‌که‌ به‌ چوارده‌وری مه‌له‌وانگه‌یه‌کدا بوو و  پیاده‌ڕێیه‌ک و کۆمه‌ڵێک داری به‌ ده‌وردا بوون و ده‌رکه‌یه‌کی هه‌بوو له‌ تاقی سه‌رکه‌وتن ده‌چوو! هه‌ر زنج و کۆڵیتێک، دوو ناندین[9] و دوو گه‌رماوی هه‌بوون. فڕۆکه‌وانه‌ ئه‌ڵمانییه‌کان و دوو ئه‌ڵمانی دیکه‌ و سه‌یدا "کرێگه‌ر" و ئێمه‌، ڕۆیشتین بۆ کۆشکی جێگری سه‌رۆکی ئه‌ندازیاران، که‌ به‌نداوه‌که‌ی پێشانداین. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌مه‌ڕ به‌نداوه‌وه‌ هیچ زانیارییه‌کی نه‌بێت، فریو ده‌درێت و تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ک شتێکی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌یی دێته‌ به‌ر چاو، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌یه‌، که‌ کارگه‌ره‌ کورده‌کان به‌ گاڵته‌وه‌ ده‌یڵێن، که‌ لاندۆڤه‌رێکی بچووک کوڕی لاندرۆڤه‌رێکی گه‌وره‌یه‌. ئه‌مه‌ ئه‌ندازیارێکی ئه‌ڵمانی گێڕایه‌وه‌، نه‌ک وه‌ک نیشانه‌ی ئاره‌زووی گاڵته‌ و شۆخی له‌ کن کوردان، به‌ڵکه‌ بۆ سه‌لماندنی، دواکه‌وتوویی و به‌جێماوییان له‌ بواری ته‌کنۆلۆژیادا!!

له‌ ژێر ئاسمانی پڕ ئه‌ستێره‌ی کورده‌واریدا:
گوتوبێژ و ده‌مه‌ته‌قه‌ی کاتی شیوخواردنی نێو خێوه‌ته‌که‌ی، که‌ بۆمان دانرابوو تێیدا بنووین، شێوه‌یه‌کی جیاوازی هه‌بوو له‌وه‌ی باره‌گای خه‌بات له‌ سه‌ره‌وه‌. لێدوان و باسه‌کان له‌ باره‌ی خه‌ڵاتی نۆبێله‌وه‌، که‌ "پاسترناک" وه‌ریگرتبوو و له‌ باره‌ی ئه‌ده‌بی یۆگوسلاڤی و له‌مه‌ڕ تفاق و ناوماڵه‌ڕیکخستن و له‌ باره‌ی وازهێنانی"ڤۆڵفگانگ له‌ییۆنهارد"ی  کۆمۆنیست و له‌مه‌ڕ مانگ و ماتماتیک و له‌مه‌ڕ ده‌سته‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکاییه‌وه‌، که‌ بڕوایان به‌ خڕیی گۆی زه‌وی نییه‌ و له‌ باره‌ی کورده‌وه‌ و له‌مه‌ڕ زۆر شتی پێکه‌نیناوی دیکه‌وه‌، بوون. حه‌وته‌وانه‌ به‌ سه‌ر سه‌رمانه‌وه‌ بوو و ئاسمانیش به‌ ئه‌ستێره‌کانییه‌وه‌، له‌ هه‌موو شه‌وێکی به‌غدا ڕوونتر ده‌دره‌وشایه‌وه‌. سۆزی[10]ی داهاتوو به‌ فڕۆکه‌یه‌کی "VW"ی چکۆله‌  و به‌ به‌رزیی 600 میتر و له‌گه‌ڵ "کاپتن ڤایس"دا، به‌ سه‌ر کوردستاندا، به‌ سه‌ر ڕێگه‌ شاخاوی و نشێو و دۆڵ و چه‌م و ڕووبار و ئاوه‌ڕۆ و کێڵگه‌ی چوارگۆشه‌ی پێده‌شته‌کاندا و به‌ره‌وخوار بۆ بێئاوانه‌کان،  فڕین و  به‌ره‌و به‌غدا شۆڕبووینه‌وه‌. فڕۆکه‌وانه‌که‌ گوتی:"هیچ خۆش نییه‌، مرۆڤ ڕۆژی دوو گله‌ت به‌م ڕێگه‌یه‌دا بفڕێت و بێت و بچێت". که‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ ماڵێ، "پاکیزه‌ ئه‌ڕڕاوی"، که‌ به‌ "حیلمی" به‌نێوبانگه‌ له‌گه‌ڵ خوشکه‌که‌یدا چاوه‌ڕوانمان بوون. پاکیزه‌، خه‌ریکبوو "ئاڤێستا"ی وه‌رده‌گێڕایه‌ کوردی. باوکم ده‌ستی به‌ خوێندنی وانه‌ کوردییه‌کانی کرده‌وه‌. که‌ باوکم سه‌فه‌ری کرد و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سوێد، ئێمه‌ تا ئه‌وده‌مه‌ی هه‌ل و ده‌رفه‌تمان هه‌بوو، به‌رده‌وام هاتوچۆی کوردانمان ده‌کرد. دوائێواره‌یش، پێش ئه‌وه‌ی له‌ مارسی 1961دا، عیراق به‌جێ بهێڵین، سه‌رکرده‌یه‌کی کورد و سه‌رکرده‌یه‌کی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بمان بانگهێشتنی ماڵ کرد، به‌ڵام دواتر ئیدی وای لێهات، وه‌ها کارێک سه‌خت بێت و به‌ هیچ جۆرێک نه‌کرێت. ڕه‌وشی کورد له‌ عیراقدا به‌ شێوه‌یه‌کی له‌به‌رچاو و خراپ گۆڕا و جه‌نگی خوێناوی براکوژی هه‌ڵگیرسا. باوکم له‌ پشتیوانی و خۆشویستنی کورددا، هه‌رچه‌ندی پێی کرا له‌ ماڵ له‌ ئوپسالا، به‌رده‌وام خه‌ریک بوو. منیش پێوه‌ندێکی چڕ و به‌هێزم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی جیهانیی کوردستاندا، که‌ پێگه‌که‌ی له‌ ڕۆتردام بوو، هه‌بوو. له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌وه‌ و به‌رده‌وام، هه‌موو زانیاری و ئاگادارییه‌کم له‌مه‌ڕ کورد، ده‌ستده‌که‌وت و پێم ده‌گه‌ییشت. ئه‌وده‌مه‌ خه‌ڵکی سوێد به‌ ده‌گمه‌ن ده‌یانزانی گه‌لێک به‌ ناوی کورد هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وڕۆ گه‌لێک کوردمان، چ وه‌ک هاووڵاتیی سوێد و چ وه‌ک میوان، له‌ نێواندایه‌. بلا ئه‌م کوردانه‌ وا هه‌ست بکه‌ن له‌ ماڵی خۆیاندان و شتێک به‌ فه‌رهه‌نگی ئێمه‌ پێشکه‌ش بکه‌ن و جارێکیش له‌ جاران، وه‌ک پێزانین و دیارییه‌ک، ئاوڕێک له‌ دوو دۆستی گه‌وره‌ی کورد، له‌ نێو توێژه‌ره‌ سوێدییه‌کاندا بده‌نه‌وه‌ و یادێکیان لێ بکه‌نه‌وه‌. ئه‌و دوو توێژه‌ره‌وه‌ش، یه‌کێکیان پرۆفێسسۆر "ستیگ ڤیکانده‌ر"ه‌[11]، که‌ به‌م تازه‌یه‌ کۆچی دوایی کرد و ئه‌وی دیکه‌یشیان پرۆفێسسۆر "هۆ. ئێس، نویبه‌ری" باوکمه‌، که‌ تا ساڵی 1974 له‌ ژیاندا بوو. ئه‌وان هه‌ردووکیان به‌ گه‌رمی هاوبه‌شیی چاره‌نووسی کوردیان کرد و به‌ توێژینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی زمان و مێژوویانه‌وه‌ خه‌ریکبوون و له‌گه‌ڵیشیاندا هاوده‌ردبوون.

سه‌رچاوه‌: ئه‌م گوتاره‌ یه‌که‌م جار له‌ گۆڤاری"Svensk-kurdisk Journal" ی ژماره‌ 1-2ی ساڵی 1986دا، که‌ له‌ لایه‌ن"کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگیی سوێد- کوردستان"ه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و زستانی 1987 کراوه‌ته‌ کوردی.





     



[1] هۆ. ئێس. نویبه‌ری(H.S.Nyberg) : هه‌نریک سامۆیێل نویبه‌ری، له‌ 28/12/1889 له‌ "سوێده‌ربێرکه‌" له‌ سوێد له‌دایک بووه‌ و ساڵی 1974، کۆچی دوایی کردووه‌. ساڵی 1908 بۆ خوێندنی ڕۆژهه‌ڵاتناسی و زمان چووه‌ته‌ زانستگه‌ی ئوپسالا و بووه‌ به‌ شاگردی "که‌ی. ڤی. سێتته‌شتێن K.V. Zettersten"، مامۆستای به‌ناوبانگی زمانانی سامی  و پاشانیش بووه‌ به‌ جێگری ئه‌و له‌ هه‌مان زانستگه‌دا. ساڵانی 1924-1925 له‌ مسر خوێندوویه‌تی. له‌ 1931-1956 پرۆفێسسۆری زمانانی سامی بووه‌ و پاشانیش بووه‌ به‌ پرۆفێسسۆری زمانانی ئێرانی و له‌ بواری ئێرانناسیدا له‌مه‌ڕ ئایین و مێژوو وزمانه‌وه‌ و به‌ تایبه‌ت زمانی په‌هله‌وی، کارێکی زۆری کردووه‌. بواری سه‌ره‌کی توێژینه‌وه‌ و لێکۆلینه‌وه‌ی ئه‌و، زمانانی سامی، به‌ تایبه‌ت زمانی عه‌ره‌بی بووه‌. له‌ ساڵی 1948ه‌وه‌، ئه‌ندامی ئه‌کادیمیای سوێدی بووه‌. ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی"ئینسکلۆپێدیای ئیسلامی" بووه‌. ساڵی 1957 له‌ لایه‌ن کۆنگره‌ی جیهانی ڕۆژهه‌ڵاتناسانه‌وه‌ مه‌دالیای زێڕینی "Lidzbarski"، وه‌رگرتووه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌ بواری زمان و ئایین و ئێرانناسیدا زۆر خه‌ریک بووه‌ و کاری کردووه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 1960دا و له‌ ته‌مه‌نی 70 ساڵیدا، بۆ یه‌که‌م جار سه‌ردانی ئێرانی کردووه‌ و ساڵی 1963یش بۆ جاری دووه‌م سه‌ری ئێرانی داوه‌ته‌وه‌. مامۆستا و زانا و زمانه‌وان و توێژه‌ره‌وه‌یه‌کی دیار و ناسراو بووه‌.(وه‌رگێڕ).
 مه‌به‌ست "پاکیزه‌ ڕه‌فیق حیلمی"یه‌.(وه‌رگێڕ)[2]
[3] "ئیسه‌" ناوی کچه‌که‌ی "سیگرید کالله‌"ی نووسه‌ری ئه‌م گوتاره‌یه‌ و بۆ خۆیشی کچی "هۆ. ئێس. نویبه‌ری"یه‌.(وه‌رگێڕ).                                                                                                                      
 مه‌به‌ست "شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ"ه‌.(وه‌رگێڕ)[4]
[5] له‌و سه‌رده‌مه‌دا و تا ئێستاش شتێک به‌ ناوی وه‌زاره‌تی مه‌عاریف له‌ سلێمانی نه‌بووه‌ و نییه‌. بێگومان نووسه‌ر مه‌به‌ستی کارگێڕیی مه‌عاریفی ئه‌و کاته‌ بووه‌.(وه‌رگێڕ).                                                    
  گۆرانییه‌کی میللی ناوچه‌ی ڤه‌رملاند(گه‌رمێن)ی سوێده‌.(وه‌رگێڕ).[6]
[7] "پارتیی دیموکراتی کورد"ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ئه‌و کاته‌ ساز نه‌کراوه‌، به‌ڵکه‌ له‌ ساڵی 1946ه‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌و ده‌مه‌دا مۆڵه‌تی کارکردنی ئاشکرای دراوه‌.(وه‌رگێڕ).
[8] نووسه‌ر وشه‌که‌ی به‌و جۆره‌ نووسیوه‌، به‌ڵام ناوێکی ئاوها، که‌سانی شاره‌زای ئه‌وێیش نایناسن. ڕه‌نگه‌ خاتوو سیگرید، وشه‌ی "کامپ"ه‌که‌ی به‌ر گوێ که‌وتبێت و وای نووسیبێت.(وه‌رگێڕ).
[9] واته‌: چیشتخانه‌، خواردنگه‌، خارنگه‌، ئاشخانه‌، ئاشپه‌زخانه‌، شیوگه‌، چێشتگه‌، ئاشگه‌، مووبه‌ق، متبه‌ق، مه‌تبه‌خ(مطبخ). (وه‌رگێڕ).
 واته‌: به‌یانی، سبه‌ینێ.(وه‌رگێڕ).[10]
[11] "ستیگ ڤیکانده‌ر"، ساڵی 1908 له‌دایک بووه‌. پاش ئه‌وه‌ی له‌ زانستگه‌کانی ئوپسالا و کۆپنهاگن و پاریس خوێندوویه‌تی، له‌ ساڵی 1938دا له‌ زانستگه‌ی ئوپسالا، دوکتۆرای وه‌رگرتووه‌ و له‌ ساڵی 1941دا پله‌ی "دۆسێنت"ی له‌ زانستگه‌ی "لووند"، دراوه‌تێ و له‌ ساڵی 1952دا له‌ زانستگه‌ی ئوپسالا بووه‌ به‌ پرۆفێسسۆر و  له‌ بواری سانسکریت و توێژینه‌وه‌ی به‌راورد، له‌ زمانه‌ هیندۆئه‌وروپاییه‌کاندا کاری کردووه‌. بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ له‌ لوبنان و سووریا ژیاوه‌. له‌ ساڵانی 1953 و 1959 و 1962-1963دا له‌ تورکیا ژیاوه‌. پاییزی 1958 له‌ ئه‌کادیمیای "ئۆبوو" و "تورون ئیلیۆپیستو" له‌ فینلاند، ده‌رسی گوتووه‌ته‌وه‌. بێجگه‌ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی زمانه‌وانی و مێژووی ئایین، نووسینی له‌مه‌ڕ چیرۆکی شیعریی هیندی و ئه‌فسانه‌ی هیندی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌. کۆمه‌ڵێک تێکستی کوردی کۆکردووه‌ته‌وه‌ و له‌ کتێبێکدا به‌ ناوی"Recueil des textes Kourmandji"،  له‌ ساڵی 1959دا، له‌ زانستگه‌ی ئوپسالا بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌. ساڵی 1986 کۆچی دوایی کردووه‌.

Saturday, September 13, 1986

ڕۆڵی نوێی ژن، هێزی کوردستانه‌

ڕۆڵی نوێی ژن، هێزی کوردستانه‌

ئاماده‌کردنی: فه‌رهاد شاکه‌لی.
وه‌رگێڕانی له‌ سوێدییه‌وه‌ بۆ کوردی: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.


 هێنی هاراڵد هانسن، فه‌رهه‌نگ - ئه‌نترۆپۆلۆگی[1] دانمارکی، یه‌کێکه‌ له‌ دانه‌رانی بنه‌مای توێژینه‌وه‌ی مرۆڤناسی، له‌مه‌ڕ شوێن و پایه‌ی ژن له‌ فه‌رهه‌نگی ئیسلامیدا. لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌کانی له‌باره‌ی ژیانی ژنه‌وه‌ له‌ عیراق و کوردستان له‌ دوو کتێبی هێژادا بڵاوکردووه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌مانه‌ن:                                                              
 *ژیانی ژنی کورد The kurdish woman’s life
 *پشکنین له‌ گوندێکی شیعه‌دا  Investigations in ashi’a Village
له‌ ده‌ستپێکدا به‌ توێژینه‌وه‌ی ئه‌تنۆگرافییه‌وه‌[2] خه‌ریک بووه‌ له‌ باره‌ی جل و پۆشاکه‌وه‌ و واتا و گرنگییان، به‌ڵام پاشان ده‌ستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی جڤاکناسی و ئه‌نترۆپۆلۆگی فه‌رهه‌نگیی له‌باره‌ی ڕۆڵی ژنه‌وه‌ له‌ نێو ئیسلامدا، کردووه‌. له‌ نێزیکه‌وه‌ توانیویه‌تی له‌ گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی ژنی کورد و ئاگایی سیاسیی و هاوبه‌شیی له‌ خه‌باتدا بۆ کوردستانێکی ئازاد، ئاگادار بێت.
 * نێزیکه‌ی 28 ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ئێوه‌ بۆ دواجار له‌ کوردستان بوون، گه‌شته‌که‌تان بۆ ئه‌وێ چ واتا و گرنگییه‌کی هه‌بوو بۆ خۆتان و بۆ کاری زانستیی ئێستاتان؟
- زۆر ڕاسته‌، من پێش 28 ساڵ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م بۆ ڕه‌خسا، به‌ ئه‌ندامیه‌تیی ده‌سته‌یه‌کی دانمارکی بۆ پشکنین و لێنۆڕینی دووکان، ماوه‌ی پێنج مانگێک له‌ کوردستانی عیراق بمێنمه‌وه‌. مانه‌وه‌شم له‌وێ له‌ شێوه‌ی هاوبه‌شیی و چاودێریی مه‌یدانیدا بوو، که‌ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی، مرۆڤ ده‌بێ له‌و ژینگه‌یه‌دا، که‌ ده‌یه‌وێت لێی بکۆڵێته‌وه‌، بژی و  له‌و حاڵه‌ته‌ی مندا ده‌یکرده‌ ئه‌وه‌ی، له‌ نێو ژنانی موسوڵمانی سوننی کورددا بژیم و هه‌وڵی ڕوونکردنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ و ڕاڤه‌کردنی شوێن و پایه‌یان له‌ ماڵ و له‌ نێو کۆمه‌ڵ و هه‌روه‌ها له‌ نێو ئایینی ئیسلامدا بده‌م. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ئه‌و یه‌که‌مجار و (دواجاری) چاوپێکه‌وتنه‌م له‌گه‌ڵ ژنی کوردستانی عیراقدا چ گرنگییه‌کی هه‌بوو بۆ خۆم به‌ تایبه‌تی و چ کارێکی کرده‌ سه‌ر کاره‌ زانستییه‌کانم، ده‌توانم ته‌نێ ئه‌وه‌ بڵێم، که‌ ئه‌و به‌یه‌کگه‌یشتن و تێکه‌ڵاوبوونه‌م له‌گه‌ڵ ژنی ئیسلامدا و به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ژنی کورددا، زۆر به‌ نرخ و کاریگه‌ر و پڕواتا بوو بۆ هه‌موو کارێکی دواترم له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا. من یه‌که‌م ژنێکی دانمارکی بووم، که‌ خوێندبووم بۆ وه‌ی ببمه‌ ئه‌تنۆگراف(فه‌رهه‌نگ-ئه‌نترۆپۆلۆگ) و هه‌ر له‌ ده‌ستپێکڕا ئاره‌زووم له‌وه‌ بوو، له‌باره‌ی جۆره‌کانی پۆشاک و جلی گه‌لانی جیاوازه‌وه‌ بکۆڵمه‌وه‌. له‌ نێو کورده‌کانی کوردستانی عیراقدا وه‌ک ژنێک بۆم ڕه‌خسا، که‌ له‌ نێو ژناندا بژیم و تێکه‌ڵاویان ببم و له‌گه‌ڵیاندا هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌م و له‌ باره‌ی ژیانیانه‌وه‌ پشکنین و توێژینه‌وه‌ بکه‌م. مانگ له‌ دوای مانگ ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وت، که‌ چارشێو و عه‌با، که‌ جلێکی تایبه‌تن به‌ ژن، بێجگه‌ له‌وه‌ی، که‌ شێوه‌یه‌کی جلن و ئیدی بڕین و پارچه‌که‌ی هه‌ر جۆرێک بێت، چ واتا و گرنگییه‌کی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیشیان هه‌ن. ساڵی 1957، چارشێو و حه‌ره‌مسه‌را، ئه‌و شوێنه‌ی که‌ پیاوی بیانیی ده‌ره‌وه‌ی خێزانی لێ جیا ده‌کرایه‌وه‌، له‌ ناوچه‌یه‌کی وه‌ک سلێمانیدا له‌وپه‌ڕی گه‌شاوه‌ییدا بوو و له‌ باری کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ له‌ نێوان نێر و مێدا جیاوازی ده‌کرا. هه‌رچه‌نده‌ چارشێو و عه‌با له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار و له‌ گونده‌کاندا به‌کار نه‌ده‌بران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌وێش له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا له‌ نێوان پیاو و ژندا، جیاوازی هه‌بوو. ژیانی پیاو له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ نێو جڤاکدا بوو، به‌ڵام ژنان له‌ نێو چوار دیواری ماڵدا ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد. ئه‌گه‌ر ژنێکیش بیویستایه‌ سه‌ری نێزیکترین شاریش بدات، ده‌بووایه‌ چارشێو و عه‌با بپۆشێت. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئاره‌زووم له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ بوو له‌ باره‌ی جل و به‌رگه‌وه‌، کاتێک که‌ سه‌ردانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستم کرد و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی پشکنیندا چوومه‌ کوردستانی عیراق، ئیدی که‌وتمه‌ سه‌ر ئه‌و هێڵه‌ له‌ جڤاکناسیدا، که‌ ئیتر له‌ کاره‌که‌مدا له‌ به‌حره‌ین ساڵی 1960 و له‌ ئێران ساڵی 1963 و له‌ دوایشدا له‌ مسر ساڵی 1967، که‌ ماوه‌ی نۆ مانگی لێ مامه‌وه‌، پێڕۆم کرد. کاره‌ توێژینه‌وه‌ و جڤاکناسییه‌ زانستییه‌ به‌راییه‌کانم، که‌ له‌ ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌کانمدا له‌ نێو ژناندا له‌ کوردستانی عیراق وه‌دیهاتن و بنیاتنران، له‌ دوو کتێبدا به‌ ئینگلیزی  بڵاوم کردوونه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌مانه‌ن:
   The Kurdish woman’s lifeژیانی ژنی کورد.
The daughters of Allah  کچانی خوا.    
ئێستا پاش نێزیکه‌ی 30 ساڵان، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و دوو کتێبه‌ وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی و چاپ کراون[3]. من ئه‌وه‌ به‌ شه‌ره‌فێکی مه‌زن ده‌زانم، که‌ یه‌که‌م کاری توێژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسیی زانستیم و ئه‌نجامه‌کانی، ئێستا له‌ لایه‌ن نوێنه‌رانی ئه‌و گه‌له‌وه‌، که‌ باسی ژنه‌کانیان ده‌کات، ده‌خوێنرێته‌وه‌. یه‌که‌م و تاکه‌ سه‌ردانم له‌ کوردستانی عیراق و ژیانم له‌ نێو ژنانی کورددا واتایه‌کی کاریگه‌ر و گرنگی به‌ پێشکه‌وتن و کاری پاشترم به‌خشی.
* ژنانی ئیسلام(به‌ ژنی کوردیشه‌وه‌) له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ له‌ یه‌ک ده‌چن، به‌ڵام له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ جیاوازیی مه‌زن له‌ نێوان ژنانی کورد و ژنانی گه‌لانی نێزیکیدا هه‌یه‌. ئایا بینینی ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌ کاتی ده‌ستپێکردنی لێکۆڵینه‌وه‌که‌تاندا هاسان بوو بۆ ئێوه‌؟
- وه‌ک پێشتر باسم کرد، من توێژینه‌وه‌ جڤاکناسییه‌ زانستییه‌کانم له‌ نێو ژنانی کوردی کوردستانی عیراقدا ده‌ستپێکرد و ئیدی ئه‌و ژنانه‌ بۆ من بوونه‌ پێوه‌رێک، که‌ ده‌بووایه‌ ژنی ئیسلام چۆن بووایه‌ن. بێجگه‌ له‌وه‌ش دواتر بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ مێژووی سیاسیی پڕ له‌ ئه‌ندێشه‌ و ڕووداو و کاره‌ساتی کورد، چه‌شنه‌ ژنێکی تایبه‌ت و هۆشیاری له‌ نێو ژنانی ئیسلامدا چێ کردووه‌، جۆره‌ ژنێک، که‌ بێگومان له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌کانی تری ئیسلامدا، که‌ ده‌یانتوانی ژیانێکی ئاسووده‌تر و که‌مگۆڕانکاریتر له‌ باری کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ باری سیاسییه‌وه‌ بڕه‌خسێنن، وه‌دی ناکرێت. ئێستاش کۆمه‌ڵه‌ ژنێکی جوان و سه‌ربه‌رزی کوردم دێنه‌وه‌ یاد، که‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام نموونه‌ و هاوتایان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی دیکه‌دا نابینرێن.
* چۆن باسی بنگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کوردستانی باشوور(کوردستانی عیراق)دا ده‌که‌ن له‌ کۆتایی ساڵانی 1950کاندا، ئه‌و کاته‌ی که‌ ئێوه‌ چووبوونه‌ کوردستان؟
بنگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کوردستانی عیراقدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک بابه‌ت و مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه‌ی من نه‌بوو، له‌ ماوه‌ی ئه‌و پێنج مانگه‌ی که‌ له‌و وڵاته‌دا مامه‌وه‌. توێژینه‌وه‌ زانستییه‌کانی من به‌ ته‌نێ له‌مه‌ڕ شوێن و پایه‌ی ژنه‌وه‌ بوو له‌ نێو ئایین و خێزان و کۆمه‌ڵدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من وه‌ک ژن تاکه‌ ده‌رفه‌تێکم هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو ده‌سته‌ی ژناندا، سه‌رقاڵ بم و په‌سه‌ند بکرێم. وه‌کی دی ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌ کتێبه‌که‌ی فرێدریک بارت"Principles of Social Organisation in Southern Kurdistan" بنه‌ماکانی ڕێکخستنی جڤاکیی له‌ خوارووی کوردستان، بکه‌م، که‌ ساڵی 1953 ده‌رچووه‌.
* بێگومان کتێبه‌کانی ئێوه‌ له‌مه‌ڕ ژنانی کورد له‌نێو باشترین سه‌رچاوه‌کاندا داده‌نرێن له‌و بواره‌دا و هه‌روایش ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ نه‌کرێت. بۆچی هیچ لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ ئه‌نجام نادرێت؟
- هۆی ئه‌نجامنه‌دانی توێژینه‌وه‌ی زانستییانه‌ی وه‌ک ئه‌وانه‌ی من له‌نێو ژنانی کورددا، بێگومان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بار و دۆزه‌ سیاسییه‌ ئاڵۆزه‌که‌ی، که‌ له‌و کاته‌وه‌ی من له‌وێ بووم، باڵی به‌سه‌ر کوردستانی عیراقدا کێشاوه‌.
* له‌ ساڵانی 1950کاندا ژنانی کورد، کچ و ژن و دایک و خوشک بوون، به‌ڵام له‌ 1960 و 1970کاندا زێتر چوونه‌ نێو کاری سیاسییه‌وه‌ و بوون به‌ تێکۆشه‌ری ڕێگه‌ی ئازادی. ئایا چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌یان لێ ده‌کرا و ئه‌وان ئاماده‌ بوون بۆ بینینی ڕۆڵی نوێی خۆیان و ئه‌و به‌رپرسیارییه‌ی که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ چێ بوو؟
- به‌ دیتنی من، هیچ ژنێک له‌ ژنی کورد باشتر نه‌یده‌توانی ئه‌م ڕۆڵه‌ نوێیه‌ ببینێت و هیچ که‌سێکیش له‌ ژنی سه‌ربڵندی کورد باشتر نه‌یده‌توانی خه‌بات بۆ ئازادی گه‌ل بکات. من به‌و شێوه‌یه‌ ژنی کوردم ناسیوه‌.
* ئایا بیرتان له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌، له‌باره‌ی ژیانی ژنی کورده‌وه‌، به‌رده‌وام بن له‌ توێژینه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت که‌ گۆڕانکارییه‌کی زۆر و مه‌زن له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا ڕوویداوه‌؟
- ئێستاکه‌ زۆریی ته‌مه‌نم(من ساڵی 1900 هاتوومه‌ته‌ دنیاوه‌) زیاتر ڕێگه‌م لێده‌گرێت، گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ بکه‌م و کاری مه‌یدانی بکه‌م. من ده‌بێ به‌وه‌ قایل بم، که‌ خه‌ریکی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌ و که‌ره‌سانه‌ بم، که‌ کاتی خۆی هێناومنه‌وه‌ بۆ ماڵ پاش گه‌شت و پشکنینه‌کانم له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا له‌ نێوان ساڵانی 1957 و 1968دا.
* ئێمه‌ی کورد زۆر شانازی به‌ دۆستانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتمانه‌وه‌(کوردناسه‌کان) ده‌که‌ین، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا سه‌رمان له‌وه‌ سووڕده‌مێنێت، که‌ بۆچی له‌م کاته‌ ناسک و ئاڵۆزه‌ی مێژووی گه‌له‌که‌ماندا، که‌ کاتێکی دژواره‌ بۆ ئێمه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌نێوبردنمان لێ ده‌کرێت، ده‌نگیان نابیسین؟
- من گله‌ییکردن له‌ دۆستانی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، که‌ ده‌نگیان لێوه‌ نایه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد، به‌ ناسوپاسگوزاری و ناڕه‌وایی ده‌بینم. وه‌ک من ده‌یبینم له‌ ئه‌مه‌ریکا و له‌ نۆروێژ و له‌ سوێد ده‌نگیان ده‌بیسرێت.
* که‌ زانیتان کتێبه‌کانتان وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی، هه‌ستتان به‌ چی کرد؟
-  سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگێڕانی هه‌ردوو کتێبه‌که‌م: The kurdish woman’s life ,The daughters of Allah بۆ کوردی، هه‌ستم به‌ شادییه‌کی زۆر کرد و ئه‌و کاره‌شم به‌ شه‌ره‌فێکی زۆر گه‌وره‌ دانا. له‌ هه‌مان کاتیشدا یه‌که‌م پرسیارم ئه‌وه‌ بوو، ئایا من به‌ شێوه‌یه‌کی دادوه‌رانه‌ ئه‌وه‌م بۆ دۆستانی کوردم و بۆ فه‌رهه‌نگی ئه‌وان کردووه‌، که‌ سوودی وانی تێدا بێت؟ یا ئه‌وه‌ی من نووسیومه‌ به‌و شێوه‌ نرخ و بایه‌خیان هه‌یه‌ که‌ خۆم ده‌مویست؟ پرسیاری ئه‌وه‌شم له‌ خۆم ده‌کرد، که‌ ئایا من هێنده‌ تێگه‌یشتووم له‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ بینییانم و بوون به‌ دۆستم؟ و ئایا سه‌رکه‌وتووم له‌وه‌ی، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێک ئه‌و دیدار و کاریگه‌رییه‌ گه‌وره‌یه‌ی، که‌ فه‌رهه‌نگی ژنانی کورد کردوویه‌تییه‌ سه‌رم، بیگه‌یه‌نم به‌ خه‌ڵک؟ چه‌ند چه‌سپیو و له‌بیرنه‌چووه‌ یادی ئه‌و دیداره‌م له‌گه‌ڵ ژنی کورددا. قووڵترین هیوا و ئاواتیشم ئه‌وه‌یه‌، که‌ کتێبه‌کانم هه‌م ستایش و هه‌م خۆشه‌ویستیم بۆ گه‌لی کورد ده‌رببڕن.
* چ مۆچیارییه‌کتان هه‌یه‌ بۆ گه‌لی کورد به‌ گشتی و ژنی کورد به‌ تایبه‌تی؟
- بۆ گه‌لی کورد هیوای ئه‌وه‌م هه‌یه‌، بگات به‌و ئامانجانه‌ی وا خه‌باتی بۆ ده‌کات. بۆ ژنانی کوردیش ده‌مه‌وێ پێیان بڵێم، که‌ پارێزگاریی شوێن و پایه‌ی خۆیان له‌ ڕه‌وتی به‌ره‌وپیره‌وه‌چوونی ژیاندا بکه‌ن. به‌شێکی زۆر له‌ هێزی کۆمه‌ڵ له‌کن ژنانه‌. له‌ کاتێکدا، که‌ پیاوان دژی هه‌موو جۆره‌ چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ک خه‌بات ده‌که‌ن، ڕۆڵی ژن له‌ کاتێکی وا ئاڵۆزدا ڕوون و ئاشکرا دیاره‌، که‌ ده‌بێ ئاگاداری منداڵ و ئاژه‌ڵی ماڵ بکه‌ن. کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خه‌باتکار ده‌بێ به‌ره‌یه‌کی ماڵیشی هه‌بێت له‌ ژنان. ئه‌وه‌ش ڕۆڵێکی زۆر گرنگه‌ بۆ ژنی سه‌ربه‌رزی کورد.

له‌باره‌ی ژیانی هێنی هاراڵد هانسنه‌وه‌:  
ساڵی 1900 له‌دایک بووه‌. له‌ سه‌رده‌می لاویدا خه‌ونی به‌وه‌وه‌ ده‌بینی، که‌ ببێته‌ هونه‌رمه‌ند(نیگارکێش)، به‌ڵام باوک و دایکی ناردیانه‌ پاریس، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مۆده‌خانه‌یه‌کی فرانسی به‌ناووبانگدا دروومان و به‌رگبڕین بخوێنێت. له‌وێ شاره‌زاییه‌کی زۆری له‌ زانیاری مۆده‌ و شێوه‌ی بڕین و نه‌خشه‌دانان و پێشاندانی جل و به‌رگدا په‌یدا کرد، که‌ پاشان یارمه‌تییه‌کی زۆری دا، له‌ کاری زانستی و پێشکه‌وتنیدا. مێردکردن و پێکه‌وه‌نانی خێزان دایبڕی له‌ کار و بۆپێشه‌وه‌چوونی له‌و بواره‌دا. له‌ ساڵانی 1940کاندا ده‌ستی کرده‌وه‌ به‌ خوێندن و له‌ 1941دا، به‌ هۆی ئه‌و زانیارییه‌ فراوانه‌ی له‌باره‌ی جل و مۆده‌وه‌ هه‌یبوو، بوو به‌ یارمه‌تیده‌ری زانستیی به‌شی ئه‌تنۆگرافی له‌ مۆزه‌ی میللی دانمارک. دوای چه‌ند ساڵێک به‌ جله‌ مۆنگۆلییه‌ کۆکراوه‌کانی مۆزه‌که‌وه‌ خۆی خه‌ریک کرد و له‌ ساڵی 1951دا کتێبێکی به‌ ناوی: جلی مۆنگۆلی "Mongol Costumes"، نووسی. ئه‌و کتێبه‌، به‌ کارێکی بنگه‌یی ده‌ژمێردرێت چ له‌ ڕووی سیستم و چ له‌ ڕووی ئه‌تنۆگرافییه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ 1951، له‌ زانستگه‌ی کۆپنهاگن خوێندنی ته‌واو کرد و له‌ دانمارکدا بوو به‌ یه‌که‌م ژنی ئه‌نترۆپۆلۆگ. ساڵی 1954 کتێبی: "Klaededregtens Kavalkade"، (قه‌تاره‌ی پۆشاک یا ڕێڕۆی پۆشاک)ی چاپکرا. ئه‌و کتێبه‌ی له‌ هه‌موو کتێبه‌کانی زێتر بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌مووشیان زێتر خوێنراوه‌ته‌وه‌ و کتێبێکی به‌ ناووبانگی زانستییه‌وه‌ و وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر یازده‌ زمان. له‌ ساڵانی 1950کاندا ده‌ستیکرد به‌ توێژینه‌وه‌ فره‌سه‌رنجڕاکێشه‌کانی له‌باره‌ی فه‌رهه‌نگی ئیسلامه‌وه‌.هانسن، هاوبه‌شیی له‌و ده‌سته‌ ئه‌نترۆپۆلۆگییه‌دا، که‌ ساڵی 1957 نێردرابوون بۆ دووکان، کرد و له‌ 1960دا له‌ به‌حره‌ین و له‌ 1963دا له‌ لوڕستان له‌ ئێران و 1966-1967 له‌ مسر کاری مه‌یدانی ئه‌نجامداوه‌. ته‌نانه‌ت سه‌ردانی یۆگسولاڤیا و تورکیای کردووه‌ و له‌وێش کاری توێژینه‌وه‌ی، له‌ باره‌ی فه‌رهه‌نگی ئیسلامه‌وه‌، کردووه‌. له‌ زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی، که‌ بۆ پشکنین بۆی ڕۆیشتووه‌، له‌گه‌ڵ خۆیدا شتومه‌ک و که‌ره‌سه‌ی ئه‌تنۆگرافی هێناوه‌ته‌وه‌، بۆ مۆزه‌ی میللی کۆپنهاگن. ئه‌و وه‌نه‌بێ به‌ ته‌نێ ئاره‌زووی له‌ لایه‌نی ماددی بووبێت له‌ فه‌رهه‌نگی ئیسلامیدا، به‌ڵکه‌ توێژینه‌وه‌کانی هه‌موو لایه‌نه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کان ده‌گرنه‌وه‌، به‌ تایبه‌تییش شوێن و جێگه‌ی ژنی ئیسلام، هه‌م له‌ لایه‌نی ئایین و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ و هه‌م له‌ لایه‌نی سیاسییه‌وه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ش، که‌ له‌ بواری توێژینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌کانیدا یارمه‌تی داوه‌، ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ ئه‌و بۆ خۆی له‌ لایه‌که‌وه‌ ژن بووه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ چووبووه‌ نێو ساڵه‌وه‌. کاتێک که‌بۆ یه‌که‌م جار به‌شداریی کاریی مه‌یدانی کرد، ته‌مه‌نی 57 ساڵ بوو. ئه‌و دوو هۆیه‌، به‌ چاکی و ڕێکوپێکی کۆمه‌کیان پێ کرد، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی کارا و هاسان بچێته‌ نێو جیهانی ژنی ئیسلامه‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ مه‌یدانێکی داخراو بوو بۆ هه‌ڤاڵ و هاوکاره‌ پیاوه‌کانی. به‌ هۆی چه‌ند ساڵێکی خه‌ریکبوونی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌وه‌ له‌باره‌ی ژنی ئیسلامه‌وه‌، ده‌ڵێت:"تێگه‌یشتن و هه‌ڵسه‌نگاندنمان، بۆ نموونه‌، له‌باره‌ی به‌کاربردنی چارشێوه‌وه‌، یا له‌باره‌ی سیستمی حه‌ره‌مسه‌راوه‌، هه‌ڵه‌ بووه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ، به‌هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و به‌هه‌ڵه‌شیکردنه‌وه‌ و به‌هه‌ڵه‌لێنۆڕینمان له‌ شته‌کان". ئه‌مه‌ش له‌ هه‌ردوو کتێبه‌که‌یدا:   1971 The kurdish woman’s life   (ژیانی ژنی کورد)  و 1968Investigations in ashi’a Village (پشکنین له‌ گوندێکی شیعه‌)دا، ده‌رده‌که‌وێت، که‌ له‌وێدا له‌ ڕۆڵی ژن، له‌ ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و سیاسییه‌وه‌ له‌ ئایینی ئیسلامدا، ده‌دوێت. سه‌ره‌ڕای کاره‌ ئه‌نترۆپۆلۆگییه‌ مه‌یدانییه‌ گرنگه‌کانی و چه‌ند ساڵێکی توێژینه‌وه‌شی له‌ باشووری ڕۆژاوای ئاسیادا، ماوه‌ی 25 ساڵ زیاتر هاوکار و یاریده‌ری زانستیی مۆزه‌خانه‌ی میللی له‌ کۆپنهاگن بووه‌. کاره‌ پێشه‌نگییه‌ ورد و ڕێکوپێکه‌کانی هانسن له‌باره‌ی ژنی ئیسلامه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێزیک و دوور، بایه‌خێکی زۆری پێدراوه‌ و به‌ ڕێزه‌وه‌ تێی ڕوانراوه‌ و هه‌ڤاڵه‌ ئه‌نترۆپۆلۆگه‌کانیشی ددانیان به‌ مه‌زنییدا ناوه‌، هه‌ر وه‌ک چۆن ددانیشیان به‌ مه‌زنیی لێکۆڵینه‌وه‌ ئه‌تنۆگرافییه‌کانی پێشتریشیدا له‌باره‌ی جل و به‌رگ و گرنگییه‌وه‌، ناوه‌. هانسن، ساڵی 1967 کرا به‌ سکرتێری گشتیی مۆزه‌خانه‌ی میللی دانمارک و ساڵی 1979 به‌ بۆنه‌ی ئاهه‌نگگێڕانه‌وه‌ به‌ 500 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی زانستگه‌ی کۆپنهاگنه‌وه‌ بڕوانامه‌ی دوکتۆرای شه‌ره‌فی زانستییان پێ به‌خشی له‌ کۆمه‌ڵناسی و مێژوودا. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ناوی ئه‌و کارانه‌یه‌، که‌ هێنی هاراڵد هانسن، نووسیونی و پێوه‌ندیان به‌ کوردستانه‌وه‌ هه‌ن:
1958 Allah’s døtre. Blandt muhammedanske kvinder i Kurdistan. København.
1958 Klaedeklip fra Kurdistan. Hjemmets Verden no. 1o.
1960 Daughters of Allah: among muslim women in Kurdistan. London.
1961 The Kurdish woman’s life. Field research in a muslim society, Iraq. Nationalmuseets Skrifter, Etnografisk Række 7. København.
1963 Growing up in two diferent muslim areas, Field research in Iraqi Kurdistan and in Bahrain in the Persian(Arabian) Gulf. Folk 5, pp. 143-156. København.
1967 Kurdene og Kurdistan. Jordens folk 3. årg. nr 4, pp. 153-162. København.

* ئه‌م گوتاره‌ بۆ جاری یه‌که‌م له‌ گۆڤاری (Svensk-kurdisk Journal)ی ژماره‌ 2ی ساڵی 1985دا، که‌ له‌ لایه‌ن (کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگیی سوێد - کوردستان)ه‌وه‌ له‌ سوێد ده‌رده‌چوو، بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. له‌ 1986یشدا، کراوه‌ته‌ کوردی. (وه‌رگێڕ).





[1] ئه‌نترۆپۆلۆگ: مرۆڤناس، فه‌رهه‌نگ - ئه‌نتۆپۆلۆگ: توێژه‌ر له‌ باره‌ی فه‌رهه‌نگی مرۆڤه‌وه‌، واته‌: مرۆڤناس له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگه‌وه‌.(وه‌رگێڕ).
  توێژینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی نه‌ژادیی مرۆڤ، له‌ ڕووی جیاوازییه‌ نه‌ریتی و ڕه‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیانه‌وه‌.(وه‌رگێڕ).[2]
 [3] کتێبی(The Kurdish woman’s life)، مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی، وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی و به‌ ناوی (ژیانی ئافره‌تی کورد)ه‌وه‌ ساڵی 1983 له‌ به‌غدا  له‌ لایه‌ن کۆڕی زانیاری عیراق -ده‌سته‌ی کورد-ه‌وه‌ چاپ کراوه‌. کتێبی (The daughters of Allah) یش د. ناجی عه‌بباس کردوویه‌تی به‌ کوردی و به‌ناوی (کچانی کورد)ه‌وه‌ ساڵی 1980 له‌ لایه‌ن کۆڕی زانیاری عیراق -ده‌سته‌ی کورد- ه‌وه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. (وه‌رگێڕ).

Monday, February 17, 1986

گۆران، شاعیری نه‌ته‌وه‌ی کورد

گۆران، شاعیری نه‌ته‌وه‌ی کورد

        نووسینی: لاش بێکستروێم 
  وه‌رگێڕانی له‌ سوێدییه‌وه‌: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

کورده‌کان گه‌لێکی مه‌زنن، ڕه‌نگه‌ بیست میلیۆنێک ببن. خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیان نین، به‌ڵام له‌ وڵاتێکی یه‌کپارچه‌ و پێکه‌وه‌ گرێدراودا، له‌ تورکیا و عیراق و ئێران و به‌شێکیش له‌ سووریا و سۆڤیێت ده‌ژین. کورده‌کان  له‌ مێژوودا ده‌وڵه‌تی جۆراوجۆر و جیاوازیان هه‌بووه‌، هه‌ره‌دواینیان، ئه‌وه‌ی پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م بووه‌. ڕه‌وش و واقیعی ئه‌مڕۆی کوردان، له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و بیری نه‌ته‌وایه‌تی و نه‌ریتێکی فه‌رهه‌نگیی به‌هێزدا خۆ ده‌نوێنێت. ئه‌مه‌ پاشخانی ئه‌و 7000-8000 کورده‌یه‌، که‌ ئێستا له‌ سوێد ده‌ژین. بێگومان پاشخانی شیعرگوتنی "گۆران" یشه‌. "گۆران" ناوی "عه‌بدوڵڵا سوله‌یمان یا سڵێمان"ه‌. ساڵی 1904 یا 1905 له‌دایک بووه‌ و ساڵی 1962 کۆچی دوایی کردووه‌. "گۆران" له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی خانه‌دان و وه‌جاغزاده‌ بووه‌، که‌ به‌ بنه‌چه‌ خه‌ڵکی کوردستانی ئێرانن، وه‌لێ دوایی هاتوونه‌ته‌ کوردستانی عیراق و له‌وێ گه‌وره‌ بووه‌. پاش مردنی زووی باوکی، گۆران، ژیانێکی ناخۆشی هه‌بووه‌. گۆران، وه‌ک مامۆستای سه‌ره‌تایی و کارمه‌ندێکی بچووکی ده‌وڵه‌تیی و تێکۆشه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی کورد و ڕۆژنامه‌ڤان ژیاوه‌. به‌ هه‌موو پێوه‌ر و دیتنێک ده‌کرێت، گۆران، به‌ یه‌که‌م شاعیری نوێ و نوێخواز و نوێکه‌ره‌وه‌ی شیعری کوردی  دابنرێت. پاش شۆڕشی 1958، که‌ کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی بریتانی له‌ عیراقدا هێنا، گۆران، کارێکی باشی ده‌ستگیر بوو و له‌ زانستگه‌ی به‌غدا، کرا به‌ مامۆستا. له‌ ساڵانی دوایی ته‌مه‌نیدا، گۆران، کۆمۆنیست بوو. له‌ کاتی دوانه‌خۆشیدا، که‌ شێرپه‌نجه‌ی هه‌بوو، له‌ نه‌خۆشخانه‌ و پشووخانه‌یه‌کی ده‌وروبه‌ری مۆسکۆ، چاودێری و تیمار ده‌کرا. نێوه‌که‌ی "عه‌بدوڵڵا سوله‌یمان"، له‌ عه‌ره‌بی ده‌چێت، به‌ڵام نازناوه‌که‌ی، گۆران، نێوێکی کوردیی ڕاستینه‌ و ڕه‌سه‌نه‌ و به‌و پێیه‌ش ناوێکی هیندوئه‌وروپاییه‌. گۆران، به‌ واتای "شارنشین، خه‌ڵکی شار، شاری" دێت، یا "ئه‌وکه‌سه‌ی، که‌ جێگیر و نیشته‌جێیه‌"، ئه‌مه‌ش ناوێکه‌ یا نیشانه‌یه‌که‌، که‌ جێگر و نیشته‌جێیه‌کانی کورد، له‌ ڕه‌وه‌ند و کۆچه‌ره‌ ئاساییه‌کان جودا ده‌کاته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ وشه‌ی "گۆران" له‌ کوردیدا، هه‌مان ڕه‌گی وشه‌ی "گۆرد"ی سوێدی و "گراد" یا "گۆڕه‌د"ی ڕووسی هه‌بێت، که‌ له‌ نێوی شاردا هه‌یه‌، وه‌ک: "لێنینگراد" و "نۆڤۆگۆڕه‌د". شیعره‌ کۆنه‌کانی گۆران، کارێگه‌ریی نه‌ریتی عه‌ره‌بی و ته‌سه‌ووفی ئیسلامییان له‌ سه‌ره‌. گۆران، له‌و شیعرانه‌دا، ژن، به‌ شێوه‌یه‌ک به‌رز و پیرۆز ده‌نرخێنێت، که‌ له‌گه‌ڵ ئاسمان و به‌هره‌ و به‌خشنده‌یی شیعردا، ده‌یانکاته‌ یه‌ک، ( بنۆڕه‌ شیعری "ژن"؟). پاشان ته‌سه‌ووفه‌که‌، ده‌بێته‌ شتێکی دنیایی و جۆره‌ میتۆلۆژیایه‌کی کوردی. ژن، ده‌بێته‌ زه‌وی  و خاک و ده‌بێته‌ یه‌کێک له‌ کچانی گه‌ل.  شاعیر به‌ر له‌ هه‌ر شتێک، وه‌ک که‌سێک، که‌ هاوار ده‌کات، وه‌ک بانگدێرێک، به‌ ده‌نگێکی گاڵته‌ئامێز و پڕ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ئاره‌زووه‌وه‌ دێته‌ مه‌یدان. ده‌نگێکی بڕوابه‌خۆبووی، گه‌لێکی بنده‌ست و چه‌وساوه‌، ده‌نگێکی شاعیرانه‌ی سه‌ربه‌رز و به‌ ڕوومه‌ت، بۆ به‌ها و هێژایی هونه‌ر ده‌په‌یڤێت. هونه‌ر، ئه‌و جیهانه‌ی، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی به‌ بێبایه‌خی و بێبه‌هایی تێیده‌نۆڕدرێت. لێره‌وه‌ ده‌توانین گه‌شتێک به‌ نێو شیعره‌ ڕه‌سیوه‌کانی گۆراندا بکه‌ین.  گیروگرفتی "گۆران"، له‌ کن میلله‌ته‌که‌ی خۆی و سه‌رانی ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆی و چینی سه‌ره‌وه‌دا ئه‌وه‌یه‌، که‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وان به‌ به‌ها و نرخ و قورسایی شیعر قایل بکات، بۆ خۆیشی وه‌ک کوردێکی هه‌ژار، ده‌رفه‌ت و بواری ئه‌وه‌ی نییه‌، شیعره‌کانی ده‌رخات و بیانگه‌نێته‌ ده‌ره‌وه‌ و پێشانیان بدات. "بۆ گه‌وره‌یه‌کی شیعردۆست"، نێوی شیعرێکی پلار و گاڵته‌ئامێزی گۆرانه‌. ئه‌و گه‌وره‌پیاوه‌ی "گۆران" باسی ده‌کات، پیاوێکی ده‌سه‌ڵاتداره‌، یا خاوه‌نی سامان و موڵکه‌، ئاغایه‌که‌، شیعری جوانی له‌ "گۆران" ده‌وێت. ئیدی وایه‌، ئه‌وانه‌ی خودان ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌گه‌ر جارێک له‌ جاران بیر له‌ شیعر بکه‌نه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌رگیز نه‌یشیکه‌ن، ئه‌وا وه‌ک ئامرازێکی نه‌خش و ڕازاندنه‌وه‌ بیری لێ ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵام گۆران، کورده‌ و کارمه‌ندێکی گچکه‌یه‌ و یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی، که‌ ده‌بێ تا مردن شان بداته‌ به‌ری و کار بکات و شه‌که‌ت بێت و ئه‌وجا ڕه‌نگه‌ نه‌شتوانێت شتێکی جوان وه‌به‌رهه‌م بێنێت و پێشکه‌ش بکات:                                                                                                     
 له‌ پێش هه‌موو شتێکا چونکی کوردم
چۆله‌که‌ی نێو هه‌زاران داوی وردم
باڵی فڕین، ده‌نووکی هاوارکردن
زیاتر چه‌قۆم نزیک ئه‌خا له‌ گه‌ردن
هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان شیعردا ده‌ڵێت:
له‌ پاشانا، قوربان ڕه‌نگه‌ بزانی،
مه‌ئموورێکی بچووک، وه‌ک من، ژیانی
گه‌ردن که‌چی نانه‌....
که‌واته‌ ئه‌وه‌ی ده‌دوێ، بۆرژوازییه‌کی بچووکی هاوچه‌رخه‌، که‌ ڕۆڵ و پایه‌ی وه‌ک شاعیرێک، زۆر سه‌رکه‌وتوو نییه‌. گۆران، ڕوو ده‌کاته‌ خه‌ڵک و له‌ نێو ئه‌واندا، نوێنه‌ری نه‌ریتیی هونه‌ر ده‌دۆزێته‌وه‌، "ده‌روێش عه‌بدوڵڵا". ده‌روێش، پیاوێکی موسوڵمانی گه‌ڕۆک و ده‌رۆزه‌که‌ره‌، به‌ڵام له‌ کن گۆران، ده‌روێش ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ کورده‌یه‌، که‌ که‌له‌پووری فه‌رهه‌نگی مۆسیقای میللی و ستران به‌ میلله‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نێت. سترانگه‌لێک، که‌ "له‌ بێتهۆڤن گه‌لێ زیاتر به‌ ڕۆحم ئاشنای،...له‌گه‌ڵ ڕۆحی کڵوڵم..":                                                                                                      
به‌ ڕه‌نگی زه‌رد و شێوه‌ی ده‌ست و شمشاڵی کزا ده‌روێش
حه‌زم کرد به‌سته‌یه‌ک ببیه‌م سه‌راسه‌ر حوزن و ماته‌م بێ،
له‌ سیماتا به‌دیم کرد هه‌یکه‌لی عومرێکی حه‌سره‌تکێش،
وه‌ها دیاره‌، که‌ به‌ختت ئاشیانی بلبلی خه‌م بێ...!
به‌ڵێ دیاره‌، له‌ ناو قه‌ومی به‌سیتا قه‌دری سنعه‌تکار
وه‌کوو عه‌کسی قه‌مه‌ر وایه‌ له‌ ناو حه‌وزێکی لێخندا،
به‌ڵام ته‌ختی ڕوفاه و تاجی حورمه‌ت، میلله‌تی هوشیار
به‌ ئوستادێ ئه‌دا وه‌ک تۆ له‌ ناو شمشاڵی کونکوندا
سه‌حه‌ر بێنێته‌ گریان و قسه‌، سیحری په‌ری نه‌غمه‌...!
................
به‌ڵام چی بکه‌ین له‌ ناو چاوی ڕه‌شی به‌عزێ زه‌کای گه‌وره‌،
وه‌کوو تۆوی گوڵی ده‌م با له‌ سه‌ر به‌ردێکی ڕه‌ق ئه‌ڕوێن،
ئه‌گه‌ر خلقه‌ت نه‌سیبی عومری تۆی مه‌حکوومی ئه‌م ده‌وره‌
نه‌کردایه‌، خوا عالم، له‌ کام عه‌رشت ئه‌سوو داوێن؟!
ده‌روێش شمشاڵه‌که‌ی بۆ گه‌ل ده‌ژه‌نێت، "گۆران"یش ده‌یه‌وێت بۆ گه‌ل بسترێت. گۆران، ده‌یه‌وێت به‌ درێژایی ژیانی ئه‌و کاره‌ بکات، وه‌ک له‌ شیعرێکی دیکه‌یدا ده‌ڵێ: "به‌ نانی وشک، به‌رگی په‌ڵاس.."، به‌ڵام گه‌لێکی بنده‌ست و داگیرکراو، گه‌لێکی "به‌ شرینقه‌ خه‌ولێخراو..." وه‌ک "گۆران" له‌ هه‌مه‌مان شیعردا باسی ده‌کات، چۆن ده‌توانێت گوێ بداته‌ هونه‌رێک، که‌ له‌ سه‌ر ئه‌و به‌رد و سه‌نگه‌ ساردانه‌ ده‌ڕوێت؟ شیعری"له‌ به‌ندیخانه‌دا". به‌ڵێ، "گۆران"ی کوڕه‌ خانه‌دان و وه‌جاغزاده‌، نه‌ک ته‌نێ ئاواته‌خوازی داهاتوو و پاشه‌ڕۆژێکه‌، گه‌ل نرخ و بایه‌خ به‌ هونه‌ری میللی کورد بدات، به‌ڵکه‌ خه‌ون به‌ ڕابوردوویشه‌وه‌ ده‌بینێت. چ جیاوازییه‌ک ده‌بوو، ئه‌گه‌ر ده‌روێش یا "گۆران" خۆی، له‌ لایه‌ن باره‌گا و ته‌ختێکی پاشایه‌تییه‌وه‌، له‌ ڕۆژگاری کۆندا، پارێزرابا، یا هاتبا و خۆی خه‌لیفه‌ی سه‌رته‌خت و پێشه‌وایه‌کی دنیایی و ئایینی بووایه‌ و ده‌روێشه‌کانی خۆی به‌ فه‌رمانێکی شایانه‌ به‌ملا و به‌ولادا بناردایه‌؟ گۆران، له‌ شیعری ده‌روێش عه‌بدوڵڵادا، ئه‌و ده‌روێشه‌ی، که‌ نێوی گچکه‌ی عه‌بدوڵڵا بوو، وه‌ک عه‌بدوڵڵا سوله‌یمان(گۆران)، بیری به‌ره‌و ئه‌و لایه‌ ڕۆیشتووه‌. گۆران، وه‌ک شاعیرێکی فره‌لایه‌ن و  ئازارچه‌شتوو و فریودراو، ئاوڕ له‌ ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌داته‌وه‌ و ده‌نۆڕێته‌ "ڕۆحی کڵۆڵ"ی خۆی و "من"ه‌ ڤالا و په‌ست و وه‌ڕزه‌که‌ی خۆی، که‌ له‌ کۆتایی شیعری ده‌روێش عه‌بدوڵڵادا باسی ده‌کات. "زه‌نگی په‌ستیی" نێوی شیعرێکی دیکه‌یه‌تی:                                  
ئه‌وا دیسان له‌ گۆشه‌ی نادیاری
دڵم، هه‌ڵسا زڕه‌ی زه‌نگی فگاری!
به‌ ئه‌سپایی، به‌ بێهێزی، به‌ عاسته‌م
هه‌وای ڕۆحم ئه‌خاته‌ سه‌ر له‌ره‌ی خه‌م!
به‌ ئه‌سپایی، به‌ له‌رزۆکی، هه‌ژاری
ئه‌ناڵێنێ له‌ شوێنی نادیاری
ئه‌م مۆسیقایه‌ی، که‌ له‌ ناخی خۆیه‌وه‌ ده‌یژنه‌فێت، "گۆران" په‌ست ده‌کات، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌، که‌ ده‌یه‌وێ له‌ "من"ه‌که‌ی ناوه‌وه‌ی خۆیه‌وه‌ بیبیسێت. هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌، که‌ ده‌توانێت بێسنوور و بێته‌گه‌ره‌، هه‌ستی خۆی به‌ وشه‌، به‌ره‌و پێشتر ببات  و زیاتر ده‌ربڕێت، ئه‌وه‌ش هه‌سته‌ ڕاستینه‌که‌یه‌تی. له‌ شیعرێکی دیکه‌یدا، که‌ نێوی "هه‌ڵبه‌ستی ده‌روون"ه‌، گۆران گیروگرفته‌که‌ له‌وه‌دا ده‌بینێت، که‌ چۆن بتوانێت هه‌ستی ده‌روونیی خۆی، که‌ هێنده‌ی ده‌شتێک له‌ خه‌یاڵ و هه‌ست پان و به‌رینه‌، ده‌رببڕێت. گۆران، ده‌ڵێت:                                                              
هه‌رچه‌ن ئه‌که‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌ستم
بۆم ناخرێته‌ ناو چوارچێوه‌ی مه‌به‌ستم
ئه‌مه‌ گیروگرفتێکی کلاسیکییه‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی کلاسیکییه‌ بۆ شاعیر. زمان به‌ش ناکات و پێڕاناگات، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌رکی شیعره‌، که‌ ئه‌وه‌ی زمان له‌ کاتی ئاساییدا، له‌ توانستیدا نییه‌ و پێیناکرێت ده‌ریببڕێت، بیده‌رێنێت و بیگه‌یه‌نێت. گۆرانی شاعیر، به‌ که‌سایه‌تییه‌ پڕ له‌ ئاماده‌ییه‌ بزێو و چالاکه‌که‌ی خۆی، له‌ نێوان دوو هه‌ستدا، هه‌ستێکی بێزاری و په‌ستی و خه‌مۆکی و هه‌ستێکی شاد و که‌یفسازی تێکه‌ڵ به‌ ڕووداوی سه‌ختی سروشی به‌رهه‌مدار، دێت و ده‌چێت و ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر ده‌کات. ئه‌و به‌ شوێن گونده‌کانی ده‌ره‌وه‌دا و که‌ژ و دۆڵه‌کاندا وێڵه‌. ئه‌و سروشته‌ی، که‌ باکوور"نوورد"[1]مان وه‌بیر ده‌خاته‌وه‌. ئه‌و ڕووده‌کاته‌ ژنێک، ژنێک له‌ شێوه‌ و هێمای جیاوازدا، وه‌لێ هه‌میشه‌ ژنێک له‌ گه‌ل، باڵابه‌رز و کاڵ –گۆران بۆ خۆی کورته‌باڵا بووه‌- و ئه‌گه‌ر ئه‌و ژنه‌ی له‌گه‌ڵدا بنوێ، ئیدی ئه‌م هیچ ده‌رد و ناساغییه‌کی نامێنیت. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی خه‌مۆکییه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌. شاعیر له‌ ناخ و ناوه‌وه‌ی خۆیدا، کوردستانێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. چیا و مێرگ وکانیاو، و ئه‌و ژنه‌ی شاعیر وه‌دوویدا وێڵه‌، له‌ ناوه‌وه‌ دانیشتووه‌. ئه‌و ژنه‌ توانستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، وا له‌ خۆر بکات، ده‌شتایی ڕووناک بکاته‌وه‌ و کانی وا لێ بکات دیسان هه‌ڵقوڵێته‌وه‌. گۆران، وه‌ک زۆربه‌ی شاعیره‌ مه‌زنه‌کانی دیکه‌، ده‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌کی زینده‌کار و چالاکانه‌، له‌مه‌ڕ ناخ و ناوه‌وه‌یه‌کی، قسر و نه‌زۆک و بێبه‌ر، بدوێت. ئه‌و ده‌توانێت باس له‌ تاسه‌ و بێوه‌ری بکات:                                                                                                                          
سه‌رده‌مێک بوو: نه‌ تریفه‌ی مانگی هاوینم،
نه‌ گزنگی هه‌تاوی سه‌ر لووتکه‌ی به‌فرینم،
نه‌ له‌رزینی چینی سه‌ر ڕووی گۆماوی شینم،
نه‌ بریقه‌ی دووری چه‌می پاش زۆر بارینم،
نه‌ ورشه‌ی گیای مێرگی سه‌وزی ده‌مه‌و به‌هارم،
نه‌ شنه‌ی بای دارستانی چڕی نزارم...
چه‌شنی جاران دای ئه‌خورپان ناخی ده‌روونم،
ئه‌یهێنایه‌ سه‌ر هه‌ڵقوڵین سه‌رچاوه‌ی ڕوونم!
ئه‌و شیعره‌ی سه‌ره‌وه‌، ناوی "نیاز"ه‌. شیعرێکی دڵداریی کوردییه‌ و ئه‌و ژنه‌ش، که‌ له‌ شیعره‌که‌دا خواسته‌کانی "گۆران" پڕده‌کاته‌وه‌ و دێنێته‌ دی، گه‌لی کورده‌ و ده‌شت و ده‌ری وڵاتی کورده‌. له‌ نێوان شاعیر و وڵاته‌که‌یدا، گه‌ره‌که‌ ناسنامه‌یه‌ک گه‌شه‌ بکات و جێ بگرێت، وه‌ک چۆن ده‌ڵێت:"له‌و ڕۆژه‌وه‌ دیومه‌ سیحری زه‌رده‌خه‌نه‌ی تۆ.."، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی وڵاته‌که‌مم دیوه‌ و هه‌ستم کردووه‌ به‌وه‌ی، که‌ خۆشه‌ویستییه‌که‌م وه‌رام دراوه‌ته‌وه‌، یا ده‌ڵێ:                                                                          
سه‌رچاوه‌ی عومری جوانیم هاتۆته‌ قوڵ
دنیای ده‌روون مه‌له‌کانی هاتوونه‌وه‌ گۆ
هه‌ر ئه‌و چه‌شنه‌ ژنه‌، ئه‌و ژنه‌ باڵابه‌رزه‌، ئاوات و ئومێدێک به‌ گۆران ده‌به‌خشێت. ئه‌و کاته‌ی گۆران وه‌ک وڵاتپارێزێکی کورد، به‌ره‌و زیندان و به‌ پاسه‌وان و یاساوڵه‌وه‌ ده‌یگوێزنه‌وه‌ و ده‌به‌ن، ئه‌و له‌ نێو پاسه‌که‌وه‌، ئه‌و ژنه‌ وه‌دی ده‌کات:                                                                                         
پرشنگی نیگایه‌ک که‌ له‌ ڕووی ڕووناک
هه‌ڵئه‌ستێ و تیژ ئه‌کشێ تا ناخی ده‌روون،
کڵپه‌ی نوێ ئه‌خاته‌ کووره‌ی عه‌شقی پاک
ده‌فری گیان لیپ ئه‌کا له‌ خۆزگه‌ی به‌ربوون!
گۆران، وه‌ک نیشتمانپه‌روه‌ر و کۆمۆنیستێک، سێ جاران و بۆ ماوه‌ی دوور و درێژ، له‌ ساڵانی 1950کاندا، خراوه‌ته‌ زیندانه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ عیراقی بنده‌ست و کۆڵۆنیدا بوو، که‌ به‌ ڕه‌سمیی وڵاتێکی پاشایی سه‌ربه‌خۆ بوو، وه‌لێ له‌ پراکتیکدا کۆڵۆنییه‌کی بریتانیا بوو و بریتانیاش کۆنترۆڵی نه‌وتی وڵاته‌که‌ی ده‌کرد. له‌و شیعره‌ درێژه‌دا، که‌ ناوی "له‌ به‌ندیخانه‌"یه‌ و یه‌کێکه‌ له‌و شیعرانه‌ی پاش مردنی له‌ کتێبێکدا چاپ کرا، گاڵته‌ و لاقرتێ به‌و زه‌بر و توندی به‌کاربردنه‌ی، که‌ ته‌نانه‌ت دژ به‌ خه‌ڵکانی ئازادی، ده‌رێی زیندانیش ده‌کرا، ده‌کات، وه‌ک "سۆورۆ"ی ئه‌مه‌ریکایی[2]، که‌ له‌ 1800کاندا، بۆ ماوه‌یه‌ک،له‌ کاتی جه‌نگێکدا، که‌ ئه‌و به‌ ناڕه‌وای ده‌زانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باجی نه‌دابوو، گیرا. "گۆران"، له‌و شیعره‌یدا ده‌گاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی، که‌ زیندان جێگه‌ی که‌سانێکه‌، که‌ به‌ ڕاستی ئازاد و شه‌ره‌فمه‌ندن. له‌ ده‌رێی زیندان، خه‌ڵکانێکی ده‌ره‌کی و کۆڵۆنیالیست هه‌ن، که‌ نه‌وتی وڵات هه‌ڵده‌لووشن، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ "جواناوی نه‌وت"دا ئاماژه‌ی پێ ده‌کات، که‌ له‌ ده‌رێی زیندان، پیاوانی گه‌وره‌ و به‌نێوبانگ هه‌ن، ڕۆحیان "وه‌کو ئه‌م لاشه‌ به‌دبه‌خت و چاره‌ڕه‌شه‌ چه‌ور و پیسه‌"یه‌..                                                                                                         
ئه‌ی تریفه‌ی مانگی سپی ده‌رکی ده‌لاقه‌،
با پیس نه‌بی، خۆت مه‌ده‌ له‌م کوردی عیراقه‌!
وڵاته‌که‌ داگیرکراو، نه‌ته‌وه‌ دیله‌،
باو لای دوژمن نامه‌ردێتی، مه‌ردی زه‌لیله‌!
کا له‌به‌ر سه‌گ دانراوه‌، ئێسقان بۆ ئه‌سپه‌،
سه‌ر له‌ جێی کلک به‌ند کراوه‌، کلک له‌ سه‌ر چه‌سپه‌!
شێوێندراوه‌ به‌ ده‌ستی قه‌ست شیرازه‌ی کاری،
تا ئاسان بێ بۆ سوورفلی چرچ ئیستیعماری؛
وه‌ک بزنمژه‌ ده‌م بنێته‌ جواناوی نه‌وتی،
 لێی ده‌رهێنێ دوا ده‌نک و فلسی ده‌سکه‌وتی!
ئه‌ی مانگی به‌رز، سا هانابێ، مل بنێ بۆ دوور،
بۆ وڵاتێک جێی نیزام بێ و سه‌ربه‌ست و ڕووسوور،
بۆ وڵاتێک هاونیشتمان تیایا ئازاد بێ،
ژیری دڵسۆز باوک بێت و گه‌لیش ئه‌ولاد بێ!
له‌ ده‌قێکی دیکه‌ی شیعری "له‌ به‌ندیخانه‌"دا، گۆران، خه‌ونێک به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوو و پاشه‌ڕۆژه‌وه‌ ده‌بینێت، ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌، کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌ پارێزه‌ری هونه‌ر:
ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی خواپێداوه‌، خاوه‌ن به‌هره‌ی فه‌ن
بۆ پیانازین به‌خێو ئه‌کا، نه‌ک ڕیسوایی و په‌ن!..
بلبلێ بووم ئاماده‌بووم هه‌تا بمێنم
به‌ نانی وشک، به‌رگی په‌ڵاس بۆ گه‌ل بخوێنم
به‌ڵام گه‌لی به‌ شرینقه‌ خه‌ولێخراوم
گوێی نه‌دامێ هه‌تا که‌وتم، چڵکن بوو ناوم!
لێره‌دا، له‌م هاوار و بانگه‌وازه‌ پڕ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌دا، که‌ له‌ تاڵیی و ئاوات پێکهاتووه‌، ده‌وڵه‌ته‌ کوردییه‌ خه‌ونه‌که‌ی "گۆران"، ده‌بێته‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی باوکانه‌په‌روه‌رده‌کراو، ده‌بێته‌ ماڵێک بۆ گه‌ل، خه‌ڵک تێیدا گه‌شه‌ ده‌کات و پێشده‌که‌وێت. نه‌وت ده‌بێته‌ هی وڵات خۆی. هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگیش ده‌بنه‌ سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندیی بۆ هه‌مووان. ده‌ڵێن کاتێک "گۆران" له‌ دوا کاته‌کانی ژیانیدا، که‌ به‌ هۆی تووشبوونی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌، له‌ مۆسکۆ ده‌ژیا، له‌ بیروباوه‌ڕه‌ کۆمۆنیستییه‌کانی نائومێد و دڵسارد و هیوابڕاو ده‌بێت. شاعیرێکی عه‌ره‌ب، که‌ له‌ هه‌مان کاتدا له‌وێ بووه‌، له‌ "گۆران"ێکی سه‌ر به‌ فه‌رهه‌نگێکی داپڵۆسراو و بنده‌ست له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌زنی عه‌ره‌بدا، پتر ڕێزی لێ ده‌گیرێت و بایه‌خی پێ ده‌درێت. به‌ڵێ، وه‌ها بووه‌ و مرۆڤ ئه‌و نائومێدییه‌ له‌ شیعره‌کانیدا ده‌بینێت. گۆران پتر نیشتمانپه‌روه‌ر و له‌گه‌ڵ گه‌لدا بوو، وه‌ک له‌وه‌ی کۆمۆنیست بێت و شاعیر بوو زێتر له‌وه‌ی سیاسی بێت. دوا شتێک له‌م هه‌ڵبژارده‌یه‌دا، که‌ له‌ گۆرانه‌وه‌ی ده‌بیسین، شیعرێکه‌ بۆ ئاشتی و لایه‌لایه‌یه‌کی منداڵه‌، که‌ مێژووی 12ی حوزه‌یرانی 1962ی پێوه‌یه‌ و ئه‌و کاته‌ش ئه‌و له‌ وچانخانه‌ی "به‌رڤیخه‌" بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مۆسکۆ و هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ش ساڵی مردنیه‌تی. وردبوونه‌وه‌ و تێگه‌یشتن و پێوانه‌کردنی هیوا و خۆزگه‌ و ئاواته‌کانی قووڵایی ناوه‌وه‌ی ناخی "گۆران"، له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی سارددا و له‌ کاتێکدا، که‌ گوتوبێژی نوێ له‌ نێوان سه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌کاندا هه‌یه‌،  هێنده‌ سه‌خت و دژوار نییه‌:                                                  
ئای چه‌ن خۆشه‌، ماڵێک بێ وا
ڕووی دنیا، ئه‌م په‌ڕ تا ئه‌و په‌ڕ،
دڵنیا بین بێشکه‌ی ساوا
نابێ به‌ خۆڵه‌مێشی شه‌ڕ!...
به‌ هۆی دوو کوردی سوێده‌وه‌، به‌ختیار ئه‌مین و فه‌رهاد شاکه‌لی، من وه‌ک شاعیرێکی سوێدی بۆ هه‌ڵکه‌وت، که‌ له‌گه‌ڵ شیعره‌کانی "گۆران"دا بژیم و تێیانبگه‌م و هه‌وڵبده‌م ده‌نگه‌ کوردییه‌کانیان بکه‌م به‌ ده‌نگێکی سوێدی. خۆبه‌ستنه‌وه‌ی "گۆران" به‌ شێوه‌ و کێش و قافییه‌وه‌ تا سه‌ر نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌یته‌کان به‌ پێی بڕگه‌ ژمێردراون، نه‌ک به‌ پێی تۆنی ده‌نگ، مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت، ئه‌م ڕیتم و ده‌ستوور و مۆسیقا ئازاده‌، له‌ وه‌رگێڕانه‌که‌دا، به‌ شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیی له‌ ڕه‌سه‌ن و ماکی شیعره‌کان جیاواز نییه‌، ته‌نێ یه‌ک شیعر نه‌بێت، ئه‌ویش "پاییز"ه‌، که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ت و بنچینه‌دا، به‌ ته‌واوی بێکێش و ئازاده‌[3]. ئه‌وه‌ی من له‌ شیعری "گۆران"دا بیستوومه‌، ده‌نگێکی ئازاد و هۆشیاره‌، له‌ جیهانی سێیه‌مه‌وه‌. جیهانێکی شیعرییه‌، له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستیدا بۆ سروشتی ئازاد، له‌ شیعری نایاب و سه‌رنجڕاکێشی "نوورد"ی ده‌چێت. به‌کاربردنی وشه‌ی "نوورد"ی، وه‌ک شاخ و ئه‌ستێره‌، هاسانه‌، کاتێک مرۆڤ "گۆران" وه‌رده‌گێڕێت. ئاسانیشه‌ ده‌نگی "گۆران"، وه‌ک کوردێکی هاوتای "دان ئه‌نده‌شسۆن"[4] یا نوێخواز و نوێکه‌ره‌کانی پێشتری دیکه‌مان ببیسرێت.                                                                                                 

*سه‌رچاوه‌:  ئه‌م گوتاره‌ی"لاش بێکستروێم"ی شاعیر و ڕه‌خنه‌گر و وه‌رگێڕی سوێدی، پێشه‌کی کتێبێکه‌ به‌ نێوی  "گۆران، فرمێسک و هونه‌ر"، که‌ "لاش بێکستروێم" و "به‌ختیار ئه‌مین" و "فه‌رهاد شاکه‌لی"، بیست شیعری "گۆران" یان تێدا وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سوێدی. کتێبه‌که‌ ساڵی 1986، له‌ لایه‌ن "چاپخانه‌ی ئازاد"ه‌وه‌، له‌ سوێد چاپ کراوه‌. گوتاره‌که‌ پێشتریش له‌ گۆڤاری"Svensk-kurdisk Journal"ی ژماره‌ 4 ی ساڵی 1985دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. فێبریوه‌ری 1986، کراوه‌ته‌ کوردی.

  





 [1] مه‌به‌ستی نووسه‌ر له‌م باکووره‌، ناوچه‌ی "نوورد"ه‌، واته‌: باکووری ئه‌وروپا، که‌ وڵاتانی ئیسکه‌ندیناڤیاش ده‌گرێته‌وه‌.(وه‌رگێڕ).
 [2] هێنری سۆورۆ، نووسه‌رێکی ئه‌مه‌ریکاییه‌. له‌ نێوان ساڵانی 1817-1862دا ژیاوه‌. داوای له‌ خه‌ڵک کردووه‌ و هانده‌ر بووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و شێوه‌ ساکار و ئاساییه‌که‌ی ژیان و تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ سروشتدا و ژیانی نێو دارستان.(وه‌رگێڕ).
 له‌ ڕاستیدا شیعری"پاییز" کێش و قافیه‌ی هه‌یه‌. لاش بێکستروێم به‌ هه‌ڵه‌ ئه‌مه‌ی نووسیوه‌.(وه‌رگێڕ).[3]
[4] دان ئه‌نده‌شسۆن 1888-1920، له‌ وه‌چه‌ی یه‌که‌می شاعیری کرێکارانه‌ له‌ سوێد. له‌ نێو خه‌ڵکدا خۆشه‌ویست بوو. نه‌ک ته‌نێ لاوان، به‌ڵکه‌ هه‌مووان بایه‌خیان به‌ شیعره‌کانی ده‌دا. کارگه‌ری ڕه‌ژوو بوو و له‌ نێو ئه‌واندا، که‌ هه‌ژاری و لاتیی ده‌ستی به‌ سه‌ردا گرتبوون، گه‌وره‌ بووبوو. باوکی به‌ بنه‌چه‌ له‌ فینلانده‌وه‌ هاتووه‌. له‌ دوانزده‌ ساڵانه‌وه‌، له‌ دارستاندا کاری کردووه‌. ماوه‌ی هه‌شت مانگێک له‌ ئه‌مه‌ریکا بووه‌ و پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر کاری ڕه‌ژوو، هه‌رچه‌نده‌ کارێکی سه‌خت بووه‌. زۆر جۆره‌ کاری کردووه‌. ماوه‌یه‌ک له‌ کارگه‌ی کاغه‌ز و ده‌مێکیش دێوه‌ره‌ و چه‌رچی بووه‌ و به‌ نێو وڵاتدا گه‌ڕاوه‌ و مامۆستایه‌تی خوێندنگه‌ی باڵای گه‌لیی کردووه‌. له‌ ڕێگه‌ی باوکییه‌وه‌ بووه‌ به‌ لایه‌نگری نه‌خواردنه‌وه‌ و کۆرسی ئایینی خوێندووه‌. له‌ 1912دا بووه‌ به‌ نوێنه‌ری ڕێچکه‌یه‌کی ئایینی و به‌ نێو خه‌ڵک و له‌ مه‌یدانه‌کاندا سووڕاوه‌ته‌وه‌ و قسه‌ی بۆ خه‌ڵک کردووه‌ و گۆرانیی چڕیوه‌ و که‌مانی لێداوه‌. پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ڕه‌ژووگه‌رییه‌که‌ی خۆی. له‌ ژیانی پاک و خاوێن و یه‌کجۆریی وه‌ڕز بووه‌ و ڕاکشانی له‌ ته‌نیشت ئاگرێکی ڕه‌ژووه‌وه‌ و نۆڕینی جریوه‌ی ئه‌ستێره‌کانی ئاسمانی، لا باشتر بووه‌ له‌وه‌ی، که‌ پۆشته‌ و په‌رداخت بێت و له‌ په‌نجه‌ره‌ی دوولایی خه‌ڵکه‌وه‌ بنۆڕێته‌ ئاسمان. له‌ ڕۆژنامه‌ی "کاتی نوێ"دا، له‌ ساڵی 1917-1918 کاری کردووه‌. 1918 ژنی هێناوه‌، به‌ڵام له‌ ژیانی بۆهیمی (به‌ره‌ڵڵایی، سه‌رسه‌ری، گوێنه‌دان) نه‌که‌وتووه‌. یه‌که‌م کتێبی "گێڕانه‌وه‌ و گه‌پی کارگه‌رانی ڕه‌ژوو"ه‌ و کتێبه‌کانی دیکه‌یشی ئه‌مانه‌ن: "سترانه‌کانی پاسه‌وانی ڕه‌ژوو" 1915، "چیرۆکه‌ ڕه‌شه‌کان" 1917، "سێ لانه‌وازه‌که‌" 1918، "که‌له‌پووری(مه‌رده‌ڵای) داڤید ڕامس" 1919. ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب به‌ شاعیری ده‌شت و ده‌ر و چۆڵه‌وانی و شاعیری پرۆلیتاریا نێویان ده‌برد و گرنگییان پێ ده‌دا. شاعیری ده‌شت و چۆڵه‌وانی، باسی جوانیی ته‌لیسماوی ده‌شت و چۆڵه‌وانی ده‌کات، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکه‌ مرۆڤیش له‌ کن وی به‌نرخه‌. ژیانی دارکه‌ر و ڕه‌ژووگه‌ران باس ده‌کات و له‌مه‌ڕ ژیانی نێو زنج و ئاگرکردنه‌وه‌ و کار و شه‌که‌تییان ده‌دوێت. ستایشی دۆستایه‌تی و هه‌ڤاڵیه‌تی و هاریکاری ده‌کات. شاعیری ده‌شت و چۆڵ بووه‌ به‌ شاعیری پێویستی و هه‌ژاری و ده‌ستکورتی و لانه‌وازان. وێنه‌ی هه‌ژارانی گونده‌که‌ی خۆی ده‌کێشێت و نیشان ده‌دات و تێکۆشان و شه‌که‌تی و ئازار و بێئایینی و ئایینداری خه‌ڵکه‌که‌، وه‌به‌رچاو ده‌خات. له‌ ده‌سپێکڕا، گرنگیی به‌ فۆرمی شیعر داوه‌ و له‌ خه‌ڵک و شته‌کان دوواوه‌، وه‌لێ پاشتر به‌ره‌و ناخ و ناوه‌وه‌ شۆڕ بووه‌ته‌وه‌. له‌ "چیرۆکه‌ ڕه‌شه‌کان"دا و له‌ "مه‌رده‌ڵانی داڤید ڕامس"دا، زێده‌تر و به‌ ته‌نێ، له‌ گیروفرفتی ڕۆحیی مرۆڤه‌کان ده‌دوێت. هه‌ست به‌ ئازار و خۆخواردن و دوودڵی و په‌ستیی ژیان ده‌کات و ئه‌و مه‌به‌ستانه‌، به‌ ڕوونی له‌ شیعره‌کانیدا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌رده‌که‌ون. خۆی به‌ خۆی ده‌گوت "سترانبێژی تاریکی و بێده‌ره‌تانی". ڕۆح و ده‌روونه‌ شه‌که‌ت و ئازارچه‌شته‌ و په‌سته‌که‌ی، به‌ پرسیار و ڕامان و کێشه‌ی مه‌زنه‌وه‌ی، وه‌ک خودێ و ئازار و مردنه‌وه‌، خه‌ریک ده‌بوو. هێندێک جار ئه‌و تاریکییه‌ به‌ هۆی چاکه‌یه‌که‌وه‌، که‌ ڕووناکی ده‌به‌خشی، ده‌ڕه‌وییه‌وه‌ و ده‌بووه‌ ڕووناکی. خۆشه‌ویستی له‌ کن ئه‌نده‌شسۆن، هێزێکی مه‌زن و داهێنه‌ر بوو. له‌ پڕ و به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌یر و سه‌رسووڕهێنه‌ر، به‌ گازی سیانید، شه‌وی 15 له‌ سه‌ر 16ی سێپته‌مبه‌ری 1920، له‌ هوتێلێکی ستۆکهۆڵم و له‌ ته‌مه‌نی 32 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووه‌. (وه‌رگێڕ).                                                                                                                                        

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...