Monday, September 23, 1985

کوردستان

کوردستان

نووسینی: ئه‌ندرێس کونگ
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی، له‌ سوێدییه‌وه‌ کردوویه‌ به‌ کوردی


"خودێ به‌ سێ ده‌ردان سزای مرۆڤ ده‌دات: کولله‌ و مشکه‌کوێره‌ و کورد". 
                                                               ( گوته‌یه‌کی عه‌ره‌بییه‌)

ژماره‌ی کورده‌کان له‌وانه‌یه‌ بگاته‌ یه‌ک ده‌رزه‌ن میلیۆن که‌س[1]. نێزیکه‌ی نیوه‌یان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا و سێیه‌کیشیان له‌ ئێران ده‌ژین. له‌ نێوان یه‌ک میلیۆن و دوو میلیۆندا له‌ باکووری عیراق و نیومیلیۆنێک له‌ سووریا و سه‌دهه‌زاریش له‌ قه‌وقاسی سۆڤیێت ده‌ژین. یه‌کلانه‌بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی خه‌ڵکی کورد، به‌شێک له‌ سروشت و ڕه‌وشی پرسی کورد پێشان ده‌دات، که‌ ئه‌ویش قایلنه‌بوون و دداننه‌نانی وڵاتانی هاوسێی کورده‌ به‌وه‌ی، که‌ گه‌لێک به‌ نێوی کورده‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کورده‌کان زمانێک و مێژوویه‌ک و فه‌رهه‌نگێکی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و له‌ سه‌رده‌مێکیشه‌وه‌، که‌ وه‌بیر نایه‌ت، هه‌ر له‌و ده‌ڤه‌ره‌ شاخاوییه‌ سه‌ختانه‌ی ژوورووی وڵاتی دووڕووباری میزۆپۆتامیاشدا ژیاون. کورده‌کان به‌ پێچه‌وانه‌ی هاوسێیه‌کانیانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی نێزیکه‌ی سێهه‌زار ساڵێکدا، توانیویانه‌ کێیه‌تی و ڕه‌وشتی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بپارێزن، بێ ئه‌وه‌ی ده‌نێو ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ داگیرکارانه‌ی، وه‌ک عه‌ره‌ب و مه‌نگۆل و تورک و هی دیکه‌شدا، که‌ به‌ درێژایی مێژوو به‌ سه‌ر کوردستانیاندا داوه‌ و ته‌راتێنیان تێدا کردووه‌، بتوێنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌ ده‌رێی وڵات و خاکی کوردستانییش، کورده‌کان هه‌وڵی پاراستنی که‌سیه‌تی و نه‌ریت و خۆیه‌تیی خۆیان داوه‌. تا ئه‌مڕۆیش له‌ دیمه‌شقی پێته‌ختی سووریا، گه‌ڕه‌کێکی تایبه‌تی کورد هه‌یه‌[2]. وێڕای ئه‌وه‌ش کوردگه‌لێکی زۆرییش له‌ نێو وڵاتانی هاوسێدا تواونه‌وه‌ و ڕۆڵێکی گرنگیشیان له‌ دیرۆکی عه‌ره‌بدا بینیوه‌. ناسراوترین کوردێک له‌وانه‌ی تواونه‌وه‌ سه‌لاحوددینی قاره‌مانه‌، که‌ له‌ ساڵی 1187دا، به‌ سه‌ر ڕێڕۆی خاچهه‌ڵگره‌ دیانه‌کاندا له‌ ڕۆخی زه‌ریاچه‌ی جه‌لیل، سه‌رکه‌وت. پاشان زۆرینه‌ی خێڵ و تیره‌ کورده‌کان له‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی و ڕێبه‌ریی سه‌لاحوددیندا له‌ سووریا یه‌کدییان گرت. که‌ مه‌نگۆله‌کان هاتنه‌ نێو ڕۆژه‌هه‌ڵاتی نێزیکه‌وه‌، له‌ لایه‌ن کورده‌ سه‌رسه‌خته‌کانه‌وه‌ به‌ره‌نگارییان لێ کرا. هه‌ر به‌و ئاوایه‌ کورده‌ ئازادیخوازه‌کان له‌ مێژووی پێشتریشدا چه‌کیان دژ به‌ سۆمه‌ره‌کان و ئاشوورییه‌کان هه‌ڵگرتووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌یشیان ده‌گه‌ڵ "کووره‌ش"ی شای فارساندا کردووه‌ و نه‌ینه‌وا و بابیلیشیان سووتاندووه‌. له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی 1500ه‌کانه‌وه‌ کاتێک، که‌ تورکه‌کان، ئه‌رمه‌نستان و کوردستانیان داگیر کرد، سوڵتان ڕێگه‌ی به‌ مه‌لا ئیدریسێکی کورد دا، ده‌وڵه‌تێکی گوێڕایه‌ڵی خاوه‌نی بڕێک سه‌ربه‌خۆیی نێوخۆیی، دابمه‌زرێنێت[3]. سوڵتانێکی دیکه‌ی تورک، عه‌بدولحه‌مید[4]، به‌وه‌ی که‌ زیره‌کانه‌ چه‌مک و پرنسیپی "په‌رتکه‌ و زاڵبه‌"ی پێڕۆ کرد، پتر زیانی به‌ پرسی کورد گه‌یاند و برینداری کرد. بۆ تێکدانی ئه‌و په‌یمانه‌ دۆستایه‌تییه‌ نه‌نووسراوه‌ی نێوان کورده‌کان و دیانه‌کانی هاوسێیان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، عه‌بدولحه‌مید ڕێگه‌ی به‌ دامه‌زراندنی یه‌که‌یه‌کی سواره‌ی کوردی دا و خێڵه‌کییه‌کانی، که‌ پێکیانهێنابوو تایبه‌تمه‌ندییه‌کی باڵا و له‌به‌رچاویان وێدرابوو[5]. ئه‌مه‌ش بووبه‌ هۆی دوژمنایه‌تی و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ له‌ نێوان ده‌سته‌ و تاقمه‌ جیاوازه‌کانی کورددا، که‌ له‌ لایه‌ن حوکوومه‌ته‌کانه‌وه‌ وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک به‌کاربراوه‌ بۆ پێشاندانی کورد، نه‌ک هه‌ر وه‌ک گه‌لێکی یه‌کنه‌گرتوو، به‌ڵکه‌ ته‌نانه‌ت وه‌ک چه‌ته‌ و ڕێگرێکی ناشی و پاشکه‌وتوو ، که‌ بێجگه‌ له‌ زه‌بر و زۆر هیچ جۆره‌ به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ تێناگه‌ن. بۆیه‌ نه‌یارانی کورد بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان، ناکۆکی و ململانێی نێوان هۆز و خێڵه‌ جیاوازه‌کانی کورد و  نێوان کۆمه‌ڵانی وه‌رزێره‌ نه‌خوێندووه‌کانی بنده‌ستی ده‌ره‌به‌گه‌کان و ڕه‌وشه‌نبیرانی چینی نێوه‌ندی نێو شاره‌کانیان، به‌کاربرد.                                                                                                     
هه‌ڵگر و بڵندکه‌ره‌وه‌ی بیری نوێی نه‌ته‌وه‌یی کورد، هه‌ر له‌ ده‌سپێکرا ئه‌و که‌سانه‌ بوون، که‌ له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌کاندا له‌ شاره‌  کوردییه‌کاندا ده‌ژیان. کوردێکی زۆر له‌ په‌رله‌مانی عوسمانیدا کران به‌ نوێنه‌ر و ئه‌وانیش پێشنیاز و داخوازیی ئۆتۆنۆمییان بۆ کورد به‌ په‌رله‌مانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی پێشکه‌ش کرد. ئه‌و پێشنیاز و داخوازییانه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌و ڕۆژنامه‌ و یانه‌ کوردییانه‌وه‌ی، که‌ له‌ سه‌رده‌می تورکاندا له‌ ئیسته‌نبوول و به‌غدا و مووسڵ دامه‌زرێنرابوون، له‌ بنه‌وه‌ پشتگرییان لێ ده‌کران. له‌ کۆتایی ساڵانی 1800ه‌کاندا، کۆمیته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کورد دامه‌زرا، که‌ به‌ره‌به‌ره‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ چوو ببێته‌ پارتییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ کوردییه‌که‌ی ئه‌مڕۆی عیراق[6]. له‌ په‌یمانی سیڤری 1920ی نێوان ئیمپراتۆریای عوسمانی و هێزه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م، یه‌کێک له‌و شتانه‌ی بڕیاری له‌ سه‌ر درا، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی بوو، که‌ سنووره‌که‌ی ده‌ڤه‌ره‌کانی له‌ باشووری ئه‌رمه‌نستانه‌وه‌ تا باکووری عیراقی ده‌گرته‌وه‌[7]. په‌یمانی سیڤر له‌ سه‌ر لاوازیی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی تورکان ساز کرا و به‌ سه‌ر حوکوومه‌تی تورکدا سه‌پێنرا. به‌ هۆی هێزی تورکیای نوێی سه‌رکه‌وتووی سه‌رده‌می که‌مال ئه‌تاتورکه‌وه‌، هه‌رگیز ددان نه‌نرا به‌ په‌یمانی ئاشتی سیڤردا و هه‌رگێز کاری پێ نه‌کرا و ته‌نانه‌ت له‌ 1923دا و له‌ لۆزان گۆڕدرایه‌وه‌ به‌ په‌یمانێک، که‌ نێوی کوردستانی تێدا نه‌هات[8].                                             
هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی دژایه‌تیکردنی به‌هێزی کورده‌وه‌، فه‌یسه‌ڵ حوسه‌ین، به‌ هۆی پشتگریی بریتانییه‌کانه‌وه‌، نێوی شای عیراقی لێ نرا و کرایێ[9]. هه‌ر ئه‌و ده‌می بریتانییه‌کان فه‌رمانڕه‌وایه‌کی کوردیان  له‌ باکووری عیراق دیاری کرد. کاتێک ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌ له‌ پێناوی دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆدا، ڕێبه‌ریی ڕابوونێکی کرد، ده‌ستگیر کرا و له‌ وڵات وه‌ده‌ر نرا[10]. بریتانییه‌کان ته‌نانه‌ت قایل نه‌بوون به‌وه‌ی، که‌ ددان به‌ تایبه‌تمه‌ندی و سه‌ربه‌خۆییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد به‌ سه‌ر ناوچه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی که‌رکووکدا، که‌ پتر له‌ ¾ی نه‌فتی عیراق وه‌به‌رهه‌م دێنێت، بنێن. هه‌ر بۆیه‌ش بریتانییه‌کان، باژێڕی سلێمانییان ئابڵۆقه‌ دا و له‌ هه‌مان کاتیشدا هێزی هه‌وایی بریتانیا(هێزی هه‌وایی پاشایی) شاره‌که‌یان بۆمبباران کرد[11].                                                                                            
به‌ گوێره‌ی په‌یمانی لۆزان، ده‌بوو سنووری نێوان تورکیا و عیراق، به‌ پێکهاتن له‌گه‌ڵ بریتانییه‌کاندا کێشرابا و دیاری کرابا. که‌ لایه‌نه‌کان نه‌یانتوانی پێکبێن و ڕێککه‌ون، کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان کۆمیته‌یه‌کی به‌ نێوی کۆمیته‌ی مووسڵ دانا، که‌ بێجگه‌ له‌ کاره‌کانی دیکه‌ی، ئه‌وه‌ی چه‌سپاند و  ده‌ستنیشانکرد، که‌ کورد نه‌ تورکه‌ و نه‌ عه‌ره‌به‌ و نه‌ش فارسه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بوو ددان به‌ کوردستانێکی ئازاددا نرابا.    
1922 ده‌وڵه‌تی نوێچێکراوی عیراق و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی مانداتی ئینگلستان بڕیاریان دا، ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌بردن به‌ کورد بده‌ن. ئه‌و به‌ڵێنه‌ وه‌ک مه‌رجێک بۆ ئه‌وه‌ی عیراق ببێته‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان، له‌ 1932یشدا دووپات کرایه‌وه‌.                                                                            
له‌ نێوان هه‌رتک جه‌نگدا ڕاپه‌ڕینی ده‌ڤه‌ریی کورد له‌ عیراقدا به‌رپا ده‌بوو و له‌ لایه‌ن له‌شکری عیراقی- بریتانی و به‌ هاریکاریی هێزی هه‌وایی بریتانی(هێزی هه‌وایی پاشایی) سه‌رکوت ده‌کران. له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی دوه‌مدا، ڕابوونێکی نوێ به‌رپا بوو، ئه‌مجاره‌یان موسته‌فا بارزانی سه‌رکرده‌یه‌تیی ده‌کرد، که‌ پاشان بوو به‌ مه‌زنترین سه‌رکرده‌ی کورد. ڕابوونه‌که‌ سه‌رنه‌که‌وت و بارزانی له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانیدا هه‌ڵهات بۆ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت. بارزانی بۆ جاری یه‌که‌م 1958، پاش کوودێتای قاسم،  گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عیراق. که‌ قاسم له‌ 1958دا ڕێژیمی پاشایه‌تیی ڕووخاند و خۆی بوو به‌ فه‌رمانده‌ر و ڕێبه‌ری وڵات، به‌ هۆی به‌ڵێنه‌کانییه‌وه‌، که‌ دابوونی به‌ کوردان، که‌ به‌ره‌وپیریی داخوازییه‌کانیان ده‌چێت، به‌ گه‌رمیی له‌ لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ پێشوازیی لێکرا. ده‌ستووریی کاتیی عیراقی ساڵی 1958 ڕوونی کرده‌وه‌، که‌ عیراق ده‌وڵه‌تێکی هاوبه‌شه‌ و له‌ عه‌ره‌ب و کورد پێکهاتووه‌، لێ قاسمییش ئه‌وه‌ی پێشان دا، که‌ ئه‌ویش وه‌ک سه‌رکرده‌کانی پێشووی عیراق،  ئه‌و گوته‌ و وشه‌ ڕندانه‌ی خۆی نه‌خسته‌ گه‌ڕ، ته‌نێ له‌وه‌دا نه‌بێت، که‌ پێوه‌ندی به‌ ڕێگه‌دانی زمانی کوردییه‌وه‌ هه‌بوو له‌ بواری خوێندندا.                                                     
پارتییه‌ سیاسییه‌که‌ی کورده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، پارتیی دیموکراتیی کورد، تا ده‌هات پتر ڕه‌خنه‌ی له‌ ساردوسڕی و گوێنه‌دانی ڕێژیمی قاسم ده‌گرت. ئه‌مه‌ش بوو به‌ هۆی قه‌ده‌غه‌کردنی ڕۆژنامه‌که‌ی پارتیی و زیندانیکردنی سکرتێره‌ گشتییه‌که‌یشی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د[12]، پێش ئه‌وه‌ی پارتییه‌که‌ له‌ پاییزی 1961دا به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ بکرێت. له‌ هه‌مان کاتیشدا بۆمببارانی گونده‌ کورده‌کان به‌ ناپاڵم و پاشتریش به‌ بۆمبای گازی گۆگرد ده‌ستیپێکرد. کورده‌کان له‌ ژێر سه‌رکرده‌یه‌تیی و ڕێبه‌ریی "مه‌لای سۆر"[13]دا، موسته‌فا بارزانی، ناچار کران خه‌باتی چه‌کداری ده‌ستپێبکه‌ن. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ واپێده‌چوو، یاخیبوونه‌که‌ یاخیبوونێکی خێڵه‌کی بێت، خزمگه‌ل و هۆزی بارزانی ده‌ستیان پێ کردبێت. وه‌لێ جه‌نگاوه‌ره‌ خێڵه‌کییه‌کان له‌ 1961ه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی ساڵاندا، بوون به‌ له‌شکرێکی کۆک و ڕێکوپێک و سه‌قامگیری 10-20 هه‌زار که‌سیی. بزاڤه‌ خێڵه‌کییه‌که‌ سیما و شێوه‌ی بزاڤێکی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رگرت، له‌گه‌ڵ بوونی ده‌سگایه‌کی نێوه‌نده‌کیی له‌شکری و سیاسی له‌ ترۆپکیدا. کورده‌کان کارگێڕییه‌کی خۆیه‌کییان له‌ گونده‌کانی خۆیاندا که‌ بۆ خۆیان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ سه‌ردا هه‌بوون دامه‌زراند. له‌ هه‌مان کاتیشدا باژێڕێن مه‌زن هه‌ر له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی به‌غدادا بوون. 1964، ئه‌نجومه‌نێک به‌ نێوی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش دامه‌زرا، پتر له‌ 40 ئه‌ندامی تێدا بوو، که‌ نوێنه‌ری هه‌موو ده‌سته‌ و خه‌ڵک و گه‌له‌ جیاواز و گرنگه‌کانی کوردستانی عیراق بوون. هه‌روه‌ها حوکوومه‌تێک[14]، دادگه‌یه‌ک، سیستمێکی باجخڕکردنه‌وه‌ و چه‌ند کۆمیته‌یه‌کی جیاواز و جۆراوجۆریش بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ کارگێڕی و ده‌سگا خۆیه‌کییه‌کاندا و بۆ ئاماده‌کردنی ده‌ستوورێک دامه‌زران و پێکهێنران.                                                                     
سه‌ختیی دامه‌زراندنی کارگێڕییه‌کی کارا و توانا له‌و ده‌ڤه‌ر و شوێنانه‌ی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی بارزانیدا بوون، ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، که‌ له‌ کوردستانی عیراقدا به‌ 1-2 میلیۆن که‌سه‌که‌یه‌وه‌، ته‌نێ دوو بژیشکی کوردی بارهێنراو و لێزانی لێ بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێی پرۆگرامی پارتیی، وه‌دیهێنان و جێبه‌جێکردنی چاره‌ و تیمارکردنی مفت، ئامانج بوو. له‌و شتانه‌ی، له‌ پرۆگرامه‌که‌دا و به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی باسکرابوون، که‌مترین مووچه‌، باجیی ڕاسته‌وخۆ و هه‌ڵکشاو  و به‌ره‌وژوور، مافی سازکردنی سه‌ندیکا، هه‌روه‌ها باسی بیرازی زه‌وییش کرابوو، که‌ زه‌وی به‌ هه‌موو وه‌رزێران ده‌درێت. داخوازییه‌کی سه‌یر و سه‌رنجڕاکێشیش بۆ مافی ته‌واوی سیاسی و ئابووری و یه‌کسانی جڤاکیی ژنییش هه‌بوو. به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌بێ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بکرێت، که‌ فره‌ژنه‌ هێشتا له‌ نێو پڕانیی ئه‌و کوردانه‌ی، که‌ خۆیان به‌ ئیسلام ده‌ژمێرن هه‌یه‌ و وه‌دی ده‌کرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌ریتی بوونی له‌یه‌ک ژن زیاتر له‌ پاشه‌کشێیه‌کی به‌هێزدایه‌.                                                                                                  
گوشاری له‌شکریی له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کییه‌وه‌ بوو به‌ هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی ناکۆکی و دژایه‌تیی خێڵه‌کی له‌ نێو کورده‌کاندا، هه‌رچه‌نده‌ حوکوومه‌تی به‌غدا له‌ لایه‌ن چه‌ند خێڵێکی کورده‌وه‌، له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ خێلی زیبارییه‌ توانا و ده‌ستڕۆیشتووه‌کان، که‌ دوژمنی نه‌ریتیی بارزانیین، پشتیوانیی لێ ده‌کرێت. هه‌ندێک له‌م زێبارییانه‌، گه‌یشتوونه‌ پایه‌ و پۆستی گرنگ له‌ نێو کارگێڕی و ده‌سگاکانی نێوه‌نده‌کی عیراقدا له‌ به‌غدا.                                                                                             
 ناکۆکی ئایدیۆلۆژی و تاکتیکی، بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی شه‌که‌ت و لاواز کردووه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ 1964-1965دا ده‌گه‌ڵ بارزانیدا تێکچوون و لێی جیابوونه‌وه‌ و پاشانیش وه‌ل حوکوومه‌تی به‌غدادا هاریکارییان کرد. ناکۆکییه‌کانیش به‌ پێی ئه‌وان(جه‌لال تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) له‌وه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، که‌ بارزانی سه‌رکرده‌یه‌کی خێڵه‌کی نه‌ریتییه‌ و گه‌ره‌کیه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ ده‌ره‌به‌گه‌کاندا له‌ کوردستان هاریکاریی بکات. پتر له‌ 12 ساڵ مانه‌وه‌ و ژیانی له‌ سۆڤیێت هیچ جۆره‌ شه‌قڵێکی قووڵی ئایدیۆلۆژی له‌ بارزانیدا به‌جێنه‌هێشتووه‌. ڕووناکبیرانی کورد له‌ باژێڕه‌کاندا، که‌ له‌ نێو پارتیی دیموکراتیی کورددا ده‌ستیان ده‌ڕوات و زاڵن ده‌یانه‌وێت شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشی جڤاکی بهه‌ڤرا گرێ بده‌ن و کوردستانێکی نوێ و هاوچه‌رخ دابمه‌زرێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا پێده‌چێت، بارزانی له‌وه‌ی که‌ نه‌یاره‌کانی ده‌یڵێن و باسی ده‌که‌ن، ڕادیکالتر بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ری دانه‌واندبێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌ و تاقمه‌ ده‌ره‌به‌گه‌کان، ئه‌وه‌ به‌ نیازی وه‌دیهێنانی یه‌کیه‌تییه‌ک بووه‌ له‌ کاتی خه‌باتی ڕزگاریخوازیدا. ناکۆکییه‌کانی نێوان ده‌سته‌ و باڵی تاڵه‌بانی-ئه‌حمه‌د و بارزانی وێده‌چێ ته‌نانه‌ت هۆ و بنه‌مایه‌کی ملانێی ده‌سه‌ڵاتی که‌سه‌کی تێدا هه‌بێت.                                                
له‌کاتێکدا بارزانی گومان و بێباوه‌ڕییه‌کی قووڵی له‌ ویست و توانستی ده‌سه‌ڵاتدار و کاربه‌ده‌ستانی عیراق ده‌کرد، که‌ بتوانن ملانێکه‌ له‌ سه‌ر مێزی گوتوبێژ، نه‌ک له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن، تاڵه‌بانی و ئه‌حمه‌د بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی سیاسیی له‌ ڕێگه‌ی گوتوبێژ و مانۆره‌وه‌ کراوه‌تر بوون. زۆرینه‌ی شته‌کان واده‌گه‌یه‌نن، که‌ بارزانی له‌ لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ له‌ کوردستاندا هه‌روه‌ها له‌ نێو خوێندکارانی کوردیشدا له‌ ده‌رێی وڵات به‌ باشی پشتگریی لێ ده‌کرێت.                                                                             
گومانی بارزانی بنه‌مایه‌کی پته‌وی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی تاقیکردنه‌وه‌کانی ساڵانی 1960ه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌. جه‌نگی نێوخۆ سێ جاران بۆ گوتوبێژکردن له‌گه‌ڵ گۆڕانی ڕێژیمه‌کاندا له‌ به‌غدا، ڕاگیرا. پاش ڕووخانی قاسم له‌ به‌هاری 1963دا، سه‌رۆکی کوودێتاکه‌ سه‌ردانێکی لای بارزانی کرد[15] و پاش ئه‌وه‌ش حوکوومه‌ت ددانی به‌ "مافی سروشتیی گه‌لی کوردد به‌ هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی نانێوه‌نده‌کی"دا نا. حوکوومه‌ت ئاماده‌ نه‌بوو به‌ داخوازییه‌کانی کورد بۆ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ چوارچێوه‌ و قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تی عیراقدا، قایل بێت. که‌ کورده‌کان نوێنه‌ری خۆیان نارده‌ به‌غدا بۆ گوتوبێژکردن له‌مه‌ڕ شێوه‌ و داڕشتنی بیری نانێوه‌نده‌کی، نوێنه‌ره‌که‌ گیرا[16]، پاشان ئه‌وانیش زێتر پێیان داگرت و داوای پتر و مه‌زنتریان ده‌کرد. حوکوومه‌تی به‌غدا داوای کرد، هێزه‌کانی بارزانی خۆ بده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ توندوتیژه‌ له‌گه‌ڵ هێرشێکی له‌شکری نوێدا، یه‌کیان گرت. گوندنشینه‌ کورده‌کان له‌ ماڵه‌کانی خۆیان وه‌ده‌رنران و تارێنران و عه‌ره‌به‌ کۆڵۆنیالیسته‌کانیان خستنه‌ جێیان.                                                                            
ئه‌م گۆڕانکارییه‌ ده‌بووایه‌ کارێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو نه‌بووایه‌، به‌لای که‌مه‌وه‌ له‌ بیرکردنه‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ نوێیه‌کانی به‌غدا، که‌ سه‌ر به‌ پارتیی به‌عس بوون و که‌ ییروباوه‌ڕه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌یانیش پانعه‌ره‌بیزم و سۆسیالیزم بوو. هه‌مان پاییز ئه‌و ڕێژیمی به‌عسه‌ سه‌رنگوم کرا و عه‌بدوسسه‌لام عارف بوو به‌ سه‌رۆک[17]. بڕیاری ئاگربه‌ستێکی نوێ درا و گوتوبێژیکیش له‌ نێوان عارف و بارزانیدا ده‌ستیپێکرد. ئه‌مجاره‌یشیان نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ چاره‌سه‌رێک و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکه‌ ته‌نانه‌ت جه‌نگ له‌ شێوه‌یه‌کی فراوانتردا له‌ ساڵی 1965دا، ده‌ستیپێکرده‌وه‌. کاتێک عارف له‌ ڕووداوێکی هه‌لیکۆپته‌ردا تێداچوو، عه‌بدوڕڕه‌حمانی برای بوو به‌ جێگری[18] و ئه‌ویش له‌ ده‌سپێکدا له‌ سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی براکه‌ی ڕۆیشت.                                                                                                                         
هاوینی 1966 مه‌زنترین هێرشێک تا ئه‌و کاته‌ کرایه‌ سه‌ر کورده‌کان. دوای مانگێک ڕوونبووه‌وه‌، که‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و هێرشه‌ش شکاوه‌. ئه‌مه‌ بوو به‌ هۆی پته‌وکردنی شوێن و جێگه‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیری مه‌ده‌نی "به‌ززاز"[19]. به‌ززاز به‌ته‌واوی باوه‌ڕی به‌ پێویستی چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه‌ له‌ کوردستاندا، هێنابوو. شه‌ڕی نێوخۆ ده‌یکرده‌ خه‌رجییه‌کی زۆر و زه‌وه‌نده‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ له‌شکر، له‌ سه‌ر حسێبی پرۆژه‌ مه‌ده‌نییه‌ گرنگه‌کانی گه‌شه‌کردن و ده‌بووه‌ هۆی پتر له‌شکراندنی ژیانی جڤاکیی عیراق. له‌شکری عیراق هه‌ر له‌ ڕۆژانی قاسمێ ڕا، داوای چاره‌سه‌رێکی له‌شکریی بۆ کێشه‌ی کورد ده‌کرد و ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌ت و هه‌لومه‌رجی گوتوبێژی بۆ حوکوومه‌تێکی ئاشتیدۆست که‌متر ده‌کرده‌وه‌. حوکوومه‌تێکیش هه‌رچی زێتر ببێته‌ "کورددۆست"، ڕه‌نگه‌ خێراتر له‌ لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکره‌وه‌ له‌ نێو ببرێت. ئه‌م مه‌ترسییانه‌ و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی چه‌شنه‌ مافێک له‌ داواکاریی کورده‌کان بۆ ئۆتۆنۆمی، ده‌کرا ببێته‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی خۆدابڕین و جیابوونه‌وه‌یان له‌ ده‌وڵه‌تی عیراق.                                                                                                   
به‌پێچه‌وانه‌ی دژوه‌ستانی له‌شکره‌وه‌، به‌ززاز پرۆگرامێکی 12 خاڵیی دانا و خسته‌به‌رچاو، که‌ پاشان ئه‌و پرۆگرامه‌ بوو به‌ بناخه‌یه‌ک بۆ هه‌موو هه‌وڵدان و ته‌قه‌لایه‌ک، که‌ له‌ لایه‌ن ڕێژیمی به‌غداوه‌ ده‌درا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌. پرۆگرامه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو، له‌ ده‌ستووردا ددان به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورددا بنرێت و نانێوه‌نده‌کییه‌ک جێبه‌جێ بکرێت و به‌شداربوون و نوێنه‌رایه‌تیی کورده‌کان له‌ حوکوومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و کارگێڕی و ده‌سگا و کۆڕی دیپلۆماتیک و سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکردا، به‌ گوێره‌ی ژماره‌ و ڕێژه‌یان له‌ نێو دانیشتووانی عیراقدا، مسۆگه‌ر بکرێت.  هه‌روه‌ها لێخۆشبوونی گشتیی به‌ سه‌ربازانی هه‌ڵاتوو بدرێت و کارمه‌نده‌ ده‌رکراوه‌ کورده‌کان بگێڕدرێنه‌وه‌ نێو کارگێڕییه‌کانیان و هێز و چه‌کداره‌کانی بارزانییش ده‌نێو له‌شکری عیراقدا جێگیرکرێن و چه‌که‌کانیشیان بدرێن به‌ ده‌سه‌ڵات و کارگێڕییه‌ به‌رپرسه‌کان.                                                                                                   
ئه‌م پرۆگرامه‌ بێگومان پێشکه‌وتنێکی مه‌زنی وه‌دیهێنا، وه‌لێ له‌ لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ به‌ گومانێکی زۆره‌وه‌ تێی ده‌نۆڕدرا و بارزانی له‌ توانست و چه‌سپاویی ڕێژیم،  گومان و دوودڵیی هه‌بوو، که‌ بتوانێت به‌ پێچه‌وانه‌ و دژ به‌ خواستی سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکر، وه‌ها پرۆگرامێک جێبه‌جێی بکات. ئه‌و دوو خاڵه‌ یه‌کلاکه‌ر و گرنگانه‌ی، که‌ بارزانی نه‌یده‌ویست پێیان قایل بێت، نانێوه‌نده‌کی له‌ بری ئۆتۆنۆمی و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ سه‌رکرده‌یه‌تی و ڕێبه‌ری له‌شکره‌ کوردییه‌که‌ی خۆی و به‌جێهێشتنی بۆ حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کی بوون. بارزانی پێیوابوو، هێزی چه‌کدار و له‌شکری کورد تاکه‌ گه‌ره‌نتییه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی گوتوبێژ به‌ره‌به‌ره‌ بتوانێت چاره‌سه‌رێکی گونجاو بۆ دابینکردنی داخوازییه‌کانی کورد بهێنێته‌ پێشێ و له‌گه‌ڵ ئه‌و داخوازییانه‌دا یه‌کبگرنه‌وه‌. داخوازییه‌کانی کورد به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ  ده‌سپێکی شه‌ڕی ناوخۆدا، له‌ سه‌ره‌تای شێسته‌کاندا، تا ده‌هات ڕوونتر و خورتتر بووبوون.                                                                               
گوشاری له‌شکر به‌ره‌به‌ره‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی، به‌ززاز وه‌لانرێت و له‌شکرییه‌ک وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیران بخرێته‌ جێگه‌ی[20].  ئه‌م جێگره‌ی به‌ززاز هه‌ڵوێستێکی نابه‌دڵ و ناقایلی به‌رانبه‌ر به‌ گوتوبێژ له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا وه‌رگرت.     له‌ بری ئه‌وه‌ش سه‌رۆک عارف هه‌وڵی دا ئه‌و ڕه‌وشه‌ نه‌گۆڕ و چه‌قیوه‌ له‌ ڕێگه‌ی چاوپێکه‌وتنی بارزانییه‌وه‌، بگۆڕێت. ئه‌وه‌ش یه‌که‌م جار بوو، که‌ ڕێبه‌ری یاخیبوونه‌که‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆکێکی عیراقییه‌وه‌، له‌ سه‌ر خاک و ده‌ڤه‌ری کورددا، دیده‌نی بکرێت. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک هیوا و ئاوات به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی گوندنشینه‌ کورده‌کان بۆ سه‌ر خانوو و زێدی پێشووی خۆیان، که‌ عه‌ره‌به‌ کۆڵۆنیالیسته‌کان ده‌ستیان به‌ سه‌ردا گرتبوو، وه‌دی ده‌کرا، به‌ڵام ڕه‌وش و باری  کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی چ گۆڕانێکی به‌ سه‌ردا نه‌هات. هاوینی 1968 سه‌رۆک عارف ڕووخێنرا و حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌کر، به‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی، که‌ به‌رپرسیاری هێرشه‌ له‌شکری و چه‌کدارییه‌که‌ی ساڵی 1963 بوون، گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی. مینا جاران، گۆڕانی ڕێژیم به‌ڵێنی نوێیشی به‌دوادا هات. ئه‌مجاره‌یان بێجگه‌ له‌ هه‌وڵدانی ڕواڵه‌تی، ته‌نانه‌ت هه‌وڵ و ته‌قه‌لای کۆنکرێتییش درا. ئه‌لبه‌کر بڕیاری دامه‌زراندنی ئه‌کادیمیایه‌کی فه‌رهه‌نگیی کوردیی دا و مووچه‌خۆر و کارمه‌نده‌ ده‌وڵه‌تی و فه‌رمییه‌ کورده‌کان گێڕدرانه‌وه‌ سه‌ر کاری خۆیان و بانگی لێخۆشبوونێکی گشتییش درا، بێ داواکردن له‌ هه‌ڵاتووه‌کانی له‌شکر و پۆلیس، که‌ چه‌که‌کانیان بگێڕنه‌وه‌، وه‌لێ ئه‌و ده‌ستووره‌ کاتییه‌ نوێیه‌ی، که‌ پاییزی 1968 دانرا مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی مه‌ودایه‌کی درێژی له‌به‌رچاو گرتبوو. له‌وێشدا ڕوونکرابووه‌وه‌ که‌ "گه‌لی عیراق به‌شێکه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب".                                                                                             
له‌ سه‌ره‌تای 1969دا کورده‌کان له‌ شێوه‌یه‌کی ته‌سک و که‌مدا هێرشی چه‌کدارییان ده‌ستپێکرد. ئه‌مه‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی، له‌شکری عیراقیش له‌ به‌هاردا پێنجه‌م هێرشی گه‌وره‌ی ده‌ستپێکرد. ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ره‌وپیرییه‌وه‌چوونی کورده‌کان بێت، که‌ هه‌موو ڕێژیمه‌کانی عیراق له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌یان پێشانداون، که‌ ڕێژیمه‌ نوێیه‌کان جێی خۆیان نه‌گرتووه‌ و ئامانجیشیان ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان قایم بکه‌ن و بچه‌سپێنن. نموونه‌ی گوتوبێژه‌کان، که‌ به‌ کاری له‌شکری و چه‌کداری کۆتایی پێ ده‌هات، هێنده‌ دووپات کرابوونه‌وه‌، مرۆڤی ڕووبه‌ڕووی پرسیار و گومان ده‌کرده‌وه‌، له‌مه‌ڕ ئه‌و هه‌لومه‌رج و توانستانه‌ی، که‌ ڕێژیمێکی عیراقی گه‌ره‌کیه‌تیی و ده‌توانێت کێشه‌که‌ی پێ چاره‌سه‌ر بکات.                                                                                                                
ئه‌وجا ئه‌و گرێکوێره‌ی کورده‌ ده‌بێ چۆن چاره‌سه‌ر بکرێت و بکرێته‌وه‌؟ هه‌ڵوێست و دیتنی ده‌وڵه‌تانی هاوسێ و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌کان و ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌گه‌ڵ ڕای گشتیی جیهانیدا هاوتان و له‌ ده‌ره‌وه‌ کاریگه‌رییه‌کی گرنگیان له‌ سه‌ر پاشه‌ڕۆژی کوردستان هه‌یه‌. با پێشه‌کی بنۆڕینه‌ ڕه‌وشی کورده‌کانی ده‌وڵه‌تانی هاوسێ و بزانین به‌ چ شێوه‌یه‌ک ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.                                                                                                             
کێشه‌ی کورد، شێوه‌ و فۆرمی جۆراوجۆر وه‌رده‌گرێت له‌و ده‌وڵه‌ته‌ جیاوازانه‌دا. تا ئێستا بزاڤێکی یه‌کگرتووی کورد، که‌ کوردستانێکی یه‌کگرتووی،  وه‌ک ئامانجێکی سیاسیی نێزیک خستبێته‌ به‌رچاو و هه‌وڵی بۆ بدات، نییه‌ و وه‌دی ناکرێت و  له‌ هیچ وڵاتێکیشدا کورده‌کان بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌کی ته‌واو خۆیان شه‌که‌ت ناکه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و کوردانه‌ی عیراقیش.                                                                    
ئه‌و وڵاته‌ی زۆرینه‌ی کوردی لێ ده‌ژی، تورکیا، ددان به‌وه‌دا نانێت، که‌ کێشه‌ی کورد له‌وێ هه‌یه‌، چونکه‌"هه‌موو کورده‌کان له‌ تورکیادا تورکن"[21]. ئه‌وه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ له‌و دیتن و بۆچوونه‌دا ئه‌وه‌یه‌، که‌ حوکوومه‌تی تورک هه‌ر بۆ خۆی له‌ کۆتایی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مه‌وه‌ ناچار کرابوو، سێ ڕاپه‌ڕینی کورد سه‌رکوت بکات. ئه‌و ڕابوونانه‌یش له‌ ئه‌نجامی  ناقایلبوون و دژایه‌تیکردنی کورده‌ شا و ئایینخوازه‌کاندا بوو، که‌ به‌رهه‌ڵستیی نه‌هێشتن و لابردنی خه‌لیفایه‌تی و هێنانه‌ کایه‌ی نوێخوازی و سێکولاریزمه‌که‌ی ڕۆژانی ئه‌تاتورکیان ده‌کرد له‌ لایه‌که‌وه‌ و له‌ ئالییه‌کی دیکه‌یشه‌وه‌ ئه‌نجامی سه‌رکوتکردن و پێشێلکردنی بانگه‌وازی داخوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورده‌کان بوو. له‌ نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیدا و  له‌ ده‌ڤه‌ر و به‌شه‌ جیاوازه‌کانی تورکیادا، ڕاگواستنی زۆره‌ملێی گه‌وره‌ و کاریگه‌ر و له‌به‌رچاو به‌ سه‌ر کورده‌کاندا جێبه‌جێ کرا. که‌ ئاژاوه‌ و نائارامییش گه‌یشته‌ نێو کورده‌کان له‌ ئێراندا، له‌شکری ئه‌و هه‌ردوو وڵاته‌ کارێکی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا، که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ کورده‌کان زیانێکی سه‌خت و کاریگه‌ریان گه‌یشتێ. له‌ هه‌نده‌ک ده‌ڤه‌ری کوردنشیندا له‌ تورکیا کارگێڕی ڕیزپه‌ڕ و نائاسایی خرایه‌ گه‌ڕ و دوای ئه‌وه‌ش پرۆسێسێکی تورکاندنی کارا و چالاکانه‌ ده‌ستپێکرا، که‌ تێیدا خوێندن به‌ زمانی کوردی قه‌ده‌غه‌ کرا. له‌ سه‌ره‌تای 1960دا گوێرسێلی سه‌رۆکی تورکیا، ڕوونیکرده‌وه‌ و به‌ ئاشکرا گوتی، که‌ له‌ تورکیادا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک گه‌لێک به‌ نێوی کورد نییه‌ و  ئه‌و نێوه‌ فه‌رمییه‌یشی، که‌ ئیدی لێیان نرا "تورکه‌ چیاییه‌کان"ه‌. فه‌رمانێک، که‌ له‌ ساڵی 1967دا  ده‌رچوو، چاپکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نیی کوردیی له‌ هه‌ر شێوه‌یه‌کدا بێت، له‌ تورکیاوه‌ و بۆ تورکیا قه‌ده‌غه‌ کرد. ته‌نانه‌ت به‌کاربردنی وشه‌ی "کورد" له‌ نووسیندا قه‌ده‌غه‌ کرا. ئه‌م کار و ته‌داره‌کانه‌ کارێکی وایان کرده‌ سه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی کورد، که‌ ئه‌مڕۆ نه‌توانێت و بۆی سه‌خت بێت، خۆی ده‌رخات و پێشان بدات و کاریگه‌ر بێت. سه‌ردانه‌واندنه‌کانی حوکوومه‌تی عیراقی ساڵی 1970 بۆ کورده‌کان له‌ عیراقدا، به‌ زێتر گوشار و چه‌وساندنه‌وه‌ شکایه‌وه‌ له‌ تورکیا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌ وه‌ها بانگاشه‌ و ته‌شقه‌ڵه‌یه‌ک له‌ نێو کورده‌کانی تورکیادا بگیرێت. واشپێده‌چێت مه‌زنترین کۆسپ و گرفتێک له‌ ڕێگه‌ی پرسیی کورددا له‌ تورکیا ئه‌وه‌ بێت، که‌ پڕانیی کورده‌کان له‌وێ وه‌رزێری هه‌ژاری بێسه‌وادن، که‌ نه‌ ده‌توانن بخوێننه‌وه‌ یا بنووسن، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاگاداری و زانیارییان یه‌کجار خۆوار و به‌رته‌سک بێت و له‌ سنووری ده‌ڤه‌ره‌کانی خۆیان تێنه‌په‌ڕێت.                                                                                                                   
له‌ ئێران گه‌لێک جار ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کرێت، که‌ کورده‌کان به‌شێکن له‌ گرووپی گه‌لانی ئێرانی و زمانێکی ڕۆژاوایی ئێرانی ده‌په‌یڤن و که‌ ئێران ئیمپراتۆریایه‌کی فره‌ڕه‌گه‌زه‌ و له‌ سه‌ر مێژوویه‌کی هاوبه‌ش و باوه‌ڕ به‌ شا بنیاتنراوه‌، وه‌لێ له‌ پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م یه‌کسه‌ر کورده‌کان به‌ پشتگریی سۆڤیێت کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆیان له‌ ڕۆژاوای ئێراندا دامه‌زراند. کۆماره‌ کوردییه‌که‌ی ساڵی 1946، ئه‌و کاته‌ی سۆڤیێت بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌ داگیرکاره‌کانی خۆی له‌ ئێران دا، له‌ هه‌مبه‌ر به‌شێک له‌ داهاته‌کانی نه‌فتی ئێراندا، ڕووخا. ڕووسه‌کان له‌  بایه‌خنه‌دان و گوێنه‌دانی نه‌ته‌وه‌ییه‌ کورده‌کان به‌ ئایدیۆلۆژیای مارکسیزم – لێنینیزم و نه‌ویستن و ناقایلیی ئه‌وان به‌ کۆنترۆڵی سۆڤیێت، هیوابڕاو بوون. ساڵی 1968 یاخیبوونێک له‌ نێو کورده‌کاندا له‌ ڕۆژاوای ئێران، به‌رپا بوو[22] و به‌ گوێره‌ی زانیاری کورده‌کان بووبووه‌ هۆی کوشتنی 200 که‌سێک. وه‌کی دیکه‌ داخوازی کورده‌کان له‌ بواری فه‌رهه‌نگییدا له‌ شێوه‌ و قه‌واره‌یه‌کی گچکه‌ و ته‌نگه‌به‌ردا له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی فارسه‌وه‌ ڕه‌چاو کراوه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌نجامی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ بێده‌نگ و کپه‌ی نێوان کورد و فارس بێت له‌ مێژووی که‌ڤندا.                                               
به‌ گوێره‌ی پرنسیپی سیاسه‌تی که‌مینه‌ی لێنینیزم، که‌ له‌م بار و حاڵه‌دا به‌ڕاستی جێبه‌جێ کراوه‌، کورده‌کانی سۆڤیێت به‌ باشی ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ کراوه‌. کورده‌کان له‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت فێرگه‌ی خۆیان هه‌یه‌ و ده‌شتوانن بڵاوکراوه‌ به‌ کوردی په‌خش بکه‌نه‌وه‌. زۆرینه‌ی ئه‌و بڵاوکراوه‌ کوردییانه‌ که‌ نێزیکه‌ی 500 دانه‌یه‌ک ده‌بن و له‌ 1920ه‌وه‌ ده‌رچوون و بڵاوکراونه‌وه‌، هه‌روه‌ها زنجیره‌یه‌ک قه‌وانی گرامافۆنی مووزیکی میللی کوردییش هه‌موو له‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت ده‌رچوون. ئه‌وانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ کاریان تێ کراوه‌ و ڕووسێنراون. حوکوومه‌تی سۆڤیه‌تیی کات له‌ دوای کات په‌نابه‌ری کوردی وه‌رگرتووه‌[23]. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کێشه‌ی کورد ته‌نانه‌ت بۆ پرۆپاگه‌نده‌ به‌کاربراوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕادیۆی "په‌یکی ئێران"ی کۆمۆنیسته‌وه‌ له‌ لایبزیگ[24]، که‌ هه‌میشه‌ هانی کورده‌کانی ئێران ده‌دات بۆ یاخیبوون. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌م که‌ونه‌ په‌ندی پێشینانه‌ کوردییه‌، که‌ ده‌ڵێت : "مه‌ڕی له‌ ڕان دابڕاو به‌شی گورگانه‌"، به‌که‌ڵکه‌ و واتایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت.                                                                    
سووریا به‌ فه‌رمیی هه‌ر ئه‌و هێڵه‌ی تورکیای پێڕۆ کردووه‌ و ئه‌ویش ددان به‌ بوونی کورد له‌و وڵاته‌دا نانێت. کورده‌کان به‌شێکی سه‌ره‌کی له‌ دانیشتووانی سێ ده‌ڤه‌ری کوردنشین له‌ باکووری سووریا پێکده‌هێنن. زۆربه‌یان له‌ ده‌ڤه‌ری جه‌زیره‌ ده‌ژین، که‌ وه‌ک گۆشه‌یه‌ک یا فوازێک له‌ نێوان تورکیا و عیراقدا درێژ ده‌بێته‌وه‌. پێش چه‌ند ساڵێک، به‌ هۆی ڕاگواستنی زۆره‌ملێی کوردان و وه‌رزێری عه‌ره‌ب له‌جێ دانانیان، هه‌ندێک نائارامی و ئاژاوه‌ و فه‌رته‌نه‌ له‌ نێوان کورده‌کاندا له‌و ناوچه‌یه‌ی، که‌ عه‌مبار و گه‌نجینه‌ی دانه‌وێڵه‌ی سووریایه‌، ڕووی دا. له‌ ساڵانی 1960ه‌کاندا چه‌ندین جار حوکوومه‌تی دیمه‌شق، ڕووناکبیرانی کوردی به‌ بیانووی "چالاکیی جیابوونه‌وه‌خوازی"، دادگایی کردووه‌. بێبه‌ختییه‌ که‌ ڕای گشتیی له‌ پرس و کێشه‌ی کورددا، تا ڕاده‌یه‌ک وای لێهاتووه‌ ته‌نێ ڕوو له‌ حوکوومه‌تی به‌غدا ده‌کات، به‌ هۆی جه‌نگی ناوخۆی عیراقه‌وه‌. کورده‌کان له‌ لایه‌ن حوکوومه‌ته‌کانی تورکیا و سووریاوه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێکی توندوتیژ ده‌بنه‌وه‌ و پتر ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌. له‌م وڵاتانه‌دا کورده‌کان له‌ مافگه‌لێک، که‌ کورده‌کانی عیراق ئه‌مڕۆ سوودی لێ وه‌رده‌گرن، به‌تایبه‌ت له‌ بواری فه‌رهه‌نگیدا، بێبه‌ش ده‌کرێن.              
ئایا وڵاته‌ هاوسێیه‌کانی عیراق چۆن ده‌نۆڕنه‌ جه‌نگی نێوخۆ له‌ عیراقدا، له‌ نێوان کورده‌کان، له‌ ژێر سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی و ڕێژیمی به‌غدای عه‌ره‌بیدا؟ هۆیه‌کی سروشتیی هه‌یه‌، که‌ ده‌وڵه‌تانی هاوسێی عیراق، له‌ دروستبوونی کوردستانێکی ئازاد یا کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ نێو چوارچێوه‌ی عیراقدا بترسن، چونکه‌ به‌وان وه‌ها کارێک ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌مینه‌ کورده‌کانی نێو سنووره‌کانی خۆیان، سه‌رله‌نوێ ڕابن و سه‌رهه‌ڵده‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی، که‌ ته‌نێ ئێران هه‌ڵوێستێکی ئه‌رێنی هه‌بێت له‌هه‌مبه‌ر خه‌باتی کورده‌کانی عیراقدا. پێده‌چێت شای فارس له‌وه‌ دڵنیا بێت، که‌ ئێران چ مه‌ترسییه‌کی له‌و "کاریگه‌ریی-دۆمینه‌"[25]دا به‌وه‌ی پریشکی جه‌نگی کورد و عیراق و کاریگه‌ریی ئه‌و جه‌نگه‌ بگاته‌ ئێران و کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت له‌ سه‌ر وڵاته‌که‌ی ئه‌و و کوردانی ئێران، نه‌بێت. وه‌لێ له‌ نێو سنووری ئێراندا، گه‌لێک به‌ نێوی گه‌لیی ئازه‌ری ده‌ژین، که‌ ئه‌وانیش وه‌ک هاوسێ کورده‌کانیان له‌ ئێراندا، پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م به‌ پشتیوانیی ڕووسیای سۆڤیێتی، کۆماری خۆیان دامه‌زراند. ڕه‌نگه‌ شا پێیوابووبێت، که‌ قایلنه‌بوونێک به‌ هاندان یا به‌لای که‌مه‌وه‌ ڕێگه‌گرتن له‌ چاوپۆشیی لێکردن به‌ ناردنی کۆمه‌ک له‌ کورده‌کانی ئێرانه‌وه‌ بۆ خزمانیان له‌ عیراق، ده‌بووه‌ هۆی په‌یدابوونی ناڕه‌زاییه‌کی توند له‌ کوردستانی ئێراندا. ڕه‌نگبێ ئه‌م بۆچوون و  دیتنه‌، زێده‌ڕۆییه‌ک بێت له‌ پێشاندانی هه‌ستی نێزیکی و خزمایه‌تی له‌ نێوان کورددا له‌ ئێران و عیراق. بۆ نموونه‌ ده‌گوترێ، که‌ سه‌رۆکی کورده‌کانی عیراق موسته‌فا بارزانی دژ به‌ یاخیبوونه‌که‌ی ساڵی 1968ی کورده‌کانی ئێران ڕاوه‌ستاوه‌.                                                                                                                       
سه‌یر له‌وه‌دایه‌، که‌ واپێده‌چێت شا، به‌رانبه‌ر خه‌باتی بارزانی کاتێک بارزانی له‌ سه‌ختترین و دژوارترین کاتیدا بووه‌، فره‌ ئه‌رێنی پێشاندابێت. ئه‌م شێوه‌ مامه‌ڵه‌ و ڕه‌وتاره‌ چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌ی شا، ده‌کرێ وا لێکبدرێته‌وه‌، که‌ شا له‌وه‌ تۆقیوه‌، که‌ بارزانییه‌کی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو به‌ دۆڕانی له‌شکریی له‌ عیراقدا، وه‌ک پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، گه‌ره‌کی بێت و به‌ ته‌ما بێت، خه‌بات بگوێزێته‌وه‌ بۆ ئێرانی هاوسنوور. نێزیکبوونه‌وه‌ی نێوان مسر و عیراق و له‌هه‌مان کاتیشدا سیاسه‌تی ڕادیکالانه‌ی ڕێژیمه‌کانی عیراق، هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕه‌نگه‌ کار بکه‌نه‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی شا. ڕاستییه‌ک، که‌ ده‌توانێت ڕۆڵ ببینێت ئه‌وه‌یه‌، که‌ کورده‌کان وه‌ک به‌شی سه‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌به‌کانی عیراق، سه‌ر به‌ ئایینزای سوننین له‌ نێو ئیسلامدا[26]. لێ له‌ باشووری عیراق، وه‌ک ئێران دووه‌م لقی سه‌ره‌کی نێو ئیسلام، شیعه‌، زۆرینه‌ن. ئه‌گه‌ر کورده‌کان له‌ عیراق خۆ داببڕن و جوێببنه‌وه‌، ئه‌وه‌ بێگومان ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی ژماره‌ی شیعه‌ و سووننه‌ له‌ عیراقدا و به‌ قازانجی شیعه‌کان ده‌شکێته‌وه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی خاسترکردنی پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئێراندا.                                  
 له‌مه‌ڕ په‌یداکردنی چه‌ک و ئازووقه‌ و تفاقه‌وه‌، ڕێگه‌ی ئێران تاکه‌ ڕێگه‌یه‌، که‌ له‌سه‌رپشت و وازه‌ بۆ کورده‌ یاخیبووه‌کان له‌ عیراقدا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش وا باوه‌، که‌ به‌ خشکه‌یی و بێده‌نگیی و  له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ و به‌ قاچاخ، کۆمه‌ک له‌ خاچی سووری جیهانییه‌وه‌ براوه‌ته‌ ژوورێ. که‌ فڕۆکه‌ عیراقییه‌کان بۆمببارانی ئه‌و بژیوه‌ڕێگه‌یانه‌ی کرد، گونده‌کانی ئێرانیش له‌و دیوی سنووره‌وه‌ به‌رکه‌وتن و ئه‌وه‌ش بوو به‌ هۆی گرژبوونی پێوه‌نده‌کانی نێوان ئێران و عیراق. هه‌رچی سنووری نێوان تورکیا و کوردستانی عیراقه‌، ده‌یان ساڵه‌ داخراوه‌ و خه‌باتی یاخیبووانی کوردیش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی تورکه‌وه‌ دنه‌ نادرێت. هه‌ڵوێستی سووریاش هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌ و ساڵی 1963 سووریا، به‌ هێزی له‌شکره‌وه‌ به‌شداریی له‌ جه‌نگدا دژ به‌ یاخیبوونه‌که‌ی کوردستانی عیراق و بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی کرد[27]. له‌و کاته‌دا سووریاش وه‌ک عیراق له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تێن به‌عسی پانعه‌ره‌بیسته‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کرا. هه‌ڵوێستی یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت له‌رزۆک و له‌ق بوو، چونکه‌ دوو مه‌به‌ستی دژبه‌یه‌ک کار ده‌که‌نه‌ سه‌ری. ڕووسه‌کان له‌ سه‌رێکه‌وه‌ نایانه‌وێت به‌ ته‌واوی کراوه‌یی پشتگریی خه‌باتی کورده‌کان بکه‌ن، نه‌بادا ئه‌و پشگرییه‌ بیانکات به‌ نه‌یار له‌گه‌ڵ جیهانی عه‌ره‌بدا و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ نه‌یانگه‌ره‌که‌ کورده‌کان ته‌نگاو و شپرزه‌ بکه‌ن و بیانکه‌ن به‌ باوه‌شی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوادا. گه‌وره‌ترین ڕێبه‌ری کوردان موسته‌فا بارزانی له‌ نێوان 1946 و 1958دا له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانیدا، له‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت ژیا. بارزانی له‌ سه‌رده‌می حوکوومه‌تی قاسمدا له‌ به‌غدا وه‌ک په‌یوه‌ست و گه‌یێنه‌رێکی پێوه‌ندی نێوان قاسم و مۆسکۆ به‌کار ده‌برا. له‌ پاش تێکچوون و دابڕان له‌ نێوان بارزانی و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدادا له‌ کۆتایی ساڵانی 1950کانه‌وه‌، یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت ده‌ستبه‌رداری پشتگری و یارمه‌تی کورده‌کان بوو و له‌ بری ئه‌وه‌ ڕووسه‌کان چه‌کیان بۆ عیراق کلده‌کرد. به‌ڵام گه‌لێک جار و له‌ زۆر ده‌رفه‌تی دووپاتبووه‌وه‌دا،  گوشاریانیش به‌کار بردووه‌ بۆ هێنانه‌ کایه‌ی هه‌لومه‌رجی گوتوبێژی ئاشتییانه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ساڵی 1963دا، کاتی ڕێژیمی به‌عس، که‌ پێوه‌نده‌کانی نێوان مۆسکۆ و به‌غدا،  به‌ هۆی کوشتنی کۆمۆنیسته‌کانی عیراقه‌وه‌، گرژ و توند بوون.                                                                  
ڕێبه‌ری مسرییش جه‌مال عه‌بدونناسر، ڕۆڵێکی چالاکانه‌ی وه‌ک ناوبژیکارێک له‌ نێوان لایه‌نه‌کانی جه‌نگی نێوخۆی عیراقدا، بینی. هه‌ڵوێسته‌کانی ناسرییش، به‌پێی پله‌ی لایه‌نگریی حوکوومه‌تی به‌غدای ڕۆنیشتوو، له‌ خۆشه‌که‌تکردن و هه‌وڵدانی  ناسر، به‌رگۆڕان بوون. له‌ گه‌لێک بۆنه‌ و جاردا سه‌رکرده‌ی کورد پاش سه‌ردانی قاهیره‌، په‌سنی خواستی ناسریان بۆ ئاشتی داوه‌. ئه‌مه‌ش ده‌کرێ به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به‌وه‌ ڕوون بکرێته‌وه‌، که‌ عیراقێکی خجڵی جه‌نگی نێوخۆ، گه‌لێک بێسوود و بێکه‌ڵک ده‌بێت له‌ خه‌باتی دژ به‌ ئیسرائیلدا. ئیسرائیلیش به‌ نۆبه‌ی خۆی هه‌ڵوێستێکی چاودێریکار و چاوه‌ڕوانکارانه‌ وه‌رده‌گرێت، هه‌رچه‌نده‌ ئاره‌زوو و خواستی هاوبه‌ش و لایه‌نگریی، له‌ به‌ر هۆی ڕوون و خویا له‌ کن کورده‌کان هه‌یه‌. به‌ ئاشکراش هیچ کۆمه‌ک و پشتگرییه‌کی چالاکانه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ بۆ کورده‌کان نه‌هاتووه‌ و نه‌دراوه‌. له‌ به‌غدا و له‌کن عه‌ره‌بان هه‌میشه‌ بانگاشه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کرێت، که‌ خه‌باتی بارزانی له‌ لایه‌ن ڕۆژاوا و ئیسرائیله‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ لایه‌ن کۆمپانیاکانی نه‌وته‌وه‌ هانده‌درێت، وه‌لێ تا ئێستاش ئه‌و گله‌یی و تاوانبارکردنانه‌، هه‌رگیز به‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک یه‌کلا و ساغ نه‌کراونه‌ته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ نوێنه‌رانی کۆمپانیاکانی نه‌وتی ڕۆژاوایی چه‌شنه‌ به‌ڵێنێکی بیمه‌کردن و پارێزگارییان لای بارزانی وه‌ده‌ستهێنابێت، که‌ کۆمپانیا و کێڵگه‌ و که‌ره‌سه‌ گرنگه‌کانی نه‌وت تێکنه‌درێن و نابووت نه‌کرێن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ و دژ به‌ خواستی بارزانی،  له‌ به‌هاری 1969دا، یه‌که‌م هێرش کرایه‌ سه‌ر ئاقار و سامانی کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان. ئه‌مه‌ وا ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ ئه‌م خه‌باته‌ درێژخایه‌ن و که‌مبه‌رهه‌مه‌، کاکڵه‌ و نێوه‌ندێکی جه‌نگگێڕی ئاماده‌ی شه‌ڕی، له‌ نێو کورده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا دروست کردبێت، که‌ دژ به‌ هه‌موو جۆره‌ ده‌سپێخه‌ری و هه‌وڵێکی ئاشتییانه‌ و ناله‌شکری بن و بیانه‌ده‌نه‌ دواوه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ بارزانی هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بۆ خۆی سکرێتری گشتیی پارتییه‌[28]، ئیدی به‌شداریی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ ناکات، که‌ کۆمیته‌ی ڕاپه‌ڕاندن(جێبه‌جێکردن)ی پ. د. ک ده‌یکات.                                                                
ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بانگاشه‌یه‌ی، که‌ له‌ ئارادایه‌، هیچ کاتێک چالاکانه‌ خۆیان به‌ خه‌باتی کوردانه‌وه‌ خه‌ریک  نه‌کردووه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ بۆ ئه‌وان گرنگ بووه‌ ئه‌وه‌بووه‌، که‌ ده‌ستیان به‌ کانه‌ نه‌وته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی عیراقڕا بگات و له‌ده‌ستیان ده‌رنه‌چێت. بێجگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وان به‌گژاچوونی تورکیا و وڵاتانی عه‌ره‌بیان نه‌ویستووه‌.                                                                                  
گه‌لێک له‌ سیاسه‌تکارانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕۆژاوا، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ ترسابوون، که‌ بارزانی و پارتییه‌که‌ی کۆمۆنیست بن. ئه‌و بۆچوونه‌ ڕاستییه‌کی تێدا بوو، چونکه‌ پارتیی دیموکراتی کوردستان تا کوودێتای قاسمی 1958 له‌ عیراقدا، کۆمۆنیسته‌کانی تێدا زاڵ بوون، به‌ڵام له‌ ساڵانی 1960ه‌کاندا نه‌ته‌وه‌ییانی خودان ئاگایی جڤاکی ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و شوێن و جێگانه‌دا گرت. لاوازی و جێله‌قبوونی مارکسیسته‌کان به‌ گۆڕانێک له‌ پرۆگرامی پارتییدا، که‌ ساڵی 1966 بڕیاری له‌ سه‌ر درا، وه‌دی ده‌کرا. خاڵی پێنجه‌می پرۆگرامی پارتیی پێشتر، به‌م شێوه‌یه‌ بوو: "پارتیی له‌ خه‌باتی سیاسی خۆیدا له‌ شیکردنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیدا بیروباوه‌ڕی مارکسیزم – لێنینیزمی زانستی پێڕۆ ده‌کات". به‌ڵام له‌و پرۆگرامه‌ ڕادیکاله‌ نامارکسیسته‌ی ئێستادا ئه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ گۆڕاوه‌: "پارتیی له‌ خه‌باتی سیاسی خۆیدا له‌و تیۆرییه‌ زانستییه‌ پێشکه‌وتووانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ باری گه‌لی کورددا ده‌گونجێن که‌ڵک وه‌رده‌گرێت". هه‌رچه‌نده‌ کورده‌کان به‌که‌می له‌ لایه‌ن شوێن و سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌کانی ڕۆژاواوه‌ هانده‌دران، به‌ڵام ڕێکخراوه‌کانیان ڕێگه‌ درابوون که‌ به‌ ئازادی پرۆپاگه‌نده‌ و ئاگاداری له‌مه‌ڕ ڕووداوه‌کانی کوردستانه‌وه‌ بڵاوبکه‌نه‌وه‌. پرسی کورد له‌ لایه‌ن ڕای گشتییه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا باسی لێوه‌ ده‌کرا،  وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا ڕوویداوه‌، که‌ سه‌رکرده‌ مه‌زنه‌کانی کورد، له‌وانه‌ش تاڵه‌بانی، که‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان نوێنه‌ری تایبه‌تی بارزانی خۆیشی بوون، ڕێگه‌ نه‌دراون سه‌ری ئینگلستان و ئه‌مه‌ریکا بده‌ن[29].                       
ساڵی 1963، له‌ ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کاندا، خه‌ریک بوو کێشه‌که‌ بخرێته‌ به‌رباس کاتێک، که‌ کۆماری مۆنگۆلیای گه‌لیی، عیراقی به‌ ڕه‌شه‌کوژیی کوردان تاوانبار کرد. ئه‌و پرس و باسه‌ش به‌ گوشارخستنه‌ سه‌ر  مۆسکۆ له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی به‌غداوه‌، له‌ خشته‌ی کاری ڕۆژانه‌ی ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان سڕایه‌وه‌ و ده‌رهاوێژرا و  مۆسکۆیش به‌ نۆره‌ی خۆی حوکوومه‌تی مۆنگۆلیای قایل کرد، که‌ تاوانبارکردنه‌که‌شی دژ به‌ عیراق بکێشێته‌وه‌. له‌ پاش ئه‌وه‌وه‌ ئیدی هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان به‌ جۆرێک بووه‌، که‌ جه‌نگی نێوخۆی کوردستانی وه‌ک کێشه‌ و گیروگرفتێکی نێوخۆی عیراق ته‌ماشاکردووه‌. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ جێی ده‌مه‌ته‌قه‌ و باسه‌، چونکه‌ یه‌کیه‌تیی ده‌وڵه‌ته‌کان، بۆ خۆی له‌ ساڵی 1925دا، بڕیاری دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆی له‌ نێو چوارچێوه‌ی عیراقدا، دابوو. له‌وه‌ش پێشتر و له‌ ساڵی 1922دا، به‌ڵێنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ی  نێوان عیراق و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی مانداتی ئینگلستاندا، درابوو. بێجگه‌ له‌وه‌ش جه‌نگی ناوخۆی عیراق به‌ هۆی خۆتێکه‌ڵکردنی هێزه‌کانی سووریاوه‌ له‌ ساڵی 1963دا، گۆڕدرا بۆ جه‌نگێکی نێونه‌ته‌وه‌یی.                                                                  
له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1970وه‌ سه‌رده‌مێکی ئاشتییانه‌ی نوێی پێوه‌ند له‌ نێوان حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کی  به‌غدا و یاخیبووه‌ کورده‌کاندا ده‌ستپێکرا. نوێنه‌رانی بارزانی و حوکوومه‌تی به‌غدا ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کیان وه‌دیهێنا. یه‌کێک له‌و شتانه‌ی، که‌ له‌ ڕێککه‌وتننامه‌که‌دا بڕیاری له‌ سه‌ر دراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ ژێر جۆره‌ چاودێرییه‌کی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتوه‌کاندا ڕاپرسییه‌کی گشتی له‌ باکووری عیراقدا بکرێت[30]، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی نیشته‌جێی کورده‌کان بزانرێت. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ش به‌ره‌به‌ره‌ له‌ یه‌که‌یه‌کی کارگێڕیدا ڕێکخرێن. زمانی کوردی به‌ فه‌رمی ددانی پێدا بنرێت. کورده‌کان نوێنه‌رایه‌تیی خۆیان له‌ ده‌سگاکانی قانووندانان و جێبه‌جێکردن و هه‌ڵسووڕاندنی وڵاتدا به‌ گوێره‌ی به‌ش و چه‌ندایه‌تییان له‌ دانیشتوواندا، که‌ نێزیکه‌ی 30%ی ته‌واوی دانیشتووانی عیراقن، هه‌بێت. کوردێکیش به‌ جێگری سه‌رۆککۆماری وڵات دابنرێت. به‌ڵێنی لێخۆشبوونی گشتییش هێشتا کاری پێ بکرێت.                                                                              
ڕێککه‌وتننامه‌که‌ هه‌ندێ  به‌ند و خاڵی نهێنیشی تێدایه‌، که‌ ناوه‌ڕۆکه‌کانیان به‌ فه‌رمی ئاشکرا نه‌کراوه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ کورده‌کان بۆیان هه‌بێت، چه‌که‌ قورسه‌کانیان و وێستگه‌ی ڕادیۆکه‌یان بهێڵنه‌وه‌، تا هه‌موو خاڵه‌کانی تری ڕێککه‌وتننامه‌که‌ جێبه‌جێ ده‌کرێن. هێزه‌کانی حوکوومه‌تی به‌غدا له‌ باکووری عیراق ده‌گێڕدرێنه‌وه‌ دواوه‌، بێجگه‌ له‌ ئۆردووگای که‌رکووک که‌ چاودێری جێگه‌ نه‌وتییه‌کان ده‌کات. بارزانی بۆی هه‌یه‌ 12000 که‌س له‌ له‌شکری پێشمه‌رگه‌ی خۆی بهێڵێته‌وه‌. دوژمنه‌کانی بارزانی، هێزه‌ به‌کرێگیراو و نانه‌زگه‌ کورده‌کان و پارتییه‌ کوردییه‌ دۆسته‌که‌ی به‌غدای تاڵه‌بانییش هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه‌. تاڵه‌بانییش بۆ خۆی هه‌رپێش ساڵگۆڕانی 1969-1970 له‌ عیراق، وه‌ده‌رنرا[31].                                                                                              
ئه‌وجا بۆچی حوکوومه‌تی به‌غدا بڕیارێکی وا کتوپڕی دا، که‌ هه‌وڵدات بۆ چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه‌ی کێشه‌ی کورد؟ یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له‌شکری عیراق هه‌ر وه‌ک جارانی پێشوو، له‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی له‌شکریی بۆ کێشه‌ی کورد، تێکشکانی وه‌ده‌ست هێنابوو. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ یاخیبووه‌ کورده‌کان له‌ 1969دا و بۆ جاری یه‌که‌م هێرشیان کرده‌ سه‌ر شوێنگه‌ و ئاورازه‌ نه‌وتییه‌ گرنگه‌کان له‌ باکوور. ئه‌م جێگه‌ نه‌وتییانه‌ ¾ی داهاتی ده‌وڵه‌تیی حوکوومه‌تی عیراق دابین ده‌که‌ن. سێیه‌میش به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه‌ نێوخۆییه‌ی، که‌ دژ به‌ سه‌رۆکی عیراقی ئه‌لبه‌کر هه‌یه‌ و که‌ ئه‌و فه‌رمانی مردنه‌ سیاسییانه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییه‌ی، لاوازی و له‌قیی جێگه‌ی وی ده‌رده‌خات. ئه‌لبه‌کر به‌ ته‌واوی ئاگادار بوو له‌ پێوه‌ند و ده‌ستتێوه‌ردانی  یاخیبووه‌ کورده‌کان، له‌ نێو نه‌یارانی پارتیی به‌عسدا له‌ به‌غدا. چواره‌میش ئه‌وه‌یه‌، که‌ ڕێژیمی به‌غدا کێشه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یشی هه‌یه‌. وڵاتی هاوسێ ئێران تا ئێستاش ئاماده‌یه‌، له‌ کاتی پێویستدا یارمه‌تی خه‌باتی بارزانی بدات. عیراق، له‌مه‌ڕ ڕۆخانه‌ی عه‌ره‌به‌وه‌، که‌ ده‌کاته‌ ئاوڕێژگه‌ی گرنگ و ستراتیژی فرات و دیجله‌ له‌ که‌نداوی فارسدا،  له‌ کێشه‌دایه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا. به‌ پێی هێندێ زانیاری پێده‌چێت پێوه‌ندی عیراق له‌گه‌ڵ وڵاتی هاوسێی ڕۆژاوایدا سووریا، فره‌ له‌وه‌ی خۆرهه‌ڵات ئێران، خاستر نه‌بێت. حوکوومه‌تی سووریا له‌ لایه‌ن باڵێکی ململانێکه‌ر و نه‌یاری نێو پارتیی به‌عسی پانعه‌ره‌بیسته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هۆکارێکی سیاسی گرنگ هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌و وه‌دواوه‌کشانه‌وه‌ به‌ڵێندراوه‌ی ئینگلیزی ساڵی 1971ه‌، له‌ که‌نداوی فارس. عیراق، ئێران، عه‌ره‌بستانی سعوودی هه‌ر له‌ ئێستاوه‌،  بۆ کاریگه‌ری و ده‌ستڕۆیشتن له‌ نێو هورده‌ شێخنشینه‌ نه‌وتییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، ده‌ستیان به‌ پێئشبڕکێ کردووه‌. شتێکی دیکه‌ش که‌ به‌ لای که‌مه‌وه‌ هه‌مان گرنگیی هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئاشتی له‌ کوردستاندا مه‌رجێکه‌ بۆ کاریگه‌ری و به‌شدارییه‌کی زێتری عیراق له‌ خه‌باتی دژ به‌ ئیسرائیلدا. ئه‌م باسه‌ ته‌نانه‌ت بووه‌ته‌ هۆی گوشارخستنه‌ سه‌ر حوکوومه‌تی عیراق له‌ لایه‌ن سۆڤیێته‌وه‌، بۆ وه‌دێهێنانی باریی ئاشتی له‌ کوردستاندا.                                                                                                        
لێ به‌بێ گوێدان به‌ هۆکاره‌کانی ئێستای خواستنی ئاشتی به‌رانبه‌ر کورده‌کان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، ده‌بێ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێستا به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازی لێ بکرێت. خواستنی ئاشتی له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کییه‌وه‌، به‌ هۆی ئه‌و هه‌موو ده‌ستبه‌رداربوون و خۆدانه‌ده‌سته‌وه‌یانه‌یه‌تی، که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسکران. هاوینی 1970 چوار له‌ پێنج وه‌زیره‌ کورده‌کان له‌ به‌غدا بوون و ڕۆژنامه‌که‌ی بارزانی ئه‌لته‌ئاخی(التاخی- برایه‌تی)به‌ شێوه‌یه‌کی ئاسایی ده‌رده‌هات و پارتیی دیموکراتی کوردستانیش خه‌ریکی دامه‌زراندنی بنکه‌ و باره‌گایه‌ک بوو بۆ نووسینگه‌ی پارتیی له‌ پێته‌ختی عیراقدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاکه‌ په‌ڵه‌ هه‌ورێکی نیگه‌رانی، که‌ له‌ ئارادا بوو، دواخستنی ئه‌و ڕاخوازییه‌ گه‌لییه‌ بوو، که‌ ده‌بووایه‌ له‌ پاییزی 1970دا بکرابا، بۆ کاتێکی نادیار. داهاتوو ده‌بێ ئه‌وه‌ نیشان بدات، که‌ ئایا خێرخوازیی هه‌یه‌ و به‌شی ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ ئاشتییه‌کی جێگر و چه‌سپاو له‌ کوردستاندا بهێنرێته‌ دی، یا له‌ ساڵی 1970کانیشدا، وه‌ک ساڵانی 1960ه‌کان، ئاگربه‌ستن و جه‌نگڕاگرتن و گوتوبێژی ئاشتی، که‌ پاشانیش به‌ کاری له‌شکریی و چه‌کداریی کۆتایی پێ ده‌هات، پێڕۆ و دووپات ده‌کرێته‌وه‌.                                                              
                                                      
*ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ سه‌رچاوه‌گه‌لێکن، که‌ نووسه‌ر بۆ نووسینی بابه‌ته‌که‌ی که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون:
Arfa, Hassan, the Kurds-a historical and political study, Oxford 1966.
Boris, Thomas, the Kurds, Beirut 1966.
Eagleton, William, the Kurdic republic of 1946, London 1963.
Ghassemlu, Abdul Rahman, Kurdistan and the Kurds, Prag 1965.
Khadduri, Majid, Republican Iraq-a study in Iraqi politics since the Revolution of 1958, Oxford 1969.
Kinnane Derk, the Kurds and Kurdistan, Institute of race relations, Oxford 1964.
Kurdish facts, tidskrift av Silvio Van Rooy och International Society Kurdistan i Amsterdam.
Lomborn, Rune, Kurderna-folket utan land, nr 5-1970 i seien världspolitikens dagsfrågor, utgiven av Utrikspolitiska institutet i Stockholm.
Nordlander, J, E/Rastgeldi, S/Tandberg, O, G, Det glömda kriget, Rapport från irakiska Kurdistan, Natur och Kultur, Stockholm 1967.
Viennot, Jean-Pierre, Arabisme, kurdisme et iranisme, s.55-63 i Europa-Etnica 1970: 2.

*ئه‌م گوتاره‌، که‌ نێوی "کوردستان"ه‌ و له‌ نووسینی ئه‌ندرێس کونگ(Andres Küng)ه‌، به‌شێکه‌ له‌ کتێبێکی سوێدی به‌ نێوی "چه‌وساوه‌کانی زه‌وی Jordens förtryckta"، که‌ ئه‌ندرێس کونگ و ئوولۆف.گ. تاندبه‌ری (Olof G. Tandberg) پێکه‌وه‌، له‌ ساڵی 1970دا، نووسیویانه‌ و له‌ لایه‌ن په‌خشخانه‌ی "بۆنیه‌ش"ه‌وه‌ له‌ ستۆکهۆڵم، چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. کتێبه‌که‌ پاش پێشه‌کی و ناوه‌ڕۆک و ئه‌وانه‌، بریتییه‌ له‌ چه‌ند به‌شێک، که‌ هه‌ر به‌شه‌و ته‌رخان کراوه‌ بۆ ده‌ڤه‌رێکی تایبه‌تی جیهان. به‌شی یه‌که‌می، له‌مه‌ڕ کۆمه‌ڵه‌ ڕه‌گه‌ز و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و که‌مینه‌یه‌کی نێو ده‌وڵه‌تانی جیهانه‌وه‌یه‌، که‌ چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی ئاشکرایان له‌ سه‌ره‌ و ڕه‌شه‌کوژ ده‌کرێن، وه‌ک کورد و خوارووی سوودان و چاد و ئێریتریا و خوارووی ئه‌فریقا. کورد، یه‌که‌م باسێکه‌، که‌ له‌و کتێبه‌دا هاتووه‌. به‌شی دووه‌می کتێبه‌که‌، باس له‌ گه‌له‌ ڕه‌وه‌نده‌کان ده‌کات، وه‌ک هیندییه‌کان له‌ ئه‌فریقا و قه‌ره‌ج و جووله‌که‌. به‌شی سێیه‌می کتێبه‌که‌، باس له‌ که‌مینه‌ له‌شکرییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و سپییه‌ ڕه‌شپێسته‌کانی ئه‌مه‌ریکای ژووروو(کویبێک) و سۆڤیێت و چین و هیندوستان و سیلان و مالایزیا ده‌کات. به‌شی چواره‌می، باسی ئه‌بۆریجینه‌کانی ئه‌وسترالیا و ماورییه‌کانی نیوزیلاند و گه‌لی ئاینۆی ژاپۆن و ئیندیانه‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتین ده‌کات. به‌شی پێنجه‌می، باسی نه‌ته‌وه‌په‌رستی له‌ سکۆتلاند و وه‌یلز و ئایرلاندی سه‌روو و فرانسه‌ و ئیسپانیا و به‌لژیک و یۆگوسلاڤیا و سویسرا و قوبرس ده‌کات. به‌شی شه‌شه‌می، باسی ده‌ڤه‌ری نووردی سه‌رووی ئه‌وروپا، سامه‌کانی سوێد و گروێنلاند و فه‌رئوێیه‌رنا و سوێدییه‌کانی فینلاند و تۆرنه‌دالییه‌کان و شلیسویگ و فریسه‌کان ده‌کات. به‌شی کۆتایی کتێبه‌که‌ش، به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ و سزادانی تاوانه‌کانی ڕه‌شه‌کوژی گه‌لان و سه‌رچاوه‌ی باسه‌کانه‌. له‌ هه‌ریه‌ک له‌و به‌شانه‌دا، ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی باسیان کردوون، له‌ ڕووی سیاسی و ئابووری و جڤاکی و هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیانه‌وه‌ لێیان وردبوونه‌وه‌ و خوێندوویاننه‌وه‌ و تاوتووی  ڕه‌وش و گیروگرفته‌کانیانیان کردوون. کتێبه‌که‌ 272 لاپه‌ڕه‌ی (A5) ه‌ و له‌ لاپه‌ڕه‌ 37-49 یشی له‌ باره‌ی کورده‌وه‌یه‌. ئه‌ندرێس کونگ، به‌رپرسی پرۆگرامی "چاره‌که‌ سه‌عاتێکی فه‌رهه‌نگ"ییه‌"OBS!"و پێشتریش کتێبی"ئه‌مه‌ریکای لاتین- بیراز یا چه‌قین"ی نووسیوه‌ و وه‌چاپ گه‌یاندووه‌. له‌ پاییزی 1985دا ئه‌م گوتاره‌م له‌ سوێدییه‌وه‌ کردووه‌ به‌ کوردی و په‌راوێزیشم بۆ داناوه‌ .

                                                     ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
پاییزی 1985




[1] یه‌ک ده‌رزه‌ن ده‌کاته‌ 12 میلیۆن. له‌مه‌ڕ ژماره‌ی کورده‌وه‌ تا ئێستا ئامارێکی ڕاست و دروست نییه‌، به‌ڵام کورد خۆی به‌ 25 میلیۆنێک داده‌نێت.                                                                                        
[2] ئه‌و گه‌ڕه‌که‌، کورده‌کان بۆ خۆیان پێی ده‌ڵێن "تاخا کوردا" و عه‌ره‌به‌کانیش پێی ده‌ڵێن"حي الاکراد" یا "رکن الدین".
 [3]مه‌لا یا حه‌کیم ئیدریسی بتلیسی، له‌ سه‌رده‌می سوڵتان سه‌لیمی عوسمانیدا، سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکرێکی مه‌زنی خێڵه‌ کورده‌کانی کرد و له‌ هه‌موو جه‌نگێکی سوڵتاندا دژ به‌ شای سه‌فه‌وی به‌شدار بوو و سه‌فه‌وییه‌کانی له‌ هه‌موو لایه‌ک ده‌رده‌په‌ڕان، ئیدی له‌ دوای جه‌نگی چاڵدیرانی 1514، له‌کن سوڵتان ڕێز و پایه‌یه‌کی په‌یدا کرد و سوڵتان وای لێ کرد، ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو میرنشین و ده‌ڤه‌ره‌ کورده‌کاندا بڕوات و جۆره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌کی نێوخۆیی هه‌بێت  مه‌لا ئیدریس له‌ 1520دا کۆچی دوایی کردووه‌.                                                       
 سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووم له‌ 1876-1908 سوڵتان بوو.[4]
 [5]سواره‌ی حه‌میدییه‌، له‌ 1891دا به‌ فه‌رمانی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید دامه‌زران، هه‌ر بۆیه‌ش نێوی "سواره‌ی حه‌میدییه‌"یان لێ نرابوون.دامه‌زراندنی ئه‌و سوارانه‌ بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو له‌ کوردستاندا و له‌ په‌نای ئه‌وه‌شدا ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکهۆزه‌ کورده‌کانیشی ده‌چه‌سپاند.شاکر پاشا، سازکاری ئه‌و سوارانه‌ بوو. حوکوومه‌تی عوسمانی هێنده‌ به‌ته‌نگ ئه‌و سوارانه‌وه‌ نه‌بوو و پڕچه‌ککردنیان و تفاق و ڕێکخستنیان به‌ره‌به‌ره‌ پشتگوێ ده‌خران تا له‌ یه‌که‌م ساڵی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا به‌ ته‌واوی هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه‌.                                                                                                                      
 [6] له‌ ساڵی 1900دا له‌ ئیسته‌نبوول، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کوردی به‌ نێوی "کوردستان عه‌زمی قه‌وی جه‌معیه‌تی" له‌ لایه‌ن "فکری ئه‌فه‌ندی ئامه‌دی"یه‌وه‌ ساز کراوه‌."کوردیزاده‌ ئه‌حمه‌د ڕه‌مزی لجه‌"، یه‌کێک بووه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ ناسراوه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌. ئه‌وه‌ یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراوی کورد بووه‌ و دواتر کۆمه‌ڵه‌ی "ته‌عالی و ته‌ره‌ققی" و "ژ. ک" و "هیوا" و...په‌یدا بوون. ئه‌ڵبه‌ت ده‌کرێت پارتیی دیموکراتی کوردستانییش به‌ درێژه‌پێدانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ دابنرێت.                                                                                                                                    
[7] په‌یمانی سیڤر، که‌ له‌ 10/8/1920دا مۆر کرا و به‌نده‌کانی 62، 63 و 64ی له‌مه‌ڕ کورد بوون، زۆر ئاشکرا باس له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی تێدا نه‌کرابوو و ئه‌و باسه‌ به‌ هه‌ندێک مه‌رجه‌وه‌ گرێ درابوو، وه‌ک: ڕاپرسیی له‌وه‌ ده‌ڤه‌رانه‌دا که‌ کوردنشینن، که‌ له‌وه‌شدا ده‌ڤه‌رێکی زۆر گچکه‌ به‌ کورد دانرابوو و پاشان ئه‌نجامی ئه‌و ڕاپرسییه‌ گه‌لییه‌ بخرێته‌ پێش کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان و ئه‌ویش بڕیاری ئه‌وه‌ بدات، که‌ ئایا کورد شایسته‌ی ده‌وڵه‌ته‌ یا نه‌؟ ئه‌وجا ئه‌و بڕیاره‌ش به‌ تورکیا ڕابگه‌یه‌ندرێت. وه‌لێ به‌ پێچه‌وانه‌ی کورده‌وه‌، بڕیاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌نی به‌ ئاشکرا هاتبوو.                                                                                
[8]پاش ئه‌وه‌ی که‌مالیسته‌کان له‌ بواری جه‌نگدا، کۆمه‌ڵێک سه‌رکه‌وتنیان به‌ سه‌ر ئه‌رمه‌ن و یۆنانییه‌کاندا وه‌دیهێنا،  په‌یمانی لۆزان له‌ 24/7/1923دا، له‌ نێوان که‌مالیسته‌کانی تورکیا و ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یماندا مۆرکرا. له‌و په‌یمانه‌دا نێوی کورد و کوردستان نه‌هات و ته‌نێ باسی ئه‌وه‌ کرا، که‌ ڕێز له‌ که‌مینه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بگیرێت. ئیدی په‌یمانی سیڤر هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌ و به‌شێکی زۆری کوردستان خرایه‌ ژێر ده‌ستی تورکیا.                                                                                                                                                     
[9] له‌ 23/8/1921دا، میر فه‌یسه‌ڵی کوڕی شه‌ریف حوسه‌ینی مه‌ککه‌، له‌ لایه‌ن "بێرسی کۆکس"ی نوێنه‌ری بریتانیا له‌ میزۆپۆتامیا، کرا به‌ شای عیراق .میر فه‌یسه‌ڵ فرانسییه‌کان له‌ سووریا وه‌ده‌ریان نابوو. ڕاپرسییه‌کی گه‌لیی بۆ دانانی فه‌یسه‌ڵ به‌ شای عیراق ساز کرا و کورد به‌ که‌میی به‌شداریی کرد و تا ڕاده‌یه‌کیش دژی ڕاوه‌ستا.                                                                                                                      
 [10]مه‌به‌ست  "شێخ مه‌حموودی به‌رزنجی- حه‌فید"ه‌(1882- 9/10/1956). شێخی حه‌فید، له‌ 20/5/1919-1920 یه‌که‌م شۆڕشی دژ به‌ داگیرکارانی بریتانی له‌ خوارووی کوردستان ڕاگه‌یاند و ئامانجیشی کوردستانێکی یه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆ بوو. له‌ 1923دا شۆڕشی دووه‌می ده‌ستپێکرده‌وه‌ و حوکوومه‌تێکی له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانیدا دامه‌زراند و بۆ خۆیشی بوو به‌ شای کوردستان. له‌شکری بریتانی پاشتر ئه‌و شۆڕش و حوکوومه‌ته‌ی شێخیان تێکشکاند و شێخ گیرا و بۆ هیندوستان دوورخرایه‌وه‌. شێخ دیسان له‌ ساڵی 1931دا شۆڕشی هه‌ڵگیرسانده‌وه‌ و ئه‌وجا بریتانییه‌کان گرتیان و له‌ سیته‌ک و داریکه‌لی نیشته‌جێیان کرد تا کاتی نه‌خۆشییه‌که‌ی و دوای برایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌لحه‌یده‌رییه‌"الحیدریه‌" له‌ به‌غدا و ئیدی له‌وێ له‌ 9/10/1956دا شێخ کۆچی دوایی کرد.                                                                                             
 فڕۆکه‌کانی ئینگلیز له‌ نێوان 31/5-2/6/1924دا باژێڕی سلێمانییان بۆمبباران کردووه‌.[11]
[12] ڕۆژنامه‌ی "خه‌بات"، ده‌نگیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو و له‌ به‌غدا به‌ کوردی و عه‌ره‌بی و دواتر ته‌نێ به‌ عه‌ره‌بی ده‌رده‌چوو. یه‌که‌م ژماره‌ی له‌ 4/4/1959دا ده‌رچوو و له‌ 28/3/1961 به‌ فه‌رمانی حوکوومه‌تی قاسم داخرا. 462 ژماره‌ی لێ ده‌رچوو. "ئیبراهیم ئه‌حمه‌د" سکرتێری  پارتیی سه‌رنووسه‌ری بوو. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نه‌گیرا، به‌ڵکه‌ خۆی شارده‌وه‌ و به‌غدای به‌جێهێشت.                                                          
 مه‌به‌ست له‌ "مه‌لای سۆر" ئه‌وه‌ بوو، که‌ گوایه‌ بارزانی پیاوی سۆڤیێته‌ و کۆمۆنیسته‌.[13]
 [14]هه‌رچه‌نده‌ ده‌سگا و ئه‌نجومه‌ن و کارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی و دادگه‌ دامه‌زرابوون، به‌ڵام حوکوومه‌ت دانه‌مه‌زرێنرابوو، چونکه‌ شۆڕشه‌که‌ خۆی به‌ عیراقی ده‌زانی و ده‌دایه‌ناساندن.
[15] عه‌بدوسسه‌لام عارف، سه‌رۆکی عیراق بوو، به‌بم ئه‌وه‌ی سه‌ردانی بارزانی کرد له‌ کوردستان، "تاهیر یه‌حیا"ی سه‌رۆکی حوکوومه‌تی عیراق بوو.
 [16]ئه‌و شانده‌ی پارتیی دیموکراتی کوردستان، که‌ چووه‌ به‌غدا بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی عیراقدا، جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆکایه‌تیی ده‌کرد. ئه‌وه‌ی گیرا و زیندانیی کرا، "ساڵح یووسفی" ئه‌ندامی شانده‌که‌ بوو و تاڵه‌بانی ده‌رباز بوو و له‌ عیراق وه‌ده‌رکه‌وت.                                                                             
 [17]عه‌بدوسسه‌لام عارف، هه‌ر له‌ پاش ڕووخاندنی قاسمه‌وه‌ له‌ کوودێتای به‌عسی 8/2/1963دا بوو به‌ سه‌رۆککۆماری عیراق و له‌ 18/11/1963یشدا بۆ خۆی کوودێتای له‌ سه‌ر به‌عس کرد و ده‌سه‌ڵات به‌ ته‌واوی که‌وته‌ ده‌ست خۆی و هه‌ر وه‌ک سه‌رۆککۆمار مایه‌وه‌.                                                                                             
[18] عه‌بدوسسه‌لام عارف، له‌ 13/4/1966دا، له‌ فڕۆکه‌ که‌وته‌ خوارێ و تێداچوو. "عه‌بدوڕڕه‌حمان عارف"ی برایشی له‌ 17/4/1966-17/7/1968، سه‌رۆککۆماری عیراق بوو.
 [19]عه‌بدوڕڕه‌حمان ئه‌لبه‌ززاز(عبدالرحمن البزاز)، له‌ دوای کوودێتای قاسمه‌وه‌ یه‌که‌م سه‌رۆکوه‌زیرانی مه‌ده‌نی بوو له‌ عیراقدا. ئه‌لبه‌ززاز له‌ 21/9/1965-7/8/1966 سه‌رۆکی حوکوومه‌تی عیراق بوو.
 دوای وه‌لانانی ئه‌لبه‌ززاز، "ناجی تالیب"، که‌ له‌شکریی بوو، کرا به‌ سه‌رۆکی حوکوومه‌ت.[20]
  ئه‌وه‌ به‌ پێی بۆچوون و دیتنی فه‌رمیی حوکوومه‌تی تورکیا و تورکه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌. [21]
 [22]مه‌به‌ست له‌و یاخیبوونه‌ ڕابوونی باڵێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه‌، له‌ ده‌وروبه‌ری سه‌رده‌شت و بانه‌ و خانێ، که‌ سوله‌یمانی موعینی و ئیسماعیلی شه‌ریفزاده‌، ڕێبه‌رییان کرد.
 [23]حوکوومه‌تی سۆڤیێت، پاش بارزانییه‌کان، که‌ له‌ دوای ڕووخانی کۆماری مه‌هاباده‌وه‌ تا 1958 له‌ سۆڤیێت بوو، هه‌رگیز په‌نابه‌ری کوردی وه‌رنه‌گرتووه‌. ڕه‌نگه‌ تاکه‌تاکه‌یه‌ک کورد، ئه‌ویش نه‌ک وه‌ک کورد، به‌ڵکه‌ وه‌ک ئه‌ندامی پارتییه‌ کۆمۆنیسته‌کانی عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا له‌وێ مافی مانه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونیان وێدرابێ.                                                                                                                              
 ڕادیۆی "په‌یکی ئێران"، له‌ بوڵگارستانه‌وه‌  په‌خش ده‌کرایه‌وه‌.[24]
 [25]دۆمینه‌ یا دۆمینۆ، بریتییه‌ له‌ 28 پارچه‌ی لاکێشه‌یی، که‌ هه‌ریه‌که‌و چه‌ند ژماره‌یه‌کی له‌ سه‌ره‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و 28 پارچه‌یه‌ به‌ درێژی و له‌ سه‌ر لایه‌ گچکه‌که‌ی و به‌ ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ به‌ پێوه‌ دانێیت و  یه‌که‌م دانه‌یان پاڵپێوه‌نێیت، ئیدی یه‌که‌م دانه‌، دووه‌م دانه‌ ده‌خات و دووه‌م دانه‌ سێیه‌م دانه‌ ده‌خات تا دوا دانه‌ هه‌موو ئه‌و دۆمینانه‌ یه‌کدی ده‌خه‌ن و ده‌که‌ون و به‌ پێوه‌ نامێنن. واته‌: خستنی یه‌ک دانه‌ کار ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌موو و هه‌موویان ده‌خات.                                                                                                           
 [26]ڕاسته‌ زۆرینه‌ی کورد سه‌ر به‌ ئایینزای سوننه‌ی ئیسلامن، لێ به‌شێکی له‌به‌رچاوی کوردییش هه‌ن، که‌ سه‌ر به‌ ئایینزای شیعه‌ی ئیسلامن، وه‌ک: کوردانی به‌غدا، عیماره‌، حه‌ی، کووت، عه‌زیزییه‌ی عیراق و کوردانی جه‌سسان، به‌دره‌، مه‌نده‌لی، قزڕه‌بات و به‌شێکیش له‌ کوردانی خانه‌قین و قه‌ره‌ته‌پپه‌ و خورماتوو و که‌رکووک له‌ باشووری کوردستان و ته‌واوی کرماشان و لوڕستان و ئیلام و به‌ختیارییش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.                                                                                                                                                                  
[27] حوکوومه‌تی سووریا تیپی له‌شکری ئه‌لیه‌رمووک"الیرموک"ی 3000 سه‌ربازیی بۆ کۆمه‌ک به‌ عیراقییه‌کان نارده‌ کوردستان و دژ به‌ شۆڕشی کورد جه‌نگان.
[28] بارزانی، سکرتێری گشتیی پ.د.ک نه‌بوو و سه‌رۆکی بوو، حه‌بیب موحه‌ممه‌د که‌ریم، سکرتێری گشتیی پ.د.ک بوو.
 جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌ری ئینگلستانی دا و په‌رله‌مانی ئینگلستانییش پێشوازییه‌کی گه‌رمیان لێ کرد.[29]
[30] له‌ ڕێککه‌وتننامه‌ی 11ی مارسی 1970دا هیچ جۆره‌ ئاماژه‌یه‌ک به‌ چاودێری و ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان نییه‌.                                                                                                                            
 [31] تاڵه‌بانی وه‌ده‌رنه‌نرا، به‌ڵکه‌ دوای ڕێککه‌وتنانه‌ی 11ی مارسی 1970 و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌کداران و حیزبه‌که‌ی و چوونه‌ نێو پارتیی سه‌رکرده‌یه‌تیی بازانییه‌وه‌، ئیدی خۆی به‌ ویستی خۆی له‌ کوردستان و عیراق چووه‌ ده‌رێ.

Wednesday, October 24, 1984

مه‌لای جزیری، شاڕێگه‌ی سۆفیگه‌ریو کلاسیزم له‌ ئه‌ده‌بی کوردیدا

مه‌لای جزیری، شاڕێگه‌ی سۆفیگه‌ری و کلاسیزم له‌ ئه‌ده‌بی کوردیدا

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی پوخته‌ و پاکژ، له‌ سه‌ر شاعیری هێژا و پایه‌به‌رزی کورد، مه‌لای جزیری بنووسین، ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک، ئاوڕێک له‌و سه‌رده‌م و چه‌رخ و ڕۆژگاره‌ بده‌ینه‌وه‌، که‌ جزیری تێدا ژیاوه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، سه‌رنجێک له‌ میرنشینی بۆتان پێویست ده‌بێت. میرنشینی بۆتان، که‌ باژێڕی جزیره‌ پێته‌ختی بووه‌، یه‌کێک بووه‌ له‌و میرنشینانه‌ی کورد، که‌ سه‌رده‌مێکی زۆر فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵاتی میره‌کانی، گه‌لێک ناوچه‌ی کوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌. "سوله‌یمان کوڕی خالید"، یه‌که‌م فه‌رمانڕه‌وای ئه‌م میرنشینه‌ بووه‌[1]. بۆتانیش وه‌ک هه‌موو ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان، هه‌موو ده‌مێک، به‌ر هێرشی دوژمنان که‌وتووه‌. ده‌مێک مۆگۆل و ده‌مێک تاتار و گاڤێکیش ئیلخانی و جه‌لایری و مه‌ڕی سپی و مه‌ڕی ڕه‌ش، که‌ هه‌موویان هه‌وڵی کاولکردن و داگیرکردنیان داوه‌[2]. ئیتر ئه‌و میرانه‌ی بۆتان، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا، به‌ره‌نگاری ئه‌و هێرشانه‌یان کردووه‌ و میرنشینی بۆتان تا سه‌رده‌می "به‌درخان پاشا"، که‌ ساڵی 1227ی مشه‌ختی/1812ی زایینی بووه‌ به‌ فه‌رمانڕه‌وای جزیره‌، ماوه‌ و له‌و سه‌رده‌مه‌شدا، ده‌سه‌ڵاتیان به‌ سه‌ر "وان و مووسڵ و ڕه‌واندز و سابڵاخ"دا هه‌بووه‌ و قه‌ڵاکانی "شه‌نگار و وێرانشار و   سیوه‌ره‌ک"یشیان گرتووه‌ و قه‌ڵای دیاربه‌کر و شاره‌کانی "شنۆ و ورمێ"یش ده‌بنده‌ستی واندا بوون، به‌ڵام ئه‌و داموده‌سگا و سه‌ڵته‌نه‌ته‌یش، خوا به‌ کوردی ڕه‌وا نه‌بینی و فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی به‌درخان پاشا، "میر عیززه‌دین شێر"، له‌ جه‌نگه‌کانیدا دژ به‌ تورکه‌کان ، خیانه‌تی کرد و خۆی دا به‌ ده‌ست دوژمنه‌وه‌ و به‌ خۆی و تورکه‌وه‌، به‌درخان پاشایان ناچار کرد، بۆتان به‌جێ بهێڵێت و ده‌نێو قه‌ڵای "ئاروخ"دا خۆی حه‌شار بدات، تا جبه‌خانه‌ و بژێۆیان لێبڕا و له‌گه‌ڵ دوو کوڕیدا، به‌ دیل گیران و تێکشکان. ئه‌مه‌ش له‌ ساڵی 1263ی کۆچی/1848ی زایینیدا بوو[3]. ئیتر ئه‌و میرنشینه‌یش له‌بارچوو.                                                                                            
جزیره‌، وه‌ک نێوه‌ندێکی فه‌رهه‌نگی و ڕۆڵی له‌ په‌یدابوونی زمانی ئه‌ده‌بی و شیعری کلاسیکی کوردیدا:
جزیره‌، یه‌کێکه‌ له‌ باژێڕه‌ به‌نێوبانگه‌کانی کورد، که‌ گه‌لێک به‌یت و هۆزان و گوتنی پێدا گوتراوه‌ و هه‌ڵدراوه‌ و داستان و چیرۆک و به‌سه‌رهاتی زۆریشی لێ ده‌گێڕنه‌وه‌ و باسی کۆشک و ته‌لار و شانشین و باڵه‌خانه‌ و شوێنه‌واری ده‌کرێت، که‌ له‌ فه‌رهه‌نگیی ئه‌ده‌بی کورداندا، پایه‌ و جێگه‌یه‌کی دیار و به‌رزی هه‌بووه‌[4]. جێگه‌ و ڕێگه‌ی جزیره‌ و باری جوگرافی، یارمه‌تییه‌کی زۆری داوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پرد و په‌یوه‌ستێک، له‌ نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا. جووڵانه‌وه‌یه‌کی بازرگانی، له‌ نێوان ناوچه‌کانی بۆتان و جزیره‌ی پێته‌ختدا و له‌ نێوان جزیره‌ و دیاربه‌کر و هه‌کاری و ئامێدی و مووسڵدا، هه‌بووه‌ و کڕین فرۆتنی ئاوریشم و خوری و مه‌ڕ و ماڵات و کووتاڵ و به‌رهه‌می کشتوکاڵی و پیشه‌سازیی بچووک هه‌بووه‌[5]. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بازرگانییه‌ش، له‌ چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکدا خۆی نواندووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕۆڵی خۆی هه‌بووه‌ و کاروانان به‌وێدا تێپه‌ڕبوون و جموجووڵێکی ئابووری دروست بووه‌ و خه‌ڵک کاری به‌وێ که‌وتووه‌ و ڕووی تێکردووه‌. ئه‌و بار و دۆخ و ڕۆڵه‌ جوگرافی و ئابوورییه‌ش، کارێکی وایان کردووه‌، که‌ جزیره‌ ئه‌وه‌ی بۆ بڕه‌خسێت، ببێته‌ مه‌ڵبه‌ندێکی فه‌رهه‌نگی و ڕه‌وشه‌نبیری له‌ کوردستاندا. ئه‌م ڕاستییه‌ش له‌ ژماره‌ی مزگه‌وت و خوێندنگه‌ و جێی بڵاوکردنه‌وه‌ی خوێنده‌واریدا، وه‌ده‌ر ده‌که‌وێت. له‌ چه‌رخی پازده‌ و شازده‌ی زاییندا، ژماره‌یه‌کی زۆر مزگه‌وت و خوێندنگه‌، له‌ ده‌ڤه‌را بۆتان هه‌بوونه‌ و شاری جزیره‌، به‌ ته‌نێ خۆی، گه‌لێکی تێدا بوونه‌. له‌و خوێندنگانه‌یش ساڵانه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر خوێندکار و زانا، خوێندنی خۆیان ته‌واو کردووه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌یشیان وه‌رگرتووه‌ و بوون به‌، به‌رپرس و کارامه‌، له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایین و هه‌موو جۆره‌ زانست و زانیارییه‌ک له‌ کوردستاندا. میرانی بۆتان، ئاره‌زوویان له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌نبیری و نه‌هێشتنی نه‌زانین بووه‌ و هه‌وڵیشیان بۆ داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش خوێندنگه‌ و مزگه‌وتیان دروست کردووه‌ و زانا و ڕه‌وشه‌نبیر و ئوستادێکی فره‌یشیان بۆ شاگردانی کورد، په‌یدا کردووه‌. له‌ گشت لایه‌کی کوردستانیشه‌وه‌، خه‌ڵک بۆ خوێندن، ڕوویان له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ کردووه‌. به‌ڵگه‌ش بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستییه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ گه‌لێک زانا و هۆزانڤان و ڕه‌وشه‌نبیری کورد، له‌ سه‌ده‌کانی پازده‌ و شازده‌وه‌، تا نیوه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌یش، خوێندنیان له‌ جزیره‌ ته‌واو کردووه‌[6]. بۆ نموونه‌ مه‌ولایان: "موحه‌ممه‌د به‌رقه‌لعی"، "ئه‌بوبه‌کر"، "حه‌سه‌ن سوورچی"، "سه‌یید عه‌لی"، "زه‌ینه‌ددین به‌بی" و گه‌لێک زانای مه‌زنی تر، که‌ هه‌مووان له‌ سه‌رده‌می "به‌دربه‌گ کوڕی شاعه‌لی به‌گ"دا، له‌ جزیره‌ حه‌واونه‌ته‌وه‌ و خوێندنیان ته‌واو کردووه‌[7]. یه‌کێک له‌و میرانه‌ی بۆتان، که‌ دۆستی مه‌لا و فه‌قێ و زانا و خوێنده‌واران بووه‌ و زۆری خۆشویستوون "میر شه‌ره‌فی کوڕی خان ئه‌بداڵ" بووه‌، که‌ که‌مته‌رخه‌می نه‌کردووه‌ و مه‌ردانه‌ خوێندنگه‌ و مزگه‌وتێکی زۆری له‌ شاری جزیره‌دا ساز داوه‌ و ماڵ و سامانێکی زۆریشی بۆ ته‌رخان کردوون[8]. "مزگه‌وتی سۆر"، "میرشه‌ره‌ف" بنیاتی ناوه‌ و چه‌ندین گوند و عه‌رد و داهاتی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ته‌رخان کردووه‌. "مه‌لای زڤنگی"، نووسه‌ری کتێبی "العقد الجوهري في شرح دیوان الشیخ الجزیري"، له‌ ده‌رفه‌تێکدا و له‌ کاتی خۆیدا، هه‌ندێ ده‌فته‌ر و تۆمار و نووسراوی ڕه‌سمیی به‌رچاو که‌وتووه‌، که‌ باسی خوێندنگه‌ و مزگه‌وته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی جزیره‌ی تێدا بوون و "زڤنگی"، سه‌ری سووڕماوه‌، له‌ پوخته‌یی و ڕێکوپێکی و به‌ تفاقی، ئه‌و خوێندنگانه‌ و ژووره‌کانی مامۆستا و شاگردان، که‌ هه‌موو وێکڕا خوێندن و خواردن و حه‌وانه‌وه‌یشیان هه‌ر له‌وێ بووه‌ و به‌ خۆڕایی ژیاون و میری چاوتێر و هێژا، ئه‌رکی به‌خێوکردنی ئه‌وانی وه‌ئه‌ستۆی خۆی خستووه‌. شاگرده‌کان، که‌ کار و پیشه‌یان ته‌نێ خوێندن بووه‌ و مامۆستاکانیش وانه‌گوتنه‌وه‌ و هه‌مووانیش به‌ باشی و ڕه‌زامه‌ندی ژیاون. به‌مه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ میره‌کانی جزیره‌، هه‌وڵێکی زۆریان داوه‌، بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی خوێندن و زانست و دارایی و دراوێکی زۆریشیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخان کردووه‌[9]. به‌ پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی جزیره‌ و بۆتانی تێدا بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا، گومان له‌وه‌دا نامێنێت، که‌ زه‌مینه‌یه‌کی ئه‌وتۆ دروست بووه‌ و بارێکی وا هاتووه‌ته‌ کایه‌وه‌، که‌ ببێته‌ بنکه‌ و نێوه‌ندێکی فه‌رهه‌نگی و له‌ ناوچه‌ و قوژبنه‌ جیاوازه‌کانی کوردستانه‌وه‌، خه‌ڵک بۆ خوێندن بیگاتێ. زمانیش ئه‌گه‌ر شوێن و ڕه‌وش و کاتێکی وای بۆ بڕه‌خسێت، پێش ده‌که‌وێت و گه‌شه‌ ده‌کات. له‌وێش سه‌ره‌تای زمانێکی ئه‌ده‌بیی کوردی به‌ زاری کرمانجی ژووروو، سه‌ری هه‌ڵدا و شیعری کلاسیکی کوردییش، هه‌ر به‌و زاره‌ گه‌ڵاڵه‌ی کرد و له‌ مه‌لای جزیری مه‌زندا، که‌ ڕێبه‌ر و پێشه‌نگ بوو له‌وه‌دا خۆی نوواند.                                                                                            
ژیانی مه‌لای جزیری:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژوو لای کورد، کارێکی زۆر کۆن نییه‌، ئه‌ویش به‌ هۆی ئه‌و بار و ڕه‌وشه‌ی، که‌ هه‌مووده‌م کوردستان و کوردی تێدا ژیاوه‌، داگیر و دابه‌شکراو و بێده‌وڵه‌ت و بنده‌ست، وه‌ک زۆربه‌ی زۆری ڕووداوه‌ مێژووییه‌کانی کورد و زۆربه‌ی ناوداران و مه‌زنانی کورد، ژیننامه‌ی "مه‌لای جزیری"ش، زۆر ڕوون و ئاشکرا نییه‌، به‌ تایبه‌ت ساڵی له‌دایکبوون و کۆچکردنی، بگره‌ و به‌رده‌یه‌کی زۆری له‌ سه‌ره‌ و بیروڕای جۆراوجۆر و جیاواز، له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌ن و نووسه‌ران، له‌ سه‌ری ڕێکنه‌که‌وتوون، به‌ڵام به‌ گشتی، له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ پێکهاتوون، که‌ ناوی "شێخ ئه‌حمه‌د" بووه‌ و له‌ جزیرا بۆتان، که‌ باژێڕێکه‌ له‌ باکووری کوردستان، له‌دایک بووه‌ و نازناوی له‌ شیعردا "مه‌لا" و جارجاریش "نیشانی" بووه‌. مه‌لا به‌ واتای: زانا له‌ زانستی ئایینی و عه‌ره‌بیدا، بۆ نیشانییه‌که‌یشی ده‌ڵێن: نیشان یا ئامانجی تیره‌، که‌ مه‌لا نیازی وا بووه‌: به‌ تیری ئه‌ڤین پێکراوه‌، یا مه‌به‌ستی خاڵی سه‌ر گۆنای یار بووه‌، که‌ کرمانجان به‌ خاڵ ده‌ڵێن: نیشان[10]، واته‌: خۆی به‌و خاڵه‌وه‌ ناو ناوه‌، که‌ له‌ ڕوومه‌تی "سه‌لما"وه‌ دیاری داوه‌. له‌و نووسه‌رانه‌ی، کورد و بیانی، که‌ هه‌وڵیان داوه‌، له‌ باره‌ی ژیانی "مه‌لای جزیری"یه‌وه‌ بکۆڵنه‌وه‌: دوکتۆر "بله‌ج شێرکۆ"، که‌ ساڵی 1160ی زایینی، به‌ ساڵی کۆچکردنی "جزیری" داده‌نێت[11]. بێگومان ئه‌گه‌ر "جزیری" حه‌فتا ساڵێکیش ژیابێت، وه‌ک زۆر نووسه‌ر ده‌ڵێن، ده‌بێ ده‌وروبه‌ری 1090ی زایینی له‌دایک بووبێت، به‌ڵام "موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی"، وای داده‌نێت، که‌ مه‌لا، له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی شه‌شه‌می کۆچیدا ژیاوه‌ و له‌ سه‌رده‌می "عیماده‌ددین زه‌نگی"دا، که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا فه‌رمانڕه‌وای مووسڵ بووه‌[12]. "عه‌لائوددین سه‌جادی"، زیاتر له‌ هه‌مووان، هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌، له‌مه‌ڕ ژیانی مه‌لا، شتێک وه‌ده‌ست بهێنێت و ژیانی "جزیری" خستووه‌ته‌ نێوان ساڵانی 1407-1481ی زایینییه‌وه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ش وه‌سفێکی ئه‌وتۆی مه‌لای کردووه‌، له‌ باڵا و سه‌ر و سمێڵه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ چاو و برۆ و ده‌ست و په‌نجه‌ و ڕه‌نگ و دیمه‌ن و جل و به‌رگ، هه‌ر ده‌ڵێی بۆ خۆی دیویه‌تی و له‌گه‌ڵیدا ژیاوه‌[13]. ئه‌و بیروڕایانه‌ی سه‌جادی زۆر جێگیر نه‌بوونه‌ و زۆر نووسه‌ر گومانی لێ ده‌که‌ن. "سادیق به‌هائوددین ئامێدی"، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ڕا و بۆچوونه‌کانی "سه‌جادی" هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، جزیری له‌ نیوه‌ی سه‌ده‌ی پازده‌ی زاییندا ژیاوه‌ و له‌ دوای ساڵی 1481ی زایینیش هه‌بووه‌[14]. هه‌ربۆیه‌ش، بۆ چه‌سپاندنی قسه‌کانی خۆی و پووچکردنه‌وه‌ی ڕایه‌کانی سه‌جادی، ئاماژه‌ به‌ "د. ن. مه‌کنزی" ده‌کات و ده‌ڵێت:"مامۆستا سه‌جادی د روهنکرنا چه‌رخێ جزیری تێدا ژی سه‌رکه‌ڤتی نینه‌"[15]. لێره‌دا مرۆڤ هه‌ندێ بیروڕا و بۆچوونی "مه‌کنزی" وه‌بیر دێته‌وه‌، که‌ گه‌لێک جار هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌، کورد به‌ خه‌ڵکێکی، یا گه‌لێکی نوێ دابنێت و مێژووی کوردیش، به‌ ته‌ماوی و تاریک و که‌مبه‌ڵگه‌. بۆ نموونه‌ش، ڕایه‌کانی له‌ مه‌ڕ ئه‌سڵ و ڕه‌گه‌زی کورد و پێوه‌ندی کورد به‌ ماده‌وه‌ و کاریگه‌ریی زمانی فارسی، له‌ سه‌ر زمانی کوردی، که‌ "ته‌وفیق وه‌هبی" له‌ نووسینێکیدا به‌ نێوی "بنه‌چه‌ی کورد و زمانیان"، به‌رپه‌رچی قسه‌کانی مه‌کنزی ده‌داته‌وه‌[16]. بێجگه‌ له‌وه‌ش "مه‌کنزی" له‌ نووسینه‌که‌یدا، به‌ نێوی "مه‌لای جزیری و فه‌قێ ته‌یران"، به‌م جۆره‌ ده‌ست پێ ده‌کات:"له‌مه‌ڕ شاعیرانی کۆنی کورد شتێکی که‌م زانراوه‌. ده‌ستنووسی کاره‌کانیان که‌من و به‌ زۆرییش ده‌نێو نامه‌خانه‌ی تایبه‌تی خه‌ڵکدا هه‌ڵگیراون و شاردراونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌م زانیارییه‌ که‌مه‌ش له‌ باره‌ی ژینیانه‌وه‌، که‌ له‌ لایه‌ن نووسه‌رانی جیاوازه‌وه‌ نووسراون، گه‌لێ جار ده‌گه‌ڵ یه‌ک ناگونجێن و دژ به‌یه‌کن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و که‌مه‌ڕاستییه‌ی، که‌ ده‌کرێ بچنرێته‌وه‌، هێنده‌ی تر هێژا و به‌ نرخ ده‌بێ..."[17]. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ڕایه‌ی "مه‌کنزی"، ئه‌گه‌ر نیازی ئه‌وه‌ش بووبێت، که‌مبایه‌خیی ئه‌و زانیارییانه‌ی، له‌ باره‌ی شاعیرانی که‌ونی کورده‌وه‌ هه‌ن، پێشان بدات و نه‌گونجان و ناکۆکی ڕا و بۆچوونی نووسه‌رانی جیاواز و دژبه‌یه‌ک ده‌رخات، له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ڵگرتن و شاردنه‌وه‌ی ده‌ستنووسی کاری شاعیرانی که‌ونی کورد، له‌ نێو نامه‌خانه‌ی تایبه‌تی خه‌ڵکدا، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌دا هاتووه‌، ده‌سه‌لمێنێت. "مه‌کنزی" دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڕایه‌کانی "مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی" ده‌کۆڵێته‌وه‌، له‌ باره‌ی "سه‌جادی"یه‌وه‌ ده‌بێژێت: "سه‌جادی له‌مه‌ڕ  ژیانی مه‌لای جزیرییه‌وه‌، له‌ زه‌مینه‌ و ڕوانگه‌یه‌کی زۆر ڕوونه‌وه‌ ده‌ست پێ ناکات". "مه‌کنزی" به‌رده‌وام ده‌بێت تا دێته‌ سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی، که‌ "موفتی"، بێگومان مه‌به‌ست "مه‌لا ئه‌حمه‌دی زڤنگی"یه‌، له‌ بۆچوونه‌کانیدا له‌مه‌ڕ "جزیری" و ژیانی وی، زیاتر له‌ ڕاستییه‌وه‌ نێزیکه‌ و ده‌گاته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که‌ مه‌لا له‌ 980-1050ی مشه‌ختی، که‌ ده‌کاته‌ 1570-1640ی زایینی، ژیاوه‌ و له‌ سه‌رده‌مێکدا، که‌ "فه‌قێ ته‌یران"یش ژیاوه‌[18]. "مه‌لا ئه‌حمه‌دی کوڕی مه‌لا موحه‌ممه‌دی بۆتی زڤنگی"، پێیوایه‌، که‌ "جزیری"، له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی ده‌یه‌می کۆچیدا ژیاوه‌ و له‌ 950ی کۆچی به‌دواوه‌ و هاوچه‌رخی "میر شه‌ره‌فخانی کوڕی میرئه‌بداڵ" بووه‌، که‌ له‌ میره‌کانی "ئازیزان" بووه‌ و ماوه‌یه‌کی زۆریش فه‌رمانڕه‌وایی ده‌ڤه‌ری جزیره‌ی کردووه‌[19]. هه‌روه‌ها، ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی دووپات ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت:"به‌ ته‌واوی و ئاشکرا ده‌توانم بڵێم، که‌ مه‌لای جزیری له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆهه‌می کۆچیدا له‌دایکبووه‌ و تاوه‌کو دوای هه‌زاریش ماوه‌ و له‌وانه‌شه‌ گه‌یشتبێته‌ په‌نجای دوای هه‌زار و پتر.."[20]. "قه‌ناتێ کوردۆ"، ڕای وایه‌، که‌ "مه‌لای جزیری" له‌ سه‌ده‌ی دوازده‌یه‌مدا ژیاوه‌ و مه‌به‌ستی سه‌ده‌ی دوازده‌یه‌می زایینه‌ و ڕایه‌که‌یشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ "وه‌زیری نادری" ناوێک، که‌ گوایه‌ له‌ نووسینێکیدا له‌ سه‌ر "جزیری" باسی ئه‌وه‌ی کردووه‌[21]. "هه‌ژاری موکریانی"، پێیوایه‌، ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له‌ "مه‌لای جزیری" دوواون، ئه‌گه‌ر له‌ شیعره‌کانی مه‌لا بگه‌یشتبان، له‌مه‌ڕ ژیننامه‌ی، تووشی ئه‌و هه‌را و گوڵمه‌ز و فه‌رته‌نه‌یه‌ نه‌ده‌بون. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، که‌ "جزیری" له‌ سه‌ده‌ی یازده‌ی کۆچیدا ژیاوه‌[22]. هه‌ر یه‌که‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی، له‌ باره‌ی "مه‌لای جزیری"یه‌وه‌ نووسیویانه‌، کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌ی، بۆ بیروڕاکانی خۆی، هێناوه‌وه‌ته‌وه‌ و ڕاستیی خۆی سه‌لماندووه‌. بێگومان هه‌موو نووسه‌رێکیش بۆی هه‌یه‌ چی به‌ ڕاست ده‌زانێت، ئه‌وه‌ بێژێت، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم، خوێنده‌واری کورد و خه‌ڵکی بیانیش، تا ئێستا و سه‌دله‌سه‌د نازانن، "مه‌لای جزیری"، له‌ که‌ییه‌وه‌ تا که‌ی ژیاوه‌. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر و زانستانه‌ بیگاتێ، نه‌ک ته‌نێ بۆ "جزیری"، به‌ڵکه‌ بۆ هه‌موو مێژووی کورد. ئه‌ز له‌و باوه‌ڕه‌دام، په‌سنه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی "جزیری" بۆ میری جزیره‌، که‌ "میرشه‌ره‌ف کوڕی ئه‌بداڵ خان" بووه‌، نه‌ک "عیماده‌ددین زه‌نگی"، که‌ پایه‌به‌رزیی و لێهاتوویی و جوامێریی و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و میره‌، نیشان ده‌دات و خۆشگوزه‌رانی جزیره‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا، ده‌گه‌یه‌نێت، باشترین به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، که‌ "جزیری"، له‌ سه‌رده‌می ئه‌و میره‌دا ژیاوه‌ و ئه‌و "میرشه‌ره‌ف"ه‌یش، به‌ پێی "شه‌ره‌فخانی بدلیسی"، که‌ له‌ شه‌ره‌فنامه‌که‌یدا باسی تا ساڵی 1005ی کۆچی/1596ی زایینی ده‌کات، هێشتا هه‌ر زیندوو بووه‌، چونکه‌ ناوی خستووه‌ته‌ نێو شه‌ره‌فنامه‌که‌یه‌وه‌ و باسی لێوه‌ کردووه‌[23]. ئه‌و گۆڕینه‌وه‌ی شیعره‌یش، له‌ نێوان "جزیری" و "فه‌قێ ته‌یران"دا ڕوویداوه‌، که‌ "فه‌قێ" شیعری بۆ "جزیری" ناردووه‌، له‌ ساڵی 1031ی کۆچیدا[24] و "جزیری"ش وه‌رامی داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ ده‌داته‌ ده‌سته‌وه‌، که‌ "جزیری" و "فه‌قێ ته‌یران"، له‌ سه‌رده‌مێکدا ژیاون. ئه‌گه‌ر "فه‌قێ ته‌یران"، وه‌ک "مه‌کنزی" باوه‌ڕ ده‌کات، له‌ ساڵی 1000-1070ی کۆچی/1590-1660ی زایینیدا ژیابێت[25] ئه‌وا "جزیری"ش، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا ژیاوه‌، که‌ دیسانه‌وه‌ ده‌کاته‌ سه‌رده‌می "میرشه‌ره‌فی خان ئه‌بداڵ"، که‌ ئه‌ویش له‌ سه‌ده‌ی یازده‌ی کۆچیدا بووه‌، بۆیه‌ش "جزیری" په‌سنی داوه‌، چونکه‌ له‌و کاته‌دا ژیاوه‌، واته‌: سه‌ده‌ی یازده‌ی کۆچی، که‌ ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ "خانی"شدا زۆریان به‌ین نه‌بووبێت.                                                                                                              
                                                                             
شیعر له‌ کن مه‌لای جزیری:
سه‌رنجدان له‌ شیعری "مه‌لای جزیری" ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، که‌ مه‌لا له‌ فۆرمدا و له‌و جۆرانه‌ی، که‌ به‌کاری بردوون، سوودێکی زۆری له‌ شیعری ڕۆژهه‌ڵاتیی وه‌رگرتووه‌ و به‌ تایبه‌ت فارسی و عه‌ره‌بی. له‌ ناوه‌ڕۆکیشدا، شیعره‌کانی جزیری، سۆفیزم و شیعری کۆمه‌ڵایه‌تین. مه‌لا، وه‌ک زۆرینه‌ی زانایانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کورد، سۆفی بووه‌ و له‌ ئه‌ڤینداریه‌تی، خۆشه‌ویسته‌ ڕاستینه‌که‌یدا تواوه‌ته‌وه‌ و شیعری ئه‌ڤینداریی، له‌ عیشقی ڕاسته‌قینه‌دا گوتووه‌ و له‌ بابه‌ته‌کانی تری زانستدا، ده‌ستێکی باڵای هه‌بووه‌. "جزیری"، وه‌ک سۆفییه‌ک جه‌زبه‌یه‌کی یه‌زدانی گرتوویه‌تی و بۆن و ئاوازێکی سۆفییانه‌، دڵی هه‌ژاندووه‌ و مه‌ستی شه‌رابی ئه‌ڤینی ڕاستی بووه‌، تا گه‌یشتووه‌ته‌ عیشق و خۆشه‌ویستیی یه‌زدان و تێیدا نوقم بووه‌. هه‌ڵبه‌سته‌کانی، له‌ ڕواڵه‌تدا مه‌ستی و دڵدارین و له‌ ناوه‌ڕۆکیشدا، گه‌یشتن به‌ پایه‌به‌رزه‌کانی خۆشه‌ویستی شای زانایانه‌، که‌ ئه‌ویش یه‌زدانه‌[26]. "عه‌لائه‌ددین سه‌جادی"، وه‌سفێکی نایابی "جزیری" ده‌کات و له‌ خاکی بۆتان و له‌ زه‌ریای ته‌سه‌ووفیشدا، به‌ په‌یامبه‌ری سه‌رده‌فته‌ری شیعری ته‌ڕی ئه‌ڤینی داده‌نێت. له‌ نێو کوردانیشدا، به‌ دڵزیندووی بیندرێژ و په‌لهاوێژ، ده‌یداته‌ ناسین. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، که‌ بیری "جزیری"، ئاوێنه‌یه‌کی بێگه‌رده‌، بۆ سۆفییانی خوداپه‌رست و گه‌شتیشی شاوێنه‌یه‌کی سه‌رهه‌رده‌ بۆ فه‌یله‌سووفانی ڕاستیپه‌رست[27]. به‌ ڕای سه‌جادی، وه‌نه‌بێ جزیری، هه‌ر مه‌ینۆشی باده‌ی ئه‌ڤین، یا سه‌رخۆشی کۆڕی ته‌سه‌ووف بووبێت و هیچی دی، به‌ڵکه‌ له‌ یه‌زدانناسی و فه‌لسه‌فه‌شدا، چووه‌ته‌ نێوجه‌رگه‌ی کۆڕی فه‌یله‌سووفه‌کانی یۆنانه‌وه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ چووه‌ته‌ ئه‌و کۆنگره‌یه‌وه‌، که‌ زانایانی ئیسلام و نائیسلام، تێیدا کۆبوونه‌ته‌وه‌ و هه‌موو باس و خواسێکیان، هه‌ر یه‌زدان و فه‌لسه‌فه‌ی یه‌زدانییه‌ت بووه‌[28]. "قه‌ناتێ کوردۆ"، له‌ "تاریخا ئه‌ده‌بیاتا کوردی"یه‌که‌یدا، که‌ سه‌رچاوه‌ی ڕایه‌کانی له‌مه‌ڕ جزیری، بۆچوونه‌کانی "وه‌زیری نادری"یه‌ و ئه‌و ده‌یڵێته‌وه‌، وا پێشان ده‌دات، که‌ "مه‌لای جزیری"، ئێزدی بووه‌ و له‌ هۆزی حه‌سه‌نی ئێزدییانه‌ و به‌ چێژ و که‌یف و سه‌فای خۆیدا، هه‌ڵیداوه‌ و ستراوه‌ و بۆ ڕه‌نگ و ڕووی سروشت و ئه‌ڤین و شه‌راب، نووسیویه‌تی و دواییش، که‌ حه‌زی له‌ کچی"میر عیماده‌ددین" کردووه‌ –مه‌به‌ستیش "میر عیماده‌ددین کوڕی ئه‌کسان قه‌ره‌"یه‌، له‌ عه‌شیره‌تی بۆتان- شیعری دڵداری گوتووه‌ و ئه‌ڤینی خۆی و کچی میری، له‌ شیعردا باس کردووه‌ و که‌ میریش به‌و که‌ینوبه‌ینه‌ی زانیوه‌، ویستوویه‌تی کچه‌که‌ی بدات به‌ مه‌لا، وه‌لێ مه‌لا نه‌یویستووه‌، که‌نیشکه‌ ئیسلامێک ببێته‌ هاوسه‌ری[29]. جارێ پێشه‌که‌ی، میر عیماده‌ددین، له‌ ئارادا نه‌بووه‌ و مه‌لاش له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا نه‌بووه‌ و به‌ڵکه‌ له‌ ڕۆژگاری میرشه‌ره‌فدا بووه‌، که‌وابێت مه‌لا و میرعیماده‌ددینێک، که‌ نه‌دیده‌ و نه‌ناسی یه‌کدی بوون و باوکیشیان پێکه‌وه‌، له‌ مزگه‌وتێکدا نوێژیان نه‌کردووه‌ و یه‌کدییان ناس نه‌کردووه‌، چۆن و که‌ی و له‌کوێ، مه‌لا حه‌زی له‌ کچی ئه‌و کردووه‌؟ ئه‌مه‌ دیوێکی باسه‌که‌ و له‌ ئالییه‌کی دیکه‌یشه‌وه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعری مه‌لادا، زۆر چاک و ڕاست و ڕه‌وان، وه‌ده‌رده‌که‌وێت، که‌ مه‌لا ئیسلامێکی ته‌واو ئیسلام و بێ پێچ و په‌نا بووه‌ و زۆرینه‌ی شیعره‌کانیشی، تژین له‌ ئایه‌ت و وشه‌ی قورئان و ناوی خودا و په‌یامبه‌ران، جا کابرایه‌کی ئێزدی باوه‌ڕ، بۆچی ده‌بێ له‌ بیروباوه‌ڕی فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامیدا خۆی بتوێنێته‌وه‌؟ ڕاسته‌ خه‌ڵکێکی زۆری کورد، له‌ پێشدا ئێزدی بوونه‌، لێ جزیری به‌ خۆی وه‌ک ئایین و باوه‌ڕ، ئێزدی نه‌بووه‌. ڕه‌نگه‌ باوباپیرانی، له‌ کاتیخۆیدا، ئێزدی بووبن. "سادیق به‌هائوددین"یش، له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، که‌ جزیری مرۆڤێکی سۆفی و له‌خواترس بووه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانی خۆی، که‌ نێزیکبوونه‌وه‌ی یه‌زدانه‌، ڕێباز و ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیی له‌ ته‌سه‌ووفدا گرتووه‌ته‌ به‌ر[30]. "مه‌لای زڤنگی"یش، باسی ئه‌وه‌ی کردووه‌، که‌ جزیری له‌ سه‌ر ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بووه‌[31]. جزیری، خوداناسێکی ڕاست بووه‌ و له‌ خوداپه‌رستیدا، هێنده‌ قووڵ بووه‌ته‌وه‌، که‌ باوه‌ڕی به‌ توانه‌وه‌ له‌ نێو بوونی خودادا، هه‌بووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ پله‌ی یه‌کبوون له‌گه‌ڵ خودادا و هیچ شتێکی دیکه‌ی بێجگه‌ له‌ خودا، له‌ کن وی نرخی نه‌بووه‌ و له‌ گشت شتێکدا خودای وه‌دی کردووه‌. به‌و پێیه‌ مرۆڤ ده‌گاته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ، که‌ جزیری باوه‌ڕی به‌ یه‌کیه‌تیی بوون "وحده‌ الوجود" هه‌بووه‌، که‌ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو بوون یه‌ک شته‌ و هه‌موو شتێکیش به‌شێکی خودای تێدایه‌ و بوون و خودایش یه‌ک یه‌که‌ن. ئه‌و ده‌بێژێ:                                                                                                         
 میننه‌ت ژ خوداێێ کو ب عه‌بدێ خۆ مه‌لایێ     ئیکسیرێ غه‌می عیشق نه‌ دینار و دره‌م دا  
ئه‌وانه‌ی له‌ ته‌سه‌ووف دوواون و قووڵبوونه‌وه‌، باوه‌ڕیان وایه‌، که‌ هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ک له‌ کن سۆفی، خۆشویستنی خودایه‌ و خه‌ریککردنی دڵه‌، به‌ ئه‌ڤینی ڕاسته‌قینه‌وه‌. مه‌لا به‌و زمانه‌ کوردییه‌ پاراو و ناسکه‌ی، که‌ شیعری دڵداریی ته‌ڕ و به‌جۆش و پڕهه‌ستی ناسکی پێ گوتووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دڵیشی به‌و کیژه‌ کورده‌ "سه‌لما" ناوه‌یش دابێت، که‌ چه‌نده‌ شۆخ و شه‌نگ و ناسک و نازدار و له‌بار بووبێت و خودا هه‌رچی جوانی و ڕندی هه‌یه‌، به‌وی دابێت، مه‌لا له‌ نێو چاوانی ئه‌و کیژه‌دا، خودای وه‌دی کردووه‌ و ئه‌ڤینه‌که‌یشی هه‌ر بۆ خودا بووه‌ و به‌و کیژه‌شدا هه‌ڵیداوه‌، چونکه‌ هه‌موو توانست و شاکرد و جوانیی خودا هه‌یه‌، له‌ ڕووی ئه‌و شۆخه‌ دنیاییه‌یدا دیوه‌ و له‌و ئه‌ڤینه‌ مه‌جازییه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ڤینه‌ مه‌زن و ڕاستینه‌که‌ چووه‌[32]. جزیری به‌ مه‌یی خۆشه‌ویستی یه‌زدان مه‌ست بووه‌[33]. له‌ عیرفاندا، مه‌لای جامی و مه‌ولانای ڕۆمی به‌ڵخیشی پێ ڕاناگه‌ن[34]. ده‌نێو خه‌ڵکی ئه‌ده‌ب و ڕه‌وشتدا، ته‌نێ سۆفییه‌کان مۆسیقایان به‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی ڕه‌وشتیی زانیوه‌ و له‌ ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ییه‌وه‌ بۆی چوون و هه‌ستیان، به‌ پێویستیی چڕینی شیعر، به‌ گۆرانی و له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌کدا کردووه‌ و لایان په‌سه‌ند بووه‌. مه‌لای جزیریش گۆرانی و مۆسیقای، به‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی دژ به‌ ئایین نه‌زانیوه‌. مۆسیقا، له‌ کن جزیری ده‌ربڕینێکی سیمبۆڵییه‌، له‌ عیشقی یه‌زدانیی و وه‌رگێڕانی ئه‌ڤینه‌، له‌ توانستێکی ده‌روونی و ڕۆحیی شاراوه‌، بۆ چه‌ند سیمبۆڵێکی ده‌روونیی ئاشکراکراو، که‌ هه‌ست و هزره‌ شاراوه‌کانی ده‌روونی دڵداری، پێێ ده‌رده‌بڕدرێت. ئاواز، په‌رده‌ له‌ سه‌ر هه‌موو نهێنییه‌کان، لا ده‌دات و له‌ شێوه‌ی ده‌ربڕیندا خۆی ده‌نوێنێت. جزیری، مۆسیقا و ئاوازی به‌ جۆش و خرۆشی، به‌ ئاوازێکی خاوێنی ده‌روونی و به‌ ڕزگاربوونی، له‌ پیسی و ناپوخته‌یی، ژیانی هه‌ستپێکراوی ماددی داناوه‌. بێهووده‌یی، نک جزیری پێوه‌ندی به‌ مۆسیقاوه‌ هه‌یه‌. ڕۆژی بێهووده‌ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌، نه‌ ئاواز و نه‌ مۆسیقای تێدایه‌. مه‌به‌ستیشی له‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی یادکردنه‌وه‌(زیکر، به‌ عه‌ره‌بی: ڕکر) و ویردی خودای تێدا نه‌بێت، ڕۆژێکی ڕاسته‌قینه‌ نییه‌ و به‌ فیڕۆ ده‌ڕوات[35]. جزیری گه‌لێک جار، باسی شمشاڵ و ساز و ئاوازی کردووه‌ و وشه‌ی زۆریشی به‌کار بردووه‌، که‌ پێوه‌ندیان به‌ ده‌نگه‌وه‌ هه‌ن، وه‌ک ده‌نگی مه‌ل و برووسکه‌ و زه‌نگ، که‌ هه‌موو ئه‌و زایه‌ڵه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ دروست ده‌که‌ن، که‌ ده‌گه‌ڵ ده‌نگی هه‌تاهه‌تایی و بێکۆتاییدا –که‌ ئه‌ویش یه‌زدان خۆیه‌تی- تێکه‌ڵ ده‌بن. ده‌نگ، ئاواز، مه‌ی، جوانی، بیرکردنه‌وه‌، هه‌ست، هه‌موو ئه‌مانه‌، هۆن بۆ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بێکۆتایی و قووڵترین و مه‌زنترین خۆشه‌ویستی، که‌ ئه‌ویش خۆشه‌ویستی و تێکه‌ڵبوونی یه‌زدانه‌. جزیری، پیاوێکی هه‌ڵکه‌وتوو و زانایه‌که‌ی مه‌زن و لێهاتوو بووه‌، له‌ سه‌رده‌می خۆیدا، نه‌ک ته‌نێ له‌ جزیرا بۆتان، به‌ڵکه‌ له‌ کوردستان و خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیشدا. ئه‌و سه‌روه‌ری زانا و ڕه‌وشه‌نبیرانی چه‌رخی خۆی  و پێش خۆی بووه‌ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌، که‌" ئه‌حمه‌دی خانی"ی نه‌مر، له‌ شاکاره‌که‌یدا "مه‌م و زین"، پێش هه‌مووان له‌ شاعیراندا، نێوی جزیری هێناوه‌. جزیری به‌وه‌ی، که‌ هه‌ڵبه‌ستی به‌ زمانی کوردی نووسیوه‌، کارێکی یه‌کجار گرنگی کردووه‌، له‌ پاراستنی زمانی کوردیدا و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌، زیاتر خۆشه‌ویست بووه‌ له‌ نێو کورددا، هه‌ر بۆیه‌ش بۆ خۆی گوتوویه‌تی:                                                                          
  گه‌ر لوئلوئێ مه‌نسوور ژ نه‌زمێ تو دخوازی     وه‌ر شیعرێ مه‌لێ بینه‌ ته‌ ب شیرازی چ حاجه‌ت 
نیازی جزیری، له‌و شیعره‌دا ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌گه‌ر میلله‌تی کورد، هه‌ڵبه‌سته‌کانی ئه‌و، به‌ زمانی شیرینی زگماکی خۆیان، که‌ ئه‌ویش کوردییه‌، بخوێننه‌وه‌ و ئاوازی بۆ دابنێن، چ جار پێویستیان، به‌ زمانی بیانی نییه‌. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ جزیری هیچ کاتێک خۆی له‌ شیرازی، ئیدی کام شیرازی بێت، سه‌عدی یا حافز، به‌ نزمتر، یا که‌متر نه‌زانیوه‌. شیعره‌کانی جزیری، هێنده‌ ڕێک و ڕه‌وان و به‌تام و پڕواتان و له‌ کێش و سه‌نگ و هه‌موو لایه‌کییه‌وه‌ ته‌واون و چ خوار و خێچییه‌کیان تێدا نییه‌ و زمانیشی شیرین و پاراو و پاکه‌. شیعره‌کانی جزیری، گه‌لێ جاران کراونه‌ته‌ گۆرانی و به‌ ئاوازه‌وه‌ گوتراون و له‌به‌رکراون، به‌ تایبه‌تی ده‌نێو دیوه‌خانان و مزگه‌وتاندا. جزیری، له‌ ڕیزی شاعیرانی خۆرهه‌ڵاتی ناڤیندا بووه‌ و ململانێیشی ده‌گه‌ڵ واندا کردووه‌، به‌ڵکه‌ له‌وانیش، له‌ هه‌ندێ لایه‌نه‌وه‌، باڵاتر بووه‌. جزیری، خودانی خوێندنگه‌یه‌کی تایبه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌بی کوردیدا، له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا و باکووری کوردستاندا. جزیری کێش و قافییه‌ی شیعره‌کانی و نه‌خوازه‌ڵڵا هه‌ڵبه‌سته‌ ئه‌ڤینداری و سۆفییه‌تییه‌کانی، زۆر جوان و پوخته‌ هۆنیوه‌ته‌وه‌ و ڕازاندووه‌ته‌وه‌، که‌ هه‌ر له‌ خۆی ده‌وه‌شێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند پرسێن عه‌ره‌بی و فارسی و جارجاریش تورکی، له‌ شیعره‌کانیدا هه‌ن، ئه‌وه‌ کاریگه‌ریی ئایینی ئیسلام و زمانی ئه‌و ئایینه‌یه‌، که‌ عه‌ره‌بییه‌، ده‌گه‌یه‌نێت له‌ سه‌ر زمان و هه‌موو کارێکی ڕه‌وشه‌نبیری، که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ته‌نێ شیعر هه‌بووه‌. بێجگه‌ له‌وه‌ش جزیری شاره‌زایی و پسپۆریی ته‌واوی له‌و زمانه‌ بیانییانه‌دا و به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌بی و فارسی هه‌بووه‌ و گه‌لێک جاریش، به‌و زمانانه‌ و تێکه‌ڵ به‌ کوردی، شیعری نووسیوه‌. گه‌لێ که‌س له‌و باوه‌ڕه‌دان، که‌ کاریگه‌ریی "حافزی شیرازی" و" جامی" و شیعری فارسی، به‌ ته‌واوی له‌ شیعری مه‌لای جزیریدا وه‌دیار ده‌که‌وێت، به‌ڵام "سادیق به‌هائوددین"، شیعری عه‌ره‌بی به‌ کارتێکه‌رێکی سه‌ره‌کی داده‌نێت، له‌ هۆزانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، به‌ تایبه‌ت وڵاتانی موسوڵمان،ی وه‌ک فارس و تورک و عه‌ره‌ب[36]. من بۆ خۆم له‌و باوه‌ڕه‌دام، که‌ شیعری عه‌ره‌بی به‌ ته‌نێ، ڕۆڵی کاریگه‌ر و تاک و ته‌نیای له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا نه‌بینیوه‌، به‌ڵکه‌ ئایینی ئیسلام کارێکی وای کردووه‌، که‌ زمان و ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌گه‌لی هاوئایین، کار بکه‌نه‌ سه‌ر یه‌کتر. بێگومان کوردیش وه‌ک گه‌لێکی ژێرده‌سته‌ی فارس و تورک، له‌و سه‌رده‌مه‌دا، زۆر کاریگه‌ریی ئه‌وانی که‌وتووه‌ته‌ سه‌ر، به‌ تایبه‌ت کاریگه‌ریی فارس، چونکه‌ فارسی وه‌ک زمان، له‌ کوردییه‌وه‌ گه‌لێک نێزیکه‌ و وه‌ک ئه‌ده‌بیش پایه‌ و جێگه‌ی به‌رزی هه‌بووه‌ و له‌ مزگه‌وته‌کانی کوردستانیشدا، ته‌نانه‌ت تا ئه‌م دواییه‌ش، سه‌عدی و حافز و جامی و زۆری دیکه‌ش ده‌خوێنران. هه‌رچی زمانی عه‌ره‌بیشه‌، بێگومان ئه‌ویش زمانی ئایینی ئیسلام بووه‌ و هه‌ر به‌ پیرۆزیش دانراوه‌ و فه‌قێیان، به‌ چاکی خوێندوویانه‌ و جاری وایش هه‌بووه‌، له‌ عه‌ره‌ب چاکتر، عه‌ره‌بییان زانیوه‌. "مه‌لای جزیری"ش، وه‌ک کوردێک، بێگومان که‌وتووه‌ته‌ ژێر کاریگه‌ریی، زمانانی فارسی و عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت تورکییش، به‌ڵام وه‌نه‌بێ ئه‌و، به‌و کارتێکردنه‌ قایل بووبێت و ئاڵای سپی هه‌ڵکردبێت و خۆی دابێت به‌ ده‌سته‌وه‌، به‌ڵکه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ "به‌رزی و مه‌زنی جزیری له‌وه‌دایه‌، که‌ ڕۆڵی زمانی عه‌ره‌بی له‌ کاتێکدا گه‌یشتۆته‌ چڵه‌پۆپه‌، مه‌لا له‌و کاته‌دا، له‌و ڕێچکه‌یه‌ لایداوه‌ و عه‌ره‌بی به‌ کوردی ڕازاندۆته‌وه‌ و مه‌شخه‌ڵانێکی هه‌ڵگیرساندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئوده‌بای عه‌ره‌ب، زه‌نگیانه‌ی له‌به‌ر بهۆننه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ ئوده‌بای کورد شوێن ڕچه‌که‌ی مه‌لایان بۆ ببێ به‌ شاڕێگه‌ و له‌ عاله‌می بێگانه‌دا مه‌لایان بۆ ببێت به‌و سیمرخه‌، که‌ ئاوی ژیانی ئه‌ده‌بیان له‌ پشت کێوی قافه‌وه‌ بۆ دێنێت. که‌وابوو مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی به‌ درێژایی زه‌مان کڕنوش بۆ ئه‌و تاپۆیه‌ ئه‌با که‌ هه‌یکه‌لی زێڕینی مه‌لایه‌ و پێغه‌مبه‌ری سه‌ده‌ی یازده‌هه‌میه‌تی"[37]. مه‌لای جزیری، هه‌موو بابه‌ته‌کانی شیعری عه‌ره‌بی لا وه‌دی ده‌کرێت، قه‌سیده‌، غه‌زه‌ل، ڕوباعییات(چوارین)، ته‌خمیس(پێنج خشته‌کی)، ته‌لمیع، موسته‌زاد و فه‌رد بێجگه‌ له‌وه‌ش له‌ به‌لاغه‌ی عه‌ره‌بیدا ئوستاد بووه‌ و به‌دیع و به‌یان و مه‌عانی و جیناس و ته‌لمیح و ته‌شبیه‌ و ئیستیعاره‌ و مه‌جاز و کینایه‌ و ئه‌تناب و ئیجازی، خڕ به‌کار بردووه‌[38]. عورووز و بحوری شیعری عه‌ره‌بی، زۆر ئوستادانه‌ و شارازایانه‌، به‌کار بردووه‌ و هه‌موو هۆزانه‌کانی له‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ داناوه‌ و گه‌لێ جاریش به‌حری درێژی بۆ داڕشتنی شیعر کردووه‌ به‌ بناخه‌ و گومان له‌وه‌دا نامێنێت، که‌ وه‌ک زانستێک، عرووزی زانیوه‌. شاعیرانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، تا چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ریش، له‌ سه‌ر ئه‌و شێوه‌ عه‌ره‌بییه‌ی شیعردانان، ده‌ڕۆیشتن و له‌ کوردییشدا، تا په‌یدابوونی "گۆران"، پێڕۆی ئه‌و شێوه‌یه‌ ده‌کرا و ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ش، که‌ خانی و نالی و حاجی قادری کۆییش شاگردی بوون و جزیری ده‌ستی پێ کرد، کلاسیزمی ئه‌ده‌بی کوردی ده‌گرێته‌وه‌[39]. به‌رهه‌می جزیری، که‌ شیعره‌کانیه‌تی، یه‌که‌م به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی نووسراوه‌ له‌ ئه‌ده‌بی کوردیدا[40]. هه‌ر بۆیه‌ش مه‌لای جزیری، به‌ ده‌سپێکی شیعری کلاسیکی کوردی داده‌نرێت و هه‌رچه‌نده‌ "باباتاهیری هه‌مه‌دانی"یش پێش جزیری چوارین(رباعیات)ی هه‌بووه‌ و به‌ کوردیش بووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له‌ ڕووی پێڕه‌وکردنی عورووزه‌وه‌ ناته‌واو بووه‌ و به‌ڵکه‌ هه‌ر نه‌شبووه‌، ئه‌و به‌ سه‌ره‌تا دانانرێت. بێجگه‌ له‌وه‌ش، نه‌ "عه‌لی ته‌رموکی" و نه‌ "عه‌لی حه‌ریری"یش، ناتوانن سه‌ره‌تا بن و ململانێیان پێ ناکرێت، له‌گه‌ڵ جزیریدا. گه‌لێک له‌ شاعیرانی کوردی پاش جزیری، ویستوویانه‌ لاسایی ئه‌و بکه‌نه‌وه‌ و له‌ سه‌ر ڕێچکه‌ی وی بڕۆن، یا هه‌وڵیانداوه‌ شتێک بڵێن له‌ شیعری ئه‌وه‌وه‌ نێزیک بێت و لێی بچێت، له‌وانه‌ش: شێخ نووره‌ددین برێفکانی، ئه‌حمه‌د ناڵبه‌ند، ئه‌نوه‌ر مائی، جگه‌رخوین، عه‌بدوڕڕه‌حمان مزووری، به‌درخان سندی و مه‌سعوود مسته‌فا ئامێدی[41]. مه‌لای جزیری ڕێبه‌ر و پێشڕه‌و و پێشه‌نگ و ئوستادی شیعری کلاسیکی کوردییه‌ و نموونه‌یه‌کی نایاب و بێهاوتا و هێژا و پڕبه‌ها بووه‌، بۆ شاعیرانی کورد به‌ گشتی و کرمانجی زار به‌ تایبه‌تی.                                                                                                 
دیوانی مه‌لای جزیری
یه‌کێک له‌و کتێبه‌ به‌نرخانه‌ی، که‌ ده‌شێت کورد هه‌موو گاڤه‌ک شانازی پێوه‌ بکات، دیوانی مه‌لای جزیری نه‌مره‌. له‌ بته‌وی و به‌هێزی و به‌هادا، که‌ هونه‌رێکه‌ له‌و گۆڕه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ شاعیرانی ده‌وروبه‌ردا به‌راورد بکرێت، ده‌کرێت دیوانی جزیری، له‌ ڕیزی "حافزی شیرازی" و "جامی" فارس و "ئیبنولفاریز"ی عه‌ره‌ب و "فزوولی" تورکدا دابنرێت[42]. دیاره‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، جزیری یه‌کێک بووه‌ له‌و شاعیرانه‌ی، که‌ خۆشبه‌خت بووه‌، چونکه‌ زۆری له‌ سه‌ر نووسراوه‌ و کۆڵراوه‌ته‌وه‌، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ شاعیرانی دیکه‌ی کورددا. دیوانی جزیری، چه‌ند جارێک و له‌ شوێن و جێگه‌ی جیاجیا و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ چاپکراوه‌ته‌وه‌:                                                                                                                
1.  له‌ ساڵی 1904ی.ز له‌ به‌رلین، له‌ لایه‌ن ڕۆژهه‌ڵاتناسی ئه‌ڵمانییه‌وه‌ "فۆن مارتن هارتمان"، به‌ لینۆگراف چاپکراوه‌ و به‌ زمانی ئه‌ڵمانی سه‌ره‌تای بۆ دانراوه‌.
 2.  له‌ ساڵی 1338ی.ک/1919ی.ز له‌ ئیسته‌نبوول، له‌ لایه‌ن "موحه‌ممه‌د شه‌فیق ئارواسی حوسه‌ینی"یه‌وه‌ چاپکراوه‌.
3.  له‌ ساڵی 1958، له‌ لایه‌ن "مه‌لا ئه‌حمه‌دی مه‌لا موحه‌ممه‌دی بۆتی زڤنگی"یه‌وه‌، له‌ قامیشلووی کوردستانی سووریا، له‌گه‌ڵ پێشه‌کییه‌ک و شه‌رح و لێکۆڵینه‌وه‌ی شیعره‌کانی به‌ عه‌ره‌بی چاپکراوه‌.
4.  له‌ ساڵی 1964دا، له‌ لایه‌ن گیوی موکریانییه‌وه‌، له‌ هه‌ولێر چاپکراوه‌.
5.  له‌ ساڵی 1977دا، له‌ لایه‌ن سادیق به‌هائوددین ئامێدییه‌وه‌، له‌ به‌غدا، له‌گه‌ڵ توێژاندندا چاپکراوه‌.
6.  له‌ ساڵی 1982دا، له‌ لایه‌ن هه‌ژاری موکریانییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پێشه‌کی و شیکردنه‌وه‌ی شیعره‌کانیدا، له‌ تاران چاپکراوه‌.
بێجگه‌ له‌وانه‌ش، له‌ گۆڤاری هاواردا، له‌ ژماره‌ 35-58ی ساڵی 1941-1943دا، شیعره‌کانی جزیری له‌ لایه‌ن جه‌لاده‌ت به‌درخانه‌وه‌، نووسراونه‌ته‌وه‌.
له‌و ده‌سنووس و ده‌سخه‌تانه‌ی دیوانه‌که‌ش، که‌ له‌ لای خه‌ڵکی ماونه‌وه‌ ئه‌مانه‌ن:
1. موحه‌ممه‌د عه‌لی عه‌ونی، ده‌سنووسێکی له‌ چاپی به‌رلینی هارتمان وه‌رگرتووه‌ و له‌ کتێبخانه‌ی "دارالکتب المصریة‌" دا یه‌ له‌ قاهیره‌.
2. ده‌سنووسێکی دیکه‌ی دیوانه‌که‌، که‌ له‌ لایه‌ن "عه‌بدوسسه‌لام کوڕی موراد کوڕی عه‌بدوسسه‌لام"، له‌ ساڵی 1322ی کۆچیدا، له‌ شاری جزیره‌ نووسراوه‌ته‌وه‌، که‌وتووه‌ته‌ لای موحه‌ممه‌د عه‌لی عه‌ونی.
3. ده‌سنووسێکی "عه‌بدولقادر عه‌لی ئامێدی"، که‌ له‌ ساڵی 1338ی کۆچیدا له‌ ئامێدی نووسراوه‌ته‌وه‌، که‌وتووه‌ته‌ لای عه‌لائوددین سه‌جادی.
4. ده‌سنووسێکی "تاها ئه‌بووبه‌کر مه‌لا عه‌لی ئارواسی"، که‌ له‌ ساڵی 1355ی کۆچیدا له‌ شاری زاخۆ نووسیویه‌تییه‌وه‌، که‌وتووه‌ته‌ لای سادیق به‌هائوددین.
5. ده‌سنووسێکی "مه‌سعوود مه‌لا سه‌عیدی دهۆکی"، که‌ ساڵی 1970 له‌ سه‌ر ده‌سنووسێک نووسیویه‌تییه‌وه‌، که‌ ساڵی 1421ی. ک نووسراوه‌ و کابراش، که‌ نووسیویه‌تی نێوی خۆی نه‌نووسیوه‌. 
#  له‌و سه‌رچاوانه‌ی دیکه‌ش، که‌ له‌ سه‌ر مه‌لای جزیری هه‌یه‌: ڕۆژنامه‌ی جیهاد، که‌ ده‌نگی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی عیراقه‌ به‌ کوردی له‌ تاران ده‌رده‌چێت، ژماره‌ 21، ساڵی سێهه‌م، 27ی گه‌لاوێژی 1983.                                                                                                     
پاییزی 1984
                                                                                                                                                                                    




 بدلیسی، شه‌ره‌فخانی، شه‌ره‌فنامه‌، وه‌رگێڕانی هه‌ژار، تاران 1981، چاپی دووه‌م، ل 227.[1]
 ئامێدی، سادق به‌هائوددین، هۆزانڤانێت کورد، چاپی یه‌که‌م، به‌غدا 1980، ل84-85.[2]
[3] زکي، محمد ا‘مین، خلاصة‌ تأریخ الکرد و کردستان، الجزء الأول، ترجمة‌ محمد علی عوني، الطبعة‌الثانیة‌، بغداد 1961، ص236-238.
 ئامێدی..، هۆزانڤانێت..،ل29. 4
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل83-99. 5
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل30-31. 6
 بدلیسی..، شه‌ره‌فنامه‌..، ل292. 7
 هه‌ژار، دیوانی مه‌لای جزیری، تاران 1361، پێشه‌کی، ل22.  8
[9] الزڤنگي، ا‘حمد بن محمد البوتي، العقدالجوهري في شرح دیوان الشیخ الجزري، الجزءالأول، القامشلي 1958، المقدمة‌، ص:ل.
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ص: و.10
 هه‌ژار..،دیوانی..، پێشه‌کی، ل1311
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ل14. 12
زکي..، خلاصة..، ص336.   13
سه‌جادی، عه‌لائوددین، مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی، به‌رگی یه‌که‌م، به‌غدا 1952، ل162-163.  14
 ئامێدی..، هۆزانڤانێت..،ل81. 15
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو.16
[17]  وهبي، توفیق، اصل الا‘کراد ولغتهم، گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد، به‌رگی دووه‌م، به‌شی یه‌که‌م، به‌غدا 1974، ص 1-24
 18  Mackenzie, D.N Mala-e Jiziri and Faqi Tqyran, Yad Name-ye Irani-ye Minorsky, Publication of Tehran University, Tehran 1969, N:1241, P:125
سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل125-129.  19
 الزڤنگي..، العقد..، الجزءالاول، المقدمة، ص:ل. 20

[21]   Kurdo, Prof. Qenate, Tarixa Edebyeta Kurdi 1, Stockholm1983, L: 90.
قه‌ناتێ کوردۆ، ڕا و بۆچوونه‌کانی خۆی له‌ نووسێنێکی وه‌زیری نادرییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ که‌ به‌ نێوی"”Melumetiyed teze derheqa Sayire kurd ye sedsaliya navin Meleye Cizirda” " یه‌ ، که‌ له‌ سۆڤیێت له‌ ساڵانی 1945-1947 دا، تاکه‌ که‌سێک بووه‌، که‌ مژوولی گه‌ڕان بووه‌ به‌ دوای دیوانی مه‌لای جزیریدا و ساڵی 1947 مردووه‌ و نووسینه‌کانی ماونه‌ته‌وه‌ و دوای خۆی "Nora Palatova"ی ژنی نادری، ئه‌و نووسینه‌ی داوه‌ به‌ قه‌ناتێ کوردۆ، بۆ ئه‌وه‌ی چاپی بکات. کوردۆ شاندوویه‌تی بۆ "کۆما کوردناسێد ئه‌ریڤانێ" بۆ چاپکردن، به‌ڵام چاپ نه‌کراوه‌. کوردۆ جارێکی دیکه‌ بۆ "عه‌لی عه‌بدوڕڕه‌حمان"ی کلکردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی"ڕیاته‌زه‌"دا بڵاوی بکاته‌وه‌ یا چاپی بکات، لێ ئه‌ویش نه‌یکردووه‌. گوتاره‌که‌ له‌ ئه‌سڵدا به‌ ڕووسی نووسراوه‌ و وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی. ڕه‌شنووسی ئه‌و نووسراوه‌ له‌ کن قه‌ناتێ کوردۆیه‌. تا ئێره‌ کوردۆ بۆ خۆی ده‌یگێڕێته‌وه‌. سه‌یر له‌وه‌دایه‌، که‌ له‌ ساڵی 1946ه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و نووسراوه‌ نه‌کراوه‌ته‌ کوردی و هه‌ر به‌ ڕووسی ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو کۆمه‌ڵه‌ و ڕۆژنامه‌ و زه‌لامه‌ زلانه‌شدا تێپه‌ڕیوه‌ و هێنده‌ ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستی کردووه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ ئێستا کاغه‌زه‌که‌ی پوتورکابێت، که‌چی تا ئێستاش به‌ ڕه‌شنووسی ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌نێ مامۆستا کوردۆ ده‌توانێت سوودی لێوه‌رگرێت، چونکه‌ لای خۆیه‌تی. ئه‌وجا ده‌بێ که‌نگی بکرێته‌ کوردی و که‌ی له‌ چاپ بدرێت؟؟ ڕه‌نگه‌ چل ساڵێکی تریش چاوه‌ڕوان بین، کورد گوته‌نی: شیردا لۆ داپیردا.
 هه‌ژار..، دیوانی..، پێشه‌کی،ل23.[22]
 بدلیسی..، شه‌ره‌فنامه‌..، ل312-317. [23]
 ئامێدی..، هۆزانڤانێت..،ل161-162. [24]
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ل129. [25]
 الزڤنگي..، العقد..، الجزءالاول، المقدمة،ص:ل-س.[26]
 سه‌جادی..، مێژووی..، ل155.  [27]
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ل176-177. [28]
  [29] Kurdo.., Tarixa.., L: 90-91.
 ئامێدی..، هۆزانڤانێت..، ل104. [30]
 الزڤنگي..، العقد..،المقدمة، ص:ج.[31]
 هه‌ژار..،دیوانی..، پێشه‌کی، ل 11-12.[32]
 ئامێدی..، هۆزانڤانێت..، ل131. [33]
 هه‌ژار..،دیوانی..، پێشه‌کی، ل 11.[34]
 سندي..، الموسیقی..،ص116-121.[35]
 ئامێدی..، هۆزانڤانێت..، ل138-151.  [36]
 سه‌جادی..، مێژووی..، ل171.[37]
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو.[38]
 ئامێدی..، هۆزانڤانێت..، ل93.  [39]
 سندي..، الموسیقی..،ص116.[40]
 ئامێدی..، هۆزانڤانێت..، ل138-158.   [41]
 الزڤنگي..، العقد..، الجزءالاول، المقدمة‌، ص:ج. [42]

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...