ئەرمەنستان و حەمامی تورکی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
مرۆڤ،
کاتێک باسی مرۆڤێکی تر ده‌کات ده‌سبه‌جێ ده‌یخاته خانه‌یه‌که‌وه و ناسنامه‌یه‌کی
بۆ دروست ده‌کات. که مرۆڤ بیه‌وێ مرۆڤێکی دیکه بناسێت و بناسێنێت به دوای بنه‌چه و ڕه‌گه‌ز
و زمان و ئایین و ڕه‌نگ و ده‌یان شتی دیکه‌یدا ده‌گه‌ڕێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه به‌ش نه‌که‌ن،
ئه‌وجا ده‌که‌وێته گه‌ڕان به دوای کێش و باڵا و ڕه‌نگ و شێوه‌ی چاو و که‌پوو و
پرچ و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و کار و ته‌نانه‌ت بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و شتی تردا.
جیاوازی و دابه‌شبوونی مرۆڤ به‌هۆی کێش و باڵا و ڕه‌نگ و شێوه‌ی چاو و که‌پوو و
پرچ و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و کار و بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر نه‌ته‌وه و
گه‌ل و وڵات و زمان و ئایین و خێڵ و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و...که هه‌ر له کۆنه‌وه
ڕوویداوه و چه‌سپاوه، تا ڕاده‌یه‌ک هێچیان چه‌سپاو و نه‌گۆڕ نین، به‌ڵکه هه‌موویان
به‌رگۆڕانن و به‌رده‌وام ده‌گۆڕێن.
وه‌نه‌بێ
مرۆڤ، ته‌نێ مرۆڤ بخاته خانه‌یه‌که‌وه و ناسنامه‌ی تایبه‌تی بداتێ، به‌ڵکه مرۆڤ
ناسنامه ده‌داته شتی دیکه‌ش. مریشک، هێلکه، په‌نیر، بامیه، ته‌ماته، جامه‌دانی،
ڕۆن و برنج. ئه‌وانه له هه‌ر وڵاتێکی جیهان بن، هه‌ر مریشک، هێلکه، په‌نیر،
بامیه، ته‌ماته، جامه‌دانی، ڕۆن و برنجن، به‌ڵام له کوردستان ده‌بنه مریشکی
کوردی، هێلکه‌ی کوردی، په‌نیری کوردی، بامیه‌ی کوردی، ته‌ماته‌ی کوردی، جامه‌دانی
کوردی(ئاخر جامه‌دانی فلستینی و ئودونیش هه‌ن)، ڕۆنی کوردی و برنجی کوردی. کفته‌ی
سلێمانی و کڵاشی هه‌ورامی و مانگای مالوان و سه‌گی هه‌وشار و که‌ری حه‌سساوییه‌یش
هه‌ن. کفته‌ی سلێمانی له سلێمانی خۆی پێی ده‌گوترێ کفته‌ی سابوونکه‌ران. دیاره
ئه‌و دیارده‌یه تایبه‌ت نییه به کوردستان، به‌ڵکه له هه‌موو وڵاتێک و له‌نێو
هه‌موو گه‌لێکدا هه‌یه. له کوردستان، مریشکی چینی و که‌ڵه‌شێری شامییش هه‌ن. ئه‌مانه
بێجگه له‌وه‌ی سه‌دان شتی دیکه به ناوی وڵاته‌کانیانه‌وه هه‌ن، ئیدی ئه‌وه
فڵانه شتی تورکییه و ئه‌وه فڵانه شتی ئێرانییه و ئه‌وه سووریاییە و ئه‌وه
ئەلبانییە و..قاوه، که له بنه‌ڕه‌تدا له ئه‌سیووپیا و ئه‌فریقاوه بڵاوبووه‌ته‌وه
و له عه‌ره‌به‌وه گه‌یشتووه‌ته وڵاتانی دیکه، جۆری سازکردنی بۆ خواردنه‌وه
لای عه‌ره‌ب ناونراوه قاوه‌ی عه‌ره‌بی و له‌کن تورکیش بووه به قاوه‌ی تورکی. له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی تورک گه‌یاندوویه‌تییه ئه‌وروپا، له ئه‌وروپایش وشه‌ی قاوه‌ی تورکی وشه‌یه‌کی
نامۆ نییه، ئه‌ویش وه‌ک که‌باب و یۆگورت(ماست)ه‌که، که ئه‌وروپا له تورکه‌وه
وه‌ریانگرتووه و به هینی تورکی ده‌زانن. تورک گه‌رماو (حه‌مام)یشیان ناو ناوه
حه‌مامی تورکی.
له‌و گه‌شته‌دا بۆ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت(لێنینگراد، کە
ئێستا بووە بە سان پیتەرسبورگ، مۆسکۆ، یەرەڤان، تبلیسی، باکوو)، ساڵی 1986، که به
هاوڕێیه‌تی کۆمه‌ڵیک خوێندکاری خوێندنگه‌ی مامۆستایانی سوێد و دوو مامۆستا چووبووم
و هه‌موو خوێندکاره‌کان خه‌ڵکی باکووری کوردستان بوون، له باژێری یه‌رەڤانی پێته‌ختی
ئه‌رمه‌نستان چه‌ند ڕۆژیک ماینه‌وه. ڕۆژێکی به نێو شاردا و به ئۆتۆبووس ده‌مانیانگێڕا
بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌وار و تایبه‌تمه‌ندی و شته گرنگ و جوانه‌کانی شاری یه‌رەڤانمان
پێشان بده‌ن و کچێکی ئه‌رمه‌نی، که ڕێپێشانده‌ر و ڕێنوێن(گاید Guide) مان بوو،
به زمانی ڕووسی باسی ئه‌و شتگه‌له و میژوویانی بۆ ده‌کردین، ئیدی ئه‌وه فڵانه
کۆشکه و ئه‌وه فڵانه کڵێسه‌یه و ئه‌وه فڵانه مه‌یدانه و ئه‌وه په‌یکه‌ری
فڵانه سه‌رکرده‌یه و ...پیاوێکی ڕووسیش، که ئه‌ویش ڕێنیشانده‌رمان بوو و سوێدی
ده‌زانی، قسه‌کانی ئه‌و کچه‌ی بۆ ئێمه ده‌کرده سوێدی. پاش گه‌ڕانێکی زۆر، که له
سه‌ردانی مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی ئه‌رمه‌نه‌وه، که ئاگرێکی زیندووی هه‌میشه گڕی
لێیه، ده‌ستی پێ کرد، ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له پرۆسێسی کۆمه‌ڵکوژیدا که له 24 ئه‌پریلی
ساڵی 1915دا ده‌ستی پێ کردبوو و له‌سه‌ر ده‌ستی تورکان شه‌هید کرابوون، له
شوێنێک ڕاوه‌ستاین بۆ ئه‌وه‌ی پشوویه‌ک بده‌ین. کچه‌که گوتی، ئه‌گه‌ر هه‌ر
پرسیارێکتان هه‌یه فه‌رموون تا وه‌ڵامتان بده‌مه‌وه. یه‌کێک له هه‌ڤاڵانی ئێمه،
که ناوی "ڤیلدان(ویلدان) تانریکئۆغڵو" بوو، وشه‌ی ڤیلدان بۆ خۆی له
(ولدان)ی عه‌ره‌بییه‌وه هاتووه و ئه‌و تیپی(و)ه له زمانی تورکیدا ده‌بێته(ڤ)
ئیدی بۆیه ناوی ئه‌ویش بووه به ڤیلدان، ده‌ستی بڵند کرد و به سوێدی گوتی، من
پرسیارێکم هه‌یه. قسه‌که‌ی بۆ کچه ئه‌رمه‌نییه‌که کرایه ڕووسی و ئه‌ویش فه‌رمووی
لێکرد. ڤیلدان گوتی: لێره حه‌مامی تورکی هه‌یه؟ ئه‌و پرسیاره کرایه ڕووسی بۆ کچه ئه‌رمه‌نییه‌که،
کچه به ده‌نگێکی نێرانه‌ی بڕێک توند و بڕێک به‌رز و باوه‌ڕبه‌خۆبووه‌وه و بە
ئاماژەکردنی بە پەنجەی شایەتمانی (یا دۆشاومژەی، چون ئەو مەسیحی بوو) ڕێک بەرەو
ڕووی ڤیلدان، کە لە لای شانی ڕاستی منەوە ڕاوەستابوو، گوتی: "ئێمه لێره
ته‌نیا حه‌مامی ئه‌رمه‌نیمان هه‌یه"!. منیش دەسبەجێ بە ڤیلدانم
گوت:"ئەو باش بوو! تە تێر بووی! تە ئیستیراحەت کر! تو شەرم ناکەی! تو تشتەکی
ترکی تونە و وشەی ترک و ترکی نە دبیسی و نە تێن سەر زمان". وه‌ڵامی ئه‌و کچه
ئه‌رمه‌نییه بۆ پرسیاره‌که‌ی ویلدان، فێنکاییه‌کی به دڵ و هه‌ناومدا هێنا و
کۆڵیک دڵی خۆش کردم و هه‌ر ده‌تگوت قسه‌ی دڵی من ده‌کات، ڕێک وه‌ک ئه‌وه وابوو،
تۆپه‌ڵێک به‌فر یا قوڕ یا هەر شتێکی دیکەی پیس به ڕوومه‌تی ڤیلداندا بدا یا مشتێک
به‌نێو ده‌میدا بکێشێت. دواتر به ڤیلدانم گوت: توخوا ئه‌وه پرسیار بوو کردت! چ
مرۆڤێکی هۆشیار پرسیاری وا ده‌کات! سه‌د بریا هه‌ر زارت نه‌کردبایه‌وه!
ڤیلدان،
وه‌ک هه‌موو کۆمۆنیستانی ئه‌وده‌می سه‌ر به سۆڤیێت، هه‌ر زۆر بێتام ده‌روێشی
سۆڤیێت بوو و هه‌موو شتێکی سۆڤیێتی پێ چاک و سه‌یر و عه‌نتیکه بوو و وه‌ک شتێکی
پیرۆز ته‌ماشای ده‌کرد. که خۆراکمان ده‌خوارد، ئیدی خۆراکه‌که هه‌رچی بووایه،
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناخۆشترین جۆر و تامیش بووایه، ئه‌و پیاوه مڵچه‌ی ده‌می ده‌هات
و ده‌یان جار ده‌یگوت:"ئه‌ڤ چییه! ئه‌ڤ چه‌وا هاتیە چێ کرن!". که پاش
خواردن به‌سته‌نیمان ده‌خوارد، ئه‌و ڤیلدانه سه‌دجار له‌سه‌ریه‌که ده‌یگوت:"ئه‌ڤ
چ قاس خوه‌شه"، له کاتێکدا له هه‌موو ئه‌و گه‌شته بیستوئه‌وه‌نده ڕۆژییه‌ماندا
و له‌و هه‌موو شارانه، ته‌نێ یه‌ک جۆر و یه‌ک تام و یه‌ک ڕه‌نگ به‌سته‌نیمان
خوارد. هه‌موو جارێکیش به ویلدانم ده‌گوت: کوڕه شه‌رمه تۆ وا ده‌ڵێی، تۆ له
سوێده‌وه هاتووی، هه‌ر که‌چه‌فرۆشگه‌یه‌کی لاکۆڵان بچیت، سه‌دان جۆره به‌سته‌نی
لێیه! ڤیلدان ماشێنی "لادا"ی ڕووسی و نانی ڕووسی کە "خلێب"
پێ دەگوترا، نانێکی یه‌کجار جێڕ و ڕه‌ق بوو، تاڕادەیەک وەک ئەو نانەی لە سپای
عیراقدا دەدرایە سەرباز. ئەو خلێبە ده‌بوو تا پاروویه‌کی لێ ده‌خۆی، سه‌دجاران
هاواربکه‌یته خودا و پیاوچاکان به‌شکو ددانه‌کانت نه‌که‌ونه نێو ده‌مت و په‌تاته‌ی
ڕووسی و قه‌ندی ڕووسی، که به یه‌ک دانه‌ی ده‌توانی شه‌ش حه‌فت پیاڵه چای دیشله‌مه
بخۆیه‌وه، ڤیلدان هەمووی ئەوانەی سۆڤیێتی له ڤۆڵڤۆی سوێدی و نانی سوێدی و په‌تاته‌ی
سوێدی و قه‌ندی سوێدی، پێ باشتر بوون. له‌کن ڤیلدان و زۆرینه‌ی هه‌ڤاڵه‌کانی
تریشمان نه‌تده‌توانی بڵێی فڵانه شتی ڕووسی، ئه‌رمه‌نی، گوروزینی یا ئازه‌ری، ده‌بوو
بڵێی فڵانه شتی سۆڤیێتی، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار لێیان تێکده‌چوو و به زمانی
ڕووسییش ده‌یانگوت زمانی سۆڤیێتی.
ئه‌و هاوڕێیانه یه‌ک شتی ناته‌واو و خراپیان له‌و
ئیمپراتۆریا گه‌وره‌یه‌دا نه‌ده‌دی. ئێمه هه‌ر یه‌که‌م ڕۆژ، که له فڕۆکه‌خانه‌ی
لێنیگراد (ئێستا سان پیته‌ر بورگ) دابه‌زین، وایان پشکنین تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی یه‌ک
به یه‌ک و ته‌نیا ته‌نیا بردمانیانه ژوورێکه‌وه و هه‌موو جله‌کانیان له‌به‌ر
داکه‌ندین و ته‌نیا به ده‌رپێ قوتە‌کانمانه‌وه ماینه‌وه. بێجگه له‌وه‌ش چه‌مه‌دان
و ساکه‌کانمان هێنده به وردی پشکنران و هێنده پرسیاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌مان له‌مه‌ڕ
شته‌کانمانه‌وه لێ کران، مرۆڤ له گیانی خۆی بێزار ده‌بوو. که پاکه‌ته جگه‌ره
و کرێمی ددان شۆردن و ورده شتی دیکه، له کاتی پشکنینی ساکه‌کانماندا به‌رده‌ستی
ئه‌و پۆلیسانه ده‌که‌وتن، بۆ خۆیان ده‌یانخسته لاوه و له کیسه‌یه‌کیان ده‌کرد،
به ناوی ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه بۆ ئه‌وان باشن یا گومانیان لێیان هه‌یه و پاشان
ده‌یانماشییه‌وه و له به‌رکیان ده‌نا و ده‌یانبرده‌وه ماڵێ. ئه‌و هه‌موو به‌زمه،
ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تیپێکردنه، له‌کن ڤیلدان و هاوڕێیانی دیکه، گه‌لیک ئاسایی
بوو و هه‌ر هیچ نه‌بوو و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه گه‌لێک که‌یفساز بوون پێی و هه‌رده‌تگوت"ڕوونی
سه‌ی له قه‌لبیان ده‌ده‌ن".
ئه‌وه‌ی ڤیلدان کردی وه‌ک ئه‌وه وابوو تۆ بانگهێشتنی
ئێزدییه‌ک بکه‌یت بۆ نانخواردن و که‌له‌رم و گوڵه‌که‌له‌رم و کاهووی بخه‌یه به‌رده‌ست،
یا جوویەک و موسوڵمانێکی خاوه‌ن باوه‌ڕ گوشتی به‌رازیان ده‌رخوارد بده‌یت یا له
ماڵه ئێزدییه‌ک چه‌ندین جار له‌سه‌ریه‌که و به ده‌نگی به‌رز ناوی شه‌یتان
بهێنیت یا له نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا په‌یکه‌ر بۆ موعاویه‌ی کوڕی ئه‌بوسوفیان و یه‌زیدی
کوڕی موعاویه و شه‌مری کوڕی زیلجه‌وشه‌ن دروست بکه‌یت. ڤیلدان، هه‌رچه‌نده کورد
بوو و له کۆمۆنیسته‌کانی شووره‌وییش کۆمۆنیستتر بوو، به‌ڵام به مێشکێکی تورکی ده‌هزرا.
ئه‌و چۆن به هه‌موو شتێکی سۆڤیێت سه‌رسام ده‌بوو، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش به هه‌موو
شتێکی تورکی سه‌رسام بوو و مینا تورکانیش پێی وابوو، حه‌مام هه‌ر ده‌بێ تورکی بێت
و گه‌ره‌که له هه‌موو شوێنێکیش هه‌بێت، ته‌نانه‌ت له ئه‌رمه‌نستانیش!
عه‌ره‌ب ده‌ڵێن:"سکت
دهرا نطق کفرا" واته: زه‌مانێک کڕ بوو و به کفر هاته گۆ
13/3/2010
No comments:
Post a Comment