ناوی زل و دێی وێران
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
"هه‌ڵه‌ی
ئه‌م جیهانه‌ی ئێمه له‌وه‌دایه، که نه‌زانه‌کان یه‌کجار له خۆ دڵنیان و
زاناکانیش پڕن له دوودڵی"
(برترهند ڕه‌سڵ)
دوازده
ساڵ بوو ئه‌و گوزهرهم به‌جێهێشتبوو. نۆڤه‌مبه‌ری 1980، له ده‌رکه‌ی وڵاغلوو و
سه‌فره‌وزه‌روون و هه‌رزنێ و سه‌رده‌شته‌وه، ده‌رچووم و به تاران و شامدا گه‌یشتمه
ئه‌وروپا و یوولی 1992، له ئیبراهیم خه‌لیل و زاخۆوه به ئیستانبووڵدا، منیش وه‌ک
ئه‌و عاله‌می خودایه، گه‌ڕامه‌وه کوردستان. مرۆڤ هه‌ر که له فڕۆکه‌خانه‌ی
ئیستانبووڵ وه‌ده‌رکه‌وت، ئیدی یه‌کسه‌ر
تێده‌گات ئه‌وه جیهانێکی دیکه‌یه
و زۆر جیاوازه له ئه‌وروپا.
دزی، خه‌ڵه‌تاندن، قۆڵبڕین و ده‌یان شتی دیکه
ده‌ستپێده‌که‌ن. ته‌واوی ئه‌وانه‌ی، خاوه‌ن بهرژهوهندێکن، خاوه‌ن سه‌رمایه‌یه‌کن،
بۆنی بۆرژوازییهتیان لێ دێت، خاوه‌ن هوتێل، خاوه‌ن چێشتخانه، به‌قاڵ، شۆفێری
تاکسی، بهستهنیفرۆش و هی دیکه‌ش، به‌وان بێت، بتڕووتێننهوه و دوا پاره‌ت لێ
بسێنن و ئه‌گه‌ر پێشیان بکرێت، جله‌کانی به‌رت داده‌که‌نن و خۆیان له‌به‌ری ده‌که‌ن،
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، تۆ "یابانجی"[1]ت.
بیانی به لای ئه‌وانه‌وه، واته پاره و پاره‌ش واته دۆلار. شه‌وی نووستنی
هوتێل بۆ تاکه‌که‌سێک ئه‌گه‌ر سه‌دهه‌زار لیره‌ی تورکی بێت، بۆ بیانی به تایبه‌ت
ئه‌گه‌ر زمانی(تورکی)ش نه‌زانێت، ده‌بێته چوارسه‌د یا پێنجسه‌د یا شه‌شسه‌د هه‌زار
لیره، به‌ڵکه زیاتریش. سواربوونی تاکسی له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی دی ئه‌گه‌ر
بیستهه‌زار لیره بکات، کاکی شۆفێر سه‌دهه‌زار لیره وه‌رده‌گرێت. پاره‌ی یه‌ک نه‌فه‌ر
خواردنی چێشتخانه ئه‌گه‌ر سی یا چلههزار لیره بکات بۆ بیانی، ده‌یگه‌یه‌ننه حه‌فتا
هه‌شتاهه‌زار لیره و چهندههزارێکیش ده‌بێ به‌خشیش به‌وانه‌ی، که به ده‌وری
مێزه‌که‌دا دێن و ده‌چن، بدرێت. ئه‌م یاسایه یا ئه‌م بێیاساییه پێوه‌ندی به‌وه‌وه
نییه، خاوه‌ن هوتێل، تاکسی، چێشتخانه و شتگه‌لی دیکه، تورکن یا کورد یا شتێکی
دیکه‌ن. خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ند و بۆرژوازی هه‌موو ئه‌م دنیایه‌ش یه‌ک شتن و هیچ
جیاوازییه‌کیان نییه. ئه‌وروپاییه‌کان دزی ده‌که‌ن، درۆ ده‌که‌ن، شتی خراپتریش ده‌که‌ن،
به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌وێ نایکه‌ن. میوانی هوتێل و چێشتخانه و نه‌فه‌ری تاکسی
ناڕووتێننهوه. له هه‌مووان هه‌ر یه‌ک پووڵ و پاره وه‌رده‌گرن، که دیاریکراو و
بڕاوه‌یه. له گه‌ڕانه‌وه‌مدا بۆ سوێد و له فڕۆکه‌خانه‌ی "ئارلاندا"ی
ستۆکهۆڵم، که دابه‌زیم بۆوه‌ی تاکسییه‌ک بگرم و بگه‌ڕێمه‌وه ماڵێ، ڕیزێک تاکسی
ڕاوه‌ستابوون و منیش چه‌مه‌دان و ساکهکانم بردنه لاای یه‌کێکیانه‌وه و گوتم: ده‌مه‌وێ
بچمه‌وه فڵانه گه‌ڕه‌ک، شۆفێره‌که گوتی: ئه‌م تاکسییانه‌ی ئێمه زۆر گرانن و
نێزیکه‌ی چوارسه‌د کرۆنێک ده‌کات، له‌وبه‌ره‌وه، که هه‌موو دوو میتره، تاکسی
ستۆکهۆڵم ڕاده‌وه‌ستن و نرخه‌که‌یان دیاریکراو و بڕاوه‌یه و دووسه‌د کرۆنه بێ
زیاد و که‌م، ئه‌وه‌یان بۆ تۆ هه‌رزانتره، به‌وه بڕۆ. ئه‌وروپاییه‌کان، میلله‌تان،
وڵاتان ده‌ڕووتێننه‌وه، به‌ڵام کاریان به تاکه که‌سه‌وه نییه. بڕواشیان به
ڕێکوپێکی و ڕێکخستن و قانوون و ڕه‌سم و ئه‌وانه هه‌یه و لێی ده‌رناچن، به‌ڵام هه‌ر
له ئیستانبووله‌وه جیاوزییه‌که ده‌ست پێ ده‌کات و ئیدی قانوونی جه‌نگه‌ڵستان سه‌رده‌سته.
هه‌موو ددانیان تیژکردووه و ته‌ماحی خواردنی هه‌موو بیانییه‌ک ده‌که‌ن.
چی گۆڕاوه و هه‌ست به چی ده‌که‌یت، وه‌ها پاش
دره‌نگانێک ده‌گه‌ڕێیته‌وه! پرسیارێک بوو زووزوو لێم قوت ده‌بووه‌وه و ئاراسته‌م
ده‌کرا. هه‌ستم نه‌ده‌کرد، زۆر له‌مێژ بوو دوور که‌وتبوومه‌وه. وامده‌زانی چه‌ند
ڕۆژێکه ئه‌و ناوه‌م به‌جێ هێشتووه. مێژوو لاای من وه‌ستابوو و له‌وێش تێک‌چووبوو.
گۆڕان، چی گۆڕابێت؟ خاک، مرۆڤ، دره‌خت، ده‌وه‌ن، ده‌نگ، ئاو، هه‌موو گۆڕاون، به‌ڵام
به لایه‌نه خراپه‌که نه‌ک باشهکهیاندا. وڵات سه‌رتاپا که‌لاوه‌یه‌کی گه‌وره‌یه.
وێرانه‌یه‌که و هیچی دی. مه‌ردایه‌تی، دڵسۆزیی، خۆشه‌ویستی، هاریکاری و دۆستایه‌تی، که جاران پێوه‌رگه‌لێک بوون له
کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا باو بوون، ئه‌وڕۆکه گۆڕدراون به تاکه یه‌ک پێوه‌ر، ئه‌ویش
ده‌سه‌ڵاته و پاره، که هه‌ردووک یه‌ک شتن. خاک و ئاوه‌دانی، بوون به که‌لاوه
و ده‌روونی مرۆڤیش وێرانستان. ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌وای
ئه‌و کوردستانه، چ به‌عس بووبێت و چ به‌ره‌ی کوردستانی، هه‌میشه کۆشاون بۆ ده‌سته‌مۆکردنی
مرۆڤی کورد و "مسخ و تشوﻴﻪ"ی، بۆوه‌ی له هه‌موو یاخیبوون و ڕۆحی ڕه‌فز
و به‌رهه‌ڵستیی و شۆڕشگێڕێتییهکی بخه‌ن و گیانله‌به‌رێکی خه‌ساوی لێ ساز که‌ن.
ئێمه، که ماوه‌ی ئه‌م ده دوانزده ساڵه‌ی دواییه، له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان
بووینه و له‌و ماوه‌یه‌شدا گه‌لێک شت ڕوویداوه، پێموانییه، له باری ژیان و
گوزه‌رانی خه‌ڵک و ڕه‌وتی سیاسه‌ته‌وه له کوردستان و ئه‌و ناوچه‌یه بێ‌ئاگا
بووبین. ئه‌وانه‌ی له‌و ساڵانه‌دا ڕوویانداوه، هه‌ر ته‌واوکه‌ری ئه‌وانه‌ی پێشوو
بوون و به‌رده‌وامیی ئه‌وانن.
ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991، که خه‌ڵکی چه‌وساوه
و سته‌مدیده و ئازاردراو و ڕه‌ش و ڕووتی کورد، ده‌ستیانپێکرد و به‌عس و هێزه‌کانیان
له کوردستان وه‌ده‌ر نا، حیزبه کوردییه‌کان، که هه‌ر له دوای شه‌هیدبوونی هه‌ڵه‌بجه‌وه
هه‌ره‌سیان هێنابوو، قۆستیانه‌وه و هاتنه سه‌ر حازر و بوون به خاوه‌نی ڕاپه‌ڕینه‌که.
بێگومان هاتنی ئه‌وانیش به جه‌ربه‌زه‌یی و کوڕێنی خۆیان نه‌بوو، به‌ڵکه هێزی ده‌ره‌کی
و فه‌رمانڕه‌وایانی جیهان پاڵیان پێوه‌نان. ئه‌و حیزب و ده‌ستانه‌ش، له بری
پاراستنی شاره‌کان، که ته‌واوی کوردستان، به که‌رکووکیشه‌وه، بۆ یه‌که‌م جار
بوو، به ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت، هانی خه‌ڵکه‌که‌یان دا، بۆ ڕه‌وکردن و
به‌جێهێشتن و چۆڵکردنی شاره‌کان، له ترسی حوکوومه‌ت. ئیدی کونهپهپووئاسا، له‌و
خه‌ڵکه که‌وتنه خوێندن و ئه‌وی وره بێت نه‌یانهێشت و خه‌ڵکی بێچاره‌ش چ بکات؟
حوکوومه‌تیش به چه‌ند تۆپ و تانکێک، 2-3 میلیۆن کوردی ئاواره‌ی ئێران و تورکیا
کرد. خه‌ڵکی به‌دبه‌ختیش، که جاری پێشوو له هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان و بادینان گهزرابوون،
له ترسی ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه نهگهزرێن، هه‌ڵده‌هاتن. هه‌ر ئه‌و حیزب و ده‌ستانه‌ی،
له کاره‌ساته‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا، بۆ خۆیان ڕێگه‌یان له خه‌ڵک ده‌گرت و نه‌یانده‌هێشت
خه‌ڵکی ئه‌و شاره هه‌ڵبێن و خۆ له کیمیایی ڕزگارکه‌ن، ئه‌مجاره‌یان خۆیان پاڵیان
به خه‌ڵکه‌وه ده‌نا، بۆ وه‌ی شاره‌کان بهجێبهێڵن. حیزب و ده‌سته کوردییه‌کان
به‌و ده‌مه کورته‌ی، که گه‌یشتنه نێو شاره‌کان و به‌جێیانهێشتن، فریای گه‌لێک
شت که‌وتن. فریای تاڵان و دزی و چه‌پاو و شڕهخۆرییهکی باش که‌وتن و ئه‌وه‌ی ده‌ستیان
پێ ڕاگه‌یشت، له‌ته‌ک خۆیاندا بردیان. پاش ئه‌وه‌ی هێزی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وانی دیکه
گه‌یشتنه ئه‌و ناوچه‌یه و مه‌سه‌له‌ی هێڵی 36 هاته ئاراوه، ئیدی ده‌سته و
حیزبه‌کان له شاره‌کانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆک مانه‌وه و که‌رکووکیان له‌ده‌ست
دا و له‌و شارانه‌ی دیکه، بۆ خۆیان بوون به فه‌رمانڕه‌وا و تا ئێستاش هێناویانه.
ئه‌وڕۆکه به‌ره‌ی کوردستانی حاکمی کوردستانه. به‌ره‌ش له چه‌ند حیزبێک
پێکهاتووه. هه‌ندێک حیزبیش هه‌ن ئه‌ندامی به‌ره نین. له کوردستان حوکوومه‌ت و
په‌رله‌مان هه‌یه، به‌ڵام حوکوومه‌ت و په‌رله‌مان ناوی زلن و دێی وێران. بوونی ئه‌وان
زیاده‌یه و هیچ کاره‌ن. دوو حیزبه زله‌که‌ی به‌ره، پارتیی دیموکراتی کوردستان و
یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، خاوه‌نی حوکوومه‌ت و پهرلهمانهکهن. ئه‌ندامانی
په‌رله‌مان و حوکوومه‌ت، له لایه‌ن ئه‌و دوو حیزبه‌وه دیاری کراون و دانراون و
له نێو خۆیاندا وه‌ک یه‌ک، په‌نجا به په‌نجا دابه‌شیان کردوون. په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر
په‌رله‌مان بێت وه‌ک، له هه‌موو دنیادا هه‌یه، ده‌بێ بێجگه له پارتییه‌ک یا
پارتیگهلێکی فه‌رمانڕه‌وا، پارتییه‌ک یا پارتیگهلێکی ئۆپۆزیسیۆنیشی تێدا بێت. له
په‌رله‌مانی کوردستاندا، ڕێک وه‌ک په‌رله‌مانه‌که‌ی عیراقی به‌عس، که ئه‌مان(فه‌رمانڕه‌وایانی
کورد)، ته‌نانه‌ت نێوهکهیشیان له‌وه‌ی عیراقه‌وه وه‌رگرتووه و خۆیان ناو ناوه
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی، ئۆپۆزیسیۆن نییه. ڕه‌نگه ئه‌مه نموونه و شێوه‌یه‌کی
نوێی سیاسه‌ت و دیموکراسی و پهرلهمانداریهتیی بێت، که جووته حیزبه فه‌رمانڕه‌واکه‌ی
کورد، به بیری یه‌کجار تیژ و ژیرییان، پێی گه‌یشتبن و هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش،
تووتی ئاسا، ده‌سته‌ی ئه‌شهه‌دوبیللا بن و هیچی دی. له هه‌موویش سه‌یرتر، پێنج ئه‌ندامی
ئاشوورییان له په‌رله‌ماندا داناوه و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی بڕیار و پێشنیازی په‌رله‌مان
له ده‌ست ئه‌واندایه، چونکه تاکی 105 ئه‌ندامه‌که له‌وانه و بڕیاره‌که به‌و
ساغ ده‌بێته‌وه. له کاتێکدا هه‌موو دنیا ده‌زانێت، هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان و
حوکوومه‌ت و ئه‌و جۆره دا‌و و دهسگانه، به فه‌رمانی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا دامه‌زراون
و دانانی ئه‌و ئاشوورییانهش، هه‌ر بۆ ڕه‌زامه‌ندیی ڕۆژاوا بووه، ئه‌و دوو
زلحیزبه نه‌یانتوانی له نێو تورکمانه‌کانی کوردستاندا، چه‌ند که‌سێک، که
دۆستایه‌تی کوردیان مه‌به‌سته، بدۆزنه‌وه و بیانکه‌ن به ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌که،
که بێگومان زۆر به ئاسانی ده‌کرا. ئه‌گه‌ر جۆرێکی دیکه بنواڕینه مه‌سه‌له‌که
وه‌ها ده‌که‌وێته‌وه: هه‌ڵبژاردنی ئاشوورییه‌کان بۆ ئه‌ندامیه‌تیی په‌رله‌مان، ده‌بێته
هۆی زیندووکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئاشووری له کوردستاندا، که ڕۆژاوایش ئه‌وه‌ی ده‌وێت،
هه‌روه‌ها نه‌بوونی تورکمان له په‌رله‌ماندا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی: تورکمان خۆ به
غهیرهکوردستانی بزانن و دووباره ڕۆژاوا ئه‌وانیشی وه‌ک ئاشوورییان، ئه‌گه‌ر
کورد به نیازی ده‌وڵه‌ت و شتی وا بوو، بۆ سه‌رێشه و گیروگرفتی دواڕۆژی کورد هه‌ڵگرتبێت.
من پێموایه، ئه‌گه‌ر پارتییه کورده‌کان نیازی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت و شتی ئه‌وتۆییان
نییه، ئیدی خه‌ڵکی کورد، چ پێویستییه‌کی به په‌رله‌مان و حوکوومه‌ت هه‌یه! په‌رله‌مان
و حوکوومهتێکیش، که تا ئێستا له‌و دنیایه‌دا، که‌سێک به فه‌رمی نه‌یناسیوه و
ددانی پێدا نه‌ناوه، چونکه ئه‌وان(په‌رله‌مان و حوکوومه‌تی کورد)، مه‌سه‌له‌ی
کورد به مه‌سه‌له‌یه‌کی ناوخۆیی عیراق داده‌نێن و خۆ به به‌شێکی عیراق ده‌زانن.
سه‌رکرده‌کانی دوو زلحیزبه‌که، که ئه‌وڕۆکه
سوێند به سه‌ری یه‌کدی ده‌خۆن، ته‌نێ ڕووکه‌شه و گوشاری مامۆستاکانی
ڕۆژاوایان له سه‌ره، ده‌نا له ڕاستیدا شیروتیر له یه‌کدی ده‌سوون و مڕ له یه‌کدی
ده‌به‌نه‌وه و هه‌ر جه‌لالی و مه‌لاییه‌که‌ی دوێنێن و خۆیشیان چاک ده‌زانن، ڕاست
ناکه‌ن و که‌سانی خۆیشیان هه‌ر به‌و په‌روه‌رده‌یه گۆش ده‌که‌ن.
ناوچه‌ی بادینان، زاخۆ، دهۆک، ئامێدی و ئه‌و ناوه،
پارتیی دیموکراتی کوردستان، حوکمی ده‌کات. پارتی‌یش، له به‌ر ئه‌وه‌ی حیزبێکی کۆنه
و حیزبی بارزانییه و تا ڕاده‌یه‌کیش خاوه‌نی ئه‌زمونێکه، ئه‌گه‌ر زۆر باش و
ڕێکوپێک و سه‌رکه‌وتوویش نه‌بووبێت، له به‌ڕێوه‌بردندا له لایه‌که‌وه و له به‌ر
ئه‌وه‌یش، که خه‌ڵکی ناوچه‌ی بادینان له زۆر ڕووه‌وه، ئارام و گوێڕایه‌ڵن له
لایه‌کی دیکه‌وه، بۆیه ئه‌و ناوچه‌یه، تا ڕاده‌یه‌ک له ناوچه‌کانی دی ئاسووده‌تره.
خراپه‌کاری و دزی و جه‌رده‌یی، که له شوێنانی دی وه‌دی ده‌کرێن، له بادینان
زۆرزۆر که‌مترن. هه‌ر له خاڵی پشکنین و بازگه‌کاندا، مرۆڤ هه‌ست به جیاوازییه‌ک
ده‌کات. که به بادیناندا ده‌ڕۆیت، به‌خێرهاتنی مرۆڤ ده‌کرێت، به‌ڵام هه‌ر که
مرۆڤ گه‌یشته نێزیکی سلێمانی، ئیدی داوای دیاری له مرۆڤ ده‌کرێت و زۆر ئاسایی ده‌ڵێن:
له "خاریجه‌وه" چیتان به "هه‌دیه" بۆ هێناوین؟ وێرانترین
و داڕزاوترین و نه‌گبه‌تترین ده‌ڤه‌ر، ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه، که‌رکووک، خورماتوو،
کفری، که‌لار و خانه‌قین. که‌رکووک و خورماتوو و خانه‌قین، به ده‌ستی حوکوومهتهوهن.
کفری و که‌لار، به ده‌ست به‌ره‌ی کوردستانییهوهن، به‌ڵام چه‌پۆکی حوکوومهتیشیان
هه‌ر به سه‌ره‌وه‌یه. سه‌ربازگه‌ی حوکوومه‌ت، کیلۆمێترێک له باژێڕی کفرییه‌وه
دووره و 20 کیلۆمیترێکیش له که‌لاره‌وه. ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان له گشت ده‌ڤه‌ره‌کانی
دیکه‌ی خوارووی کوردستان، پتر زیانی لێکه‌وتووه و ئێستاش، له ژێر ده‌ستی به‌ره‌ی
کوردستانی‌دا، له هه‌مووان زێتر ده‌چه‌وسێته‌وه. خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، بێجگه
له‌وه‌ی کاتی خۆی له 1987 و 1988دا، تووشی ئه‌نفال بوون و پتر له 182000 ژن و
منداڵ و پیر و لاویان، ڕاپێچکران و له‌نێوبران و تاکه یه‌ک گوندیشیان نه‌ما و هه‌موو
ته‌ختکران. ئێستاش زۆربه‌یان، سه‌دان هه‌زاریان له ژێر چادر و خانووی ته‌نه‌که و
زنج و حه‌سیر و لادیواری خانووهڕووخاوهکانی هه‌ڵه‌بجه و خورماڵ و پێنجوێن و سه‌یسایه‌ق
و گۆخڵاندا ده‌ژین. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، که له ڕووی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه به
سلێمانییه‌وه به‌ستراون، هێنده‌ی دی حاڵیان خراپتر بووه، چونکه کانگه‌ی دزی و
ڕووتاندنهوهکه، له سلێمانیدایه. ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان "نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان"
بۆ ئه‌و ناوه‌ی ده‌نێرن، 1%ی ناگاته ئه‌و گه‌رمیانه و هه‌ر له سلێمانی قووتی ده‌ده‌ن. سلێمانی و ئه‌و گه‌رمیانه ده‌یان حیزب و ده‌سته‌ی
لێیه و گه‌وره‌ترینیان، یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه و سه‌ری گوریسه‌که به‌وانه.
به‌رپرسانی به‌رزی ته‌واوی حیزبانی فه‌رمانڕه‌وایانی کوردستان به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی،
ده‌ستیان ده‌ڕوا و شتبهدهستن، ته‌واویان خه‌ڵکی سلێمانی و بادینان و هه‌ولێرن،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ش که گه‌رمیانییه‌کی سه‌رۆک حیزب و به‌رپرسی گه‌وره نییه، ئیدی
که‌س غه‌مخۆری ئه‌و ده‌ڤه‌ره نییه و ئه‌وه‌ی دێت ناگاته گه‌رمیان و له بادینان
و هه‌ولێر و سلێمانی، باده‌درێ و لوولدهدرێ و قووتده‌درێت. حیزبه‌کان باژێڕهکانیان
شاڕۆ(شارۆ)[2] داوه.
ئۆتۆمبیل، شۆڤڵ، بلدۆزه‌ر، کرێن، دا‌و و ده‌سگه‌ی نه‌خۆشخانه، ده‌سگه‌ی ته‌له‌فۆن،
شتومه‌کی کارگێڕییه حوکوومه‌تییه‌کان، ئۆتۆمبیلی زبڵپاککردنهوهی نێو شاره‌کان،
کۆمپانییه‌کان و ته‌واوی شتومه‌کێک، که به ناو هی حوکوومه‌ت بوون، هه‌موویان
دزین و بردن و ئاوه‌ودیوی ئێرانیان کردن و فرۆشتنیانن. به سایه‌ی دزی و تاڵانی و
چه‌پاو و جه‌رده‌یی و شڕهخۆرییهوه، زۆربه‌ی زۆری سه‌رکرده و به‌رپرسانی ئه‌و
حیزبانه، ئه‌وڕۆکه حیسابی سامان و دارایی خۆیان نازانن. خاوه‌نی میلیۆنان دۆلارن
–بۆیه ده‌ڵێم دۆلار، چونکه ئه‌وان ئه‌وڕۆ حیسابی دۆلار ده‌که‌ن- و بێجگه له‌وه‌ش
ده‌یان کۆشک و ته‌لاریان هه‌یه و خۆشترین ژیان ده‌ژین. ده‌گوترێ و ده‌گێڕدرێته‌وه،
عه‌ره‌ب گوتهنییش: والعهده علی الراوی، که له نێو سه‌ران و به‌رپرسیارانی ئه‌و
حیزبانه‌دا هه‌ن:
- خانوویان به
دوومیلیۆن و نیو دینار له سلێمانی کڕیوه.
- هه‌مووده‌م، ته‌نانه‌ت له لایه‌ن هاوڕێکانی خۆیشیانه‌وه، به پیاوی
ڕێژیمی عیراق دانراون و ئێستاش له نێوان کوردستان و پێته‌خته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی
نێوه‌ڕاست و ئه‌وروپادا ته‌راتێن ده‌که‌ن و گاڵته به میلیۆن دینار ده‌که‌ن.
- گوتوویانه، که به یه‌کێک ناگوترێ پیاو،
ئه‌گه‌ر خاوه‌نی دوو سێ میلیۆن دینار نه‌بێت.
بێجگه
له‌وه‌ش، که ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ند و بانگهێشتن و ئه‌و جۆره شتانه‌ش، که
زووزوویش ساز ده‌کرێن، به سه‌دان هه‌زار دیناریان تێده‌چێت. چه‌ند ئاغا و سهرهکخێڵێک،
بۆ به‌شداربوون له کۆنفرانسێکی حیزبێکدا له هوتێلی "ئه‌بو سه‌نا" له
سلێمانی دابه‌زیبوون، پاره‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌ی نیوه‌ڕۆ و ئێواره‌ی یه‌کێک له‌و
ئاغایانه و پیاوه‌کانی، 17 هه‌زار دیناری تێچووبوو. لێپرسراوانی ئه‌و حیزبانه،
که شه‌قان به پاره‌وه ده‌که‌ن، زۆریشیان به‌لاوه ئاساییه و وه‌ک میراتی باوک
و باپیریان بۆ مابێته‌وه و به ئاره‌قه‌ی نێوچاوانیان په‌یدایان کردبێت، به‌و
جۆره هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، له کاتێکدا هه‌موو که‌س ده‌زانێت، ئه‌وه‌ی هه‌یانه و
لێی ده‌خۆن، خوێنی ئه‌و خه‌ڵکه هه‌ژاره‌یه و بازرگانییه به‌وانه‌وه، چونکه به
ناوی ئه‌وانه‌وه هه‌موو کاره‌کان ده‌که‌ن و به ناوی کوردایه‌تی و کوردستان و
وڵاتپاراستنهوه، گیرفان پڕ ده‌که‌ن و پاساوی هه‌موو تاوانێکیش ده‌درێته‌وه. وه‌نه‌بێ هه‌ر شتی زل و گه‌وره ته‌ماحی تێ
کرابێت و دزرابێت، به‌ڵکه شته گچکه‌کانیش ڕزگاریان نه‌بووه. ته‌لی ته‌له‌فۆن و
ته‌لی کاره‌باش ده‌قرتێنن و ده‌یبه‌ن به ئێرانی ده‌فرۆشن. هه‌ر له‌وه‌تی حوکوومه‌تی
به‌عس له ناوچه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆک نه‌ماوه و به فه‌رمی ده‌ستی له‌و
ناوچه‌یه هه‌ڵگرتووه، ئیدی دزی قانوونه و نه‌دزین (ده‌ستپاکی) ڕیزپه‌ڕ.
بێگومان، به‌عس هه‌موو وڵاته‌که‌یان دزیبوو چونکه کوردستانه، به‌ڵام به‌ره‌ی
کوردستانی بۆ ده‌یدزێت، خۆ ئه‌وان به‌ره‌ی کوردستانین!
له نێوان شارێک و شارێکی دیکه‌دا، که‌متر له
20-30 خاڵی پشکنین نابینرێن. هه‌ر حیزبه و بۆ خۆی، خاڵێک یا چه‌ند خاڵێکی پشکنینی
داناوه. پرسیارێکی زۆر بێ‌واتا، که هه‌مووده‌م ده‌گوترێته‌وه ئه‌وه‌یه، که
سندووقی ئۆتۆمبیله‌که چی تێدایه؟ زۆربه‌ی ئه‌و خاڵی پشکنینانه، یا بۆ ڕاووڕووت
و دزی دانراون، یا ئه‌م حیزبه له ڕقی ئه‌و حیزبه‌ی دی دایده‌نێت و هه‌رکه‌سه و
ده‌یه‌وێ خه‌ڵکی خۆی له مه‌یداندا هه‌بێت و خۆی پێشان بدات و له دزه‌که‌ی دی دوا
نه‌که‌وێت.
کارگێڕی و به‌ڕیوه‌بردن، له هه‌ندێ شار و
شوێندا دانراوه، به‌ڵام له ڕاستیدا نه کارگێڕی و نه به‌ڕێوه‌بردن و نه
حوکوومه‌ت و نه په‌رله‌مان، شت به ده‌ست نین و هیچیان له‌باردا نییه و هیچیان
پێ ناکرێت. ئه‌زموونی نێزیک به ساڵێکی حوکومڕانیی به‌ره‌ی کوردستانی له هه‌رێمه‌که‌دا
–دوای دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حوکوومه‌ت- و نێزیکه‌ی دوو ساڵ له کشانه‌وه‌ی به‌عس
له‌و هه‌رێمه سه‌لماندوویه‌تی، که ئه‌وانه بێتوانست بوون و بێتوانستن له ئه‌نجامدانی
هیچ جۆره گۆڕانێک، یا لای که‌می درێژه‌دان به کاری کارگێڕییه فه‌رمییه‌کان، که
پێوه‌ندیان به ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکه‌که‌وه هه‌س. بۆ نموونه کارگێڕی ئیعاشه(إعاشة)،
که سه‌رپه‌رشتی کاری نانه‌واخانه‌کان ده‌کات، به گه‌یاندنی ئارد و سووته‌مه‌نی،
یا کارگێڕی پۆست، که پێموایه کاری گواستنه‌وه‌ی پۆست له نێوان شاره‌کانی هه‌رێمه‌که‌دا
هیچی تێناچێت و ئه‌گه‌ریش ته‌کنیک یا نه‌بوونی که‌ره‌سته و پێویستی ئه‌نجامدانی
ئه‌و کاره ده‌کرێته بیانوو، ئه‌دی کوو ئه‌وان زۆر چالاکانه و گورجوگۆڵانه،
ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانی خۆیان له هه‌مان ڕۆژی ده‌رچوونیدا، ده‌گه‌یه‌ننه ته‌واوی
شار و شارۆچکه‌کانی ناوچه‌کانی بنده‌ستی خۆیان. بێجگه له‌وه‌ش هیچ مه‌رج نییه بۆ
ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره، نوێترین ته‌کنیک هه‌بێت، چونکه زۆر له‌مێژ نییه،
گواستنه‌وه‌ی پۆست به کۆڵی وڵاخ ده‌کرا، خۆ ئێستا ئۆتۆمبیلی نوێ و زۆر و زهبهندهشیان
به ده‌سته‌وه‌یه. هه‌روه‌ها کارگێڕی ته‌له‌فۆن و ته‌له‌گراف، که پێموایه
سیستمی مایکرۆیێڤی دا‌و و ده‌سگه ته‌شویشه (تشویش)که‌ی نێزیکی "عه‌ربه‌ت"
به‌س بێت، بۆ به‌یه‌که‌وه‌گرێدانی هه‌موو شار و شارۆچکه‌کانی هه‌رێمه‌که، به
ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه، ئه‌ویش به دامه‌زراندنی بنکه‌یه‌کی مایکرۆیێڤی ناوه‌ندیی،
له هه‌ولێر، به‌ڵام که خاوه‌ن ماڵ –به‌ره‌ی کوردستانی- بۆ خۆی دز و تهلبڕ بێت،
ئیدی ئه‌و جۆره کارانه چۆن ئه‌نجام ده‌درێت.
ته‌واوی ده‌سه‌ڵات به ده‌ست دوو زلحیزبهکهوهیه
و ئه‌وانیش حیزبایه‌تی ده‌که‌ن، نه‌ک ڕاپه‌ڕاندن و ئه‌نجامدانی کاری خه‌ڵکی کورد.
جووته حیزب حه‌یا و حورمه‌تی په‌رله‌مان و حوکوومه‌تیان بردووه، چونکه که وه‌فدێک
ده‌نێرنه ده‌ره‌و،ه یا سه‌ردانی شوێنێک ده‌که‌ن، یا که یه‌کێک دێت بۆ کوردستان،
یا وه‌فدێک سه‌ری ئه‌وێ ده‌دات، ده‌بێ ئه‌و دوو حیزبه به جووته بچن، بێن،
بیانبینن. هه‌رگیز یه‌ک له‌وان به ناوی کورده‌وه و به ته‌نێ ناتوانێت کارێک ئه‌نجام
بدات، چونکه متمانه و بڕوایان به یه‌کدی نییه و خانهگومانن و ده‌بێ هه‌ردووک
هه‌ر هه‌بن. مرۆڤ له‌وه تێناگات، که حاڵ وایه و ناتوانن حوکوومه‌ت و په‌رله‌مان
به نوێنه‌ری خۆیان و خه‌ڵک بزانن –که له ڕاستیدا نوێنه‌ری خه‌ڵک نین، به‌ڵکه
ته‌نێ نوێنه‌ری خۆیانن- ئیدی چ پێویستییه‌کی به‌م سه‌رێشه بوو و با هه‌ر به نێوی
به‌ره‌ی کوردستانییه‌وه، فه‌رمانڕه‌واییان بکردایه.
ئه‌وی کاتی خۆی کارمه‌ند و کرێکار و فه‌رمانبه‌ر
بووه، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان بێ مووچه‌ن. ئه‌گه‌ر ڕێژه‌یه‌کی که‌میش مووچه‌یان
بدرێتێ، ئه‌وا هه‌رگیز به‌شی هیچیان ناکات و ناتوانن پێی بژین، چونکه گرانییه‌که
له وزه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌دا نییه، که برسییانه و حاڵیان خراپ و په‌رێشانه.
بۆ نموونه: مامۆستایه‌کی سه‌ره‌تایی – ئه‌گه‌ر مووچه‌ی بده‌نێ- نێزیکه‌ی 250
دینار له مانگێکدا وه‌رده‌گرێت. نرخی شتومه‌کی پێویستیش به‌م شێوه‌یه‌یه: 1 گونێی ئارد: 550-600 دینار، 1 کیلۆ چای: 60
دینار، 1 کیلۆ گۆشت: 48 دینار، 1 کیلۆ شه‌کر: 12 دینار، 1 کیلۆ برنج: 13 دینار، 1
کیلۆ ڕۆن: 8 دینار. سووته‌مه‌نی: 1 لیتر
به‌نزین: 9 دینار، 1 لیتر نه‌فت، 7 دینار، 1 ده‌ببه گاز: 250 دینار. که مووچه‌ش
نادرێت به بیانووی ئه‌وه‌وه‌یه، که پاره نییه. له هه‌مان کاتیش‌دا باسی ئه‌وه
ده‌کرێت، ته‌نێ پاره‌ی گومرک، که له خه‌ڵک و هاتوچۆی ده‌ره‌وه و هێنانهژوور و
دهرکردنهدهرهوهی شتومه‌کی وه‌رده‌گرن، مانگانه‌ی 100 میلیۆن دیناره، له
کاتێکدا که مووچه‌ی ته‌واوی ئه‌و کرێکار و کارمه‌نده نانبڕاوانه، 36 میلیۆن
دینار ده‌کات، ئه‌دی پاشماوه‌ی ئه‌و 100 میلیۆن دیناره چی لێ دێت؟
له گومرکهکهی ئیبراهیم خه‌لیل به چاوی خۆم بینیم، به‌یانیانێک 3 دانه
فه‌رده‌ی خهتسووری، پڕ له پاره‌ی کاغه‌ز یان، ئیدی مه‌گه‌ر خوا بۆ خۆی بزانێت،
چه‌ندیان تێدا بوون، خستنه نێو لاندکورۆزێکهوه و کۆمه‌ڵێک چه‌کداریش چوارده‌وری
فهردهکانیان گرتبوو تا بار کران. که ئه‌و چه‌کدارانه‌م بینی یه‌کسه‌ر وامزانی،
سه‌رباز و پۆلیسی حوکوومه‌تی سه‌ددامن، چونکه ڕێک جلی سه‌ربازیی عیراقیان له‌به‌ردا
بوون، په‌ڵه‌په‌ڵه و که‌سک و بۆر و چه‌کمه‌ی درێژ و ڕه‌ش و کڵاشنیکۆف به‌ده‌سته‌وه
و ته‌پله‌ی سه‌ربازیی له‌سه‌ر. ته‌نانه‌ت کابرای ئه‌فسه‌ریش، که سێ ئه‌ستێره
بوو(نه‌قیب)، هه‌ر ته‌واو جلی ئه‌فسه‌ری عیراقی له‌به‌ردا بوو و به موویش له‌وان
جوێنهدهکرایهوه. به لای منه‌وه شتێکی سه‌رنجڕاکێش بوو، چونکه له‌به‌رکردنی
ئه‌و جلانه، ده‌کاته دداننان به به‌عس و عیراق و سه‌ددامدا و خۆ به به‌شێک له‌و
دهسگایهی ئه‌و زانین، ده‌نا پێشمه‌رگه بۆ ده‌بێ جلی سه‌ربازیی له‌به‌ر بکات! خۆ
ده‌کرێ ئه‌ستێره و مهستێرهش، ئه‌گه‌ر هه‌ر زۆریان حه‌ز لێیه، بخه‌نه سه‌ر شان
و هه‌ر جله‌که‌ی خۆیانیشیان له‌به‌ردا بێت. ئه‌وه‌یان جێی شانازییه تا جله
خوێناوییه‌که‌ی به‌عس و سه‌ربازی عیراقی و له‌شکری عیراق، که له‌وه‌تی هه‌یه و
دامه‌زراوه ده‌ستی له خوێنی کورددایه و کوردستانی داگیر کردووه. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی
خۆ به شۆڕشگێڕ ده‌زانن، ده‌بوو نه‌فره‌ت له‌و جله سه‌ربازییانه بکه‌ن، به‌ڵام
حیزبگه‌لێکی له‌و بابه‌ته، هه‌ر ئه‌وه‌یان له‌باردایه و نه به کرده‌وه و نه
به بیر، ناتوانن له بازنه‌ی بیری به‌عس و عیراقیه‌تی، ده‌رێن و بۆ خۆیشیان
فۆتۆکۆپی به‌عسن و په‌روه‌رده‌ی هه‌مان فێرگه‌ن.
له کاتێکدا، زۆربه‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار
و کڵۆڵ، به ده‌ست برسیه‌تی و نه‌بوونه‌وه ده‌ناڵێنن، به‌ره‌ی کوردستانی زێتر له
سێ چوار که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆن و چه‌ندین ڕادیۆیان هه‌یه، که له‌وه‌ی زێتر فشه و
قسه‌ی زلی لێپرسراوانی دوو زلحیزبه‌که و حوکوومه‌ته‌که و په‌رله‌مانه‌که پێشان
ده‌ده‌ن و باس ده‌که‌ن، هه‌رگیز به لای گیروگرفتی خه‌ڵکه چه‌وساوه و قوڕبهسهرهکهدا
ناچن. زێتر باسی دهنگوباسی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌که‌ن و به ته‌واوی برسیه‌تی و
گیروگرفته‌کانی میلله‌تی کوردستانیان وه‌پشتگوێ خستووه و هه‌ر باسی ناکرێت، ته‌نانه‌ت
ڕۆژنامه و گۆڤارهکانیشیان هه‌مان کار ده‌که‌ن. به‌رنامه‌کانی تهلهڤزیۆنانی به‌ره
هه‌ر له به‌رنامه و پرۆگرامی ته‌له‌ڤزیۆنی تورکیا و ڕۆژاوا و ئێرانی سه‌رده‌می
شا ده‌چن. به زۆری به گه‌مه و گاڵته و گۆرانیی ڕۆژاوایی و تورکی و فارسی و عه‌ره‌بی
و هه‌واڵ و فیلمی بیانی ده‌یبه‌نه سه‌ر. ئه‌و دیارده‌یه ته‌نانه‌ت کارێکی وای
کردووه‌ته سه‌ر خه‌ڵک، به زۆری له
چایخانه و ئۆتۆمبیل و چیشتخانه و هوتێله‌کاندا، مرۆڤ هه‌ر گوێی له گۆرانیی عه‌ره‌بی
و تورکی و فارسی ده‌بێت و زۆرکه‌م گۆرانیی کوردی ده‌بیسرێت. شێوه‌ی پێشکه‌شکردنی
هه‌واڵه‌کانیش له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه، ڕێک هه‌مان ڕێبازی ته‌له‌ڤزیۆنی به‌غدای به‌عسه.
یه‌که‌م هه‌واڵ ده‌بێ، له باره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعوود بارزانییه‌وه بێت،
که جووته سه‌رۆکی کوردن –له هه‌موو ئه‌م دنیایه‌دا وا باوه هه‌ر میلله‌تێک،
وڵاتێک، ده‌وڵه‌تێک، گه‌لێک، کۆمه‌ڵێک، ده‌سته‌یه‌ک، یه‌ک سه‌رۆکی هه‌یه یا کۆمه‌ڵێک
پێکه‌وه سه‌رۆکایه‌تیی ده‌که‌ن- و هه‌واڵی دوای ئه‌وان له باره‌ی سه‌رۆکی
حوکوومهتهوهیه، که بێجگه له‌وه‌ی به جووڵانه‌وه لاسایی حوکوومه‌ته‌که‌ی به‌غدا
ده‌کاته‌وه و به جل و به‌رگیشه‌وه لاساییان ده‌کاته‌وه و جلی له‌شکری گه‌لێر
"الجیش الشعبی"ی له‌به‌ردایه و تا ڕاده‌یه‌کیش حه‌زده‌کات له تاریق عه‌زیز
بچێت. دوای ئه‌وه‌ش هه‌واڵی سه‌رۆکی په‌رله‌مان و وه‌زیری ناوخۆ و فڵان و فڵان و
ئه‌وجا دێته سه‌ر پارێزگار[3] و ئه‌و جۆره که‌سانه، ئیدی هه‌واڵی خه‌ڵک، برسیه‌تی، گرانی، به‌دبه‌ختی،
پیویست ناکات، چونکه به سایه‌ی به‌ره‌ی کوردستانییه‌وه، ئه‌و جۆره باسانه
نییه و خه‌ڵک هه‌موو ئینتهلایان کردووه و تێر و ته‌سه‌ل ده‌ژین!
بێجگه له ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆی زۆر و زه‌به‌نده،
ده‌یان ڕۆژنامه‌ش ده‌رده‌چن. هه‌ر حیزبه و کۆلکهحیزبێک ڕۆژنامه‌ی خۆی هه‌یه. ته‌له‌ڤزیۆن
و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌کانی ئه‌و حیزبانه، زۆرجاران به نیازی ئاژاوه‌نانه‌وه و
سازکردنی ڕقه‌به‌ری و ناحه‌زی، ده‌یان شتی خراپ له‌مه‌ڕ کوردانی ئه‌وروپا و هه‌نده‌رانه‌وه
بڵاوده‌که‌نه‌وه و ده‌نووسن. باسی قژی لوول و درێژ و پانتۆڵی کاوبۆی و شێوه‌ی قسه‌کردن
و هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌وتاری کوردانی ده‌ره‌وه ده‌که‌ن و باسی ئه‌وه ده‌که‌ن، که
به دۆلاره‌وه دێنه‌وه بۆ کوردستان و ژن دێنن و ژنیان گران کردووه و ده‌یان شتی
دیکه‌ش. هه‌رچی مه‌سه‌له‌ی قژ و پانتۆڵ و سه‌ر و فه‌ساڵه، پێموایه باسکردنی هه‌ر
شه‌رمه، چونکه ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی تایبه‌ته و پێوه‌ندی به مرۆڤ خۆیه‌وه هه‌س،
به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر مرۆڤ تۆزێک بڕوای به ئازادی هه‌بێت. قژی درێژ و لوول و
پانتۆڵی شڕ و کاوبۆی و نازانم چی، هیچیان زیان له مرۆڤێکی دیکه ناده‌ن و گه‌لێک
شه‌ریفتر و باشترن له‌وه‌ی، مرۆڤ مرۆڤ بکوژێت و دزی بکات و خه‌ڵک بچه‌وسێنێته‌وه.
ئه‌وانه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی با باسی تاوانه‌کانی خۆیان بکه‌ن، چی‌یان داوه به قژ
و پانتۆڵی عاله‌مه‌وه. بریا خێڵی به‌ره‌ی کوردستانی به ده‌رپێیه‌کی کورته‌وه گه‌ڕابان،
به‌ڵام ڕاستگۆ و ده‌ستپاک و مرۆڤدۆست و کوردپه‌روه‌ر بووایه‌ن. ئه‌گه‌ر کوردانی ئه‌وروپا
ژنیان گران کردووه، قسه‌یه‌کی یه‌کجار بێ واتایه. به‌ره‌ی کوردستانی، که خۆ به
شۆڕشگێڕ ده‌زانێت، ده‌بوو ڕه‌خنه له ژنفرۆشتن بگرێت و مه‌سه‌له‌ی شیربایی و ئه‌و
جۆره نه‌ریته دزێوانه نه‌هێڵێت. که کوڕهکوردێکیش له ئه‌وروپاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه
و کچه‌کوردێک ده‌کات به هاوسه‌ری خۆی، ده‌بوو به کارێکی پیرۆز و دڵخۆشکه‌ر
دانرابا، چونکه ئه‌و کورده نه‌دۆڕاوه و ده‌یه‌وێت وه‌ک کورد بمێنێته‌وه و
منداڵی کوردی ببێت، ده‌نا خۆ ئه‌ویش ده‌توانێت ژنێکی بیانی بهێنێت و منداڵی ببێت
به ڕووس، ئینگلیز، فینلاندی، ئه‌ڵمانی و هه‌موو شتێکی دیکه‌ی غه‌یره‌کورد. گه‌ڕانه‌وه‌ی
ئه‌و کوردانه‌ی ئه‌وروپا به هه‌زاران دۆلاره‌وه بۆ کوردستان، ده‌بوو لای به‌ره‌ی
کوردستانی جێی ڕه‌زامه‌ندی و خۆشحاڵی بووایه، چونکه به‌و دۆلارانه‌ی، کوردانی هه‌نده‌ران
ده‌یبه‌نه‌وه کوردستان، ده‌توانن کۆمه‌ک به چه‌ند که‌سێک، چه‌ند خێزانێک بکه‌ن،
له کوردستان و کۆمه‌ڵێک پێویستیی ئه‌و خه‌ڵکه دابین بکه‌ن، که پێویستییان به
هه‌موو کۆمه‌کێکه و به‌ره‌ی کوردستانی بۆیان دابین ناکات. که دۆلاریش ده‌برێته‌وه
کوردستان، ده‌بێته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کوردستان و زۆربوونی پاره و توانستی
کڕین بووژانه‌وه‌ی ئابووری له‌وێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆلارانه ڕاسته‌وخۆ
ناچنه گیرفانی به‌ره‌ی کوردستانی خۆیانه‌وه، بۆیه پێیانناخۆشه و ڕه‌خنه‌ی لێ
ده‌گرن. کوردانی ئه‌وروپا له ناساندنی کورددا به ده‌ره‌وه و خۆپێشاندان و یارمه‌تی
کۆکردنه‌وه و ناردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره کۆمه‌کێک بۆ کوردستان و هه‌ر جۆره کارێکی
دیکه‌دا، چالاکانه ڕۆڵی خۆیان بینیوه و ئه‌گه‌ر بووده‌ڵه‌یی سیاسه‌تکارانی کورد
نه‌بووایه، ده‌کرا وه‌ک لۆببیهکی کوردیی ڕۆڵێکی زۆر مه‌زنتریان هه‌بووایه، وه‌ک
ئه‌و لۆببیانهی میلله‌تانی ئه‌رمه‌ن و جووله‌که و خه‌ڵکانی دیکه‌ی ئه‌م دنیایه.
ئه‌و جۆره ناو و ناتۆره و قسه‌ڵۆکه‌ی، به‌ره‌ی کوردستانی و ده‌سگه‌ی ڕاگه‌یاندنیان
بۆ کوردانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵده‌به‌ستن، مه‌به‌ستیان ته‌نێ کوردگهلێکه، که سه‌ربه‌خۆ
و بێلایه‌نن و پێوه‌ندیان به حیزب و میزبهوه نییه، ده‌نا خۆ هه‌موو کورد ده‌زانێت،
که کوردانی سه‌ر به به‌ره‌ی کوردستانی، چه‌ندین ساڵه له‌م ئه‌وروپایه خه‌ریکی
پاره‌کۆکردنه‌وه‌ن و میلیۆنان دۆلار و مارک و کرۆنیان به ناوی "گیراوه‌کانی
دیاربه‌کر" و "په‌نابه‌رانی قزلته‌په و مووش" و "ئاواره‌کانی
کورد" و "ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان" و "منداڵی کورد"
و "منداڵانی کورد له مه‌ترسیدان" و "هه‌ڵه‌بجه" و "ئه‌نفال"
و "گه‌رمیان" و "قوربانییانی کیمیایی" و "دروستکردنه‌وه‌ی
گوند و خوێندنگه" و ده‌یان ناوی دیکه‌وه، کۆکرده‌وه و خستیانه سه‌ر
حیسابی بانکه‌کانیان و پاشان ئه‌گه‌ریش برابێته‌وه کوردستان، مه‌گه‌ر ته‌نێ حیزب
و ده‌سته‌کانی خۆیان و که‌سانی خزم و نێزیکی خۆیان، ئاگایان له‌و پارانه بووبێت و
ئه‌ویش ئه‌وانی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند کراون، ده‌نا کامه هه‌ژار و لێقه‌وماو و قوربانیی
ئه‌نفال و کیمیایی و چی و چی، دۆلارێک، مارکێک، کرۆنێک، پاوه‌ندێکی ده‌ست که‌وتووه؟
هه‌رچی کورده‌که‌ی ده‌ره‌وه‌شه، که ئه‌وان قسه‌ی پێ ده‌ڵێن، هه‌مووی به کوێره‌وه‌ری
و کاری قورس و گران و شه‌که‌ت و ماندووبوون، وه‌ک گسکدان، دهفرشۆردن، بلێتی شه‌مه‌نده‌فه‌ر
فرۆشتن، پاسه‌وانی، شۆفێری، کارکردن له کارگه‌ی ئاسن و ئۆتۆمبیل و دروومان و به‌قاڵی
و ده‌یان کاری سه‌خت و گرانی دیکه، ئه‌گه‌ر چه‌ند دۆلارێک ببه‌نه‌وه و یارمه‌تیی
که‌سێکی لێقه‌وماوی کوردستانی پێ بده‌ن، قسه‌ی ناشیرینیان پێ ده‌گوترێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی
خۆیان، لێپرسراوانی حیزبه‌کان له ده‌ره‌وه، به هه‌زاران و میلیۆنان ده‌به‌نه‌وه،
هێشتا هه‌ر پیاوی چاکن. بوونی ئه‌وان له ئه‌وروپا و مانه‌وه‌یان، به خه‌بات و
تێکۆشان ده‌ژمێررێت و خه‌ڵکه‌که‌ی دی کاری خراپ ده‌که‌ن و کوردیان له‌بیر کردووه!
لام وابێ هه‌موو کوردێک باش ده‌زانێت و
ئاگاداره له‌وه‌ی، که خێزان و منداڵی سه‌رانی ئه‌و حیزبه کوردییانه به ده‌گمه‌ن
که‌سێکیان له کوردستان ماوه‌ته‌وه. ساڵانێکی دوورودرێژه له ئه‌وروپان و هه‌ر
ئه‌وانیش خه‌ڵکی کوردیان فێره ئه‌وروپا کرد. سه‌رانی کورد به گشتی له نێوان
کوردستان و ئه‌وروپادا، گه‌رمیان و کوێستان ده‌که‌ن. به‌شی زۆری ئه‌ندامانی
حوکوومه‌ت و په‌رله‌مانه‌که‌ی به‌ره‌ی کوردستانی و سه‌رکرده‌کانی به‌ره، پاسپۆرتی
ئه‌وروپایی –هه‌شه هی دیپلۆماسیی وڵاتانی ده‌وروبه‌ری کوردستان- یان له باخه‌ڵدایه
و منداڵ و که‌سوکاریشیان ئاسووده و ئارام، له ئه‌وروپا، یا له سووریا و ئێران و
تورکیا، حه‌ساونه‌ته‌وه و له هه‌ردوولاش مووچه‌ی خۆیان مفت وه‌رده‌گرن. له
کوردستان مووچه‌ی ئه‌ندامیه‌تی په‌رله‌مان و وه‌زیری و سه‌رکرده‌یه‌تی حیزب و ئه‌و
جۆره به‌زمانه و له ئه‌وروپایش هه‌م خۆیان و هه‌م ماڵ و منداڵیان، له کارگێڕی
سۆسیال و کون و قوژبنی دیکه‌ی وه‌رده‌گرن، چونکه ئه‌و بابه‌تانه نه خۆیان و نه
ژن و منداڵیان، به هیچ شێوه‌یه‌ک خۆ شه‌که‌ت ناکه‌ن و مفتخۆرن، که‌چی گاڵته‌ش به
خه‌ڵکه‌که‌ی دی ده‌که‌ن، که له ئه‌وروپا و له کوردستانیش، هه‌ر له سه‌ختی و
ماندووبووندان. ئه‌وان، که کوردستان به ئازاد ده‌زانن و خۆیان زۆر پێ کورده، بۆ
پاسپۆرته‌کانیان نادڕن و منداڵ و خێزانیان به یه‌کجاری نابه‌نه‌وه کوردستان و له‌وی
بژین.
له‌گه‌ڵ براده‌رێکدا مانگی ئۆگوستی، ڕێم که‌وته
یه‌کێک له کارگێڕییه‌کانی سلێمانی و له ژوورێک، که 4-5 کارمه‌ندی لێ بوو،
سیانیان باسی که‌سانێکیان ده‌کرد، که له ئه‌وروپا گه‌ڕابوونه‌وه و خانوویان زۆر
به گران کڕیبوو و ده‌یانگوت:"ئه‌ی چۆن، توو خوا گوناحن، به سواڵکردن ئه‌و
پاره‌یان کۆ کردووه‌ته‌وه و قوتوویان هه‌ڵگرتووه..بۆ کوردیان کردووه". ئه‌وانه
ئه‌و کوردانه‌ن، که پاره‌ی ئه‌نفال و منداڵی کورد و هه‌ڵه‌بجه و ئاواره‌ی کورد و
نازانم چی، چووه‌ته حیسابه‌کانیانه‌وه. ئه‌وانه نوێنه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانین،
که هه‌ریه‌که‌و ده‌یان حیسابی بانکیان هه‌یه. من داکۆکی له ته‌واوی ئه‌و عاله‌مه
ناحیزبییهش ناکه‌م، که له ئه‌وروپاوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان و هه‌موویشیان
به فریشته نازانم. ده‌زانم له نێو ئه‌وانیشدا هه‌ن، ده‌یان کاری نابه‌جێیان کردووه،
وه‌ک ئه‌وه‌ی، ئۆتۆمبیلیان له ئه‌وروپاوه بردووه‌ته‌وه و له‌وێ فرۆشتوویانه و
هاتوونه‌ته‌وه، له سوێدیش له کارگێڕیی بیمه، به بیانووی ئه‌وه‌ی، که
ئۆتۆمبیله‌که‌یان له کوردستان دزراوه یا سووتاوه، جارێکی دی پاره‌که‌یان وه‌رگرتووه‌ته‌وه،
ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی، له نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا باو بوو و پێیان ده‌گوت "خروف النذر- کاوڕی
قوربانی".
هه‌رچی مه‌سه‌له‌ی کوردیزانینی ئه‌م خه‌ڵکه‌ی
ده‌ره‌وه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕه‌خنه‌ی ده‌سگای ڕاگه‌یاندنی ئه‌و حیزبانه ڕاست
نییه، چونکه ئه‌و کورده‌ی، له ده‌ره‌وه‌یه به حوکمی ئه‌وه‌ی تێکه‌ڵاویی له‌گه‌ڵ
کوردی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا و هه‌موو ناوچه جیاوازه‌کانی کوردستاندا هه‌یه،
زمانه‌که‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێ و کوردییه‌کی باشتر فێر ده‌بێت. ئه‌و ڕۆحی ناوچه‌گه‌ری
و شار و گهڕهکبازییهی له‌وێ هه‌یبووه، له ده‌ره‌وه به‌ری ده‌دات و زێتر خۆ
به کوردستانی ده‌زانێت. ئه‌گه‌ر جاران خۆی به کوردی عیراق یا ئێران یا تورکیا یا
سووریا زانیبێت، ئه‌وڕۆکه خۆ به کوردی هه‌موو کوردستان ده‌زانێت. بێگومان ئه‌و
جۆره بیرکردنه‌وه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ک لای به‌ره‌ی کوردستانی نییه و خۆ له قهرهیشی
ناده‌ن.
نێوان حیزبه‌کانی کوردستان ئه‌گه‌ر به ڕوواڵه‌تیش
باش بێت، له ڕاستیدا و له دڵه‌وه خۆشیان به چاره‌ی یه‌کتردا نایه‌ته‌وه.
زۆرجارانیش هه‌ر بۆ سه‌لماندنی تیۆرییه کوردییه‌که"شه‌ڕ له به‌تاڵی باشتره"
په‌لاماری چه‌ک له یه‌کدی ده‌ده‌ن و کۆمه‌ڵێک له یه‌کدی ده‌کوژن. له شه‌ڕێکی
نێوان یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستاندا له که‌لار،
نزیکه‌ی 56 که‌س له هه‌ردوولا کوژران و به قه‌ولی که‌سانێک، که ئاگاداری
ڕووداوه‌که بوون، دانیشتووانی گه‌ڕه‌کێک، که مزگه‌وتێکی تێدایه، ناچار بوون بۆ
ئه‌وه‌ی به‌ر "ئار.پی.جی"یه‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، که به
لاوانی هاتوچۆکهرانی مزگه‌وته‌که‌وه ده‌نران نه‌که‌ون، بگوێزنه‌وه بۆ گه‌ڕه‌کێکی
دیکه. ته‌واوی لێپرسراوان و سه‌رانی حیزبه‌کان و چه‌کداره‌کان، به هیچ شێوه‌یه‌ک
ددانی خێر به یه‌کدیدا نانێن. وه‌نه‌بێ ته‌نێ نێوانی حیزبه‌کانی نێو به‌ره و ده‌ره‌وه‌ی
به‌ره وا بێت، به‌ڵکه نێوان ئه‌وانه‌ی نێو به‌ره‌ش هه‌مان حاڵه. یه‌کیه‌تیی
نیشتمانیی کوردستان، له‌گه‌ڵ "ته‌حسین شاوه‌یس"یشدا، که ئێستا له‌گه‌ڵ
پارتیی دیموکراتی کوردستاندایه، پێکیاندا دا، به بیانووی ئه‌وه‌ی، ته‌حسین شاوه‌یس،
کوژه‌ری "مامه‌ڕیشه"یه. له کاتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌که‌ی به‌ره‌ی
کوردستانی‌دا، مه‌سعوود بارزانی بۆ ئه‌وه‌ی قسه بۆ خه‌ڵک بکات و پرۆپاگه‌نده بۆ
حیزبه‌که‌ی خۆی بکات، سه‌ردانی زۆر شوێنی کوردستانی کردبوو. له سه‌ردانه‌که‌یدا
بۆ که‌لار، چه‌کداره‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانی هاوپه‌یمانیان، سه‌ر و
که‌لله‌یان بردبووه نێو ئۆتۆمبیله‌که‌یه‌وه و پڕ به ده‌م هاواریان کردبوو و
هێنده‌یان قیژاندبوو: مامه، مامه، مامه، تا ده‌نگیان نووسابوو. ئه‌ویش هه‌ر
هێنده‌ی پێ کرابوو، بێ ده‌نگ و ئارام، وڵاتی به‌جێ هێشتبوو. تاکه شتێک، ئه‌و
حیزبانه له سه‌ری پێک هاتن و به باشی ئه‌نجامیان دا، مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی براکوژی
بوو و هێرشیان بۆ سه‌ر "پ.ک.ک"، ئه‌ویش له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان –به‌ره‌ی
کوردستانی- په‌روه‌رده‌ی شه‌ڕی براکوژین و له سه‌ر ئه‌وه ڕاهاتوون و بێزوویان
پێوه ده‌کرد، چونکه ماوه‌یه‌ک بوو نه‌یانکردبوو. بێجگه له‌وه‌ش ئه‌و کاره باجی
ئه‌و پێوه‌نده‌ی نێوان به‌ره و تورکیا و ڕۆژاوایه و ئه‌نجامدانی فه‌رمانی
مامۆستایانی تورکیا و ڕۆژاوایانه. له کاتێکدا که باسی ئازادی ده‌که‌ن و خه‌ڵک
وا چاوه‌نواڕه، ئه‌و لهتهکوردستانه ببێته داڵده‌یه‌ک بۆ ته‌واوی کورده لێقه‌وماوه‌که،
که له هه‌موو لایه‌که‌وه دهڕهتێنرێت، که‌چی به پێچه‌وانه‌وه بووه‌ته
زیندان و پاوه‌ن بۆیان. له کوردستانی به‌ره‌ی کوردستانی‌دا، که‌س ناتوانێت باسی
"پ.ک.ک" بکات و ڕێکخراو و کاری سیاسی‌یان لێ قه‌ده‌غه ده‌کرێت و
زۆریشیان ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی ده‌کرێن. ئه‌گه‌ر هه‌ردوو زلحیزبهکهش ئه‌وڕۆکه
له یه‌کتر بێده‌نگن و په‌لاماری یه‌کدی ناده‌ن، چ حیکمه‌تێکی تێدا نییه، چونکه
کورد گوته‌نی "کاسه‌ی پڕ ئاشتی ماڵه"، ئه‌وانیش هه‌م کاسه‌یان پڕه و
هه‌م ده‌سه‌ڵاتیشیان دابه‌ش کردووه و هه‌میش چاوی مامۆستاکانیان لێ دیاره، ده‌نا
ده‌مێک بوو ئاوڕووی یه‌کدییان بردبوو و سه‌ر و گوێلاکی یه‌کتریان کوتابوو.
که به‌عس له کوردستاندا بووه، ته‌واوی
خاکی کوردستانی مینڕێژ کردووه و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش به‌جێی هێشتووه. له‌و لهتهکوردستانهدا،
که به ناو ئازاده، ڕۆژ نییه ده‌یان که‌س به مین نه‌کوژرێن یا ده‌ست و لاق و
شوێنێکیان نه‌په‌ڕێت و بریندار نه‌بێت. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش زۆر ئاسایی ده‌ڕوات و
فه‌رمانڕه‌وایانی کوردستان هه‌ر به خه‌یاڵیشیاندا نایه‌ت. که مرۆڤ ده‌شپرسێ بۆ
چاره‌یه‌کی ئه‌و باره ناکه‌ن، ده‌ڵێن چۆن ده‌کرێ و ئه‌وه هه‌رگیز پاک نابێته‌وه.
یانی به حیسابی ئه‌وان، ده‌بێت قڕ بخرێته ئه‌و خه‌ڵکه و کورده‌که، به تایبه‌ت
منداڵ، ته‌واو ببن. ئه‌گه‌ر بڕێک به‌ته‌نگ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه هاتبان، ئه‌و هه‌موو
پێشمه‌رگه و چه‌کدارانه‌ی هه‌یانه و کاتێک، که فشه‌ی پێوه ده‌که‌ن ژماره‌یان
ده‌گه‌یه‌ننه سه‌دان هه‌زار، ئه‌گه‌ر هه‌ر حه‌فته‌ی له ناوچه‌یه‌ک کاریان
کردبایه و به دووی میندا گه‌ڕابان و بیانتهقاندبانهوه، ئێستاکه کوردستانه‌که‌ی
بنده‌ستی به‌ره‌ی کوردستانییان خاوێن کردبووه‌وه. له‌و گه‌رمیانه، ده‌وروبه‌ری
شێروانه، باسی منداڵێکیان ده‌کرد، که هه‌ر به ته‌نێ خۆی نێزیکه‌ی 800-900 مینی
ته‌قاندبووه‌وه و دواجار بۆ خۆیشی به‌ر که‌وتبوو و بووبووه قوربانیی مینێک و قه‌زاوبه‌ڵای
سه‌رانی کوردی برد، که‌چی به‌ره‌ی کوردستانی هه‌ر نه‌یانکردبوو، پێش شه‌هیدبوونی،
خه‌ڵاتێکی بده‌نێ، یا هیچ نه‌بێت، بۆ خۆیشیان چاو له‌و بکه‌ن و چه‌کداره‌کانیان
هان بده‌ن بۆوه‌ی ئه‌و کاره بکه‌ن. ئه‌وه یه‌ک منداڵه له سه‌دان منداڵی دیکه‌ی
هه‌ژارانی کورد، که سه‌ران و ده‌وڵه‌مه‌ندانی کورد به مردنیان ده‌حه‌سێنه‌وه و
چاکتر ده‌ژین.
به‌ره‌ی کوردستانی و حوکوومه‌ت و په‌رله‌مانه‌که‌ی،
باسی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گونده‌کانی کوردستان ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر له سه‌رجه‌می 5000
گوندی کاولکراودا، له پاییزی 1991 ه‌وه تا ئێستا، 50 گوندێک ئاوه‌دان کرابێته‌وه،
ئه‌وه ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پێ ده‌گوترێ؟ ڕه‌نگه به پێی بۆچوونی کیسه‌ڵ! من له‌و
بڕوایه‌دام به‌و سه‌دان هه‌زار چه‌کدارانه‌ی، که ناوی پێشمه‌رگه‌یان لێ نراوه و
به هاندانی خه‌ڵکی گونده‌کان بۆ خۆیان و به کاری میللی و هه‌ره‌وه‌زی و گه‌لی،
به‌و ماوه‌یه ده‌توانرا، ئه‌گه‌ر ته‌واوی گونده‌کانیش نه‌بێت، ئه‌وا دوو سێ هه‌زار
گوندی کوردستان دروست کرابایه‌وه و خه‌ڵکی گونده‌کان گه‌ڕابانه‌وه شوێن و جێگه‌ی
خۆیان. به‌ره‌ی کوردستانی مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه، چونکه به‌ره له گه‌ڕانه‌وه‌ی
خه‌ڵکی گوندان بۆ گونده‌کانیان و ده‌ستکردنه‌وه‌یان به کار و باری کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداری،
که بڕبڕه‌ی پشتی ئابوورییه له کوردستاندا، ده‌ترسێت، که له ژێر کۆنترۆڵی ئه‌وان
ده‌رچن. به‌ره‌ی کوردستانی ده‌یه‌وێ خه‌ڵکه‌که فێری ده‌رۆزه و لهپپانکردنهوه
بکات و هه‌مووده‌م چاوه‌ڕێی یارمه‌تی ده‌ره‌وه و ده‌وڵه‌تان و ڕێکخراوه جیهانییه‌کان
بن، که ئه‌وه‌ش ڕێک بیر و بۆچوون و هه‌وڵ و کۆششی جیهانی سه‌رمایه‌داری و ئه‌وروپا
و ڕۆژاوایه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ک هه‌ر کورد، به‌ڵکه ته‌واوی جیهانی سێیه‌م به‌و شێوه‌یه
لێ بکه‌ن و بهێڵنه‌وه. به‌ره‌ی کوردستانی به‌و مه‌به‌سته ئه‌و کاره ده‌کات، بۆ
ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی خۆیه‌وه، کۆمه‌ک و یارمه‌تی به سه‌ر خه‌ڵکدا دابه‌ش بکرێت،
تا بۆ خۆی ده‌ستی خۆی لێ بوه‌شێنێت و پاشان ئه‌گه‌ر شتێک له خۆی زیاد مایه‌وه،
بیدات به خه‌ڵکانی نێزیکی خۆی. ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی کوردستانی ڕاست ده‌کات و له‌گه‌ڵ
ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گونده‌کاندایه، ده‌بوو پێش هه‌موو شتێک ته‌واوی ئۆردووگا زۆره‌ملییه‌کان
(مجمعات) بڕووخێنێت و تێکدات و خه‌ڵکه‌که‌ی بگێڕێته‌وه بۆ گونده‌کانی خۆیان، به
مه‌رجێک پێشتر گونده‌کانیان دروست بکرێنه‌وه. ئه‌و ئۆردووگایانه بۆ خۆیان په‌یکه‌رگه‌لێکی
به‌عسن و نیشانه‌ی زۆرداری و چه‌وساندنه‌وه و هه‌موو ناڕهواییهکن و هێشتنهوهشیان
له لایه‌ن به‌ره‌ی کوردستانییه‌وه، نیشانه‌ی پشتگری به‌ره‌یه له‌و ئۆردووگایانه.
ئه‌و ئۆردووگایانه کانگه‌ی بێئاکاری و نه‌گبه‌تی و پیسی و جاشایه‌تی بوون و هه‌ر
سه‌ره‌تایش، که دروستکران، بۆگه‌نترین چینی بۆرژوازی کورد، به‌ڵێنده‌ره‌کان
(موقاویلهکان، قۆنتهراتچییهکان)، بێ ئه‌وه‌ی بڕێک ویژدانی خۆیان بکه‌ن به
دادوه‌ر و تۆزێک بیر له وڵات و خاک و نه‌ته‌وه بکه‌نه‌وه، شانیاندایهبهری و
ئه‌وان بۆ حوکوومه‌تی به‌عسیان دروستکردن. ئه‌ندازیاری کورد و کارگه‌ری کوردییش،
له‌و پرۆژه پۆخڵ و قڕێژهدا به‌شدارن و به ده‌ست و مه‌چه‌ک و هێزی ئه‌وان و پاره
و پووڵی به‌ڵێنده‌ران، ئه‌و ئۆردووگایانه قوت کرانه‌وه. ئه‌و چینه‌ش، به‌ڵێنده‌ران،
به سایه‌ی وێرانکاری گونده‌کانی کوردستان و ماڵوێرانی و داڕزانی خه‌ڵکه‌که‌ی و به‌هێزبوونی
ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له کوردستاندا و به
هۆی ئه‌و ئۆردووگایانهوه، بوون به خاوه‌نی چه‌ندین میلیۆن دینار، خانوووبه‌ره
و سامان و دارایی قورس و ناڕه‌وا، که به‌رهه‌می دزێتی و ڕووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵکه و
هیچی دی. ئه‌و ئۆردووگایانه تاکه هۆی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تی نه‌هێشتنی ژێرخانی
ئابووریی گوند و کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵن له کوردستاندا و گه‌وره‌ترین ڕۆڵیشیان له
تێکدان و شێواندن و سڕینه‌وه‌ی ئاکار و شوێنه‌وار و نه‌ریت و پێوهنداریهتی کۆمه‌ڵگه‌ی
کورده‌واریدا بینیوه و به دامه‌زراندنیان گه‌وره‌ترین زیان له کوردستان درا. ته‌واوی
ئه‌و تاوانه‌ش بێجگه له به‌عس، له ئه‌ستۆی قۆنته‌راتچی و بۆرژوازی کورددایه و
ڕۆڵی ئه‌وان هه‌رگیز له ڕۆڵی به‌عس که‌متر نه‌بووه و ئێستاش به‌وه‌ی، که ئه‌و
ئۆردووگایانه ماونه‌ته‌وه، به‌ره‌ی کوردستانییش هه‌ر ئه‌و ڕۆڵه‌ی به‌عس و قۆنتهراتچییانی
کورد ده‌بینێت. له نێوان سلێمانی و ده‌ربه‌ندیخاندا ئۆردووگای "نه‌سر(نصر)"
و "هه‌ڵه‌بجه‌ی نوێ" و ئه‌وانه هه‌ن و له نێوان کفری و که‌لاردا
ئۆردووگای "سموود(صمود)" هه‌یه، که کۆکراوه‌ی ته‌واوی گونده‌کانی
ناوچه‌ی کفرییه و زێتر له 70-80 هه‌زار که‌سی تێدایه. ئه‌و ئۆردووگایانه هه‌ر
وه‌ک خۆیان ماونه‌وه و یه‌ک خشتیان لێ تێکنه‌چووه و هه‌ر هیچ نه‌بووایه ده‌بوو
هه‌ر له‌به‌ر ناوه‌کانیان بیانڕووخاندبان.
به‌زمێکی دیکه، که به‌ره‌ی کوردستانی فێری
بووه، مه‌سه‌له‌ی ژنکوشتنه به بیانووی ئه‌وه‌ی، ئه‌وانه خراپ و داوێنپیس بوون
و کاریان بۆ حوکوومه‌تی به‌عس کردووه. جارێ پێش هه‌موو شتێک ته‌واوی ئه‌و ژنانه‌ی،
وه‌به‌ر فیشه‌کی به‌ره‌ی کوردستانی دراون و ده‌درێن، ژنگه‌لێکن سه‌ر به هه‌ژارترین
چینی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌وارین و هه‌ر هه‌ژاری و پێویستی ڕۆژانه و ژیان بۆ خۆیان،
هۆگهلێکن بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌وانه – ئه‌گه‌ریش ڕاست بێت- خلیسکابن و خوویان خراپ
بووبێت. ده‌بێ ئه‌وانه چی‌یان دژی کورد کردبێت؟ ههرچییهکیشیان کردبێت، هێنده‌ی
ئه‌و موسته‌شار و سه‌ره‌ک جاشانهیان نه‌کردووه، که ئه‌وڕۆکه هه‌موو به کونفهیهکوون(کن
فیکون)ێک بوون به شۆڕشگێڕ و خه‌باتگێڕ و هاوڕێ و هه‌ڤاڵ و لێپرسراوی به‌رز، له
نێو به‌ره‌ی کوردستانی‌دا و به کوردستاندا ته‌راتێن ده‌که‌ن و بۆ خۆیان حوکم ده‌که‌ن
و ده‌یان پاسه‌وان و چه‌کداریش وه‌دووی خۆ ده‌خه‌ن[4]. ئه‌و
که‌ونه جاش و موسته‌شار و قۆنته‌راتچی و بۆرژوازییانه‌ی جاران و پێشمه‌رگه و
نیشتمانپه‌روه‌ر و هاوڕێ و هه‌ڤاڵه نوێیانه، وه‌ک پشیله وان و له چل نهۆمیشهوه
به‌ربنه‌وه، هه‌ر له سه‌ر چوار په‌ل ده‌نیشنه‌وه. تا به‌عس هه‌بوو ئه‌وان که‌واسووری
به‌ر له‌شکری به‌عس بوون له کوردستاندا و ئێستاش، که حوکوومه‌تی کورد هه‌یه،
دیسان ئه‌وانن که‌واسووری به‌ر خێڵی به‌ره‌ی کوردستانین. ئه‌گه‌ر مرۆڤ بڵێ له‌گه‌ڵ
سه‌رده‌می به‌عسدا زۆر جیاوازی نییه، تا ڕاده‌یه‌ک درۆ نییه. قسه‌یه‌کی خۆشی
مسته‌فابه‌گی جاف، که یه‌کێکه له سه‌رانی هۆزی جاف و له که‌لار داده‌نیشێت، گه‌واهییه‌کی
ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و وه‌زعه‌یه. مه‌سعوود بارزانی و چه‌ند که‌سێک له کۆنهجاشهکان،
وه‌ک: ته‌حسین شاوهیش و حه‌مه‌خانی حاجی دارا و... ده‌چنه سه‌ردانی ماڵی مسته‌فابه‌گ
و ده‌بنه میوانی. پاش به‌خێرهێنان و گفتوگۆ، مسته‌فابه‌گ ده‌ڵێ:"کاک مه‌سعوود
قسه‌یه‌ک هه‌یه حه‌ز ده‌که‌م عه‌رزتان که‌م". ئه‌ویش ده‌ڵێ:"فه‌رموو".
مسته‌فابه‌گ ده‌ڵێ:"هه‌رچی سه‌یرتان ده‌که‌م هه‌ر فه‌ته (فه‌تاح)ی برامتان
که‌مه"[5]. فه‌تتاحی برای مسته‌فابه‌گ،
سه‌رۆکی ته‌واوی موسته‌شاره‌کانی ناوچه‌ی گه‌رمیان و شاره‌زوور و ئه‌فسه‌رێکی به‌رزی
له‌شکری عیراق بوو و له ئه‌نفال و کاره ناپه‌سه‌نده‌کانی ڕێژیمی به‌عسدا، ڕۆڵێکی
دزێۆ و تاوانکارانه‌ی له‌به‌رچاوی هه‌بوو. هاوڕێکانی مه‌سعوود بارزانییش هه‌موو کهونهموستهشار
ده‌بن. به‌ره‌ی کوردستانی بۆ ژنی قوڕبه‌سه‌ر قه‌ڵاچۆ ده‌کات و که‌ونه پیاوانی
ڕێژیمیش به سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژاری کورده‌وه ده‌کات به که‌ڵه‌گا؟
ئه‌و
پێشمه‌رگه‌یه‌ی، جاران نیشانه‌ی پاڵه‌وانیه‌تی و قاره‌مانیه‌تی و ئازایه‌تی بوو،
ئه‌وڕۆکه به‌ره‌ی کوردستانی و حیزبه‌کان، کارێکی وایان به سه‌ر هێناوه، بوون به
نیشانه‌ی دزیه‌تی و جه‌رده‌یی و چڵێسی و ناڕه‌وایی. پێشمه‌رگه که جاران بڕوای به
خۆی هه‌بوو، که ده‌توانێت به‌رانبه‌ر دوژمن خۆ ڕاگرێت و بوه‌ستێت، ئه‌وڕۆکه تاکه
هیوایه‌ک که هه‌یه‌تی، هێزی ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریکایه و هیچی دی. زۆر به ڕاشکاوییش
ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ئه‌وان –هێزی ڕۆژاوا- نه‌بن، ئه‌وا پێشمه‌رگه هه‌رگیز شه‌ڕیان پێ
ناکرێت، ئه‌گه‌ر سه‌ددام یا که‌سێکی دی، په‌لاماریان بدات. زۆرجاران ئاواره و لێقه‌وماوه‌کانی که‌رکووک
و گه‌رمیان و ئه‌نفال، که له ژێر چادر و خانووی ته‌نه‌که و زنج و لادیواری سه‌یسایه‌ق
و هه‌ڵه‌بجه و گۆخڵان و خورماڵ و ئه‌وانه‌دا و له خراپترین بار و گوزه‌راندا ده‌ژین،
ئه‌گه‌ر هه‌ندێکیان هاتبنه نێو شاره‌کانی سلێمانی و هه‌ولێر، ئه‌وا بوون به مایه‌ی
لاقرتێ و قسه و ناتۆره و به ده‌یان شتی دزێو و ناحه‌زیان پێ ده‌گوترێت. به‌ره‌ی
کوردستانی و حیزبه‌کانی دیکه‌ش هه‌ر یه‌که‌و له نێو شارێکدا ده‌یان باره‌گایان هه‌س.
هه‌ر حیزبه‌و چه‌ند باره‌گایه‌کی سه‌رکرده‌یه‌تی و باره‌گای لق، ناوچه، لاوان،
قوتابییان، نووسه‌ران، کرێکاران، ژنان، پێشمه‌رگه و چه‌ندانی دیکه‌یشیان هه‌یه.
هه‌ر باره‌گایه‌کیش له‌وانه بینایه‌کی حوکوومهتیی کۆنه، که ئێستا به ده‌ست
میرانی نوێوه‌ن و زۆریشیان بینای خوێندنگه و ئه‌و جۆره شتانه‌ن، که ده‌یان
ژووریان تێدان. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وان –حیزبه‌کان- له ژماره‌ی باره‌گاکانیان چه‌ند
دانه‌یه‌ک که‌متر بکه‌نه‌وه، ئه‌وا هه‌زاران ماڵه گه‌رمیانی و که‌رکووکی و ئهنفالیی
له نێو ئه‌و بینایانه‌دا جێیان ده‌بێته‌وه و هه‌ر هیچ نه‌بێت له ژێر ئه‌و چادر
و ته‌نه‌کانه ڕزگاریان ده‌بێت.
له کوردستانه‌که‌ی بنده‌ستی به‌ره‌ی
کوردستانی‌دا ئه‌وڕۆکه مافیایه‌ک حوکم ده‌کات و کارگێڕی ده‌کات. ته‌واوی ئه‌و
دۆلار و مارک و پاره به‌نرخانه‌ی دنیا، که ده‌برێنه‌وه کوردستان، هه‌مووی ده‌چێته‌وه
گیرفانی حوکوومه‌تی عیراقه‌وه و ئه‌و بۆ خۆی دهیانکێشێتهوه به‌غدا. مافیای
کورد ئه‌و پارانه له تۆ و من و ئه‌م و ئه‌و ده‌کڕێته‌وه و بۆ خۆی ده‌یبا بۆ به‌غدا
و له‌وێ به دیناری عیراقی ده‌گۆڕێته‌وه. نرخی دۆلار له کوردستان، 17-22 دیناره
و له به‌غدا 27-32 دیناره، به دیناری ڕه‌سه‌ن، به‌ڵام به دیناری ساخته دووهێنده
ده‌کات. مافیای کورد، ده‌وڵه‌مه‌ندی کورد، دۆلاره‌کانی کوردستان ده‌باته به‌غدا و
به زیاتری ده‌گۆڕێته‌وه و له هه‌ر یه‌ک دۆلاردا 10 دینارێکی زیاده‌ی ده‌ستده‌که‌وێت.
خۆ ئه‌گه‌ر به دیناری ساخته‌ی بگۆڕێته‌وه –که زۆرتر وا ده‌که‌ن- ئه‌وا دووهێنده‌ی
زیاتر ده‌ستده‌که‌وێت. مافیای کورد ئه‌و دیناره ساختانه‌ش دێنێته‌وه کوردستان و
کوردستانی لێ پڕ ده‌کات و بۆ خۆیشی دۆلاری دیکه‌ی پێ ده‌کڕێت و ده‌فرۆشێت. ئیدی ئه‌و
نه‌ک دۆلار ده‌فرۆشێت، به‌ڵکه خۆیشی ده‌فرۆشێت و هه‌ڕاج ده‌کات، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی
میلیۆنانی دیکه بخاته سه‌ر ئه‌و میلیۆنانهی، هه‌یه‌تی و قوڕبه‌سه‌ری و نه‌گبه‌تی
ئه‌و خه‌ڵکه هه‌ژاره زیاتر بکات، چونکه هه‌ژاری و کڵۆڵی و ده‌ردیسه‌ری خه‌ڵک،
خۆشبه‌ختی و به‌ختیاری ئه‌و چاوچنۆکانه‌یه. به‌و جۆره مافیای کورد هه‌م دۆلار و
مارک و پاوه‌نده‌که و هه‌م پاره عیراقییه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی له‌کن کۆ ده‌بێته‌وه و
هه‌میش ئه‌وانه هه‌مووی ده‌باته به‌غدا و خزمه‌تی به‌عسی پێ ده‌کات و کوردستانهکهیشی
پێ هه‌ژارتر ده‌کات. بازرگانیی به پاره له کوردستانی به‌ره‌ی کوردستانی‌دا،
کارێکی یه‌کجار زۆر و ڕه‌وایه. به‌ره‌ی کوردستانی بۆ خۆی هانده‌ری ئه‌و جۆره
کارانه‌یه و بۆ خۆی ده‌یکات و بۆ خۆی مافیایه، ده‌نا له کوردستانه‌که‌ی بنده‌ستی
ئه‌واندا چۆن شتی وا ئه‌نجام ده‌درێت!
له کاتێکدا خه‌ڵکی کوردستان بۆ خۆیان برسییانه
و پێویستییان به یه‌ک کیلۆ ئارده، به به‌رچاوی به‌ره‌ی کوردستانییه‌وه و به
سه‌ر نوخته‌ی پشکنین و گومرکهکانیاندا، گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ی کوردستان بۆ عیراق ده‌برێن.
به‌عس به مه‌به‌ستی ڕووتاندنه‌وه‌ی کوردستان و شاڕۆدانی و بڵاوکردنه‌وه‌ی برسییه‌تی،
ئه‌و کاره ده‌کات و به‌ره‌ی کوردستانییش، به مه‌به‌ستی گومرکوهرگرتن و
گیرفانپڕکردن، ئه‌و کاره ئه‌نجام ده‌ده‌ن. برسیبوونی خه‌ڵک و قات و قڕی و گرانی،
هه‌رگیز گیروگرفتی به‌ره‌ی کوردستانی نین، مادام خوانی خۆیان پڕه، ئیدی چ ده‌بێ
با ببێ!. بێجگه له دانه‌وێڵه و گه‌نم و دۆلار، تایه(پێچکه، چه‌رخ، ته‌گه‌ر)ی
ئۆتۆمبیل، که له ئێرانه‌وه دێته کوردستان، به‌ره‌ی کوردستانی، گومرکی خۆی وه‌رده‌گرێت
و له کوردستانیشه‌وه ده‌برێن بۆ عیراق. به‌ره‌ی کوردستانی هه‌ر گومرکی خۆی وه‌رده‌گرێت
و گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ر گومرک وه‌ربگرێت، ئیدی له سه‌ر چ ده‌بێت و له کوێ ده‌بێت،
قه‌یدی نییه.
له کاتێکدا خه‌ڵکی هه‌ژاری کورد تێر به زگی
خۆیان خۆراک ناخۆن و ده‌ستیان ناکه‌وێت و هه‌موو ڕۆژێک مردن به چاوی خۆیان ده‌بینن،
بۆرژوازییانی کورد، وڵاته‌که پڕ له خواردنه‌وه ده‌که‌ن. خواردنه‌وه‌ی هه‌مه‌چه‌شنه،
که پێشتر خه‌ڵک هه‌ر ناویشیانی نه‌بیستبوون. عه‌ره‌قی سووریایی، لوبنانی، عیراقی،
تورکی و ویسکی و بیره‌ی هه‌موو لایه‌ک و هه‌موو جۆره خواردنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌یش.
بۆرژوازی کورد چاک له‌وه گه‌یشتووه، که ئه‌وڕۆکه ئه‌و بابه‌تانه سه‌رف ده‌بن
و پاره‌یان تێدان. هێنده‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندان و که‌ونه موسته‌شاران و موقاویلان و
لێپرسراوان و قاچاخچییان و بۆرژوازی و دزی کورد –چونکه خه‌می کورد زۆر ده‌خۆن- ده‌خۆنه‌وه،
هێنده خۆراک له کوردستاندا ناخورێت. به هه‌زاران جه‌ژن و ئاهه‌نگ و شایی و کۆڕ
و کۆبوونه‌وه‌ی خواردنه‌وه و خواردن، له مه‌یخانه و هوتێل و چێشتخانه‌کاندا، له
لایه‌ن و بۆ ئه‌و ده‌ستڕۆیشتوو و ورگزلانه ساز ده‌کرێن، پاره‌کانیان به‌شی بژیوی
سه‌دان هه‌زار هه‌ژاری کورد ده‌که‌ن، به‌ڵام کێ بیر له‌وه ده‌کاته‌وه. بۆرژوازی
مشه‌خۆری کورد، به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێ، به‌ڵکه قومارخانه‌کانی هۆتێله‌کانی
"ئه‌ڕڕه‌شید(الرشید)" و "مریدیان"ی به‌غدایش ئاوه‌دان ده‌کاته‌وه
و پاره‌ی هه‌تیو و برسی و لێقه‌وماو و ئاواره‌ی کورد، به بێ سنوور و بێ ئازاری
ویژدان، ده‌با و ده‌یخاته سه‌ر مێزی قومار. بۆرژوازی کوردیش وه‌ک هی هه‌موو ئه‌و
دنیایه، له خێر و بێر و خۆشگوزه‌رانی خۆی به‌ولاوه، خێری که‌سی دیکه‌ی ناوێت.
هێشتا بۆرژوازی میلله‌تانی دی نیشتمانپهروهرترن، چونکه له هه‌مان کاتدا، که
خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن، شتی نوێ، کارگه‌ی نوێ، پیشه‌سازیی نوێ، ده‌خه‌نه وڵاته‌وه
و ڕۆحی داهێنان بڵاو ده‌که‌نه‌وه. بۆرژوازی کورد گیرفان پڕ ده‌کات، ئۆردووگای
زۆره‌ملێ دروست ده‌کات، زه‌وی و خانوو و دوکان ده‌کڕێت و ده‌کات و ده‌داته کرێ،
ده‌بێته نۆکه‌ری ڕێژیم و جاشی بۆ په‌یدا ده‌کات. ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ش بۆ خێری
خۆی و چینهکهیهتی و به‌س. له‌م کاته سه‌خت و دژواره‌ی خوارووی کوردستاندا، که
سه‌رجه‌می میلله‌ته‌که بێکاره، برسییه، پێویستی به هه‌موو شتێکه، ده‌بوو
بۆرژوازی کورد بیری له دامه‌زراندنی ده‌یان کارگه بکردبایه‌وه. ده‌بوو سه‌دان
مانیفاکتۆرهی گچکه‌ی له‌و سه‌ر و ئه‌و سه‌ری کوردستاندا کردباوه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که
وه‌کار بخرێن و به‌رهه‌م هه‌بێت. ده‌بوو پرۆژه‌ی کشتوکاڵی و ئاژه‌ڵ و مریشک و ماسی
به‌خێوکردن، وه‌ئه‌ستۆی خۆ بخه‌ن. ده‌بوو ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گوندان و دروستکردنه‌وه‌ی
خوێندنگه و نه‌خۆشخانه و ڕێگه‌وبان و ده‌یان پرۆژه‌ی دیکه ئه‌نجام بده‌ن. به‌ڵام
بۆرژوازی کورد، که هه‌مووده‌م پیاوی ئه‌م و ئه‌و بووه و گرێدراوی ده‌سه‌ڵات و
حوکوومه‌ته‌کان بووه و ئه‌وڕۆیش له کوردستاندا بیری ئه‌و سه‌رده‌سته و په‌رله‌مان
و حوکوومه‌ت و حیزبه‌کانیش هه‌ر لهون و خۆی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاته، که وا بێت بۆ
بیکات و چۆنی ده‌کات!
مرۆڤی کورد ئه‌وڕۆ له‌وپه‌ڕی دڵه‌ڕاوکه و نیگه‌رانی
و نائارامیدا ده‌ژی. خه‌ڵک له ماڵ و گیانی خۆی دڵنیا نییه. که‌سانێک که سه‌ر به‌و
حیزب و ده‌سته و دایه‌ره‌ی به‌ره‌ی کوردستانی و په‌رله‌مان و حوکوومهتهن، سه‌رباری
ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه، ده‌شتوانن هه‌موو شتێک بکه‌ن و به خۆ و به چه‌ک و
پاسه‌وانه‌وه ده‌سووڕێنه‌وه و بازووی خۆیان پێشان ده‌ده‌ن. خه‌ڵکی ئاساییش بۆ ئه‌وه‌ی
سه‌ر و ماڵی خۆی بپارێزێت، ناچاره چه‌کی هه‌بێت. کوردستان پڕه له چه‌ک و هه‌موو
ماڵێک چه‌کی تێدایه و چه‌ک فه‌رمانڕه‌وایه. ئه‌وه‌ی چه‌کی هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتیشی
هه‌یه. ئه‌وه‌ی پاره‌ی هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت،
پاره و چه‌کی هه‌یه. ئه‌وه‌ی وا بێت، بۆ خۆی فه‌رمانڕه‌وایه. فه‌رمانڕه‌وایی به
چه‌کیش، تاساندنی مرۆڤ و ئازادییه، نائاسووده‌یی و ترسه.
فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌مڕۆی کوردستان له بری ئه‌وه‌ی
خه‌ڵک فێری ڕیزگرتن و په‌یڕه‌ویکردنی ڕیز و نۆره و ئه‌و جۆره شتانه بکه‌ن، بۆ
خۆیان هانی خه‌ڵک ده‌ده‌ن بۆ نۆرهبڕکێ و پێشخستنی لێپرسراو و خه‌ڵکی نێزیکی
خۆیان، وه‌ک نموونه‌یه‌ک ده‌توانم ئه‌مه‌ی خواره‌وه باس بکه‌م:
له سه‌ر زێی بادینان، که عاله‌مه‌که ده‌بێ به
خۆ و به ئۆتۆمبیله‌وه به که‌ڵه‌ک بپه‌ڕنه‌وه بۆ ئه‌مبه‌ر یا ئه‌وبه‌ر و له‌مبه‌ر
و له‌وبه‌ره‌وه تراکتۆر که‌ڵه‌که‌که ڕاده‌کێشێت بۆ په‌ڕینه‌وه، هه‌ر به‌رێک
جاری وا هه‌س بیست سی ئۆتۆمبیلێک یا زیاتر ڕاده‌وه‌ستن و چاوه‌نواڕی ئه‌وه ده‌که‌ن،
نۆره‌یان بێت و بچنه سه‌ر که‌ڵه‌که‌که و بپه‌ڕنه‌وه. من بۆ خۆم له‌وێ بووم،
ئۆتۆمبیلی کابرایه‌کی لێپرسراوی پێشمه‌رگه هات و پێشی ئه‌و خه‌ڵکه‌یان خست و په‌ڕاندیانه‌وه.
له کاتێکدا ده‌بوو دوای ئۆتۆمبیلی سێزده‌یه‌م و چوارده‌یه‌م و...بپه‌ڕێته‌وه. هه‌ر
پاش ئه‌وه یه‌کێکی دیکه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی هات و ئه‌ویشیان په‌ڕانده‌وه. دوای
ئه‌وه یه‌کێکی"یوو.ئێن" هات و ئه‌ویشیان په‌ڕانده‌وه. یه‌کێکی
"خاچی سوور" هات و ئه‌ویشیان په‌ڕانده‌وه. ته‌واوی ئه‌وانه‌ش به نۆره‌بڕیی
ئه‌و خه‌ڵکه‌ی دیکه. بیانووی لێپرسراوانی کهڵهکهکهش، که بۆ وا ده‌که‌ن ئه‌وه
بوو، که ئه‌وه‌یان پێشمه‌رگه و ئه‌وی دی لێپرسراوه و ئه‌وی دی نازانم چییه
و...! له کاتێکدا ده‌سته و دایه‌ره‌ی به‌ره‌ی کوردستانی بۆ خۆیشیان باش ده‌زانن،
که کابرایه‌کی ئه‌وروپایی هه‌رچییه‌ک بێت، له ئاسایی‌ترین مرۆڤیانه‌وه، تا ده‌گاته
سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تیان، به گوێره‌ی نۆره و ڕیز، کاری خۆیان ده‌که‌ن و که‌س وه‌پێشی
که‌سی دیکه ناخه‌ن و نۆره‌بڕی ناکه‌ن، به‌ڵام له کوردستانی به‌ره‌ی کوردستانی‌دا
ئه‌وانیشیان فێری نۆره‌بڕین کردووه و وایان لێ کردوون، خۆ به زل بزانن، چونکه
ئه‌وان –به‌ره‌ی کوردستانی- به سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌یاندا زل کردوون و وه‌پێشیان ده‌خه‌ن.
ئه‌گه‌ر لێپرسراوێکی به‌ره‌ی کوردستانی نۆره‌بڕیی بۆ بکرێت و ئه‌گه‌ر کهچهترین
لێپرسراوی حیزبی یا چه‌کداری خۆ به سه‌ر خه‌ڵکدا فش بکاته‌وه و ئه‌گه‌ر نه‌ک هه‌ر
سه‌رکرده‌کان خۆیان، به‌ڵکه خێزان و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیشیان، چه‌ندین
لاندکرۆزیان به شوێنه‌وه بێت و چه‌ندین چه‌کدار پاسه‌وانییان بکه‌ن و ئه‌گه‌ر
فشه و ڕالهخۆبوون و شانازی به ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ خۆی ببێت به یاسا و خه‌ڵکی پێ
په‌روه‌رده بکرێت، ئیدی کابرایه‌کی ئه‌وروپایی بۆ خۆی به زل نه‌زانێت و فشه به
سه‌ر خه‌ڵکدا نه‌کات! به‌ره‌ی کوردستانی وه‌ک ده‌سگه‌یه‌کی بۆرژوازی سه‌رکوتکه‌ر،
بێگومان خه‌ڵک فێری ملکه‌چی و ترس و گوێڕایه‌ڵی ده‌کات و ڕۆحی جیاوازی و سه‌ردانه‌واندن
بڵاو ده‌کاته‌وه.
بۆ سه‌ردانی خوشکه‌زایه‌کی نه‌خۆشم، چوومه نه‌خۆشخانه‌ی
کتوپڕی سلێمانی. نه‌خۆشه‌که‌ی، ئێمه لاقی به‌ر مین که‌وتبوو. ده‌یان که‌سی له‌و
بابه‌ته‌ی لێ‌بوو، که ده‌ست، لاق، گوێ، لووت، زگ یا شوێنێکی دیکه‌یان به‌ر مین که‌وتبوو.
نه‌خۆشخانه‌که بێجگه له‌وانه‌ش، له خه‌ڵکدا جممه‌ی ده‌هات و به سه‌دان نه‌خۆشی
لێکهوتبوون. ئه‌وی له‌وێ وه‌دی ده‌کرا، نه‌بوونی ده‌رمان، به‌نج، که‌لوپه‌لی پاک
و خاوێن، پانکه، ئاوی سارد و ده‌یان شتی دیکه بوون. له کاتێکدا لای دوکتۆره
تایبه‌تییه‌کان هه‌موو جۆره ده‌رمانێک چنگ ده‌که‌ون و له بن زه‌ویشدا بێت په‌یدای
ده‌که‌ن، له نهخۆشخانهگشتییهکاندا نیین و ده‌بێ نه‌خۆش بۆ خۆی شته‌کان په‌یدا
بکات. دوکتۆر و کارگه‌رانی ئه‌و نهخۆشخانهگشتییانهش، ئه‌گه‌ر بۆڵه‌بۆڵێک بکه‌ن
یا ده‌نگێکیان لێوه بێت و ناڕه‌زاییه‌ک ده‌ربڕن، بێگومان حه‌قی خۆیانه، چونکه
مووچه‌یان دره‌نگ دره‌نگ ده‌درێتێ یا که‌میان ده‌درێتێ یا هه‌ر هیچیان نادرێتێ و
کارێکیش، که ده‌یکه‌ن پیاوه‌تی خۆیانه. دیاره له‌شساغی خه‌ڵک زۆر مه‌به‌ست و
گرنگه به لای به‌ره‌ی کوردستانییه‌وه!
چێشت و خواردنی به تام و به له‌ززه‌ت، مه‌گه‌ر
له ماڵی خواپێداواندا بخورێت و که‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو خۆ له قه‌ره‌ی بده‌ن و چێژی
لێوه‌رگرن، ده‌نا هه‌ژاری وڵاتی کورد، مه‌گه‌ر له خه‌وندا جارجار سه‌ره‌تاتکێی له‌گه‌ڵدا
بکات، به‌ڵام باره‌گاکانی حیزبانی به‌ره، هه‌موو خوانیان پڕه و باشترین و به‌تامترین
خواردن داده‌نێن و ده‌خۆن. گۆشت، که ڕه‌نگه زۆرینه‌ی منداڵانی هه‌ژاران ئه‌وڕۆکه
ناویشیان له‌بیر کردبێت، له‌و باره‌گایانه‌دا ڕۆژانه نه‌ک هه‌ر ده‌خورێت، به‌ڵکه
چاکیش ده‌خورێت. ته‌واوی باره‌گاکانی ئه‌و حیزبانه ئاوهان. ئیدی جیاوازیی نێوان
باره‌گا و باره‌گاش هه‌یه و حیزبی ده‌وڵه‌مه‌ند و هی ده‌وڵه‌مه‌ندتر هه‌یه.
بێجگه له‌وه‌ش باره‌گای ناوچه یا لق یا...له‌گه‌ڵ باره‌گای مه‌کته‌بی سیاسی و کۆمیته‌ی
ناوه‌ندی و سهرکردهیهتیدا جیاوازییان هه‌یه و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و
پارتیی دیموکراتی کوردستان، له‌ته‌ک یه‌کگرتن و کۆمۆنیست و ئیسلامی و...دا
جیاوازییان هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌وان –باره‌گا و لێپرسراوان و سه‌رانی ئه‌و حیزبانه-
بڕێک له چڵێسی و نه‌وسنیی خۆیان که‌مکه‌نه‌وه، بێگومان ده‌کرێ زگی چه‌ند هه‌ژارێکی
کورد تێر بکرێن. ململانێی ناشه‌ریفی
نێوان یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان (جه‌لالی و مه‌لایی)،
ئه‌گه‌ر به زیانی هه‌موو کورد و کوردستان بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام به مه‌رجێک ڕێزه‌یه‌ک
به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و زیان و ملشکانی لایه‌که‌ی دی تێدا بێت، هه‌رگیز سێ‌ودووی
لێناکه‌ن و ملی پێوه‌ده‌نێن. له له‌شکری یه‌کگرتووی نه‌بوو، که نه‌ک ئێستا به‌ڵکه
له ساڵی 1987ه‌وه و له مۆرکردنی پێکهاتن و سازکردنی به‌ره‌که‌یانه‌وه قه‌وانی بۆ
لێده‌ده‌ن، دوو دانه کۆلیجی سه‌ربازییان، بۆ پێگه‌یاندن و سازکردنی ئه‌فسه‌ر
کردووه‌ته‌وه. کۆلیجێک له سلێمانی و یه‌کێکیش له دهۆک. ئه‌وه‌ی سلێمانی هی یه‌کیه‌تییه
و ئه‌وه‌ی دهۆکیش هی پارتییه. له‌وه‌ی سلێمانی ئه‌فسه‌ری جه‌لالی ده‌رده‌چێت و له‌وه‌ی
دهۆکیش ئه‌فسه‌ری مه‌لایی. خۆ که سبه‌ی له‌شکریش سازکه‌ن، بێگومان له کۆلیجهکانیان
باشتر نابێت و سه‌ربازه‌کانیش، جه‌لالی یا مه‌لایی ده‌بن. به‌ره‌ی کوردستانی یا ئه‌و
دوو حیزبه، که له هه‌موو قانوون و هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌وتار و بیر و
بۆچوونێکیاندا، لاسایی به‌عس ده‌که‌نه‌وه و شاگردی ئه‌وانن، ده‌بوو له دامه‌زراندنی
ئه‌و کۆلیجانهشیاندا چاو له‌وان بکه‌ن، چونکه به‌عس به‌و له‌شکره یه‌ک میلیۆنهیهوه
و به درێژایی مێژووی عیراقیش – که سه‌رانی کورد زۆر شانازی به‌و مێژووه‌وه ده‌که‌ن
و به‌وه‌ی که عیراقین شاگه‌شکه ده‌یانگرێت- هه‌ر یه‌ک کۆلیجی سه‌ربازی له به‌غدا
هه‌بووه و هه‌س.
سه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانی، که سالانێکی
دوورودرێژه و له‌وه‌تی سواری ملی ئه‌و میلله‌ته هه‌ژار و کڵۆڵه‌ی کورد بوون، هه‌زارویه‌ک
ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ریان کردووه و هه‌ر ڕۆژه‌ی به زوڕنای یه‌کێک هه‌ڵپه‌ڕیون. ده‌ست
له سه‌ر سینگ له خزمه‌تی شای ئێران‌دا بوون و سالانێکیش تاژیی سه‌ددام حوسه‌ین
بوون و ڕاوه کوردیان ده‌کرد. هه‌رچی کون و قوژبنی موخابه‌راتی سووریا هه‌یه، ته‌واویان
تاقی کرده‌وه. به سه‌دان ڕاپۆرتیان له سه‌ر کورد، ته‌سلیمی ساواک و
ئیتتیلاعات"إطلاعات"ی ئێران و موخابه‌راتی عیراق و سووریا و میتی تورکیا
کرد. کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالیان به سه‌ر کورددا هێنا. سێ میلیۆن کوردیان
ئاواره کرد و هه‌مان کات ئه‌ملا و ئه‌ولای سه‌ددامیان ماچ کرد و ده‌ستخۆشییان لێی
کرد. ده‌یان ساڵ شه‌ڕی کوردکوژییان کرد. نۆکه‌ریی تورکیا و ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکا
و ئینگلیز ده‌که‌ن. له پێناوی ڕێژیمی تورکیادا، چنگ ده‌خه‌نه گه‌رووی شۆڕشی
کوردی چه‌وساوه‌ی باکووری کوردستان. ته‌واوی ئه‌و کارانه‌یان کردووه و ده‌یکه‌ن،
سه‌رباری دزی و جه‌رده‌یی و ڕووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵک و هه‌موو جۆره ناڕه‌واییه‌کی دی
و بێجگه له هه‌زاران درۆ و ساخته‌چێتی و قۆڵبڕین، ئه‌وجا بێشه‌رمانه خۆیان به
شه‌ریفی مه‌ککه ده‌زانن و هه‌ڕه‌شه له خه‌ڵک ده‌که‌ن. ڕۆژێک له ڕۆژان ساده‌ترین
مافی ڕه‌خنه‌گرتنیان به مرۆڤی کورد نه‌داوه و ئه‌و هه‌موو ناڕه‌وایی و نامرۆڤایه‌تی
و بێئاوڕووییهیان کردووه و که‌س نه‌یوێراوه به ڕوویاندا بدات، که‌چی له بری
ئه‌وه‌ی ئه‌وان داوای به‌خشین له میلله‌ت بکه‌ن و دان به هه‌ڵه و چه‌وتی و بۆگه‌نیی
خۆیاندا بنێن، هێشتا ئه‌وان زمانیان درێژه و مرۆڤی کورد قه‌رزار ده‌که‌ن. ئه‌وان
باسی ئازادی ده‌که‌ن و بڕوایان به دیموکراسییه، به‌ڵام کام ئازادی و چ جۆره
دیموکراسییه‌ک! له فێستیڤاڵی یادکردنه‌وه‌ی 70 ساڵه‌ی حوکوومه‌تی خوارووی
کوردستاندا به ڕێبه‌ریه‌تیی شێخ مه‌حموودی نه‌مر، له سلێمانی و له 3ی نۆڤه‌مبه‌ری
1992دا و له هۆڵی ڕۆشنبیریی، سه‌رۆکی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، وه‌ک هه‌موو
شا و سه‌رۆک و میر و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌م دنیایه، هه‌ڕه‌شه
له ڕه‌خنه‌گر و ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازی ده‌کات له کوردستاندا و به پێی بۆچوونی ئه‌و،
ده‌بێ هه‌موو کورد وه‌ک ئه‌وان بیر بکه‌نه‌وه، ده‌نا ده‌که‌ونه سه‌نگه‌ری دوژمنه‌وه.
سه‌رۆکی یه‌کیه‌تیی ده‌ڵێ:"هه‌ر که‌سێک یا گرووپ و لایه‌نێک سه‌رپێچی له
یاساکانی حوکمه‌تی کوردستان بکات، ئه‌وه به بێ هیچ سێ و دوویه‌ک سه‌ر به به‌ره‌ی
دوژمنه و خیانه‌ت به کورد و کوردستان و خوێنی شه‌هید ده‌کات". پێموایه سه‌رپێچی
له دز و جه‌رده و ڕاووڕووتکهر، نه خیانه‌ته و نه هیچ. مرۆڤی ئاسایی کوردیش
له‌وه‌تی هه‌یه، قاڵبووی خه‌باتێکی سه‌خت و دژواری نیشتمانی و چینایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه
و هه‌رگیز پێویستی به‌وه نییه، وانه‌ی نیشتمانپهروهریهتیی پێ بگوترێته‌وه،
له که‌سانێکه‌وه که بۆ خۆیان هاوڕێی کاروان و شه‌ریکی دزن. سه‌رۆکی یه‌کیه‌تیی
با به خۆی و پاشخانی خۆیدا بچێته‌وه و له‌گه‌ڵ سه‌رانی دیکه‌ی حیزبه کوردییه‌کاندا
له ئه‌لفبێی نیشتمانپه‌روه‌ری و سیاسه‌ته‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن. با له فه‌رهه‌نگدا
به شوێن واتای ئازادی و دیموکراسیدا بگه‌ڕێن. با هه‌ر بۆ که‌متر ده‌ردیسه‌ری و نه‌گبه‌تی،
که‌نار بگرن و وه‌لا که‌ون.
به‌ره‌ی کوردستانی و په‌رله‌مان و حوکوومه‌ته‌که‌ی،
ڕێک وه‌ک ته‌واوی ڕێژیمه دیکتاتۆرییه‌کانی ئه‌م جیهانه، له بری هه‌وڵدان بۆ
گۆڕینی باری ناله‌باری خه‌ڵک و چاره‌سه‌رکردنی گیروگرفته‌کانیان و دابینکردنی
گرنگترین پێویستییه‌کانی مرۆڤی کورد، له نان و کار و خانوو و وه‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌ی
خۆشگوزه‌ران و یه‌کسان و ئازاد بۆ هه‌مووان، ته‌واوی گرنگی و هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و
تێکۆشانی، ئاراسته‌ی قایمکردنی جێی خۆی و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌تی، به
سازکردنی هه‌موو چه‌شنه ده‌سگایه‌کی سه‌رکوتکه‌ر و داپڵۆسێنه‌ری وه‌ک له‌شکر و
پۆلیس و ئاساییش. مرۆڤ له‌وه سه‌ری سووڕ ده‌مێنێت، میلله‌تێک تا ئێستاش به ده‌ست
"ئه‌من و موخابه‌رات و ئیستیخبارات و جه‌یش شه‌عبی و جاش و پۆلیس" ه‌وه،
زه‌لاله‌تی بێت و زه‌نده‌قی لێیان بچێت، کوو ئێستاکه هه‌مان دێ‌و و درنج و
مرۆڤخۆریان بۆ قوتده‌کرێنه‌وه. ڕه‌نگه جیاوازییه‌که ته‌نێ له‌وه‌دا بێت، که ئه‌مانه‌ی
ئێستا به کوردی قسان ده‌که‌ن، ده‌نا داپڵۆسه‌ر هه‌ر داپڵۆسه‌ره، هه‌ر ڕه‌نگ و
زمانێکی هه‌بێت.
به‌ره‌ی کوردستانی پێش ئه‌وه‌ی خۆی بکات به
شا به سه‌ر خه‌ڵکی کورده‌وه، ده‌بوو ڕاپرسییه‌ک(ڕاخوازییهک، ڕیفراندۆمێک)ی
کردبا و ڕای میلله‌تی له‌مه‌ڕ داهاتوو و پاشه‌ڕۆژ وه‌رگرتبا. ڕاخوازییهکه بۆ ئه‌وه
بووایه، که تێیدا بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان یا مانه‌وه
له‌گه‌ڵ عیراقدا درابا. ئه‌وده‌م کام لا زۆرینه‌ی ده‌نگی هێنابا، به گوێره‌ی ئه‌وه
کار کرابا. ڕه‌نگه ئه‌و کاته ئه‌گه‌ر ده‌نگی مانه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ عیراقدا سه‌رکه‌وتبا
– که بێگومان وا نه‌ده‌بوو- میلله‌ت دڵنیا ده‌بوو له‌وه‌ی، که پرسێکی پێ کراوه
و به‌زۆر بڕیاری به سه‌ردا نه‌سه‌پێنراوه.
په‌رله‌مان و حوکوومه‌ت و به‌ره‌ی کوردستانی و
سه‌رانیان ئه‌وڕۆکه وه‌ک زۆر خه‌ڵکی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م جیهانه، که‌وتوونه‌ته
داوی به‌زم و باوی سیستمی نوێی جیهانییه‌وه، که ئه‌مه‌ریکا باسی لێوه ده‌کات.
ئه‌وان به بێ ئه‌وه‌ی به خۆ بزانن، به بلوێری ئه‌مه‌ریکا شایی ده‌که‌ن و خه‌ریکن
ده‌بنه پۆلیسی ئه‌مه‌ریکا له‌و ناوچه‌یه‌دا. له بری ئه‌وه‌ی کوردستان بکرێت به
نموونه‌ی ئازادی و شۆڕشگێڕی و مرۆڤدۆستی، خه‌ریکن ده‌یکه‌ن به لانه و مۆڵگه‌ی حه‌ز
و ئاره‌زووه گه‌نده‌ڵه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئینگلیز و فرانسه و تورکیا و سعوودییه
و ده‌یانی دیکه‌ی له‌و بابه‌تانه. هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌وڕۆکه پاره‌ی ساخته‌ی
عیراقی، سعوودی، ئیسرائیلی، ئێرانی و چی و چی له کوردستاندا هه‌ن، به سه‌دان
سیخوڕ و جاسووسی ئه‌مه‌ریکایی و ئینگلیزی و ئیسرائیلی و هی دیکه له کوردستاندا
ته‌راتێن ده‌که‌ن و خه‌ڵک له لیسته‌کانی خۆیاندا نێونووس ده‌که‌ن و ده‌چنه نێو
هه‌موو ورد و درشتێکی ئه‌و وڵاته‌وه.
سه‌رانی
کورد پێیانوایه، به په‌رله‌مان و حوکوومه‌ته‌وه ئیدی بوون به ڕۆژاوایی و
دیموکراسی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. په‌رله‌مان خۆی له خۆیدا، دیموکراسی ساخته‌یه و
یارییه به مێشکی خه‌ڵک. حیزب خۆی له خۆیدا هه‌رچی بێت و هه‌ر چۆن بیر بکاته‌وه،
شێوه‌یه‌کی نوێیی دیکتاتۆرییه. حیزب هه‌میشه ده‌سگایه‌کی نادیموکراسییانه‌ی سه‌رکوتکه‌ره
و تاکه مه‌به‌ستیشی ده‌سه‌ڵاته و هیچی دی. فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌وڕۆی کوردستان
باسی ئازادی ده‌که‌ن، که ئه‌وڕۆکه له کوردستاندا خه‌ڵک چێژی لێ وه‌رده‌گرن و به‌رقه‌راره،
به‌ڵام ئه‌وان ئه‌وه‌یان له‌بیر کردووه، که ئازادی به‌بێ یه‌کسانی ده‌کاته ئه‌وه‌ی،
هه‌ژاران و زه‌حمه‌تکێشان و موسته‌زعه‌فین (مستضعفین)ی کورد، ئازادییان له به‌هێزان
و ده‌وڵه‌مه‌ندان که‌متر بێت. ئازادییش نابێته ئازادییه‌کی ڕاسته‌قینه، ئه‌گه‌ر
به‌شێکی خه‌ڵک هێنده هه‌ژار و ده‌ستکورت و بێده‌سه‌ڵات بن، که نه‌توانن سوود له‌و
ئازادییه وه‌رگرن. ئازادی و یه‌کسانییش له ڕاستیدا هه‌ر یه‌ک شتن. ئازادییش به
ته‌نیا مرۆڤ تێر ناکات.
نۆڤه‌مبه‌ری 1992
[2] دالێ و بێستان
و خه‌له و باخ و شیناتی، که ئیدی بێکه‌ڵک ده‌بێت و چ هیوایه‌ک به به‌ر و به‌رهه‌می
نامینێت و خاوه‌نی ده‌ستی لێ ده‌شوات و ده‌یه‌وێت کۆتایی پێ بهێنێت، تێیده‌که‌ون و
هه‌رچی به‌رهه‌مێکی هه‌یه دهیڕنن و لێی ده‌که‌نه‌وه و هیچی تێدا ناهێڵن، به‌و
کاره له گه‌رمیان ده‌گوترێ(شاڕۆ) و له سلێمانییش ده‌گوترێ (شارۆ). من بۆ خۆم
وشه‌ی (شاڕۆ)م پێ دروستتره، چونکه پێموایه له تێکه‌ڵکردنی هه‌ردوو وشه‌ی(شا) و
(ڕۆ) وه هاتووه، که ده‌کاته: مردنی شا و شیوه‌نی شا، واته: کاتێک که شا ده‌مرێت
و شین و شه‌پۆڕ و ڕۆڕۆی بۆ ده‌کرێت، ئه‌و کاته ئیدی ده‌سه‌ڵات نامێنێت و ده‌بێته
هه‌رکێ بۆ خۆی و خه‌ڵک ده‌بنه خاوه‌نی هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان و بۆ خۆیانی ده‌به‌ن
و ده‌ڕنن و ده‌خۆن و لێده‌که‌نه‌وه.
[3] من واژه‌گه‌لی "پارێزگه"، "پارێزگا"
و "پارێزگار"م پێ کوردی نین و به هه‌ڵه‌یان ده‌زانم، چونکه ڕێک وه‌رگێڕانی
واژه‌گه‌لی موحافه‌زه(محافظة) و موحافیز(محافظ)ی عه‌ره‌بین. کورد ده‌توانێت،
واژه‌گه‌لی "ئوستان" و "ئوستاندار"، که وشه‌گه‌لێکی په‌هله‌وی ئێرانیین و موڵکی ته‌واوی زمانانی ئێرانیین، که
زمانی کوردییش یه‌کێکه له‌و زمانانه، به‌کار ببات.
[4] دووان
له‌و ژنانه‌ی له گه‌رمیان کوژران "حه‌پسه‌ی عه‌مین عێراقی" و
"ڕابه‌ی حووده" بوون. حه‌پسه‌ی عه‌مین عێراقی، کچی ئه‌مین عێراقی
بوو.له گه‌رمیان زۆرجاران ئه‌مین ده‌کرێته عه‌مین.عه‌مین عێراقی، پیاوێکی هه‌ژاری
چایچی بوو له سه‌رقه‌ڵا و به کوێره‌وه‌ری و به‌دبه‌ختی منداڵه‌کانی به‌خێو
کردبوو. حه‌پسه، نه له ماڵی باوکی‌دا به کچێنی و نه له ماڵی خۆیدا به
مێردکردوویی، هه‌رگیز ڕۆژێکی خۆشی به خۆیه‌وه نه‌دیبوو و نه‌یزانیبوو به‌خته‌وه‌ری
چ واتایه‌کی هه‌یه. ڕابه‌ی حوودهیش، ژنێکی دانیشتووی گوندی (ئه‌وڵاقوت)ی ده‌ڤه‌ری
شاکه‌ل بوو و ئه‌ویش سه‌ر به خێزانێکی جووتیار و هه‌ژاری ئه‌م وڵاته بوو.
[5] باوکم گوتی:"پرسیاری
ڕاستی و درۆی ئه‌و قسه‌یه‌م له مسته‌فا به‌گ خۆی کردووه و ئه‌ویش گوتوویه‌تی،
درۆیه و هیچی وا ڕووی نه‌داوه و هه‌ڵبه‌ستراوه".
No comments:
Post a Comment