Saturday, December 19, 2020

فرمێسکە شاراوەکانم لە فرمێسکەکانی دەیانڕێژم، تاڵترن

ئەمجەد شاکەلی

هیچ شتێک هێندەی مەرگ، مەرگی کەسێکی نزیک، خۆشەویستێک، هاوڕێیەک، دۆستێک،  تووشی ماخولیا، حەپەسان، متبوون و ڕۆچوون بۆ ناوەوەی خۆمم ناکات. وەک چۆن بۆوەی بزانم پلەی سەرما یا گەرما چەندە و بە سەیرکردنی ڕۆژانەی تێرمۆمێتر (گەرماپێو) ڕاهاتووم، لەم سەردەمی ئەم کۆرۆنا دروستکراوەیشدا، هەواڵەکان بوون بەو پێوەرە و بوون بە خولیایەک و بە شوێنیاندا وێڵم و ڕاویان دەکەم. هەرجارەو دەشیانبیسم، دەیانخوێنمەوە و ئاگاداری ژمارەی لەدەستانی خەڵکێک دەبم، دنیام لەبەرچاو تاریک دەبێت و چەخماخەیەک لە کەللەمدا بزیسکە دەدات و گڕێک بەردەداتە ڕۆحم.

 چێشتانگاوێکی ئەو ڕۆژە، مەرگی خۆشەویستێک، مەرگی دۆستێکی بە مەودا دوور، لێ بە ڕۆح و هەست نزیک، گەلێک نزیک، مەرگی مامۆستا ڕەئووفی دەروێش فەرەج، ڕایچڵەکاندم. کۆرۆنا، دەستی خۆی وەشاند و کاری چەپەڵی خۆی ئەنجام دا و یازیزێکی لێ دابڕین. هێچ شتێک پێ نازانم، لە مردن ناحەز و دزێوتر بێت!

تەمەنێک، پتر لە پەنجا ساڵ، وەک ئەلبوومێکی پڕوێنەم هاتەوە بەرچاو و دنیایەک جوانیی کاک ڕەئووفم هاتەوە یاد. ئەو وەک مامۆستایەکی لاو نێردرابوو بۆ گوندی سەیدە، کە یەکێکە لەو گوندانەی دەشتی شاکەل، لە گەرمێن و منیش خوێندکاری پۆلی چوارەمی ئامادەیی بەشی ئەدەبیی بووم لە کفری. ماوەیەک پێش تاقیکردنەوەی سەری ساڵ، دەکەوتینە ماڵ بۆ کۆشش و خۆئامادەکردن بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە. دوو وانەمان هەبوون، پێوەندیان بە زانستەوە هەبوون، یەکێکیان زانست و ئەوی دیکەیان ماتماتیک(بیرکاری). ئەو ماوەیە مامۆستا ڕەئووف، چەندین جار کۆمەکی پێ کردم لەو دوو وانەیەدا. کە ساڵێک دوای ئەوە، خۆم بۆ تاقیکردنەوەی بەکالۆریای ئامادەیی، ئامادە دەکرد، هەمدیس کۆمەکی پێ کردم و لەگەڵمدا ماندوو بوو. ئەو، ئەو وانانەی باش دەزانین و شێوازی فێرکردنیشی گەلێک لێزانانە بوو. ئەو هەر بەڕاستی مامۆستا بوو.

 هاوینی 1972، تازەکی خوێندنی زانستگەم تەواو کردبوو، کاکە حەمەی مامەم، کاکەحەمەی سەیدە، کە ئێمەی شاکەلییانی بەتەمەن لەو گچکەتر وامان پێ دەگوت، واتە: شێخ موحەممەد شاکەلی، جیپێکی سەوزی بچکۆلەی هەبوو و باسی گەشتێکی دا بە گوێی ئێمەدا، ئەنوەر و عوسمانی مامم و فەرهادی برام و موحەممەدی حاجی مەجید و بەندە، کە هەر شەشمان بە جیپەسەوز بچین بۆ هەڵەبجە، بۆ سەردانی ماڵی مامۆستا ڕەئووف. ئێمەیش بێ یەکودوو، کۆڵێکمان پێ خۆش بوو. بینینی هەڵەبجە بۆ من نوێ بوو و دیداری مامۆستایش گەلێ چێژبەخش. ئیدی سبەینانێک کەوتینە ڕێ.

پێش ئەو گەشتە، لە تەواوی ماڵباتی مامۆستا ڕەئووف، تەنێ مامۆستا ڕەئووفم دەناسی، بەڵام ئیدی کە گەیشتینە هەڵەبجە، کاک غەفووری برای و مام دەروێش فەرەجی باوکی و کۆمەڵێک خێزان و کەس و خزمی بەڕێز و جوان و میهرەبان و مێرخاسم ناسی.

لەگەڵ مامۆستا ڕەئووفدا، بەنێو شارەکەدا گەڕاین. مامۆستا هێندە جوان و ورد و شارەزایانە، باسی باخی میر، کانی عاشقان، مزگەوتی پاشا، قەیسەری حامید بەگ، پیر محەمەد، کۆڵە بۆز، قەیسەری پاشا، کارێزی حاجی ناجی، ئاشی مەحمودی یاروەیسی، فرە خەزێنە، تووە وشک، کانی شێخ، گوڵان، کانی حەمەوغان، کانی سۆفی خدر، مۆردانە، کانی نواڵە، کانی زارا و گەلێ جێگەی دیکەی بۆ کردین، دەتگوت لە پۆلێکدایە و وانەی جوگرافیا و مێژوو بە شاگردەکانی دەڵێتەوە. ئاشنای شنروێ و باڵامبۆ و عەبابەیلێ و عەنەب و بیارە و تەوێڵە و ئاوێسەر و هەورامانی کردین. ئەو گەشتە، بۆ ئێمەی گەرمیانی و بۆ منێکی ئەو سەردەمە، هیچی لە گەشتەکەی ئیبن بەتووتە (إبن بطوطة) کەمتر نەبوو. ئەو دوو سێ ڕۆژە هێندە خۆشمان گوزەراند، ئێستاش جاروبار یادی دەکەینەوە.

لەنێو ماڵەکەی سلێمانییدا، مامۆستا، داری توو و داری یەنگی دنیای هەبوون، هەرگیز لەیادم ناچێت، سبەینان دەفرێکی گەورەی پڕ دەکرد، لە توو و لە یەنگی دنیا و کۆڵێک مێوەی دیکە و لەبەردەم منداڵەکان و ئێمەدا دایدەنا، کاتێک ئێمە لە سوێدەوە گەڕابووینەوە بۆ کوردستان و سەردانی ئەوانمان دەکرد. لەو گردبوونەوە و دانیشتنانەدا، مامۆستا گەشی و گەرمی و تام و خۆشییەکی بە دانیشتنەکە دەبەخشی، هەر لە خۆی دەوەشایەوە. لەگەڵ منداڵدا یاری دەکرد و لەگەڵ گەورەدا شۆخی و پێکەنین.

 لەم ساڵانەی ژیانی هەندەرانمدا، هەرجارێک چووبێتمەوە کوردستان، سەردانی کاک ڕەئووف و دیداری ئەو بەشێک بووە لە چاوەڕانییەک، کە پێی شاد دەبووم. دواجار هاوینی ساڵی پار بوو 2019 شەوێک لەنێو باخ و ماڵەکەی دەرێی هەڵەبجەیدا میوانی بووم. هێندە دڵخۆش بوو بە ڕەوشی ژیانی و باخەکەی، دڵخۆشیی بە منیش دەبەخشی. هێندە خۆش و جوان لەمەڕ هەنار و توو و ترێ و بەرهەمەکانی دیکەی باخەکەوە و ئاو و ئاودێرییەوە دەدوا و هێندە لەگەڵ کارگەرەکاندا، ئارام و نەرم و ڕووخۆش دەجووڵایەوە و ڕەوتاری دەکرد، هێندە ڕێکوپێک و جوان و کارامە خزمەتی دار و سەوزی و ئاو و خاک و ژینگەی باخەکەی دەکرد، مایەی شانازی و دەستخۆشی بوو و دڵمی خۆش دەکرد و دەگەشامەوە پێی، کە ڕۆحێکی هێندە گەش و زیندووە و دەبریسکێتەوە.

لە چەندین وێستگەی جیاوازدا، مامۆستا ڕەئووفم دیوە، بە نەداری و بە دارایی، بە مامۆستایی و بە دوکانداری و چاککردنی ئامێری کارەبایی و بە خاوەنی کۆمپانیایی و بە باخداری، ئەو هەر خۆی بوو. هەمیشە مرۆڤە سادە و خاکەرا و دڵپاک و گەش و کراوە و دەم بەخەندکە بوو.

 مامۆستا ڕەئووف، گەلێک حەزی بە زانست دەکرد و زانستییانەش دەهزری و ڕێناس و ڕێنیشاندەرێکی توانا بوو. ئەو مرۆڤێکی ڕاستگۆ، دروست، دڵسۆز، بەئەمەک، دەستپاک و بەکەڵک بوو. هەمیشە میهرەبان، هەمیشە کۆمەکی بەوانەی پێویستیان پێ بوو، دەکرد، بێ ئەوەی باسی بکات و کەس پێی بزانێت. ئەو پیاوێک بوو، سەرڕاست و قسەلەڕوو، هیج جۆرە پێچوپەنا و شاراوەییەکی نەبوو. ڕۆحسووک و ئیسکسووک و پڕ وزە بوو.

 مامۆستا ڕەئووف، بۆ ئێمەی شاکەلییان، یەکێک بوو لە خۆمان. ئەو هەمیشە لەگەڵ منداڵ و گەورەماندا، لەگەڵ پیاو و ژنماندا، لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکماندا، لە شایی و شینماندا هەبوو. مخابن ئەو زوو جێیهێشتین. لەدەستانی ئەو، لەدەستان و بزربوونی دۆست و هاوڕێیەکی هێژا و خۆشەویستێکە، جێگەی خاڵییە و ئەستەمە فەرامۆش بکرێت. بە دڵێکی پڕ ناسۆر و پڕ حەسرەتەوە، لەگەڵ نووسەری مەزنی فرانسی ڤیکتۆر هۆگۆدا دەڵێم:"فرمێسکەکانی قووتیان دەدەم، لە فرمێسکەکانی دەیانڕێژم، تاڵترن".

 ڕۆحی مامۆستا ڕەئووف شاد و یادی هەمیشە پڕخێر و گەش و زیندوو.

 

19-12-2020 

سەرۆککۆمار

  سەرۆککۆمار ئەمجەد شاکەلی لە 2003وە و دوای داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە، بە ناوی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سیاسەتی تەواف...