داعشایه‌تی و
پاشخانی داعش
- به‌شی دووه‌م –
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
- یه‌ک –
سیبه‌ل ئێدمۆندز(Sibel Edmonds) ، ئه‌مه‌ریکاییه‌کی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک
تورکه، وه‌ک وه‌رگێڕ
له ئێف. بی. ئای(FBI)، واته: پۆلیسی فیدرالی ئه‌مه‌ریکا یا کارگێڕیی
لێکۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی ئه‌مه‌ریکادا، کاری کردووه ئێستاش نووسه‌ر و فره کاره. سیبه‌ل، ئه‌و
که‌سه‌یه، که مرۆڤ ده‌توانێت ناوی زوڕناژه‌نی لێ بنێ. زوڕناژه‌ن، نه‌ک به واتای
ئه‌وه‌ی وه‌ک مووزیکژه‌ن کار ده‌کات یا مووزیک وه‌ک ئاره‌زوو و بۆ خۆشی ده‌ژه‌نێ،
به‌ڵکه ئه‌و ناوه به که‌سێک ده‌گوترێ، که زۆرجاران زانیاری و ورده‌کاریی ده‌داته
میدیاکان، وه‌ک ئاشکراکردنی نهێنی و هه‌ڵماڵینی په‌رده له‌سه‌ر شتی شاراوه، له‌نێو
ئه‌و ڕێکخراو و دهسگهیهی کاری تێدا ده‌کات، بۆ نموونه له‌مه‌ڕ، گه‌نده‌ڵی،
چاودێری و گوێگرتنی ده‌وڵه‌ت و جاسووسی، تاوان به‌رانبه‌ر ژینگه و شتی دیکه.
له‌و گرته
ڤیدیۆییه‌دا، که دیدارێکه له‌گه‌ڵ وێ، له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی
داعشه‌وه ده‌په‌یڤن و لهتهلیڤزیۆنی
ڕووسیای ئه‌مڕۆ(RT)وه په‌خش کراوه، سیبه‌ل
ئێدمۆندز پێیوایه:"داعش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه دروست کراوه و له‌لایه‌ن
ئه‌مه‌ریکاوه به‌خێو ده‌کرێ و داعش ته‌نێ ناوێکی نوێیه بۆ ئه‌وه‌ی جاران پێی ده‌گوترا ئه‌لقاعیده..په‌یدابوون
و سه‌رهه‌ڵدانی داعش کارێکی له‌ناکاو و کت‌وپڕ نه‌بووه، چونکه داعش، میدیا و
سازکه‌رانی پرۆپاگه‌نده‌ی پشتی ماسمیدیا، دروستیان کردووه..ئه‌مڕۆ داعشه و ڕه‌نگه
مانگێکی دیکه شتێکی دیکه په‌یدا بێت، که به مه‌ترسیی دابنرێ..ماسمیدیا (به
ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا) ڕێک هه‌مان شتیان له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دا کرد،
که ئه‌مڕۆیش له‌گه‌ڵ داعشدا ده‌یکه‌ن". به ڕای سیبه‌ل ئێدمۆندز، گۆڕینی
ناو(له ئه‌لقاعیده‌وه بۆ داعش) ته‌نیا به مه‌به‌ستی بازاڕگه‌رمی و بازرگانییه.
له ڕێگه‌ی ناوی داعشه‌وه ڕۆژاوا توانیی، ته‌واوی جووڵانه‌وه‌ی جیهانیی تێرۆر، به
ئیسلامه‌وه ببه‌ستێته‌وه. ئه‌مه نه‌خشه و سترایژییهتی بازرگانی و بازاڕه له‌لایه‌ن
ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ و ڕۆژاواوه.
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که باسی ئه‌وه ده‌کات که سه‌رۆک ئۆباما تاوانی جه‌نگی
نێوخۆی سووریا ده‌خاته ئه‌ستۆی داعش و به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌وه‌ش
ناشاراێتهوه، که له ڕاستیدا ئه‌مه‌ریکا کۆمه‌کی دارایی به یاخیبووه‌کان له
دژی ڕژێمی سووریا کردووه. پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که پرسیار له سیبه‌ل ئێدمۆندز
ده‌کات، که ئایا حوکوومه‌تی ئه‌مه‌ریکا زانیویه‌تی کۆمه‌کی داراییان به کێ
کردووه؟
سیبه‌ل ده‌ڵێ:"بێگومان، ڕێک وه‌ک چۆن ئه‌مه‌ریکا له ساڵانی 1980کاندا
ده‌یزانی له ئه‌فغانستان(به موجاهیدین) و له که‌وکاس و ناوه‌ڕاستی ئاسیا به
گرۆ ئیسلامییه تێرۆریسته‌کان و به ئه‌لقاعیده، کۆمه‌کی دارایی ده‌کرد. ئه‌وه‌ی
ئه‌مڕۆ ڕووده‌دا هیچ جیاواز نییه، ته‌نێ ناو گۆڕینێکه، ته‌نێ هێماکه، ناوه‌که،
ناوونیشانه‌که، گۆڕدراوه. ئه‌مه دیارده‌یه‌کی نوێ نییه، به‌ڵکه هه‌مان جه‌نگه
له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که پرسیاری ئه‌وه ده‌کات، که ئایا ئه‌مه‌ریکا هێز
ده‌نێریت بۆ وه‌ی دژی داعش بجه‌نگێ، له‌م کاته‌دا که کورده‌کان داوای کۆمه‌ک ده‌که‌ن؟
سیبه‌ل ده‌ڵێ:"ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆکارگه‌لێکی جیاواز. به درێژایی
مێژوو کورد هه‌میشه خه‌ڵه‌تێنراوه و به‌کاربراوه، وه‌ک چۆن له جه‌نگی عیراقدا
بینیمان، بۆ نموونه. ئه‌مه‌ریکا شانازی به تورکیاشه‌وه ده‌کات". پێشکه‌شکاری
پرۆگرامه‌که پرسیاری ئه‌وه ده‌کات، که بۆ کورده‌کانی سووریا هێنده‌ی کورده‌کانی
عیراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه کۆمه‌ک ناکرێن؟ به ڕای سیبه‌ل:" نه‌فت
هۆکارێکی گرنگه بۆ ئه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورده‌کانی سووریا نه‌فتیان نییه، ئه‌مه‌ریکا
له کورده‌کانی عیراق که‌متر کۆمه‌کیان پێ ده‌کات".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که، ده‌گێڕێته‌وه که لییۆن پانێتتا(Leon Panetta) وه‌زیری پێشووی به‌رگریی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێ، که ئه‌مه‌ریکا
چاوه‌ڕوانی 30 ساڵان جه‌نگ له دژی داعش ده‌کات. به ڕای سیبه‌ل:" ئه‌وه
ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مه". ئه‌و(سیبه‌ل) ده‌ڵێ:"جه‌نگ دژی ئه‌لقاعیده له
ئه‌فغانستانه‌وه ده‌ستیپێکرد و به‌رده‌وام بوو و گه‌یشته یه‌مه‌ن و پاکستان و
عیراق و ئێستاش ناوه‌که گۆڕدرا بۆ داعش و جه‌نگه‌که به‌رده‌وام ده‌بێ و ئه‌مه
ده‌بێته جه‌نگێک به‌رده‌وام و هه‌میشه‌یی. ئێستا سه‌رکه‌وتن له گۆڕینی ناوه‌وه
له ئه‌لقاعیده‌وه بۆ داعش هاتووه‌ته دی، ڕێکخراوه‌که وشه‌ی ئیسلامی به خۆیه‌وه
لکاندووه و ئه‌مه‌ش واتایه‌کی گه‌لێک گه‌وره‌ی هه‌یه و به‌کارهێنانیشی واتایه‌کی
مه‌زنتری ده‌داتێ. بۆیه ئه‌م جه‌نگه شایه‌د ببێته جه‌نگێکی هه‌میشه‌یی".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که ده‌ڵێ، جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا جۆ بایدن(Joe
Biden)، عه‌ره‌بستانی
سعوودی، میرنشینی یه‌کگرتووی عه‌ره‌ب و تورکیا، تۆمه‌تبار ده‌کات به کۆمه‌ککردن
به توندڕۆیهکان له سووریا. ئه‌و دواتر داوای لێبوردنی کرد. به‌ڵام پێشکه‌شکاری
پرۆگرامه‌که له سیبه‌ل ده‌پرسێ، ئایا ئه‌وه‌ی بایدن ده‌یڵێ ڕاسته؟ به ڕای سیبه‌ل:"بۆ
تێگه‌یشتن له‌وه گرنگه مرۆڤ بنۆڕێته پاشخانی مێژووی و ته‌واوی مێژووه‌که به‌سه‌ریه‌که‌وه.
یاخیبووه‌کانی سووریا له بنکه‌ی فڕۆکه‌خانه جه‌نگییه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا له
خوارووی تورکیا نێزیک به سنووری سووریا مه‌شق و ڕاهێنانیان پێ کراوه. یاخیبووه‌کان
به هاریکاری هێزه‌کانی ناتۆ و بریتانیا مه‌شق و ڕاهێنانیان پێ کراوه و هه‌موو ئه‌وانه‌ش
له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه نه‌خشه‌ی بۆ دانراوه و ڕێکخراوه و ئاماده کراوه.
بێگومان ماسمیدیا ناکه‌وێته گه‌ڕان و لێکۆڵینه‌وه وه‌دووی نۆره‌ی ئه‌مه‌ریکادا
له‌و هه‌موو باسانه‌دا. ئه‌و یاخیبووانه، که له‌لایه‌ن ناتۆ و ئه‌مه‌ریکا و
بریتانیاوه، ڕاهێنانیان پێ کراوه، هه‌نووکه ناویان داعشه. جۆ بایدن، بۆیه له
قسه‌که‌ی خۆی په‌شیمان بوووه، چونکه ئه‌ردۆغان پێی قه‌ڵس بوو".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که ده‌پرسێ، بۆچی بۆ وڵاته موسوڵمانه سوننه‌کانی
وه‌ک قه‌ته‌ر یان تورکیا ڕووخاندنی به‌ششار ئه‌لئه‌سه‌د هێنده گرنگه؟ عه‌ره‌بستانی
سعوودی و قه‌ته‌ر هاریکاری یاخیبووه‌کانی دژی ئه‌سه‌د ده‌که‌ن و تورکیاش کورده‌کان
هانده‌دا بۆ وه‌ی دژی هێزه‌کانی ئه‌سه‌د بجه‌نگن. به ڕای سیبه‌ل:"ئه‌مه هه‌رگیز
به قازانجی ئه‌م وڵاتانه نییه. تورکیا ئه‌ندامی ناتۆیه و چه‌ند ده‌یه‌یه له‌لایه‌ن
ئه‌مه‌ریکاوه به‌ڕێوه‌ده‌برێ. ته‌نانه‌ت یه‌کیه‌تیی میرنشینای عه‌ره‌ب و عه‌ره‌بستانی
سعوودی و وڵاتانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ش گرێدراوی ئه‌مه‌ریکان. ڕووخانی ئه‌سه‌د به
قازانجی ئه‌و وڵاتانه نییه، به‌ڵکه بۆ ئه‌وان کارێکی نهئێنییه و خراپ ده‌که‌وێته‌وه".
به گوێره‌ی سیبه‌ل:"گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه دژی ئه‌وه‌ن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ بۆ
نموونه پرسیار له خه‌ڵکی تورکیا بکات ئه‌وا 90%ی خه‌ڵکه‌که دژی ئه‌وه‌ن که
ڕووده‌دات. تورکیا پێوه‌ندێکی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د و سووریادا هه‌بوو و له‌نێوانیاندا
پێوه‌ندێکی باشی بازرگانی هه‌بوو. تورکیا ده‌بێ ئه‌و سیاسه‌ت و نه‌خشه‌یه پێڕۆ
بکات، که ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ دایانڕشتووه، بێ ڕه‌چاوکردن و گوێدانه ئه‌وه‌ی،
خۆیان سوودمه‌ند ده‌بن لێی یا نه‌ء. له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ئه‌و
ده‌ڤه‌ره هیچ گرنگیی و نۆره‌یه‌کیان نییه، به‌ڵکه هه‌میشه، به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریکا
گرنگ بووه و گرنگه".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که باس له‌وه ده‌کات، که به گوێره‌ی سه‌رۆکی ئێف.
بی. ئای، تێرۆریسته‌کان کار بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، له کاتێکی زۆر نێزیکدا په‌لاماری
ئه‌مه‌ریکا بده‌ن، ئایا ئه‌مه‌ریکا ئاماده‌یه به‌رسڤی ئه‌وه بداته‌وه؟ سیبه‌ل
ده‌پرسێ:"ئایا هیچ بنه‌مایه‌کی ڕاستیی بۆ ئه‌و قسه‌یه هه‌یه؟". به
ڕای وێ(سیبه‌ل):"ئه‌مه پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه، که هه‌ڕه‌شه دژی ئه‌مه‌ریکا
له‌م دواییانه‌دا که‌م و کز بووه. ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێ پله‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه
به‌رز کاته‌وه بۆ پێشه‌سازی جه‌نگ و چه‌ک وهگهڕخات. له‌وده‌مه‌وه‌ی ئه‌لقاعیده
بووه به داعش، نرخی پشک له کۆمپانیا سه‌ربازییه‌کاندا یه‌کجار به‌رز بوونه‌وه.
ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێ ڕاده و پله‌ی ترس له‌کن خه‌ڵک به‌رز کاته‌وه بۆوه‌ی بتوانێت
پتر خه‌رجی و مه‌سره‌ف بۆ هێزی سه‌ربازیی دابین بکات و ژماره‌ی هه‌واڵگر و سیخوڕان و...زیاد
بکات. کاتێک خه‌ڵک ده‌ترسن، پاساو بۆ خه‌رج و مه‌سره‌فیان هه‌یه".
پێشکه‌شکاری پرۆگرامه‌که ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات که به پێی ئێف.بی.ئای،
ده‌یان ئه‌مه‌ریکایی له ڕیزه‌کانی داعشدا هه‌ن و شانبه‌شانی ئه‌وان ده‌جه‌نگن. به
گوێره‌ی سیبه‌ل:"ئه‌وه‌ش قسه و شێوازێکه بۆ تۆقاندن و ترساندنی ئه‌مه‌ریکاییه‌کان
و به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی هه‌ڕه‌شه‌که. سووریا و عیراق، گه‌لێک له ئه‌مه‌ریکاوه
دوورن و له‌به‌ر ئه‌وه خه‌ڵکیش ڕه‌نگه وا بیربکه‌نه‌وه، که هه‌ڕه‌شه‌که
لێیانه‌وه دووره، به‌ڵام که باس له‌وه ده‌کرێ ئه‌مه‌ریکاییه‌کان ده‌چن بۆ ئه‌و
ده‌ڤه‌ره، ڕه‌نگه ئه‌وه وا لێکبدرێته‌وه، ئه‌وانه پاشتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه و په‌لاماری
ئه‌مه‌ریکا ده‌ده‌ن، به‌و دیتنه داعش نزیک ده‌خرێته‌وه و فرۆشتنی جه‌نگ و شهرگێڕان
دژ به تێرۆر هاسانتر ده‌بێت"[1].
- دوو-
ڤیدیۆی دووه‌م
ئه‌وه پێشان ده‌دات، که ئه‌لقاعیده له‌نێو ئه‌و ده‌سته و گرۆ و ڕێکخراوه چه‌کدار
و یاخیبووانه‌ی ده‌یانه‌وێ ڕێژیمی سووریا بڕووخێنن هه‌یه و ئه‌لقاعیده له‌لایه‌ن
توندڕۆی ئیسلامییه‌وه دانه‌مه‌زراوه، به‌ڵکه له‌لایه‌ن سی.ئای.ئه‌ی(CIA)ه‌وه دامه‌زراوه. گرته‌ڤیدیۆییه‌که هیله‌ری کلنتن(Hillary
Clinton) پێشان ده‌دات، که بۆ خۆی ده‌ڵێ:"کاتێک
یه‌کیه‌تی سۆڤیێت ئه‌فغانستانی داگیرکرد، ئه‌مه‌ریکا هێزێکی له موجاهیدین
پێکهێنا. ئه‌مه‌ریکا چه‌کی به‌وان دا بۆ وه‌ی دژی سۆڤیێتییه‌کان بجه‌نگن و له‌و جه‌نگه‌شدا
سه‌رکه‌وتن. ئه‌مه‌ریکا ئه‌و چه‌کداره توندڕۆ مه‌شقپێکراو و ڕاهێنراوانه‌ی به چه‌که‌کانیانه‌وه
له ئه‌فغانستان و پاکستان به‌جێهێشت. ئه‌وده‌مه ئیدی کێشه‌ی ئه‌مه‌ریکا چاره‌سه‌ر
بوو، چونکه ئیدی سۆڤیێت له ئه‌فغانستان چووبووه ده‌رێ...ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه
دژی ده‌جه‌نگین، ئه‌وده‌م بۆ خۆمان دروستمان کردن. ئێمه به کۆماریی و دیموکراته‌وه
له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ڕیگندا بووین و له سعوودییه‌وه کۆمه‌کمان وه‌رگرت و بۆخۆمان
هانده‌ری موسوڵمانه تونداژۆکان بووین و ڕێبازی وههابیمان هاورده نێوه‌وه، هه‌موو
ئه‌وانه بۆ دژایه‌تی سۆڤیێت..ئێمه پێش 20 ساڵان ئه‌وانمان دروست کرد، بۆ ئه‌وده‌مه‌ی
سۆڤیێت وه‌به‌رهه‌مهێنان و کارێکی خراپ نه‌بوو، به‌ڵام تۆوێکی چاند"[2].
- سێ -
له جڤینێکی نێوه‌ند یا نێوه‌ڕۆکی سیاسه‌تی ئاساییش(Content Security Policy)، کورتکراوه‌که‌ی ده‌بێته(CSP)، که دهسگهکهیه بۆ به‌رگری و
به‌ره‌وڕووبوونه‌وه له هه‌موو جۆره هێرش و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌نده‌کانی
ئه‌مه‌ریکا، له ئه‌مه‌ریکا، له 16ی جه‌نیوه‌ری 2015دا، وه‌ک ده‌مه‌ته‌قه و گه‌نگه‌شه‌یه‌ک
له‌ژێر ناوی "جه‌نگ دژی تێرۆر"، چه‌ند که‌سێکی شاره‌زای ئه‌و بواره
دانیشتوون و گوێ ده‌ده‌نه فرانک گهفنی(Frank Gaffny) و مایکڵ وه‌ڵه (Michael Waller). فرانک گهفنی،
ئه‌مه‌ریکاییه، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و سیاسه‌تکارێکی کارامه‌ی بواری ئاساییشه
، دامه‌زێنه‌ر و سه‌رۆکی "نێوه‌ندی سیاسه‌تی ئاساییش- CSP" ه، که ده‌سگه و ڕێکخراوێکی
ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی نوێکۆنسێرڤاتیڤ و سیاسه‌تی به‌رگرییه. شاره‌زای ئیسلامه. هه‌رچی
"مایکڵ وه‌ڵه"یشه، ئه‌مه‌ریکاییه، نووسه‌ر و ئه‌کادیمی
و سیاسه‌تکارێکی کارای بواری ئاساییش و سیاسه‌تی جیهانیی و ئیسلامی ڕادیکاڵ و
ئێرانه و جێگری سه‌رۆکی "نێوه‌ندی
سیاسه‌تی ئاساییش- CSP" ه، که ده‌سگه و ڕێکخراوێکی
ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی نوێکۆنسێرڤاتیڤ و سیاسه‌تی به‌رگرییه. ئه‌وان، باس له جه‌نگ
دژ به جیهادی ئیسلامی و چۆنیه‌تی له‌نێوبردنی ده‌که‌ن. گهفنی، باس له‌و دهسهگهیهی
خۆیان ده‌کات و باس له‌وه ده‌کات، که چی پێویسته بۆ سه‌رکه‌وتن له‌و جه‌نگه‌دا دژ به‌و ئیسلامییانه و باسی به‌رهه‌مهێنانی
توێژینه‌وه‌یه‌کی نوێ ده‌کات، که نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌که بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ی ناویان
ناوه"جه‌نگی جیهانی ئازاد". گهفنی، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه به باشترین
ناو ده‌زانێ بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ی ئێستا له گۆڕێدایه و ڕووده‌دات و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ:"
پێوه‌نده به ژیان و ئازادی ئێمه و ژیان و ئازادی ئه‌وانه‌ی هاوبه‌شن له به‌ها
و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی ئێمه‌دا". گهفنی ده‌ڵێ:" ئێمه و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵمانن
تووشی هێرشێک بووینه‌ته‌وه له دوژمنێکه‌وه که 14 ساڵه سه‌رمان لێ ده‌شێوێنێ[3]،
14 ساڵی ڕابوردوو، ده‌توانین بڵێین له 1979وه که قایلبووین به‌وه‌ی ناوێکی
ڕێکوڕه‌وانی لێبنێین و ئه‌وه ده‌ستنیشان بکه‌ین، که گیانی به‌به‌ردا ده‌کات و چی
پێویسته بۆ تێکشکاندنی، ئه‌مه‌ش(سیپاره‌یه‌ک پێشان ده‌دات) هۆی ئه‌م به‌رهه‌مه
نوێیه‌یه، که ناومان لێ ناوه"ستراتیژیی ئازادیی پارێزراو"، ئه‌مه خه‌ڵکانێکی
زۆر نایاب دایانناوه و له‌م به‌رنامه‌یه‌دا ده‌یبینن و له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێین.
به شێوه‌یه‌کی ڕوونتر و ئاساییتر ئێمه ڕووبه‌ڕووی بزاڤێکی جیهادیی جیهانیی
بووینه‌ته‌وه، که چه‌ندین جۆر و ڕێکخراوی جیاوازی هه‌یه، له شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت و
نیمچهدهوڵهت و ڕێکخراو و ده‌سته و خه‌ڵکدا. هه‌موویان هه‌مان شت ده‌که‌ن،
هێرشی جیهادیی، هه‌ریه‌که‌و به جۆرێک جیهاد ده‌کات..توندوتیژی، من ناڵێم
ناتوندوتیژی یا ئه‌وه‌ی پێش توندوتیژی دێت، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌کی فراوان به‌لای که‌مه‌وه
له 1979ه‌وه[4] جه‌نگی
جیهاد دژی ئێمه ده‌که‌ن و به هاریکاریی کارگێڕیی کارته‌ر له‌کاتی خۆیدا ئه‌م
جیهادییانه ده‌ستیان به‌سه‌ر حوکوومه‌تی ئێران‌دا گرت[5].
له‌پشت ئه‌م جیهاده‌وه و ئه‌وه‌ی گیانی به‌به‌ردا کرد و داوای ده‌کات و ده‌یکاته
ژارێکی ئیدیۆلۆگی، شتێک هه‌یه، پێڕۆیانیان به "شه‌ریعه‌ت" ناوی ده‌به‌ن..له‌و
ستراتیژییه‌دا چه‌ند خاڵێک ڕوون کراونه‌وه.. ئێمه باس له‌و موسوڵمانانه ناکه‌ین،
که ده‌یانه‌وێ وه‌ک تاک پێڕۆی ئیسلام بکه‌ن و بۆ خۆیان بێ هه‌ڕه‌شه ئیسلامه‌تی
خۆیان ئه‌نجام بده‌ن. ئێمه کاتێک باس له‌و ده‌سته‌واژه‌یه "شه‌ریعه‌ت"
ده‌که‌ین، باس له هه‌لسوکه‌وت و پیاده‌کردنێکی دیاریکراو ده‌که‌ین، که ته‌نیا
توندڕۆ و کۆنه‌خوازان نایسهپێنن، به‌ڵکه ده‌سه‌ڵاتداره ئیسلامییه‌کانیش. ئامانجی
ئێمه یارمه‌تیدانه بۆ هێنانه‌گۆڕێی قسه‌وباسێک، که ده‌بێ ده‌ست پێ بکات، بۆ له‌نێوبردنی
ئه‌م جیهاده، نه‌ک ته‌نێ وه‌ک ئه‌وه‌ی له ته‌واوی جیهاندا ده‌کرێ، به‌ڵکه زیاتر
له پێته‌ختی وڵاتانی هاوپه‌یماناندا، وه‌ک چۆن حه‌فته‌ی پێشوو بینیمان[6].
له‌ڕاستیدا ئێمه خۆمان، له ڕوودانێکی وه‌ها له پێته‌ختی خۆمان، دوورخسته‌وه".
ئه‌وجا فرانک گهفنی، جێگره‌که‌ی خۆی پێشکه‌ش ده‌کات و به‌مجۆره دهیداتهناسین:"بڕوام
وایه نسهرچاوهیهکی نه‌ته‌وه‌ییه بۆ بابه‌ته پێوه‌ندداره‌کان به ئیدیۆلۆگی و
زانیاری و کرده‌ی دژ به دوژمنانمان و
کاریگه‌ریی له‌سه‌ریان، به‌تایبه‌ت له ئه‌مه‌ریکا، ئه‌ویش (دی. جه‌ی. مایکڵ وه‌ڵه)ی
هاوکارمه له نێوه‌ندی سیاسه‌ته‌کانی ئاساییش..ئه‌و شاره‌زایه‌کی قووڵه، له
ساڵانێکه‌وه که ڕۆناڵد ڕیگن سه‌رۆک بوو، له‌بواری دژایه‌تی جه‌نگی ئیدیۆلۆگیدا و
چۆن ئیدیۆلۆگییه دوژمنه‌کانی ئێمه، دژمان کار ده‌که‌ن و چۆن ده‌توانین پێویستییه‌کانمان
ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین بۆ له‌نێوبردنیان".
ئه‌وجا مایک وه‌ڵه، ده‌ست به ئاخافتن ده‌کات و ده‌ڵێ:"
ئه‌مه جه‌نگێکه ئێمه خه‌ریک بوو تێیدا بدۆڕێین و بشکێین، تا له دڵی
ئیدیۆلۆگییهکهیانمان دا، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه له جه‌نگی سارددا دژی سۆڤیێت
کردمان. ئێمه سه‌رنه‌ده‌که‌وتین تا ڕێبه‌ریه‌تیی سۆڤیێت بۆ خۆی باوه‌ڕی به
ئیدیۆلۆگییه‌که‌ی خۆی نه‌ما. ئه‌مه‌ش کاتێک ڕوویدا، که ئه‌لیکسانده‌ر یاکۆڤلێڤ[7]
به‌رپرسیی ئیدیۆلۆگیی له کۆمیته‌ی نێوه‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیێت به‌ته‌واوی
باوه‌ڕی به ئیدۆلۆگییهکهی خۆیان نه‌ما و سه‌لماندی، که ئه‌و بۆخۆی یه‌کێکه له
هاوپه‌یمانانمان، له سه‌رکه‌وتنماندا له جه‌نگی سارددا. ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌وڵه‌ت
و ڕێبه‌رییه‌کی ده‌روه‌ست و بهتهنگههاتووی چوونه نێو ئه‌و جه‌نگه ئیدیۆلۆگییه،
له‌ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژی نه‌بووینایه، بێ ئه‌وه‌ی چ ڕێزێکی لێبنێین، یا
هیچی بۆ بکه‌ین و بایه‌خی بده‌ینێ، ئه‌و ئه‌و کاره‌ی نه‌ده‌کرد و موکوڕیش نه‌ده‌بوو
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که کردی. ئه‌و پێویستی به‌وه بوو بزانێت، حوکوومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی
خۆی له ده‌رێ ڕا، گوشار ده‌خرێته سه‌ریان و ئه‌گه‌ر بۆخۆیان داڕووخان و خۆیان به
جۆرێکی گونجاو ڕێکنهخستهوه، ئه‌وا ده‌دۆڕێن، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی گڵاسنۆست و
پێرێسترۆیکا[8](کرانه‌وه
و ڕێکخستنه‌وه و بیرازی ئابووری )وه هاته‌دی. هه‌رچه‌نده نموونه‌گه‌لێکی زۆر جێ
سه‌رنج نه‌بوون، به‌ڵام بۆ ئاساییشی جیهان به‌گشتی، یه‌کلاکه‌ره‌وه بوون...ئیدی
کاره‌که به‌ره‌و ئه‌وه چوو، جیهان له وێرانکاریی کۆمۆنیزم،که مۆسکۆ سه‌رپه‌رشتیی
ده‌کرد، ڕزگار بێت..ئه‌مڕۆ ده‌توانیت زۆر شتی هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌وانه‌دا بدۆزییه‌وه..نێوه‌ند
و بنکه‌ی ئیدیۆلۆگی هه‌ن: زانستگه‌ی ئه‌زهه‌ر له مسر، جێگه‌ی جیاوازی دیکه له
ئێران و سعوودییه، نێوه‌ندی کۆمه‌کی دارایی هه‌ن، وه‌ک حوکوومه‌تی قه‌ته‌ر و بنه‌ماڵه‌ی
ئال سانی[9]
له قه‌ته‌ر، که خاوه‌نی ده‌سگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پرۆپاگه‌نده‌ن بۆ دژایه‌تی و
سووککردنی ئێمه(ئه‌مه‌ریکا) و ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی بڕوامان به‌وه‌ی له‌مه‌ڕ
خۆمانه‌وه بڕوامان پێیه‌تی، نه‌مێنێ و بڕێکمان دوژمنایه‌تی بڕێکی دیکه‌مان بکه‌ین
و کۆمه‌کی مه‌عنه‌وه‌ی و ئه‌خلاقی به دوژمنه‌کانمان بکه‌ین..چه‌ندین خه‌ڵکی بانک
و دارایی و ئه‌ندامی خێزانه پاشاکانی دیکه‌ی که‌نداو هه‌ن، که به‌رده‌وامن له
به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتیکردن و ده‌سه‌ڵاتداربوون، به‌سه‌ر ئه‌م جیهاده
ئیدیۆلۆگییهدا، له هه‌موو جیهاندا، به‌ڵام ئێمه به‌ڕاستیی نامانه‌وی به‌مجۆره
سه‌یری شته‌کان بکه‌ین... وه‌ها سه‌یری ناکه‌ین و وه‌ها چاره‌سه‌ری ناکه‌ین..له
قه‌ته‌ر ئاماده‌ییه‌کی سه‌ربازیی به‌هێزمان هه‌یه، ئه‌وان به‌ڕاستی دۆستمانن،
وانییه؟ بۆیه وه‌ها ته‌ماشای کاره‌که ده‌که‌ین! له‌هه‌مان کاتیش‌دا هه‌ندێک
وڵاتی دیکه‌ی که‌نداو پێیانوایه، ئه‌م ئیدیۆلۆگی و ئه‌و بزاڤه جیهادییانه‌ی ئه‌وان
کۆمه‌کیان پێ کردوون و داراییان بۆ دابین کردوون..یا به‌لای که‌مه‌وه سۆز و مه‌یلیان
بۆ بوون، مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر خۆیان و له‌سه‌ر خۆشگوزه‌رانی ماددی ئه‌وان دروست ده‌که‌ن
و به‌م نزیکانه‌ش به دهوروگردی خۆیاندا ده‌سووڕێ و بۆخۆیان گیرۆده ده‌بن، ئه‌وه‌تا
له سعوودییه، ئه‌م شایه نه‌خۆشه‌ی ئێستای[10]،
هه‌موو ڕێبه‌ره ئیدیۆلۆگییه‌کانی جیهادی له حوکوومه‌تی سعوودییه‌دا،که زۆریان
له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه هه‌ر وه‌زیر بوون که‌نارخست و وه‌ده‌رنا،..ئه‌مه
ده‌گاته کوێ نازانین! به‌ڵام ئێمه ئه‌وه ده‌زانین، شتێک له‌ناو دڵی دابینکه‌رانی
دارایی بزاڤی جیهانیی جیهاددا ڕووده‌دا..ئێستا دوژمنایه‌تییه‌کی زۆر له‌نێوان
سعوودییه و میرنشینی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بیدا هه‌یه و هه‌ندێک هه‌ن دژی خێزانی
ئال سانی و قه‌ته‌رن..ئه‌مه‌ریکا به‌گشتی له‌گه‌ڵ کێدا ده‌بێ، که قه‌ته‌ر وه‌ک
داکۆکیکاری سه‌ربازی له ڕێبه‌ریه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی جیهادی سوننی داده‌نێ! ئێستا سه‌رۆکی
مسر[11]
هه‌یه، که برایانی موسوڵمانی[12]
تێکشکاند و له هه‌موو که‌سێک زیاتر له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی، لێی گرتن و زیندانیی سه‌رانی
برایانی موسوڵمانی کرد و سه‌دان ههواداریانی گرت..سه‌رۆکی پێشووی مسر[13]،
که سیخوڕی برایانی موسوڵمان بوو..ئه‌و ڕاپه‌ڕینه ڕێکنهخراوهی، ئه‌مه‌ریکا دژی
موباره‌ک ڕایگه‌یاند، به‌و جۆره‌ی به‌کاربرد ..ئه‌مه‌ریکا چ کۆمه‌ک و هاندانێک به‌م
جۆره که‌سانه بکات؟ هیچ.. هیچ..سه‌رۆکی ئێستای مسر پێش دوو حه‌فته چووه
زانستگه‌ی ئه‌زهه‌ر و به ڕێبه‌رانی تیۆری و مه‌شقی بزاڤی جیهادی، که له زانستگه‌ی
ئه‌زهه‌رن گوت، ڕاوه‌ستن ئێوه په‌رچه‌کردارێکی جیهانیی دژی ئێمه هه‌موومان دێننه
گۆڕێ..ئێوه کارێک ده‌که‌ن هه‌موو جیهان له ئێمه بترسێ و هه‌موو موسوڵمانان
ڕقیان له ئێمه بێته‌وه، ڕاوه‌ستن و به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن
بزانن چۆن ده‌بێت به‌ڵام ئه‌و، به‌م جۆره چالاکییانه، بۆخۆی و ته‌واوی خێزانه‌که‌ی
مردنی هه‌ڵبژارد! ئێمه هیچ کۆمه‌کێک لێره‌دا وهدهستناهێنین..ئێمه چ بنگه‌یه‌کی
بیرمه‌ند و خه‌ڵکی چالاک و بارهێنراو و شاره‌زا و کارامه‌مان، نه له وه‌زاره‌تی
کاروباری ده‌ره‌وه و نه له ده‌سگه‌ی هه‌واڵگری و وه‌زاره‌تی به‌رگری و نه له
هیچ جێگه‌یه‌ک هه‌یه..جه‌نگی ئیدیۆلۆگی شتێکه هه‌ست به ئاسووده‌یی ناکه‌ین له‌گه‌ڵیدا..ئه‌و
چاره‌سه‌رێکی ستراتیژییه بۆ زۆرێک له کێشه‌کانمان به خه‌رجییه‌کی که‌م و کاریگه‌رییه‌کی
باڵا..ناشبێ یه‌که‌یه‌ک ڕاسپێری بۆ جه‌نگیی ئه‌لیکترۆنی بۆ چاره‌سه‌ریی، چونکه ئه‌وه
له بواری شاره‌زایی وان‌دا نییه..به‌ڵام له‌وێ خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ن،کارامه و شاره‌زان
و خۆیان خۆیان فێرکردووه و شاره‌زاییان په‌یدا کردووه، بۆ فێربوونی ئه‌و
ئیدیۆلۆگییه..که‌واته له‌نێو سپادا و به‌تایبه‌ت له‌نێو هێزی تایبه‌تی سه‌ربازیدا،
بۆ کرده‌ی تایبه‌ت "چالاکیی هزریی" هه‌یه،،به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی
ستراتیژی نا..بێگومان لێره له‌م(ئه‌مه‌ریکا)یه ڕێبهریهتییهکی ئیسلامیمان، وه‌ک
شاره‌داری ڕۆتردام[14]
بۆ نموونه، که داکۆکیکارێکی توند و به‌هێزی ئازادی په‌نابه‌ر و کۆچکردووان
بوو، نییه، که به نه‌ریت له لیبرالهکانن..له مه‌سیحییه‌کانن له وڵاته
پرۆتستانته‌کانی وه‌ک هۆڵاند..که‌واته ئه‌مه چاره‌سه‌رێکه هه‌یه و هێشتا ئه‌و
کهسانهمان هه‌ن، که به‌رنامه‌یان دژی سۆڤیێت دانا، ئه‌وان هێشتا زیندوون و ده‌زانن
وه‌ها کارێک چۆن ده‌کرێ..هه‌ندێک له‌وانه‌ش هه‌ن، که له کرده‌ی دژی نازییه‌کاندا
له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، به‌شدارییان کرد، واته: بنگه‌یه‌کی به‌هێزی کۆمه‌ک
هه‌یه! بێجگه له‌وانه‌ش ده‌توانین له‌نێو جیهانی ئیسلامی‌دا، هاوپه‌یمانیه‌تی
تاکتیکی و ستراتیژیی به‌کار بێنین، که تا ئێستا پشتگوێمان خستوون"[15].
- چوار-
له
دوو ڤیدیۆ پێکهاتووه، یه‌که‌میان، دوو به‌شه و تێکه‌ڵکراوه، له
به‌شی یه‌که‌مدا، وێنه‌یه‌کی سیناتۆری ئه‌مه‌ریکی له پارتی کۆماریی میشێل باکمان(Michele Bachmann)ه له 5ی سیپته‌مبه‌ری 2013دا،
له‌گه‌ڵ پاپای قیبتییه‌کانی مسر توازرۆسی دووه‌م له باره‌گای پاپا له مسر ڕاوه‌ستاوه.
پاشان له 7ی سیپته‌مبه‌ری 2013دا، له تهلیڤزیۆنی مسر قسان ده‌کات. له قسه‌کانیدا
ده‌ڵێ:" من وه‌ک ئه‌ندامی کۆنگریسی ئه‌مه‌ریکی، به هه‌موو هێزێکمه‌وه له‌گه‌ڵ
کۆمه‌کی سهربازییدام به سپای مسر..ئێوه هاوبه‌شی ئێمه بوون له جه‌نگی دژه
تێرۆردا..ده‌مانه‌وێ دڵنیا بین له‌وه‌ی هه‌لیکۆپته‌ری ئاپاچی و فڕۆکه‌ی ئیف 16و ئه‌و پێداویستییانهتان هه‌یه، که به‌کارتان
هێناون بۆ تێکشکاندنی تێرۆریستان ..ئێوه له‌به‌ره‌کانی جه‌نگدا ئازاییتان
نواند..". به‌شی دووه‌می ڤیدیۆکه، باکمان، له 26ی سیپته‌مبه‌ری 2014دا، له
کۆنگره‌ی لووتکه‌ی ده‌نگده‌راندا له ئه‌مه‌ریکا بۆ خه‌ڵک ده‌ئاخڤێ و ده‌ڵێ:"له‌کاتێکدا
جیهادی ئیسلامیی توندڕۆ به‌رز ده‌بێته‌وه، هه‌رچه‌نده وشه‌ی توندڕۆ دووپاتهبوونهوهیه
بۆ وشه‌ی ئیسلام.. که هه‌واڵه‌کانی ئه‌و جیهاده هه‌موو ده‌نگوباسه‌کان داگیر ده‌کات،
ئه‌م دوژمنه وه‌ک به‌ڵایه‌کی ڕه‌ها ده‌بینین کاتێک سه‌ری خه‌ڵکی بێ‌تاوان ده‌بڕن، له مانگی ئهوگوستدا
ژن و منداڵیان زینده‌به‌چاڵ کرد..ئه‌وانه مه‌سیحین، خوشک و برای ئێمه‌ن..ئێزدییه‌کانن
که ئه‌مشه‌و له‌سه‌ر چیای شنگالن و گیرۆده
بوون..قه‌شه‌یه‌ک له‌م حه‌فته‌یه‌دا ئیمهیلی بۆ ناردووم و ئاگادارم ده‌کاته‌وه،
که له‌وێ، مژده‌ده‌ره‌کان هه‌ن و له‌گه‌ڵ ئێزدییه‌کانن و کاریان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن،
به ئاسته‌م له ژیاندا ماون..له‌نێو ئه‌و کهژهساردانهدا دهڕازێن و په‌توویان
نییه به خۆیانیدا بده‌ن..ئه‌وه جیهانێکی زۆر جیاوازه..ئێمه ناتوانین ئه‌وانه
له‌بیر بکه‌ین..ناتوانین خه‌ڵکی چه‌وساوه ته‌نیا به‌هۆی باوه‌ڕه ئایینییه‌که‌یانه‌وه
فه‌رامۆش بکه‌ین..بۆ ئه‌مه ڕووده‌دات؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیهادیی هه‌ن باوه‌ڕیان به‌و
ئیدیۆلۆگییه تیژڕۆیهیه، که پێیوایه مردن له ڕێگه‌ی ئیسلامدا ده‌یانباته به‌هه‌شت..ئه‌مه
جه‌نگێکی گیانه‌کییه، ئه‌وه‌ی پێویسته بیکه‌ین ئه‌وه‌یه، که ده‌بێ ئه‌م
جیهاده ئیسلامییه تێکشکێنین..به‌ڵی و به‌داخه‌وه به‌ڵێ، سه‌رۆکه‌که‌ی ئێمه
وێنا و تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه‌ی هه‌یه، ئه‌و ته‌نانه‌ت له هۆکاری ئه‌وه‌ی، که ئه‌وان
جیهاد ده‌که‌ن، تێنه‌گه‌یشتووه..به‌ڵی سه‌رۆکی گه‌وره‌م ئه‌وه ئیسلامه..به‌ڵێ..به‌ڵێ..من
له‌و باوه‌ڕه‌دام، که به‌ڵایه‌کی له‌م جۆره، ده‌بێ به جیددی مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا
بکه‌یت.. ده‌بێ جاڕی جه‌نگ له دژی بده‌یت، نه‌ک به‌ده‌وریدا سه‌ما بکه‌یت.. ڕێک
وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی جه‌نگی دژی کۆشکی سپی ڕاگه‌یاند..ده‌بێ سه‌رکرده‌کانیان،
ڕاوێژکاره‌کانیان، سپاکه‌یان بکوژیت تا ئاڵای سپی هه‌ڵکه‌ن و جه‌نگه‌که ده‌به‌یته‌وه..سه‌رۆک
داوای له کۆنگرێس کرد چوون جه‌نگی ڤیێتنام خاوه‌خاو وه‌دووی که‌وێ ..من گوتم
نا..چونکه ئه‌مه‌ریکا یا ده‌بێ به‌و هه‌موو سامان و داراییه‌ی هه‌مانه ئه‌م
دوژمنه دڕنده‌یه له‌به‌ین ببات یا ده‌بێ وه‌ڵامی نه‌وه‌ی داهاتوومان بده‌ینه‌وه،
که بۆ نه‌ماتوانی له‌مڕۆماندا به‌سه‌ر ئه‌م به‌ڵا هه‌مه‌لایه‌ن و گشتگرهدا سه‌رکه‌وین؟..من
بڕواشم وایه، مه‌شقپێکردن و پڕچه‌ککردنی ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌گوترێ "یاخیبووه
میانڕۆکانی سووریا"، هه‌ڵه‌یه‌کی کاره‌ساتاوییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌کی
دزێو لێره‌دا هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه"هه‌رگیز ناتوانرێ بڕوا به‌وانه بکرێ،
بێگومان ئه‌وانه، هه‌موویان میانڕۆ نین".
ڤیدیۆی دووه‌م، به‌رنامه‌یه‌کی
تهلیڤزیۆنییه[16]،
دیدارێکه له‌گه‌ڵ دین عوبهیدهڵڵا(Dean Obeidallah)، که کۆمیدیاکار و ڕۆژنامه‌وانێکی ئه‌مه‌ریکایی موسوڵمانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک
عه‌ره‌بی فلستینییه و خاوه‌نی ستوونێکه له ڕۆژنامه‌ی زه ده‌یلی بێست(The daily beast)دا. دیداره‌که بۆ گوتوبێژکردنه له‌مه‌ڕ ئه‌و قسانه‌ی میشێل
باکمان، که به ئاشکرا، کێشه‌ی تێرۆر به ئیسلامه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و پێیوایه
کێشه‌که ئیسلام خۆیه‌تی و ڕه‌خنه له سه‌رۆک ئۆباما ده‌گرێ، که به‌و جۆره‌ی نابینێ.
عوبهیدهڵڵا، ئه‌و بۆچوونه‌ی باکمان به هه‌ڵه ده‌زانێ و پێیوایه ئیسلام کێشه
نییه و داعش هیچ جۆره ئیسلامێکی پێ ڕاست نییه و قه‌بووڵی ناکات و ئه‌و هیچ خه‌ڵکێکی،
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر موسوڵمانیش بن، پێ موسوڵمان نین تا نه‌یه‌نه سه‌ر ئه‌و ڕیگهیهی
ئه‌وان و ئیسلامه‌که‌ی ئه‌وان، هه‌ربۆیه ئه‌وان خه‌ڵکی موسوڵمانیش ده‌کوژن[17].
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و ڤیدیۆیانه‌دا ده‌بینرین و ده‌په‌یڤن، ئه‌مه‌ریکایین،
تاکه یه‌ک که‌س له‌وان، ئه‌ویش دین عوبهیدهڵڵایه، که ئه‌مه‌ریکاییه‌کی
ڕۆژنامه‌وان و کۆمێدیکاره، پاشخانێکی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی هه‌یه،. ئه‌وانی دیکه،
هه‌موو سیاسهتکارن، نێزیکن له نێوه‌ند و دهسگهبڕیاردهرهکان و بنکه‌ی توێژینه‌وه‌وه
و خه‌ڵک گوێ ده‌داته قسه‌یان. به گوێدانه قسه‌وباسی نێو ئه‌و ڤیدیۆیانه و ژنه‌فتنی
ئاخافتنی ئه‌وانه‌ی ده‌دوێن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی نێوان ده‌سته‌واژه‌کانی به‌کاری
ده‌هێنن و وشه‌کانی جه‌ختی ده‌که‌نه‌وه، وێنه‌یه‌ک،
له‌کن تۆ و منی بینه‌ر و بیسه‌ر، دروست ده‌بێ و مرۆڤ ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕ و ئه‌نجامانه‌ی
خوارێ، که ئه‌وان تاڕاده‌یه‌ک به‌گشتی و به ئاشکرا ده‌ریده‌بڕن و جه‌ختی ده‌که‌نه‌وه
و له‌سه‌ری کۆکن:
داعش، که ئه‌مڕۆ
ناوێکه بۆ بزاڤێکی توندڕۆ و ناوی ئیسلامی به‌خۆوه ناوه و بووه به ده‌سه‌ڵات و
له تێکه‌ڵکردنی به‌شێکی وڵاتی عیراق و سووریا، ده‌وڵه‌تێکی به ناوی"ده‌وڵه‌تی
ئیسلامی"، پێکهێناوه، ته‌نیا درێژه‌پێدانی بزاڤی ئه‌لقاعیده‌یه و بێچووی ئه‌لقاعیده‌یه
و به مه‌به‌ستی بازرگانی و بازاڕگه‌رمیی، ناوه‌که‌ی گۆڕدراوه و بووه به داعش.
وه‌ک چۆن له سه‌رده‌می جه‌نگیی سارددا دژی سۆڤیێت و به‌ره‌ی کۆمۆنیزم، ئه‌مه‌ریکا
له ئه‌فغانستان، کۆمه‌کی به موجاهیدینه‌کان و ئه‌لقاعیده ده‌کرد، له جه‌نگی دژ
به سووریاشدا و بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی سووریای "عه‌له‌وی"ی گرێدراوی
ئێرانی "شیعه" و کۆمه‌ککاری حیزبوڵڵای"شیعه"ی لبنان، کۆمه‌کی
ئه‌مه‌ریکا، به زانینه‌وه، به یاخیبووانی دژ به ڕێژیمی سووریا و له‌نێو ئه‌وانیشدا،
ئه‌لنوسره و داعش، گه‌یشتووه. ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، که تورکیا و سعوودییه و قه‌ته‌ر و میره‌کانیان تۆمه‌تبار
ده‌که‌ن به کۆمهکپێکردن و مه‌شقپێکردنی ئه‌لنوسره و داعش، ته‌واوی ئه‌و ڕاهێنان
و مه‌شقه، له بنکه و فڕۆکه‌خانه جه‌نگییه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا له تورکیا و به‌ئاگاداری
و نه‌خشه و قایل‌بوونی ئه‌مه‌ریکا بۆ خۆی کراون. ئه‌مه‌ریکا، قه‌ته‌ر و وڵاتانی که‌نداو،
سه‌رێک وه‌ک دۆست و پێگه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریکی و سه‌رێک وه‌ک پاڵپشت و به‌خێوکه‌ری
گرۆ توندڕۆ ئیسلامییه‌کان ده‌بینێ و گره‌و له‌سه‌ر دووبه‌ره‌کی و ناکۆکیی له‌نێوان
سه‌ردارانی که‌نداو و سعوودییه و ئه‌وانه‌شدا ده‌کات.
ته‌واوی ئه‌و
یاخیبوونانه‌ی به‌رانبه‌ر ڕێژیمگه‌لی عه‌ره‌ب، له توونس، لیبیا، مسر، یه‌مه‌ن و
سووریا، به‌رپا بوون و ناوی به‌هاری عه‌ره‌بییان لێ‌نرا، هه‌موو له هاندان و
دروستکردنی ڕۆژاوا بوون. وه‌ک نموونه ئه‌و ڕابوونه‌ی له مسر دژ به ڕێژیمی حوسنی
موباره‌ک ڕوویدا، ڕۆژاوا ده‌ستی له چێکردنیدا هه‌بوو، لێ دواتر له‌لایه‌ن
ئیسلامییه‌کانه‌وه جڵه‌وی گیرایهدهست. لابردنی ئیسلامییه‌کان له ده‌سه‌ڵات و
قوتکردنه‌وه‌ی "ئه‌لسیسی"ش، هه‌ر له‌سه‌رده‌ستی رۆژاوا بوو.
ئه‌مه‌ریکا و
ڕۆژاوا، هه‌رگیز به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره(خۆرهه‌ڵاتی ناڤین)یان بۆ
گرنگ نییه و تورکیاش ته‌نیا جێبه‌جێکارێکی گوێڕایه‌ڵی نه‌خشه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و
ناتۆیه له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا. دووڕوویی سیاسه‌تی
ئه‌مه‌ریکا و خۆشباوه‌ڕیی خه‌ڵکی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌نێویشیاندا
کورد، بارێکی وای هێناوه‌ته گۆڕێ، که درۆیش به‌نرخی ڕاست وه‌رگیرێ.
به‌وه‌ی که داعش وشه‌ی ئیسلامی به‌خۆوه لکاندووه،
ده‌یه‌وێ هه‌موو ئیسلام وه‌ک هه‌ست له‌گه‌ڵیدا بن و جه‌نگه‌که بکاته جه‌نگی
"ئیسلام" و "ئه‌وانی دی" و له‌لایه‌ن ڕۆژاوایشه‌وه هه‌ر به‌وجۆره
سه‌یری ئه‌و جه‌نگه بکرێ و به‌جه‌نگی ته‌واوی ئیسلام بزانرێ و هه‌موو جیهان بکرێ
به‌گژیاندا، هه‌ربۆیه ئه‌مه‌ریکا ئه‌و جه‌نگه به جه‌نگێکی درێژخایه‌نی 30 ساڵه
و تاڕاده‌یه‌ک هه‌میشه‌یی داده‌نێ و ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ و ڕۆژاوا، به‌مه‌به‌ستی پیاده‌کردنی
نه‌خشه و ستراتیژیی بازرگانی و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیان، ته‌واوی بزاڤه
توندئاژۆکانی جیهانیشیان، خستووه‌ته نێو بازنه‌ی ئیسلامه‌وه و به ئیسلامه‌وه
گرێیانداون.
کورد، که له‌و
جه‌نگه‌ی داعشه‌وه گلاوه، هه‌رگیز به خواستی خۆی نه‌بووه، به‌ڵکه تێوه‌گلێنراوه.
داعش، له ده‌سپێکدا وه‌ک به‌رهه‌ڵستکارێکی دژ به ڕێژیمی سووریا و له سووریا ده‌ستبه‌کار
بوون، لێ دواتر پهلیانهاوێشت و عیراقیشیان گرته‌وه. ئه‌وان له‌ڕاستیدا، وه‌ک
هێزێکی ئیسلامیی توندڕۆی سوننه، هاتنه مه‌یدانه‌وه و به‌گوێره‌ی بانگه‌شه‌ی
خۆیان، ده‌بوو له سووریا و عیراقدا و به پله‌ی یه‌که‌م دژ به حوکوومه‌ته‌کانی
ئه‌و دوو وڵاته بجه‌نگن، که هه‌ردوویان عه‌له‌وی و شیعه‌ن، چونکه داعش، هیچ
جۆره ئیسلامێکی بێجگه له داعشهئیسلام، قه‌بووڵ نییه و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر
بیروباوه‌ڕی وان نه‌بێت، پێیان کافره، دیاره شیعه، له‌پێش هه‌موویانه‌وه و
دواتریش ئه‌وانی دیکه. داعش هه‌ر له‌دوای گرتنی مووسڵه‌وه، ئیدی ته‌واوی هێزی
خۆی بۆ دژایه‌تی کورد و داگیرکردنی کوردستان، ته‌رخان کرد و تاڕاده‌یه‌ک خۆی تووشی
جه‌نگی شیعه نه‌کرد. ئه‌و ده‌ڤه‌ره عه‌ره‌بنشینانه‌ی عیراق، که داعش جه‌نگی
تێدا ده‌کات یا ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت و ده‌سه‌ڵاتی تێدا هه‌یه، ناوچه‌گه‌لێکی
سوننه‌نشینن، وه‌ک مووسڵ، ڕه‌مادی، تکریت و حه‌ویجه و هه‌نده‌ک به‌شی دیاله،
ژینگه‌یه‌کی له‌بارن بۆ گه‌شه‌کردن و مانه‌وه‌ی ئه‌وان. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه بۆ ئه‌وان
خانه‌خوێیه‌کی به‌رچاوتێر و بژێو و ئاوه‌دانن، چونکه سوننه، هه‌ر له‌دوای
داگیرکردنی عیراقه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه و له‌دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه،
ئیدی هه‌ست به چه‌وساندنه‌وه و که‌نارخراوی ده‌که‌ن و ئاماده‌ن، دژ به ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی
شیعه، له‌گه‌ڵ شه‌یتانیشدا هاریکاریی بکه‌ن، دیاره شیعه‌ش له‌مه‌ڕ سوننه‌وه هه‌مان
دیدی هه‌یه. کورد، له باشووری کوردستان و له‌و هه‌رێمه‌ی خۆیدا، بڕێک ئازادی و
جۆره سه‌قامگیریی و حه‌سانه‌وه‌یه‌کی وه‌ده‌ستهێنابوو و جاروباریش خه‌ونی دامه‌زراندنی
ده‌وڵه‌تی کوردستان و دابڕانی له عیراق، به گوێی عیراقییه‌کان و ڕۆژاواشدا ده‌دا.
ڕۆژاوا بهڕێبهریهتی ئه‌مه‌ریکا، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ جاڕدانی ده‌وڵه‌تی کوردستاندا
نه‌بووه و نهههیه و نهدهشبێ. ئه‌مه‌ریکا، هه‌میشه پارێزه‌ری یه‌کپارچه‌یی
خاکی عیراق بووه و کوردیشی به‌به‌شێکی عیراق زانیوه. ئه‌مه‌ریکا سنووری ده‌وڵه‌ته‌کان
به ڕه‌سمی ده‌ناسێ، بۆ نموونه: که باس له عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا بکات،
که به‌شێکی زۆری دانیشتووانی نێو سنووری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه کوردن، ئه‌مه‌ریکا
ناڵێ: گه‌لانی تورکیا، گه‌لانی ئێران، گه‌لانی عیراق یا گه‌لانی سووریا، به‌ڵکه
هه‌ر ده‌ڵێ: گه‌لی تورکیا، گه‌لێ ئێران، گه‌لێ عیراق و گه‌لی سووریا، واته:
تورکیا، ئێران، عیراق و سووریا، هه‌ر وڵاته‌و یه‌ک گه‌له. سه‌رانی کوردی باشوور،
له خۆشباوه‌ڕیی خۆیانه‌وه، هه‌میشه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون و ئه‌مه‌ریکایان به دۆست
و فریادڕه‌س و ڕزگارکه‌ر زانیوه. ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا(تورکیا
و..) بۆ لێدانی ئه‌و خه‌ونه‌ی کورد و کپکردنه‌وه‌ی خواستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و
بۆ به‌هێزکردنی سوننه و زیندووکردنه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر شیعه‌ی ده‌سه‌ڵات و
ڕاگرتنی باڵانسی نێوان هێزه‌کانی عیراق و بۆ تاقیکردنه‌وه و فرۆشتنی زیاتری چه‌ک
و بۆ لێدانی خه‌ونی کورد له ڕۆژاوای کوردستان و لێدانی په‌که‌که و فێنککردنه‌وه‌ی
دڵی تورکیا و بۆ وێرانکردن و تێکدانی وڵات و ژینگه و کوشتنی هه‌رچی زیاتره خه‌ڵکی
کورد و عه‌ره‌ب و سوننه و شیعه، داعشیان کرد به گژی کورددا و کوردیان له
کۆبانێوه تا گه‌رمه‌سێر له جه‌نگێکی سه‌پێنراوه‌وه تێوه‌گلاند. ئه‌مه‌ریکا، جه‌نگی
داعشی به‌کورد سپارد و خه‌ڵکی کوردی تێدا به‌کوشت ده‌دات و وڵاتی کوردی پێ وێران
ده‌کات و بۆ خۆیشی چه‌کی خۆی سه‌رف ده‌کات. کورد، له جه‌نگی دژه داعشدا، خۆی
کرده"که‌واسووری به‌ر له‌شکر" و وه‌ک سه‌رانیان ده‌ڵێن"له‌بری هه‌موو
جیهان جه‌نگی دژه‌تێرۆر و داعش ده‌که‌ن"، داعشێک، که وه‌ک شێرپه‌نجه و ده‌رد
و به‌ڵایه‌ک، بۆ گیانی ته‌واوی گه‌ل و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامیی ئافرێنراون، له‌کاتێکدا
هیچ یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی جیهان، ئاماده نییه ژیانی تاکه یه‌ک سه‌ربازی خۆی له
کوردستان بخاته مه‌ترسییه‌وه و بکوژرێت. کورد، به بریکاریی ڕۆژاوا جه‌نگی داعش
ده‌کات، لێ ڕۆژاواش ته‌نیا به چه‌ند پارچه چه‌کێکی ناکارا، وه‌ک چه‌شه، ده‌می
کورد داده‌خات. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا مه‌به‌ستی بووایه داعش له‌نێو ببات، له‌برێ ئه‌و
فشههێرشانهی به فڕۆکه ده‌یکاته سه‌ر داعش، که هه‌رگیز کاریگه‌رییه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان
نییه، چه‌ند هێزێکی سه‌ربازیی خۆی یا هاوپه‌یمانه ڕۆژاواییه‌کانی، به چه‌ک و ته‌واوی
که‌ره‌سته‌ی جه‌نگه‌وه ناردبایه کوردستان، ئێستا ده‌مێک بوو، داعش له‌به‌ین
چووبوو، لێ ئه‌مه‌ریکا دڵۆپێک خوێنی سه‌ربازێکی خۆی بۆ داکۆکیی له کورد و
کوردستان، به فیڕۆ نادات.
ئه‌مه‌ریکا به‌تایبه‌ت
و ڕۆژاوا به‌گشتی، هه‌میشه ده‌یانه‌وێ خه‌ڵکی خۆیان و وڵاته‌کانیان به‌وه قایل
بکه‌ن و ڕابهێنن، که داعش و هه‌موو ئه‌و ده‌سته و گرۆ تیرۆریستانه‌ی جیهان، که
ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه مۆری ئیسلامی‌یان لێدراوه، هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر خاک
و خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، له نێو خاک و وڵاتانی
خۆیاندا. ئه‌وه بێجگه له بانگه‌شه‌یه‌کی ناڕاست و وازیکردن به هه‌ستی خه‌ڵک،
له‌پێناو به‌رزکردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی پیشه‌سازیی چه‌ک و بازاڕی چه‌ک و بۆ
خڕکردنه‌وه و توندکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی خۆیان، دژ به وڵاتانێک، که ئه‌و جۆره گرۆ
تێرۆریستییانهیان تێدایه، هیچی دیکه نییه. له‌کاتێکدا، که ئێستاکه داعش، گه‌لێ
له ئه‌مریکاوه وه‌ک جیۆگرافیا دووره و له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینه، ماسمیدیا و
سیاسه‌تکارانی ئه‌مه‌ریکا، وێنه‌یه‌کی دیکه ده‌خه‌نه پێش چاوی هاووهڵاتانی
خۆیان و تۆوی ترس له بیر و مێشکیاندا ده‌چێنن، به‌وه‌ی چوونی ئه‌مه‌ریکاییان بۆ
نێو داعش و به‌شداربوونیان له‌گه‌ڵ وان‌دا له جه‌نگدا، وا له ئه‌مه‌ریکاییان
بکات، بترسن له‌وه‌ی، ئه‌وانه دواتر، له‌و دووراییهی ئێستایان، که ده‌گه‌ڕێنه‌وه
نێو خاکی ئه‌مه‌ریکا، جه‌نگه‌که له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌گوێزنه‌وه نێو خاکی ئه‌مه‌ریکا
و نێزیکی ده‌خه‌نه‌وه له ئه‌مه‌ریکا،
گومان له‌وه‌دا
نییه، که ئه‌لقاعیده له لایه‌ن سی. ئای. ئه‌ی(CIA)ه‌وه، نه‌ک له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێک یا حیزبێک یا لایه‌نێکی
ئیسلامیی توندئاژۆ یا جۆرێکی دیکه‌وه دروست کرا. جه‌نگی سارد و بوونی سۆڤیێت و
کۆمۆنیزم، هۆکاربوون بۆ له‌دایکبوونی ئه‌لقاعیده و قه‌بووڵکردن و په‌ره‌پێدانی وه‌هابییه‌ت
و سه‌له‌فییه‌ت و هه‌موو جۆره بیرێکی توندڕۆی ئیسلامی، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه.
ده‌کرێ، ئه‌لقاعیده وه‌ک دایکی ته‌واوی ئه‌م گرۆ و ده‌ستانه‌ی ئه‌مڕۆ، به
داعشیشه‌وه، که ئه‌مه‌ریکا بۆ خۆی دژیان ده‌جه‌نگێ، دابنرێ.
سه‌دان ده‌سگه
و نێوه‌ندی توێژینه‌وه و نه‌خشه‌دانانی وه‌ک ده‌سگه‌ی سی. ئێس. پی(CSP) له ئه‌مه‌ریکا به‌تایبه‌ت و رۆژاوا به‌گشتی هه‌ن، کاریان گه‌ڕانه
وه‌دووی دۆزینه‌وه‌ی ئامرازی نوێ و ڕێگه‌ی نوێ و بیری نوێ‌دا، بۆ پتر جوداکردنه‌وه
و لێکترازاندن و په‌رتکردنی خه‌ڵک له‌یه‌کدی، به‌تایبه‌ت موسوڵمانان و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی
له‌گه‌ڵ به‌ها و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی ڕۆژاوادا ناگونجێن، بۆ شۆردنه‌وه‌ی مێشکیان و
سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگیان و کوژاندنه‌وه‌یان. ئه‌م نێوه‌ند و ده‌نگانه، به‌ناوی به‌رگری
و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه، له هه‌موو جۆره هێرش و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر
به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا، داده‌مه‌زرێنرێن، لێ له‌بنه‌مادا بۆ خۆیان کاری
سیخوڕی و سازکردنی هێرش و دژواری و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خه‌ڵکی دی و وڵاتانی
موسوڵمان ده‌که‌ن. ئه‌مانه به‌ناوی "جه‌نگ دژی تێرۆر"ه‌وه، جڤین ساز
ده‌که‌ن و ڕاوێژ ده‌که‌ن و توێژینه‌وه ئاماده ده‌که‌ن و بۆ خۆیان ڕێبه‌ریی
تێرۆری نێوده‌وڵه‌تی و جیهانیی ده‌که‌ن و بۆ خۆیانن، دروستکه‌ر و دامه‌زرێنه‌ر و
گیانبهبهرداکهری گرۆی تێرۆر. ئه‌و نێوه‌ند و دهسگهیانه، هه‌میشه ده‌سته‌واژه‌ی
زۆر ناوازه و دڵڕفێن بۆ کار و به‌رهه‌م و توێژینه‌وه‌کانی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه.
نێوه‌ندی سیاسه‌تی ئاساییش، نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ک ده‌خه‌نه پێش چاو، که بۆخۆیان
دایانناوه و کاریان له‌سه‌ر کردووه به‌ناوی"جه‌نگی جیهانی ئازاد".
جیهانی ئازاد، له‌کن وان و له‌کن ته‌واوی ڕۆژاواییان و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه
ئه‌مه‌ریکا، ئه‌و جیهانه‌یه: ئه‌مه‌ریکا، که‌نه‌دا، ئه‌وروپا، ئه‌وسترالیا،
نیوزیلاند، ئیسرائیل و ئه‌و وڵاتانه ده‌گرێته‌وه، که له"هه‌ڵسه‌نگاندن و
به‌ها و جیهانبینی و دید و باوه‌ڕ و فه‌رهه‌نگ و شێوازی ڕه‌وتار و سیاسه‌ت
و.."ی ئه‌مه‌ریکادا هاوبه‌ش و هاوڕان و به موو له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا
لاناده‌ن، ده‌نا ده‌رێی ئه‌و بازنه‌یه، جیهانی ئازاد نییه!
ئه‌مه‌ریکا و
رۆژاوا، 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001 به ده‌سپێکی مێژوویه‌کی نوێ داده‌نێن، که ئیدی له‌گه‌ڵ
ئه‌وانی دیکه‌دا، واته:"ئیسلام"، بۆشاییه‌ک که‌وته نێوانیانه‌وه، به‌ڵام
ئه‌وان وه‌ها دێتنێکیان به‌رانبه‌ر ئیسلام هه‌ر له 1979وه، له ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی
ئێران و شۆڕشی ئێران و دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامییه‌وه له ئێران، له‌کن دروست
بوو و پێیانوایه ئه‌و جه‌نگه‌ی ئێستا تووشی بوون، لهودهمیهوه دژیان به‌رپاکراوه.
زۆرجاران ده‌وڵه‌ت و نیمچهدهوڵهت و ڕێکخراو و ده‌سته و گرۆگهلێک، که کرده‌ی
تێرۆریستی ده‌که‌ن یا له پشته‌وه‌ی کرده‌ی تێرۆرهوهن، هه‌روا له‌خۆڕا و هه‌ڕه‌مه‌کی
وه‌ها کارێک ناکه‌ن. له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌شێکی زۆری وڵاتانی جیهان، بێ ئه‌مه‌ریکا
و بێ پرسی ئه‌مه‌ریکا، ناتوانن هیچ بڕیارێک بده‌ن و هیچ کارێک بکه‌ن. ئه‌مه‌ریکا
بۆخۆی له‌پشته‌وه‌ی ئه‌و کارانه‌وه‌یه و نهخشهداڕێژهریانه. ئه‌مڕۆ قه‌ته‌ر،
تورکیا و سعوودییه، به کۆمه‌ککار و پشتگری گرۆ تێرۆریسته‌کان داده‌نرێن، لێ ئه‌و
سێ وڵاته بۆخۆیان دۆستی ئه‌مه‌ریکان و هه‌زاران ڕایه‌ڵه به ئهمهریکایانهوه
ده‌به‌ستێته‌وه و هه‌رگیز ناتوانن یه‌ک هه‌نگاو به‌بێ پرسی ئه‌مه‌ریکا بنێن.
شه‌ریعه‌ت،
له‌کن ئیسلام، قانوون و شێواز و ڕێکخستن و ورده‌کاریی پێڕۆکردن و به‌جێهێنانی
ئایینی ئیسلامه و سیستمێکه بۆ ژیان، سیاسه‌ت، ئابووری، جڤاک و ته‌واوی جمگه‌کانی
ژیانی مرۆڤی موسوڵمان. له‌کن ئه‌مه‌ریکاییه‌کان و ڕۆژاواییان، شه‌ریعه‌ت، ژارێکی
ئیدیۆلۆگییه و گیان به‌به‌ر توندڕۆیی و تێرۆردا ده‌کات و بۆ له‌نێوبردنی ئیسلام، ده‌بێ
له شه‌ریعه‌تی ئیسلام بدرێ و نه‌هێڵرێ و له‌به‌ین ببرێت، چونکه به ڕه‌گوڕیشه‌ی
سرووش و گیانی توندڕۆیی ئیسلامیی داده‌نرێ.
ئه‌وان هه‌رگیز
پێ له‌وه نانێن، که بۆخۆیان چۆن ئه‌و گرۆیانه، بۆ له‌نێوبردنی دید و جیهانبینیی
جیاواز و سه‌پاندنی ته‌واوی به‌هاو و باوه‌ڕ و هزر و جیهانبینیی خۆیان به‌سه‌ر
جیهانی ئیسلامی‌دا، دروست ده‌که‌ن. وه‌کی دیکه‌ش ژینگه‌یه‌ک، که کهونهڕقێکی خه‌ڵک
له‌هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی کۆڵۆنیالیزمی تێدا بێت و هه‌ژاری و نه‌داری و هه‌ڵاواردن و
سه‌رکوتکردن و ڕۆژاواپهرستی تێدابێت، ده‌بێته هۆی هه‌ڵچوون و په‌یدابوونی ڕق و
تووڕه‌یی. ڕۆژاوا, ئیسلامێکی ده‌وێ و به دۆستی خۆی ده‌زانێ، جووکه‌ی لێوه نه‌یه‌ت
و هیچ جۆره گیان و هه‌ستێکی هاوئاهه‌نگیی و یه‌کبوون و هاوسۆزیی و یه‌کپارچه‌یی
له‌نێوان خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و ئایینه و گه‌لان و وڵاتانی پێڕۆی ئه‌و ئایینه‌دا، نه‌بێت.
ڕۆژاوا، ته‌واوی
جه‌نگ و کێشه‌کانی خۆی و ئیسلامییه‌کان، وه‌ک جه‌نگێکی ئیدیۆلۆگی له‌نێوان دوو
جیهانبینی و دیدی جیاوازدا، ده‌بینێ. تا کۆمۆنیزم له ئارادا بوو، ئیسلام و بزاڤهئیسلامییهکان
و ئیدیۆلۆگی وان، چ بره‌وێکی نه‌بوو و مه‌ترسیی نه‌بوون بۆ سه‌ر ڕۆژاوا، ئه‌وده‌م
ڕۆژاوا، کۆمۆنیزمی به دوژمنی سه‌ره‌کی داده‌نا و بۆ له‌نێوبردنی ئه‌و دوژمنه، که
سۆڤیێت ڕێبه‌ری بوو، ڕۆژاوا هه‌موو جۆره چه‌کێکی به‌کارده‌هێنا، له‌وانه‌ش چه‌کی
ئیدیۆلۆگی. ڕۆژاوا له‌نێو سۆڤیێتدا و له‌نێو دڵی کۆمۆنیزمدا هه‌وڵی دروستکردن و
ئافراندن و چاندنی تۆوی گومانی ده‌دا، گومان له بیری کۆمۆنیزم خۆیدا. بۆ ئه‌و
کاره، یاکۆڤلێڤی به‌رپرسیی ئیدیۆلۆگی پارتی کۆمۆنیستی، خسته‌گه‌ڕ و گومانی له
مێشکی وی‌دا چاند. گڵاسنۆست و پێرێسترۆیکا، به‌رهه‌می ئه‌و گومانه بوون و هه‌نگاوی
ده‌سپێک بوون بۆ ڕووخاندنی سۆڤیێت. ڕۆژاوا ده‌یه‌وێ به هه‌مان شێواز له دڵی
ئیدیۆلۆگی ئیسلام بدات، گومان له دڵی خه‌ڵکی موسوڵماندا به‌رانبه‌ر ئایینه‌که‌ی
خۆیان بچێنێ و له‌نێو دڵی وڵاتانی ئیسلامی‌دا تۆوی چه‌ندبه‌ره‌کی بچێنێ بۆ وه‌ی بۆ
خۆیان له‌و ئیدیۆلۆگییه بده‌ن و ئایینه‌که خۆی بنکۆڵ بکه‌ن و دایڕووخێنن و له‌نێوی
ببه‌ن. ئه‌مه‌ریکا له‌و جه‌نگه ئیدیۆلۆگییهدا، هاوپه‌یمانی تاکتیکی و ستراتیژی
له‌نێو جیهانی ئیسلامی‌دا به‌کار ده‌هێنێت و سوود له‌و که‌سانه‌ش وه‌رده‌گرێ، که
له دانانی به‌رنامه‌ی ڕووخاندنی سۆڤیێتدا به‌شداربوون و ئه‌وانه‌یشی،که له دژی
نازییه‌کاندا به‌شدارییان کردووه و هه‌موو ئه‌وانه په‌یدا ده‌کات و ده‌خاته‌وه
گه‌ڕ بۆ به‌کارهێنان و سوودوه‌رگرتن له شاره‌زاییان، بۆ لێدانی ئیدیۆلۆگی ئیسلام.
لای ڕۆژاوا
ئه‌گه‌ر به ڕاشکاوانه‌یش نه‌یڵێن، وشه‌ی توندڕۆ یه‌کسانه به وشه‌ی ئیسلام، که‌واته
بۆ لێدانی توندڕۆیی، که له‌کن ڕۆژاواییان هاوواتای ئیسلام ده‌گه‌یه‌نێ، ده‌بێ
ئیدیۆلۆگی ئیسلام بکرێته ئامانج و لێیبدرێ.
داعش، له‌وه‌تی
هاتووه‌ته مووسڵه‌وه و پێشتریش ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی، کوشتنی موسوڵمان بووه..داعش
هێنده‌ی موسوڵمانی سوننه‌ی کوشتووه که‌سی دیکه‌ی هێنده نه‌کوشتووه..ڕۆژاواییان،
که بۆ چه‌ند مه‌سیحییه‌کی مووسڵ ده‌گرین، له ڕاستیدا مه‌گه‌ر به ڕێککه‌وت دانهدانهیهک،
ده‌نا هیچ مه‌سیحییه‌ک نه‌کوژراوه و نه وه‌ک بارمتهیش گیراوه، چونکه بۆ تاکه
مه‌سیحییه‌ک، ڕۆژاوا ده‌یکاته فه‌رته‌نه و هه‌را و ڕۆژی خۆی و به‌هه‌ر شێوازێک
بێت، ئه‌و مه‌سیحییه گیراوه ڕزگار ده‌کات و ئه‌گه‌ر کوژرابێتیش، تۆڵه‌ی ده‌کاته‌وه.
وه‌ده‌نگهاتنی ئه‌مه‌ریکا، به ئۆبامای سهرۆکیشیهوه و وه‌ده‌نگهاتنی ڕۆژاوا،
له‌سه‌ر کورده ئێزدییه‌کانی شنگالی کوردستان، ته‌نێ بۆ جوداکردنه‌وه و دابڕینی
ئه‌وان بوو له کورد و له‌و ژینگه و ده‌وروبه‌ره ئیسلامییه‌ی تێیدا ده‌ژین و
پێشاندانی ئه‌وان بوو وه‌ک نه‌ته‌وه و گه‌لێکی جودا، ده‌نا له خۆشویستنی کورده‌وه
نه‌بووه. ڕۆژاوا هه‌موو گرۆ و ئایینێکی جیهان، به‌رانبه‌ر به ئیسلام قوت ده‌کاته‌وه،
ته‌نیا بۆ لاوازکردنی ئیسلام. باسکردنی ئێزدییانی کوردستانیش، به‌شێکه له‌و
تێڕوانینه‌ی ئه‌مریکا و ڕۆژاوا. وه‌نه‌بێ باسکردنی وان به‌هۆی کوردبوونیانه‌وه
بێت، به‌ڵکه بۆ جیاکردنه‌وه‌یان بوو له کورد و ناساندنیان وه‌ک ناکورد. هه‌موو ڕۆژاوا و جیهانی مه‌سیحی،
که باسیان له ئێزدی کردووه و ده‌که‌ن، له‌به‌ر ئایینه‌که‌یانه (ئێزدیایه‌تی) و
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، که ئه‌وان موسوڵمان نین. ڕۆژاوا وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی
هه‌وڵیداوه و هه‌وڵده‌دات بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ئێزدی له کورد، بۆوه‌ی ئێزدی وه‌ک گه‌ل،
نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک، جڤاکێکی جیاواز له کورد، پێناسه بکات، دیاره له‌نێو
ئێزیدیان خۆیشیاندا له‌و جۆره بۆچوونه هه‌یه، ئه‌وه‌تا میری ئێزدییان میر ته‌حسین
به‌گ، بۆخۆی له دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن معهووهز(حسن معوض) و له به‌رنامه‌ی(نقطة
نظام) و له تهلیڤزیۆنی ئه‌لعه‌ره‌بییه(العربیة)دا ده‌ڵێ:" ئێزدی کورد
نین"![18]
ڕۆژاوای مه‌سیحی، قه‌شه و ئۆڵکار و مژده‌ده‌ری خۆیان له ته‌واوی جیهاندا بڵاوده‌که‌نه‌وه
بۆ مه‌سیحییاندنی خه‌ڵک، ئیدی به ناوی کۆمه‌ک به لێقه‌وماوان، کۆمه‌ک به ژن، به
منداڵ، به بێ‌ماڵ و بێحاڵ و لات و نه‌دار و ده‌یان ناوی دیکه‌وه..ئه‌وه‌تا له
شنگال قه‌شه و مژده‌ده‌ری مه‌سیحی له‌وێن، بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحیی له‌نێو
ئێزدییاندا، که له ڕه‌وشێکی یه‌کجار ناخۆش و کارهساتاویدان و هه‌زارانیان لێ
کوژرا و ژن و کچیان وه‌ک سه‌بایا بران..ڕۆژاوا له‌نێویاندا مه‌سیحییه‌ت بڵاو ده‌کاته‌وه
و ڕۆژاوا بۆ ئه‌و مژده‌ده‌رانه ده‌گری..
کێشه‌که یا
سه‌ری ماره‌که، له‌کن ڕۆژاوای مه‌سیحی، به‌کورتی و کرمانجی، ته‌نێ یه‌ک شته، ئه‌ویش،
ئیسلامه..ئیسلام بۆ خۆی، ئیسلام وه‌ک ئایین. ئیسلام هه‌رچه‌ند لاواز و په‌رت
بکرێ، هێنده به قازانجی وانه.. ئه‌وان کۆمۆنیزمیان له‌کۆڵ بووه‌وه و ئیدی ده‌بێ
ئیسلامیش له‌کۆڵ بکه‌نه‌وه..
له جاڕنامه‌ی
کۆمۆنیزمدا، که مارکس و ئینگڵز نووسیویانه و له ساڵی 1848 له له‌نده‌ن
بڵاوکرایه‌وه به‌مجۆره ده‌ستپێده‌کات:"تارماییه‌ک به ئه‌وروپادا ده‌سووڕێته‌وه،
تارمایی کۆمۆنیزمه"، ئه‌وه بۆ ئه‌وده‌م بوو، ئهودهمێک، که له‌م سه‌رده‌مه‌دا
به‌سه‌رچووه و ته‌نێ وه‌ک خه‌ونێک دێته به‌رچاو، ڕۆژاوا ئه‌و تارماییه‌ی ڕه‌وانده‌وه
و نه‌یهێشت و تاڕاده‌یه‌ک له‌نێوی برد، لێ پێیوایه، ئێستا، تارماییه‌کی دیکه به
جیهاندا ده‌سووڕێته‌وه، تارمایی ئیسلامه و ده‌یه‌وێ ئه‌ویش له‌گۆڕ نا.
ئیسلام، له‌لایه‌ن
ڕۆژاواوه وه‌ک دوژمنی سه‌ره‌کی سه‌یر ده‌کرێ و به ڕێگر ده‌زانری له‌به‌رده‌م
جێبه‌جێکردنی نه‌خشه‌کانیدا، بۆ گۆڕینی هه‌موو جیهان به‌و ئاراسته‌یه‌ی، که خۆی گه‌ره‌کێتی،
واته: جیهانێکی یه‌کڕه‌نگ و یه‌کشێوه، که ته‌نیا به‌ها و دید و جیهانبینی و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی
ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، به‌ڕاست بزانرێن و هه‌موو ئه‌وانی دیکه بسڕدرێنه‌وه. ئێستا
ئه‌مه‌ریکا، بووه به پۆلیسێکی جیهانیی بێ ڕکابه‌ر و چاودێریی هه‌موو ورد و
درشتێکی جیهان ده‌کات و له هه‌موو بوارێکی ژیاندا، خۆ به ده‌مڕاست و ڕێبه‌ری هه‌موو
جیهان داده‌نێ و له‌بری هه‌موو جیهان بیر ده‌کاته‌وه و هه‌رگیز هیچ هێز و هزر و
جیهانبینییه‌ک، بێجگه له‌وه‌ی خۆی، به‌ڕاست نازانێ و به هاوتای خۆی نازانێ،
ئیسلامیش به‌ڕای ئه‌مه‌ریکا، ده‌که‌وێته خانه‌ی ئه‌وانه‌وه، که له‌نێوبردنی
پێویسته. ئیسلام، له ته‌واوی ڕۆژاوا، وه‌ک مه‌ترسییه‌ک ته‌ماشا ده‌کرێت و ئه‌و
مه‌ترسییه‌ش له مێشکی خه‌ڵکی رۆژاوادا، ده‌چێنرێ و تا دێت، گه‌وره‌تر ده‌کرێته‌وه.
ئه‌و ترسه ئه‌وه‌یه، که ڕۆژاواییان ناوی "ئیسلامۆفۆبیا"یان لێ ناوه.
جاران له کوردستان، که منداڵێکی ساوا ده‌ترسا، ده‌بوو دایکی منداڵه‌که و ژنانی
دیکه ترسی ده‌رکه‌ن. بۆ ئه‌وه کانزایه‌ک هه‌بوو پێیان ده‌گوت
"قوڕقوشم"، که پێموایه"سرب"ی فارسی و "رصاص"ی عه‌ره‌بی
و "Lead"ی ئینگلیزییه، ئه‌و کانزایه‌یان
له ده‌فرێکدا ده‌خسته سه‌ر ئاگرێکی گڕدار و هێنده داخیان ده‌کرد، تا ده‌توایه‌وه
و شل ده‌بووه‌وه، ئیدی ده‌سبه‌جێ دهیانڕشته نێو جامێک ئاوی سارد و یه‌کسه‌ر ده‌یبه‌ست
و وشک هه‌ڵده‌هات و شێوه‌یه‌ک یا وێنه‌یه‌کی لێ دروست ده‌بوو، ئه‌وجا ئه‌و شێوه
له هه‌رشتێک بچووایه، ئیدی ئاژه‌ڵ یا مرۆڤ یا شتێکی دیکه، ده‌یانگوت ئه‌و
منداڵه له فڵانهئاژهڵ یا له فڵانهشت یا له فڵانه‌که‌س، ترساوه. ئێستا، ئه‌گه‌ر
قوڕقوشم بۆ ته‌واوی ڕۆژاوا بسووتێنرێ، وێنه‌ی هه‌ر شتێکی لێ ده‌رچێت، له‌کن
ڕۆژاوا، ته‌نێ به یه‌ک جۆر، لێکده‌درێته‌وه و ده‌بێنرێ و ده‌خوێندرێته‌وه و ته‌نێ
یه‌ک وێنه وه‌دی ده‌کرێ، ئه‌ویش وێنه‌ی موسوڵمانه. ڕۆژاوا بڕیاری خۆی داوه و
دوژمنێکی بۆ خۆی ده‌ستنیشان کردووه، ئه‌ویش ئیسلامه.
به لێنۆڕینێکی ته‌نانه‌ت سه‌رپێییش، له جیۆگرافیایه‌ک، وڵاتگه‌لێک و گه‌لان
و خه‌ڵکانێک، که داعش و ته‌واوی گرۆ ئیسلامییه توندڕۆ‌کان، چالاکیی تێدا ده‌که‌ن،
له توونس و لیبیا و مسر و سۆمال و نایجیریا و یه‌مه‌ن و سووریا و عیراق و
کوردستانه‌وه تا ده‌گاته ئه‌فغانستان و پاکستان، ته‌واوی ئه‌وانه‌ی ده‌کوژرێن و
قوربانیانی ده‌ستی داعشن، هه‌موو موسوڵمانن، ئه‌وان، داعشان، له‌نێو مزگه‌وتی
موسوڵماناندا و له‌کاتی خڕبوونه‌وه و نوێژدا، خۆ ده‌ته‌قێننه‌وه،که‌واته ئه‌وان
خه‌ڵکی موسوڵمان ده‌کوژن. ئه‌وان مزگه‌وت و مه‌زارگه و شوێنه‌وار و نیشانهمێژووییهکانی
وڵاتانی ئیسلامی ده‌ته‌قێننه‌وه و ده‌ڕۆخێنن، که‌واته ئه‌وان دیرۆکی ئیسلام ده‌سڕنه‌وه.
مێژووی ئیسلام، تژییه له‌و جۆره جه‌نگ و یه‌کدی کوشتن و وێرانکارییانه، لێ ئه‌مه‌ی
ئه‌مڕۆ، ڕۆژاوا، ئاگره‌که‌ی ده‌مداوه و په‌یتاپه‌یتا خۆشی ده‌کات. داعش، ئه‌گه‌ر
وه‌ک موسوڵمان بیری کردباوه و خزمه‌تی به سیاسه‌تێکی ئیسلامی کردبا، ده‌بوو
ئیسرائیل، به دوژمن و داگیرکاری خاکی موسوڵمان زانیبا و ده‌بوو پێش هه‌رکه‌س و هه‌رلا
و جێگه و وڵات و خه‌ڵکێکی دیکه، په‌لاماری ئیسرائیلی دابا! داعش تا هه‌نووکه
تاکه یه‌ک کرده‌ی چه‌کداری و سه‌ربازییان دژی ئیسرائیل یا له‌نێو خاکی ئیسرائیل‌دا
نه‌کردووه، ده‌ی ئه‌گه‌ر داعش له خزمه‌تی ئیسرائیل و ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریکادا نییه،
بۆ وه‌ها کارێک ناکات؟ ڕۆژاوا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و وه‌دیهێنانی ئامانجی خۆی،
بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، نه‌خشه‌ی په‌رتکردن و له‌تکردنی داناوه و ده‌یان قه‌واره‌ی
گچکه‌ی تێدا قوت ده‌کاته‌وه. سه‌ده‌ی پێشوو، وه‌ک کۆپێیه‌کی ئه‌زموونی خۆی،
ڕۆژاوا، بیری نه‌ته‌وه‌یی له ڕۆژهه‌ڵاتدا بڵاو کرده‌وه و ده‌وڵه‌تی عوسمانیی
ڕووخاند و "ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه" یا "نه‌ته‌وه - ده‌وڵه‌ت"گه‌لێکی
بۆ دژایه‌تی و لاوازکردنی ئیسلام دروستکرد و جه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی به‌رپا کرد و شۆڤینیزمی په‌ره‌پێدا و ئێستاش بێجگه له جه‌نگی
نه‌ته‌وه‌یی، جه‌نگی ئایینی و ئایینزاییشی بۆ زیاد کرد. داعش و مانهندانی وان، بۆ ئه‌وه دروست کراون،
وه‌ک گورگی هار بهردرێنه وێزه‌ی جیهانی ئیسلامی و وێنه‌یه‌کی دزێو و قێزه‌ونی
ئیسلام به جیهان، ته‌واوی جیهان، بگه‌یه‌ندرێ، که ئه‌مه‌یه ئیسلام و که ئیسلام
و جڤاکه ئیسلامییه‌کان هه‌ر ئه‌مه به‌رهه‌مدێنن و له‌مه باشتریان نییه و به گهورهکردنهوهشیان
و پێشاندانیان وه‌ک خه‌ڵکانێکی سه‌ره‌ڕۆ و جه‌نگگێڕ، هانی لاوانی بێکار و به‌نگکێش
و سه‌ربه‌گۆبه‌ن و چه‌قۆکێشی موسوڵمانی ئه‌وروپا بده‌ن بۆوه‌ی بچنه نێویانه‌وه و
ئه‌وروپا و ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریکایان لێ پاک ببێته‌وه و هه‌رچی زۆرتره خه‌ڵکی
وڵاتانی موسوڵمان بکوژرێن. داعش و
ئه‌و جۆره گرۆیانه، زۆرجاران، ده‌بنه جێسه‌رنجی خه‌ڵکانیکی ته‌نانه‌ت
ناموسوڵمانی رۆژاواییش، لێ چ جۆره خه‌ڵکیک، ئه‌وانه‌ی وێڵی سهرهڕۆیین و ئاره‌زووی
مرۆڤکوشتن و خوێنڕشتنن و حه‌زیان له لاساییکردنه‌وه‌ی فیلمه سینه‌ماییه‌کانی وه‌ک:
ڕامبۆ و ئه‌و جۆرانه‌یه و تینووی تاقیکردنه‌وه‌ی چه‌ک و به‌کارهێنانین و له
وڵاتانی خۆیشیان، له‌گه‌ڵ جڤاک و خێزان و کارگێڕییه‌کانی خۆیاندا، کێشه‌یان هه‌یه.
ڕۆژاوا، به‌وه‌ی ئه‌وانه‌یشی له‌کۆڵ بێته‌وه، گه‌لێک که‌یفسازه. له
ئاخاوتنێکیدا، له سه‌ره‌تای مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2014دا، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له
کۆبانێ، بۆ گردبوونه‌وه‌یه‌ک، که له گه‌ڕه‌کی شیستا(Kista)ی باژێڕی ستۆکهۆڵم،
له‌لایه‌ن یه‌په‌گه(YPG)وه ڕێکخرابوو، یوواکیم مه‌دین(Joakim Medin)، که ڕۆژنامه‌وانێکی سوێدییه و له‌گه‌ڵ پرسی کورددا سهروسهودایهکی
هه‌یه و شاره‌زایه، گێڕایه‌وه، که کاتێک له‌سه‌ر سنووری نێوان تورکیا و سووریا
بووه، لاوێکی قژزه‌رد و چاوشین و به نه‌ژاد و زمان ئه‌ڵمانی، که داوای ناسنامه
لێکراوه و پرسیاری هۆی هاتنی بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره لێکراوه، گوتوویه‌تی، هاتووه
بۆوه‌ی بجێته نێو ڕیزه‌کانی داعشه‌وه، که لێیانپرسیوه بۆ، گوتوویه‌تی حه‌ز ده‌که‌م
به‌ده‌ستی خۆم مرۆڤ بکوژم و خوێن بڕێژم! ئه‌و جه‌نگی ته‌نێ له فیلم‌دا دیوه و
ویستوویه‌تی به کرده‌وه‌ش بیبینێ. وه‌ها مرۆڤگه‌لێک، موسوڵمان بن یا هه‌ر
ئایینێکی دیکه‌یان هه‌بێت یا بێئایین و خودانهناسیش بن، جگه له نه‌خۆش و عهقڵقونته
و ده‌رده‌دارێک زیاتر هیچی دیکه نین. کوژرانی داعشێک و کوژرانی به‌رانبه‌ره‌که‌یشی،که
داعش جه‌نگ له دژی ده‌کات، که‌مبوونه‌وه‌ی مرۆڤێکی موسوڵمانه، ئیدی هه‌رجۆره
موسوڵمانێک بێت، به قازانجی ڕۆژاوایه. ڕۆژاوا، ئه‌و جه‌نگه‌ی بێجگه له کوژرانی
مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌یه، کاولکاریی له‌و وڵاتانه ڕووبدات و وێران بکرێن، تا دواتر
ڕۆژاوا دروستیان کاته‌وه و ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی نه‌وت و سرشت و سامانه‌کانیاندا
بگرێ و هه‌موو ئامانجه ئیمپریالیستییه‌کانی خۆی وهدیبهێنێ. بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و
ئامانجانه و جێبه‌جێکردنی نه‌خشه‌کانی خۆی، ڕۆژاوا، له‌نێو جڤاک و وڵاته‌کانی
ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامییدا، به کوردیشه‌وه، نه‌ک هه‌ر داعش، هه‌زاران شا و سه‌رۆک و
ڕێبه‌ر و سه‌ردار و به‌رپرس و بیرمه‌ند و ئیدیۆلۆگی هه‌ن، کاریان ئارایشکردن و
جوانکردن و پاساوهێنانه‌وه‌یه بۆ هه‌موو کارێکی ڕۆژاوا و پێداهه‌ڵدان و په‌سندان
و سه‌رسووڕمانه به هه‌موو شتێکی ڕۆژاوا و دزێواندنی هه‌موو شتێکی ڕۆژهه‌ڵات و
جڤاکه‌کانی خۆیان. جڤاکگه‌لی ئیسلامیی، به کوردیشه‌وه، ئه‌گه‌ر بێ ده‌ستتێوه‌ردانی
ڕۆژاوا، له خۆیانه‌وه ده‌ست پێ نه‌که‌ن
و گۆڕانێکی ڕیشه‌یی و قووڵ له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، له‌سه‌ر بنه‌ما و بنگه‌ی
دادوه‌ری و ئازادی مرۆڤ و یه‌کسانی، له خوارێ‌ڕا بۆ سه‌رێ ئه‌نجام نه‌ده‌ن، هه‌رگیز
له ئافه‌تی داعش و داعش ئاساکانی دیکه، ڕزگاریان نابێت. ئه‌مڕۆ"تارماییه‌ک
له‌نێو جیهانی ئیسلامی‌دا ده‌گه‌ڕێ، تارمایی سه‌له‌فییه‌ته"[19]
و به دنه‌دانی ڕۆژاوا و ده‌ستتێوه‌ردانیان، ڕۆژ له دوای ڕۆژ په‌ره‌ده‌ستێنێ و گه‌شه
ده‌کات. ئیسلام، چاک بێ یا خراپ، تۆ و من چۆنی ده‌بینین و ڕۆژاوا چۆنی ده‌بینێ،
ئایینی یه‌ک ملیاردونیو مرۆڤه و دیدێکه بۆ ژیان و فه‌رهه‌نگێکه 1400 ساڵێکه هه‌یه.
ئه‌وه‌ی جێی داخه، ئه‌مڕۆ و سه‌دان ساڵه فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت و زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانی
ژیان، له ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامییدا، ڕێڕۆیهکی چه‌وتیان گرتووه‌ته‌به‌ر و کاوێژ ده‌کرێنه‌وه،
وه‌ها ڕه‌وشێک، هه‌موو گۆڕانکاریی، پێشڤه‌چوون، داهێنان، بیرکردنه‌وه و ئازادییه‌ک،
ده‌کوژێ. تا ئه‌و تارماییه تونداژۆ و ئوسوولی و سه‌له‌فییه، به‌سه‌ر سه‌ری ئه‌و
خه‌ڵک و جڤاکانهوه بسووڕێته‌وه، تا کاوێژکاریی له ئارادا هه‌بێت، حاڵی ئه‌و
جڤاکانه، له‌وه‌ی ئێستایان خاستر نابێت و هه‌میشه‌ش گه‌ره‌که چاوه‌ڕوانی داعش و بێچووهداعش
و نه‌وه‌ی نوێی ئافات و ده‌ردی دیکه بن.
20 – 03 - 2015
[5] که شۆڕشی گه‌لانی
ئێران له ساڵی 1979دا ڕێژیمی شای له مانگی فێبروهریدا ڕووخاند، جیمی کارته‌ر(Jimmy Carter) ئه‌وده‌م سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا بوو. له ئێرانی کۆماری ئیسلامی‌دا،
ڕه‌وتێکی گه‌لێک توندی دژ به ئه‌مه‌ریکا و رۆژاوا هاته گۆڕێ. کۆمه‌ڵێک خوێندکار
به ناوی"خوێندکارانی موسوڵمانی پێڕۆیانی هێڵی ئیمام(دانشجویان مسلمان پیرو
خط امام)"، له‌نێوان (4ی نۆڤه‌مبه‌ری 1979 – 20ی جه‌نیوه‌ری 1981) و بۆ ماوه‌ی
444 ڕۆژ، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکایان له شاری تاران داگیرکرد و 52 دیپلۆمات و
کارمه‌ند و هاووه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکایان وه‌ک بارمته گرت. کارته‌ر، ئه‌و بارمتانه‌ی
وه‌ک قوربانیی تیرۆریزم و ئه‌نارکی و پاشاگه‌ردانی ناودێر کرد وسیاسه‌تێکی توندی
به‌رانبه‌ر ئێران نواند. کارته‌ر فه‌رمانی کرده‌یه‌کی سه‌ربازیی دژی ئێران ده‌رکرد
و کرده‌که ناوی"کرده‌ی "چڕنووکی هه‌ڵۆ، به ئینگلیزی"Operation Eagle Claw"ی لێ نرا و له 24 و 25ی ئه‌پریلی 1980دا، چه‌ند فڕۆکه‌یه‌کی
جه‌نگیی ئه‌مه‌ریکایی بۆ ڕزگارکردنی بارمته‌کان په‌لاماری ئێرانیان دا، به‌ڵام
فڕۆکه‌کان تێکشکان و چه‌ند که‌سێکێش له هێرشبه‌ر و ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریکا
کوژران و کرده‌که شکستی هێنا.
دوای ئه‌وه‌ی شای وه‌ده‌رنراوی
ئێران، ئه‌مه‌ریکای له سێپته‌مبه‌ری 1979دا جێهێشت و ڕووی کرده مسر و له 27
جوڵای 1980دا مرد و له سێپته‌مبه‌ری 1980شدا جه‌نگی عیراق – ئێران به‌رپا بوو، ئه‌م
بوویهرانه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی، ئێران حه‌ز به گوتوبێژ بکات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا.
به‌هۆی میانگریی ئه‌لجه‌زائیره‌وه، گوتوبێژ که‌وته نێوانیانه‌وه. کارته‌ر له
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیدا دژ به ڕۆناڵد ڕیگن(Ronald
Reagan) دۆڕا
و هه‌ر دوای چه‌ند خوله‌کێک له سوێندخواردنی ڕیگن وه‌ک سه‌رۆکی نوێی ئه‌مه‌ریکا،
له 20ی جه‌نیوه‌ری 1981دا، ئێران بارمته‌کانی ئازاد کرد و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریکا.
[7] ئه‌لیکسانده‌ر
یاکۆڤلێڤ(Alexander
Yakovlev) ،2005 مردووه، سیاسه‌تکارێکی ڕووسی بوو، له ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی
پێشوودا، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و ڕێبه‌ریه‌تیی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیێت بوو و
به‌رپرسی ئیدیۆلۆگیی ئه‌و حیزبه بوو. به باوک و داهێنه‌ری گڵاسنۆست و پێرێسترۆیکا
داده‌نرێ.
[8] گڵاسنۆست(Glasnost) و پێرێسترۆیکا(Perestrojka)، که به واتای: کرانه‌وه و ڕێکخستنه‌وه و بیرازی ئابوورییه، به‌رنامه‌یه‌کی چاکسازیی بوو،
میکائیل گه‌رباچۆڤ(Michail
Gorbatjov)ی سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت و حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیێت، له
ساڵی 1985دا جاڕی دا و بوو به هۆی داڕووخان و لهبهریهکههڵوهشانهوه و داته‌پینی
سۆڤیێت و ته‌واوی وڵاتانی سۆسیالیست و هاوپه‌یمانی وارشۆ و به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات.
[14] ئه‌حمه‌د
ئه‌بو تالیب(أحمد أبو طالب)، سیاسییه‌کی هۆڵاندییه، له بنه‌چه‌دا مه‌غریبی و
موسوڵمانه، سه‌ر به پارتی کاری هۆڵاندییه، له ساڵی 2009وه شاره‌داری باژێڕی
ڕۆتردامه له هۆڵاند و ساڵانی 2007 و 2008یش جێگری وه‌زیری کۆمه‌ڵایه‌تی و کار
بوو.
[18]http://www.alarabiya.net/ar/programs/organizingpoint/2014/10/17/%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%85%D9%8A%D8%B1-%D8%AA%D8%AD%D8%B3%D9%8A%D9%86-%D8%B3%D8%B9%D9%8A%D8%AF-%D8%B9%D9%84%D9%8A-%D8%A8%D9%83-%D8%A3%D9%85%D9%8A%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%A7%D8%A6%D9%81%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%8A%D8%B2%D8%AF%D9%8A%D8%A9.html