شڤان په‌روه‌ریش مرۆڤێکه
وه‌ک هه‌موو مرۆڤیکی دیکه
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له ماڵپه‌ڕی په‌یامنێردا ئه‌م هه‌واڵه‌م
خوێنده‌وه: { له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی په‌یامنێر و رادیۆی زاگرۆس به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی
په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا رایگه‌یاند،
"له سه‌ر فه‌رمانی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمی
كوردستان، به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی نامه‌یه‌كی ناره‌زایه‌تی ئاراسته‌ی حكومه‌تی كه‌نه‌دا
كرد، به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته ناشیرین و هه‌ڵسوكه‌وته ناشارستانیانهیهی، كه
به‌رامبه‌ر به هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد، شڤان په‌روه‌ر كردیان". گوتیشی: " ئێمه له نیگه‌رانییه‌كانی بواری ئاسایش
و له كاری پۆلیس تێده‌گه‌ین، گه‌لی كورد، هه‌رده‌م قوربانی ده‌ستی تیرۆر بووه،
گه‌لێكی ئاشتی خواز بووه، هونه‌رمه‌ند (شڤان په‌روه‌ر)یش هه‌میشه گۆرانی بۆ
ئاشتی و ئازادی و سه‌ربه‌ستی گوتووه، و زۆر دوور بووه، له هه‌ر كارێكی پێچه‌وانه‌ی
ئه‌وانه". روونیشیكرده‌وه
" هه‌ر بۆیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی ده‌نوێنێت و ناره‌زایه‌تی
ده‌رده‌برێت به‌رامبه‌ر به‌و شێوازه مامه‌ڵه‌یه و داوا ده‌كه‌ین؛ كه‌نه‌دا، به
زووترین كات داوای لێبوردن له گه‌لی كورد و هونه‌رمه‌ند شڤان په‌روه‌ر بكات". فه‌لاح مسته‌فا گوتیشی: " هونه‌رمه‌ند شڤان په‌روه‌ر
له كه‌نه‌دا بووه، له‌گه‌ڵ گروپێكی مۆسیقا و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك كاری كردووه،
پێویستی به‌وه نه‌ده‌كرد؛ له‌سه‌ر زانیاری هه‌ڵه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، وه‌ك
ئه‌وه‌ی، له‌گه‌ڵ، باندێكی تیرۆریستی مامه‌ڵه بكه‌ن و ئه‌وه جێگه‌ی نیگه‌رانی و
ناره‌زایه‌تی ئێمه‌یه"}[1].
له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێردا ئه‌و هه‌واڵه‌ی
سه‌رێ به‌مجۆره، که بۆ خۆم که‌مێکم ده‌ستکاری کردووه، بڵاوکراوه‌ته‌وه:{ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردوو، کاتێک شڤان په‌روه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکدا له
که‌نه‌دا و به ئۆتۆمبیل خه‌ریکی گه‌شتێک ده‌بن، پۆلیسی هه‌رێمی ئۆنتالیۆ، شڤان په‌روه‌ر
و کهسهکهکانی دیکه‌ی نێو ئۆتۆمبیله‌که ده‌ستگیر ده‌که‌ن و له سه‌ر زه‌وی
پاڵیان ده‌خه‌ن و دوای چه‌ند سه‌عاتێک ئازادیان ده‌که‌ن. پۆلیس ده‌ڵێ، پێییان گه‌یه‌نراوه و ئاگادار کراونه‌وه، که
چه‌کدارێک له‌نێو ئه‌و ئۆتۆمبیله‌دا هه‌بووه و ویستوویه‌تی خراپکاری(تێرۆر) بکات
و کاتێک پۆلیس دواتر بۆی ده‌رکه‌وتووه که وا نه‌بووه، داوای لێبوردنیان له
سه‌رنشینانی ئۆتۆمبیله‌که کردووه}[2].
ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان، وێنه‌ی ڕاگرتنه‌که‌ی
شڤان په‌روه‌ری له لایه‌ن پۆلیسی که‌نه‌داوه به ڤیدیۆ بڵاوکردووه‌ته‌وه[3].
ماڵپه‌ڕی ڕووداونێت[4] و حه‌فته‌نامه‌ی
بارزان[5]،
هه‌ردوویان هه‌واڵی ڕاگرتنی شڤان په‌روه‌ریان بڵاو کردووه‌ته‌وه.

شڤان په‌روه‌ر، به درێژایی ئه‌و
ساڵانه‌ی له ئه‌وروپا بووه و گۆرانی چڕیوه، بۆ هیچ بۆنه‌یه‌ک، که کورد له ئه‌وپه‌ڕی
کۆسکهوتنیدا بووبێت یا کاره‌ساتێک قه‌ومابێت یا ئاهه‌نگێک ساز کرابێت بۆ هاریکاری
و کۆمه‌ک به لێقه‌وماوانی کورد، به هۆی ژاربارانی هه‌ڵه‌بجه‌وه، ئه‌نفاله‌وه،
کۆڕه‌وه‌وه، کوردقڕانه‌وه یا هه‌ر شتێکی دیکه، هه‌رگیز تاکه یه‌کجاریش، خۆبه‌خشانه
و بێ به‌رانبه‌ر و بێ پاره، گۆرانی نه‌چڕیوه و نه‌چووه‌ته سه‌ر شانۆ. ئه‌و ئه‌گه‌ر
پێشه‌کی پاره‌که‌ی مسۆگه‌ر نه‌کردبێت، ده‌ستی به ژێی سازه‌که‌یدا نه‌هێناوه و ده‌می
نه‌کردووه‌ته‌وه و یه‌ک وشه‌ی نه‌گوتووه. هه‌موو ئامادهبوونێکیشی له‌و بۆنانه‌دا،
به سه‌ودا و مامه‌ڵه و پێکهاتن کردوویه‌تی و بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌کی زیاتری بده‌نێ،
به سه‌عاتان چهققهچهقق و بگره و به‌رده‌ی له سه‌ر ئه‌و پاره‌یه کردووه، تا
ئه‌وانه‌ی بۆنه‌که‌یان ساز کردووه، قایل بوون به‌وه‌ی، ئه‌و پاره‌یه‌ی بده‌نێ، که
خۆی ویستوویه‌تی.
شڤان په‌روه‌ر، نزیکه‌ی 35 ساڵێکه له
ئه‌وروپا ده‌ژی. سه‌ره‌تا له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیا و دوای چه‌ند ساڵێک هاته سوێد و
له‌وێ جێگیر بوو. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا چووه له‌نده‌ن و پاریس و کوردستان. له
دوای ده‌یان ساڵی ژیانی له سوێد، من بۆ خۆم له چه‌ندین بۆنه‌دا بینیومه، که خه‌ڵکی
سوێدییشی تێدا ئاماده بوونه و ده‌بوو ئه‌و به زمانی سوێدی به‌خێریان بهێنێت یا
قسه‌یه‌ک بکات، که‌چی هه‌میشه ده‌یگوت، که به زمانی ئینگلیزی قسه‌کانی ده‌کات.
دیاره زمانه سوێدییهکهی به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد و زمانه ئینگلیزییهکهیشی
هه‌رگیز له سوێدییهکهی باشتر نه‌بوو. من بڕوا ناکه‌م فرانسیش بزانی. ده‌مه‌وێ
ئه‌وه بڵیم، که زمانی هیچ یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی تێیدا ژیاوه، بێجگه له کوردی
و تورکی، به ڕه‌وانی فێر نه‌بووه.
شڤان په‌روه‌ر، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا
بوو و به‌شێکی زۆری گۆرانییه شۆڕشگێڕییه سه‌ره‌تاییه‌کانی به کاریگه‌ریی په‌که‌که
و بۆ په‌که‌که گوتراون و به‌شێکیشیان شیعری "جه‌گه‌رخوین"ی شاعیرن.
ساڵانێک دوای ئه‌وه له په‌که‌که هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و په‌که‌که ناویان خسته
لیستی نه‌یارانی خۆیانه‌وه. ئه‌وده‌مه‌ی، که له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا بوو، وه‌ک به‌شێکی
زۆری خه‌ڵکانی سه‌ر به حیزبه‌کانی باکووری کوردستان و وه‌ک جه‌گه‌ر خوینی شاعیری
گۆرانییه‌کانی، ئه‌ویش که‌وتبووه داوی دژایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و بارزانیزم و
وه‌ک هه‌موو ئه‌و خوێنده‌وار و حیزبییانه‌ی باکووری کوردستان، ئه‌ویش ماڵباتی
بارزانیی به پاشڤه‌ڕوو و ده‌ره‌به‌گ(فیۆداڵ) و به هۆی دواکه‌وتوویی و نه‌هامه‌تی
و به‌دبه‌ختیی گه‌لی کورد و ڕزگارنه‌بوونی کوردستان ده‌زانی. که ڕه‌وش گۆڕا و
باشووری کوردستان، که‌وته بارێکی تره‌وه و وڵات بژوێن و ته‌ڕ و چه‌ور بوو و
ماڵباتی بارزانییش نۆره مێژووییه‌که‌ی خۆیان پاراست و وه‌رگرته‌وه و ده‌سه‌ڵاتیان
فراوانتر بوو، شڤان په‌روه‌ر، وه‌ک هه‌موو ههلپهرستانێکی دیکه، وه‌ک هه‌موو
کاسه‌لێسان و ماستاوساردکهرهوهکانی دیکه، خۆی گه‌یانده ئه‌وێ و ئه‌ویش که‌وته
سه‌ر خێر و به‌ره‌که‌تدا.
ماوه‌یه‌کی زۆر شڤان په‌روه‌ر، له
ترسی په‌که‌که، کونه‌مشکی لێ بووبوو به قه‌یسه‌ری و نه‌یده‌زانی له کوێ خۆی وه‌شێرێ،
تا به خێری خۆی، مه‌سعوود بارزانی، میانگهریی کرد له نێوانیاندا و لێخۆشبوونی
له په‌که‌که‌وه بۆ وه‌رگرت. مه‌سعوود بارزانی، بێجگه له‌و کاره، میانگهریی له
نێوان شڤان په‌روه‌ر و گولستانی کهونهژنیشیدا کرد- که ئه‌وه هه‌رگیز کاری ئه‌و
نه‌بوو – و ئه‌وانی به‌یه‌ک گه‌یاند.
شڤان په‌روه‌ر، بێجگه له‌وه‌ی ده‌یان
جار گه‌ڕاوه‌ته‌وه کوردستان و باشترین ئاهه‌نگی بۆ ساز کراوه و باشترین خزمه‌ت
کراوه و به باشترین شێوه گیرفانی پڕکراوه، ئێستا له ته‌له‌ڤزیۆنی
"کورد1"، که له پاریسه‌وه په‌خش ده‌کات، کار ده‌کات. ته‌له‌ڤزیۆنی
"کورد1" یش، که به پاره‌ی حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا و سه‌رۆک
هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، به‌خێو ده‌کرێت، یه‌کێکه له‌و ته‌له‌ڤزیۆنه
کوردییه زۆر و بۆرانه‌ی، که بوون و نه‌بوونیان وه‌ک یه‌که و یه‌ک سوودیان بۆ
پرسی کورد و خه‌ڵکی کورد و کوردستان نییه و ته‌نێ بۆ سه‌رفکردنی پاره و بژێوی چه‌ند
کارمه‌ندێک دانراون. بوون و نه‌بوونی "کورد1" و زۆرینه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و
ڕۆژنامه و گۆڤار و ده‌سگای په‌خش و بڵاوکردنه‌وه و ڕاگه‌یاندنه‌کانی کوردستان، که
به میلیۆنان دۆلاریان بۆ ته‌رخان ده‌کرێت و تێیاندا ده‌خورێت، هیچ له کێشه و
پرسی کورد و کوردستان ناگۆڕن و باری گرانی سه‌رشانی خه‌ڵکی کورد سووک ناکه‌ن. بریا
فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح
موسته‌فا، له بری ئه‌و هه‌موو ته‌له‌ڤزیۆنه بێخێر و بێفه‌ڕانه، تهلهڤزیۆنێکیان
به زمانی ئینگلیزی، وه‌ک ئه‌لجه‌زیره‌ی ئینگلیزی و تهلهڤزیۆنیکیشیان به زمانی
عه‌ره‌بی، فارسی و تورکی، داده‌نا، ئه‌وده‌می با شڤان په‌روه‌ر و ئه‌وانه‌ی وه‌ک
شڤان په‌روه‌ر، لانه‌واز بووایه‌ن و بگهڕابانایهوه سه‌ر قه‌واره‌ی ڕاست و
دروستی خۆیان.
کورد، جاران
وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌گه‌لێکی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه، بۆ که‌سێک، که کاریی
گۆرانیگوتن بووایه، وشه‌گه‌لی: (گۆرانیبێژ) و (سترانبێژ)ی هه‌بوون، که به زمانی
عه‌ره‌بی، ده‌بنه: (مغني، مطرب) و به زمانی فارسی ده‌بنه: (خواننده، آوازخوان،
نواخوان) و به زمانی سوێدی ده‌بنه: (Sångare بۆ پیاو) و (Sångerska بۆ ژن) و به ئینگلیزییش ده‌بنه: (Singer)، ئێستا، له کوردستان، هه‌رچی سمێڵ
سووره هه‌مزاغایه و هه‌رکه‌سه‌و جووکه‌یه‌کی لێوه هات و ده‌نگێکی لێ به‌رز بووه‌وه
و که‌سێک مۆسیقایه‌کی بۆ ژه‌ند، ئیدی، ناوی (هونه‌رمه‌ند)ی لێ ده‌نرێ. هونه‌رمه‌ند،
به عه‌ره‌بی ده‌بێته: (فنان) و به فارسی ده‌بێته: (هنرپیشه)، که ئه‌کته‌ری
شانۆیی و سینه‌ما ده‌گرێته‌وه و به سوێدی ده‌بێته(Konstnär)، که بێجگه له‌وانه‌ی له
بواری شانۆ و سینه‌ما و په‌یکه‌رسازی و شێوه‌کاری و نیگارکێشاندا کار ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ش
ده‌گرێته‌وه، که خه‌ریکی مۆسیقان و له مۆسیقا ده‌زانن و به ئینگلیزی ده‌بێته
(Artist)، که
پتر هونه‌رمه‌ندانی بواری سینه‌ما و شانۆ ده‌گرێته‌وه. لای کورد هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه
تێکه‌ڵ کراون و هه‌رکه‌سه‌و به ئاره‌زووی خۆی به‌کاریان ده‌بات. چه‌قه‌نه‌لێده‌ر
و لۆتیی کۆڵانان و شایه‌ر، له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێزمدا بۆیان، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات
و ڕاگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌کرێنه هونه‌رمه‌ند و ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و به‌هایان
بۆ داده‌نرێت و هه‌موو شتێکیان بۆ دابین ده‌کرێت. هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان لۆتی،
چه‌قه‌نه‌لێده‌ر، شایه‌ر و هونه‌رمه‌نددا له‌کن کورد، نه‌ماوه. به‌شێکی زۆری ئه‌وانه‌ی
ئه‌مڕۆ به ناوی هونه‌رمه‌نده‌وه، له کوردستان کیسه‌یان پڕ ده‌کرێت و بۆیان ههڵدهڕێژرێ
و خزمه‌ت ده‌کرێن و له باشترین هوتێلدا داده‌به‌زن و ده‌حه‌وێنه‌وه و پاره‌ی
میلله‌تیان بۆ په‌خش ده‌کرێ و ده‌بنه میوانی زلترین سه‌رانی ده‌سه‌ڵات، له ئه‌وروپا
له سه‌ر ماڵی مام ده‌ژین و ئه‌وی کاره به لایدا ناچن و ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رگایه‌ی
کوردستان و مفته‌خۆریی ئه‌وێیان لێ نه‌کراباوه، له ئه‌وروپا، که ده‌مردن، ده‌بوو
شارداری کفنیان کردبان و بیانشاربانهوه.
شڤان په‌روه‌ر، له یه‌کێک له گۆرانییه‌کانیدا ده‌ڵێ:"..ئه‌ندامی
کوردستانم..."، من ئێستاش له‌وه تێناگه‌م، که مرۆڤ چۆن ئه‌ندامی وڵات و خاکێک
ده‌بێت، خۆ کوردستان کۆمه‌ڵه‌یه‌ک، حیزبێک، گرۆیه‌ک یا ڕێکخراوێک نییه تا خه‌ڵک
ببێته ئه‌ندامی! ئه‌م ئه‌ندامی کوردستانمه، له بیرکردنه‌وه و قسه‌ی کوردگه‌لێک
ده‌چێ، که ته‌نێ به ڕه‌گه‌ز کورد بن و ئیدی چ پیوهندێکیان به نه به کورد و
نه به کوردستان و نه به فه‌رهه‌نگ و جڤاک و خاکی کوردستانه‌وه نه‌بێت.
هاوڕێیه‌کم بۆ گێڕامه‌وه، که جارێکی ئاهه‌نگێکی شڤان په‌روه‌ر له‌و شاره‌ی
ئه‌واندا هه‌بووه، ئه‌میش به که‌سێکی دۆستی خۆی گوتووه، که پێکه‌وه بچن بۆ ئه‌و
ئاهه‌نگه، ئه‌و دۆسته‌ی گوتوویه‌تی:"به‌خوا برا ئه‌ز نایه‌م، ئه‌ز چ بکه‌م
له شڤان په‌روه‌ر و دینگل دینگل کوردستان"، مه‌به‌ستی ئه‌و هه‌ڤاڵه ئه‌وه
بووه، که ئه‌وانه‌ی گۆرانی کوردیی ده‌ڵێن و مۆسیقای کوردی ده‌ژه‌نن و ئاهه‌نگیی
کوردی ساز ده‌که‌ن، ته‌نێ زرم و کوت مۆسیقا لێده‌ده‌ن و هاوار ده‌که‌ن و درنگهدرنگه
ده‌که‌ن و هیچی دیکه‌یان پێ نییه.
پۆلیسی که‌نه‌دایی،
هیچ کاتێک له‌گه‌ڵ پۆلیسی تورکیا، عیراق، ئێران، سووریا، وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین
و کوردستاندا، به‌راورد ناکرێت. پۆلیس هه‌روا له‌خۆڕا و به بێ هۆ، له وڵاتێک‌دا،
که قانوون تێیدا سه‌روه‌ر بێت، که‌س ناگرێت و ههڵناکوتێته سه‌ر خه‌ڵک و له که‌س
ناپێچێته‌وه. شڤان په‌روه‌ر، له کن فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح
مسته‌فا، هونه‌رمه‌ندی مه‌زنی گه‌لی کورد و کوردستانه، له که‌نه‌دا یا هه‌ر
وڵاتێکی دیکه، مرۆڤێکه وه‌ک هه‌موو مرۆڤێکی دیکه. ده‌یان جار مایکل جاکسن، که
هونه‌رمه‌ندێکی جیهانیی بوو، به بیانووی جیاوازه‌وه، له لایه‌ن پۆلیسه‌وه،
گیراوه و لیکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کراوه و هیچ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تێکیش له سه‌ری
به ده‌نگ نه‌هاتوون. هه‌ر پێش چه‌ند مانگێک له سوێد و له یه‌کێک له هوتێله‌کانی
شاری ستۆکهۆڵمدا، دایان به سه‌ر سترانبێژی لوبنانی (جۆرج وهسسووف)دا، که گومانی
گه‌رد و مادده‌ی هۆشبه‌ر و ئه‌و جۆره شتانه‌ی لێکرابوو و بۆ ماوه‌یه‌ک گیرا و
دواتر ئازاد کرا، هیچ ده‌وڵه‌ت و لایه‌نێکی ڕه‌سمییش له سه‌ری ههڵیاننهدایه و
وه‌ده‌نگ نه‌هاتن. فه‌لاح موسته‌فا، داوا له که‌نه‌دا ده‌کات، که داوای لێبوردن
بکات، چونکه شڤان په‌روه‌ریان بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م ڕاگرتووه! فه‌لاح موسته‌فا و
حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا و سه‌رۆک هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، که
هێنده به ته‌نگ خه‌ڵکی کورده‌وه‌ن، ئه‌ی بۆ داوا له حوکووتی که‌مالیستی تورکیا
ناکه‌ن، که داوای لێبوردن له ده‌یان هه‌زار دایک و خۆشک و باوک و برای شه‌هیده‌کانی
بزاڤی کوردایه‌تی بکه‌ن! بۆ چی داوا له تورکیای که‌مالیست ناکه‌ن، که داوای
لێبوردن له ماڵباتی ئه‌و کوڕه منداڵه بکه‌ن، که پۆلیس ئانیشکی به جۆرێک
شکاند، ته‌نانه‌ت له تهلهڤزیۆنهکانیشدا، قرچه و خڕه‌ی ئێسکه شکاوه‌که‌ی ده‌هات!
له باکووری کوردستان، هه‌ر ئه‌و جێیه‌ی، که شڤان په‌روه‌ری تێدا هاتووه‌ته
دنیاوه، سه‌دان گوند چۆڵکران و هه‌زاران ڕه‌ز سووتێنران و هه‌زاران کچ ئه‌تککران
و هه‌زاران لاو هه‌ڵواسران و هه‌زاران مرۆڤ کۆچپێکران و ڕاگوێزران، ئایا ئه‌وانه هیچیان
بایه‌خی ئه‌وه‌یان نه‌بوو، که فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا،
له سه‌ریان وه‌ده‌نگ بێن و داوا له حوکوومه‌تی تورکیا بکه‌ن، که داوای لێبوردن
له گه‌لی کورد بکات! فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا و سه‌رۆک
هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح موسته‌فا، بۆ تا ئێستا داوایان له حوکوومه‌تی به‌عسی سووریا
نه‌کردووه، که داوای لێبوردن له گه‌لی کوردی سووریا بکات، بۆ کوشتنی لاوه
بێتاوانه‌کانی یاریگه‌که‌ی قامیشلو و شه‌هیدکردنی مه‌لا موحه‌ممه‌د مه‌عشووق خه‌زنه‌وی!
فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا و سه‌رۆک هه‌رێمه‌که‌ی فه‌لاح
موسته‌فا، بۆ به‌رانبه‌ر حوکوومه‌ته‌کانی تورکیا و ئێران، که ڕۆژانه بۆمباران و
تۆپبارانی خاکی باشووری کوردستان ده‌که‌ن و سه‌دان خێزان، ئاواره ده‌که‌ن و سه‌دان
ڕه‌ز و خانوو، ده‌سووتێنن و وێران ده‌که‌ن، فززه‌یان لێوه نایه‌ت و له میدیاکانی
کوردستاندا، له ژێر لێو و به شه‌رمه‌وه، ته‌نێ وه‌ک هه‌واڵێک، باسی ده‌که‌ن! فه‌لاح
موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح موسه‌ته‌فا، بۆ داوا له حوکوومه‌ته‌کانی سوێد
و ئینگلستان و ئه‌ڵمانیا و فرانسا و...ناکه‌ن، که داوای لێبوردن له‌و په‌نابه‌ره
کوردانه بکه‌ن، که له سه‌ر هیچ و خۆڕایی و بێ ئه‌وه‌ی هیچیان کردبێ، له زیندان
و گرتووخانه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌دا که‌وتوون و به‌شێکی زۆریان تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی
هاتوون و مه‌رگ به ئاوات ده‌خوازن! ئایا یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌وگرانی کورد و
خاکی کوردستان، هێنده‌ی شڤان په‌روه‌ر، بۆ فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی فه‌لاح
موسته‌فا، بایه‌خیان نییه! فه‌لاح موسته‌فا
و حوکوومه‌ت و سه‌رۆک هه‌رێمه‌که‌ی، که هێنده به‌ته‌نگ شڤان پهروهرهوهن، ئه‌ی
بۆ ڕێزه‌یه‌کی ئه‌وه، به‌ته‌نگ مه‌سعوود موحهممهدێکهوه نه‌هاتن، که به
ئاواره‌یی و پشتگوێخراوی و نائومێدی، له په‌نای ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵیی کورددا سه‌ری
نایه‌وه، ئایا بۆ کورد مه‌سعوود موحه‌ممه‌د گه‌وره بوو یا شڤان په‌روه‌ر و
هاوڕێیه‌کانی، که هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ده‌که‌نه گه‌روویانه‌وه و هه‌رگیز
تێریش نابن.
فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی، خۆ به به‌شێک له عیراق ده‌زانن و
عیراقین، که‌چی داکۆکی له شڤان په‌روه‌رێک ده‌که‌ن، که ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاتێکی
دیکه‌ی(ناعیراقی) هه‌یه و وه‌ک کوردێک داکۆکی لێ ده‌که‌ن. ئه‌وه چۆنه ئێستا وا هه‌ستیی
کوردستانییان به‌رز بووه‌ته‌وه و خۆ به خاوه‌ن و پشتیوانی شڤان په‌روه‌ر ده‌زانن!
ئه‌و په‌ژاره و گوتاره، ته‌نێ بۆ شڤان په‌روه‌ره، ده‌نا خۆ میلیۆنان کوردی باکوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوای
کوردستان و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وسترالیا و ئه‌فریقا و ئاسیا، هه‌زاران
کێشه و ده‌ردیسه‌ری و گرفتیان هه‌یه، ئه‌وه بۆ له سه‌ر ئه‌وان، ده‌نگ هه‌ڵنابڕن
و شتێک ناڵێن! دیاره که‌نه‌دایش له پیاوه‌تی خۆیه‌تی ده‌نگ ناکات، ده‌نا مافی ئه‌وه‌ی
هه‌یه، بپرسێ، به تایبه‌تیش له فه‌لاح موسته‌فا، که به‌رپرسی پێوه‌نده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی
حوکوومه‌تی کوردستانه، ئه‌رێ ئێوه‌ی عیراقی، چ کاره‌ن و چیتان داوه له شڤان په‌روه‌رێکی،
خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌یه‌کی نازانم: تورکیایی، ئه‌ڵمانی، سوێدی یا وڵاتێکی دیکه!
که‌نه‌دا، ساڵانێکه، داڵده‌ی هه‌زاران کوردی داوه، چ رؤژێک فه‌لاح موسته‌فا
و حوکوومه‌ته‌که‌ی، سپاسێکیان کرد، که‌چی بۆ گومان و لێپرسینه‌وه‌یه‌ک له لایه‌ن
پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌وه، له شڤان په‌روه‌ر، داوا ده‌که‌ن، که‌نه‌دا داوی لێبوردن
له گه‌لی کورد بکات، من ده‌پرسم چ حوکوومه‌تێکی ئه‌م جیهانه تا ئێستا، داوای
لێبوردنی له گه‌لی کورد کردووه! ئه‌وه حوکوومه‌ته‌که‌ی عیراق، که حوکوومه‌ته‌که‌ی
فه‌لاح موسته‌فا، به‌شێکه لێی، تا ئێستا، به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌ی،
کورد قڕکردن و وێرانکردنی کوردستان و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و کوردانی فه‌یلی و
ئێزدییان و بارزانی و شه‌به‌ک و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی کراون، کوا داوای لێبوردنی
له گه‌لی کورد کردووه!
هه‌موو یه‌کێک له ئێمه ئه‌وه ده‌زانێت،
که شڤان په‌روه‌ر، سترانبێژێکی میللی کورده، خه‌ڵکی باکووری کوردستانه و ساڵانێکی
دوورودرێژه له ئه‌وروپا ده‌ژی. له بواری ستران و سرووتی شۆڕشگێڕیدا و بۆ
هاندانی خه‌ڵکی کورد، نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاوی هه‌بووه. ساڵانی 1970کان، له
ڕادیۆی (یهرهڤان)ی ئه‌رمه‌نستانه‌وه، که په‌خشێکی کوردیی هه‌بوو، گه‌لێ جار،
گۆرانییه‌کانی شڤانیان ده‌خسته سه‌ر و کاریگه‌رییه‌کی زۆری له مرۆڤی کورد ده‌کرد.
من ئێستاش له بیرم ناچێت، که چۆن جارێکی ساڵی 1978، له کارگێڕیی ئاماری هه‌ولێر،
هاوکارێکم کاک ئه‌مجه‌د خه‌لیل شه‌عبان، یادی به‌خێر، که پێش چه‌ند ساڵێک، له
سوێد، به نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه، کۆچی دوایی کرد، نیوه‌ڕۆیه‌کی پێش ته‌واوبوونی
کاتی کاره‌که‌مان ، هاته ژووره‌که‌وه، که منی لێبووم و به دیار سه‌رمه‌وه
ڕاوه‌ستا و ده‌می نایه پهناگوێمهوه و به ده‌نگێکی زۆر کز و ئارام، پێی گوتم،
که دوای ته‌واوبوونی کار، چاوه‌ڕێی بکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی پێکه‌وه له کارگێڕییه‌که
ده‌رچین و بڕۆینه‌وه بۆ ماڵ. منیش قایل بووم. که کار ته‌واو بوو و ده‌رچووینه
ده‌رێ، گوتی که له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بڕۆمه‌وه بۆ ماڵی ئه‌وان. منیش پرسیم بۆ؟ گوتی:
شتێکی خۆشت پێ ده‌ڵێم و دیارییه‌کم هه‌یه بۆ تۆ. منیش زۆر خۆشحاڵ بووم. که گه‌یشتینه
ماڵیان، کاسێتێکی خسته سه‌ر تۆمارکه‌ر(موسهجیل، زه‌بت، ڕیکۆرده‌ر)ه‌که‌ی و په‌نجه‌یه‌کی
به دوگمهکهیدا نا و ده‌نگی لێوه هات. شڤان په‌روه‌ر بوو، ده‌یچڕی. گوتی: ئه‌وه
دیارییه‌که‌یه، ئه‌و کاسێته‌ت بۆ کۆپی ده‌که‌م. یه‌ک دنیا دڵم خۆش بوو و که‌یفساز
بووم، به‌وه‌ی بۆ خۆم ده‌بمه خاوه‌نی کاسێتی شڤان په‌روه‌ری خۆم. ئیدی له
خۆشیاندا نه‌مده‌زانی چؤن سپاسی ئه‌و هاوڕێیه‌م بکه‌م. کاسێته بۆرم پێچایه‌وه و
شاردمه‌وه و خۆم گه‌یانده ماڵ. ئیدی ڕۆژانه به دزییه‌وه، دهرمدههێنا و ده‌نگه‌که‌م
کز ده‌کرد و گوێم ده‌دایێ، ئه‌وه خۆشییه‌ک بوو، هه‌رگیز له باسکردن نایه‌ت. له‌و
ڕۆژانه‌ی سه‌رده‌می به‌عسدا، گوێدانه مۆسیقای له‌و جۆره، قه‌ده‌غه بوو و باسی
سه‌ر بوو. شڤان په‌روه‌ریش یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی، که باسکردنی و کاسێته‌کانی خه‌ته‌رێکی
مه‌زنی تلیاکئاسا بوو. شڤان په‌روه‌ر،
خزمه‌تێکی زۆری به گۆرانیی کوردی کردووه و به‌ڵام نه ئه‌و و نه هیچ تاکێکی
کورد، له خاکی کوردستان مه‌زنتر نین و له‌و
هه‌موو میلیۆنه کورده‌ی، که نه‌ته‌وه‌ی کورد پێکده‌هێنن، گرنگتر و باڵاتر و
هێژاتر نین! بریا فه‌لاح موسته‌فا و حوکوومه‌ته‌که‌ی و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ی، ته‌ماشای
هه‌موو کوردیان به یه‌ک چاو ده‌کرد و گه‌لی کورد و خاکی کوردستانیان له شڤان په‌روه‌ر
و شڤان په‌روه‌ره‌کان پێ مه‌زنتر و به‌هادارتر ده‌بوو. 1/9/2009