بۆ سه‌لام موحه‌ممه‌د
برام کاک سه‌لام،
ڕێز و سڵاوی گه‌رمم،
له‌م ڕۆژانه‌دا و له دواژماره‌ی گۆڤاری هه‌ناردا دیدارێکی دوورودرێژ و
تێروته‌سه‌لی تۆم خوێنده‌وه، به‌ڕاستی که‌مجار دیداری وا خۆشم له‌نێو ئه‌و پاشاگه‌ردانی
و زۆروبۆرییهی ئه‌مڕۆی بڵاوکراوه و بازاڕی به‌ناو "فه‌رهه‌نگ"ی
کوردییه‌دا به‌رچاو که‌وتووه.
ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه جوان بوو و جێی ده‌ستخۆشییه له تۆ، ئه‌و
ڕاستگۆیی و ڕاشکاوییهیه، که له قسه‌کانتدا هاتوون و هه‌موو شته‌کانت توێکڵ
گرتوونه‌وه و پاک و خاوێن و سپی، داوتنه ده‌ست خوێنه‌ره‌وه.
به بڕوای من ڕاستگۆیی له قسه‌کردن و گوتار و نووسین و ڕاده‌ربڕیندا،
گرنگترین شتێکه، که گه‌ره‌که، ئاخێوه‌ر، نووسه‌ر، یا هه‌رکه‌سێکی دیکه، به
تایبه‌ت ئه‌وه‌ی خودان په‌یامێکه و گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌ی به ئه‌رکێکی سه‌ر
شانی خۆی ده‌زانێت، بیپارێزێ و هه‌رگیز بۆ یه‌ک چاوترووکانیش له بیری نه‌کات. ئه‌وه‌یشی
پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی، ئیدی هه‌رچی بڵێت و بکات، جێی گومانه و نیازپاکیشی نیشانه‌ی
پرسیاری ده‌که‌وێته سه‌ر.
من بۆ خۆم حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی که‌سیه‌تی و بیره‌وه‌ری و دیدار
و ئه‌و جۆره نووسینانه ده‌که‌م، که زۆرتر به لای کراوه‌یی و "عه‌فه‌وییه‌ت'
و "تیلقائییهت' و ئه‌وانه‌دا ده‌ڕۆن و پێموایه له‌و جۆره قسانه‌دا مرۆڤ
خۆی به خه‌ڵک و خوێنه‌ر ده‌داته ناسین، چه‌نده ڕاستگۆ بێت، هێنده خوێنه‌ر و
گوێگر و بینه‌ر، هۆگری ده‌بن و قسه‌کانی کاریگه‌رییان ده‌بێت.
دیدارێکی خۆش، ساڵانێک پێش ئێستا له حه‌فته‌نامه‌ی"میدیا"دا
خوێندمه‌وه، هی "جه‌وهه‌ر ئاغای سوورچی" بوو، که باسی له پێوه‌ندی
خۆی وه‌ک ڕاوێژکار و سهرۆکجاشێک به حوکوومه‌تی به‌عسه‌وه ده‌کرد، به‌ڕاستی
هێنده ئاشکرا و کراوه و ڕاست و ڕه‌وان و بێ گرێوگۆڵ قسه‌کانی کردبوو، که هه‌رگیز
له یادم ناچنه‌وه. به‌ڵێ به خوێندنه‌وه‌ی دیدار و یاده‌وه‌ری مهزنگهلێکی وه‌ک
"ئێدوارد سه‌عید" و هی دیکه‌ی وه‌ک وی، مرۆڤ به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت و شتگه‌لێکی
زۆر فێر ده‌بێت و خه‌رمانی زانیارییه‌کانی پتر که‌ڵه‌که ده‌بن و پتر به ناخی
خۆیدا ڕۆده‌چێ و شته‌کان وردتر و ڕوونتر ده‌بینێ، لێ زۆر جاران ئه‌وانه‌ی، که
گرێوگۆتاڵی ژیانی نوێ و ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه و جیهانگه‌ری، چ کاریگه‌رییه‌کی
له سه‌ریان نه‌بووه و سافیلکانه و هه‌ڕه‌مه‌کیانه ده‌هزرێن و ده‌په‌یڤن،
فێنکاییه‌کی تایبه‌ت، چێژێکی تایبه‌ت، به مێشکی ئێمه‌ی خوێنه‌ر ده‌به‌خشن.
چه‌ند شتێکی زۆر جوان، که له دیدارهکهتدا هاتوون و تۆ باست لێوه
کردوون، سه‌رباری شیعر و که‌رکووک و بزاڤی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می 1970کان و کۆمه‌ڵێک
شتی دی، که بۆ خۆیان به‌شێکی گرنگی مێژووی فه‌رهه‌نگی ئه‌و وڵاته‌ی خۆمانن، باسکردنی
کێشه‌ی خواردنه‌وه و سووتاندنی ماڵه‌که‌ی خۆت و ئه‌و پێوه‌نده نائاساییهت به
ده‌سگای پاراستن و ئه‌و کاره‌ی پێیان ڕاسپاردبووی و ئه‌نجامه‌که‌یشی، به دیوه
عیراقییه حوکوومهتییهکهیدا. بوون، واته:
کۆمه‌ڵێک زانیاری له‌مه‌ڕ کۆمه‌ڵیک ورده‌کاری و ورده‌واڵه‌ی ژیانی که‌سه‌کی خۆته‌وه،
که پێوه‌ندیان به ده‌وروبه‌ر و ژینگه‌ی ئه‌وده‌می وڵاتیشه‌وه هه‌ن. من ناچمه
نێو ورده‌کاری باشی و خراپی و هه‌ڵه و ڕاستیی ئه‌و کارانه‌ت و باس له‌و لایه‌نانه‌یان
ناکه‌م، ته‌نیا باس له درکاندنی ئه‌و باسانه ده‌که‌م له لایه‌ن خۆته‌وه. من ئه‌وه
به بوێری و ڕاستگۆیی داده‌نێم و پێموایه کهمکهس ئاوها ده‌توانێت، ددان به هه‌ڵه
و چه‌وتی و پاشخانێکی ته‌ماوی و شاراوه‌ی
خۆیدا بنێ و ڕاستییه‌کان ڕیکوڕهوان و بێ پێچوپه‌نا بدرکێنێ. پێموایه کارێکی گه‌لێک
چاکت کردووه و خوا بکات ئه‌مه‌ی تۆ ببێته پێشه‌نگ بۆ خه‌ڵکانی دیکه‌ش، به تایبه‌ت
بۆ سیاسه‌تکاران و تێڵابه‌ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، که به‌شێکی زۆری ناهه‌مواری
و نه‌هامه‌تیی و سیاچاره‌یی و به‌دبه‌ختی خه‌ڵکی کورد، له کاری ژێربه‌ژێری و
شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانه‌وه له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ.
ئه‌گه‌ر بێته‌وه بیرت، من باشم دێته‌وه بیر، نیوه‌ڕوانێکی گه‌رمی که‌رکووک،
فازیل جاف و من، له باڕ(مه‌یخانه)ی "حه‌موورابی"، که له سه‌ر جاده‌ی
جه‌مهووری، له سه‌رووی شوکر نه‌ججاڕ و له ته‌نیشت سینه‌مای سه‌لاحه‌ددینه‌وه بوو
دانیشتبووین و ده‌مانخوارده‌وه، ئێمه بیره‌ی ساردمان ده‌خوارده‌وه و له‌پڕ تۆ
خۆت به ژووردا کرد و لای ئێمه دانیشتی، پێکه‌وه دانیشتین. یه‌کێک له‌و کوڕانه‌ی،
که له باڕه‌که‌دا کاری ده‌کرد، ناوی
داوود بوو و له مه‌سیحییه‌کانی که‌رکووک بوو و تا ڕاده‌یه‌ک براده‌رم بوو، وه‌ک
نه‌ریت و ئوسووڵی لای خۆمان با‌نگم کرد، که شتێکیش بۆ تۆ بهێنێت، تۆ داوای چاره‌کێک
ویسکیت کرد. ئیدی نزیکه‌ی دوو سێ سه‌عاتێکمان له‌وێ به قسه و باسه‌وه به‌سه‌ر
برد و دواتر هه‌ڵساین. ئێمه چووین بۆ چایخانه‌ی بابیل، که من هه‌موو ڕۆژێک له‌گه‌ڵ
چه‌ند هاوڕێیه‌کمدا لێی داده‌نیشتین و تۆیش به لایه‌کی دیکه‌دا ڕۆیشتی.
چایخانه‌ی بابیل، که له نێوان کتێب‌فرۆشی "ئاسۆ" و ئۆرۆزدی باکی ئه‌وسا و به‌رانبه‌ر چایخانه یا
کازینۆی نه‌سر(نصر) بوو، جێی دانیشتنی ڕۆژانه‌ی ئێمه چه‌ند هاوڕێیهک بوو و هه‌موو
عه‌سرانێک له‌وێ کۆده‌بووینه‌وه. ئه‌گه‌ر یه‌ک دانه‌مان دیار نه‌بووایه، ئیدی ده‌بووه
جێی پرسیار و نیگه‌رانی. ئێمه، ئه‌وانه‌ی له‌وێ کۆ ده‌بووینه‌وه، سه‌رباز، کارمه‌ند،
کارگه‌ر، بێکار، خوێندکار ، مامۆستا و هه‌موو جؤرێک بووین و له هه‌موو ئاشێکمان
ده‌کرد و هه‌موو شتێکمان ده‌گوت و ڕه‌خنه‌مان له هه‌موو شتێک ده‌گرت. تا ڕاده‌یه‌ک
ڕۆژانه‌ش ده‌چوومه کتێبفرۆشیی ئاسۆ، که هه‌موو ئێمه سه‌ردانیمان ده‌کرد.
کتێبفرۆشیی ئاسۆ، که بۆ تۆ و بۆ من و بۆ زۆریی دیکه‌ش، بۆ خۆی باسێکه و زۆری ده‌وێ.
من زۆرجاریش ده‌چووم بۆ لای له‌تیف هه‌ڵمه‌تی کۆنه هاوپۆلم، که ئه‌وه‌ده‌می
فرۆشگه‌یه‌کی بچکۆلانه‌ی له سه‌رووی ئه‌و
ده‌وروبه‌ره‌ی باسی ده‌که‌م، کردبووه‌وه و له‌وێ گۆزه‌ی ده‌فرۆشت. شاعیر و
گۆزهفرۆشتن! تا ڕاده‌یه‌ک کۆنتراستێکی سه‌یره، به‌ڵام بۆ نه‌ء، ئه‌ی چی کردبا!
به بڕوای من ئه‌و گۆزهفرۆشتنهی هه‌ڵمه‌ت، به‌شێک بوو له سه‌ره‌ڕۆیی یا هه‌ر
درێژه‌پێدانێکی یاخیبوونه‌که‌ی بوو.
ئێستاش ده‌ڵێی دوێنێیه"ده‌مه‌و ئێواران ده‌تبینم به سوخمه‌یه‌کی زه‌رده‌وه"که‌تم
دێته‌وه یاد و نه‌ک ته‌نێ من، به‌ڵکه زۆرینه‌ی ئه‌وه‌ی خوێندبوویه‌وه، گه‌لێکیان
به لاوه جوان بوو و گه‌لێکیش بوێرانه بوو، که‌رکووک له‌و سه‌رده‌مه‌دا و به‌و
جۆره باس بکه‌یت.
که‌رکووک چ ئه‌وده‌م و چ ئێستا بۆ ئێمه، خه‌ونێکی خۆش، عیشقێکی بێ بڕانه‌وه،
مۆسیقایه‌کی پڕ جۆش و ئارامبه‌خش بوو. من بۆ خۆم ساڵانی ژیانی که‌رکووکم، به
خۆشترین ساڵانی ژیانم ده‌زانم و هه‌رگیز هیچ سه‌رده‌مێکی ژیانمم له‌و سه‌رده‌مه پێ
خۆشتر نه‌بووه. ئه‌و ساڵانه بۆ من، بێجگه له پراکتیزه‌کردنی ژیان، به لایه‌نه
کرده‌ییه‌که‌یدا نه‌ک ته‌نێ لایه‌نه تیۆرییه‌که‌ی و سه‌ربازی و ده‌سپێکردنی کار، خوێندنگه‌یه‌ک
بوون، ده‌یان وانه‌ی پڕبایه‌خیان تێدا فێر بووم، تێکه‌ڵاوییه‌کی زۆر و پێوه‌ندێکی
توندوتۆڵم له‌گه‌ڵ ده‌یان دۆست و هاوڕێی نێزیکدا دروست کرد، ئه‌زموونێکی به‌رین و
فراوانی هه‌ڵسوکه‌وت(به کرده‌وه) له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی جیاواز، خه‌ڵکی جیاواز،
بیروباوه‌ڕی جیاواز، نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، ئایین و ئایینزای جیاوازدا فێر بووم. ئه‌و
ساڵانه‌ی که‌رکووک، ساڵانی ئه‌ڤینداری و چڕبوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی چه‌پ و
شۆڕشگێڕانه‌م بوون، که هه‌میشه دوو قۆڵیی، ده‌ست له ملانی یه‌کدی بوون و جوێ نه‌ده‌بوونه‌وه.
ساڵانێک بوون خوێندنه‌وه‌کانم بۆ ڕووداوه‌کان و دیدم بۆ بوون و ده‌وروبه‌ر، به‌ره‌به‌ره
جێگیر ده‌بوون و ڕێچکه‌ی خۆیان ده‌دۆزییه‌وه. هه‌ر له‌وده‌مه‌شدا بوو، من به
چاوی خۆم، له‌توپه‌تکردنی له‌شولاری که‌رکووکم ده‌دی، ڕۆژێک قامکێکی و ڕۆژێک ده‌ستێکی
و ڕۆژێک لاقێکیان ده‌قرتاند و لێ ده‌کرده‌وه و ڕۆژێکیش نێوقهدیان ده‌بڕییه‌وه.
به‌عساندن و عه‌ره‌باندن و داگیرکردنی خاک و وه‌ده‌رنانی خه‌ڵکی کوردم ده‌دی و ده‌مدی
چۆن هه‌وڵی تاساندن و گیانکێشانی که‌رکووک ده‌ده‌ن، ئه‌وانه مۆته‌که‌یه‌ک بوون بۆ
ئێمه، لێ که‌رکووکی هه‌میشه گڕ، خۆی به‌ده‌سته‌وه نه‌ده‌دا و که‌رکووک به‌رخۆدانی
ده‌کرد. که‌رکووکی بێشه‌ی شۆڕشگێڕان، ئاگرێکی زیندوو بوو و به‌وان خامۆش نه‌ده‌بووه‌وه.
ئه‌وده‌م گه‌نج بووین و دڵی ئێمه‌ش به‌شێکی ئه‌و ڕۆحه زیندووه و ئه‌و ئاگره
زیندووه‌ی که‌رکووکی له‌نێو خۆیدا هه‌ڵگرتبوو و حه‌شار دابوو و بۆ هه‌میشه، وه‌ک
ڕازێک، وه‌ک نهێنییه‌کی پیرۆز، پاراستی و ده‌یپارێزێ و هه‌ر ده‌یپارێزێ، تا ئه‌و
ڕۆژه‌ی سه‌رله‌نوێ شین ده‌بینه‌وه و ده‌بینه‌وه منداڵه چه‌قاوه‌سووه‌کانی ته‌په‌ی
مه‌لا عه‌بدوڵڵا و ئیمام قاسم و به‌رته‌کیه و ئه‌حمه‌دئاغا و حه‌سیره‌که و زێوێ
و ڕه‌حیماوا و شۆڕیجه و هه‌موو کووچه و کۆڵانه‌کانی ئه‌و شاره، باوهگۆڕگۆڕ
و هه‌موو که‌رکووک. ئه‌و ڕۆژانه‌م، هه‌میشه، وه‌ک پاییزهخهونێک یا شه‌سته‌بارانێکی
به‌هار دێنه‌وه یاد و تهزێکی خۆشی و فێنکاییه‌ک به هه‌ست و مێشکمدا تێده‌په‌ڕێ.
مه‌ولانا جه‌لالوددینی ڕۆمی ده‌ڵێ:
بشنو از نی چون حکایت می‌کند
از جداییها شکایت می‌کند
ئێمه‌ش مانه‌ندی ئه‌و نه‌یه‌ی مه‌ولانا باسی لێوه ده‌کات، هه‌میشه و تا
ئه‌و ڕۆژه‌ی له ژیانداین، به‌و جودابوونهوهیهی که‌رکووکه‌وه ده‌تلێینه‌وه و
خۆدهخۆێنهوه و ده‌ناڵێنین و که‌سیش، بێجگه له خۆمان(که‌رکووکییان)، له‌و ده‌رده‌مان
تێناگات. عه‌ره‌باندن و داگیرکردن و وهدرنان و کۆچپێکردن و ئه‌نفال و
گوندڕووخاندن و تاڵانکردن و زه‌وتکردنی هه‌موو شتێک، هه‌موو ئه‌وانه و گه‌لێکی
دیکه‌ش، داخگهلێکی گه‌رمن، پشکۆیهکن، به مێشک و بیرگه و ده‌روون و بوونی هه‌موو ئێمه‌ی کهرکووکیاندا
چزێنراون و هه‌میشه و تا ماوین بۆکڕووزی دێت و ته‌نێ خۆمانین هه‌ستی پێ ده‌که‌ین.
ئێمه، تۆ و من و هه‌موو ئه‌و که‌رکووکیانه‌ی ئه‌وده‌م، کۆمه‌ڵیک یاخی
بووین و هه‌ر هه‌موو شه‌یدای ئازادی بووین و خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک خه‌ون بووین. ئێستاش
ئه‌و خه‌ونانه هه‌وێنی ژیان و بهردهوامیمانن، تۆیش، که تۆوێکی ئه‌و ژینگهیهیت
و به هه‌موو خه‌مه‌کان ئاشنایت، له‌و بڕوایه‌دا نیت؟
جارێکی دی ده‌ستخۆشیت لێ ده‌که‌م و هیوام به‌خته‌وه‌ری و که‌یفسازی و لهشساغیته.
ئه‌گه‌ر ئه‌درێسی پۆستیی خۆتم بۆ بنێریت، کتێبێکی شیعریی هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویستی
خۆم(ته‌ییب جه‌ببار)ت بۆ ده‌نێرم.
هه‌میشه سه‌رکه‌وتوو
بیت. ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
19/3/2009
* ئه‌م نامه‌یه
له گۆڤاری"هه‌نار"ی ژماره 41ی یۆنیۆی 2009ی ساڵی چواره‌م، له لاپه‌ڕه‌ی
102-107دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه.