مهیتهرستان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
وشه‌ی "سیاسه‌ت" و "سیاسی"ی له زمانی کوردییدا، له
"سیاسة" و "سیاسي"ی زمانی عه‌ره‌بییه‌وه هاتووه. عه‌ره‌ب ئه‌و
وشه‌یه بێجگه له‌و دوو شێوه‌ی پێشووهیدا، له شێوه‌ی "سیس، یسیس، سیس،
تسییس، مسیس، ساسة، أسس، یؤسس، أسس، تأسیس، مؤسس، مؤسس، مؤسسة"دا به‌کار ده‌بات،
به‌ڵام کورد ته‌نیا "سیاسه‌ت" و "سیاسی" وه‌ک عه‌ره‌ب به‌کار
ده‌بات و بۆ ئه‌و که‌سه‌یشی، که کاری سیاسه‌ت ده‌کات، ئه‌گه‌ر به جیددی باسی
لێوه بکات، وشه‌ی"سیاسه‌تکار" و "سیاسه‌تمه‌دار" و
"سیاسه‌تزان" به‌کار ده‌بات و ئه‌گه‌ر بۆ شۆخیپیکردنیش بێت، نێوی
"سیاسه‌تچی" لێده‌نێت، که هه‌موویان کورداندنی وشه‌ی سیاسه‌ت"سیاسة"ه
عهرهبییهکهن، ته‌نێ به پێوه‌نووساندنی پاشگری"کار، مه‌دار، چی".
وشه‌ی"سیاسة"ی عه‌ره‌بی به واتای"ڕامیاری" کوردی دێت، که
ده‌کاته ڕامکردن و کایه‌ی ڕامکردن. له ڕه‌گوڕیشه‌دا عه‌ره‌ب ئه‌و وشه‌یه‌ی بۆ
ڕامکردنی ئاژه‌ڵ، به تایبه‌ت بهرزهوڵاخی وه‌ک ئه‌سپ و هێستر به‌کار بردووه و
ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌یشی کردووه پێی گوتراوه"سایس". "سایس" ئه‌و
که‌سه‌یه، که ده‌سته‌مۆ و که‌وی و
ڕامکردن و بارهێنانی ئه‌سپ و هێستر ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی و سه‌رپه‌رشتیی ئالیک و
ئاودان و ته‌ویله و پێویستییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵانه ده‌کات.
"سایس"، کورد پێی ده‌ڵێ"مه‌یته‌ر". شێخی مه‌زن، شێخ ڕه‌زای
تاڵه‌بانی، له باسی هێسترێکیدا، که یه‌کێک له میرانی شه‌قڵاوه بۆی ناردووه ده‌ڵێ:
(سه‌ی فه‌تاحی) مه‌یته‌رم ڕۆژێ به حیججهت لێینهوی
کلکی ده‌رهێنا له‌بن ئه‌مجا به ئاسته‌م گوێی بزووت
ڕامکردنی ئه‌سپ و هێستر، ده‌کاته دهستبهسهرداڕۆیشتن و ده‌سه‌ڵاتبوون و
ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی مه‌یته‌ر به سه‌ریاندا. سیاسه‌تیش هه‌ر ئه‌و واتایه ده‌دات،
لێ بۆ مرۆڤ. سیاسه‌ت ده‌کاته دهستبهسهرداڕۆیشتن و ده‌سه‌ڵاتبوون و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی
سیاسه‌تکار به سه‌ر مرۆڤه ئاساییه‌کاندا، واته: ڕامکردنی ئه‌و مرۆڤانه.
سیاسه‌ت له زمانانی ئه‌وروپاییدا،
وشه‌گه‌لی پۆلیتیک(Politic) و پۆلیسی (Policy) بۆ به‌کار ده‌برێت. وشه‌ی پۆلیتیک، که له زمانی
یۆنانییه‌وه هاتووه، واتای: هونه‌ری دهوڵهتاندن، هونه‌ری پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵات
له بوارێکی فه‌رمی و گشتیی‌دا ده‌دات. وشه‌ی پۆلیس(Police) یش، که له زمانی یۆنانیدا به
واتای"شار" یا "ده‌وڵه‌تی شار" هاتووه واتای کاروباری
هاووڵاتان ده‌گه‌یه‌نێت، بنه‌مایه‌که بۆ وشه‌ی پۆلیتیک و پۆلیسی. پۆلیتیک، چۆنیه‌تی
به‌ڕێوه‌بردن و کارگێڕی و بڕیاردان و فه‌رمانڕه‌وایی و پیاده‌کردن و به‌جێهێنانی
ده‌سه‌ڵاته. هه‌رچی وشه‌ی پۆلیسی(Policy)یه، بنگه و بناخه و چه‌مک
و کۆڵهکهگهلێکه، که پۆلیتیک(سیاسه‌ت)ی له سه‌ر ڕاوه‌ستاوه و واتای نه‌خشه‌دانان
و به‌رنامه‌ڕێژی بۆ پێڕۆی پۆلیتیک ده‌گه‌یه‌نێت.
سیاسه‌ت، که ده‌کاته ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی و فه‌رمانڕه‌وایی و بڕیاردان، وه‌ک
چه‌مکێک له هه‌موو جیهاندا تا ڕاده‌یه‌ک یه‌ک ده‌گرێته‌وه و یه‌ک واتای هه‌یه،
به‌ڵام جیاوازیی له چۆنیه‌تیی پیاده‌کردن و پێڕۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی و فهرمانڕهوایهتییهدایه.
ئه‌گه‌ر له وڵاتگه‌لێکدا، که سیاسه‌تکارانی به هه‌ڵبژاردن دێنه سه‌ر کار و
قانوونێک بۆ فه‌رمانڕه‌وایی هه‌یه و خه‌ڵک هه‌ندێک ماف و هه‌ندێک ئازادی ڕاده‌ربڕین
و گۆڕینی هه‌یه و سیاسه‌تکارانی وه‌به‌ر
ئه‌و قانوونانه ده‌که‌ون و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه ئاساییهکدا هێنده جیاوازییان نییه
و سیاسه‌تکردن و ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست، کاره وه‌ک هه‌موو کارێکی دیکه و پیشه‌یه‌که
و هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته و ئه‌و جۆره هه‌ڵسوکه‌وت و سیاسه‌تکردنه
بووه به نه‌ریتێک و ئه‌و وڵاتانه بوون به خاوه‌ن فه‌رهه‌نگێکی سیاسی له فه‌رمانڕه‌وایی
و ده‌سه‌ڵات و کارگێڕی و ده‌وڵه‌تدا و سیاسه‌ت بڕێک له مهیتهریهتی دوورکه‌وتووه‌ته‌وه،
ئه‌وا له وڵاتگه‌لێکی وه‌ک ئه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به عیراق و کوردستانیشه‌وه
، سیاسه‌ت له‌کن سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵاتداران، هێشتا مهیتهریهتییه. سیاسه‌ت له‌و
وڵاتانه و هاوشێوه‌ی ئه‌و وڵاته‌نه ، هونه‌ری فرتوفێڵ و پاشقوللێدان و فریودان و
هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکه
.سیاسه‌ت له‌و وڵاتانه، پێڕۆی "گێزه‌ر و
تێڵا" و"گیسکه‌ی هه‌یاس"ه.
ته‌ماشاکردنی سیاسه‌ت، وه‌ک هونه‌ری فریودان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵک و ته‌ماشاکردنی
سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدار، وه‌ک که‌سێکی جیاواز له خه‌ڵک و مه‌زنتر له خه‌ڵک، له
ڕۆژهه‌لاتی ئیسلامی‌دا، که کوردیش له دێرزه‌مانه‌وه به‌شێکه لێی[1]،
هه‌ر له سه‌رده‌می موعاویه‌ی کوڕی ئه‌بوو سوفیان(معاویة بن أبي سفیان)ه‌وه، هاته
گۆڕێ و بوو به فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتێک. موعاویه، به‌وه ناسرابوو، که فره‌زان و
فێڵباز و کڵاوچی و زمانلووس و درۆزن و دووڕوو و خاپێنه‌ره و له بنه‌وه کاری خۆی
ده‌کات و زمان و کرده‌وه‌ی له‌یه‌که‌وه دوورن. له‌و ده‌مه‌وه ئیدی خه‌لیفه، سوڵتان، میر، شا، سه‌رۆک و ته‌واوی
ئه‌و سیاسه‌تکارانه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست و ده‌نیشنه سه‌ر ته‌خت و ده‌بنه ده‌سه‌ڵاتدار،
هه‌موو نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها(خودا) و سێبه‌ری وی بوون له سه‌ر زه‌وی و هه‌ر
له‌وێ ڕا، ده‌سه‌ڵاتدار له خه‌ڵک دوورکه‌وته‌وه و بوو به که‌سێکی تایبه‌ت و که‌وته
ژینگه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی بۆ ساز کرا و ژیانێکی جیاوازی
له ژیانی خه‌ڵک بۆ ده‌سته‌به‌ر کرا. ئه‌و سیفه‌تانه له‌و ده‌مییه‌وه، له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی،
که کوردیش به‌شێکیه‌تی، بوون به سیفه‌تی مرۆڤی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تکاری
نێو ده‌سه‌ڵات. هه‌ر سیاسه‌تکارێکی ده‌سه‌ڵاتدار و گرێدراوی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی
ئێمه خاوه‌نی ئه‌و سیفه‌تانه بێت، زۆرینه‌ی خه‌ڵک به زیره‌ک و زانا و لێهاتووی
ده‌زانن و ئه‌وه‌یشی، ئه‌گه‌ر تاکه‌تاکه‌یه‌ک هه‌بێت وا نه‌بێت و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه
بێت، زۆرینه‌ی خه‌ڵک به بووده‌ڵه و سیاسه‌تنه‌زان و لاوازی ده‌زانن. کام سیاسه‌تکار
فرتوفێڵی زۆرتره و زمانلووستره و خێراتر و لێزانانه‌تر ده‌کارێت خه‌ڵک فریو
بدات، زۆرینه‌ی خه‌ڵک ئه‌و که‌سه به سیاسی داده‌نێن. زۆرینه‌ی خه‌ڵک، که باسی
ئه‌و جۆره سیاسییانه ده‌که‌ن ده‌ڵێن:"به‌ڕاستی فڵانه‌که‌س سیاسییه" و
به کاره‌که‌یشی که ده‌یکات ده‌ڵێن:"ئه‌وه‌یه سیاسه‌ت". ئه‌و پهسنانه
گه‌لێک جاران له‌کن خه‌ڵک دهبێسرێن و ده‌گوترێنه‌وه.
یه‌کێک له‌و سیاسییه یا سیاسه‌تکارانه‌ی وڵاتی ئێمه،
که به‌ڕاستی ئه‌و پێناسه ڕۆژهه‌ڵاتییه کوردییه‌ی سیاسی و سیاسه‌تکاره ده‌یگرێته‌وه
و پڕبه‌پێستیه‌تی، جه‌لال تاڵه‌بانییه.

له شێوه‌ی پرۆفایهلێکدا، واته پێناسه‌کردن و
خوێندنه‌وه‌ی که‌سێک، له گوتارێکیدا به نێوی "به‌هره‌ی ده‌سه‌ڵات (A gift for power)، له باره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه، له
گاردیان(The Guardian)ی لهندهنیدا،
جۆن لی ئه‌نده‌رسن(Jon Lee Anderson)[2]، به
وشه و ڕسته وێنه‌یه‌کی تاڵه‌بانی ده‌کێشێت و پێناسه‌یه‌کی که‌سیه‌تی ئه‌و ده‌کات
و کۆمه‌ڵێک ورده‌کاری له‌مه‌ڕ دیرۆکی ژیانی پێشووی و ئێستای ئه‌وه‌وه ده‌خاته
پێش چاوی خوێنه‌ر. ئه‌نده‌رسن له پاریس و به‌غدا و تاران له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا
بووه و هاوڕێی گه‌شته‌کانی بووه. گه‌لێک ورده‌کاری له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌وه باس ده‌کات.
کورته‌یه‌ک له سه‌ر ژیانی و چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی و گۆڕانگهلێک، که له
ژیانیدا ڕوویانداوه و شێوه‌ی ژیانی ئێستای وه‌ک سه‌رۆککۆماری عیراق و زۆری دیکه‌یش.
ئه‌و وێنه‌یه‌ی تاڵه‌بانی، که ئه‌نده‌رسن له‌و گوتاره‌یدا پێشانی ده‌دا و ئه‌و
زانیارییانه‌ی ئه‌و له باره‌یانه‌وه باس ده‌کات، ڕه‌نگه بۆ تۆ و منی کورد شتێکی
نوێ و سه‌یروسه‌مه‌ره نه‌بن، لێ بۆ که‌سێکی ئه‌وروپایی تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رنجڕاکێشن.
ئه‌و بڕگانه‌ی، که به ڕای من، هی ئه‌وه‌ن مرۆڤ قسه‌یه‌کیان له سه‌ر بکات و
دیتنێکی له باره‌یانه‌وه هه‌بێت، من وه‌ک خۆیان، وه‌ک ئه‌وه‌ی نووسه‌ری گوتاره‌که
نووسیونی له نێو دوو که‌وانه‌ی گچکه‌دا دایانده‌نێم و قسه‌ی که‌سانێکی دیکه‌ی
بێجگه له نووسه‌ری گوتاره‌که، که له نێو گوتارهکهدان، ئه‌وانیس هه‌ر وه‌ک
قسه‌کانی ئه‌نده‌رسن له نێو که‌وانه گچکه‌کاندا داده‌نێم.
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:
"5ی نۆڤه‌مبه‌ر، ئه‌و رۆژه‌ی که بڕیاری هه‌ڵواسینی سه‌ددام
حوسه‌ین درا، جه‌لال تاڵه‌بانی... به سه‌ردانێکی فه‌رمی له پاریس بوو و له
هوتێله‌که‌ی... له سه‌ر کورسییه فشوفۆڵ و تایبه‌تییه‌که‌ی دانیشتبوو و له ته‌له‌ڤزیۆنێکی
به‌رینه‌وه ته‌ماشای که‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ی ده‌کرد، که دادگاییه‌که‌ی پێشان
ده‌دا و که بڕیاری دادگا خوێنراوه، دوای چه‌ند وشه‌یه‌کی بچڕبچڕ، تاڵه‌بانی هه‌ڵسا
و چووه ژووری خه‌وتنه‌که‌ی و یه‌کێک له یارمه‌تیده‌رانی وه‌دوویدا چوو و دوای که‌مێک
یارمتیده‌ر هاته ده‌رێ و گوتی:" تاڵه‌بانی له سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتووه و
چووه‌ته قووڵایی بیرکردنه‌وه‌وه".
تاڵه‌بانی، که له پاریس ده‌بێت، به ژنه‌فتنی بڕیاری هه‌ڵواسینی سه‌ددام
حوسه‌ین تووشی نائارامی و شڵه‌ژانێک ده‌بێت و تێکده‌چێت و خۆی ده‌خزێنێته ژووری
خه‌وتنه‌که‌یه‌وه و سه‌عاتێک له سه‌ر کورسییه‌ک داده‌نیشێت و بیر ده‌کاته‌وه،
بیرێکی قووڵ. تاڵه‌بانی بیرێکی قووڵی له ڕابوردوویه‌کی هاوبه‌ش و نان و نمهکێک
کردوه‌ته‌وه، که ڕۆژگاریک به سه‌ددام حوسه‌ین و حیزبی بهعسهوهی گرێدابوون. له
هیچ که‌س شاراوه نییه، که تاڵه‌بانی ساڵانێکی زۆری ژیانی هاوکار و دۆست و که‌سێکی
نێزیکی سه‌ددام حوسه‌ین و ڕێژیمی به‌عس بووه. دۆستایه‌تی تاڵه‌بانی و به‌عس ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ساڵانی سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی عه‌بدولکه‌ریم قاسم. ئه‌وده‌می تاڵه‌بانی و
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، دژ به بزاڤی چه‌پ و سۆسیالیستی ئه‌و ده‌مه، هاوکار و هاوبیر
و هاوخه‌م بوون له‌گه‌ڵ به‌عس و عهرهبهنهتهوهییهکاندا. تاڵه‌بانی چه‌ندین
جار جه‌ختی له سه‌ر کۆنهدۆستایهتی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی و سه‌ددام حوسه‌ین و بنه‌ماڵه‌که‌ی
و باسی داڵده‌دانی ژن و منداڵی "سه‌ددام حوسه‌ین"ی، کردووه‌ته‌وه. نامهگؤڕینهوهی
له‌گه‌ڵ "بارزان تکریتی"دا و خڕکردنه‌وه‌ی چه‌ندین کۆنه‌به‌عسی له ده‌وری
خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و گرنگیدانی پێیان و بوونی چه‌ندین به‌عسی و گرێدراوی به‌عسیش
له نێو حیزبه‌که‌یدا، هه‌موو نیشانه‌ی نێزیکایه‌تی "تاڵه‌بانی'ن له به‌عسه‌وه.
هه‌ر له دوای وه‌ده‌رکه‌وتنی تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌ی له پارتیی دیموکراتی
کوردستان و سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی و خۆگرێدانیان به به‌غداوه، ئیدی به‌عس به
هه‌موو جۆرێک خزاوه‌ته نێو ئه‌و ڕێکخستنهیانهوه، که هه‌ر جاره و له ژێر نێوێکدا خۆی داوه‌ته ناساندن و له
نێو خه‌ڵکیشدا، چونکه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و تا ئه‌مڕۆیش جه‌لال تاڵه‌بانی ڕێبه‌ری
بووه، هه‌ر به جه‌لالی نێوی ده‌رکردووه. تاڵه‌بانی هێنده عاشقه به‌عس بووه،
ته‌نانه‌ت ئه‌م حیزبه‌ی ئێستایشی"یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان" له
پێته‌ختی دووه‌می به‌عس"دیمه‌شق" و به
دنه‌دان و کۆمه‌کی به‌عسی سووریا و"حافز ئه‌سه‌د"ی سه‌رۆککۆماری
سووریا دامه‌زراند. مۆرنه‌کردنی بڕیاری هه‌ڵواسینی سه‌ددام حوسه‌ین و خۆخزاندنه
ژووری نووستنه‌وه، شۆڕبوونه‌وه و داچۆڕانێکی تاڵه‌بانییه به نێو مێژوویه‌کی
هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ به‌عس و "سه‌ددام حوسه‌ین"دا.
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت: "ناساندنی
سه‌رۆکه کورده‌که‌ی عیراق کارێکی نه‌کرده‌یه. ئه‌و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا
ده‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئێرانیشدا. به خۆی ده‌ڵێ ماویست وخاوه‌نی سامانێکی زۆریشه...مردنی
سه‌ددام، تاڵه‌بانی خسته بارێکی نائارامه‌وه...به
درێژایی ساڵان له‌گه‌ل هه‌موو که‌سێکدا پێکهاتووه له سه‌ددام حوسه‌ینه‌وه تا
ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی و هه‌ردوو سه‌رۆک بووشهکان... له‌وانه‌یه ئه‌و یه‌کێک بێت
له‌و خه‌ڵکه که‌مانه‌ی جیهان، به ڕاشکاوی ده‌توانێت بڵێت، که گۆنای کۆندۆلیزا
ڕایز و مه‌حموود ئهحمهدینهژادی ماج کردووه".
پێناسه‌کردنی نه‌ک هه‌ر سه‌رۆکه کورده‌که‌ی عیراق، به‌ڵکه هه‌موو مرۆڤێکی
ئه‌م جیهانه، ئه‌وه‌ی که"له سه‌ر دوو زین داده‌نیشێت" و هه‌موو
مرۆڤێکی دووڕوو و زمانلووس و خاوه‌نی قسه‌ی خۆنه‌بوو، کارێکی گه‌لێک دژواره و تا ڕاده‌یه‌ک نه‌کرده‌یه. تۆ
که نه‌زانیت ئه‌و که‌سه‌ی باسی ده‌که‌یت له چ خانهیهکدایه و چۆن بیر ده‌کاته‌وه،
ناتوانێت هه‌رگیز پێناسه‌ی بکه‌یت. تاڵه‌بانی له‌یه‌ککاتدا، بتوانێت دۆستایه‌تی ئه‌مه‌ریکا
و ئێرانیش بکات و له‌یه‌ککاتدا بتوانێت ماویست و خاوه‌نی سامانێکی زۆریش بێت و له‌یه‌ککاتدا
بتوانێت "ئهحمهدینهژاد"ی ئێران و "کۆندۆلیزا ڕایز"یش
ڕابموسێت و بتوانێت دۆستایه‌تی "سه‌ددام حوسه‌ین" و "ئیمام خومه‌ینی"
و هه‌ردوو سه‌رۆک "بووش"انی ئه‌مه‌ریکا بکات و له‌نێوان سه‌رانی تورکیا
و "عه‌بدوڵڵا ئوێجالان" و له نێوان حوکوومه‌تی ئێران و حیزبی دیموکراتی
کوردستانی ئێران و له نێوان "حافز ئه‌سه‌د"ی سووریا و حیزبه کوردییه‌کانی
سووریادا و له نێوان دوو کۆمه‌ڵه‌ی
کوردستانی ئێران و دوو دیموکراتی کوردستانی ئێران‌دا و له نێوان به‌غدا و تاران و
ئه‌نکه‌ره و دیمه‌شقدا ته‌راتێن بکات و دڵی هه‌ر هه‌موویان ڕاگرێت و ساڵانێک له سه‌ر خوانی "موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی"
لیبیا میوان و بووبێت و دواییش قسه‌ی پی بڵێت، لای خه‌ڵکانێک که سیاسه‌ت له چاوی
مهیتهرێکهوه ده‌بێنن و پێیانوایه سیاسه‌ت ئه‌مبه‌ر و ئهوبهرکردنه و پێکه‌نینه
بۆ هه‌مووان، ڕه‌نگه کارێکی ڕاست و دروست بێت، به‌ڵام ئایا وه‌ها هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێک
و گۆڕانێک له کورتترین ماوه‌دا، له دووڕوویی و ناسه‌قامگیریی بیروبڕوا و گاڵته‌کردن
به خه‌ڵک و به ڕدێنی خه‌ڵک پێکه‌نین زیاتر، شتێکی دیکه ده‌گه‌یه‌نێت! که‌سێک لهیهککاتدادۆستی
ئێران و ئه‌مه‌ریکا بێت و له‌یه‌ککاتدا ماچی ئهحمهدینهژاد و ڕایز بکات، که‌سێکه
ده‌توانێت له‌یه‌ککاتدا له‌گه‌ڵ خوا و شه‌یتاندا و ئیمام حوسه‌ین و یهزیددادۆستایهتی
بکات!
یه‌کێک له‌وانه‌ی پێناسه‌یه‌کی زۆر
رێک‌وپێکی جه‌لال تاڵه‌بانی کردووه، ته‌لال سه‌لمان(طلال سلمان)ی سه‌رنووسه‌ری
ڕۆژنامه‌ی ئهسسهفیر(السفیر)ی لوبنانییه، که به(الکردي التائه) واته:"کوردی
وێڵ" یا"وێڵهکورد" نێوی ده‌بات[3] و
پێناسه‌یه‌کی هێنده ڕێکوپیکی کردووه، که دروست له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تی بزۆز و بهرگۆڕی
"تاڵه‌بانی"دا دێته‌وه. له ژێر سه‌ردێڕی (ماموستا)یشدا،
عه‌بد عه‌لی ئهلکهتبی(عبد علي الکتبي)، له گوتارێکیدا له بڵاوکراوه‌ی ئهلمهجرهشه(المجرشة)دا،
باس له هه‌لپه‌رستی و ناڕاستی و زووگۆڕانی گوتار و کرده‌وه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی
ده‌کات و له که‌سێتی ئه‌و ده‌کۆڵێته‌وه[4]. ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"تاڵه‌بانی،
که باسی جۆرج بووش ده‌کات وه‌ک هاوڕییه‌کی خۆی نێوی ده‌بات".
تاڵه‌بانی، له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌سێکدا نانێکی خواردبێت، یا چاییه‌کی خواردبێته‌وه،
یا شتێک جووبێته به‌ینیانه‌وه، ئیدی ئه‌م
له لایه‌نی خۆیه‌وه به هاوڕێی ده‌ژمێرێت، ئه‌گه‌ر وا نییه، ئایا هیچ که‌سێک له‌م
جیهانه‌دا هه‌یه"جۆرج بووش"ی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا به هاوڕێی خۆی بزانێت!
نه‌ک هه‌ر جۆرج بووش، به‌ڵکه ته‌واوی سه‌رۆک و سیاسه‌تکارانی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا
و زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان، بێجگه له وڵاتانی دیکتاتۆری و کهسپهرست و گه‌نده‌ڵی
ئه‌م جیهانه و له پێش هه‌موویشیانه‌وه کوردستان و عیراق، له که‌سانێکی کارمه‌ند
و به‌رپرسیار زیاتر هیچی دیکه نین. ئه‌وان نوێنه‌ری سیاسه‌تی باڵا‌و و به‌رژه‌وه‌ند و ئاساییشی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی
وڵاته‌کانی خۆیانن و هه‌رگیز له جوغزی هێڵه گشتییه ستراتیژییه‌کانی سیاسه‌تی
وڵاته‌کانیان نه‌ده‌توانن ده‌رچنه ده‌رێ و نه بۆ خۆیشیان ده‌یانه‌وێت بیبه‌زێنن.
وه‌ها که‌سانێک له کونی ده‌رگای وڵاته‌کانی خۆیانه‌وه و له کونی ده‌رگای سیاسهتهباڵا
و بهرژهوهندهباڵاکانی خۆیانه‌وه ده‌نۆڕنه ته‌واوی جیهان. وه‌ها که‌سانێک
هاوڕێیه‌تیی نازانن و ئه‌گه‌ر هه‌ر بیشیزانن له‌گه‌ڵ هاوتا و هاوشانی خۆیاندا
هاوڕێیه‌تی ده‌که‌ن.
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"موه‌ففه‌ق
ئهڕڕوبهیعی گوتی: "تاڵه‌بانی که‌سێکه پێناسه‌کردنی گه‌لێک سه‌خته. ئه‌گه‌ر
تۆ ئیسلامی بیت ئه‌و ئایه‌تی قورئانت بۆ ده‌هێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر تۆ مارکسیست بیت
ئه‌و باسی تیۆری دیالیکتیکی مارکسی- لێنینی و دیکارتت بۆ ده‌هێنێته‌وه"...
ڕوبه‌یعی به پێکه‌نینه‌وه ده‌ڵێ: "ئه‌و توانستیکی سه‌یری هه‌یه له‌وه‌ی،
به چه‌ند وشه‌یه‌کی که‌م به چه‌ند زمانێکی جیاواز قسان بکات. ئه‌و زۆری چیرۆک
و نوکته لایه بۆ گێڕانه‌وه. تا بڵێی سه‌خییه
و وا دهڕهوتارێت وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵیی سبه‌ینێ نییه"... ڕوبه‌یعی باسی
ساڵانی 1960ه‌کانی هینایه گۆڕێ، ئه‌و کاته‌ی تاڵه‌بانی هاوپه‌یمان بوو له‌گه‌ڵ سه‌ددامدا:
"ڕۆژێک له ڕۆژان ئه‌و دۆستێکی زۆر باشی سه‌ددام بوو و دواییش بوو به
دوژمنی. تاڵه‌بانی زیاتر له دووجاران نێوانی له‌گه‌ڵ سه‌ددامدا خۆش بووه"...
ئهڕڕوبهیعی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تاڵه‌بانی به کرده‌یی (پراگماتیک) داده‌نا".
موه‌ففه‌ق ئهڕڕوبهیعی، هه‌رچه‌نده بیروڕای خۆی له باره‌ی تاڵه‌بانییه‌وه
ده‌خاته چوارچێوه‌ی په‌سندان و وه‌ک زیره‌ک باسی ده‌کات، به‌ڵام له نێوان دێڕه‌کانیدا
قسه‌کانی یه‌ک مه‌به‌ست دهئهنگاوێت ئه‌ویش چه‌ندڕوویی و بێباریی و زووگۆڕانی
تاڵه‌بانییه. تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ سوننه‌دا خاوه‌نی ته‌کیه‌یه و سه‌ر به ڕێبازی
قادرییه و له‌گه‌ڵ شیعه‌یشدا هه‌میشه نێوی عه‌لی"ئیمام عه‌لی"[5] له
سه‌ر زاره و له‌گه‌ڵ موسوڵماندا
موسوڵمانه و به ئایه‌تی قورئان وه‌ڵام ده‌داته‌وه. له‌گه‌ڵ مارکسیستانیشدا به
ماتریالیزمی دیالێکتیکی و دیکارت، به‌ڵگه
بۆ قسه و بیروڕای خۆی ده‌هێنێته‌وه. ئهڕڕوبهیعی به پێکه‌نینه‌وه باس له‌وه
ده‌کات، که تاڵه‌بانی به وشه‌گه‌لێکی که‌می چه‌ند زمانێکی جیاوازه‌وه ده‌که‌وێته
ده‌مه‌ته‌قه و گوتوبێژ و پێیوایه تاڵه‌بانی
پیاوێکی زۆر ده‌ستبڵاو و سه‌خییه و ته‌نێ بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی که تێیدایه ده‌ژی. که‌سێک
که ئێستا قسه‌یه‌ک بکات و دوای که‌مێک لێی په‌شیمان ببێته‌وه یا به‌شێکی زۆری ئه‌و
زمانانه‌ی ده‌یزانێت و ئه‌و گه‌نجینه وشه‌یه‌ی به زمانێک هه‌یه‌تی ته‌نیا بۆ په‌سندان
و نه‌ڕه‌نجاندنی دڵی ئه‌م و ئه‌و به‌کار ببات، پێویستی به زمانی به‌هێز و وشه‌ی
زۆر نییه، چونکه ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت و ده‌یڵێت به وشه‌گه‌لێکی که‌م ئه‌نجام
ده‌درێت و ئه‌و جۆره گوتانهیش له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا و بۆ هه‌موو بۆنه‌یه‌ک و
له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌سێکدا ده‌شێ به‌کار ببرێت. هه‌رچی ده‌ستبڵاوی و سهخییهتی تاڵه‌بانییه،
ڕه‌نگه شتێکی سه‌یر نه‌بێت، چونکه ئه‌و به پارهوپووڵی خۆی وه‌ها سهخییهتییهک
نانوێنیت، به‌ڵکه کورد گوته‌نی"پیاوه‌تی به ئاوی حه‌مامه‌وه ده‌کات".
ئه‌و به پاره‌ی خه‌ڵکه‌وه سه‌خییه. تاڵه‌بانی ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی
تێیدا ده‌ژی ژیابا، هه‌رگیز نه‌ده‌بووه خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو سامانه، که ڕه‌نگه
بۆ خۆیشی ژماره‌ی نه‌زانیت. مرۆڤێک ته‌نیا بۆ ڕۆژیک بژی، نابێته خاوه‌نی چه‌ندین
کۆشک و ته‌لار و به‌ته‌مای دروستنی هی دیکه‌یش نابێت. تاڵه‌بانی بێچگه له کۆشکه‌کانی
قهڵاجوالان و دووکان و ده‌باشان، باس له‌وه ده‌کرێت که له ئه‌نکه‌ره و شام و
له‌نده‌ن و جێی دیکه‌یش خانووی هه‌بێت و بهتهمایشه له ئیستهنبوولیش هه‌یبێت.
که‌سێکی ئه‌وتۆیی که‌سێک نییه، که بۆ یه‌ک ڕۆژ بژی و بیر له سبه‌ینێ نه‌کاته‌وه،
به‌ڵکه که‌سێکه هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی مردن ناکات و خۆی بۆ هه‌زاران سبه‌ینێ و چه‌ندین
ساڵی دیکه‌یش هه‌ڵگرتووه. ئهڕڕوبهیعی
هه‌ڵویستی تاڵه‌بانی له پێوه‌ندی چه‌ندجاره‌ی و قرتاندنی له‌گه‌ڵ سه‌ددام حوسه‌یندا
به کرده (پرگماتیک) یی ئه‌و داده‌نێت. ڕه‌نگه تاڵه‌بانی پیاوێکی کرده و
پراگماتیک بێت، به‌ڵام پێوه‌ندی ئه‌و و سه‌ددام حوسه‌ین، پێوه‌ندی دوو که‌سی هاوتا
و چوونیه‌ک نه‌بووه، به‌ڵکه پێوه‌ندی که‌سێکی پاشکۆ و چاوڕوانی ده‌ستی خه‌ڵک و
هه‌ڵواسراو و پاشکۆی ده‌سه‌ڵات و که‌سێکی دیکه‌ی زلهێز و ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌نی
ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌ها بووه. تاڵه‌بانییه‌ک، که مووچه‌ی له سه‌ددام حوسه‌ین وه‌رگرتبێت
و پاشان له‌گه‌ڵیدا قرتاندبێتی و مووچهبهخشێکی دیکه‌ی دۆزیبیته‌وه و ته‌نیا
خوان و خانه‌خوێیه‌کانی گۆڕیبێت، ئه‌وه ته‌نێ ئاغاگۆڕینه و هیچی دی، کوا به‌وه
ده‌گوترێ کرده‌یی. وه‌ها کردهییهک زۆرێک له خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستان و
عیراق، ده‌یزانن و تێیدا گه‌لێک کاران!!!
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت: "تاڵه‌بانی و خه‌لیلزادی
سه‌فیری ئه‌مه‌ریکا به شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌بۆدانراو له سه‌ر خوانی سه‌روپێخواردن مانگی دووجاران کۆده‌بنه‌وه...تاڵه‌بانی
باره ماستی کوردی، په‌نیر، هه‌نگوین و شیرینی ده‌ستکرد، بۆ باڵیۆزه ده‌ره‌کییه‌کان
وڕێبهره سیاسییه‌کان ده‌نێرێت".
تاڵه‌بانی زۆر له‌مێژه به‌وه‌ی،
که هه‌میشه حه‌زی له خواردن و خوانی تژی و چه‌ور ڕازاوه‌یه، نیوبانگی ده‌رکردووه.
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌لیلزادی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکای زلهێزترینی جیهاندا سه‌روپێ و
گیپه نه‌خوات ده‌بێ له‌گه‌ڵ کێدا بیخوات! تاڵه‌بانی به هاوسهروپێیهتی خه‌لیلزاد
و به هه‌ناردنی بارهماست و په‌نیر و شیرینی و هه‌نگوینی کوردستان بۆ دۆسته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی
و بۆ ڕێبه‌ره سیاسییه‌کان و باڵیۆزانی وڵاته ده‌ره‌کییه‌کان، رێک وه‌ک به‌ڵێنده‌ره‌کان
ده‌کات، که چۆن به دیاری و به خوانی پڕ، دڵی ئه‌ندازیار و به‌رپرسانی کارگێڕییه‌کانی،
که کاره‌کانیانی له‌کنه نه‌رم ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ی تاڵه‌بانیش ده‌مچه‌ورکردنی ئه‌و
خه‌ڵکانه‌یه.
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"...مه‌حموود
عوسمان، که ئه‌ندامێکی کوردی په‌رله‌مانی عیراقه و له تاڵه‌بانییه‌وه نزیکه،
له‌و هه‌موو مه‌سره‌ف و گه‌نه‌ده‌ڵی و ڕهوشتنزمیی و ناپاکی ئه‌و حوکوومه‌ته سه‌ری
سووڕده‌مێنێت و ده‌ڵێت:"حوکوومه‌ت چۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه ڕێزی لێ بگیرێت،
له کاتێکدا، که ئه‌و خۆی شاردووه‌ته‌وه. سه‌رکرده‌کان له کۆشکه‌کانی سه‌ددامدا
و له ده‌ڤه‌ری که‌سک ده‌ژین و هه‌رگیزیش
ناچنه ده‌رێ. سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و سهرۆککۆمارحیسابی کراوه‌یان هه‌یه و ده‌ستیان
کراوه‌یه و به ئاره‌زووی خۆیان ده‌توانن له مانگێکدا له میلیۆن زیاتر دۆلار سه‌رف
بکه‌ن. من پێموایه گه‌نده‌ڵی یه‌کجار به‌ربڵاوه وگشتگره و له سه‌ری سه‌روه‌وه
ده‌ستپێده‌کات...ته‌واوی ئه‌مانه دژی ئه‌و واقیع و ڕاستییه‌ن، که خیزانی سه‌ربازێک
یا پۆلیسێکی کوژراو له مانگێکدا ته‌نیا 100 دۆلار مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن".
دۆکتۆر مه‌حموود عوسمان، که سیاسییه‌کی له‌مێژینه و سه‌رده‌مگه‌لێکی فره
و جیاوازه، تا ڕاده‌یه‌ک گه‌لێک جاران ڕاشکاوانه قسه‌ی خۆی ده‌کات و بۆچوونه‌کانی
به گوێی خه‌ڵکدا ده‌دات. له‌م ڕایهیشیدا هیچ ناڕاستییه‌کی نه‌گوتووه. ئه‌و
حوکوومه‌ته‌ی گوایه فه‌رمانڕه‌وای عیراقه و ئه‌و جه‌لال تاڵه‌بانییه‌ی گوایه سه‌رۆککۆماری
عیراقه، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان ته‌نێ له نێو بازنه‌ی "ده‌ڤه‌ری که‌سک (المنطقةالخضراء)"دایه،
که به ده‌یان هه‌زار چه‌کدار و پاسه‌وان و نوێترین ئامێری چاودێریکردن و
هۆشیارکردنه‌وه و ته‌کنۆلۆژیای نوێی ئه‌مه‌ریکا ده‌وره دراوه و ده‌پارێزرێت. ئه‌وان
له‌و ده‌ڤه‌ره خۆیان حه‌شار داوه و نه که‌س ده‌یانبینێت و نه ده‌روده‌شت ده‌که‌ن.
حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانێک ئه‌وه حاڵیان بێت، ده‌بێت خه‌ڵک چ ڕێزیکی بۆیان هه‌بێت
و بۆ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ڕێزی خه‌ڵک بکه‌ن! چما ئه‌وان چی‌یان بۆ خه‌ڵک کردووه تا خه‌ڵک
به ڕێز پاداشتیان بداته‌وه! له هیچ وڵاتێکی جیهاندا، هیچ سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆکی
حوکوومه‌تێک نابینیته‌وه، که ده‌ستیان کراوه بێت و بتوانن له مانگێکدا له یه‌ک
میلیۆن دۆلار (1000000000$) پتر، ته‌نێ به ناوی ئه‌وه‌ی سه‌رۆک و مهرۆکن، خه‌رج
بکه‌ن. خه‌رجکردنی ئه‌و میلیۆنه له لایه‌ن تاڵه‌بانی و سه‌رۆکی حوکوومهتهکهیهوه
له مانگێکدا، پاره‌یه‌که سه‌رباری وه‌رگرتنی مووچه‌یه‌کی هاوتای ئه‌و پاره‌یه،
که ئه‌ویش دیاره له میلیۆن که‌متر نییه.
ئه‌مه‌ی، که بۆ تاڵه‌بانی و سه‌رۆکی حوکوومه‌ته‌که‌ی و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی
عیراق و کوردستان لواوه، بۆ هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێکی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه نه‌لواوه[6]. ئه‌مان
له میلیۆن پتر ده‌توانن خه‌رج بکه‌ن، لێ خێزانی سه‌رباز و پۆلیسێکی کوژراو ته‌نێ
100$ له مانگێکدا وه‌رده‌گرن، ئه‌ویش به چ حاڵێک! ئه‌مه‌ی تاڵه‌بانی و داروده‌سته‌که‌ی
و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارن له عیراق و کوردستاندا، وه‌ک مووچه یا وه‌ک
هه‌رچی وه‌ری ده‌گرن، پارهوپووڵی ئه‌و خه‌ڵکه هه‌ژاره‌ی عیراق و کوردستانه.
پارهوپووڵی ئاوی خواردنه‌وه و ئه‌له‌کتریک و سووته‌مه‌نی و گه‌رمکه‌ره‌وه و
فێنککه‌ره‌وه و ده‌رمان و خوێندکار و خوێندنگه و نه‌خۆشخانه و خه‌ڵکانی پاشماوه‌ی
ئه‌نفال و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گوند و بێکار و بێیانه و میلیۆنان سته‌مدیده و خه‌ڵکی
شه‌که‌ت و قه‌له‌نده‌ری ئه‌و وڵاته‌یه. ئه‌مان له‌بری نۆکه‌ری و جلخوارییان وه‌ری
ده‌گرن و چه‌نده گۆشتی به‌راز بۆ جوویه‌ک و موسوڵمانێک حه‌رامه، ئه‌و پارهوپووڵهیش
ئه‌ونده و گه‌لێک پتر بۆ ته‌واوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه حه‌رامه، چونکه ئه‌وه
پاروه‌نانی خه‌ڵکه و ئه‌مان له گه‌رووی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌ردێنن و ده‌یکه‌ن به
گه‌رووی خۆیاندا و ورگی خۆیانی پێ ئه‌ستوور و قه‌به‌تر ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی دۆکتۆر مه‌حموود
عوسمان له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵی و ڕه‌وشتنزمی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌یڵێت، گه‌لێک ڕاست و
دروسته و مایه‌ی سه‌رسووڕمانی هه‌موو که‌سێکیشه، به‌ڵام "دۆکتۆر مه‌حموود
عوسمان" بۆ خۆیشی له‌و ده‌سه‌ڵاته بۆگه‌نه‌ی عیراق به‌ده‌ر نییه و ئه‌ویش
ئه‌ندامی په‌رله‌مانێکه، که پشتیوانه و کۆڵه‌که‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌یه.
که‌سێک ئه‌گه‌ر باس له گه‌نده‌ڵی و ڕه‌وشتنزمی و دزی و ساخته‌کاری ده‌سه‌ڵات بکات
و بۆ خۆی بڕوای پێ نه‌بێت و له‌گه‌ڵیدا نه‌بێت و دژی بێت، ده‌بێت هه‌رجی ورده‌کاری
و پاشخان و شاراوه‌یی و نهێنێکی ئه‌و دیاردانه بۆ ته‌واوی خه‌ڵک ئاشکرا بکات و هه‌موو
پاشه‌ڵپیسی ده‌سه‌ڵات و گه‌نده‌ڵییه‌کانی بخاته ڕوو و له‌قاو بدات و باکی له‌وه
نه‌بێت، که له سه‌ر کار و پۆسه‌ته‌که‌ی لاده‌درێت و خانوو و مووچه و سامانێکی
خراوه‌ته به‌رده‌ستی لێی ده‌سێندرێته‌وه. نه‌کردنی وه‌ها کارێکیش له لایه‌ن هه‌ر
به‌شداربوویه‌کی ده‌سه‌ڵات و ئاشکرانه‌کردنی نهێنه‌کان و به‌رده‌وامبوون له‌ده‌سه‌ڵاتدا،
نیشانه‌ی چاولێخهواندن و گوێیخۆلێکهڕکردنه له‌وه‌ی ڕووده‌دات و په‌رۆشی نه‌دۆڕانی
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته له پارهوپووڵهوه تا پۆست و ناونیشان.
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"...له
کاتێکدا که ژماره‌یه‌کی زۆری کوردی توانا وخاوه‌ن ئه‌زموون هه‌ن، که‌چی به‌شێک له
پۆسته گرنگه‌کانی نێوحوکوومهتی به‌غدا، ئه‌وانه‌ی، که وه‌به‌ر کورد که‌وتوون،
ژماره‌یه‌کیان دۆست وخزمی تاڵه‌بانیین".
حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ته‌واوی پۆست و کار و
کارگێڕییه‌کی گرنگ و به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی، نه‌ک هه‌ر عیراق به‌ڵکه کوردستانیش،
سه‌رانی ئه‌و وڵاته له نێوان خزم و که‌سی نێزیکی خۆیاندا بهشیویانهتهوه. ئه‌وان
پێیانوایه که‌س له خۆیان و که‌س و خزمی خۆیان، شایسته‌تر نییه بۆ ئه‌و جۆره
کارانه. ئه‌گه‌ر له‌تیف ڕه‌شید، ژنخزم و قوباد تاڵه‌بانی کوڕ و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
ژنخزم و بافیل تاڵه‌بانی کوڕ و ئاراس شێخ جه‌نگی برازا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
ژنی تاڵه‌بانی بن، ئه‌وا کچی 'فوئاد مه‌عسووم"یش وه‌زیره و خاڵ و برازا و
کوڕی "مه‌سعوود بارزانی"یش وه‌زیر و سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و به‌رپرسی ده‌سگای"
ئاساییش"ن. ئه‌وڕۆ له‌و وڵاته‌دا ته‌ماشای هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار و لهتهڕووناکبیر
و لهڕووناکبیرچوو و مشه‌خۆرێکی نێو له‌وه‌ڕگه‌ی
ده‌سه‌ڵات ده‌که‌یت و هه‌ر به‌رپرسه خوێڕیلهیهک دهبیبیت، هه‌موویان که‌س و
خزمانی خۆیان له خۆ خڕدهکردوونهوه. ده‌بینیت چه‌ند براز و خوشکه‌زا و پوورزا و
شتهزای خۆیان له‌خۆ خڕکردوونهوه و کردوونیانن به سکرتێر و شۆفێر و پاسه‌وان و
شیولێنه‌ر و ده‌رگاوان و شتی تریش....ئه‌وان باس له 'کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی" و
"دیموکراتی" و "هه‌ڵبژاردن" و "ئازادی" و "سه‌روه‌ری
قانوون" ده‌که‌ن و فشه به زانین و فه‌رهه‌نگ و قسه‌ی چوارپاڵووی نێو کتێبان
ده‌که‌ن، به‌ڵام مێشک و بیرکردنه‌وه و کرده‌وه‌یان له بازنه‌ی بیرکردنه‌وه و
گوتار و ڕهوتای خێڵ ده‌رباز نه‌بووه و هه‌ر له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه.
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:" ...تاڵه‌بانی
له ساڵی 1961دا چووه ڕیزی ئه‌و بزاڤه چه‌کدارییه‌ی بارزانییه‌وه. دوای سێ ساڵ
تاڵه‌بانی له بارزانی جوێ بووه‌وه و وه‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه که‌وت، که
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دایمه‌زراندبوو و له بارزانی جودا بووبووه‌وه....دوای
کوودێتای به‌عس له 1968دا تاله‌بانی بوو به هاوکاری سه‌ددام، که ئه‌وده‌می
جێگری سه‌رۆککۆمار بوو و په‌یمانی له‌گه‌ڵدا به‌ست، بۆ ئه‌وه‌ی پترماف بۆ کورد وه‌رگرێت
و کۆمه‌ک وه‌رگرێت بۆ شه‌ڕکردن دژی بارزانی، ته‌نیا بۆ سڕینه‌وه‌ی و له‌نێوبردنی، کاتێک سه‌ددام لا(سه‌نگه‌ر)ی گۆڕی.
ئه‌وه سه‌ره‌تای ناکۆکی و ناته‌بایی به‌رده‌وام و له دوای یه‌کتر و که‌رتبوونی
نێو بزاڤی یاخیبوونی کورد بوو، که تاڵه‌بانی به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی زۆری ئه‌وه‌ی
ده‌که‌وێته سه‌ر و به‌و کاره‌یشی له‌و ده‌مه‌دا سه‌ددامی به‌هێزتر ده‌کرد...''.
که بزاڤی چه‌کداریی کورد، به نه‌خشه‌سازیی و دنه‌دانی ساواک و جێبه‌جێکردنی
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌یان، له 1961دا ده‌ستیپێکرد و نێوی "شۆڕشی ئهیلوول"ی
لێ نرا، تاڵه‌بانی ته‌نێ دوو ساڵ و چوار مانگێک به‌شداری ئه‌و شۆڕشه‌ی کرد(سێپته‌مبه‌ری
1961- جه‌نیوه‌ری 1964)، چونکه له فێبریوه‌ری 1964دا ئیدی تاڵه‌بانی و ئیبراهیم
ئه‌حمه‌دی مامۆستای و چه‌ند که‌سێکی دیکه له‌و شۆڕشه و سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی ترازان
و خزانه ئامێزی ساواک و دواتریش عهرهبهنهتهوهیی و به‌عسییه‌کانی عیراقه‌وه
و ساڵانێکی زۆر چه‌کدار و پاسه‌وانی ڕێژیمی هه‌ردوو عارف و به‌عسی به‌غدا بوون و
له خزمه‌تیاندا بوون و دژایه‌تیی هه‌موو خواستێکی کورد و کوردستانییان ده‌کرد.
تاڵه‌بانی له‌و ماوه‌یه‌یه‌ی به‌غدای نه‌ک هاوکار، به‌ڵکه دارده‌ستی ڕێژیمی به‌عس
بوو. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌ی له‌و هاوکارییهیاندا له‌ته‌ک
ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌یندا، مافوهرگرتن نه‌بوو بۆ کورد، به‌ڵکه ته‌نیا بۆ
شه‌ڕکردن دژی بارزانی و بۆ سڕینه‌وه و له‌نێوبردنی بارزانی بوو و هیچی تر. نه‌ک
به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی زۆر به‌ڵکه ته‌واوی به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌و که‌رتبوونه‌ی، ئه‌وێ
ڕۆژی له بزاڤی چه‌کداری و سیاسی کورددا،
هاته گۆڕێ و که تا هه‌نووکه‌یش به‌رده‌وامه و درێژه‌ی هه‌یه، له ئه‌ستۆی
تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌ی و حیزبه‌که‌یدایه و ئه‌وان هێزی هاوپشت و به‌هێزکه‌ری له‌شکر
و حوکوومه‌ت و به‌عسی عیراق بوون، له کاتێکدا ئه‌ده‌مه هیچ هێز و گرۆ و ڕێکخستنێکی دیکه‌ی نه عیراقی و نه کوردستانی
له‌گه‌ڵ رێژیمی به‌عسدا نه‌بوو و تاکه که‌واسووری به‌ر له‌شکری به‌عس، حیزبی جه‌لالی
بوو.
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"تاڵه‌بانی
مارکسیست بوو و دواتر ماویست".
مارکسیستی و ماویستی تاڵه‌بانی له سه‌رده‌مێکدا بوو، که له‌به‌غدای
پێته‌ختی به‌عس و له په‌نای ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بیدا بوو. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته
خه‌ڵکی مارکسیست و ماویست و چه‌پی عیراقی ئه‌وده‌مه‌ی له ڕه‌گه‌وه ده‌رده‌هێنا و
وڵاتی لێ بژار ده‌کردن، لێ ڕێگه‌ی به تاڵه‌بانی
و شاگردانی ده‌دا، که خۆ به مارکسیست و ماویست بده‌نه ناسین و مارکسیزم و
ماویزمێکی جاشبهعسییانه له کوردستاندا په‌خش بکه‌نه‌وه و جاشیزم بئایدیۆلۆژێنن.
تۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی مێژووی سیاسی تاڵه‌بانی بکه‌یت، زۆر به ڕوونی بۆت ده‌رده‌که‌وێت
و لات ئاشکرا ده‌بێت، که ئه‌و به زار هه‌رچییه‌کی گوتبێت، به دڵ و به مێشک و
به ڕهوتاریش جۆرێکی دیکه هزریوه و ڕهوتیوه.
ئه‌و ئه‌گه‌ر سه‌رزاره‌کی مارکیسیست و ماویست بووبێت، له ڕاستیدا پیاوێکی
ماکیاڤیللی (Machivelli)ست
بووه. په‌رتکردنی ته‌واوی حیزب و ڕێکخراوه
کوردی و کوردستانییه‌کان و له‌تکردنی مێشکی مرۆڤی کورد، پرۆژه‌یه‌ک بووه، له سه‌ر
بنه‌مای تیۆری "په‌رتکه و زاڵبه"ی ماکیاڤیللی چێکراوه
و جێبه‌جێکاری سه‌ره‌کی ئه‌و پرۆژه‌یه‌یش تاڵه‌بانی بووه.
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"...27ی
نۆڤه‌مبه‌ر تاڵه‌بانی چوو بۆ تاران. له فڕۆکه‌که‌دا، که چه‌ندین ڕۆژنامه‌وان و
وێنه‌گر و وه‌زیری تێدا بوون، له پێش نیشتنه‌وه‌دا له تاران، یه‌کێک له منداڵه
یارمه‌تیده‌ره‌کانی تاڵه‌بانی هاته خوارێ بۆ نێو ڕاڕه‌وه‌که و هه‌رکه‌سه و
فۆرمێکی دایه ده‌ست بۆ مۆرکردنی. فۆرمه‌که به عه‌ره‌بی نووسرابوو و له‌وه ده‌چوو
فۆرمێکی گرنگی فه‌رمی بێت. من مۆرم کرد و
له ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا زه‌رفێکی قه‌به‌ی دایه ده‌ستم و ڕۆیشت. له زه‌رفه‌که‌دا
20 سه‌ددۆلاری هه‌بوون(واته: 2000 $). دوای دابه‌زینمان، من له یاریده‌ره‌که‌ی
تاڵه‌بانیم پرسی، که ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆچی به من داوه. ئه‌و گوتی: "ئه‌وه
دیاری سه‌رۆکه"، من سوپاسیم کرد، لێ پێمگوت، که من ئه‌و پاره‌یه وه‌رناگرم
و زه‌رفه‌که‌م دایه‌وه ده‌ستی. ئه‌و زۆر په‌شۆکاو هاته‌به‌رچاو. یه‌کێک له
یاریده‌ره گه‌وره‌ساڵه‌کان ئه‌و قسه و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ی منی له‌مه‌ڕ"ئاکاری
ڕۆژنامه‌وانی" یه‌وه بۆ وه‌رگێڕا، که زیاتر واقوڕماوانهتر خۆی نیشان دا.
یاریده‌ره به‌ته‌مه‌نه‌که زه‌رفه‌که‌ی خۆی کرده‌وه و به ده‌م فیکهکێشانهوه 50 سهددۆلار (5000$)ی
ژمارد و به ده‌نگێکی به‌رز گوتی: "پێموایه هێنده‌ی وه‌زیره‌کانیشی
داوه‌ته من. تۆ ده‌زانیت ئه‌و ئه‌م پاره‌یه‌ی ده‌یبه‌شێته‌وه هی خۆیه‌تی"،
له هه‌موو سه‌فه‌رێکیدا تاڵه‌بانی پاره به سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له فڕۆکه‌که‌دان به پاسه‌وانان و کارگه‌رانی
فڕۆکه‌که و فڕۆکهوانهکهیشهوه ده‌به‌شێته‌وه. ئێمه که لێکماندایه‌وه گه‌یشتینه
ئه‌وه‌ی، که تاڵه‌بانی له ماوه‌ی ئه‌و سه‌عاته‌ی سه‌فه‌ره‌که‌یدا نێزیکه‌ی 100000
دۆلاری به‌شیوه‌ته‌وه".
ئه‌نده‌رسن به وه‌رگرتنی 2000$ له زه‌رفێکدا له یاریده‌ره مێرمنداڵه‌که‌ی
تاڵه‌بانی، سه‌ری سووڕده‌مێنێت و به کارێکی سه‌یری دێته به‌رچاو. یاریده‌ره گهورهساڵهکه
به وه‌رگرتنی 5000$ شاگه‌شکه ده‌یگرێت و له خۆشیاندا ده‌نگ به‌رز ده‌کاته‌وه و
ده‌ڵیت، که ئه‌ویش هێنده‌ی وه‌زیره‌کانی وه‌رگرتووه. دیاره وه‌زیره‌کانیش 5000$
و زیاتریان وه‌رگرتووه. ئه‌نده‌رسن باس
له ئاکاری ڕۆژنامه‌وانی بۆ یاریده‌ره مێردمنداڵه‌که ده‌کات و پاره‌که وه‌رناگرێت
و ده‌یگێڕێته‌وه، به‌ڵام یاریده‌ره مێردمنداڵه‌که ئه‌وه‌ی تێی ناگات ئه‌و
"ئاکار"هیه، دیاره نه‌ک هه‌ر ئه‌و، سه‌رۆکی ئه‌و یاریده‌ره
مێرمنداڵهیش له‌و"ئاکار"ه تێناگات، چونکه ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتبا ئه‌و
پاره‌ی وه‌ها نهدهبهشییهوه به سه‌ر خه‌ڵکانێکدا، که نه ده‌رۆزه‌که‌رن و نه
پێویستیان به پاره‌یه. یاریده‌ره گهورهساڵهکه باس له‌وه ده‌کات، که ئه‌و
پاره‌یه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یبه‌شێته‌وه پاره‌ی خۆیه‌تی. ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێ، تاڵه‌بانی
له هه‌موو گه‌شته‌کانیدا پاره به سه‌ر هه‌موو پاسه‌وان و کارگه‌رانی نێو فڕۆکه
و فڕۆکه‌وان و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له فڕۆکه‌که‌دان ده‌به‌شێته‌وه و ده‌شڵێ، که
ته‌نیا له ماوه‌ی ئه‌و گه‌شته‌ی ئه‌م(ئه‌نده‌رسۆن)ی له‌گه‌ڵ بووه، تاڵه‌بانی
نێزیکه‌ی 100000$ی به‌شیوه‌ته‌وه. پارهبهشینهوهی تاڵه‌بانی به سه‌ر ئه‌و
جۆره خه‌ڵکانه‌دا خوو و ئاکار و ڕه‌وشتێکه، له فه‌رهه‌نگی به‌رتیل و دهمچهورکردنهوه،
که فه‌رهه‌نگی جامباز و به‌ڵێنده‌ر و کارمه‌ندی مشه‌خۆر و به‌رپرسی کارههڵنهسووڕێنهر
و چاوله‌دووی پاره‌وه ماوه‌ته‌وه. له فه‌رهه‌نگێکه‌وه ماوه‌ته‌وه، که به
به‌رتیل هه‌موو کارئاسانییه‌ک ده‌کرێت و بهدهمچهورکردن هه‌موو کاره‌کانت جێبه‌جێ
ده‌که‌یت[7]. ئه‌مه فه‌رهه‌نگی کڕینی
خه‌ڵکه و فه‌رهه‌نگێکه خه‌ڵک به پاره چاوه‌خوار ده‌کات و ده‌یکاته نۆکه‌ری
خۆی. تاڵه‌بانی و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانێکی له عیراقدا فه‌رمانڕه‌وان، بۆ خۆیان
به پاره‌وپووڵ کڕدراون و بێده‌نگ و ده‌مکوت کراون. ڕێبه‌ره ئه‌مه‌ریکاییه‌کانیان
گه‌مه به پاره و داهاتی عیراق ده‌که‌ن و ده‌می ئه‌مانیش چه‌ور ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی
هه‌رگیز فززه‌یان لێوه نه‌یه‌ت. که‌سێک که کڕدرا و به پاره ده‌مکوت کرا، ئیدی
سه‌ربه‌خۆیی خۆی له ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته کۆیله و وابه‌سته‌ی ئه‌وه‌ی پاره‌که‌ی
ده‌داتێ. ئه‌وه‌ی "تاڵه‌بانی"ش ده‌یکات، کارێکه بۆ کڕین و زمانبڕینی ئه‌وانه‌ی
له‌گه‌ڵیدان. پارهبهشینهوهی تاڵه‌بانی خوویه‌ک نییه تازه فێری بووبێت، به‌ڵکه
زۆر له‌مێژه ئه‌و شێوه ڕه‌وتاره‌ی پێڕۆ کردووه[8].
ئه‌مه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یکات کورد گوته‌نی :"پیاوه‌تی کردنه به ئاوی
حه‌مامه‌وه". له فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بدا جاران شاعیران ده‌چوونه خزمه‌تی خه‌لیفه،
سوڵتان، شا یا فه‌رمانڕه‌وا و شیعرێکی په‌سنیان بۆ ده‌خوێندنه‌وه و که ته‌واو ده‌بوون
خه‌لیفه، سوڵتان، شا یا فه‌رمانڕه‌وا فه‌رمانیان ده‌دا به نۆکه‌ر و گزیره‌کانیان،
که ئه‌ونده پاره بده‌ن به‌و شاعیره. ئێستا ده‌رباری ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق و
کوردستان، نه‌ک شاعیرێک به‌ڵکه هه‌زاران تاریکبیر"خۆیان به خۆیان ده‌ڵێن
ڕووناکبیر"ی مه‌راییکار و مشه‌خۆر و جلخوار و ماستاوساردکه‌ره‌وه و دووڕوو و
دووزمان و قه‌ڵه‌مفرۆش و خۆفرۆش، ده‌وره‌یان داون و له‌شی ده‌سه‌ڵاتداران به
پۆشته پێشانی خه‌ڵک ده‌ده‌ن و له‌وه‌یشدا ته‌نی چاوه‌ڕوانی به‌رماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانن
و به وه‌رگرتنی چنگه دۆلارێک، وه‌ک یاریدهرهگهورهساڵهکهی هه‌ڤاڵی گه‌شته‌که‌ی
تارانی ئه‌نده‌رسن، نه‌ک هه‌ر شاگه‌شکه ده‌یانگرێت، به‌ڵکه ده‌که‌ونه خۆبادان و
چه‌قه‌نه‌لێدان و شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی گوتهنییش، که هه‌ر له‌باه‌ره‌ی هێستره
لاتهکهیهوه گوتوویه‌تی:
ده‌نکه جۆیێکی نیشان ده‌ی، تا قیامه‌ت دێ له دووت
تاڵه‌بانی و سه‌رانی دیکه‌ی کوردستان و عیراق، به‌و ده‌نکه جۆیه، ده‌یانهه‌زار
ناڕووناکبیری مشه‌خۆریان ڕاگرتووه و کڕیوه و له ڕێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه کڵاویان
ناوه‌ته سه‌ر خه‌ڵکه ئاساییه‌که به‌وه‌ی، که ئه‌وه‌تا "ڕووناکبیر و فهرههنگکاران"
یان له‌گه‌ڵه و خه‌ڵکی ئاساییش به‌و مشه‌خۆرانه‌ی سه‌رخوانی ده‌سه‌ڵات، چاویان
ده‌که‌وێته ڕێشکهوپێشکهوه و ته‌واوی ئه‌و له‌میشی و مشه‌خۆری و له‌وه‌ڕین و
ساخته‌کارییه‌یان وه‌ک تراویلکه لێ ده‌بێته ڕاستییه‌ک.
ئه‌نده‌رسن ده‌ڵێت:"...هیوا عوسمان[9]،
ڕاوێژکاری ڕۆژنامه‌وانی تاڵه‌بانی گوتی:
"دێته‌وه بیرت له پاریس چی کرد کاتێک بڕیاری له سێداره‌دانی سه‌ددام
درا، که چووه ژووری خه‌وتنه‌که‌یه‌وه و سه‌عاتێک زیاتر له‌وێ مایه‌وه؟ ئه‌مجاره‌یان
سێ یا چوار ڕۆژی خایاند. هیچ که‌سێک نه‌یبینی".
هیوا عوسمان، که سکرتێری ڕؤژنامه‌وانی تاڵه‌بانییه، خۆخزاندنه ژووری خه‌وتن
و بیرکردنه‌وه قووڵه‌که‌ی تاڵه‌بانی وه‌بیر ئه‌نده‌رسن دێنێته‌وه و خه‌جت له سه‌ر
ئه‌وه‌یش ده‌کات، که کاتی هه‌ڵواسینی سه‌ددام حوسه‌ین، تاڵه‌بانی له قه‌ڵاچوالان
بووه و تا سێ چوار ڕۆژ خۆی له خه‌ڵک شاردوه‌ته‌وه و که‌س نه‌یبینیوه. خۆشاردنه‌وه
و خۆبزرکردنی چوارڕۆژه‌ی تاڵه‌بانی له به‌رچاوی خه‌ڵک به هۆی له‌نێوبردنی سه‌ددام
حوسه‌ینه‌وه، ئه‌مه‌کداریی تاڵه‌بانییه بۆ سه‌رۆکێک، که ماوه‌یه‌کی زۆر خانه‌خوێی
بووه و بژێوی وی به ده‌ست بووه و بهردنههاوێشتنه کانییهکیشه، که ماوه‌یه‌کی
دوورودرێژ ئاوی لێ خواردووهته. تاڵه‌بانی
وه‌ک ئهمهکدارییهک بۆ ته‌واوی ته‌مه‌نێکی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌ددام حوسه‌ین و
ڕێژیمه‌که‌یدا هه‌ر ده‌بوو وه‌ها هه‌ڵوێستێک بنوێنێت، هه‌م له‌بۆ ئارامی به‌خشینێک
به ده‌روون و ویژدانی خۆی و هه‌میش له‌بۆ نهڕهنجاندن و خۆبردنه‌پێشه‌وه له عه‌ره‌بی
سوننه و ئیسلامی سوننه‌ی جیهان و به‌و کاره‌ی هاوسۆزی و هاوخه‌می خۆی پێشانی ده‌وڵه‌ته
عه‌ره‌به‌کان و سوننه‌ی عه‌ره‌ب و جیهان داوه و ویستوویه‌تی خۆی له‌کن ئه‌وان"پیاوخراپ"
نه‌کات و وه‌ک که‌سێکی نه‌رم و ئارام و میانڕۆ و دژهکوشتن خۆ بنوێنێت.
که‌سێک، لێوه‌کانی و زاری شتێک
بڵێن و سه‌ریشی جۆرێکی دیکه بهزرێت، تۆ هه‌رگێز نا‌توانیت بیناسیت و لێی تێ بگه‌یت.
که‌سێک له هه‌موو ژیانی سیاسیی‌دا هه‌میشه هه‌ر سه‌ری بۆ به‌رانبه‌ره‌کانی لهقاندبێتهوه
و دابێتی به گرێی ملدا و له‌گه‌ڵ بووبێت و به‌ده‌میانه‌وه کهنیبێت و هه‌رگیز نه‌یگوتبێت"نا
/ نه‌ء"[10]، لێتێگه‌یشتنی گه‌لێک سه‌خته.
ئه‌گه‌ر پێناسه‌کردنی تاڵه‌بانی بۆ "جۆن لی ئه‌نده‌رسن" کارێکی
سه‌خت بووبێت، ئه‌وا هه‌ر ئه‌و تاکه‌که‌س نییه، که سه‌ختیی تووش بووبێت له‌و
پێناسه‌کردنه‌دا، به‌ڵکه ته‌واوی ئه‌وانه‌ی تاڵه‌بانی ده‌ناسن و پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵدا
هه‌بووه و هه‌یه و لێیه‌وه نێزیکن و هاوکاری سیاسی ئه‌و بوونه و ئاگاداری
ژیانی سیاسیی وین، له "تاڵه‌بانی ناسی"دا، هه‌میشه نه‌یانتوانیوه به ته‌واوه‌تی که‌سایه‌تی
وی بناسێنن و هه‌رگیزیش نمره‌ی ته‌واویان وه‌ده‌ست نه‌هێناوه.
23/3/2007
[1] کورد، هه‌ر وه‌ک به‌شێک بووه له
فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئیمپراتۆریای فارس، هه‌ر له‌سه‌رده‌می عومه‌ری کوڕی خهتتابیشهوه،
به‌شێک بووه له‌و ده‌وڵه‌ته(ئیسلامی و عوسمانی و عه‌ره‌بی )یانه‌ی، که فه‌رمانڕه‌وا
و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوونه له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا و
ژێرده‌سته و پاشکۆی ئه‌وان بووه و هه‌رگیز و به درێژایی مێژوو بۆ خۆی،
خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه. ئه‌و میرنشیانهیشی، که هه‌بوونه پاشکۆ
و گرێدراوی ئه‌م زلهێز یا ئه‌و زلهێزی دیکه بوونه و میر و فهرمانڕهوایانیشی له
باشترین ڕه‌وشدا پیاوی ئه‌م ده‌وڵه‌ت و نووکه‌ری
ئه‌وی دیکه بوونه.
[2] جۆن
لی ئه‌نده‌رسن(Jon Lee Anderson)،
به‌هره‌ی ده‌سه‌ڵات(A gift for power)، ڕۆژنامه‌ی گاردیان(The Guardian)ی له‌نده‌نی، 9-2-2007. ئه‌نده‌رسن،
یه‌کێکه له‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ی، که له حه‌فته‌نامه‌ی نیویۆرکه‌ر(New
Yorker)ی ئه‌مه‌ریکاییدا کار ده‌کات و خاوه‌نی چه‌ندین کتێبیشه له‌مه‌ڕ
ئه‌فغانستان و عیراق.
[5] ده‌گێڕنه‌وه که له‌سووریا بووه،
له هه‌موو هه‌ڵسان و ڕوونیشتنێکێدا له‌به‌ر خاتری خێڵی" ئه‌سه‌د"ی سه‌رۆککۆمار
و ده‌سته‌ی عه‌له‌وی ده‌سه‌ڵاتداری سووریا، تاڵه‌بانی هه‌میشه نێوی ئیمام عه‌لی
له سه‌ر زار بووه .
[6] کۆندالیزا
ڕایز(Condoleezza
Rice)ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، که وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی
زلهێزترین و تاکه زلهێزی ئه‌مڕۆی جیهانه،مووچه‌ی ساڵانه‌ی(186000) دۆلاره، که
مانگانه‌که‌ی ده‌کاته(15500) دۆلار!! تاڵه‌بانی له گهشتونیوێکیدا ئه‌و مووچه‌یه‌ی
ڕایز به سه‌ر هاوگهشتهکانیدا ده‌به‌شێته‌وه. له‌مه‌ڕ مووچه‌ی
"ڕایز"ه‌وه، بنۆڕه ماڵپه‌ڕی (www.awwene.com).
[7] له فه‌رهه‌نگی
ڕۆژهه‌ڵات و هیندوستان و وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌ب و تورک و ئێران و به‌تایبه‌تیش
عیراق و کوردستاندا، به‌رتیلدان و به‌رتیلوه‌رگرتن و ده‌مچه‌ورکردن یا دهمشیرینکردن،
کارێکی زۆر باو و به‌ربڵاو و ئاساییه. به‌رتیل وه‌ک چه‌شه به به‌رپرس و کارمه‌ند
و کارههڵسووڕینهر ده‌درێت. به‌ڵێنده‌ران(خاوه‌نکاران و قۆنتهراتچییان)، که‌سانێک
کاره‌که‌یان ده‌که‌وێته کارگێڕییه‌ک و کابرای کارمه‌ند بۆیان جێبه‌جێ ناکات، که‌سانێک
پێویستییان به پاڵنانی کارێکه، که له‌کن کارمه‌ندێکی قیرسچمه چه‌قیوه و
ناجمێت، که‌سانێک گه‌ره‌کیانه له سه‌ر کارێک دابمه‌زرێن یا ده‌یانه‌وێت
کوڕێکیان، کچێک‌یان یا که‌سێکی نێزیکیان له جێگه‌یه‌ک کارێک وه‌رگرێت و بۆیان ئه‌نجام
نادرێت و...ئیدی به بردنی ئاسک و به‌رخ و گوێز و هه‌نگوین و قالی و ...بۆ ئه‌و
کاربه‌ده‌ستانه یا زێر و دیاری بۆ ژنه‌کانیان یا شتی نێوماڵ بۆ ماڵه‌کانیان، ئه‌مانه
هه‌موو وه‌ک به‌رتیل، بۆ نه‌رمکردنی دڵی ئه‌و کارمه‌ند و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانه
بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کانی خۆیان له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئه‌نجام بدرێن، جاران و ئێستایش فه‌رهه‌نگێکی
زاڵ و سه‌رده‌سته و هه‌یه. دیاره ئێستا به گویره‌ی گۆڕانی باری ئابووری و باری
ماددی خه‌ڵک، جۆری دیارییه‌کانیش گۆڕاون. ئه‌گه‌ر جاران شووشه وێسکی و کاوڕ و چه‌ند
کیلۆ گوێز و ته‌نه‌که هه‌نگوینێک، کارئاسانی ده‌کرد و به به‌رتیل و دیاری قه‌بووڵ
ده‌کرا، ئێستاکه ئه‌وانه هه‌ر هیج نین و خه‌ڵک باس له ده‌فته‌ر(10000$) و
بلۆک(100000$)ه دۆلار ده‌که‌ن! جۆره بهرتیلیکی دیکه‌یش هه‌یه له سه‌رکرده و
ده‌سه‌ڵاتدار و کارمه‌ند و خاوه‌نکار و له سهرههوهڕا ده‌درێته ئه‌وانه‌ی
خوارێی خۆیان، ئه‌ویش بۆ بێده‌نگکردن و چاوخهواندنیان له‌هه‌مبه‌ر هه‌ڵه‌کانی سه‌رانیان
و ئاشکرانه‌کردنی نهێنهکانیان یا ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی دڵیان به لای خۆیاندا
ڕاکێشن. ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یکات ده‌که‌وێته ئه‌م خانهیانهوه.
[8] دۆستانێک که له نێزیکه‌وه تاڵه‌بانی
ده‌ناسن و له‌گه‌ڵیدا بوونه ده‌گێڕنه‌وه، که کاتی خۆی له سووریا، که‌حیزبی یه‌کیه‌تیی
نیشتمانیی کوردستان له‌وێ دامه‌زرا، هه‌رجارێکی تاڵه‌بانی گه‌شتی ئه‌وروپای یا ده‌رێی
سووریای کردبا، به کۆڵێک دیاری هه‌مه‌جۆره‌وه ده‌هاته‌وه و هیچ که‌سێکی له سه‌رانی
حیزبی به‌عسی سووریا و سه‌رانی حیزبه عیراقییه عه‌ره‌بییه‌کان و ئه‌فسه‌رانی
باڵای موخابه‌راتی سووریا و ژنانی ئه‌و جۆره خه‌ڵکانه و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی خۆی
له‌بیر نه‌ده‌کرد و به‌شی هه‌مووانی ده‌هێنا و که لێیشیان پرسیوه بۆ وا ده‌کات،
له وه‌ڵامدا گوتوویه‌تی، پاره‌ی خۆیانه و بۆ خۆیانی خه‌رج ده‌که‌م. که‌سایه‌تییه‌کی
سیاسیی دیکه، که زۆر ڕه‌وتاری تاڵه‌بانی له‌و ده‌چێت، یاسیر عه‌ره‌فاته.
ئیدوارد سه‌عید، باس له‌وه ده‌کات، که عه‌رفات، بایی حه‌وت هه‌زار(7000) دۆلار،
خشڵ و زێڕی ، به دیاری بۆ (هیلاری کلنتن) کڕیوه و دواتر، قانوونی فیدراڵی، خانمی
کلنتنیان ناچار کردووه، ئه‌و خشڵ و زێڕانه بگێڕێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت. عه‌ره‌فات،
جارێکی دیکه و لهسهردههمی دووه‌م سه‌رۆکایه‌تیی (بیڵ کلنتن)دا، بایی حه‌ڤده‌هه‌زار(17000)
دۆلار، خشڵ و زێڕی به دیاری بۆ (مادلین
ئۆڵبرایت)ی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، کڕیوه. بنۆڕه: سعید،
إدوارد، نهایة عملیة السلام، أوسلو وما بعدها، دارالآداب- بیروت، الطبعة الأولی
2000، ص 381.
[10] تاکه یه‌کجار نه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌و جاره‌یه، که له 1964دا به
بارزانی(مه‌لا مسته‌فا)ی گوت "نه‌ء" و ئه‌ویش"نه‌ء"ێک بوو هه‌ڵه
و له‌جێی خۆیدا نه‌بوو، ئیدی لهودهمییهوهڕا تا ئه‌مڕۆ، که ته‌مه‌نێکه، کورد
ته‌واوی کورد، باجی ئه‌و "نه‌ء"ه وی ده‌دات.