شاز و شه‌به‌ح و چووله
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
کوردی هه‌نده‌ران:
من زۆر که‌م سه‌ری کوردستان ده‌ده‌مه‌وه،
هه‌رچه‌نده زۆریش حه‌ز ده‌که‌م، به‌ڵام هێنده هاسان نییه. جاری یه‌که‌م ساڵی
1992 چوومه‌وه و جاری دووه‌میش کۆتایی 1997. 25-12-1997، پێش گه‌یشتنمان به ژێر
ده‌سته‌ڵاتی حوکوومه‌تی کوردستان، له یه‌کێک
له خاڵه‌کانی پشکنینی تورکیادا، که هێنده زۆرن ناخۆشیان کردووه، له کاتی پشکنینی
ساکی که‌سێکدا، که له‌ته‌کماندا بوو و ده‌گه‌ڕایه‌وه وڵات، سه‌ربازه پشکنه‌ره
تورکه‌که، له‌نێو یه‌کێک له ساکهکانیدا، کاسێت(نه‌وار، شریت)ێکی ڤیدیۆی ده‌رهێنا.
کاسێته‌که، فیلمێکی ڕووتی سێکس(پۆڕ)ی بوو، وێنه‌ی ژنێکی ڕووتی به‌سه‌ره‌وه بوو، که
هه‌موو له‌شی به ده‌ره‌وه بوو. سه‌ربازه‌که له خاوه‌ن کاسێتی پرسی، که ئه‌وه
چییه! ئه‌ویش گوتی، ئه‌وه هی براده‌رێکه، بۆ که‌سێکی دیکه‌ی ناردووه‌ته‌وه. سه‌ربازه‌که‌ش
گوتی، ئه‌وه قه‌ده‌غه‌یه و نابێ بیبه‌ی. دوای مشتومڕێکی زۆر کابرای سه‌رباز گوتی،
که ئه‌و کاسێته لای خۆی گلده‌داته‌وه و هه‌ڵده‌گرێ
تا ئه‌و (خاوه‌نی کاسێته‌که) له
عیراق[1] (کوردستان)
ده‌گه‌ڕێته‌وه و پاشان وێی ده‌داته‌وه. ئیدی به‌و جۆره له کابرای سه‌رباز و پشکنینه‌که
ده‌رباز بووین. پاشان له‌گه‌ڵ ئه‌و براده‌ره‌ی خاوه‌ن کاسێته‌دا،
بوو به مشتومڕمان و من سووربووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ئه‌و کاره‌ی ئه‌و، واته:
هێنانه‌وه‌ی کاسێتی له‌و بابه‌ته بۆ کوردستان، کارێکی قۆڕ و
نابه‌جێیه، چونکه کوردستان خۆی حاڵ و گوزه‌رانی زۆر جوان نییه، تا ئه‌وه‌یشی بۆ
ببرێته‌وه. ئه‌و براده‌ره‌ش هه‌ر سووربوو
له سه‌ر ئه‌وه‌ی،
که ئه‌و کاسێته هی خۆی نییه و هی برادهرێکیهتی. من هه‌رگیز
بڕوام به‌و قسه‌یه‌ی نه‌ده‌کرد و ده‌مزانی
درۆ ده‌کات و هه‌ر هی خۆیه‌تی. بێجگه له‌و کاسێته دوو جانتای پان و به‌رینیشی پێ
بوون، که به خه‌تێکی زۆر درشت له سه‌ریان نووسرابوون MARLBORO و هه‌ردووکیان ڕێکلامی جگه‌ره‌ی مارڵبۆرۆ
بوون. به قه‌ولی خۆی ئه‌و جانتایانه ته‌نێ جانتایان تێدا بوون و هه‌ر یه‌که‌یان
40 جانتای ڕێکلامی مارڵبۆرۆیان تێدا بوون. سه‌رباری ئه‌وانه‌ش کۆمه‌ڵێک کڵاوی مارڵبۆرۆ
و جلی مارڵبۆرۆ و شتی دیکه‌ی مارڵبۆرۆی پێ بوون. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌بردنه‌وه
کوردستان. دوای قسه و باس، بۆم ده‌رکه‌وت، ئه‌و براده‌ره سه‌ر به یه‌کێکه له‌و
خێزانه بۆرژوازییه کوردانه‌ی هه‌نده‌ران، که خه‌ریکی بازرگانی و کڕین و فرۆشتنن.
ئه‌و جۆره که‌سانه‌ش بێجگه له به‌رژه‌وه‌ندی ماددی خۆیان، هیچی دیکه‌یان به خه‌یاڵدا
نایه‌ت. هه‌موو دنیا به لای ئه‌وانه‌وه، بازاڕێکی گه‌وره‌یه و هه‌موو شتێکیش به
لای ئه‌وانه‌وه، ته‌نانه‌ت مرۆڤیش، کاڵایه و قابیلی کڕین و
فرۆشتنه.
به‌شینه‌وه‌ی خۆراک:
دوای پێکهاتنی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه
یه‌کگرتووه‌کان( UN)[2] و عیراق، له سه‌ر بڕیاری
986ی"نه‌فت به‌رانبه‌ر خۆراک"، ئیدی به شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێک،
ئازووقه به سه‌ر ته‌واوی خه‌ڵکی عیراق و کوردستاندا، له زوبێر و به‌سره‌وه تا
زاخۆ و ئیبراهیم خه‌لیل، دابه‌ش ده‌کرێ. مانگانه به گوێره‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی
خێزان هه‌موو ماڵێک، ئارد، شه‌کر، ڕۆن، چای، برنج، فاسۆلیا[3]، نیسک،
سابوون، تاید، و شتی دیکه‌ش وه‌رده‌گرن. خه‌ڵک به وه‌رگرتنی ئه‌و خۆراک و پێویستییانه،
حه‌ساونه‌ته‌وه و زووزوو ده‌ڵێن"خوا له کۆفی عه‌نان - و
جارجاریش سه‌ددام حوسه‌ین- به زیاد کات بۆ ئازووقه‌که‌یان" و سوپاسی وان ده‌که‌ن.
بێگومان خه‌ڵک مافی خۆیانه، سوپاسگوزار بن، چونکه به‌ڕاستی به وه‌رگرتنی ئه‌و
ئازووقهیه، تێر بوون و له برسییه‌تی و گرانی و نه‌بوونه ڕزگاریان بووه. له هه‌موویش
گرنگتر بۆ وان ئه‌وه‌یه، ته‌واوی ئه‌و خێری خودایه به مفت(خۆڕایی، به‌لاش) پێیان
ده‌درێت. چیرۆک و داستان و گێڕانه‌وه‌ی زۆر و زه‌به‌نده، له‌باره‌ی
نه‌داری و گرانیی پێش نه‌وت به‌رانبه‌ر خۆراک و دابه‌شکردنی ئازووقه ده‌گێڕدرێته‌وه.
خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که، سه‌ختییه‌کی زۆریان دیوه و ئه‌گه‌ر سوپاسی شه‌یتانیش بکه‌ن،
مافی خۆیانه. هه‌رچی خه‌ڵکانی ده‌ستڕۆ و ده‌وڵه‌مه‌ند و بۆرژوازیشه، نه پێش
ئازووقه و نه پاش ئازووقه‌ش، پێویستییان به هیچ نه‌بووه و نه‌بوونه‌یان به خۆیانه‌وه
نه‌بینیوه، چونکه ئه‌وان خۆیان له سازکردن و ئافراندنی گرانی و نه‌بوونه و
شاردنه‌وه و بهگرانفرۆشتنی ئازووقه و برسیکردنی خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که‌دا، نۆره‌ی
له‌به‌رچاویان بینیوه. ئه‌وان خۆیان به پێ‌زانین و هاریکاریی و به‌شداری و پارێزگاریی
ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، ته‌واوی ئه‌و قه‌یران و کارانه‌یان ئه‌نجام داوه. له کاتێکدا
ده‌بوو ئه‌و ئازووقهیه به گوێره‌ی پێویستیی دابه‌ش بکرێت و ڕاده‌ی هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی،
له‌به‌رچاو بگیرێت، که‌چی بۆرژوازیی ده‌ستڕۆ و ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتداری کورد،
ئه‌وڕۆ زۆر بێشه‌رمانه و مشه‌خۆرانه، له وه‌رگرتنی ئازووقهدا، ملانێی هه‌ژاران
ده‌که‌ن و ئه‌وانیش به‌شی خۆیان وه‌رده‌گرن، که ئه‌وه که‌لێنیکی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی
دابه‌شکردنی ئازووقهیهیه. زۆرجارانیش فرتوفێڵ له وه‌رگرتنی ئازووقهدا ده‌کرێت،
بۆ نموونه: خه‌ڵک هه‌ن ناوی منداڵی خۆیان، که له هه‌نده‌رانن نووسیوه و ئازووقه‌ی
ئه‌وانیش وه‌ده‌گرن، یا له چه‌ند شوێنێکی جیاوازی کوردستان ناوی خۆیان و خانه‌واده‌یان
نووسیوه و له‌و چه‌ند شوێنه ئازووقه وه‌رده‌گرن. خه‌ته‌رێکی مه‌زن، که من بۆ خۆم
له به‌شینه‌وه‌ی ئازووقهدا ده‌یبینم، کاردانه‌وه‌ی
ئه‌و کاره‌یه له
سه‌ر کشتوکاڵ و گوند و وه‌رزێری کوردستان و عیراق. وه‌رزێر، که ئارد، برنج، ڕۆن،
نیسک، فاسۆلیا و شتی دیکه‌ی، به مفت ده‌ستکه‌وێت، ئیدی ئاره‌زووی
کارکردن و چاندنی نامێنێت، چونکه له‌و بڕوایه‌دایه، کار و شهکهتییهکهی خۆی چ
خێرێکی نییه و به‌رهه‌مه‌که‌ی له بازاڕدا نافرۆشرێت[4] و ئه‌و
شهکهتبوونهی خۆیشی له زیاده‌یه، به‌وه‌ش کشتوکاڵ تا دێت لاواز ده‌بێت و وه‌رزێر
لێی دوور ده‌که‌وێته‌وه. هه‌ر وه‌ک نموونه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه، من بۆ خۆم له بازاڕی
سلێمانیدا ته‌ماته‌ی به‌سره و کووله‌که‌ی ئوردونم دیت ده‌فرۆشران. بێگومان ڕۆژاوا
و "د.ی: ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان"یش، که هه‌ر به‌ده‌ست
ڕۆژاواوه‌یه، بۆ خۆیان به به‌رنامه‌ڕێژی و نه‌خشه‌دانان، ئه‌و جۆره کارانه ئه‌نجام
ده‌ده‌ن. ته‌واوی سامان و پێشکه‌وتن و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ڕۆژاوا،
له سه‌ر حیسابی گه‌لانی بنده‌ست و هه‌ژار و جیهانی سێیه‌م و چواره‌مه، که کوردستان
و عیراقیش، به‌شێکن لێیان. ڕۆژاوا ده‌یه‌وێت ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، ئه‌و وڵاتانه، ئه‌و
گه‌لانه، به هه‌ژاری و نه‌داری و دواکه‌وتوویی بمێننه‌وه و هه‌رگیز له‌سه‌ر پێی
خۆیان ڕانه‌وه‌ستن و هه‌میشه توورهکهلهمل و کهشکۆڵلهشان و ده‌رۆزه‌که‌ر بن.
ده‌نا ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه، ده‌بوو"د.
ی" له بری ئه‌وه‌ی ئارد له ئه‌مه‌ریکا و که‌نه‌دا و کوێ و
کوێ بکڕێ، ده‌یتوانی گه‌نمی له وه‌رزێری کوردستان و عیراق کڕیبا و هه‌ر له کوردستان
و عیراقیشی هاڕیبا و ئه‌و ئارده‌ی به سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا دابه‌ش کردبا. هه‌ر ئه‌وه‌ش
بۆ برنج و فاسۆلیا و نیسکهکهش ڕاسته، چونکه له عیراق و کوردستانیشدا هه‌موو ئه‌وانه
ده‌چێنرێن. ده‌کرا ڕۆن و سابوون و تایدهکهش هه‌ر له عیراق خۆی بکڕن، چونکه له‌وێ
ئه‌وانه‌ش وه‌به‌رهه‌م ده‌هێنرێن. ئه‌گه‌ر"د.ی"و ڕۆژاوا، وه‌ها کارێکیان
کردبا، هه‌م کشتوکاڵی
عیراق و کوردستان ده‌بووژایه‌وه و هه‌م ده‌رفه‌تی کار زۆر ده‌بوو و هه‌میش پاره
و دراوی زیاتر ده‌هاته نێو وڵاته‌وه و مامه‌ڵه‌ی پێ ده‌کرا و زێتر ده‌که‌وته ده‌ست
خه‌ڵک و به‌وه‌ش داهاتی نیشتمانیی و داهاتی تاکه‌که‌سیش زیادی ده‌کرد. وه‌لێ ڕۆژاوا
ئه‌وه‌ی له نه‌خشه‌دا نییه، به‌ڵکه داڕووخان و تێکشکان و داته‌پینی ئابووری و جڤاکی
و فه‌رهه‌نگی و سیاسی گه‌لانی سێیه‌م و چواره‌م و به دهرۆزهکهرکردنی ئه‌وانی مه‌به‌سته.
شتێکی پێویست و گه‌لێک گرنگ، که ده‌بێ له‌مه‌ڕ ئه‌و ئازووقانهوه بگوترێ ئه‌وه‌یه،
ئه‌وانه هه‌ر هه‌مووی بێ کۆنترۆڵکردن و ئازمایشکردن دێنه نێو کوردستانه‌وه.
له هیچ وڵاتێکی ئه‌م جیهانه‌دا شتێکی وا ڕوو نادات، که خۆراک و شتی دیکه بێ لێنۆڕین
و ئازمایش بێته نێو وڵاته‌وه و به سه‌ر خه‌ڵکدا ببهشرێنهوه و بخرێنه بازاڕه‌وه.
ئه‌وه ته‌نێ له کوردستان وایه. ئه‌و کاره له ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و کارگێڕی
کوردستاندایه و ئه‌وان به‌رپرسن لێی، چونکه کێ ده‌ڵێ ئه‌و خۆراکانه شتی خراپ و
ژاراوییان تێدا نییه یا کۆن و کات به‌سه‌رچوو نیین! به بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی، که
به‌شێکی ئه‌و ئازووقانه له تورکیا و عیراق و مسر و...ه‌وه دێن، ده‌بوو زیاتر له‌و
باره‌یه‌وه به ته‌نگ کۆنترۆڵکردنی ئه‌و ئازووقانهوه هاتبان. له‌م وڵاته ئه‌وروپاییانه
هیچ شتێکی کۆنترۆڵنه‌کراو، به تایبه‌ت خۆراک، ناهێنرێنه نێو وڵاته‌وه. ئه‌و کاره
نیشانه‌ی به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و گرنگییدانه به هاووڵاتان، که له کوردستاندا
دواشتێکه بیری لێ ده‌کرێته‌وه.
خاڵی
پشکنین، بازگه:
له نێوان
سلووپی و خابووردا له باکووری کوردستان، کۆمه‌ڵه خاڵێکی پشکنین هه‌ن، هه‌رچه‌ندی
بیریان لێ بکه‌یته‌وه ئه‌و بازگهیانه مرۆڤ وه‌ڕز ده‌که‌ن و ئه‌وانه‌ی له‌وێشن(سه‌رباز
و پۆلیسی تورک) بیانوو به مرۆڤ ده‌گرن. ئه‌و کاره‌شیان زیاتر له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا،
له دیوی باشوور بۆ باکووری کوردستان، وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێت. بێجگه له پشکنینی جانتا و شتومه‌ک، که چه‌ندین
جار ڕووده‌دات و جاری واش هه‌یه نێوان خاڵی پشکنینێک و یه‌کێکی دی 10 میتریش پتر
نییه. له شوێنێکدا له دوای گومرک و ئه‌وانه‌ی پارتیی، ژوورێکی گچکه‌یان هه‌یه،
تایبه‌ته به پشکنین و خوێندنه‌وه‌ی نامه و چاپه‌مه‌نی. مرۆڤ به نامه و کتێب و
گۆڤار و ڕۆژنامه‌وه –ئه‌گه‌ر پێی بن- ده‌به‌نه ئه‌و ژووره‌وه. نامه‌کان ده‌که‌نه‌وه.
کتێبه‌کان ڕووپه‌ل ڕووپه‌ل هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه، ده‌یانخوێننه‌وه و پرسیار له‌باره‌یانه‌وه
ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ناو و شتی وا له نامه‌کاندا هه‌بوون، ده‌پرسن: ئه‌وانه کێن و چ
کاره‌ن و تۆ پێوه‌ندت چییه پێیانه‌وه و زۆر پرسیاری دیکه‌ش. له‌به‌ر نه‌بوونی پۆست
و ناڕێکی و گرانیی ته‌له‌فۆنکردن، ئه‌وه‌ی له کوردستانه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕێته‌وه
یا به پێچه‌وانه‌وه، وه‌ک ئاسایی، ده‌یان نامه و ڕاسپارده‌ی خه‌ڵکی پێیه. جاری
وا هه‌یه دوای هه‌ڵپچڕینی نامه‌کان و خوێندنه‌وه‌یان، نامه‌ی ئه‌م ده‌خرێته زه‌رفی
نامه‌ی ئه‌وی دیکه‌وه و یا به پێچه‌وانه‌وه، ئیدی ده‌بێ مرۆڤ به سه‌لیقه بیاندۆزێته‌وه
و به خاوه‌نه‌کانیان بگه‌یه‌نێت. بێگومان ئه‌وه‌ی له‌و خاڵی پشکنینانه‌ی تورکیادا
ده‌کرێت،
گه‌وره‌ترین سووکایه‌تیپێکردنه به‌و خه‌ڵکه کورده‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه وڵات. ئه‌وان (تورکه‌کان)
هه‌ر ته‌نێ له‌به‌ر کوردبوونی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی، ده‌گه‌ڕێنه‌وه و له‌به‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یان
بۆ کوردستان ئه‌و سووکایه‌تییه‌یان پێ ده‌که‌ن. من ئه‌و سووکایه‌تیپێکردنه ته‌نێ
به سووکایه‌تیپێکردن به
خه‌ڵکانی هاتوچۆکار نازانم، به‌ڵکه به پله‌ی یه‌که‌م سووکایه‌تیپێکردنه به ده‌سه‌ڵاتدارانی
باشووری کوردستان، که تورکه‌کان هیچ جۆره حیسابێکی فه‌رمی و قانوونی‌یان بۆ ناکه‌ن.
مرۆڤ که به‌و به‌زمه‌دا تێده‌په‌ڕێت، مه‌رگی خۆی به ئاوات ده‌خوازێت و ده‌ڵێ، تۆبه
ئیدی جارێکی دی به‌م ڕێگه‌یه‌دا هاتوچۆ ناکه‌م، به‌ڵام مرۆڤ شتی زوو له‌بیر ده‌چێت
و هه‌ر پاش ماوه‌یه‌کی دی کیچ ده‌که‌وێته که‌وڵی و هه‌مان ڕێی هات و نه‌هات ده‌گرێته‌وه
به‌ر. ئه‌وانه خاڵی پشکنینی تورکیان و تورکیاش ده‌وڵه‌تێکی داگیرکه‌ری کوردستانه
و له‌شکرێکی فاشی و کۆمه‌ڵه سیاسه‌تکارێکی نۆکه‌ری ڕۆژاوا، به ئاگر و ئاسن، فه‌رمانڕه‌وایی
ده‌که‌ن، به‌ڵام له باشووری کوردستان، که گوایه وڵاتی "ئازادی و دیموکراسی"یه،
ژماره‌ی خاڵی پشکنینه‌کانیان ئه‌گه‌ر له‌وانه‌ی تورکیا زێتر نه‌بن، که‌متریش نیین.
بێجگه له خاڵه‌کانی پشکنینی نێوان ئیبراهیم خه‌لیل و هه‌ولێر، که نازانم چه‌ندن،
له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانیدا، 16 خاڵی پشکنین هه‌ن. هه‌ولێر-دێگه‌ڵه، که له ژێر
ده‌سه‌ڵاتی پارتییدایه،
8 بازگه و دێگه‌ڵه-سلێمانی، که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی یهکیهتیدایه، 8 بازگه. له
ژماره‌ی بازگه‌کانیشدا، پارتیی و یه‌کیه‌تی، پێڕۆی "فیفتی-فیفتی"یه‌که‌یان کردووه، که ئه‌نجامێکی باشی نه‌بوو.
له بازگه‌کانی پارتیی،
چ له ئیبراهیم خه‌لیله‌وه بۆ هه‌ولێر و له هه‌ولێریشه‌وه بۆ دێگه‌ڵه و چ به
پێچه‌وانه‌شه‌وه، مرۆڤ له ئۆتۆمبیله‌کان دانابه‌زێنن و جانتا و ساک و خورج و
شتومه‌ک ناپشکنن، به‌ڵام له بازگه‌کانی یه‌کیه‌تی له دێگه‌ڵه‌وه بۆ سلێمانی
و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه، به لای که‌مه‌وه له هه‌ر سه‌رێکه‌وه، چوار پێنج گله‌ت،
مرۆڤ داده‌به‌زێنن و جانتا و شتومه‌که‌کانی ده‌پشکنن. مرۆڤ به ته‌نێ ده‌به‌نه
ژوورێکه‌وه و له سه‌ر جله‌کانه‌وه ده‌ست به له‌شیدا، له‌سه‌ره‌وه تا پایین دێنن
و ده‌یپشکنن[5] و هه‌موو
شته‌کانی بهرکیشی پێ ده‌رده‌که‌ن و له‌به‌رده‌م خۆیاندا، له‌سه‌ر مێزێک دایده‌نێن
و ته‌ماشای ده‌که‌ن. پرسیار ده‌که‌ن بۆ ده‌چی بۆ سلێمانی یا بۆ هه‌ولێر؟ بۆ لای کێ
ده‌چی؟ چه‌ند ده‌مێنییه‌وه؟ و زۆری دیکه‌ش. له گه‌ڕانه‌وه‌مدا بۆ هه‌ولێر، له
بازگه‌یه‌کی نێزیکی دووکان، که دایانبه‌زاندین و پشکێندراین، له یه‌کێک له‌و نه‌فه‌رانه‌ی،
له‌گه‌ڵمان بوو پرسییان، بۆ ده‌چی بۆ هه‌ولێر؟ گوتی: ده‌چم بۆ پرسه. گوتیان: پرسه‌ی
کێ؟ گوتی: پرسه‌ی خزمێکم. گوتیان: که‌ی مردووه؟ گوتی: چه‌ند ڕۆژێکه. گوتیان: بۆ
مردووه؟ گوتی: خوا کوشتوویه‌تی. ئه‌مه پرسیار و وه‌رامێکه، که ده‌کرێ له دادگه‌دا
ڕووبدات و ئه‌نجام بدرێت، ئه‌ویش دوای ڕووداوێک یا کاره‌ساتێک، یا له چیرۆکێکی پۆلیسیدا،
مرۆڤ شتی ئه‌وتۆیی ده‌خوێنێته‌وه، نه‌ک له بازگه‌یه‌کی پشکنینی نێوان سلێمانی و
دێگه‌ڵه‌ی "ئازادکراو"ی، ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورد و له‌نێوان دوو کورددا. له
بازگه‌ی پشکنینه‌که‌ی چوارباخی سلێمانی، یه‌کێک له‌و لاوانه‌ی، له زانستگه‌ی سه‌لاحه‌ددینی
هه‌ولێر ده‌خوێنن، که بۆ
سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌گیرێت و دوای یه‌ک دوو شه‌وی زیندانی،
به هۆی ئه‌م و ئه‌وه‌وه به‌ری ده‌ده‌ن، تاکه هۆیه‌ک بۆ گرتنه‌که‌ی، ئه‌وه ده‌بێت، ڕۆژنامه‌یه‌کی
"برایه‌تی"، که له هه‌ولێر و له لایه‌ن پارتییه‌وه ده‌رده‌چێت پێ ده‌بێت.
له هه‌موو دنیادا و به درێژایی مێژوو، که خه‌ڵک ڕا ده‌بن و شۆڕش ده‌که‌ن، بۆ
ئازادی و نه‌هێشتنی بازگه‌ی پشکنینی ده‌که‌ن، که‌چی له کوردستانه‌که‌ی ئێمه‌دا، به
پێچه‌وانه‌وه، بازگه‌کانی پشکنین زیاد ده‌بن و ئازادیی مرۆڤیش دهتاسێندرێت[6].
زمان:
زمان یه‌کێکه
له‌و شتانه‌ی، به‌رگۆڕانه و به گوێره‌ی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵگه و پێشکه‌وتنی فه‌رهه‌نگی
و ئابووری و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیان، ئه‌ویش ده‌گۆڕێت و وشه‌ی نوێ و ده‌ربڕینی
نوێی تێده‌که‌وێت و به‌وه‌ش زمان پێشده‌که‌وێت و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت. ئه‌وه‌ی له
باشووری کوردستان وه‌دی ده‌کرێت، وا نییه. هه‌رچی زمانی په‌یڤین و نێو خه‌ڵکه، هێنده‌ی
زاراوه و وشه‌ی بیانی کهوتووهتێ، که خه‌ڵک له وشه‌ی کوردی‌یان جودا ناکه‌نه‌وه.
دیاره ئه‌و وشه بیانیانه‌ش هه‌رله‌خۆڕا هه‌ڵنه‌تۆقیون، به‌ڵکه له ئه‌نجامی هه‌ندێ
ڕووداوی سیاسی و گۆڕانی باری ئابووری و جه‌نگ و نه‌بوونی وشه‌ی کوردی بۆ ئه‌وانه
و هاسان به‌کاربردن و لێکتێگه‌یشتن و ده‌یان فاکته‌ری دیکه‌وه هاتوونه‌ته گۆڕێ و
خۆیان سه‌پاندووه. زۆرجارانیش لایه‌نێکی قۆشمه‌یی له به‌کاربردنی وه‌ها وشه‌گه‌لێکدا،
هه‌رچه‌نده به زیانی زمانی کوردی ده‌شکێته‌وه، وه‌دی ده‌کرێت، به تایبه‌ت له
سلێمانی. هه‌نده‌ک وشه‌ش تایبه‌تن به باژێڕێک یا ده‌ڤه‌رێک و ته‌نێ له‌و ده‌وروبه‌ره‌دا
به‌کار ده‌برێن و له شوێنانی دیکه به‌کار نابرێن و ڕه‌نگه نهشناسرێنهوه. له‌و
وشه باوانه‌ی، له سلێمانی به سه‌ر زاری گه‌وره و گچکهوهیه، وشه‌ی
"شاز"، (به عه‌ره‌بی: شاذ)ه.
خه‌ڵک ئه‌م وشه‌یه بۆ هه‌موو شتێک و له هه‌موو کاتێکدا به‌کار ده‌به‌ن. له بازاڕدا،
به‌قاڵ، دوکاندار، شه‌ربه‌تفرۆش، جلفرۆش، کووتاڵفرۆش، هه‌موو هاوار ده‌که‌ن و وشه‌ی
"شاز"یان به سه‌ر زاره‌وه‌یه.
شازی پرته‌قاڵ، شازی هه‌نار، شازی سێ‌و، شازی خورما، شازی توو، شازی پیاز،
شازی شه‌ربه‌ت، شازی چاکه‌ت، شازی پاڵتۆ، شازی ته‌نه‌که، شازی سه‌رکرده، شازی قه‌ل،
شازی حیزب، شازی مریشک، شازی ته‌زویر و...شازی هه‌موو شتێک، به‌رگوێ ده‌که‌وێت. وشه‌یه‌کی
دی،
که زۆر باوه، وشه‌ی "شه‌به‌ح"، (به عه‌ره‌بی:
شبح)ه، که به واتای، تارمایی، شه‌وه و مۆته‌که دێت. ئه‌م وشه‌یه، له ناوی ئه‌و
فڕۆکه ئه‌مه‌ریکاییه‌وه که‌وتووه‌ته سه‌ر زاری خه‌ڵک، که له جه‌نگی که‌نداودا،
ده‌هاته سه‌ر عیراق و له شه‌مشه‌مه‌کوێره ده‌چوو و ڕاداری عیراقی نه‌یده‌بینی و
ده‌هات کاری جاسووسی ئه‌نجام ده‌دا. عه‌ره‌ب نێوی "تارماییهفڕۆکه: طائرة
شبحیة "یان لێ نابوو و کوردیش ئه‌و شه‌به‌حه‌ی له‌وه‌وه وه‌رگرتووه. به‌ڵام
له سلێمانی خه‌ڵک بۆ پاره‌ی کاغه‌زی 250 دیناریی عیراقی، که ساخته (موزهووهر،
قوللابی)یه و بۆ قه‌مسه‌ڵه‌ی چه‌رمی ڕه‌شی گرانبایی و ئۆتۆمبیلی مێرسیدسی ڕه‌شی
تازه و جوان و گرانبه‌ها، به کاری ده‌به‌ن. ده‌ڵێن: شه‌به‌حێکی کڕی، یا شه‌به‌حێکی
له‌به‌ردا بوو، یا به ئه‌وه‌نده شه‌به‌ح کڕیم، واته به ئه‌وه‌نده 250 دیناریی
کڕیم. وشه‌ی "چووله"، که به واتای کهچهتهباخی بچووکی یهکچاویی پرێمزئاسا،
که به نه‌فت کار ده‌کات و هی هه‌ژاران و نه‌دارانه، به‌کار ده‌برێ، ئه‌میش هه‌ر
له خوارووی عیراقه‌وه و له کاتی جه‌نگی که‌نداودا، گه‌یشتووه‌ته کوردستان.
چووله، هی خه‌ڵکی گیرفان به‌تاڵ و نیشته‌جێی
خانووه قوڕه‌کانه. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌م وشانه: شاز، شه‌به‌ح و چووله، ته‌نێ له
سلێمانی، به‌کار ده‌برێن و له هیچ شوێنێکی دیکه‌ی کوردستاندا، نابیسرێن. وشه‌ی
"بائیع" یا "بایع"، (به عه‌ره‌بی: بائع)، واته: فرۆشه‌ر یا
فرۆشیار، ئه‌ویش وشه‌یه‌کی باوه و له هه‌موو کوردستان و عیراقدا، به‌کار ده‌برێت.
"فاسۆلیا"، له‌کن هه‌ندێک بووه به "فاسۆلی". وشه‌ی "لۆبیا"،
له سلێمانی نییه و به‌کار نابرێت و له‌وێ به "لۆبیا" ده‌ڵێن:
"ماشی سپی" و به"ماش"یش ده‌ڵێن: "ماشهڕهشه".
"نۆک"، له سلێمانی پێی ده‌گوترێت "نۆکه‌حۆله"، وه‌ک ئه‌وه‌ی، نۆکی
زرنگ و وریا و هۆشیاریش هه‌بێت. وشه‌ی "له‌یلا عه‌له‌وی"، که له
باشووری کوردستان و عیراقیش بۆ ئۆتۆمبیله جیپ و لاندکرۆز و کرایسله‌ر و پاجیرۆ و لاندرۆڤه‌ر
و چیرۆکی و ڕهنجڕۆڤهره به‌رز و پانوپۆڕهکانی به‌رپرسانی حیزب و حوکوومه‌ته‌کانی
کورد و کارمه‌ندانی ڕێکخراوه بیانییه‌کان، به‌کار ده‌برێ، وشه‌یه‌که له سلێمانی،
هه‌ولێر و دهۆک به‌کار ده‌برێ. ئه‌م وشه‌یه له نێوی ژنه‌ئه‌کته‌ری توندوتۆل و
خرپن و خڕوخه‌پان و سمتخڕ و گه‌ش و خوێنگه‌رمی مسری، له‌یلا عه‌له‌وی(ﻟﻴﻟﻰعلوی)یه‌وه
هاتووه. هه‌موو ئه‌و به‌رپرسانه‌ی، که سواری ئه‌و جۆره ئۆتۆمبیلانه
ده‌بن، وا ده‌زانن سواری له‌یلا عه‌له‌وی بوون و سمتی ئه‌ویان له ئامێز گرتووه.
له هه‌ولێر وشه‌ی "سهرکهشههید" یا "سهلکهشههید"، ده‌بیسرێت.
سهرکهشههید، به پێچکه(ته‌گه‌ر، تایه)ی ئه‌و ئۆتۆمبیله گه‌ورانه، مانه‌ندی
له‌یلا عه‌له‌وی و ئه‌و جۆرانه، ده‌گوترێ، که به‌رپرسان سواری ده‌بن. مه‌به‌ستی خه‌ڵک له‌وه ئه‌وه‌یه، که
هه‌زاران لاوی کورد شه‌هید بوون و ئه‌وانه‌ی ئێستا به‌رپرس و کاربه‌ده‌ستن، به
سواربوونی ئه‌و ئۆتۆمبیلانهیانهوه و ناز و فیز و کهشخهییان به سه‌ر خه‌ڵکدا،
وه‌ک ئه‌وه وایه، سه‌ری ئه‌و شه‌هیدانه‌یان بۆ ماشینه‌کانیان کردبێ به پێچکه و
به‌سه‌ر وان‌دا بئاژۆن. له سلێمانی زۆرجاران تیپی"ت" به شێوه‌ی
"ط"ی عه‌ره‌بی ده‌رده‌بڕدرێت. له کاتی ئاخافتندا، خه‌ڵکی
له‌بری "ته‌واو" ده‌ڵێن:"طه واو"و له بری
"تایه" ده‌ڵێن: "طایه"، ئه‌مه ئاساییه، به‌ڵام له سه‌ر دوکانی په‌نچه‌رچی و
تایهفرۆش، بنووسرێ "طایهفرۆش"، ئه‌مه شتێکی باش نییه. وه‌نه‌بێ ئه‌و وشه‌یه ته‌نێ له‌یه‌ک
جێگه‌دا، به‌رچاو بکه‌وێت، به‌ڵکه له هه‌موو سلێمانیدا، له بری وشه‌ی "تایه"
نووسراوه "طایه".
له بری سابوونکه‌ران، که گه‌ڕه‌کێکی
شاری سلێمانییه، ده‌نووسن "صابونکه ران"، که دوو هه‌ڵه‌ی تێدایه: هه‌م
"س"ه‌که‌ی بووه به "ص" و هه‌میش له‌بری "و" ده‌بێ
"وو" بنووسرێت. له‌بری وشه‌ی "ساڵنسهچی"، که پێوه‌ندی به کاروباری
ئۆتۆمبیله‌وه هه‌س، له سلێمانی ده‌نووسن"صالنصه چی". وشه‌ی "چاک" و "چاککردن" و "چاککراو" و
"چاک ده‌که‌م" و "چاکم کرد"، ئاساییه و ده‌بێ وابێ، که‌چی له
سلێمانی، ئه‌وه هیچ به گوتن، به نووسینیش ده‌نووسن "سه‌رچاکردن" یا
"وه‌رشه‌ی فڵان بۆ چاکردنی ڕادیۆ و کامیرا". به وشه‌ی"چای"، که
خواردنه‌وه‌یه‌که لێ ده‌نرێ، له سلێمانی ده‌گوترێ "چا، چالێنان، چاکردن"،
واته له‌نێوان ئه‌و"چا" یه‌ی خواردنه‌وه و "چا" ی "چاککردن"دا،
چ جیاوازییه‌ک ناکرێ. وشه‌ی "سه‌رێشه" که له "سه‌رئێشه"وه
هاتووه، واته ژانه‌سه‌ر، له سلێمانی به "سه‌ریه‌شه" ده‌ینووسن. له
بری وشه‌ی "بدات"، وه‌ک "هه‌وڵبدات" یا "سووڕبدات"،
"دێت"، "حه‌ڤده 17"، "له‌و خێزانه گه‌وره‌یه‌دا"،
"له سینه‌مادا"،
"لێیدا"، له سلێمانی ده‌نووسن: "ههوڵبات یا ههوڵبیات
و سووڕبات و یه‌ت و حه‌ڤه 17 و له‌و خێزانه گه‌وره‌یه‌یا و له سینه‌مایا و لێیا"
و تیپی "د" نانووسن. له کاتێکدا به‌کارهێنانی تیپی "د" بۆ ده‌سپێکردنی
فرمان، لای زۆرینه‌ی زمانڤانانی کورد، وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ نێزیکخستنه‌وه‌ی زاراوه
و شێوه‌نووسینه کوردییه جیاوازه‌کان داده‌نرێت و له‌به‌رچاو ده‌گیرێت، که‌چی ئه‌و
تیپی "د"یه، وه‌ک "ده‌ڕوات، ده‌خوات، ده‌کات" و...له سلێمانی
ده‌بێته "ئه‌ڕوات، ئه‌خوات، ئه‌کات"، ڕسته‌ی"باخه‌کانیان ئاو ده‌ده‌ن
یا ئاو ئه‌ده‌ن" له سلێمانی ده‌بێته"باخه‌کانیان ئاو ئه‌یه‌ن" و
نووسه‌ری زه‌لام زه‌لام له گۆڤار و ڕۆژناماندا و هه‌ر به خواست و ویستی خۆیان، ئه‌و
جیاخوازییه هه‌ڵده‌بژێرن. زۆرجاران له بری پاشگری "تر، دی، دیکه"، وه‌ک
"ژنه‌که‌ی تر، ماڵه‌که‌ی دی، ڕۆژێکی دیکه"، له سلێمانی ده‌بن به
"ژنه‌که‌ی که، ماڵه‌که‌ی که، ڕۆژێکی که"، به‌وه‌ش جیاوازی له نێوان
"که"ی پاشگر و "که" ی ئهدڤێربدا، وه‌ک"ئه‌و ژنه‌ی که
هاوسێمانه، یا ڕۆژی شه‌ممه که ده‌کاته ئه‌وه‌نده‌ی مانگ، یا ماڵی ئازاد که به‌رانبه‌ر
چایخانه‌ی حهسیرهکهیه"، نامێنێت. تۆ که ده‌ڵێی فڵانه شت له فڵانه شتی
دیکه جیاواز (جوێ، جودا، جوایه‌ز)ه، ئیدی تێده‌گه‌ی، که شتی یه‌که‌م وه‌ک شتی
دووه‌م نییه، وه‌لێ من له نووسیندا و له سلێمانی دیتوومه، که
وشه‌ی "جیاوازتر" له‌بری
"جیاواز" به‌کار براوه. وشه‌ی "جیاواز" بۆخۆی له‌حاڵه‌تی به‌راورددا
به‌کار ده‌برێت و ناکرێ له حاڵه‌تی به‌راوردی باڵا و به‌راوردی باڵاتردا به‌کار
ببرێت، ناتوانرێ بگوترێ: جیاواز، جیاوازتر، جیاوازترین، وه‌ک: گه‌وره، گه‌وره‌تر،
گه‌وره‌ترین. له ڕێنووسی کوردی ئه‌مڕۆدا تا ڕاده‌یه‌ک کێشه‌ی "ی،ێ"
و"و،ۆ،وو"، چاره‌سه‌ر کراوه و قانوونێکی هه‌یه و ئه‌وه‌ی، که کوردی ده‌خوێنیت و ده‌نووسێت
و ده‌خوێنێته‌وه، گه‌ره‌که جیاوازیی نێوان ئه‌و تیپانه بزانێت. ئه‌وه‌ی مرۆڤ له
سلێمانی وه‌دی ده‌کات تیپی"وو" به ده‌گمه‌ن به‌کارده‌برێت یا هه‌ر به‌کار نابرێت. وشه‌ی"ده‌نگ"، که کوردییه‌کی په‌تییه و زۆریش خۆشه، له سلێمانی
بۆ به‌رز یا نزمکردنه‌وه‌ی ده‌نگ، ده‌ڵێن: "ڵه وﺘﻰ" ڕادیۆکه زیادکه یاصه وﺘﻰ: به‌رێ یا
صه وﺘﻰ ته‌له‌ڤزیۆنه‌که
کهمکه". وشه‌ی "ڕه‌وه‌ند"، که له‌وه‌تی کورد هه‌یه، به
واتای "کۆچه‌ر" به‌کار براوه، که‌چی له سلێمانی بۆ "ڕێڕه‌و، به
عه‌ره‌بی: مسیره" به‌کار ده‌برێ. "ئه‌نگوستیله"، که ده‌کاته ئه‌و
ئه‌ڵقه زێڕه یا زیوه یا هه‌ر شتێکی دییه‌ی ده‌کرێته په‌نجه و "ئه‌نگوست"
یش ده‌کاته په‌نجه و "یله"ش بۆ بچووککردنه‌وه به‌کار ده‌برێ. له هه‌ندێ
شوێنی کوردستان به "ئه‌نگوستیله" ده‌گوترێ "کلکه‌وانه" و
"کلک" هه‌ر ده‌کاته په‌نجه و "وانه" ش، واته "شتی په‌نجه"،
دیاره له خانه‌قینیش به "ئه‌نگوستیله" و"کلکه‌وانه" ده‌ڵێن
"کلوانک"، من پێموایه ئه‌و وشه‌یه‌ش هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌ر له داڕشتن و ڕه‌گی
وشه‌که‌وه بۆی بچین، هه‌رچی سلێمانیشه ئه‌و وشه‌یه له‌وێ بووه به "موستیله"،
"یله"که‌ی ڕاسته، وه‌لێ "موست"، نه‌ک هه‌ر واتای په‌نجه
نادات، به‌ڵکه هیچ واتایه‌کی دیکه‌یشی نییه. وشه‌ی "یه‌کجاری، یه‌کجاره‌کی"،
له سلێمانی بووه به "ئێجگاری، هێجگاری"، که هیچ واتایه‌ک نابه‌خشن.
گیروگرفته‌که له‌وه‌دایه ئه‌و وشانه له سلێمانی له نووسیندا به‌رچاو ده‌که‌ون
و له‌نێو خه‌ڵکدا بڵاو ده‌بنه‌وه. هه‌ندێ وشه هه‌ن، که یه‌ک واتایان هه‌ن و به
دوو جۆر ده‌گوترێن، ئه‌و وشانه خه‌ریکن له ناوچه‌یه‌کدا ساغ ده‌بنه‌وه و هه‌ر یه‌که‌یان
له ناوچه‌یه‌کدا به‌کار ده‌برێت و له ناوچه‌که‌ی دی هاوواتاکه‌ی به‌کار ده‌برێت. وشه‌ی "ژن" و
"ئافره‌ت" له کوردی‌دا یه‌ک واتایان هه‌یه. له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی
پارتیی زۆرتر وشه‌ی "ئافره‌ت" و که‌متر وشه‌ی "ژن" به‌کار ده‌برێت. ده‌گوترێ
"یه‌کیه‌تی ئافره‌تان، ڕێکخراوی ئافره‌تان، کۆبوونه‌وه‌ی ئافره‌تان، مافی
ئافره‌تان". له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تی به پێچه‌وانه‌وه، وشه‌ی
"ژن" به‌کار ده‌برێت و وشه‌ی "ئافره‌ت"به‌کار نابرێت. ده‌گوترێ "یه‌کیه‌تی
ژنان، ڕێکخراوی ژنان، کۆبوونه‌وه‌ی ژنان، مافی ژنان، کۆمه‌ڵه‌ی ژنان". پارتیی"ئافره‌ت"یان
پێ باشه و یه‌کیه‌تیش
"ژن". هه‌مان شت بۆ "قوتابخانه و قوتابی"یش ده‌گوترێ، که
پتر له ناوچه‌ی پارتیی به‌کار ده‌برێن و له ناوچه‌ی یه‌کیه‌تیش هاوواتاکانیان
"خوێندنگه و خوێندکار" به‌کار ده‌برێن. من به‌ش به حاڵی خۆم، وشه‌گه‌لی
"ژن، خوێندنگه، خوێندکار"م پێ ڕاستتر و جوانتر و باشتر و له‌بارترن له‌وانی
دی. وشه‌ی "زانکۆ" که بۆ "زانستگه، به عه‌ره‌بی: جامعة" به‌کار
ده‌برێت،
وشه‌یه‌کی داتاشراوه و هیچ واتایه‌کی نییه و هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، که تا ئێستاش
هه‌ر له سه‌ری ده‌ڕۆن و ده‌نووسن و ده‌ڵێن "زانکۆی سلێمانی، زانکۆی هه‌ولێر،
زانکۆی دهۆک"، له بری "زانستگه‌ی سلێمانی، زانستگه‌ی هه‌ولێر، زانستگه‌ی
دهۆک". وشه‌ی "پێشنیاز" که ده‌کاته "پێش + نیاز" واته
"پێش مه‌به‌ست"، که‌چی ده‌نووسرێ "پێشنیار" که ده‌کاته
"پێش + نیار"، "پێش" ڕاسته، به‌ڵام "نیار" هیچ
واتایه‌کی نییه و هه‌ڵه‌یه. وشه‌ی "بهروار"[7]،
که له بری "مێژووی ڕۆژ، ڕۆژ، مێژوو، ڕۆژی.." به‌کار ده‌برێ، وه‌ک بڵێی:
19/6، 22/8، 17/9، 13/11، وشه‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه و هیچ واتایه‌کی نییه، که‌چی هه‌ر
به‌کاریش ده‌برێ. له کاتێکدا ده‌کرێ وشه‌ی "مێژوو" بۆ ڕۆژ و ساڵ و هه‌موو
شتێک به‌کار ببرێ، وه‌ک "التاریخ" لای عه‌ره‌ب، که هه‌م "مێژوو، دیرۆک"
به واتا فره‌وانه‌که‌ی و هه‌م ڕۆژ ده‌گرێته‌وه. وشه‌ی "عهلڵاگه"، که
وشه‌یه‌کی زۆر باوه له کوردستان، وشه‌که‌ش بۆ خۆی عه‌ره‌بییه، له بری وشه‌ی
"ده‌ڵق" که کوردییه به‌کار ده‌برێ. خه‌ڵک له سلێمانی، که سواری پاس
ده‌بن له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی دیکه و ده‌یانه‌وێ دابه‌زن، ده‌ڵێن "دابه‌زین
هه‌یه"، واته "داده‌به‌زم، داده‌به‌زین". وشه‌ی"دابه‌زین هه‌یه"،
وه‌رگێڕانێکی وشه‌ی "اًکو
نازل"ی عه‌ره‌بییه، که له عیراق به‌کار ده‌برێت. وشه‌ی"ماطول"، که
هێنده عه‌ره‌بییه و ئێستاکه عه‌ره‌ب خۆیان نایناسنه‌وه و به‌کاری نابه‌ن، له
سلێمانی له بری وشه‌ی "مادام، مادامه‌کی" به‌کار ده‌برێت، هه‌رچه‌نده
هه‌ردوو وشه‌کان هه‌ر عه‌ره‌بین، به‌ڵام "مادام" وه‌ک وشه‌یه‌کی کوردیی،
جێی خۆی کردووه‌ته‌وه. له زۆر جێگه له سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆک و شارۆچکه‌کانی
دیکه‌ش، وشه‌ی "سه‌نته‌ر" یا "سه‌نته‌ری فڵانه شت"، له سه‌ر
ده‌رگا و هه‌ندێ خانوو، که باره‌گا و بنکه‌ی هه‌ندێ ڕێکخراوی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی
یا فه‌رهه‌نگی، یا تهلهفۆنخانهن، به‌ر چاو ده‌که‌وێت. ئه‌و وشه‌یه له بری
"نێوه‌ند، بنکه، مه‌کۆ، به عه‌ره‌بی: مرکز"، به‌کار ده‌برێ. وشه‌ی
"پلاتفۆرم" و "پلاتفۆرمی فڵانه شت" له بری "سه‌کۆ، به
عه‌ره‌بی: منبر" به‌کار ده‌برێت. وشه‌ی "جێب ته‌له‌فۆن"،
که وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه و کورده‌که زۆر باشی به‌کار ده‌بات، ئه‌و وشه‌یه به کوردی
ده‌بێته "ته‌له‌فۆنی گیرفان، ته‌له‌فۆنی باخه‌ڵ، ته‌له‌فۆنی به‌رک" یا
ده‌کرێ بگوترێ "ته‌له‌فۆنی ده‌ستیی"، که‌چی کورد به‌لای ئه‌وانه‌دا ناچێت.
له هه‌موو دنیادا به‌و شله‌یه‌ی، که ده‌کرێته ماشینه‌وه و وزه‌ی ده‌داتێ و پێی
ده‌ڕوات، ده‌گوترێ "به‌نزین یا بانزین"، که‌چی له ده‌ڤه‌ری بادینان بووه
به"پانزین یا پهنزین". که فیلمێک له ته‌له‌ڤزیۆن یا سینه‌ما پێشان ده‌درێت،
ده‌گوترێ: "ئه‌م شه‌و یا فڵانه کات، فڵانه فیلم، پێشان ده‌درێت"، که‌چی
له سلێمانی ده‌گوترێ:" ئه‌مشه‌و یا فڵانه کات، فڵانه فیلم ده‌کرێت، دوێنی
فڵانه ته‌له‌ڤزیۆن فڵانه فیلمی کرد". دیاره له هه‌موو کوردستانیشدا، وه‌ک
وڵاتانی عه‌ره‌ب و عهرهبزمانان، به"فیلم" که بۆ خۆی وشه‌یه‌کی ئه‌وروپاییه،
ده‌گوترێ "فلیم، عه‌ره‌ب ده‌نووسن: فلم". وشه‌یه‌کی دیکه‌ی ناقۆڵا، که
نه‌ک هه‌ر له وڵات به‌ڵکه له هه‌نده‌رانیش
فره‌جار له نووسینی کوردی‌دا به‌رچاو ده‌که‌وێت، وشه‌ی "هه‌ڵسان به فڵانه
شت"، ده‌نووسن "فڵان که‌س هه‌ڵسا به کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌ی چه‌نده‌می
ژنان" یا "ڕێکخراوی فڵان هه‌ڵده‌ستێ به دروستکردنی فڵانه مه‌کته‌ب"،
ئه‌مه له عه‌ره‌بییه‌وه(قام بافتتاح المؤتمر...للنساء) یا (المنظمة الفلانیة تقوم بتشیید المدرسة الفلانیة) وه‌رگیراوه و ده‌ربڕینێکی
کوردیی نییه. کورد ده‌توانێت بڵێت:
ڕێکخراوی فڵان، فڵانه مه‌کته‌ب دروست ده‌کات و فڵان که‌س کۆنگره‌ی چه‌نده‌می ژنانی
کرده‌وه.
کاره‌با:
کاره‌بای
شاری هه‌ولێر له دووکانه‌وه وه‌رده‌گیرێت و کاره‌بای شاری سلێمانیش له دووکان و
ده‌ربه‌ندیخانه‌وه. کاره‌بای دووکان و ده‌ربه‌ندیخان به ده‌ست یهکیهتییهوهیه.
شاری هه‌ولێر زۆرجاران بێ کاره‌بایه و له ڕۆژێکدا چه‌ند سه‌عاتێک هه‌س یا هه‌ر نییه. خه‌ڵکی هه‌ولێر ده‌ڵێن، یه‌کیه‌تی کاره‌بایان لێ ده‌بڕێت. ئه‌وه‌ی
سه‌یره سلێمانی، که خۆی خاوه‌نی کاره‌بایه، ڕه‌وشی له هه‌ولێر باشتر نییه. له‌وێش
له ڕۆژێکدا چه‌ند سه‌عاتێک کاره‌با به ماڵان ده‌درێت یا هه‌ر به ته‌واوی ده‌بڕدرێت.
له یه‌کێک له گه‌ڕه‌که‌کانی شاری سلێمانی، دوو سێ ڕۆژی ته‌واو کاره‌با نه‌بوو. خه‌ڵک
زۆر ناڕه‌حه‌ت بووبوون به‌وه. قاو وا بڵاو بووه‌وه، که پشیله وه‌نێو موحهوویله(محولة)
که‌وتووه و بووه‌ته هۆی قرتاندنی وایه‌ر و شتی وا و بڕینی کاره‌با. باوکم ئێواره‌یه‌کی
له مزگه‌وت گه‌ڕایه‌وه و گوتی: "ئه‌و پشیله‌یه‌ی بووه‌ته هۆی بڕانی کاره‌با،
له مزگه‌وت بووه به سه‌گ و ده‌ڵێن سه‌گ وه‌نێو موحهوویله که‌وتووه". له‌وانه
بوو ئه‌گه‌ر ئه‌و باره چه‌ند ڕۆژێکی دیکه به‌رده‌وام بووایه، ئه‌و سه‌گه‌ش بووایه
به فیل. خه‌ڵکی وڵات، که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر شاره‌زای ده‌هۆ و فرتوفێڵ
و ته‌ڵه‌که‌بازیی به‌رپرسانی ناوچه‌که‌ن، به گومانه‌وه ده‌ڕواننه ئه‌و جۆره ڕووداوانه
و شیکردنه‌وه‌ی تایبه‌تیان بۆیان هه‌یه. خه‌ڵک پێیانوابوو له حاڵه‌تی وادا، موحهوویلهکان
لێ ده‌که‌نه‌وه و له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌ڵیده‌که‌نن و باری ده‌که‌ن و ده‌یگوێزنه‌وه
بۆ جێگه‌یه‌کی دیکه
و زۆرجاریش ئه‌و جێگه‌یه ئێرانه و ئاوه‌ودیوی ئه‌وێنده‌رێی ده‌که‌ن و له‌وێ ده‌یفرۆشن،
یا چه‌کدار و هێزی ئێران خۆیان ده‌که‌ن به شاردا و بۆ وه‌ی خه‌ڵک نه‌یانبینێت، کاره‌با
ده‌بڕدرێت،
هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌ش به سه‌ر خه‌ڵکدا تێپهڕێندرابوون و بینیبوویانن.
چایخانه‌ی
شه‌عب:
له ناوه‌ندی باژێڕی سلێمانیدا، چایخانه‌یه‌ک به نێوی چایخانه‌ی شه‌عب هه‌یه.
هه‌رچه‌نده ئه‌و چایخانه‌یه دیرۆکێکی کۆنی هه‌یه و هه‌میشه جێی دانیشتن و ده‌مه‌ته‌قێ
و کاتبه‌سه‌ربردنی، نووسه‌ر و ئه‌هلی ئه‌ده‌ب و قه‌ڵه‌م بووه و ئێستاکه‌ش
هه‌ر وایه، به‌ڵام بێجگه له‌و تاقمه، بووه به شوێنی خه‌ڵک و شتی دیکه‌ش.
له‌و چایخانه‌یه‌دا، پاسپۆرت، مارهنامه و کاغه‌ز و به‌ڵگه‌ی ژنهێنان، ته‌ڵاقنامه،
ناسنامه، وێنهگۆڕین، ناوگۆڕین، به‌ڵگه‌نامه‌ی هه‌ر خوێندنگه و زانستگه‌یه‌ک و ده‌یان
شتی دیکه‌ش، دروست ده‌کرێن. خوشک له برا و دایک له کوڕ، ماره ده‌کرێن. خوشک و
برا، ده‌کرێن به کچ و کوڕی، خوشک و برای خۆیان. باس باسی سه‌فه‌ری ده‌رێی وڵات و
هه‌نده‌رانه(له‌وێ ده‌ڵێن خاریج). بۆ تورکیا، به ئه‌وه‌نده دۆلار. تا یۆنان به
هێنده دۆلار. باس باسی دۆلاره و مامه‌ڵه به دۆلاره. ده‌یان قاچاخچی له‌وێ دانیشتوون
و هه‌ر یه‌که‌و یه‌ک دوو که‌س ده‌باته په‌نایه‌که‌وه و کاغه‌زی ساخته‌یان بۆ
دروست ده‌کات و ده‌داتێ و ڕێگه‌ی هات و نه‌هاتی تورکیا و یۆنان و ئیتالیا و سوێد و
ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندایان، بۆ باس ده‌کات. جارجاریش بۆ بایه‌خدان به کاره‌که‌ی خۆیان،
به گوێی موشتهرییهکانیاندا ده‌ده‌ن، که "ده‌بێ زۆر وریا بین و با لێره بگوێزینه‌وه
و با دوای ماوه‌یه‌کی دیکه یه‌کتر
ببینینه‌وه، چونکه ئاساییش به شوێنمانهوهیه و ده‌مانگرن و سزامان ده‌ده‌ن"،
حاڵبوکی ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ش به به‌رچاوی ئاساییشه‌وه ده‌کرێن و خۆیشیان پێوه‌ندیان
به ئاساییشه‌وه هه‌یه. ئه‌وه‌ی به بیری مرۆڤدا نایه‌ت، له‌و چایخانه‌یه‌دا ڕوو
ده‌دات و ده‌کرێت.
براده‌رێکی وه‌ڕز له‌و ژینگه‌یه، هه‌م له قاچاخچییانی پاره و هه‌م له قاچاخچییانی
وشه و ئه‌ده‌ب، ده‌یگوت:"ئه‌گه‌ر ئه‌م چایخانه‌ی شه‌عبه له بنه‌ڕه‌ته‌وه
بڕووخێنرێت،
کورد ده‌بێته شت".
ڕه‌وشی
فه‌رهه‌نگیی:
له هه‌ردوو
ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیی و یه‌کیه‌تی، گرنگییه‌کی تایبه‌ت و فراوان به
باری فه‌رهه‌نگیی ده‌درێت. پاره‌ی زۆر –ئه‌ڵبه‌ته هه‌ر لایه و به گوێره‌ی توانستی
خۆی- بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان ده‌کرێت. چ له هه‌ولێر و دهۆک و چ له سلێمانی،
به ده‌یان گۆڤار و حه‌فته‌نامه و مانگنامه و وه‌رزنامه و ڕۆژنامه، ده‌رده‌چن.
هه‌ر یه‌که‌و تایبه‌ته به شتێک. زۆربه‌ی ئه‌و چاپه‌مه‌نییانه له ژێر ده‌ستی
پارتیی یا یهکیهتیدان
و هی وانن. له هه‌ر لا و چه‌ند دانه‌یه‌کیش هی حیزب و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ن. بڵاوکردنه‌وه
و ڕاگه‌یاندن له کوردستان، شتێکی حیزبییه و چ ئازادی و سه‌ربه‌خۆییه‌ک له‌و بواره‌دا
نییه. ئه‌وه‌ی هه‌یه هی حیزب و ده‌سه‌ڵاته. وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی له هه‌ولێر سه‌رباری
ئه‌و بڵاوکراوانه، ژماره‌یه‌کی زۆری کتێبیشی، چاپ کردووه و ده‌کات و بڵاو ده‌کاته‌وه.
بێجگه له ڕۆژنامه‌ی برایه‌تیی(پارتیی) و کوردستانی نوێی (یه‌کیه‌تی)، که
ڕۆژانه ده‌رده‌چن، دوو گۆڤاری فه‌رهه‌نگیی-که پتر بایه‌خ به ئه‌ده‌ب به هه‌موو
شێوه‌کانییه‌وه ده‌ده‌ن- زۆر باش و به شێوه‌یه‌کی پوخته و جوان ده‌رده‌چن. ڕامان،
له هه‌ولێر و گه‌لاوێژی نوێ، له سلێمانی. ڕامان پتر بڵاو ده‌بێته‌وه و نووسه‌رانێکی
زۆرتر، تێیدا ده‌نووسن. بێجگه له نووسه‌رانی هه‌ولێر و دهۆک و هه‌نده‌ران، نووسه‌رانی
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و سلێمانیش تێیدا ده‌نووسن. هه‌رچی گه‌لاوێژی نوێیه، پتر
نووسه‌رانی سلێمانی تێیدا ده‌نووسن. له ڕووی زمانه‌وه، زمانه کوردییه‌که‌ی ڕامان له زمانه کوردییه‌که‌ی گه‌لاوێژی نوێ، به‌رینتر و ڕه‌وانتره. له
ڕووی ڕێنووسیشه‌وه، ڕامان پتر له گه‌لاوێژی نوێ،
پێڕۆی
ڕێنووسی نوێی کوردی ده‌کات. گه‌لاوێژی نوێ، هه‌ر به ناوهکهیشیدا ده‌رده‌که‌وێ، که
بۆ ژیاندنه‌وه‌ی گه‌لاوێژ[8]
دانراوه. گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، له ڕووی زمان و ڕێنووسه‌وه، سیمایه‌کی سلێمانییانه‌ی
وه‌خۆ گرتووه و تا ڕاده‌یه‌کیش، ڕێنووسه کۆنه کوردییه‌که‌ی ساڵانی شێست و حه‌فتاکان،
پێڕۆ
ده‌کات. پێڕۆکردنی
ئه‌و نووسینه کۆنه و ئه‌و شێوه‌زمانه خۆوار(ناوچه)ییه،
پتر کار ده‌کاته سه‌ر دوورکه‌وتنه‌وه‌ی زاراوه کوردییه‌کان له یه‌کدی، به‌ڵام ئه‌وه‌ش
شتێک نییه، ئه‌وان بیری لێ بکه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه و له نێو ته‌واوی ئه‌و
کار و چالاکییه فه‌رهه‌نگییه باشانه‌ی، له کوردستان ئه‌نجام ده‌درێن، ده‌ستێک هه‌س بره‌و به ههرزهفهرههنگێکی ڕۆژانه‌ی سووک و چرووکی
بازاڕیانه‌ی خۆسڕهرهوه ده‌دات. دیاره کارگێڕییه کوردییه‌که‌ش له‌و ڕه‌وشه بێ‌ئاگا
نین، ئه‌گه‌ر خۆیانی لێ گێل نه‌که‌ن و به چاوپۆشینی خۆیان ئه‌نجام نه‌درێت!. ئێستا
فه‌رهه‌نگی زۆر و بۆر له کوردستان باوه، واته گوێنه‌دان به چۆنایه‌تی و گوێدان
به چه‌ندایه‌تی. ئێمه ده‌بێ شتێکی گرنگیش له بیر نه‌که‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که
ده‌رکردنی هه‌زاران ڕۆژنامه و گۆڤار پاروه‌نانێک ناکه‌نه ده‌م مرۆڤێکی برسییه‌وه،
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه خه‌ڵک هێنده‌ی تامه‌زرۆی پڕکردنه‌وه و ئه‌نجامدانی پێویستییه
ژیانییه ڕۆژانهکانیانن، هێنده‌یان پێویستی به قسه‌ی زلی زگتێرانی ڕۆژنامه و گۆڤاران
نییه. له کوردستان پاره و پووڵێکی فره بۆ ده‌رکردنی گۆڤار و ڕۆژنامه و ڕادیۆ
و ته‌له‌ڤزیۆن و کاری ڕاگه‌یاندن خه‌رج ده‌کرێت، ئه‌وه‌ش پتر بۆ خزمه‌تی حیزبه‌کان
و ده‌سه‌ڵاته‌کانه، که‌چی زارۆک و بێوه‌ژن و هه‌ژار و لێقه‌وماوانی ئاواره و
پاشماوه‌ی گازباران و ئه‌نفال و عه‌ره‌باندن، بۆ کوڵبه و کولانه‌یه‌ک و بۆ ژه‌مه‌خۆراکێک
و بۆ پۆشاکێک، بۆ چوولهیهک و باوه‌شێنێک، که
له سه‌رما و گه‌رما بیانپارێزێت و بۆ چۆڕێک ئاوی خاوێن و...به دارا ده‌چن.
پلارهاویشتن و لاقرتێ:
له‌نێو بڵاوکراوه‌کاندا
جاروبار به نێوی گاڵته و سوعبه‌ته‌وه، تانه و پلار له‌م و له‌و ده‌گیرێ، به‌ڵام
مه‌به‌سته‌که‌ش هه‌ر دیوه‌که‌ی دیکه‌یه‌تی و له قینه‌وه ده‌گوترێ و ده‌نووسرێ. گۆڤارێکی
گاڵته‌جاڕیی و تهنزامێز به نێوی "سیخورمه"، له سلێمانی ده‌ردچێت. وه‌ک
گۆڤار شتێکی چاک و عه‌نتیکه و خۆش و پێویسته و بۆ کوردیش تا ڕاده‌یه‌ک شتێکی نوێیه.
له یه‌کێک له ژماره‌کانیدا ده‌ڵێ: "هه‌ولێره ماست.."، ئه‌مه وه‌ک
سووکایهتپێکردنێک
به هه‌ولێر. له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر هه‌ولێر له ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تییدا بووایه،
ئه‌و گۆڤاره هه‌ر چه‌نده هه‌ر وا بیری ده‌کرده‌وه، به‌ڵام وای نه‌ده‌نووسی. هه‌ر
له هه‌مان گۆڤاردا و له شوێنێکی دیکه‌دا ده‌نووسێت: "سلێمانی شاری شیرینم ئه‌هلی شارت تیا نابینم". ئه‌مه به‌ڵێ
به گاڵته‌وه و وه‌ک "کرماشان شاری شیرینم"ه‌که‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ک
گوتراوه، به‌ڵام ده‌ربڕینی هه‌ستێکی ناوه‌وه‌ی نووسه‌ره‌که‌ی و که‌مینه خه‌ڵکێکی
بیرته‌سکی شاری سلێمانییه، به‌رانبه‌ر ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ی که‌رکووک و گه‌رمیان
و خانه‌قین و هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه و ناوچه و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی خۆی.
ئه‌وه هیچ،
که ڕۆژانه له‌وێ ده‌یان سووکایه‌تی به‌و خه‌ڵکانه ده‌کرێت و شتی
ناشیرینیان به گوێدا ده‌درێت، لێره‌ش له‌م ئه‌وروپایه هه‌مان هه‌ست له لایه‌ن خه‌ڵکانێکه‌وه ده‌رده‌بڕدرێت، که خۆیشیان
لێره و له چاوی ئهوروپاییانهوه وا ده‌بینرێن[9].
کارگێڕی و باری سیاسی:
بێجگه له هه‌ردوو حوکوومه‌تی هه‌ولێر(پارتیی) و سلێمانی(یه‌کیه‌تی)، شاری
هه‌ڵه‌بجه‌ش، کارگێڕییه‌کی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، که بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستانی
عیراق، سه‌رپه‌رشتیی ده‌کات. حوکوومه‌ته‌کانی سلێمانی و هه‌ولێر، حوکوومهتگهلێکی
عه‌لمانین، به‌ڵام کارگێڕیی هه‌ڵه‌بجه، وه‌ک دۆستێکم بۆی گێڕامه‌وه چونکه خۆم نه‌چووم
بۆ ئه‌وێ، ئیسلامین و له‌وێ سه‌یران و ڕه‌شبه‌ڵه‌ک و چۆپیکێشان-که کورد به‌وانه‌وه
ماوه و هه‌ر ئه‌وه‌یشی هه‌یه- و خواردنه‌وه
قه‌ده‌غه‌یه. خه‌ڵک ده‌بێ کاتی نوێژ ده‌ست له‌کار هه‌ڵگرن و ڕوو له مزگه‌وت بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر جاران باشووری کوردستان، یه‌ک پارچه بووبێت، ئه‌مڕۆ چوار پارچه‌یه. ئه‌و
سێ به‌شه و به‌شی چواره‌میشی –که گرنگترین به‌شیه‌تی- له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی
عیراقدایه. هه‌ولێر و سلێمانی، له سه‌رده‌می حوکوومه‌تی عیراقدا، هه‌ریه‌که‌و ئوستاندارێک، به‌ڕێوه‌به‌ری
پۆلیسێک، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌یه‌ک، سه‌رۆکی شاره‌وانییه‌ک، سه‌رۆکی لهشساغییهک
و...ده‌یانبرد به ڕێوه. ئێستاکه هه‌ریه‌که‌و حوکوومه‌ت و کۆمه‌ڵێک وه‌زیر و سه‌رۆک
وه‌زیران و ده‌یان به‌ڕێوه‌به‌ری لێیه. له هه‌ولێر ئوستان و ئوستانداری سلێمانی
–سه‌ر به پارتیی- هه‌یه و له سلێمانییش ئوستان و ئوستانداری هه‌ولێر-سه‌ر
به یه‌کیه‌تی- هه‌یه. له هه‌ردوو هه‌ولێر و سلێمانی، ئوستان و ئوستانداری که‌رکووک
هه‌ن. له باژێڕی که‌رکووکیش، ئوستان و ئوستانداری که‌رکووک –سه‌ر به حوکوومه‌ت- هه‌یه. وا باوه، که له تورکیاش، هه‌ر
له مێژه، ئوستان و ئوستانداری که‌رکووک هه‌بووه و هه‌س. واته: که‌رکووک چوار ئوستانداری هه‌یه
و هیچ کامیشیان هێنده‌ی ڕێزه‌یه‌ک خێریان بۆی نییه و له ئازار و ده‌رده‌کانی خه‌ڵکه‌که‌ی
تۆزقاڵێک که‌م ناکه‌نه‌وه[10].
که‌رکووکی قودسی کوردستانه‌که‌ی تاڵه‌بانی و دڵی کوردستانه‌که‌ی بارزانی، به ده‌گمه‌ن
له لایه‌ن سیاسه‌تکارانی کورده‌وه، باسی لێوه ده‌کرێت. ڕۆژانه خه‌ڵکی کورد له
که‌رکووک و خانه‌قین[11]
ده‌رده‌کرێن و ئاواره‌ی کوردستانی بنده‌ستی پارتیی و یه‌کیه‌تی ده‌بن، له‌وێش ته‌نێ
وه‌ک ژماره و هه‌واڵ و ئامار و په‌راوێزێک، له ده‌سگای ڕاگه‌یاندنه‌کانیاندا،
باس ده‌کرێن و هیچی دی. ڕه‌نگه بۆ گرنگیدان به مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک و گه‌رمیان،
زێده‌ڕۆیی و ناوچه‌گه‌ریه‌تی نه‌بێت، ئه‌گه‌ر بڵێم پێویسته ڕێکخراوێک یا بزووتنه‌وه‌یه‌کی
تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی که‌رکووک یا هه‌ر ناوێکی دیکه. له
نێوان کوردی ده‌ڤه‌ره‌کانی بن ده‌سه‌ڵاتی کورد و
کوردانی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی بنده‌ستی حوکوومه‌تی عیراق -به هۆی نه‌بوونی
پێوه‌ندێکی پته‌و و سه‌ختیی هاتوچۆوه-
دابڕانێک هه‌یه و تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌وڕۆ خه‌ریکه به‌یه‌کدی نامۆ ده‌بن، که
ئه‌وه‌ش به زیانی کورده‌که ده‌شکێته‌وه. حوکوومه‌تی هه‌ولێری سه‌ر به پارتیی،
به هۆی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستان (په‌رله‌مان)ه‌وه، که کۆمه‌ڵێک
حیزبی دیکه‌ی بێجگه له پارتیی تێدایه، هه‌ڵبژێردراوه و دانراوه، وه‌لێ ئه‌و
حوکوومه‌ته‌ی سلێمانیی سه‌ر به یه‌کیه‌تییه، په‌رله‌مان هه‌ڵینه‌بژاردووه،
چونکه سلێمانی په‌رله‌مانی لێ نییه، به‌ڵکه هه‌ر به بڕیاری سه‌رکرده‌یه‌تی یه‌کیه‌تیی خۆی
دانراوه. واته: چ بنه‌مایه‌کی قانوونی نییه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، خه‌ڵک نێوی
حوکوومه‌تی "فهل- به عه‌ره‌بی: فل"یان لێ ناوه. وشه‌ی "فهل"
بۆ خواردنه‌وه و به تایبه‌ت "عه‌ره‌ق" و "بیره" به‌کار ده‌برێت.
واته: "عه‌ره‌قی کراوه"یا "بیره‌ی کراوه"[12]
یا بیره‌ی نێو پووت(به‌رمیل) نه‌ک سه‌رمۆر. مه‌عرووف جیاووک، که کوردپه‌روه‌ر و ڕووناکبیرێکی
کوردی نیشته‌جێی به‌غدا بوو، له‌مه‌ڕ ئه‌ندامه‌تی خۆی له په‌رله‌مانی عیراقدا ده‌ڵێ:
"گه‌یشتن به ئه‌ندامیه‌تی په‌رله‌مان له‌م وڵاته‌دا کارێکی هاسان نییه. ئه‌و کاره پێویستی به وه‌خۆگر و پشت
و په‌نا و پاڕێرهوهیهک هه‌یه. هه‌روه‌ها
پێویستی به پێشکه‌شکردنی به‌ڵگه‌نامه و به‌ڵێندان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی حوکوومه‌ت
بڕوام پێ بکات و لێم دڵنیا بێت، که من دژ به سیاسه‌تی وی نیم"[13].
دیاره په‌رله‌مانی کوردستانیش –ئه‌مه‌ی ئێستای هه‌ولێر یا ئه‌وه‌ی پێش 31 ئابی
1996،
په‌رله‌مانه‌که‌ی زه‌مانی فیفتی فیفتییهکه، یا ئه‌وه‌یش که دواتر دێت- هیچ له‌و
په‌رله‌مانه عیراقییه‌ی سه‌رده‌می پاشایه‌تی و هیچ له‌و په‌رله‌مانانه‌ی، ئه‌وڕۆ
له جیهاندا هه‌ن، باشتر و کاراتر نییه. ئه‌ندامانی ته‌نێ ئیمزا ده‌که‌ن و بۆ هه‌موو
شتێک ملکه‌چی سه‌رکرده‌یه‌تی حیزبه‌کانی خۆیانن، به کوردییه‌که‌ی ده‌سته‌ی
"ئه‌شهه‌دوبیللا"ن و ته‌نێ به‌گرێی ملدا ده‌ده‌ن و خێڵی
"موافج"ن[14]
و به موو له سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆیان لاناده‌ن و سه‌رباری ئه‌وه‌ش مووچه‌یه‌کی
فره و مفت وه‌رده‌گرن و چاکیشی ده‌گوزه‌رێنن. ئه‌گه‌ر له نێوان کارگێڕیی هه‌ولێر
و سلێمانیدا به‌راوردێکی خێرا بکرێت، ئه‌وه‌ی سلێمانی پتر له ده‌سه‌ڵاتی حیزب و میلیشیا
و هێزی چه‌کدار ده‌چێت، وه‌لێ ئه‌وه‌ی هه‌ولێر-هه‌رچه‌نده له‌وێش هه‌ر حیزب ده‌سه‌ڵاتداره-
تا ڕاده‌یه‌ک له حوکوومه‌ت ده‌چێت. شێوه‌ی کارکردنی کارگێڕییه‌کان به به‌راورد له‌گه‌ڵ
شوێنانی دیکه‌دا، گه‌له‌ک سه‌یره. کاتژمێر 8ی به‌یانی تا کاتژمێر 13ی پاش نیوه‌ڕۆ
یا تا کاتژمێر 14ی پاش نیوه‌ڕۆ. زۆربه‌ی کاتی کارمه‌ندانیش به کۆبوونه‌وه و چای
و قاوه خواردنه‌وه و پێشوازیی میوان و سه‌ردان و دیده‌نی دۆست و هاوڕێیان به‌سه‌ر
ده‌چێت. له ماوه‌ی ئه‌و 4-5 سه‌عاته‌ی کاردا، ئه‌گه‌ر 3 سه‌عاتان کار بکه‌ن، باشه.
ئه‌مه بۆ وڵاتێکی تازهچێبوو و دارهدارهکهر، کارێکی یه‌کجار چه‌وت و زیانبه‌خشه.
بێجگه له‌وه‌ی کاتی کارکردن که‌م و کورته، کاری خه‌ڵکه‌که‌ش به ڕێکی ناڕوات. ئه‌وه‌ی
کارمه‌ند نه‌ناسێت و حیزب کۆمه‌کی نه‌کات و ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بێت و واسیته‌ی نه‌بێت
و به‌رتیل نه‌دات، هه‌رچه‌نده ده‌شڵێن: قانوون له سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌یه، کاری بۆ
ناکرێت و هه‌موو کاره‌کانی دوا ده‌که‌ون و به ئه‌نجام ناگه‌ن. کاری ڕۆژێکی بۆ ده‌کرێته
ساڵێک و هه‌ر ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری پێ ده‌که‌ن. حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، له هه‌ولێر
و سلێمانی گه‌لێکن.
زۆربه‌ی حیزبه‌کان له هه‌رددو لا هه‌ن و بۆ خۆیشیان به هه‌مان ناوه‌وه کار ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر حیزبه ڕه‌سه‌نه‌که له هه‌ولێر بێت، ئه‌وا فۆتۆکۆپییهکهی له سلێمانییه
و یا به پێچه‌وانه‌وه. بۆ نموونه حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان[15]،
که له سلێمانی و له هه‌ولێریش هه‌یه، ئه‌وه‌ی سلێمانی خۆی به ڕه‌سه‌ن ده‌زانێت
و ئه‌وه‌ی هه‌ولێر به فۆتۆکۆپی ده‌داته قه‌ڵه‌م. هه‌نده‌ک حیزبیش هه‌ن سه‌رتاسه‌رین،
واته: ڕه‌سه‌ن و فۆتۆکۆپییان نییه، به‌ڵکه هه‌ر ڕه‌سه‌نن و له هه‌ردوو لا ڕێکخستن
و خه‌ڵکی خۆیان هه‌س.
نموونه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ش ئه‌مانه‌ن: بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، یه‌کگرتووی ئیسلامی، حیزبی
شیووعیی عیراقی، حیزبی شیووعیی کوردستانی عیراق، پارتیی کاری سه‌ربه‌خۆی کوردستان،
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و پارتیا کارکه‌رێن کوردستان(پ.ک.ک). به‌ڵام (پ.ک.ک)
له ده‌ڤه‌ری قه‌ڵه‌مڕه‌ویی پارتیی قه‌ده‌غه‌ن و له‌گه‌ڵ پارتییدا له جه‌نگدان، دیاره
مادام نێوانی ئه‌وان و پارتی‌یش خراپه، ئه‌وا ده‌بێ له‌ته‌ک یه‌کیه‌تیدا
نێوانیان خۆش بێت، که هه‌ر وایشه. له سلێمانی و له بازاڕدا، خه‌ڵکم ده‌بینی جلکی
کوردیی(ڕانکوچۆغه)یان ده‌فرۆشت و له که‌لله‌ی سه‌ر هاواریان ده‌کرد و ده‌یانگوت:
ڕانه‌که په‌که‌که، چۆغه‌یه په‌که‌که، ده‌سته‌جله په‌که‌که، شۆڕشگێڕه په‌که‌که،
ئه‌مه وه‌ک نیشانه‌یه‌ک بوو بۆ توانستی ئه‌نجامدانی چالاکیی په‌که‌که له ده‌ڤه‌ره‌که‌ی
یه‌کیه‌تیدا. له جڤینێکدا له سلێمانی بۆ
به‌یعه‌تدان به جه‌لال تاڵه‌بانی، نوێنه‌ری 23 حیزب، که هه‌ر هی ئه‌و شاره‌ن،
ئاماده بوون و قسه و باسی خۆیان ده‌کرد. بێگومان له هه‌ولێریش هێنده‌ی لێیه ئه‌گه‌ر
پتریش نه‌بن، به‌ڵام له ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتیی، یه‌کیه‌تی ڕێگه‌ی
کارکردنی ئاشکرای نییه و ناتوانێت کار بکات و له ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی یه‌کیه‌تییش، پارتیی
ڕێگه‌ی کارکردنی ئاشکرای نییه، له کاتێکدا هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه و له هه‌ردوو
ناوچه‌کاندا مۆڵه‌تیان هه‌یه و به ئاشکرا کار ده‌که‌ن. من له‌و بڕوایه‌دام، ئه‌و
هه‌موو حیزب و میزب و شتگه‌له، زیاده‌ن و ئه‌وانه پتر ڕۆڵی فرۆشگه ده‌بینن و خێریان
بۆ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیان نه‌بێت، بۆ هیچ کوردێکی دیکه خێریان نییه. ڕه‌نگه
وه‌ک ڕیزپه‌ڕێک بتوانین باسی یه‌کگرتووی ئیسلامی بکه‌ین، که هه‌نده‌ک نه‌خۆشخانه
و تیمارخانهیان هه‌یه، که بێ پاره و به مفت یا زۆر هه‌رزان و هه‌موو کاتێک تیماری
خه‌ڵکی نه‌دار ده‌کات. ڕه‌نگه زێده‌ڕۆیی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم له‌گه‌ڵ بوونی هه‌موو
ئه‌و حیزب و ڕێکخراوه سیاسی و دروشمه زه‌قانه‌ی نێو باژێڕه‌کانی کوردستان و ڕۆڵی
فه‌رهه‌نگییان(ڕۆشنبیران) له‌و بابه‌ته باسانه‌دا، هێشتا ئه‌و بزاڤه سیاسییانه‌ی
کوردستان سیما و سروشتێکی هۆز و خێلهکیهتییان پێوه دیاره. خه‌ڵکی کورد پتر پێویستی
به بزاڤ و ڕێکخراوی گه‌لێر و گشتی و سه‌ندیکا و جه‌ماوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ و نێوخه‌ڵک و دوورهحیزبه، بۆ گۆڕینی شێوه‌ی بیرکردنه‌وه، باری جڤاکی، ئابووری، سیاسی و هه‌موو لایه‌نه‌کانی
تر.
هه‌ڵاتنی
خه‌ڵک بۆ ده‌رێی کوردستان:
له ماڵان،
له جاده و کووچه و کۆڵانان، له چایخانان، له گهراجان، له زۆر شوێن و جێگه،
هه‌ر که زانرا له هه‌نده‌رانه‌وه هاتووی، ئیدی شه‌پۆلی پرسیار ڕووت تێ ده‌که‌ن،
له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی چۆن خۆیان بگه‌یه‌ننه هه‌نده‌ران. ئه‌و پرسیار و لێگه‌ڕان و ورده‌کارییانه،
پتر له لاوه‌کانه‌وه به‌ره‌وڕووی ده‌بیته‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ئه‌وێ، ئه‌گه‌ر
بۆی بکرێت
و بۆی بلوێت،
ئه‌وا به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، کوردستان به‌جێ ده‌هێڵێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌وروپا.
ئه‌وه‌ی جاران خه‌ڵک باسی ده‌کرد و به لایه‌وه گرنگ بوو –وڵات، خاک، بیروباوه‌ڕ،
نه‌ته‌وه، ئایین، شۆڕش، خزم و...- ئه‌مڕۆ پووڵێکی قه‌ڵپ ناکات و باوی نه‌ماوه. کارین
یه‌س، سه‌رۆکی ڕێکخراوێکه له لۆس ئه‌نجلس،
که دژی به‌نگ کار ده‌کات ده‌ڵێت:"مرۆڤ
ده‌توانێ چه‌ندی بڵێی به‌هێز بێت و خاوه‌نی باشترین مه‌به‌ست بێت و بڕیاریشی دابێت،
له جیهاندا شتێک ئه‌نجام بدات، به‌ڵام هیچ شتێک نییه، وه‌ک بێ‌کاری، خێزانێک، به
خێرایی تێکشکێنێت و هیچ شتێکیش وه‌ک ده‌رککردن به‌وه‌ی، مرۆڤ توانستی به‌خێوکردن و
ژیاندنی منداڵه‌کانی خۆی نییه، بڕوابه‌خۆبوونی مرۆڤێک داناڕزێنێت". ئه‌م حاڵه‌ته
له کوردستان وه‌دی ده‌کرێت و هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی کوردستان جێده‌هێڵن و ڕوو
له هه‌نده‌ران ده‌که‌ن، ئه‌و جۆره که‌سانه نیین، به‌ڵکه خه‌ڵکانێکن دارایی و
سامان و توانستی ئه‌وه‌یان هه‌یه، پاره و پووڵ مسۆگه‌ر بکه‌ن و بیده‌نه قاچاخچی
و خۆیان بگه‌یه‌ننه هه‌نده‌ران. ئه‌وه‌ی ده‌گاته هه‌نده‌ران ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچی خه‌رج
نه‌کردبێت، ئه‌وا به لای که‌مه‌وه 5-6 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریکی خه‌رج کردووه.
به‌شێکی زۆری ئه‌و خه‌ڵکه‌ش، که له وڵاته‌وه ده‌رده‌چن، به کۆمه‌ک و هاندان و نه‌خشه‌ی
خزم و که‌سوکاریانه‌وه له هه‌نده‌ران، ده‌گه‌نه هه‌نده‌ران[16].
فره‌جار ئه‌و خزم و که‌سانه، هه‌نده‌ران له به‌ر چاوی ئه‌وانه‌ی وڵات ده‌که‌نه
به‌هه‌شت و وای ده‌خه‌مڵێنن و ده‌ڕازێننه‌وه، لیک به ده‌م ئه‌وانه‌ی وڵات‌دا ده‌هێنێته
خوارێ.
ته‌له‌ڤزیۆن، ڕادیۆ، مۆسیقا و گۆرانی:
له هه‌ردوو
پێته‌خته‌کانی سلێمانی و هه‌ولێر، چه‌ندین وێستگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و ڕادیۆیی هه‌ن.
ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆیه‌کانی کوردستان هه‌ر یه‌که‌و سه‌ر به حیزب و ڕێکخراوێکه و
پتر بیر و بۆچوونی ئه‌و ڕێکخراو و حیزبانه په‌خش ده‌که‌نه‌وه. نه‌ک هه‌ر یه‌کیه‌تی و
پارتیی، که
فه‌رمانڕه‌وان،
حیزبه‌کانی دیکه‌ش ئه‌وانه‌یان هه‌س. زۆرجاران له‌و تهلهڤزیۆنانهوه
فیلم و پرۆگرام و گۆرانیگه‌لێکی بیانی پێشان ده‌درێن، ته‌نانه‌ت وه‌رگێڕانه سوێدی
و ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و فرانسییه‌که‌ی به سه‌ره‌وه‌یه، به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و
فیلم و پرۆگرامانه له چ وڵاتێکی ئه‌وروپاییه‌وه براونه‌ته‌وه کوردستان. گۆرانی
و مۆسیقای بیانی له‌و تهلهڤزیۆنانهوه زۆر لێده‌درێن. له بازاڕ، چایخانه، تاکسی،
ئۆتۆمبیل، هوتێل، چێشتخانه، خۆشاو و شیرینیخانهکاندا، به زۆری مۆسیقا و گۆرانیی
بیانی لێده‌درێن و ده‌بیسرێن و به ده‌گمه‌نیش ستران و مۆسیقای کوردی لێنادرێن. مۆسیقا
و گۆرانی عه‌ره‌بی، تورکی و فارسی زۆر باون. له هه‌ولێر سواری تاکسییه‌ک بووم، کابرای
ڕانه‌ر، کاسێتێکی عه‌ره‌بی لێده‌دا، که ده‌نگی ژنێک بوو، پرسیاری ناوه‌که‌یم لێکرد،
گوتی: "ئه‌وه مه‌یاده عهنناویه مامۆستا"[17].
دیار بوو ئه‌و حهنناوییه زۆر به‌ناوبانگ بوو، چونکه له گه‌لێک شوێن ده‌نگی ده‌بیسرا.
له تاکسییه‌کی دیکه‌دا له هه‌ولێر ده‌نگی گۆرانیبێژێکی دیکه‌ی عه‌ره‌بم گوێ لێ
بوو، کاکی ڕانه‌ر، گوتی:"ئه‌وه دیانا عهددادیه". واته: دایانا حه‌دداد.
نێوی سه‌میره سه‌عید و کازم ئهسساهیر و ئه‌وانه‌ش له هه‌موو کۆڕ و کۆمه‌ڵێکدا به‌رگوێ
ده‌که‌ون. له خۆشاوخانهیهکی سلێمانی کاسێتێکی گۆرانیی تورکی خرابووه سه‌ر و هێنده‌ی
ده‌نگ درابوویه، له‌و ده‌وروبه‌ره هه‌مووی ده‌بیسرا. له کابرای خاوه‌ن شوێنه‌که‌م
پرسی، بۆ ده‌نگی ئه‌و گۆرانییه تورکییه‌ی وا به‌رز کردووه‌ته‌وه، گوتی:"خه‌ڵک
حه‌زیان لێیه". گوتم: خۆ خه‌ڵک هیچ له‌وه تێناگه‌ن. گوتی:"ئه‌وه‌یان به‌سه
که ئه‌وه هی خاریجه". واته: تورکیاش لای ئه‌و خه‌ڵکه بووبووه خاریج. سلێمانی
پێش ساڵانی ده‌سه‌ڵاتی کورد، هه‌رگیز گۆرانی و مۆسیقای تورکیی تێدا لێ نه‌دراوه، مه‌گه‌ر
خه‌ڵک بۆ خۆی له ماڵان‌دا گوێی لێگرتبێت، ده‌نا له شوێنه گشتییه‌کاندا نه‌بووه،
وه‌لێ ئێستا ئیبراهیم تاتلیسز و...نێوگهلێکی ناسراون له‌وێ. عه‌ره‌ب قسه‌یه‌کیان
هه‌یه ده‌ڵێ:"مغنیة الحي لا تطرب: گۆرانیبێژه‌که‌ی گه‌ڕه‌ک مرۆڤ ههڵناپهڕێنێت".
ئه‌و ڕه‌وشه کارێکی وای کردووه و ده‌کاته سه‌ر خه‌ڵک، که به‌ره‌به‌ره مۆسیقا
و گۆرانی کوردیی به بێتام بزانن و گوێی لێ نه‌گرن و گرنگیی پێ نه‌ده‌ن
و چێژیی لێ وه‌رنه‌گرن. خه‌ڵک و به‌تایبه‌ت نه‌وه‌ی نوێ و لاوانی پاش 1991ی ده‌سه‌ڵاتی
کورد، گۆرانیبێژانی کوردی خۆمان ناناسن و مه‌یلیشیان بۆیان نییه. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین
چه‌ندین مۆسیقای ناڕه‌سه‌ن و لاواز و بێبایه‌خ و بێتام و شێوێنه‌ری به ناو "کوردی"
هاتوونه‌ته نێوانه‌وه و له بازاڕدا هه‌ن و له هه‌موو کتێب‌فرۆشی و سهرجادهیهک
و شوێنێکدا، وێنه‌ی ئه‌کته‌ر و سترانبێژانی تورک ده‌فرۆشرێن. بێجگه له‌و ته‌له‌ڤزیۆنه
کوردییانه، تورکیاش به مه‌به‌ستی بڵاوکردنه‌وه‌ی بێڕه‌وشتی و به‌ره‌ڵایی و خراپه،
چه‌ند که‌ناڵێکی ته‌له‌ڤزیۆنی ڕووت و پۆڕنیشاندهر، ئاراسته‌ی کوردستان ده‌کات و له
زۆر جێگه‌ش زۆر به هاسانی وه‌رده‌گیرێت. ئه‌وه‌ش به‌به‌رچاوی به‌رپرسانی کورده‌وه
و به پێزانینی ئه‌وان و بێئه‌وه‌ی دژهکارێکی به‌رانبه‌ر ئه‌نجام بدرێت.
په‌یکه‌ر
و ناوی جاده و مه‌یدانان:
له کوردستان
چی له په‌یکه‌ر زۆرتره؟ په‌یکه‌ر بۆ کێ نه‌کراوه؟ له سلێمانی په‌یکه‌ری ئاسۆی
ده‌لاک و شێخ مه‌حموود و بێکه‌س(باوک) و پیره‌مێرد و ئارام و جه‌مالی عه‌لی باپیر
و ده‌ست و ده‌ساڕ و...کێ و کێ و چی و چی هه‌ن، به‌ڵام په‌یکه‌ری گۆران نییه! له
هه‌ولێر په‌یکه‌ری هه‌ژار و مووسا عه‌نته‌ر و...هه‌ن و له مه‌یدانێکدا، په‌یکه‌رێکی
شێخ مه‌حموود کراوه، له هه‌موو که‌سێک ده‌چێت، له شێخ مه‌حموود نه‌بێت. بچکۆله
و وردیله، حه‌قوابوو نێوی "شێخ خوله"یان له‌بری شێخ مه‌حموود لێ نابا[18].
سه‌رباری ئه‌وه‌ش، سواری شتێک کراوه، به حیساب ئه‌سپه، وه‌لێ به بڕوای من نه‌ک
هه‌ر ئه‌سپ نییه، له ڕه‌گه‌زی که‌ره چاکه‌کانی "حهسساوییه"[19]ش
نییه و ده‌توانم بڵێم "کهریله"ش
نییه، به‌ڵکه که‌رێکی خوێڕیلهیه و هیچیتر. به‌ڕاستیی ئه‌وه
ناحه‌قییه‌که به‌رانبه‌ر شێخی گه‌وره، ئه‌و شێخ مه‌حمووده سوارچاک و مێرخاس و ڕێبه‌ره
کراوه و، شێخ ده‌بوو په‌یکه‌ری به گوێره‌ی مه‌زنیی خۆی بۆ بکرێت، کورد گوته‌نی:"کاڵا
به‌قه‌د باڵا". نێوی خانمی میتران (دانیال میتران) و فرانسوا میتران، هه‌م له
هه‌ولێر و هه‌م له سلێمانییش، له جاده و چوارڕێ نراون، وه‌ک ئه‌وه‌ی، کورد له‌و
دووانه زیاتر که‌سی دیکه‌ی نه‌بێت. خانمی میتران و فرانسوای مێردی، هه‌ر کارێکیان
کردبێت، ته‌نێ بۆ قازانجی گه‌ل و وڵاته‌که‌ی خۆیان بووه. ئه‌وان ئه‌گه‌ر جارێک نێوی
کوردیان هێنابێت، به‌رانبه‌ر به‌وه ده‌یان خزمه‌تی گه‌وره‌یان به ڕێژیمی عیراق کردووه[20]،
به‌ڵام مخابن سه‌رانی کورد و خه‌ڵکانی خۆبه‌ڕۆشنبیرزانی ئهوروپازهدهی کورد، ئه‌و
شتانه به هاسانی نابینن و به وردیی ڕووداوه‌کان ناخوێننه‌وه. له کاتێکدا له
سلێمانی وێنه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، نه‌ک هه‌ر هه‌ڵناواسرێت و په‌یکه‌ری
بۆ ناکرێت،
به‌ڵکه قهدهغهیشه و خه‌ڵکی له سه‌ر ده‌گیرێت. یه‌ک دوو وێنه‌ی بارزانی له سلێمانی
هه‌بوون، هی ئه‌و کاته‌ی یه‌کیه‌تی و پارتیی پێکه‌وه فه‌رمانڕه‌واییان ده‌کرد، هه‌ر دوای تێکچوونیان له‌گه‌ڵ
یه‌کدیدا، یه‌کسه‌ر درابوونه به‌ر ده‌ستڕێژ و دڕێنرابوون.
ڕێکخراوه
بیانی و خێرخوازه‌کان:
ڕێکخراوی
بیانی و به‌ناو "خێرخواز"، هێنده له کوردستان زۆرن، که له زۆر شوێن
و جێگه‌دا، تابلۆی ناوه‌کانیان ده‌بینرێن. هه‌ر ڕێکخراوێک له‌وانه ده‌یان خه‌ڵکی
ئه‌وروپایی کاری تێدا ده‌که‌ن. بێجگه له‌و ئه‌وروپاییانه، له‌و ڕێکخراوانه‌دا، خه‌ڵکی
کوردستانیش کار ده‌که‌ن، پتر وه‌ک وه‌رگێڕ و کارگه‌ر و یارمه‌تیده‌ر و شۆفێر. بیانیگه‌لێک
که له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێکخراوانه‌دا کار ده‌که‌ن و ده‌گه‌نه وڵاتگه‌لێکی وه‌ک کوردستان،
باشترین ژیانێک ده‌ژین. پاره به دۆلار وه‌رده‌گرن و دۆلار له‌و وڵاتانه‌ی ئێمه‌دا
ئاگر ده‌کاته‌وه. که ئه‌وان دۆلاریان له بهرکدا بێت، هه‌موو شتێک بۆ ئه‌وان هه‌رزانه و به‌و پاره‌یش –نه‌ک به قسه‌ی خۆش- مار له کون
و مه‌لا له مزگه‌وت دێننه ده‌ر . ئه‌وانه نه‌ک هه‌ر خۆشترین و به‌تامترین خۆراک
و خواردنه‌وه، به‌ڵکه ڕابواردن و مێبازی و هه‌موو لایه‌نێکی دیکه‌ی ژیان به پووڵێکی
که‌م مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. شۆفێره بیانییه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوانه به هۆی دهستڕۆیشتووییانهوه
زۆرجاران بۆ خۆیان شۆفێری ناکه‌ن و لێی پاڵ ده‌ده‌نه‌وه و شۆفێری کورد به کرێ ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان
بحه‌وێنه‌وه. هه‌ر ڕێکخراوێکی ئه‌وروپایی، ئه‌گه‌ر به ناوی خێرخوازی و کۆمه‌ک و
ئه‌و شتانه‌وه هاتبن بۆ کوردستان، له بنه‌مادا و بێ سێ‌ودوو و له په‌ناوپێچی کاره
فه‌رمی
و ئاشکراکانیاندا، وه‌ک نه‌ریت، مه‌به‌ستگه‌لێکی دیکه‌ی شاراوه‌یان هه‌یه: خڕکردنه‌وه‌ی
زانیاری له باره‌ی ورد و درشتی جڤاکی کورده‌وه، باری سیاسی، ئابووری، ئایینی، فه‌رهه‌نگی،
زمان، نه‌ریت، سه‌ربازیی، هۆز و خێڵ و...هه‌موو شتێکی دیکه‌شه‌وه، گه‌یاندنی ئه‌و زانیارییانه به ده‌سگا
جاسووسی و نهێنییه‌کانی وڵاتانی خۆیان و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی عیسایی، به‌شگه‌لێکی
شاراوه‌ن له بواری کاره‌کانیان. ئه‌م جۆره کارانه به‌شێکن له‌و کارانه‌ی، ڕۆژهه‌ڵاتناسان
ده‌یانکرد و ده‌یکه‌ن، که ڕاشکاوانه‌تر کاری جاسووسی و ڕاپۆرتنووسین بووه، بۆ
سوود و قازانجی وڵاتانی خۆیان. باره‌گای سه‌ره‌کی ته‌واوی ڕێکخراوه بیانییه‌کانی، که له
کوردستانن، چ هه‌ولێر و چ سلێمانییش، له "عه‌ینکاوه"ن، چونکه عه‌ینکاوه،
ناوچه‌یه‌کی مه‌سیحییه و ئه‌و ڕێکخراوانه پتر له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌گونجێن. ئه‌و ڕێکخراوانه
هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئینجیل له نێو خه‌ڵکدا بڵاو بکه‌نه‌وه و ئاکار و ڕه‌وشتی مه‌سیحییانه
فێری خه‌ڵک بکه‌ن. له ڕۆژانی11،10،9ی حوزه‌یرانی 1996، به سه‌رپه‌رشتیی کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ
عه‌لی، سه‌رۆک وه‌زیرانی حوکوومه‌تی هه‌ریمی کوردستان[21]
و له ژێر دروشمی "یادی ڕابوردوو ده‌که‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوو بنیات بنێین"،
بڵاوکراوه‌ی "ده‌نگی کتێبی پیرۆز" واته: ده‌نگی ئینجیل، کۆڕێکی
فه‌رهه‌نگیی، له هۆڵی میدیا له هه‌ولێر و به ئاماده‌بوونی خه‌ڵکێکی زۆری بانگهێشتکراو،
ساز کرد، بۆ دهمهتهقهکردن له‌مه‌ڕ ئه‌م بابه‌تانه‌وه:
1. نیشانه‌کانی
ڕێبه‌ری سه‌رکه‌وتوو، دۆکتۆر ستیڤن مانسڤیلد.
2.
کورد له ته‌ورات و ئینجیل‌دا، مامۆستا دۆگڵاس لایتین.
3.
داد له کتێبی پیرۆزدا، دۆکتۆر میک ئهنتینایتس.
له‌و کۆڕه‌دا
ویستوویانه بیسه‌لمێنن، که کورد پێش ئه‌وه‌ی ببێته ئیسلام، مه‌سیحی بووه. مه‌به‌ستیان
له یادکردنه‌وه‌ی ڕابوردوو، یادکردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌تی کورده و به‌وه‌ش ده‌یانه‌وێ
داهاتوویه‌کی مه‌سیحییانه بۆ کورد بنیات بنێن و کورد بمهسیحێنن[22].
سه‌یر ئه‌وه‌یه وه‌ها چالاکییه‌ک، سه‌رۆکی حوکوومه‌تی کورد بۆ خۆی سه‌رپه‌رشتیی ده‌کات
و بێگومان ده‌ستخۆشیی له ههڵسووڕێنهرانیشی ده‌کات. دیارده‌یه‌کی له‌وه دزێوتر،
که خه‌ریکه کوردستان ده‌ته‌نێته‌وه و هه‌ر پێوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی مه‌سیحییه‌ته‌وه
هه‌یه، گرنگیدان و ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵی مه‌سیحی و جه‌ژنی له‌دایکبوونی عیسایه.
ئێمه هه‌موو ده‌زانین ئه‌مه چ پێوه‌ندێکی به وڵاتانی ئێمه و گه‌لانی ئێمه‌وه
نییه. ئه‌گه‌ر مهسیحیگهلی کوردستان و عه‌ره‌بستان و فارسستان و...ئه‌و جه‌ژنه
بگرن، ئه‌وا مافی خۆیانه، وه‌لێ سه‌رگه‌رمکردنی خه‌ڵکی موسوڵمان و ئێزدی و یارسان و بێئایینی کورد به هۆی ته‌له‌ڤزیۆن و ڕاگه‌یاندن و ئه‌وانه‌وه به
باسی سه‌ری ساڵ و شایی سازکردن و خۆشی دروستکردنی ده‌ستکرد و هێنانی بابانۆئێل
و...، کارێکی یه‌کجار نابه‌جێیه و گه‌له‌کیش له نه‌ریت و سروشتی جڤاکی کورده‌وه
دووره. له ئه‌وروپا که ئه‌و کارانه ده‌کرێن، پتر مه‌سه‌له بازاڕ و فرۆشتن و
بازرگانی و کڕین و پاره‌یه. له کوردستانێکی هه‌ژاردا، چ پێویسته خه‌ڵکه‌که‌ی ئێمه‌ش
"هێلکه‌ی قاز بکات". به‌رپرسانی بێبهرپرسیی وڵاتی خۆمان لێناگه‌ڕێن کورده‌که
به ده‌ردی خۆیه‌وه خه‌ریک بێت و ده‌یانه‌وێ به تۆبزی بیئهورۆپێنن.
قاچاخ
و بازاڕ و باری ئابووری و چینایه‌تی:
فه‌رمانڕه‌وایانی
کوردستان(پارتیی و یه‌کیه‌تی)، کوردستانیان کردووه‌ته بازاڕێکی گه‌وره و کراوه‌ی
ئازاد. له تورکیا و ئێران و عیراق و وڵاتانی که‌نداو و ئوردونه‌وه، هه‌ر کاڵایه
و شته و خۆی به کوردستاندا ده‌کات. بازرگانانی گه‌وه‌ره و پاره‌داران، که فه‌رمانڕه‌وایانی
وڵاتیش یارمه‌تییان ده‌ده‌ن و به‌شدارن له‌گه‌ڵیاندا، به ئاره‌زووی خۆیان دێن و ده‌چن
و ده‌کڕن و ده‌فرۆشن و خاوه‌نی بازاڕن. که‌رتی تایبه‌تیی له کوردستان، له‌سه‌ر حیسابی
که‌رتی گشتیی، گه‌شه ده‌کات و پێش ده‌که‌وێت. وڵات پتر به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندنی بۆرژوازی
و سه‌رمایه‌داری ده‌چێت و جیاوازیی چینایه‌تییش تا دێت، خویاتر دێته به‌رچاو و چینی
هه‌ژاریش تا دێت له زیادبووندایه. دهوڵهمهندانێک په‌یدا بوون، سه‌ریان له زۆریی
پاره و پووڵی خۆیان ده‌رناچێت. بێگومان هه‌موو دهوڵهمهندییهکیش له سه‌ر حیسابی
خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که ده‌بێت و له ته‌نیشتییه‌وه وه‌ک ئیمام عه‌لی ده‌ڵێ، مافێکی
بزرکراو هه‌یه"مامن نعمة موفورة إلا وبجانبها حق مضاع". جیاوازییه‌کان
هێنده زل و زه‌ق و له‌به‌رچاون، مرۆڤ پێی سه‌یره، چۆن که‌سێکی برسی و نه‌دار، که
له ماڵی خۆیدا خۆراکی ده‌ست ناکه‌وێت، وه‌ک ئه‌بی زهر ئه‌لغه‌فاری(ا‘بی
ذر الغفاري) ده‌ڵێ:"إني ﻷعجب من شخص لا یجد فی بیته قوتا، کیف لا یخرج اﻟﻰ الناس شاهرا سیفه"،
ده‌ست ناداته شمشێر و ناچێته ده‌رێ و په‌لاماری خه‌ڵک نادات. گه‌شه‌سه‌ندنی که‌رتی
تایبه‌ت، ده‌کاته پێگه‌یشتنی چینێکی بۆرژوازی، که ڕه‌نگه ببێته هۆی په‌یدابوونی
هه‌نده‌ک کار و په‌یدابوونی هه‌نده‌ک پرۆژه و تژیکردنی بازاڕ به هه‌نده‌ک کاڵا، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌و پرۆژانه بازرگانین و به مه‌به‌ستی هه‌رچی زووتر
قازانجکردن و گیرفانپڕکردن و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه‌وه دێنه ئاراوه و زۆرینه‌ی ئه‌و کاڵانهش ده‌هێنرێنه ژووره‌وه کاڵاگهلێکن
پتر خزمه‌تی چینه باڵاده‌ست و گیرفانپڕهکه ده‌که‌ن و پاره‌یه‌کی زۆر و قازانجێکی
خێرا بۆ چینه بۆرژوازی و بازرگانه‌کان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن.
ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ئه‌و چینه بۆرژوازییه بازرگانییه، هیچ جۆره کاریگه‌رییه‌کی
ئه‌رێنی
ناکاته سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار و نه‌داری خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و
خه‌ڵکانه پتر زیان ده‌بینن و تا دێت هه‌ژارتر ده‌بن. ده‌بوو ئه‌و کار و بوارانه‌ی،
پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به خه‌ڵکه‌وه هه‌یه، وه‌ک هاتوچۆ و گواستنه‌وه و ته‌له‌فۆن
و نه‌خۆشخانه و...له ژێر چاودێری که‌رتی گشتیی‌دا بووایه‌ن. به‌ڵام گیروگرفته‌که
له کوردستان ئه‌وه‌یه، که که‌رتی تایبه‌ت و که‌رتی گشتی، تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵن، چونکه
هه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران بۆ خۆیان ئه‌گه‌ر به ته‌واوی خاوه‌نی که‌رته تایبه‌تییه‌که
نه‌بن، ئه‌وا به‌شێکیان هه‌ر تێیدا هه‌یه و به به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه و به
پێ‌زانین و کۆمه‌کی
ئه‌وان، ته‌واوی کاری قاچاخ و ڕاووڕووتی بازاڕ ده‌کرێت. خه‌ڵکانی که‌ونه مارکسیست
و چه‌پ و تا دوێنێ دژه هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندی و قاچاخێک، ئه‌وڕۆکه خۆیان سه‌رپه‌رشتیی
ئه‌و کارانه ده‌که‌ن و خۆیان سه‌رمایه‌دار و چه‌وسێنه‌ری خه‌ڵکن. یه‌کێک له کاڵا
هه‌ره‌سه‌ره‌کییه‌کان، که له بازاڕدا بره‌وی باشی هه‌س و داهاتێکی زۆر و زوو وه‌ده‌ست
ده‌خات، جگه‌ره‌یه. بازاڕی گه‌له‌ک گه‌وره هه‌ن، ته‌نیا تایبه‌تن به کڕین و فرۆشتنی
جگه‌ره. جگه‌ره‌ی وا له کوردستان ده‌فرۆشرێن و ده‌ستده‌که‌ون و ده‌کێشرێن، له ڕۆژاوا
و ئه‌وروپا، که خۆیان بهرههمهێنهریانن، له بازاڕدا نابینرێن و نین و فرۆشتنیان
قه‌ده‌غه‌یه. ئه‌وروپا ئه‌و جۆره جگه‌ره کۆنه کاتبهسهرچووانه، که ده‌بێ له‌نێو
ببرێن و فڕێ بدرێن، ده‌نێرێته ئه‌و وڵاته بێسه‌ر و به‌رانه‌ی وه‌ک کوردستان و به‌وانی
ده‌فرۆشێت و ده‌نێو سینگ و خوێنی خه‌ڵکی هه‌ژاری ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی
هه‌م تووشی شێرپه‌نجه و هه‌زارویه‌ک ده‌ردیان بکات و هه‌م پاره و پووڵه‌که‌یان
ببات و بیانڕووتێنهتهوه و هه‌میش دواتر ده‌رمانه کۆنه کاتبه‌سه‌رچوو و زیانبه‌خشه‌کانی خۆیان
بۆ پتر نه‌خۆشخستن و کوشتنیان، له‌وێ سه‌رف بکات و پێ بفرۆشێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م له‌نێویان
به‌رن و هه‌م خه‌ڵکی ئه‌وروپا باشتر بژین. بێجگه له جگه‌ره، خواردنه‌وه‌ش بازاڕێکی
باشی هه‌یه و به لێشاو له وڵاتانی تورکیا، سووریا، عیراق و شوێنی دیکه‌وه ده‌هێنرێنه
کوردستان و له کوردستانیشه‌وه به‌ره‌و ئێران ده‌نێردرێن[23].
قاچاخ به‌م شێوه‌یه ده‌سووڕێته‌وه: ئیماراتی عه‌ره‌بی-ئێران-کوردستان-عیراق. یا
ئیماراتی عه‌ره‌بی- سعوودییه- کووه‌یت-ئوردون- سووریا- تورکیا-کوردستان-عیراق. یا
ئه‌وروپا- تورکیا- کوردستان-عیراق. گه‌له‌ک جاریش به پێچه‌وانه‌وه
له عیراقه‌وه بۆ کوردستان و له کوردستانه‌وه بۆ شوێنانی دیکه قاچاخ ده‌ڕوات،
به‌تایبه‌ت قاچاخیی ئۆتۆمبیل. جاری وا هه‌یه ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان داوای جۆره ئۆتۆمبیلێک
ده‌که‌ن، که له به‌غداوه بۆیان دێنن و فره‌جار باس له‌وه‌ش ده‌کرێت، که خاوه‌نه‌کانی
له لایه‌ن دز و قاچاخچییانه‌وه کوژراون و ئۆتۆمبیله‌کان هه‌ر ئه‌وانه خۆیان ده‌یانگه‌یه‌ننه
کوردستان. له خه‌ڵکم ژنه‌فتووه، که ئۆتۆمبیلی له به‌غداوه هێنراویان بینیوه،
خوێنی پێوه بووه. ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له نێوان ڕه‌وشی ئابووری خه‌ڵکی کوردستان
و عیراقدا بکرێت، ئاشکرایه خه‌ڵکی کوردستان باشتر ده‌ژین و ئاستی ژیانیان به‌رزتره.
دۆستێکم که هاتوچۆی که‌رکووک و موسڵ و به‌غدا ده‌کات، ده‌یگوت: "ئێمه له‌وناوه
وه‌ک کووهیتییهکانی جاران و ئه‌وانیش وه‌ک خه‌ڵکی به‌سره‌ن". له کوردستان
پاره سوویسرییهکه هه‌ر له بازاڕ و مامه‌ڵه‌دایه، وه‌لێ عیراق پاره‌ی چاپ و
قوللابی به‌کار ده‌بات. 15 دیناری کوردستان به‌رانبه‌ر به 1000دیناری عیراقه.
مووچه‌ی مامۆستایه‌کی سه‌ره‌تایی له ناوچه‌کانی بنده‌ستی حوکوومه‌تدا 3000دیناری
قوللابییه، که ده‌کاته 45 دیناری کوردستان. یه‌کێک له‌و پرۆژه ئابوورییانه‌ی، که
ده‌وڵه‌مه‌ندانی کورد بایه‌خ و گرنگیی پێده‌ده‌ن و بازاڕێکی زۆر گه‌رمی هه‌یه، ته‌له‌فۆنخانه
و فاکسخانه و ئه‌وانه‌یه. له هه‌ولێر و سلێمانی گه‌له‌ک زۆرن. ئه‌مانه ڕاسته
خزمه‌تێک به خه‌ڵکه‌که ده‌که‌ن و کوردستان به جیهانه‌وه گرێده‌ده‌ن، وه‌لێ له
هه‌مان کاتدا، ته‌واوی زانیاریی له باره‌ی کوردستانه‌وه و ناوه‌ڕۆکی ئاخافتن و گفتوگۆیه‌کان و فاکسه‌کان
دهدهڵێت
و ده‌گاته ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و هه‌نده‌ران و ئه‌و شوێنانه‌ی، خڕکردنه‌وه‌ی
زانیاریی
نهێنییان به لاوه گرنگه، به‌وه‌ش خزمه‌تێکی گه‌وره به ده‌سه‌ڵات ده‌کرێت. له
سلێمانی بازاڕێک هه‌یه به‌نێوی "بازاڕی دۆلاره‌که" و له هه‌ولێریش
"شێخه‌ڵڵا" هه‌یه. ئه‌و دوو شوێنه بۆرسه‌ی کوردستانن. هه‌موو جۆره
پاره‌یه‌کی بیانییان تێدا ده‌کڕدرێن و ده‌فرۆشرێن. دیاره
نرخی دۆلار و پاره بیانییه‌کانی دیکه و دینار، ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتداران،
دیاری ده‌که‌ن. ڕۆژی وا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی دۆلار له بازاڕدا نه‌هێڵن و بیکڕنه‌وه،
نرخی دۆلار هه‌رزان ده‌که‌ن و نرخی دینار زیاد ده‌که‌ن و وا ده‌که‌ن خه‌ڵک بیه‌وێ
دۆلار له کۆڵی خۆی بکاته‌وه. زۆرجارانیش کاتێک ده‌یانه‌وێ دینار خڕکه‌نه‌وه، ئه‌وا
به پێچه‌وانه‌وه ده‌که‌ن. ئه‌وان که دۆلار خڕده‌که‌نه‌وه، ده‌ینێرنه ده‌رێی وڵات.
گه‌له‌ک جاران حوکوومه‌تی به‌غداش – ڕه‌نگه ئه‌وانی دیکه‌ی ده‌وروبه‌ریش- ده‌ستی
له‌و وازییهدا هه‌یه. وه‌ک نموونه‌یه‌کی جیاوازیی چینایه‌تی و شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی
ده‌وڵه‌مه‌ندان لێی، ده‌کرێ ئه‌م نموونه‌یه باس بکه‌م: سبه‌ینانێکی ڕه‌مه‌زان له‌ماڵی
"خواپێداوێک" له‌ته‌ک چه‌ند که‌سێکی دیکه‌دا دانیشتبووم، نه‌دارێک خۆی وه‌ژووردا کرد و دوای سڵاو
و چاک و خۆشی دانیشت و به زمانی به ڕۆژووه‌وه باسی ڕه‌وشی خۆی کرد، که به‌و
زستانه سارده ئاگر له ماڵه‌که‌یدا نییه و نه‌کراوه‌ته‌وه و یه‌ک ژه‌می خۆراکی
تێر به زگی خۆی نه‌خواردووه. کابرای "خواپێ‌داو"ی تێروته‌سه‌لیش، که به
بیانووی نه‌خۆشییه‌وه به ڕۆژوو نه‌بوو و خۆراکێکی خۆشی له‌به‌رده‌ستدا بوو و مڵچه‌ی ده‌می ده‌هات و ده‌یخوارد،
خۆش خۆش ده‌یگوت : "هه‌موو هه‌ر ده‌مرین و ده‌چینه به‌ر قاپی خوا، ئاگر هه‌بێ
و نه‌بێ، زستان هه‌ر ته‌واو ده‌بێ و ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار و تێر و برسی هه‌موو هه‌ر
ده‌مرن و ته‌واو ده‌بن و هه‌موو ده‌گه‌ڕێینه‌وه لای خوا، مردن ڕێگه‌ی هه‌موومانه،
هه‌ر خوا خوایه و دنیا کا و بایه و هیچ
شتێک بێ خوا ناکرێت و هه‌موو شتێک ئاره‌زووی خۆیه‌تی"، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌و
قسانه کابرای هه‌ژار گه‌رم بکاته‌وه و زگی تێر بکات. دیاره ئه‌و قسانه فه‌لسه‌فه
و ئایدیۆلۆژیا و بیروبۆچوونی بۆرژوازییانه و هه‌موو شته‌کان ده‌ده‌نه ده‌ست خودا
و مرۆڤ زۆر بێده‌سه‌ڵات و هیچ کاره ده‌هێڵنه‌وه و ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م و پێیانوایه،
ڕه‌وشێکی ئه‌وتۆیی بهرگۆڕان نییه و گۆڕینی یا ته‌نانه‌ت بیرکردنه‌وه له گۆڕینیشی،
ده‌ستێوه‌ردانه له کاری خودا.
وه‌نه‌بێ
ته‌نێ خه‌ڵکه به‌ڵێنده‌ر و بازرگانه‌که ده‌وڵه‌مه‌ند بن، ئه‌وڕۆ به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارانی
حوکوومه‌تی و حیزبی له کوردستاندا، ئه‌وانیش چوونه‌ته ڕیزی پاره‌دارانه‌وه. سه‌دان
خانوو و خواردنگه و بازاڕ و فرۆشگه و پێشانگه‌ی ئۆتۆمبیل و چی و چی، هی فڵانه به‌رپرس
و خانم و کاک و ئه‌وانه‌ن. ئه‌گه‌ر ڕێک و ڕه‌وان به نێوی خۆیانه‌وه نه‌بێت، که زۆرجاران نییه، ئه‌وا به‌نێوی خه‌ڵکی
دیکه‌وه‌ن و ئه‌و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانه هاوپشکن تێیاندا. دیاره که‌سێکیش
ناپرسێت، که فڵانه
به‌رپرسێکی، تا دوێنێ له چیا بوو و وانه‌ی شۆڕشگێڕێ به خه‌ڵک ده‌گوته‌وه، کوێ‌ڕا
وا ده‌وڵه‌مه‌ند بوو؟ تۆ بڵێی له باوک و باپیرییه‌وه بۆی مابێته‌وه؟. کێ ده‌وێری
وه‌ها پرسیارێک بکات. خه‌ڵک پێیانوایه، ئه‌و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانه ده‌بێ هه‌روا
بن و دارا بن، چونکه ئه‌وانه به‌رپرسن. خه‌ڵک پێشیانوایه، ده‌وڵه‌مه‌ند خودا ده‌وڵه‌مه‌ندی
کردووه و هه‌ژاریش خودا نه‌یداوه‌تێ و هه‌ر
ده‌بێ وابێت. ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رپرس و پاره‌داری چاوچنۆکی کوردیش،
وه‌ک هی هه‌موو جیهان، بێ گوێدانه ڕه‌وشت و هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و...، کڕین و
فرۆشتن و بازرگانیی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و تا دێتیش گیرفانه‌کانیان ئه‌ستوورتر،
خوانیان ڕازاوه‌تر، خۆراکیان چه‌ورتر و ژیانیان خۆشتر ده‌بێت.
خوێندن
و خوێندنگه:
خوێندکاران
و خوێندنگه‌کانی سلێمانی و قوتابی و قوتابخانه‌کانی هه‌ولێر، کتێبی خوێندنه‌کانیان
له به‌غداوه به لۆری له لایه‌ن سه‌ددام حوسه‌ینه‌وه به دیاری بۆ دێت و له‌سه‌ر
لۆرییه‌کانیش ده‌نووسرێت
"دیاریی سه‌رۆکی فه‌رمانده بۆ گه‌لی کورد" و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردیش به
خۆشحاڵییه‌وه وه‌ری ده‌گرن و به‌سه‌ر زارۆکانی کورددا ده‌یبه‌شنه‌وه. کتێبی منداڵان
وێنه‌که‌ی سه‌ددامی هه‌ر پێوه‌یه و زۆرجاران لایش نابرێت. بابه‌ته‌کانی نێو ئه‌و کتێبانه
هه‌ر ئه‌وانه‌ی جارانی سه‌رده‌می حوکوومه‌تن. هێشتا منداڵی کورد، مێژووی عه‌ره‌ب و
جوگرافیای نیشتمانی عه‌ره‌ب ده‌خوێنێت و هێشتا باشووری کوردستانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆیشمان،
هه‌ر به‌شێکه له عیراق و عیراقیش به‌شێکه له نیشتمانی عه‌ره‌ب. خوێندنی زانستگه
و کتێبه‌کانیان هێشتا هه‌ر عه‌ره‌بین و هیچ شتێک نه‌کراوه‌ته کوردی. مامۆستایانی
زانستگه، زۆرجاران خه‌ڵکانێکن، هه‌ر ده‌رچووی کۆلیژه‌کانی خۆیانن و بڕێک نمره‌یه‌کی
به‌رزیان هه‌بووه. ته‌واوی شێوه‌ی کارکردنی بارهێنان و په‌روه‌رده و فێرکردن، هه‌ر
له‌سه‌ر هه‌مان هێڵی جاران و حوکوومه‌ت ده‌ڕوات. بێجگه له خوێندنگه فه‌رمی و حوکوومه‌تییه‌کان،
ئێستا خوێندنی زمانی تورکی و تیپی لاتینی تورکی و خوێندنگه‌ی تورکییش له بره‌ودایه.
له هه‌ولێر کۆلیژێک به نێوی کۆلیژی "ئیشیق"، واته: عیشق، هه‌یه. ئه‌م
کۆلیژه تورکییه و زانستی تورکایه‌تی و تورکاندنی تێدا ده‌گوترێته‌وه. گه‌له‌ک
جاران بینایه‌ی خوێندنگه‌یه‌ک، دوو سێ ده‌سته خوێندکاری تێدا ده‌خوێنێ و له‌به‌ر
بێجێیی دابه‌شیان ده‌که‌ن به‌سه‌ر دانی به‌یانی و دانی نیوه‌ڕۆ و دانی ئێواره‌دا.
ڕه‌نگ:
ڕه‌نگی سه‌وز
و ڕه‌نگی زه‌رد، ڕهنگگهلێکن، له سلێمانی و هه‌ولێر و ناوچه‌کانی دیکه، ته‌واوی ڕه‌نگه‌کانی دیکه‌یان
داپۆشیوه. که‌سک یه‌کیه‌تییه
و زه‌رد پارتییه. ئه‌و دوو ڕه‌نگه زاڵن. دار و دیوار و ته‌لار و هه‌موو شوێنه فه‌رمی و حوکوومه‌تییه‌کان،
به‌و دوو ڕه‌نگه سواغ دراون. خه‌ڵکی وڵاتی ئێمه به‌سه‌ر ئه‌و دوو ڕه‌نگه‌دا دابه‌شبوون.
هه‌موو شتێک سه‌وز یا زه‌رد ده‌بینن. له
هه‌ولێر به ته‌زبێحی کهسکهوه و له سلێمانی به ته‌زبێحی زه‌رده‌وه بگه‌ڕێی، کارێکه
سه‌رنجی خه‌ڵک ڕاده‌کێشێت
و به چاوی گومانه‌وه لێی ده‌نۆڕدرێت. جل و پۆشاکیش هه‌مان جیاوازی ده‌گه‌یه‌نن.
خه‌ڵک جیاوازییه حیزبییه‌کان –ناڵێم ئایدیۆلۆژی، چونکه ئه‌سڵه‌ن جیاوازی ئایدیۆلۆژی
له ئارادا نییه- له‌و ڕه‌نگانه‌دا ده‌بینێته‌وه. جووجکه‌ی گچکه، که بۆخۆیان له
هێلکه دێنه ده‌رێ، خودا زه‌ردی کردوون، له گه‌رمیان و که‌لار و ئه‌و ده‌ڤه‌ره،
سه‌وز ده‌کران، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕه‌نگی فه‌رمانڕه‌وایانی ده‌ڤه‌ره‌که‌دا بگونجێنرێن.
کابرایه‌کی لادێی له ئۆتۆمبیلێکی گشتیی کرێدا، که به‌ره‌و سلێمانی ده‌ڕوات،
بۆ ده‌مه‌زه‌ردکردنه‌وه‌ی ته‌ورداسێک –له‌وه‌تی ته‌ورداس هه‌یه، ده‌گوترێ دهمهزهردکردنی
ته‌ورداس-، له بازگه‌یه‌کی نێزیکی شار، لێی ده‌پرسن، ئه‌و ته‌ورداسه بۆ کوێ ده‌بات.
کابراش ده‌ڵێ:"ده‌یبه‌م بۆ شار، ده‌مه..ده‌مه..دهمهسهوزی ده‌که‌م"
و ناوێرێ بڵێ ده‌چم ده‌مه‌زه‌ردی ده‌که‌م. به‌و شهڕهڕهنگه مێشکی ئه‌و خه‌ڵکه
تژی کراوه له ڕق و قین له ڕه‌نگه‌که‌ی دی، سه‌ر به زه‌ردان له سه‌ر به که‌سکان
و به پێچه‌وانه‌شه‌وه. خه‌ڵک بۆ خۆیان که‌م ماندوو نین، به‌وه‌ش هێنده‌ی دی باریان
گران کراوه.
وێنه:
ده‌بوو
بارزانی(باوک)کرابا به نیشانه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و گه‌لی و نیشتمانی و له هه‌موو
شوێن و جێگه و ده‌سگه و کارگێڕی و بنکه‌یه‌کدا –ئه‌گه‌ر خه‌ڵک بۆ خۆی خواستبای- وێنه‌ی دانرابا. دیاره ده‌بوو
ئه‌و کاره له ته‌واوی ئاخی کوردستاندا کرابا، وه‌لێ ڕه‌نگه ئه‌م باسه –ئێستا-
ته‌نێ ده‌ڤه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پارتیی بگرێته‌وه، چونکه له ده‌ڤه‌ره‌کانی بنده‌ستی
یه‌کیه‌تیدا،
نه‌ک وێنه‌ی بارزانی، به‌ڵکه ناوهێنانی بارزانییش له شوێنه فه‌رمییه‌کاندا
–به خراپه نه‌بێت- قه‌ده‌غه‌یه و که‌س ناوێرێ له کودووی ته‌ڕیشدا باسی بکات، وه‌لێ
له ماڵان‌دا خه‌ڵک نه‌ک هه‌ر به ڕێز و خۆشه‌ویستییه‌وه باسی بارزانی ده‌که‌ن، به‌ڵکه
وێنه‌ی بارزانییش ئه‌وه‌نده‌ی ده‌رفه‌تی تێدا بێت و به‌رپرسان نه‌یبینن و تووشی
گرفت و سهرێشهیان نه‌کات، هه‌ڵده‌واسن. ئه‌وه‌ی، ئه‌وڕۆ له هه‌ولێر به‌رچاو
ده‌که‌وێت، نه‌ک ته‌نێ وێنه‌ی بارزانییه، به‌ڵکه هی ئیدریس بارزانی و مه‌سعوود
بارزانی و نێچیرڤان بارزانیش هه‌ڵواسراون. ئه‌گه‌ر خه‌ڵک به ئاره‌زوو و ویستی خۆیان
وێنه‌ی هه‌رکه‌سێک هه‌ڵواسن، ئه‌وه شتێکی باشه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ببێته لهڕووادامان
و هه‌ست به ته‌نگپێهه‌ڵچنین و پێوه‌بوون، ئه‌وه‌یان ئیدی خۆش نییه. بازاڕی کڕین
و فرۆشتنی وێنه‌ی بارزانی‌یان له هه‌ولێر له بره‌ودایه و بازرگانیی پێوه ده‌کرێت،
بریا وه‌ک بڕیارێکی سیاسی و بۆ ڕێزگرتن له شکۆ و مه‌زنیی بارزانیی باوک، ڕێگه‌ی لێ
ده‌گیرا و سنووری بۆ داده‌نرا. له سلێمانییش وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی له ده‌سگه
فه‌رمی
و حوکوومهتییهکاندا هه‌ڵواسراوه و تاڵه‌بانی بۆ خۆیشی زۆرجاران، که کۆبوونه‌وه‌ی
حیزبی و حوکوومه‌تی و ڕێکخراوه‌یی و دیدار ده‌کات، له ژێر وێنه‌ی خۆیدا ده‌یکات.
ده‌سگا
سیخوڕییه ده‌ره‌کییه‌کان:
له شاره‌کانی
هه‌ولێر و سلێمانی و دیاره شوێنی دیکه‌ش، ده‌یان مه‌کۆ و بنکه‌ی ده‌سگای سیخوڕیی
وڵاتانی ده‌وروبه‌ر هه‌ن. دیاره بێجگه له ده‌سگا جاسووسییهکانی وڵاتانی ڕۆژاوا.
بنکه‌ی جاسووسی تورکیا و ئێران –ڕه‌نگه عیراقیش- له‌و شارانه هه‌ن، به‌ڵام له‌ژێر
ناو و ناوونیشان
و ڕوومه‌تی دیکه‌دا. له سلێمانی به ئاشکرا ئۆتۆمبیلی "میگ زمینی" ئێرانی
به‌و جادانه‌دا ده‌خولێنه‌وه و ئه‌وانه‌ش، هی ئیتتیلاعات (اطلاعات)ن. تورکیش له‌ژێر
ناوی مه‌کته‌ب و باره‌گای حیزب و ڕێکخراودا، ده‌یان کون و که‌له‌به‌ری دۆزیوه‌ته‌وه
بۆ جاسووسیکردن له‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان. بێجگه له‌مانه ده‌سگا جاسووسییهکانی وڵاتانی
ڕۆژاوا و ئیسرائیلیش له‌و ناوه هه‌ن، وه‌لێ ئه‌وانه‌ی ئه‌وان زۆر به نهێنی و له
بنه‌وه کاری خۆیان ده‌که‌ن. شولومو نکدیمون، که نووسه‌رێکی ئیسرائیلییه ده‌ڵێت:
"بوونی مۆسادی ئیسرائیلی له باکووری عیراق(کوردستانی عیراق)، ده‌رفه‌تی ڕه‌خساندووه
بۆ چاودێریکردنی به‌لای که‌مه‌وه چوار وڵات، که ئه‌مانه‌ن: عیراق، تورکیا، ئێران
و سووریا...مۆسادی ئیسرائیلی له باکووری عیراق بۆ لاوازکردنی هه‌وڵ و کۆششی عه‌ره‌بی
و ئیسلامییه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئیسرائیل‌دا"[24].
دیاره ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییه کوردییه‌کانیش، هه‌ر یه‌که‌و ده‌سگای سیخوڕی و جاسووسیی
خۆیان هه‌س،
که ئه‌وانیش زۆرجاران هه‌ر بۆ به‌دبه‌ختی و نه‌هامه‌تی ڕهشهکوردهکه چێ ده‌بن
و کار ده‌که‌ن، وه‌ک نموونه‌ش: ئاسایش، زانیاری و پاراستن، چه‌ند دانهیهکیانن.
حوسه‌ین
کێشکهیی:
له پرسگه‌که‌ی
"گوڵان"، کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌ک دوو براده‌ردا ده‌چوومه سه‌ردانی دۆستێک،
پیاوێکی بڕێک به ته‌مه‌نی، سه‌ر و ڕدێن پاکتاشراوی، پۆشته‌ی مێزه‌ر
له‌سه‌ر و کورته‌ک و شه‌رواڵ له‌به‌ری قسه‌خۆش دانیشتبوو. قسه‌ی بۆ که‌سێکی گه‌نجتر
ده‌کرد، که له ته‌نیشتییه‌وه دانیشتبوو. دیار بوو چاوه‌ڕێی دیتنی که‌سێکیان ده‌کرد.
ئه‌و پیاوه باسی جه‌ژن و شایی و زه‌ماوه‌ند و بۆنه‌یه‌کی ده‌کرد و ده‌یگوت:"که‌تبوومه
سه‌ر ئه‌و سێنی و سفره‌یه‌ی، که پڕ بوو له گۆشتی. ئه‌منیش له بۆ خۆم گۆشتم ده‌خوارد
و هه‌ر گۆشتم ده‌خوارد، لێده عوسێن له بۆ خۆت گۆشتی بخۆ، لێده عوسێن، ئه‌و گۆشتهم
ده‌خوارد و ئه‌و چه‌ورییه‌ی به ده‌ست و مه‌چه‌ک و دم و لێومدا ده‌هاته خوارێ، ئای
چه‌ند به له‌ززه‌ت بوو، به خۆمم ده‌گوت لێده عوسێن گۆشتی بخۆ، پاشان که‌تمه
ناو کیژانی، یه‌ک له‌ولام، یه‌ک له‌ولام، بۆنی ئه‌ولام ده‌کرد و بۆنی ئه‌ولام ده‌کرد،
بۆنی سمر و مێخه‌ک و قهنهفرم له بۆ خۆم ده‌کرد، وه‌ی خۆش بوو، وه‌ی خۆش بوو، لێده عوسێن، ئه‌وجا کیژان
داوایان کرد عهیرانیان له‌بۆ برێم، ئه‌منیش ده‌ستم پێ کرد به: ده‌وجا ده‌رێم
و...له بۆم گوتن، چ گوتنهک، لێده عوسێن...". ئه‌و کابرایه هێنده به‌تامه‌وه
ئه‌و چیرۆکه‌ی ده‌گێڕایه‌وه، مرۆڤ هه‌ر حه‌زی ده‌کرد گوێی بۆ ڕادێرێ. که باسی ئه‌و
گۆشتخواردن و کیژانه‌ی ده‌کرد، زاری لیکی تێ ده‌زا. له‌پڕ کاتی ئێمه هات و ئه‌و
پرسگهیهمان به جێهێشت. دوای نیو سه‌عاتێک که گه‌ڕاینه‌وه، دیتم ئه‌و پیاوه له
پرسگه‌که نه‌ماوه. که پرسیارم کرد، گوتیان ئه‌وه حوسێن کێشکهییه، که حه‌یرانبێژێکی
به‌ناوبانگی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یه و چووه‌ته ژوورێ بۆ تۆمارکردنی دیدار و حه‌یران. گۆشتخواردن له کوردستان، نیشانه‌ی بوون و خۆشگوزه‌رانی
و دهستڕۆیشتنه. خه‌ڵک زۆریان پێ سه‌یره مرۆڤێک گۆشت نه‌خوات و له بانگهێشتن و
بۆنه و خوانی ڕازاوه‌دا ده‌ست به خێری خوداوه بنێت و بڵێ به‌خوا برا من گۆشت
ناخۆم، چونکه ئاژه‌ڵ گوناهه و سه‌ربڕین و خواردنی ئاژه‌ڵ کارێکی نامرۆڤانه و بێبه‌زه‌ییانه
و نابه‌جێیه و دووره له سروشتی ڕه‌سه‌نی مرۆڤه‌وه، که پێش دۆزینه‌ی ئامێرێک بۆ
کوشتنی ئاژه‌ڵ، له سه‌ر ڕووه‌کخۆریی ژیاوه، ئه‌گه‌ر کاک حوسه‌ین کێشکهییم بدیتبایهوه،
به ته‌ما بووم هه‌ندێکی باسی به‌سته‌زمانی و بێگوناهی ئاژه‌ڵ و ڕووهکایهتی بۆ بکه‌م
و به‌ڵکه خودا هیدایه‌تی بدابا و وازی له گۆشتخواردن هانیبا.
ئیسلامی
سیاسیی:
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی و ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وانه،
ئه‌وڕۆ له کوردستان باوه. ساڵانی 1960کان، لاوان وه‌دووی بیروباوه‌ڕی چه‌پ ده‌که‌وتن
و شۆڕشگێڕانی جیهان، ده‌بوونه سه‌رمه‌شق و نموونه‌یان. نێوی گیڤارا، ما‌و، کاسترۆ
و...ئه‌وانه له سه‌ر زاران بوون. ئه‌وڕۆکه
ئه‌و باسه گۆڕاوه و هه‌زاران لاو، کچ و کوڕ ده‌بینیت، سه‌ری زمان و بنی زمانیان کتێب و بڵاوکراوه ئیسلامییه
توندڕه‌وه‌کانه. نه‌واری مه‌لا و وهعزدهره مسرییه‌کان و خۆماڵییه‌کان، گوێ لێ ده‌گرن، که هه‌موویان
ئاگریان لێ ده‌بارێت و ڕێزه‌یه‌ک
خۆشی و چێژ له ژیان و ئه‌م جیهانه‌دا ناهێڵنه‌وه و هه‌مووی ده‌سڕنه‌وه. ده‌مه‌ته‌قه
له سه‌ر چۆنیه‌تی دۆزه‌خ و شێوه‌ی سووتاندنی مرۆڤ و ئه‌وانه ده‌که‌ن. ده‌یان خوێندکاری
زانستگه‌م بینی، زۆر به گه‌رمییه‌وه داکۆکی‌یان له‌و جۆره بیروڕا توندڕۆیانه ده‌کرد و دژی هه‌موو جۆره
ئازادییه‌کی هزر و ژنان و بیرکردنه‌وه بوون. ئه‌م بابه‌ته ئیسلامییانه‌ش، که ئه‌وڕۆ
له‌و وڵاته‌دا له بره‌ودایه، یه‌ک نین و ده‌یان لق و چڵ‌یان لێ ده‌بێته‌وه و هه‌ر
یه‌که به جۆرێک لێکی ده‌داته‌وه و به‌و جۆره سه‌ریان له خه‌ڵکه موسوڵمانه نهریتییهکهش
تێکداوه. لاوێکم چاوپێکه‌وت، که نوێژی ده‌کرد، هه‌ردوو قۆڵ و ده‌ستی چه‌پ و ڕاست
له سه‌ر هه‌ردوو شانی دانابوو، واته ده‌ستی ڕاستی له سه‌ر شانی چه‌پی و ده‌ستی
چه‌پی له سه‌ر شانی ڕاستی، وه‌ک تیپی"X". پاشان بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌وانه‌ش جۆرێکی تایبه‌تن له‌نێو ئه‌و ده‌سته ئیسلامییانه‌دا،
که نه‌ک ئیسلام بڵاو ده‌که‌نه‌وه و په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن، به‌ڵکه سه‌ر له خه‌ڵکی
دڵپاک و ڕاستگۆیش ده‌شێوێنن. دیارده‌ی ناولێنانی عه‌ره‌بییش، نه‌ک هه‌ر بۆ زارۆک،
به‌ڵکه بۆ خوێندنگه و دهسگهکانیش، له‌و وڵاته په‌یدا بووه. نێوی گه‌له‌ک سه‌یر
و سه‌مه‌ره، که ئه‌وڕۆ عه‌ره‌ب بۆ خۆیشیان به‌کاری نابه‌ن و له‌بیریان چووه‌ته‌وه.
به‌و شێوه‌یه‌ش به نه‌خشه بێت یا بێ ئه‌وه‌ی بیری لێ بکرێته‌وه، پرۆسه‌ی مراندنی
گیانی کوردایه‌تی، پیاده ده‌کرێت و ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌وڕۆ له کوردستاندا بره‌و
به هه‌موو جۆره بیروباوه‌ڕێکی دژ به کوردایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌درێت.
به‌رپرسانی کوردستان و سه‌ردانی هه‌نده‌ران:
که یه‌کێک
له‌و به‌رپرسانه‌ی کوردستان، به تایبه‌ت که‌سێکی وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانی، ده‌چێته
ده‌رێی کوردستان و به تایبه‌ت ئه‌وروپا و چه‌ن ورده به‌رپرسێکی ئه‌و وڵاتانه ده‌بینێت،
له ده‌سگای ڕاگه‌یاندنه‌کانی خۆیانه‌وه، یه‌کجار زۆر گه‌وره‌ی ده‌که‌نه‌وه و ده‌خه‌نه
سه‌ری و زێده‌ڕۆیی تێدا ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی، سکرتێری ڕۆژنامه‌نوسیی، سکرتێری
جێگری به‌رپرسی کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، له وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی
ئه‌مه‌ریکا یا بریتانیا یا تورکیا، یا ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی یه‌کێک له‌و وڵاتانه،
یا به‌رپرسێکی سۆسیال دیموکراتی فرانسه یا ئه‌ڵمانیا یا....ببینێت، ئه‌وا هێنده
به گه‌وره‌یی باس ده‌کرێت و نێو ده‌برێت، وه‌ک بڵێی ئه‌و کابرایه به‌رپرسی
چاره‌نووسی کورد بێت و بتوانێ ده‌سبه‌جێ کارێکی یه‌کجار مه‌زن و په‌ڕجوو بۆ کورد بکات.
ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا ژیابێت ده‌زانێت، بینینی هه‌ر به‌رپرس و کارمه‌ند و حیزبی و
په‌رله‌مانتارێک، کارێکی هێنده سه‌خت و دژوار نییه و به تۆ و من و ئه‌ویش ده‌کرێت،
که هیچ سهروکاریشمان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و حیزب و ئه‌وانه‌دا نییه و ته‌نێ نوێنه‌ری
خۆیشمانین. ئه‌و زلباسکردنه ڕه‌نگه به‌سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار و کڵۆڵی کوردستاندا تێپه‌ڕ
بێت، چونکه له کوردستان هه‌ر که له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه گوترا، جه‌لال تاڵه‌بانی
فڵانه میسته‌ر و مسیۆ و سنیۆری له ئه‌مه‌ریکا و ئینگلستان و فره‌نسا و ئیسپانیا
بینیوه، ئیدی خه‌ڵک پێیانوایه، ئه‌وه ئیدی ته‌واو و کورد بوو به شت و سه‌رۆکه‌که‌ی
خۆیشیان گه‌له‌ک مه‌زن و توانایه بۆیه ده‌توانێت خه‌ڵکی له‌و جۆره ببینێت.
من بۆیه باسی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌که‌م، چونکه ئه‌و دیارده‌یه‌م به زۆری له ڕاگه‌یاندنه‌کانی
سلێمانییه‌وه ده‌دیت و ئه‌وان باسی ڕاخستنی فه‌رشی سووریا‌ن بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌کرد.
گواستنه‌وه‌ی
خزمه‌تی شه‌هیدان:
له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی
کارگێڕیی سلێمانییه‌وه، خه‌ڵکی که‌سوکاری شه‌هیده‌کان-ئه‌و شه‌هیدانه‌ی کاتی خۆی
به پارتییهتی شه‌هید کراون، واته: له سه‌نگه‌ری پارتییدا بوون- ده‌هاتنه سه‌ر
ته‌له‌ڤزیۆن و شه‌هیده‌کانی خۆیانیان ده‌گواسته‌وه بۆ لیستی شه‌هیدانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی.
واته: وه‌ک نموونه ده‌توانین بڵێین: ئازاد، که ئه‌ندام یا پێشمه‌رگه‌ی پارتیی
بووه و له شه‌ڕدا دژ به حوکوومه‌ت یا یه‌کیه‌تی، شه‌هید بووه، یا حوکوومه‌ت له
سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به پارتیی بووه له سێداره‌ی داوه، ئێستاکه که‌سوکاری، که
له ده‌ڤه‌ری ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تیی
نیشتمانیی
کوردستاندا ده‌ژین،
بۆ خۆ خۆشه‌ویستکردن له کن یه‌کیه‌تی و نزیکبوونه‌وه لێیان و
بڕێک ده‌سکه‌وتی دیکه، ناو و کوردایه‌تی و خزمه‌ته‌کانی ئه‌و ئازاده ده‌گوێزنه‌وه
بۆ نێو لیستی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی
و ئازاد به شه‌هیدی یه‌کیه‌تی ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م و ئیدی وه‌ک پارتییه‌ک ناوی نابه‌ن. ئه‌م جۆره کارانه،
بۆ گواستنه‌وه‌ی خزمه‌تی کارمه‌ندان و کرێکاران، ئه‌نجام ده‌درێت، که له دهسگهیهکهوه
ده‌گوێزنه‌وه یا ده‌گوێزرێنه‌وه بۆ دهسگهیهک یا کارگه‌یه‌کی دیکه و ئه‌و ساڵانه‌ی
پێشینهیشیان
بۆ ده‌خرێته سه‌ر ساڵانی کاره نوێیه‌که‌یان. له شۆڕش و کاری شۆڕشدا، وه‌ها کارێک
له‌که‌دارکردنی کاری شۆڕشگێڕی و نێوی ئه‌و شه‌هیده سه‌ر بڵندانه‌یه.
کۆڕی
بانگێشتن و گۆڵمه‌ز:
بڵاوبوونه‌وه‌ی
بانگهێشتن و کۆڕی دانیشتنی خواردنه‌وه و ڕابواردن و قومار له نێو به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداراندا.
پاره‌یه‌کی یه‌کجار زۆری بۆ ده‌ڕوات. ئه‌و جۆره چالاکییانه، که به مه‌به‌ستی
زگ وژێرزگ تێرکردن ئه‌نجام ده‌درێن، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و دهسڕۆیشتووانهوه
بایه‌خێکی یه‌کجار زۆریان پێ ده‌درێت و هی وایان تێدایه هه‌ر بۆ ئه‌وانه ده‌ژین.
کۆڕی نێو هوتێلان و هۆڵان و ماڵه به‌رپرسان، له‌نێو خه‌ڵکانی ده‌رێی ده‌سه‌ڵاتدا
زۆرجاران ده‌خرێنه به‌ر باس و ڕه‌خنه‌وه. خه‌ڵک ده‌زانن، که ڕه‌گه‌زی
مێینه زۆرجاران ئه‌گه‌ر کاریان پێ بدرێت و بڕێک له کاردا به‌رز بنه‌وه
و پله‌یه‌ک وه‌رگرن، به‌رپرسان، له ئه‌نجامی نێزیکبوونه‌وه و فریودان و مێبازی و
به‌ڵێن و مه‌رجه‌وه، ئه‌نجامیان داوه. دیاره خودانه‌خواسته، مه‌به‌ستیش ئه‌وه
نییه، ئه‌وه حاڵه‌ته باوه‌که بێت، وه‌لێ باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه زۆر ده‌کرێت.
له زانستگه و مه‌رجی وه‌رگرتنی خوێندکارانیشدا له‌و جۆره باسانه دێنه گۆڕێ. ئه‌مانه
سه‌رباری ئه‌وه‌ی، به‌رپرسان فره‌ژنییان کردووه‌ته قانوون و باو. ئه‌وان ژن له
دوای ژن دێنن و به‌ده‌ردی مامۆستایه‌ک گوتی"پیاو که ژنی نوو دێنی، خۆ نوو ده‌کاته‌وه".
دیاره له‌ته‌ک
به‌ره‌وپێشچوونی مه‌رجه‌کانی ژیان و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری که‌سه‌کی و گۆڕانی شێوه‌ی
هه‌لسوکه‌وت و فراژووتنی گشتیی‌دا، ده‌سه‌ڵاتدارانیش وه‌ک مۆده‌ی جل و پۆشاک و ئۆتۆمبیل، پێویستیان به‌وه‌یه
ژنه‌کانیشیان بگۆڕن و خۆ نوێ که‌نه‌وه!
میدیا و ڕۆژنامه‌ڤانان
و ئه‌رکی ڕووناکبیران:
له بواری
ڕۆژنامه‌گه‌ری و کار له میدیا و ده‌سگای ڕاگه‌یاندنه‌کاندا، به زۆری خه‌ڵکانێک وهپێشدهخرێن، که
خزمه‌ت به ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ی "ده‌وه‌ڕن و په‌سن ده‌ده‌ن". ئه‌وانه‌ی
ته‌نێ به گرێی ملدا ده‌ده‌ن و ئه‌شهه‌دوبیللا ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ن وهپێشدهخرێن و پۆست و پایه‌یان ده‌کرێته
خه‌ڵات. دیاره خه‌ڵکانێکی له‌و بابه‌ته‌ش نه‌ک هه‌ر له سه‌رده‌می
ڕێژیمی کوردییدا،
به‌ڵکه له زه‌مانی به‌عس و هی دیکه‌شدا، ده‌توانن و توانیویانه زۆر به چاکیی جێی
خۆیان بکه‌نه‌وه و له‌و ئاوازه‌ی، ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت بخوێنن و ئه‌و ڕه‌نگه‌ی، ده‌سه‌ڵات
ده‌یه‌وێت له‌به‌ر بکه‌ن. نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانان، له سنووری بیروبۆچوونی ده‌سه‌ڵاتدا
ده‌ڵێن و ده‌نووسن و ئه‌و هێڵ و بازنه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆی داناون، هه‌رگیز نایبه‌زێنن.
ئه‌گه‌ر وه‌ها کارێک، واته: چاودێری و ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسان و
داماڵینی هه‌موو په‌رده و ده‌مامکێکی سه‌ر ڕوویان و ده‌رخستن و پێشاندانی هه‌موو
نهێنی و شاراوهییهکیان، بکرابایه‌ته ئه‌رکێکی سه‌ره‌کی ڕۆژنامه‌وانی وه‌ک که له
هه‌موو دنیادا وایه، هه‌نگین ده‌بوو ده‌یان ڕۆژنامه‌وان و ڕه‌خنه‌گر تووشی گرتن و لێکۆڵینه‌وه و لێپێچانه‌وه
و زیندان ببن، وه‌لێ که‌نگێ له کوردستان وه‌ها کارێک ڕووی داوه؟ به‌شی زۆرینه‌ی ڕۆژنامه
و ڕۆژنامه‌ڤانان له‌وه‌ی زیاتر، که زمانحاڵ و پاساوده‌ری کاره هه‌ڵه و نابه‌جێیه‌کانی
ده‌سه‌ڵاتدارانن، چی دیکه‌ن؟ هه‌ر بۆیه‌ش خۆشی ده‌گوزه‌رێنن و چاک ده‌ژین. ئه‌مه
ناکاته ئه‌وه‌ی، که له کوردستان ڕۆژنامه‌وانی بوێر نه‌بێت، گه‌له‌ک ڕۆژنامه‌وانی
بوێر و ئازا و ڕاستگۆ و زیره‌ک و جه‌ربه‌زه هه‌ن، به‌ڵام به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات،
سه‌ره‌ڕۆیی ده‌وێت و زۆرجاران باجه‌که‌ی گران و زۆر ده‌بێت. ئه‌وه‌ش به ڕه‌وشه‌نبیر
و ڕۆژنامه‌ڤان و نووسه‌ری گه‌ل و گۆمیمهنگشڵهقێن ده‌کرێت، که ده‌توانن له سه‌رمایه‌دار
و بۆرژوازی و ده‌سه‌ڵاتی تێکده‌ن، نه‌ک به هی ده‌ربار و چه‌شه بوو، که ده‌سه‌ڵات
ده‌یانئافرێنێت
و هه‌ر بۆ خۆیشی مه‌یموون ئاسا ههڵیاندهپهڕێنێت.
که‌ونه
به‌عسییان:
نه‌ک هه‌ر
له نێو ده‌سگه‌ی ڕاگه‌یاندندا، به‌ڵکه له ده‌سگه‌ی کارگێڕی و ڕاوێژکاری و
زانستگه و به‌ڕێوه‌بردنیشدا و له زۆر جێگه‌ی هه‌سته‌وه‌ردا، خه‌ڵکانی
کۆنه به‌عسی، کۆنه موسته‌شار، کۆنه جه‌یش شه‌عبی، کۆنه جاش، کۆنه پیاوی حوکوومه‌تی
به‌غدا هه‌ن و ڕێزیان لێ ده‌گیرێت و پله و پایه و کاری باشیشیان پێ دراوه و ده‌درێت.
زۆر که‌س له‌وانه‌ی،
به ته‌نگ خاک و کورد و بزاڤی کوردایه‌تییه‌وه دێن، پێیانوایه، کوردستان ئه‌وڕۆ
بووه‌ته عهفلهقستان و حاڵ به‌م شێوه‌یه بڕوات، ئه‌وان ده‌بنه‌وه سه‌ردار و
قوربانییانیان ده‌بنه‌وه ژێرده‌سته و کۆیله‌که‌ی جاران. ئه‌ز ناڵێم قڕان ده‌نێو
ئه‌و کهونهبهعسییانه بخه‌ن و هه‌ڵیانواسن، لێگه‌ڕێن با بژین و کار بکه‌ن وه‌ک
ئه‌و خه‌ڵکه‌ی دیکه، وه‌لێ مه‌یانکه‌نه که‌ڵه‌گا و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر
خه‌ڵکی هه‌ژار و قوربانیداو و چه‌وساوه‌ی کورده‌وه.
ژن:
چه‌وساندنه‌وه‌ی
ژن و ڕه‌گه‌زی مێیینه، تا بڵێی زیادی کردووه. زووزوو هه‌واڵی کوشتنی ژنان ده‌بیسرێت و باس له
خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان ده‌کرێت. که ژنێکیش به بیانووی
"داوێنپیسی" و "ڕووسپێتی" و "شه‌ره‌ف"ه‌وه ده‌کوژن،
نێوی "قه‌حبه"ی لێ ده‌نین، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و پیاوه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌دا وه‌ها کارێک
ئه‌نجام ده‌دات، خه‌ڵک به کازانۆڤا و ڕاسپۆتینی ده‌زانن. له بواری ئازادی ژنان و
مافی یهکسانییاندا
له‌گه‌ڵ پیاودا، کوردستان، ساڵانێک به‌ره‌وپاش گه‌ڕاوه‌ته‌وه. که من بۆ خۆم هێشتا
له کوردستان بووم(تا ساڵی 1980)، ڕه‌وشی ژنان گه‌لێک باشتر و پێشکه‌وتووتر و
ئازادتر بوو. خۆپێچانه‌وه و چارشێو
و که‌نارگرتن و دوورکه‌وتنه‌وه له کۆڕی پیاوان، ئێستا
باوه و پێچه‌وانه‌که‌ی بووه‌ته ڕیزپه‌ڕ و ناپه‌سه‌ند. ئێستاش ته‌ماشای ژن وه‌ک لاواز
و ناکارا ده‌کرێت و ته‌نێ نۆره مێیینهییهکی پێ ڕه‌وا ده‌بینرێت، که ئه‌مه
بۆ خۆی به فیڕۆدانی به‌شێکی زۆری وزه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه.
که‌پکی
حه‌مه‌داغا و کڵاوقاسم:
له‌و شه‌ڕ
و پێکدادان و فه‌رته‌نه‌یه‌ی نێوان پارتیی و یه‌کیه‌تیی، هێنده‌ی ناوی که‌پکی حه‌مه‌داغا
و کڵاوقاسم ده‌بیسرا، هێنده ناوی جێگه‌یه‌کی دیکه نه‌ده‌بیسرا و ده‌تگوت کوردستان
ته‌نێ ئه‌و دوو شوێنه‌ی تێدایه و هیچی دیکه. چه‌ندین که‌س له‌سه‌ر ئه‌و دوو قوته‌یه،
که زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کورد هه‌ر ناشزانن که‌وتوونه کوێ و چ بایه‌خ و گرنگییه‌کیشیان
نییه، درابوونه کوشت.
به‌خشنده‌ی دز:
ده‌سه‌ڵاتدارانی
کوردستان فره‌جاران پاره و پووڵ، به سه‌ر هه‌نده‌ک که‌سی ده‌ست و پێوه‌ند و نێزیکی
خۆیان و ده‌رباردا ده‌به‌شنه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی، له گیرفانی خۆیان بێته ده‌رێ
و ئه‌وان خۆیان به ماندووبوون و کار و کۆششی خۆیان په‌یدایان کردبێت. زانای جڤاکناسی
عیراقی،عه‌لی ئه‌لوه‌ردی(علی الوردی)، گه‌له‌ک جاران له نووسینه‌کانیدا، باسی "الوهّاب
النهاب"، واته: به‌خشنده‌ی تاڵانکه‌ر، یا به‌خشنده‌ی دز، ده‌کات، وه‌ک نموونه‌ی
سه‌رکرده و سه‌ردار و ڕێبه‌رێک، له‌و شتگه‌له‌ی تاڵانی کردوون و دزیونی، به‌خشنده‌یی
ده‌نوێنێت
و ده‌به‌شێته‌وه، وه‌ک ڕه‌وه‌ند و کۆچه‌رانی ڕهشماڵنشینی ده‌شتایی عه‌ره‌ب"
به‌دوو: البدو"، که هه‌م تاڵانی و دزی و هه‌م بهخشندهییشیان به‌لاوه، حه‌ڵاڵه.
ئه‌گه‌ر له خه‌ڵکه دارا و ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌که بسێنرێته‌وه و
وه‌رگیری –جا چ به تۆبزی بێت یا حوسن و ڕه‌زای خۆیان(که ئه‌مه‌یان هه‌ر نابێت)-
به سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار و بێده‌سه‌ڵات و شایسته‌دا ببه‌خشرێته‌وه، ئه‌وا کارێکی یه‌کجار
پیرۆزه و ده‌ستخۆشیی گه‌ره‌که، وه‌لێ ئه‌وه‌ی کوردستان و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی
ئه‌م جیهانه‌ش، به پێچه‌وانه‌وه‌یه، ئه‌وان له هه‌ژار و نه‌دار ده‌دزن و ده‌یده‌نه
دارا و ده‌سه‌ڵاتدار.
هه‌یبه‌ت
و شان و شه‌وکه‌ت:
دیارده‌یه‌کی
یه‌کجار سه‌یر، که له‌و جڤاکانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا، به کوردیشه‌وه، وه‌دی ده‌کرێت،
دیارده‌ی به گه‌وره‌یی زانین و ڕێزلێگرتنی جه‌للاد و مرۆڤ‌کوژ و خه‌ڵکی ده‌سه‌ڵاتداره.
خه‌ڵکانێکی زۆر- ئه‌وه هیچ به‌شێکیان له ترس‌دا- سه‌یری ئه‌و جۆره که‌سانه وه‌ک
قاره‌مان و ئازا و جه‌ربه‌زه ده‌که‌ن. هه‌نده‌ک لاوی کوردم بینی، دیاره له‌وانه‌ی
مێشکیان شۆراوه‌ته‌وه و ته‌نێ قسه‌ی به‌رپرسه‌کانیان ده‌ڵێنه‌وه، باسی خه‌ڵکی خوێن‌ڕێژ
و دز و تاڵانکار و ئهشکهنجهدهریان وه‌ک مرۆڤی ئازا و بوێر ده‌کرد و کۆڵێکیش ئیعجابیان
پێیان هه‌بوو. کڵۆڵترین خه‌ڵک ئه‌وانه‌ن، جه‌للاد و مرۆڤ‌کوژ نموونه‌ی پیاوه‌تی و
دلێری بن له‌کنیان.
ژیانی
تایبه‌تیی به‌رپرسان:
ئه‌و به‌رپرس
و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی، تا دوێنی فشه‌ی "شۆڕشگێڕی و بیروبارهڕ"یان، به سه‌ر
خه‌ڵکدا ده‌کرد و خه‌ڵکیان هان ده‌دا بۆ خۆبه‌کوشتدان، ئه‌وڕۆکه له شارن، به‌رپرسن،
خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن، گیرفانپڕن، زگتێرن، تێروته‌سه‌ل و خڕوخهپانن، گووپ سوور و خڕهڵهن،
پۆشته‌ن. ته‌نێ مه‌سره‌ف و خه‌رجیی ئۆتۆمبیله پانوبهرینهکانی خۆیان و ژن و منداڵیان
و پاسهوانانیان له یه‌ک ڕۆژدا، هێنده‌ی مه‌سره‌ف و خه‌رجیی، گه‌ڕه‌کێکی هه‌ولێر
و سلێمانی ده‌بێت. ئه‌مانه که ده‌چنه سه‌ر کار و له کار دێنه‌وه، به تایبه‌ت
به‌رپرسانی حیزبی و سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و وه‌زیره‌کانیان، ده‌یان ئۆتۆمبیل و پاسه‌وانی
چه‌کداریان به دواوه‌یه و جاده‌یان بۆ چووڵ ده‌کرێ. ژن و منداڵیشیان ده‌یان ئۆتۆمبیل و پاسه‌وانیان له خزمه‌تدایه.
ئه‌گه‌ر باسی خانوو و باخچه‌ی نێو ماڵ و مێزی خواردنه‌وه و شێوه‌ی ژیانی تایبه‌تی
و ژن و منداڵیان بکرێت، ئه‌وا ده‌بێ شانامایهکی له سه‌ر بنووسرێت.
کۆمه‌ڵایه‌تی:
ده‌سگایه‌ک
به‌نێوی کۆمه‌ڵایه‌تی له کارگێڕیی سلێمانیدا هه‌یه، دیاره له هه‌ولێریش هه‌ر به‌و
شێوه‌یه‌یه، ئه‌وه هیچ که کۆمه‌ڵێک کارمه‌ند و مووچه‌خۆری تێدا کار ده‌که‌ن، خه‌ڵکانێکی
زۆری ده‌مڕاست و ڕدێنسپییانی هۆزه‌کانیش به‌هۆی ئه‌و دهسگایهوه نانیان که‌وتووه‌ته
ڕۆن. ئه‌م ده‌سگایه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی عه‌شایه‌ر و خێڵه‌کان دانراوه، به‌ڵام
بۆ خه‌ڵکانێک بووه‌ته مایه‌ی خێر و بژیوی. کارگێڕانی سلێمانی که
فره‌جاران باس له ناخێڵهکییهتی و پێشکه‌وتنخوازیی خۆیان ده‌که‌ن، له هه‌مووان
زیاتر گرنگیی به‌و ده‌سگا کۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌ده‌ن. له ڕێگه‌ی ئه‌م دهسگایهوه،
دیوه‌خانانه به سه‌رۆک هۆزه‌کان و دهمڕاستانانیان ده‌درێت. سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی
سلێمانی زووزوو سه‌ردانی سه‌رۆکهۆز و ڕدێنسپییانی عه‌شیره‌ته‌کان ده‌که‌ن و به‌رده‌وامیش
هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان لێیان نێزیک بخه‌نه‌وه و به‌رده‌وام پێشوازیشیان لێ ده‌که‌ن،
وه‌ک کارێکی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردن، ئه‌مه ههنگاوێکی باشه، به‌ڵام زیندووکردنه‌وه
و هه‌وڵدانی گه‌شه‌پێدانی بیری عه‌شیره‌تگه‌ری، پێموانییه له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا،
ئه‌نجامێکی باش بۆ گه‌لی کورد بهێنێته پێشه‌وه.
کارمه‌ند:
له ده‌سگه
کارگێڕییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارییه کوردییه‌کاندا، مرۆڤ که سه‌ردانیان ده‌کات، ئه‌گه‌ر
نیوه‌ی ئه‌و کارمه‌ندانه‌ی له‌و شوێنانه‌دا کار ده‌که‌ن زیاد نه‌بن، ئه‌وا چواریهکێکیان
زیاده‌ن. به هه‌زاران کارمه‌ند ته‌نێ کاریان ئه‌وه‌یه، مۆرێک له کاغه‌زێک ده‌ده‌ن
یا ژماره‌ی ئه‌و نامه‌یه ده‌نووسن، که تۆ وه‌ک موراجیعێک ده‌یانده‌یتێ، یا ته‌نێ
یه‌ک ئیمزا ده‌که‌ن، یا ته‌نێ نووسینێک تایپ ده‌که‌ن. بێجگه له‌وه‌ی، که تۆ بۆ هه‌ر
کارێک بچیت، ده‌بێ داخوازینامه‌یه‌ک"عه‌ریزه و عهرزوحاڵێک" بنووسیت. بۆ
ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، ده‌یان داخوازینامهنووس، له‌به‌ر ده‌رگای کارگێڕییه‌کاندا
دانیشتوون و به مه‌کینه‌ی نووسین و زۆرجارانیش به ده‌ست داخوازینامه‌که‌ت بۆ ده‌نووسن.
بۆ ته‌واوی ئه‌و داخوازینامانانهش، کڵێشه‌ی ئاماده هه‌یه و تۆ
نابێ له‌وه ده‌رچیت و ناشبێ بۆ خۆت بینووسیت، هه‌رچه‌ندی سهوادیشت هه‌بێت. که ده‌چیته
ژوورێکی ئه‌و کارمه‌ندانه‌وه، ده‌بینی چه‌ندین که‌س دانیشتوون به حیساب بۆ ئه‌نجامدان
و ڕاپه‌ڕاندنی کاری خه‌ڵک، به‌ڵام کاری ئه‌و خه‌ڵکه‌ش هه‌رگیز ناڕوات و جاری وا هه‌یه
حه‌فتان و مانگان و ساڵان ده‌خایه‌نێت، تا کارێک بگاته ئه‌نجام. دیاره ئه‌م ده‌رده
ته‌نێ کوردستانی نه‌گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵکه ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵات وایه.
زیندان:
هه‌ردوو
ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، له دامه‌زراندن و بنیاتنانی زیندان و
گرتووخانه‌دا، که‌مته‌رخه‌مییان نه‌کردووه. خه‌ڵکێکی زۆر له زینداندان. له هه‌ولێر
له سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به یه‌کیه‌تین و له سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به پارتیین گیراون. باسی ئه‌شکه‌نجه‌ش
له‌و زیندانانه‌دا ده‌کرێت. بێگومان وه‌ک هه‌موو وڵاتێکی ڕۆژهه‌ڵاتیش، پارێزه‌ر و
مافی مرۆڤه گیراو و زیندانییه‌که له ئارادا نییه و که‌س بیری لێ ناکاته‌وه! له
سه‌ر چیایه‌کی به‌رزی نزیکی ئاکرێ، بینایه‌کی یه‌کجار مه‌زن هه‌یه، کاتی خۆی قه‌ڵا
و سه‌ربازگه‌ی له‌شکری حوکوومه‌تی عیراق بووه، ئێستاکه زیندانێکی گه‌وره‌ی پارتییه
و سه‌دان که‌سی تێدا به‌ندن.
ئاواره:
ئه‌وانه‌ی
ئه‌وڕۆ له کوردستان نێوی ئاواره‌یان لێ نراوه، چه‌ندین جۆرن. هه‌ڵاتوو و ده‌رکراوی
که‌رکووک و گه‌رمیان و به‌غدا و خانه‌قین و پاشماوه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و هه‌ڵاتووانی
جه‌نگیی نێوخۆ، خڕ به ئاواره ده‌ژمێردرێن.
ئه‌مانه به هه‌موو جۆره‌کانیانه‌وه، گه‌له‌ک زۆرن و پێموایه هیچ ئامارێکی
ڕێکوپێک له‌باره‌یانه‌وه نییه. هه‌نده‌کیان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان تێکه‌ڵ به
ژینگه‌ی نوێ و هه‌واری نوێیان بوون. به‌گشتیی باری ژیانیان هێنده خراپه، که گه‌لێک
سه‌خته، بتوانرێ وێنه‌یه‌کی ڕاست و دروستیان بخرێته به‌ر چاو. هه‌ڵاتووانی خه‌ڵکی
سه‌ر به یه‌کیه‌تی
له هه‌ولێره‌وه بۆ سلێمانی و هه‌ڵاتووانی خه‌ڵکی سه‌ر به پارتیی له سلێمانییه‌وه
بۆ هه‌ولێر، ئه‌وه هیچ ته‌واوی ماڵ و حاڵیان جێهێشتووه، به هیچ شێوه‌یه‌کیش
ناتوانن سه‌ردانی شار و گوند و که‌سه‌کانی خۆیان بکه‌ن، هه‌ر ڕێک وه‌ک فلستینییه‌کان
و ئیسرائیل یا کۆریاییه باکوور و باشوورییه‌کان. له سلێمانی له‌ته‌ک هاوڕێیه‌کمدا
چوومه سه‌ردانی ماڵهدۆستێک، که که‌سێکیان له سوێده و به نیازی ئه‌وه‌ی هه‌واڵێکیان
ببه‌مه‌وه بۆ ئه‌و که‌سه‌ی سوێد. هه‌رچه‌نده ده‌رکه کرابووه، له ده‌رکه‌مان
دا و چووینه نێو حه‌وشه‌که‌وه و پرسیاری ئه‌و ماڵه‌مان کرد، ژنێک له سه‌ربانه‌وه
گوتی:"ئه‌وانه لێره نه‌ماینه و چووینه‌ته هه‌ولێری، ئیستا ئه‌مه لێره‌ینه".
ده‌سبه‌جێ به هاوڕێیه‌که‌م گوت:"با خێراکه‌ین و هه‌ڵێین، ئه‌و ماڵه‌ی ئێمه
بۆی هاتووین، هه‌ڵاتوون و ئێستا له هه‌ولێرن و ئه‌م ماڵه‌ش هه‌ولێرین و ئه‌م ماڵ
و خانووه‌یان داگیر کردووه، تا خه‌به‌ریان لێ نه‌داوین و به بیانووی پێوه‌نده‌وه
به‌و ماڵه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان دارکاریی نه‌کراوین، با فریای خۆمان بکه‌وێن". دیاره
داگیرکردنی خانوو و ماڵ ته‌نێ له سلێمانی نییه، به‌ڵکه هه‌ولێر و شاره‌کانی بنده‌ستی
پارتی‌یش هه‌مان شتی تێدایه.
ئه‌نجام:
من به هیچ
جۆرێک گومانم له‌وه نییه، که ئه‌م ئه‌زموون و کارگێڕییه خۆماڵییه‌ی کوردستان
–به هه‌موو ناتهواوییهکیشییهوه- گه‌لێک
له کارگێڕیی حوکوومه‌ته داگیرکاره‌کان بۆ ئێمه باشتره. کوردستان وڵاتی ئێمه‌یه
و پاراستنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ی له ئارادایه و تێکۆشان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی ماڵی کورد،
پێویسته و گه‌شه‌پێدانیشی به‌ره‌و باشتر ئه‌رکی هه‌موو کوردستانییه‌که، وه‌لێ ئه‌مه
ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، که ده‌بێ چاوپۆشی له ناته‌واوی و کێماسی ئه‌زموون و کارگێڕییه‌که
بکه‌ین. من پێموایه:
ئێستا کوردستان، به‌بێ که‌رکووک و خانه‌قین و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی، وه‌ک له‌شێکی
نیوه سه‌قه‌ت و ئیفلیج وایه، که به ته‌واوی کارا نه‌بێت و ته‌نێ ده‌م و زمانی
له کاردا بێت. ئێستا کوردستان، بووه‌ته ئه‌زموونگه‌یه‌کی گه‌وره بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی
هه‌موو شتێک، له بواری ئایین و سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ و جڤاک و ته‌واوی سه‌رخانی کۆمه‌ڵگه‌وه
بیگره، تا ده‌گاته ئابووری و ژێرخانی کۆمه‌ڵگه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌کێک له‌و
ئه‌زموونانه به فیلته‌ر و پاڵاوتگهیهکدا تێپه‌ڕ ببێت. ئێستا
کوردستان، وڵاتێکه بازاڕی قاچاخی تێدا گه‌رمه و مۆڵگه‌یه‌کی بژیویشه بۆ
جاسووسان و خه‌ڵکانی سه‌ر به داگیرکارانی کوردستان، که ئازادانه و به ئاره‌زووی خۆیان ته‌راتێنی تێدا ده‌که‌ن. ئێستا
له کوردستان قانوونی شاز و شه‌به‌ح و چووله، پیاده ده‌کرێت و ئه‌و
قانوونه له‌وێ سه‌رده‌سته و له گۆڕێیه. بۆ گۆڕینیشی –که پێموانییه ته‌نێ خه‌ون
و خه‌یاڵێکی ڕۆمانسییانه بێت- ده‌بێ چوولهییهکان، هه‌ست به چه‌وساوه‌یی خۆیان
بکه‌ن و، دژی شاز و شهبهحییهکان یه‌کبگرنه‌وه و بزاڤێکی (ڕۆبین هوود)یانه‌ی شۆڕشگێڕ،
سازکرێت، بێته گۆڕێ و...
به‌هاری 1998
[2]
پێموایه نێودێرکردنی ئه‌و ڕێکخراوه به نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له
زمانی کوردی‌دا، هه‌ڵه‌یه. ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش له‌وه‌وه هاتووه، که له وشه‌گه‌لی "United Nation"ی ئینگلیزییه‌وه وه‌رگیراوه، که به واتای:
ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان دێت، چونکه "Nation"ی ئینگلیزی لێره‌دا، ده‌کاته
"ده‌وڵه‌ت" نه‌ک "نه‌ته‌وه". زۆرجاران له نێوان وشه‌ی"ده‌وڵه‌ت"
و وشه‌ی "نه‌ته‌وه"، له زمانی ئینگلیزی‌دا، چ جیاوازییه‌ک نییه. که‌واته
له‌بری"نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان UN" بگوترێ "ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان"ڕاستتره.
ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ڕاست بووایه و
هه‌موو نه‌ته‌وه‌گه‌لی جیهانی گرتبایه‌وه، ده‌بوو : باسک، کورد، قه‌ره‌ج،
ئیندیان، به‌لووچ، سریان، په‌شتۆن، ماوری، تامیل، ئهبوریجین، ئاشووری، تورکمه‌ن،
چێچنی، کلدان، ئه‌مازیغ(به‌ربه‌ر)، سام، چه‌رکه‌س و...ده‌یان نه‌ته‌وی دیکه‌ی ئه‌م
جیهانه، که بێ ده‌وڵه‌تن، ئه‌ندامی ئه‌و ڕێکخراوه بووایه‌ن. ئه‌و ڕێکخراوه، له
باشترین حاڵیش‌دا، ده‌کرێ به نوێنه‌ری"نه‌ته‌وه‌گه‌لی ده‌وڵه‌تدار" واته
ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی، که خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیانن، وه‌ک: فرانسی، ئیتالی، یۆنانی،
سوێدی، ئه‌ڵمانی، تورک، بوڵگاری، چینی، ژاپۆنی و...دابنرێت. بێجگه له‌وه‌ش
ڕێکخراوی "ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان" یش وه‌ک زۆرینه‌ی ڕێکخراوه‌کانی
جیهانی، کاریگه‌ری بیر و دید و بۆچوونی ڕۆژاوای له سه‌ره و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی
جیهانبینی و فه‌رهه‌نگی ڕۆژاوایه.
[3] یه‌کێک له‌و
خزمانه‌م له کوردستان، که ئه‌ویش وه‌ک هه‌موو یه‌کێکی ئه‌و میلله‌ته به وه‌رگرتنی ئه‌و ئازووقهیه هێنده به‌خته‌وه‌ر
و دڵخۆش بوو، هه‌ر خۆش خۆش لێی ده‌پرسیم: ده‌ی باشه ئه‌مجه‌د، ئه‌ی لای ئێوه
بائیع هه‌یه؟ ئه‌ی فاسۆلی له کوێ وه‌رده‌گرن؟
[4] نانه‌واخانه‌کان
یه‌ک کیلۆ ئاردی گه‌نمی کوردستان، یا عیراق له بازاڕدا، به یه‌ک دینار ده‌کڕن.
له‌و یه‌ک کیلۆ ئارده، 30-40 سهمموونی لێ دروست ده‌که‌ن و هه‌ر یه‌ک سهمموونی
به یه‌ک دینار ده‌فرۆشنه‌وه. واته: به‌و یه‌ک دیناره‌ی، که یه‌ک کیلۆ ئاردی پێ
ده‌کڕن، 30-40 دیناریان ده‌ستده‌که‌وێته‌وه. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین، که وه‌رزێر،
به‌رهه‌مه‌که‌ی به گه‌نمیی ده‌فرۆشێت، نه‌ک به ئاردیی، واته: به که‌متریش له
یه‌ک دینار.
[6]
ده‌ڵێن که شۆڕشی گه‌لانی ئێران له سالی
1979دا، له ده‌سپێکی سه‌رکه‌وتنیدا بوو، خه‌ڵک له باژێڕی تاران، په‌لاماری سه‌عاتی
پارکینگ و ڕاگرتنی ئۆتۆمبیله‌کان، که پاره‌یان تێ ده‌کرێن، ده‌ده‌ن و له‌بن ده‌ریان
ده‌هێنن و ده‌یانشکێنن. که پاسدار و پۆلیس لێیان هه‌ڵده‌پێچن و لێیان ده‌پرسنه‌وه،
ئه‌وان له وه‌ڵامدا ده‌ڵێن: مه‌گه‌ر شۆڕش نییه، مه‌گه‌ر ئێمه ئیتر ئازاد نین،
ئه‌ی ئازادی یانی چی؟
[7]
دۆستێکم بۆی گێڕامه‌وه، که له شه‌وکه‌تی مه‌لا
سمایل- که ئه‌فسه‌رێک بوو و ساڵانێک له نێو هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوولدا
بوو-ی بیستووه، که ساڵی 1963، کاتێک له ناوچه‌ی
"به‌رواری باڵا" و "به‌رواری ژێری" ده‌بن، ئه‌حمه‌د ته‌وفیق،
که ڕێبه‌ری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو و له‌گه‌ڵ بارزانیدا بوو، نامه‌یه‌ک
بۆ عه‌بدوڕڕه‌حمان زه‌بیحی(عوله‌ما) ده‌نێرێ و له کۆتایی نامه‌که‌یدا ده‌نووسێ،
"به‌رواری، ڕۆژی ئه‌وه‌نده‌ی، مانگی ئه‌وه‌نده‌ی، ساڵی 1963" ، واته
ناوچه یا گوند یا ده‌ڤه‌ری به‌رواری، که ده‌کاته جێگه‌ی نووسینی نامه‌که و
مێژووی ڕۆژ و مانگ و ساڵه‌که، وه‌ک ئه‌وه‌ی بنووسرێ : هه‌ولێر 4-1-1984، یا
کرماشان 2-10-1989. دواتر که عه‌بدوڕڕه‌حمانی
زه‌بیحی، وه‌ڵامی ئه‌حمه‌د ته‌وفیق ده‌نووسێته‌وه، ئه‌و وشه‌ی "به‌رواری"یه‌ی
لێ ده‌بێته، مێژوو یا ڕۆژی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه‌نده و ئیدی ده‌نووسێ: بهروار، ئه‌وه‌نده‌ی
ئه‌وه‌نده. هه‌ر له‌مه‌ڕ ئه‌و"بهروار"ه‌وه، حامیدی گه‌وهه‌ری
ده‌نووسێت:"ده‌ڵێن رۆژێک (مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی) که یه‌کێک بووه
له دامه‌زرێنه‌ره سه‌ره‌کی یه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد، چاوی به نامه‌یه‌کی
سه‌رۆک بارزانی که‌وتووه که ناوبراو له گوندی
به‌رواری یه‌وه بۆ رێبه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردی ناردوه.
بارزانی به‌پێی ره‌سمی نامه نووسین، شوێن و مێژووی له‌سه‌ر نامه‌که‌ی نووسیوه،
بۆ وێنه نووسیویه‌تی(برواری 12/3/1944). ماموستا زه‌بیحی له‌م روانگه‌وه که ره‌نگه
ووشه‌ی برواری مانای مێژوو بدات ئه‌وی به‌هه‌ڵه وه‌رگرتووه‌و ئه‌مجاره کاتی
نووسینی نامه، به‌جێی نووسینی مێژوو له‌سه‌ر نامه‌کانی ژ.ک ده‌نووسێ برواری و
پاشان رۆژو مانگ و ساڵه‌که‌ی له رووبهروویدا نووسیوه. به تێپه‌ڕ بوونی زه‌مان
ماموستا زه‌بیحی به هه‌ڵه‌ی خۆی ده‌زانێ و بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی تر هه‌ڵه‌ی ئه‌و
دووپات نه‌که‌نه‌وه، له چه‌ند وتاراندا راده‌گه‌یه‌نێ: برواری گوندێکه له
ناوچه‌ی بادینانی گه‌رمێن و مانای تاریخ نادات و ئه‌و له نووسینی ئه‌و وشه‌یه‌دا
به‌هه‌ڵه چووه‌و ئه‌وی له جیاتی تاریخ وه‌رگرتووه". بنۆڕه: گه‌وهه‌ری
حامید، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گشتی و پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به بیره‌وه‌رییه‌کانی که‌ریم
حیسامی دا، بنکه‌ی چاپه‌مه‌نی رۆژ، ستۆکهۆڵم 1996، ل 3. به‌و جۆره زه‌بیحی ئه‌و
په‌تا و ده‌رد و به‌ڵایه ده‌خاته نێو
زمانی کوردییه‌وه و ئێستاش خه‌ڵکی "نه‌خوێندوو!"و "کوردینه‌زان" دوای پهنجاوئهوهنده ساڵان له‌و ڕووداوه،
هێشتا به‌ڕاستی
ده‌زانن و پێڕۆی ده‌که‌ن.
[8] گۆڤاری گه‌لاوێژ،
که ساڵانی 1939-1949 له به‌غدا ده‌رده‌چوو، عه‌لائه‌ددین سه‌جادی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د،
ده‌ریان ده‌کرد. سه‌جادی نۆره‌یه‌کی مه‌زنی
تێدا هه‌بوو. وا پێده‌چێ ئێستا ئه‌و له‌بیر کرابێ و له‌به‌ر خاتری ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
به‌و ناوه‌وه ده‌ربکرێت.
[9]
شه‌وێکی
یه‌کشه‌ممه، پاش سه‌عات یازده، ڕاکشابووم و گوێم له ڕادیۆی کوردی "په‌نجه‌ره"،
که کاک بارزان شاسوار له ستۆکهۆڵم به‌ڕێوه‌ی
ده‌برد، ده‌گرت. کاک بارزان گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵ کاک هیوا قادری شاعیردا ده‌کرد.
کاک هیوا تازه له سه‌فه‌رێکی کوردستان گه‌ڕابووه و باسی سلێمانی بۆ بیسه‌ران ده‌کرد.
به وشه‌ی شاعیرانه و جوان و ده‌نگێکی ناسک و خۆش، باسی باری فه‌رهه‌نگی و چی و
چی کرد و له‌پڕ هه‌ستی سلێمانیچێتی به‌رز بووه‌وه و توونی ده‌نگی گۆڕا و به ده‌نگێکی
خه‌مین و ئازاردارهوه گوتی: "کاک بارزان به‌ڵام شاری چی، کوا شار وه‌ک
جاران ماوه، کوا خه‌ڵکی شاری تێدایه، شار ئێستا پڕه له لادێیی و لادێیی داگیری
کردووه". ئه‌مه بێ ئه‌وه‌ی باسێکی ئه‌وه بکات، ئه‌و لادێییانه کێن و بۆچی
هاتوونه‌ته سلێمانی و پاشخانێکی ئه‌نفال و عه‌ره‌باندن و که‌رکووک - زۆرجاران له
سلێمانی به که‌رکووکییه‌کان ده‌ڵێن: مسری، مانگای هۆڵه‌ندی- و خانه‌قین بگێڕێته‌وه.
ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستێکی ئه‌وروپایی باسی ئێمه‌ومانان، یا ئێرانی باسی
ئه‌فغانی و عیراقی، یا عیراقی باسی مسری(جاران)، یا لوبنانی و ئوردونی باسی فلستینی
بکات. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر جۆرێک له ڕاسیزم نه‌بێت ده‌بێ چی بێت؟
[10] له که‌ناری
یه‌کێک له شه‌قامه‌کانی سلێمانی، کابرایه‌کی ته‌زبێح و موور و ورده‌واڵه‌فرۆش
دانیشتبوو. ویستم هه‌نده‌ک ورده شتی لێ بکڕم. دوای قسه‌کردن، ده‌رکه‌وت کابرا که‌رکووکییه.
داخێکی زۆری له‌دڵدا بوو و هێنده‌ی دنیایه‌ک له ڕه‌وشی خۆی و ماڵ و منداڵی و حاڵ
و گوزه‌رانی کهرکووکییانی ئاواره بێزار بوو و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرد، که
هه‌ردوو زلحیزبه کوردییه‌که، که‌رکووکییان و گه‌رمیانییان به کوشت ده‌ده‌ن و به‌کار
ده‌به‌ن و به‌رهه‌می شه‌ڕه‌کانیشیان خه‌ڵکی دیکه ده‌یخوات و گه‌رمیانی
و کهرکووکییانیش ته‌نێ ماڵوێرانییان بۆ ده‌مێنێته‌وه.
[12] وشه‌ی فهل(فل) و عه‌ره‌قی فهل، بۆ ئه‌و عه‌ره‌قه به
کار ده‌برێت، که له شووشه‌ی سهرمۆردا نییه. عهرهقێکه نه له کارگه و نه
ماشینی دروست ده‌کرێت. له ماڵان‌دا و به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی به قاچاخ دروست
ده‌کرێت. کاتی خۆی له ده‌وروبه‌ری ده‌ڤه‌ری به‌عقووبه‌ی عیراق له‌و جۆره عه‌ره‌قه
دروست ده‌کرا، به نێوی "عه‌ره‌قی هبهب، به عه‌ره‌بی: "عرق هبهب".
ئه‌و عه‌ره‌قه "ئهبولکهلهبچه: اًبوالکلبچه"یشی پێ ده‌گوترا، چونکه
ئه‌وه‌ی که ده‌یفرۆشت و ئه‌وه‌یش که ده‌یخوارده‌وه و سه‌ری گه‌رم ده‌بوو و ده‌ستی
ده‌کرد به قسه‌ی ناجۆر و کاری ناجۆر، ئیدی ده‌گیران و ده‌خرانه زیندانه‌وه.
زۆرجاران ئه‌وه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ک بوو دژی ده‌سه‌ڵات. عه‌ره‌قی عه‌نکاوه‌ی لای
خۆیشمان هه‌ر به عه‌ره‌قی فهل ده‌ژمێردرێت. بیره‌ی فهل به
سوێدی ده‌بێته" Fatöl" و به
ئینگلیزی ده‌بێته "Draughtbeer" و به فارسییش ده‌بێته "ابجو بشکه".
[14]له سه‌رده‌می
پاشایه‌تیدا له عیراق، ئه‌ندامێکی په‌رله‌مان به نێوی شێخ موحه‌ممه‌د ئه‌لعرێبی"الشیخ محمدالعریبی"،
هه‌بووه، که هه‌مووجار له کاتی کۆبوونه‌وه و ده‌مه‌ته‌قه‌ی په‌رله‌ماندا
نووستووه. که کات هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر شتێک بدرێت و ده‌نگدانی
بۆ بکرێت، سه‌رۆکی په‌رله‌مان لێی پرسیوه، که شێخ عرێبی چ ده‌ڵێ و ڕای چییه؟ ئه‌ویش
که له‌خه‌و ڕاچڵهکێنراوه، یه‌کسه‌ر ده‌ستی به‌رز کردووه‌ته‌وه و به‌عه‌ره‌بیی
عیراقی گوتوویه‌تی "موافج، واته: موافق، و به کوردییش ده‌کاته: ڕام له‌سه‌ره،
له‌گه‌ڵم، باشه".
[15] له ئه‌وروپا
که زێد و لانکی ئه‌م جۆره حیزبانه و بیروباوهڕهکانیانه، پێیان ناگوترێ،
سۆسیالیست دیموکراتی، به‌ڵکو ده‌گوترێ سۆسیال-دیموکرات یا سۆشیال- دیموکرات، به
گوێره‌ی زمانی فرانسی و ئیسپانیۆلی و ئینگلیزی.
[16]خزم و که‌سوکار و دۆست و براده‌ر پاره‌یان بۆ ده‌نێرنه‌وه.
پاره‌ی قاچاخچییان بۆ ده‌ده‌ن. پاسپۆرتی خۆیانیان بۆ ده‌نێرنه‌وه و پێیان ده‌یانهێنن.
به ناوی شووکردن و ژنهێنانه‌وه، خوشک له برا، کچ له باوک، دایک له کوڕ، پوور
له برازا، برازا و خوشکه‌زا له مام و خاڵ و...ماره ده‌که‌ن و به ناوی ژن و
مێرده‌وه و به فه‌رمی ده‌یانگه‌یه‌ننه هه‌نده‌ران. به ئۆتۆمبیل ده‌چن
به شوێنیان‌دا و ده‌یانهێنن. ژنه‌کوردێکی دانیشتووی سوێد، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ
ناردنه‌وه‌ی پاسپۆرت بۆ کوردستان و هێنانی خه‌ڵک به قاچاخ و ناوی ساخته‌وه، له
ته‌له‌ڤزیۆنی سوێده‌وه، پۆلیس قسه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرد و ته‌نێ ده‌نگی ده‌بیسرا
و وێنه‌یان پێشان نه‌ده‌دا، له ماوه‌یه‌کی که‌مدا و به بیانووی بزربوونی
پاسپۆرته‌وه، سیازده جاران پاسپۆرتی نوێی له پۆلیس وه‌رگرتبوو. خه‌ڵکانێک لێره
له‌م سوێده، که شه‌ووڕۆژ و هه‌رده‌م ده‌هۆڵ و لافی چه‌پایه‌تی و مارکسایه‌تی
لێده‌ده‌ن، نه‌ک ته‌واوی خانه‌واده‌که‌یان، به‌ڵکه نیوه‌ی خێڵ و شاره‌که‌ی
خۆیانیان گه‌یاندووه‌ته سوێد.
[18]
"خوله"، بچووککراوه‌ی "مه‌حموود"ه،
له‌گه‌ڵ ته‌واوی خۆشه‌ویستی و ڕێزمدا بۆ شێخی نه‌مر، ئه‌و په‌یکه‌ره پتر شایسته‌یه
به "خوله" ناوێکی له‌ڕ و لاواز و نه‌ناسراو، نه‌ک مه‌زنێکی وه‌ک شێخ
مه‌حموودی یه‌که‌م شای کوردان.
[19] حهسساوییه(الحساویة)،
ناوچه‌یه‌که له عیراق و که‌ری ئه‌وێ به ناوبانگه به به‌رزیی و گه‌وره‌یی و
چوارپه‌ل ئه‌ستووریی و زلیی.
[20] دوای گازبارانی هه‌ڵه‌بجه و شههیدکردنیی ئه‌و
شاره و کارتێکردنی تاوانه‌کانی ڕێژیمی عیراق له وێژدانی مرۆڤایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیی
و به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگیی ناڕه‌زایی و تووڕه‌ی گه‌لانی جیهان، ده‌نگه ده‌نگ و هه‌رایه‌ک
له جیهاندا بڵاو بووه‌وه، بۆ گرتنی کۆنگره‌یه‌ک له‌مه‌ڕ پشتگریی جێبه‌جێکردنی
پرۆتۆکۆلی ژنێڤی ساڵی 1925، که به‌کاربردنی چه‌کی کیمیایی تێدا
قه‌ده‌غه کراوه. له 7-1-1989دا، ئه‌و کۆنگره‌یه، له پاریس و به کۆششی خانمی
میتران کرایه‌وه. به پێی ژیربێژی و واقیع و ڕاستیی، ده‌بوو کورد، که له‌شه خهڵتانخوێنهکه
بوو و خوێنی لێ ده‌چۆڕا و به ده‌ستی ڕیژیمی عیراق هه‌زارانی لێ کوژرابوو، له‌و
کۆنگره‌یه‌دا، که شێوه دادگایه‌ک بوو، ئاماده‌یی هه‌بێت و له‌شی برینداری خۆی
پێشان بدات، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، 149 ده‌وڵه‌ت به‌شدارییان تێدا کرد
و له‌پێناوی سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌که‌شدا و به‌شداربوونی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌ب، که
هه‌ڕه‌شه‌ی به‌شدارنه‌بوونی کۆنگره‌که‌یان کرد، ئه‌گه‌ر کورد ئاماده‌ی بێت و به‌گوێره‌ی
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی فرانسه، که ڕێژیمی عیراق به دۆستێکی زۆر نێزیکی خۆی ده‌زانێت
و پێوه‌ندێکی ئابووریی به‌هێزی له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، خاتوو میتران، ئامۆژگاریی
دۆستانی کوردی کرد، که به ته‌واوی له کۆنگره دوورکه‌ونه‌وه و هیچ کارێکیش، وه‌ک
خۆپێشاندان و جڤین و خڕبوونه‌وه و هاتوهاواری ڕاگه‌یاندن و بڵاوکردنه‌وه، که ده‌بێته
هۆی سازکردنی کۆسپ له ڕێگه‌ی چالاکییه‌کانی کۆنگره‌دا، ئه‌نجام نه‌ده‌ن و نه‌بنه
هۆی سه‌رێشه‌ی ئاماده‌بووانی کۆنگره و نه‌هێڵن چه‌ند سهرگهرمێک خۆ به ژووری
کۆنگره‌که‌دا بکه‌ن و غه‌درلێکراویی و بێتاوانیی کورد بخه‌نه ڕوو. وه‌ک گاڵته‌جاڕی
و سووکایهتیکردنێکیش به کورد، که بۆ خۆی بریندار و کوژراو بوو، عیراقی کوژه‌ر و
تاوانبار بانگهێشتی کۆنگره کرابوو و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق ئاماده‌ی بوو.
بێگومان به‌رژه‌وه‌ندی فرانسه له سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌وه بوو و دۆستایه‌تی
دانیال و میترانی مێردیشی له‌گه‌ڵ کورددا، سنووری خۆی هه‌بوو. کۆنگره‌که به
ئارامی و به‌بێ ئاماده‌یی کورد، ته‌نانه‌ت وه‌ک چاودێریش، گیرا. ئه‌نجامه‌که‌یشی
له کن کورد نه‌بێت، که به قسه‌ی فرانسییهکانیان کرد، له‌کن هه‌مووان چاوهنۆڕکراو
بوو. کورد ده‌بوو ئه‌وه بزانن، که ئه‌و کۆنگره‌یه عیراق، نه به نێو و نه به
ناڕاسته‌وخۆ، تاوانبار ناکات و کۆنگره‌که‌ش ته‌نێ بۆ هێورکردنه‌وه‌ی ڕای گشتیی
جیهانی گیراوه. له‌مه‌ڕ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه، بنۆڕه: فتح الله، جرجیس، آراء محظورة فی شؤون عراقیة
معاصرة، دارالشمس للطباعة والنشر، ستۆکهولم، 1994، ڵ 6-8. هه‌روه‌ها بنۆڕه:
راندل، جوناثان، اًمة فی شقاق دروب کردستان کما سلکتها، ترجمة فادی حمود،
دارالنهار للنشر، بیروت1997 ، ڵ291. له سه‌رده‌می شۆڕشی ڕزگاریخوازی "ئه‌لجه‌زایر"دا،
فرانسوا میتران، وه‌زیری نێوخۆی فرانسای کۆڵۆنیالیست بوو. ئه‌لجه‌زایریش کۆڵۆنی
فرانسا بوو. فرانسوا میتران ئه‌و کاته گوتوویه‌تی:"ئه‌لجه‌زایر فرانسایه.ته‌واوی
ئه‌و خاکانه‌ی، که له نێوان سنووری باکووری فرانساوه تا هه‌رێمی کۆنگۆ، له
باشووری درێژههێڵ، هێڵی یه‌کسانی(خط الاستواﺀ) درێژه‌یان هه‌ن، هه‌موویان له بن
یه‌ک قانوون و یه‌ک په‌رله‌ماندان و له یه‌ک نه‌ته‌وه‌یش پێک هاتوون". ئه‌گه‌ر
کوردستانیش، یا هه‌ر گهلستان و نهتهوهستانێکی دیکه‌یش،
کۆڵۆنی فرانسا بووایه، گومان له‌وه‌دا نییه، که فرانسوا میتران هه‌مان قسه‌ی له‌مه‌ڕ
ئه‌وێشه‌وه ده‌گوت.
[21] تا 31-8-1996
کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی، سه‌رۆکی حوکوومه‌ته‌که‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی
کوردستان بوو له هه‌ولێر و دوای ئه‌وه‌ش هه‌ولێر که‌وته‌وه ده‌ست پارتیی و یه‌کیه‌تی
له هه‌ولێر وه‌ده‌رنران.
[22] بنۆڕه:
زنگابادي، جلال،أهکذا نترك الماضي لنبني المستقبل، وطن الشمس، العدد 14،
السبت22-6-1996 والعدد 15، السبت6-7-1996.
[23] شه‌وێکی له ته‌له‌ڤزیۆنی یه‌کگرتووی ئیسلامییه‌وه
نوێژی جومعه‌یان له مزگه‌وتێکی سلێمانی پێشان ده‌دا. مه‌لایه‌که‌ی که خوتبه‌ی
جومعه‌ی ده‌خوێنده‌وه، هێرشێکی زۆری کرده
سه‌ر فارووقی مه‌لا مسته‌فای مه‌لا ڕه‌سووڵی سه‌فوه‌تی دێلێژه‌یی-مه‌لایه‌که وای
ده‌گوت بوویه منیش وای ده‌نووسم-که بایی ئه‌وه‌نده میلیۆن دینار خواردنه‌وه‌ی
له فڵانه خانوودا هه‌ڵگرتووه و ده‌فرۆشێت و بازرگانیی
خواردنه‌وه ده‌کات. مه‌لا، ژماره‌ی پووڵه‌که و ناوونیشانی خانووه‌که‌ی
به ڕێکی ده‌گوت. فارووقی مه‌لا مسته‌فا، یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی که ده‌یه‌ویست به
شۆڕشی چه‌کداریی، عیراق به کورستانیشه‌وه، بکاته وڵاتێکی کۆمۆنیستی و سه‌رمایه‌داریی
له به‌ین ببات. ئێستا له مهڵتیمیلێۆنێرهکانی کوردستانه!.
[24] المفتي، عبدالمنعم اًسعد( کردي مقیم فی القاهرة)،التغلغل
الإسرائیلي في کردستان العراق، الشرق الاوسط، العدد6420، الخمیس 31-7-1997،ص8.