Sunday, May 13, 1990

مەبزۆ

                                                                                                      ئەمجەد شاکەلی

بانسنووق، یەکێک بوو لەو گوندانەی زەنگابات(زەنداباد)[1]ی ناوچەی گەرمێنی باشوری کوردستان، سەر بە شارۆکەی کفری و ئوستانی کەرکووک بوو. گوندێکی چکۆلانە و جوان و دڵگیر، جۆگەئاوێکی پاک و ڕوون وەک چاوی قرژانگ بەنێو گوندەکەدا تێدەپەڕی. ئەو جۆگەیە لە کوڵەجۆوە بەرەو تازەشار و کۆکس شۆڕ دەبووەوە و ئەو ناوچەیەی پاراو دەکرد. لەو گوندەدا باخ و دالێ[2] و مەرەزە و گەنم و جۆ دەچێنران. جگە لە دانەوێڵەیش، زۆر جۆرە میوەی وەک هەنجیر، هەنار، زەردەلوو، ترێ، توو، خورما و پرتەقاڵ، لەگەڵ زۆر جۆرە سەوزە و تەڕەی وەک تەماتە، بامێ، باینجان، کاڵەک، شامی[3] و ئاروو و شتی دیکەیش وەبەرهەم دەهێنران و دەست دەکەوتن.

لە بانسنووقدا، نێزیکەی سی چل ماڵێک دەژیان. لەنێو خەڵکی ئەو گوندەدا کابرایەکی کوڵەبنەی، خڕەڵەی، سەر و کەللەزلی، بۆرهەمسی مەیلەو ڕەشتاڵەی کۆسەڕەنگی ڕەبەن[4] دەژیا. لە کۆتایی ساڵانی 1950 و ساڵانی 1960دا کە لە بانسنووق بوو تەمەنی لە شەست ساڵان بانتر بوو. ئەم کابرایە هەموودەم، ڕانک و کراس، بە سەریشیانەوە چاکەتێکی لەبەر دەکرد. زۆربەی جاران ڕەنگی جلەکانی قاوەیی و زەردەچەوەیی بوون، قاوەیی و زەردەچەوەییش ڕەنگگەلێکی چڵکهەڵگرن و بۆ ڕەبەنێکی وەک ئەو فرە باش بوون. سەریشی بە شەدەیەکی بۆری گوڵگوڵی دەپێچایەوە و هەندێ جاریش مشکییەکی گچکەی دەکردە مێزەر. لەو ڕۆیشتنە ڕۆژانەیەیدا بۆ کوڵەجۆ جارجار سەردانی بنکەی پۆلیسی کوڵەجۆی دەکرد، گەلێ جار پۆلیسەکان پۆشاکە پۆلیسییە کۆنەکانی خۆیان دەدایە و فرە جار مەبزۆ ئەو جلانەیشی لەبەر ئەکرد.

لە نێوەندی گوندەکەدا بە گوتەی هەندێک خانوویەکی چکۆلانەی کە لە یەک ژوور پێک دەهات و بە گوتەی هەندێکی دیکە خانوویەکی دووو نهۆمی هەبوو. خانووەکەی تەنیا بە قوڕ و بێ بەکاربردنی خشت و کەرەستەی دیکە، هەر لە نەخشە و دیوار دروستکردن و سەرگرتن و قوڕکارییەوە تا سواخدان و گشت کارێکی تر بۆ خۆی بە تەنیا ئەنجامی دابوو. لە خوارەوە پێپلکەیەکی پێچاوپێچی مەلەوییە[5]ئاسا، ئەگەر خانووەکە دوو نهۆم بووبێت بۆ نهۆمی دووەم و تاکو بانی خانووەکە و ئەگەریش یەک نهۆم بووبێت هەر یەکسەر بۆ بانی خانووەکە سەردەکەوت. کابرا کەرێکی چکۆلەی بۆریشی هەبوو و خۆی و کەرە قوتەڵەکەی، زستان و هاوین و هەموو وەرزەکانی ساڵ، لەو خانووەدا دەژیان. بە زستانێ کەرەکەی لەگەڵ خۆیدا لە ژوورەوە بوو و هاوینانیش، بەو پلیکانە پێچەڵپێچە دیوینەدا سەری دەخستە بانی خانووەکە و لە تەنیشت جێگەی خەوتنەکەی خۆیەوە کەرەیشی دەبەستەوە. بێجگە لە کەرەکەی پشیلەیەكیشی هەبوو، هەردووکیانی زۆر خۆش دەویستن. هەندێ جار نوقڵ و شەکرۆکەی بە کەرەکەی دەدا و زۆر کەیفخۆش بوو بەوەی کەرەکەی نوقڵ دەخوات!

جارێکیان کەرەکەی بە پلیکانەکەدا سەرکەوتبووە سەرەوە  منداڵان دیتبوویان، هاواریان کردبوو و وتبوویان مەبزۆ کەرەکەت ڕۆیشتە سەربان، ڕەنگە ئەوە یەکەمجار بێت منداڵان ئەو دیمەنەیان دیتبێت، مەبزۆ وتبووی: بۆ داوای مژدانەتان نەکرد!

کابرا کە هەموو بەیانییەک لە خەو هەڵدەستا، بۆ بەرچایی برنجی سووری لێدەنا و دەیخوارد. بەرچایی ئەو ئەوە بوو. وا باو بوو ژەمەکانی دیکەیش هەر برنجی سوور دەخوات. پاش لەخەوهەڵسان و بەرچایی خواردن، وردەوردە و بەکاوەخۆ خۆی ئامادە دەکرد. خورج و سنووقێکی بچکۆلەی هەڵدەگرت، عاسەلا[6]ی تەراشی تێدا بوو و لەگەڵ هەندێک وردە شتی دیکەدا دەیئاخنینە کۆڵەپشتێکی سەوزباوی سەربازی و لە کۆڵی دەکرد، بۆخۆیشی دایکم گوتەنی: "وەک کەڵەشێری بان بارەدار" قیت سواری کەرەبۆر دەبوو و ڕووی دەکردە ئاواییە نێزیکەکانەی دەوروبەری بانسنووق، وەک کوڵەجۆ، تازەشار، کۆکس، سێتەپان، لەلبن، قەرەبڵاغ و ئەو گوزەرانە. ئەو وەک کار و بۆ بژێوی ژیانی خۆی و کەرەکەی سەرتراشینی(سەرتاشی)[7] دەکرد.

هەر ڕۆژەی لە گوندێک بارگە و بنەی دەخست. هەر کە دەگەیشتە دێیەک، ئیدی لەنێوەندی دێیەکەدا لە شوێنێکدا کە زۆر خەڵکی لێ کۆدەبوونەوە، لە پەنا دیوارێکدا کەرەچکۆلی لێ دەبەستەوە و بارەکەی دادەگرت و تەنەکەیەکی بەتاڵی لەسەر زەوییەکە دادەنا. خەڵکی گوندیش هەر کە دەیانزانی ئەو کابرایە گەیشتووە، ئیدی ئەوی پێویستی بە سەرتراشین بووایە، دەهاتە لای. زۆربەی نەفەرەکانی کە دەهاتن بۆ سەرتراشین منداڵ بوون، لێ سەری پیاوانیشی دەتراشی. ئەمن بۆ خۆم جارێکیان یەکێک بووم لەو منداڵانەی ئەو پیاوە سەری تراش کردوون. سەری هەر منداڵێکی بە بیست فلس دەتراشی، بیست فلسی ئەو دەمەیش کەم نەبوو. ئەو دەم دنیا هەرزانی بوو وەک ئێستا قوڕی پێوە نەدرابوو. ئەو منداڵەی نۆرە سەرتاشینی دەهات، کابرا لەسەر تەنەکەکە دایدەنیشاند و بەرکۆشێکی بۆرقاوەیی کە زۆر لەمێژ بوو ڕەنگە سپییەکەی خۆی دۆڕاندبوو بۆ دادەنا و شانە و مەکینە و قەیچی[8] دەخستنە کار و دەستی دەکرد بە درەوکردنی پرچی منداڵەکە. هەر زووزوو و پەیتا پەیتا، بە بێ ئەوەی هیچ ڕوویدابێت یا منداڵەکە جووڵابێتەوە، کابرا دەیگوت:"مەبزۆ..مەبزۆ..مەبزۆ" و تا لە سەرتراشینی هەر منداڵێک دەبووەوە، بە لایەنی کەمەوە، چل پەنجا جارێ ئەو مەبزۆیەی دەگوتەوە، هەر لەبەر ئەوەیش ناوی مەبزۆی لێ نرابوو. هەرچەندە هەندێک خەڵک وەک حەبیب یا وەستا حەبیب دەیانناسی، لێ پێموایە کەس ناوی ڕاستی ئەو کابرایەی نەدەزانی و تەواوی خەڵکی ئەو ناوچانەیش پتر هەر بە مەبزۆ دەیانناسی. کە وەستای پێ دەگوترا، لەبەر ئەوە بوو ئەو کارەی دەکرد.

لە کۆتایی ساڵانی 1960دا ئیدی کەرەکەی نەما و وەک جاران سەردانی ئەو هەموو ئاواییانەی پێ نەدەکرا تەنیا دەچووە کۆڵەجۆ. چون کۆڵەجۆ بە پێیانیش نێزیک بوو. یەکێک لەو ماڵانەی بانسنووق کە زۆرینەی ئێواران خۆی پێدا دەکرد ماڵی یەکێک لە بەگزادەکانی جاف بوو. کە لە کۆڵەجۆ دەگەڕایەوە و کە ئیدی تاریک دادەهات چرایەکی گچکەی هەبوو دەیگرت بە دەستیەوە و دەچوو بۆ ماڵی عەلی بەگی حەمەڕەشید بەگی سلێمان بەگی حەمەپاشای جاف. ئامینەخانمی خێزانی عەلی بەگ دەسبەجێ داوای دەکرد خۆراک چی لە بەردەستدایە بیهێنن بۆ مەبزۆ. دواتر پرسیاری هەواڵیان لە مەبزۆ دەکرد. ئەویش ئەوەی بیزانیبایە باسی دەکرد و دەیگێڕایەوە. بۆ ئەو سەردەمە مەبزۆ وەک کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی ئێستا وابوو. پاش ماوەیەك کە ئیدی شەکەت دەبوو و خەوی دەهات، لۆژە لۆژ دەڕۆیشتەوە بۆ قەلەندەرخانەکەی خۆی.

ئەم کابرایە کەس نەیدەزانی بە ڕەچەڵەک و بنەچە خەڵکی کوێیە، چون ئەو بۆ خۆی هەرگیز ئەو نهێنییەی ئاشکرا نەکردبوو. دەیانگوت ئێرانییە، دەیانگوت ڕووسە، بەڵام ئەو بە کوردی دەپەیڤی و شێوەزارەکەی لە خەڵکی موکریانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەچوو، جارجاریش وشەی زمانی ڕووسی بەکار دەهێنا.

مەبزۆ لەمێژ بوو کەوتبووە ئەو گوندی بانسنووقە. وا باو بوو کاتی خۆی لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوو و ئیدی لەو ئاواییەدا گیرسابووەوە. لەبارەی مەبزۆرە شتی سەیریان دەگێڕایەوە:

دەیانگوت: ڕووسە و ڕووسی دەزانێت. دەیانگوت: گاورە و نوێژ ناکات. دەیانگوت: سیحرباز و جادووگەرە. دەیانگوت: بە میزی خۆی دەموچاوی دەشۆرێت. دەیانگوت: خۆی و کەرەکەی پێکەوە دەنوون. تەواوی ئەوانەی دەگوتران تەنێ ڕەمڵلێدان بوون و لە نەناسینی ئەو پیاوەوە هاتبوو. چون ئەو وەک لایدەیەکی سەڵتەزەلامی بێ پاشخان و ڕەگوڕیشە کەوتبووە بانسنووق. ئەویش هەر ئەو کەسە بوو کە بۆ خۆی دەیزانی.

ساڵانێکی دواتر ڕۆژێک ژنێکی بانسنووقیی هاوسێی مەبزۆ و هەندێ خەڵكی دی کە هەمیشە لە ژێر دارتووی مزگەوتەکەی بانسنووقدا دادەنیشتن چونکە جۆگەیەکی ئاو بە پێش مزگەوتەکەدا دەڕۆیشت و سێبەرێکی خۆشی هەبوو، ژنەکە دەڵێ: ئەرێ خەڵکینە ئەمە یەك دوو ڕۆژە مەبزۆ نابینم! تۆ بڵێی نەمردبێ ؟ بۆ دەرگەی ماڵەکەی ناشکێنن نەوەك مردبێ؟ پاشان دەرگەکە دەشکێنن و دەردەکەوێت چەند ڕۆژێک پێشتر مردووە.

بانسنووق و تەواوی گوندەکانی خوارووی کوردستان، نغرۆ و تەخت و یەکسانی خاک کران و کونەپەپوو لەسەر کەلاوەکانیان دەخوێنێت. لالە مەبزۆ، کە بۆ خۆی لانەواز بوو، لە مردنەکەیشیدا لانەواز و گۆڕغەریب بوو.

 

* ئەم گوتارە بۆ جاری یەکەم لە: گۆڤاری کۆچەر، ژمارە 8 و 9ی ساڵی دووەم، بەهار و هاوینی 1990، ل 11-13دا بڵاو کراوەتەوە.

 



[1]  زەنگابات: زەنداباد: ناوچەیەکە سەر بە قەرەتەپپەی-کفری-کەرکووکی گەرمێنی کوردستان و نێزیکی رووباری سیروانە. نشیمەنی هۆزی "زەند"ی کورد بووە.

[2] دالێ: کێڵگەی سەوز و تەڕەی وەک تەماتە و بامێ و باینجان و شووتی و کاڵەک.

[3] شامی: شووتی.

[4] ڕەبەن: بێ ژن، سەڵت، زگوردی.

[5] مەلەوییە: منارەیەکی بەرزە بە پلیکانەی پێچاوپێچ مرۆڤ دەتوانێت وەسەری کەوێت، وەک ئەو سامەڕا.

[6] عاسەلا: شتومەک، تاقم، کەرەستە، ئامێر، ئامراز.

[7] ئەو دەمە بە سەرتراش یا سەرتاش وشەی "دەلاک"یش، کە لە دەللاک(دلاك)ی عەرەبییەوە هاتووە و بە واتای شێلان، خوراندن یا دەستپێداهێنان دێت، بەکار دەبرا.

[8]  قەیچی: دواردێ، مەقەس، مقەست.

  

سەرۆککۆمار

  سەرۆککۆمار ئەمجەد شاکەلی لە 2003وە و دوای داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە، بە ناوی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سیاسەتی تەواف...