مه‌لای جزیری، شاڕێگه‌ی سۆفیگه‌ری و کلاسیزم
له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئه‌گه‌ر
بمانه‌وێت لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی پوخته و پاکژ، له سه‌ر شاعیری هێژا و پایه‌به‌رزی کورد،
مه‌لای جزیری بنووسین، ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک، ئاوڕێک له‌و سه‌رده‌م و چه‌رخ و ڕۆژگاره
بده‌ینه‌وه، که جزیری تێدا ژیاوه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، سه‌رنجێک له میرنشینی
بۆتان پێویست ده‌بێت. میرنشینی بۆتان، که باژێڕی جزیره پێته‌ختی بووه، یه‌کێک
بووه له‌و میرنشینانه‌ی کورد، که سه‌رده‌مێکی زۆر فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵاتی میره‌کانی،
گه‌لێک ناوچه‌ی کوردستانی گرتووه‌ته‌وه. "سوله‌یمان کوڕی خالید"، یه‌که‌م
فه‌رمانڕه‌وای ئه‌م میرنشینه بووه[1]. بۆتانیش
وه‌ک هه‌موو ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان، هه‌موو ده‌مێک، به‌ر هێرشی دوژمنان که‌وتووه.
ده‌مێک مۆگۆل و ده‌مێک تاتار و گاڤێکیش ئیلخانی و جه‌لایری و مه‌ڕی سپی و مه‌ڕی ڕه‌ش،
که هه‌موویان هه‌وڵی کاولکردن و داگیرکردنیان داوه[2]. ئیتر
ئه‌و میرانه‌ی بۆتان، له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا، به‌ره‌نگاری ئه‌و هێرشانه‌یان کردووه
و میرنشینی بۆتان تا سه‌رده‌می "به‌درخان پاشا"، که ساڵی 1227ی مشه‌ختی/1812ی
زایینی بووه به فه‌رمانڕه‌وای جزیره، ماوه و له‌و سه‌رده‌مه‌شدا، ده‌سه‌ڵاتیان
به سه‌ر "وان و مووسڵ و ڕه‌واندز و سابڵاخ"دا هه‌بووه و قه‌ڵاکانی
"شه‌نگار و وێرانشار و سیوه‌ره‌ک"یشیان گرتووه و قه‌ڵای دیاربه‌کر
و شاره‌کانی "شنۆ و ورمێ"یش دهبندهستی وان‌دا بوون، به‌ڵام ئه‌و داموده‌سگا
و سهڵتهنهتهیش، خوا به کوردی ڕه‌وا نه‌بینی و فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی به‌درخان
پاشا، "میر عیززه‌دین شێر"، له جه‌نگه‌کانیدا دژ به تورکه‌کان ، خیانه‌تی
کرد و خۆی دا به ده‌ست دوژمنه‌وه و به خۆی و تورکه‌وه، به‌درخان پاشایان ناچار
کرد، بۆتان به‌جێ بهێڵێت و ده‌نێو قه‌ڵای "ئاروخ"دا خۆی حه‌شار بدات، تا
جبه‌خانه و بژێۆیان لێبڕا و له‌گه‌ڵ دوو کوڕیدا، به دیل گیران و تێکشکان. ئه‌مه‌ش
له ساڵی 1263ی کۆچی/1848ی زایینی‌دا بوو[3]. ئیتر
ئه‌و میرنشینهیش له‌بارچوو.
جزیره،
وه‌ک نێوه‌ندێکی فه‌رهه‌نگی و ڕۆڵی له په‌یدابوونی زمانی ئه‌ده‌بی و شیعری کلاسیکی
کوردی‌دا:
جزیره، یه‌کێکه
له باژێڕه به‌نێوبانگه‌کانی کورد، که گه‌لێک به‌یت و هۆزان و گوتنی پێدا گوتراوه
و هه‌ڵدراوه و داستان و چیرۆک و به‌سه‌رهاتی زۆریشی لێ ده‌گێڕنه‌وه و باسی کۆشک
و ته‌لار و شانشین و باڵه‌خانه و شوێنه‌واری ده‌کرێت، که له فه‌رهه‌نگیی ئه‌ده‌بی
کوردان‌دا، پایه و جێگه‌یه‌کی دیار و به‌رزی هه‌بووه[4]. جێگه
و ڕێگه‌ی جزیره و باری جوگرافی، یارمه‌تییه‌کی زۆری داوه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته پرد
و په‌یوه‌ستێک، له نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا. جووڵانه‌وه‌یه‌کی
بازرگانی، له نێوان ناوچه‌کانی بۆتان و جزیره‌ی پێته‌ختدا و له نێوان جزیره و دیاربه‌کر
و هه‌کاری و ئامێدی و مووسڵدا، هه‌بووه و کڕین فرۆتنی ئاوریشم و خوری و مه‌ڕ و ماڵات
و کووتاڵ و به‌رهه‌می کشتوکاڵی و پیشه‌سازیی بچووک هه‌بووه[5]. هه‌رچه‌نده
ئه‌و بازرگانییه‌ش، له چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکدا خۆی نواندووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،
ڕۆڵی خۆی هه‌بووه و کاروانان به‌وێدا تێپه‌ڕبوون و جموجووڵێکی ئابووری دروست بووه
و خه‌ڵک کاری به‌وێ که‌وتووه و ڕووی تێکردووه. ئه‌و بار و دۆخ و ڕۆڵه جوگرافی و
ئابوورییه‌ش، کارێکی وایان کردووه، که جزیره ئه‌وه‌ی بۆ بڕه‌خسێت، ببێته مه‌ڵبه‌ندێکی
فه‌رهه‌نگی و ڕه‌وشه‌نبیری له کوردستاندا. ئه‌م ڕاستییه‌ش له ژماره‌ی مزگه‌وت و
خوێندنگه و جێی بڵاوکردنه‌وه‌ی خوێنده‌واریدا، وه‌ده‌ر ده‌که‌وێت. له چه‌رخی
پازده و شازده‌ی زایین‌دا، ژماره‌یه‌کی زۆر مزگه‌وت و خوێندنگه، له ده‌ڤه‌را بۆتان
هه‌بوونه و شاری جزیره، به ته‌نێ خۆی، گه‌لێکی تێدا بوونه. له‌و خوێندنگانهیش
ساڵانه ژماره‌یه‌کی زۆر خوێندکار و زانا، خوێندنی خۆیان ته‌واو کردووه و بهڵگهنامهیشیان
وه‌رگرتووه و بوون به، به‌رپرس و کارامه، له بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایین و هه‌موو جۆره
زانست و زانیارییه‌ک له کوردستاندا. میرانی بۆتان، ئاره‌زوویان له بڵاوکردنه‌وه‌ی
ڕه‌وشه‌نبیری و نه‌هێشتنی نه‌زانین بووه و هه‌وڵیشیان بۆ داوه، هه‌ر بۆیه‌ش خوێندنگه
و مزگه‌وتیان دروست کردووه و زانا و ڕه‌وشه‌نبیر و ئوستادێکی فرهیشیان بۆ
شاگردانی کورد، په‌یدا کردووه. له گشت لایه‌کی کوردستانیشه‌وه، خه‌ڵک بۆ خوێندن،
ڕوویان له‌و مه‌ڵبه‌نده کردووه. به‌ڵگه‌ش بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستییه ئه‌وه‌یه،
که گه‌لێک زانا و هۆزانڤان و ڕه‌وشه‌نبیری کورد، له سه‌ده‌کانی پازده و شازده‌وه،
تا نیوه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌یش، خوێندنیان له جزیره ته‌واو کردووه[6]. بۆ
نموونه مهولایان: "موحه‌ممه‌د بهرقهلعی"، "ئه‌بوبه‌کر"،
"حه‌سه‌ن سوورچی"، "سه‌یید عه‌لی"، "زه‌ینه‌ددین به‌بی"
و گه‌لێک زانای مه‌زنی تر، که هه‌مووان له سه‌رده‌می "به‌دربه‌گ کوڕی شاعه‌لی
به‌گ"دا، له جزیره حه‌واونه‌ته‌وه و خوێندنیان ته‌واو کردووه[7]. یه‌کێک
له‌و میرانه‌ی بۆتان، که دۆستی مه‌لا و فه‌قێ و زانا و خوێنده‌واران بووه و زۆری
خۆشویستوون "میر شه‌ره‌فی کوڕی خان ئه‌بداڵ" بووه، که که‌مته‌رخه‌می نه‌کردووه
و مه‌ردانه خوێندنگه و مزگه‌وتێکی زۆری له شاری جزیره‌دا ساز داوه و ماڵ و
سامانێکی زۆریشی بۆ ته‌رخان کردوون[8].
"مزگه‌وتی سۆر"، "میرشه‌ره‌ف" بنیاتی ناوه و چه‌ندین گوند و
عه‌رد و داهاتی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ته‌رخان کردووه. "مه‌لای زڤنگی"،
نووسه‌ری کتێبی "العقد الجوهري في شرح دیوان الشیخ الجزیري"، له ده‌رفه‌تێکدا
و له کاتی خۆیدا، هه‌ندێ ده‌فته‌ر و تۆمار و نووسراوی ڕه‌سمیی به‌رچاو که‌وتووه،
که باسی خوێندنگه و مزگه‌وته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی جزیره‌ی تێدا بوون و "زڤنگی"،
سه‌ری سووڕماوه، له پوخته‌یی و ڕێکوپێکی و به تفاقی، ئه‌و خوێندنگانه و ژووره‌کانی
مامۆستا و شاگردان، که هه‌موو وێکڕا خوێندن و خواردن و حهوانهوهیشیان هه‌ر له‌وێ
بووه و به خۆڕایی ژیاون و میری چاوتێر و هێژا، ئه‌رکی به‌خێوکردنی ئه‌وانی وه‌ئه‌ستۆی
خۆی خستووه. شاگرده‌کان، که کار و پیشه‌یان ته‌نێ خوێندن بووه و مامۆستاکانیش
وانه‌گوتنه‌وه و هه‌مووانیش به باشی و ڕه‌زامه‌ندی ژیاون. به‌مه‌دا ده‌رده‌که‌وێت،
که میره‌کانی جزیره، هه‌وڵێکی زۆریان داوه، بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی خوێندن و زانست و
دارایی و دراوێکی زۆریشیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان کردووه[9]. به
پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی جزیره و بۆتانی تێدا بووه له‌و سه‌رده‌مه‌دا، گومان له‌وه‌دا
نامێنێت، که زه‌مینه‌یه‌کی ئه‌وتۆ دروست بووه و بارێکی وا هاتووه‌ته کایه‌وه، که
ببێته بنکه و نێوه‌ندێکی فه‌رهه‌نگی و له ناوچه و قوژبنه جیاوازه‌کانی کوردستانه‌وه،
خه‌ڵک بۆ خوێندن بیگاتێ. زمانیش ئه‌گه‌ر شوێن و ڕه‌وش و کاتێکی وای بۆ بڕه‌خسێت، پێش
ده‌که‌وێت و گه‌شه ده‌کات. له‌وێش سه‌ره‌تای زمانێکی ئه‌ده‌بیی کوردی به زاری کرمانجی
ژووروو، سه‌ری هه‌ڵدا و شیعری کلاسیکی کوردییش، هه‌ر به‌و زاره گه‌ڵاڵه‌ی کرد و له
مه‌لای جزیری مه‌زندا، که ڕێبه‌ر و پێشه‌نگ بوو له‌وه‌دا خۆی نوواند.
ژیانی
مه‌لای جزیری:
له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژوو لای کورد، کارێکی زۆر کۆن نییه، ئه‌ویش به هۆی ئه‌و
بار و ڕه‌وشه‌ی، که هه‌مووده‌م کوردستان و کوردی تێدا ژیاوه، داگیر و دابه‌شکراو
و بێده‌وڵه‌ت و بنده‌ست، وه‌ک زۆربه‌ی زۆری ڕووداوه مێژووییه‌کانی کورد و زۆربه‌ی
ناوداران و مه‌زنانی کورد، ژیننامه‌ی "مه‌لای جزیری"ش، زۆر ڕوون و ئاشکرا
نییه، به تایبه‌ت ساڵی له‌دایکبوون و کۆچکردنی، بگره و به‌رده‌یه‌کی زۆری له سه‌ره
و بیروڕای جۆراوجۆر و جیاواز، له‌و باره‌یه‌وه هه‌ن و نووسه‌ران، له سه‌ری ڕێکنه‌که‌وتوون،
به‌ڵام به گشتی، له سه‌ر ئه‌وه پێکهاتوون، که ناوی "شێخ ئه‌حمه‌د"
بووه و له جزیرا بۆتان، که باژێڕێکه له باکووری کوردستان، له‌دایک بووه و
نازناوی له شیعردا "مه‌لا" و جارجاریش "نیشانی" بووه. مه‌لا
به واتای: زانا له زانستی ئایینی و عه‌ره‌بیدا، بۆ نیشانییهکهیشی ده‌ڵێن: نیشان
یا ئامانجی تیره، که مه‌لا نیازی وا بووه: به تیری ئه‌ڤین پێکراوه، یا مه‌به‌ستی
خاڵی سه‌ر گۆنای یار بووه، که کرمانجان به خاڵ ده‌ڵێن: نیشان[10]، واته:
خۆی به‌و خاڵه‌وه ناو ناوه، که له ڕوومه‌تی "سه‌لما"وه دیاری داوه.
له‌و نووسه‌رانه‌ی، کورد و بیانی، که هه‌وڵیان داوه، له باره‌ی ژیانی "مه‌لای
جزیری"یه‌وه بکۆڵنه‌وه: دوکتۆر "بله‌ج شێرکۆ"، که ساڵی 1160ی زایینی،
به ساڵی کۆچکردنی "جزیری" داده‌نێت[11]. بێگومان
ئه‌گه‌ر "جزیری" حه‌فتا ساڵێکیش ژیابێت، وه‌ک زۆر نووسه‌ر ده‌ڵێن، ده‌بێ
ده‌وروبه‌ری 1090ی زایینی له‌دایک بووبێت، به‌ڵام "موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی"،
وای داده‌نێت، که مه‌لا، له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی شه‌شه‌می کۆچیدا ژیاوه و له
سه‌رده‌می "عیماده‌ددین زه‌نگی"دا، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا فه‌رمانڕه‌وای
مووسڵ بووه[12]. "عه‌لائوددین سه‌جادی"،
زیاتر له هه‌مووان، هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه، له‌مه‌ڕ ژیانی مه‌لا، شتێک وه‌ده‌ست بهێنێت
و ژیانی "جزیری" خستووه‌ته نێوان ساڵانی 1407-1481ی زایینییه‌وه، بێجگه
له‌وه‌ش وه‌سفێکی ئه‌وتۆی مه‌لای کردووه، له باڵا و سه‌ر و سمێڵه‌وه، تا ده‌گاته
چاو و برۆ و ده‌ست و په‌نجه و ڕه‌نگ و دیمه‌ن و جل و به‌رگ، هه‌ر ده‌ڵێی بۆ خۆی دیویه‌تی
و له‌گه‌ڵیدا ژیاوه[13]. ئه‌و
بیروڕایانه‌ی سه‌جادی زۆر جێگیر نه‌بوونه و زۆر نووسه‌ر گومانی لێ ده‌که‌ن.
"سادیق به‌هائوددین ئامێدی"، له بنه‌ڕه‌ته‌وه ڕا و بۆچوونه‌کانی
"سه‌جادی" هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و له‌و باوه‌ڕه‌دایه، جزیری له نیوه‌ی
سه‌ده‌ی پازده‌ی زایین‌دا ژیاوه و له دوای ساڵی 1481ی زایینیش هه‌بووه[14]. هه‌ربۆیه‌ش،
بۆ چه‌سپاندنی قسه‌کانی خۆی و پووچکردنه‌وه‌ی ڕایه‌کانی سه‌جادی، ئاماژه به
"د. ن. مه‌کنزی" ده‌کات و ده‌ڵێت:"مامۆستا سه‌جادی د روهنکرنا چه‌رخێ
جزیری تێدا ژی سهرکهڤتی نینه"[15]. لێره‌دا
مرۆڤ هه‌ندێ بیروڕا و بۆچوونی "مه‌کنزی" وه‌بیر دێته‌وه، که گه‌لێک
جار هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه، کورد به خه‌ڵکێکی، یا گه‌لێکی نوێ دابنێت و مێژووی کوردیش،
به ته‌ماوی و تاریک و کهمبهڵگه. بۆ نموونه‌ش، ڕایه‌کانی له مه‌ڕ ئه‌سڵ و ڕه‌گه‌زی
کورد و پێوه‌ندی کورد به ماده‌وه و کاریگه‌ریی زمانی فارسی، له سه‌ر زمانی کوردی،
که "ته‌وفیق وه‌هبی" له نووسینێکیدا به نێوی "بنه‌چه‌ی کورد و
زمانیان"، به‌رپه‌رچی قسه‌کانی مه‌کنزی ده‌داته‌وه[16]. بێجگه
له‌وه‌ش "مه‌کنزی" له نووسینه‌که‌یدا، به نێوی "مه‌لای جزیری و فه‌قێ
ته‌یران"، به‌م جۆره ده‌ست پێ ده‌کات:"له‌مه‌ڕ شاعیرانی کۆنی کورد شتێکی
که‌م زانراوه. ده‌ستنووسی کاره‌کانیان که‌من و به زۆرییش ده‌نێو نامه‌خانه‌ی تایبه‌تی
خه‌ڵکدا هه‌ڵگیراون و شاردراونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌م زانیارییه که‌مه‌ش له
باره‌ی ژینیانهوه، که له لایه‌ن نووسه‌رانی جیاوازه‌وه نووسراون، گه‌لێ جار ده‌گه‌ڵ
یه‌ک ناگونجێن و دژ به‌یه‌کن. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و کهمهڕاستییهی، که ده‌کرێ
بچنرێته‌وه، هێنده‌ی تر هێژا و به نرخ ده‌بێ..."[17]. هه‌رچه‌نده
ئه‌م ڕایه‌ی "مه‌کنزی"، ئه‌گه‌ر نیازی ئه‌وه‌ش بووبێت، که‌مبایه‌خیی ئه‌و
زانیارییانه‌ی، له باره‌ی شاعیرانی که‌ونی کورده‌وه هه‌ن، پێشان بدات و نه‌گونجان
و ناکۆکی ڕا و بۆچوونی نووسه‌رانی جیاواز و دژبه‌یه‌ک ده‌رخات، له هه‌مان کاتدا هه‌ڵگرتن
و شاردنه‌وه‌ی ده‌ستنووسی کاری شاعیرانی که‌ونی کورد، له نێو نامه‌خانه‌ی تایبه‌تی
خه‌ڵکدا، ئه‌وه‌ی که له سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌دا هاتووه، ده‌سه‌لمێنێت.
"مه‌کنزی" دوای ئه‌وه‌ی له ڕایه‌کانی "مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی"
ده‌کۆڵێته‌وه، له باره‌ی "سه‌جادی"یه‌وه ده‌بێژێت: "سه‌جادی له‌مه‌ڕ ژیانی مه‌لای جزیرییه‌وه، له زه‌مینه و ڕوانگه‌یه‌کی
زۆر ڕوونه‌وه ده‌ست پێ ناکات". "مه‌کنزی" به‌رده‌وام ده‌بێت تا دێته
سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی، که "موفتی"، بێگومان مه‌به‌ست "مه‌لا ئه‌حمه‌دی
زڤنگی"یه، له بۆچوونه‌کانیدا له‌مه‌ڕ "جزیری" و ژیانی وی، زیاتر
له ڕاستییه‌وه نێزیکه و ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که مه‌لا له 980-1050ی مشه‌ختی،
که ده‌کاته 1570-1640ی زایینی، ژیاوه و له سه‌رده‌مێکدا، که "فه‌قێ ته‌یران"یش
ژیاوه[18].
"مه‌لا ئه‌حمه‌دی کوڕی مه‌لا موحه‌ممه‌دی بۆتی زڤنگی"، پێیوایه، که "جزیری"،
له کۆتایی سه‌ده‌ی ده‌یه‌می کۆچیدا ژیاوه و له 950ی کۆچی به‌دواوه و هاوچه‌رخی
"میر شه‌ره‌فخانی کوڕی میرئهبداڵ" بووه، که له میره‌کانی "ئازیزان"
بووه و ماوه‌یه‌کی زۆریش فه‌رمانڕه‌وایی ده‌ڤه‌ری جزیره‌ی کردووه[19]. هه‌روه‌ها،
ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی دووپات ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت:"به ته‌واوی و ئاشکرا ده‌توانم
بڵێم، که مه‌لای جزیری له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆهه‌می کۆچیدا له‌دایکبووه و تاوه‌کو
دوای هه‌زاریش ماوه و له‌وانه‌شه گه‌یشتبێته په‌نجای دوای هه‌زار و پتر.."[20].
"قه‌ناتێ کوردۆ"، ڕای وایه، که "مه‌لای جزیری" له سه‌ده‌ی
دوازده‌یه‌مدا ژیاوه و مه‌به‌ستی سه‌ده‌ی دوازده‌یه‌می زایینه و ڕایهکهیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه،
بۆ "وه‌زیری نادری" ناوێک، که گوایه له نووسینێکیدا له سه‌ر "جزیری"
باسی ئه‌وه‌ی کردووه[21].
"هه‌ژاری موکریانی"، پێیوایه، ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له "مه‌لای جزیری"
دوواون، ئه‌گه‌ر له شیعره‌کانی مه‌لا بگهیشتبان، له‌مه‌ڕ ژیننامه‌ی، تووشی ئه‌و
هه‌را و گوڵمه‌ز و فه‌رته‌نه‌یه نه‌ده‌بون. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه، که
"جزیری" له سه‌ده‌ی یازده‌ی کۆچیدا ژیاوه[22]. هه‌ر
یه‌که له‌و نووسه‌رانه‌ی، له باره‌ی "مه‌لای جزیری"یه‌وه نووسیویانه،
کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌ی، بۆ بیروڕاکانی خۆی، هێناوهوهتهوه و ڕاستیی خۆی سه‌لماندووه.
بێگومان هه‌موو نووسه‌رێکیش بۆی هه‌یه چی به ڕاست ده‌زانێت، ئه‌وه بێژێت، به‌ڵام
ده‌توانم بڵێم، خوێنده‌واری کورد و خه‌ڵکی بیانیش، تا ئێستا و سه‌دله‌سه‌د نازانن،
"مه‌لای جزیری"، له که‌ییه‌وه تا که‌ی ژیاوه. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه لێکۆڵینه‌وه‌ی
زیاتر و زانستانه بیگاتێ، نه‌ک ته‌نێ بۆ "جزیری"، به‌ڵکه بۆ هه‌موو مێژووی
کورد. ئه‌ز له‌و باوه‌ڕه‌دام، په‌سنه به‌ناوبانگه‌که‌ی "جزیری" بۆ میری
جزیره، که "میرشه‌ره‌ف کوڕی ئه‌بداڵ خان" بووه، نه‌ک "عیماده‌ددین
زه‌نگی"، که پایه‌به‌رزیی و لێهاتوویی و جوامێریی و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و میره،
نیشان ده‌دات و خۆشگوزه‌رانی جزیره له سه‌رده‌می ئه‌ودا، ده‌گه‌یه‌نێت، باشترین
به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، که "جزیری"، له سه‌رده‌می ئه‌و میره‌دا ژیاوه
و ئه‌و "میرشه‌ره‌ف"هیش، به پێی "شه‌ره‌فخانی بدلیسی"، که
له شهرهفنامهکهیدا باسی تا ساڵی 1005ی کۆچی/1596ی زایینی ده‌کات، هێشتا هه‌ر
زیندوو بووه، چونکه ناوی خستووه‌ته نێو شهرهفنامهکهیهوه و باسی لێوه کردووه[23]. ئه‌و
گۆڕینه‌وه‌ی شیعرهیش، له نێوان "جزیری" و "فه‌قێ ته‌یران"دا
ڕوویداوه، که "فه‌قێ" شیعری بۆ "جزیری" ناردووه، له ساڵی
1031ی کۆچیدا[24] و "جزیری"ش وه‌رامی
داوه‌ته‌وه، به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه ده‌داته ده‌سته‌وه، که "جزیری" و
"فه‌قێ ته‌یران"، له سه‌رده‌مێکدا ژیاون. ئه‌گه‌ر "فه‌قێ ته‌یران"،
وه‌ک "مه‌کنزی" باوه‌ڕ ده‌کات، له ساڵی 1000-1070ی کۆچی/1590-1660ی زایینی‌دا
ژیابێت[25] ئه‌وا
"جزیری"ش، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا ژیاوه، که دیسانه‌وه ده‌کاته سه‌رده‌می
"میرشهرهفی خان ئه‌بداڵ"، که ئه‌ویش له سه‌ده‌ی یازده‌ی کۆچیدا بووه،
بۆیه‌ش "جزیری" په‌سنی داوه، چونکه له‌و کاته‌دا ژیاوه، واته: سه‌ده‌ی
یازده‌ی کۆچی، که ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ "خانی"شدا زۆریان به‌ین نه‌بووبێت.
شیعر
له کن مه‌لای جزیری:
سه‌رنجدان
له شیعری "مه‌لای جزیری" ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، که مه‌لا له فۆرمدا
و له‌و جۆرانه‌ی، که به‌کاری بردوون، سوودێکی زۆری له شیعری ڕۆژهه‌ڵاتیی وه‌رگرتووه
و به تایبه‌ت فارسی و عه‌ره‌بی. له ناوه‌ڕۆکیشدا، شیعره‌کانی جزیری، سۆفیزم و شیعری
کۆمه‌ڵایه‌تین. مه‌لا، وه‌ک زۆرینه‌ی زانایانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کورد، سۆفی بووه
و له ئهڤینداریهتی، خۆشه‌ویسته ڕاستینهکهیدا تواوه‌ته‌وه و شیعری ئه‌ڤینداریی،
له عیشقی ڕاسته‌قینه‌دا گوتووه و له بابه‌ته‌کانی تری زانست‌دا، ده‌ستێکی باڵای
هه‌بووه. "جزیری"، وه‌ک سۆفییه‌ک جه‌زبه‌یه‌کی یه‌زدانی گرتوویه‌تی و بۆن
و ئاوازێکی سۆفییانه، دڵی هه‌ژاندووه و مه‌ستی شه‌رابی ئه‌ڤینی ڕاستی بووه، تا
گه‌یشتووه‌ته عیشق و خۆشه‌ویستیی یه‌زدان و تێیدا نوقم بووه. هه‌ڵبه‌سته‌کانی، له
ڕواڵه‌تدا مه‌ستی و دڵدارین و له ناوه‌ڕۆکیشدا، گه‌یشتن به پایه‌به‌رزه‌کانی خۆشه‌ویستی
شای زانایانه، که ئه‌ویش یه‌زدانه[26].
"عه‌لائه‌ددین سه‌جادی"، وه‌سفێکی نایابی "جزیری" ده‌کات و له
خاکی بۆتان و له زه‌ریای تهسهووفیشدا، به په‌یامبه‌ری سه‌رده‌فته‌ری شیعری ته‌ڕی
ئه‌ڤینی داده‌نێت. له نێو کوردانیشدا، به دڵزیندووی بیندرێژ و په‌لهاوێژ، ده‌یداته
ناسین. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، که بیری "جزیری"، ئاوێنه‌یه‌کی بێگه‌رده،
بۆ سۆفییانی خوداپه‌رست و گه‌شتیشی شاوێنهیهکی سهرههرده بۆ فه‌یله‌سووفانی ڕاستیپهرست[27]. به
ڕای سه‌جادی، وه‌نه‌بێ جزیری، هه‌ر مه‌ینۆشی باده‌ی ئه‌ڤین، یا سه‌رخۆشی کۆڕی ته‌سه‌ووف
بووبێت و هیچی دی، به‌ڵکه له یه‌زدانناسی و فه‌لسه‌فه‌شدا، چووه‌ته نێوجه‌رگه‌ی
کۆڕی فه‌یله‌سووفه‌کانی یۆنانه‌وه و له‌ولاشه‌وه چووه‌ته ئه‌و کۆنگره‌یه‌وه، که
زانایانی ئیسلام و نائیسلام، تێیدا کۆبوونه‌ته‌وه و هه‌موو باس و خواسێکیان، هه‌ر
یه‌زدان و فه‌لسه‌فه‌ی یه‌زدانییه‌ت بووه[28].
"قه‌ناتێ کوردۆ"، له "تاریخا ئه‌ده‌بیاتا کوردی"یه‌که‌یدا، که
سه‌رچاوه‌ی ڕایه‌کانی له‌مه‌ڕ جزیری، بۆچوونه‌کانی "وه‌زیری نادری"یه و
ئه‌و ده‌یڵێته‌وه، وا پێشان ده‌دات، که "مه‌لای جزیری"، ئێزدی بووه و
له هۆزی حه‌سه‌نی ئێزدییانه و به چێژ و که‌یف و سه‌فای خۆیدا، هه‌ڵیداوه و
ستراوه و بۆ ڕه‌نگ و ڕووی سروشت و ئه‌ڤین و شه‌راب، نووسیویه‌تی و دواییش، که حه‌زی
له کچی"میر عیماده‌ددین" کردووه –مه‌به‌ستیش "میر عیماده‌ددین کوڕی
ئه‌کسان قه‌ره"یه، له عه‌شیره‌تی بۆتان- شیعری دڵداری گوتووه و ئه‌ڤینی خۆی
و کچی میری، له شیعردا باس کردووه و که میریش به‌و که‌ینوبه‌ینه‌ی زانیوه، ویستوویه‌تی
کچه‌که‌ی بدات به مه‌لا، وه‌لێ مه‌لا نه‌یویستووه، که‌نیشکه ئیسلامێک ببێته
هاوسه‌ری[29]. جارێ پێشه‌که‌ی، میر عیماده‌ددین،
له ئارادا نه‌بووه و مه‌لاش له سه‌رده‌می ئه‌ودا نه‌بووه و به‌ڵکه له ڕۆژگاری
میرشهرهفدا بووه، که‌وابێت مه‌لا و میرعیمادهددینێک، که نه‌دیده و نه‌ناسی یه‌کدی
بوون و باوکیشیان پێکه‌وه، له مزگه‌وتێکدا نوێژیان نه‌کردووه و یه‌کدییان ناس نه‌کردووه،
چۆن و که‌ی و له‌کوێ، مه‌لا حه‌زی له کچی ئه‌و کردووه؟ ئه‌مه دیوێکی باسه‌که و
له ئالییه‌کی دیکه‌یشه‌وه، به خوێندنه‌وه‌ی شیعری مه‌لادا، زۆر چاک و ڕاست و ڕه‌وان،
وه‌ده‌رده‌که‌وێت، که مه‌لا ئیسلامێکی ته‌واو ئیسلام و بێ پێچ و په‌نا بووه و زۆرینه‌ی
شیعره‌کانیشی، تژین له ئایه‌ت و وشه‌ی قورئان و ناوی خودا و په‌یامبه‌ران، جا کابرایه‌کی
ئێزدی باوه‌ڕ، بۆچی ده‌بێ له بیروباوه‌ڕی فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی‌دا خۆی بتوێنێته‌وه؟
ڕاسته خه‌ڵکێکی زۆری کورد، له پێشدا ئێزدی بوونه، لێ جزیری به خۆی وه‌ک ئایین
و باوه‌ڕ، ئێزدی نه‌بووه. ڕه‌نگه باوباپیرانی، له کاتیخۆیدا، ئێزدی بووبن. "سادیق
به‌هائوددین"یش، له‌و باوه‌ڕه‌دایه، که جزیری مرۆڤێکی سۆفی و له‌خواترس بووه
و بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی خۆی، که نێزیکبوونه‌وه‌ی یه‌زدانه، ڕێباز و ته‌ریقه‌تی
نه‌قشبه‌ندیی له ته‌سه‌ووفدا گرتووه‌ته به‌ر[30]. "مه‌لای
زڤنگی"یش، باسی ئه‌وه‌ی کردووه، که جزیری له سه‌ر ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی
بووه[31]. جزیری،
خوداناسێکی ڕاست بووه و له خوداپه‌رستیدا، هێنده قووڵ بووه‌ته‌وه، که باوه‌ڕی
به توانه‌وه له نێو بوونی خودادا، هه‌بووه و گه‌یشتووه‌ته پله‌ی یه‌کبوون له‌گه‌ڵ
خودادا و هیچ شتێکی دیکه‌ی بێجگه له خودا، له کن وی نرخی نه‌بووه و له گشت شتێکدا
خودای وه‌دی کردووه. به‌و پێیه مرۆڤ ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ، که جزیری باوه‌ڕی
به یه‌کیه‌تیی بوون "وحده الوجود" هه‌بووه، که ده‌کاته ئه‌وه‌ی هه‌موو
بوون یه‌ک شته و هه‌موو شتێکیش به‌شێکی خودای تێدایه و بوون و خودایش یه‌ک یه‌که‌ن.
ئه‌و ده‌بێژێ:
میننه‌ت
ژ خوداێێ کو ب عه‌بدێ خۆ مه‌لایێ ئیکسیرێ
غه‌می عیشق نه دینار و درهم دا
ئه‌وانه‌ی
له ته‌سه‌ووف دوواون و قووڵبوونه‌وه، باوه‌ڕیان وایه، که هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ک
له کن سۆفی، خۆشویستنی خودایه و خه‌ریککردنی دڵه، به ئه‌ڤینی ڕاسته‌قینه‌وه.
مه‌لا به‌و زمانه کوردییه پاراو و ناسکه‌ی، که شیعری دڵداریی ته‌ڕ و به‌جۆش و پڕهه‌ستی
ناسکی پێ گوتووه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دڵیشی به‌و کیژه کورده "سه‌لما"
ناوه‌یش دابێت، که چه‌نده شۆخ و شه‌نگ و ناسک و نازدار و له‌بار بووبێت و خودا هه‌رچی
جوانی و ڕندی هه‌یه، به‌وی دابێت، مه‌لا له نێو چاوانی ئه‌و کیژه‌دا، خودای وه‌دی
کردووه و ئهڤینهکهیشی هه‌ر بۆ خودا بووه و به‌و کیژهشدا هه‌ڵیداوه، چونکه
هه‌موو توانست و شاکرد و جوانیی خودا هه‌یه، له ڕووی ئه‌و شۆخه دنیاییهیدا دیوه
و له‌و ئه‌ڤینه مه‌جازییه‌وه به‌ره‌و ئه‌ڤینه مه‌زن و ڕاستینه‌که چووه[32]. جزیری
به مه‌یی خۆشه‌ویستی یه‌زدان مه‌ست بووه[33]. له
عیرفاندا، مه‌لای جامی و مه‌ولانای ڕۆمی بهڵخیشی پێ ڕاناگه‌ن[34]. ده‌نێو
خه‌ڵکی ئه‌ده‌ب و ڕه‌وشتدا، ته‌نێ سۆفییه‌کان مۆسیقایان به مه‌سه‌له‌یه‌کی ڕه‌وشتیی
زانیوه و له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ییه‌وه بۆی چوون و هه‌ستیان، به پێویستیی چڕینی
شیعر، به گۆرانی و له هه‌موو جێگه‌یه‌کدا کردووه و لایان په‌سه‌ند بووه. مه‌لای
جزیریش گۆرانی و مۆسیقای، به مه‌سه‌له‌یه‌کی دژ به ئایین نه‌زانیوه. مۆسیقا، له
کن جزیری ده‌ربڕینێکی سیمبۆڵییه، له عیشقی یه‌زدانیی و وه‌رگێڕانی ئه‌ڤینه، له
توانستێکی ده‌روونی و ڕۆحیی شاراوه، بۆ چه‌ند سیمبۆڵێکی ده‌روونیی ئاشکراکراو، که
هه‌ست و هزره شاراوه‌کانی ده‌روونی دڵداری، پێێ ده‌رده‌بڕدرێت. ئاواز، په‌رده له
سه‌ر هه‌موو نهێنییه‌کان، لا ده‌دات و له شێوه‌ی ده‌ربڕیندا خۆی ده‌نوێنێت. جزیری،
مۆسیقا و ئاوازی به جۆش و خرۆشی، به ئاوازێکی خاوێنی ده‌روونی و به ڕزگاربوونی،
له پیسی و ناپوخته‌یی، ژیانی هه‌ستپێکراوی ماددی داناوه. بێهووده‌یی، نک جزیری پێوه‌ندی
به مۆسیقاوه هه‌یه. ڕۆژی بێهووده ئه‌و ڕۆژه‌یه، نه ئاواز و نه مۆسیقای تێدایه.
مه‌به‌ستیشی له‌وه ئه‌وه‌یه، که ئه‌و ڕۆژه‌ی یادکردنه‌وه(زیکر، به عه‌ره‌بی: ڕکر)
و ویردی خودای تێدا نه‌بێت، ڕۆژێکی ڕاسته‌قینه نییه و به فیڕۆ ده‌ڕوات[35]. جزیری
گه‌لێک جار، باسی شمشاڵ و ساز و ئاوازی کردووه و وشه‌ی زۆریشی به‌کار بردووه، که
پێوه‌ندیان به ده‌نگه‌وه هه‌ن، وه‌ک ده‌نگی مه‌ل و برووسکه و زه‌نگ، که هه‌موو
ئه‌و زایه‌ڵه و ده‌نگدانه‌وه‌یه دروست ده‌که‌ن، که ده‌گه‌ڵ ده‌نگی هه‌تاهه‌تایی
و بێکۆتاییدا –که ئه‌ویش یه‌زدان خۆیه‌تی- تێکه‌ڵ ده‌بن. ده‌نگ، ئاواز، مه‌ی،
جوانی، بیرکردنه‌وه، هه‌ست، هه‌موو ئه‌مانه، هۆن بۆ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بێ‌کۆتایی
و قووڵترین و مه‌زنترین خۆشه‌ویستی، که ئه‌ویش خۆشه‌ویستی و تێکه‌ڵبوونی یه‌زدانه.
جزیری، پیاوێکی هه‌ڵکه‌وتوو و زانایه‌که‌ی مه‌زن و لێهاتوو بووه، له سه‌رده‌می خۆیدا،
نه‌ک ته‌نێ له جزیرا بۆتان، به‌ڵکه له کوردستان و خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیشدا. ئه‌و
سه‌روه‌ری زانا و ڕه‌وشه‌نبیرانی چه‌رخی خۆی
و پێش خۆی بووه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه، که" ئه‌حمه‌دی خانی"ی
نه‌مر، له شاکاره‌که‌یدا "مهم و زین"، پێش هه‌مووان له شاعیران‌دا، نێوی
جزیری هێناوه. جزیری به‌وه‌ی، که هه‌ڵبه‌ستی به زمانی کوردی نووسیوه، کارێکی یه‌کجار
گرنگی کردووه، له پاراستنی زمانی کوردی‌دا و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه، زیاتر خۆشه‌ویست
بووه له نێو کورددا، هه‌ر بۆیه‌ش بۆ خۆی گوتوویه‌تی:
گه‌ر لوئلوئێ مه‌نسوور ژ نه‌زمێ
تو دخوازی وه‌ر شیعرێ مه‌لێ بینه ته
ب شیرازی چ حاجه‌ت
نیازی جزیری،
له‌و شیعره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئه‌گه‌ر میلله‌تی کورد، هه‌ڵبه‌سته‌کانی ئه‌و، به
زمانی شیرینی زگماکی خۆیان، که ئه‌ویش کوردییه، بخوێننه‌وه و ئاوازی بۆ دابنێن،
چ جار پێویستیان، به زمانی بیانی نییه. ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، که جزیری
هیچ کاتێک خۆی له شیرازی، ئیدی کام شیرازی بێت، سه‌عدی یا حافز، به نزمتر، یا که‌متر
نه‌زانیوه. شیعره‌کانی جزیری، هێنده ڕێک و ڕه‌وان و به‌تام و پڕواتان و له کێش
و سه‌نگ و هه‌موو لایه‌کییه‌وه ته‌واون و چ خوار و خێچییهکیان تێدا نییه و زمانیشی
شیرین و پاراو و پاکه. شیعره‌کانی جزیری، گه‌لێ جاران کراونه‌ته گۆرانی و به
ئاوازه‌وه گوتراون و له‌به‌رکراون، به تایبه‌تی ده‌نێو دیوه‌خانان و مزگه‌وتاندا.
جزیری، له ڕیزی شاعیرانی خۆرهه‌ڵاتی ناڤین‌دا بووه و ململانێیشی ده‌گه‌ڵ وان‌دا کردووه،
به‌ڵکه له‌وانیش، له هه‌ندێ لایه‌نه‌وه، باڵاتر بووه. جزیری، خودانی خوێندنگه‌یه‌کی
تایبه‌ته له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا و باکووری کوردستاندا. جزیری
کێش و قافییه‌ی شیعره‌کانی و نه‌خوازه‌ڵڵا هه‌ڵبه‌سته ئه‌ڤینداری و سۆفییهتییهکانی،
زۆر جوان و پوخته هۆنیوه‌ته‌وه و ڕازاندووه‌ته‌وه، که هه‌ر له خۆی ده‌وه‌شێته‌وه.
هه‌رچه‌نده چه‌ند پرسێن عه‌ره‌بی و فارسی و جارجاریش تورکی، له شیعره‌کانیدا هه‌ن،
ئه‌وه کاریگه‌ریی ئایینی ئیسلام و زمانی ئه‌و ئایینه‌یه، که عه‌ره‌بییه، ده‌گه‌یه‌نێت
له سه‌ر زمان و هه‌موو کارێکی ڕه‌وشه‌نبیری، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ته‌نێ شیعر هه‌بووه.
بێجگه له‌وه‌ش جزیری شاره‌زایی و پسپۆریی ته‌واوی له‌و زمانه بیانییانه‌دا و به
تایبه‌ت عه‌ره‌بی و فارسی هه‌بووه و گه‌لێک جاریش، به‌و زمانانه و تێکه‌ڵ به کوردی،
شیعری نووسیوه. گه‌لێ که‌س له‌و باوه‌ڕه‌دان، که کاریگه‌ریی "حافزی شیرازی"
و" جامی" و شیعری فارسی، به ته‌واوی له شیعری مه‌لای جزیریدا وه‌دیار
ده‌که‌وێت، به‌ڵام "سادیق به‌هائوددین"، شیعری عه‌ره‌بی به کارتێکه‌رێکی
سه‌ره‌کی داده‌نێت، له هۆزانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، به تایبه‌ت وڵاتانی
موسوڵمان،ی وه‌ک فارس و تورک و عه‌ره‌ب[36]. من
بۆ خۆم له‌و باوه‌ڕه‌دام، که شیعری عه‌ره‌بی به ته‌نێ، ڕۆڵی کاریگه‌ر و تاک و ته‌نیای
له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا نه‌بینیوه، به‌ڵکه ئایینی ئیسلام کارێکی وای کردووه، که
زمان و ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌گه‌لی هاوئایین، کار بکه‌نه سه‌ر یه‌کتر. بێگومان کوردیش
وه‌ک گه‌لێکی ژێرده‌سته‌ی فارس و تورک، له‌و سه‌رده‌مه‌دا، زۆر کاریگه‌ریی ئه‌وانی
که‌وتووه‌ته سه‌ر، به تایبه‌ت کاریگه‌ریی فارس، چونکه فارسی وه‌ک زمان، له کوردییه‌وه
گه‌لێک نێزیکه و وه‌ک ئه‌ده‌بیش پایه و جێگه‌ی به‌رزی هه‌بووه و له مزگه‌وته‌کانی
کوردستانیشدا، ته‌نانه‌ت تا ئه‌م دواییه‌ش، سه‌عدی و حافز و جامی و زۆری دیکه‌ش ده‌خوێنران.
هه‌رچی زمانی عه‌ره‌بیشه، بێگومان ئه‌ویش زمانی ئایینی ئیسلام بووه و هه‌ر به پیرۆزیش
دانراوه و فه‌قێیان، به چاکی خوێندوویانه و جاری وایش هه‌بووه، له عه‌ره‌ب چاکتر،
عه‌ره‌بییان زانیوه. "مه‌لای جزیری"ش، وه‌ک کوردێک، بێگومان که‌وتووه‌ته
ژێر کاریگه‌ریی، زمانانی فارسی و عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت تورکییش، به‌ڵام وه‌نه‌بێ ئه‌و،
به‌و کارتێکردنه قایل بووبێت و ئاڵای سپی هه‌ڵکردبێت و خۆی دابێت به ده‌سته‌وه،
به‌ڵکه به پێچه‌وانه‌وه "به‌رزی و مه‌زنی جزیری له‌وه‌دایه، که ڕۆڵی
زمانی عه‌ره‌بی له کاتێکدا گه‌یشتۆته چڵه‌پۆپه، مه‌لا له‌و کاته‌دا، له‌و ڕێچکه‌یه
لایداوه و عه‌ره‌بی به کوردی ڕازاندۆته‌وه و مهشخهڵانێکی هه‌ڵگیرساندووه، بۆ
ئه‌وه‌ی ئوده‌بای عه‌ره‌ب، زه‌نگیانه‌ی له‌به‌ر بهۆننه‌وه و بۆ ئه‌وه ئوده‌بای کورد
شوێن ڕچه‌که‌ی مه‌لایان بۆ ببێ به شاڕێگه و له عاله‌می بێگانه‌دا مه‌لایان بۆ
ببێت به‌و سیمرخه، که ئاوی ژیانی ئه‌ده‌بیان له پشت کێوی قافه‌وه بۆ دێنێت. که‌وابوو
مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی به درێژایی زه‌مان کڕنوش بۆ ئه‌و تاپۆیه ئه‌با که هه‌یکه‌لی
زێڕینی مه‌لایه و پێغه‌مبه‌ری سه‌ده‌ی یازدهههمیهتی"[37]. مه‌لای
جزیری، هه‌موو بابه‌ته‌کانی شیعری عه‌ره‌بی لا وه‌دی ده‌کرێت، قه‌سیده، غه‌زه‌ل، ڕوباعییات(چوارین)،
ته‌خمیس(پێنج خشته‌کی)، ته‌لمیع، موسته‌زاد و فه‌رد بێجگه له‌وه‌ش له به‌لاغه‌ی
عه‌ره‌بیدا ئوستاد بووه و به‌دیع و به‌یان و مه‌عانی و جیناس و ته‌لمیح و ته‌شبیه
و ئیستیعاره و مه‌جاز و کینایه و ئهتناب و ئیجازی، خڕ به‌کار بردووه[38]. عورووز
و بحوری شیعری عه‌ره‌بی، زۆر ئوستادانه و شارازایانه، به‌کار بردووه و هه‌موو هۆزانه‌کانی
له سه‌ر ئه‌وانه داناوه و گه‌لێ جاریش به‌حری درێژی بۆ داڕشتنی شیعر کردووه به
بناخه و گومان له‌وه‌دا نامێنێت، که وه‌ک زانستێک، عرووزی زانیوه. شاعیرانی ڕۆژهه‌ڵاتی
ناڤین، تا چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ریش، له سه‌ر ئه‌و شێوه عه‌ره‌بییه‌ی شیعردانان،
ده‌ڕۆیشتن و له کوردیی‌شدا، تا په‌یدابوونی "گۆران"، پێڕۆی ئه‌و شێوه‌یه
ده‌کرا و ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ش، که خانی و نالی و حاجی قادری کۆییش شاگردی بوون و
جزیری ده‌ستی پێ کرد، کلاسیزمی ئه‌ده‌بی کوردی ده‌گرێته‌وه[39]. به‌رهه‌می
جزیری، که شیعره‌کانیه‌تی، یه‌که‌م به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی نووسراوه له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا[40]. هه‌ر
بۆیه‌ش مه‌لای جزیری، به ده‌سپێکی شیعری کلاسیکی کوردی داده‌نرێت و هه‌رچه‌نده "باباتاهیری
هه‌مه‌دانی"یش پێش جزیری چوارین(رباعیات)ی هه‌بووه و به کوردیش بووه، به‌ڵام
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له ڕووی پێڕه‌وکردنی عورووزهوه ناته‌واو بووه و به‌ڵکه هه‌ر
نه‌شبووه، ئه‌و به سه‌ره‌تا دانانرێت. بێجگه له‌وه‌ش، نه "عه‌لی تهرموکی"
و نه "عه‌لی حه‌ریری"یش، ناتوانن سه‌ره‌تا بن و ململانێ‌یان پێ ناکرێت،
له‌گه‌ڵ جزیریدا. گه‌لێک له شاعیرانی کوردی پاش جزیری، ویستوویانه لاسایی ئه‌و بکه‌نه‌وه
و له سه‌ر ڕێچکه‌ی وی بڕۆن، یا هه‌وڵیانداوه شتێک بڵێن له شیعری ئه‌وه‌وه نێزیک
بێت و لێی بچێت، له‌وانه‌ش: شێخ نووره‌ددین برێفکانی، ئه‌حمه‌د ناڵبه‌ند، ئه‌نوه‌ر
مائی، جگه‌رخوین، عه‌بدوڕڕه‌حمان مزووری، به‌درخان سندی و مه‌سعوود مسته‌فا ئامێدی[41]. مه‌لای
جزیری ڕێبه‌ر و پێشڕه‌و و پێشه‌نگ و ئوستادی شیعری کلاسیکی کوردییه و نموونه‌یه‌کی
نایاب و بێهاوتا و هێژا و پڕبه‌ها بووه، بۆ شاعیرانی کورد به گشتی و کرمانجی زار به
تایبه‌تی.
دیوانی
مه‌لای جزیری
یه‌کێک له‌و
کتێبه به‌نرخانه‌ی، که ده‌شێت کورد هه‌موو گاڤه‌ک شانازی پێوه بکات، دیوانی مه‌لای
جزیری نه‌مره. له بته‌وی و به‌هێزی و به‌هادا، که هونه‌رێکه له‌و گۆڕه، ئه‌گه‌ر
له‌گه‌ڵ شاعیرانی ده‌وروبه‌ردا به‌راورد بکرێت، ده‌کرێت دیوانی جزیری، له ڕیزی "حافزی
شیرازی" و "جامی" فارس و "ئیبنولفاریز"ی عه‌ره‌ب و "فزوولی"
تورک‌دا دابنرێت[42]. دیاره هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش،
جزیری یه‌کێک بووه له‌و شاعیرانه‌ی، که خۆشبه‌خت بووه، چونکه زۆری له سه‌ر
نووسراوه و کۆڵراوه‌ته‌وه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ شاعیرانی دیکه‌ی کورددا. دیوانی
جزیری، چه‌ند جارێک و له شوێن و جێگه‌ی جیاجیا و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه چاپکراوه‌ته‌وه:
1.
له ساڵی 1904ی.ز له به‌رلین، له لایه‌ن
ڕۆژهه‌ڵاتناسی ئه‌ڵمانییه‌وه "فۆن مارتن هارتمان"، به لینۆگراف چاپکراوه
و به زمانی ئه‌ڵمانی سه‌ره‌تای بۆ دانراوه.
2. له
ساڵی 1338ی.ک/1919ی.ز له ئیسته‌نبوول، له لایه‌ن "موحه‌ممه‌د شه‌فیق ئارواسی
حوسه‌ینی"یه‌وه چاپکراوه.
3.
له ساڵی 1958، له لایه‌ن "مه‌لا ئه‌حمه‌دی
مه‌لا موحه‌ممه‌دی بۆتی زڤنگی"یه‌وه، له قامیشلووی کوردستانی سووریا، له‌گه‌ڵ
پێشه‌کییه‌ک و شه‌رح و لێکۆڵینه‌وه‌ی شیعره‌کانی به عه‌ره‌بی چاپکراوه.
4.
له ساڵی 1964دا، له لایه‌ن گیوی موکریانییه‌وه،
له هه‌ولێر چاپکراوه.
5.
له ساڵی 1977دا، له لایه‌ن سادیق به‌هائوددین
ئامێدییه‌وه، له به‌غدا، له‌گه‌ڵ توێژاندندا چاپکراوه.
6.
له ساڵی 1982دا، له لایه‌ن هه‌ژاری موکریانییه‌وه،
له‌گه‌ڵ پێشه‌کی و شیکردنه‌وه‌ی شیعره‌کانیدا، له تاران چاپکراوه.
بێجگه
له‌وانه‌ش، له گۆڤاری هاواردا، له ژماره 35-58ی ساڵی 1941-1943دا، شیعره‌کانی
جزیری له لایه‌ن جه‌لاده‌ت به‌درخانه‌وه، نووسراونه‌ته‌وه.
له‌و
ده‌سنووس و دهسخهتانهی دیوانه‌که‌ش، که له لای خه‌ڵکی ماونه‌وه ئه‌مانه‌ن:
1.
موحه‌ممه‌د عه‌لی عه‌ونی، ده‌سنووسێکی له چاپی به‌رلینی هارتمان وه‌رگرتووه و له
کتێبخانه‌ی "دارالکتب المصریة" دا یه له قاهیره.
2.
ده‌سنووسێکی دیکه‌ی دیوانه‌که، که له لایه‌ن "عه‌بدوسسه‌لام کوڕی موراد کوڕی
عه‌بدوسسه‌لام"، له ساڵی 1322ی کۆچیدا، له شاری جزیره نووسراوه‌ته‌وه، که‌وتووه‌ته
لای موحه‌ممه‌د عه‌لی عه‌ونی.
3.
ده‌سنووسێکی "عه‌بدولقادر عه‌لی ئامێدی"، که له ساڵی 1338ی کۆچیدا له
ئامێدی نووسراوه‌ته‌وه، که‌وتووه‌ته لای عه‌لائوددین سه‌جادی.
4.
ده‌سنووسێکی "تاها ئه‌بووبه‌کر مه‌لا عه‌لی ئارواسی"، که له ساڵی 1355ی
کۆچیدا له شاری زاخۆ نووسیویه‌تییه‌وه، که‌وتووه‌ته لای سادیق به‌هائوددین.
5.
ده‌سنووسێکی "مه‌سعوود مه‌لا سه‌عیدی دهۆکی"، که ساڵی 1970 له سه‌ر ده‌سنووسێک
نووسیویه‌تییه‌وه، که ساڵی 1421ی. ک نووسراوه و کابراش، که نووسیویه‌تی نێوی خۆی
نه‌نووسیوه.
# له‌و سه‌رچاوانه‌ی دیکه‌ش، که له سه‌ر مه‌لای
جزیری هه‌یه: ڕۆژنامه‌ی جیهاد، که ده‌نگی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی عیراقه به کوردی
له تاران ده‌رده‌چێت، ژماره 21، ساڵی سێهه‌م، 27ی گه‌لاوێژی 1983.
پاییزی 1984
[3] زکي، محمد ا‘مین، خلاصة تأریخ الکرد و کردستان، الجز‌ء
الأول، ترجمة محمد علی عوني، الطبعةالثانیة، بغداد 1961، ص236-238.
[9] الزڤنگي،
ا‘حمد بن محمد البوتي، العقدالجوهري في شرح دیوان الشیخ الجزري، الجزءالأول،
القامشلي 1958، المقدمة، ص:ل.
[17] وهبي، توفیق، اصل الا‘کراد ولغتهم، گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد، به‌رگی دووه‌م، به‌شی
یه‌که‌م، به‌غدا 1974، ص 1-24
18 Mackenzie,
D.N Mala-e Jiziri and Faqi Tqyran, Yad Name-ye Irani-ye Minorsky, Publication
of Tehran University, Tehran 1969, N:1241, P:125
قه‌ناتێ کوردۆ، ڕا و بۆچوونه‌کانی خۆی له نووسێنێکی وه‌زیری
نادرییه‌وه وه‌رگرتووه که به نێوی"”Melumetiyed
teze derheqa Sayire kurd ye sedsaliya navin Meleye Cizirda” " یه ، که له سۆڤیێت له ساڵانی 1945-1947 دا، تاکه که‌سێک
بووه، که مژوولی گه‌ڕان بووه به دوای دیوانی مه‌لای جزیریدا و ساڵی 1947
مردووه و نووسینه‌کانی ماونه‌ته‌وه و دوای خۆی "Nora Palatova"ی ژنی
نادری، ئه‌و نووسینه‌ی داوه به قه‌ناتێ کوردۆ، بۆ ئه‌وه‌ی چاپی بکات. کوردۆ
شاندوویهتی بۆ "کۆما کوردناسێد ئه‌ریڤانێ" بۆ چاپکردن، به‌ڵام چاپ نه‌کراوه.
کوردۆ جارێکی دیکه بۆ "عه‌لی عه‌بدوڕڕه‌حمان"ی کلکردووه بۆ ئه‌وه‌ی له
ڕۆژنامه‌ی"ڕیاتهزه"دا بڵاوی بکاته‌وه یا چاپی بکات، لێ ئه‌ویش نه‌یکردووه.
گوتاره‌که له ئه‌سڵدا به ڕووسی نووسراوه و وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی
کوردی. ڕه‌شنووسی ئه‌و نووسراوه له کن قه‌ناتێ کوردۆیه. تا ئێره کوردۆ بۆ خۆی
ده‌یگێڕێته‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه، که له ساڵی 1946ه‌وه تا ئێستا ئه‌و
نووسراوه نه‌کراوه‌ته کوردی و هه‌ر به ڕووسی ماوه‌ته‌وه و به سه‌ر ئه‌و هه‌موو
کۆمه‌ڵه و ڕۆژنامه و زه‌لامه زلانهشدا تێپه‌ڕیوه و هێنده ئه‌م ده‌ست و ئه‌و
ده‌ستی کردووه، که ڕه‌نگه ئێستا کاغه‌زه‌که‌ی پوتورکابێت، که‌چی تا ئێستاش به
ڕه‌شنووسی ماوه‌ته‌وه و ته‌نێ مامۆستا کوردۆ ده‌توانێت سوودی لێوه‌رگرێت، چونکه
لای خۆیه‌تی. ئه‌وجا ده‌بێ که‌نگی بکرێته کوردی و که‌ی له چاپ بدرێت؟؟ ڕه‌نگه
چل ساڵێکی تریش چاوه‌ڕوان بین، کورد گوته‌نی: شیردا لۆ داپیردا.