Monday 4 September 2017

کێشەکانی دەنگدانی کوردستانییانی هەندەران بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان



کێشەکانی دەنگدانی کوردستانییانی هەندەران بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان

ئەمجەد شاکەلی
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی(کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی) بۆ هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات، واتە: کوردستانییانی هەندەراننشین، داوایان لێ دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی پرۆسێسی دەنگدان و گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن، لەنێوان 1-9-2017 تا 7-9-2017، سەردانی ماڵپەڕی ئەو کۆمسیۆنە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بکەن، کە ئەمەی خوارێیە:         
کە مرۆڤ دەچێتە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، دەتوانێت هەریەک لە زمانانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی هەڵبژێرێت. کە دەچێتە سەر هەر یەکێک لەو زمانانە، تۆمارێکی دەنگیی یەک خولەک و نیوی دانراوە، کە بە کوردییە، بەڵام زووزوویش دەنگەکە دەبڕێ و دێتەوە و گەلێک بە خێرایی، باسی شێوازی خۆتومارکردن و پڕکردنەوەی فۆرمێک دەکات و پێت دەڵێ، بۆ ئەوەی بتوانیت فۆرمەکە پڕکەیتەوە دەبێ تەختەکلیلی، من بۆ خۆم دەڵێم تەختەکلیل، دەنا دەنگەدەڵێ: کیبوورد(Keyboard)ی عەرەبیت هەبێت. ئەوجا باسی نووسینی ناوی سیانی و ژمارە و وێنەی کارتی ناسنامەی عیراقی و ڕەگەزنامەی عیراقی و دواتریش ژمارەی فۆرمی خۆراک دەکات. من بۆ خۆم، هەرکە لە 2-9-2017دا، ئەو تۆمارەدەنگییەم بیست و چوومە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، خۆم پێ نەگیرا و دەسبەجێ نامەیەکم بۆ سێ ناوونیشانی ئیمەیلی جیاوازی ئەو کۆمسیۆنە نووسی. کۆمەڵێک خاڵم بۆیان ڕوون کردەوە و دواتر لە ڕۆژی 3-9-2017دا، لەوانەوە دوو وەڵامی کورت و هیچ نەگەیەنم بۆ هاتەوە، کە والێرەدا ڕێک وەک خۆیان دایاندەنێم:
یەکەم وەڵامی کۆمسیۆن: "سلاو بةريزم، بةريزم دةتوانى سود لة فورمى خؤراكى خيزانى وةركريت لة ناوةوةى هةريم   بؤ بةرى يةكةم بةريز دةبيت ناوةكة بة دروستى داخيل بكةىت بة زمانى عةرةبى  دةتوانن ناوةكانتان بنيرن بؤتان دلنيا دةكةينةوة، دةتوانى بةيوةنديمان بيوة بكةن لةريكةى وةتس ئةب و فايبةر".
دووەم وەڵامی کۆمسیۆن:"سڵاو بەریز ..جەژنتان پیرۆز، بەڕێز گیان سوپاس بۆ تیبینیەکەت بەڵام ڕەجاوی ئەوانە کراوە و دەکرێ هەر کەسێك لەسەر فۆرمی خۆراکی مالی باوکی دەنگ بدات، بەداخەوە ئەگەر کوردێكیش لە دەرەوە ژیابێت دەبێ هاتبێتەوە کوردستان و فۆرمی خۆراکی دەرکردبێت ئەگەرنا لە دەسەلاتی ئێمە نییە، بۆ زانیاریشت وێبسایتەکە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبیش ە و تەنها بزمانی کوردی نییە. لەگەڵ ڕیزدا ".
من هیچ ناڵێم، بەڵام ئەو وەڵامانە بە کەسێکی کوردستانیی، کە بە خۆیەوە سێ پشتی دانیشتووی، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، بریتانیا، فرانسا، سوێد یا هەر وڵاتێکی دیکەی هەندەران بێت و بیەوێت دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدات، چ دەڵێت! ئەمە بێجگە لە ڕەشکردن و دزێوکردنی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان و دەستبەڕوودانانی کوردستانییانی هەندەران و پاڵپێوەنانیان بۆ بەشدارنەبوون و دەنگنەدان هیچی دیکە دەگەیەنێت؟
من لێرەدا ئەو خاڵە لاوازانەی پێوەنددارن بەو بانگەوازە و بەو ڕێنوێنییانەی کۆمسیۆنەوە، کە بەشێکیم بۆ ئەوانیش نارد، دەخەمە پێش چاوی ئێوەی هێژا:
 1 . ئەو دەنگەی ڕێنوێنییەکان دەخوێنێتەوە هەر زۆر خێرا دەیڵێتەوە و زووزوویش دەبڕێ، واتە: زۆر ڕوون نییە.
2 . تۆ بچیتە سەر هەر کام لەو زمانانە: کوردی، عەرەبی یا ئینگلیزی، تۆمارە دەنگییەکە هەر هەمان دەنگە و تەنیا بە زمانی کوردی دەیخوێنێتەوە، ئەویش کوردیی خواروو. لەنێو کوردانی هەندەراندا، هەموو جۆرە کوردێک هەن و بە شێوەزاری جیاوازیش قسە دەکەن: کرمانج، هەورامی، کەڵهوڕ، فەیلی، سۆران، زازا و..کە هی وایان تێدایە لە شێوەزارەکەی خۆی زیاتر، شێوەزارێکی دیکەی کوردی نازانێت. دەبوو ئەو تۆمارەدەنگییە بە کۆمەڵێک شێوەزاری کوردی دانرابا.
3 . باشووری کوردستان، تەنیا کوردی لێ ناژی، تورکمان، کلدان، ئاشووری، ئەرمەن و عەرەبیشی لێ دەژین. لەنێو کوردستانییانی هەندەراندا تەواوی ئەو نەتەوانە هەن، دەبوو تۆمارە دەنگییەکە بەو زمانانەش هەبووایە.
4 . بەشێکی زۆری لاوان و گەنجانی کوردستانییانی دەرێی کوردستان، دەتوانم بڵێم پتر لە 90%یان زمانی کوردی بە باشیی نازانن و ڕەنگە وشەوشەیەک قسەی پێ بکەن و زۆریان هەرگیز کوردستانیان نەبینیوە و تێیدا نەژیاون، دەبوو تۆمارەدەنگییەکە، بێجگە لە زمانی کوردی(بە هەموو شێوەزارەکانی)، بە زمانانی عەرەبی، تورکمانی، کلدانی، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی، فارسی، ئینگلیزی، فرانسی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ڕووسی و زۆرێک لە زمانە ئەوروپاییەکانی دیکە هەبووایە، چونکە ئەوان زمانی ئەو وڵاتانەی لە هەندەران تێیدا دەژین، زۆر بە باشی دەزانن و بۆ ئەوان زمانی یەکەمیانە.
5 . زۆرێک لەو کوردستانییانەی دەرێی کوردستان، هیچ جۆرە بەڵگەنامە و ناسنانە و ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و ئەو شتە عیراقییانەیان نییە و لە تەمەنێکیشدان، کە مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی هەر هەموویشیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان، زۆرێک لەوانە نەک هەر خۆیان، کە لە هەندەران لەدایک بوون، ڕەنگە باوک و دایکیشیان لە هەندەران لەدایک بووبن، یا هەیە دایکی یا باوکی بیانییە و یەکێکیان عیراقییە، ئەویش بە ڕەگەز، کە ئەویش هیچ بەڵگەنامەیەکی نییە. زۆرێک لە کوردانی فەیلی لە هەندەرانن، ئەوان زۆریان نە کوردی دەزانن و نە کوردی تێدەگەن و نە کوردی دەخوێننەوە، بەڵام لە من و تۆیش کوردترن و سەدلەسەد لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانیشدان، زۆرینەی ئەوانەش هیچ جۆرە ڕەگەزنامەی عیراقی و ئەوانەیان نییە، چونکە لەنێوان عیراق و ئێراندا هەمیشە ماڵوێران و دەربەدەر بوون، چۆن دەنگی ئەوانە وەردەگیرێت؟
6 . پڕکردنەوەی فۆرم بە عەرەبی، سەختییەکی گەورەیە بۆ کوردستانییانی دەڕێی کوردستان، چونکە هەموو ئەو خەڵکە کیبووردی عەرەبییان نییە و پێویستیشیان بە کیبووردی عەرەبی نییە، تەنانەت ئەگەر هەشیان بێت ڕەنگە عەرەبی هەر نەزانن و نەتوانن فۆرمی عەرەبی پڕ بکەنەوە.
7 . ناوی سیانی لەو وڵاتانەی هەندەران، کە کوردستانییانی تێدا دەژین، هەرگیز نە هەیە و نە باوی هەیە، چونکە سیستمی ناو لە هەندەران جۆرێکی دیکەیە. ئەو بۆی هەبی دەنگ بدات، بۆ بە بەڵگەنامە بیانییەکانی خۆیەوە دەنگ نەدات؟ بۆ وەک چۆن دەنگ بۆ هەڵبژاردنێک لە سوێد، دانمارک، بریتانیا یا ئەمەریکا دەدات، بۆ سەربەخۆیی کوردستانیش وەک خۆی و بەوجۆرە دەنگ نەدات؟ ئەو ناوی سیانی و سیستمە کۆنە عیراقییە بۆ کوردستانییانی هەندەران، کێشەیەکی گەورەیە.
8 . لە تۆمارەدەنگییەکەدا داوا دەکرێت ژمارەی فۆرمی خۆراک لە فۆرمی خۆتۆمارکردنەکەدا بنووسرێت. کوردستانییەکی لە ئەوروپا، ئەمەریکا، ئەوسترالیا، ئەفریقا، لاتین ئەمەریکا، چین، هیندوستان، یا هەر وڵاتێکی دیکەی ئەو دنیایە دەژی، کوا فۆرمی خۆراکی هەیە؟ نەک خۆی کە ڕەنگە لاوێکی 19 ساڵان بێت نییەتی، باوک و دایک و داپیر و باپیریشی، کە ڕەنگە دانیشتووی هەندەران بن، هەر نییانە.
9 . لەو ماڵپەڕەی کۆمسیۆندا بێجگە لە تۆمارەدەنگییەکە، هیچ نووسینێک لەمەڕ ئەو گستپرسییەوە نەنووسراوە، کە دەبوو بێجگە لە تۆمارەدەنگییەکە، بە نووسین، بە زمانە گرنگ و سەرەکییە جیاوازەکانی دنیا، ڕێنوێنییەکان پەخش کرابایەوە و مرۆڤ بیتوانیایە وەک فۆرم لەسەر کاغەز کۆپیی کردبا.
10. میدیای کوردی و دەسگاکانی پێوەنددار بە گشتپرسییەوە، دەبوو لە باسکردنی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستاندا، پتر جەخت و ئاراستەی قسە و میدیا و ڕێنوێنییەکانیان، بۆ کوردستانییان بووایە، نەک تەنیا کورد، بۆ هەموو باشووری کوردستان بووایە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان. تۆ کە باس لە کەرکووک و مەندەلی و شنگال و خورماتوو و زرباتییە و بەدرە دەکەیت، دەبێ دەستەواژەی هەرێم کەمتر و دەستەواژەی باشووری کوردستان پتر بەکاربهێنیت.
11.  نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و شوێنانی دیکە، حیزب و هێزە کوردستانییەکان، ئەوانەی لەگەڵ سەربەخۆیی و گشتپرسیدان، کە لە دەرێی کوردستان نوێنەراتی و خەڵکیان هەن، ڕێکخراوە ناحوکوومەتی و مەدەنی و چالاکوانەکانی کوردستان و بیانییانی دۆستی کوردستان، دەبوو چالاکانە و بە گوێرەی شێوەی ژیان و سیستمی سیاسی و جڤاکی ئەو کۆمەڵ و وڵاتانەی تێیدا دەژین، پرۆسێسی بەشداربوون و گشتپرسییان لە هەندەران ئاسان کردبا. لاوانی کوردستانییانی زمانزان و بە فەرهەنگی ئەوروپایی و ئەمەریکایی و هەندەرانی گەورەبوو و بارهاتوو و پێگەیشتوو، بخستبایەتە گەڕ و ئەوان تەواوی ڕێکخستن و کارئاسانییەکیانیان جێبەجێ کردبا. بێجگە لەوەش دەکرێ بە ئاسانی سوود لە بیانییانی دۆستی کوردستان وەرگیرێت، کە پسپۆری و شارەزاییەکی باشیان لە بواری ئەم جۆرە کارانەدا هەیە. کۆمسیۆنیش دەتوانێت، سوود لە تەواوی ئەو وزانە وەرگرێت.
12. باشووری کوردستان، کە دەیەوێت لە عیراق دابڕێت و دوورکەوێتەوە و  دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست بکات، ئەو هەموو عیراقییەت و شتە عیراقییانە چییە لە خەڵک داوا دەکرێن! تۆ دەتەوێت وشەی عیراق و عیراقییەت لە خۆت و وڵاتەکەت بکەیتەوە، کەچی، گەنجێکی باشووری کوردستانی خۆی و دایک باوکی و داپیر و باپیری، لەدایکبووی سوێد، فرانسا، توونس، ئەڵمانیا، ئەمەریکا و...بە تۆبزی دەکەنەوە عیراقی و داوای دەیان شتی عیراقییانەی لێ دەکەن، ئەمە کەی ڕەوایە!
13. ئەم گشتپرسییە بۆ سەربەخۆیی کوردستانە و گەلێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەوانە گرنگترە. بۆ ئەو هەڵبژاردنانە، لە هەندەران ئامادەییەکی پێشوەختەی باش و هەموو کارئاسانییەک بۆ دەنگدەران دەکرا  و شایلۆغانی بۆ دەکرا، کەچی ئێستا کە کەمتر لە بیست ڕۆژی ماوە، نەک هەر  هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، تەنانەت نووزەیەکیش نییە و هیچ باسێک و هیچ چالاکییەک و هیچ دەنگەدەنگێک نییە و سەرباری ئەوانەش ئەو هەموو سەختگیرییەی بۆ دەکرێت. کوردستانیگەلێکی یەکجار زۆر لە وڵاتانی جیاوازی هەندەران دەژین، ئەگەر کارەکان بەمجۆرە بەڕێوە بچێت و هێندە سەخت بێت، هەرگیز  لە1% زیاتری ئەو خەڵکەی هەندەران، ناتوانن دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن و 99%ی دەنگی کوردستانییانی هەندەراننشین دەسووتێ و دەفەوتێ و بەفێڕۆ دەڕوات.
ڕەنگە لەم کاتەدا من ئەم کەلێنانەم بەرچاوکەوتبن، لێ لەوانەیە تۆ زیاترت بینیبن! دەنگی خۆت بڵند بکە و شتەکانی خۆت بڵێ!
2017-09-04


No comments:

Post a Comment