فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت، هه‌ساره‌یه‌کی گه‌شی ئاسمانی شاره‌که‌ی
باوه‌گوڕگوڕ
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
پاییزی
1973، یه‌کساڵه سه‌ربازییه‌که‌مم له که‌رکووک ته‌واوکرد و دواڕۆژه‌کانی ئه‌و
ساڵه‌یش، له کارگێڕیی ئاماری که‌رکووک، ده‌ستم به کار کرد. له‌و ماوه‌یه‌دا، به
هۆی خزمێکمه‌وه(کاک شێخ مه‌حموودی حاجی شێخ موحه‌ممه‌د)، تێکه‌ڵاوی و دۆستایه‌تی
و هاوڕێیه‌تییه‌کی گه‌لێک باشم، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک تورکمانی شیعه‌دا، په‌یداکرد. ئه‌وان
خه‌ڵکانێک بوون سه‌ر به چین و توێژاڵ و کار و پیشه و بیروباوه‌ڕ و ئاستی فه‌رهه‌نگی
و خوێنده‌واریی، گه‌لێک جیاواز له یه‌کدی. به‌شێک له‌و دۆست و هاوڕێیانه خه‌ڵکانێکی
چه‌پ بوون. یه‌کێک له‌و هاوڕێیانه، پارێزه‌رێکی فره‌ناسراوی که‌رکووک بوو به
ناوی(حه‌سه‌ن قه‌ره‌وه‌لی). شوێنکاری پارێزه‌رییه‌که‌ی قه‌ره‌وه‌لی، له ته‌لاری(ئه‌وقاف)ی
ته‌نیشت چایخانه‌ی نه‌سر( نصر)ی سه‌ر شه‌قامی(جه‌مهووری) بوو. گه‌لێک ئێواران ده‌چوومه
سه‌ردانی قه‌ره‌وه‌لی و له‌وێ داده‌نیشتم و ئیدی قسه‌وباس و ده‌رده‌دڵییه‌کی
زۆرمان ده‌گۆڕییه‌وه. قه‌ره‌وه‌لی، ئامێرێکی (ساز)ی له قوژبنێکی ژووره‌که‌یدا
شاردبووه و که میوان و که‌سی دیکه‌ی لا نه‌بووایه و هه‌ر هه‌ردووکمان بووایه‌ین،
له‌گه‌ڵ گه‌رمی قسه‌وباس و ده‌مه‌ته‌قییه‌کانماندا، سازه‌که‌ی ده‌رده‌هێنا و ده‌ستی
ده‌کرد به سازلێدان و کۆمه‌ڵیک ئاوازی خۆشی تورکمانی و تورکیی لێده‌دا و به ده‌میشییه‌وه،
بۆ خۆی سترانێک دووانی له‌گه‌ڵدا ده‌گوت و دانیشتنه‌که‌مانی هێنده‌ی دی خۆشتر ده‌کرد.
له سه‌ر لادیواری ته‌لاره‌که‌ی، که جێکاره‌که‌ی
قه‌ره‌وه‌لی لێ‌بوو و نزیک به‌و تابلۆیه‌ی، که
به عه‌ره‌بی له سه‌ری نووسرابوو(المحامي حسن قرولي)واته: پارێزه‌ر حه‌سه‌ن
قه‌ره‌وه‌لی، تابلۆی پارێزه‌رێکی دیکه هه‌ڵواسرابوو و له سه‌ری
نووسرابوو(المحامي فتح الله عزت) واته: پارێزه‌ر فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت. من ده‌مزانی
فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت، پارێزه‌رێکی لاو و چالاک و کۆمۆنیست بووه و له‌م و له‌ویشه‌وه
بیستبووم، که له لایه‌ن حوکوومه‌ته‌وه
گیراوه و سه‌رنگوم کراوه و نه‌ماوه. جارێکی پرسیاری فه‌تحوڵڵاعیززه‌ت و چۆنیه‌تی
گرتنه‌که‌ییم له قه‌ره‌وه‌لی کرد، قه‌ره‌وه‌لی جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه،
که فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت، کۆمۆنیست بووه و پیاوێکی گه‌لێک دڵسۆز و کارا و ساکار و
ئازا و ڕاستگۆ و وه‌ته‌نگخه‌ڵکه‌وه‌هاتوو بووه و باسی ئه‌وه‌یشی کرد، که کاتێک
له‌لایه‌ن پیاوانی حوکوومه‌تی به‌عسه‌وه گیراوه، به ده‌نگی به‌رز هاواری کردووه،
که پیاوانی ئاساییش(أمن) گرتوویانه و ناوی خۆی گوتووه، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ماڵ و
که‌سی خۆی و دۆستانی و هاوڕێیانی و هه‌موو خه‌ڵک بزانن، که حوکوومه‌ت گرتوویه‌تی.
له باره‌ی (عیززه‌ت)ه‌وه، قه‌ره‌وه‌لی، ته‌نێ ئه‌وه‌ی بۆ من گێڕایه‌وه، به‌ڵام
که ده‌یگێڕایه‌وه داخی بۆ ده‌خوارد و به خه‌مه‌وه باسی ده‌کرد.
هه‌ر له
دوای که‌رتبوونی حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، له 17-9-1967دا بۆ دوو له‌تی، کۆمیته‌ی
نێوه‌ندی(لێژنه‌ی مه‌رکه‌زی/ اللجنةالمرکزیة) و سه‌رکرده‌یه‌تیی نێوه‌ندی (قیاده‌ی
مه‌رکه‌زی/ القیادةالمرکزیة) یا باڵی ئاشتیخواز(سلمي) و باڵی شۆڕشگێڕ(ثوري) یا
باڵی لاده‌ر(تحریفي) و باڵی ڕه‌سه‌ن / شۆڕشگێڕ(الأصلي/الثوري)، به‌شی زۆری
ڕێکخستنه‌کانی حیزبی کۆمۆنیست، له عیراقدا
و به تایبه‌ت له کوردستاندا، وه‌ته‌ک سه‌رکرده‌یه‌تیی نێوه‌ندی (قیاده‌ی مه‌رکه‌زی)
که‌وتن. حیزبی کۆمیته‌ی نێوه‌ندی، هه‌رچه‌نده پێیه‌کیان له نێو بزاڤی چه‌کداریی
کوردستان و سه‌رکرده‌یه‌تیی (بارزانی)دا بوو، لێ پێیه‌که‌ی دیکه‌یان له نێو
حوکوومه‌تی عیراقدا بوو و هه‌ر له‌و ده‌مییه‌وه و له پێشتریشه‌وه، له سه‌رده‌می
عه‌بدوسسه‌لام عارفه‌وه له ساڵی 1964 ه‌وه، پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ به‌غدادا هه‌بوو،
چونکه که‌سێکی وه‌ک موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی، که به ناوی ئه‌و حیزبه‌وه له
حوکوومه‌تی به‌غدادا وه‌زیر بوو، به درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی پێش پێکهاتنی 11ی
مارسی 1970یش هه‌ر له به‌غدا بوو و هه‌ر ئه‌ندامی حوکوومه‌ت بوو. حیزبی کۆمیته‌ی
نێوه‌ندی چ کێشه و گیروگرفتێکیان له‌گه‌ڵ هیچ یه‌ک له حوکوومه‌ته‌کانی عه‌بدوڕڕه‌حمان
عارف(تا 1968) و به‌عسیشدا له 1968ه‌وه تا 1978 نه‌بوو. حیزبێکی دیکه، که ئه‌وده‌می له خزمه‌تی حوکوومه‌ته‌کانی عه‌بدوڕڕه‌حمان
عارف(تا 1968) و به‌عسیشدا له 1968ه‌وه تا1970 بوو، حیزبی جه‌لالی بوو.
باڵه‌که‌ی
دیکه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، حیزبی سه‌رکرده‌یه‌تی نێوه‌ندی(قیاده‌ی مه‌رکه‌زی)،
هه‌ر له سه‌رده‌می دروستبوونییه‌وه، دژ
به هه‌موو حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌کانی فه‌رمانڕه‌وای عیراق بوو. حیزبێک بوو، بڕوای
به گۆڕینی شۆڕشگێرانه هه‌بوو و جاڕی خه‌باتی چه‌کداری و ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی
دابوو، هه‌ربۆیه هه‌میشه، له لایه‌ن سیخوڕان و ئاساییشان و پۆلیس و له‌شکری
حوکوومه‌ته‌کانی عارفی دووه‌م و به‌عسه‌وه، وه‌به‌ر شاڵاوی کوشتن و بڕین و گرتن و
زیندانی و هه‌ڵواسین ده‌که‌وت. دیاره هه‌ردوو حیزبی کۆمیته‌ی نێوه‌ندی و جه‌لالی،
له هێرشکردنه سه‌ر حیزبی سه‌رکرده‌یه‌تی نێوه‌ندی و کۆمه‌ک به حوکوومه‌تی به‌عس
و هێزه‌کانی، له‌و سه‌رده‌مه‌دا، نۆره‌ی خۆیان ده‌بینی.
دوای
پێکهاتنی 11ی مارسی 1970یش، سه‌رکرده‌یه‌تی بارزانی و پارتیی، له فه‌رمانڕه‌وایی
عیراقدا، بوون به هاوبه‌شی به‌عس. پارتیی ته‌واوی باشووری کوردستانی به که‌رکووک
و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و هه‌موو گه‌رمێنه‌وه، له‌بنده‌ستدا بوو و به‌عسیش عه‌ره‌بستانی
عیراقی له‌بنده‌ستدا بوو. پارتیی و سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی هه‌رچه‌نده داڵده‌ی
حیزبی (سه‌رکرده‌یه‌تیی نێوه‌ندی) یان دابوو و کادر و چه‌کداره‌کانیان له ده‌ڤه‌ره
چیاییه‌کان و هه‌ندێ ده‌ڤه‌ری گه‌رمێنی بنده‌ستی (پارتی)دا بوون، به‌ڵام له ته‌نگانه
و لێقه‌ومانیاندا، له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی به‌عسدا، پارتیی و سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی
هێنده سه‌ری خۆیان پێیانه‌وه نه‌ده‌ئێشاند و وه‌ته‌نگیانه‌وه نه‌ده‌هاتن و تا
ڕاده‌یه‌کیش خۆیان به خاوه‌نیان نه‌ده‌کرد. له‌به‌ر ئه‌وه، هه‌ر له ده‌سپێکی
ڕاپه‌ڕینه‌کانی حیزبی (سه‌رکرده‌یه‌تی نێوه‌ندی)، له ساڵی 1967ه‌وه، له زۆنگاوه‌کانی
خوارووی عیراق، تا ساڵانی دواساته‌کانی هه‌بوونی ئه‌و حیزبه، هه‌میشه هه‌ڕه‌شه‌ی
هێزه‌کانی حوکوومه‌تی به‌عسی له سه‌ر بووه و هه‌رده‌م وه‌به‌ر شاڵاوی گرتن و له‌نێوبردن
و قڕکردن که‌وتووه.
هه‌رچه‌نده
حیزبی (سه‌رکرده‌یه‌تیی نێوه‌ندی)، له مێژووی دوازده سێزده ساڵی خۆیدا، تووشی
چه‌ندین گورزی کوشنده هات و وه‌به‌ر هه‌موو جۆره هێرش و په‌لامارێکی دوژمنانی که‌وت،
لێ له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا توانیی خۆی بپارێزێت و خۆی ڕێکبخاته‌وه و درێژه به خه‌باتی
شؤڕشگێڕانه‌ی خۆی بدات. یه‌که‌م گورزێک،
که له‌و حیزبه درا و له لوتکه‌ی ڕێکخستنه‌کانییه‌وه تا خوارێ پێوه‌ی تلایه‌وه
و حیزبه‌که‌ی تا ڕاده‌ی له‌نێوبردن برد، ده‌ستگیرکردن و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی عه‌زیز
ئه‌لحاج(عزیزالحاج)ی سکرتێری گشتی ئه‌و حیزبه بوو، له لایه‌ن و به ده‌سه‌ڵاتی
حیزبی به‌عسی فه‌رمانڕه‌وا و پاکانه و ددانپێدانانه‌کانی وی بوو له سه‌ر ته‌واوی
سه‌رکردیه‌تیی حیزبه‌که و سه‌دان هه‌ڵسووڕێنه‌ر و کادری پێشکه‌وتووی ئه‌و حیزبه
و گرتن و له‌نێوبردنی چه‌ندین له‌وانه. پاش ئه‌و هه‌ره‌سه، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی
موسلیح موسته‌فا ئه‌لجه‌لالی(مصلح مصطفی الجلالي) به سه‌ردا هات و دوای ئه‌وه‌ش
له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سی 1975ی بزاڤی چه‌کداریی کورددا له باشووری کوردستان، حیزبی (سه‌رکرده‌یه‌تیی
نێوه‌ندی)یش جارێکی دیکه هه‌ره‌سی هێنایه‌وه و به‌شێک له سه‌رانی(ئیبراهیم عه‌للاوی
و...) ڕوویان کرده هه‌نده‌ران و به‌شێکیشیان(فارووقی مه‌لا موسته‌فا و...) گه‌ڕانه‌وه
لای حوکوومه‌تی به‌عسی به‌غدا. دوای ئه‌وه‌ش سه‌رله‌نوێ حیزبی (سه‌رکرده‌یه‌تیی
نێوه‌ندی) خۆی دروستکرده‌وه و ڕابوو و که‌وته‌وه چالاکی. حیزبی (سه‌رکرده‌یه‌تیی
نێوه‌ندی)، هه‌ر له‌دوای ده‌ستپێکردنی خه‌باتی چه‌کداری له زونگاوه‌کانی خوارووی
عیراق به ڕێبه‌ری و ده‌ستپێشخه‌ری خالید ئه‌حمه‌د زه‌کی(ظافر) و شه‌هیدبوونی ئه‌و،
له کوردستانیش ده‌ستیکرد به کردنه‌وه‌ی بنکه و مه‌کۆی شانه‌ی چه‌کدار و پێشمه‌رگه
و خه‌باتی چه‌کداریی. له (ناوکێله‌کان)ی نێزیکی چۆمان و (مۆرخوارده)ی شوانی ده‌ڤه‌ری
که‌رکووک و (خه‌رکنێ)ی خانه‌قین و نێزیکی که‌ژی به‌مۆ و ...چه‌ندین شوێنی دیکه،
له‌و بنکانه‌ی هه‌بوون و له نێو باژیڕه‌کانیشدا هه‌موو جۆره چالاکییه‌کی ده‌نواند
و ئه‌نجام ده‌دا و زۆرجارانیش ئه‌ندامانی تووشی گرتن و سه‌رنگومکردن ده‌هاتن.
له سه‌رده‌می
چوارساڵه هه‌نگوینییه‌که‌ی نێوان پارتی و حوکوومه‌تی به‌عسدا، یه‌کێک له‌و قاره‌مانانه‌ی
وه‌به‌ر شاڵاوی گرتنی به‌عس که‌وت و سه‌ری له پێناوی بڕوا و خاک و وڵات و کوردستان
و هه‌ژاران و سۆسیالیزم و نه‌هێشتنی چه‌وساوه‌ندنه‌وه و یه‌کسانی و که‌رکووکدا به‌خشی، (فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت) بوو.
فه‌تحوڵڵای
عیززه‌ت ئاغای مه‌جید ئاغا ساڵی 1936 له گه‌ڕه‌کی (زێوێ)ی ئیمام قاسم له باژێڕی
که‌رکووک، له خێزانێکی کورد له دایک
بووه. هه‌ندێک خه‌ڵک پێیانوایه خێزانه‌که‌یان به بنه‌چه له (زێوه)ی ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستانه‌وه هاتووه‌ته که‌رکووک.
عه‌بدوسسه‌تتار
تاهیر شه‌ریف ده‌ڵێ:"له گه‌ڕه‌کی زێویه دراوسێی ماڵی سعید زه‌ردکی و عزت
ئاغا و رفیق عالی ئه‌فه‌ندی بوین"[1]،
ئه‌و عیززه‌ت ئاغایه‌ی شه‌ریف باسی ده‌کات باوکی فه‌تحوڵڵا بووه.
فه‌تحوڵڵا
عیززه‌ت، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی له ئیمام قاسم و دواناوه‌ندیی له ئاماده‌یی نێوه‌ندی(الإعدادیة المرکزیة) ی که‌رکووک ته‌واو
کردووه. عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریف له‌مه‌ڕ خوێندنی خۆی و به پێوه‌ند له‌گه‌ڵ فه‌تحوڵڵا
عیززه‌تدا ده‌ڵێ "له ساڵی 1949- 1950 له پۆلی یه‌که‌می ناوه‌ندی بووم، له گه‌ڕه‌کی
ئیمام قاسمه‌وه به‌یانیان به پێ ده‌چوینه قوتابخانه‌که‌مان له گه‌ڕه‌کی جووله‌کان...
له پۆلی دووه‌م و سێ یه‌می ناوه‌ندی من و فتح الله عزت ئاغا و صبحی شریف و حسن
محمد علی ڕۆژانه پێکه‌وه ده‌چوینه قوتابخانه.."[2].
ساڵی
1956، کاتێک په‌یماننامه‌ی "پۆرت سه‌عید" واته "به‌نده‌ری سه‌عید"
یا کورد گوته‌نی "پۆڕسه‌عید" و عه‌ره‌ب گوته‌نی"بور سعید"،
مۆر کرا و هێرشی سێقۆڵی کرایه سه‌ر مسر، خه‌ڵک دژی ئه‌و کرداره خۆپێشاندانیان
کردووه. له کوردستانیشدا جووڵانه‌وه‌ی له‌و جۆره و دژ به‌و کرداره هه‌بوو. فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت
یه‌کێک بووه له‌وانه‌ی وه‌به‌ر شاڵاوی گرتن که‌وتووه و چه‌ند ڕۆژێک له‌گه‌ڵ شێخ
مارف و شێخ حوسه‌ین به‌رزنجی و عه‌بدوسسه‌مه‌د خانه‌قا، هاوزیندان بووه. ساڵی
1957یش، که شا فه‌یسه‌ڵ به که‌رکووکدا چووه بۆ سلێمانی و خه‌ڵک خۆپێشاندانیان
دژی کردووه، دیسان فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت گیراوه.
فه‌تحوڵڵا
عیززه‌ت، ساڵی 1960/1961 ده‌ستی به خوێندنی قانوون کردووه له کۆلیژی (قانوون)[3]
له زانستگه‌ی به‌غدا. ساڵی 1963 کاتێک
خوێندکاری ساڵی سێیه‌می قانوون ده‌بێت، له لایه‌ن حوکوومه‌ته‌وه ده‌گیرێت و تا
ساڵی 1966 له زیندانه‌کانی باقوبه(بعقوبة) و نوگره‌توسسه‌لمان(نقرةالسلمان)، زیندانیی
ده‌کرێت.
1966، که
له زیندان ئازاد ده‌کرێت، فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت، ده‌ستده‌کاته‌وه به خوێندن و له
1968دا کۆلیژی قانوون ته‌واو ده‌کات و ده‌بێته پارێزه‌ر و بۆ کارکردن ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ که‌رکووک، به‌ڵام له‌به‌ر ناجۆریی ڕه‌وشی
که‌رکووک، ده‌چێته‌وه به‌غدا و تا ساڵی 1969 ده‌مێنێیته‌وه و ئه‌وده‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه
که‌رکووک و ده‌ستده‌کات به کاری پارێزه‌ری.
ده‌گێڕنه‌وه،
که له‌و ماوه‌یه‌دا کاتێک عیززه‌ت له دوا ساڵی خوێندنیدا بووه له زانستگه‌ی به‌غدا،
سه‌ددام حوسه‌ین، که جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕێبه‌ریه‌تیی شۆڕش(مجلس قیادة
الثورة) ده‌بێ، وه‌ک خوێندکارێکی قانوون جاروبار هاتوچۆی کۆلیژی قانوونی ده‌کات،
جارێکیان ده‌نگه‌ده‌نگێک ده‌که‌وێته نێوانیانه‌وه(واته: نێوان فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت
و سه‌ددام حوسه‌ین) و سه‌ددامیش به مشتووی ده‌مانچه‌که‌ی له نێو ده‌می عیززه‌ت
ده‌دات و ددانه‌کانی پێشه‌وه‌ی ده‌شکێنێت.
ساڵی
1971 فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت زه‌ماوه‌ندی کردووه و ژیانی هاوسه‌ریه‌تیی پێکهێناوه. له
26-10-1972دا، کاتێک (گوڵستان)ی کچی چوار مانگان ده‌بێ و ماڵی باوکی له ژێر
چاودێریدا ده‌بن، له لایه‌ن ئاساییشی به‌عسه‌وه ده‌گیرێ. ئه‌و ڕۆژه سه‌عات 9ی
به‌یانی له دادگا ده‌بێت، له خانه‌ی دادی که‌رکووک. که کاره‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت،
هه‌ر له نێو خانه‌ی داددا دوو پیاوی نه‌ناسراوی لێ په‌یدا ده‌بن و پێی ده‌ڵێن، که
کاریان پێیه‌تی. کابراکان ئۆتۆمبیلێکی (په‌ژۆ)ی سپییان پێ ده‌بێت. عیززه‌ت هه‌ست
ده‌کات، که ئه‌و پیاوانه جێگه‌ی گومانن و ده‌سبه‌جێ خانه‌ی داد جێده‌هێڵێ و هه‌ڕاده‌کات
و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته شه‌قامی ئه‌تڵه‌س، له‌وێ دوکانی باقلاوه و شیرینیفرۆشێکی
هاوسێیه‌کی خۆیانی لێ ده‌بێ، که ده‌گاته ئه‌وێ دووجاران هاوار ده‌کات و ده‌ڵێت:"من
(فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت زێوه‌لی)م، ئه‌وا ئه‌من ئه‌یانه‌وێ بمگرن"، هه‌ر له‌و
کاته‌دا دوو ئاساییشه‌که و دوو ئینزیباتی عه‌سکه‌ری ده‌یگرن و پاڵی پێوه ده‌نێن
بۆ نێو ئۆتۆمبیله‌که. پاشان هاوسێیه‌که‌یان(خاوه‌ن دوکانه‌که) هه‌واڵی گرتنی فه‌تحوڵڵا
به عیززه‌تی باوکی ده‌گه‌یه‌نێت.
عه‌بدوسسه‌تتار
تاهیر شه‌ریف ده‌ڵی:"فتح الله عزت کۆلیجی یاسای ته‌واو کرد‌و له ساڵانی شه‌سته‌کان
نازم گزار گرتی و له ناوی دا. فتح الله کادرێکی پێشکه‌وتووی حزبی شیوعی عیراق
بوو، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه نازم گزار له ناوی دا.."[4]
عیززه‌ت
کادرێکی چالاکی حیزبه‌که‌ی بووه و تا کاتی گیرانیشی، چالاکانه کاری کردووه و ئه‌ندامی
کۆمیته‌ی که‌رکووک و به‌رپرسی ده‌ڤه‌ری شوانی حیزبی کۆمۆنیستی عیراق(سه‌رکردیه‌تیی
نێوه‌ندیی) بووه.
ساڵی
1973 عیززه‌ت له زیندانی به‌دناوی قه‌سروننیهایه(قصرالنهایة) ده‌بێ، موکه‌ڕڕه‌م
تاڵه‌بانی ده‌چێته سه‌ردانی و هه‌ندێ گۆڤاری بۆ ده‌بات. موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی بۆ
خۆی و ئه‌وده‌می، ئه‌و هه‌واڵه‌ی به خوشکی ژنه‌که‌ی عیززه‌ت داوه و گوتوویشیه‌تی،
که داوای له عیززه‌ت کردووه ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت به‌ربدرێ و ئازاد بکرێت گه‌ره‌که
واز له حیزبه‌که‌ی بهێنێت. دیاره موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی هه‌م وه‌ک نوێنه‌ری حیزبی
کۆمۆنیستی عیراق(کۆمیته‌ی نێوه‌ندی) و هه‌م وه‌ک نوێنه‌ری حوکوومه‌تی به‌عس، ئه‌و
داوایه‌ی له عیززه‌ت کردووه و عیززه‌تیش به‌و داوایه قایل نه‌بووه.
فه‌تحوڵڵاعیززه‌ت
وه‌ک خه‌باتکار و شۆڕشگێڕێکی جه‌ربه‌زه و ئازا و بوێر و بڕوابه‌خۆبوو، هیچ به‌ڵێنێکی
ده‌سه‌ڵات و جلخوارانی ده‌سه‌ڵات، ساردی نه‌کردووه‌ته‌وه و خۆڕاگرانه له سه‌ر
بیروباوه‌ڕه‌که‌ی خۆی به‌رده‌وام بووه و ته‌مه‌نی 36 ساڵه‌ی لاویه‌تیی خۆی و سه‌ر
و گیانی پاکی خۆی به ئازادی و وڵات به‌خشی.
فه‌تحوڵڵا
عیززه‌ت، یه‌کێکه له‌و شه‌هیده له‌بیرکراوانه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات،
پارتیی،حیزبی جه‌لالی ئه‌وده‌م (یه‌کیه‌تیی ئه‌مڕۆ) و کۆمۆنیسته‌کانی کۆمیته‌ی
نێوه‌ندی یا حیزبێکی دیکه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کوردستان نه‌بووه، هیج که‌س باسی
ناکات و ناوی ناهێنێت. که‌م نین ئه‌وانه‌ی، وه‌ک فه‌تحوڵڵاعیززه‌ت، که ڕۆژیک له
رۆژان چرایه‌ک بوون و تاریکستانی ئه‌و وڵاته‌ی له‌مه‌ڕ خۆمانیان، که هه‌نووکه‌ش
نوقمی تاریکییه، ڕۆشن ده‌کرده‌وه و له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سته‌م و زۆرداری و
چه‌وساندنه‌وه و ده‌سه‌ڵاتدا پێشه‌نگێک بوون. ئه‌وان بۆ ڕووناکی و ئازادی گیانیان
به‌خشی. ده‌سه‌ڵات و ملکه‌چان و کاسه‌لیسانی
ده‌سه‌ڵاتیش بۆ هه‌ڵواسینی ئازادی و کوژاندنه‌وه‌ی هه‌موو تروسکه‌یه‌ک، ناوی
فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت و ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و ناهێنن.
ئه‌وان به ناوهێنانی قاره‌مانێکی وه‌ک فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت هه‌تره‌شیان ده‌چێت
و زیڕه ده‌که‌ن.
فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت، که هه‌میشه دژه ده‌سه‌ڵات
ده‌جه‌نگا، ناوی له بیرگه‌ی ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان به‌تایبه‌تیش خه‌ڵکی شاره‌که‌ی
باوه‌گوڕگوڕدا، هه‌ر ده‌مێنێ و گیانی پاکیشی وه‌ک ئاگرێکی زیندوو هه‌میشه ڕۆشنایی
ده‌به‌خشێ.
.
* به‌شێکی زۆری زانیارییه‌کانم له باره‌ی فه‌تحوڵڵا عیززه‌ته‌وه
و ته‌واوی وێنه‌کانی ئه‌وم له ڕێگه‌ی هاوڕێم کاک "عوسمان فه‌ره‌ج"،
نیشته‌جێی له‌نده‌ن وه‌رگرتوون، که له سه‌ردانێکیدا بۆ که‌رکووک به
ماندوبوونێکی زۆره‌وه وه‌ده‌ستی خستبوون. هاوینی 2008 یش بۆ خۆم سه‌ردانی مامۆستا
"بورهان عه‌بدوڕڕه‌حمان جاف"م کرد له عاشوور و گه‌ڕه‌کی ئیمام قاسمی که‌رکووک
و له‌ویشه‌وه هه‌ندێک زانیاریم له باره‌ی شه‌هید فه‌تحوڵڵا عیززه‌ته‌وه ده‌ستکه‌وت.
17/9/2008
[4] شه‌ریف..،
ململانێ..، به‌رگی یه‌که‌م، ل 32. عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریف، پییوایه فه‌تحوڵڵا عیززه‌ت له ساڵانی شه‌سته‌کاندا
گیراوه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و له ساڵی 1972دا گیراوه.
No comments:
Post a Comment